Thursday, June 1, 2023

مەرگی تووڤێ سکووتناب کانگاس خەسارە، بەڵام خزمەتی بە مافی مرۆڤیی زمان هەتا هەتایە دیارە!


 مەرگی تووڤێ سکووتناب کانگاس خەسارە، بەڵام خزمەتی بە مافی مرۆڤیی زمان هەتا هەتایە دیارە!
حەسەن قازی
١-ی ژووەنی ٢٠٢٣

ئەگەر بگوتری تووڤێ سکووتناب – کانگاس هێندەی ئاخێوانی زمانانی موهاجیران بەڵکوو زیاتریش، لە وڵاتانی سکاندیناڤی و تەنانەت لە ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا داکۆکی لەو زمانانە کردووە زێدەوێژی و پێوەنان نییە.
ئەوە لە سایەی حەولە ماندوویی نەناسانەکانی تووڤێ بوو کە لە سکاندیناڤی و بە تایبەتی  لە سوێد لە سیستمی پەروەردە دا لا لە خوێندنی زمانانی ناسوێدی کرایەوە. تووڤێ هەمیشە وەبیر سیاسەتمەدارانی سوێدی دەهێنایەوە چەندە لە فەنلاند گرینگی بە زمانی سوێدی دەدرێ و هەر چەند  تەنێ ٦ لە سەدی دانیشتووان قسەی پێ دەکەن لەگەڵ زمانی فەنلاندی لە پلەیەک دا پێوەی دەچاردرێ ودەبێ ئاواش لەگەڵ زمانی فەنلاندی لە سوێد مامڵە بکرێ. نووسین و سێمنارەکانی تووڤێ بووە هۆی ئەوە زۆر لە فەنلاندی ئاخێو لە سوێد زمانەکەیان بپارێزن. توڤێ دەگێڕاوە لە سوێد تووشی فەنلاندی ئاوا هاتووە و پێیان گوتووە ئەگەر تۆ نەبای دایکو باوکمان فێری زمانی فەنلاندیان نەدەکردین.
من یەکەم جار لە سێمیارێک لەشاری سوندسڤال لە باکووری سوێد لە سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠کاندا توڤێ م ناسی. هاتبوو لەو شارە باسی پێویستی خوێندنی بە زمانانی ناسوێدی بۆ کۆڕێک دەکرد کە لە مامۆستایانی خوێندنگە سەرەتایی و لیسەکان پێک هاتبوو. ئامادەبووان لە ٢٠٠ کەس زیاتری تێ دەپەڕاند.  تووڤێ باسی هێنا سەر زمانی کوردی و قانوونی  گۆیا " دژی تێڕۆر"  و چاكم لەبیرە گوتی: ئێستا ئێوەش لەم هۆڵە دا کە گوێ لەم قسانە دەگرن و لۆمەی ئەو قانوونە دەبیسن بە تێرۆریست دادەندرێن" دەبینم زۆر خەڵک چاو لێک دەکەن و واقیان وڕمابوو. لە کاتی پرسیار و وڵامدا من گوتم پێم وایە بەڕێزت هێندێک وەزعەکە دراماتیزە دەکەی و ترش و خوێی پێوە  دەکەی دەنا واش نییە هەر کەس گوێی لەم قسانەی بەڕێزت بگرێ بە تێرۆرسیتی بقەبڵێنن. لێی پرسیم زمانی دایکیت چییە و سەر بە چ نەتەوەیەکی؟  منیش کوتم کوردم، هەر کە ئەوەم گوت. گوتی باشە ئەتۆ شەرم ناکەی وەک کوردێک نکووڵی لەو هەڵسوکەوتە نامرۆڤانەیە دەکەی بە نیسبەت زمانی کوردی دەکرێ. ئیدی لە پشوو دا زیاتر قسەمان کرد و ئەو قسە لێک هەڵپەزینەوەیە بوو بە سەرەتای دۆستایەتی و و ئالوگؤڕی بیروڕا.
نەمر مامۆستا ئەمیر حەسەنپوورم بە توڤێ ناساند و نوسخەیەک لە تێزی دوکتورایەکەی بۆ نارد کە لە سوێد لە تیراژێکی کەم دا لە چاپمان دابوو. بە بۆنەی ٦٠ ساڵەی لە دایکبوونی تووڤێ کتێبێک ئامادە کرا کە تێیدا مامۆستای نەمر ئەمیر حەسەنپووریش وتارێکی بە پێزی بەو بۆنەوە نووسیوە. لە ساڵی ٢٠٠٥ توڤێ و هاوسەری زمانناسی پرۆفێسۆر فیلیپسۆن م بانگهێشتن کرد بۆ بەرنامەی ڕوانگە کە لە تێلێڤیزیۆنی ڕۆژ پێشكێشم دەکرد. دوو گفتوگۆی زۆر بە پێز و بەکەلکم لەگەڵ توڤێ و چاوپێکەوتنێکم لەگەڵ ڕۆبێرت کرد کە بەخۆشییەوە دەکرێ لە تۆرێ یوتیوب بیابینن. کارێکی وام کرد توڤێ لەگەڵ کۆمیسیۆنی مەدەنی یەکێتی ئوڕووپا- تورکیا و گەلی کورد بکەوێ و وا بزانم بۆ خوڵێک یا دوو خوڵ یەک لە ئەندامانی ئەو کۆمیسیۆنە بوو کە هەموو سالێ لە سەر پرسی کورد لە تورکیا لە بروکسێل کۆنفڕانس پێک دێنێ.
لەیەکێک لە گفتوگۆ تێلێڤیزیۆنییەکانم لەگەڵ توڤێ لێم پرسی
که‌نگێ بۆ یه‌که‌م جار باسی زمانی کوردی بیستووە و هەستی پێ کردووە زمانی کوردی لە ژێر مەترسی دایە وڵامی داوە:
" وا بزانم یه‌که‌م پێوه‌ندی راسته‌ قینه‌ی من له‌ گه‌ڵ کاروباری له‌ مه‌ڕ کوردان کاتێک بوو ‌ " مه‌م و زین " م خوێنده‌وه‌ که‌ له‌ لایه‌ن یووهان بارگۆ وه‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵانی 1970 کاندا وه‌رگێڕدراوه‌ته‌ سه‌ر زمانی سوێدی، نزیکه‌ی 35 ساڵ له‌ مه‌وبه‌ر [ئەوە قسەی ساڵی ٢٠٠٥ ە. ح.ق]. پاشان دوای ئه‌وه‌ی ماڵم گوێسته‌وه‌ بۆ دانمارک، له‌گه‌ڵ زۆر کورد و هاوکارانی دیکه‌ی سه‌ر به‌ گرووپه‌ که‌مایه‌تییه‌کان ده‌ستم به‌ کار کرد. له‌ گه‌ڵ مه‌حموود ئه‌رده‌م شتێکم نووسی سه‌باره‌ت به‌ کوردان له‌ مه‌ڕ بێ مافیان له‌ په‌روه‌رده‌ دا. پێم وایه‌ ئه‌وه‌ له‌ ساڵی 1981 دا بوو. له‌و ده‌مییه‌وه‌ ژماره‌یه‌کی زۆر هاوکار و دۆستی کوردم په‌یدا کردووه.‌ چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ر بۆ یه‌که‌م جار چوومه‌ کوردستان، به‌ داخه‌وه‌ پێشتر نه‌مده‌توانی بچم.ئێستا ناسیاوه‌ کورده‌کانم پێم ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر ئه‌و قسانه‌ی من کردوومن، ئه‌وان له‌ کوردستان کردبایان، ئێستا له‌ به‌ندیخانه‌ دا ده‌بوون. ئاشکرایه‌ هه‌بوونی دۆست و هاوکاری کورد کارێکی زۆری له‌ سه‌ر من کردووه‌. ئه‌من هه‌م به‌ داخه‌وه‌م و هه‌م بێزارم له‌ وه‌ی که‌ به‌ سه‌ر
کوردان هاتووه‌ و دێ"
کارێکی بەنرخ و لەبیر نەکراوی تۆڤێ لە ساڵی ٢٠١٢ هاوکاری بوو لەگەڵ پرۆفێسۆر جەعفەر شێخەئیسلامی کە بە پێشنیاری زمانناسی گەورە نەمر جاشوا فیشمەن بوو بە ئیدیتۆری ژمارەیەکی گۆڤاری بە پرێستیژی  International Journal of the Sociology of Language   تایبەت بە زمانی کوردی. هەم نەمر ئەمیر حەسەنپوور و هەم نەمر توڤێ سکووتناب – کانگاس  یارمەتی کاک جەعفەریان دا بۆ ئەو ئەرکە بە نرخە!
بە داخەوە ئێوارەی دووشەمە ٢٩-ی مەی ٢٠٢٣ لە کاتێکدا تووڤێ بۆ مەلە چووبووە ناو دەریاجەکەی نزیک ماڵیان لە خوارووی سوێد خنکا، هەرچەند کارەکانی و ئەوخزمەتانەی لە پێناوی زمانانی ژێر مەترسی و مافی مرۆڤی زمان کردی هەر دەژی و هێز نییە بیخنکێنێ!  

1 comment:

Ruwange --- ڕوانگه said...

Jaffer Sheyholislami
دەست و چاوت خۆش بێ، کاک حەسەن. هەرچەندی کە لە سەر سکوتنب-کانگس بنووسین کەمە. پێویستە هەموو لایەکمان دانیشتنی تایبەت لەسەر بەرهەمەکانی ساز بکەین و وەبیر بێنینەوە کە ئەو خانمە چی بۆ زمانی کوردی و هەموو زمانە بندەستەکان کرد. لە بەرانبەر ستەمی زمانیدا، تۆڤە زمانێکی یەکجار ڕەخنەگرانە و تەنانەت زبری هەبوو، تا ڕادەیەکە کە زۆر بیرەوان و ئەکادیمی، کە لایەنگری مافی زمانیشن، پێیان وابوو کە تۆڤە توندئاژۆیی دەکات ئەو کاتەی باسی ژینۆسایدی زمانی دەکات، یان باسی زمانکوژی دەکات. هەندێک لە ئەمانە، بۆ نموونە، ئابرام دوسوان، لێکۆڵەری هولەندی، مردنی زمانەکان بە پرۆسەیەکی سروشتی دەزانێت و پێی وا نیە کە زمانەکان دەکوژرێن. تۆڤە، بەڵام، پێی وا بوو کە زمانەکان دەکوژرێن، ئەو کاتە کە ئاخێوەرانی دەکوژرێن، وەکوو خەڵکانی یەکەمی باکووری ئەمریکا یان ئوسترالیا. هەروەها، پێی وا بوو کە زمانێکی وەکوو ئینگلیزی دەتوانێت ببێت بە زمانکوژ لە کاتێکدا کە پێشی بەڕەڵڵا بکرێت و زمانە خۆجێیەکان و کەمدەسەڵاتەکان پشتیان نەگیرێت. تۆڤە، قارەمانی مافی زمانی بوو. بۆ ئەمەش ناوبانگێک و ڕێزێکی جیهانی بۆ خۆی دەستەبەر کرد. دەتوانین بڵێین کە یەکەم کەس بوو لە هەشتاکاندا، ستەم دژی زمانی کوردی، بە تایبەت لە تورکیەی، بە دنیا ناساند، بە هۆی نووسینەکانییەوە. هەتا مرد، تۆڤە لەسەر هەڵوێستی خۆی مایەوە. سپاس بۆ ئێوەش کە تۆڤەت بە ئێمە ناساند، هەروەکوو بابەتی کورد و زمانی کوردیت بە سەدان لێکۆڵەری دیکە ناساند، پێوەندیت لە نێو ئەوانەدا ساز کرد و بەیەکەوە گرێت دان، بە نووسینەکانت، وەرگێڕانەکانت و پڕۆگرامە تەلەڤیزیۆنییەکانت. ڕاوەستاو بن!