Wednesday, September 10, 2025

چاوپێکەوتنێک لەگەڵ دوکتور ئەمیر کەڵان ڕەخنەیەک لە ڕوانگەی هێندێک لە نوخبە ئێرانییەکان بە دژی زمانە نافارسییەکان لە ئێران




  بەرنامەی تێلێڤیزیۆنی  " آپدیت"
   چاوپێکەوتنێک لەگەڵ دوکتور ئەمیر کەڵان
   ڕەخنەیەک لە ڕوانگەی هێندێک لە نوخبە ئێرانییەکان بە دژی زمانە نافارسییەکان
لە ئێران
  
پێشکێشکار: موحسین ڕەسووڵی
   زمان : فارسی

 
     سڵاو، من موحسین ڕەسوولی، و لە نەوەدوپێنجەمین بەرنامەی ئاپدەیت بە ڕەخنەگرتن لە وێژمانە زاڵەکان بە دژی دەرس وتنەوە بە زمانە دایکییەکان لە ئێران لە خزمەتتان دام. میوانی وتوێژی ئەمڕۆمان جەنابی ئاغای دوکتور ئەمیر کەڵانە بەخێرهاتنی بەڕێز ئەمیر کەڵان دەکەم. ئەگەر دەکرێ بەڕێز ئەمیر کەڵان، هەرچەند ئێوە لە بەرنامەکانی پێشووی ئێمەش دا ئامادە بوون، بەڵام ئەگەر دەکرێ جارێکی دیکە خۆتان بناسێننەوە تا دەست بە بەرنامەکە بکەین.

دوکتورئەمیر کەڵان: تکا دەکەم. ئەمن ئەمیر کەڵانم، مامۆستای زانکۆی مەک گیل، دیپارتمانی پەروەردەم [ لە کانادا]. ئەو کارەی من دەیکەم بریتی یە لە لێکۆڵینەوە لە دەرس وتنەوەی زمان و دەرس وتنەوەی ئەدەبییات. بە تایبەتی هۆگریم هەیە بۆ شێوەی زمان فێر بوون و سەروکاری خوێندکاران لەگەڵ دەق، بەتایبەتی ئەو قوتابیانەی کە سەر بە ئەو کۆمەڵگەیانەن کە بە کەمینە کراون. بەجۆرێک پێم خۆشە بزانم موهاجیرەکان، ئەندامانی ئەو کۆمەڵگەیانەی کە بەکەمینە کراون بە چ شیوەیەک دەرس فێر دەبن و بە چ شێوەیەک خوێندەواری فێر دەبن و بە چ شێوەیەک زمان فێر دەبن. باسێکم دەست پێکردووە لە مەڕ دەرس وتنەوە بە زمانی دایکی لە بەستێنی فەلاتی ئێران دا و خەریکم ئەو باسە دەشۆپێنم و هەمان بابەت بەشێوەیەکی گەورەتر لە قالبی جادەی ئاوریشم دا و پێشنیارێکم کردووە بە ڕووتێکردن لە شایەدی زانستی و ئەزموونە مێژووییەکانی شوێنی جۆر بەجۆری دنیا و پێشنیاری فێرکردنی فرە زمانییەکی ڕەوان دەهێنمە گۆڕێ کە تێیدا زمان نەک تەنێ وەک ئامرازێکی پێوەندی و خوێندن بەڵکوو زمان وەک تۆوێکی ئینسانی لەبەر چاو دەگیرێ کە بەشێکی گرینگە لە مافی مرۆڤ. بە جۆرێک پەروەردەی ڕەوانی فرە زمانی کە لە زمان وەک بەشێکی گەورە لە  مافی مرۆڤ کەلک وەردەگرێ.
ڕەسووڵی: سپاس. بەڕێز ئەمیر کەلان هەر وەک ئێوە دەزانن پەروەردە بە زمانی دایکی و دەرس وتنەوە بە زمانە دایکییەکان لە ئێران هەم لایەنگری هەیە و هەم دژبەرێکی زۆری هەیە. وێژمانی زاڵ لەو زەمینەیە دا کەسانێکی ئەوتۆ وەبەر دەگرێ کە بەشێوەی سەرەکی سیاسین یان زمانناسن یان لەگەڵ کاروباری کۆمەڵایەتی سەروکاریان هەیە. بەڵام لەو ناوە دا یەک لەو کەسانەی کە زۆر ڕەخنەگری جیدی و دژبەری پەروەردە بە زمانی دایکی یە ئاغای سەید جەواد تەباتەبایی یە کە هەتا ئێستا بابەتی جۆر جۆر لە لایەن وی ڕا بڵاو بووەتەوە وقسەی زۆری کردووە بەدژی خوێندن بە زمانە دایکییەکان کە هێندێک جار لە قسەکانی دا زۆری سووکایەتی کردووە بە زمانە نافارسییەکان. بۆ نموونە کاتێک بڕیاردرا کە زمانی تورکی، یانی بەشی فێرکردنی زمانی تورکی لە زانکۆکانی ئێراندا بەڕێوەببردرێ بە توندی دژایەتی لەگەڵ کرد یان لە زۆر جێگایان  بۆ نموونە دەڵێ کە زمانی فارسی زمانی نەتەوەیی هەموو ئێرانییەکانە و دەڵێ لە زمانی تورکی ئەوپەڕەکەی شێعرێکی وەک " حەیدەر بابا" ی لێ بەرهەم دێ و هیچی تر. بۆچوونتان سەبارەت بە بیر و ڕاکانی ئاغای تەباتەبایی چییە؟

    دوکتور جەواد تەباتەبایی ٢٠١٣- ١٩٤٥
 کەڵان: سیاس، ئاغای تەباتەبایی زمانناس نییە  و پسپۆڕی پەروەردە نییە، ئەمن پێم وا نییە هیچ ئەزموونێکیشی هەبێ بۆ دەرس وتنەوەی زمان. ئاغای تەباتەبایی بە جۆرێک لە بواری زانستیی سیاسی دا کار دەکا، فەلسەفەی زانستی سیاسەت و سیاسەت بە دەرس دەلێتەوە و لە جێدا پێم وانییە لە هەڵوێستێکی ئەوتۆ دابێ کە بتوانێ بیروڕای دروستی هەبێ سەبارەت بە زمانی دایکی و دەرس وتنەوە بە زمانی دایکی و بووژاندنەوەی ئەو زمانانەی بە کەمینەکراون. بۆ ئەوەی مرۆڤ بکرێ لەو بارەیەوە بیرو ڕا دەرببڕێ، دەبێ لەو بوارە دا لێکۆڵێنەوەی کرد بێ و دەبێ ئاشنا بێ بەو لێکۆڵینەوە زانستییانەی ڕۆژ.
ئەمن پێم وا نییە لەو جێگە و پێگەی هەڵوێستە زانستییەی دا کە هەیەتی بتوانێ بیروڕای ئەوتۆی کە بکرێ بپەرژێندرێ سەبارەت
بە خوێندنی زمانی دایکی دەرببڕێ. هەر ئەوەی کە لە جێدا نەک هەر لە ئێران بەڵکوو لە ناو ئەو لێکۆلەرەوانە دا کە بە لێکۆڵینەوە لە زمان و زمانناسییەوە خەریکن بۆچوونەکانی بایەخێکی ئەوتۆی نییە، لە دنیا دا کە بە دڵنیاییەوە  هەر لە جێدا قسەکانی هیچ گرینگ نییە، چونکوو قسەکانی زیاتر وەکوو  جۆرەیەک باسی ئیدێئۆلۆژیک دەهێنێتە گۆڕێ. لەبەر ئەوەی کە ئەوە کاری وی نییە من لەو باوەڕە دام لە بیست سی ساڵی ڕابردوو دا کە کاری کردووە بە تایبەتی لەمەر زمان کاری نەکردووە. بەڕێزیان زیاتر پڕۆژەیەکی فەلسەفی – سیاسییان بووە کە ئێستا بە پڕۆژەی ئێرانشەهری نێوبانگی دەرکردووەو پەل و پۆی دەرکردووە و لەو قالبە دا زۆر کەم باسی زمانی کردووە. لەبەر هۆی جیاواز کاتێک ئەو پڕۆژەی ئێرانشەهرییە سەرنجەکانی بەرەو لای خۆی ڕاکێشا. ڕەنگە لەبەر ئەوەی بواری کاری من نییە نەزانم بەڵام جۆرێک خۆشەویستی پەیدا کردووە، کەموزیاد دەیانەوێ هێندێک ڕەهەندی دیکە لەو چەمکی ئێرانشەهرییە زیاد کەن.
بۆ وێنە ئەوەی ئێوە باستان کرد کاتێک بڕیار ئەوە بوو  خوێندنی دەرسی تورکی تەنانەت لە ئاستی زانکۆ دا وەڕێ بخرێ بەڕێزیان  وتارێکی نووسی بە ناوی " زمانی نەتەوەیی و پڕۆگرامی پەروەردە بەزمانە محەلییەکان"
.لەو وتارە دا هەڵوێستەکانی خۆی هێنایە گۆڕێ. ئەو هەڵوێستانەی لەو وتارە دا دەیبینین  بەشێوەیەکە مرۆڤ واقی وڕدەمێنێ لە ئاستی سەرەتایی دایە. تەنانەت ئەو قسانەی کە بەدژی خوێندن بە زمانی دایکی دەیکا بریتی نییە لە چەمکی ئاڵۆز، لە ئاستی زۆر سەرەتایی دایە، تەنانەت لە گەنگەشەکانی ئێستای ئێمە دا بەتەواوی چارەسەر کراوە.ئەو زاتە دیسان دەگەڕێتەوە سەر مەسەلەی دەوڵەت – نەتەوە و ئەوەی کە نەتەوەیەکی تاقانە حەوجێی بە زمانێکی تاقانەیە و هەر هەمان بیرۆکەی کە من زۆر جار قسەم لێوە کردووە، وەک بیرۆکەی یان ئەمە یان ئەوە  نێوزەدم کردووە. ئەو بیرۆکەیە یەک لە بیرۆکە زۆر لاوازەکانە لە هەمبەر  باسی لەمەڕ خوێندن بە زمانی دایکی. ئەو ڕەنگە توانیبای باسی ئاڵۆزتر بهێنێتە گۆڕێ بۆ وێنە باسی ئاوا هەیە گەلۆ  داهاتووی خوێندنی ئاکادێمیکی قوتابیان چی بەسەر دێ.  بۆ وێنە باسی ئاوا هەیە لەمەر ئەو قوتابیانەی کە بە شێوەی فرە زمانی پەروەردە دەکرێن چۆن دەکرێ بچنە ناو ئیدارە دەوڵەتییەکان و لەواندا کار بکەن. باسی زۆر ئاڵۆزتر لە گۆڕێ دایە. باسی لایەنی ئابووری پەروەردە کردن بە چەند زمان. بەڵام بە داخەوە بەڕێزیان لاوازترین و جەمارەی ترینی باس لەو وتارە دا پێشکێش دەکا. کە ئێمە بۆ وێنە لە کتێبەکەی خۆم دا ئەو ئارگیومانتانەمان بە شێوەیەکی هەموو لایەنە وەدوا داوەتەوە. بەشێوەی بەردەوام ڕەخنە لەو جۆرە باسانە دەگیرێ و سەرکۆنە دەکرێن و لەجێدا ئەوەی تەباتەبایی دەی کا ئەوە ناهێنێ قسەیەکی زۆری لە سەر بکرێ.
ئەوەی کە زۆر سەرسووڕێنەرە ئەو وتارە نیشان دەدا کە رادەی تەحەموولی ئەو زاتە چەندە نزم و لە خوارەوەیە چونکە ئێمە باسی ناکەین دەسپێکردنی پەروەردەی فرە زمانی لە قۆناغەکانی خوێندن دا بۆ هەموان ناکەین، بەڵکوو ئێمە خەریکین باسی چەند بواری زانکۆیی زمانی تورکی دەکەین و ئەو ڕووبەڕوو بوونەوەی بەڕێزیان دەیسەلمێنێ کە چەندە بیروڕاکانی داخراو و خاوەن چ بیروڕای مەترسیدارە. یانی لە جێدا لەهەموو لایەکەوە چ شوێنێک بۆ گەنگەشە و قسەلێوە کردنی گرتووە و چ ڕێی نەهێشتووەتەوە.
لە ڕووی تیۆریکەوە ئەو گێر وگرفتەی کە ئەو زاتە هەیەتی هەمان گرفتی کۆن و کەونارای دەوڵەت – نەتەوە یە. قسە ئەوەیە کە بیرۆکەی دەوڵەت – نەتەوە بیرۆکەیەکی کۆنە، بیرۆکەیەکی سەدەی نۆزدەهەم و بیستەمە. هەمان بیرۆکەی فەڕانسەیی یە. وەک دەزانن تەباتەبایی لە جێدا فەلسەفەکەی و پەرگالەکەی سەر بە پەرگالی  هێگێل ە واتە پەرگالی هێگێلی یەوە و هەمان پەرگالی هێگێلی بەرە بەرە دەبن  بە وێژمانگەلی مۆدێرنیستی سەدەی بیستەم و بە جۆرێک گرفتی گەورەیان ئەوەیە کە خەریکن لە وێژمانێکی قەدیمی دەوڵەت – نەتەوە  کەلک وەردەگرن، وێژمانێک کە لە ئوڕووپا خۆی، کە لانکی هاتنە وجوودی ئەو پەرگالە بوو، هەر لە هەمان سەرەتاوە تووشی کەموکووڕی هات لە شوێنی وەک فەڕانسە. فەڕانسەییەکان تێ گەیشتن کە ناتوانن لە ڕاستیدا لە ڕووی لۆجیکەوە ناتوانن تەنێ پاڵ هەر وە زمانێک دەن، چونکە لە جێدا ئەوە تەوەهوم و چاو تراویلکەیە کە ئێمە وای دابنێین کە نەتەوەیەکی تاقانە هەیە بە زمانێکی تاک و تاقانەوە. هەموو کۆمەڵگەکان فرە زمانین.  کێشەی گەورەی تیۆریکی کە ئەو زاتە هەیەتی ئەوەیە کە کێشەی کۆمەڵگەی وەکوو ئێران، کۆمەڵگەی وەکوو ئەفریقا، وەکوو چین، کۆمەڵگەی وەکوو هیند ئێمە لەجێدا ئەو کۆمەڵگەیانە ناکرێ لە دەربیجەی دەوڵەت- نەتەوە ڕا چاو لێ بکەین و لێکیان دەینەوە. بڕوانە کاتێک ئێمە سەرکۆنەی دەوڵەت – نەتەوە دەکەین مەبەستمان ئەوە نییە کە نابێ دەوڵەتێکمان هەبێ و هیچ بەرگالێک بوونی نەبێ. مەسەلە ئەوەیە کە ئایا دەوڵەت دەبێ نەتەوەیەکی تاقانە و هاوشێوە بێ بەشێوەی کولتووری کە ئەوە چاوتراویلکەیە یان ڕێگەی دیکەش هەنە.
بڕوانە ئێستا لە چوارچێوەی زانستی سیاسەت خۆی دا، زانستی سیاسی کە کاری بەڕێزیانە ئەوە بەتەواوی ئاسایی یە کە ئێمە کاتێک قسە لەسەر چین دەکەین، کاتێک باسی هیند دەکەین، کاتێک سەبارەت بە ئەفریقا  دەدوێین باسی گەڵالەیەکی تر دەکەین، لە ناوی دەوڵەت – شارستانییەت/ ژیاری  کەلک وەردەگرین. یانی ئێمە  دەوڵەت – نەتەوەکانمان هەبوو، بەڵام ئێستا
civilization state  مان هەیە. یانی لە جێدا کۆمەڵگەگەلی وەک ئێرانیش دەبێ لە دەربیچەی دەوڵەت- شارستانییەتەوە چاو لێ بکرێن. یانی ئێمە هێشتا دەوڵەتی ناوەندیمان هەیە، ئەو دەوڵەتە ناوەندییە یان پێوەندییە ئۆرگانییەکانی ئینسانەکانی ناو ئەو سەرزەوینە دەکرێ زمان یان زمانگەلی نێونجی بهێننە وجوود، باس لە سەر ئەوە نییە. قسە لەسەر ئەوەیە ئێمە چۆن دەتوانن شاەستانییەتێک هەڵسووڕێنین. ئەو گرفتەی کە تەباتەبایی هەیەتی ئەوەیە کە لە لایەکەوە دەیەوێ ڕوانگەیەکی شارستانییەتی پێشکێش بکا، پڕۆژەی ئێرانشەهری بەڵام لە لایەکی ترەوە لەبەر ئەو هۆگرییەیەی کە بە نیسبەت وێژمانگەلە فەلسەفییە ئوڕووپاییەکانی هەیە هێشتا هێگێلیانە بیر دەکاتەوە و هێشتا لە دەربیجەی دەوڵەت - نەتەوەیی یەوە چاو لەم کێشەیە دەکا. هەر بۆیەش لە جێدا پەرگالی فکری تەباتەبایی تووشی جۆرە ناکۆکییەک هاتووە کە بە ڕێکەوت باشترین شوێن بۆ دیتینی ئەو ناکۆکییە ئەو بەشەیە کە بۆ زمانەکانی تەرخان کردووە و مافی کۆمەڵگە بە کەمینەکراوەکان. و لێرە دایە کە ناکۆکی سیستمی بیروهزری وی خۆی دەردەخا. ئەو ناکۆکی یە سەیر نییە چونکە مرۆڤ هەرچەند زیاتر بەرهەمەکانی دەخوێنێتەوە، ئەوە دروستە کە ناوی پڕۆژەکەی ئێرانشەهری یە، و ئێران وەک شارستانییەت لە ناوەندی دایە. ئەو کوتانەی کە ئەو پڕۆژەیان لێ ساز کراوە و مێژووی پڕۆژەکەی هەڵبەت زۆر ئێرانی نییە. کاتێک مرۆڤ پەرگالی تەباتەبایی دەخوێنێتەوە دەبینێ کە بەشێک لە ئێرانییەتی بەڕێزیان  بە ناسێنەی ئێرانی دەزانێ بەڵام  بەشێکی گەورەی بە ناسێنەی ئیسلامی دەزانێ کە لە ڕاستیدا ناسێنەی شیعەیە و بەشێکی دیکەشی بە ناسێنەی یۆنانی دەزانێ. لە جێدا بیرۆکەی کەلک وەرگرتن لە تاقە زمانێک بۆ یەکگرتوو کردنی کولتووری کۆمەڵگە لە هەناوی هۆگری وی بۆ بەشی یۆنانی بوونی ئێران خۆی دەردەخا کە ئەوەش هۆگری بەڕزیانە بە نیسبەت ڕۆژئاوا. شتێکی کە ئێمە وەک دەوڵەت – نەتەوە یان nation - state هەمانە لە ڕاستیدا لە هەناوی دەوڵەت – شار یان city- state  ەکانی یۆنانییەوە هاتووەتە دەرێ کە لە بەر  بارستایی پچووکیان و لەبەر ئەو فەزا چکۆڵەیە کە هەم شارە یۆنانییەکان و هەم وڵاتە ئوڕووپاییەکان هەیان بوو لەوانەیە بیرۆکەی  هەبوونی زمانێکی تاقانەی نەتەوە چێکەر بە زەینیان گەیشتبێ.
 بەڵام لە جوغڕافیایەکی مەزنی وەکوو جوغڕافیای ئێران بە تایبەتی ئێرانی کولتووری کە تەباتەبایی و لایەنگرانی هۆگریان بۆی هەس، لە هێند، لە ئەفریقا ئێمە سەروکارمان تەنێ لەگەڵ نەتەوەیەک نییە بەڵکوو ئێمە سەروکارمان لەگەڵ شارستانییەتێکە. و ئەو ناکۆکییانە لە بەرهەمەکانی دا و هەڵبەت هۆگری بەڕێزیان بە نیسبەت ڕۆژئاوا و بە نیسبەت شیعە دەبێتە هۆی ئەوە پەرگالێکی زۆر تێکەڵ و ناکۆک ساز بکا . قسە کردن سەبارەت بە مافی ئینسانان، مافی کۆمەڵگە بە کەمینە کراوەکان و مافی زمانی ئەوان کە نوختەی ناوەندی ئەم وتوێژەی ئێمەیە شوێنێکە کە ئەو ناکۆکییەی  پەرگالی هزر و بیری ئاغای تەباتەبایی نیشان دەدا.
ناکۆکییەکە دیسان کورت دەکەمەوە. بەڕێزیان ئیدیعای پەرگالێکی ئێرانی دەکا لە کاتێکدا ئەو سیستمەی دروستی دەکا لە بناوانەوە سیستمێکی ئێرانی نییە و پەرگالێکی یۆنانی و ئیسلامی یە و بەشێکی زۆر پچووکی کە بە باوەڕی من زیاتر بۆ خو نواندن و زیاتر بۆ سووراوسپیاوی پەرگالەکەیەتی بەشە ئێرانییەکەیەتی. ئەگەر بمانەوێ روانگەیەکی ئێرانیمان هەبێ سەبارەت بە پەروەردەی زمان دەبێ بگەڕێینەوە سەر ڕوانگەی دەوڵەت – شارستانییەت یان
civilization state لە جیاتی  nation-state  ئەوە تەنیا رێگایەکە لەبەرمانە بۆ ئەوەی بتوانین بیرۆکەیەکی ساغلەمی هزریمان هەبێ.


ڕەسووڵی: سپاستان دەکەم. لە سەدەی بیستو یەکەم دا ئایا ئەوە مەنتقییە بڵێین کە ئەم زمانانە لاوازن، ئەم زمانە بە هێزە و دەبێ بەو زمانە بخوێندرێ چونکە کاتێک بابەتەکانی ئاغای تەباتەبایی دەخوێنینەوە پێداگرییەکی زۆر توند دەکا کە ئەم زمانە فارسییە زۆر زمانێکی بەهێزە و دەبێ بەمە بخوێندرێ. گەڵۆ با بڵێین بەهێز بوونی زمانێک، ئەگەر بێتوو ئەو بۆچوونە بپەژرێنین ئایا ئەوە مەنتقی یە کە بێن بوونەوەرانی زمانەکانی دیکە لە زمانی دایکی خۆیان بێ بەش بکەین؟
کەڵان: لە دنیا هیچ دیپارتمانێکی زمانناسی نییە لە حاڵی حازر دا، بەلانی کەمەوە لە کۆمەڵگەگەلی زانستی دا کە من سەروکارم لەگەڵیان هەیە لە باکووری ئوڕووپا، بەشی زۆر گەورە لە ئەفریقا، بەشی زۆر گەورە لە هیند، ئامریکای باکووریش لەگەڵ، ئەو شوێنەی کە من دەرسی لێ دەڵێمەوە و لێکۆڵینەوەی لێ دەکەم، هیچ دیپارتمانی زمانناسی نییە کە تێیدا تەنانەت یەک مامۆستا هەبێ و بێ دێڕێک بنووسێ و بڵێ زمانێک لە زمانێکی دیکە باشتر یان بەهێزترە یان تواناییەکی باڵاتری هەیە. لە جێدا ئەوە تراویلکەیەکە، تەوەهومێکی هەتا بڵێی نازانستی یە. گشت دیپارتمانە زمانناسییەکان لەسەر ئەوە ڕێکن کە زمانەکان لە ڕووی هێز وتواناییەوە تەواو یەکسانن. شتێک کە هێزی زمانەکان جیاواز دەکا، زمانەکان خۆیان نین بەڵکوو ئەوانەن کە بە زمانە بەهێزترەکان قسە دەکەن.
مەبەستی ئاغای تەباتەبایی کاتێک کە دەڵێ زمانی فارسی بەهێزترە ئێمە دەبێ بیپارێزین، لەو دەربیجەیەی ڕا کە من عەرزم کردن دەبێ بە ئەمە کە ئێمە پەرگالێکی هێزمان هەیە کە لەو پەرگالەی هێز دا ئاخێوەرانی زمانی فارسی هێزێکی زیاتریان هەیە. و ئێمە دەبێ ئەم پەرگالە و ئەم پەرگالەی هێزە بپارێزین. جا ئەو ئاخێوەرانەی زمانی فارسی دەتوانن فارسەکان بن و دەتوانن سەر بە هێندێک لە زمانەکان بن کە لە زمانی  فارسی وەک زمانی دووهەمیان کەلک وەردەگرن. بەڵام ئەو باسەی کە تەباتەبایی دەیکا لە ڕاستیدا پاراستنی پێوەندییەکانی  دەسەڵات لەو کۆمەڵگەیە دایە.
ئەوە شتێکە کە ئێمە بەتەواوی ڕەخنەی لێ دەگرین و سەرکۆنەی دەکەین. چونکە ئێمە دەڵێین زمان لە ڕاستیدا بریتییە لە ئاخێوەرانی. ئەگەر زمانە ئێتنیکییەکانی ئێرانی بە جۆرێک لاواز بوون، ئەوە زمانەکان نین کە پۆتانسییەلێکی لەخوارەتریان هەیە، بەڵکوو ئەو پێوەندییانەی هێز و دەسەڵاتە کە ئاخێوەرانی ئەو زمانانەی دە فشار ناوە و لەو دەفشارنانە دا، لە سەرکوتی زمانەکان بۆ فشارهێنانی زیاتر خەریکە کەلک وەردەگرێ. یانی گەمەکە تەواو بە پێچەوانەی ئەوەیە کە ئەو دەیڵێ. ئەو دیتنی تەباتەبایی کە ئێژێ زمانەکان سەرلێک دەسوون و زمانێکی بەهێزتر و زمانێکی لاوازتر هەیە دەگەڕێتەوە سەر هەمان ئاوڕی مێژوویی هێگێلی تەباتەبایی، کە مێژوو خەریکی گەشە سەندنە و دیالێکتیکێک لە گۆڕێ دایە و بەشێک لەو دیالێکتیکە تێکهەڵچوونی کولتوورەکان و لەو ئاوقا بوونی کوولتوران لەتەک یەکتری دایە کە باشترین کولتوورەکان سەر دەردێنن. ئەوە دە ڕاستیدا هەمان وێژمانی هێگێلی یە، وێژمانی مۆدێرنیزمە، لە لای داروین دەبێ بە هەرمانی هەرەباش کە گشت بوونەوەران هەمیشە خەریکی شەڕن و ئەوەی کە بەهێزترە دەمێنێتەوە و سەر هەڵدەدا. ئەو ڕوانگەیە تەقریبەن هیچ  خۆشەویستییەک شک نابا، بە لانی کەمە لە دیپارتمانەکانی پەروەردە دا، لە دیپارتمانەکانی زمانناسی. وێژمانی زاڵی ئێمە لەو دیپارتمانانە هەڵبەت ئەو جۆرە وێژمانانەن کە هانی هاوژینی کولتوورەکان دەدەن و هانی بووژاندنەوەی ئەو کولتوورانە دەدەن کە دەمەترسی دان. ئەوە بە تەواوی پارادایمێکی جیاوازە. شتێکی کە زۆر جوان دیارە ئاغای تەباتەبایی پێی خۆشە لە پارادایمی زۆر لەمێژینە کە زیاتر ئی سەردەمای تاریکتری فکری ئوڕووپایی یە  و پارادایمێکی شیعەیە کەلک وەردەگرێ زیاتر نەک لەبەر ئەوەی کە ڕێگایەکی تازە نیشان بدا بەڵکوو  زیاتر بۆ ئەوەی کە بتوانێ ئەو سیستمە هێز و دەسەڵاتییەی هەنووکە بپارێزێ  و ئەوە لە مەڕ لایەنی زمان و زاڵبوونی ئاخێوەرانی زمانی فارسییە بەڵام لە مەڕ سیاسەتیشە. پڕۆژەی بەڕێزیان لە ڕووی سیاسییەوە لە سەر ئەو بناغەیە داندراوە کە بتوانێ سیستمی جمهووری ئیسلامی هەموار بکا لەتەک قالبێکی ئیرانشەهری و بتوانێ کە سیستمی فەرمانڕەوا و وەزعییەتی فەرمانڕەوا بپارێزێ. لەو ڕووەوە لە بەر ئەوەی هیچ چاوی نەبڕیوەتە داهاتوو پەرگالی ڕوانگەی تەباتەبایی  زۆر خۆپارێز و ئۆرتۆدۆکس و پاشکەوتوویە . من ئەوە دەزانم کە پڕۆژەکەی هێندێک لایەنگری هەیە و ئەوە دەیسلمێنێ کە بەشێکی گەورە لە کۆمەڵگەی ئێران مەیڵێکیان نییە بەرەو پێش یان ئەگەر لەو باوەڕە دان کە دەبێ لە دەست ئەو سیستمەی هەیە ڕزگاریان بێ، دەیانەوێ لە چاڵ بێنە دەرێ و لە چاڵاو بکەون. ئەوە زۆر گرینگە کە ئێمە ئەوە لێکاڵا بکەینەوە کە پەرگالی تابەتەبایی هیچی پێ نییە بۆ پێشکێش کردن و هیچ قسەیەکی تازەشی پێ نییە. جۆرەیەک دێکۆراسیۆنی تازەیە کە هێندێک وشە و پەیڤی پێوە هەڵاوەسراوە وەک ئیرانشەهری بۆ ئەوەی کە بتوانێ ئەو بارودۆخەی کە هەیە بیپارێزێ.  هەڵبەت ئێمە ئەو جۆرە تێڕوانینە لای ئاغای شەفیعی کەدکەنی ش بەدی دەکەین.
ڕەسووڵی: ئەگەر ئیزنت لە سەر بێ لە پرسیاری دواتر دا دێینە سەروسۆراغی ئاغای شەفیعی کەدکەنی. ئاغای تەباتەبایی پسپۆڕایەتییەکی لە زەمینەی زمانناسی و ئەدەبیات دا نییە و ئینسانێکی سیاسی یە بەڵام لەبواری ئەدەبییات دا  ئێمە ئاغای شەفیعی کەدکەنی مان هەیە کە ئەویش هێندێک هەڵوێستی دەربڕیوە بە دژ و پێچەوانەی زمانە دایکییەکان و دواجار مرۆڤ دەکرێ بڵێ بەدژی زمانە نافارسییەکان لە ئێران.  زۆر جار قسەی ویمان بیستووە، خوێندوومانەتەوە. قسەیەک هەیە کە لە پۆلی دەرس دا لەگەڵ خوێندکارەکانی کردوویە و دەڵێ ئەوانەی کە دەڵێن دەبێ بە زمانە محەلییەکان بخوێندرێ یان زمانە نافارسییەکان بە لەهجەگەلی محەلی نێوزەد دەکا و دەیاهێنێتە خوارێ و دەڵێ ئامانجیان ئەوەیە بێن و زمانی فارسی فت بکەن و ئەو لەهجە محەلییانە برەو پێ بدەن و ئەو لەهجە محەلی یانە توانایی ڕقەبەری کردنیان نییە لەگەڵ شێکسپیێر و پووشکین و دواجار ئەو زمانانە هەموویان لە ناو دەچن و دەیانەوێ زمانی ئینگلیسی لە وڵات دا بکەنە سەردەست و ئەوە وەکوو پیلانێک دەبینێ. بیروڕاتان سەبارەت بە قسەکانی ئاغای شەفیعی کەدکەنی چییە؟

     دوکتور محەمەد ڕەزا شەفیعی کەدکەنی           ---- ١٩٣٩  
کەڵان: بەڵێ، ئاغای کەدکەنی پسپۆڕی ئەدەبییاتە، و بە تایبەتی بە جۆڕێک پارێزەری ئەدەبییاتی کەونارانە بەڵام هیچ پسپۆڕایەتییەکی لەمەڕ پەروەردەی زمان نییە. و ئاشناییشی نییە لەگەڵ لێکۆڵینەوە تازەکان سەبارەت بە پەروەردەی فرەزمانی. ئەمن لە هیچکام لە قسەکانی و لە بەرهەمەکانیدا نەم دیوە کە ئاماژەیەک بکا بەو باسە گرینگە زانستییانەی لەمەڕ پەروەردەو ئاموزشتی زمان کراوە و تەنانەت ئەو شتانەی کە دەیڵێ هیچ پێوەندی بە باس و گەنگەشەکانی لەمەر زمانناسییەوە نییە ، چونکە ئەو بەڕێزە زمانناس نییە، بەڵکوو ئەدیبێکە. لەو ڕوانگە ئەدیبانەوە کە هەیەتی تەسەورێکی تایبەتی لەمەر خۆی هەیە بە نیسبەت ئەدەبییاتی فارسییەوە کە بە جۆرێک دروستە چونکە ئەدەبییاتی فارسی ئەدەبییاتێکی زۆر گرینگ بووە و ئەدەبییاتی فارسی جۆرێک بووە لە ئامرازی پێوەندیی کولتووری لە نێوان کۆمەڵگەلی جۆر بەجۆر  و لە ڕوانگەی ئەدەبی و لە ڕوانگەی مێژووییەوە بە باوەڕی من قسەیەکی کە دەیکا گرینگە و ئەوە گرینگە کە ئێمە بتوانین مێژووی ئەدەبییاتی فارسی ئاستە بکەین. بەڵام ئەو کارەی کە بەڕێزیان دەیکا تەقریبەن هیچ دەخڵی بەسەر پەروەردەوە نییە. دیسان ئەو گرفتەی کە بەڕێزیان هەیانە هەر وەک ئاغای تەباتەبایی ئەوەیە کە تێڕوانینێکی مێژوویی و تێڕوانینێکی هێگلیی هەیە سەبارەت بە زمان.
ئاغای کەدکەنی کولتوورەکان، دیسان لە قالبی هێگێلی دا، بە دیاردەی ئەوتۆ دادەنێ کە بەردەوام لە حاڵی شەڕ دان لەگەڵ یەکتری و لەو شەڕە بەردەوامە دا دەبێ جۆرە سەرکەوتوویەک سەر هەڵێنێ. ئەو
کێشەیەی کە کەدکەنی لەگەڵ زمانە ئێتنیکەکانی ئێران یان زمانەکانی دیکەی ئێرانی جگە لە زمانی فارسی هەیەتی  هەر ئەوەیە چونکە باوەڕی وایە کە لە درێژایی مێژوو دا شەڕێک لە گۆڕێ دابووە و لە هەناوی ئەو شەڕە ڕا ئەدەببیاتی فارسی و زمانی فارسی سەرکەوتووانە دەرکەوتووە و ئێستا لە دنیا دا شەڕێکی دیکە هەیە کە ئێمە ئێستا بە پەنا بردن بۆ زمانی فارسی دەتوانین لەو شەڕە دا کە شەڕە لەگەڵ کولتووری ئینگلیسی زمان، شەڕی تاجیکەکانە لەگەڵ کولتووری ڕووسی زمانە و ئێمە دەتوانین بە کەلک وەرگرتن لەو زمانە  ئەو شەڕە بەرینەوە. بەڵام ڕاستی ئەو هەقایەتە ئەوەیە، ئەوەی زانستی زمانناسی بە ئێمەی دەڵێ ئاشکرایە شەڕێک لە گۆڕێ دا نییە، باڵاکردنی زمانی فارسی وەکوو زمانێکی زۆر سەرکەوتوو و زمانێکی زۆر درەوشاوە بە هەبوونی ئەدەبییاتێکی زۆر درەوشاوە، هەر ئەوەندەی کە ئەو سەرکەوتووییە قەرزداری ئەدیبە فارسی زمانەکانە، وهەر ئاواش قەرزداری کولتوورسازان و بیرەوانانی نا فارسی زمانە لەو ناوچەیە دا. لە زمانەکانی نێو ئێرانەوە بگرە وەکوو کوردی، تورکی، بەلووچی و عەڕەبی یا ئەو زمانانەی کە لە دەرەوەی ئێرانن هەڵبەت لە ناو ئێرانیش دا هەن وەکوو زمانی ئەرمەنی، زمانی گورجی. ئەگەر کەدکەنی موتاڵایەکی زیاتری کردبایە لە بواری زمانناسی دا لەوانەبوو دەستی لە مەسەلەی شەڕ هەڵگرتبایە و چاوی لە بەسترانەوەی زمانەکان بەیەکترییەوە کردبایە. زمانەکان لە تاق کەوتوویی و تەریک کەوتن دا نایەنە وجوود. هەر چەندی زیاتر لەگەڵ زمانەکانی دەور وبەری خۆیان دە پێوەندی دا بن هێزیان زیاتر دەبێ. ئەوە بدە و بستێنی زمانییە کە دەبێتە هۆی هێز پەیدا کردنی زمانەکان. دەڕاستیدا بدە و بستێنی زمانی فارسی لەگەڵ زمانە نافارسییەکانی دەوروبەری بووە کە بووەتە هۆی باڵا کردنی زمانی فارسی. کە وابوو  هیچ شەڕێک لە نێو ئەو زمانانە دا بوونی نییە.
ئەمن لەگەڵ ئەو قسەیەی کەدکەنی هەم کە ئێمە هەمیشە ئەمپریالیزمێکی زمانیمان هەیە کە چاوەڕوانە بێ بۆ سەرکوتکردن. یەکێک لە نیگەرانییەکانی من خۆم  ئەوەیە کاتێک ئێمە دەست دەکەین بە پەروەردەی ڕەوانی
فرە زمانی دەبێ وشیار بین و بزانین پێگەی زمانگەلی وەک ئینگلیسی و فەڕانسەیی و بە ئەگەری زۆر لە داهاتوو دا پێگەی زمانی ماندارینی/ چینی جۆرێک نەبن کە دیسان زمانەکانی ئێمە بتوێننەوە، بە تایبەتی زمانە بەکەمینەکراوەکانی ئێمە بتوێننەوە. بەڵام ڕاستی ئەوەیە هەڵەیە زمانی فارسی وەک زمانێک  ببیندرێ کە گێرە و کێشە و گرفتی زۆری هەیە و لەگەڵ زمانی ئینگلیسی یان ڕووسی لە شەڕ دایە. زمانی فارسی زمانێکی زۆر بە هێزە. زمانی فارسی یەکێک لەو زمانانەیە کە لە ناو زمانەکانی دنیا دا زیاترین ئاخێوەری هەیە. ڕەنگە لە زومرەی بیست تا بیست و پێنجەمین زمانی دنیا بێ کە پێشینەیەکی کەم نەزیری نووسراوەیی هەیە کە دەگەڕێتەوە بەر هەزاران ساڵ لەمەو بەر. بە پێویستی ئەوتۆ نییە کە شەڕێک هەیە لە نێوان زمانی ئینگلیسی و زمانی فارسی دا. ئەمن ئەو شەڕەی کە بەڕێز کەدکەنی لە فەلاتی ئێران لە نێوان زمانەکان دا دەیبینن بە تراویلکە و بە دۆن کیشۆتی دادەنێم و هەم ئەو شەڕەی کە لە نێوان زمانی فارسی و زمانەکانی دەرەوە دا هەیە بە دۆن کیشۆتی دەزانم.
شەڕی ڕاستەقینە کە لەو دۆخە دا هەیە، دە ڕاستیدا شەڕ
ی بەڕێزیانە  لەگەڵ زمانە ئێرانییەکان. چونکە ئەو کارە نەک هەر زەربە دەدا لەو زمانانە بەڵکوو لە درێز خایەن دا سەدەمە بە زمانی فارسیش دەگەیێنێ. بە داخەوە گۆشەنیگای دۆن کیشۆتی کەدکەنی سەبارەت بە زمانی فارسی و هەڵکەوتی ئەو زمانە، خەریکە زمانێکی زۆر  ڕازاوە وەکوو زمانێک نیشان دەدا کە لە ئاویلکەدان دایە و ئەوە بووەتە هۆی ئەوە کە ئەو زاتە لە جێدا بەو چاوە لە زمان نەڕوانێ کە ئامرازێکە لە خزمەتی ئینسانەکان دا. یانی ئەو بیرۆکە هێگێلی و مێژووییەی وی زەینی کەدکەنی ئەوەندە بردووەتە نێو  مێژوو،کە ئەو منداڵانە نابینێ کە ئێستا لە خوێندن دا سەرناکەون، ئەو منداڵانەی کە خوێندن بە جێ ذێڵن نابینێ، ئەو مافی ئەو کەمایەتیانەی کە بەردەوام پێشێل دەکرێ بە هیچجۆر نابینێ. یانی لەو بنەما و ستروکتوورەی کە سازی کردووە ئینسان چ جێی نییە، یانی ئاخێوەری زمان جێیەکی نییە، ئینسانەکان دەکرێ لەت و پەت بن بۆ ئەوەی گێڕانەوەیەکی مێژوویی کە ئەو خەریکە دەیگێڕێتەوە مانای هەبێ.
بۆ وێنە تەنانەت لەمەر زمانی فارسی من نەم دیتووە کە بەڕێزی
 نیگەرانی دەرببڕێ، لەوەی کە گەورەترین نووسەرانی فارسی، گەورەترین شاعیرانی فارسی زمان لە تاراوگە دەژین، چونکە لە ڕوانگەی وییەوە ئینسانەکان ناتوانن کارێک بکەن تەنانەت بە مەبەستی بەخۆداهاتنی زمانی فارسیش. یانی لە جیدا ئینسان تەوەرەی فکری بەڕێزی نییە. جۆرەیەک گێڕانەوەی مێژوویی کە لە ڕوانگەی منەوە تراویلەکەیی و دۆن کیشۆتییە شکڵ دەدا بە پەرگالی بیرکردنەوەی. جا هەر لەو گۆشەنیگایە دا، هەر لەو گۆشە نیگا جەنگییەدا، ئەمن بەداخەوە بیستم کەدکەنی دوای ئەوەی کە قسەی زۆر ناشایستی سەبارەت بە زمانە ئێرانییەکان کرد بوو  بەجۆرێک کە ویست بووی داوای لێبوردەیی بکا گوتبووی نا ئەو زمانانە دەبێ بپارێزرێن، تەنانەت نەی دەگوت زمانی تورکی یان زمانی کوردی، یان زمانی بەلووچی دەبێ بپارێزرێن بەڵکوو دەیگوت لەهجەی تورکی، لەهجەی کوردی، و لەهجەی بەلووچی [ زەردەخەنەی دیتێ!] دەبێ بپارێزرێن. واتە ئەو گۆشەنیگای شەڕە ئەوەندە مێشکی داگرتووە کە پێش بەوە دەگرێ تەنانەت ڕاستییە زمانناسانەکان بپەرژرێنێ کە بۆ وێنە بەلووچی زمانێکی سەربەخۆیە. پێشی پێ دەگرێ بۆچوونێکی زانستی هەبێ لە سەر ئەو بابەتە.  
خەبەرێکی ناخۆشی کە بۆ ئەو زاتەم هەیە ئەوەیە کە ئەو شەڕە دێتە نێو زمانەکان و درێژەی دەبێ.کاتێک ئێوە باوەڕتان بە زمانێکی زاڵ بێ،ئێوە دێن و ئەو باوەڕییەتان بە فارسییەکی زاڵ دەبێ. ئەگەر نیگەرانی و پەشێوی بەڕێزی  بەڕاستی سەبارەت بە زمانی فارسی ببووبا دەهات  لە سەر ئەو گرفتە قسەی دەکرد کە پەروەردەی منداڵانی ئەفغان لە ئێران لە دوای موهاجەرەتیان چی لێ دێ؟ نەک ئەوەی بێ و بەجۆرێک فشار بێنێ بۆ سەر زمانە نافارسییەکان. کەدکەنی هیچ باسی ئەوەی نەکردووە ئەو منداڵە ئەفغانییە فارسی زمانانەی کە دێنە ئێران چ بەڵایەکیان بەسەر دێ. چ جۆرە مافێکی شارومەندێتییان دەدرێتێ؟ چ ئیمکاناتێکیان دەدرێتێ؟ چونکە تەنانەت ئەو ڕوانگە دۆن کیشۆتییە دێنێتە نێو زمانی فارسی. ئەوە زۆر مەترسیدارە و دیسان دەگەڕێتەوە سەر هەمان ڕوانگەی کۆنی هێگێلی کە بەداخەوە، بەداخەوە هەر وەک پێشوو  لە کۆمەڵگەی ئێمە دا زاڵە و وێژمانەکانی ئێمە ساز دەکا.
ڕەسووڵی: سپاس. دەی ئاغای تەباتەبایی کە سیاسی بوو، ئاغای شەفیعی کەدکەنی پسپۆڕی ئەدەبییاتە، ئاغای داریووشی ئاشووری پێم وایە پسپۆڕایەتییەکەی جیاوازە. بەڕێزسیان هێندیک بیرورای هەیە کە دەشێ ڕەخنەیان لێ بگیرێ. بۆ وێنە ئەو باس لە زمانی کراوە و زمانی بەستراو دەکا، ئێژێ هێندێک لە زمانەکان هەن کە کراوەن و شایانی ئەوەن خۆ بگونجێنن و پەرە بستێنن و لەگەڵ زانستی ڕۆژ بچنە پێشێ، هاوژینییان هەبە و پەرە بەخۆیان بدەن، هێندێک لە زمانەکان ناتوانن، یان باسی مەرگی زمانەکان دەکا. دەکرێ هێندێک باسی ڕامانەکانی بەڕێزئاشووری بکەی و شی کەیەوە؟

   داریووش ئاشووری                                             -----  ١٩٣٨
کەڵان: بەڵێ، بێگومان، بە باوەڕی من ڕێزدار ئاشووری لە ناو ئەو چەند کەسەی دا کە تا ئێستا ناومان هێنان ڕەنگە نزیکترین کەس بێ لە دنیای زمانناسی. بەڵام، نەک بە تەواوی. چونکە کارێکی کە دەیکرد بەڕێزی بۆ ماوەی درێژ بەشێک لە نیگەرانی ئێرانییەکانی لە دوای سەردەمی مۆدێڕنی دەهێنا گۆڕێ. هەڵبەت دوای سەردەمانێک کە قەوارەی دەوڵەت – نەتەوەیی ساز دەبێ و ئەو تێۆرییەی کە باشە ئێمە زمانێکمان هەیە و ئەو زمانەچۆن دەکرێ زمانی ئەم نەتەوەیە بێ و هەڵبەت نەتەوەی تاقانە لە ڕوانگەی وانەوە، و لەو ڕووەوە دەبێ چ بکەین.

لێرە دایە کە فەرهەنگستانەکانی زمانی فارسی ساز دەبێ، باسی پەتیگەری و پەتی نووسین دێتە گۆڕێ و دەیانەویست زمانێکی فارسی ساز بکەن کە بتوانێ ئەو نەتەوەیە بەرەو پێش بەرێ.
ئەوە ڕاستە کە لەو سەردەمە دا سەروکاریان لەگەڵ زمان هەبوو، بەڵام بە ڕای من کاری بەڕێزی جیا بووە لە شتێک کە لە دنیای زمانناسی، لە سەردەمی مۆدێڕن دا ڕوو دەدا لە دیپارتمانەکانی زمانناسی دا. ئەمن بەلانی کەمەوە لە وتوێژێک دا کە بەڕێز ئاشووری  سەبارەت بە زمانی دایکی لەگەڵ بی بی سی فارسی کرد بووی دیتم  پاش ئەوەی باسی ئەوە دەکا کە ئێمە دەبێ زمانەکان بپارێزین و ئاگامان لێان بێ، دواجار دەڵێ نابێ زۆریش نیگەران بین چون زمانگەلی وەکوو گیلەکی و مازندەرانی زۆر تەبیعییە کە ئەوانە بمرن. ئەو بۆچوونە نەرمەی کە ئاشووری لە ئاست مەرگی زمانەکان هەیەتی بە باوەڕی من جێی تێڕامانە، بۆچوونی جەنابی ئاشووری بە جۆرێک لەو وێژمانە مۆدێرنیستانەوە دێ کە هەمان ڕوانگەی هێگێلی، گۆشەنیگای بکوژە و زیندوو بمێنەوە بڵاو دەکەنەوە. بۆچوونە مۆدێرنیستییەکانیش کە هەموومان دەزانین لە کوێی ئوڕووپاوە دێ و ئەو بۆچوونە مۆدێرنیستییانە زۆریان  یارمەتی کردووە بە پڕۆژە کۆلۆنیالیستییەکان. چونکە کاتێک ئەتۆ دەچییە شوێنێکی گەورەی وەک ئەفریقا کە ژمارەیەکی مەزنی زمان تێدایە باسێکی کە دەکرێ بیهێنییە پێشەوە ئەوەیە کە ئەو کولتوورانە لاوازن، ئەو زمانانە لاوازن و ئێمە ڕێگا پێدراوین ئەو زمانانە بکووژین چونکە ئەوە شتێکی تەبیعییە.
باسێک کە ئاغای ئاشووری دەیکا، بە وردی باسێکی مۆدێرنیستی یە، یانی زمانەکان لە دۆخێکی شڵەژان دان و مردنیان بەتەواوی شتێکی تەبیعی یە. شتێک کە بەڕێزی یان هەستی پێ ناکا یان نایەوە زەقی کاتەوە ئەوەیە بەڵێ ڕاستە مەرگی زمانەکان پێواژۆیەکی تەبیعی یە، بەڵام، مەرگی زمانان بە درێژایی سەردەمی مێژوویی دا ڕوو دەدا . هێندێک جار وەک سەردەمی مۆدێڕن ئێمە تووشمان بە تووشی کوشتنی زمانەکانەوە دەبێ. یانی زمانەکان زووتر لەوەی کاتیان بەسەرچوو بێ لەبەر پێوەندییە نالەبارەکانی دەسەڵات و لەبەر سەرکوتکردن ئەو زمانانە لە ناو دەچن. هەر لەو سەردەمە مۆدێڕنە دا کە بەڕێزی  موتاڵا و لێکۆڵینەوەکانی لەو زەمینەیە دا بووە و هۆگری هەیە بۆ ئەو ڕوانگە مۆدێرنیستی یە،ئەو ئوڕووپاییانەی کە خۆیان دەوڵەت – نەتەوەیان هێناوەتە وجوود، هەر ئەو کۆلۆنیالیستانەی کە هاتوون بۆ ئەمریکای باکووری ئێستا دیپارتمانی ئەوتۆیان پێکەوە ناوە و خەریکی بووژاندنەوەی زمانەکانی ئابۆرجینەکانی ئەمریکای باکوورین.

لە ئوڕووپا خۆی پرۆگرامی ئەوتۆ داندراون کە هەمان ئەو زمانانەی کە خەریک بوون دەکووژران لە ژێر پەردەی ئەوەی دا کە ئەوان تەبیعی یە دەمرن، بۆ ئەوەی لە مردن ڕزگاریان کەن. باشترین نموونەی زمانی کاتاڵانە. زمانی کاتاڵان لە نێو سیستمی کۆلۆنیالیستی ئێسپانیایی دا بەجۆرێک بەتەواوی لە بەین چوو بوو. بەڵام هەر ئەو ئوڕووپاییانەی کە بەڕێز ئاشووری بۆ بیروڕاکانی قەرزداری ئەوانە گەیشتوونە ئەو ئاکامە، نا ئەو پێواژۆیەی کە ئێمە شاهیدی بووین کوشتنی زمانی بووە نەک مەرگی زمانی. کە وا بێ ئێمە دەبێ بێین و ئەو زمانانەببووژێنینەوە. کە وابوو ئەگەر تیۆرییەکیش هەبێ بەناوی تیوریەکی مۆدێرنیستی کە زمانەکان بەردەوام لە شەڕ بە دژی یەکتری دا دەبینێ، خاوەنانی هەمان تیۆری ئێستا پەشیمانن و گەیشتوونە ئاستێک کە خەریکن زمانەکان دەپارێزن. یانی مەبەستم ئەوەیە ئەگەر پێواژۆیەکی تەبیعیش لەو گەمەیە دا بووبێ،ئەو پێواژۆیە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە ئێستا ئێمە  باسی بووژاندنەوە و زیندوو کردنەوەی زمانەکان دەکەین.
گرفتی گەورەی ئاغای ئاشووری لەو زەمینەیە دایە. بەشی سەرەکی ئەو کێشە وگرفتە هەڵبەتە گرفتێکی بەکۆمەڵ بووە کە ئێمە لە ڕووی مێژووییەوە بوومانە یانی گوفتمانێک ( وێژمانێک) برەوی پەیدا کردووە- کە ئەڵبەتە گفتمان وشەیەکی زۆر چاكە کە ڕێزدار ئاشووری خۆی بۆ واتای دیسکۆرس ی داڕشتووە - ، ئەمن لێرە دا سپاسی لێ دەکەم بۆ ئەو وەرگێڕانە باشە. بەڵام لە دەسپێکی سەردەمی پەهلەوی ڕا وێژمانێک هەبووە، مەسەلەی پەتیگەری و پەتی نووسین و ئەو فەرهەنگستانانەی کە بۆ ڕاست کردنەوە زمانی فارسی و ئەو جۆرە کۆمەڵانە وێژمانێکیان هەبووە و ئەو وێژمانە ( گوفتمانە) ئەوە بووە کە هەمیشە زمانی فارسییان لە دۆخێکی خۆ بە کەم زانین و سووکایەتی پێکراو دا دیتووە و پەشێو بوون و  نیگەرانییەکەیان ئەوە بووە کە زمانی فارسی نەتوانێ لە دنیای مۆدێڕنی تێپەڕێنێ. جا ئەو نیگەران
ییە گەیشتووەتە ئەو نوختەیە، هەڵبەت ترۆپکی ئەوە لە کاری ئاغای ئاشووری دا دەبینین کە تەواوی adaptation لەگەڵ دنیای زانست، لەگەڵ دنیای مۆدێڕن، لەگەڵ ژیانی مۆدێڕن، گشت گیروگرفتەکە لە زمانی فارسی خۆی دا دەزانێ. هەر وەک ئێوە گوتتان لە جێدا ئەو تیۆرییەی کە بەڕێزیان هەیانە ئەوەیە کە زمانەکان یان کراوە و یان بەستراون. یانی ڕیشەی گشت پشکووتنی کولتووری، زانستی و تەنانەت ئابووری کۆمەڵگەیەک لە خودی زمان دا دەبینێ. ئەو ڕایە، ئەو بیرۆکەیە، بیرۆکەیەکی زۆر زمان تەوەرە، لینگویستیکە. هەڵەی گەورەی کە لەم دیتنە دا هەیە ئەوەیە کە ئەم دیدە چاو لە دەرەوەی زمان ناکا.
بۆ وێنە چاو لەوە ناکا کە لە پێناوی پشکووتنی زانستی دا، ئەوە ڕاستە کە ئێمە دەبێ لە زمان کەلک وەربگرین، بەڵام بۆ گەیشتن بەو مەبەستە ئێمە حەوجێمان بە ژوورناڵی زۆر سەرکەوتوو  هەیە، ئێمە حەوجێمان بە دیپارتمانی زانستی زۆر سەرکەوتوو هەیە. بۆ پشکووتنی ئەدەبی و بۆ ئەوەی کە بتوانین بە زمانمان هێندێک تاقیکردنەوە بکەین کە بتوانێ شێوەی جۆر بەجۆر بەخۆیەوە بگرێ، ئێمە حەوجیمان بە ئازادیی بەیانە، ئێمە حەوجێ مان بە سیستمی کراوەی بڵاو کردنەوە هەیە.
گیروگرفتی گەورەی سیستمی فکری بەڕێز ئاشووری ئەوەیە کە گشت سەرنجی لە سەر زمان خۆی کۆدەکاتەوە. نەک سیستمە بەڕێوەبەرییەکان و نەک سیستمە کارگێڕییەکان و تەنانەت نەک سیستمە مافی مرۆڤییەکانی دەورو بەری زمان. بە باوەڕی من شتێکی کە ئێمە ئەمڕۆ دەیبینین ئەمەیە کە گشت زمانەکان زمانی کراوەن، شتێکی کە زمانەکان دادەخا و دەیان بەستێ ئەوە نییە کە سەرف و نەحوەکەیان چۆن هەڵدەسوورێ، گشت تەئکیدی بەڕێز ئاشووری و زۆر لە دۆستانی ئەوەیە بۆ وێنە ئێمە لە زمانی فارسی دا ناتوانین بێین و بڵێین بۆ وێنە
" آبیدن / ئابیدەن "
 لە سەر وەزنی خابیدەن، ئێمە ناتوانین هێنذێک پێشگر و پاشگر دەکار کەین کە ئەو زمانە بکاتەوە بۆ دەربڕین. بە باوەڕی من ئەو بۆچوونە تەواو هەڵەیە. هەموو زمانێک ئامادەیە بۆ بەیان، دەربڕین.  ئەگەر گیروگرفتی سینتاکسی و ڕێزمانی بۆ دەربڕین هەبێ ئەوە ئیدارەیەک، کارگێڕییەک نییە کە دەوڵەت بێ بە شێوەی پۆلیسی مووچەیان بداتێ کە بین و ئەو گیروگرفتانە چارەسەر بکەن.
ئەو کارەی کە دەوڵەتان دەبێ بیکەن ئەوەیە کە بێن سیستمی بڵاو کردنەوە، دیپارتمانی زانستی، ئاڵقەی ڕووناکبیری، ئاڵقەی هونەری ئەوانە بکەنەوە و پەڕە پێ بدەن و ئەوە ئەو ئینسانانە خۆیانن کە کارێکی وا دەکەن زمان بە خۆی دابێ. هیچ کات زمانێک لە ناو ئۆفیسێکدا بە ناوی ئاکادێمی زمانی فارسی و هەر ناوێکی دیکە کەهەیەتی دەیەوێ ئەو کارە بکا، سەرناکەوێ، هەر وەک ئەوەی ئەو دۆستانە نەیانتوانیوە سەرکەون. ئێستا دەبینین کە هێرش و پەلاماری ئینگلیسی لە پێوەندی لەگەڵ زانست دا لە ئارا دایە.
وەک نموونەی  " گفتمان" کە باسم کرد هەڵبەت بەڕێزیان سەرکەوتوو بوون لە هێنانە گۆڕی زنجیرەیەک وشە و پەیڤی نوێ بۆ ناو زانستە ئینسانییەکان کە ئەوەش هۆیەکی ئاشکرایە چونکە بەڕێزیان لە چوارچێوەی زانستی ئینسانی دا کار دەکا. وەک بەڕێزیان، ئێمە حەوجێمان  بە زنجیرەیەک کۆمەڵکە، کامیونیتی زانستی هەیە، هەروەها هونەری و ڕووناکبیرانە کە بتوانن ئەو کارەی پێویستە ئەنجامی بدەن. کە وابوو ڕەخنەیەکی گەورەی کە من سەبارەت بە کاری ئاشووریم هەیە ئەوەیە ئەو سیستمە زمانییەی کە ڕێزدار ئاشووری دەهێنێتە وجوود سیستمێکە کە لە ئینسان شۆراوەتەوە. یانی لە جێدا ئینسان و توانایی ئێنسانی، پۆتێنسیالی ئینسانی بۆ گٶڕان و گۆڕانکاری شتێکی کە ئێمە پێی دەڵێین
agency  ئەوە لە سیستمی  بەڕێزیان دا بوونی نییە. هەموو شتێک دە ناو زمان، خۆی دا دەبیندرێ. لایەنێکی دووهەمی سیستمی ڕێزدار ئاشووری ئەوەیە کە دیسان وەک ئاغای کەدکەنی زمانی فارسی دادەکشێنێ بۆ ئاستێکی نزم. لە جیدا هەمیشە نیگەرانی ئەوەیە، پێی وایە کە زمانی فارسی ناتوانێ پەرەگر بێ لە شتێک ڕا کە ئەوان ناویان ناوە مۆدێرنیتە کە بە باوەڕی من ناتوانن بە ڕوونیش بیناسێنن بڵێن مەبەستیان چییە.
ئەو دیدە بەجۆرێک دیدێکی خۆ بەکەم زانینی کولتووری یە کە من بە شەخسە لام پەسند نییە و چاوەدێرییە زانستییەکانیش لەمەر زمانی  فارسی ئەوە نیشان نادا، چونکە زمانی فارسی دەرەتانی بەخۆداهاتنی هەیە و شەش سەد ساڵ لەمەوبەر کە هیچ جۆرە مووچەخۆری زمانیش لە مەیدان دا نەبوون کە بین وشەڕۆنان و گەردان کردنی زمانی فارسی ڕێک و پێک بکەن، زمانی فارسی درێژەی بە کاری خۆی داوە.
ئەو جۆرە تێڕوانینە، ئەو جۆرە خۆ بەکەم زانینە کولتوورییە، کە بە باوەڕی من بەشێکی تەبیعییە، لە بەر ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ سەردەمی پشکووتنی ڕۆژئاوا، ئەو جۆرە دیتنە دەکرا تەبیعی بێ و ئەوە تەنیا لە مەڕ ئێرانیش وا نەبووە، هەموو دراوسێکانی ئێمەشی وەبەر دەگرت، هیندوستان و ئەفریقاش. بەداخەوە ئەو جۆرە دیدە خۆ بەکەم زانینەی کولتووری یان گرێی خۆ بەکەم زانینی کولتوورییە تا  ئێستاش هەر بەردەوام بووە، هەر لە ناو لێکۆلەرەوانی زمانی، وەک ڕێزدار ئاشووری وا نەبووە. بۆ وێنە بەڕێز کاتووزیان دێ باسی شارستانییەتی قوڵینگی دێنێتە گۆڕێ و فەیلەسووفێکی وەکوو موستەفا مەلیکییان دێ بەدەوام باسی ئەوە دەکا کە ئێمە کولتوورەکەمان گرفتێکی بنەڕەتی هەیە، لەجیات ئەوەی بێین کاری سیاسی بکەین با کاری کولتووری بکەین. باسی چاککردنەوەی کولتوورەکەمان دەکا. کە وابوو تۆڕێک لە ڕووناکبیران هەن کە ئەو وێژمانەی خۆ بەکەم زانینی کولتووری  بەردەوام لە سەری سوورن و درێژە بەو پڕۆژەیە دەدەن. و بە باوەڕی من ئاغای ئاشووریش بەشێک بووە لەو پڕۆژەیە.
ئەمن دیسان بڵێم لەجێدا ئەو جۆرە پڕۆژەیە بە تراویلکە دەزانم کە ئێمە بێین کۆمەڵێک پۆلیسی زمانی دەبەرکار نێین و ئەو پۆلیسانەی زمانان بێن بە ئێمە بڵێن کە سەرف و نەحوی ڕێزمان چۆن دەبێ هەڵبسووڕێ. ئەوە کاری ئەو دۆستانە نییە، کارێک کە ئێمە دەبێ بیکەین ئەوەیە کە ئێمە دەبێ دیپارتمانی پەرەگر ساز کەین، ژمارەی گرووپە کولتوورییەکان زیاد بکەین، لە جیات ئەوەی لە ژمارەیان کەم کەینەوە و دەسەڵات بخەینە دەست خۆمان و ئەو تاکوتەرایانە خۆیان دێنە مەیدانێ و زمانێک ساز دەکەن کە لەکارەکەیان دا حەوجێیان پێیەتی.
ئەو دوو ڕەهەندە یەک ئەوەی کە ئینسان جێیەکی نییە لە پەرگالی ڕێزدار ئاشووری دا و دووهەم ئەوەی کە ئەو سیستمە تووشی گرێی خۆ بەکەم زانین بووە بە باوەڕی من گەورەترین گرفتی سیستمی زمانیی بەڕێزیانە.
ڕەسووڵی: سپاس، هەڵبەت ئێوە ئاماژەتان کرد بە زمانی کاتاڵان، بەڵام لە نیوزلەندیش کاتێک کە کلۆنیالیستەکان چوونە وێندەرێ و زمانی خەڵکی خۆجێیی ئەوێیان کە زمانی ماۆری بوو دەکرێ بڵێین گەیاندە ئاستی لە ناوچوون، بەڵام چەند ساڵ لەمەو بەر ڕەسمی بوونی زمانی ماۆری ڕاگەیێنددرا و سیستـمێکیان دانا بۆ بووژاندنەوە و زیندوو کردنەوەی زمانی دانیشتووانی ڕەسەنی نیوزیلەند کە زۆر چاوڕاكێشە، لە کاتێک دا ئێمە لە وڵاتی خۆمان دا دەبینن کە خەریکن زمانە زیندووەکان دەکووژن، لە وڵاتانی دیکە بە دووی ئەوەوەن کە ئەو زمانانەی لە ئاویلکە دان دان زیندوو کەنەوە و ڕزگاریان کەن. یەکێکی دیکە لەو کەسانەی کە دەکرێ بەرهەمەکانی شی بکرێتەوە و قسەی لە سەر بکرێ ڕێزدار محەمەد ڕەزا باتنی یە کە ئەو وەک دەزانی زمانناسێکە. ئایا سەبارەت بە بۆچوونەکانی ویش بیروڕایەکتان هەیە؟ چونکە ئەو قسانەی ئەو دەیکا چاوڕاکێشە، بۆ وێنە دەڵێ ئەلفوبێی فارسی کەموکووڕی هەیە و دەبێ ئەوە چاک بکرێ بە پێچەوانەی ئەو پێهەڵاگوتنەی خەڵکی دیکە ئەو دێ ڕەخنە دەگرێ، یان بۆ وێنە باسی کردەی دووفاقی زمان دەکا. کە زمان دەکرێ ئاوا هەڵسسوڕێ یان بە پێچەوانە سەدو هەشتا دەرەجە جیاواز، کردەیەکی تری هەبێ. ئەگەر دەکرێ هێندێک  کارەکانی بەڕێزیان شی کەنەوە.

     دوکتور محەمەد ڕەزا باتنی                                    ٢٠٢١ --- ١٩٣٥
کەڵان: تکا دەکەم، بە باوەڕی من دوکتور باتنی ڕەنگە نزیکترین کەسێک بێ بە بوارێك  کە پێی دە گوترێ زمانناسیی پەروەردەیی. هەر بۆیەشە ڕەنگە بیروڕای هەرە دروستی هەبێ سەبارەت بە دەرس دادانی زمانی دایکی، لەنێو ئەو کۆمەڵە کەسەی دا کە باسمان کردن و ئەوەش زۆر گرینگە چونکە ئینسانێکی زۆر شوێندانەر بووە، بەڵام ئەو ڕەهەندانەی کە ئێوە لە مەڕ بۆچوونەکانی دوکتور باتنی گوتتان لە ڕاستیدا بۆچوونی جۆراوجۆری بەڕێزیانە. بەرهەمەکانی بەڕێزیان بۆ ماوەی دوور و درێژ جێی سەرنج بوون و بە باوەڕی من ئەو بەرهەمانە لە ماوەی دوورو درێژ دا کاری جۆراوجۆرن.
بە بۆچوونی من ئێمە سێ جۆر دوکتور باتنی مان هەیە. بەرهەمەکانی بەڕێزیان سێ چەشن دەسکەوتی هەبووە. گرینگی کاری دوکتور باتنی لە پلەی یەکەم دا هێنانی شتێکە بە ناوی زمانناسیی زانستی  بۆ ئێران، بوارێک کە کاری کەدکەنی نییە. بوارێکی کە کەسێکی وەک ئاغای تەباتەبایی ناتوانێ بیرێکی زانستی لە سەر دەرببڕێ. چونکە زمانناسی بە سەر خۆی زانستێکە، جۆرە زانستێکی تێکنیکیشە، هەر وەک ئەوەی کە ئاغای تەباتەبایی ناتوانێ لە سەر سازکردنی ئوتۆمبیلی پڕاید بیروڕا دەرببڕێ، لە سەر زمانیش ناتوانێ بیروڕای هەبێ تا ئەو کاتەی کە بە پلە زانستییەکان و ئاکادێمیکی زمانناسی دا تێ نەپەڕیوە.
بەڕێز باتنی کەسێک بوو کە بە باوەری من بەشێوەیەکی ڕێکوپێک و چاڵاکانە، جۆرەیەک سیستمی زمانناسانەی مۆدێڕنی هێنا ناو ئێران. واتە بۆچوونی زانستی لەمەڕ زمان و ڕێزمان. کە دیارە ئەوە دیسان زۆر جیاواز بوو لەو کارەی کە ڕێزدار داریووش ئاشووری دەیکا. واتە لێکۆڵینەوەی زانستی لەمەڕ ئەوەی کە زمان  چییە؟ لە جیات ئەوەی کە بییەوێ زمان بکاتە شتێکی فیکسد یان تەعمیری کا. بەڕێزیان ئەو وێژمانەی هێنایە ناو زانکۆکانی ئێران و فۆڕمی دا بە دیپارتمانەکانی زمانناسی. بەڵام هەر لەبەر ئەو دیدە مۆدێڕنە زنجێرەیەک کێشە و گرفتیش کەوتە ناو زمانناسی.بۆ وێنە ئەو ڕوانگە مۆدێڕنە،شتێک کە ئێمە پێی دەڵێن زمانناسیی بناغەیی (
(structural linguistics ، یان زمانناسیی زایینی (generative linguistics (. ئەو جۆرە ئاوڕدانەوە زۆر زانستییە لە زمان بە جۆرێک دەبێتە هۆی ئەوە دیسان لەبەرچاونەگرتن و نەدیتنی ئاخێوەرانی زمانی لەو بۆچوونە زانستییە دا دێتە وجوود. جا لەگەڵ ئەوەشدا کە کارەکانی باتنی دەسکەوتی زۆر مەزن بوون، بە لانی کەمەوە بەستێنێکی زانستی پێکەوەنا، بەداخەوە کاردانەوەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی بەڕێزیان و ئەو کتێبانەی کە نووسی زۆر گەورە بوو و بووە هۆی ئەوە کە ئەو وێژمانە زاڵ بێ  لە دیپارتمانەکانی زمانناسی دا کە هەموو شت لە وشە ڕۆنان و سینتاکس دایە، هەموو شت لە سەر ڕێزمان ساغ دەبێتەوە و دیسان ئەوە کێشەیەک  کە لە درێژ خایەن دا سازی کردووە، هەڵبەتە ئەوە زۆر باشە کە بەڕێزی ئەو دەستثیشخەرییەی کرد و ئێمە حەوجێمان پێیەتی بەڵام، زاڵبوون و باڵا دەست بوونی ئەو وێژمانە بووە هۆی ئەوە کە ئێمە لە درێژ خایەن دا لە دیپارتمانەکانی زمانناسی و تەنانەت لە دیپارتمانە پەروەردەییەکانیشمان دا هیچ بابەتێک نەبیسین سەبارەت بە زمانە دایکییەکان لە ئێران، هیچ نەبیسین سەبارەت بە بۆ نموونە زمانی ناژنەوایان لە ئێران. کە ئێستا ئەمن دەزانم لێکۆلەرەوەی گەنج خەریکن کاری لە سەر دەکەن و زمانە ئێرانییەکانی ناژنەوایان خەریکن لە ناو دەچن.
بۆ وێنە باسێک لە سەر ئەوانە ناکرێ. باسی ڕەگەز و زمان ناکرێ. لە جێدا، زاڵبوونی کارێکی کە باتنی دەستی پێکرد بووە هۆی ئەوە ورووژاندنی زۆر باس و گەنگەشە لە سەر دەسەڵات لە دیپارتمانەکانی زمانناسی دا نەمێنن بە گشتی.
ئەو باتنی یەی دووەم کە هەمانە لە سەر دەمێکی دواتر دا ئەگەر هەڵە نەبم، باتنی قامووس نووسە، باتنی فەرهەنگ نووسە. لەو دەورەیە دا کە پێم وایە لەگەڵ دوکتور حەقشناسیش جۆرە هاوکارییەکیان دەکرد، یان ڕقەبەرییان دەکرد، هەر کامێکیان لە سەر فەرهەنگەکانی خۆیان کاریان دەکرد. لەو دەورەیە دا ئێمە باتنی یەک دەبینین کە بە جۆرێک، لەو سیستمانەی کە ڕێزدار ئاشووری قسەیان لێوە دەکا، یان ئەو سیستمانەی کە بەڕێز ئاشووری لێوە دێ نزیک دەبێتەوە. یانی ئێرانییەکان خۆیان لە دۆخی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ زمانێکی زۆر زاڵ و چەکدار بە ناوی زمانی ئینگلیسی دەبیننەوە و بە دووی ئەوەوەن کە وشە و پەیڤی ئەو زمانە چلۆن وەربگێڕن بۆ سەر زمانی فارسی. کارەکەیان زۆر گرینگ بوو. هەم کاری بەڕێز باتنی بە قامووسێکی کە بەرهەڤی کرد و هەم بەرهەمی دوکتور حەقشناس بە بڵاو کردنەوەی " فەرهەنگی هەزارە"، بە باوەڕی من پایەی جووڵانەوەیەکی وەرگێڕانی دامەزراند کە ئەو جووڵانەوەی وەرگێڕانە بووە هۆی ئەوە کە ئێمە لافاوێک ببینین لە وەرگڕانی جۆر بەجۆری زانستی، فەلسەفی، ئەدەبی. بە باوەڕی من دەورێکی زۆر گەورەیان گێڕا. شتێکی کە هەڵبەت چاوڕاکێشە، ئێستا لە  جێدا ئەگەر ئێوە بچنە شوێنێکی وەک کانادا یان ئینگلیستان نابینن کە گشت باس و لێدوان لە سەر زمانناسی بچێتە ژێر چەتری ناوی دوو کەسی کە قامووسیان نووسیوە. فەرهەنگیان نووسیوە. دیسان لە بەر ئەو گرێی خۆ بە کەم زانینێکی کولتووری کە ئێمە تووشی هاتووین و پێم وایە نوێنەرکانی کەسانی وەک دوکتور داریووش ئاشووڕین، لەو بەشە لە کاری دوکتور باتنی دا ئێمە دەبینن کە بەڕێزیشان لەو  کێشەیەوە گلاوە.
یانی لە جێدا باس لە سەر ئەوە بووە کە ئێمە لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەو زمانە زل هێزە دا، کە زەمانێک زمانی فەڕانسەیی بووە و دواتر بووە بە ئینگلیسی دەبێ چ بکەین؟ ئەم دیاردە باش یان خراپ نییە، ئەمن ڕەخنەی لێ ناگرم تەنێ خەریکم باسی ڕاستییەکی مێژوویی دەکەم کە ئەو تاکوتەرایە وەک زمانناس ئەوەندە گرینگ دەبن.  بۆ وێنە ئێوە ئەگەر چاو لە مێژووی ئەدەبی ئێمە بکەن [ مەبەستی مێژووی ئەدەبی فارسییە. ح.ق] هاوسەنگی ئەدیبانی گەورە، یان شاعیرانی گەورەی ئێمە، شانۆنووسانی گەورەی ئێمە، و ڕۆماننووسانی گەورەی ئێمە، هاوسەنگی ئەوانە ئەو وەرگێڕانەن کە ئەو حورمەت و ئەو دەنگوباسەی کە لە سەر ئەو وەرگێڕانە بڵاو دەبێتەوە لە وەرگێڕی تێ دەپەڕێنی و ئەوان خۆیان دەبن بە دانەر. ئەو جۆرە جووڵانەوەیە، ئەو ڕووداوە بە باوەری من دیسان دەچێتەوە ناو ئەو قالبی خۆ بەکەم زانینی کولتووری کە باسم کرد، کە ئێمە حەوجێمان هەبووە بە ژمارەیەک روخساری کولتووری کە کاری وەرگێڕان دەکەن. واتە وەرگێڕانی ئەو هێزە نەناسراوەی وەکوو ڕۆژئاوا. کەوابوو دیسان دەچێتەوە ناو دنیا مۆدێرنیتە.
ئەو دوکتور باتنی یەی کە من بەشەخسە هۆگریم، باتنی بەشی سێیەمە. ئەمن پێم وایە لە وتارێک دا کە بۆ من زۆر گرینگ بوو کە وا بزانم زۆریش خوێندراوە و ناوی " ئیزن بدەن با بەهەڵە بنووسین" بوو، تێیدا دوکتور باتنی یەک دەبینین کە لە زمان خۆی تێی دەپەڕێنی و دەرباز دەبێ و لەو گەمەیەی مۆدێرنیتە و لەو گرێی خۆ بەکەم زانینی کولتووریش دەرباز دەبێ و خەریکە لە پاش نووسینەکە ئینسان دەبینێ، هەلومەرجی کۆمەڵایەتی دەبینێ و خەریکە جۆرەیەک فەزا دەکاتەوە، ئیزن دەدا بە هەڵە، ئیزن دەدا بەبەیان و دەربڕینی جیاواز و ئەوانەی تێدا دەبینێ.  بە باوەڕی من ئەو دوکتور باتنی یە زۆر گرینگە.
باسەکانی ئەو جۆرە تێڕوانینە، ئەو جۆرە لە دسکەوتە ئاکادێمییەکانی بەڕێزیان بە باوەری من دەگاتە ڕوانگەی کراوەی باتنی سەبارەت بە دەرس وتنەوە و پەروەردە بە زمانی دایکی. ئێمە لەو دواییانە دا هێندێک لەو وتوێژانەمان لەبەر دەستە کە لەگەڵ بەڕێزیان کراوە کە بە ڕاشکاوی پشتیوانی دەکا لە خوێندن بە زمانی دایکی.
ئەمن دەزانم کە بەڕێزیان زنجیرەیەک گەنگەشە و بیروڕا گۆڕینەوەی هەبووە لەگەڵ دوکتور ئەمیری حەسەنپوور، زمانناسی کوردی ئێرانی و پێم وایە لەو بۆچوونەی دا تا ڕادەیەکی زۆر لە ژێر کاریگەی بۆچوون و بیروڕاکانی بەڕێز حەسەنپوور دا بووە
    مامۆستا ئەمیر حەسەنپوور و دوکتور محەمەد ڕەزا باتنی لە ماڵی مامۆستا لە تۆرۆنتۆ
هەڵبەت لەو باسە دا کە باسی ئەو چەند کەسەمان کرد، یەکەم ئەو بابەتەمان گوت کە بۆچوونەکانی سەرەکی ئەو دۆستانە مۆدێرنیستی یە، بۆچوونەکانیان ڕۆژئاواییە، گۆشە نیگای ئێرانییان نییە، سیلەی ڕۆژئاوایە. ئێمە بە تێڕوانینی ڕۆژئاوایی ناتۆانین  دڵسۆژی بکەین بۆ زمانە ئێرانییەکان تەنانەت زمانی فارسی. بە جۆرێک گۆشە نیگای ڕۆژئاوایی تەنانەت زمانی فارسی وێران کردووە. لە لایەکی دیکەوە گوتمان کە بەشێکی زۆر لەو پەرگالانە وەکوو سیستمی ئاغای ئاشووری، و وەک بەشێک لە دەسکەوتەکانی ئاغای باتنی، کە زمان تەوەرەیی و لە ئینسان شۆردنەوەن.
 لە بەشی سێیەم بە باوەڕی من لە ژێر کاریگەری ئاغای حەسەنپوور دا، ئێمە ئامادەیی و بوونی ئینسان لە زمانناسیی ئاغای باتنی دا دەبینین. بە باوەڕی من ئەم گۆڕانە گۆڕانێکی زۆر گرینگە. هەر ئاڵوگۆڕێکی کە بڕیارە لە پەرگالی ئاکادێمی ئێمە دا ڕوو بدا، داهاتووی ئەوسیستمە ئەو جۆرە زمانناسییەیە. زمانناسییەک کە تێیدا ئینسان لە سەرووی شتی دیکەیە، زمانناسییەک کە تییدا پێوەندی دەسەڵات دێتە گۆڕێ.

     دوکتور ئەمیر حەسەنپوور                         ٢٠١٧ -  ١٩٤٣
بەڕێز ئەمیری حەسەنپووە زۆر کاری چاکی نووسیوە، ئەمن نازانم ئەو بەرهەمانە لە ئێران چەندە بڵاو بوونەوە بەڵام، کارەکانی حەسەنپوور دەتوانێ دەسپێکی زمانناسییەک بێ لە سەر تەوەرەی ئینسان لە فەلاتی ئێراندا.
ڕەسووڵی: زۆر سپاس بۆ شیکردنەوە باشەکانت جەنابی بەڕێز دوکتور ئەمیر کەڵان! لە بەشی کۆتایی دا ئەگەر دوو تێچنی پچووک بفەرمووی لە ماوەی دوو دەقیقە دا مەمنوون دەبم. کاتێک باسی پەروەردە و خوێندن بە زمانە دایکییەکان لە ئێران دەکرێ، ژمارەیەک هەن پرسیارێک دەکەن دەڵێن کوردی شێوەزاری جۆر بەجۆری هەیە باشە بڕیارە بە کامەیەک لە شێوەزارەکانی دەرس دابدرێ و بخوێندرێ؟ هەمان گرفت لەمەر زمانەکانی بەلووچی، تورکیش هەیە . ڕای ئێوە لەمەر ئەو بابەتانە چییە؟
کەڵان: بڕوانە، کاتێک کە ئێمە وشەی گرفت و دژوار دێنینە گۆڕێ واتە وەک گرفتێک چاو لە زمان دەکەین. بیرۆکەیەکی بە نێوبانگ هەیە: " زمان وەک سەرمایە، زمان وەک گرفت و دژواری" ئێمە دەبێ تەکلیفی خۆمان لەگەڵ ئەوە ڕوون کەینەوە.
بە ڕای من بوونی هیچ زمانێک دژواری و گرفت نییە. زمانان هەمیشە سەرمایەن و ئێمە دەبێ بتوانین لەو سەرمایانە کەلک وەربگرین. بڕوانە کاتێک ئێمە باس لە پاراستنی زمانان و زیندووکردنەوەی زمانان دەکەین ئەوە بابەتێکە بەڵام کاتێک دەمانەوێ باس لە پەروەردە بە زمانی دایکی و وەرگرتنی پەروەردە لە خوێندنگە دا بکەین ئەوە بابەتێکی دیکەیە. تەبیعی یە کاتێک ئێمە لە خوێندن و پەروەردە لە فێرگە دەدەوێین دەبێ بزانین لە هەر قالبێک دا چ شێوەزارێک، چ لەهجەیەک یان چ زمانێک زاڵە، دایکوباوکان پێیان خۆشە منداڵەکانیان لە تەک چ زمانێک دا دە پێوەندی دابن. دیارە ئەوە پێواژۆیەکی ئیدارییە، شێوەی هەڵسووڕانی کارەکەیە، پێواژۆی قانوون دانانە، پێواژۆی پەروەردە کردنی مامۆستایانە. واتە ئەوە وانییە بە شەوێک دوو شەو جێ بەجێ بێ.
دەبێ بزانین ئێمە ئەو ناوچانەی دەمانەوێ  پڕۆژەکەی لێ دابەزێنین، چ ناوچەیەکن. لەوێ ئەو زمانانەی هەن چن، چ زمانگەلێک بە قازانجی شاگردەکا
نن کە فێریان بن.
قسەی من بۆ ئەو دۆستانەی کە ئەو نیگەرانییەیان هەیە و لەبەر ئەوەی ئێمە شێوەزاری زۆرمان هەیە شەوانە  خەویان لێ ناکەوێ، ئەوەیە نیگەران مەبن بەڕاستی ئەوە باشە کە ئێمە شێوەزاری زۆرمان هەیە و ئێوە بەرپرسی ئەوە نین کە بڕیار بدەن کامەیەک لەو شێوەزارانە دەبێ پێی بخوێندرێ، یان بە چ شێوەیەک دەکار بکرێ، چونکە لەوانەیە لەجێدا بە هەموو ئەو شێوەزارانە نەخوێندرێ بەڵام هێندێک شێوەی پەروەردە و خوێند
ن هەیە کە ئێمە دەکرێ کەلکیان لێ وەربگرین.
ئێمە دەبێ ئەوە بدەینە دەست سیستمی پەروەردە تاکوو خۆی لە پێوەندی  لەگەڵ دایکوباکان، لە پێوەندی لەگەڵ مامۆستاکان باشترین شێوە بۆ ئێمە بڕەخسێنێ. بەڵام لەلایەکی دیکەوە ئێمە هێندێک جار سەبارەت بەو شێوەزارە جیاوازانە لە ڕوانگەی سیاسی، لە ڕوانگە هەڵوێستی دەوڵەتییەوە دەڕوانین کە کێهە زمان دەبێ زمانی زاڵ و باڵا دەست بێ؟ ئەوە جیاوازە لە زمانی پەروەردە و خوێندن. لەو بارەیەوە بە ڕای من دوکتور ئەمیر حەسەنپوور خۆی لە پێشەنگانی ئەو باسە بوو لە قالبی زمانی کوردی دا.
دوکتور ئەمیر حەسەنپوور و لە درێژەی کاری بەڕێزیان دا دوکتور جەعفەر شێخەلیسلامی بە ڕای من شێوازی زۆر باشیان گەڵاڵە کردووە کە قسەکەیان ئەوەیە بە پێویستی ئێمە نابێ وەدووی تاقە زمانێکی کوردی کەوین یان حەول بدەین کە زمانە کوردییەکانی دیکە بگۆڕین کە وەک یەک لە دوو زمانی گەورەی کوردی لێ بێ.
ئەو بیرۆکەیەی ئەوان پێشی دەخەن ئەوەیە کە دەبێ ئێمە بێنە ناو مەیدانێک کە تێیدا نەک تەنێ فکرلە زمانێکی کوردی بکەینەوە، بەڵکوو فکر لە زمانە کوردییەکان بکەینەوە. بە بۆچوونی من ئەوە زۆر گرینگە.
دەزانم ئەو باسە لە سەر زمانی ئەرمەنی

     پرۆفێسۆر جەعفەر شێخەلیسلامی            --- ١٩٦٠
 ه
ەیە، ئێمە زمانی ئەرمەنی ڕۆژئاوامان هەیە، زمانێکی ئەرمەنی  کە لە شوێنی وەک پێم وایە سووریا قسەی پێ دەکرێ. دەزانم کە زمانناسانی ئەرمەنی زۆر نیگەرانن کە ئەو زمانە ئەرمەنییە جیاوازانە بپارێزن.
ئەمن ئەوەم کەمتر لە تورکی دا دیتووە، ڕەنگە من نەمدیتبێ. بە دڵنیاییەوە دۆستانی واهەن کە لەو بارەیەوە قسەدەکەن. بەڵام بەڕای من ئەوە باسێکی سەرنجڕاکێشە بۆ تورکەکان، مانای چییە کە ئێمە تەنێ  باسی زمانێکی تورکی بکەین بەڵکوو باشترە باسی تورکییەکان بکەین. هەڵبەت ئەوە بۆ فارسەکانیش باسێکی بە کەلکە. هەر وەک باسم کرد ڕوانگە دۆن کیشۆتییەکان دەبنە هۆی ئەوە کە ئێمە زمانی فارسی هەر بەتاقە یەک
فارسی بزانین بەڵام ئەوە دروست نییە، ئێمە فارسی گەلی جیاوازمان هەیە. وا وەبەرچاو دێ کە دەناو ئەو فارسییانەش دا هەر یەک فارسی هەیە کە قالبە و دەبێتە هۆی سەرکەوتن و خۆشەویستی. کەوا بوو   بەڕای من ئەو باسە، لە جێدا باسێکی نادروستە کە فرەشێوەزارەکان بە کێشە و دژواری نێوزەد بکەین.فرە شێوەزاری جۆریەک سەرمایەیە و ئێمە دەبێ وەک سەرمایە کەلکیان لێ وەربگرین و هەوڵ بدەین بیانپارێزین.
ڕەسووڵی: یانی وای دابنێین لە سیستمێک دا کە دەکرێ دابمەزرێندرێ بەو شێوەیە دەبێ کە لەبەر ئەوەی تورکیی قەشقایی لەگەڵ تورکیی ئازەربایجانی ئێمە جیاوازە، لەو ناوچەیەی کە تورکە قەشقاییەکانی لێ دەژین دەکرێ زمانی تورکیی قەشقایی بخوێندرێ. وایە؟
کەڵان: بە دڵنیاییەوە، لەجێدا لەوانەیە دەو سیستمە دا کە ساز دەکرێ لە سەرەتاوە نەکرێ لە فێرگە تورکی قەشقایی دەکار بکرێ، دیارە ئەوە شتێکی تەبیعی یە کە هەبوونی فێرگەی دوو زمانە لە جێگایەکی وەکوو تەورێز بە هاسانی هەڵدەسووڕێ. یانی مرۆڤ هەموو دەرفەتە زمانییەکان، هەموو دەرفەتە کۆمەڵایەتییەکانی لەبەر دەستە بۆ ئەوەی بە خێرایی فێرگە بەرپا بکا، بەڵام  من زانیارییەکی وردم لە سەر هەژماری حەشیمەتی تورکە قەشقاییەکان نییە، بەڵام ئەگەر لە ڕووی جوغرافیاییەوە مەودایەک هەیە و ئەو زمانانە جیاوازن، ئیحتیمالی ئەوە هەیە تەنانەت لەو خوێندنگەیانەش دا کە بە فارسی هەڵدەسووڕێن، لە سەرەتاوە بە کۆرسێک دەست پێ بکەین کە بە تورکی قەشقایی دەرس دەڵێتەوە، تەنانەت دەکرێ شێوەی جیاوازی هەبێ، دەکرێ مامۆستایەکی وەرزش کە دەبەر کاری دەنێین سەر بە کۆمەڵگەی قەشقایی بێ، بڵێین زمانی فارسی زمانی زاڵە، بەڵام لەبەر ئەوەی زمانی ئەو منداڵانە گرینگە ئێمە دەمانەوە پۆلی وەرزشەکەیان بە هەمان ئەو تورکییە بێ کە لە ماڵێ قسەی پێ دەکەن درێژەی هەبێ. دەکرێ پۆلەکانی لەمەڕ هونەر بە زمانی تورکیی قەشقایی بەڕێوە بەرین، بەکردەوە لەوێ حەوجێتان بە کتێبی خوێندن نییە. دەمەوێ بڵێم سیستمی زۆر ئاڵۆز دەکرێ ساز بێ کە سەرەکی ئەوەیە کە زمانناسانی تورک، بیرەوانی تورک لە دەوری یەک کۆ دەبنەوە و بە ڕاوێژ کردن لەگەڵ یەکدی  بیری لێ دەکەنەوە بزانن ئایا زمانێک هەیە کە ژمارەیەکی زۆر وەکوو زمانی زاڵی تورکی بپەژرێنن یان پێشتر قسەی لێ دەکەن ئەگەر ئەو زمانە هەیە لەو ناوچانە ئەوە دەتوانێ ببێتە پایەی سیستمی فرە زمانی لەو شوێنانە.  بەڵام ئەوەمان لە بیر نەچێ کە زمانە تورکییەکان هەن کە ڕێزمانی جیاوازیان هەیە، دەبێ ئەوەمان لەبەرچاو بێ چونکە لە درێژخایەن دا ئەگەر دیسان بمانەوێ پەرگالێکی پۆلیسی زمانی ساز کەین و بمانەوێ تورکییەکی تاقانە ساز کەین لە درێژخایەن دا کارێکی کە زمانی فارسی لەگەڵ زمانی تورکی کردووە، شێوەزارێک لە تورکی یان شێوەیەک لە تورکی لەگەڵ تورکییەکانی دیکەی دەکا.
هەر وەک گوتم ڕوانگەی من دیدی زمانناسیی ئینسانی یە و بە دەوری ئینسان دا دەگەڕێ. کە وا بوو بۆ من گرینگ نییە کە زمان چییە، بۆ من ئەوە گرینگە کە ئێنسان کێیە و ئەمن چلۆن دەتوانم یارمەتی ئەو ئینسانە بدەم. و ئەو زمانەی کە ئینسان لەتەک خۆیدا دەیهێنێ بۆ پۆلی خوێندن بۆ من زۆر گرینگە. بۆیە من بەو پەرگالە پەروەردەییەی کە سازی دەکەم نێوم ناوە سیستمی ڕەوانی فرە زمانە. چونکە ئەو پەرگالە بەردەوام لە دۆخی گۆڕان دایە بە لەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە چ شاگردێک لە پۆل دایە، ئیمکاناتی فێرگەکانمان چۆنە، داوخوازی دایکوباوکەکان چییە، وەزعییەتی ئابووری ناوچەکە چییە.

ڕەسووڵی: سپاست دەکەم. من پێم وایە قیبرسیش بە هەمان شێوەیە کە بۆ منداڵە تورکەکان هێندێک لە بابەتەکانیان بە تایبەتی بە زمانی تورکی پێ دەخوێنن، بۆ ئەوەی لە زمانی ئەوانیش  کەلک وەرگێرابێ. زۆر سپاس پرسیاری کۆتایی، کاتێک باس لە دەرس وتنەوە بە زمانی تورکی دەکرێ مەسەلەی ئەلفوبێ و خەتیش لەگەڵی دێتە گۆڕێ. دەی چ ڕوو دەدا ئێمە دەزانین کە تورکییە لە ئەلفوبێی لاتین کەلکی وەرگرت. ئازەربایجانیش ئەلفوپێی لاتین بەکار دێنێ بەڵام  ئەلفوبێیەکەی وەکوو ئەلفوبێی تورکیا نییە، جیاوازە. جا ئێستا پرسیار دێتە گۆڕێ ئەگەر  بویسترێ زمانی تورکی لە ئێران پێی بخوێندرێ دەبێ بە چ ئەلفوبێیەک بێ؟ هەر بەم ئەلفوبێیەی فارسی بێ، بە ئەلفوبێی تورکیا بێ، بە ئەلفوبێی جمهووری ئازەربایجان بێ، بە چ ئەلفوبێیەک بێ؟
لەوداییانە دا بەڕێز محەمەد ڕەزا بابایی وتارێکی چاکی نووسیبوو بە ناوی " بە تاجیکستانە بوون " نموونەی تاجیکستانی هێنابووەوە، نووسیبووی ئەفغانستان لە بەرهەمە زانستیە نووسراوەکانی ئێران کەلک وەردەگرێ چونکە زمانی لەگەڵ ئێمە یەکە، خەتیشی وەک ئی ئێمە وایە، بەڵام تاجیکستان بێ بەش بووە چونکە ئەلفوبێیەکەی جیاوازە. زمانی لەگەڵ ئێمە و ئەفغانستان یەکە بەڵام، لەبەر ئەوەی ئەلفوبێ جیاوازە لە گشت ئەو بەرهەمانە بێ بەشن. بە ڕای ئێوە ئەلفوبێی ئەو زمانانە دەبێ چ بێ، لە جێدا ئەلفوبێ گرینگە یان نا؟
کەڵان: پرسیارەکەتان زۆر گرینگە و وڵامەکەی ئەوەیە بەڵێ ئەلفوبێ زۆر گرینگە. لە ڕاستیدا بەشێکی گرینگ کە ئەمن پێی دەڵێم سیستمی ڕەوانی فرە زمانی، پەروەردەی  فرە زمانی بەشێکی گرینگی ئەلفوبێیە چونکە  ئەلفوبێ لە گشت باس و گەنگەشەکانی ئێمە دا لە هەمان دەسپێکی دەوڵەت- نەتەوە لە ناوچەی ئێمە، ئاتاتورک بە تایبەتی بە گۆڕینی ئەلفوبێ لە عەڕەبییەوە بۆ ئەلفوبێی لاتین پایەی ئەو باسەی دامەزراند. بوو بە نیگەرانیەکی مەزن. ئێوە باسی کێشەی خەت و دوکتور باتنی تان کرد، دیسان ئەوەش لە زومڕەی نیگەرانییە مۆدێرنیستییەکان بوو. ئەوەی کە گیروگرفتەکە لە خەت دا ببینن. دیتنی من بە شەخسە ئەوەیە کە گرفت لە خەت دا نییە. گیرو گرفت ڕێک خستنی ئینسانەکان و کێشەی ئەنیستیتوەکان، ئیدارەکان، دامەزراوەکان، چاپ، سانسۆر، ئازادیی بەیان، مەسەلەی زمان مەسەلەی سیستمە پەروەردەییەکانە.
بڕوانە ئەو باسە باسێکی بەربڵاوە. بە ڕای من تەواو تەبیعی یە بۆ وێنە تورکەکان لە ئازەربایجان نیگەران بن لە مەڕ کێشەی ئەلفوبێ. چونکە ئەو دۆستانە خەریکن فێری ئەلفوبێی ئازەربایجانی دەبن و دەقەکانی پێ دەخوێننەوە و  مەسەلەی گەڕانە لە ئینترنێت دا، مەسەلەی لە جێدا بەیەکگرتنی زمانی لە گۆڕێ دایە. ئەمن شەخسەن نازانم لەو بارەیەوە لێکۆڵینەوەیەکم نەکردووە بەڵام لەگەڵ دۆستانی زمانناسی تورک کە قسە دەکەم ئەوان دەڵێن زمانی تورکی زۆر چاک دەتوانێ  خۆی بگونجێنێ لەگەڵ ئەلفوبێی لاتین.
مەسەلە ئەوەیە کە ئێمە زمانێکمان هەیە، چ لە ئازەربایجان، چ لە کوردستان هەڵبەت کوردستانی ئێران، کوردستانی عێڕاق و کوردستانی سووریا * بە ئەلفوبێیەک دەنووسن، گرفتەکە لەگەڵ کوردستانی تورکییەیە بە تایبەتی لەبەر سەرکوتکردنی توندی کوردەکان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە. ئێمە ئەو موشکیلەیەی ئەلفوبێمان لە تاجیکستانیش هەیە، هەر وەک ئێوە باستان کرد. کەوابوو بابەتی ئەلفوبێ مەسەلەیەکی زۆر گرینگە.
لەو سیستمە دا کە من خەریکم کاری لەسەر دەکەم،لەجێدا، ئەلفوبێش دێتە ناوی و دەبێ بە بەشێک لەو ڕەوانییەی سیستمی فرە زمانی.  ئەمن پێم وایە ئەوە ئاستەم نییە کە لە شوێنێک وەکوو ئازەربایجانی ئێران منداڵەکان درێژە بدەن بەدەم خوێندنەوە ئەلفوبێی زمانی فارسی کە هەمان ئەلفوبێی عەڕەبی دەبێ درێژە پێ بدەن و کاری پێ بکەن چونکە دەبێ بتوانن لەو زمانە لە نووسین دا کەلک وەربگرن، و هۆیەکی دیکەش کە هەیە، ئەویش ئەوەیە ئێستا ئێمە بەشێکی گەورەمان هەیە لە ئەدەبییاتی تورکی، ئەو تورکییەی کە لە ئێران نووسراوە بەو ئەلفوبێیە نووسراوە. منداڵە تورکەکانی دەبێ بتوانن ئەو ئەدەبییاتە بخوێننەوە. بەڵام ئەو منداڵانە دەتوانن بە ڕاحەتی ئەو ئەلفوبێیەش کە لە تورکییە یان لە ئازەربایجان کەلکی لێ وەردەگیرێ فێر بن. ئەوەمان لەبیر نەچێ کاتێک ئێمە باسی فێر بوونی ئەلفوبێ دەکەین یان فێر بوونی نووسین ئێمە باسی فێر بوونی زمانێکی تازە ناکەین. لە ڕاستیدا دەکرێ ئەو ئەلفوبێیە لە چەندین حەوتوو دا فێر بکردرێ. جا ئێستا ئەو منداڵانەی هۆگرییان تێدا پێک دێ، ئەو منداڵانەی کە پێیان وایە لە داهاتوو دا ڕەنگە پێوەندییەکیان هەبێ، لەوانەیە ئێوە بازرگانێکتان هەبێ کە لە تەورێزە، دەیەوێ هاتوچووی تورکیا بکا، شەخسێکی وا دەتوانی دەقی زیاتر بە ئەلفوبێیەکەی ئەوێ بخوێنێتەوە. یانی لە جێدا ئالۆزێتی زمانێکی تایبەتی لە گۆڕێ دا نییە. ئەگەر بە دەست من بوایە تەنانەت ئەو ئەدەبییاتە فارسییەی کە لە تاران دەخوێندرێ شایەد من لە پۆلە فارسییەکان دا دەقێکم بە خەتی سیریلیکی تاجیکیش دادەنا، لەبەر ئەوە زۆر گرینگە کە منداڵە فارسی زمانەکان بتوانن شتێکی کە منداڵانی تاجیک دەینووسن بخوێننەوە. لە جێدا فێر بوونی چەند سیستمی ئەلفوبێ، چەند سیستمی نووسین شتێکی زۆر دژوار نییە. مرۆڤ ئەگەر چاو لە مێژووی گۆڕانی ئەلفوبێ بکا لەو ناوچانەی کە باسمان کردن تەقریبەن هیچ کامیان پایەی زانستیی زمانناسانەیان نییە. با وەکوو زمانناسان و بیرەوانی دەوڵەتی و بە ئاسایی ئی ڕانتی دەبەر کار دەندران کە دەمامکێکی زانستی بۆ ئەوانە ساز بکەن بەڵام  هیچ پایەیەکی زانستییان نەبوو.
گشت ئەو بڕیارانەی کە بۆ گۆڕینی ئەو ئەلفوبێیانە دەدران، بڕیاری سیاسی بوون، بۆ وێنە ئەگەر چاو لە ئازەربایجانی سەروو بکەی، وڵاتی ئازەربایجان، ئەگەرلەوێ تەماشای ئاڵوگۆڕی خەت بکەی، ئەگەر هەڵە نەبم لە پێشدا ئەلفوبێی عەڕەبی بووە، دوایە ئەلفوبێی ڕووسی بووە و دوایە بووە بە ئەلفوبێی لاتین. جا ئەگەر مرۆڤ بەدوای دا بچێ دەبینێ کە گۆڕانە سیاسییەکان ئەوانە ڕوویان داوە. کە وابوو، لە جێدا بنەمایەکی زانستی بۆ ئەو ئاڵوگۆڕانە نییە و ئەوانە گۆڕانی سیاسین و هەنووکە دوای سەد ساڵ دەبینین کە دیسان ئەو ئیدێئۆلۆژییە سیاسییانە بە ئاسایی دۆن کیشۆتی بوون چونکە هیچ پێوەندییەکیان بە پەرەگرتوویی ئابووری، هیچ پێوەندییەکیان بە پەرەگرتوویی کولتوورییەوە نەبوو و تەنیا گیروگرفتی پەروەردەییان ساز کرد.
لە ئێستا بەدواوە پێشنیارێکی کە من دەیکەم ئەوەیە بەو هەلومەرجەی کە ئێمە هەمانە ئێمە دەتوانین فرە ئەلفوبێیی لە پەروەردەی ڕەوانی فرە زمانیمان  دا هەبێ دیسان بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە لە کوێین، کێ کتێبەکان دەنووسێ، ئیمکاناتمان چییە، تکا و داوخوازی دایکوباوکان و ئەزموونی مامۆستاکان دەڵێ چی. بە گشت ئەوانە ئێمە بە ڕاحەتی دەتوانین کار بەرێنە پێشێ.  بە ڕای من لە تاجیکستان حەتمەن دەبێ بەشێک لە کتێبەکانی خوێندن بە ئەلفوبێی فارسی یان ئەلفوبێی عەڕەبی بن  لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی هەرە زۆری دەق هەیە لە ئەفغانستان و ئیران کە بەو خەتە نووسراون کە قوتابیان دەبێ بتوانن کەلکیان لێ وەربگرن. بەڵام لەهەمان کات دا لەو باوەڕە دام کە گرینگە لەوێ بە خەتی سێرێلیک بخوێندرێ چونکە تاجیکەکان هەموویان چەند زمانەن و بەشێکی زۆریان زمانی ڕووسی دەزانن. شایەد لە ڕێگای ئەو ئەلفوبێیەوە بتوانن لەگەڵ شارستانییەتی ڕووسی زمانیش پێوەندی ڕایەڵ کەن. ڕەنگە زۆر جار لە وتوێژی جۆر بەجۆردا کوتبێتم بۆچوونی ئێمە لە جێدا چ سەبارەت بە شێوەزارەکان، چ لەمەڕ زمانەکان و چ سەبارەت بە ئەلفوبێ هەمیشە بۆچوونەکەمان دەبێ بۆچوونی هەم ئەمە هەم ئەو بێ نەک بۆچوونی یان ئەمە و یان ئەوە . ئەمن دژی هەموو جۆرە بۆچوونی فت کردن و دەرهاویشتنم، باوەڕم  بە زیاد کردنی ئاقڵانەی زمانەکان، شێوەزارەکان و ئەلفوبێیەکانە. لە ئاقڵانە مەبەستم ئەوەیە نابێ ئیزن بدەین کە دیتنی ئیدێئۆلۆژیک یان گۆشەی نیگای سیاسی بێنە نێو بابەتەکەوە. تەوەرەی ئێمە ئینسانە، تەوەرەی ئێمە منداڵە، ئێمە دەبێ بزانین کە پێواژۆی خوێندن دا چ یارمەتی دەکا بە منداڵی ئێمە، بە قوتابی ئێمە و چی دەبێتە هۆی گەشە سەندنی. ئەو زمانناسییەی کە ئێمە دەبێ پێکی بێنین دەبێ وەدووی ئینسان کەوێ و بەرژەوەندی قوتابی لە زەین دابێ.
ڕەسووڵی: سپاس بۆ شیکردنەوە باشەکانت، بابەتی زۆر باش بوون کەلکمان وەرگرت. تەنیا سەرنجڕاکێش بوو لە بەشێک دا کە ئاماژەتان بە ئازەربایجان کرد،گوتتان ئازەربایجانی سەروو . چۆمی ئاراس دووبەشی ئازەربایجانی لەت کردووە و بۆخۆیان دەڵێن ئازەربایجانی باکووری و ئازەربایجانی باشووری کە هەمیشە لە لایەن ناسیۆنالیستە ئێرانییەکانەوە هێرشیان دەکرێتە سەری کە ئازەربایجان یەکێکە و ئەو لا کۆماری ساختەی باکۆیە و ئازەربایجان لێرەیە. و ئێستا کە ئێوە گوتتان ئازەربایجانی سەروو، دیتم زۆر سەرنجڕاکێشە کە ئێوەش چونکە دوو ئازەربایجان هەیە وەک سەروو و خواروو وەکوو تورکەکان لە بەرچاوتان گرت. زۆر مەمنوون لە ئامادە بوونتان لەم بەرنامەیە دا و ئەو کاتەی کە تەرخانی ئێمەتان کرد، سپاسی تایبەتی لە ئێوە. سپاسی تایبەتیش بۆ ئەو بینەرانەی کە تا ئێستا لە بەرنامەکەدا لەگەڵمان بوون. بە هیوای ڕۆژانی باش و بە هیوایی کۆتایی تاکە زمانی. خودا ئاگادارتان بێ!

تێبینی: ئەم بەرنامەیەی " آپدیت"  لە ٢٨-ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١ بڵاو بووەتەوە. لە بەر گرینگی و تازەیی قسەکانی بەڕێز دوکتور ئەمیر کەڵان مامۆستای زانکۆی مەک گیل لە کانادا، بۆ کەلک وەرگرتنی ئەو دۆستانەی زمانی فارسی نازانن و گشت هۆگرانی زمان و زمانناسی، بابەتەکە دابەزێندراوە و وەرگێردراوەتەسەر کوردیی سۆرانی. وێنەکان   لەم وەرگێڕانە زیاد کراون. تکایە دۆستانی خۆتان لە بوونی ئەم دەقە ئاگادار کەن و ئێوەش بڵاوی کەنەوە.
دابەزاندن و وەرگێڕان لە فارسییەوە: حەسەن قازی

١١-ی سێپتامبری ٢٠٢٥      

              
               





    







    

    






    






    





  

 
















No comments: