Thursday, October 22, 2026

مێهدی خانبابا تێهرانی، سیمای ناسراوی ئۆپۆزیسیۆن و دۆستی ڕاستەقینەی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە تەمەنی ٩٢ ساڵی دا کۆچی دوایی کرد

بە داخێکی گرانەوە ئێوارەی دووشەمە  ١٩ –ی ئۆکتۆبر مێهدی خانبابا تێهرانی سیمای ناسراوی ئۆپۆزیسۆنی ڕێژیمی پەلەوی و ڕێژیمی جمهووری ئیسلامی  دوای ماوەیەک نەخۆشی لە تەمەنی ٩٢ ساڵیدا  لە نەخۆشخانەیەکی فڕانکفۆرت کە بەساڵان لەو شارە دەژیا چاوی وێک نا. مێهدی ئینسانێکی مێهرەبان، تێکۆشەر و لەبەردڵان بوو. لە دەستدانی خەسارێکی گەورەیە بۆ هەموو ئەو خەباتکارانەی دڵیان بۆ ئازادی لێ دەدا.
لە کتێبی " سازمانی ئینقیلابی و کوردستان، ٢٠٢٠" بەشێک لە گفتوگۆی حەمید شەوکەت لەگەڵ تێهرانیمان لە پێوەندی لەگەڵ دۆزی کوردستاندا هێنابوو، لێرە دا بۆ بیرەوەری ئەو دۆستە ڕاستەقینەیەی گەلی کورد دیسان بڵاوی دەکەمەوە.

حەسەن قازی
٢٢-ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٦


مێهدی خانبابا تێهرانی و دۆزی کوردستان

بەشێک لە گفتوگۆی حەمید شەوکەت لەگەڵ مێهدی خانبابا تێهرانی

ئاوڕێک لە بزووتنەوەوی چەپ لە ئێران لە ناوەوە ، گفتوگۆ لەگەڵ مێهدی خانبابا تێهرانی ، چاپی یەکەم بەهاری ١٩٨٩

 

حەمید شەوکەت: لە دوای دیدار [ی ڕێبەرانی حیزبی توودە] لە لایپزیک و گەڕانەوە بۆ ڕۆژئاوا چتان کرد؟

مێهدی خانبابا تێهرانی: لە دوای ئەو دیدارە و گەڕانەوە بۆ ڕۆژئاوا بە پێی ئەو ئامادەکاریانەی کە بۆ جوێ بوونەوە لە حیزبی توودە کردبوومان و لە سەر بنەمای ئەو ڕاسانەی دژی حیزب وەگەر کەوتبوو دەست بەکار بووین.

 ئێمە لەمانگی فێڤرییەی ساڵی ١٩٦٤، لە شاری موونیخ لە یەكێک لە کافەکانی شار سالۆنێکمان کرێ کرد بۆ پێکهێنانی کۆبوونەوە و  بڕیار دان و لەو کۆنفڕانسی ئامادەکارییە دا " سازمانی ئینقیلابی حیزبی توودەی ئێران " مان بەرپا کرد. بڕیار ئەوە بوو کە لە ڕێکخستەکانی حیزب، ئەوانەی کە لە ڕێبەرایەتی هەڵبڕاون  و ڕێبازی شۆڕش، خەباتی چەکدارانە و دامەزراندنی حیزبی چینی کڕیکاری ئێرانیان لە سەرەوەی چالاکییەکانی خۆیان دا نابوو بانگ بکرێن بۆ کۆنفڕانس. لە پاریسەوە  پ.ن [ پەرویز نوعمان، ئامادەکار ] و حەسەن قازی بەشدار بوون. موحسین ڕیزوانی لە لەندەنەوە بەشداری کرد بوو، لە شاری ئاخێن لە ئاڵمانی ڕۆژئاوا حەسەن زادە ئەندامی پێشووی ڕێکخراوی ئەفسەریی حیزبی توودە بەشدار بوو.  لە توبینگێن شارێک لە ئاڵمانی ڕۆژئاواوە حەمید مەدەنی هاتبوو.  ئەو برای سەروان مەدەنی ئەفسەری پۆلیس و ئەندامی ڕێکخراوی ئەفسەری بوو کە تیرەباران کرا بوو لە ئوتریشەوە  ه.ق. و لە ئیتالیاوە خوسرەو سەفایی لەو کۆبوونەوەیە دا بەشدار بوون . من بۆ خۆم لە موونیخەوە بەشدار بووم و کورش لاشایی شم لەگەڵ خۆم برد بۆ ئەو دانیشتنە هەرچەند کە لە لایەن هیچ کام لە یەکەکانی حیزبییەوە هەڵنەژێردرا بوو.

لەو دانیشتنە دا کە بە کۆنفڕانسی ئامادەکاری ناوبانگی بڵاو بووەوە بناغەی تەشکیلاتێک  داندرا کە دواتر ناوی: "سازمانی ئینقیلابی  حیزبی توودەی ئێران"ی لێ نرا.

 لەو دانیشتنە دا بڕیارمان دا خەبات بە دژی حیزبی توودە بۆ جوێ کردنەوەی هاوڕێیانی دیکەش لەوان بەرەوپێش بەرین و بەدابەشکردنی کاری سادەی پارتیزانی، بەبێ ئەوەی کە قاوشی حیزبی ساز کەین تێمی ٨-٩  کەسیمان پێک هێنا کە بۆ پەروەردەی  نیزامی بیاننێرینە چین تا دوای تەواو کردنی خولی پەروەردە، بە یەکێک لە سنوورەکانی ئێران دا بچنە ناو وڵات و دەست بکەن بە ڕێک خستنی خەباتی چەکدارانە .

 لە دوای کۆنفرانسی ئامادەکاری موونیخ هەوڵین گرووپمان بۆ فێر بوونی ئەزموونی شۆڕشی چین و پەروەردەی نیزامی ناردە ئەو وڵاتە. هەر گرووپەی بۆ ماوەی  ٤ تا ٥ مانگ پەروەردەی دەدی  و ئەو خولانە زیاتر فێربوونی ئەزموونەکانی شۆڕشی چین بوو. ئەو گرووپانەبە پاکستان دا دەچوونە چین، چونکە ئەو دەمی خەتی هەڵفڕینی ڕاستەوخۆ بۆ چین نەبوو. باوەڕی بە نهێنی کاری ئەوەندە زۆر بوو کە هێندێکان تەنانەت لەکاتی هەڵفڕین بەرەو چینیش نەیان دەزانی دەچنە کام وڵات.

شەوکەت: ئەوان ڕۆژان بابەتی خەباتی چەکدارانە لە کوردستان و بەشداری سازمانی ئینقیلابی تێیدا لە بابەتەکانی جێی قڕە و دمەتەقەی کۆڕوکۆمەڵی چەپی ئێران بوو لە دەرەوەی وڵات. لەو بارەیەوە ناوی کورش لاشایی زۆر لە سەر زمانان بوو.  لەو بارەیەوە دەڵێی چی؟

خانبابا تێهرانی: پێم  وابێ باسم کرد کە لاشایی چووبووە کوردستانی ئێران تاکوو بە لێکۆڵینەوە و ڕاوە کردنی بارو دۆخ لە وێندەرێ  زەمینەی بەرەوپێش بردنی شۆڕش و تیوری " ئاڵقەی لاواز " ڕوون کاتەوە. بەپێی ئەو تیورییە کە لە ئیدەکانی لێنین وەرگیرابوو و مائو لەگەڵ بارودۆخی وەرزێریی چێن گونجاندبووی، شۆڕش دەبوو لە هەر وڵاتێک ئاڵقەی لاواز ببینێتەوە و ئەوێ بکاتە پێگەی شۆڕش و بە پاڵپشتی خەباتی چەکدارانە، لەوێوە ناوچەکانی دیکە بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵ.  بەپێێ ئەو تیورییە، ئەو ناوچەیە دەبوو لە هەژارترین لادێکان بێ، لە ڕووی کولتوورییەوە  خاوەنی نەریتی بەرزی شۆڕشگێڕانەبێ، ڕووحییەی نەبەردی هەبێ، لە ڕووی ستراتێژییەوە هەڵکەوتێکی لەباری هەبێ و دەست وێڕاگەیشتنی بۆ حکوومەتی ناوەندی دژوار بێ. بە باوەڕی سازمانی ئینقیلابی، کوردستان خاوەنی ئەو تایبەتمەندییانە بوو.

لاشایی بۆ دامەزراندنی پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی کورد کە ئەو دەمی لە لایەن مەلا ئاوارە و شەریفزادەوە گیانێکی تازەی وەبەر هاتبوو چووە وێندەرێ.  شەریفزادە و مەلا ئاوارە لە لاوانی ڕووناکبیری کورد و خوێندکاری زانکۆی تاران بوون. [دیارە مێهدی خانباباتێهرانی مەلا ئاوارەی لەگەڵ حەمەدەمین سیراجی لێ گۆڕاوە. حەمەدەمین سیڕاجی یەکێک لە ئەندامانی کۆمێتەی شۆڕشگێری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران  لە تاران زانکۆی حقووق ی تەواو کرد بوو، نەک مەلا ئاوارە.  [ئامادەکار]

شەوکەت: ئەمن هەتا ئێستا پێم وابوو مەلا ئاوارە لە وەرزێرانی کورد بووە کە ڕێبەرایەتی بزووتنەوەیەکی وەرزێری بە ئەستۆوە گرتبوو.

خانبابا تێهرانی: ئەوە وا نییە. مەلا ئاوارە خوێندکاری  فاکولتەی حقووق و برای مستەفا شەڵماشی بوو کە ئێستا ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران ە.[وەک لە سەرەوە دا گوترا ئەو زانیارییەی خانبابا تێهرانی لە سەر مەلا ئاوارە ڕاست نییە و ئەوی لەگەڵ حەمەدەمین سیڕاجی لێ تێک چووە. ئامادە کار] .ئەو و هاوڕێیانی لە ناوچەی کوردستان هێندێک حەولیان دا بۆ سازکردنی پێگەیەکی شۆڕشگێڕانە و لەگەڵ ژاندەرمەریش تووشی هێندێک تێکهەڵچوون دێن. ئەوان بە ڕێگای ئەو کوردانەی وا ئەندامی سازمانی ئینقیلابی بوون ڕادەگەیێنن پێیان خۆشە لەگەڵ سازمانی ئینقیلابی موزاکەرە بکەن و ئامادەن یارمەتی بکەن بە ڕاگواستن و دامەزرانی هێزەکانی تێکۆشەری سازمانی ئینقیلابی لە کوردستان. ئەو پێشنیارە لەسەردەرانەی پێکهاتنی کۆنفڕانس دا گەیشتە دەستی سازمان و دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکە بڕیار درا مەئموورییەت بدرێ بە لاشایی بۆ پێوەندی لەگەڵ کوردەکان سەفەر بکا بۆ کوردستان. ئەو بڕیارە لە بەر ئەوە درا تا لاشایی هەم تاقی بکرێتەوە و لە ڕاستیدا بیرکردنەوەی خۆی تازەکاتەوە. لاشایی چووە کوردستان و چەند حەوتوویەک لەگەڵ سماییل شەریفزادە بوو  [بە پێی قسەی لاشایی و ئەوانیدی هەر نەبێ ئەو ماوەیە زیاتر لە دوو مانگ لەگەڵ پێشمەرگەکان بووە. ئامادەکار]. ئەو لە گەرانەوە بۆ ئوڕوپا، لە کوردستانی عێڕاق پێوەندی  لەگەڵ تاڵەبانیش کرد و ماوەیەک میوانی وی بوو.

دواتر کاتێک دوای شۆڕش [مەبەست شۆڕشی ئێرانە لە  ١٩٧٩، ئامادەکار] چوومە کوردستان زانیم لاشایی لە ناو کوردەکان دا بیرەوەری زۆر باشی لە دوای خۆی بەجێ هێشتووە و هەر دەڵێی لە بەرانبەر ڕێژیمی شا دا تەسلیم نەبووە. خەڵکی عاتیفی گوندەکانی کوردستان ئاوان. لاشایی یەک لە ڕووناکبیرە هەرە بەناوبانگەکانە کە ناوی لە بیرەوەری وەچەی لاوی هەرێمی کوردستانی ئێران و عێڕاق دا ماوەتەوە.

شەوکەت: بۆچی وایە ؟

خانبابا تێهرانی: هۆیەکەی ڕوونە.  ئەوان ڕۆژان وەک ئەمڕۆ نەبوو کە هەر مێرمنداڵێک ببێتە شۆڕشگێڕ. ئەوەی کە ڕووناکبیرێک کە دوکتورە و لە هەندەران دەرسی خوێندووە، شان بداتە بەر ژیانی سەخت، لە سەر زەوی ڕووت بخەوێ، لەگەڵ خەڵک هەر هەمان نان بخوا کە ئەوان دەیخۆن و لەماوەیەکی کورت دا زمانی کوردی فێربێ، دیارە هۆگری و سەمیمییەت ساز دەکا  و ئەوە هەمووی ببووە  هۆی خۆشەویستی و سەمیمییەت نیسبەت بە وی.

شەوکەت: ئیدیعای بەشداری سازمانی ئینقیلابی لە بزووتنەوەی کوردستان دا و ئەو تەبلیغاتە گەورەکراوەی لەوبارەیەوە کرا کێشەکانی زیاتر کرد و دیسان باسی" کاستریسم" ی زیندوو کردەوە  ئایا ئەوەش یەک لە خاڵی جێی کێشە بوو لەگەڵ ڕێبەریی سازمانی ئینقیلابی؟

خانبابا تێهرانی: باسی خیلافی خۆمم کرد لەگەڵ ڕێبەریی سازمانی ئینقیلابی. باسی کوردستان و تەبلیغاتی گەورەکراوەی ڕێبەریی سازمان لە مەڕ بەشداریکردن لەو بزووتنەوەیە دا برین کولاندنەوە بوو، ڕێبەریی سازمانی ئینقیلابی دەیویست هەر وە دوای هەمان گرووپی پارتیزانی کەوێ و وەک ئاڵقەی لاواز کوردستانی دۆزیبووەوە. هەر چۆنێک بێ کاتێک ئەوان لە نەخۆشخانەی شاری کوێلن بابەتەکەیان لەگەڵ هێنامە گۆڕێ دژایەتیم کرد و گوتم ئەوە دیسان ڕیزوانی پیلانگێڕی کردووە و دەیەوێ هەمان هەڵسوکەوتی ڕابردوو درێژە پێ بدا. بە بێ ئەوەی کە ئیزن بدا سازمان پێ بگرێ، سیاسەت گەڵاڵە بکا و لە ڕاستیدا ببێ بە سازمان. ئەوان کاتێک زانیان منیان پێ پێمل ناکرێ ڕۆیشتن و لە دوای ئەو گفتوگۆیە ژمارەیەکیان لە، گۆواری تودە، چاپ کرد. ئەوەڵین ژمارە لە دوای کۆنفڕانسی کادرەکان بە ناوی پێداهاتنەوە و هەڵێنجاوەی  ڕابردوو چاپ بوو کە تێیدا مەسەلەکانیان دیزە بە دەرخۆنە کرد بوو. رێبەرانی سازمانی ئینقیلابی بە چاپی ئەو ژمارەیە، دروشمی بۆ پێشەوە بەرەو دامەزراندنی پێگەی شۆڕشگێڕانە لە لادێ یان بەرز کردەوە و بە دوای ئەوە دا چوونە عێڕاق بۆ لای تاڵەبانی و تەمایان ئەوە بوو لەوێوە بچنە ئێران.

بە دەرکەوتنی من لە نەخۆشخانە خوسرەو سەفایی لەبەر دۆستایەتی و هاوڕێیەتییەکی نزیکی کە لەگەڵ من هەیبوو چەندین جار هاتە لام بۆ ئەوەی ناوبژیوانی بکا و ئێمە ئاشت کاتەوە: "دەیگوت تۆ خۆت ڕێکخراوەکە لە ئوڕووپا بپارێزە و ئامادەکاری بکە بۆ بەستنی کۆنفڕانس، هەرچی بوو ئێمە لە دووی دەدەین و ڕیزوانیش کۆنتڕۆڵ دەکەین." هەر چییەکی بوو من لەو بڕگە مێژووییە دا نەسازام و لەگەڵیان نەهاتمە ڕەدایە.

شەوکەت: ئەو مەسەلەی کۆنگرەی ڕێکخراوی لێخۆشبوونی نێونەتەویی ئەمنستی لە ئامستردام چ بوو؟

خانبابا تێهرانی: کۆنگرەی ڕێکخروای لێخۆشبوونی نێونەتەوەیی ئەمنستی لە ساڵی ١٩٧٥ بۆ پێڕاگەیشتن بە مەسەلەی پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ئامستردام پێک هات. ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندکە پێکهاتنی ئەو کۆنگرەیە پیلانی کۆمپانییە نەوتییەکانە. چونکە ئێران بووە  بە هەڵۆی ئۆپێک و نرخی نەوتی زیاد کردووە و بۆیەش کەوتووەتە بەر پەلاماری کۆمپانییە نەوتییەکان. واقعییەت ئەوە بوو کە ستراتێژی مافی مرۆڤ سەرەتای جووڵەی سەرمایەداری لە جیهان دا بوو کە تەمای گرتبوو هێندێک چاکەسازی لە سیستمی لەگوێن سیستمی شا دا بکا. بۆ کۆنگرەی ئەمنستی چەند کەس لە تاکوتەرای ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش بانگ کرابوو، لە وانە قاسملوو لە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان، مەنووچهری کەڵانتەری لە ئینگلیستانەوە کە خاڵی بیژەن جەزەنی بوو و وەکوو کەسێک کە ئەندامێکی بنەماڵەکەیان قوربانی کرا بوو، بانگ کرا بوو. [مەنوچێهر کەڵانتری لە تێکۆشەرانی لایەنگری بزووتنەوەی چریکی شاری بوو لە ئێران، لە سەروبەندی ڕووخانی ڕێژیم شا لە ئینگلیستانەوە چووەوە ئێران و دوای چەند ساڵ تێکۆشان لە ڕیزی سازمانی چریکەکانی فیدایی گەل دا لە مانگی مارسی ساڵی ١٩٨٢ کاتێک دەیویست بە نهێنی لە ئێران دەرکەوێ لە شاری زاهیدان کەوتە گەمارۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و بۆ ئەوەی بە زیندووی نەکەوێتە دەستیان نارنجۆکی بە خۆی دا تەقاندەوە و ژیانی لە دەست دا. مەنووچێهر کەلانتەری دۆستێکی دڵسۆزی گەلی کورد بوو. ئامادەکار] لە کۆبوونەوەی کۆنگرە دا لە جیات کەڵانتەری کە نەخۆش کەوتبوو، برلیان لە ئینگلیستانەوە بەشدار ببوو، بەهمەن نیروومەند لە ئاڵمانەوە و هومایوون عەلی زادە لە ئوتریشەوە بانگ کرا بوون بۆ کۆنگرە. سادق قوتبزادەش لەگەڵ پارێزەری فەڕانسەیی لوویی ئاڵ باڵا لەو کۆنگرەیە دا بەشداری کرد بوو.

شەوکەت: لوویئ ئاڵ بالای ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی فەڕانسە؟

خانبابا تێهرانی: بەڵێ. یەکێک لە ناکۆکییەکانی مەسەلەکە بوو کە ناسێنەری قوتبزادە بە کۆنگرە ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی فەڕانسە بوو. ئاڵ باڵا دواتر لە مەسەلەی رزگاری بارمتە ئەمریکاییەکانی سەفاڕەتی ئەمریکا لە ئێرانیش هێندێک موداخەلەی کرد.

شەوکەت: بۆچوونی قوتبزادە لەسەر چلۆنایەتی مافی مرۆڤ لە ئێران چ بوو؟

خانبابا تێهرانی: قوتبزادە دەورێکی سەیری هەبوو. ئەو لە کۆمیسیۆنێکی کۆنگرە دا کە قاسملووش تێیدا ئەندام بوو، حەولی دەدا بیسەلمێنی کە لە زیندانەکانی ئێران دا هەر زیندانیی موسوڵمان هەن. وەبیرم دێ لەگەڵ مەحموود ڕاسێخ و بەهمەن نیروومەند لە داڵانی بەسترانی کۆنگرەکە ڕاوەستابووین کە قاسملوو هات و گوتی: "ئەو خوێڕییە کێیە؟ ئەمن لە کۆمیسیۆنەکە دا هەر چەندی دووپاتەی دەکەمەوە کە لە زیندانەکانی ئێران دا کوردەکان، کۆمۆنیستەکان و دێمۆکڕاتەکان و مەزەبیەکان زیندانین. دەڵێ لە جێدا شتێکی ئاوا نییە. میللەتی ئێران هەموویان موسوڵمانن و تەنێ موسوڵمانەکان لە زیندان دان." قاسملوو ئەو دەمی قوتبزادەی نەدەناسی و من پێم گوت کە ئەو شەخسە سادق قوتبزادە یە. [ سادق قوتبزادە لە یارانی خومەینی بوو لە دەرەوەی وڵات و لە دوای سەرکەوتنی شۆڕش بۆ ماویەک وەزیری کاروباری دەرەوە و سەرۆکی ڕادیۆ تێلێڤیزیۆن و ئەندامی شووڕای شۆڕش بوو. لە ١٥-ی سێپتامبری ١٩٨٢  بە تاوانی  بەشداری لە کودتا بە دژی ڕێژیم ئێعدام کرا. ئامادەکار]

شەوکەت: حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ئێران جەبهەی دێمۆکڕاتیکی نەتەوەیی تەئیید کرد؟

خانبابا تێهرانی: جەبهە لە لایەن هەموو لایەنەکانی بزووتنەوەی کوردستان تەئییدکرا، واتە هەم حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان،هەم دەفتەری شێخ عێزەدین حوسینی و هەم کۆمەڵە یەکپارچە جەبهەی دێمۆکڕاتیکیان تەئیید کرد.

شەوکەت: بابەتی دیداری ڕەجەوی لەگەڵ تاریق عەزیز کە نوختەی دەسپێکی نزیکی ئەوان لە عێڕاق و گەورە بوونەوەی خیلافاتی نێوان بەنی سەدر و ڕەجەوی دواتر باس دەکەین. بەر لەوە دەمویست باسی مەسەلەی گەڵاڵەی خودموختاری کوردستان بکەین کە ئاماژەت بەپەسند کردنی کرد لە شووڕا [ی میللی مقاوەمەت]

خانبابا تێهرانی: حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان بە دیتنی شێوەی کاری موجاهیدین کە هیچ نرخێکیان بۆ ناسنامەی سەربەخۆی شووڕا دانەدەنا، باسی مەسەلەی خودموختاری کوردستانیان هێنا گۆڕێ کە لە بەڵگەکانی شوورا دا بە ناوی " خەباتی حەقخوازانەی خەڵکی کوردستان " هاتبوو. حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان باوەڕی وا بوو شووڕا دەبێ بۆچوونی خۆی سەبارەت بە مافی خودموختاری خەڵکی کوردستان و چارەنووسی ئەوان ڕابگەیێنێ. موجاهیدین وەک پێشوو ڕایان گەیاند بەنی سەدر دژی خوموختارییە و دمە تەقە گەرم بوو. دواجار بەنی سەدر گوتی دژایەتییەکی نییە لەگەڵ خودموختاری و لەگەڵ ئەوەیە لەو بارەیەوە گەڵاڵەیەک ئامادە بکرێ و ئەویش بۆچوونی خۆی لە سەر ئەو گەڵاڵەیە ڕادەگەیێنێ.

شەوکەت: هێنانە گۆڕی مەسەلەی خودموختاری کوردستان لە لایەن حیزبی دێمۆكراتەوە لەو سەر و بەندە تایبەتییە دا هۆی چ بوو؟

خانبابا تێهرانی: شووڕا لە ژێر گوشاری گشت بزووتنەوەی کوردستان دا بوو. بە تایبەتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان لە هەموان زیاتر لە ژێر گوشار دابوو. بەو مانایە کە دەنگۆی ئەوە بڵاو ببووەوە لەگەڵ شووڕایەک کەوتوون کە بەنی سەدر تێیدا ئەندامە و دژی ئەسڵی خودموختارییە. سازمانی کۆمەڵە ئەو تەبلیغاتەی گەورە دەکردەوە  و ئیدیعای دەکرد کە حیزبی دێمۆکڕات چوەتە ناو ئیتیلافێکی بورژوایی و بورژوازی دوژمنی گەلانە. وەبیرم دێ قاسملو جارێک لە کۆبوونەوەی شووڕا دا بە شۆخی گوتی: " خەڵکی کوردستان دەڵێن تا دوێنێ لەگەڵ ڕێژیمی خومەینی شەڕمان دەکرد و سبەینێ کە موجاهیدین بێنە سەر کار دەبێ لەگەڵ وان شەڕ بکەین".  ئەو پێی وابوو " بۆ ئەوەی پێش بەو شەڕە دوویەمەی کە زەینیش بێ بگیرێ باشترە شووڕا هەڵوێستی خۆی لە سەر کوردستان بە شێوەیەکی ڕوون دەر ببڕێ.

بە زیاد بوونی گوشارێکی ئەوتۆ لە سەر شووڕا و لە پێناو پاراستنی یەکەتییەکەی وامان بیر کردەوە کە هیچ گرێ پووچکەیەک بۆ داهاتووی ئێران نەهێڵینەوە. مەسەلەی خودموختاری کوردستان بابەتێک بوو کە شووڕا دەبوو پێی ڕابگا و بەرنامە و سیاسەتی خۆی لەو ڕووەوە دیاریی بکا. ئێمە وامان بیر کردەوە لە بەر دۆستایەتی و تێکەڵاوییەکی لە مێژینەی کە لەگەڵ کوردەکانمان هەبوو، ڕەنگە بتوانین لەو بارەیەوە ببینە سەرچاوەی خزمەتێک. ڕەجەوی ش زۆر پێشوازی کرد لەو بابەتە تا ئێمە بچینە کوردستان و گەڵاڵەیەکی پێشنیارکراو بۆ مەسەلەی خودموختاری کوردستان ئامادە بکەین و بۆ گەنگەشە و پەسند کردن بیخەینە بەر دەم شووڕا.

لە مانگی ژوەنی ساڵی ١٩٨٣ ئەمن لەگەڵ بەهمەن نیروومەند چووم بۆ کوردستان. ئەو زەمانی هاوڕێی ئێمە نووری دێهکوردی ش لە کوردستان بوو [نووری دێهکوردی هەر ئەو تێکۆشەرەی دۆستی کوردە کە لە بێرلین لە سێپتامبری ١٩٩٢ لەگەڵ دوکتور سادق شەڕەفکەندی و دوو بەرپرسی دیکەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بە دەست جەلادانی کۆماری ئیسلامی تێرۆر کرا، ئامادەکار] و ئێمە هەر سێکمان بە ماوەی ٢٠ ڕۆژ لەگەڵ دەفتەری سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان خەریکی گفتوگۆ بووین.  بە هەڵکەوت  ئەو کاتەی ئێمە لە کوردستان بووین حیزبی دێمۆکڕات پێلێنۆمی کۆمیتەی ناوەندی هەبوو و لە هەموو شوێنەکانی کوردستانەوە، کادری ڕێبەرایەتی لەو دانیشتنە دا بەشدارییان کرد بوو و ئەوە دەرفەتێكی لەبار بوو تا لە نزیکەوە گفتوگۆیان لەگەڵ بکەین. ئاکامی ئەو گفتوگۆیەی ئێمە وای لێ هات کە کۆمیسیۆنێک بە بەشداری ئەندامانی دەفتەری سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی و ئێمە سەبارەت بە خودموختاری گەڵاڵەیەک ئامادە بکا و پاش و لە سەر دوانی بیباتە کۆبوونەوەی شووڕا. ئێمە ئەو گەڵاڵەیەمان ئامادە کرد و بە ڕای ڕێبەری حیزبی دێمۆکڕات، دوای پێداچوونەوە و هەموار کردن وەکوو گەڵاڵەی پێشنیارکراوی حیزبی دێمۆکڕات بە ئیمزای ئەوانمان گەیاند. بە گەڕانەوە لە کوردستان ئەو گەڵالەیەمان وەکوو دیارییەکی سەفەر هێناوە پاریس و لە بەر دەست ڕەجەوی مان نا بۆ ئەوەی هەرچی زووتر لە شووڕا دا بخرێتە بەر باس و دوای ساخکردنەوە پەسند بکرێ. دوا جار دوای تێپەڕینی چەند مانگ، گەڵاڵەی پێشنیارکراوی خودموختاری خرا ناو ڕۆژەڤی کۆبوونەوەکانی شووڕا و قاسملووش بۆ قسەکردن لە سەر ئەو گەڵاڵەیە هاتە پاریس. تا ئەو جێگایەی وەبیرم بێ لە سەر دوو خاڵ جیاوازی بیروڕا هەبوو لەمەڕ ئەو گەڵاڵە پێشنیارکراوە.

شەوکەت: ئەو خاڵانەی کە لە گەڵاڵە پێشنیارکراوەکەی ئێوە دا خیلافیان لە سەر بوو چ بوون؟

خانبابا تێهرانی: یەکیان لە سەر سنووری ئوستانی کوردستان بوو. چونکە لە سەر بنەمای دابەشکردنی جوگرافیایی وڵات لە سەردەمی شا دا، هێندێک بەشی ناوچەی کوردنشین کەوتبوونە ئوستانی ئازەربایجان و بەنی سەدر لەگەڵ ئەوە نەبوو ئەو ناوچانە وەک بەشێک لە کوردستان ڕابگەیێندرێن. ئەو پێی وا بوو ئێمە ناتوانین دابەشکردنێکی نوێ لە جوگرافیای وڵات دا بکەین. لە دوای دمەتەقە و قسە لە سەر کردن، کوردەکانیش ئەو بابەتەیان پەژراند و بڕیار درا ئەو بابەتە دوای ڕووخانی ڕێژیمی خومەینی لە ڕێفراندۆمێک دا لەلایەن خەڵکی ئەو ناوچانەوە یەک لا بکرێتەوە و خۆیان بڕیار بدەن کە کامەیەک لەو ناوچانە لە ئوستانی کوردستان یان ئازەربایجان دا هەڵکەون. خاڵەکەی دیکە لەمەڕ هێزی ئەڕتەش و هێزە ئینتیزامییەکان بوو.  بە پێی گەڵاڵە پێشنیارکراوەکە دیاریکردنی هێزە ئینتیزامییەکانی کوردستانی خودموختار درابووە دەست پارڵمانی ئەیالەتی و حیزبی دێمۆکڕات باوەڕی وا بوو، هێزە پێشمەرگەکانی هەنووکە، لە ئێرانی دێمۆکڕاتیک و ئازادی داهاتوو دا بە هێزە ئیتیزامییەکانی هەرێمی کوردستان دابندرێن. بەنی سەدر لەو بارەیەوەش لەگەڵ نەبوو و پێی وابوو بەوشێوەیە ئەرتەش دە نێو ئەڕتەش دا ساز دەبێ. لە سەر ئەو خاڵەش ڕێکەوتنێک کرا کە بە پێی ئەوە ڕێکخستنی هێزە ئیتیزامییەکانی کوردستان بە بڕیاری دەوڵەتی ناوەندی و بیروڕای پارڵمانی ئەیالەتی کوردستان دەبێ. دوا جار دوای ئەو دمە تەقە و هەموار کردنانەی کە کران، گەڵاڵەی پێشنیارکراو پەسند کرا. بەڵام  هەستی من ئەوە بوو کە لە کۆتاییەکانی کاری بڕیار دان و پەسند کردنی گەڵاڵەی خودموختاری کوردستان دا دۆخێکی ورووژاو ساز ببوو کە هۆیەکەیم نەزانی. بە شێوەیەک کە ڕەجەوی دەیگوت بۆ دیداری قاسملوو خۆی چووەتە ئۆفیسی حیزبی دێمۆکڕات لە پاریس و لێی زیاد دەکرد ئەگەر ئەو هەنگاوەی نەناباوە، دژایەتییەکانی بەنی سەدر لەگەڵ گەڵاڵەی پێشنیار کراو، دەبووە هۆی جیابوونەوەی حیزبی دێمۆکڕات لە شووڕا.

گفتوگۆی پازدەهەم یۆنان، بانەمەڕی ١٣٦٦  [ئاوریلی ١٩٨٧]

شەوکەت: بەر لە درێژەدان بەو باسە، لەبەر ئەوەی باسی سەفەری کوردستانت کرد دەمەوێ گفتوگۆی ئەمشەو لەو بارەیەوە بەرەو پێش بەرین. بە تایبەتی لە بەر ئەوەی کە پێشینەی ناسیاوی دوور و درێژت لە گەڵ ڕێبەرانی بزووتنەوەی کوردستان  و مەسەلەی خودموختاری و خەباتی مەردمی کوردستان هەبووە، بە تایبەتی دوای شۆڕش ئەوانە گرینگترینی ئەو مەسەلانە بوون کە بزووتنەوەی سیاسی ئێران لەگەڵیان ڕووبەروو بووە.

خانبابا تێهرانی: پێشینەی هاوکاری و پێوەندیی من لەگەڵ بزووتنەوەی کوردستان دەگەڕێتەوە ٢٥ ساڵ لەمەوبەر. بە پێی ئەو چالاکییەی کە لە ڕابردوو لە حیزبی توودە دا هەمبوو، لەگەڵ تێکۆشەرانی کورد و مەسەلەی کوردستان تا ڕادەیەک ئاشنا بووم. ئەو ئاشناییەم ئەو کاتەی کە لە ئێران بووم و لە دوای ئەوە لە دۆستایەتی لەگەڵ هێندێک لە تاکوتەرای بزووتنەوەی کورد لە هەندەران بەهێزتر بوو. دۆستایەتی لەگەڵ ئەنجیری ئازەر، عەلیی قازی، کوڕی قازیی محەمەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان، کە لەگەڵ وی لە موونیخ خەریکی خوێندن بووم، حەسەن سەیفی قازی، ئەمیر قازی، سەلیم بابان، محەمەد موهتەدی، دوکتور ڕەحمان قاسملوو، دوکتور سەعید [شەرفکەندی]، مامۆستا حەیاکی، شیخ عێزەدین حوسینی، عەبدوڵا موهتەدی، سارمەدین سادق وەزیری و زۆر کەسی دی لە خەباتکارانی کورد هۆگری منی زیاتر کرد لەمەڕ خەباتی مەردمی کوردستان و چارەنووسی. کاتی خوێندن لە ئوڕووپا، لە ساڵی ١٩٦٠ وە لە زۆربەی دانیشتنەکانی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردی دانیشتووی ئوڕووپا بەشدار دەبووم. لە ساڵی ١٩٦١ کۆنگرەی ئوڕووپایی خوێندکارانی کورد لە موونیخ بەسترا و ئەمن بە نوێنەرایەتی ئەنجومەنی خوێندکارانی ئێرانی بەشداریم تێدا کرد و لە وتارێک دا هاوپێوەندی خەباتکارانەی خوێندکارانی ئێرانیم لەگەڵ بزووتنەوەی مەردمی کوردستان ڕاگەیاند. لە بەراییەکانی ساڵی ١٩٧٠لە فڕانکفۆرت دیدارێکم هەبوو لەگەڵ دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو یەکێک لە سیما هەڵکەوتووەکانی بزووتنەوەی کوردستان و هەر لەو دەمییەوە پێوەندییەکی عاتفی و خەباتکارانە لە نێو ئێمە دا ساز بوو کە تا ئێستاش بەردەوامە. لە ساڵی ١٩٧٥  لە لایەن ڕێکخراوی ناونەتەوەیی ئەمنستی لە ئامستردام کۆنگرەیەک بۆ پێڕاگەیشتن بە وەزعی زیندانییە سیاسییەکان و پێشێل کردنی مافی مرۆڤ لە ئێران پێک هاتبوو کە من و قاسملووش تێیدا بەشدار بووین. چیرۆکی لێک ڕاسانی قاسملوو و قوتب زادەم لە سەر زیندانییە سیاسییەکانی ئێران لەو کۆنگرەیە دا، لە گفتوگۆکانی پێشوو دا شی کردەوە. دوای گەڕانەوە لەو کۆنگرەیە جارێک قاسملوو هات بۆ دیداری من  و دوای گفتوگۆ لە سەر بارودۆخی ئێران گوتی کوردەکان کەم کەم خۆیان ئامادە دەکەن بۆ گەڕانەوە بۆ ئێران. چەند مانگ بەر لە ڕووخانی ڕێژیمی شاش یەکێک لە هاوڕێ کوردەکان هاتە لام و هەڵگری پەیامێک بوو لە لایەن قاسملوو وەوە و گوتی ژمارەیەک لە کوردەکان دەیانەوێ بگەڕێنەوە ئێران و پێویستییان بە پاسپۆرتە. ئەمنیش بەو دەرفەت و ئیمکانەی هەمبوو  پاسپۆرتم ئامادە کرد و لە بەر دەستم نان. ماوەیەک دواتریش لە سەر وبەندی دەوڵەتی شەریف ئیمامی دا ژمارەیەک لە کوردەکان بە شێوەی ناقانوونی  بە سنوورەکانی کوردستان دا هاتنە ناو وڵات و دەستیان کرد بە ڕێک خستنی یەکەکان و تۆڕەکانی جۆر بە جۆری حیزبی دێمۆکڕات لە شوێنە جیاوازەکانی کوردستان.

بە ڕووخانی ڕێژیمی شا، ژمارەیەک لە بەرپرسانی ڕێژیمی جمهووری ئیسلامی تێدکۆشان شایەد مەسەلەی کوردستان لە ڕێگای گفتوگۆ و بە شێوەی ئاشتییانە چارەسەر بکەن و ڕێکەوتن لە سەر ئەوەی مافی خۆبەڕێوەبەری بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی گشتی خەڵکی ئێران بپارێزن. قاسملوو و حیزبی دێمۆکڕات پێشوازییان کرد لەنەرمییەکی ئاوا و جارێک هاتن بۆ دیداری خومەینی. لە هەیئەتی نوێنەرایەتی کوردستان دا کە لەقوم هاتن بۆ دیداری خومەینی، قاسملوو، دوکتور سەعید [شەڕەفکەندی]، [ئامادەکار]، ئەمیر قازی و غەنی بلووریان بەشدار بوون.

شەوکەت: بۆچوونی قاسملوو سەبارەت بە خومەینی و ئاکامی ئەو دیدارە چ بوو؟

خانبابا تێهرانی: ئەو هەیئەتە لە دوای دیدار لەگەڵ خومەینی لە قوم، لە گەڕانەوە دا لە تاران بۆ نەهار لە ماڵی من میوان بوو.  قاسملوو لە دوای ئەو دیدارە سەبارەت بە خومەینی خۆش بین نەبوو و دەیگوت: "خومەینی چ گوێ ناداتە داوخوازی کەمایەتییەکانی دیکە لە ئێران، چ ئێتنیکی و چ باوەڕی، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لە هیچ حەولێک بۆ چارەسەر کردنی هێمنانەی کێشەکە دەست ناگێڕینەوە". لە ڕاستیش دا هێندێک حەولدان هەبوو لە هەموو ڕوویەکەوە بۆ ڕەواندنەوەی قەیرانەکە. لە وانە ناردنی هەیئەتە دەوڵەتییەکان  بۆ کوردستان کە فروهەر، بەنی سەدر، تالەقانی و سەباغیان تێیدا بەشدار بوون. بەڵام وا وەبەرچاو دەهات کە هێزەکانی ناوخۆیی ڕێژیم هەموویان  لەگەڵ چارەسەری مەسەلەی کوردستان لە ڕێگای هێمنانەوە نەبن، بەڵکوو زیاتر مەیلیان ئەوە بوو کە بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان سەرکوت کەن.

شەوکەت: ئەو سەروبەندی لە ناو هێزە جیاوازەکانی بزووتنەوەی کوردستانیش دا یەکێتیی بیروڕا  سەبارەت بە چلۆنایەتی چارەسەری مەسەلەکە نەبوو .

خانبابا تێهرانی: باوەکوو جۆر بە جۆری بیروڕا لە کوردستان  کە ئەو دەمی لە بەر بوونی حیزبی دێمۆکڕات، کۆمەڵە، فیداییەکان، و شێخ عێزەدین حوسێنی وەکوو ڕێبەری مەزەبی خەڵکی کوردستان لە گۆڕێ دا بوو، حیزبی دێمۆکڕات توانی لە پێکهاتەی ئەو هێزانە هەیئەتێکی نوێنەرایەتی پێک بێنێ و ئەو هەیئەتە ڕازی بکا تا لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی بچێتە دەوری مێزی موزاکەرە. لە پێکهاتەی ئەو هەیئەتە دا، قاسملوو بۆ پاراستنی یەکێتی گشت هێزەکان بە شەخسە مەقامێکی وەرنەگرت و سەرۆکایەتی هەیئەتەکەیان دا دەست شێخ عێزەدین  حوسێنی. لەو هەیئەتە دا کە نوێنەرانی حیزبی دێمۆکڕات، کۆمەڵە و فیداییەکانی تێدا بەشدار بوون، چەندین جار لە گەڵ نوێنەرانی دەوڵەت دانیشتن و موزاکەرەیان کرد.

شەوکەت: بە ڕای تۆ ئایا هەموو هێزەکانی بزووتنەوەی کوردستان ئامادە بوون بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەکی هێمنانە؟

خانبابا تێهرانی: لەو زەمانی دا هێزی ئاوا هەبوون کە تەمایان گرتبوو مەسەلەی کوردستان  لە ڕێگای هێندێک قالبی شۆڕشگێڕانەی تایبەتی کە فێری ببوون جێ بەجێ کەن. بۆیە لە سنە کە بە شێوەیەکی سەرەکی هێزەکانی کۆمەڵە لەوێ کۆ ببوونەوە، یەکەم تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی ئەڕتەش دەستی پێ کرد. دواتر بەنی سەدر  حیزبی دێمۆکڕاتی تاوانبار کرد بەو تێکهەڵچوونە و باوەڕی وا بوو کە ئەڕتەش  بە مەبەستی پاراستنی سنوورەکانی وڵات ویستوویە بە سنە دا تێپەڕێ تا لە بەرانبەر ئەگەری دەستدرێژییەکانی  عێڕاق  کە خەبەری بە شێوەی جێی باوەر بە گوێی بەرپرسانی وڵات گەیشتبوو  ئامادەیی نیزامی ساز کا و کوردەکان لە سنە ڕێیان لە هێزەکانی ئەڕتەش گرتووە و تەقەیان لێ کردوون. حیزبی دێمۆکڕات لەو باوەڕە دا بوو کە ئەو ئیدیعایە نادروستە و ناکرێ ئەوە هەموو بە گشتی وەپاڵ بزووتنەوەی کوردستان بدرێ. دواتر بە بەڵگە ڕوون بووەوە کە ئەو زەمانی ڕێبازی توندوتیژکردنی ناکۆکییەکان  لە کوردستان لە لایەن کۆمەڵەوە بەڕێوە چووە.

شەوکەت: بەر لەوەش ڕووداوی چەک کردنی سەربازخانەی مەهاباد لە لایەن حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانەوە  هەرا و هوریایەکی زۆری نا بووەوە .

خانبابا تێهرانی: حیزبی دێمۆکڕات بە هوشیارییەوە کە بە بۆچوونی من بەشی گرینگی لەمەر قاسملوو بوو، لە  عەینی نەرمییەک کە لە بەرانبەر ڕێژیمی خومەینی و موزاکەرە کردن نیشانی دەدا، هێزەکانی خۆشی ڕێک دەخست و ئامادە دەکرد. بۆ وێنە کاتێک چەک و چۆڵی کەم بوو، بە پەلامار دان و چەک کردنی سەربازخانەی مەهاباد ئەو کەمایەسییەی تێ هەڵێناوە  و ئەو بابەتە بووە هۆی جەنجاڵێک بە دژی حیزبی دێمۆکڕات و بزووتنەوەی کوردستان. حیزبی دێمۆکڕات  خۆی بۆ ڕۆژی مەبادا ئامادە دەکرد و  سەلما کە ئەو خۆ ئامادە کردن و پێش بینییە دروست بووە.

دوای زیاد بوونی ناکۆکی لە نێوان بزووتنەوەی کوردستان و ڕێژیم دا دەبوو چارەسەرییەک دۆزرابایەوە. حیزبی دێمۆکڕات لەو زەمانی دا بیروڕای ئەوە بوو لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی بێتە ڕەدایە و ئامادەیی خۆی بۆ بەشداری لە مەجلیسی خیبرەکان دا ڕاگەیاند. هەر چەند کە ئەو مەجلیسی خیبرەکانە ئیدی ئەو مەجلیسی دامەزرێنەرانەی نەبوو کە خومەینی بەڵێنی پێک هاتنی دابوو، حیزبی دێمۆکڕات پەژراندنی لەبەر پاراستنی سەلاح و مەسڵەحەتی شۆڕش و کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان بەشداری تێدا بکا و قاسملوو لە ڕەزائییەوە بە دەنگی لێبڕاو بۆ نوێنەرایەتی مەجلیسی خیبرەکان هەڵبژێردرا. لەو ناوە دا جووڵەی وی لە ڕەزائییەوە بۆ تاران  وەدرەنگی کەوت و نەیتوانی لە دانیشتی سڵاو و یەکتر ناسین دا بەشدار بێ. خومەینی لەو دانیشتنە دا ڕووی لە نوێنەرانی مەجلیسەکە کرد بوو و سۆراغی قاسملووی کرد بوو تا ئەگەر لەوێ ئامادەیە فەرمانی گرتنی  بدا. بە دوای ئەو ڕووداوە دا دوکتور سەعید لە تارانەوە بە تەلەفون پێوەندی بە قاسملووەوە دەکا و پێی ڕادەگەیێنێ نەیە بۆ تاران چونکە خومەینی بە شەخسی خۆی فەرمانی گرتنی وی دەرکردووە. ئەو نوختەیە ئەوەی نیشان دەدا کە خومەینی نایەوێ لەگەڵ گیروگرفتەکانی وڵات بێتە ڕەدایە و تەمای گرتووە کۆمەڵێکی یەکلایەنە و قۆرغکراو بەڕێوەبەرێ. خومەینی جارێکیش لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلەی کوردستان دا لە وەی کە لە هەمان دیداری دا کە لەگەڵ هەیئەتی نوێنەرایەتی کوردستان بوویەتی، فەرمانی گرتنی قاسملووی نەداوە  داخ و کەسەری دەربڕی.

لە دوای ڕووخانی دەوڵەتی بازرگان پەلاماری سیاسی و  پڕۆپاگاندەیی لە سەر کوردستان توندتر بوو و دواجار لە  مانگی گەلاوێژی ١٣٥٨ [ژووییەی ١٩٧٩] بە فەرمانی خومەینی پەلاماری نیزامی سەرتاسەری بۆ سەر کوردستان کرا. حیزبی دێمۆکڕاتیش بۆ پێشگیری لە خوێنرێژی زیاتر لە شارەکان پاشە کشەی کرد و لە دەورو بەری شارەکان و لە چیاکان دا  دامەزرا.

شەوکەت: واتە لە سەردەرانەی پێک هاتنی کۆنگرەی شووڕای گەلان لە مەهاباد.

خانبابا تێهرانی: لە گفتوگۆکانی پێشوو دا ئاماژەم بەوە کردووە. خومەینی لە ڕەوتی هەڵبژاردەنەکانی مەجلیسی دامەزرێنەران دا بڕیاری دا ناوی مەجلیسەکە بە مەجلیسی " خیبرەکان"  بگۆڕێ و تەنیا ئەو کەسانە وەک نوێنەر هەڵبژێردرێن  کە ئەهلی " زانست " واتە لە ڕۆحانییەکان بن. لەو سەروبەندی دا جەبهەی دێمۆکڕاتیکی میللی بڕیاری دا بە یارمەتی کوردەکان و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکە، لە هەمبەر مەجلیسی خیبرەکانی خومەینی دا، وەکوو پرۆتێست مەجلیسێکی دامەزرێنەرانی سەمبۆلیک،کە لە لایەن نوێنەرانی جۆر بەجۆری حیزبەکان و گرووپەکانەوە پەسند کرا بێ، دژایەتی خۆی لەگەڵ مەجلیسی خیبرەکان و هەڵبژاردنەکانی ڕابگەیێنێ. ڕۆژێک بەر لەو دانیشتنە پەلاماری سەرتاسەری ڕێژیم بۆ سەر کوردستان کرا. دوای ئەو ڕووداوانە جەبهەی دێمۆکڕاتیک بڕیاری دا بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی بەرفرەوان بە بەشداری کوردەکان، موجاهیدین و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ڕێژیم. هەڵبەت موجاهیدین هێشتا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لەو پێوەندییە دا بوون. و بڕیار درا کە هەوەڵین هەنگاو بۆ شکڵ دان بەو بەرەیە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار بێ. ئەو دەمی ڕێکخراوی ئێمە، 'ئیتیحادی چەپ'  گەڵاڵەیەکی بە ناوی"پێویستی پێکهێنانی بەرەیەکی تاقانەی دێمۆکڕاتیک – دژی ئەمپریالیستی و پێکهێنانی بەرەی تاقانەی چەپ " ئامادە  کرد. نەخشەی ئێمە ئەوە بوو کە چەپییەکان بە جوێ بەرەیەکی تاقانە پێک بێنن و  دواتر لەگەڵ هێزەکانی دیکە لە بەرەیەکی هەراوی دێمۆکڕاتیک دا هاوکاری بکەن. ئێمە بۆ گفتوگۆ لە سەر ئەو گەڵاڵەیە و هێنانە گۆڕی پێشنیاری بەرەی دێمۆکڕاتیک چووینە کوردستان. لەوێ یەکەم دیدارمان لەگەڵ بەرپرسانی کۆمەڵە بوو. ئەوان بە شێوەیەکی گشتی لەگەڵ گەڵاڵەکەی ئێمە دا بوون. دوایە دیدارمان کرد لە شێخ عێزەدین ئەویش پێشوازی کرد لەو گەڵاڵەیە.  ڕۆژی دواتریش چووینە سۆراغی دەفتەری سیاسی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان  و میوانی ئەوان بووین.  ئەوانیش پێشوازییان کرد لە پێک هاتنی بەرەیەکی ئەوتۆ  و هەڵسەنگاندنیان ئەوە بوو کە وەزعییەتی وڵات نیشان دەدا ڕووحانییەت تەمای گرتووە دەسەڵاتی سیاسی بکاتە قۆرغی خۆی و دەیەوێ ڕەوتی وڵات یەکلایە بکا. 

شەوکەت: لە حیزبی دێمۆکڕات دا هێندێک ڕەوت هەبوو کە بە پێرۆیی لە ڕێبازی حیزبی توودە هەر جۆرە دژایەتییەکی لەگەڵ ڕێژیم بە نادروست دەنرخاند. لەسەر ئەو باڵە دەڵێی چی؟

خانبابا تێهرانی: بزووتنەوەی کوردستان لەو زەمانی دا مەترسییەکی گەورەی لە کۆڵ خۆی کردەوە. حیزبی توودەی پێرۆی ڕێبازی هاوکاری و پشتیوانی لە خومەینی حەولی دا تا بزووتنەوەی کوردستان بە شێوەی ڕەها و بەتەواوی بکاتە گوێڕایەڵی ئەو بیرۆکەیە و بەو ڕێیەی دا بەرێ. حیزبی توودە پێی وا بوو کە لە سەر بنەمای  نەریتی ڕابردوو، لەبەر ئەوەی بزووتنەوەی کوردستان جۆرەیەک خزمایەتی لەگەڵ ئەوان هەبووە، ئێستاش دەبێ پشتیوانی لە ڕێبازی حیزبی توودە بکا.  هەڵبەت  لە ڕیزەکانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان دا  کەسانێکی زۆر هەبوون کە نەک هەر بیروڕای حیزبی توودەیان هەبوو، بەڵکوو بەشێک لەوان ئەندامیشی بوون. کەسانی وەک کەریم حیسامی، غەنی بلووریان و بە کورتی ئەو تاقمی ٧ کەسییەی کە لە حیزبی دێمۆکڕات و ڕێبەرایەتییەکەی وەلا نران [ڕاستە نەمر کەریم حیسامی لە ئاستی نێونەتەوەیی دا لایەنگری ڕێبازی سۆڤییەت بوو بەڵام کاتی جوێبوونەوەی تاقمی ٧ کەسی  یان دروستتر پێرەوانی کۆنگرەی چوارەم، لەگەڵ ئەو کردەوەیەی ئەوان نەبوو، بەڵکوو بە ساڵان دواتر لە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران دەر کرا، ئامادەکار]. لە ڕاستیدا  لە لایەن حیزبی توودەوە  کودەتایەک بە دژی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ڕێک خرا بوو، لە بەر ئەوەی کە کاتێک حیزبی توودە هەستی پێ کرد ناتوانێ حیزبی دێمۆکرات بکاتە گوێڕالی خۆی و بە دووی خۆیدا ڕای بکێشێ  بە تەما  بوو لە هەمبەر ویدا حیزبی دێمۆکڕاتێکی دیکە وەسەریەک خا.  هەڵبەت بە دەرکرانی تاقمی ٧ کەسی  لە ڕێبەرایەتی حیزبی دێمۆکڕات، هێشتا زەمینەی بیروڕای توودەیی لە ناو نەچووە  و پاراستنی سڵامەتی و لە جێدا پاک و خاوێنی ڕێبازی حیزبی دێمۆکڕات بەسترابووەوە  بە پێوەندییەکی بەربڵاو لە ئاستی هەموو وڵات دا.

شەوکەت: زەمینەی نزیکی حیزبی دێمۆکڕات و بەشداری لە بەرەیەک کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کومار دا پشتیوانی لە ڕەجەوی دەکرد چلۆن خۆش کرا؟

خانبابا تێهرانی: بە پێی گەڵاڵەی بەرەی دێمۆکڕاتیکی نەتەوەیی بۆ دامەزراندنی بەرەیەکی هاوبەش لە  هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و سەفەری ئێمە بۆ کوردستان و گفتوگۆمان لەگەڵ ڕێبەرانی بزووتنەوە کورد، حیزبی دێمۆکڕات پێشوازی کرد لەو گەڵاڵەیە. ئاکامی ئەو سەفەرە و پێوەندی گرتنمان لەگەڵ موجاهیدین و کوردەکان  بوو بە ئەوە کە موجاهیدین هەڤپەیڤینێکیان لەگەڵ قاسملوو بڵاو کردەوە و ناڕاستەوخۆ  لە ڕێگای ئێمەوە و بەرەی دێمۆکڕاتیک  وە دووی پێوشوێنی بابەتی پێکهێنانی بەرەی هەراو  کەوتن. کە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار گەیشتێ، کوردەکانیش پشتیوانییان کرد لە  بەرئەندامەتی  ڕەجەوی بە ناردنی نوێنەری خۆیان، سارم خانی سادق وەزیری بۆ ناو شووڕای کۆئۆردیناسیۆنی  هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری. لە گەڵاڵە کردنی بەرنامەی ١٤ مادەیی هەلبژاردنی ڕەجەوی دا بەشداری چالاکانەیان هەبوو. بەو پێیە بە پەیوەست بوونی حیزبی دێمۆکڕات و کۆمەڵە و شێخ عێزەدین حوسینی لەو جووڵانەوەیە و پشتیوانی لە بەرئەندامەتی ڕەجەوی گشت بزووتنەوەی کوردستان یەک پارچە هاتە ناو ئەو بەرەیە .

شەوکەت: بە هاتنە سەر کاری بەنی سەدر وا وێدەچوو کە وەزعییەتی کوردەکان باشتر ببێ. بەڵام ڕەوتی ڕووداوەکان  ئاکامێکی دیکەی لێ  کەوتەوە.

خانبابا تێهرانی: دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری وەزعی کوردەکان باشتر نەبوو. ئەگەرچی بەنی سەدر ئیدیعای دەکرد هێندێک چارەسەری بۆ مەسەلەی کوردستان هەبووە کە لە لایەن بەهەشتی و دەستەو دایەرەکەیەوە دژایەتی کراوە لەگەڵ جێ بەجێ کردنیان. بەڵام  بەنی سەدر باوەڕی واش بوو  هێزی ئاوا هەبوون کە بە دروشمی دیکە لە ڕەوتی چارەسەر کردنی دۆزی کوردستان دا کاری تێکدەرانەیان دەکرد. بە تێپەڕینی زەمان ناکۆکی لە نێوان موجاهیدین  و ڕێژیمی خومەینیش  توند بوو. لە جەرەیانی پێوەندی لە ناو حیزبی دێمۆکڕات و موجاهیدین، حیزبی دێمۆکڕات پێداگری دەکرد لە سەر دامەزراندنی بەرەی هاوبەش و باوەڕی وا بوو حیزبەکان و ڕێکخراوەکان دەبێ هەرچی زووتر، بەر لەوەی بارودۆخ بشێوێ و خراپ بێ  یەک بگرن بۆ ئەوەی لە ڕۆژی پەلاماردرانی کۆتایی دا چەک نەکرێن. ڕەوتی ئەو گفتوگۆیانە هەر دڕێژ بووەوە و گەیشتە جۆزەردانی ١٣٦٠ [ژووەنی ١٩٨١]. بە بڵاو بوونەوەی میساقی بەنی سەدر و ڕەجەوی و دەرکەوتنیان لە وڵات، حیزبی دێمۆکڕات کەوتە هەڵکەوتێکی خراپەوە. چما لە بەر ئەوەی کە تا ئەو دەمی  یەک لە بناغە سەرەکییەکانی دامەزرانی بەرەیەکی ئەوتۆ بوو و لەپڕ و بێ ئەوەی کە کەمترین زانیاری لە مەڕ ئیتیلاف و دامەزرانی بەرەیەکی ئاوا هەبێ، خۆی لە گەڵ کارێکی کراو ڕووبەڕوو دە دی. بۆ کوردەکان ئەو تەسەورە هاتبووە گۆڕێ کە موجاهیدین، هاوپەیمانێکی تازەیان پەیدا کردووە و تەمایانە لەگەڵ بەنی سەدر ڕێبازێکی دیکە بگرنە بەر و دەنا چۆن دەکرا بۆ ماوەی ساڵێک سەبارەت بە دامەزرانی بەرەی هاوبەش لەگەڵ حیزبی دێمۆکڕات قسە بکرێ و قەرار و مەدار دانێن و لەپڕ ڕا لەگەڵ بەنی سەدر میساقێک بڵاو بکەنەوە و ڕابگەیێنن هەر لایەنێک پرێنسیپەکانی  بپەژرێنێ دەتوانێ لەگەڵ ئەو ئیتیلافە بکەوێ. 

شەوکەت: کاردانەوەی حیزبی دێمۆکڕات لە ئاست ئەو هەڵسوکەوتەی موجاهیدین چ بوو؟

خانبابا تێهرانی: حیزبی دێمۆکڕات لە سەرەتاوە لەگەڵ شووڕای میللیی موقاوەمەت نەکەوت و تەنیا نوێنەرێکی ناردە پاریس و بیروڕای خۆی بە بەنی سەدر و ڕەجەوی ڕاگەیاند. بە باوەڕی من حیزبی دێمۆکڕات لە بەراییەکانی شۆڕش لەبەر پاراستنی یەکێتیی گشتی تا ئەو جێگای مومکین بوو لە بەرانبەر ڕێژیمی خومەینی دا نەرمی نیشان دا و هەر ئەو سیاسەتەی لە پێوەندی لە گەڵ موجاهیدین و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان درێژە پێ دا.  لە بەر ئەوە سەرەڕای ئەوەی کە موجاهیدین هیچیان بەوان نەگوتبوو سەبارەت بە ئیتیلاف لەگەڵ بەنی سەدر و گەڵاڵەی میساق، پشتیوانییان کرد لە شووڕای میللی موقاوەمەت.

شەوکەت: بە بێ ئەوەی بە ڕەسمی لەگەڵی بکەون و بێنە ناوی؟

خانبابا تێهرانی: کوردەکان ڕەخنەی جیدیان هەبوو لە هێندێک لە مادەکانی میساق، وەک دەوڵەتی " جمهووری دێمۆکڕاتیکی ئیسلامی "  و لە سەر ئەو باوەڕە بوون میساق لە گشتی خۆی دا لە دووی پەژراندنی قانوونی بنەڕەتی جمهووی ئیسلامی دەدا، لەکاتێکدا ئەوان ئەو قانوونی بنچینەییە لە گشتی خۆی دا بەرپەرچ دەدەنەوە. بەڵام دوای ئەوەی کە قاسملوو هات بۆ پاریس و ڕەجەوی  قبوولی کرد دەکرێ باس لە سەر ناوەرۆکی میساق بکرێ، کوردەکان لەگەڵ شوورا کەوتن. ڕەجەوی قبووڵی کرد تا دانیشتنە ڕەسمییەکانی شوورا پێک بێن و تێیاندا هەموو ناوەرۆکی میساق بخرێتە بەر گەنگەشە و دمە تەقەی لە سەر بکرێ و ئەوەی کە تەوافوقی گشتی لە سەر نەبوو بگۆڕدرێ. حیزبی دێمۆکڕات بە پەژراندنی شەرتێکی ئاوا و فۆرموولێک کە بۆ پەیوەست بوون بە شووڕا ئامادەی کرد بوو، ئەندامەتی خۆی لە شووڕای میللی موقاوەمەت دا ڕاگەیاند. دوای تێپەڕینی ساڵێک حیزبی دێمۆکڕات داوای لە شووڕای میللی موقاوەمەت کرد تا شووڕا بۆچوونی خۆی لەمەڕ بابەتی خودموختاری کوردستان بە جۆرێک ڕابگەیێنێ و لەو بوارە دا گەڵایەک پەسند بکا. بەنی سەدر هەبوونی گەڵاڵەیەکی ئەتۆی بە پێویست نەدەزانی و بە بۆچوونی من موجاهیدینیش دژ بوون، بەڵام دژایەتی خۆیان لە پشت دژایەتی بەنی سەدر دا دەشاردەوە. ئەو مەسەلەیە گەورە بووەوە، تا ئەو جێیەی کە مەترسی هەڵوەشانی شووڕا هاتە گۆڕێ، دواجار وا بڕیار درا ئێمە ڕێگایەک بۆ ئەو مەسەلەیە بدۆزینەوە و بۆێەش، وەک ئاماژەم پێ کرد لە ژووەنی ساڵی ١٩٨٣ دا ، من و بەهمەن نیروومەند بۆ موزاکەرە لەگەڵ ڕێبەرانی بزووتنەوەی کوردستان و ئامادە کردنی گەڵاڵەیەک سەبارەت بە دۆزی خودموختاری کوردستان چووینە وێندەرێ.

شەوکەت: دەمەویست ئەزموونی خۆت لەو سەفەرە و ئەوەی لە نزیکەوە لەمەڕ ژیان و خەباتی خەڵکی کوردستان دیتت بزانم.

خانبابا تێهرانی: لەو سەفەرە ئەزموونێکی چاوڕاکێشم بە دەست هێنا. بە تایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ خەڵکی ئاسایی کوردستان. لە پێوەندی لەگەڵ پێشمەرگەکان، وەرزێران و لادێییە کوردەکان، چونکە بەر لەوە تەنیا لەگەڵ ڕووناکبیرانی کورد پێوەندیم هەبوو و ژیانی خەڵکی کوردم لە نزیکەوە نەدیتبوو. ئەوەی زیاتر لە هەموو شت سەرنجی منی ڕاکێشا ئەوە بوو کە کوردەکان سەیر ئاوێتەی فەرهەنگی ئێران بوون و شانازی پێوە دەکەن. کاتێک لە قسە کردن لەگەڵیان ئەو بابەتەم هێنا گۆڕێ کە هێندیکان لەو باوەڕە دان کوردەکان جیاوازیخوازن، وڵام سادە و ڕاشکاو بوو. ئەوان دەیانگوت: " ئێمە لە ئێران جیا ببینەوە؟ ئەگەر تەماشای مێژووی کۆنی ئێران زەمین بکەین، ئێمە لە هەموو ئێرانییەک ئێرانی ترین. ئەگەر بڕیار جیابوونەوە بێ بەر لە ئێمە مەشهەدییەکان و ئیسفەهانییەکان دەبێ لە ئێران جیا ببنەوە، چونکە بە قەد ئێمە لەگەڵ مێژووی ئەو وڵاتە ئاویتە و تێکەڵ نەبوون. ئێمە لە سەردەمی مادەکانەوە لەو سەرزەمینە ژیاوین و ئەسڵە ئێرانین. " لە سەفەر بۆ کوردستان زانیم کە شێوەی سەرکوت و دووچاوکی بە نیسبەت کوردە ئێرانییەکان لەگەڵ کوردەکانی دانیشتووی وڵاتەکانی دی جیاواز بووە، دوای ئیمزا کرانی پەیمانی ئەلجەزاییر لە نێوان دەوڵەتی ئێران و عێڕاق لە ساڵی ١٩٧٥، هەر دوو ڕێژیم بڕیاریان دا لە لێوارە و پەراوێزی سنووری هەر دوو وڵات تا چەندین کیلومێتر لە دانیشتوو خاڵی کەن و نەهێڵن کەسیان تێدا بژی، دەرەتانی هات و چوو لە سەر سنوورەکان لە ناو بەرن. ئەو پەراوێزە ٤ کیلۆمیترییە هەمان ناوچەی بە ناوبانگ بە ناوچەی موحەڕەمە یە . عێڕاق لەگەڵ ئەوەشدا ئۆتۆنۆمی داوە بە کوردەکان و کوردەکان لە کابینەی دەوڵەتی ئەو وڵاتە دا وەزیریان هەبوو، دەستی کرد بە سووتاندنی ئەو پەراوێزە ٤ کیلۆمیترییە بە بۆمبی ناپاڵم و مادەی دیکەی شیمیایی بۆ ئەوەی دەرەتانی ژیان لەو ناوچەیە دا نەهێڵێ. لەکاتێکدا لە پەراوێزی سنووریی ئێران کارێکی ئاوا نەکرا. لە تورکیا ئێتنیسیتەی کوردەکان قبووڵ ناکرێ و بە کوردەکان دەلێن "تورکی شاخاوی". لە ڕاستیدا جگە لە سەردەمی ڕەزا شا نەبێ کە سەرکوتێکی توندی کوردەکان کرا، کوردەکانی ئێران بە گشتی لە چاو کوردەکانی وڵاتانی دراوسێ وەزعییەتێکی باشتریان هەبوو.

شەوکەت: بۆچی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و ئامانجەکانی لە بەراورد کردن لەگەڵ سازمانە سیاسییە پچووکترەکان بۆ خەڵکی ئێران نە ناسراوە. پێت وا نییە کە لەو بارەیەوە ئاڵقەیەکی ونبوو هەبێ؟

خانبابا تێهرانی: تەبلیغاتی سیاسی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان بە بەراورد کردن لەگەڵ ڕێکخراوێکی سیاسی کە لە سەرتاسەری ئێران دا چالاکی دەکا هێندە نەبووە. لە کاتی شۆڕشیش دا چالاکی حیزبی دێمۆکڕات بە ڕێگای هەنگاوەکانی 'کۆمەڵەی کوردەکانی دانیشتووی ناوەند' تا ڕادەیەک ناسێندرا. بەر لەوە هێنانە گۆڕی مەسەلەی مافی خەڵکی کوردستان بە بابەتێکی قەدەغە دەژمێردرا. ئەوەی کە ئاماژەم بە قەدرایی سەرکوت کردنی کوردەکان کرد لە تورکیا بەو مانایە نییە کە لە کوردستانی ئێران سەرکوت کردن نەبووە. لەجێدا دەرەتانی بە ئاشکرا هێنانە گۆرێی مەسەلەیەک بە ناوی مەسەلەی کورد لە ئێران نەبوو تا خەڵک پێی بزانن و بیناسن. لە ئێران دەوڵەتەکان بە خەیاڵی خۆیان مەسەلەی کوردستانیان وا چارەسەر کرد بوو کە باسی خەڵکی ئەوێیان نەک وەک کوردەکان، بەڵکوو وەک "دانیشتووانی ڕۆژئاوای وڵات" دەکرد.

شەوکەت: بێینە سەر بابەتێکی گرینگ لە سەر مەسەلەی کوردستان کە ناوی نراوە ویستی خودموختاری. ئایا لەڕوانگەی مارکسیستییەوە ئەو جۆرە خودموختارییەی کە کوردستان داوای دەکرد لەگەڵ داواکانی بزووتنەوەیەکی چەپ جیاواز نەبوو؟

خانبابا تێهرانی: ئەو گەڵاڵەی خودموختاری کوردستانی ئێران کە لە لایەن شووڕای میللی موقاوەمەتەوە پەسند کرا، بە هیچ جۆر لەگەڵ لێکدانەوەی مارکسیستی لە مەسەلەی پێشکەوتن لە گشت کۆمەڵ دا دژایەتی نەبوو. ئەو بیرۆکەیەی دیکە کە کوردەکانی هەر وڵاتێک لە دانیشتوانی تری ئەو وڵاتە جیا ببنەوە و وڵاتێکی سەربەخۆ بە ناوی کوردستان دامەزرێنن جیاوازی هەیە لەگەڵ ڕوانگەی مارکسیستی.  ئەو بابەتە لەگەڵ ڕوانگەی مارکسیستی لە مەڕ پێشکەوتنی کۆمەڵ کە پێویستی بە سەرتاسەری بوونی بازاڕە یەک ناگرێتەوە. حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان بۆچوونێکی ئەوتۆی لە مەڕ پرێنسیپی خودموختاری نەبوو، ئەوان باوەڕیان بە سیستمی فێدراتیڤ بوو ئێستاش باوەڕیان پێیەتی. سیستمێک کە لە بواری سیاسەتی دەرەوە، ئابووری و کاروباری دیفاعی وڵات، پێڕۆیی دەکا لە سیاسەتی ناوەندی و لە هەمان کاتدا لە ناوچە فێدڕاڵەکان بە دامەزراندنی پارڵمانە ئەیالەتییەکان سیاسەتەکانی ناوچەیی دەگرێتە بەر.

شەوکەت: بە باوەڕی تۆ دەرەتانی پەژراندنی پرێنسیپی خودموختاری لە ژێر ئاڵای حکوومەتێکی ناوەندی دا چەندە شیاوی لوانە؟

خانبابا تێهرانی: وشەی خودموختاری بە دەم تێپەڕینی زەمانەوە بووەتە خاوەنی بارێکی مێژوویی کۆنکرێت  کە چ لە گەنگەشە و چ لە ڕێک خستنی سیستمی وڵات دا لەوانەیە کێشە ساز کا. قاسملوو هەر لەو بارەیەوە قسەیەکی جوانی کرد. ئەو دەیگوت لە کاتی موزاکەرە لەگەڵ ئەو هەیئەتەی ڕا کە ناردرابووە کوردستان، یەکێک لە ئەندامانی هەیئەت پێی گوتووە کە لە قورئانیش دا پرێنسیپی خودموختاری قبووڵ کراوە، بەڵام بە شێوە ئیسلامییەکەی. قاسملوو لە وڵام دا گوتبووی: " کێشە نییە، ئێوە خودموختاری بدەن با ئیسلامی بێ.  یان وەک مەشهوورە دەلێن "بمرە و بدوێ". قسە لە سەر ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان بتوانن بە زمانی کوردی قسە بکەن و لە مەدرەسەکان دا فێر کردنی فێر بن  و هاوتەریبی ئەوە زمانی فارسیش فێر بن. مەبەستم ئەوەیە کە ناوەرۆکی خودموختاری شتێک نییە جگە لە داوخوازی ئازادیی کولتووری و بەرێوەبەری ناوچە نەبێ و بێتوو ئەسڵی دۆزەکە قبووڵ بکرێ، دەکرێ لە جێدا لەفزی خودموختاریشی لە سەر لاببردرێ.

شەوکەت: ناکرێ پرێنسیپی خودموختاری تا ئاستی قسە کردن بە زمانی دایکی بهێندرێتە خوارێ. ئەوە بەتاڵ کردنێتی لە مانای ڕاستەقینەی. خودموختاری مانایەکی بەربڵاوتری هەیە.

خانبابا تێهرانی: ئەگەر ئەو بارە مێژووییە وەلا نێین کە بزووتنەوەی چەپ لە سەر پشتی لەفزی خودموختاری داناوە و وەریگێڕینە سەر زمانی ئازادیخوازانە، شتێک نییە جگە لە دەربڕی مافی حاکمییەتی خەڵک نەبێ سەبارەت بە چارەنووسی خۆیان، واتە دێمۆکراسی. جا ئەگەر ئەو مەردمە خەڵکی ئیسفەهان بن یان خۆراسان یان کوردستان جیاوازی نییە. مەسەلەی تایبەتیی کوردستان یەکیان زمانە و ئەویتریان ئابووری. سەبارەت بە زمان شیم کردەوە. لە بواری ئابووریش دا کوردەکان بەرهەڵستێک نین لە سەر ڕێی بەرنامە داڕشتنی ئابووری ناوەندی بۆ سەرتاسەری وڵات، بەڵکوو لە سەر ئەو باوەڕەن کە لە شووڕای بڕیاردانی ئابووری دا بەشدارییان هەبێ. ئەوان بە بەشداری خۆیان دەتوانن هەلومەرجی کۆنکرێت و پێداویستییەکانی ناوچەی کوردستان بهێننە گۆڕێ تا بەو ڕێگایە دا بەرژەوەندی و داوخوازەکانی خەڵکی کوردستان لە بەرنامەی پەرەسەندنی کۆمەڵ دا ڕەچاو بکرێ. ئەگەر رێژیمی شا تەنانەت لە سەر بنەمای دەسکەوتەکانی مەشڕووتییەت یانی کۆمیتە ئەیالەتی و ویلایەتییەکان جووڵاباوە و وەفادار با بە قانوونی بنچینەیی، ئەو  کێشەیە شیاوی جێ بەجێ کردن بوو. ئەوە مافێکە کە خەڵکی ناوچە جۆر بەجۆرەکانی ئێران دەبێ هەیان بێ. ئەوە نادروستە کە بۆ وێنە بۆ شارێک لە بەلووچستان شارەدارێک لە خەڵکی ڕەشت هەڵدەبژێرێ.

شەوکەت: هێنانە خواری مەسەلەی کوردستان و پرێنسیپی خودموختاری تا ئاستی بەشداری نوێنەر لە شوڕای بریاردانی ئابووری کەمێک ناکۆک نییە لەگەڵ بابەتەکە؟

خانبابا تێهرانی: نا وا نییە. لە سیستمی فێدراتیڤ دا ئەوە پرێنسیپێکە.

شەوکەت: بەڵام لە ئێران خۆ ئێمە سیستمی فێدراتیڤ مان نییە. مەگەر ئەوەی کە پرێنسیپی خودموختاری ببەستینەوە بە وەدیهاتنی سیستمی فێدراتیڤ.

خانبابا تێهرانی: ئەوانیش هەرئەو پێشنیارە دەکەن. یەکێک لە ڕێگا چارەسەرەکانی مەسەلەی کەمایەتییە نەتەوەییەکانی ئێران و ئاشتی نەتەوەیی و بەرقەراری دێمۆکڕاسی، بەڕێوەبردنی وڵات لە سەر بنەمای بێ ناوەندی و یان بە زمانێکی دی شێوەی فێدراتیڤی بەڕێوەبردنی کۆمەڵە.

شەوکەت: ئەگەر لە هەڵبژاردنی ئازاد و ڕێفراندۆمی گشتی دا لە ئێران خەڵک سیستمی فێدڕاتیڤیان نەپەژراند دەبێ چ بکرێ؟

خانبابا تێهرانی: هیچ، دەبێ ڕێز لە دەنگی خەڵک بگیرێ. بەڵام ئەگەر ناوی خودموختاری کوردستان دێنی، ئەوە بابەتێکە کە پێوەندی بە خەڵکی کوردستانەوە هەیە و ویستی دێمۆکڕاتیکی ئەوانە. ئاکامی ڕێفراندۆمێک سەبارەت بە قەوارەی سیستمی فێدراتیڤ هەرچییەک بێ، بە مانای بەرپەرچدانەوەی ئەو داوخوازە نییە، بەڵکوو دەبێ بەشێوەیەکی دی ڕێگای چارەسەر کردنی ببیندرێتەوە. لەو بارەیەوە بۆ نموونە لە گەڵاڵەی پێشنیارکراوی شووڕای میللی موقاوەمەت سەبارەت بە خودموختاری بە بێ ئاماژە کردن بە سیستمی داهاتوو گوتراوە کە گەڵاڵەی پێشنیارکراوی شووڕا لە پێشدا مەجلیسی دامەزرێنەران پەسندی دەکا و دوایە لە ڕێفراندۆمێک دا دەیخاتە بەر دەنگی خەڵکی کوردستان.

شەوکەت: بە باوەڕی تۆ وەدیهاتنی پرێنسیپی خودموختاری لە سیستمێکی فێدراتیڤ دا هەڵدەسووڕێ. ئەوەی تێگەیشتنی دۆزەکە دژوار دەکا ئەوەیە کە کوردەکان لە دوای شۆڕش داوای خودموختارییان دەکرد لە کۆماری ئیسلامی. دواتریش لەگەڵ ئیتیلافێک کەوتن کە لە میساقەکەی دا سیستمی حکوومەتی داهاتووی وەک کۆماری دێمۆکڕاتیکی ئیسلامی پێش بینی کرد بوو، وا وێناچێ کە ئەوان پرێنسیپی خودموختارییان بەستبێتەوە بە بەرقەراری سیستمی فێدراتیڤ، چونکە ئەگەر وا با ئەو دەمی داوخوازێکی ئاوا لە رێژیمی ئیسلامی بێ مانا دەبوو.

خانبابا تێهرانی: کوردەکان پرێنسیپی خودموختارییان بە سیستمی فێدراتیڤ نەبەستەوە. حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان یەک لە ڕێگا چارەسەرەییەکانی کێشەکە بە قبووڵی کۆماری فێدراتیڤ دەبینێ. ئەو حیزبە وەکوو هەر هێزێکی ریالیست لەگەڵ خەبات لە سەر بنەمای واقعییەتەکان و دەرەتانە عەمەلییەکان بیرۆکەی خۆی بەرەو پێشەوە دەبرد. هەر بۆیە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان تەنانەت لە سیستمی کۆماری ئیسلامیش دا وەک پێشوو لە سەر مافی خودموختاری کوردستان پێداگری دەکرد. بابەتی سەرەکی لە گەڵاڵەی خودموختاری دا قبووڵی مافی دێمۆکڕاتیکی خەڵکی کوردستانە و هەر هێزێکی دێمۆکڕاتی کە باوەری بە ڕامانی دێمۆکڕاتیسم هەیە، دەبێ هەڵوێست و گەڵاڵەی فکری خۆی لەئاست ئەو دۆزە دا بە ڕوونی دەرببڕێ. ئەمن ئەو مافە وەکوو ئیزنی قسە کردن بە زمانی دایکی و سیستمی پەروەردەی منداڵان و مێرمنداڵانی کوردستان بە زمانی کوردی و بەڕێوەبردنی کاروباری ناوچە بە دەست خەڵکی وێندەرێ دەزانم. لەوانەیە کەسانێک خودموختاری بە مانای جیابوونەوەی کوردستان لە ئێران لێک دەنەوە. ئەمن ئەو لێکدانەوەیە لە پرێنسیپی خودموختاری بە نادروست دەزانم و پێم وایە بەرژەوەندی و بەختەوەری کوردەکان لە پاراستنی یەکپارچەیی ئەرزی ئێران دایە. بۆ ئەوەی کە ڕوون بێ لێی زیاد دەکەم  لە بەرانبەر مەیلی جیاوازیخوازانە دا کە بە باوەڕی من لەم قۆناغە لە پەرەسەندنی ئابووری و سنعاتی دنیا دا جۆرێک گەڕانەوەیە بەرەو دواوە، بە هەموو هێزی خۆمەوە ڕادەوەستم و ئەگەر پێویست  بێ بە سەری پیری شەڕی دەکەم.

شەوکەت: ئەگەر شتەکە ئەو جۆرەیە کە تۆ دەیڵێی لە واقیع دا پێکێشی لە سەر دستەواژەی " خودموختاری" لە بەر چییە کە ئەو هەموو کێشەیەی ساز کردووە؟

خانبابا تێهرانی: منی تارانی خۆ قسە وێژی کوردەکان نیم. ئەو شتانەش کە لێرە دەیانڵێم ئاکامی گفتوگۆی بە ساڵانی دوور و درێژە لەگەڵ ئەوان چ لە ئێران، چ لە دانیشتەکانی کۆبوونەوەکانی شووڕای میللی موقاوەمەت  و چ لە پەنای چیا سەربەرزەکانی کوردستان، کە لەو بارەیە قسەم لەگەڵ کردوون و دەستم کەوتووە. قاسملوو ئینسانێکی بەهۆش و بە زەوقە و بیروڕایەکی سەرنجڕاکێشی هەیە لەوبارەیەوە. ئەو دەڵێ: مافی ئێمە بدەن بە ئێمە، هەر نێوێکی دەتانەوێ لێی بنێن. مافی ئێمە بە نیوە بدەن، بەڵام ناوی خودموختاری لە سەر لا مەبەن."

شەوکەت: هیچ پرسیوتە کە هەستیاری لە سەر ئەو دەستەواژەیە لە بەر چییە؟

خانبابا تێهرانی: قاسملوو دەڵێ کوردەکان زاراوەیەکیان هەیە پێی دەڵێن " کوردە نامووسی". ئەو لەفزی خودموختارییەش بۆ ئەوان بووە بە " کوردە نامووسی " یەک، واتە غیرەتێکی  نامووسی. خودموختاری ناوی شەوی ئازادییە بۆ کوردەکان کە لە زەینی ئەواندا هەڵکەندراوە. لە ڕاستیدا وەک گوتم خودموختاری تەنیا لەفزێک نییە و بۆ ئەوان زیاتر لایەنی ئاڕمانی پەیدا کردووە و بووە بە هەمان " کوردە نامووسی". گەمییەکە کە کوردەکان سواری بوون و لە ڕووباری سیاسەتی ئێران دا دە جووڵە دان. شایەد تەنانەت لە قۆناغیک دا ناوەرۆکی سیاسەتی بێ ناوەندی یان پرێنسیپی خۆ بەڕێوەبەری بە ناوی خودموختاری شیاوی پەژراندن بێ. باشترە لەو  زەمینەیە دا لە جیاتی سادەکردنەوەی مەسەلەکە، لە پێوەندی لەگەڵ دێمۆکڕاسیدا بۆی بە دوای چارەسەییەک دا بگەڕێین.

شەوکەت: سێ بابەتی دیکە ماوەتەوە. دەوری بەنی سەدر لە کوردستان، ڕادەی نفوزی شووڕەوی لەو ناوچەیە و دواجار ئەو دەورەی کە ڕەوتە چەپەکان لە کوردستان دا گێڕایان.

خانبابا تێهرانی: لەپێشدا لەمەڕ پرسیاری یەکەمی تۆ حەول دەدەم تا ئەو جێیەی کە بەنی سەدر دەناسم وڵامت بدەمەوە. بە باوەڕی من بەنی سەدر لە ئاست مەسەلەی کوردستان دوو هەڵسوکەوت یان دوو جۆر هەڵوێستی جیاوازی هەبوو. هەڵبەت ئەگەر لە خۆی بپرسی نکووڵی لەوە دەکا و دەڵێ هەمیشە بیروڕایەکی هەبووە ئەویش ئەوەیە کە ڕێزی لە مافی خەڵکی کوردستان گرتووە و بە دوای دۆزینەوەی چارەسەر دابووە کە تاکووتەرای دنەدەر لە کوردستان بە هەڵکێشانی چەک لە هێزەکانی ئەڕتەش پێشیان بە چارەسەری مەسەلەکە گرتووە. واقعییەت ئەوەیە کە ئینسان کاتێک دەسەڵاتی بە دەستە و کاتێک کە لە ئۆپۆزیسیۆن دایە،خاوەنی دەوری جیاوازە. بەنی سەدر زەمانێک کە لە دەسەڵات دایە، بێ لە بەرچاو گرتنی پێوەندی لێک جیانەکراوەی دروشمەکانی خەڵک یانی ئازادی، سەربەخۆیی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، زەمانێک لە ترسی دەوری سەربەخۆیی وڵات مەیلی تێدا پێک دەهات بۆ پێشێلکردنی ئازادییەکانی خەڵک. بۆ نموونە لەو جێیەی دا کە لە پێوەندی لەتەک تێکهەڵچوونەکانی کوردستان دا پەیام دەنێرێ کە تا دامرکاندنەوەی ئەو ئاژاوەیە چەکمەکانی لە پای داناکەنێ. هەڵبەت ئەگەر لەگەڵی دانیشی و لێی پرسی دەڵێ، مەبەستی نەک خەڵک بەڵکوو ئەو کەسانە بووە کە تەمایان بووە ئەڕتەش هەڵوەشێنن. کەسانێک کە لەگەڵ دەرەوەی سنوورەکان پێوەندییان هەبووە. دەکرێ ئیدیعای ئاوا بکرێ. بەڵام ئینسان دەبێ لە سەر ئەو مافانەی کە قبووڵیان دەکا، بەتایبەتی لە سەر ئازادییەکان پێکێشی بکا و بەڵێنی خۆی نەشکێنێ. بە باوەڕی من بەنی سەدر لە دەسەڵات دا ڕێگای چارەسەری کوردستانی ئەو جۆرە نەپێوا کە ئێستا لە ئۆپۆزیسیۆن دا دەیپێوێ و ئەو کاتەی لە دەسەڵات دا بوو هێندێک ترس و خۆفی هەبوو لە دۆزی کوردستان. ترسی ئەوە بوو کە لە کوردستان ئەڕتەشێکی جیا لە ئەڕتەشی سەرتاسەی دروست ببێ. هەڵبەت نابێ نەگوترێ بەنی سەدر ئەو ترسەی لە ئۆپۆزیسیۆن و سەردەمی بەشداری لە شوورای میللی موقاوەمەتیش دا هەر پاراست. ئەمن بەنی سەدر بە ئینسانێکی شەریف، سەربەخۆ، ئازادیخواز و نەتەوەیی دەزانم  و لەڕووی عاتفیشەوە سۆزم بۆی هەیە. بەڵام هەڵوێستەکانی لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی کۆمار دا و ئەو زەمانی کە فەرماندەیی گشت هێزەکانی بە ئەستۆوە بوو جیاواز بوو لە هەڵوێستەکانی مانگەکانی دوایی سەرۆک کۆمارێتییەکەی. ئەو دوو فاقی بوونەی هەڵسوکەوتی وی دواتر بووە هۆی پەیدا بوونی هێندێک دژواری لەمەڕ ئیتیلافی ئۆپۆزیسیۆن.

شەوکەت: قەت ئەو مەسەلانەت لەگەڵ هێنا گۆڕێ؟

خانبابا تێهرانی: کاتێک قاسملوو هات بۆ پاریس و لەگەڵی چووم بۆ دیداری بەنی سەدر، لە سەر مەسەلەی ڕابردوو قسەمان کرد. بەنی سەدر گوتی کە مەبەستی بووە کە کێشەی کوردستان جێ بەجێ بکا، بەڵام ئەو هێزانەی کە لەلایەن سیاسەتی بێگانەکانەوە هان دەدران بە ئاژاوە نانەوە و پەلاماردانی ئەڕتەش پێشی چارەسەرکردنی مەسەلەکەیان گرت. قاسملوو شی کردەوە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان پێشی بە جووڵانی ئەڕتەش بەرەو سنوور نەگرتووە و بەڵگە دەی سەلمێنن کە کۆمەڵە بەیاننامەیەکی لەو بارەیەوە بڵاو کردووەتەوە و لە سنە هێندێک تێکهەڵچوونی لەتەک هێزەکانی ئەڕتەشی دا هەبووە. بەنی سەدر ڕایگەیاند کە تاکوو ئێستا ئاگای لەو هەڵوێستەی حیزبی دێمۆکڕات نەبووە و مەبەستی وی بەرگری بووە لە یەکپارچەیی ئەرزی وڵات.

ئەو ڕۆژە قاسملوو بەو نەرمییەی کە نیشانی دا. ئەو شتانەی ناڕوون بوون ڕەوینەوە و دژواری لە سەر ڕێی خۆگرتنی ئیتیلاف لە شووڕای میللی موقاوەمەت دا هەڵگیرا. بەڵام دوای ماوەیەک دیسان لە سەر گەڵاڵەی خودموختاری کوردستان لە شووڕا دا دژایەتی پەیدا بوو، لە بەر ئەوەی کە بەنی سەدر ناوەرۆکی ئەو گەڵاڵەیەی بە هاسانی قبووڵ نەدەکرد. ئەو لەمەر سەربەخۆیی هێزە ئینتیزامییەکان لە کوردستان کە لەو گەڵاڵەیە دا هاتبوو دژایەتی کرد و هەر جۆرە جیاکردنەوە و لەیەک کردنەوەی هێزەکانی بە جۆرێک سەدەمە لێدان لە هێزی بەرگری وڵات دەزانی کە دەستەبەری یەکپارچەیی ئەرزی بوو، دواجار ئەو گەڵاڵەیە بە هێندێک هەموار کردن قبووڵ کرا.

شەوکەت: سەبارەت بە نفووزی سۆڤییەت لە کوردستان چ دەڵێی؟

خانبابا تێهرانی: یەکێک لە پسپۆڕییەکانی سۆڤییەت نزیکییە لەگەڵ بزووتنەوە سەربەخۆیی خوازەکان. ئەوە یەکێکە لە ئاکامەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبر و بەڕێوەبردنی ڕووسانەی ' مافی دیاریکردنی چارەنووس ' ی نەتەوانە کە سۆڤییەت هەمیشە تەبلیغی کردووە. بە لەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە وڵاتە سەرمایەدارییەکان تاکوو ئێستا هەمیشە مەیلیان ئەوە بووە کە لەگەڵ حکوومەتە ناوەندییەکان پێوەندی ببەستن و ئەو پێوەندییانە پتەو بکەن، زەمینە بۆ نفووزی سۆڤییەت بەکراوەیی و بە بەربڵاوی مابووەوە، حکوومەتە سەرمایەدارییەکانیش لە هاوپشتی لە تەک حکوومەتە ناوەندییەکاندا، بزووتنەوە ئازادیدەرەکانیان بە جووڵانەوەی جیاوازیخوازانە داناوە. سۆڤییەت لە زەمانی ستالین دا زۆری حەول دا بۆ دەستێوەردان لە بزووتنەوە سەربەخۆیی خوازەکان دا. لەوانە لە جووڵانەوەیەک لە ڕووداوی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان دا. هەڵبەت داوخوازی دێمۆکڕاتیک لە ناو خەڵکی ئازەربایجان دا هەبوو، بەڵام سۆڤییەت لەبەر مەیلی مەزنخوازی خۆی مەبەستی ئەوە بوو بە قازانجی خۆی بەهرەی لێ وەرگرێ. گەڵاڵەی جیابوونەوەی ئازەربایجان لە ئێرانیش لە ڕاستیدا لە باکۆ لە لایەن باقرۆڤ، دەستی ڕاستی ستالین داڕێژرابوو. فکر ئەوە بوو کە ئازەربایجان  لە ئێران جیا بکرێتەوە و وەکوو بەشی باشووری ئازەربایجانی شووڕەوی بیکەن بە بەشێک لەو وڵاتە. لە کوردستانیش هەر ئەو جۆرە شێوانە و دەستێوەردانانە لە کار دا بووە، بەو جیاوازییەی کە ڕێبەران و ڕەوتە سیاسییەکانی پێکهێنەری بزووتنەوەی کوردستان دەستنێژی سۆڤییەت نەبوون و لە جێدا کۆمۆنیست نەبوون. بەڵکوو تاکوتەرای نیشتمانپەروەر بوون وەک قازیی محەمەد و سەیفی قازی و ئەوانیدی کە لە بەر هەستی نەتەوەیی لەگەڵ ئەو جووڵانەوەیە کەوتبوون.

لە دوای شەڕی ناونەتەوەیی دووەم و لاواز بوون و ڕاڕایی حکوومەتی ناوەندی لە ئێران، دەرەتانی پەرەگرتنی بزووتنەوە ناوچەییەکان ساز بوو و سۆڤییەت تێ کۆشا بە ڕێگای لە بەر دەست نانی دەرفەت و ئیمکانات بزووتنەوەی کوردستان بخاتە ژێر کاریگەری خۆی. ناوی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان لە زەمانی پێکهاتنی و سەردەمی یەکەمی چالاکییەکانی کۆمەڵەی کوردستان بوو [مەبەست کۆمەڵەی ژ.کاف، کۆمەڵەی ژیانی کوردە. ئامادەکار]. سۆڤیەتییەکان حەولیان دەدا تا کادرەکانی ئەرتەشی نوێ بنیاتی کورد و کۆمەڵەی کوردستان پەروەردە بکەن و بۆیە گرووپێک لە کادرەکانی حیزب بۆ دیتنی خولی ئاموزشتی ئاکادێمی نیزامی دەچنە سۆڤییەت.

شەوکەت: ڕێبەرانی بزووتنەوەی کوردستان خۆیان سەبارەت بە نفووزی سۆڤییەت دەڵێن چی؟

خانبابا تێهرانی: ئەمن سەبارەت بە مەسەلەی نفووزی سۆڤییەت چەندین جار لەگەڵ ڕێبەرانی کورد قسەم کردووە. یەکێک لەوان قسەیەکی سەرنجڕاکێشی دەکرد و ئەویش ئەوە بوو کە بزووتنەوەی خودموختاری خوازی کورد لەو ڕۆژەوە کە چاوی کردووەتەوە و دەستی بە خەبات کردووە، جگە لە سۆڤییەت هیچ وڵاتێک نەهاتووە یارمەتی بدا و سۆراغی لێ بگرێ. بۆیە خەڵکی کوردستان جۆرە سەمپاتییەکیان هەیە بە نیسبەت سۆڤییەت. لە ساڵانی ١٣٤٠ کان بەدواوە [١٩٦١ زایینی ، ئامادەکار] کاردانەوەی سۆڤییەت لە سەر بزووتنەوەی کوردستان ڕووی لە کەمی نا. تا ئەو جێگایەی کە بزووتنەوەیەکی پێچەوانە بە ئیدێئۆلۆژییەکی دژی سیاسەتی سۆڤییەت  لە لایەن سازمانە مارکسیستی – لێنیستی یەکانەوە  وەڕێ کەوت. بەر لە شۆڕش [ی ئێران، ئامادەکار] گرووپی شەریفزادە، جەلال تاڵەبانی و دواتر سازمانی ئینقیلابی بە چوونی بۆ کوردستان ئەو جووڵانەوەیەی بەهێز کرد، لە دوای شۆڕشیش جووڵانەوەی دژی سیاسەتی شووڕەوی لە لایەن سازمانی پەیکار، ڕەزمەندەگان، یەکێتیی چەپ، کۆمەڵە، یەکێتی کۆمۆنیستان، یەکگرتوویی کۆمۆنیستی و گرووپەکانی دی لە کوردستان دا پەرەی سەند. پاک کردنەوەی حیزبی دێمۆکڕات لە تاکوتەرای ڕووسیش یەک لەو هۆکارانەی بوو کە بووە هۆی کەمبوونەوەی هەرە زۆری  نفووزی سۆڤییەت لە هەرێمی کوردستان.

شەوکەت: بیرو ڕای حیزبی دێمۆکڕات سەبارەت بە سۆڤییەت چییە؟

خانبابا تێهرانی: بزووتنەوەی کوردستان و بەتایبەتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان نیسبەت بە سۆڤییەت هەڵوێستی دوژمنانەی نییە و وەکوو بزووتنەوەی فەلەستین تێدەکۆشێ کە پێوەندییەکی یەک لایەنە لەگەڵ وڵاتێک یان کەمپێک دانەمەزرێنێ. حەولی حیزبی دێمۆکڕات زیاتر لەوە دایە کە جۆرێک هاوپێوەندیی ناونەتەوەیی بۆ بزووتنەوەی کوردستان پێک بێنێ. بۆیە نە هێرش دەکاتە سەر سۆڤییەت و نە ڕەتی دەکاتەوە. ئەو حیزبە زیاتر لەگەڵ ئەنترناسیۆناڵی سۆسیالیستی پێوەندی هەیە و تەنیا ڕێکخراوی ئێرانییە کە لەو ئەنترناسیۆناڵە دا ئەندامی  چاودێرە.

شەوکەت: پێوەندیی کوردەکان لەگەڵ دەوڵەتی عێڕاق چۆن دەبینی؟

خانبابا تێهرانی:  کوردەکان لەو بارەیەوە تاقیکردنەوەیەکی خراپیان نەبووە. ئەو زەمانی کە عێڕاق پەلاماری ئێرانی دا و هەتا ئەهواز هاتبووە پێشێ، هەڵکەوتێکی زۆر باش بوو بۆ کوردەکان تاوەکوو بە پشتیوانی عێڕاق خودموختاری ڕابگەیێنن. کوردەکان ئەوەیان نەکرد و ئەوە گەورەترین کردەوە بوو کە نیشانی دا ئەفسانەی جیاوازیخوازی لە لایەن ئەوانەوە ڕاست نییە و ئەوان خۆیان لە هەموو ئێرانییەک، بە ئێرانی تر دەزانن و ڕێز لە یەکپارچەیی خاکی ئێران دەگرن. ئەو ' دەرفەتە مێژوویی ' یە بۆ جیاوازیخوازی یان ڕاگەیاندنی خودموختاری، لە دەرفەتێک کە لە دوای شەڕی دووەمی جیهانی دا هاتبووە پێشی گەورەتر بوو، چونکە خومەینی لەگەڵ ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات ملی لێک دە سوو و لە ئاکامی دروشمی لا شەرقییە، لا غەربییە و شێت وشووری ناو نەتەوەییە  لە شانۆی جیهانی دا زۆر لاواز ببوو. هەلپەرەست نەبوونی کوردەکان لەو هەلومەرجی دا نیشانەی وەفاداری و سەداقەتیان بوو لە پەیوەست بوونیان بە سەرزەوی ئێرانەوە. ئەوان ئاگایان لە چارەنووسی مەلا مستەفا بارزانی بوو کە زەمانێک لە ئیتیلاف دا بوو لەگەڵ عێڕاق و دوای ماوەیەک لەگەڵ حکوومەتی شا سازا و دواجار لە ئاشتبوونەوەی ڕێژیمی عێڕاق و شا دا بووە قوربانی مامڵە و ئالو وێر. کوردەکان دەیانزانی ئەگەرعێڕاق ئیزنی هاتوچوو و کەلکوەرگرتن لە سنوورەکانی ئەو وڵاتە بەوان دەدەا یان بە چەند چەلەنگ ڕۆن یارمەتی دەکا، ئەوە نیشانەی دۆستایەتی نییە لەگەڵ گەلی کورد. ئەوە هەر هەمان حکوومەتە کە زەوی سووتاوی بۆ برا کوردە عێڕاقییەکانیان بە دیاری هێناوە و کوردەکان بە ڕاشکاوی ئەو کردەوە فاشیستییانەیان مەحکووم کرد.

شەوکەت: هەڵسوکەوتی ڕێکخراوە چەپەکان لەگەڵ بزووتنەوەی کوردستان چۆن دەنرخێنی. وا وەبەرچاو دێ کە ڕاگەیاندنی هاوپێوەندی ڕەوتە چەپەکان لەگەڵ  ئەو بزووتنەوەیە، جار جار لە ڕوانگەی بەرژەوەندی گرووپییەوە دەکرێ و حیساباتی گرووپی تێیدا دەور دەگێڕێ، تا ئەوەی ڕاگەیاندنی هاوپێوەندییەکی واقعی بێ لەگەڵ بزووتنەوەیەکی ژێر ستەم و سەرکوتکراو.

خانبابا تێهرانی: لەبەر ئەوەی کە ڕێکخراوە سیاسییە ئێرانییەکان زۆربەیان لە سیستمێکی ئیدێئۆلۆژی داخراو دا جووڵاونەتەوە، تەوەرەی کاریشیان هەمیشە وەدەست هێنانی هێژێمۆنی بووە لە خەبات دا. ماشەڵا و بێ چاوێنی بێ هەر کامێکیشیان خۆی بە نوێنەری چینی کرێکار دەزانێ و لە ئاکام دا لە ڕووبەڕوو بوون لەگەڵ بزوتنەوەیەکی هەرێمی، وەک بزووتنەوەی کوردستان، تەنێ لە فکری دەکار کردنی هێژێمۆنی دان. بەڵام کاتێک پێی دەزانن کە دەکارکردنی هێژێمۆنی بە سەر ئەو بزووتنەوەیە دا هەڵناسووڕێ و کاری کران نییە. لەپڕ مارکسیسمەکەیان گوڵ دەکا. ئەو جار دەست دەکەن بە بیانوو هێنانەوەی تیوری کە بزووتنەوەی کوردستان ویلایەت پەرستە و یان پرێنسیپی خودموختاری لە جێدا بورژوایی یە و حیزبی دێمۆکڕات خاوەن سیاسەتێکی ڕێفۆرمیستی یە. هۆیەکەی ئەوەش ئەوەیە کە حیزبی دێمۆکڕات ئەگەر بە پێویست بزانێ لەگەڵ دوژمنیش موزاکەرە دەکا و موزاکەرەش بە جۆرێک لە خەباتی سیاسی دادەنێ. سەرنج ڕاکێش ئەوەیە گەلێک کە لە نیشتمانی تفەنگ دا گەورە بووە و وەچە لە دوای وەچە خووی گرتووە بە چەک و نەبەردی چەکدارانە، لە لایەن کەسانێکەوە تاوانبار بکرێن بە خەباتکار نەبوون کە بۆ خۆیان بە چەک، بۆ ماوەیەکی کورت وەک جغجغە کایە دەکەن. ئەو ڕێکخراوانە لەبەر کورتەباڵا بوونیان هەمیشە حەولیان داوە لە سەر سەربانی ماڵی دراوسێ بن تا جیلوەیەکیان هەبێ. هەر بۆیە لە کوردستان وەک کارتییە لاتەن [گەرەکێکە لە پاریس کە ڕووناکبیران دەچنە کافە و قاوەخانەکانی. ئامادەکار] کەلک وەردەگرن و ئەمن ئەو وەزعییەتەم دی دوای ئەو سەفەرانەی کە دوای شۆڕش کردم بۆ کوردستان. وەزعی ئەو گرووپانە وە حاڵ و ڕۆژی ئەو کەسانە دەچێ کە کاتێک دووکانەکەیان لە خیابانی چراغ بەرق چ برەوی نەبوو ، وردە واڵەکانیان هەڵدەگرن و وەک دەستفرۆشی پچووک بەساتیان لەکوردستان بە ئەرزی دادەدەن و هەر کامێکیشیان تابڵۆی تایبەتی لەمەڕ خۆیان هەبوو. هێزە مەزنەکان و گوردانەکانی پرۆلێتاریای ئێران کە گەورەترین گرووپیان ژمارەیان ناگاتە سەد کەس بە کەلکوەرگرتن لە ئیعتباری بزووتنەوەی کوردستان هەموویان وەکوو بووتیک لەوێندەرێ ئامادە بوون. کوردانیش کە خەڵکێکی زۆر میوان دۆستن، پێشیان نەگرتبوون و یارمەتییان دەدان. قاسملوو لەوبارەیەوە نموونەیەکی سەرنجڕاکێشی باس دەکرد.

یەکێک لە ئەندامانی لقی چریکە فیداییەکان لە کوردستان کە کچێکی جەوان بووە و خوشکەزای قاسملوو ە، دەچێتە لای حیزبی دێمۆکڕات تا بەیاننامەکەیان بە کەلک وەرگرتن لە ئیمکاناتی حیزبی دێمۆکڕات چاپ بکا، لەبەر ئەوەی خۆیان ئامراز وکەرەسەی چاپیان نەبووە. قاسملوو ڕوو دەکاتە خوشکەزایەکەی و پێی دەڵێ:

' ئێوە بۆ دەڵێن حیزبی دێمۆکڕات، دێمۆکڕات نییە، ئەی لەوە دێمۆکرات تر دەکرێ هەڵسوکەوت بکرێ؟ ئێوە لە بەیاننامەکەتان دا هێرشتان کردووەتە سەر ئێمە و جنێوتان پێ داوین  و بە بوودجە و ئیمکاناتی ئێمە چاپی دەکەن. لە ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵ و نفووزی ئێمە دەژین. ئێمە ماڵمان داوە بە ئێوە تا وەک پێگە کەلکی لێ وەربگرن  و هێدیایەتی ئێوەمان دابین کردووە . باشە لەوە دێمۆکڕاتتر دەبێ ؟"

مەبەستی من ئەوەیە کە ئەو گرووپانە لە کوردستان زیاتر لقی ئێعتباریان کردبووەوە و وەک کارتییە لاتەن لە پاریس بەساتیان پان کردبووەوە و دەتگوت وردەواڵەی خۆیان بە تووریستەکان دەفرۆشن. کوردستان بۆیان وەسیلە بوو، ئەویش بەو وەزعییەتەوە کە وێنام کرد. با وەکوو ئەوەش حیزبی دێمۆکڕات هەر لەو هەنگاوە پچووکەش کە ڕێکخراوە سیاسییەکان هەڵیان هێنابووەوە سپاس وێژ بوو و پێشوازی دەکرد لە بوونیان لە کوردستان. کوردەکان لەو باوەڕە دا بوون کە بوونی ئەو گرووپانە یارمەتی دەکا تا کوردستان و خەڵکەکەی باشتر بناسن و ئەو هاتووچوویانە کاریگەی دەبێ لە سەر بەستراونەوە و پێوەندی هێزەسیاسییەکانی ئێران.

شەوکەت: بە ئەو هەموو زۆردارییەی کە دەرحەق بە خەڵکی کوردستان کراوە، وا وەبەرچاو نایە کە لە ناو خەڵکی ئێران دا هاوپێوەندیی کافی لەگەڵ کوردەکان و خەباتەکەیان دا هەبێ. ڕێکخراوە سیاسییەکانیش جار جار لە مەسەلەی کوردستان  لە پێناو بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانی خۆیاندا کەلکیان وەرگرتووە، ئەتۆ ئەوە بە بەرهەمی  کامەیەک لە هۆکاران دەزانی؟

خانبابا تێهرانی: ئەو بابەتە هۆی زۆرە. ئەوەل ئەوەیکە لە تەبلیغات و لە فەرهەنگ دا، حکوومەتەکان خەڵکی کوردستانیان لە خەڵکی دیکەی ئێران جوێ کردەوە و تەبلیغیان کرد کە کوردەکان جیاوازیخوازن و تەمایانە لە ئێران جوێ ببنەوە. ئەوە ناوەرۆکی سەرەکی تەبلیغاتی ڕێژیمی شا بوو و لە کۆماری ئیسلامیش دا بەردەوام بوو. لەو بارەیەوە دەتوانم باسی چاوەدێرییەکانم بکەم.

لە سەفەرێک دا کە لە ساڵی ١٩٨٣ لەگەڵ بەهمەن نیروومەند کردم  بۆ کوردستان، داوام لە قاسملوو کرد کارێکی وا بکا ئێمە سەرێکی زیندانەکانی حیزب بدەین و لەگەڵ ئەو پاسدار، جاش و ئەڕتەشییانەی کە زیندانی بوون گفتوگۆ بکەم. ئێمە سەری هەر دوو زیندانی سەرەکی حیزبی دێمۆکڕاتمان دا و لەگەڵ یەک یەکی زیندانییەکان قسەمان کرد.  ئەوان دەیانگوت بەر لە ناردنیان بۆ کوردستان فەرماندەکانیان گوتوویانە : " کوردەکان کەسانی زۆر بێ بەزە و دڵڕەقن و بە خەنجەر سەری خەڵک دەبڕن، ئەگەر بە پیلتانەوە هاتن و چاکوچۆنیان لەگەڵ کردن فریوی میوان دۆستی بەڕواڵەتییان مەخۆن کە ئەگەر ژێر نوێنەکانیان تەماشا کەن، لە ژێر هەر کامێکیان دا سێ سەری بڕاو دەبیننەوە."

ئەوە وێنەیەک بوو کە ڕێژیم لە ناو سەربازەکان دا لە مەڕ کوردەکان سازی کرد بوو. بە پێچەوانەی ئەوە کوردەکان سیاسەتێکی ژیرانەیان هەبوو. ئەوان لەو باوەڕە دابوون بزووتنەوەی کوردستان خۆی زیندانی ڕێژیمێکی کۆنەپەرستە و پێداویستی نییە بە زیندانی کردنی کەس و حەولیان ئەوە بوو کە هەرچی زووترە زیندانییەکان بەڕەڵا کەن. هەر بۆیە جگە لەو بەشە لە پاسداران کە خاوەنی بیرۆکەی توند و ویشکی فاڵانژیستی بوون، ئەوانیدییان ئازاد دەکرد، بریندارەکانیش دوای موداوا ئازاد دەکران. تازە لەمەڕ پاسدارەکانیش وەزع بەو شێوەیە بوو کە دوای باس و ئاشناییان لەگەڵ ژیانی واقعی کوردەکان و نزیک کردنیان بە واقعییەتەکانی ژیانی خەڵکی کوردستان، ئەوانیشیان ئازاد دەکرد. قاسملوو دەیگوت خاڵی سەرنجڕاکێش لەوە دایە کە هێندێک لەو کەسانەی کە ئازاد دەکرێن پێیان خۆشە لە کوردستان بمێننەوە، چونکە لە هەرێمی دەسەڵاتی کوردەکان دا لە ئەمنییەت دا دەبن و لانی کام گیانیان دەپارێزدرێ. هێندێک لەوانیش بە نەفرەتێک کە لە ڕێژیمی خومەینی پەیدا دەکەن، ئامادەن تا لەگەڵ کوردەکان لە دژی ڕێژیم شەر بکەن.

شەوکەت: قاسملوو ئاشناترین سیمای بزووتنەوەی کوردستانە. دەوری وی لەو بزووتنەوەیە دا چۆن دەنرخێنی؟

خانبابا تێهرانی: بە باوەڕی من بزووتنەوەی کوردستان بۆ زۆر لە دەسکەوتەکانی قەرزداری تێگەیشتوویی سیاسی قاسملوو ە. ئەو لە دوای تەواو کردنی خوێندنی زانکۆ لە پاریس بە ساڵان لە چێکۆسلۆڤاکی ژیاوە و دوای هاتنی میوانانی بانگ نەکراوی سۆڤییەتی بۆ وێندەرێ لە ساڵی ١٩٦٨ دا ناچار بوو ئەو وڵاتە بەجێ بێڵێ [ هەر دووک ئەو زانیاریانەی مێهدی خانبابا تێهرانی تەواو نین. ڕاستە لە سەرەتاوە قاسملوو بۆ خوێندن چووەتە فەڕانسە بەڵام خوێندنی زانکۆی لە پڕاگ تەواو کردووە نەک پاریس. قاسملوو لە ساڵی ١٩٧٥ بە یەکجاری لە چێکۆسڵۆڤاکی دەر کەوت و لە پاریس دامەزرا . ئامادەکار ]. قاسملوو لەگەڵ کاروبارەکانی وڵاتانی ئوڕووپایی ئاشنا بوو و ئاگای لە بارودۆخ و سیاسەتەکانی وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش هەیە. ئەو کەسێکی دنیا دیتووە. لە ڕاستیدا ئەزموونی دەوڵەمەندی وی یارمەتییەکی زۆری داوە بە بەخۆداهاتنی سیاسی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان. بەڕاستی دەتوانم بڵێم کە ئەو یەکێک لە شایستەترین سیاسەتمەدارانی ئێرانە .  ئەوەی کە کاتی مانەوەم لە کوردستان شوێنی لە سەر دانام، ئەوە بوو کە دەمدی لە پێوەندییەکانی ئینسانی دا لە نێوان ڕێبەران و خەكی سادە و پێشمەرگەی حیزب دا هیچ جیاوازییەک نییە. پێشمەرگەکان بە ڕۆژ دەچوونە عەمەلییاتی نیزامی و شەوانە لە دەوری یەکتری کۆ دەبوونەوە و بە ساز و گۆرانی خەریکی هەڵپەڕکێ و شادی دەبوون. قاسملوو دەیگوت: " شۆڕش خۆ پەژارە نییە. ئینسان شۆڕشی بۆ شەهید بوون ناوێ و شەهید بوون لە جێدا ئاوات نییە. ئینسان دەبێ تێ بکۆشێ تا لە شانۆی خەبات دا بیر لە ژیان بکاتەوە ئەگەریش شەهید بوو، ئەوە شتێکە کە لە خەبات دا دێتە پێشێ. بەڵام ئامانجی تێکۆشان و خەباتی مرۆڤ بۆ ژیانێکی باشترە و هەمیشە دەبێ بیر لە ژیان بکرێتەوە،" دەمەوێ بڵێم ئەوە بیرۆکەیەکە کە ئەو بردوویەتە ناو بزووتنەوەی کوردستان، بیرۆکەیەکی مۆدێڕن  کە بە لەبەرچاو گرتنی ستروکتووری دواکەتووی ئابووری و کۆمەڵایەتی کوردستان گرینگی دوو هێندە دەبێ. ڕەهەندێکی دیکەی ئەو بیرۆکەیە دەرەتانی ڕوبەڕوو بوونەوەی ئازادی ئەو بیروڕا و بۆچوونانەیە کە لە ناو حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان دا هەیە و بوونی دژبەران نەک هەر تەحەمول دەکرێ، بەڵکوو هەر کەس دەتوانێ  ئازادانە بیروڕا و بۆچوونەکانی خۆی دەرببڕێ، ئەمن ئەوە بەو دەسکەوتانە دەزانم کە قاسملوو لە ساز کردنیان دا بەشێکی زۆری هەیە، وەبەر گرتنی ئەو سیاسەتە بووەتە هۆی ئەوە کە حیزبی دێمۆکڕات گیرۆدەی سیاسەتە نەریتییەکان نەبێ، ئەو سیاسەتانەی کە بە ڕەچاو کردنی قالبێک داڕێژراون و یان  لە شۆڕش لە سیلەی چاوی قالبێکی کۆنکرێتەوە دەڕوانێ و سەرکەوتنی خۆی دەبەستێتەوە بە پشتیوانیی دەسەڵاتێکی بێگانە.

---

شەوکەت: لە ناو شووڕای میللی موقاوەمەت دا دژایەتی لەگەڵ بەنی سەدر زیاتر لە هەموان لە لایەن کام ڕەوتەکانەوە دەکرا؟

خانبابا تێهرانی: دژایەتی لەگەڵ بەنی سەدر بە ڕادەی جیاواز لە ناوەوە و لە دەرەوەی شووڕاوە دەگەشاوە. بەتایبەتی سەبارەت بە ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆمارێتی وی کە پێشاوپێش لە لایەن موجاهیدینەوە دیاریی کرابوو ئعتراز و ڕەخنەی توند هەبوو. بۆ وێنە نوێنەرانی دەورەیی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان لە شووڕا دا بە ئامادە بوونی بەنی سەدر لە شوورا دا وەک سەرۆک کۆمار دژایەتییان دەکرد، لە کاتێکدا قاسملوو بە شەخسی خۆی لە دووی ئامادە بوونی وی دەدا. کاتێک کە خیلاف و کێشەی موجاهیدین لەگەڵ بەنی سەدر گەورە بووەوە، قاسملوو بە زانینی ئەو کێشەیە و مەبەستی موجاهیدین لە نامەیەک دا لە لایەن حیزبی دێمۆکڕاتەوە پێشنیاری کرد تا ناردنی هەیئەتی نوێنەرایەتی حیزبی دێمۆکڕات بۆ پاریس دانیشتنی لێکۆڵینەوەی خیلاف لە گەڵ بەنی سەدر وەبخرێ، بەڵام موجاهیدین بەر لەوەی نوێنەری حیزبی دێمۆکڕات بگاتێ کۆبوونەوەکەیان کرد. لە هەمان کاتدا ئەو کەسانەی کە لە لایەن دەفتەری حیزب [لە پاریس، ئامادەکار] لە دانیشتنەکە دا ئامادە بوون، بە بێ لەبەرچاوگرتنی هەلومەرج و هەستیاری پێویست سەبارەت بە مەسەلەکە،لە بەرناپوختەبوونی سیاسی ڕەوتی جوێبوونەوەی بەنی سەدر و شووڕایان خێراتر کرد. دواتر قاسملوو بە منی گوت کە هەڵوێستی نوێنەرانی حیزبی دێمۆکڕات و ئەندامەکانی دیکەی شووڕا لە سەر مەسەلەی بەنی سەدر و موجاهیدین هەڵە بووە و دەبوو بە شێوەیەکی دی هەڵسوکەوت بکرێ کە نەگاتە جوێبوونەوەی بەنی سەدر لە شووڕا.

شەوکەت: ماوەیەک لە دوای دەرکەوتنی بەنی سەدر لە شووڕا کێشە لە نێوان موجاهیدین و حیزبی دێمۆکڕات دا قووڵ بووەوە. ئەو کێشەیە گۆیا لە سەر ئەو ئیعترازەی موجاهیدین بوو لە موزاکەرەیەک کە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان، بە بێ ئاگاداری شووڕا لە گەڵ ڕێژیمی خومەینی کردبووی و لە چاپەمەنی دا هەرا و هوریای لێ ساز ببوو. لەو بارەیەوە دەڵێی چی؟

خانبابا تێهرانی: ئەو بابەتە ئیدی لە مەڕ تەواو بوونی کاری شووڕا  بوو. ئەوان ڕۆژان حیزبی دێمۆکڕات پێشنیارێکی کرد بوو لەمەڕ گەورە کردنەوە و پەرە پێدانی شووڕا، بابەتی وەرگرتنی ئیستگەی ڕادیۆیی لە عێڕاقیش لە گۆڕێ دا بوو و بڕیار بوو ئەو دوو بابەتە بکەونە ڕۆژەڤی دانیشتنی شووڕا. بە پێک هاتنی کۆبوونەوەکە، موجاهیدین بابەتی گەورە کردنەوەی شووڕا و ڕادیۆیان لە ڕۆژەڤی کۆبوونەوە دەرخست و مەسەلەی دیداری دەستەی نوێنەرایەتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانیان لەگەڵ جمهووری ئیسلامی هێنا پێشێ و ڕایانگەیاند  شووڕا دەبێ لەو بارەیەوە باس و گەنگەشە بکا و هەڵوێست بگرێ. موجاهیدین دەیانگوت تەنیا ڕێگای ڕووخاندنی ڕێژیمی خومەینی ڕێگای بە زەبروزەنگە. جا ئەگەر وا بێ چۆن دەکرێ کە حیزبی دێمۆکڕات وەکوو ئەندامی شووڕا لەگەڵ ڕێژیمی خومەینی موزاکەرە بکا؟ ئارگومێنتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان لە کۆبوونەوەیەک دا کە قاسملووش تێیدا ئامادە بوو ئەوە بو کە ئەوان ستڕاتێژی سەرەونخوون کردنەوەی بە زەبروزەنگ دەپەژرێنن، بەڵام موزاکەرە بەرپەرچ نادەنەوە چونکە موزاکەرە درێژەی سیاسەتە و لە زۆرێک لە شەڕە ئازادیدەرەکان دا، وەک شەڕی ڤییەتنام، لەگەڵ نەبەرد لە هەمبەر ئەمریکا موزاکەرەش کراوە. ئەگەر سازمانی موجاهیدین  لەگەڵ شێوەیەکی ئەوتۆ دژایەتی بکا بە مانای تێگەیشتنی کەموکورت لە سیاسەت و خڕکردنەوە و وەلانانێتی. جگە لەوە ئەوان پێشنیاری موزاکەرە لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە بە حیزبی دێمۆکراتیان بە شووڕا ڕاگەیاندووە. قاسملوو دەیگوت: "بزووتنەوەی کوردستان ماوەی ٥ ساڵە لەگەڵ ڕێژیمی خومەینی لە دۆخی شەڕ دایە و هێزێکی ئاوای کە لە شەڕەوە گلاوە ناکرێ بە بەڵێن و بڕیەی سەرخەمان دڵی بدرێتەوە. پێشمەرگەکانی ئێمە کەوشیان دەپێ دا نییە و قەند و چای ڕۆژانەیان نییە. ئێوە لەو ماوەیە دا چ یارمەتییەکتان کردووە بە بزووتنەوەیەکی کە لە دۆخی شەڕ دایە کە ئەمڕۆ دەتانەوێ تەنانەت مافی موزاکەرەی سیاسیشی لێ بستێننەوە و بەو شێوەیە قەیوومایەتی خۆتانی بە سەر دا بنوێنن؟ ئێمە مافێکی ئاوا نادەینە دەست هیچکەش و ئەو مافە بە شووڕاش نادەین. هەر ئەو جۆرەی کە مافی موزاکەرە بۆ ڕێکخراوی ئێوە هەیە و لەگەڵ عێڕاق موزاکەرەتان کردووە، ئێمەش مافی موزاکەرەمان هەیە. ئێمە لە عەینی موزاکەرە دا لە ڕووی ئەخلاقییەوە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین شووڕا لەوەی ڕوو دەدا ئاگادار کەین و دەزانین کە ئەو موزاکەرەیە لەگەڵ ڕێژیمی خومەینی چی لێ شین نابێ و دەزانین کە ڕێژیم خودموختاری نادا بە ئێمە. بەڵام ڕێژیمی خومەینی لە تەبلیغات و شاپە و گاپەی خۆیدا بەردەوام ئیدیعا دەکا ڕێبەرانی کوردستان ئینسانی هەڵخەڵەتێنەروسەرلێشێواون کە خەڵک هەتەڵە دەکەن و پێش لە بەرقەراری ئاشتی و ئارامی لە کوردستان دەگرن. کە وابوو ئێمە ناچاریان بۆ  پووچەڵکردنەوەی تەبلیغاتی ڕێژیم  لە ناو خەڵکی کوردستان و درێژە دان بە خەبات، موزاکەرە وەکوو درێژەی سیاسەت بەرەو پێش بەرین و ئێوە تەماتان گرتووە بە پێش لێ گرتنی مافی دێمۆکڕاتیکمان لێ بستێننەوە." قاسملوو لێی زیاد کرد: "پێشمەرگە کوردەکان ماوەی ٥ ساڵە بە دوور لە خاو وخێزان و دەباری ژیان لەگەڵ ڕێژیمی خومەینی دە شەڕ دان. دەستگێڕانەوەی ئێمە لە موزاکەرە دەبێتە هۆی کاریگەر بوونی تەبلیغاتی ڕێژیم لە ناو گەلی کورد دا. ئێمە بە موزاکەرە کردن بە دوای دوو ئامانجەوەین. یەکەم ئەوەی کە تەبلیغاتی ڕێژیم پووچەڵ کەینەوە و بە کردەوە بۆ جەماوەری بسەلمێنین ڕێژیمی خومەینی ئامادە نییە خودموختاری بدا بە ئێمە و لەو ڕێگایەوە ڕووحییەی وەگەرخستنی جەماوەری کورد زیاد دەکەین و دووهەم دەرەتانی پشوودان بۆ هێزە نیزامییەکانمان ئامادە دەکەین. ئەوە یەکێک لە قانوونەکانی شەڕی چەکدارانەی جەماوەری یە و ئێوە ناتوانن بۆ ئێمە و هێزەکانمان قانوونی تازەی شەڕ گەڵاڵە بکەن.

شەوکەت: وڵامی موجاهیدین چ بوو؟

خانبابا تێهرانی: ئەوان بە شیکردنەوەی تێروتەسەل سەبارەت بە پێویستی سەرەونخوونکردنی بەزەبروزەنگی ڕێژیمی خۆمەینی و ڕێک خستنی خەباتی چەکدارانە و بەرپەرچدانەوەی موزاکەرە، لە وڵامی قسەکانی قاسملوو دا رایانگەیاند "ئێوە هێزێکی ناوچەیی و هەرێمین و ئێمە هێزێکی سەرتاسەرین بۆیە بەرعۆدە بوونی ئێمە سەرتاسەری یە". موجاهیدین باوەڕیان وا بوو ئەو هێزەی کە مافی موزاکەرە  دیاری دەکا تەنیا شووڕای میللی موقاوەمەت ە  و حیزبی دێمۆکڕات  یان هەر ڕێکخراوەیەکی دیکە خاوەن مافێکی ئاوا جیاواز نین و حیزبی دێمۆکڕات دەبێ بەرعۆدە بێ کە لەوەو دواوە موزاکەرە ناکا. ئەگەر ئەوە نەکا دەبێ وەزعی خۆی لەگەڵ شووڕا ڕوون کاتەوە.

شەوکەت: کاردانەوەی حیزبی دێمۆکڕات چ بوو ؟

خانبابا تیهرانی: ئەوان ئەو قسەیەی موجاهیدینیان قبووڵ نەکرد. بەڵام ئەوەیان پەژراند لەوە دواوە بەر لە هەر جۆرە موزاکەرەیەک لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەتی جمهووری ئیسلامی شووڕا ئاگادار کەن.

شەوکەت: ئایا لە پەسندکراوەکانی شووڕای میللی موقاوەمەت لە جێدا پەسندکراوێک هەبوو سەبارەت بە شێوەی موزاکەرە لەگەڵ ڕێژیمی خومەینی یا ئەوەی کە موجاهیدین ئەو بیرۆکەیان لە پرێنسیپێکی گشتی ترەوە دەردەخست لە سەر بنەمای ئەوەی کە نابێ لەگەڵ دوژمن موزاکەرە بکرێ؟

خانبابا تێهرانی: بە باوەڕی من ئەو مەسەلەیە جۆرە بیانووگرتنێک بوو لە لایەن موجاهیدینەوە. ئەوان سەرقاڵی تەنگ کردنەوەی شووڕا و هەڵوەژاردنی ڕێکخراوەکەی خۆیان بوون. ئامانجیان ئەوە بوو شوورا بکەن بە ئامرازێکی بێ ئیرادە لە دەست خۆیان دا و حیزبی دێمۆکڕات یەک لەو بەرهەڵستانە بوو کە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی ئەوتۆ دەست و پێی دەبەستن. دوای دەرکەوتنی بەنی سەدر ئیدی نۆرەی حیزبی دێمۆکڕات هاتبوو کە دەبوو یان مل بۆ موجاهیدین ڕاکێشێ و یان چارەنووسی دەبوو بە ئی بەنی سەدر. لەمەڕ موزاکەرەی حیزبی دێمۆکرات لەگەڵ ڕێژیم خراپ نییە ئاماژە بکەم بە قسەیەک کە لە ناو من و ڕەجەوی دا ئاڵوگۆڕ کرا. وەبیرم دێ لە گفتوگۆیەک دا کە لەگەڵ ڕەجەوی هەمان بوو لەو بارەیەوە پێم گوت حیزبی دێمۆکڕات هەمیشە لەگەڵ ڕێژیمە فەرمانڕەواکان موزاکەرەی کردووە و ئەوە شتێکی تازە نییە. ڕەجەوی ئەو پرێنسیپەی قبووڵ کرد و تەنانەت بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەکە دەقێکی بە خەتی خۆی نووسی کە ئەمن هێشتا ئەو دەسخەتەی ویم لە لایە. ڕەجەوی لەو دەقە دا موزاکەرە لەگەڵ هەیئەتە نیزامی و دەوڵەتییەکانی ئێرانی بۆ جێ بەجێ کردنی مەسەلەی کاروباری لەمەڕ شەڕ لە کوردستان بە ئەرک و لە مافە سەرەتاییەکانی حیزبی  دێمۆکڕات زانیوە. دەمەوێ بڵێم کە ئعترازی ئەوان بە رووداوی موزاکەرە لەگەڵ جمهووری ئیسلامی، لە ڕاستیدا بیانووی موجاهیدین بوو بۆ گەورە کردنەوەی کێشە لەگەڵ حیزبی دێمۆکرات بە مەبەستی تەسبیتی هێژێمۆنی و ئۆتۆریتەی ڕەها لە شووڕا دا .

شەوکەت: ئەو گفتوگۆیە کەنگێ لە ناو ئێوە دا ڕووی دا؟

خانبابا تێهرانی: هەر بە دەم ئەو ئعترازانەی کە  لە موزاکەرەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان لەگەڵ ڕێژیم دەکرا.  ئەمن بە ڕەجەویم گوت کوردەکان هەمیشە لە دەرفەتی موزاکەرە بۆ ساز کردنی ئیمکانی پشوو دان لە خەبات دا کەلکیان وەرگرتووە و لە جێدا  بزووتنەوەی کوردستان بێ موزاکەرە ناتوانێ درێژە بکێشێ. زۆر جار ڕووی داوە کە لە سەر گۆڕینەوەی یەخسیران یان ڕادەست کردنەوەی مەیتی کووژراوان لە نێوان لایەنەکان دا موزاکەرە و گۆڕینەوە دەکرێ. هێندێک جار لە سەر ئەو سەعاتانەی کە هێزەکانی هەر دوو لا بۆ هاتو چوو و کۆنتڕۆڵی جادەکان بە دەستەوەبگەن لە نێوان هێزە دوژمنەکان دا ڕێکەوتنی لابەلا دەکرێ. ئەو جۆرە ڕێکەوتنانە ناکرێ بە بێ موزاکەرە هەڵسووڕێن و لە جێدا لە قانوونەکانی شەڕە پارتیزانییەکانن. لەوەش دەرچێ حیزبی دێمۆکڕات هەر لە هەوەڵین ڕۆژەکانی شۆڕشەوە، پرێنسیپی موزاکەرەی لە سەر خوموختاری پەژراندوە و جێ بەجێی کردووە. بەڵام ئاڕگومێنتی موجاهیدین ئەوە بوو کە لە ٣٠ی جۆزەردانی ١٣٦٠ وە  [٢٠-ی ژووەنی ١٩٨١]، واتە دەسپێکی نەبەردی کراوە و ئاشکری نێوان ڕێژیمی خومەینی و سازمانی موجاهیدین، گشت خەسڵەتەکانی ڕێژیم گۆڕاوە و موزاکەرەی حیزبی دێمۆکڕات لەگەڵی پاساو نادرێ.

شەوکەت: کاری ئەو دانیشتە دواجار بە کوێ گەیشت؟

خانبابا تێهرانی: سەرەڕای دمەتەقە و گەنگەشەی دوورودرێژ حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان بۆچوونی سازمانی موجاهیدینی قبووڵ نەکرد و ڕایگەیاند دەبێ ڕێز لە مافی موزاکەرە بۆ خۆی و ئەوانیدی بگیرێ. موجاهیدینیش بە دووی ئەوەوە بوون کە شووڕا لەوبارەیەوە هەڵوێست بگرێ و داخویانییەک بە ناوی خۆی دەرچوێنێ. بە خۆڕاگری حیزبی دێمۆکڕات، ئێمە و ژمارەیەکی دیکە لە ئەندامانی شووڕا ئەو داخویانییە بڵاو نەکرایەوە و بەو شێوەیە دانیشتنەکە کۆتایی هات.  و وا بڕیار درا لە دانیشتنی دواتر دا لەو مەسەلەیە بکۆڵدرێتەوە.

شەوکەت: ئەوە هەر هەمان کۆبوونەوەیە بوو کە تێیدا موجاهیدین حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانیان لە شووڕای میللی موقاوەمەت وەلا نا؟

خانبابا تێهرانی: موجاهیدین حیزبی دێمۆکڕات یان بانگ نەکرد بۆ ئەو کۆبوونەوەیە. پێکهاتنی دانیشتنەکەشیان بە تەلەفون بە من گوت و پێشیان ڕاگەیاندم کە حیزبی دێمۆکرات بۆ بەشداری لەو کۆبوونەوەیە دا بانگ نەکراوە، ئەوە ئیتر جیلوەی تەواوی شێوە و چلۆنایەتی بیرکردنەوەی موجاهیدین بوو لە مەڕ کاری شووڕایی و نیشانی دەدا کە ئیتر کاری موجاهیدین و شووڕا دوایی هاتووە.

 موجاهیدین چەند حەوتوو بەر لە پێکهاتنی ئەو دانیشتنەی کە  لە مەر لێکدانەوەی وەزعییەتی حیزبی دێمۆکڕات دەبوو، لە ڕۆژنامەکەی خۆیاندا دەنگوباسی لەمەر
 " شۆڕشی ئیدێئۆلۆژیک " یان بە چاپی بەیاننامەیەک ڕاگەیاند و بە پیرۆزبایی و موبارەکبادی پێوەندی هێژای مەسعوود ڕەجەوی لەگەڵ مریەم عوزدانلوو ڕێبەری نوێی شۆڕشیان دیاری کرد .ئیدی لەو دەمییەوە دڵنیا بووم کە کاری شووڕا تەواو بووە . بۆیە ڕامگەیاند لە کۆبوونەوەیەک دا کە لە لایەن بەرپرسی شووڕاوە بانگ کرا بوو بەشداری ناکەم  و داوام لە هاوڕێیانی ڕێکخراوەی خۆشمان کرد هەرچی زووتر هەڵوێستی لێبڕاو و یەکجارەکی خۆیان سەبارەت بە ئەندامەتی لە شووڕا دا ڕابگەیێنن.  و واقعییەت ئەوەیە لەو بارەیەوە کەمێک وە درەنگیش کەوتبووین.  ئێمە لە ١٥-ی خاکەڵێوەی ١٣٦٤ [٤-ی ئاوریلی ١٩٨٥] ڕاگەیاندنێکمان ئامادە کرد بۆ شیکردنەوەی وەزعەکە بۆ بیرو ڕای گشتی
.

No comments: