Saturday, June 3, 2023

کۆنفڕانسی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی و داهاتووی ڕۆژهەڵات، شەمە ١٣-ی مەی ٢٠٢٣ پانێلی سێیەم قسەکانی سەلاح عەبباسی، نووسەر، ڕەخنەگری ئەدەبی و چاودێری سیاسی

کۆنفڕانسی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی و داهاتووی ڕۆژهەڵات، شەمە ١٣-ی مەی ٢٠٢٣
پانێلی  سێیەم
قسەکانی سەلاح عەبباسی، نووسەر، ڕەخنەگری ئەدەبی و چاودێری سیاسی


دیمەن سۆهرابی بەڕێوەبەری پانێل: یەکڕاست دەچمە لای بەڕێز سەلاح عەبباسی  چاودێری سیاسی و ئەمرۆ مژارێکمان سەبارەت بە بارودۆخی کوردستان و ئێرانی دوای شۆڕشی ژن ، ژیان ئازادی پێشکێش دەکا، فەرموو!
سەلاح عەبباسی: زۆر بەخێر هاتنی هەموو لایەک دەکەم بە تایبەت ئەو ئازیزانەی لە ڕیگای دوورەوە هاتوون. باسی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی  بە ڕاستی باسێکی سادە نییە، شۆڕشێکی زۆر گەورە و قووڵە. دەکرێ بڵێین گەورەترین شۆڕشە لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا بەم شێوەیە لە دژی باوکسالاری ، لە دژی فۆڕمەکانی چەوسانەوە و بۆ مافی ژن ڕوو بدا.
دیارە ئەگەر لە هەدەپ  و ئەو شۆڕشە کۆمەڵایەتییە، ئەو جووڵانەوە کۆمەڵایەتییەی کە لە کوردستانی تورکیا زۆر پێش لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی سەری هەڵ دا ئەو لە بەرچاو نەگرین ئەگینا ئەمانە نموونەیان زۆر کەمە  کە ئەگەر موقایەسەیان بکەین لەگەڵ بەهاری عەڕەبی  دەبینین جەوهەرەی ئایدێئۆلۆژی و فکرییان چەندە  جیاواز بووە لەو  شۆڕشانەی کە پێشتر لە ناوچەدا کراون. تەنانەت لە ئێران، یا شوێنەکانی تر. واتە ئاڵوگۆڕێکی زۆر بنەڕەتییان پێک هێناوە وە دەکرێ بڵێین زۆر سیستمی بوون ئەو ئاڵوگۆڕانە.
ئەوەی کە کێشەی دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن چارەسەر دەبێ دیارە من لە مێژە باسی ئەوەم کردووە و زۆر کەسیش پێیان وایە کە شارومەند لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر لە مافەکانی نەدراوەتێ بە تایبەت مافە سیاسییەکانی. وە لە هێندێک وڵاتانیشدا هەر ڕێک دەوری ڕەعییەتی هەیە. واتە ئەو مافانەی کە لە وڵاتێکی لە ڕووی سیاسییەوە دێمۆکڕاتیکدا دەدرێن بە شارومەندان، هاووڵاتیان ئەو مافانەیان لێ دەریغ دەکرێ، دەبێ خۆیان بگونجێنن لەگەڵ یاساکانی دەسەڵات واتە ئەوەی کە بەڕێوە دەچێ نەک یاسا یا دەوڵەتی یاسایە بەڵکوو دەوڵەت لە ڕێگای یاساوە خۆی دەسەپێنێ. نەک  ئەوەی کە هەڵقوڵاوە بێ لەو باسایانەی کە لە وڵاتانی دێمۆکڕاتیکدا تا ڕادەیەکی زۆر ئەو یاسایانە دامەزراون و سەقامگیر بوون.
کە بگەڕێینەوە سەر ئامانجی ئەو شۆڕشانە دیارە من  لە پێشدا ئامانجە گشتییەکانیان باس دەکەم بە بەهاری عەڕەبیشەوە وە بە ئەو شۆڕشەی باکووریشەوە و بە هەدەپەشەوە، بە شۆڕشێ ژن، ژیان، ئازادی لە ئێرانیشەوە  ئامانجی هەموویان پێشتریش ئەوانەم باس کردووە نەرمکردنی دەوڵەتە. واتە گۆڕینی فۆڕمی دەوڵەت لەو قەوارە  زبر و زەنگ و لەو سنوورە سەخت و بە خوێن و ئاگر داڕێژراوانە بۆ سنووری نەرم ، بۆ دەوڵەتی نەرم ، بۆ بەڕێوەچوونی یاسایە  کە تا ئێستا لە تورکیا دیارە زیاتر چووەتە پێشێ بەڵام ئێستا دەبینین لە تورکیاش ئۆپۆزیسیۆن کۆ بووەتەوە وە یەکیان گرتووە بۆ گەڕانەوە بۆ دەوڵەتی نەرم. گەڕانەوە بۆ پارڵمان، بۆ پارڵمانتاریزم، گەڕانەوە بۆ ئازادی حیزبی کە دیارە لەوێشدا زۆر بەربەستی هەبووە، زۆر ئازادییەکی سنووردار بووە. ئەوەی کە ئێمە لە تورکیای بینیومانە تەنیا یەک حیزبی جیاواز قبووڵ کراوە ئەویش هەدەپە ئەویش زۆر بە ئەگەر و بە مەرج و شەرت و سەرکوت و زۆر زەخت و گوشاری لە سەر بووە بە هەزاران کادری گیراوە، ڕێبەرەکانی گیراون، قەدەغە کراوە، پارێزبەندی قەزایی و دادوەرییان لە سەر لا گیراوە، پارڵمانتارەکانی گیراون و زۆر شتی تر کە ئێوە خۆتان دەزانن.
لە ئێران ئێستا ئەو جووڵانەوەی کە ڕووی داوە من باسی ئەوە ناکەم کە ئەوە بەرەو سەرکەوتن دەچێ یا حەتمەن  ئێستا سەرکەوتنی بە دەست هێناوە بەڵام بەرەو ڕووی سیستم بووەتەوە واتە وەکوو شۆڕشی ٤٥ ساڵ لەوە پێش نییە  کە دەسەڵاتێک بێت جێگای دەسەڵاتێکی تر بگرێتەوە ئەوە زۆر جیاوازە ئەوەی ئێستا لە گۆڕێ دایە  ئەوەیە کە کۆمەڵێک بایەخ، کۆمەڵێک بایەخی دێمۆکڕاتیک  هاتوونە مەیدان، بۆیەش کوتم جیاوازیشە لە بەهاری عەڕەبی لێرە دا نە ئیسلامی سیاسی دەوری هەیە. نە ئەو هێزانەی کە دەیانەوێ بەرەو ڕابردوو بگەڕێنەوە وەکوو سەلتەنەت خوازەکان، نە ئەو حیزبانەی وەکوو موجاهیدنی خەڵک و ئەو حیزبانەی کە دەکرێ بڵێین هێشتا حیزبی مۆدێڕن نین.
بەڵام ئەو جووڵانەوەی کە لە ئێران هەیە ئایا ئێمە دەتوانین بڵێین کە ئەوە جووڵانەوەی ژن، ژیان، ئازادی ڕێکخراوی خۆی دامەزراندووە؟ نوێنەری حیزبی خۆی هەیە جا لە دەرەوە یا لە ناوەوە توانیویەتی ڕێکخستن و حیزبایەتی و حیزبی سیاسی دابمەزرێنێ؟ ئەمن پێم وایە ئێستا نەیتوانیوە بەڵام بێگومان ئەوە حیزبەکان نین کە جووڵانەوە دروست دەکەن بەڵکوو ڕاست بە پێچەوانەوە چارلز تیلی
Charles Tilly   کۆمەڵناسی گەورە دەڵێ ئەوە جووڵانەوە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانن کە حیزبەکان دەگۆڕن یا حیزبی نوێ دروست دەکەن، یان هێندێک حیزب ناچار دەکەن کە تەعتیل ببن. واتە جووڵانەوە کۆمەڵایەتییەکان ئەوەندە بە هێزن  کە هەم دەتوانن ناوەرۆکی حیزبەکان بگۆڕن، حیزبی مودێرنیان، یان تازەیان لێ دروست بکەن، هەم دەتوانن حیزبی تازە دروست بکەن کە ڕەنگدانەوەی ویست و داوخوازی ئەو  جووڵانەوەیە بن.
ئەوەی کە ئێمە لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دا بینیمان بە بڕاوی من ئەوە بوو کە ئێمە ئەو حەولەی کە درا بە نێوی " مەنشووری مەهسا یا شورای هەمبەستەگی" کە ئەمە نەیتوانی ببێتە نوێنەری ئەو جووڵانەوەیە لە ڕووی فکرییەوە، لە ڕووی، دیارە کە من ناڵێم ئەو جووڵانەوەیە یەکدەستە یا حەموو لایەنەکانی پێشکەوتوون یان بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دیارە لایەنی جۆراجۆری هەیە، لک و پۆپی زۆر لێ دەبێتەوە بەڵام بەشە سەرەکییەکەی بە بڕوای من دەگەڕێتەوە بۆ پلووڕالیزم و بۆ فێمێنیزم و بۆ هێندێک مافی تەبیعی حقووقی بەشەر یانی ئەو شتەی کە لە فەلسەفەی سیاسیدا پێی دەڵێن حقووقی تەبیعی، حقووقی سروشتی. کە ڕاست ئەو حقووقانەن کە پێشێل دەکرێن وەکوو مافی بیروڕا دەربڕین، وەکوو مافی هونەری، نووسین بە بێ سانسۆر، ئازادی بیرو ڕا دەربڕین و هەموو ئەو شتانەی کە پابەندن بە مافی مرۆڤەوە. ڕێک دەوڵەتە دیکتاتۆرەکان یا بڵێین دەوڵەتە سەختەکان جا چ کۆماری بن،چ پادشاهی بن، چ وەکوو تورکیا یا وەکوو ئێران  دژی ئەو مافانە دەوەستنەوە و وەستاونەتەوە.
 ئێمە ئەگەر موقاڕەنەیەک بکەین لە نێوان ئێران و تورکیا زۆر شتی دێرە دا دەبینینەوە، دیارە لەگەڵ میسر و وڵاتانی تریش. دوو دەورە ئێمە لە ئێرانێ دەورەیەکی پەنجا ساڵەی بەهلەویسم مان هەیە  پدەر و پسەر، دەورەیەکی  چل و پێنج سالەش کۆماری ئیسلامیمان هەیە لە نزیک سەد ساڵ دا. لە تورکیا بە پێچەوانەوە دەورەیەکی کورتتر ئیسلامی سیاسیمان هەیە، دەورەیەکی دوورودرێژتر کەمالیزممان هەیە کە لە ژێر نێوی جمهووریەت دا هەمان  دەوڵەتی موتڵەقە یە کە لە ڕاستیدا لە نێوان خودییەکاندا هەڵبژاردن ڕوو دەدا واتە  هیچ حیزبێکی جیاواز بۆی نییە بەشداری بکا، هیچ دەنگێکی جیاواز بۆی نییە خۆی کاندید بکا جگە لە چەند دەورەیەکی کورت کە کەسانی وەکوو ئوێزال و ئەوانە دێنە سەر کار و  دوایە لا دەبردرێن.
لە ئێرانیش ئێستاکانێ کێشەی جووڵانەوەی ژن، ژیان، ئازادی ئەوەیە، دیارە زۆر ماف پێشێل کراون دەبێ ئەوانە دابین بکرێن بەڵام ئایا ڕێگایەک هەیە جگە لە دێمۆکڕاسی بۆ ئەوەی کە ئەو مافە جۆراوجۆرانەی کە پێشێل کراون  دابین بکرێن؟ یەکەم حەول کە دەبێ بدرێ دەقیقەن ئەوەیە کە دێمۆکڕاسی دەستەبەر بکرێ دابین بکرێ، ئازادیی ئەحزاب دابین بکرێ، ئازادیی بەیان و ئازادیی بیروڕا دەربڕین. ئەگەر ئەو شتانە دابین نەکرێ دیارە مێژوو هەر ئیدامەی دەبێ، جووڵانەوەکانیش ئیدامەیان دەبێ . تەواوی ئەو هۆکارانەی کە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییان دروست کردووە ئەمانە هەمووی لە جێی خۆیان ماونەتەوە بە چارەسەر نەکراوی کە وابێ دەتوانین بڵێین ئەو شۆڕشە دیسان سەر هەڵدەداتەوە لە کاتێک یا لە زەمەنێکی دیکە دا.
بەڵام کە بگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو  ئێمە لە ئێران ناتوانین باسی حیزبی مۆدێرن بکەین، بە بڕوای من ئەوە هەڵەیە. حیزبی توودە ڕاستە کادری باسەوادی هەبوو، خەڵکی خوێندەواری تێدا بوو بەڵام ئەوانە لە هەلومەرجی ئێرانەوە تێۆرییەکانیان هەڵنەدەقوڵی، یانی ئەوە نەبوو بێن هەلومەرجی ئێرانێ لێک بدەنەوە، مەسەلەن ئیسلاحاتی ئەرزی  یا دەورانی موسەدیقی. تەواوی جموجۆڵە سیاسییەکەیان بە پێی ئەو دەستووراتە بوو لە دەرەوە بۆیان دەهات. لە مەوریدی حیزبە کوردییەکانیش دا ئەمن پێم وایە هێشتا نەبوونەتە حیزبی مۆدێڕن، جگە لە هەدەپ لە باکوور کە دەکرێ وەکوو حیزبی مۆدێڕن چاو لێ بکردرێ.
کەسێک کە ڕۆمانەکانی یاشار کەماڵ بخوێنێتەوە زۆر جوان نیشان دەدا کە هەڵبژاردنی مۆدێڕن چییە. ئێستا لە عێڕاق هەڵبژاردن هەیە بەڵام هەر کوتلە و گرووپێکی  مەزهەبی، ئێتنیکی دەنگ دەدات بە نوێنەری عەشیرە و گرووپی کۆتلەی خۆی. واتە ئیندیڤید نییە، ئەوە نییە کە تاکە کەس  دەنگ بدات، گرووپ دەنگ دەدات.  کە گرووپ دەنگ دەدات تۆ حیزبی مۆدێرنت نییە ، کە دسانەکانێ ئێمە چەند حیزبێکمان هەیە گرووپ لە ناوچە نوێنەرایەتی دەکەن واتە هەموو ناوچەی فڵان شار لایەنگری فڵان حیزبە، لە جنووب لایەنگری فڵان حیزبە. ئەوە دیسان دێرە دا  ئیندیڤید یا تاکەکەس نییە کە دەنگ دەدا بە حیزب و بۆیە پێم وایە ئێستا ڕێگایەکی زۆر دوورمان لە پێشە بۆ ئەوەی بگەین بە حیزبی مۆدێڕن. سپاس بۆ ئێوە.
[ چەپڵەی بەشداران]



دێمەن سۆهرابی: زۆر سپاس نۆ ئێوە. داوای لێ بوردن دەکەم لە پانێلیستەکان هەر یەکی یەک دوو دەقیقەم لێ دزین بۆ وەی کە بەڕاستی کاتمان نییە. پرسیارێک وەردەگرم فەرموو!



ئامادەبوویەک : پرسیارەکەم ئەوە بوو کە فەرموویان ئەو شۆڕشە دژی پیاوسالاری بوو. لە ڕاستیدا من پێم وایە ئەو شۆڕشە ئەگەر قووڵتر چاوی لێ بکەی دژی دین بوو، دژی ئیسلام بوو بە تایبەتی ئیسلامی سیاسی و شیعە وە ئەوە خاڵێکی موهیممە کە ئەبێ لەبەر چاو بگیرێ. چون من کاتی خۆی هەر زەمانی من دایکم  موسوڵمانیش بوو هەمیشە تا نیوەی قۆڵی ڕووت بوو ئێستا برازام ئەبینم حەوت ساڵە، دیارە من نایبینم بە ڕەسم ئەیبینم ڕووسەری بە سەرەوەیە. ئەمە کاریگەری سەر ئیسلامە جا پیاوسالاریش  لە ژێر ئیسلاما کاریگەری خۆی داناوە. سپاس.
دیمەن سۆهرابی: هەر لە بەڕێز سەلاح عەبباسییەوە دەست پێ دەکەین ئەو پرسیارەی کە لە ئێویان کرد!



سەلاح عەبباسی: بەڵێ ڕاستە هۆکارەکانی ئەوەی کە فەرهەنگی باوک سالاری وە دین هەر دووکیان ڕەنگ دەدەنەوە دە دەوڵەت دا، یا دە سیاسەت دا، دە کۆمەڵگا دا  یانی شتەکە هەر وا سادە نییە کە ئێمە بڵێین ئێستا خەڵک لە ئێرانێ سکولاریزمی دەوێ، دژی ڕووحانییەت قسە دەکا وەکوو ئەوەی کە ڕووحانییەت دیاردەیەک بێ لە دەرەوە ڕا هاتبێ یا لە میریخەوە هاتبێ یا  جیاواز بێ لە کولتوور، لە مێژوو، لە کۆمەڵگا. لە حاڵێکدا  ئەو ڕووحانییەت، ئەو ئایین و مەزهەبە  بەشێکە لە کۆمەڵگا و بەشێک لەوەیە کە سیاسەتی لە کۆمەڵگا دا تەئسیری لە سەر کردووە. یانی کۆماری ئیسلامی  ئەتۆ ناتوانێ جیا بزانی لە  کۆمەڵگا، لە فەرهەنگ، لە دین لە ئایین لە  مێژوو. ئەمە بەشێکە لەو پڕۆسەیەی کە تا ئێستا هاتۆتە پێشێ بەڵام ئەو هەڵەیە زۆر ڕو دەدات کە وەکوو دوژمنێک لە دەرەوە ڕا هاتبێ، کۆمەڵگای داگیر کرد بێ بە تایبەت لە نێو سەلتەنەتخوازەکاندا ئەو ڕوانگەیە زۆر دەبیندرێ  کە گۆیا. بەڵام ئەو ئیسلامە ڕادیکاڵە کراوە، ئەو ئیسلامەی کە نەنکی ئێمە، یا دایکی ئێمە قۆڵی ڕووت بووە، یا ئیسلامێکی فۆلکلۆر بووە، ئیسلامێکی بڵێین ترادیشیۆن بووە، ئیسلامێکی سیاسی نەبووە، ئایدێئۆلۆژیک نەبووە ئەمە جیاوازە لە ئیسلامی سیاسی. کۆماری ئیسلامی بەرەو ئیسلامی سیاسی چوو، ئەگینا ئێستا هەدەپ چاو لێ بکە کۆمەڵێک مەلای لە گەڵە، کۆمەڵێک خەڵکی ئایینی لە گەڵە، خەڵکی ئایینی دەتوانێ خۆی بگونجێنێ لەگەڵ حیزبی مۆدێڕن، لەگەڵ شێوەی تەشکیلاتی مۆدێڕن بەڵام ئیسلامی سیاسی ناتوانێ ئەو کارە بکا. ئیسلامی سیاسی دەیهەوێ دۆگمایەک بەسەر کۆمەڵگا دا بخولقێنێ دیارە فەقەت ئیسلامیش نییە، ئیدێئۆلۆژییەکانی کەماڵیستی، ئی ڕەزا شای، ئیدێئۆلۆژی تەجەدودی ڕەزا شای. محەمەد ڕەزا شای، سەلتەنەت تەڵەبەکان ئەوانە حەموویان پێشی دێمۆکڕاسی دەگرن لەو سەردەمەشدا  ئەمن پێم وایە هەر کوڕی محەمەد ڕەزا شای ڕەزا پەهلەوی بوو  بە هۆی تێکچوونی ئەو " شووڕای هەمبەستەگی"  ئەو شووڕایەی کە پێکیان هێنا بوو  بە پێی ئەوەی کە ئەتۆ ناتوانی دەگەڵ ئەو هێزانەی کە خاوەن دۆگمایەکی ئایدۆئۆلۆژیک یا ئایینی یا ناسیۆنالیستین ئەگەر ئەو دۆگمایانە لەسەر کار بن لە ئایەندەشدا دیسان حکوومەتی بێ لایەنت نابێ. حکوومەت بەرەو لایەنێکی دەڕوا، لایەنەکانی دیکە سەرکوت دەکا بەڵام بۆ ئەوەی کە حکوومەتی بێلایەنت هەبێ  پێویستە حکوومەت هیچ کاری بەوەی نەبێ شیعەیە یان سوننی یە یان ، نە دژی مەزهەب بێ، نە لایەنگری مەزهەب بێ  دەبێ بێلایەن بێ لەو ناوە دا وەکوو ئێستا دەبینین لە تورکیا، بە تایبەت لە  هەدەپ دا ئەو شتە دەبیندرێ  دەیانهەوێ حکوومەتێکی مەزهەبی لا بەرن بەڵام ئایا ئەو کەماڵ قلیچدارئۆغڵوو بەو میراتە  کەماڵیستییەوە  دەتوانێ حکوومەتێکی بێلایەن دابمەزرێنێ؟ ئایا دەکرێ ئەوانە بچنەوە نێو  پارڵمان بە بێ کێشە؟ ئەمن پێم وایە  ئەمنییەتیان زۆرتر دەبێ واتە دۆخێکی باشتر هەر وەکوو هەواڵێکی بەڕێز وتوویەتی:" دەرگای بەهەشتمان لێ ناکاتەوە ئەو هەڵبژاردنە، ئەگەر ئەردۆغان بگۆڕێ بەڵام دەرگای دۆزەخمان لە سەر دادەخا".  زۆر سپاس   






 

No comments: