Sunday, January 8, 2017

چاوپێکەوتن لەگەڵ یای سیلەی غەففار ووتەبێژی حیزبی هەمبەستەگی ئەفغانستان


بەرنامەی ڕاوێژ، چاوپێکەوتن لەگەڵ یای سیلەی غەففار ووتەبێژی حیزبی هەمبەستەگی ئەفغانستان
بەرواری ئاستە کردن: سێشەمە  ١٣ – ی دیسامبری ٢٠١٦
بەرواری بڵاو کردنەوە لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک: یەکشەمە ١-ی ژانڤییەی ٢٠١٧

قازی: بینەرانی خۆشەویست بەخێربێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ' ڕاوێژ' . ئەوە یەکەم ' ڕاوێژ ' ە لە ساڵی ٢٠١٧ دا ، هیوادارم  ساڵی ٢٠١٧ بۆ هەموو لایەک خێر و خۆشی پێوە بێ. لەم بەرنامەیە دا بە خۆشییەوە میوانداری دەکەین لە بەڕێز سیلەی غەففار ووتەبێژی پارتیی هەمبەستەگی ئەفغانستان. ئێمە زۆر سپاسی دەکەین  وەختی تەرخان کردووە سەری لێ داوین و گەورەی کردووین. دیارە لەو بەرنامەیە دا ئەمن حەول دەدەم بە زمانی فارسیی دەری، یانی ئەو شێوەزارە لە فارسی کە لە ئەفغانستانێ بە کار دەهێندرێ لەگەڵ بەڕێزیان قسە بکەم. زۆر بەخێر بێی یای غەففار بۆ بەرنامەی ' ڕاوێژ'  و تێلێڤیزۆنی ستێرک
غەففار: خۆش بن و سپاستان دەکەم کە بانگهێشتنتان کردووم بۆ ئەم بەرنامەیە

قازی: پێم خۆش بوو زانیارییت بدەمێ کە بەرنامەی ' ڕاوێژ ' بەرنامەیەکە زیاتر سەرنج دەداتە سەر بابەتی کولتووری، بەڵام وەک ئێوەش دەزانن کولتوور لە سیاست جوێ ناکرێتەوە و ئەمن پێم وایە بینەرانی ئەم بەرنامەیە لە ڕێگای دوورەوە ئێوە دەناسن و ئەمن دەزانم ئێوە پێشتریش لە بەرنامەیەک لە کاناڵێکی دیکەی کوردی دا بەشداریتان کردووە,  هەرچۆنێک بێ ئەمن پێم وایە  هەڵوێستە ئینسانی و ڕادیکاڵەکانی ئێوە نموونەیەکە بۆ ژنانی کورد، بۆ بینەرانی کورد کە لە هێندێک شوێن ئەوانیش  لە بارودۆخێک دا دەژین کە وە ئی ئەفغانستان دەچێ و خەریکی تێکۆشانن. بۆیە پێم خۆشە لە سەرەتاوە ئەگەر دەکرێ هێندێک باسی خۆتمان بۆ بکەی. من دەزانم خەڵکی ویلایەتی ' فراه ' ی لە ئەفغانستان ، کە لەوێ لە ڕووی نەتەوەییەوە هەم پەشتووەکانی لێن، و هەم تاجیکەکان و هەر وەها بەلووچەکانیش  و پێم وایە هێندێکیش ئوزبەک لەو ویلایەتە دا دەژین. ئەوەی کە سەرنجی منی زۆر ڕاکێشاوە زۆر ژنی کە خەڵکی ئەو ویلایەتەن لە ڕووی سیاسییەوە هەلوێستی زۆر ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانەیان هەیە و دەمەوێ بزانم کە تایبەتمەندی ئەو ویلایەتە چییە؟ ئەگەر دەکرێ ئەم دوو پرسیارە بەیەکەوە ووڵام بدەنەوە هەم  هێندێک لە سەر ژیانی خۆتان و هێندێکیش لە سەر ویلایەتی ' فراە ' ؟

غەففار: هەر وەک ئێوە گوتتان ئەمن لە ویلایەتی ' فراە ' لە دایک بووم ، بەڵام بەداخەوە سەردەمێک چاوم بە دنیا هەڵێنا کە ئەفغانستان لە لایەن شووڕەوییەوە داگیر کرا بوو، شووڕەوی پێشوو و باوکم لە ڕیزی ئەو تێکۆشەرانەی ئەو دەمی دا بوو کە بەدژی داگیرکرانی ئەفغانستان شەڕیان دەکرد. و ئەو ناچار بوو ووڵات بەجێ بێڵێ و بۆ ماوەیەک چووینە ئێران و چەند ساڵ لە ئێران بووین  و لە ئێرانەوە دیسان گەڕاینەوە پاکستان و ماوەیەک لە پاکستان بووین و دیسان چووینەوە ئەفغانستان و لەوێ درێژەمان دا بە ژیانمان. ئەو کاتەی خوێندنی خۆم تەواو کرد لە پاکستان، یانی خوێندنی سەرەتایی ، ئیمدادی و زانکۆ، و دیسان گەڕاینەوە ئەفغانستان. بەڵام لەو سەردەمەی دا کە لە موهاجەرەتیش بووم  هەمیشە سەفەرم دەکرد بۆ ئەفغانستان ، دەچوومە ئەفغانستان لە ناو خەڵک دا بووم و لە ویلایەتی ' فراە ' و لە ویلایەتەکانی دیکەی ئەفغانستان  بە تایبەتی لە زەمانی دەستەڵاتی تالیبانەکان بەرنامەی زۆر و زەوندمان ڕێک دەخست بۆ ووشیارکردنەوەی ژنان، بۆ بەڕێوە بردنی کاروباری ئابووری لە ناو ژنان دا و هێندێک بەرنامەی دیکەم هەبوو کە زۆر جار دەچووینە ناو ئەفغانستان  و لەهەمان کات دا ڕاپۆرتمان ئامادە دەکرد لە سەر وەزعی ژنان و بە تایبەتی لە دییەکانی ئەفغانستان ، لە ولوسوالییەکان ( شار و شارستانەکان) ی ئەفغانستان. چونکە ویلایەتی ' فراە' یەکێک لە کەلاکەوتووترین و وەدواکەوتووترین ویلایەتەکانی ئەفغانستانە بە بەراورد کردن لە گەڵ کابول و مەزاری شەریف و ..

قازی: لە ئێران نزیکە وایە ؟

غەففار: بەڵێ، هاو سنوورە لەگەڵ ئێران. و زۆر جار زۆر شێوە لەو جینایەت و خیانەتانەی کە لەگەڵ خەڵک کراون وەک زۆربەی ویلایەتە دواکەوتووەکانی دیکەی ئەفغانستانیش کەمتر لە ڕێگای چاپەمەنییەوە بڵاو کراونەتەوە و مێدیایی کراون، لە بەر ئەوە ئێمە ڕاپۆرتمان ئامادە دەکرد سەبارەت بە ویلایەتی ' فراە ' و خەڵکی دیکەی ئەفغانستان بۆ ئەوەیکە بیروڕای گشتی زیاتر بزانن  لەوێ چ ڕادەبرێ ، بۆ ئەوەی چلۆنایەتی ڕاستەقینەی ئەفغانستان باشتر بزانن.  و دیارە بە دەم ئەو چالاکییانەوە لەگەڵ ڕێکخراوی جۆر بە جۆری کۆمەڵایەتی و سیاسی کارم کردووە و دەتوانم خۆم وەکوو چالاکێکی سیاسی و چالاکێکی مافی ژنان لە ئەفغانستان بە ناو بکەم  کە لە ڕێگای حیزبی هەمبەستەگی یەوە دەمەوێ دەنگی خەڵکی ئەفغانستان، خەڵکی مەینەت چێشووی ئەفغانستان بەرز بکەمەوە و لە هەمان کاتدا بەدژی داگیرکاری و بنچینەگری و لە پێناو ئەفغانستانێکی ئازاد و سەربەخۆ و سەربڵیند دا تێ بکۆشم و دەمەوێ خەبات بکەم بۆ ڕزگاریی ژنان لە کەڵەوەی سەرەرۆیی و زۆر و ستەمی زۆر و زەوەند کە هەموو ڕۆژێ لە هەموو لایەکەوە لێیان دەکرێ و لەو بوارە دا بتوانم زیاتر کار بکەم.

قازی: باشە ئەو کاتەی کە ئێوە لە پاکستان بوون لە کامە شار بوون؟ لە کام زانکۆ؟

غەففار: ماوەیەکیش لە کەمپی پەنابەران دا دەژیاین.

قازی : دەمەویست بزانم لە چ بوارێک دا خوێندووتانە ؟

غەففار: ئەمن لە بواری ئابووری دا خوێندوومە ، دیارە لە راولپێندی و پیشاوەر و خوێندنم لەوێ تەواو کرد

قازی: لەوێ لەخوێندن فاریغ بووی

غەففار: بەڵێ لەوێ فاریغولتەحسیل بووم.

قازی: باشە، زمانی خوێندن لە ئاستی زانکۆ لە پاکستان دیارە زمانی ئینگلیسی حەتمەن هەیە بەڵام، زمانی ئۆردوو پێشتر دەتزانی یان لەوێ ناچار بووی فێری بی؟

غەففار: نا، وەک زۆربەی ئەفغانەکانی ئێمە کە پەڕیوەی ووڵاتانی جۆر بە جۆر بوون ، توانیان لە دەرفەتەکانی ئەوان کەلک وەربگرن فێری زمان بن و ئەگەر دەرفەتی ئەوەش بایە کە بتوانن درێژە بە خوێندنی خۆیان بدەن ئەوەشیان دەکرد. بەڵام زۆربەی ئەفغانە موهاجیرەکان لە پاکستان ئەو دەرفەتەیان نەبوو ، لە کەمپ دابوون. بۆ وێنە لە کەمپەێک کە ئێمەی تێدا دەژیاین لە لایەن  ڕێکخراوی جۆر بە جۆرەوە مەدرەسە کرابوونەوە کە ئەمن لەوێ ماویەکیش بە فارسی خوێندم ، بەڵام خوێندنم زیاتر بە زمانی ئینگلیسی بوو و زمانی ئۆردووش لەبەر ئەوەی لە پاکستان بووین و زیاتر لە ناو خەڵک دابووین و سەروکارمان لەگەڵیان هەبوو و لەبەر ئەوە مرخم لێ بوو زمانی جۆر بەجۆر فێر بم ئۆردوش فێر بووم.

قازی: ئێوە زمانی دایکی تان پەشتووە ؟

غەففار: بەڵێ، زمانی دایکیم پەشتوو یە ، هەم بە پەشتوو و هەم بە فارسی قسە دەکەین چونکە هەر دووکیان زمانی ڕەسمی ئەفغانستانن، زمانی نەتەوەیی ئێمەن، بە هەر دووکیان قسە دەکەم.

قازی: زیاتر دێینە سەر زمانەکان، ئێوە ئێستا گوتتان ' ئەفغانەکان' ی ئێمە دەمەوێ بزانم مەبەست لە ' ئەفغان ' کاتێک ئێوە زاراوەی ئەفغان  دەکار دەکەن ، مەبەستتان چییە؟ خۆ ئێمە لەوێ نەتەوەیەکی تایبەتیمان بە ناوی ئەفغان نییە، هەمانە؟

غەففار: نا، نییە

قازی: یانی ئەو ناوە بۆ هەموو ئەو کەسانەی لەوێ دەژین بەکار دێنن؟

غەففار
: بەڵێ ئێمە لە زمانی هەڕەمەی خەڵک دا بە هەموو شارومەندانی ئەفغانستان دەڵێین : ' ئەفغانەکان '  کە ئەوە هەموو نەتەوەکانی ئەفغانستان وەبەر دەگرێ.

قازی: یانی هەموو نەتەوەکان ئەو شەقڵەیان پێ قەبووڵە؟ ئەو زاراوەیە پەسند دەکەن؟

غەففار: خەڵکی ئەفغانستان سەر بە هەر ئێتنیک ، هەرێم و زمانێک بن، لە هەر نەتەوەیەک بن وەک ' ئەفغان ' بیر لە خۆیان دەکەنەوە و دەڵێن خەڵکی ئەفغانستانین، بەستراوینەوە بە ئەفغانستان، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ ڕووناکبیری ئەوتۆ هەن ئەو لایەنە هەرێمی و زمانییانە گەورە دەکەنەوە و بە تایبەتی لایەنی ئێتنیکی، لە جیات ئەوەی کە  بە گیروگرفتە سەرەکییەکانی خەڵکی ئەفغانستان ڕابگەن ، زیاتر هێندێک ووشە و زاراوە دەهێننە گۆڕێ کە ئەوە بە زمانی فارسی نییە، فڵانە بە زمانی پەشتوو یە ، فڵان بە زمانی دەری یە ، فیسار بە زمانی ئوزبەکی، تورکەمەنی یە و دەبێ ئاوا بێ و ئاوا نەبێ و ئەو گەورەکردنەوەی لایەنی ئێتنیکی ، هەرێمی و زمانی زیاتر لەبەر ئەوەیە کە ئەوانە دەیانەوێ دەستەڵاتی خۆیان بەسەر خەڵک دا بسەپێنن و بەو شێوەیە بە خەڵکی بقەبووڵێنن و لەهەمان کاتدا خەڵک هەتەڵە بکەن لەو مەسەلە سەرەکی و ڕۆژانەیانەی کە هەیانە. لە ڕوانگەی خەڵکەوە گوتنی ' ئەفغان ' زۆر ووشەیەکی ئاسایی یە و دەکاری دەکەن و دەڵێن ئێمە هەموو ئەفغانین سەر بە هەر کام لە نەتەوەکان بن .

قازی: دەگەڕێینەوە سەر ئەو جۆرواجۆرییەی کە لە کۆمەڵی ئەفغانستان دا هەیە. دەزانین  لەو ووڵاتانەش کە بەشێک لە خاكی کوردستانیان تێ کەوتووە ئەو مەسەلەی جۆراوجۆرییە هەیە چ لە ڕووی ئێتنیکی، چ لە ڕووی زمانی و چ لە ڕووی کولتوورییەوە. هەر چۆنێک بێ  ئێوە لە قەبووڵ و ددان پێداهێنان بەو جۆراوجۆرییانە دا باوەڕتان بە یەکێتیی یە  نەک یەک کردنی هەموویان ؟ بۆ نموونە لە ئەفغانستان ئێوە لایەنگری ئەوە نین کە هەموو خەڵک بە زمانی پەشتوو قسە بکەن؟

غەففار
: بە هیچ جۆر. ئێمە باوەرمان وایە کە ڕێگا چارەسەری ئەفغانستان بۆ ئەوەی بتوانین ئەفغانستانێکی تاقانەمان هەبێ ئەوەیە کە یەکیتیی هەموو ئێتنیکەکانی ئەفغانستان دابین بکرێ، ئەوە بریتی یە لە یەکێتیی هەموو نەتەوەکانی ئەفغانستان و ئێمە دەبێ بە بێ دەمارگرژیی نەتەوەیی ، ئێتنیکی ، هەرێمی و زمانی بتوانین بەیەکەوە بژین. ئێمە دەبێ جیاوازی لە نێوان تاجیک و پەشتوون و تورکەمەن و ئوزبەک و هەزارە دا نەکەین ، هەموومان دیسان پێشتر گوتم ئەفغانین لە پێناو ئەفغانستانێکی ئازاد دا دەبێ خەبات بکەین و بۆ گەیشتن بەو ڕۆژە دەبێ هەمیشە یەکێتیی هەبێ  و ئێمە وەک حیزبی هەمبەستەگی ئەفغانستان هەمیشە حەول دەدەین تەنانەت زمانە ناوچەییەکانیشمان گەشە بکەن و خەڵکی ئێمە بتوانن بە زمانەکانی خۆیان دەرس بخوێنن . بۆ نموونە ' پەشەیی ' یەکێک لەو زمانانەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان لە چەند ولوسوالی ( شارستان ) دا قسەی پێ دەکرێ،

قازی: یەک لە زمانەکانی نزیک لە ' پەشتوو ' یە؟

غەففار: نا، بە تەواوی جیاوازە، بەڵام لە ناوچەکانی پەشتوو نشین وەکوو 'جەلال ئاباد ' و ' کونەر ' و ئەوانە زیاتر لە ناوچەگەلی پەشتوو نشینی ئێمەن ، لەوێ خەڵکی پەشەیی ئێمەی لێن کە ئێستا ڕێنووسی خۆیان ئامادە کردووە و دەیانەوێ کتێبەکان بە ' پەشەیی ' وەربگێڕن ، لەوێ لە خوێندنگەیەکان دا بە زمانی پەشەیی دەرس بگوترێتەوە . ئێمە لایەنگری ئەوەین. ئێمە دەمانەوێ هەموو زمانە ناوچەییەکان گەشە بکەن ، بەڵام لە هەمان کاتدا دژی ئەوەین لە ژێر ناوی زمان، یان لە ژێر ناوی نەتەوە دا کەلکی خراپ وەربگیرێ و خەڵک لەگیانی یەکتری بەر دەین، بەڵام، داوای یەکێتیی هەموو ئێتنیکەکانی ئەفغانستان دەکەین .

قازی: ئەو مەسەلەیە تا ڕادەیەک، نازانم سەبارەت بە ئێوە چۆنە بەڵام ئەگەر ئێران یان تورکییە لە بەر چاو بگرین لە ڕاستیدا ئەوە جۆرە ئارگومێنتێکە لە لایەن خاوەن دەستەڵاتانەوەش ، بۆ وێنە سیاسەتمەدارێکی تورک جارێک لە پاڕڵمان گوتی ئەگەر ئێمە  قەبووڵ بکەین  کوردەکان بە زمانی دایکی خۆیان دەرس بخوێنن ، ئێمە لە تورکییە زیاتر لە ١٨ زمانمان هەیە بەو پێیە دەبێ ڕێگا بدرێ بە خوێندنی ١٨ زمان. یانی قسەکەم بە خراپ وەرمەگرە بەڵام ئەو ئارگومێنتەی ئێوە ، مەبەستم ئەوەیە بڵێم ئەو بابەتە هێندێک هەستاوی یە . دەبێ لە پێشدا جیاوازییەکان قەبووڵ بکرێ و دوایە بە قەبووڵ کردنیان لایەنگری بکرێ لە یەکێتیی دڵخوازانە. بۆچوونی ئێوەش ئاوایە؟

غەففار: بەڵێ بە تەواوی. هەموان لە یەکێتیی و تەبایی دا دەبێ بژین

قازی: واتە لە سەر بنەمای ویستی خەڵک خۆیان ؟

غەففار: بەڵێ. ئەوە ڕاستە کە زمانە نەتەوەییەکان پەشتوو و دەری ن ، چونکە زۆربە بەو زمانانە قسە دەکەن.

قازی: باشە ئەگەر دەکرێ هێندێک زانیاری بدەن لە سەر زمانەکان ؛ ئەو ڕەسمییەت پەیدا کردنی دوو زمان داخودا دیاردەیەکە لە زەمانی سیستمی پادشایەتییەوە  و بەر لە گۆڕانی سیستم و هاتنی شووڕەوی و دوایە هاتنی تالیبەنەکان لە پەنجا ساڵی ڕابردووەوە ؟ هەم ناوی زمانەکان بڵێن و هەم هەڵکەوتیان لە ڕووی جوگرافیاییەوە کە لە کوێ بەکار دەهێندرێن تا ئەو جێگەیەی کە هەڵبەت ئێوە دەزانن؟


غەففار: دیارە ئەوە مەسەلەیەکی زەحمەتە کە ئەمن بتوانم سەبارەت بە هەموو زمانەکانی ئەفغانستان قسە بکەم بەڵام وەکوو ئەفغانێک کە لەوێ دەژیم ، تەبعەن هەمیشە لە پەنجاساڵ لەمەوبەرەوە مەسەلەی زمانیی لە ئەفغانستان گەورە کراوەتەوە، هەر لایەنێک کە دەستەڵاتدار بووە و حاکمییەتی هەبووە یان ویستوویە حاکمییەت وەدەست بهێنێ حەولی داوە ئەو جۆرە مەسەلانە لە نێو خەڵک دا زیاتر گەورە بکاتەوە و ئەو جیاکارییە نەتەوەیی و زمانی و هەرێمییانە هەتا بڵیی لە ئەفغانستان بە تایبەتی لەو چل ساڵەی ڕابردوو دا تا ئێستا زۆر وەبەر چاو دێ. گۆیا ئەو رێبەرانە، ئەو جینایەتکارانەی کە دەرحەق بە خەڵکی ئەفغانستان جینایەت و خیانەتیان کردووە ئەوانە هەمیشە لە ژێر ناوی زمان و لە ژێر ناوی ئێتنیک خەڵکیان دە گیان یەکتری بەر داوە، یانی ئەگەر ئەمڕۆ پەشتوو زمانی ڕەسمی بێ یان دەری زمانی ڕەسمی بێ ، یا دو زمانی ڕەسمیمان هەبێ، یا سەرنج نەدرێتە سەر زمانەکانی دی ئەوە مەسەلەیەکی زۆر سەرەکی نییە ، ئێمە بە هەر زمانێک کە ئاسوودە بین دەبێ بتوانین قسەی پێ بکەین ، بە هەر زمانێک کە ئێمە پێمان وابێ ژمارەیەکی زۆر  لە بەردەنگەکانمان لە قسەکان تێ دەگەن دەبێ قسەی پێ بکەین . ئەوە مەسەلەیەکی هێندە سەرەکی نییە کە ئەگەر پەشتوونەکان زۆربەن دەبێ زمانی پەشتوو زمانی نەتەوەیی بێ، بەڵام چونکە زۆربەن و لەوانەیە زۆربەی خەڵک بتوانن تێ بگەن دەبێ زیاتر قسەی پێ بکرێ و بۆیەش بووە بە زمانی نەتەوەیی.

قازی: دەکرێ باس بکەن لە ڕووی ژمارەی ئاخێوەرانەوە، ئاخێوەر بە هەر کام لەو زمانانە؟

غەففار: ستاتێستیک و ژمارەی جۆر بەجۆر هەیە

قازی: بە تەقریب

غەففار: تا ئێستا سەرچاوەیەکی جێی باوەڕی کە ئێمە بە ووردی بتوانین بڵێین باوەڕ بەو سەرچاوەیە دەکەین کە ئەو دابەشبوونە زمانییە ڕوون کاتەوە لە گۆڕێ دا نییە، بەڵام بە تەقریب دەگوترێ  زیاتر لە ٥٦ لەسەد یا ٥٠ لە سەدی خەڵک پەشتوونن ، زیاتر لە ٣٠ لە سەد تاجێکن و هەر بەو شێوەیە خەڵکی هەزارە و ئوزبەکی ئێمە و دوایە تورکەمەن وکەمایەتی دیکە هەن

قازی: بەلووچیش

غەففار: بەڵێ بەلووچیشمان هەیە، تورکەمەن و بەلووچ .

قازی : باشە،  نەتەوەی  ئەوانەی بە ' پەشەیی ' قسە دەکەن چییە؟

غەففار: زۆربەی ' پەشەییەکان ' بە خۆیان دەڵێن نەتەوەی پەشەیی.

قازی: ئەوان زیاتر لە کوێ دەژین؟

غەففار: زیاتر لە لای ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستانن ، هەڵبەت ویلایەتیان نییە، بەڵام لە چەند ولوسوالی [ شارستان ] دا  خەڵک بە  پەشەیی قسە دەکەن لە هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان کە چەند ولوسوالییان سەر بە لوغمان و چەند ولوسوالییان سەر بە جەلال ئابادن.

قازی: ئەو ووشەیەی ' ولوسوالی '  لە فارسی ئێران دا دەبێ بە چی ؟ بەخش یا شەهرستان ؟ لە ئوستان پچووکترە وایە؟

غەففار
: بەڵێ. لە ئوستان پچووکترە. ئێمە ویلایەتمان هەن
  
قازی: ویلایەت لە فارسی دا یانی ئوستان

غەففار: بەڵێ ئوستان، هەر ویلایەتێک دابەش کراوە بە وڵوسوالییەکان،

قازی: بە شەهرستانان

غەففار: بەڵێ، شەهرستانان، کە ئێمە پێی دەڵێن ولوسوالی. بۆ وێنە ویلایەتی ' فراه' بە ٩ ولوسوالی دابەش کراوە.
و هەر ئاوا کابول بە چەند ولوسوالی دابەش کراوە. و هەر ولوسواڵیش دابەش دەکرێ بە سەر ' قەریە' [ دێ] کان دا .

قازی: ئەو ووشەیەی ' ولوس ' بۆ من زۆر سەرنجڕاکێشە چونکە لە زمانی تورکی دا ووشەیەک هەیە بە ناوی
 ' ئوڵووس' کە هەمان مانای ووشەی ' ولوس ' ی پەشتووی هەیە.

غەففار: ' ولوس' بە خەڵک دەڵێن.

قازی: مەردوم، میلەت. باشە ئەو زمانانە بە کارهێنانیان لە پەروەردە دا چۆنە؟ بۆ وێنە پەشتوو، تاجیکی یان دەری؟

غەففار: لە بەر ئەوەی پەشتوو و دەری زمانە ڕەسمییەکانی ووڵاتن

قازی: یانی لە ئاستی پارڵمان و ئیدارە دەوڵەتییەکان دا؟

غەففار: بەڵێ لە هەموویان دا. لە ئاستی پارڵمان و دەوڵەت و لە ئاستی ئیدارەکان دا پەشتوو و فارسی ڕەسمین ، هەموو پێوەندییەکان و هەموو پەروەردە ، بە گشتی لە خوێندنگەکان و لە پەهەنتوونەکان  و لە ناوەندەکانی دیکە دا،

قازی: پەهەنتوون یش یانی زانکۆ؟

غەففار: بەڵێ یانی زانکۆ، بە دوو زمانن، چونکە ئەو دوو زمانە ڕەسمییەتیان هەیە. هەڵبەت خەڵک لە ویلایەتەکاندا بە زمانەکانی دیکەش قسە دەکەن بەڵام زۆربەی ئەو کارانەی بە نووسین دەکرێن لە ئیدارە دەوڵەتییەکان دا بە زمانی پەشتوو و فارسین نەک زمانەکانی دی . بۆ وێنە ئێمە لە حیزبی هەمبەستەگی بە تەنیشت زمانی دەری و پەشتووەوە کە زمانی ڕەسمین و لەوانەیە ئاخێوەرانیان زۆربەی بەردەنگانی ووتارەکان و بەرنامەکانی ئێمە بن ، ئێستا ئێمە لە ماڵپەڕەکەمان دا زمانی ئوزبەکیمان چالاک کردووە ، و بە زمانی پەشەیی تا ئێستا بە لانی کەمەوە چەند بابەتمان  داناوە. حەول دەدەین بە زمانە ناوچەییەکانی دیکەش هێندێک بابەت بڵاو بکەینەوە بۆ ئەوەی ئەو خەڵکەی کە ناتوانن بە زمانی پەشتوو و فارسی بخوێننەوە و کەلکیان لێ وەرگرن، بە زمانەکانی خۆشیان لانی کەم کەلک وەرگرن  و بخوێننەوە ، لە بەر ووشیار بوونەوەی خەڵک و هەر وەها بە مەبەستی گەشە کردنی زمانەکانیش کە خەڵک بتوانن گەشە بکەن بەڵام لە هەموو ویلایەتەکان ئەو دوو زمانە ڕەسمییەتیان هەیە کە ،

قازی: بەڵام کەسانی خوێندەوار لە خوێندنگە و فێرگەکان دا هەر ئەو دوو زمانە دەکار دەکەن؟زمانەکانی دیکە لە خوێندنگەکان دا ناخوێندرێن و تا ئێستاش بە کار ناهێندرێن؟

غەففار: نەخێر. ڕەنگە بەشێوەیەکی زۆر بەرتەنگ و هەر تاقە بابەتێک لە هێندێک شوێنان هەبێ ، وەکوو تاقە بابەت لە بەر ئەوەی زمانە ، ئوزبەکی لە ناوچەی ئوزبەک نشین  بە دەرس گوترابێتەوە، لە ناوچە پەشتوو نشینەکان کە پەشەییشمان هەیە ڕەنگە ئەوە بە دەرس گوترابێتەوە بەشێوەیەکی زۆر بەرتەنگ بەڵام  بە ئاسایی پەروەردە هەر بە زمانگەلی پەشتوو و دەری یە.

قازی: هێزە جیهادییەکان بۆچوونیان لە سەر زمان چۆنە بۆ وێنە لە ناو تالیبانەکاندا چ زمانێک زیاتر بەکار دەهێندرێ؟

غەففار: لە ناو گرووپەکان  چ تالیبانەکان و چ بنچینەگرەکان ئەوانە بەداخەوە ئەمڕۆ لە ناو خەڵکی ئەفغانستان وەک ئاڵاهەڵگرانی نەتەوەیی، ئاڵاهەڵگرانی زمان و ئاڵاهەڵگرانی هەرێمی دەناسرێن چونکە ئەوان لە ژێر ناوی نەتەوەیەک یان زمانێک کە سەر بە ئەون بە کەلکی خراپ وەرگرتن لە زمان دەیانەوێ ، دیسان دەیڵێمەوە، کە هەستی خەڵک بورووژێنن و بتوانن لە سەر کورسی دەستەڵات بمێننەوە و بەو شێوەیە حاکمییەتی خۆیان زیاتر بە سەر خەڵک یان بە سەر ئەو نەتەوانە دا هەبێ و کەلکی خراپی لێ وەربگرن. جا بۆیە هەر کامیان نوێنەرایەتی نەتەوە جیاوازەکان دەکەن، نوێنەرایەتی زمانە جیاوازەکان دەکەن و بە شێوەیەک دەیانەوێ بە کەلک وەرگرتنی خراپ لەوە  زوڵم لە نەتەوەکانی دیکە بکەن. لە ئەفغانستان بە داخەوە لەو چل ساڵەی دوایی دا ئەو ئاڵاهەڵگرانی ، نەتەوە و زمان و هەرێم و ئێتنیک نەک هەر خیانەت و جینایەتیان کردووە دەرحەق بە ئێتنیکەکانی دیکە بەڵکوو یەکەمیان خیانەتیان دەرحەقی نەتەوەی خۆیان کردووە. ئەگەر تەماشای نەتەوەی پەشتوون بکەین یان ئەو کەسانەی کە خۆیان بە ئاڵاهەڵگرانی نەتەوەی پەشتوو دەزانن یان ئێتنیکی جۆر بە جۆری کە سەر بە نەتەوەی پەشتوون ئەوانە زیاتر دەیانەوێ و دەڵێن دەبێ دەستەڵات لە دەست پەشتوونەکان دا بێ و هەزارەکان دەبێ سەرکوت بکەین، نەتەوەکانی دی، تاجیکەکان دەبێ سەرکوت بکەین چونکە تەنێ دەیانەوێ لە ژێر ئەو ناوە دا لە سەر دەستەڵات بمێننەوە . ئەگەر تاجیک بن هەمیشە مەسەلەی زمانی و هەرێمی گەورە دەکەنەوە و دەیانەوێ هەستی نەتەوەیی خەڵک ببزوێنن ، هەستی زمانیی ئەوان بورووژێنن و دەڵێن ئەگەر ئێوە پەشتوونەکانتان پێ قەبووڵ بێ تاجیکەکان دە مەترسی دەکەون ، تاجیکەکان دەستەڵاتی خۆیان لە دەست دەدەن و ئێمە ناتوانین دەستەڵاتی خۆمان بپارێزین. بەو شێوەیە ئەمڕۆ  ئەگەر تەماشای ئوزبەکەکان بکەین، ئەوان دەستەڵاتیان بە دەست نەبووە ، لە کەمایەتی دا بوون و پێیان دەڵێن ئەگەر ئێمە بمانەوێ دەستەڵاتمان هەبێ دەبێ زیاترمان هەبێ. بەو شێوەیە ئەو گۆیا ڕێبەرانەی کە خۆیان بە ڕێبەرانی ئەو نەتەوانە لە قەڵەم دەدەن جگە لە خیانەت و جینایەت دەرحەق بە خەڵکی ئەفغانستان هیچی دیکەیان نەکردووە ، جگە لەوەی کە دووبەرەکی و دژایەتی بخەنە ناو ئێتنیکەکانی ئەفغانستان، ناو خەڵکی ئەفغانستان ، ناو نەتەوەکانی ئەفغانستان . لە ناو ئەو خەڵکەی کە بە زمانی جیاواز قسە دەکەن دووبەرەکی بنێنەوە و بەگشتی هیچ کاریان بەوە نەبووە کە خزمەت بە نەتەوەکان و زمانەکانی ئەفغانستان بکەن. ئەمڕۆ دەبینین عەبدوڵا و قانوونی و فڵان و فڵان خۆیان بە ئاڵاهەڵگرانی ئێتنیکی تاجیک دەزانن و تێدەکۆشن تا ئەو جێگایەی کە دەتوانن لە ژێر پەردەی ئەو مەسەلەیە  ئێتنیکییانە دا دەستەڵاتی خۆیان بپارێزن و لە ڕاستیدا هەڵبژاردنی ڕابردوو نیشانی دا  چلۆن لە هەستی نەتەوەیی خەڵک کەلکی خراپ وەردەگرن. بۆ وێنە دۆستوم، خەڵکی ئوزبەک بەو شێوەیە خۆی بە ئاڵاهەڵگری ئێتنیکی ئوزبەک دەزانێ. و هەر ئاوا ڕەنگە گوڵبەدین خۆی بە ئاڵاهەڵگری ئێتنیکی پەشتوون بزانێ . تالیبانەکان ئەگەر ئەمڕۆ زۆربەیان دەڵێن کە سەر بە ئێتنیکی پەشتوونن ، بەڵام لە ڕیزەکانیان دا خەڵکی سەر بە ئێتنیکەکانی دیکەش هەن  و بەگشتی دەیانەوێ ئێتنیکەکانی دیکە سەرکوت بکەن .

قازی: ئەوان زیاتر سونی ن وا نییە؟



غەففار: بەڵێ، سونین !

قازی: ئەوان لە ناو ' هەزارە' کان دا هیچ نفووزیان نییە؟ چونکە هەزارەکان شیعەنە .

غەففار: بەڵێ هەزارەکان شیعەن، بەڵام دیسان هەن دەستەی تێرۆریستی دیکەی  کە سەر بە شیعە و سونی هەر دووکیانن ، جا بۆیە ئێمە لە ئەفغانستان ناتوانین بڵێین کە سونی تێڕۆریستە و شیعە تێرۆریست نییە، یا شیعە تێرۆریستە و سونی تێرۆریست نییە . بە گشتی مەزهەبیش هەمیشە کراوەتە ئامرازێک لە دەست ئەو کەسانەی دا کە دەیانەوێ حاکمییەتیان هەبێ بە سەر خەڵکی ئەفغانستان دا و هێزی خۆیان بسەپێنن و لە ژێر ناوی ئێتنیک و هەرێم و زمان و تەنانەت مەزەب دا جینایەت و خیانەتەکانی خۆیان دابپۆشن .

قازی: ئێوە هێندێکتان باس کرد سەبارەت بە ئامانج و خواستەکانی ' حیزبی هەمبەستەگی ئەفغانستان ' ، دەمەویست ئەگەر دەکرێ زیاتر شی بکەنەوە کە ئەو حیزبە کەنگێ دامەزراوە و لە چ بوارێک دا چالاکی هەیە بەو شێوەیەی کە بتوانێ ئەو ئامانجانەی هەیەتی بە کردەوە وەدی بهێنێ؟

غەففار: حیزبی هەمبەستەگی ئەفغانستان لە ساڵی  ٢٠٠٤ بە دەست کۆمەڵێک لە ڕووناکبیرانی کە باوەڕیان بە خەبات هەبوو بە دژی داگیرکاری و بنچینەگری دامەزرا

قازی: کاتێک کە باسی ' داگیرکاری ' دەکەی مەبەستت داگیرکاری پێشوویە یان " داگیرکاری " ئێستا؟

غەففار: داگیرکاری ئێستا. حیزبی هەمبەستەگی لە ساڵی ٢٠٠٤ دامەزرا و ئامانجی ئەوە بوو لە ئەفغانستان پێویستی بە حیزبێکی سەرتاسەریی هەیە  کە نوێنەرایەتی هەموو نەتەوەکانی ئەفغانستان بکا، نوێنەرایەتی هەموو ئێتنیکەکانی ئەفغانستان بکا و بە بێ دەمارگرژی ئێتنیکی، هەرێمی و زمانی دەبێ لە هەموو ئەفغانستان گشتی وەکوو مەڵبەندێک کار بکا. چونکە ئەمرۆ زۆربەی ئەو حیزبانەی کە لە ئەفغانستان دا هەن بە شێوەی کۆنکرێت سەر بە نەتەوەیەکن ، سەر بە ئێتنیکێکن، یان سەر بە  زمانێکن. ئەمڕۆ ئەگەر تەماشا بکەن حیزبی وەحدەت خۆی بە ئاڵاهەڵگری ئێتنیکی  ' هەزارە ' دەزانێ. هەر سەر بە هەزارەکانە. ئەگەر چاو لە ' جەمعییەتی ئیسلامی ' بکەن ئەوە سەر بە تاجیکەکانە. ئەگەر تەماشای ' جونبیش ' بکەن ئەوە سەر بە ئوزبەکەکانە و هەر بەو  شێوەیە ' سەیاف ' و فڵان و فیسار سەر بە پەشتوونەکانن. جا بۆیە پێویستی بەوە هەبوو حیزبێک هەبێ کە نوێنەرایەتی هەموو نەتەوەکانی ئەفغانستان بکا. چونکە تاقە ڕێگای چارەسەری ئەفغانستان ئەوەیە کە یەکێتی گشت نەتەوەکان و ئێتنیکەکانی ئەفغانستان پێک بێ کە بتوانن خەبات بە دژی داگیرکاری و بنچینەگری درێژە پێ بدەن.

قازی: ئەگەر دەکرێ لە ڕووی ئابووریشەوە شی بکەنەوە، بەرنامە ئابوورییەکان !

غەففار: حیزبی گەمبەستەگی بۆیە دامەزرا ئامانجە دەستبەجێیەکان و کتووپڕی ئێمە لەو سەروبەندی دا وەدی بێنێ، لەو دەمییەوە تا ئەمڕۆ ئێمە دژی داگیرکارین و ئەفغانستان بە ووڵاتێکی داگیرکراو دەزانین و داوای دەرکەوتنی هەموو هێزە داگیرکەرەکان دەکەین لە ئەفغانستان.  لە هەمان کاتدا دەبێ خەباتی ئێمە یان نووکی خەباتی ئێمە ڕووی لە هەموو بنچینەگرەکانی ئەفغانستان بێ کە دیارە نۆکەری ئەو داگیرکەرانەن بۆ ئەوەی ئێمە ڕۆژێک بتوانین ئەفغانستانێکی ئازاد، سەربەخۆمان هەبێ و ئێمە حکوومەتێکی گەلیی مان هەبێ کە دێمۆکڕاسی ڕاستەقینە وەدی بێ ئێمە داوخوازمان ئەوەیە و لە هەمان کاتدا وەکوو حێزبێکی پێشەنگی پێشکەوتوو بە ئەرکی خۆمان و هەموو حیزب ، و دامەزراوە و بزووتنەوە پێشڕەوکانی دەزانین  کە لە تەواوی نەتەوە دەبەندکراوەکانی دنیا پشتیوانی بکەین  و بە ڕێگای هاوپێوەندییەوە بتوانین لەگەڵ بزووتنەوە ئازادیخوازەکان لە سەرتاسەری جیهان لە هاوپێوەندیی دا خەبات بکەین. بە گشتی بە دژی ئەمپریالیزم کە ئەمڕۆ لە چوار لاوە بە تایبەتی ئەو بزووتنەوانەیان گەمارۆ داوە. و ئێمە لە ئەفغانستان ئەگەر بە کورتی باس بکەم  حکوومەتێکمان دەوێ لە پێناو بەرژەوەندیی خەڵک ، لە پێناو بەرژەوەندیی هەموو نەتەوەکانی ئەفغانستان کار بکا و پشتیوانی هەموو ئێتنیکەکانی ئەفغانستان بێ و ئەگەر بێینە سەر ئابووری و ناوی بەرم کە ئێمە لایەنگری چ جۆرە ئابوورییەکین ، سیستمێکی ئابووریمان دەوێ کە بتوانێ ئەفغانستان بە پاڵپشتی سەرچاوەکانی خۆی خۆی بەڕێوە بەرێ و ئەگەریش پێوەندیمان لەگەڵ ووڵاتەکانی دیکە دا هەبێ ،یان هێندێک پەیمان و ڕێکەوتنیشمان هەبێ ئەوە نابێ هەر بەشێوەی نێئۆ لیبێرالیستی بێ کە ئەمڕۆ تەنێ دەیانەوێ لە ژێر ناوی بازاڕی ئازاد ، یان لە ژێر ناوی ئەو ئیدە نێئۆ لیبێرالیستیانەی خۆیان کە دەیانهێنن بۆ ئەو ووڵاتانە کە ئەمڕۆ دنیا بووەتە گوندێک و پێویستە ئەو پێوەندیانە هەبن ، ئەگەر ئێمە بمانەوێ لەگەڵ وولاتان پێوەندی ئابووریمان هەبێ و گرێبەستیشمان لەگەڵیان هەبێ دەبێ بەشێوەیەکی ئەوتۆ بێ کە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانمان دەمەترسی نەکەون. یانی زیاتر ئابوورییەکمان دەوێ کە تێیدا  ' ئێروویی کۆمەڵایەتی ' لەبەر چاو گیرابێ و بۆ هەموو خەڵکی ئەفغانستان بێ.

قازی: یانی ئێوە لەو باوەڕە دان کە بەشێک لە چالاکییەکانتان و بەشێک  لە داوخوازییەکانتان لە دەرەوەی دەوڵەت بەڕێوەبەرن. بۆ وێنە ئێوە هیچ بەرنامەیەکتان هەیە بۆ پاراستنی ژینگە ، سەبارەت بە ئێکۆلۆژی لە دەرەوەی بەرنامەی دەوڵەت یانی هەموو داوخوازەکانتان لە دەوڵەت نەبێ ، یانی ئەو کارانەی کە خۆتان دەتوانن لە خوارەوە ڕا، کۆمەڵانی خەڵک خۆیان دەتوانن ئەنجامیان بدەن؟
غەففار: ئێمە جارێ، ئەگەر بەرنامەکانی ئێمەتان شۆپاندبێ قەت داوخوازمان لە دەوڵەت نەبووە، بە پێچەوانە گوتوومانە تا زەمانێک کە دەوڵەتی ئاوا لە سەر کار بن و حاکم بن خەڵکی ئەفغانستان ناتوانن ژیانێکی بە ئیروو و بەختەوەرانەیان هەبێ. خەڵکی ئەفغانستان ڕۆژ لە ڕۆژ زیاتر دەکەونە بەر توندو تیژی ئەو جۆرە دەوڵەتانە، جا بۆیە پێمان وا نییە ئەو جۆرە دەوڵەتانە داوخوازی خەڵکی ئەفغانستان وەدی بهێنن. بەڵام بەرنامەی ئابووری ئاوامان هەبووە کە خەڵک خۆیان بەشداری تێدا بکەن کە ئابووری ئەفغانستان گەشە بکا، لە ڕووی کشتوکاڵەوە و بتوانین لە ڕووی دیکەوە لە سەرچاوە و کانگاکانی خۆمان کەلک وەربگرین و بتوانین لە سەرچاوە خۆڕسکییەکانی خۆمان کەلک وەربگرین و خەڵک خۆیان تێیدا بەشدار بن، بەرنامەی ئاوامان هەبووە. لە ڕاستیدا ئەگەر بێینە سەر ژینگە پارێزی، بەرنامەیەکی تایبەتیمان لەو بارەیەوە نەبووە ، بەڵام لە هەر شوێنێک کە ئەندامی ئێمەی لێ بووبێ هەمیشە بۆ پاراستن و ڕاگرتنی هاویردۆر و ژینگە ، و پاکو خاوێنی ئەوانە بەشێک بوون لە بەرنامەکانی ڕوون کردنەوە و ووشیار کردنەوە لەلایەن ئێمەوە. بەڵام بەرنامەیەکی کۆنکرێتمان نەبووە کە چ جۆرە پلانێک دابنێین کە بیر لەو بوارانەش بکەینەوە. بەڵام وەک بەشێک لە بەرنامەی ووشیار کردنەوە یان پلانی کە لە پێناو ووشیارکردنەوە بوومانە ئەو جۆرە باسانەشی تێدا بووە.

قازی: ئێوە باسی ئەوەتان کرد ئێوە چالاکی سیاسی خۆتان بە بەرگریکردن لە مافی ژنان ڕا دەست پێکردووە. ئەو مەسەلەیەی پشتیوانی لە مافی ژنان و هەڵکەوتی ژنان لە بەرنامەی حیزبی هەبەستەگی دا بە چ شێوەیەک ڕەنگ دەداتەوە یانی حیزبی هەمبەستەگی بە چ شێوەیەک پشتیوانی دەکا لە مافی ژنان؟ بە تایبەتی لە کۆمەڵێکی وەک ئەفغانستان دا کە بە داخەوە لە ئاستی جیهانی دا باسی لێوە دەکرێ کە لەوێ ژنان ستەمی چەند لایەنەیان لێ دەکرێ.

غەففار: ژنانی ئەفغانستان هەر لە چەندەین دەیە لەمەو بەرەو نا بەڵکوو بە سەدان ساڵە ستەم و زۆردارییان لێ کراوە و تاقە ڕێگا بۆ ڕزگاری ژنان ئەوەیە کە خۆیان ووشیار ببنەوە و خۆیان بتوانن بە شان و باهۆی خۆیان مافی خۆیان وەدەست بهێنن. و ئێمە وەکوو ڕێکخراوەیەکی پێشرەوی پێشکەوتوو  دەمانەوێ ژنان لەهەموو بوارەکانی سیاسی ، کۆمەڵایەتی ، ئابووری ، فەرهەنگی  دا بەشداری چالاکانەیان هەبێ و بەبێ بەشداری ژنان لە گشت بوارەکانی ژیان دا ئێمکانی نییە بتوانین باسی ئەفغانستانێکی بە سبات و سەربەخۆ بکەین. ئەگەر ئێمە بەیانی باسی شۆڕشێکیش دەکەین کە بتوانێ حکوومەتێکی گەلی، حکوومەتێکی سێکولاری کە بیر لە هەموو نەتەوە و ئێتنیک و توێژەکانی ئەفغانستان بکاتەوە کە دیارە مافی ژنیش لە حکوومەتێکی ئەوتۆ دا دەتوانێ وەدی بێ ئەوەیە کە ژنان دەبێ چالاک بن ، ژنان دەبێ بگەنە ووشیاریی سیاسی خۆیان و ئەو بەرنامانەی کە ئێمە لە پێش خۆمان ڕۆناوە بریتین لە دەورەی خوێندەوار کردن تا دەگاتە بەرنامەی ووشیار کردنەوە، چونکە ئێمە لەو باوەڕە داین ژنان دەبێ لە سەرەتاوە بۆخۆیان بەو ئاگایی و ووشیارییە بگەن  و ئەرکی ئێمەیە ئەو جۆرە ئاگاییانەیان بدەینێ، بۆ وێنە ئێمە بەرنامەی پەروەردەی تایبەتیمان بۆ ژنان هەیە، دەورەی خوێندەوار کردنی تایبەتیمان هەیە بۆ ژنان ، بەرنامەی ئابووریمان هەن کە ژنان لەو بەرنامانە دا بە چ شێوەیەک بەشداری بکەن. بەرنامەی کۆمەڵایەتیمان هەن، کە بە لانی کەمەوە ئەو گیروگرفتە کۆمەڵایەتییانەی کە لە کۆمەڵ دا هەن و دێنە پێشەوە ژنان خۆیان بێن و چارەسەرییان بۆ بدۆزنەوە. ئەگەر لە خێزانێک دا توند وتیژییەک روو دەدا، یان ئەگەر خێزانێک ناهێڵێ منداڵەکانی بە تایبەتی کچەکانی بچنە خوێندنگە، یان بە زۆری منداڵێک بدەن بە شوو ئەو جۆرە کارانە بە ڕێگای ئەو دەستانەی دا کە ئێمە چالاکمان کردوون و ووشیارییان پەیدا کردووە دەکرێ ئەو گیروگرفتانەی خەڵک چارەسەر بکەن. تەنانەت ئەگەر ئەوە پێویست بوو بگاتە ئاستی دادگە و ئەوانەش ژنان دەبێ خۆیان بتوانن ئەو کارە بکەن و گیروگرفتەکانی کۆمەڵایەتی بە گشتی، لە هەژاری و نەدارییەوە بگرە تا گیروگرفتی دیکە، ئەوانەش ژنان بتوانن خۆیان بەشدارییان تێدا بکەن و بەشێکی چالاک بن لە کۆمەڵ دا و چالاکێکی کۆمەلەکەیان بن و کار بکەن. بۆ وێنە لە بەرنامەی کولتووری دا ویستوومانە ژنان هەمیشە بەشداریی چالاکانەیان هەبێ چونکە ئەگەر بەشێوەی سەرەکی چاو لە بەرنامە کولتوورییەکان بکەین دیسان ژنان سەرکوت دەکرێن، چ لە موسیقی، چ لە هونەر و چ لە مەسەلەی دیکە دا کە دەگوترێ ئەوە دژی ڕێوڕەسم و دژی کولتووری ئەفغانستان ە بۆ ئەوەی بەو قسانە ژنان لەو بوارانە دوور بکەنەوە. جا بۆیە ئێمە بەرنامەی زۆر و زەوندی کولتووریمان هەبووە بۆ ئەوەی ژنان بتوانن لەو بوارەش دا چالاک بن و ژنان جێی خۆیان لەهەموو بوار و ئاستێکی کۆمەڵ دا بگرن و بەرنامەی جۆر بەجۆر کە پێشتر گوتم  لە پێشدا ووشیار کردنەوە گرینگ بووە  کە بتوانین ئەو ووشیارییە لەواندا پێک بێنین. و زۆر جار لە ئاستی بڕیار دان دا ئەوە بۆ ئێمە گرینگ بووە کە ئێمە هێندێک ئاڵقە ساز کەین  تەنانەت لە ئاستی دێیەکاندا بە ڕێکخستنی جۆر بە جۆرەوە کە هەمان بووە لە ئاستی ویلایەتەکان لە ئاستی ولوسوالییەکان ( شارستانەکان )  کە تێیاندا ژنان بتوانن سەبارەت بە مەسەلەی جۆر بە جۆر  لە کۆمیتەیەکی هاوبەش لەگەڵ پیاوان دا تەنانەت  لەئاستی پرسە گرینگەکانی ئەوێدا لە بڕیاردان دا بەشداری بکەن . بە بێ ئەوەی  هەر بەتایبەتی بە مەسەلەی ژنانەوە خەریک بن .

قازی: ئایا ئێوە دەرفەتی ئەوەتان بووە لە ناوچەی جۆر بە جۆر چالاکیتان هەبێ؟ یان زۆربەی چالاکییەکانتان لە ناوچە ناوەندییەکان و یان لەو ناوچانەی کە خەڵک زیاتر خوێندەوارن بەڕێوە دەبەن؟ مەبەستم ئەوەیە پێگەتان لە ناو توێژی خوێندەوارانە ؟ و لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵک  بە چ شێوەیەک پێوەندیی دا دەمەزرێنن ؟ بۆ وێنە ئەمن خوێندوومەتەوە کە جار جار ڕەخنەتان لێ دەگرن باسی حیجابی ئێوە دەکەن کە سەرتان دانەپۆشیوە و لەو قسانە. بۆیە پرسیارم کرد.

غەففار: بەڵێ، حیزبی هەمبەستەگی ئەفغانستان باوەری بەوەیە کە ئەرکی حیزبێکی پێشرەو و حیزبێک بە بیری دێمۆکڕاسیخوازانە و ئازادیخوازنەوە کە بتوانێ  دیسان  درێژە بدا بە خەباتی خۆی، دیسان دەیڵێمەوە، بە دژی داگیرکاری ئیمپریالیزم ، ئەوەیە کە ئێمە لەلایەن کۆمەڵانی هەراوی خەڵکەوە پشتیوانیمان لێ بکرێ ، لەلایەن کۆمەڵانی  میلیۆنییەوە پشتیوانیمان لێ بکرێ. و حیزبێک کە لایەن خەڵکەوە پشتیوانی لێ نەکرێ و لەناو کۆمەڵانی خەڵک دا نەبێ ئەو حیزبە ناتوانێ وەکوو حیزبێکی گەلی وەکوو حیزبێکی کە لە سبەی ڕۆژ دا لە پێناو ئەفغانستانێکی ئازاد و سەربەخۆ دا خەبات بکا و پێگەیەکی لەناو خەڵک دا هەبێ. جا بۆیە ئەرکی حیزب لە ڕۆژی دامەزرانییەوە تا ئێستا ئەوە بووە کە ئێمە چۆن بتوانین کە پێگەمان لە ناو کۆمەڵانی خەڵک دا هەبێ، لە ناو توێژە بێ بەشەکانی ووڵات دا، لەناو توێژە جۆر بە جۆرەکانی کۆمەڵ دا و ئێمە زیاتر لەو جۆرە ویلایەتانە دا کار دەکەین کە دوورکەوتووترین و وەدواکەوتوترین ویلایەتەکانن چونکە ئیمە باوەڕمان وایە دەتوانین لە گوندانەوە شۆڕش گەڵالە بکەین و بناغەی دابڕێژین. و ئەو خەڵکە دەبێ ئەو ئاگایی و ووشیارییەیان تێدا پێک بێ . زۆربەی ئەو گیروگرفتانەی کە ئەمرۆکە خەڵکی ئێمە تووشی بە تووشیانەوە بووە ؛ توند وتیژی و ستەم و فەرق وجیاوازی لەگەڵ دانان دژی ئەو خەڵکانەن کە دانیشتووی ئەو ناوچە دوورکەوتووانەن ، بڵێین ناوچەی دوورە دەست تا شارە گەورەکانی وەک کابول و جەلال ئاباد و هیرات. تەبعەن ئێمە لەو جۆرە شوێنانەش  دەفتەرمان هەیە. ئەمڕۆ لە ٣٤ ویلایەتی ئەفغانستان  ئێمە لە ٢٠ ویلایەتیان دا دەفتەرمان هەیە و لەو ٢٠ ویلایەتەش دا دەفتەرەکانی ئێمە زۆربەیان لە ولوسوالی و گوندەکان دەچنە ناو خەڵک و وەک گوتم چ بەرنامەکانی بەشی ژنانی ئێمە و چ بەرنامەکانی بەشی لاوان و خوێندکارانی ئێمە و هەر وەها لە گشت بەرنامەکانی حیزب دا زیاتر لە ناو خەڵک لە ئاست گوندەکان و ولسوالییەکان دا بووە. کە ئێمە تەبعەن پێمان وایە دەبێ لە ناو ئەو خەڵکە دا کار بکرێ.


قازی
: و ئێستا ئەگەر بکرێ پاشماوەی ئەو بەرنامەیە تەرخان بکەین بۆ دوان لە سەر تێلێڤیزیۆنە مانگیلەکان لە ئەفغانستان کە پێم وایە لەو ساڵانەی دوایی، لەو دە پازدە ساڵەی دواییدا زۆر چالاک بوون و شتێکی کە سەرنجی منی زۆر ڕاکێشابێ ڕەنگە بینەرانی ئێمەش شۆپاندبێتیان بۆیان دەرکەوتبێ ئەوەیە کە لە بەشێک لەو تێلێڤیزیۆنانە دا زۆر بەشێوەی ڕاشکاو سەبارەت بە بابەتە سیاسییەکان قسە دەکرێ ، لە سەر دەستەڵاتی حاکم، لە سەر کەسایەتییەکان قسە دەکرێ ، دیبەت و شەڕەقسەی زۆر گەرم و گوڕ دەکرێ . بەر لەوەی ووڵامی ئەوە بدەنەوە، لایەکی دیکەش کە زۆر سەرنج ڕادەکێشی ئەوەیە کە لە بەرنامەیەکی دیبەیت و گەنگەشە دا زمانی جۆر بەجۆر دەکار دەکرێن. بۆ وێنە ئێوە بە تاجیکی / دەری قسە دەکەن و کەسێکی دیکەش کە لەهەمان بەرنامە دا بەشداری کردووە بە زمانی پەشتوو قسە دەکا، پێم وایە ئەوە هەر لەناو ئەو دوو زمانە دا وایە، دەنا نا؟

غەففار: بەڵێ

قازی: ئەوە چۆنە؟ پێم وایە نموونەی ئاوا لە شوێنەکانی دیکەی دنیا زۆر کەمە.ئایا لەوە ڕا بۆی دەچن کە بینەران لە هەر دوو زمانەکان تێ دەگەن یان ئەوە چۆنە؟

غەففار: لە پێشدا لە سەر بەشی دوایی پرسیارەکەت تێبینییەکم هەیە، دوایە دێمە سەر دەوری مێدیا لە ئەفغانستان. وەک ئەوەی پێشتر گوتم لەبەر ئەوەی زمانی پەشتوو و دەری زمانگەلی نەتەوەیین، زۆربەی مەردمی ئەفغانستان کە خەڵکی هەر ویلایەتێک بن ناسیاوییان لەگەڵ ئەو دوو زمانە هەیە ، ئەگەر لە خوێندنگە خوێندبێتیان، ئەگەر زانکۆیان تەواو کرد بێ هەموویان هەر دوو زمانەکە دەزانن و لێیان تێ دەگەن و بەو دوو زمانە زیاتر قسە دەکرێ تەنانەت ئەو خەڵکەش کە زمانیان یەکێک لە زمانەکانی دی بێ  فێری زمانی پەشتوو بوون یان فێری زمانی دەری بوون لە چاپەمەنی ، لەکاری ڕۆژانە ، لە کاری دەوڵەتی دا ئەو دوو زمانە زیاتر قسەیان پێ دەکرێ.
 
قازی: باشە بینەرێک لە بەرچاو بگرن کە تەنێ یەکێک لەو زمانانە تێ دەگا. ئەو چۆن دەتوانێ لەو گەنگەشەیە چێژ بستێنێ و کەلکی لێ وەربگرێ؟

غەففار: تەواو وایە وەک دەیڵێی. ئەگەر لە ئاستی تێلێڤیزیۆنە گەورەکان باسی لێوە بکەین یان تێلێڤیزیۆنە نەتەوەییەکان  زیاتر بەو دوو زمانە قسە دەکرێ بەڵام هێندێک بەرنامە هەن ، هەڵبەت ئەگەر باسی بەرنامە سیاسییەکان بکەم . بەڵام تێلێڤیزیۆنی ناوچەیشمان هەن  کە بە زمانی تورکەمەنی ، بە زمانی ئوزبەکی بەرنامە بڵاو دەکەنەوە. دیارە بە زمانی پەشەیی تێلێڤیزیۆنێکی تایبەتی نییە ، بەڵام ئەو تێلێڤیزیۆنە گەورانە کە زۆربەیان لە شارە گەورەکانن بەرنامەی کۆنکرێتیان بەو زمانانە هەیە. بەڵام ڕاستە بە گشتی پەشتوو و دەری یە. و زۆربەی تێلێڤیزیۆنەکان بەرنامە سەرەکییەکانیان بە زمانگەلی دەری و پەشتوو یە.

قازی: مەبەستی من هاوکات بوونی زمانەکان بوو لە بەرنامە یەک دا

غەففار:  بەڵی هاو کات، بەڵام بە گشتی گوتم بەرنامەی کۆنکرێتیان بە زمانەکانی دیکەش هەیە، بەڵام تێلێڤیزیۆنەکانی  ناوچەیی هێندێک لە بەرنامەی تەنانەت گەنگەشە و دیبەتیشیان هەیە بە زمانی ناوچەیی خۆیان بەڵام لە ئاستی گەورە دا چونکە ئەو باوەڕە هەیە و ئەوەش ڕاستە کە هەموو خەڵک ڕەنگە لە فارسی و پەشتوو تێ نەگەن . ئەگەر مرۆڤ بچێتە نوورستان لەوێ بە نوورستانی قسە دەکەن، زمانێکی تەواو جیاوازە کە ڕەنگە ئاخێوەرانی هەموویان لە پەشتوو و دەری تێ نەگەن بەڵام لە بەر ئەوەی هاوسنوری ناوچە پەشتوو نشینەکانن یان لە هەرێمی ڕۆژهەڵات ' نوورستان ' زیاتر ، لە هەرێمی ڕۆژهەڵات زیاتر بە زمانی پەشتوو قسە دەکرێ و زۆربەی خەڵکی 'نوورستان'  دەتوانن بە زمانی پەشتوو قسە بکەن. ئەگەر ناوچەی تاجیکی لەبەر چاو بگرین تەبعەن بە دەری قسە دەکەن. لە ناوچەکانی دیکەی پەشتوون و تاجیک و ئوزبەک و هەزارە تێکەڵن، بۆ نموونە ئەگەر ئێوە بچنە قەندار[قەندەهار] لەوێ هەم هەزارەمان هەیە هەم پەشتوون ، تاجیکیش هەن ، نەتەوەی دیکەش هەن. لە هیلمەند هەم پەشتوون مان هەن ، هەم ، دیارە هەزارە لەهجەیە، بەڵام دیسان زمانی دیکەش هەن  کە تێی دەگەن. ئەوەی کە ئێمە ئێستا بێین و بڵێین بەهەموو زمانەکان قسە بکەن کە هەموو خەڵک لێی تێبگەن، ئەوە ڕەنگە مومکین نەبێ. ئەگەر لە من بپرسی . لە بەر ئەوەی ئەو دوو زمانەی دەری و پەشتوو باو بوون بە سەریان دا زاڵم و دەیانزانم بەڵام یەکجار زۆریشم پێ خۆشە زمانەکانی دیکەش فێر بم و بەو زمانانەی کە لەوێ خەڵک قسەیان پێ دەکەن قسەیان لەگەڵ بکەم.

قازی: وەکوو پرێنسیپێک کە ئێوە سێ کەس چوار کەس کە لە بەرنامەیەک دا بەشدارن  دەکرێ هەر دوو زمانەکە بەکار بهێنن.

غەففار: بەڵێ چ گرفتێک نییە

قازی: یانی مۆدێڕاتۆری بەرنامەکە داوا لەئێوە ناکا بەزمانێکی تایبەتی قسەبکەن، دەتوانن هەر دوویان هاوکات  دەکار کەن.

غەففار: نەخێر ناڵێ بە چ زمانێک قسە بکەن یا مەکەن. زۆربەی بەرنامەکان ئاوایە کە دەکرێ بە هەر دوو ئەو زمانانە واتە پەشتوو و دەری کە زماگەلی ڕەسمین قسە بکردرێ ، بەڵام هێندێک لە تێلێڤیزیۆنەکان بەرنامەی تایبەتی زمانی پەشتوویان هەیە کە بەرنامەی سیاسییە کە زیاتر بە پەشتوو قسە دەکەن. بەڵام هەر دوو زمان باون.

قازی: زۆر باشە ، ئەمن ئێوەم لە زۆر لەو بەرنامە تێلێڤیزیۆنییانە دا دیتووە ، دەمەویست پرسیارتان لێ بکەم کە ئەو تێلێڤیزیۆنە مانگیلەیانە کە تێلێڤیزیۆنی دەوڵەتی نین و لە حکوومەتی کە لە سەر کارە و لە دەوڵەت ڕەخنە دەگرن ئەوانە سەر بە کامەیەک لە گرووپە کۆمەڵایەتییەکانن؟ یانی سەرمایەی بەشی تایبەتی ئەوانەی دامەزراندووە، وا بزانم لەو ساڵانەی دواییدا سەریان هەڵهێناوە.

غەففار:  ئەگەر بگەڕێینەوە سەر پرسیارەکەی پێشووتان و درێژەی پێ بدەین سەبارەت بە دەوری مێدیا لە ئەفغانستان. زۆر جار وایە ئەگەر مرۆڤ سیاسی بێ یان سەر بە جەرەیانە سیاسییەکان بێ زیاتر باسی ڕەهەندی سیاسی ئەوان دەکا کە ئەوە زۆر تەبیعی یە و لە ئەفغانستانیش دەبێ هەر بەو شێوەیە باسی میدیا بکرێ کە یەکێک  لە سیاسەتەکانی کۆلۆنیالیزم ئەمڕۆکە لە ڕاستیدا دەوری مێدیایە یان ئەوەی کە مێدیاکان چلۆن بکرێن بە ئامرازێک، بە وەسیلەیەک لە دەستی خۆ دا  بۆ هەڵفریواندنی بیروڕای گشتی سەبارەت بە مەسەلەی سەرەکی و مەسەلەی ڕۆژ بۆ ئەوەی بەو شێوەیە بتوانن سیاسەتەکانی خۆیان  جێ بە جێ بکەن. ئەمڕۆ لە ئەفغانستان لە دوای ساڵی ٢٠٠١ ڕاستە کە چاپەمەنی وەکوو کارگ هەڵقوڵیون و گەشەیان سەندووە ، چ چاپەمەنی دەنگ، چ چاپەمەنی ڕەنگ و چ چاپەمەنی نووسراو. هەموو ڕۆژێ دەبینین  کە دەستگایەکی تێلێڤیزیۆنی، دەستگایەکی ڕادیۆیی و  بڵاۆک و ڕۆژنامەیەکی نوێ دادەمەزرێندرێ. و زۆربەیان ئەگەر تەماشایان بکەی دەبینی یان سەر بەو حیزبانەن کە دەستیان لە خیانەت و جینایەت دا شەڵاڵی خوێنە و ئەمڕۆ بە ڕێگای ئەو مێدیایانەوە دەیانەوێ جینایەکانی خۆیان پاک کەنەوە بە هێندێک بەرنامە، و تەنانەت بەرنامەیان هەیە هاوتەریبی بیروڕای گشتی و ئەوانە سەر بەو جۆرە جەرەیانانەن کە بتوانن مێدیا بکەنە وەسیلەیەک بۆ ئەوەی دیسان پڕۆپاگاندا بکەن بۆ خۆیان لە ناو خەڵک دا.  یان  میدیای ئاوان کە زۆربەی بەرنامەکانیان لە لایەن ئەمریکاوە ، تورکییە یان ئێرانەوە پشتیان دەگیرێ، بۆ وێنە تێلێڤیزیۆنی ئەوتۆ هەن کە بە تایبەتی ئێران یارمەتییان دەدا. ئینگلیستان و ووڵاتەکانی دیکە. ئەو تێلێڤیزیۆنانەی بەشی تایبەتی کە باستان کردن لە ڕواڵەت دا زۆربەیان ئی تاجرە نەتەوەییەکانن . باشە بەڵام ئەو تاجرە نەتەوەییانە کێن؟ ئەوان دیسان ئەو کەسانەن  کە هەر سەر بەو حیزبە جینایەتکارانە بوون. زۆربەیان. ئەو کەسانەش کە سەر بەو جەرەیانانە نەبوون زیاتر کەسانی وا بوون کە دیسان داردەستی ووڵاتانی ئەمپریالیستی بوون کە بتوانن سیاسەتی ئەوان بە ڕێگای ئەو مێدیایانە بڵاو بکەنەوە.

قازی: باشە، چەندین جار کە بەرنامەکانی ئێوەم تەماشا کردووە ، بۆ وێنە لە بیرمە لە بەرنامەیەک وەزیرێکی ژنت بە توندی خستە بەر پرسیار و چالنجت کرد. بە گشتی لەو بەرنامانە دا لەحنی زۆر توند دەکار دەکرێ، هەر نەک لە لایەن ئێوەوە، ئەوە لە ستودیۆکان دا هەر بە دمبەدمەی لەفزی و قسە تێکگیران کۆتایی دێ. لەو هەلومەرجە دژوارە دا ئەوە چۆن تەحەمول دەکرێ کە خەڵک لە گەڵ یەکتری ئاوا توند بدوێن؟

غەففار:  ڕاستە ئەمڕۆ ئەفغانستان ووڵاتێکی داگیرکراوە و  گشت بنچینەگرە هارەکان لە سەر حوکمن و ئەوان بە هیچجۆر ناتوانن ئازادیی بەیان بەمانای ڕاستەقینەی خۆی قەبووڵ بکەن و ئەمڕۆ لە ئەفغانستان ئەگەر تەماشای مێدیاکان بکەین دەبینین کە دەربڕینی ڕاستییان تێدا نییە، بەڵام ئەمڕۆ ناچارن چونکە لە ژێر ناوی دێمۆکڕاسی هاتوونە ناو ئەفغانستان . یەکێک لە دروشمەکانیان هێنانی دێمۆکڕاسی و ئازادیی بەیان و دابین کردنی مافی ژن  لە ئەفغانستان بوو، جا بۆیە ئەوانە مەجبوورن  هێندێک جار ئەگەر بیانەوێ و نەیانەوێ ئاوا نیشان بدەن کە هەر کەس دەتوانێ بێ و بیروڕای خۆی دەرببڕێ ، بەڵام ؛ هەمیشە کۆت و لەمپەر و شەرتومەرج لە گۆڕێ دا بووە، دێمە سەر قسەکەی ئێوە بەڵام دەمەوێ نموونەیەکی دیکە باس بکەم. لە زۆربەی ئەو بەرنامانەی حیزبی هەمبەستەگی دا کە ئێمە لە [ تێلێڤیزیۆن ] دا هەمان بووبێ ، لە سەرەتاوە تەنانەت ناوهێنانی حیزبی هەمبەستەگی ش قەدەغە بوو   و ئێستا کە دەیانەوێ، لەبەر ئەوەی ئێمە بە زۆر خۆمان بە سەر دا سەپاندوون ناتوانن دەنگوباسی هەمبەستەگی، ئەگەر ئێمە ئاکسیۆنێکمان هەبێ  بڵاو نەکەنەوە. جا بۆیە بە ڕواڵەت دەبێ وا نیشان بدەن کە دێمۆکڕاسی هەیە و ئێمەش لەو هەلومەرجە کەلک وەردەگرین و چالاکی دەکەین و زۆر جار دەبینین کە نامان بینن، نایانەوێ  جەرەیان و بزووتنەوە پێشکەوتنخوازەکان دەنگی خۆیان هەڵبڕن . ئەوە هەیە. ئەوەی کە لە دەوری مێز لە ستودیۆ دا ، ئەگەر وەزیرە یان جێنشینی وەزیر یان کەسانی دیکەن  هەمیشە ئەوەیان پێ گوتراوە لە بەرانبەر کامێرا، لە بەرانبەر خەڵک دا، لەبەر ئەوەی ئێمە باسی ئازادیی بەیان دەکەین ، باسی دێمۆکڕاسی دەکەین ، باسی مافی ژن دەکەین ، دەبێ ئێوە تەحەمولتان هەبێ. بەڵام  زۆر جار دەبینی کە تەحەمولیشیان نییە. لەبەرنامەیەک دا لەگەڵ ئەندامێکی ئێمە شەڕ دەکەن ، شەڕی فیزیکی. لەگەڵ خانمی بلقیسی ڕەوشەن ' حیزبی ئیسلامی ' تابی قسەکانی ناهێنێ و دەست دەداتە بوتڵی ئاو و پێی دا دەدا و تێکهەڵچوونی فیزیکی دێتە گۆڕێ. لەوێش تەحەمولیان نییە، ئەگەر تێکهەڵچوونی فیزیکیش نەکەن بە قسەی زۆر قێزەوەن و ناخۆش  دەیانەوێ  سووکایەتی بکەن، چکۆڵەت کەنەوە  و باسەکە هەتەلە بکەن و بەرەو لایەکی دیکەی دا بەرن.یان  ئەوەی کە بڵێن چارشێوت لە سەر نییە و بەرەو ئەو قسەیەی بەرن.  بەڵام دوای بەرنامە زۆر جار تێکهەڵچوونی فیزیکیش کراوە ، جوێنیشیان پێ داوین ، ڕاوەدووش نراوین ، هەڕەشەشیان لێ کردووین کە بەو شێوەیە بیانەوێ بمان ترسێنن و خۆفێک لە دڵی ئەو کەسانە دا پێک بهێنن کە ئیدی لە خۆیان ڕانەبینن دەنگی خۆیان بگەیێننە خەڵک.

قازی: زۆر باشە ، زۆر سپاستان دەکەم بۆ بەشداریتان لە بەرنامەی  'ڕاوێژ ' دا خانمی سیلەی غەففار، داوای سەرکەوتنتان بۆ دەکەم، زۆر سپاس.

غەففار: ئەمنیش  زۆرم پێ خۆش بوو  ئەمڕۆ لە ستودیۆی ئێوە دا لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاونیشتمانانی کوردی خۆم دا بووم و هەر دەمەی کە سڵاو لەیەکێک دەکەم هەستێکی تازە لە دڵم دا جۆش دەخوا!

قازی: بینەرانی خۆشەویست ، هیوادارم ئەو بەرنامەیەتان پێ خۆش بووبێ . تا کوو ' ڕاوێژ ' ێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش!






Tuesday, December 27, 2016

کامڕان مەتین ، وتووێژەکانی ئاشتی ژێنێڤ سەبارەت بە سوورییە و کوردەکان

  

وتووێژەکانی ئاشتی ژێنێڤ سەبارەت بە سوورییە و کوردەکان

کامڕان مەتین ، زانکۆی ساسێکس، بریتانیای مەزن

ووتاری پێشکێش کراو لە ١٣ هەمین کۆنفڕانسی  ناونەتەوەیی سەبارەت بە  ' یەکێتیی ئوڕووپا، تورکییە ، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردەکان ' ، پارڵمانی ئوڕووپا، بروکسێل، ٧-ی دیسامبری ٢٠١٦


شەڕی ماڵوێڕانەکەریی ناوخۆیی سوورییە بووە بە شەش ساڵ. بە سەدان هەزار خەڵکی سوورییە ژیانیان لە دەست داوە یان بریندار بوون و بە میلیۆنان خەڵکی زیاتر لە جێی خۆیان هەڵکەندراون. ژێرخانی ئابووری ووڵاتەکە وێران بووە  و تان و پۆی کۆمەڵایەتی هەڵوەشاوە. و لەگەڵ ئەوەشدا، هەموو جۆرە حەولدانێک بۆ چارەسەرییەکی ئاشتیانەی کێشەکە تا ئێستا سەری نەگرتووە.

لە ڕاستییدا، ئاسۆی ئاشتییەکی ڕێکەوتنی لەسەر بکرێ  تەنانەت وێدەچێ زۆر دوورەدەست بێ چونکوو دەکرێ بگوترێ بە دوای سەرکەوتنەکانی ئەو دواییەی ڕێژیمی ئەسەد لە بەری ڕۆژهەڵاتی حەڵەب لەوانەیە زۆر مەیلی کەمتر بووبێ بۆ ئاشتییەکی ڕێککەوتن لە سەر کراو.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو سەرکەوتنانە ، هەرچەندی گرینگیش بن ، کە هەن ، ناتوانن بگەنە گەڕانەوە بۆ بارودۆخی بەر لە ساڵی ٢٠١١ و کۆنتڕۆڵی کاریگەری ڕێژێمی بەعس دابمەزرێنەوە بە سەر هەموو دانیشتووان و هەموو خاکی سوورییە دا.

بە لەبەرچاوگرتنی قووڵایی ئەو دوژمنایەتییەی حکوومەت و بەشێکی گەورە لە دانیشتووانی سوورییە لەیەك جودا دەکاتەوە ، قەدرایی سەرچاوەکانی دەوڵەتی سوورییە ، و ئەندازە و ژمارەی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان و پشتیوانە بێگانەکانیان هەر جۆرە ئاشتییەکی مانا تەنێ دەکرێ بە ڕێگای جۆرەیەک لە پێواژۆی ئاشتی دەست کەوێ. ئەوە دەرسێکی گشتیشە بۆ فێر بوون لە نموونەی پێشووی شەڕی ناوخۆیی لە سەرتاسەری جیهان دا،

وەک هەموومان دەزانین لە ماوەی پێنج ساڵ و کسووری  ڕابردوو دا زۆر دەستپێشخەری لە پێناو ئاشتی دا کراون و زۆر وتووێژ
ئەنجام دراون. لە یەکەم پێشنیاری ئاشتییەوە بگرە لە لایەن "هاوپەیمانی عەڕەب " ەوە لە مانگی نۆڤامبری ٢٠١١ تا دەگا بە کۆنفڕاسی سێیەمی ئاشتی ژێنێڤ لە مانگی فێڤرییەی ٢٠١٦ و لە سەریەک بەلانی کەمەوە ١٣ وتووێژی ئاشتی و دەستپێشخەری ئاگربەس کراوە بەڵام هیچکامیان سەرنەکەوتوون بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی لە پێش خۆیان دانابوو.

لێرە دا ئەمن کات و فەزای ئەوەم نییە هۆیەکانی بناغەیی و گریمانەیی تێکشکان و سەرنەکەوتنی وتووێژەکانی پێشووی ئاشتی لێکاڵا کەمەوە، بەڵکوو من دەمەوێ لە سەر خەسڵەت و لایەنێکی دژی فەرزی جەخت بکەمەوە کە لە گشت وتووێژەکانی پێشووی ئاشتی دا هاوبەش بوون، واتە دەرهاویشتنی کوردەکان و پارتییە سیاسییە سەرەکیەکان و نوێنەرە سەرەکییەکانیان.

هۆی سەرەکی دەرهاویشتن و بەلاوەنانی شێلگیری کوردەکان بۆ بەشداری لە دەستپێشخەرییە جۆر بەجۆرەکانی ئاشتی دا تەواو  پێی زاندراوە: ئەویش بریتی یە  لە باج ئەستاندن و هەڕەشە و گوڕەشەی دیپڵۆماتیک و جوگرافیایی – ستڕاتێژیکی تورکییە لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەو دەستەڵاتە ڕۆژئاواییانەی  بەشدارن لە دەستپێشخەرییەکانی ئاشتی دا.بەداخەوە، تاکوو ئێستا  هەم نوێنەری تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سوورییە و هەم ئەمریکا و شەریکەکانی لە ئیتیلاف دا لە ئاست گوشارەکانی تورکییە دا چۆکیان دا داوە.

ئەو ڕاستییەی کە وەلانانی کوردەکان سەدەمە دەگەیێنێ بە پێواژۆی  ئاشتی ئاشکرایە: هیچ کێشەیەک ناکرێ جێ بەجێ بکرێ کاتێک لایەنێکی سەرەکی ئەو کێشەیە  لە دەوری مێزی موزاکەرە دانەنیشتبێ و ئامادە نەبێ.لێرە لە جیات ئەوەی
 زیاتر لە سەر شوێندانانی نێگاتیڤی وەلانانی کوردەکان بڕۆم و شییان بکەمەوە لە وتووێژەکانی ئاشتی ژێنێڤ  و دەستپێشخەرییەکانی پێشووی ئاشتی دەمەوێ جەخت لە سەر ئەوە بکەمەوە کە هێنانی کوردان ناو ئەو ئاڵقەیە دەکرێ چ کارتێکەرییەکی پۆزیتیڤی هەبێ لە سەر هەر جۆرە وتووێژێکی ئاشتی لە داهاتوو  دا



زۆربەی دەستپێشخەرییەکانی ئاشتی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕە ناوخۆییەکان لەگەڵ دوو ئاڵنگاری سەرەکی بەرەوڕوو دەبن: پێمل کردن و ڕازی کردنی شەڕکەران بۆ قەبووڵ کردن و جێ بەجێ کردنی ڕێکەوتنی ئاشتی؛ و گەڵاڵە کردنی دەستەبەری جێی متمانە لە مەڕ هەلومەرجی ڕێکەوتنەکە .

لێکۆڵینەوەی ئاکادێمێک نیشانی دەدا کە تۆوی دووهەم، واتە، دەستەبەرییەکانی جێ بە جێ کردن لە ڕاستیدا تۆوی زۆر گرینگ و جار جار زۆر دژوارن بۆ پێوەچاران ئەوەش لەبەر ئەوەی پێویستییان بە یاریدەی دەرەوەیی هەیە.

بەلەبەر چاوگرتنی ئاڵۆزیی شەڕی ناوخۆیی سوورییە، زۆر و زەوەندی گرووپە شەڕکەرەکان وژمارەی ئەو دەوڵەتە بێگانانەی کە بەشی خۆیان دەو کێشەیە خستوە بۆچوونێکی پەیتاپەیتایی کلاسیکی بۆ ئەو دوو تۆوانە وێدەچێ هێندێک زەحمەت بێ،

بە ووتەیەکی دیکە ، ئەو لایەنانەی لە دۆخی شەڕ دان وێناچێ لە سەر بەرنامەیەکی ئاشتی ڕێک کەون  هەتا مێکانیسمێکی ئاشکرا و ڕوونی جێ بە جێ کردنی پێش نەخرابێ. و ناکری هیچ مێکانیسمێک پێش بخرێ  یان هەموو لایەنەکانی شەڕ وەک جێی متمانە بیبینن هەتا ئەو کاتەی ناوەرۆکی ڕێکەوتنی ئاشتی ڕوون نەکراوەتەوە و تەوافوقی لە سەر نەکراوە.

کە وایە لە نموونەی سوورییە دا دوو قۆناغی پێواژۆی ئاشتی ، واتە ، رێکەوتنی ئاشتی و دەستەبەرییەکانی جێ بە جێ کردن ، دەبێ بچن دە باڵ یەکەوە و بکرێنە پێواژۆیەکی تاقانە.

چوارچێوەیێکی ئاوا لە ووتوێژە سەرکەوتووەکانی نێوان ئێران و ٥ هێز + ١ سەبارەت بە پڕۆژەی ناوکیی ئێران ڕەچاو کرا. لەو چوارچێوەیە دا هەموو لایەنەکان تەوافوقیان کرد؛  'کە لە سەر هیچ تەوافوق نەکراوە هەتا لە سەر هەموو شت تەوافوق نەکرابێ '.

جا، پرسیاری دیاریکراو ئەوەیە ، بە چ شێوەیەک ئامادەیی و بەشداری کوردەکان لە ووتووێژەکانی ئاشتی لە ژێنێڤ یان هەر دەستپێشخەرییەکی دیکەی ئاشتی  لە داهاتوو دا دەتوانێ زەمینەی ئەو پێواژیە خۆش بکا؟

بە باوەڕی من ووڵامی ئەو پرسیارە بە دەرەجەی یەکەم لەو دیتنە سیاسییە بۆ سوورییەی داهاتوو دایە کە کوردەکان دەیهێننە گۆڕێ؛ دیتنێک کە ئێستا لە بەشێکی گەورەی باکووری سوورییە دا بە کردەوە پیادە کراوە بە ڕێگای چوارچێوەی سیاسی ' سیستمی فێدێڕاڵ دێمۆکڕاتیکی ڕۆژئاوا – باکووری سوورییە ' دا

ئەو سیستمی فێدێڕاڵ دێمۆکڕاتیکەی کە کوردەکانی سوورییە بە هاوکاری نزیک و ڕاوێژ بە کۆمەڵگەکانی دیکەی ئێتنیکی – کولتووری دانیشتووی ڕۆژئاوا پێشیان خستووە  بە چوار خەسڵەتی سەرەکی ڕا دەناسرێتەوە: ناناوەندیی بوونی دەستەڵات، بە ڕسمی ناسینی جۆراوجۆری ئێتنیکی – دینی سوورییە، یەکسانی جێندر ، و خۆسەری ئیداری کە لە خوارەوە را بۆ سەرێ و لە ئاستی ناوچەیی دا ڕێک خراوە.

ئەو مۆدێلە لە حوکم کردن و بەڕێوەبەری ،  دێمۆکڕاسی دەگەیێنێتە ئاستی سیاسی ، کولتووری ، کۆمەڵی و جێندر. ئەو شێوەیەی فێدرالێسمی دێمۆکڕاتیک بە تەواوی بە پێچەوانەی دەوڵەتی هەنووکەیی سوورییەیە کە لە سەر بنەمای تاقانە، ناوەندی و ئێتنیکی داندراوە و بەو پێیە لە ڕووی سیاسییەوە نادێمۆکڕات ، لە ڕووی کولتوورییەوە زۆردار ، و لە ڕووی ئیداری و بەڕێوەبەرییەوە ئەو پەڕی ناوەندی یە. لەوەش گرینگتر ئەو خەسڵەتانە  دەکرێ بگوترێ نەک هەر ڕیشەی ئەو کێشە تراژێدییانەی ئێستای سوورییەن بەڵکوو ڕیشەی ئەو قەیرانە یەک لە دووی یەکانە و ئەو ئاستە لە توندو تیژی و زەبروزەنگی نەبیندراویشن کە زۆربەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دا گرتووە .

جا ئێستا، ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ئەو پرسیارەی لە سەرەتاوە کرا کە بۆچی ئەو دیتنە  سەبارەت بە داهاتووی سوورییە 
دەتوانێ ئاسۆی ڕێکەوتنی ئاشتی بەرەو ژوورتر بەرێ؟


بە بۆچوونی من ئەو دیتنە دەتوانێ ئەوە بکا چونکە مۆدێلی کوردی فێدێڕالیسمی دێمۆکڕاتیک ووڵامی پێیە بۆ باری سەرنج و نیگەرانییە سەرەکییەکانی هەموو لایەنەکان بە ڕێگای قەوارەیەکی دابەشکراوی دەستەڵات بە سەر هەرێم و ناوچە جۆر بەجۆرەکان دا و بە قەوارەی جۆر بەجۆری خاکییەوە. ڕەنگە لەوەش گرینگتر ئەوە بێ  کە لە نێوان خایەن و درێژخایەن دا  دەوری ئاکتۆرە بێگانەکان لە جێ بە جێ کردنی ڕێکەوتنی ئاشتی دا کەم دەکاتەوە.

ئەوە گرینگە چونکە دەکرێ بگوترێ هۆی سەرەکی بۆ سەرنەگرتن و شکانی حەولەکانی پێشووی ئاشتی هەر لەبەر لێڵ بوونی ناوەرۆکی پێشنیارەکان  نەبوون بۆ شکڵی داهاتووی سوورییە وەک بوونەیەکی سیاسی بەڵکوو نەبوونی دەستەبەرییەکانی جێی متمانەی جێ بەجێ کردنیش لەو هۆیانە بووە. دانی دەستەبەر بوونی ئاوا زۆر دژوار بوو بە ووردی لەبەر پۆتانسییەلی زامنکارە بێگانەکان ، واتە زۆربەی پشتگرانی بێگانە و هەرێمی ڕێژیمی سوورییە و ئی گرووپە جۆر بەجۆرە ئۆپۆزیسیۆنەکان، بەرژەوەندیی و ئامانجی جیاوازییان هەیە و وێناچێ بەرعۆدە بن لە ئاست مێکانیسمێکی کۆنکرێت بۆ جێ بەجێ کردن بەر لەوەی کە دەستکەوتە ستڕاتێژیکەکانی خۆیان نەگەیێننە ئەوپەڕی خۆی. ئەو بارودۆخەی دوایی هۆی سەرەکی بووە لە سەرنەگرتنی دەستپێشخەرییەکانی پێشووی ئاشتی  و بەردەوامی کێشەکە.

بە پێشخستن و جێ بەجێ کردنی شێوەیەکی ناناوەندی بەڕێوەبەریی خۆسەر  لە سەر بنەمای شووڕایان لە ئاستی جۆر بە جۆر دا کە کانتۆنان پێک دەهێنن  کۆمەڵگە جیاوازەکانی ئێتنیکی –دینی ، و زمانی کە لە بەشەکانی جیاوازی سوورییە دا دەژین هێزیان وەبەر دەهێندرێ بۆ ئەوەی بە ڕێگای قەوارەی سیاسی و ئیداری ناوچەیی و هەرێمی دا کاروباری خۆیان ڕاپەڕێنن ، ئەو قەوارانەی کە تا ئاستێکی بەرز خۆسەرن بەڵام وەک بەشێک لە سوورییەیەک دەمێننەوە کە بەشێوەی ڕیشەیی دێمۆکڕاتیک کرابێ و سوورییەیەکی سەروەر و یەکگرتوو  بێ، بەڵام دەوڵەتێکی تاقانە (یەکپارچە) نەبێ.

بۆیە سیستمێکی ئاوا دەستبەجێ دوو هۆکاری سەرەکی ترس دەڕەوێنێتەوە و نایهێڵێ  کە زۆرێک لە چاوەدێران وەک هۆ و سۆنگەی سەرەکی باسیان لێوە کردووە بۆ بەردەوامبوونی کێشەکە: یەکیان ترسی کۆمەڵگەی عەلەوی کە بکەونە ژێر دەستەڵاتی حوکمی بە ژمارە زۆرینەی سوننی کە ئەوە بە هاسانی دەتوانێ ببێ بە حوکمێکی سەرەڕۆی بەهەژمار زۆربەی زاڵم و جۆراوجۆری کولتووری و نەتەوەیی سەرکوت بکا وەک نموونەکانی تورکییە، ئێران و عێڕاقی بەر لە ساڵی ٢٠٠٣ بە جوانی ئەوە دەسەلمێنن .

هەر ئاواش گرینگە کە ترسی زۆربەی سوننی بڕەوێندرێتەوە کە دەور ناگەڕێتەوە سەر شێوەی بێ بەزەی حوکمی بەعس و شێوەی تۆبزیکاری کەمایەتی ئۆتۆکڕاسی عەلەوی.


ئاشکرایە ئەو پێواژۆیە بە تەواوی سەر بەخۆی بەڕێوە ناچێ و دەرەجەیەک لە چاوەدێری و یارمەتیدانی ناو نەتەوەیی پێویستە  بەتایبەتی لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا. بەڵام وێدەچێ ئەوە بکرێ کەم بکرێتەوە چونکە لە ژێر دەستەڵاتی مۆدێلی فێدێرالیستی دێمۆکڕاتیک دا مەیدان  و ئەرکی پڕاتیکی جێ بە جێ کردن خۆی دابەش دەکرێتەوە و دەدرێتە دەست خاوەنانی ڕاستەقینە .

بە کورتی، تەجروبەی ڕۆژئاوا سەبارەت بە فێدێڕالیسمی دێمۆکڕاتیک و پراکتیکە نموونەییە ئاشتیخوازانەکەی  و هاوژینی هێمنانەی ئێتنیکی و خۆسەری جەماەری دەکرێ بە ووردی ناوەرۆکی ئەو هزر و بیر و ئیلهامانە بهێنێتە سەر مێزی وتوووێژ کە هەتا ئێستا  لەو حەولی دەستپێشخەرییانەی دا کە لە پێناو ئاشتی دا دراون نەبووە.

بۆ ئەوەی ئەوە ڕووبدا، پارڵمانی ئوڕووپا ، و ئۆرگانەکانی دیکەی یەکێتیی ئوڕووپا ، و دەوڵەتە دەستڕۆیشتووەکانی ڕۆژئاوا دەبێ هەنگاوی پێویست هەڵبهێننەوە بۆ دەستەبەر بوونی هەبوونی نوێنەرایەتیکردنی ڕاستە قینە بۆ کوردەکانی سوورییە وبەشداری نوێنەرانی مەشڕووعی سیاسییان لە هەر وتووێژێکی ئاشتی داهاتوو دا سەبارەت بە سوورییە .

سپاستان دەکەم بۆ سەرنجدانتان !

 کامڕان مەتین پڕۆفێسۆری جێگرە لە بواری پێوەندییە ناونەتەوەییەکان لە زانکۆی ساسێکس، لە برایتن. لە سێپتامبر*
ی ساڵی ٢٠١٦وە بووە بە ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقای باکوور لە ساسێکس (مێناکس) و هاو ئیدیتۆری زنجیرەی وەشانی پالگرەیڤە  لەمەڕ کەمایەتییان لە ئاسیای ڕۆژئاوا و ئەفریقای باکوور (میوانا). لە سێپتامبری ٢٠١٤وە  هاوئامادەکاری دەستەی کاری کۆمەڵناسیی مێژوویی بووە لە کۆمەڵەی بریتانیایی بۆ لێکۆڵینەوە ناونەتەوەییەکان (بیسا). لە مانگی مەی ساڵی ٢٠١١ وە ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی ناوەندیی تێۆری بەرزی ناونەتەوەیی بووە ( کاتت) ، لە ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠١٠ وە هاو دامەزرێنەر و هاوئامادەکاری  دەستەی کاری گەشەی ناڕێک و موڕەکەب بووە لە ساسێکس.
مەتین ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆواری لێکۆڵینەوەی کوردی، کۆمیتەی بەرنامەی هەرساڵەی دووجاری کۆنفڕانسی کۆمەڵەی ناونەتەوەیی بووە بۆ کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی ئێرانی (ئایسیس)، لە مۆنترێئال، کانادا، ٦- ١٠ ی ئووتی ٢٠١٤؛ کۆمەڵەی لێکۆڵینەوە ناونەتەوەییەکان ( ئیسا)؛ کۆمەڵەی لێکۆڵینەوە ناونەتەوەییەکانی بریتانیا ( بیسا) ؛ کۆمەڵەی ناونەتەوەیی لێکۆڵینەوەی ئێرانی ( ئایسیس)؛ دەستەی کاری بیسا لە مەڕ لێکۆڵینەوەی کۆلۆنیال، دوای کۆلۆنیاڵ و لە کۆلۆنیاڵ داماڵین .
کتێبە سەرەکییە بڵاوکراوەکانی لەمەڕ کۆمەڵناسیی مێژوویی و مێژووی جیهانە : گەشەی ناڕێک و موڕەکەب  لە درێژخایەن دا ( وەشانخانەی رۆمان + لیتێلفیلد) ، داڕشتنەوەی مۆدێرنیتی ئێران : پێوەندییە ناونەتەوەییەکان و گۆڕانی کۆمەڵایەتی (وەشانخانەی ڕاتلێج: لەندەن و نیۆیۆرک).

وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی 


Sunday, December 18, 2016

دەیڤید فیلیپس ، بەرەو مێکانیزمی ووڵامدەرێتی لە تورکییە و لە هەرێم دا



١٣هەمین کۆنفڕانسی ناونەتەوەیی ' یەکێتی ئوڕووپا، تورکییە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
  و کوردەکان '
پروکسێل ، پارڵمانی ئوڕووپا ، ٧- ٨ ی دیسامبری ٢٠١٦

 پرۆفێسۆر دەیڤید فیلیپس

بەرەو مێکانیزمی ووڵامدەرێتی لە تورکییە و لە هەرێم دا

ئەمن ئەمڕۆ سەبارەت بە ووڵامدانەوە و بەرپرسیارەتی لەئاست پێشێلکردنی مافی ناونەتەوەیی مرۆڤ و قانوونی مافی مرۆڤی لە تورکییە قسە دەکەم . وای دابنێن کۆمیسیۆنێکی لێکۆڵینەوە پێک هاتووە بۆ لێکۆڵینەوە لە سەر جێنۆساید، تاوانکاری بە دژی مرۆڤایەتی کە ڕێژیم کردوویە. وای دابنێن ئەو کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەیە مەحکەمەیەک ڕابسپێرێ بۆ سزا دانی ئەو کەسانەی بەرپرسیاری ئەو پێشێلکاریانەن . وای دابنێن حوکمی تاوانکاری لەمەڕ تەییب ئەردۆغان، بیلال ئەردۆغان و بەرات دەر کراوە لە بەر تاوانکارییەکانیان بە دژی مرۆڤایەتی ، لە بەر گەندەڵییان و لە بەر دراو سپی کردنەوەیان.
ئایا لە دۆخێکی ئاوا دا ، دنیا  و تورکییە جێگایەکی خۆشتر نابێ کاتێک ئەو تاوانکارانە لە زیندان دا بن؟ بە بڵاوبوونەوەی ڤیدێئۆیەک کە تێیدا قەسابی کردنی خەڵکی مەدەنی لە جزیرێ دۆکۆمێنت کراوە ئەوە بووە هۆی وورووژانی بێز و قێزی کۆمەڵگەی ناونەتەویی . لە ١٦ مانگی ژانوییەی سالی ٢٠١٦ کۆمیساریای بەرزی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کارو باری مرۆڤی زەید ڕەعد ئەلحوسێن  پێداگری لە تورکییە کرد " لێکۆڵینەوەیەکی هەموولایەنە ، سەربەخۆ و  بێلایەنانە بکرێ"  ئەو لە قسەکانی دا دایگرتەوە بێتوو کاربەدەستانی دەوڵەت مافی مرۆڤ پێشێل بکەن دەبێ ڕاو بنرێن و سزا بدرێن. هەر وەک چاوەڕوان دەکرا هەتا ئێستا سەرەرای ئەو داوایە، لەلایەن تورکییەوە هیچ ووڵامێک نەبووە و هیچ وێناچێ ئەوان شتێک بکەن لەبەر ئەو ڕاستییەی بکەرانی ئەو تاوانکاریانە بە فەرمانی بەرزترین دەستەڵاتداری لە ووڵات دا ئەوەیان کردووە. زەید لەو دواییانە دا گوتی: ئەمن داوا دەکەم ڕێگا بدرێ بچینە ئەو ناوچەیە بۆ هەڵسەنگاندنێکی هەموولایەنە و سەربەخۆ سەبارەت بەوەی کراوە. بەڵام ڕێگایان پێ نەدراوە بچن. ' جا بۆیە ئێمە ئیمکانێکی چاوەدێری کاتیمان پێکەوەنا کە مەکۆکەی لە ژێنێڤ ە و بەردەوام دەبین بۆ دانی زانیاری بە کۆنسەی مافی مرۆڤ سەبارەت نیگەرانییەکانی خۆمان' . ئەو داوای کرد بێ ئەملاو ئەولا ڕێگا بدرێ بە چوونی تێمێکی کۆنسەی مافی مڕۆڤ بۆ باشووری ڕۆژهەڵات . ئەوە باشە کە بیر لە دەوری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێتەوە لەوبارەیەوە و دەستگای لێکۆڵینەوەی ئەوتۆ هەبوون کە لە ژێر چاوەدێری کۆنسەی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ، جڤاتی گشتی، کۆنسەی مافی مرۆڤ ، سکرتێری گشتی ، و کۆمیساریای بەرزی مافی مرۆڤ دا کاریان کردووە.
کۆمیساریای بەرزی مافی مرۆڤ دەتوانێ پشتی سەفەری دەستەیەکی لێکۆڵینەوەی بە دوای ڕاستی گەڕان دا بگرێ، کۆمیسیۆنێکی لێکۆڵینەوە دابمەزرێنێ بۆ ئەوەی لە ڕووداوەکە بکۆڵێتەوە و ڕابسپێرێ بۆ ئەوەی هەنگاوی دیکە هەڵبهێندرێتەوە. دەتوانێ پێشنیاری ئەوە بکا  دادگەی ناونەتەوەیی تاوانکاری  لەو کەیسە بکۆڵێتەوە و بڕیاری لە سەر بدا ، بەڵام لە بەر ئەوەی تورکییە دادگەی ناونەتەوەیی تاوانکاری (ئای سی سی ) بە ڕەسمییەت ناناسێ ، زۆر وێدەچێ کەیسی لە مەر تورکییە کە بچنە بەر دەست ئای سی سی پێویستی بە پەسندی کۆنسەی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هەبێ . بە لەبەر چاوگرتنی  سیاسەتەکانی ' نەتەوە یەکگرتووەکان' وێناچێ ئەوەش مەیسەر بێ. هەر وەها ناکرێ بۆ ئەوە مەحکەمەی تایبەیتش ساز بکرێ بە لەبەر چاو گرتنی هەلومەرجی ووڵات لە تورکییە. نموونە هەیە لە ساڵی ١٩٩٣ دا لە ئەو دادگایەی کە بۆ یۆگسڵاوی پێشوو دامەزرا، دادگایەکی تایبەتی تاوانکاری بۆ ڕوواندا لە ساڵی ١٩٩٤. دادگای تایبەتی هەبوون کە بە پێی راسپاردە و ئیزنی جڤاتی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پێک هاتوون ، دادگای لە مەر تەیمووری ڕۆژهەڵات لە ساڵی ١٩٩٩ ، خانەی بە داد ڕاگەیشتن لە کامبۆدیا لە ساڵی ٢٠٠٩ ، دادگای تایبەتی بۆ سیرالێئۆن لە ساڵی ٢٠٠٢ . بەڵام  دەرەتانی ئەوەی کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو ڕووەوە تێوەبگلێ زۆر دوورە. ئێمە حەوجێمان بە دەستگایەکی بەدیلی ناونەتەوەیی هەیە بۆ ئەوەی لەو ڕووەوە بجووڵێتەوە و بە توانایەکی بکەرانی ئەو تاوانە لە تورکییە سزا بدا.
ڕاسپاردەی من بۆ ئێوە ئەوەیە دەستگایەکی لەباری کە بتوانێ ئەو کارە بکا کۆنسەی ئوڕووپا یە کە تورکییە ئەندامێکی ئەو کۆنسەیەیە. کردەوە و هەڵسووڕانی کۆنسەی ئوڕووپا دەکرێ  بە ڕێگای بڕیارێکی پاڕڵمانی ئوڕووپا پشتی بگیرێ ، دەکرێ بە پێی ئەو هەنگاوانە بن کە دادگای ئوڕووپایی مافی مرۆڤ هەلێ هێناونەتەوە. تێوەگلانی پارڵمانی ئوڕوپا لەو رووەوە نموونەی هەیە لە ڕابردوو دا . ئەو پاڕڵمانە کۆمیسیۆنێکی دامەزراند بۆ لێکۆڵینەوە لە دراو سپی کردنەوە، خۆ لە ماڵیات دزینەوە و گزی لە ماڵیات دان دا کە کارەکانی ئێستاش هەر درێژەی هەیە. هەر وەها کۆمیسیۆنێکی دامەزراند بۆ لێکۆڵێنەوە لە خستنە بن چاودەێری بە کۆمەڵی شارومەندانی ئوڕوپا لە لایەن داو و دەستگا ئەمریکاییەکانەوە. جا بۆیە کۆنسەی ئوڕووپا وێدەچێ دەستگای هەرە مومکین بێ کە بتوانێ لەو ڕووەوە هەنگاو هەڵهێنێتەوە.
چوارچێوەی دامەزراندنی کۆمیسیۆنێکی لێکۆڵێنەوە بۆ ئەو مەبەستە دەبێ بە ڕوونی دیاری بکرێ. ئەو کۆمیسیۆنە بەرپرسیاری دەبێ بۆ لێکۆڵینەوە لە جێنۆساید، تاوانکاریی شەڕ، و تاوانکاریی بە دژی مرۆڤایەتی ، ئەو بەرپرسیاری دەبێ بۆ لێکۆڵینەوە لە زنجیرەیەک تاوانکاری تایبەتی کە لەو خاکە دا کراون لە زەمانێکی تایبەتی دا. ئەو مانداتەی دەیدرێتێ بریتی دەبێ لەوە بکۆڵێتەوە داخودا  پێشێلکاریەکان سیستیماتیک و هەراو بوون. سەبارەت بەوە دەکۆڵێتەوە دەستەڵاتدارێتی دەوڵەت چیان کردووە لەمەر ئەو پێشێلکاریانە و هەر وەها لە ڕێشە و هۆیەکانی ئەو هەلومەرجە دەکۆڵێتەوە. بەو کۆمیسیۆنە دەسپێردرێ بەڵگەوسونگەی ڕووداوەکان کۆبکاتەوە و بە دۆکومێنتیان بکا. بیروڕای خۆی دەرببڕێ پێشێلکاری مافی ئینسانی قەوماوە یان نا؟ و مێکانیزمێکی دەستڕۆیشتوویی بە سەر هەموو لایەنەکان دا دابمەزرێنێ کە تاوانیان خراوەتە پاڵ.
دیارە ئەوە لە فەزایەکی خاڵی دا ناکرێ. ئێمە دەبێ  ئەو چوارچێوەی سیاسییەشمان لەبەر چاو بێ کە تێیدا دەستگا ئوڕووپایەکان هەنگاو هەڵدەهێننەوە. و ئەمن لێرە دا پاڕڵمانی ئوڕووپا تەقدیر دەکەم  بۆ ئەو ڕاپۆرتەی دوای کودەتای تورکییە بڵاویان کردەوە سەبارەت بە هەلومەرجی مافی مروڤ لە تورکییە و هەر وەها سەبارەت بەو دەنگەی کە لە ٢٤-ی مانگی نۆڤامبر دای بۆ ڕاگرتنی موزاکەرەی ئەندامەتی تورکییە .
پاڕڵمانی ئوڕووپا دەبێ چاو بەو سەودایەش دا بخشێنێەوە کە لە مەڕ موهاجیر و پەنابەران لەگەڵ تورکییە کراوە. ئەمن لە ڕۆژی یەکەمەوە گوتوومە ئەو سەودایە ناقانوونی، غەیری ئەخلاقی یە و بۆ دابەزاندن ناشێ. و یەکێتی ئوڕووپا نابێ بە بارمتە بگیرێ یان هەڕەشە و گوڕەشەی لێ بکرێ لە لایەن تورکیی وە کە لووزەوی پەنابەرانی بەر دەدرێتە سەری.
ئەو کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەیەی کە ئەمن پێشنیاری دەکەم دەکرێ چەندین مەبەستان پێک بێنێ: لەوانە پێشگێڕەوەیی لە کێشە ، سیگناڵێکی ئاشکرا بنێرێ بۆ ڕێبەرانی تورکییە بۆ ئەوەی بە توانایەکی تاوانکاریی داهاتوو بەربەست بکا، هەر وەها لایەنگرانی حوکمی قانوون لە تورکییە کۆ بکاتەوە و کۆمەڵگەی مەدەنی لە تورکییە بەهێز بکا، وەک سیگناڵێک ببزوێتەوە لە لایەن ئوڕووپا و کۆمەڵگەی ناونەتەوەییەوە کە بەرعۆدەیی خۆی پێک دێنێ بۆ  دوایی هێنان بە دەگمانەیەتی تورکییە و لەگەڵ تورکییە بەپێی کردەوەکانی دەجووڵێنەوە.
 ئەمن لە قسەکانم دا زیاتر لە سەر لایەنی قانوونی و تێکنیکی ڕاوەستام  بەڵام ڕێگام بدەن بۆچوونی خۆم لە سەر چەند بابەتی سیاسیش دەرببڕم. ئەمن دەرفەتم هەبوو لە ساڵانی پێشووش دا لەو کۆنفڕانسە دا بەشداری بکەم و جارێکیان بابەتی کۆنفڕانسەکە لە سەر ' پێواژۆی ئاشتی ' بوو و ئەمن گوتم هیچ ئاشتییەک نییە و هیچ پێواژۆیەکیش لە ئارا دا نییە. ئەوە ئەو دەمی دروست بوو، ئەگەر چی دێوجامەی پێواژۆی ئاشتی دەبیندرا. ئەو قسەیەی من ئەمڕۆ زۆر زیاتر ڕاستە . ئەو کاتەی تورکییە دەستی کرد بە هەنگاوی تۆڵە سەندنەوە بە دوای کووژرانی دوو پۆلیسان دا و دەستی کردەوە بە شەڕێکی ناوخۆیی لەگەڵ کوردەکان ، بە ووڵامدانەوەیەکی بێ تەناسوبی عەسکەری. کردەوەیەکی خۆ پەسندانە لە لایەن تەییب ئەردۆغانەوە بۆ وەگەرخستنی پێگەی ناسیۆنالیستی خۆی. ئەگەر ئێمە بمانەوەێ پێواژۆیەکی ئاشتی هەبێ ئەو بار و دۆخە ئێستا هەیە قەبووڵ ناکرێ. ئەوەی ئێمە دەبێ لە بەرچاوی بگرین ئەوەیە کە پ.ک.ک لە لیستی ڕێکخراوەی تێڕۆریستی بێگانە دەربهێنین وەک بەشێک لە پێواژۆی موزاکەرە کردن کە ئەوە دواجار بگاتە ڕێککەوتنێک کە کۆمەڵگەی ناونەتەوەیی چاوەدێری بەسەرەوە بکا و جێی پەسندی بێ.
ئەمن لێرە دا دەمەوێ بە کورتی باسی قسەیەکی مارتی ئاهتیساری بەرەوەی خەڵاتی نوبێل یش بکەم ، کە ئەمن دەرفەتی ئەوەم هەبوو بیناسم ئەو کاتەی خەریک بووم کتێبێکم لە مەر ' کۆسۆڤۆ ' دەنووسی. ئەو بە منی گوت کاتێک  بەرپرسیارەتی ئەوەی وەئەستۆ گرت کە ببێتە ناوبژیوانێک لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەبارەت بە کێشەی کۆسۆڤۆ ئەو دەیزانی لە کۆتایی ناوبژیوانییەکەی دا کۆسۆڤۆ دەبێتە سەربەخۆ ، چونکە سڵۆڤۆدان میلۆسۆڤیچ و سڕبستان مافی حکوومەت کردنیان لە کیس دابوو و ئیدیعای حکوومەت کردنیان بنکۆڵ ببوو لە بەر پێشێلکاری بێ پسانەوەی مافی مرۆڤ . ئەمن پێم وایە قسەکانی بەڕێز ئاهتیساری لەگەڵ وەزعی ئێستای تورکییەش دەگونجێ.
ئەمن هەمیشە باوەڕم وا بووە کە چارەسەری دۆزی کورد بەستراوەتەوە بە دێمۆکڕاتیزە بوونی تورکییە و یەکانگیربوونی زیاتری لە داو و دەستگا و دامەزراوەکانی ئوڕووپا و ئەمریکا دا. بەڵام بە لەبەر چاوگرتنی بارو دۆخی دێمۆکڕاسی لە تورکییە و نەبوونی، و لە کورتیی دانی پێوەندییەکانی تورکییە لەگەڵ یەکێتیی ئوڕووپا، تەنیا چارەسەری لەم هەلومەرجەی ئێستا دا بۆ کوردەکان ئەوەیە مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان وەگەڕ بخەن و ئاواتە نەتەوەییەکانیان وەدی بهێنن.
 ئێمە لەماوەی ساڵان دا بەرەو پێش چووین و ئێستا گەیشتووینە ئەو قۆناخە لە تورکییە لەگەڵ ڕێژیمێک ڕووبەڕووین کە رێژیمێکی سەرەڕۆیە کە ڕێبەرەکانی تاوانکارن ( موجریمن) و جینایەتی شەڕیان کردووە و ووڵامدانەوەیەکی بەجێ، لە ڕووی
تێکنیکی، قانوونی و سیاسییەوە ، ئەوەیە سەر بۆ تورکییە شۆڕ نەکەین و لەبەر ئەو تاوانکاریانەی کردوویە بە گژی دا بچینەوە.
زۆر سپاستان دەکەم.





* دەیڤید ل. فیلیپس ئێستا بەڕێوەبەری بەرنامەی  ' ئاشتی چێ کردن و مافان ە ' لە ئەنیستیتووی لێکۆڵینەوەی مافی مرۆڤی زانکۆی کۆلۆمبیا لە نیۆیۆرک. ئەو وەک پسپۆڕی کاروباری دەرەوەی  وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکاو ڕاوێژکاری بەرزی ئیدارەی ڕێکخستنی یارمەتییە ئینسانییەکانی ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان کاری کردووە، فیلیپس لە زۆر ئەنیستیتووی ئاکادێمیک دا کاری کردووە، وەکوو بەڕێوەبەری بەرنامەی چارەسەری کێشە ناونەتەوییەکان لە زانکۆی کۆلۆمبیا، بەڕێوەبەری بەرنامەی پێشگێڕەوەیی لە کێشە و ئاشتی چێ کردن لە زانکۆی ئەمریکایی. مامۆستایەتی لە زانکۆی هارڤارد و زۆر شوێنی دیکە و هەر وەها وەک لێکدەرەوە لە ئێن بی سی و بی بی سی دا بەشداری دەکا. هەتا ئێستا پێنج کتێبی نووسیوە و دەرزەنێک ڕاپۆرتی سیاسی و بە سەدان ووتاری لە ڕۆژنامە سەرەکییەکانی وەکوو نیۆیۆرک تایمز، واڵ ستریت جوورناڵ ، فاینانشڵ تایمز، ئیترنەشناڵ هێڕاڵد تریبیوون ، و فارین ئەفێرز دا بڵاو کردووەتەوە.

وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی
وێنە: حەسەن قازی 


حەمید بۆزئەرسلان، هێڵی سەر ڕمڵ : سایکس پیکۆ و ڕیشە مێژووییەکانی کێشەی کورد

 ١٣هەمین کۆنفڕانسی ناونەتەوەیی ' یەکێتی ئوڕووپا، تورکییە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  و کوردەکان،
پروکسێل ، پارڵمانی ئوڕووپا ، ٧- ٨ ی دیسامبری ٢٠١٦


ووتاری  پرۆفێسۆر حەمید بۆزئەرسلان

هێڵی سەر ڕمڵ : سایکس پێکۆ و ڕیشە مێژووییەکانی کێشەی کورد

زۆر سپاستان دەکەم. ئەمن شانازی دەکەم بەوەی ئەمڕۆ لێرەم و باسی هێندێک تێز دەکەم بۆ تێگەیشتن لە فرچک  گرتنی دۆزی کورد. لە ڕاستیدا ئەمن لە سایکس – پێکۆ وە دەست پێ ناکەم بەڵکوو لە شەڕی یەکەمی جیهانییەوە دەست پێ دەکەم و کاتێک مرۆڤ لە تورکییە گوێی لە ڕیوایەتەکانی یەکەم شەڕی جیهانی دەبێ یان دەیان خوێنێتەوە، ئەو تەسەورەی بۆ دێتە پێشێ کە ئەو شەڕە  شەڕێکی ئوڕووپایی نەبووە، بەڵکوو ئەو شەڕە شەڕێکی ئوڕووپا بووە بۆ ئەوەی تورکییە تێک بڕووخێنێ. و ئەمن تەواو دڵنیام کە ئەردۆغان تەنانەت نازانێ ئیمپڕاتۆری عوسمانی هاوپەیمانی ئەڵمان، ئوتریش، مەجارستان بووە لە ماوەی شەڕی یەکەمی جیهانی دا.
ئامانجی شەڕەکە تێک ڕووخاندنی ئیمپڕاتۆری عوسمانی نەبوو ، شەڕەکە بە شێوەی سەرەکی شەڕێکی ئوڕووپایی بوو و تورکییە یان باشتر بڵێین ئیمپراتۆری عوسمانی چووە ناو ئەو شەڕەوە و تێوەی گلا بە بێ ئەوەی لە لایەن هیچکام لە هێزە ئوڕووپاییەکان ڕا هێرشی کرابێتە سەری. و سایکس – پێکۆ ئاکامی ئەو پێشوەچوونە بوو. ئامانجی شەڕەکە دابەش کردنی ئیمپڕاتۆری عوسمانی نەبوو ، بەڵام لە قۆناخێک دا ئەو نرخەی کە بریتانیا و فەڕانسە دابوویان بۆ شەڕەکە ئەوەندە زۆر بوو بڕیاریان دا کە جۆرێک لە سەرکەوتن بە دەست بهێنن بە ڕێگای دابەشکردنی ئیمپڕاتۆری عوسمانی دا.
سایکس – پیکۆ  وەک ئێوە دەزانن لە ساڵی ١٩١٦ ئیمزا کراوە یان باشتر ئامادە کراوە چونکە بە ڕاستی ئەوە  پەیماننامەیەک نییە ، ئەو بەڵگەیە پەیماننامەیەک نییە، بەڵکوو تەنێ ئەسڵێکە، پرێنسیپێکە. و ئەمن لە سەر ئەو باوەڕەم ئەم پرێنسیپە لە ساڵی ١٩٢٠ دا پێشوەچوونێک بەخۆیەوە دەبینێ. سایکس – پیکۆ چی دەگوت؟ سایکس – پیکۆ دەیگوت ئەستانەکانی ئیمپراتۆری عوسمانی لە ئاسیا یان ئەستانە عەڕەبەکانی ئیمپراتۆری عوسمانی  لەناو چوار ووڵاتان دا دابەش دەکرێن ، فەڕانسە، بریتانیای گەورە ، ئیتالیا و  رووسییە. لەو ڕوانگەیەوە ووڵاتێک یان ئەستانێکی وەک مووسڵ بۆ نموونە بە پێویستی نەدەبوو ئی بریتانیای گەورە بێ، بەڵکوو دەبوو ئی فەڕانسە بێ. ئەو پەیماننامەیە یان دروستتر ئەو پرێنسیپەی سایکس – پیکۆ وەک من باسم کرد تا ساڵی ١٩١٧ ئیدی پووچەڵ بووەوە و تا ساڵی ١٩٢٠ پەیماننامەیەکی نوێ ئامادە کرا و
ئەو پەیماننامەیە لە سانت ڕێمۆ لە ئیتالیا ئیمزا کرا


وئەمن پێم وایە دابەش بوونی ڕاستەقینەی  ئەستانە عەڕەبەکانی ئیمپڕاتۆری عوسمانی ناگەڕێتەوە سەردەمی سایکس-
پیکۆ بەڵکوو لە سانت ڕێمۆ ئەوە کرا. بە پێی ڕێککەوتنی سانت ڕێمۆ فەلەستین بۆ بریتانیای گەورە دەبوو ، سوورییە کەوتە ژێر ئینتیدابی فەڕانسە و ئەمن دەتوانم بڵێم ئەو ئەسڵانەی کە پەیماننامەی سێڤری لێ دەرچوو لە ساڵی ١٩٢٠ ، لەو دەمییەوە ئامادە کرا بوون. بارودۆخی عێڕاق نادیار بوو، لە زەمانی ئیمزا کرانی پەیماننامەی سانت ڕێمۆ دا هێشتا چارەنووسی عێڕاق برێاری لە سەر نەدرا بوو، بەڵام ئەوە ئاشکرا بوو  بریتانیای گەورە بە نەغدەن لە عێڕاق بوو و کوردستانی باشوور بە کردەوە لە
عێڕاق یەکانگیر کرابوو و وەسەری خرابوو.


تا ساڵی ١٩٢٠ یانی چوار ساڵ  دوای بەستنی پەیماننامەی سایکس – پیکۆ یان باشتر چاوپێکەوتنی سایکس – پیکۆ
بەڵگەی سایکس – پیکۆ هیچ شتێک بە لێبڕاوی بڕیاری لە سەر نەدرا بوو و ئەمن پێم وایە نە بریتانیای گەورە و نە فەڕانسە هیچکامیان نەیاندەزانی بە ووردی چیان دەوێ  بۆ هەرێمەکە. هۆ و سۆنگەی زۆر هەن بۆ شی کردنەوەی ئەو ڕاستییە. یەکەمیان ئەوە بوو کە شەڕی یەکەمی جیهانی شەڕێکی هەتا بڵێی خوێناوی بوو و لە ڕاستیدا نە بریتانیای گەورە و نە فەڕانسە ئامادە بوون لەو پێناوە دا تاقە سەربازێکیش فیدا بکەن. وە ئەگەر ئێوە چاو لەوە بکەن ئەو هێزانە چۆن و بە چ خێراییەکەوە لە قەوقاز پاش کشەیان کرد ، و قەوقازیان بۆ هێزەکانی سۆڤییەت بە جێ هێشت، و تورکییەی ڕاستە قینە، تورکییە هاوچەرخیان بە جێ هێشت ، ئەو دەمی لەوە تێدەگەن کە بۆچی ئەو نرخەی بۆ شەڕ درا بەردەوام بوو لە دیاریکردنی ستڕاتێژی لە هەرێم دا. لەوەش دەرچێ لە ساڵی ١٩٢٠ دا سەرهەڵدانێکی گەورە لە عێڕاق ڕوویدا ، نزیکەی ٥٠٠٠ عەسکەری بریتانیایی کووژران و ئەو کوشتنە شوێنێکی زۆری کرد لە سەر مەعنەویاتی هێزەکانی بریتانیا. جا بۆیە هیچکام لەو دەوڵەتانە نەیاندەویست لەو شووێنە گرینگانەی کە لە دوای عوسمانی بەجێ مابوون بمێننەوە.
هۆی دوویەم ئەوە بوو نە بریتانیاییەکان و نە فەڕانسەییەکان  توانیان تێ بگەن کە ستڕاتێژی کوردەکان چییە؟ ئەوە بە تایبەتی لە مەڕ کوردستانی عێڕاق ئاوا بوو کە لەوێ شێخ مەحموودی بەرزنجی لە هەرێمی سلێمانی هێندێک دەستەڵاتی هەبوو. و کاتێک مرۆڤ لە پێشوەچوونی ستڕاتێژی شێخ مەحموود بڕوانێ مڕۆڤ بۆی دەردەکەوێ ئەو بۆخۆی لە ووزەی دانەبوو
هەلومەرجەکە بخوێنێتەوە و بە لێبڕاوی ئەو نەیدەزانی كە جۆرە دینامیک ( هێزی جووڵاندن) ێک لە هەرێمەکە دا لە ئارا دایە.



شێخ مەحموود جار جار زۆر لایەنگری لە تورک دەکرد، جار جار زۆر لایەنگری بریتانیا بوو ، جار جار ئەو لە بریتانیا ڕاسا و هەڵتەزییەوە و جارجاریش دەیویست لەگەڵ بریتانیاییەکان کار بکا. و ئەو لە ووزە دانەبوونی ستڕاتێژی خوێندنەوەیە ڕەنگە یارمەتی کرد بێ بەو ڕاستیە کە لە قۆناغێک دا بریتانیاییەکان بڕیاریان دا کوردستانی عێڕاق بە عێڕاقەوە بلکێنن  وەک بەشێک
لەو ووڵاتە تازەیە.
دیارە فاکتوری دیکەش هەبوون لە ناو ستراتێژیستە کوردەکان دا و مرۆڤ دەکرێ ئەوە بەو ڕاستیە شی بکاتەوە کە زۆر لە کوردەکان لە تورکییە، واتە ئەوەی لە تورکییە { لە ئیمپڕاتۆری عوسمانی) مابووەوە، لە دژی ساز کرانی دەوڵەتێکی کوردی بوون ، زۆر لەوان زۆر بە پتەوی بە ئیسلامەوە بەسترابوونەوە ، ئەوان لەو باوەڕە دا بوون ئەو شەڕەی مستەفا کەماڵ دەیکا شەڕە لە پێناو ئیسلام دا نەک شەڕێک لە پێناو تورکایەتی دا . مستەفا کەماڵ بەڵێنی پێ دابوون برایەتییەکی تورک – کورد  ساز دەکرێ و لە ڕاستیدا زۆر لەوان لە سەر ئەو باوەڕە بوون مستەفا کەماڵ دەتوانێ کوردستان یەک بخاتەوە واتە بریتانیاییەکان لە کوردستانی باشوور دەرپەڕێنێ. و ئەو ڕاستییەی کە هێندێک لەو ڕێبەرە کوردانە لە جێنۆسایدی ئەرمەنییەکاندا بەشدارییان کرد بوو، ئەوەش دەتوانێ شی بکاتەوە کە بۆچی لە قۆناخێک دا ئەو کوردانە لەگەڵ هێزە کەماڵیستەکان هاوکاریان کرد بوو و هیچ مەیلی ئەوەیان تێدا نەبووە لە پێناو ستڕاتێژییەکی سەربەخۆ دا  کار بکەن . جا لە بەر لەووزە دانەبوونی خوێندنەوەی سیاسەتی بریتانیاییەکان و فەڕانسەییەکان کە ئاکامی ماڵوێرانکەری لێ کەوتەوە  و لە لایەکی دیکەوە لەووزە دانەبوونی بەرەوپێشبردنی ستڕاتێژییەکی یەکگرتوو لە لایەن کوردەکانەوە ، ئەوە دەتوانێ دابەشبوونی کوردستان شی بکاتەوە و ئەو دابەشبوونە لە ساڵی ١٩٢٣ بە ڕێگای پەیماننامەی لۆزان ڕوویدا.
پەیماننامەی لۆزان ، ئەمن لەو باوەڕە دام سەردەمێکە لە مێژووی کورد ، چونکە ڕێککەوتنی لۆزان بە ئاشکرایی و بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند دۆزی کورد نابێ بە دۆزێکی ناونەتەوەیی ، تورکییە تەنیا ئاغایەک دەبێ کە بڕیار دەدا لە سەر چارەنووسی کوردەکان لە تورکییەی هاوچەرخ دا و پەیماننامەی لۆزان بە کردەوە بە مانای کۆتایی پڕۆژەی یەکگرتنەوەی کوردستان واتە باشوور و باکووری کوردستان بوو. و ئەوە لە بیر مەکەن کە نوێنەرێکی کوردی پارڵمانی تورکییە؛ یۆسف زیا بەگ  کە دژایەتی دەربڕی لە هەمبەر پەیماننامەی لۆزان بە زانینی ئەوەی کە کوردستان هێشتا دابەشکراوە دوو ساڵ دواتر لە ساڵی ١٩٢٥ دا ئیعدام کرا.
دوای پەیماننامەی لۆزان ئەمن پێم وایە ئیدی بە نەغدەن بڕیار درا بوو لە سەر چارەنووسی کوردان و ئێمە دەزانین کە چارەنووسی مووسڵ بە ڕەسمی لە ساڵی ١٩٢٦ دیاری کرا، - ئەمن هەر دوو دەقیقەم وەخت ماوە -  ڕاست بە دوای ئەوە دا ئێمە شاهیدی ساز بوونی دۆخێکی هەیی ( ستاتوس کۆ ) یەکگرتوو  لەناو دەوڵەتان دا بووین کە ئەوەش ئێران، یەکێتیی سۆڤییەت ، تورکییە و عێڕاقی لە دەوری یەکتری کۆ کردەوە و ڕاگەیاندنی عێڕاق وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە ساڵی ١٩٢٢ زۆر شتی نەگۆڕی.
با هەر باسی نموونەیەک بکەم. ئەویش نموونەی سەرهەڵدانی ئاگری یە لە ساڵی ١٩٢٧ وە تا ساڵی ١٩٣٠. لە ساڵی ١٩٣٠ ئەو سەرهەڵدانە سەرکوت کرا، نەک هەر بە دەست تورکییە ، بەڵکوو بە بەشداری یەکێتیی سۆڤییەت و ئێران و تاڕادەیەک  بە بەشداری عێڕاق کە ئەو دەمی لە ژێر ئینتیدابی بریتانیا دا بوو.
با قسەکانم بەوە کۆتایی پێ بدەم لە ساڵانی ١٩١٥ ، ١٩١٦ فەڕانسە و بریتانیای گەورە بڕیاریان دا بوو تورکییە سزا بدەن لەبەر ئەو جێنۆسایدەی لە ئەرمەنییەکانی کرد بوو بەڵام لە بەر ئەوەش کە لە خوت و خۆڕایی لە شەڕەوە گلا بوو. دواجار تورکییە وەکوو دەوڵەتێکی سەربەخۆ وەخۆ کرایەوە ، تەنانەت وەک مۆدێلێک، پەسنی تورکییە دراوە  وەکوو نموونەیەکی سکولار و مۆدێڕن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، لەکاتێکدا عەڕەبەکان کە یەکەم قوربانییەکانی دابەشبوونی ئیمپڕاتۆری بوون، ئەستانە عەڕەبەکان وەک ڕێگر و جەردە باسیان لێوە کراوە وەکوو تاوانکاران و کوردەکانیش مۆری تاوانکاریان لێ دراوە با بڵێین لە دوای ١٩٢٤، ١٩٢٥ و ١٩٢٦ وە و ئەو ستاتوس کۆیە سەرکوتکەرانەیەی ناو دەوڵەتی کە بە تایبەتی بۆ دامرکاندنی بزووتنەوەی کورد پێک هات تا کۆتایی ساڵانی ١٩٧٠ کان بەردەوام بووە.
زۆر سپاستان دەکەم.





*حەمید بۆزئەرسلان پڕۆفێسۆری مێژوو و کۆمەڵناسی یە. ئەو لە ساڵی ١٩٩٢ لە   ( ئی ئێچ ئی س س )  -مەدرەسەی بەرزی لێکۆڵینەوەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان – پلەی دوکتورای وەرگرت و لە ساڵی ١٩٩٤ دا لە  زانستی سیاسی دا پلەیەکی دیکەی پی ئێچ دی وەرگرت .  بۆزئەرسلان  لە ساڵی ١٩٩٩ وە لە مەدرەسەی بەرزی لێکۆڵینەوەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە پاریس دەرس دەڵێتەوە و هەتا ئێستا ٧ کتێبی بە زمانی فەڕانسەیی و ئینگلیسی بڵاو بوونەتەوە و هێندێک لە کارەکانی بە زمانی تورکی و کوردیش وەرگێڕدراون.

وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی
وێنە: حەسەن قازی