کونگرە کونگرە دێنێ! ✍🏼مراد بەتوول (ڕۆحی)
کونگرە کونگرە دێنێ!
✍🏼مراد بەتوول (ڕۆحی)
٢٠٢٥/٥/٩
«هاوکاتیچ دەوڵەتانی تورک و
ئێرانی ڕایانگەیاند کە بە زووی کونگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە دەبەستن و دەگەڕێنەوە بۆ
سنوورەکانی پێش ساڵی ١٥١٤ زایینی و شەڕی چاڵدێران و تەنانەت یەک بستیچ لە ئەو
سنوورانە نابەزێنن. ئەوان بەڵێنیان داوە کە دوواین پاسدار و جەندرمەکانیان لە هەموو
خاکی کوردستان دوور بخەنەوە و تەنانەت بۆ قەرەبوو کردنەوەی لانیکەم ئەو تاڵانکاری
و وێرانکاریانەی کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا کردوویانە، بۆ ماوەی یەک سەدە هەر ساڵ بەشە
پارەیەک بە پێی نرخی هەڵاوساندنی ڕۆژ بنێرن بۆ گەلانی کوردستان. هەر وەتر زانراوە
کە «کونگرەی نەتەوەیی گەلانی کوردستان» داوای کردوە کە کۆپیەک لە هەموو ئەو بەڵگەنامانە
کە پێوەندیان بە کوردستانەوە هەیە بە بێ کەم و زیاد لە لایەن ئەو دوو دەوڵەتەوە (کە
سەردەمانێک داگیرکەر و ئێستا دراوسێ و دۆستی کوردستانن) ڕادەستی کونگرە بکرێت کە لە
«ئەرشیفی نەتەوەیی کوردستان»دا خەزن بکرێت. قەرار وایە کە ئەو بەڵگەنامانە بە بێ لە
بەر چاو گردتنی مەحرەمانە بوون و نەبوونیان، بە دڵفراوانیەوە و بێ هیچ سانسۆر و گیر
و گرفتێک بخرێتە بەر دەستی لێکۆڵەران و خوێندەکارانی کوردستان بۆ نووسینەوەی مێژووی
ڕاستەقینەی نیشتمان.»
ئەمە
خەونی شێتۆکەیەک بوو کە بیر و خەیاڵی، وەکوو ئەو فریشتەیەی کە «واڵتر بەنیامین» وەسفی
دەکات، بەرەو ئاییندە لە شەقەی باڵی ئەدا، بەڵام هاوکات ئاوڕێ لە پاشە خۆی و لە مێژوو
ئەدایەوە ولافاوێکی سووری ئەدیت کە بە پێچەوانەی قانوونی کێشانی نیۆتۆن، نەک لە بەرزاییەکانەوە
بەرو پێدەشت، بەڵکوو بەرو لووتکەکان هەڵی ئەکشاۆ و لاشەی سەدان هەزار پێشمەرگەو و
گریلا و کەسی سیڤیلی بەرەو کوێستانەکان ڕائەماڵی. بەڵام فریشتەی خەێاڵی ئەو کوردە
شێتۆکەیە، بە عەکسی ئەوەی بەنیامین وەسفی دەکات، دڵی نەدەهات و نەێدەوویست مردووەکان
خەبەر کاتەوە. ئەو ئەێگۆت لانیکەم لە مردووەکان گەڕێن با لە کوێستانە ئازادەکان تێکەڵی
سرووشت ببنەوە!
No comments:
Post a Comment