زمانی ستاندارد لە کوردستان و لێکدانەوەیەکی زمانەوانیی کۆمەڵایەتی پڕۆفێسۆر جەعفەر شێخەلیسلامی موکری
زمانی ستاندارد لە کوردستان و لێکدانەوەیەکی زمانەوانیی کۆمەڵایەتی
پڕۆفێسۆر جەعفەر شێخەلیسلامی موکری
ئەم وتارە لە کۆنفڕانسێک دا، کە بە میوانداری دامەزراوەی ڤیم لە سلێمانی ڕێک خرا
بوو، لە ئێوارەی ڕۆژی دووشەمە ١-ی سێپتامبری ٢٠٢٥، پێشکێش کراوە.
زۆر سپاس دوکتور هەرێم. زۆر سپاس بۆ دامەزراوەی ویم کە ئەم دانیشتنەی ڕێک خست.
ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئێستاش زۆرمان
تێدا هەن، ئەگەر نەڵێین هەموومان، کە دە خەمی زمانی کوردی داین. دەستخۆشیان لێ
دەکەم. زۆر زۆر سپاس بۆ میواندارییان. زۆر سپاس بۆ ئێوە [میوانان] کە هاتوونە ئێرە
گوێ لە ئێمە بگرن. هیوادارم وەکوو دوکتور
هەرێم کوتی دانشتنێکی بە سوود بێ.
من لێرە بە ڕاستی دەمەوێ باسی ئەوە بکەم: لێرەو لەوێ دەبیسن کە زمانی کوردی
ستاندارد نییە، یان شێوەزارێکی ستانداردمان نییە تا ئێستا. تەنانەت، لەو چەند
ڤیدێئۆیەی کە چەند بەڕێزێك، زۆر زۆر سپاسیان دەکەم، کە زۆر بە ڕێکوپێکی بانگەشەیان
کرد بۆ ئەم دانیشتنە، بۆ ئەم بۆنەیە لەوێشدا تەنانەت ئەگەر سەرنجتان دابێ باسی
ئەوە دەکرێ کە ئێمە ئەوە زیاتر لە سی ساڵە لێرە هەرێمێکی خۆمان هەڵدەسووڕێنین بەڵام نەمان توانیوە زمانێکی
ستاندارد دروست بکەین و ئەوە جێی داخە.
من لێرە دەمەوێ بڵێم کە بە ڕاستی ئێمە
زمانی ستانداردمان هەیە. کە وایە لێرە دەبێ
پێناسەی جیا کرا بێ بۆ زمانی ستاندارد. بۆیە نە تەنیا ڕای من بەڵکوو ڕای زۆرێک لە
شارەزایانیش ئەمەیە کە زمانی ستاندارد هەیە، کورد زمانی ستانداردی هەیە، نەک یەکی
هەیە، دووی هەیە ئێستا. دوکتور ئەمیری حەسەنپوور زیندوو یاد، پڕۆفێسۆر ئەمیری حەسەنپوور
دوکتوراکەی ١٩٨٩ لە ئەمریکا پێشکەش کرد. لەوێدا، ئەو دوای ئەوەی کە نزیکەی دە
ساڵان لەو بابەتەی کۆلێوە بەو ئاکامە گەیشت کە زمانی کوردی چ پێمان خۆش بێ و چ
پێمان ناخۆش بێ دوو ستانداردی لێ پەیدا بووە.
جا من باسی ئەوە دەکەم. بۆ ئەوەی باسی ئەوەش بکەم، ئەگەر ڕێگام بدەن من هێندێک
باسی تیۆری دەکەم: زمانی ستاندارد چییە؟
چونکە بە هەر حاڵ ئەمە شتێکە لە ڕۆژئاواوە هاتووە؛ [مەبەستم] چەمکەکە، "زمانی
ستاندارد". خوێندنەوەی زۆری بۆ کراوە بە تایبەتی لە ١٩٥٠ کانەوە. هێندێک باسی
ئەمانە دەکەم. پاشان باسی چەند نموونەیەک دەکەم کە هەر نەتەوەیەک چۆن بە پێی
هەلومەرجی مێژوویی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئابووری خۆی زمانی ستاندارد
کردووە. [نموونەیەک فەڕانسەیە]، ئاوێکی ڕشت کە وڵاتانی وەکوو تورکیا و ئێرانیش
وەدوای کەوتن بۆ پەراوێز خستنی زمانە کەمینەکراوەکان؛ بەڵام، وڵاتی وەکوو نۆڕوێژیشمان
هەیە کە تا ئەمڕۆش دوو شێوەزاری ستانداردی هەیە و جووت ستانداردی هەیە کە هەر
دووکیشیان یەک زمانن بە ڕاستی. یان بێلژیک سێی هەیە، سویسڕا چواری هەیە.
کاتالۆنەکان کە وڵاتی سەربەخۆش نین ئەوانیش سێ یان چواریان هەیە. باسی ئەو شتانە
دەکەم بەڵام زۆرتر باسی زمانی کوردی و هەلومەرجی کوردستان، هەر چەند من بڕێک باسی
دەکەم بەڵام زۆرتر بۆ دۆستانی بەڕێزم دێڵمەوە کە ئەوان زۆرتر باسی ئەمە بکەن. با
یەک شتیش بڵێم بەر لەوەی وتارەکەم باس بکەم بە ڕاستی. من زۆر حەزم دەکرد کە هەر
ڕۆژهەڵاتی لێرە نەبین، هەر چەند دوکتور هەرێم باسی کرد بە هەر حاڵ هەموومان کوردین
بەڵام بە ڕاستی بەدڵ ئەوەم حەز دەکرد کە وا نەبوایە جا بۆیە هیوادارین بتوانین
بڕێک دەرفەت بدەین ڕامان گرە ئەگەر زۆری لە سەر ڕۆیشتین، بە قەولی موکریانی دەڵێ،
بۆ ئەوە کە لە ئێوەش ببیسین چونکە بەڕاستی زمان ئی ئێوەیە، بە تایبەت هەلومەرجەکە
ئی ئێرەیە، ئی باشووری کوردستانە، ئی هەرێمی کوردستانی ئازیزە. ئێوەن کە دەبێ تەما
بگرن لە سەر ئەو شتانە. ئێمە وەکوو ئاکادێمی باسی بابەتەکە دەکەین، بە تایبەتی من
بۆ خۆم باسی ئەوە دەکەم کە ئەزموونی وڵاتانی دیکە چی
بووە. زۆرتریش ورد دەبمەوە لە سەر کوردیی ناوەندی. هەرچەند لە هەنگاوێکدا ناچارم باسی
ئەوەش بکەم کە چۆن کورمانجی، یان لێرە
بادینی، توانیویەتی خۆی ستاندارد بکا.
بە
گشتی من بڕوام وایە کە ئێستا زمانی کوردی دوو شێوە ستانداردی گەنجی هەیە. پێم خۆشە
لە سەو ئەو وشەی "گەنج" ورد ببمەوە. دوایە باسی ئەوە دەکەم کە [چۆن و
چەند پۆلێنبەندیمان هەیە بۆ زمانی ستاندارد]. زمانی ستاندارد لە هەر شوێنێک
جیاوازە. باسی ئەوە دەکەم کە ستانداردکردن کەی دەستی پێکردووە و لە چ قۆناغێک دا و
کەی تەواو دەبێ؛ هیچکات تەواو نابێ، با لە ئێستاوە ئەوە بڵێم. ستاندارد بوونی
زمانێک، هیچ زمانێک، تا ئێستا تەواو نەبووە، قەتیش تەواو نابێ. چەیمس میلرۆی یەکێک لە بەناوبانگترین کۆمەڵناسانیی
زمانی دەڵێ: تەنیا زمانێکی مردوو دەتوانێ بڵێ تەواو ستاندارد بووم.
زمان چییە؟
با باسی ئەوە بکەم بە کورتی. زمان بۆ من بریتییە لە سیستمێکی ئیشارە، یان دەنگ کە
بەشێوەیەکی یاسامەند ڕێک خراوە بۆ سێ مەبەست: ١. بۆ پێوەندیی گرتن. زۆربەمان وا
بزانم بڕوامان بەمە هەیە، بەڵام زمان زۆرتر لەمەیە. ٢. زمان هەر وەها کەرەسەی
دنیادیتنە، کەرەسەی خوێندنەوەی خۆمان و دنیایە، ناسنامەیە. ٣. لەگەڵ ئەمەشدا
ئامرازێکە، ئامرازێکی کارایە، [واتە] نەک هەر ئەوەی ئامرازێک بێ بەس شتێک
بگوازێتەوە بەڵکوو ئامرازێکی کارایە. ئێمە کاتێک چیرۆکێک دەگێڕینەوە دنیا لە سەر
ڕا ساز دەکەینەوە. کە بۆنەیەک بە زمان دەگێڕینەوە، ئەو جۆرەی دەگێڕینەوە کە ئێمە
دنیا دەبینین، نەک بەو جۆرەی کە ڕووی داوە. زۆربەیان کاتان ئاوایە. هەموومان
تەعبیر و لێکدانەوە و بۆچوونی خۆمان دە نێو چیرۆکەکانمان داوێین. هەر لە بەر
ئەوەشە کە ئێمە مرۆڤین، ئینسانین و، لەگەڵ ئەوانیتر جیاوازین.
ڕابرت کووپر، یەکێکی دیکە لە بیرەوانان و دامەزرێنەرانی بواری سیاسەت و پلانی
زمانی، دەڵێ: زمان بنەڕەتیترین دامەزراوەی
کۆمەڵگەیە، نەک لە بەر ئەوەی کە یەکەم
ئەنیستیوویە، یەکەم دامەزراوەیە کە ئێمە لەگەڵی ئاشنا دەبین، هەر ئەوەی کە دوکتور
هەرێم باسی کرد کە چۆن منداڵ زمانێک وەردەگرێ. ئەڵبەتە ئەمن لەگەڵ ئەوەدا نێم کە
ئێمە زمانی یەکەم فێر دەبین؛ منداڵ زمانی ژینگەی خۆی وەردەگرێ، بمانهەوێ و نەمانهەوێ وەریدەگرێ؛
ئەوەی کە ئێمە فێری دەکەین ئەوە زمانێکی ترە، واتە زمانی ستاندارد، زمانی نووسین.
ئەوە لە فێرگە فێر دەبێ. نوام چامسکی زۆر لە سەر ئەوە، ڕاستش دەکا، زۆر جیدییە کە
جیاوازی هەیە لە نێوان وەرگرتن و فێر بوون یا فێر کردن. جا زمانی دایک بە تایبەت لە بەر ئەوە گرینگ نییە کە یەکەم دامەزراوەیە ئێمە
تووشی دەبین بەڵکوو یەکەم دامەزراوەیە، دامەزراوەیەکیشە کە بە ڕێگای ئەوەوە ئێمە
هەموو دامەزراوەکانی تر دەناسین. بۆ
وێنە بیر لە یاسا بکەنەوە. ئێمە چۆن دەزانین یاسا چییە؟ چۆن دەزانین کە تابڵۆی
ڕاوەستان، بوەستە ببینین ڕادەوەستین. لە ڕێگای زمانەوە فێر بووین، لە ڕێگای
ئیشاڕەوە، لە ڕێگای تابڵۆ وە. دەنا پێشتر نەمان دەزانی ئەوە چییە. چۆن دەزانین،
ئەوەی تۆ باست کرد [ ڕوو لە بەڕێوەبەری کۆڕە کە دەکا] بە کێ بڵێین خاڵە، کامی ئی مامەیە، کامی ئی خاڵەیە،
کامی ئی منە، کامی ئی تۆیە؟ هەمووی بە
ڕێگای زمانەوە و، لە ڕێگای چیرۆکەکانەوە.
جیاوازی نێوان دیالێکت و زمان.
کاتێ باسی زمانی کوردی دەکەین ئەو شتانە دێتە گۆڕێ. تا ئێستا من وەکوو پسپۆڕێکی
بواری کۆمەڵناسیی زمان کە هەموو ساڵێ وانە
دەڵێمەوە لە کانادا لەو بوارە دا. دەزانم
کە هەتا ئێستاش ئێمە مێتۆدێکمان نییە، شێوازێکمان نییە کە بڵێین ئەمە بە شێوەیەکی
زانستی و ئاکادێمی زمانە، ئەمە دیالێکتە، یان ئەمە زارە. نیمامە. چەندین ڕێبازمان هەیە، بەڵام، هەموویان خەلەلیان
تێدا هەیە، بۆشاییان هەیە، گرفتیان تێدا هەیە. لە بەر ئەوە زانایانی کۆمەڵناسیی
زمان گەیشتوونە ئەو قەناعەتە کە بە ئینگلیسی پێی دەڵێن language variety ئەمن
دامناوە شێوەزار،
کە وا بزانم زۆر لە دۆستانیش هەر ئەو زاراوەیە بەکار دێنن. شێوەزار لە بەر ئەوە
ئەمڕۆ زۆر جار دەڵێم شێوەزار، جار جاریش دەڵێم زمان لە بەر ئەوەی کە دانیشتنەکەمان
باسی زمانی ستانداردە.
Max Weinreich لە زانایانی کۆمەڵناسیی زمان شتێکی جوانی هەیە.
لێی دەپرسن جیاوازی زمان و دایالێکت چییە؟ دەڵێ زمان دایالێکتێکە، زارێکە، کە
لەشکری هەیە. مەبەستی چییە؟ مەبەستی
ئەوەیە ئەگەر حکوومەتت هەبوو، عەسکەرت هەبوو، ئەڕتەشت هەبوو، جەیشت هەبوو،ئەوە تۆ
زمانی [یان زمانت هەیە]. بۆچی؟ سوێدی و
نۆڕوێژی زۆر بە ئاسانی لێکتر تێ دەگەن، هێچیان ناچار نین بچیتە سەر زمانەکەی
ئەویتر. بە چاوی خۆم دیتوومە زۆر جاران. کەچی دوو زمانی جیاوازن [واتە، بە دوو
زمانی جیاواز ناسراون و ناوی جیاوازیان هەیە]. بۆچی؟ چونکە دوو وڵاتی جیاوازیان
هەیە. لەبەر ئەوە، بۆ ئەوە کە بزانین [کام شێوەزار] دایالێکتە، کام زمانە، ئێمە
بەڕاستی تەنیا ڕێگەمان هەر ئەوەیە لە خەڵک بپرسین: ئایا ئەوەی تۆ قسەی پێ دەکەی
چییە؟ چی پێ دەڵێی و چییە؟ ڕێگای دێمۆکڕاتیکی دیکە نییە. هەر ڕێگایەکی دیکە بێ خۆ
داسەپاندن دەبێ بە داخەوە.
زمانی ستاندار چییە
ئێستا؟ زمانی ستاندارد شێوەزارێکی زمانییە کە یەکدەست کرابێت، کۆدێندرابێت، بە هۆی
فەرهەنگەکانەوە و سەرچاوە و ڕێبەرە ڕێزمانییەکانییەوە. واتە شێوەزارێک کە ڕێزمانی
بۆ نووسرابێتەوە، قامووسیشی هەبێ، قامووسێک کە جێگای متمانەی کۆمەڵگەیەک بێ، پرسی
پێ بکەن و، کەلکی لێ وەربگیرێ لە سێ بواری زۆر گرینگ و زەق دا: یەکیان پەروەردە،
بە تایبەت پێی بخوێندرێ، نەک هەر ئەوەی کە وانەیەک بێ لە فێرگەیەک، پێی بخوێندرێ؛
دوو، زمانی کارگێڕیی حکوومەت بێ؛ سێ، میدیاش کەلکی لێ وەربگرێ، ئەمڕۆ دەتوانی بڵێی
سۆسیاڵ میدیاش کەلکی لێ وەربگرێ. ئینستاگرام، تیک تاک و هەموو ئەمانە. پاشان،
[چوار] کەمترین ڕێژەی جیاوازی و جۆراوجۆری و زۆرترین ڕێژەی هاوشێوەیی و یەکدەست
بوونی تێدا بێ و؛ [پێنج] ئەوپەڕ سنووری بێ، ئەوپەڕ ناوچەیی بێ و، [شەش] لە
کۆمەڵگاشدا وەرگیرابێ، ڕەزامەندی کۆمەڵگەی لە سەر بێ. ئەگەر ئەمانە هەبێ، ئەو
تایبەتمەندییانەی هەبێ، ئەوە دەتوانی بڵێی زمانێکی ستانداردە.
هەموو زار و بنزارێک دەتوانێ ستاندارد
بێ. هێندێک جار ئێستا لێرە ئۆتۆنۆمی هەیە، ئەوەی کە
من دەیبینم نزیک بە سەربەخۆیی، بەڵام لە هێندێک شوێنی تر وەکوو لە ڕۆژهەڵاتەکەی من
ئێستاش بیانووی دەسەڵاتداران ئەوەیە کە تۆ زمانێکی ستانداردت نییە، تۆ ناتوانی
ستاندارد بی، چاو لێبکە ئەو هەموو شێوەزارەت هەیە، ئەو هەموو لەهجەت هەیە، ئەو
هەموو دایالێکتەت هەیە. تۆ ناتوانی ببیە زمانی فێرگە، تۆ ناتوانی ببیە زمانی
زانست. بەڵام هەموو زمانناسانی دنیا پێمان
دەڵێن هەموو زمانێک، هەموو زارێک، هەموو بنزارێک بۆی هەیە ستاندارد بێ بەو مەرجە
کە کۆمەڵگە بیهەوێ و بەو مەرجە کە خزمەتی پێ بکرێ.
زمانی ستاندارد پێویستە یان نا؟
هێندێک پێیان وایە پێویست نییە، بۆچی پێویست نییە لەبەر ئەوەی کە لەوانەیە ببێتە
هۆی پەراوێز خستنی شێوەزارەکانی تر، تەنانەت زمانی تر. وەکی بۆ وێنە ئێوە دەزانن لە
تورکیا دیتوومانە. وەرگرتنی ڕەزامەندی سەردەمانێک ئاسان بوو، سەردەمانێک ئاسان بوو
وەک کیملیکا بیرەوانی گەورەی کەنەدی ئەوانەی لە بواری کۆزمۆپۆلیتیزم، و
نەشنالیزم و ئەوانە دراسەیان کردووە ویڵ
کیملیکا دەناسن. ویڵ کیملیکا شتێکی جوانی هەیە دەڵێ لە سەردەمی فەرانسا دا کە
زمانی پاریس ڕاگەیندرا وەکوو زمانی ڕەسمی ئەو وڵاتە زۆر ئاسان بوو، نە شۆڕش بەرپا
بوو، نە ڕاپەڕین ساز بوو، [هەرچەند] یازدە زمانی دیکەشی لێ بوو، وەکوو برێتۆنی،
پڕۆڤێنسیال، باسک. ئەمانە هەموو زمانی جیاواز بوون لە فەڕانسەیی، بەڵام [باڵادەستکردنی
فەڕانسەیی] بە بێدەنگی جێ بەجێ بوو. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی کە تیک تاک لە گۆڕێ دا
نەبوو. لەبەر ئەوەی کە هەر کەسە تەلەفۆنێکی بەدەستەوە نەبوو، کە هەر ئێستا
لەوانەیە وێنەک لە من بگرن بچێ بۆ سوێد بڵێن فڵانکەس لێرەیە و خەریکە باسی جووت
ستانداردی کوردی دەکا. ئەو دەمی ئەو شتانە نەبوو. دوای شەش مانگ لەوانە بوو
دەنگوباس بگاتە بریتۆنی بڵێن زمانی فەڕانسەیی پاریس بوو بە ڕەسمی. لەوانەیە
ئەوانیش گوتبێتیان جا ئێمە چ بکەین تازە درەنگە، تازە ئەوە شەش مانگ تێ پەڕیوە و
فێرگەش دەستی پێکردووە بەو زمانە. سەردەمەکە جیاوازە ئێستا.
[خاڵێکی دیکە ئەمەیە کە] زمانێکی ستاندارد ڕەنگە دەستوباڵی زمانێک ببەستێت، واتە هێندێک پێیان وایە [لە ستاندارد بوون لەوانەیە]
داهێنان لە زمانێک وەربگرێت. بۆ وێنە ئەوانەی ئەدەبی ئینگلیزییان خوێندووە ڕەنگە
ئاشنا بن لەگەڵ جەیمس جۆیس FFinnegans
Wake کە
ئینگلیزییەکی سەیر و سەمەرەیە. دەڵێن ئەگەر زمان زۆر ستاندارد بکرێ و کۆنتڕۆڵ بکرێ
ئەو دەم جەیمس جۆیسێکت نابێ تۆ لە زمانێکی دیکە دا. چونکە بە تایبەت ڕۆمان، چیرۆک،
ئەمانە دەبێ زمانی سەربەستیان هەبێ. هونەر دەبێ سەربەست بێ، دەنا نابێتە هونەر.
ستاندارد کردن ناوەستێ،
بەڵام هێندێک ماندوو دەبن، جاشوا فیشمەن پێمان دەڵێ ستاندارد کردن یا نابێ خۆی لێ
دەی، ئەگەر خۆت لێ دا دەبێ خۆت دابنێی هەتا کۆتایی هەتا ئەو ڕۆژەی هەی، لەو ئیشە
دای کاری لە سەر بکەی. ناتوانی بڵێی ئەوە پێنج ساڵم کار لە سەر کرد دەبێ ئێستا
ستاندارد بووبێ دەبێ بەجێی بێڵم. شتی وا نییە جا لە بەر ئەوە هەندێک هەر خۆی لێ
نادەن.
بەڵام، ستاندارد کردن پێویستە. بۆچی؟
لەبەر ئەوەی کە بمانهەوێ و نەمانهەوێ، هەر ئەوەی کە کوتم ئێستا چۆن لە شوێنێکی بۆ
وێنە وەکوو ڕۆژهەڵات بیر لە زمانی کوردی دەکەنەوە، کە چونکە ستانداردێکی نییە
ئەوان دەڵێن کە وابوو زمان نییە، لەهجەن. ستاندارد کردن ڕەوایەتی دەدا بە هەبوونی زمانێک؛
ئەوە لە تەواوی دنیا هەیە. زمان هێمای نەتەوە و نەتەوایەتی یە بمانهەوێ و
نەمانهەوێ. جا هێندێک لەوانەیە بە ئەمە بڵێ قەوم، گرووپی ئێتنیکی یان نەتەوە یان
نەتەوایەتی؛ بەڵام زمان ئەو پێناسەیە دەکات. بە قسەی مایکڵ هاڵیدەی (ئەوانەی
زمانەوانی کارەکی دەخوێنن مایکڵ هاڵیدەی دەناسن)، ئەگەر دەتوانی لە زۆر شوێنان خۆ
لە قەرەی زمانی ستاندارد نەدەی و، بڵێی قەی ناکا خەڵک چۆنی پێ خۆشە با وا بکا، بۆ
وێنە ئەگەر میدیا پێی خۆشە بە بادینی و کوردیی ناوەندی دەنگوباس بڵێ کەیفی خۆیەتی؛
بەڵام کە هاتییە فێرگە ناچاری تەما بگری [بڕیار بدەی کە ئایا زمانی فێرگە] یەک
زمانە، دوو زمانە، دوو شێوەزارە و هتد. هەڵبەت، لەو دواییانە دا شوێنێکی وەکوو
کۆرسیکا، ساردینییا، ئەو تەمایە ناگرن، بەڵکوو هەر خوێندکارێک بۆی هەیە وتارەکەی
بە هەر شێوەزارێک پێی خۆشە بنووسێ. بەڵام دوایە پرسیار دێتە گۆڕێ، دەی ئەدی
مامۆستاکە چۆن بەرهەمی قوتابی هەڵسەنگێنێت، ئەگەر ئەو شێوەزارە نازانێ؟ ئەمانەش
ئالنگاریی خۆی هەیە. [لایەنێکی ئەرێنیی
تری ستاندارکردن ئەمەیە کە] زمانی ستاندارد دەتوانێ پەناگایەک بێ، هاناگایەک بێ بۆ
شێوەزارەکانی دیکە، بۆ ئەو زارانەی کە ماڵ و حالیان نییە یان بۆ ئەو زاراوانەی کە
حاشایان لێ دەکرێ. شێوەزارێکی ستاندارد دەتوانێ شانازی بۆ ئەوانیش وەدەست بێنێ،
ڕەوایەتیان پێ بدا. بەم جۆرە مانەوە و بەهێزبوونی شێوەزارەکان بە شێوەیەکی باشتر
مسۆگەر بکات. کە وا بوو، پێویستە.
مێژوویەکی کورتی ستانداردکردنی
زمان: لە ١٩٥٠کانەوە زۆر خوێندنەوە لە سەر [زمانی
ستاندارد] کراوە. کڵاس یەکەم جار لە ١٩٥٢ لە ئەمریکا باسی ستاندارد بوونی ئاڵمانی
کرد، چ لە ئاڵمان، چ لە ئاڵمانییەکانی ئامریکا چۆنی دەخوێنن، بە دوای ئەو دا ئاینر
هاوگن ی نۆروێژی زۆر بە نێوبانگ بوو تا ئەمڕۆش زۆر بەنێوبانگە. هەرچەند ئەویش لە
ئەمریکا دەژیا چونکە وڵاتەکەی خۆی، وڵاتی زگماکی خۆی نۆرویژ دوو شێوەزاری کردبووە
ستاندارد و کردبووە فەرمی لەبەر ئەوە زۆر بۆی گرینگ بوو ئەمە لێک بداتەوە کە چۆن
شتی وا دەبێ. ئیتر دوایی ئەمە زۆرتر گٶڕا ستاندارد کردن، تیۆری ستاندارد کردن ئەو
بوارە گۆڕا بۆ بواری سیاسەت و پلانی زمانی
کە ئیتر گەلێک بیرەوان وەکوو ڕابێرت کووپر و جەیمس بیرۆی و تووڤێ سکووتناب کانگاس
و ڕابێرت فیلیپسۆن و هەموو ئەوانە زۆر
شتیان نووسی کە زۆریشیان زۆر بە ڕاستی دۆستی باشی کورد بوون بە تایبەتی لێرە پێم
خۆشە ناوی پرۆفێسۆر تووڤێ سکووتناب کانگاس بێنم کە دوو ساڵ لەمەوبەر بەداخەوە بە
جێی هێشتین. کە یەکەم کەس بوو لە ١٩٨٠ کاندا ئەو ستەم و زوڵمەی لە زمانی کوردی بە
تایبەت لە تورکیا دەکرا لە قاوی دا لە نێو ئەدەبی ئینگلیسی و سکاندیناوی و تەواوی
دنیای تێ گەیاند. سەردانی ئێرەشی کردووە بە ڕاست لە ١٩٩٠ کاندا هات، لە سەرەتای
حکوومەتی هەرێم دا هات هێندێک خوێندنەوەی کرد لێرە.
بۆ هاوگن چوار قۆناغ دەبێ تێپەڕ کرێ؛ یەک، ئەتۆ ناچاری شێوەزارێک یان زارێک
هەڵبژێری کە لێرەش هێندێک شێواز هەیە باسکەکان بۆ
وێنە پێنج شێوەزاریان هەبوو لە باتی ئەوەی کە یەک هەڵبژێرن و دای سەپێنن
یەکیان دروست کرد بەڵام لە سەر ئەساسی شێوەزارە ناوەڕاستەکە. بەڵام کەلکیان لە
هەموو شێوەزارەکانی تر وەرگرت و دروستیان کرد. ئەمە کەیسێکی زۆر ناوازەیە، ئی باسکەکان.
ئەو کاتی هەستی نیشتمانپەروەرییان یەکجار زۆر بوو، ئەوانەی لە تەمەنی من دان یا بە
تەمەنترن لەبیریانە لە ١٩٨٠کان دەنگوباس زۆر بوو باسی جووڵانەوەی ETA
ی
دەکرد، جووڵانەوەی سەربەخۆیی خوازی باسکەکان لە ئێسپانیا کە بۆمبیان دادەنا،
بۆمبیان دەتەقاندەوە زۆر توند بوون داوای سەربەخۆییان دەکرد، بەڵام دوایە ئۆتۆنۆمییەکی زۆر باشیان وەرگرت و بێدەنگ
بوون، ئێستا بە ئۆتۆنۆمییەکە دڵخۆشن بەڵام چونکە هەستێکی نەتەوایەتی زۆر بە هێزیان
هەبوو توانیان زمانێک دروست بکەن ئەو زمانەش ئەمڕۆ بە ڕاستی گەنجەکان قسەی پێ
دەکەن. تا ئەو ڕادەیە توانیویەتی جێی خۆی بکاتەوە. بەڵام بۆ وێنە کاتاڵٶنییەکان کە
چەند ساڵ لەمەوبەر تەنانەت دەنگیان دا بۆ
سەربەخۆیی و دەنگیشیان وەرگرت و بەڵام سەری نەگرت ئەوان نەیان توانیوە ئەوە بکەن. کاتاڵۆنییەکان
وەکوو کوردەکان ئێستا چەند شێوەزاری ستانداردیان هەیە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا،
پەروەردە لە هەر ناوچەیە بە شێوەزاری خۆیەتی. ئەمە ئەمە، هەڵت بژارد یان دروستت
کرد ئەمە قۆناغێک، قۆناغەکەی تر ئەمەیە کە تۆ دەبێ بێنی ڕێکی بخەی، رێک خستن بە
واتای چی، بە واتای ئەوە کە ڕێنووسی بۆ بنووسی، قامووسی بۆ بنووسی، وشەی بۆ
دابتاشی، وشەی بۆ بە قەرز وەربگری، وشە داهێنان بکەی هەموو ئەو کارانە دەبوو بکەی
بۆ ئەوەی کە بتوانێ ببێتە زمانی نووسین. ئێمە کە باسی ستاندارد دەکەین ناڵێم
سەتاسەت بەڵام زۆربەی کاتان نەودو نۆ لە سەت باسی زمانی نووسین دەکەی. زمانی
ستاندارد نووسراوە. چەند خاڵێکی ناوازە هەیە، بەڵام لێی دەگەڕێین جارێ. قۆناخی
سێهەم جێ بەجێ کردن تۆ چون ئەمە جێ بە جێ دەکەی. فێرگە، فێرگە یەکەم قۆناخە. دەبێ
لە داینگەوە، لە چوار ساڵی و پێنج ساڵییەوە منداڵ بەو زمانی ستانداردە بخوێنێ
ناچار نییە لە ماڵێ قسەی پێ بکا، لە ڕاستیدا باش نییە قسەی پێ بکا لە ماڵەوە، ناشی
کەن. نە منداڵی ئینگلیزی دەیکا، نە ئاڵمانی دەیکا کەس نایکا. ئاڵمانی کە
دەخوێنێتەوە کە دەچێتەوە ماڵێ خەڵکی باڤێریا بێ بە باڤێرییەن قسە دەکا. بە زمانی
ڕەسمی ڕۆژنامەکە قسە ناکا. هەر زۆر سەیر و سەمەرە دەبێ ئەگەر گوێت لێ بێ یەکێک
ئاوا قسە بکا. یا وەکوو من من بچمەوە ماڵەوە منی مەهابادی لەگەڵ ئەندامی بنەماڵە لە نەکاو ئاوا قسە بکەم هەر لەوانەیە گوێشم
نەدەنێ بڵێن ئەوە لە کەلەی داوە،شێت بووە. پەروەردە دەبێ بەو زمانە بێ. پەیتا
پەیتا دەبێ پێداچوونەوەی بۆ بکرێ. هەندێک من هەستم پێ کردووە بە تایبەت کە دێمەوە
باشوور هەندێک دڵ نیگەرانن لەوە کە ئێستاش هەڵەی ڕێنووسمان هەیە، ئێستاش
پێداچوونەوە نییە خۆ ڕاستە پێداچوونەوە زۆر هەبێ. ئەمن لەو ڕۆژانە شتێکم دی کە بە
زمانی بەرپرسێکی بەڕێزی ئەم شارە بۆ وێنە بڵاو بووەتەوە کە هەڵەی تێدا بوو پێم
ناخۆش بوو بە ڕاستی. هەڵەی نەتەنیا ڕێنووس و خاڵبەندی و ئەوە کە من زۆر
هەستیارم سەبارەت بەوە بە داخەوە، تەنانەت
هەڵەی ڕێزمانی تێدا بوو. هەڵەی ڕێزمانی بۆ یەکێک کە زمانی دایکی خۆیەتی بەس لە بەر
بێ دیقەتی یە دەنا دڵنیام ئەگەر دوو جاری خوێندباوە نەدەبوو. ئەوە دەبن، ئەو شتانە
دەبن بەڵام بۆیە کوتم ستاندارد بوون تەواو نابێ. ئەوە قەید ناکا، ئەو شتانە دەبێ
بکەین و لەسەرەخۆ بین بە ڕاستی، پشوو درێژ بین. ڕاست کردنەوە زۆر ئاسایی یە.
کە وابوو، هەڵبژاردنی شێوەزارێک یان دوو یان سازکردن، ڕێک خستن کۆدی بکەی، پاشان
جێ بەجێی بکەی لە پەروەردە دا، لە کارگێڕی دا، لە میدیا دا لە هەموو ئەمانە، دوایە
بێنی پەرەی پێ بدەی. یەکێک لە ئەرکە گرینگەکانی ئەو کەسانەی لەو بوارە دان ئەمەیە
کە زمانی ستاندارد بکەنە زمانی فیزیا، زمانی کیمیا، زمانی زانست کە ئەمەش بەشێکی
زۆری واتە داڕشتنی زاراوە. خاڵبەندی دروستی بۆ بکرێ، پاشان ئەوەی کە پێی دەڵێن
ستایڵ و شێوە نووسین و ئەوەی کە ئەو وشیارییە ساز بێ کە ژانرای نامە نووسین
جیاوازە لەگەڵ شێوازی نووسینی وتارێکی زانستی. ئەمانە دوو زمانی جیاوازن، ئەمانە
هەمووی بۆیە فێرگە ئەو زمانەمان فێر دەکا. ئێمە ناتوانین ئاوا لە خۆوەفێری بین.
لە نێو زمانانی دنیا دا [ستانداردکردن]
چۆن کراوە؟ زۆر بە پەلە، ئێمە دووهەزار ساڵ لەمەوبەر،
زیاتریش چەند زمان هەبوو کە کۆد کرا بوون وەکوو سانسکریت، وەکوو چینی دوایی یۆنانی
دێرین. لاتین، عەڕەبی، فارسی ئەمە لەو زمانانەن کە زۆر لەمێژەوە بۆ وێنە قامووسیان
هەبووە، ڕێزمانیان بۆ نووسراوە جا چەندە پێشکەوتوو بوون یا نەبوون ئەمە کێشەیەکی
دیکەیە. هەرچەند زمانەوانان پێیان وایە ئەوەی پانینی بۆ سانسکریتی نووسی ئێستاش
ناوازەیە، هەتا ئەمڕۆش کە شتێکی سەیرە نزیک زیاتر لە دوو هەزار ساڵ لەمەو پێش ئەم
بیرەوانە هیندییە ئەم کارەی کردووە. بەڵام جیاواز بوون، لە چی دا جیاواز بوون؟ نەبوون
بە زمانی خەڵک. زمانی خەڵک هەڕەشەی لە سەر نەبوو، خەڵک زمانی خۆی هەبوو، بەس زمانی
هەندێک نوخبە بوون بۆ ئەوەی کە ئیمپڕاتورییەکان بۆ ئەوەی کە ئەوانەی ئەهلی دینداری
و دین بوون ئەوانە کتێبی پیرۆزی خۆیان پێ دەخوێندەوە و دەیان دا بە بەرەکانی تر
پاشانیش ئیمپراتورییەکان دەیان توانی
حیساب و کیتاب بکەن. سەرژمێری بکەن، بتوانن ئاگایان لە داهاتی خۆیان بێ، چەند
میرزا و نووسەریان هەبوو بۆ ئەوە بوو تەواو. بۆ ئەوە نەبوو بۆ خەڵک بێ بەڵام کە
دێتە سەردەمی دووسەد، دووسەد و پەنجا ساڵ لەمەوبەر لە ئوڕووپا ئەوە ئیتر دەبێتە خەڵکی
لێرەیە کە ئێمە دەتوانین باسی ئەو ستانداردە بکەین کە ئێستا ئێمە باسی دەکەین. کە
بە فەڕانسەیی ، بە ئینگلیزی و بە ئەمانە دەستی پێ کرد. دوایە نزیکەی سەت ساڵ و
شتێک دوایەش ئیتر دێتە تورکیا و ئێران و ئەمانە.
دوایی ئێمە دێینە سەر زمانە
ستانداردە لاوەکان وەکوو باسک،
کاتالۆنیایی، کوردی بۆیە پێی دەڵێم زمانی ستانداردی گەنج. باسی هەندێک جیاوازیم
کرد لەوانە. جیاوازییەکی زۆر گەورەی دیکە کە پێم وا نییە تا ئێستا باسم کرد بێ،
هەر چەند تا ئێستا ئەوانی دیکە تا ئێستا
باسم کردوون ئەوەیە کە ستانداردە مۆدێرنەکان هاوتەریبی خۆیان نەبوو لە کۆمەڵگەی
خۆیان دا. کاتێک ئینگلیزییەکان تەمایان
گرت ئینگلیزی بکەنە ڕەسمی لاتین هەبوو، بەڵام لاتین زمانی کلیسا بوو، زمانی پادشا
بوو بۆ نووسین و شت، زمانی قسەکردنی پادشاکەش نەبوو. ئی کاتالۆنییەکان، ئی باسکەکان،
هی کوردەکان وا نییە. کورد کە ویستوویەتی زمانی خۆی ستاندارد بکا عەڕەبیش لەوێ بووە، فارسیش لەوێ بووە، تورکی
لەوێ بوو کە ستاندارد کراون، ڕەقیبیان بووە کە وا بوو کێشەکە لە ناو خۆت نییە کە
چەند شێوەزار هەیە بەڵکوو ڕەقیبێکی بەهێزی دیکە لەوێ هەیە.
ژاپۆنییەکان یەک ستانداردیان هەیە، رووسەکانیش هەر وا، کورەییەکانیش هەر وا،
ئەوانەی چەند فرە ناوەندیان پێ دەڵێین ئینگلیزی یە، ئینگلیزیی ئینگلیستانی،
ئینگلیزیی ئەمریکی، ئینگلیزیی کەنەدی، ئەم ڕۆژانە ئێمە دەڵێنن ئینگلیزیی هیندی،
ئینگلیزی سینگاپۆری بۆیە لە بواری من دا زۆر کەم وا هەیە ئێمە لە بەشی خۆمان دا بڵێین
ئینگلیزی دەڵێین ئینگلیزییەکان چونکە چەند ئینگلیزیمان هەیە. ئەڵمانیش هەر وایە،
ستانداردی ئاڵمانی جیاوازی هەیە، ڕەنگە جیاوازییەکان زۆر سەیر نەبن لە یەکتر تێ
نەگەن بەڵام جیاوازی هەیە، ئاڵمانی ئوتریشی قامووسی خۆی هەیە. یەکەم قامووسی
ئاڵمانیی ئوتریشی ١٩٥٢ چاپ بووە. ئاڵمانی
ستانداردی سویسرا جیاوازی هەیە. زمانە بێ دەوڵەتەکانیش وەکوو باسم کرد زمانی
کاتالۆنەکان فرە ناوەندن چەند ستانداردیان هەیە.
یەک ستانداردی، کاتم نییە بەڵام دوایە ڕەنگە لە قسە کردن دا بێتە پێشێ یەک بەرهەمی
زۆر زۆر خراپی هەیە هەمووش ئەویان هەبووە، زمانی خەڵکی دیکەیان پەراوێز خستووە
تەنانەت تواندوویاننەوە، لە ناویان بردوون بۆ هەمیشە. کە زمانێکیش ڕۆیشت،
کولتوورێک دەڕوا. تەنیا کەیسێکی ناوازە وڵاتە فێدڕالییەکانن کە ئەوانیش هێندە لە مێژە نییە بەوە گەیشتن کە نابێ ئەو
کارە بکەن و پێویستە بۆ وێنە لە بێلژیک سێ زمان ڕەسمی بێ. لە سویسرا چوار، هەڵبەت
ئەو لە کۆنەوە وا بووە بەڵام بێلژیک تازەیە، یان نۆڕوێژ دوو دانە بێ، کانادا دوو،
باشووری ئەفریقا یازدە، هیندووستان بۆ سەرەوەی بیست. نموونەی پۆلینۆمیکیشمان
هەیە کە باسمان کرد بۆ وێنە ساردینییەکان،
کۆرسیکایەکان دەڵێن ئێمە نە زمانمان هەیە، نە زاراوەمان هەیە هەرکەسە بە شێوەزاری
خۆی بێتە مەکتەب سەر سەران و سەر چاوان ئێمە جێ بەجێی دەکەین. تەنانەت پێت خۆشە بە
کامیان تاقیکاری بنووسی جێ بە جێی دەکەین. بەڵام لێرە کێشەیەک دنێتە گۆڕێ کۆرسیکا
داوای سەربەخۆیی نەکردووە، ئەو داوای نەتەوە بوون و ئەوە لە نێو ئەواندا کەمترە
دەبێ ئینسان ئەوەشی لە بەر چاو بێ. ئیرلەندیش هەر وایە، ئیرلەندیش شێوەزارێکی
ستانداردی زەقی نییە.
لێرە قسەکانم دێڵمەوە بۆ دوایە، بەڵام ئەگەر دوکتور ڕێگام بدەی شتێک لێرە تەواوی
بکەم . ستانداد کردن تەواو نابێت، پڕۆسەیەکە درێژەی دەبێت هەموومان تێیدا
بەشدارین. زۆر جار گوێم لێ دەبێ تاوانی ئاکادێمییە. من پێم وایە ئاکادێمی لە ٢٠١١
رێنماییەکی دەر دا، چاپ کرد کە بۆ وێنە دەڵێی ئاشتی و نازدار واوەکە بە ئاشتییەوە مەنووسێنە. ئەمە ئامرازی
پێوەندی گرتنە دەبێ جیاواز بێ، لە ئینگلیزی دا وایە لە فارسی دا وایە لە هەموو
زمانێ دا وایە. بەڵام تۆ ئێستاش هەر دوو پێت کردووەتە ناو پێڵاوێکەوە نەخێر کاتێک
قسە دەکەم ئەمن دەڵێم ئاشتیو نازدار. نا زمانی نووسین وەکی عەرزم کردن زمانی قسە
کردن ئێمە وەری دەگرین بێ ئەوەی کە بۆخۆمان بزانین، زمانی نووسین ئێمە فێری دەبین.
ئەمە زمانێکی دیکەیە، تێکنۆلۆژییەکە ئاکادێمی وای کوتووە، با ئەوانیش وا بکەن.
ڕێسای نووسین و خاڵبەندی با پرس بە یەکتر بکەین، چەند کەس پێیدا بێنەوە، بەڵام ئەو
کەسانەی پێی دا دێنەوە ئەوە نەبێ کە فڵانکەس
دۆستمە و دەستە خوشکمە و دەستە برادەرمە، وەڵاهی با مایەیەکی بۆ دانێم.
نا وەکوو ئەوڕووپا مەفرووزە، پێویستە هیچ کات نەزانی کێ بە وتارەکەی تۆ دا
هاتبووەوە، لەوێ ئاوایە. بۆیە ڕەحم ناکەن، بۆیەئینگلیزی گەیشتووەتە ئەو ڕۆژە کە
ئێستا تێی دایە. ١٩٢٠ ئەوە قسەی من نییە قسەی ئینگلیزییەکانە، تەنانەت ١٩٣٥ تۆ لە
ئورووپا لە هەر کەست پرسیبا ئایا دە ساڵی تر زمانی زانست و پێشکەوتن چ دەبێ چی پێ
دەکوتی؟ ئینگلیزی؟ نا. [دەیانگوت،]
ئاڵمانی؛ ئەگەر نا، فەڕانسەیی. [ئەو کاتە] ئینگلیزی تۆزی نەدەشکاندن. ئینگلیزی لە
شەڕی دووەمی جیهانی کە ئەمریکا سەرکەوت بوو بەم ئینگلیزییە. پاشانیش بە جیدی بوونی خۆیان، بە جیدی بوونی
نووسینیان، بە جیدی بوونی هەڵسەنگاندنی نووسینی یەکتر [ئەو زمانە بوو بە ئەم
ئینگلیزییەی ئێستا]. لێرە ڕای دەگرم هەتا دوایە. زۆر زۆر سپاس، مەمنوون. سەرم
ئێشاندن.
وڵامی تێبینی و پرسیارەکان لە
لایەن پڕۆفێسۆر جەعفەر شێخەلیسلامی موکرییەوە
* پرسیار زۆر کرا. دۆستێک باسی مامۆستا جەماڵ نەبەزی کرد. مامۆستا جەماڵ
نەبەز ئەوانەی کە ئاگاداری زمانی کوردی بن هەموو دەیناسن، بەڵام ئێمە لێرە
دانەنیشتووین یەک بە یەک ناوی هەموو بەڕێزان بێنین دەنا خۆ ئەگەر بڕیار ئەوە بوایە
دەبوا سەتا پەنجای قسەکانی ئێمە لەسەر یەکێکی تریش بوایە. تۆفیق وەهبی. بە بێ
وەهبی، بە بێ کتێبەکەی ١٩٢١، ١٩٢٩، ١٩٣٣ بە بێ ئەوانە لەوانە بوو مامۆستا جەماڵ
نەبەزیش ڕووی لە زمانی کوردی نەکرد با. بەڵام کوا ناوی مامۆستا تۆفیق وەهبیمان
هێنا؟
کاتی ئەوە نییە، دەنا ئێمە زۆر ڕێزمان بۆ مامۆستا جەماڵ نەبەز هەیە. جا جەنابت
شتێکی دیکەشت نەکوت سەبارەت بە مامۆستا جەماڵ نەبەز، نە تەنیا ئەوەی کە یەکەم کەس
بوو کە وشە ذاڕشت بۆ فیزیا کە بواری خۆی بوو، بەڵکوو یەکەم کەسیش بوو کە هەوڵی دا
کورمانجی و سۆرانی موتوربە بکا، سوڕمانجی دروست کرد. یانی ئێمە ئەوەی دەزانین. زۆر
باشیشی دەناسین بۆخۆم بە شەخسە زۆر زۆر ئیحتیڕامیشم بۆی هەیە، بەڵام لەبەر ئەوە
ناوی بەڕێز دوکتور حەسەنپوورم هێنا چونکە ئەو لایەنی دیکەی موناقەشەکە بوو. ئەو
ئەودەمی کوتوویە کوردی جووت ستانداردە.
*کاک زمناکۆ، ئەوشتانەی ئەمن لەبیرمە، بەرەو ڕووی من کرانەوە بە ماوەتان!
ئایا هەم بە لاتین فێر بین بنووسین، هەم
بە ڕێنووسی تر بۆ نا؟ ژاپۆنییەکان سێ ڕێنووس فێر دەبن. هەموو منداڵێکی یابانی دەبێ
سێ ڕێنووس فێر بێ، بەدڵی خۆی نییە. زۆریش زەحمەتە بەڵام هەر ئەوەش بە پێی چەند
لێکۆڵینەوە فێری دیسیپلینیان دەکا. فێریان دەکا کە شتی نوێ فێر بن، فێریان دەکا کە
داهێنانیان هەبێ، فێریان دەکا کە نەپرینگێنەوە لە شتێکی کە نامۆیە. ئەمە لە تەواوی
ژیانیان دا یارمەتییان دەدا.
ئەوەی کە هەر دوو زاراوە فێر بن ماوەتەوە سەر ئیمکانییات. لەوانەیە یەکێکی کە لە
حەریرە، کێ بوو باسی عەلی حەریری کرد، یەکێکی کە لە حەریرە چونکە لەو ناوچەیە
بادینیشی گوێ لێ دەبێ بۆخۆشی ڕەنگە سۆرانی بێ یا کوردیی ناوەندی بێ وەکی ئەتۆ کوتت
بۆی ئاسانتر بێ هەر دووکیان باش فێر بێ، بەڵام یەکێک لە سڵیمانی بێ لەوانەیە بۆی زەحمەتتر
بێ، ئەو دەم پێویست ناکا بە ڕاستی؛ خۆ زۆر باش دەبێ ئەگەر بە بادینیش بتوانێ قسە
بکا، بەڵام لانی کەم بتوانێ دەقێکی بادینی بخوێنێتەوە کە سبەینێ ئەگەر بوو بە
خوێندکاری دوکتور فەرەنگیس [قادری] کوتی من لە سەر ئەدەبی کوردی کار دەکەم ئاوڕێک لە دوو نووسەر و شاعیری بادینیش
بداتەوە. مەبەست ئەوەیە نەک ئەوەی وەکوو بولبول قسە بکا.
* دوکتور کەیوان وابزانم فەرمووی ئەو هەموو زاراوەیی و فرە ڕێنووسییە هەیە چۆن
دەبێ بە یەک ستاندارد. وا بزانم هەر
سێکمان [ مەبەستی لە دوو پانێلیستەکەی ترە] باسی ئەوەمان کرد کە نابێ، لانی کەم
ئێستا نابێ. بەڵام ئایا ئەگەر هیممەتێکی سیاسی هەبێ، سبەینێ ئاڵوگۆڕێکی جیهانی
بێتە گۆڕێ بڵێن کوردەکان وڵاتی خۆیان هەبێ لەوانەیە نازانین چونکە شتی وا هەبووە.
هەبووە لە دنیا دا زمان یەک بوون وەکوو کاتالۆنیا، کاتالۆنیایەکان ئێستا لەگەڵ
ڤالێنسیا جیرانن بەڵام دوو دانە شێوەزاری کاتالۆنیان هەیە بەڵام ئەوانە سەر دەمایەک لە یەک پادشایی دا بوون، لە
یەک ئیمپراتووری دا بوون بەڵام دوایە وردە وردە لێک جیا بوونەوە ئێستا یەکیان
سەربەخۆیی دەوێ، یەکیان پێی خۆشە لەگەڵ ئێسپانیایە، زمانیشیان هەر دووکیان لە
فێرگە هەیە بەڵام جیاوازیان کردووەتەوە.
سەربۆکرۆوەیشییەکان، پەنجا ساڵ یەک زمان هەبوو، یوگۆسڵاڤیا یەک زمانی هەبوو
سەربۆکرۆوەیشن. لەگەڵ ئەوەی یوگوسڵاویا تێک چوو بوو بە چوار زمان. ئەمانە لەوانەیە
بقەومێ.
* بەڵام لێرە ئەگەر ڕێگا بدەن شتێکی گرینگ هەیە بە ڕاستی. تۆمار دەکرێ یان ناکرێ
گوێم لێ نییە. منیش تا ڕادەیەک لەگەڵ ئەوە دام بەڵام نەک بەو فشارە. بۆ؟ ئێستا
ئێمە کتێبێکمان دەردەچێ " بەردەستە کتێبی ئاکسفۆرد بۆ زمانناسیی کوردی"
نزیکەی ٦٠٠ لاپەڕەی ئینگلیزی وردە، نزیکە ٤٠ پرۆفێسۆر و دوکتورتێیاندا نووسیوە
بەڵام هەتا ئێمە ئەو ٤٠ کەسەمان پەیدا کرد کە ئەو وتار بە وتارە بنووسن قیر سپی
بوو. بۆ؟ زۆر مامۆستا ئیستا ناو ناهێنم
دەیان ناسن لێرە، زمانەوانی یەکجار ناوازە و باشن بەڵام ناتوانن دوو لاپەڕە بە
ئینگلیزی بنووسن ئێستا لەوانەیە بڵێن نا وا نییە. نا وایە! ئینگلیزی نووسین
دنیایەکی دیکەیە، کولتوورێکی دیکەیە، ژانرایەکی دیکەیە. ئینگلیزی نووسین ئەوە نییە
بەس وشە و ڕێزمانی ئینگلیزی بزانی. لەوانەیە ئێستا هێندێک لە ئێوە، منیش چونکە
منیش وەکوو زمانی دووەم، سێیەم، چوارەم فێری ئینگلیزی بووم. لەوانەیە من لە
کەنەدییەک، هاوکاری خۆم هەیە، لەو زۆر باشتر ڕێزمانی ئینگلیسی شەرح دەکەم، بەڵام
کە دێتە نووسین زمانی خۆیەتی. بە ڕاستی گاڵتە نییە. وای دابنێ ئێستا بۆ وێنە
هەموومان بڕێک بادینی دەزانین بزانە داوات لێ بکەن دوو لاپەڕە بە سۆرانی بنووسی
ئاسانترە و زیاتر لە خۆت ڕادەبینی یا بە بادینی. تەبعەن بە سۆرانییەکە.
ئینگلیزییەکەش ئاوایە، بەداخەوە ئینگلیزی بمانهەوێ و نەمانهەوێ زمانێکی
نێونەتەوەیی یەکە ئینگلیزیت نەبێ لە زانستا ڕێگات نییە، لە فڕۆکەوانی دا ڕێگات
نییە، لە پزشکی دا ڕێگات نییە، ئەوە کە هیچ تەنانەت لە زانستە کۆمەڵایەتییەکانیش
دا نات ناسن، بەڵام شتێکی کە ئەمن هەموو جارێ دێمەوە ئەو هەرێمی کوردستانە دەیڵێم،
هیچ کوێ لەو دنیایە من نەمبیستووە بڵێ ئەمەت دەوێ یان ئەوەت دەوێ؟ پرسیارەکە
غەڵەتە، پرسیارەکە هەڵەیە ئەمە یان ئەوە. نا هەر دوو، بەڵام چۆن هەر دوو، کوردی
دەبێ زمانی یەکەم بێ کە فێری منداڵەکە بکرێ بۆ؟ بە هەزاران لێکۆڵینەوە نێشانی داوە
هەرکەس حەز دەکا من دووسەد سەرچاوەی بۆ دەنێرم، کە دەڵێ ئەو منداڵانەی بە زمانی
دایکی باش فێری خوێبدەواری دەبن زیرەکترن، زیرەکتر دەبن دوایە هەر چەند زمانی
دیکە کە بتهەوێ دەتوانن فێر بن. بە تایبەت
ئەو کەسانەی کە دەیکەنە زمانی دووهەم. لە ئێران، لە ڕۆژهەڵات چەند لێکۆڵینەوە
کراوە منداڵی کرماشانی کە بەس فارسی دەزانێ و منداڵی کرماشانی کە کەلهوڕی دەزانێ و
فارسیش دەزانێ، بڕۆن چاو لە تێزەکەی دوکتور هیوا وەیسی بکەن چەند تیتریش هاتوونە
دەرێ. تاقیکاری ئینگلیزیان داوە ئەوانەی کە کەلهوڕی و فارسی دەزانن لە ئینگلیزی
هێنانەوە دا باشتر بوون لەوانەی کە بەس فارسیان زانیوە، دایک و بابەکەیان بەس بە
فارسی قسەیان لەگەڵ کردوون.
وتوێژێکی کورتی کوردسات مەگەزین لەگەڵ پڕۆفێسۆر جەعفەر شێخەلیسلامی موکری
دووشەمە ١-ی سێپتامبری ٢٠٢٥
ڕەوەند لە کورد سات مەگەزین: دوکتور جەعفەر سپاس بۆ
ئامادە بوونت، سەرەتا لە ناونیشانی دەسپێکی دیبەیتەکەوە دەست پێ بکەین کە بەشی
یەکەم لای بەڕێزت بوو بە ناونیشانی :" زمانی ستاندارد لە کوردستان و
لێکدانەوەیەکی سەردەمیانەی زمانەوانی کۆمەڵایەتی" باسێکی بەشی یەکەمی
دیبەتیەکەمان بۆ بکەیت،
شێخەلیسلامی موکری:
بەچاوان. من باسی ئەوەم کرد کە بە پێچەوانەی زۆر کەسان، تەنانەت چەند ڤیدێئۆ کە
هەر ڤیم ئامادەی کرد بوو بۆ بانگەشە کردن بۆ ئەو پڕۆگرامە، کە خەمی ئەمەیانە ئێمە
زمانی ستانداردمان نییە، من دەڵێم هەر ئەوەی ئێستا ئێوە قسەتان پێ کرد، کورد سات پێوەی بەڕێوە
دەچێ، ئەوە زمانی ستانداردی کوردیی ناوەندی پێ دەڵێن. ئەمە لە " شێعرەکانم کە
جگەر گۆشی منن دەربەدەرن/ دڵی نالی چ ڕەقە قەت غەمی فرزەندی نییە " لەو
کاتەوە دەستی پێ کردووە، ڕەنگە پێش نالیش. بەڵام تێگەیشتنێکی ناتەواو هەیە
ئەگەر غیرەتم هەبێ بیڵێم کە گۆیا ستاندارد بوون ئەوەیە قۆناغێکە ئەگەر
پێی بگەی ئیتر تەواو بێ و ڕاوەستی.
نا، ئەمن وانەی زمانی ستاندارد، وانەی زمانناسیی کۆمەڵایەتی، وانەی سیاسەتی زمانی
دەڵێمەوە لە کانادا، ئەوە زیاتر لە بیست ساڵە، ئێمە باش دەزانین، ستاندارد بوون بۆ
هیچ نەتەوەیەک، ئاڵمانییەکان تازە ١٩٩٥ ڕێنووسیان ڕێفۆرم کرد، تەواو نابێ.کە دەستت
[کرد بە ستانداردکردنی زمان] درێژەی دەبێ. من باسی ئەوەم کرد کە ئێمە لانی کەم
ئێستا دوو ستانداردمان هەیە، با بڵێین لە کوردستانی گەورەدا. کورمانجی و کوردیی
ناوەندی. بەڵام لە هەرێمی کوردستانیش ئێستا بادینان ستانداردی خۆی هەیە. چۆن
دەزانی ستانداردی خۆی هەیە؟ بەو زمانە کارگێڕی دەکرێت، واتە، کارگێڕیی حکوومی؛
پەروەردە بەڕێوە دەچێت و، میدیا بەو زمانە هەیە، تابڵۆکانی سەر شەقام لە دهۆک بە
شێوەزاری خۆیانن، لێرە [ سلێمانی] بە شێوەزاری کوردیی ناوەندی یە. کە وابوو [شێوەزاری
ستاندارد] هەیە. بەڵام ئەوەی کە ئێمە بڵێین، نا زمانی ستاندارد ئەوەیە کە ڕەسمی بێ
و بەس یەک زمان و یەک نەتەوە بێ، بە ڕای من، ئەمە فکری ئاتاتورک بوو، ئەمە فکری
ڕەزاخانی ئێران بوو کە کورد بۆخۆی قوربانی ئەمە بووە. بە ڕای من کورد نابێ بڕوای
بە شتی وا بێ. کورد دەتوانێ چاوی لە نۆڕوێژ بێ، نۆروێژێکی کە دوو شێوەزاری
ستانداردی هەیە، کە لە ڕاستیدا دوو دیالێکتن، دوو دیالێکتی زمانێکن، زۆر لێک
نزیکن، بەڵام هەر دووکیان بەرانبەرن، ڕەسمین، ڕێزیان لێ دەگیرێ، پەرەیان پێ دەدرێ.
کورد دەتوانێ چاو لە بێلژیک بکا کە سێ زمانی ڕەسمی هەیە؛ چاو لە سویسرا بکا،
سەقامگیرترین دێمۆکراسی لە سەر ئەم سەرزەمینە یە و چوار زمانی [فەرمی] هەیە؛ ئەفریقای
باشووری یازدەی هەیە. هیندووستان زیاتر لە بیست زمانی ڕەسمی هەیە. ئێمە دەتوانین
لەمانە فێر بین، چونکە بۆمان دەرکەوتووە: ئەو کۆمەڵگایانەی کە ڕێزی زمانی یەکتر و
کولتووری یەکتر دەگرن تەبایییان زۆرتر تێدایە. دەتوانن نەتەوەی بەهێزتر بن لەسەر
دەمی ئێستای بە جیهانی بوون دا. ئەگەر بەوەندە کۆتایی بێنم: سەردەمانێک کە
ئینگلیزی، تەنانەت توورکی، فارسی بوون بە زمانی ڕەسمی، ئەو وشیاریی نەتەوەیی و
ئێتنیکی و زمانییە نەبوو کە ئێستا هەیە. ئێستا ناتوانی بە ئاسانی و بە سانایی
زمانێک داسەپێنی چونکە ئینستاگرام بە دنیا دا بڵاوی دەکاتەوە. ببوورە.
ڕەوەند: باشە دوکتور بەشی دووەمی دیبەیتەکە لای دوکتور
نەجمەدین جەباری بوو لە سەرەتای گفتوگۆیەکەی دا باسی لەوە کرد کە ئێمە لەباتی
زمانێکی ستانداردی کوردی دوو زمانی ستانداردی کوردیمان هەیە. ئەو باسی لەوە کرد
باشە. کە دوو زمانی ستاندادی کوردیمان هەیە هەر خۆشی باسی لەوە کرد کە هەتا ئێستا
توانیومانە پارێزگاری لە زمانی کوردی بکەین بەڵام لە ئێستایا زمانی کوردی لە
مەترسی دایە. بەڕێزتان چۆن جوابی ئەدەنەوە؟
شێخەلیسلامی موکری:
زمانی کوردی لە باشووری کوردستان ئەمن پێم وا نییە مەترسی لەسەر بێ. ئێمە دەبێ
بڕێک وشیار بین لە بەکارهێنانی ئەم وشانە.
ڕەوەند:
لە باشووری کوردستان پێت وا نییە مەترسی لە سەر بێ.
شێخەلیسلامی موکری:
ئێمە لە زمانناسیی کۆمەڵایەتی دا پێوانەمان هەیە. ئێستا ئەوە نزیکەی ٧٠ ساڵە
زمانەوانانی ڕۆژئاوایی بە تایبەت سەرنجیان داوەتە سەر زمانە خۆجێیەکانی کە سەردەمانێک
بۆخۆیان فەوتاندیانن ئوڕووپاییەکان ئێستا
دەیان بووژێننەوە. ئێمە پێوانەمان هەیە کە بزانین ئەو زمانە لە پەروەردە دا هەیە؟
ئایا ڕەسمییە؟ ئایا لە بازار کەلکی لێ وەردەگیرێ؟ لە کام بوار، لە پەرستگە، لە
بازار، لە بیزنس، لە فڕۆکەخانە. لە کام
بوارەکان دا کەلکی لێ وەردەگیرێ، کەلکی لێ وەرناگیرێ؟ خەڵکەکە چەندە ڕێزی لێ
دەگەرێ هەموو ئەمانە. ئایا کەموکورتی هەیە، ئالنگاری هەیە؟ سەتاسەت هەیە. من زۆرم
پێ ناخۆشە [کە ئێستا خەریکم شتێک بڵێم]، داوای لێبوردوویی دەکەم. کورد دەڵێ:
"ئەسپی پێشکێشی ددانی نا ژمێرێن". بەڵام کەس بە دڵی نەگرێ کە میوانداریم
لێ دەکرێ، کە دێمەوە ئەو کوردستانە عەزیزە، کە هەموو چەندە بە مێهر و بە محەبەت و
دڵئاوان؛ بەڵام کە دەچمە هۆتێلێک و زمانی کوردی نابینم، جەرگم ئێش دەکا. لە کوبێکی
کانادا، تۆ ناتوانی ئەمە بکەی. هۆتێلەکەت پێ دادەخەن.
ڕەوەند:
دوکتور ئەوە مەترسییەکە نییە؟
شێخەلیسلامی موکری:
مەترسی نا، بەڵام ئەگەر هەر وا درێژەی هەبێ [مەترسی دەبێ]، چونکە با یەک شتیشت عەرز کەم؛ هەموو جارێ کە
دێمەوە باشتر دەبێ؛ هەموو جارێ کە دێمەوە باشتر دەبێ و پێم وایە ئەو پڕۆگرامانەی
ئێوە، ئەوەی کە ڤیم کردوویە، ئەمانە
کاریگەری خۆیان دەبێ. ئەو جۆرە تەئسیرانە، ئەو جۆرە کاریگەریانە بە شەوێک ناکرێ؛
وردە وردە دەکرێن. بەڵام ئەگەر پشوو درێژ بین و کۆڵ نەدەین بە ڕای من باشتریش
دەبێ.
.... ئێستاش بڕۆ مەحکەمەیەکی ئینگلتەرە وشە لاتین و فەڕانسەییەکان دەرباوێی
ئینگلیزی بۆ وەی نابێ ئیشی پێ بکەی. ناتوانی، ناتوانی سەتا پەنجای ئینگلیسی وشەی
فەڕانسەیی، لاتین و یۆنانی یە.
ڕەوەند:
دوکتور کە واتە ئێمە ئەزموونی وڵاتانی ترمان هەیە بەم هەنگاوانەی ئێمەیا تێپەڕیون.
شێخەلیسلامی موکری: بەڵێ
ڕەوەند:
ئەتوانین سوود لەو ئەزموونانە وەربگرین؟
شێخەلیسلامی موکری: بەڵێ بیزەبت، ئەوڕۆ من
ئەگەر گوێتان لێ بووبێ.
پێشکێشکاران:
بەڵێ ئێمە لەوێ بووین
شێخەلیسلامی موکری:
دوکتور هەرێمیش لەوێ بوو، ئەمن زۆر کەم باسی کورد و کوردستانم کرد، چون ئەوانەشم
زۆر کردووە؛ بەڵام دوێنێ شەو قەرارمان دا کە زۆرتر دوکتور فەرەنگیس و دوکتور جەبار
باسی زمانی کوردی و کوردستان بکەن.
ڕەوەند:
نموونەی چەند وڵاتێکت هێنایەوە.
شێخەلیسلامی موکری:
بەڵێ، هێندێک نموونەم هێنایەوە، هێندێک تیۆری ستاندارد بوون و ئەمانە. شتێکی کە
دوکتور هەرێم گوتی زۆر گرینگە بە ڕاستی. زمان دەگۆڕدرێ، هەم زمانی قسە کردن، هەم
زمانی نووسینمان. لەبەر ئەوەیە کە ستاندارد بوون پڕۆسەیەکە قەت ڕاناوەستێ چونکە
زمانەکە ڕاناوەستێ. ناتوانی بڵێی زمانەکە بە قوربانت بم تۆ لێرە ڕاوەستە با من
ستانداردت بکەم و ئیشم تەواو بێ. نا. زمانەکە پەیتا پەیتا لە گۆڕاندا یە. ئێستا من
لە هاوشاری خۆتان بیستوومە، دوایە بەدواداچوونیشم بۆ کردووە، (ئێستا لەوانەیە کەس
بڕوام پێ نەکا بەڵام) "وانێ"، وەکوو دێمە وانێ، دەخۆمەوانێ، دەچمەوانێ،
ئێستا بووەتە تایبەتمەندییەکی سولەیمانی. کەچی وا نەبووە؛ لە شارباژێڕەوە هاتووە.
ئەوە من هیچ شکم نییە، بە دواداچوونم بۆ کردووە، هەرچەند هێشتا تەواو نەبووە
لێکۆڵینەوەکە. لە شارباژێڕەوە هاتووە، بەڵام
ئێستا بووەتە نیشانەی سولەیمانی بوون. زمان دەگۆڕێ.مەبەست ئەوەیە زمان دەگۆڕدرێ، هەندێک جار لە بواری من دا شتێکی پێ دەڵێن بە
پێچەوانەی ستاندارد بوون، نا ستاندارد بوون، یا دژە ستاندارد بوون، یەکی دیکەشمان
هەیە بە خەڵکی بوون (دێمۆتایزەیشن Demotization) یانی کاتێک کە دەبینی شتێک ئی گۆشەیەکە یان تەنانەت ئی چینێکی
بەلاوەی کۆمەڵگەیە لە نەکاو دەبینی دەبێتە زمانی پرێستیژ. جا ئەوە کاتی خۆی بۆ
مەلەکەی ئینگلیس وا بوو. مەلەکەی ئینگلیس نزیکەی بیست ساڵێک بەر لەوەی کە کۆچی
دوایی بکا دەستی پێکرد جار و بار لە قسان دا جۆرێکی قسە دەکرد کە وەکوو شەقامی
لەندەن بوو کە هێندێک کەس زۆریان پێ سەیر بوو، پێشیان ناخۆش بوو، ئەوانەی چاوەدێری
بەسەرشێوەی قسەکردنی مەلەکەی ئینگلیس
دا دەکەن. ئەخر ئەو شتانە هەمووی چاوەدێری دەکرێ. وا بوو پێی نەوێران. کوتی: من پێم خۆشە وەک خەڵکەکەم قسە بکەم. کە ئەوە بوو
بە ستاندارد.
ڕەوەند کوردسات مەگەزین: هیوادارین زمانی شیرینی کوردی هەر بمێنێت و هەمیشە
لە گەشەسەندا بێت.
شێخەلیسلامی موکری:
هەر شیرین دەمێنێتەوە و هەر بەرەو پێش دەچێ بەو مەرجەی کە ئاوا کۆڵ نەدەین
No comments:
Post a Comment