Friday, August 21, 2015

وتووێژ لە گەڵ لێکۆلەرەوە هادی محەمەدی


وتووێژ لە گەڵ لێکۆلەرەوە هادی محەمەدی
بینەرانی بەڕێز، بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی "ڕاوێژ" . لە ڕاوێژی ئەم جارە دا میوانداری دەکەین لە بەڕێز هادی محەمەدی و بە گشتی هێندێک باسی بارو دۆخی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین. وەک دەزانن لەو دواییانەدا ئاغای حەسەن ڕووحانی سەرۆککوماری ئێران سەری لە شاری سنە لە ناوەندی ئەستانی کوردستان دا  و دوای ئەوە ڕاگەیێندرا " زانکۆی کوردستان" لە پاییزی ئەمساڵ ڕا دەست دەکا بە خولی لیسانسی زمانی کوردی. لەو ب



ەرنامەیە دا بە شێوەیەکی هەموولایەنە باسی ئەم مەسەلەیەش دەکەین.
گەلێک بەخێر بێی کاک هادی!
محەمەدی: زۆر سپاس بۆ ئێوەش مامۆستە!
قازی: بەر لە هەموو شت وا بزانم بەڕێزت هێندێک لێکۆڵینەوەت کردووە سەبارەت بە  زمانناسی مێژوویی لە پێوەندی لەگەڵ زمانی  کوردی لە ناوچە دا. ئەگەر دەکرێ زۆر بە کورتی دیارە، هێندێک باسی ئەو لێکۆڵینەوەیەی خۆت بکەی!

محەمەدی: بەڵێ، زۆر سپاس، ئەمن لە پێشدا سڵاو و ڕێزم هەیە بۆ بینەرانی بەرنامەکەتان. توێژینەوەکەی من لە بەر ئەوەی لێرە لەم بەرنامەیە دا ناگونجێ لێرە ئەمن  زۆر بە کورتی باسی چەند خاڵێک دەکەم. من لە زمانی مادی – ئەوێستاییەوە دەست پێ دەکەم ، دوایە دێمە سەر زمانی پەهلەوی یا کوردیی گۆرانی و ئەوجار باسی پێوەندی ئیتیمۆلۆژیک، مۆرفۆلۆژیک و  هەر وەها مانا ناسانەی زاراوا تازەکانی زمانی کوردی لە ڕێگای زمانی پەهلەوییەوە ، زۆرێک لە زاراوا و ووشەکان دەبەمەوە سەر زمانی مادی – ئەوێستایی. ئینجا بە کورتی دوو خاڵی تریش: ژینگەی  ئەم زمانە بریتی یە لە کەوانەی توروس _ زاگرۆس و باکووری مێزۆپۆتامیا . لێرە سەری هەڵداوە و هاو کات لەگەڵ شۆڕشی کشتوکاڵ پێوەندییەکی چڕ و پڕی هەیە لەگەڵ زەمین لەگەڵ سروشت، لەگەڵ دیاردە سروشتییەکان و کاری مرۆڤ لە سەر سروشت. دیارە مەبەستم ئەوەیە زمانەکە و ئەو سیستمە ئێتیکی و فکریەش کە دەیخولقێنێت سیستمێکی زەمینی یە و یەکێک لە هۆکارەکانیشی ئەوەیە کە ئێستا  کولتوور و زمانی کوردی و خەڵکی کورد ئامادەگییەکی باشتریان هەیە بۆ  وەرگرتنی سکولاریسم ، دێمۆکڕاسی و مەفاهیمی مۆدێڕن. ئەوەیە کە  ئەم زمان و کولتووڕە پێوەندیی چڕ و پڕی لەگەڵ سروشت هەیە و دوورە لە چەمک و مەفاهیمی ئینتیزاعی و ئیدێئالیستی. 


قازی: تا ئێستا ئاکامی لێکۆڵینەوەکانت بە شێوەی چاپکراو بڵاو کردووەتەوە یان تا ئێستا چاپ نەبووە؟
محەمەدی: نا، هێشتا من هیچێکم چاپ نەکردووە ، یەک خاڵی دیکەش ئەوە کە ئەم زمانە یانی زمانی مادی – ئەوێستایی لەو کاتەوە  کە سەر هەڵئەدات یانی زۆر پێشتر لە دەسەڵاتی مادەکان، چون بە ووتەی پڕۆفێسۆر ئێکسپایزر دەکرێ مادەکان بگەڕێنینەوە بۆسەردەمی زۆر کۆنتر.
قازی: زۆر باشە! ئێستا بە گشتی باست کرد. بۆ ئەوەی لە بابەتی بەرنامەکەمان لا نەدەین هەر ئەوەندی کە فەرمووت کافییە.
محەمەدی: من هەر دەمویست بڵێم زمانی مادی – ئەوێستایی کە سەر هەڵئەدات  تا کۆتایی دەسەڵاتی ساسانی  زمانی ڕەسمی و زمانی گوفتمان بووە.
قازی: زۆر باشە ، ئێستا با بێینە سەر وەزعی شێوەزارە کوردییەکان، یان بارودۆخی زمانی کوردی لە چوارچێوەی جوغرافیای کوردستان و ئێران دا. یانی مەبەستم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئێران دایە. دیارە بینەرانی ئێمە زۆر جار لەم بەرنامەیە دا باسی مەساییلی لەمەڕ زمانیان بیستووە ، بەڵام لە بەر ئەوەی کە ئیمکانی نووسین و بڵاو بوونەوەی چاپەمەنی لە باشووری کوردستان لە جێی دی زیاتر بووە ، زیاتر ئاشنایی هەیە لەگەڵ ئەو موناقەشە و گەنگەشە و لێکدانەوەی کە سەبارەت بە وەزعی زمان لە باشووری کوردستان کراوە و بە ڕاستیش لە ساڵی ٢٠٠٨ ڕەنگە جەنابیشت ئاگادار بی باسێکی ئاوا هاتە گۆڕێ کە یەکێک لە شێوەزارەکان بکرێتە شێوەزاری سەرەکی یا بە زمانی ڕەسمی ڕابگەیێندرێ. هەرچۆنێک بێ ئەوە موناقەشەیەکی زۆری لێ کەوتەوە و وەزعەکەش بەو شێوەیەیە کە ئێستا هەموو شێوەزارەکان لە پاڵ یەکدا هەن . ویستم بزانم جەنابت بە پێی لێکدانەوەت یان بە پێی ئاگاداری کە هەت بێ ئەو بارودۆخە لە  ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆنە؟ گەلۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان باسی سەرەتی دان بە،  یان زاڵکردنی شێوەزارێک بە سەر شێوەزارەکانی دیدا هەیە، نییە یان چۆنە؟
محەمەدی: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆچوونی جیاواز هەیە. هێندێک کەس پێیان وایە شێوەزارێک دەبوو وەکوو زمانی ستاندارد ڕابگەیەندرابایە و کاری پێ بکرایە، دیارە ئەمە پێویستی بە بڕیارێکی سیاسی هەیە. بەڵام زۆر کەس و لایەنی تر پێیان وایە دەکرێت هەموو شێوەزارەکان کاریان پێ بکرێ و پێیان بنوسرێ و لە واقع دا واقعییەتی کۆمەڵگاکەش ئەمڕۆ ئەوەیە. یانی ئەمڕۆ ئەمە ئەیبینین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان  زاراوای کەلهوڕ زۆر بە گوڕ و تینەوە سەری هەڵداوە و خەڵکێک پێی ئەنووسن، ئەنجومەنی ئەدەبییان هەیە...
قازی: شێوەزاری کەلهوڕی ئەو شێوەزارەیە کە لە کرماشان و ئیلام قسەی پێ دەکرێ.
محەمەدی: بەڵێ کرماشان و دەور و بەری ئیلام. زۆر پەیج و لاپەڕەیان هەیە، خەریکن کاری پێ دەکەن. زۆر شاعیر و نووسەر و توێژەر و فەرهەنگنووسی جیدیشمان هەیە لەو دەوەرە. هەر لەو دەوەرە تۆزێ ئەولاتر بۆ وێنە دەورو بەری هەرسین و بەرەو خورم ئاوا ئێمە شێوەزاری لەکی مان هەیە کە ئەویش خەڵکێکی تایبەت هەیە کە پێی ئەنووسن و گرینگە بۆیان شێوەزارەکەیان بپارێزن. ئیتر جگە لەوەش خەڵکی هەورامان زۆر پێیان خۆشە هەر  بە شێوەزارەکەی خۆیان بنووسن و تەنانەت دەیانەوێ و زۆر جار داواشیان لە حکوومەتی هەرێم کردووە، بەشی ئەو دیوی هەورامان کە ئاکادێمی زمانی یان بۆ بکرێتەوە ، یا ڕادیۆ و تێلێڤیزۆنیان هەبێ. دیارە هێندێ بەرنامەی ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆنی هەیە بەڵام  کافی نەبووە.
قازی: دیارە ئێمە باسەکەمان پێوەندیی هەیە بە  ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ئێستا. لە پێوەندیی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی  کوردستان بۆ شێوەزاری هەورامی وابزانم لە زانکۆی مەریوان هێندێک لێکۆڵینەوەی لە سەر دەکرێ. یا چۆناوچۆنە تا ئەو جێگایەی کە بەڕێزت بزانی؟

محەمەدی: من لەوەی زانکۆی مەریوان ئاگادار نیم. 


قازی: بەڵام لە سەر هەورامی لە ڕۆژهەڵات کار دەکرێ دەنووسرێ.
محەمەدی: بەڵێ زۆر دەنووسرێت و زۆر پەیجی تایبەتیان هەیە هەورامییەکان بە تایبەتی لە دنیای مەجازی دا. بە گشتی ئەو خەڵکە پێیان وایە دەبێ دەرفەت و دەرەتانی ئەوەیان هەبێ  کە بە زمانەکەی خۆیان بخوێنن و بنووسن و تەنانەت مناڵەکانیان بە زمانەکانی خۆیان ، بە تایبەتی هەورامییەکان بە زمانەکەی خۆیان پەروەردە بکرێن.
قازی: باشە بیجگەلە ئەو ناوچەیە ، دیارە ئێمە دەزانین لە هێندێک ناوچەی جوغرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان یانی ئەو ناوچە کوردی ئاخێوەرانەی کە بەشێوەی ڕەسمی دەکەونە نێو جوغرافیای ئازەربایجانی غەڕبیش لەوێش بە شێوەزارێک لە کوردیی کورمانجی قسە دەکرێ و هەر وەها لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لە ئەستانی خۆراسانی باکووری لەوێش دیارە دەزانی کە ژمارەیەکی زۆر کورد هەن، کوردی کە بە کورمانجی قسە دەکەن. لەو پێوەندییانە دا تا ئەو جێگایەی کە بەڕێزت بزانی لە چوار چێوەی نووسین و پەروەراندنی ئەو شێوەزارانە چ کارێک دەکرێ؟ 
محەمەدی: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو دەڤەرانەی کە بە زاری کورمانجی یا هێندێک کەس پێی دەڵێن کوردیی شکاکی، دەدوێن، دیارە کورمانجی و ئەو زاراوەیە کە پێی دەڵێن سۆرانی جێگەی خۆیان کردووەتەوە و لە بەر ئەوەی کە میدیای کوردی، رادیۆ و تێلێڤیزیۆنەکان گرینگیان پێ ئەدەن  و بەرنامەیان هەیە بۆیان کاریان پێ ئەکرێ و کراوە. و جگە لەوەش کوردەکانی خۆراسانیش کە بە پێی بەراورد نزیکەی ٢ میلیۆن کورد دەبن لە خۆراسان لەنێو ئەوانیش دا بزاوێکی کولتووری – زمانی  بە چەشنێک ناسنامە خواز سەری هەڵداوە، گرینگە بۆیان کە بە زمانی خۆیان بنووسن و کولتوورەکەیان بژێنرێتەوە و کاری پێ بکرێت. بەڵام، لێرە دا گرینگە کە میدیا و ڕاگەیاندنی کوردیش گرینگی بەم ویست و داوخوازانە بدات و دەنگی ئەوانیش لە میدیای کوردی دا ڕەنگدانەوەی هەبێت.
قازی: لەو ناوچەی کە ئەتۆ گوتت " شکاکی" یانی لەو دەورو بەرە چۆنە تا ئەوجێیەی بەڕێزت بزانی؟ ناوچەی ورمێ و باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان. چونکە وا بزانم لە شاری ورمێ کۆمەڵەیەکی کوردی هەبوو کە کاری دەکرد لە بواری فەرهەنگی دا کە پێم وایە ئێستا نەماوە.
محەمەدی: من پێم وایە لەوێ باشترە. بەڵێ پێشتر لەوێ " ناوەندی سەلاحەدینی ئەییووبی" هەبوو کە بەشێکی کورمانجی هەبوو و دواتر پێم وابێ " ناوەندی ئەحمەدی خانی" ش هەبوو. ئەمانە کاتی خۆی زۆر بە سود بوون و کاری باشیان کردووە بەڵام، بەداخەوە لە جیاتی ئەوەی کە دۆخەکە بەرەو کرانەوە بچێ و خەڵکەکە باشتر ویست و داوخوازییە زمانییەکانیان بەدی بێنن، دەرفەت زۆر کەم و کورتتر دەبێتەوە. و ئێستا ئەوشتانەی کە ئێمە دەیبینین زیاتر لە دونیای مەجازی و لە سەر تۆڕەکانی ئینترنێت دا هەیە.

قازی: باشە، لێرە دا پرسیارێکی زۆر گرینگ دێتە گۆرێ. مومکینە ئەوانەی کە لە دەرەوەی کوردان تەماشای چلۆنایەتی و بەخۆداهاتنی زمانی کوردی دەکەن. دەزانین هەم لە باکووری کوردستان و هەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی لە مێژووی مۆدێڕن دا زمانی کوردی کاری پێ نەکراوە. یانی زمانی کوردی زمانێکی قەدەغە بووە و ڕەنگە لە هێندێک سەروبەند دا بەکار هاتبێ. بۆ وێنە بە زمانی کوردی لە ئەستەنبووڵ لە دەرەوەی جوغرافیای کوردستان سەردەمایەک کاری پێ کراوە، تەنانەت مەدرەسە هەبووە. و دواتریش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی هەبوونی کۆماری کوردستان و لە ساڵانی ١٩٤٢ تا ١٩٤٦ هێندێک دەرفەت هەبووە، واتە خوێندنی کوردی هەبووە و دواتر لە دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی لە ساڵی ١٩٧٩ هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە دەرەوەی شارەکان، ئەو کاتەی کە مەجبوور بوون شارەکان بە جێ بهێڵن هێندێک کتێبی خوێندن و پەروەردەیان چاپ کرد و لە زۆر جێ خوێندنگەیان داییر کرد بۆ منداڵانی کورد. بەڵام، بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر لە نووسەران هەن کە بێ ئەوەی چووبنە خوێندن یانی بێ ئەوەی پیتێکیشیان بە کوردی لە مەدرەسە خوێند بێ بە کوردی دەتوانن بنووسن، بە کوردی دەتوانن وەربگێڕن ، بە کوردی دەتوانن بڵاو بکەنەوە. باشە، ئەوە لە چی ڕا دێ؟ 

یانی ئەو مەسەلەی خۆ فێرکردنە چۆناوچۆن بووە؟





محەمەدی: مەسەلەی حەز و ویست و داوخوازی زمانی کوردی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات من وای دەبینم کە هۆکارەکەی جۆرێک بزاوی بەهێزی کولتووری – نەتەوەیی ناسنامە خوازە. یانی ئەو خەڵکە فێربوونی زمانەکە و پێ نووسینی بە چەشنێک لە ناسنامەی خۆیان ئەزانن و گرینگە بۆیان کە ویست و داخوازە فەرهەنگییەکانیان  بە زمانی خۆیان بنووسن و بە زمانی خۆیان دایبڕێژن. هۆکاری ئەسڵی ئەوەیە و لە واقیع دا لە ڕووی زانستیشەوە ئەو هەست و داوخوازییە یان ئەو فکرە کە مرۆڤ دەتوانێ بە زمانی دایکی خۆی دەریببڕێت بە زمانەکانی تر ناتوانێ دەریببڕێ و هەر لە سەر ئەو ئەساسەیە کە بە بێ ئەوەی کە پلان بێ، یان پلانی دەوڵەتی بێ خەڵکەکە خاکێکی ڕزگارکراویان هەبێ و خۆیان بەڕێوە بەرن بە شێوەگەلی تر زۆر کەس خۆیان فێری خوێندنەوە و نووسین بە زمانی کوردی کردووە و تازە ئەم ڕەوتە بە هێزتر بووە و هەوڵ ئەدەن کە مناڵەکانیشیان فێر بکەن. یانی بە بێ ئەوەی کە خوێندنگە هەبێت ئەوان لە زۆر شوێنی کوردستان مناڵەکانیان دەنێرنە کلاسی تایبەتی کە فێری زمانی کوردی بن. دیارە لە سەردەمانێک دا هێندێک گۆواری وەک " سروە" و " ئاوێنە" و هێندێک لە ڕۆژنامەکانی وەکوو " ئاسۆ " و " ئاویەر" و ئەوانە و " سیروان" یش دەوری باشیان هەبووە.
قازی: باسی ئەوە دەکرێ کە بڵاو بوونەوەی گۆواری " سروە " لە لایەن ئینتشاراتی سەلاحەدینی ئەییووبی لە ورمێ کە بۆ ساڵانێکی دوور و درێژ بڵاو دەبووەوە و هەبوو  و لە ڕاستیدا ڕەحمەتی هێمن دەستی پێکرد و دیسان ڕەحمەتی ئەحمەدی قازی بەردەوامی کرد تەئسیرێکی زۆری هەبووە بۆ ئەوەی خەڵک هۆگرییان تێدا پێک بێ  بۆ خوێندنەوە و نووسین بە کوردی. ئەوە تاچ ڕادەیەک وایە؟
محەمەدی: بەڵێ ئەوە زۆر ڕاستە. من پێم وایە گۆ واری " سروە" نەسلێکی پەروەردە کرد لە ئەدیبان و ڕۆشنبیران و کوردیزانان کە بە سروەوە فرچکیان گرت.یانی ئەو کاتە هیچ گۆ وار و ڕۆژنامەیەک نەبوو کە بە زمانی کوردی بنووسرێت و بڵاو بکرێتەوە تەنیا 'سروە' هەبوو پێم وا بێ لە ساڵی ١٣٦٤ یا ١٩٨٥ یەکەم ژمارەی هاتە دەرەوە و پێم وایە تا پێنج ژمارەشی بەڕێز مامۆستە هێمن بوو وەک سەرنووسەری. 'سروە' ئەو کات  گۆوارێکی زۆر خۆشەویست بوو و بابەتی ئەدەبی و فەرهەنگی و زمانی زۆر بە پێزی بڵاو دەکردەوە و زۆرێک لە خەڵکی کوردستان، لاوان و هۆگرانی زمان و کولتووری کوردی سەعات بە سەعات، بە ڕۆژ ئەیان ژمارد تا ژمارەی تازەی 'سروە' بێتە دەرەوە و زۆر دەربەستانە و مەسئوولانە کاریان کرد، بە تایبەتی بۆ نەسلی نوێ کە پێیان خۆش بوو زمانەکە فێر بن یا بەرهەمێکی چیرۆک یا شێعر بنووسن بەشێکیان هەبوو بە ناوی رێنوێنی ئەدەبی، ڕێنوێنی چیرۆک و ڕێنوێنی شێعر. بەردەوام لە پێوەندی دابوون. من خۆم یەکێک لەوانە بووم  ڕەنگە بە دەیان نامە لە بەینی من و بەرپرسانی 'سروە' دا ئاڵووگۆڕ کراوە و ڕێنوێنییان کردووین. لە دوای مەرگی مامۆستە هێمنیش بە درێژەی چەندین ساڵ کاک ئەحمەدی قازی بوو بە سەرنووسەری گۆواری 'سروە' ئەویش  دەورێکی زۆر گرینگی بوو بە ڕاستی ، نەیهێشت بۆشایی بە جێگەکەی مامۆستە هێمنەوە دیار بێ و زۆر باش کاریان کرد. بەڵام، بە داخەوە لەو دوا ساڵانەدا 'سروە' داخرا و نەما و من هەست دەکەم ئێستا بۆشاییەک هەیە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات.
قازی: زۆر باشە، بە گشتی پێت وا هەیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئیمکاناتی پێوەندی هاسانتر بووەتەوە بە نیسبەت ڕابردوو و هەبوونی ئەو هەموو ساتڵایت/ مانگیلەیە بە زمانی کوردی و هەر وەها ئیمکاناتی تێکەڵاوی لە نێوان ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان ، کە لەوێ چاپەمەنی کوردی لەو ساڵانەی دواییدا، بە تایبەتی لە ٢٠٠٣وە بەم لایەوە ، تەنانەت پێشتریش لە ١٩٩١ بەم لایەوە لەوێ شت زۆر چاپ و بڵاو دەکرێتەوە و ئیمکانی سەفەری ڕووناکبیر و خوێندەوار لەم بەشە ڕا بۆ ئەو بەش ، یان چوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ باشور و ژیانیان لە وێندەرێ ، هەرچۆنێک بێ ئەوەش زەمینەی ئەوەی ساز کردووە کە زمانەکەش گەشە بکا تا ڕادەیەک. پێت وا هەیە ئەو تا چ ڕادەیەک دروستە؟
محەمەدی: ئەوە زۆر دروستە. یانی بەراورد ناکرێ لەگەڵ سەردەمی پێشوو دا. ئەمڕۆ هەر کەسێک پەیج و لاپەڕەی خۆی هەیە و هەر کەسێک سەدان یان هەزاران دۆستی هەیە، ئەتوانێ شتەکانی خۆی بنووسێت و بڵاویان بکاتەوە، دۆستەکانی بیبینن ئاڵووگۆڕی بیرو ڕا بکەن. دیارە پێوەندی هەیە بە کەسەکانەوە. ئەوەی کە مرۆڤێکی جیدی بێت و خاوەنی فکر یان ڕێبازێکی ئەدەبی، فکری بێت لاپەڕەیەکی جیدی هەیە و خوێنەری تایبەت بە خۆی  هەیە. بەڵام، سەرەڕای ئەمەش هێشتا ئەمن پێم وایە ڕۆژنامە و گۆواریش جێگەی تایبەتی خۆیانیان هەیە. ئەگەر بکرایە ببوایە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گۆوار و ڕۆژنامە دیسان ئەوەش بە جۆرێک هەر باش دەبوو.
قازی: دوایە دێینەوە سەر ئەو مەسەلەیە ،لە پێوەندی لەگەڵ دەورەی لیسانسی کوردی لە زانکۆی کوردستان باسی دەکەین دواتر، ئەوە بۆخۆی جێی سرنجە یانی ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لە فەزایەک دا کە لە ڕووی قانوونییەوە زمانەکە بە تەواوی ئازاد نییە و لە سیستمی پەروەردە دا زمانەکە بەکار ناهێندرێ، ناخوێندرێ ، بەڵکوو لە ماڵان قسەی پێ دەکەن و فڵان، بەڵام لە عەینی حاڵ دا ژمارەیەکی زۆریش خوێندەوار بەو زمانە پەیدا بووە. ئەوە بۆخۆی فێنۆمێنێکی زۆر تایبەتی یە کە دیارە ئەو فێنۆمێنە بەشێکی دەتوانێ لە بەر بوونی نەشرییاتی وەک 'سروە' و 'ئاوێنە ' و  ' ئاویەر' بێ کە ئێوە باستان کرد ، بەشێکی ئەوە بێ، و بەشێکیشی لە بەر ئەو تێکەڵاوییە بێ  کە لەگەڵ باشوور هەبووە و بەشی سێیەمیشی ئەوە بێ کە کەمێک ئاماژەت پێ کرد، کە پێم خۆشە زیاتری لە سەر بڕۆی، ئەویش مەسەلەی هووییەت خوازی، ناسێنە خوازی بێ وا بزانم. ئەوە ڕەنگە لایەنی هەرە گرینگی بێ. وا نییە؟
محەمەدی: وایە لایەنی هەر گرینگی مەسەلەکە مەسەلەی ناسنامەخوازییە و پێویستە سەرنج بدەین بەوە کە هەر بزاوێکی سیاسی، بزاوێکی ناسنامەخوازە و بە تایبەت بە نیسبەت مەسەلەی کورد زمانەکە کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی ئەو ناسنامەیە پێک دەهێنێ و لە سەر ئەو ئەساسەیە خەڵک زۆر بە پەرۆشەوە هەوڵ دەدا کە زمانەکە فێر بێت. دیارە پێوەندی بەشەکانی کوردستان ڕۆڵ و کاریگەری دیالێکتیکی و چەند لایەنەیان لە سەر یەکتری هەیە . بۆ وێنە لە سەردەمانێک دا بزاوی خەباتی ڕزگاریخوازیی باشووری کوردستان زۆر شۆڕشگێڕانە و پێشکەوتنخوازانە بوو و کاریگەری ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی لە  سەر بەشەکانی تری کوردستان و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەبوو و ئێستاش  بزاوی باکووری کوردستان بزاوێکی زۆر بە گوڕ و تین و ناسنامەخواز و لە هەمان حاڵ دا زۆر بە پرێستیژ و بە ئۆتۆریتەیە کە  من پێم وایە تەنانەت تەئسیر دەکاتە سەر باشووری کوردستانیش. ئەمە لە ڕێگەی میدیاکان و تێلێڤیزیۆنەکانەوە زۆر تەئسیری ڕاستەخۆی هەیە لە سەر ئەو خەڵکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.




قازی: بەڕێز محەمەدی شتێکی چاوڕاکێشە ئەوەیە کە، حەتمەن جەنابیشت ئاگاداری، لە سەر دەمایەک لە زەمانی رێژیمی ڕابردوو، لە زەمانی ڕێژیمی شایەتی دا، لە دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی لە عێڕاق لە ساڵی ١٩٥٨. لە بەر ئەوەی کە وەزعی کورد لە عێڕاق بەرەو گشانەوە دەچوو و بە گەڕانەوەی بارزانی لە تەبعیدی سۆڤییەت، حکوومەتی ئێرانیش دەو فکرە کەوت بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کوردەکانی دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژنامەیەکی کوردی لە تاران وەرێخست بە ناوی ڕۆژنامەی " کوردستان" و لە نەبوونی ئیمکانات دا بەشێک لە ڕووناکبیران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی خۆیان یان بە ناوی خواستەمەنی لەو ڕۆژنامەیە دا بابەتیان بڵاو دەکردەوە، کە دیارە ئەو ڕۆژنامەیە بۆ ماوەی چەندین ساڵ بڵاو کراوە و تەنانەت وا بزانم لەو ساڵانەی دواییشدا بە خۆشییەوە هەموو ژمارەکانی لە سەر یەک چاپ کراوەتەوە. ئەوە بۆیە من باسی دەکەم بزانم بۆچوونی بەڕێزت چییە؟ لەو ڕۆژنامەیە دا شێوەیەکیان هەبوو کە بە شێوەی هەر شارە و هەر ناوچەیە دەیاننووسی، بۆ وێنە لە سەر بابەتەکە دەیاننووسی ' بە کوردیی کرماشانی'  یا ' کوردیی ئیلامی ' لاپەڕەیەکی ئاوا هەبوو  کە زیاتر حەولیان دەدا بە شێوەی تایبەتی هەر کام لە شارەکاندا تێیدا بنووسن. لەو سەر وبەندە دا نا بەڵام، دواتر هێندێک پێیان وا بوو ؛ ئەوانەی کە لە ڕوانگەیەکی ناسێنەخوازییەوە تەماشای زمانیان دەکرد تەسەورێکی ئاوایان هەبوو کە ئەو حەولە بۆ ئەوەیە وا نیشان بدرێ کە زمانی کوردی یەک زمان نییە بەڵکوو پارچە پارچەیە  لە هەر شارەی جۆرێک قسە دەکرێ و بەو شێوەیە پەرە بەو دیتنە بدرێ. بەڵام ئێمە ئەگەر لە قۆناغی ئێستا دا تەماشای بکەین لە ڕاستیدا لەناو ئاخێوەرانی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە خەڵکی ناوچەی جۆراوجۆر بن هەر یەک لەوانە ئەگەر لێیان پرسی دەیانەوێ زمانی خۆیان بەکار بهێنن، شێوەزاری خۆیان بەکار بهێنن . لە نووسینیش دا بەکاری بهێنن و تەنانەت لە ڕەسمییەتیش دا پێم وا نییە هیچ کەس نییە بییەوێ ئەو زمانەی قسەی پێ دەکا ڕەسمی نەبێ. جا پرسیارەکە ئەوەیە گەلۆ ئەو تەفسیرەی ئەو دەمی بۆ زاراوا و لەهجەکان هەبووە تەفسیرێکی دروست بووە، بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی بەڕێزت دەیڵێی وئەمنیش هەر پێم وایە و زۆر کەسیش کە هۆگری مەسائیلی زمانەوانین پێیان وایە شێوەزارەکان دەبێ ئیمکانی نووسین و پێشوەچوونیان هەبێ!
محەمەدی: وایە! دەکرێ ئاوا سەیری ئەو مەسەلەیە بکەین کە ئەگەر ئەو شتەی کە بڵاو دەکرێتەوە تایبەت بە شوێنێکی تایبەتە گرینگە کە بە زمانی ئەو ناوچەیە بنووسرێت یا قسە بکرێ. بۆ نموونە ئێستا ئێمە لە تێلێڤیزۆنەوە قسە دەکەین بە کوردیی ناوەندی یا سۆرانی قسە دەکەین قسەکانمان خەڵکێکی زۆر لێی تێدەگا یانی هەر لە هەولێرەوە تا سابلاغ تا گەرمیان و سولەیمانی تا سنە لێی تێ ئەگات. بەڵام ئەگەر بەرنامەکە تایبەت بێ بە خەڵکی هەورامان هەر خەڵکی هەوارامان لێی تێ ئەگات، خەڵکێکی مەحدوود. بە هەمان شێوە ئەگەر بۆ کەلهوڕ یا بۆ لەکستانیش قسە بکەیت تەنیا ئەو ناوچەیە تێی ئەگات. مەبەستم ئەوەیە کە ئەو زاراوایە کە ئێمە ئێسا قسەی پێ دەکەین لە بەر ئەوەی پێشینەیەکی نزیکەی دوو سەدساڵەی مێژوویی هەیە و کاری پێ کراوە بوردی زیاترە و بیسەری زۆر زیاترە، بەڵام لە هەمان حاڵ دا ئەوە میکانیزمێکی زۆر شیاوە کە نابێ زاراوکانی تریش پشت گوێ بخرێن و لە گەشە کردنی ئەو زاراوایانە دایە کە زمانەکە هەم دەوڵەمەند دەبێت و هەم زۆرێک ووزە و پۆتانسییەلی تازەتر دەرئەکەوێ کە زۆر شتی کۆنی مێژوویی، کولتووری، زمانی دەر دەخات و لە هەمان حاڵ دا لەگەڵ ڕۆحی فرە چەشنی و دێمۆکڕاسی دا دێتەوە و گرینگە ئەو خەڵکە  بە زمانەکەی خۆی بنووسێت و منداڵەکانی  پێ بگەیێنێ. من نازانم کە بەرپرسانی ئەو کاتی ڕۆژنامەی ' کوردستان'  لە تاران چەندە لە ڕووی زانستییەوە ئەم کارەیان کرد بێت، بەڵام کارەکەیان کارێکی باش بووە.
قازی: مەسەلەیەکی دیکەش هەیە. یانی لە سەردەمی ئێستاش دا دەزانین کە  حکوومەتی ناوەندیی لە ڕووی هەڕێمییەوە زمانە ناوچەییەکان لە بەرنامەی ڕادیۆیی و تێلێڤیزۆنی دا بە کار دەهێنێ، بۆ نموونە زمانی تورکی ئازەربایجانی یان زمانی کوردی ئەوانە بەکار دەهێنێ. بەڵام شتێک هەیە لەبەر ئەوەی کوردی و فارسی لە ڕووی سینتاکسەوە لە یەکتری نزیکن  ڕەنگە زۆر زەق دیاری نەکا بەڵام لە نێوان تورکی ئازەربایجانی و فارسی دا ئەوە زۆر بە ئاشکرایی دەردەکەوێ کە زۆر جار تەنانەت فێعلەکانیش بە فارسی دەکار دەکرێ. پێم وایە تاندانسێکی ئاوا لە پێوەندی لەگەڵ بەکارهێنانی زمانی کوردیش دا هەیە . بەڕێزت ئەوە چۆن تەفسیر دەکەی؟ ئەوە لە نەزانی ڕایە یان  بە عەمد وا دەکرێ بۆ ئەوەی وا نیشان بدرێ ئەو زمانانە یا شێوەزارانە سەربەخۆییان نییە. چۆنی دەبینی؟
محەمەدی: ئەو دیاردەیە زیاتر لە دەور و بەری کرماشان هەیە. من پێم وایە دیاردەیەکی عەمدی یە و لە دەور و بەری کرماشان بە جۆرێک بە تایبەتی  سووکایەتیش دەکرێ بە زمانەکە، یانی دەیەوێ بڵێ ئەم زمانە زاراویەکی گەشە نەکردووە، عەمدەن زمانەکە سووک و چرووک دەکات. ئەگینا ئەگەر دڵسۆزانە بێ و بەرنامەی هەبێ بۆی دەبێ گرووپێکی پسپۆڕ ئەو بەرنامانە بەڕێوە ببەن  کە شارەزایی تەواویان لە زمانەکەدا هەبێت. ئەو کارانە پێم وابێ لە ناوەندی [ سەدا و سیما]ی سنەش دا دەکرێت.
قازی: یانی بەشێکی پێت وایە عەمدی نییە؟ یانی چۆنی دەبینی؟
محەمەدی: من بە عەمدی دەزانم، بەتایبەتی لە سنەش زۆر ووشەی فارسییان تێکەڵ کردووە تەنانەت لە باری گراماتیکیشەوە زۆر جار ڕستەکان دەشێوێنن. ئەوە زەبر لە زمانی کوردی دەدات و لە ڕووی مەعنەوییاتیشەوە جۆرێک تەوهینە بەو زمان و کولتوورە.
قازی: باشە بەشێوەی ڕێکخراوەیی یانی ناوەندی ئامووزشی و جێگای ئاوا، تا ئەو جێگایەی ئاگادار بی، دیارە لەم بەرنامەیە دا پێشتریش باس کراوە بۆ وێنە لە ناوچەی موکریان وا بزانم بە ئینیسیاتیڤی شەخسی دەستی پێکردووە بۆ وێنە نووسەرێکی کورد بەڕێز عەبدوڵای سەمەدی کتێبێکی ئامادە کرد بۆ ئامووزشی زمانی کوردی دوای ئەوە کۆمەڵەیەک بە ناوی کۆمەڵەی سۆما پێک هات و لە سنەش کۆمەڵەیەکی ئاوا هەبووە کە تێیدا لەگەڵ ئەوەی کە زمانی کوردیان تێدا گوتووەتەوە کارێکی ئاواشیان کردووە ئەوانەی ئەو زمانە دەخوێنن و فێر دەبن دوایە ئەوان خۆیان ببنە مامۆستا. جەنابت تا چ ڕادەیەک ئاگاداری لە دەستپێشخەری ئاوا؟
محەمەدی: ئەو کارانە زیاتر لە شارەکانی دەور و بەری موکریان دا هەبوو و بەخۆشییەوە لەو دواییانەش دا لە مەریوان  " ناوەندی ڤەژین" کراوەتەوە، هەر لە ناوەکەی ڕا دیارە کە خەڵکانێکی تێگەیشتوو و ووشیارن بەڕێوەبەرانی و بەرنامەی تایبەتیان هەیە هەم بۆ فێر کردنی زمانی کوردی هەم بۆ گرینگی دان بە کولتووری کوردی. تەنانەت بەشێکیان هەیە بۆ کۆکردنەوەی ئارشیڤە کۆنەکانی هەر لە بەیت و باوەوە بگرە تا شێعری کۆن، تا وێنەی کۆن، شتی مێژوویی کۆن و تەنانەت فێرکردنی مووسیقیش. ئەوە لە مەریوان کراوە. دیارە مەریوان شارێکی زۆر تایبەتە، تەئسیراتی زۆری سولەیمانی لە سەرە.
قازی: دیارە ژینگەی دوو شێوەزاری کوردیشە، یانی هەم کوردیی سۆرانی و هەم کوردیی هەورامی
محەمەدی: وایە! ئەو کارەی بەڕێوەبەرانی " ڤەژین"  کارێکی  زۆر دڵسۆزانە و ووشیارانەیە. من هیوادارم  پەرە بستێنێ و بەرەو شارەکانی دیش  بچێت. دیارە لە سنەش کاری لەو بابەتە هەیە. ئەو کەسانەی کار دەکەن من نەم دیوە وەکوو ڤەژین ڕێک و پێک بێ.
قازی: ئەی نەت بیستووە لە کرماشان هیچ حەولی ئاوا هەبوو بێ؟
محەمەدی: لە کرماشانیش بیستوومە هەیە بەڵام، ئەویش دیسان بە شێوەی ئۆرگانیزە و ڕێکوپێک نییە! یانی لە کرماشان ئەو کەسانەی کە جیدیتر و شێلگیرترن و زمانەکەیان دەپارێزن شارەکانی دەور و بەری کرماشانن بەتایبەت شاری گێڵانی ڕۆژئاوا . لەو شارە دا کۆمەڵێک کەسی جیدیمان هەیە، شاعیر و زمانناس، کار دەکەن و کارەکانیان زۆرتر تەئسیری هەبووە لە سەر دەورو بەری کرماشان و کرماشانیش.

قازی: زۆر باشە ئێستا بێینە سەر ئەو دوو مادەیەی کە لە قانوونی بنچینەیی ئێران دا هەیە سەبارەت بە زمانەکانی  غەیری فارسی. کە دیارە لێکدانەوەی جۆر بەجۆریان لە سەر کراوە. کە ئەو زمانانە دەکرێ بەکار بهێندرێن بە تەنیشت زمانی فارسییەوە و بۆ ماوەیەکی زۆر ئەو شێوەیەی کە ئەو مادەیە گەڵاڵە کراوە خراپ بۆچوونێکی دروست کردبوو بەو مانایە کە ئەوە بە مانای قەبووڵ کردنی ئەوەیە کە ئەو زمانانە تەدریس بکرێن لە مەدرەسەکان ، بەڵام ئەو چوار چێوە و فۆڕمەی کە لە قانوونەکە دا هاتووە لە پڕاتیک دا پیادە نەکراوە. دیارە لەو ساڵانەی دواییدا، بە تایبەتی لەو دوو سێ ساڵەی دوایی دا لەو زەمینەیە دا هەم لە خودی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئێران و هەمیش لە میدیای دەرەوە دا تەنانەت لە چاپەمەنی غەیری کوردیش دا لە پێوەندیی لەگەڵ خوێندن بە  زمانی دایکی لەو بارەیە دا قسە کراوە و بەحس کراوە، بەو باسانە ناوەرۆکی ئەو مادەیە زۆر جوانتر و باشتر ڕوون بووەتەوە کە لەوێدا مەبەست خوێندن بە زمانی کوردی نییە ، مەبەست ئەوە نییە کە بە زمانی کوردی بخوێندرێ، مەبەست ئەوەیە کە زمانی کوردی بخوێندرێ یانی ئەوە دوو شتی جیاوازن جەنابت ئەو بابەتە چۆن 

دەبینی؟




محەمەدی: پێم وایە لە ئەسڵی ١٥ی قانوونی ئەساسی دا هاتووە کە نەتەوەکانی تریش ئەو مافەیان هەیە کە بەزمانی خۆیان بخوێنن. دیارە ئەوەی کە ئێستا تۆ دەیڵێی بەو جۆرە تەفسیری دەکەی دەڵێ مافی ئەوەیان هەیە کە زمانی خۆشیان بخوێنن!

قازی: یانی مافی خوێندنی کوردییان هەیە بەڵام نەک خوێندن بە کوردی. بۆ وێنە لە مەدرەسە یەکێک لە مادەکانی خوێندن خوێندنی زمانی کوردی بێ، بەڵام ئەگەر ئەتۆ ویستت فیزیک بخوێنی، جوغرافیا بخوێنی ئەوە بە کوردی نەخوێنی. تێگەیشتی لە قسەکەم. جیاوازییەکە ئەوەیە! یانی خوێندنی کوردی ئا، بەڵام خوێندن بە کوردی نا! ئەوەی لەو مادەیە دا هاتووە ئەوی یەکەمیانە نەک ئەوی دووەم.
محەمەدی: دیارە زۆرێک لە بنەماکانی قانوونی بنچینەیی ئێران هێشتا کێشەیان لە سەرە و زۆربەیان هێشتا کاریان پێ نەکراوە و عەمەلی نەکراون و یەکێک لەوانە ئەسڵی ١٥ی قانوونی ئەساسی یە کە تا ئێستاش کارێکی وەهای پێ نەکراوە نە لە ئازەربایجان، نە لە کوردستان، نە لەنێو کەمینەکانی تریش. بەڵام ئێستا دەنگۆی ئەوە هەیە. پار و پێرار لە ئازەربایجان  دەورەی زمانی تورکی کراوەتەوە لە زانکۆ. لە کوردستانیش قەرارە لە ئەمساڵەوە دەست پێ بکا.
قازی: ئێستا دێینە سەری، بە دوور و درێژتر باسی دەکەین. فەرموو بەردەوام بە.
محەمەدی: بەڵام، من پێم وایە لە ماهییەتی جمهووری ئیسلامی دا نییە کە ئەو  یاسایە عەمەلی بکات و ئەو دەرفەتە بە خەڵکانی کورد و ئازەربایجانی بدات.
قازی: دەزانی مەبەستی من لە هێنانە گۆڕی ئەو پرسیارە چ  بوو ؟ بۆ ئەوە بوو کە چاو ڕوونییەک هەبێ، بابەتەکە جوان ڕوون بێتەوە . یانی ئەو جۆرەی کە ئەو مادەیە لە قانوون دا هەیە ئەوەیە کە بە شێوەیەکی چڵ و نیوەچڵ کوردی قەبووڵ دەکرێ، دەکرێ کوردی بخوێندرێ بەڵام بە کوردی نەخووێندرێ. ئەوە دوو شتی جیاوازە. بۆ وێنە دەکرێ بەڕێزت لە سەر شێعر و ئەدەبیی کلاسیکی کوردی یا مۆدێڕنی کوردی بخوێنی بەڵام ڕشتەی دیکەی کە دەیخوێنی بە کوردی نییە. بەڵام خوێندنی کوردی دەبێ بەمانای خوێندن بە کوردی بێ ، یانی ئامرازی پێ خوێندن، ئامرازی پەروەردە کوردی بێ کە ئەوە نییە لەو ئەسڵە دا!
محەمەدی: یانی بە پێچەوانەی ئەوەی کە کوردی زمانی خوێندن بێ ئەوان هەڵی دەبژێرن وەک بوارێک وەک ڕشتەیەک بۆ خوێندن!
قازی: بەڵێ بەڵێ.
محەمەدی: جا ئەمە لە قانوونی ئەساسی دا وا ڕوون نەکراوەتەوە ئەوان خۆیان وا تەفسیری دەکەن.
قازی: نا! قسەکەی من، تێگەیشتنی من لەو مادە قانوونی یە ئەوەیە.
محەمەدی: یانی لە مادەکەش دا وا هاتووە.

قازی: بەڵێ:  " فصل دوم ‌- زبان‌، خط‌، تاریخ وپرچم رسمی کشور

اصل پانزدهم - زبان و خط رسمی و مشترک مردم ایران فارسی است‌. اسناد و مکاتبات و متون رسمی و کتب درسی باید با این زبان وخط باشد ولی استفاده از زبان های محلی و قومی در مطبوعات ورسانه‌های گروهی و تدریس ادبیات آنها در مدارس‌، در کنار زبان ‌فارسی آزاد است‌. "
ئاوا هاتووە: " بەندی دووەم – زمان، خەت، بەروار و ئاڵای ڕەسمی ووڵات 
ئەسڵی پازدەهەم – زمان و خەتی ڕەسمی و هاوبەشی خەڵکی ئێران فارسی یە. بەڵکە و نامەگۆڕینەوە و دەقگەلی ڕەسمی و کتێبی خوێندن دەبێ بەم زمان و جخەتە بێ بەڵام کەلک وەرگرتن لە زمانە محەلی و ئێتنیکییەکان لە چاپەمەنی و میدیای گشتی و بە دەرس گوتنەوەی ئەدەبییاتیان لە مەدرەسان دا، بە تەنیشت زمانی فارسییەوە ئازادە. "
 یانی چاپەمەنی وەکوو ئێستا باست کرد کە گۆواری وەک سروە هەبووە، وەک ئاوێنە هەبووە، وەکوو سیروان هەبووە. لە مەهاباد ئەوە لە مێژ ساڵە  گۆوارێک هەیە بە نێوی گۆواری ' مەهاباد ' . ئەوە بەشێکە لە جێ بە جێ کردنی مادەکە وا نییە؟  ئەوی دیکە ئەوەیە ئەگەر مەدرەسە هەبێ بابەتێک بە کوردی دەخوێندرێ، بەڵام دیسان ئەوە ووڵامی ئەو داوخوازەی کە کورد هەیەتی ناداتەوە کە بتوانێ  زمانی خۆی بخوێنێ، یانی سیستمی پەروەردە بە کوردی بێ و ووڵامی ئەوە نەداتەوە.
محەمەدی: ڕێک وایە، ئەوە بۆ پینە و پەڕۆ کردنی مەسەلەکەیە ئەگینا مناڵ ئەبێ لە یەکەم ساڵەکانی مەکتەبەوە بە زمانی خۆی هەموو بوارەکان بخوێنێت. یانی ڕێگەی ڕاستە قینە و پەروەردەی ڕاستە قینە ئەوەیە کە زمانی دایک زمانی خوێندن بێ.

قازی: ئێستا بێینە سەر  مەسەلەی  ئیمکانی خوێندنی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی کوردستان . دیارە لە پێشدا ئەمن هەموو ئاگادارییەکەت بۆ دەخوێنمەوە چونکە ئەوە چاوپێکەوتنێکە لەگەڵ بەڕێوەبەری شووڕای  وەگەڕخستنی ئەو ڕشتەیە یانی بەڕێز دوکتور بەختیاری سەجادی کراوە کە ئەو بە دوور و درێژی ئەو بەرنامەیەی ڕوون کردووەتەوە.

بۆ ئاگاداری بینەران؛ ئاغای ڕووحانی دا لەو دواییانە دا سەفەرێکی کوردستانی کرد و دواتر لە لاپەڕەی فەیس بووکەکەی دا پاڕاگرافێکی لەو چاوپێکەوتنە هێناوە کە سەبارەت بەو دەورەیە کراوە. و لەوێ ڕای گەیاندووە کە ئەو دەورەیە لە مانگی ڕەزبەر لە مانگی مێهر لە پاییزێ دا وەرێ دەکەوێ. بەڕێز بەختیاری سەجادی ئەم تەوزیحاتەی داوە سەبارەت بەو دەورەیە:

ناساندنی پڕۆژەی خوێندنی زمان و ئەدەبییاتی کوردی لە زانکۆی کوردستان

لە لایەن دوکتور بەختیار سەجادی بەرپرسی وەگەڕخستنی ئەم پڕۆژەیە لە چاوپێکەوتنێک دا لەگەڵ ماڵپەڕی  کورد پڕێس
زمان و ئەدەبییاتی کوردی وەکوو ڕشتەیەکی زانکۆیی لە چەندین زانکۆی گەورەی دنیا و ناوەندی ئامووزشیی بەرز و ئاکادێمی هەڵکەوتوو لە بەشی جۆر بە جۆریی لیسانس، سەرەوەی لیسانس و دوکتورا بە دەرس دەگوترێتەوە و لە ئێرانیش  ئەگەرچی لە دەیان ساڵی ڕابردوو دا حەولی باش و بەنرخ دراوە لە مەڕ خوێندنی زمانی و ئەدەبییاتی کوردی لە لایەن ناوەند و دامەزراو  و ئەنجومەنی جۆر بە جۆر لە سەرتاسەری ناوچە کوردنشینەکان دا و ئەو زەحمەتانە شایانی پێزانینن و نیشانەیەکە لە کۆششت و دڵسۆزی و عیشقی ئەو خۆشەویستانە بۆ ڕوو لە بنەماکانی کولتووری و ناسنامەیی کردن  بەڵام پێویستە وەبیر بهێندرێتەوە کە تاکوو ئێستا شاهیدی دامەزرانی ڕشتەیەکی ئاوا لە هیچ زانکۆ و ناوەندێکی ئامووزشیی بەرز لە ئێران بە شێوەی زانستی و ئاکادێمیک و بە ئعتیبار  نەبووین و بە لەبەر چاو گرتنی دەوڵەمەندیی زمان و فەرهەنگی کوردی و هەر وەها بە پاڵپشتی هێندێک لە ئەسڵەکانی قانوونی بنچینەیی ووڵات کە تێیاندا بە ڕاشکاوی و ڕەپ و ڕوو گوتنەوەی زمانەکانی دی جگە لە فارسی کە زمانی ڕەسمی ووڵاتە لە ناوەندە ئامووزشییەکان دا پەسند کراون و بە ڕەسمییەتی ناسیون و هەر وەها بە لەبەرچاو گرتنی داوخوازی خەڵکی کوردستان  بۆ وەگەرکەوتنی  ئەو ئەسڵانە  و کەلک وەرگرتن و بەهرە لێوەرگرتنی بە ئعتیبار  و بە پرێنسیپ لە شێوەی گوتنەوەی زمان و ئەدەبی کوردی  ئەو بابەتە هاتە ناو ڕۆژەڤی کاری ئەم زانکۆیەوە.
دەبێ بڵێم ئەگەرچی لە ڕابردوو دا و بەتایبەتی لەم ناوەندە زانکۆییە دا هێندێک حەول درابوو بۆ خوێندنی  ئەو ڕشتەیە بەڵام لە بەر هێندێک هۆ  تا ئێستا جێ بە جێ نەکرابوو تا ئەوەی کە بە حەول و بەدواداچوونی بەرپرسانی ئەستان و بەتایبەتی بەڕێوەبەرانی  ئەم زانکۆیە ئەو کارە هاتە ناو ڕۆژەڤەوە و خۆشبەختانە بە موافەقەتی وەزاڕەتی علووم، تەحقیقات و فەناوەری دامەزراندن و گوتنەوەی ڕشتەی زمان و ئەدەبییاتی کوردی لە ئاستی لیسانس لە چواەچێوەی ١٣٦ یەکەی گشتی ، سەرەتایی، ئەسڵی و پسپۆڕی بۆ ساڵی خوێندنی ٩٤-٩٥ پەسند کراوە و ئینشائەڵا لە ڕەزبەری ئەمساڵەوە بە وەرگرتنی ٤٠ خوێندکاری ڕۆژانە ئەو بەشە دەست بە چالاکی دەکا.
خەسڵەتە گشتییەکان، بەرنامە و سەربەندی دەرسەکان لەگەڵ ئیندێکسی سەرچاوەکانی سەرەتایی و دووەم و هەر وەها ئەو دەرسانەی کە پێش هاتنە ناو دەورەی لیسانسی زمان و ئەدەبییاتی کوردی لە ژێر گشتی دەستەی ئامووزشی زانستە ئینسانییەکان پەسندکراوی ٤٨٨هەمین کۆبوونەوەی شووڕای پەرەپێدانی  ئامووزشی بەرز لە سەر سایتی وەزاڕەتی علووم، تەحقیقات و فەناوەری داندراوە و لەوێدا هەموو بابەتەکان، ئەسڵەکان و بەندەکان بە ووردە ڕیشاڵ شی کراونەتەوە
لەو ڕشتەیە دا دەکرێ ئاماژە بکرێ بە ٩ دەرسی بنەمایی وەکوو: ڕێزمانی کوردی، دەنگ ناسی و فۆنێم ناسی، پێشینەی زمانی کوردی، لەهجە ناسی، مەرجەع ناسی و ...، ٣٠ دەرسی ئەسلی وەکوو: دەقی ئەدەبی نەزم ونەسر (هۆنراوە و پەخشان) ی کلاسیک و هاوچەرخ، ئەدەبیاتی زارەکی و فۆلکلۆر، ئەدەبییاتی بەراوەردی، کاردانەوەی قورئان لە سەر ئەدەبییاتی کوردی و ... ١٤ دەرسی پسپۆڕی وەکوو : میژووی ١ تا ٤ی ئەدەبییاتی کوردی، شێوە ئەدەبییەکان لە ئەدەبی کوردی دا، ڕەخنەگریی ئەدەبی لە ئەدەبییاتی کوردی دا، ئەدەبییاتی گێڕانەوەیی لە ئەدەبییاتی کوردی دا و ...
وەرگرتنی خوێندکار لەو ڕستەیە دا وەکوو وەرگرتنی خوێندکار لە بەشەکانی دیکەی دەستەی ئامووزشی زانستە ئینسانییەکانە و دەبێ هۆگران و داوخوازان لە دوای وەرگرتنی دیپڵۆم بە بەشداری لە ئەزموونی کۆنکووری سەرتاسەری دا و دوای وەرگیران دەتوانن ڕشتە هەڵبژێرن و بە کۆدی ڕشتەی خۆجێی ١٠٥٢٥ هەڵیبژێرن و وەربگیرێن. هەموو داوخوازکارە هاونیشتمانییەکان لەهەر کوێیەکی سەرتاسەری ئێران بن  و تەنانەت  شاروومەندە ئێرانییەکانی دەرەوەی ووڵاتیش دەتوانن ناو نووسی بکەن و لەو ڕشتەیە دا درێژە بە خوێندن بدەن.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە گشت یەکەکانی ئەم ڕشتەیە  لە ئەنباری کۆمپیوتێری زانکۆی کوردستان دا کۆدیان بۆ داندراوە بۆ ئەوەی خوێندکارە تازە هاتووەکان لە کاتی هەڵبژاردنی یەکە دا بەرهەڵستێکیان نەبێ و بە پێی ئاگادارینامەی سازمانی پێوانی ووڵات ذاوخوازکاران دەرفەتیان هەیە لە ٥ تا ١٠ی گەلاوێژ فۆڕمی هەڵبژاردنی ڕستە  تەکمیل کەن و پێشکێشی کەن و بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر دەتوانن سەری سایتی سازمانی پێوانی ئامووزشی بدەن.
 ئێستا شووڕایەکی ٩ کەسی پێک هاتووە لە مامۆستاکانی زانکۆی ئەدەبییات و زمانەکانی زانکۆی کوردستان کە سێ کەسیان لە دەستەی زمان و ئەدەبییاتی فارسی، ٣ کەسیان لە دەستەی زمان و ئەدەبییاتی عەڕەبی و ٣ کەسەکەی دیکەیان  لە دەستەی زمانناسی و زمانی ئینگلیسین  و ئەو شووڕایە وەکوو موتەوەلی و هەیئەتی زانستی ئەو ڕشتەیە هەڵبژێردراون  و هەر وەها لە دەرەوەی زانکۆی کوردستانیش کەسانی بە توانا، پسپۆڕ ، دڵسۆز و بەرعۆدە لەو زەمینە دا هەن کە بۆ باشتر بەڕێوەچوونی ئەو کارە لە هاوکاریان کەلک وەردەگیردرێ. هەڵبەت نابێ ئەو نوختەیە لە بیر بکرێ  کە ئەم دەستە و شووڕایەی کە پێک هاتووە سەربەخۆیە و لە بەر دەست یان سەر بە هیچ دەستەی ئامووزشی دیکە نییە و هەر جۆرە هەنگاو نانەوە و بڕیار دان بە مەبەستی دیاریی کردنی مامۆستایان و سەرچاوە لە لایەن ئەو شووڕایەوە دەکرێ.

ئینشاڵا لە داهاتووی نزیک دا بتوانین حەول بدەین بۆ ڕاکێشانی هێزی نوێی پسپۆڕتر و بە ئەزموونتر لەو بوارە دا و هەر وەها لە داهاتووە دا لە هاوکاری زانکۆکانی هەرێمی کوردستانی عێڕاق کە لەو بوارانە دا تەجرەبە و توانایی بە نرخیان هەیە سوود وەربگرین و پێویستە بڵێم لە کوردستانی ئێران سەرچاوەی بەنرخ لە مەڕ زمان و ئەدەب و فەرهەنگی کوردی  هەیە و هێزگەلی بە توانا و بە ئەزموون لەو بوارە دا خەریکی چالاکین کە زمارەیەکی زۆر لە وان لە مامۆستاکان و هاوکارانی زانکۆی کوردستانن کە دەکرێ ئەو ئەزموون و تواناییە بگوێزرێتەوە بۆ دەرەوەی ئەستان و دەرەوەی ووڵاتیش و کاردانەوەیەکی ئەرێنی و ئافرێنەر لە سەر ناوەندە زانکۆییەکان لە ووڵاتەکانی دی و بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق هەبێ کە ئەوە لە ڕۆژەڤی ئێمە دایە و سەرەتی پێ دەدەین. چونکە سەرەتاکان وهەنگاوی پێویست و یەکەم ئامادە کراوە و لە بەر پۆتانسییەل و توانایی و هێزی ئینسانی کارامەی ناوچە و ئەو زەرفییەتە باشانەی کە زانکۆی کوردستان هەیەتی حەولی ئێمە ئەوەیە کە گوتنەوەی ڕشتەی زمان و ئەدەبییاتی کوردی لەم زانکۆیە دا چۆنیتییەکەی وەک زانکۆکانی دیکەی دنیا بێ و دەبێ حەول بدەین بە شێوەیەکی جیدیتر سەرنج بدرێتە سەر بەرەوژوور بردنی چۆنێتی زانستی جگە لە پێشوەچوون لە بابەتە ئامووزشی و لێکۆڵینەوەییەکاندا کە لە پێداویستییەکان و ئەرکە سەرەکییەکانی زانکۆیە و بۆ وەدیهێنانی حەول دەدەین تا زەمینەی پەرە سەندن و پێشکەوتی ووڵات و بەتایبەتی ئی ناوچە باشتر و زیاتر ئامادە بکەین.


 لە کۆتایی دا دەبێ بڵێم کە بۆ وەدیهاتنی ئەو ئەرکە لە جێی خۆیەتی  سپاسی تێکۆشان و حەولەکانی ئاغای زاهیدی ئەستانداری بەحورمەتی کوردستان و جێگرەکانی، دوکتور ئەخلاقیان سەرۆکی بەحورمەتی زانکۆی کوردستان، دوکتور سی و سێ مۆردێ  جێگری ئامووزشی ئەم زانکۆیە، دوکتور قادر زادە سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی کوردستان ناسی زانکۆی کوردستان، و هەر وەها سەرۆک و ئەندامانی هەیئەتی زانستی کالیجی ئەدەبییات و زمانە لاوەییەکان ئەم زانکۆیە و هەموو، مامۆستا، لێکۆلەوەوە، توێژەرەوە و چالاکانی فەرهەنگی و ئەدەبی بکەین و هەر وەها تەواوی ئەو کەسانەی کە بە هەر جۆرێک بووبێ هاوڕێیەتی و هاوکاری ئێمەیان کردووە ، پێ زانینی خۆمان لە ئاست ئەوان دەردەبڕین و قەدرزانیش دەکەم لە ئاژانسی کورد پرێسیش بۆ سەرنجدانی لەمەر فەرهەنگ و زمانی کوردی و بەتایبەتی ئەم بابەتە. "
قازی: ئەوە ناساندنێک بوو کە لە لایەن بەڕێز دوکتور بەختیار سەجادی کە بەڕێوەبەری ئەو بەرنامەیەیە کراوە. لێکدانەوەی بەڕێزت لە سەر ئەو کارە چییە؟
محەمەدی: من بە گشتی بە هەنگاوێکی موسبەتی دەزانم. پەندێکی کوردی هەیە دەڵێ: " لە خوویەک، موویەک بکەنیتەوە هەر باشە". دیارە دەتوانێ تەئسیری هەبێ هەرچەند کە کەم و مەحدوودە ، بە تایبەتی ئەمساڵ دەتوانێ ٤٠ خوێندکار وەربگرێ.
قازی: یانی بەو شێوەیەی کە باس کراوە ئەگەر بەشێکی زۆری ئەوەی لەبەرچاو گیراوە بتوانێ جێ بە جێ بکرێ زۆر دەستکەوتێکی باشە.
محەمەدی: بەڵام یەک خاڵ جێگای سەرنجە  ئەو لێژنەی پسپۆرە سیانیان مامۆستای زمانی فارسی و سیانیان مامۆستای عەڕەبین. مامۆستا وشارەزای کوردیان تێدا بەدی ناکرێ ئەوە هۆکاری چییە؟ دەبێ چی بێ؟
قازی: ئەڵبەتە ئەمن باش نازانم. دیارە بەڕێز سەجادی دەناسم کە بۆ خۆی لە زۆر زەمینە دا کاری کردووە و زۆر زۆر شارەزای ئەدەبییاتی کوردیشە.
محەمەدی: منیش ئەی ناسم خۆی بەڕێوەبەرە
قازی: بەڵام لەهەمان کات دا  لەوانەیە کە مامۆستایانی ئەندامی ئەو شوڕایە بە ڕەچەڵەک کورد بن. دیارە بەڕێزت بە حەق پێت وایە، ئەو مامۆستایانەی بە بوارێکی ئەوتۆ وە دەچارن دەبێ ئاشنایەتیان هەبێ  لەگەڵ ئەدەبییاتی کوردی. ئەوە داوخوازێکی تەبیعی یە.
محەمەدی: بەڵێ زۆر تەبیعی یە لە بەر ئەوەی بوارەکە بواری زمانی کوردی یە دەبوایە لانی کەم سیان لە مامۆستاکان شارەزای زمانی کوردی بوایەن. جگە لەوە خاڵێکی دیکە لەوێ دەکرێ ئاماژەی پێ بکرێ ئەویش ئەوەیە کە سیستم دەیەوێ تەئسیری ئیدێئۆلۆژیکیهەر وەها لاپەڕەی " ڕاوێژ" لە فەیس بووک دا .

خۆی بە سەر دا بسەپێنێ کاردانەوەی 'قورئان' لە سەر دەقە ئەدەبییەکانی زمانی کوردی یە. تۆ دەبینی لێرەش دا ئیدێئۆلۆژی حاکم دەیەوێ خۆی تێ وەر بدات. بەڵام، سەرەڕای هەموو ئەوانە من پێم وایە هەنگاوێکی پۆزیتیڤە و هیوا دارم پەرە بستێنێ بۆ شارەکان و زانکۆکانی تریش لە کوردستانی ڕۆژهەڵات.
قازی: باشە، بەڕێز هادی محەمەدی زۆر زۆر سپاست دەکەم بۆ بەشداریت لە بەرنامەی  ' ڕاوێژ ' دا. داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم.
محەمەدی: زۆر سپاس بۆ ئێوەش و بۆ پڕۆگرامەکەشتان.
قازی: بینەرانی خۆشەویست بەم پێیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەم جارەشمان. تاکوو بەرنامەیەکی دیکە لای ئێوەمان خۆش. لە بیرتان نەچێ سەری لاپەڕەکانمان بدەن لە فەیس بووک و هەر وەها لە تویتر دا. ئەم کاتەتان باش
===================

 تێبینی: ئەو هاوپرسەکییە  لە ئێوارەی یەکشەمە  ٩-ی ئووت ی ٢٠١٥  لە بەرنامەی ڕاوێژی تێلێڤیزۆنی ستێرکدا بڵاو بووەتەوە. بۆ دیتنی ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە و بەرنامەکانی پێشوو دەکرێ سەرهەڵێنن  لە حیسابی " ڕاوێژ " لە تۆڕی کۆمەڵی یووتویووب  







Sunday, August 16, 2015

وتووێژ لە گەڵ ڕێشاد سۆرگوڵ مێدیاکار و نووسەر




وتووێژ لە گەڵ ڕێشاد سۆرگوڵ مێدیاکار و نووسەر

بێنەرانی بەڕێز‌! بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. لە بەرنامەی ئەمجارە دا لە گەڵ مامۆستە  ڕێشاد سۆرگول باسی پێشوەچوونی زمانی کوردیی کورمانجی لە بواری مێدیای ڕەنگ  دا دەکەین. بەڕێز ڕێشاد سۆرگول بە ساڵان لە تێلێڤیزۆنە کوردییەکان دا کاری کردووە و زۆرمان پێخۆشە ئەمشەو لەگەڵمانە لەم بەڕنامەیە دا. زۆر بەخێر بێی سەیدای ڕێشاد!
سۆرگوڵ: ناڤ خێرێ دابی مامۆستە!
قازی: ئەگەر ئیجازەت لە سەر بێ  لە سەرەتا دا  بەڕێزت بناسێنم بە تایبەتی بە ئەو بینەرانەی کە زمان یان شێوەزاریان کوردیی سۆرانییە، ڕەنگە بەرنامەکەی ئێوە تەعقیب بکەن بە شێوەی کورمانجی سەروو ، بەڵام ئەگەر ئیجازەت لە سەر بێ با بە شێوەزاری سۆرانی یان کوردیی خواروو بەڕێزت بناسێنم.
ڕێشاد سۆرگوڵ لە ساڵی ١٩٦٨ لە ناوچەی چناری ئامەد لە دێی قەرقاتکێ لە دایکبووە. خوێندنی سەرەتایی، نێوەندی و ئامادەیی لە ئامەد تەواو کردووە. لە تافی منداڵییەوە تا ئەو کاتەی لە ووڵات دەرکەوتووە جووتێری کردووە. لە ساڵی ١٩٩١ چووەتە قاهیڕە پێتەختی میسر. سێ ساڵ لەوێ ژیاوە . ساڵێک لە لقی ئیسکەندەرییەی زانکۆی بەیڕووت حقووقی خوێندووە . دوو ساڵ لە زانکۆی ئەلئەزهەر لە بەشی مێژوو خوێندوویە . لە مانگی سێپتامبری ١٩٩٤ قاهیڕەی بە جێ هێشت و دوای چوار مانگ گەیشتە شاری هانۆڤر لە ئەڵمان. لەوێ دووساڵان هاوکاری کردووە  بۆ بڵاو کردنەوەی گۆڤاری " باوەری" . لە مانگی مەی ساڵی ١٩٩٧ لە مەد تیڤی دا دەستی بە کار کرد. دواتر لە مەدیا تیڤی، ڕۆژ تیڤی، نووچە تیڤی، نەورۆز تیڤی، ڕۆناهی تیڤی دا کاری کرد و ئێستاش لە ستێرک تیڤی دا کار دەکا.
بەرهەمەکانی:
تاقیکردنەو : گەڕانەوە ( سالی ٢٠٠١ ، وەشانخانەی ڕەوشەن لە ئەڵمان)
بیرەوەری: عەڤداڵ کۆڤی ( ساڵی ٢٠٠٤، وەشانخانەی مێزۆپۆتامیا لە ئەڵمان )
چیرۆک: سەیدایێ من ( ساڵی ٢٠٠٧، وەشانێن بەلکی/ ئەستەنبووڵ)
ڕۆمان: نقووتی دڵێ من ( ساڵی ٢٠١٠، وەشانین وەڵات/ ئەستەنبووڵ)
چیرۆک: پێژنا فەقی ( ساڵی ٢٠١٣، وەشانێن وەڵات/ ئەستەنبووڵ )
ئەو کارانەی وەریگێڕاونەتە سەر کوردیی کورمانجی
بیرانین غوربەتێ ( گوربەتلی ئەرسوێز،  وەشانخانەی مێزۆپۆتامیا لە ئەڵمان، ١٩٩٩)
ئاوازا بلوورێ ( بەرژین حاکی ، وەشانێن ژنا سەربلند لە ئەڵمان، ٢٠٠٠)
گلگامێش ( ئۆرهان ئاسەنا، وەشانخانەی مێزۆپۆتامیا لە ئەڵمان، ٢٠٠٤ )
پاراستنا گەلەکی ( عەبدوڵا ئوێجاڵان، وەشانخانەی مێزۆپۆتامیا لە ئەڵمان، ٢٠٠٤)
بازنێ نیناتتایێ ( ئەهمەت ئومت ، وەشانخانەی مێزۆپۆتامیا لە ئەڵمان، ٢٠٠٨)
شارستانی (عەبدوڵا ئوێجاڵان، وەشانخانەی مێزۆپۆتامیا لە ئەڵمان، ٢٠٠٩)
شارستانیی کاپیتالیست (عەبدوڵا ئوێجاڵان، وەشانخانەی مێزۆپۆتامیا لە ئەڵمان، ٢٠١٠)
سۆسیۆلۆژیا ئازادییێ ( عەبدوڵا ئوێجاڵان، وەشانخانەی مێزۆپۆتامیا لە ئەڵمان، ٢٠١١)
ل ڕۆژهلاتا ناڤین کریزا شارستانییێ و چارەسەریا شارستانیا ديمۆکڕاتیک ( عەبدوڵا ئوێجاڵان، وەشانخانەی  مێزۆپۆتامیا لە ئەڵمان، ٢٠١١)
ل ترکییێ پرسگرێکا ديمۆکڕاتیک بووینێ، ل کوردستانێ مۆدێلێن چارەسەرییێ (نەخشەیا ڕێ)  ( عەبدوڵا ئوێجاڵان، وەشانخانەی مێزۆپۆتامیا لە ئەڵمان ،  ٢٠١٢)
پاراستنا کوردێن د ناڤ پەنجێ قڕکرنا چاندی دە (عەبدوڵا ئوێجاڵان، وەشانخانەی مێزۆپۆتامیا، ٢٠١٢)
ل ترکیێێ تەڤکوژییا کوردان ( جەمییەتا خۆیبوونێ ، وەشانخانەی مێزۆپۆتامیا لە ئەڵمان ٢٠١٣)
دیارە بەڕێزی لە بواری ئەدەبیشدا کاری کردووە، هۆنراوەشی نووسیوە کە لە درێژەی بەرنامە دا قسەی لە سەر دەکەین. زۆر بەخێر بێی جارێکی دیکە بۆ ئەم بەرنامەیە
سۆرگوڵ: سپاس
قازی: پێم خۆشە لە ئەزموونی بەکارهێنانی زمانی کوردی وەکوو شەخسی ڕێشاد سۆرگوڵ دەست پێبکەین. ئەزموونت بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردی لە سەرەتاوە چۆن دەستی پێکرد؟
سۆرگوڵ: ئیمە لە سەرەتاوە باسی زمان دەکەین. بۆچی باسی زمان دەکەین؟ ئەمن هەمیشە دەڵێم ئینسان ئەگەر دەردێکی هەبێ هەمیشە بیری لێ دەکاتەوە، هەمیشە لە سەری ڕادەوەستێ. مرۆڤ ئەگەر چاوێکی نەبێ هەمیشە بیری لێ دەکاتەوە. ئێستا ئەگەر ئێمە چەند کەس لە دەوری یەک کۆدەبینەوە، بابەتێکی کە هەرە زۆر قسەی لە سەر دەکەین، ئاخافتنی لێوە دەکەین و لە سەری ڕادەوەستین  مژاری زمانە، لە بەر ئەوەی لەو بابەتەوە گیرو گرفتمان هەیە. ئەزموونی نووسینی من بە کوردی دەتوانم بڵێم لەو ساڵانەی کە لە بەشی ناوەندی دەمخوێند دەستی پێکرد. لە پێشدا ئەمن چوومە مەدرەسە ( مەبەستم مەدرەسەی دینی یە)، ئێمە وەکوو خەڵکی لادێیی  وەک دەزانی لە لادێ مزگەوت هەبوون و لەوێ سەیدای ئێمە، مەلای ئێمە هەبوون. لە پێشدا لەوێ من ئەزموونێکم دەست کەوت. لەوێ چوومە بەردەستی مەلا و لەوێ یەکەم جار لە لای وی من دەستم بە فێر بوونی ئەلف، بی، تێ کرد و لەوێ بە فێر بوونی دەرسی عەڕەبی و خوێندنی قورئان چەند کتێبی کوردی دیکە و یەک لەوانیش "عەقیدەی ئێمانێ" ئی مەلا ئەحمەدی خانی یە. ئەوە هەناسەیەکی تایبەتی، هەستێکی تایبەتی یە کاتێک مرۆڤ فێری دەبێ. هەر چەندیش بە پیتی عەڕەبی یان محەمەدیش بن، هەستێکی خۆشە تۆ دەبینی بەو پیتانە زمانی خۆت، گوتنی کوردی، شتی لەگوێن موعجیزە دەبیسی. باوەڕ ناکەی لەو  تافی منداڵێتی خۆت دا بە زمانی خۆت دەتوانی هێندێک شت بخوێنییەوە. لەو بوارانە دا کەسانی وەک فەقێ تەیران و خانی هەبوون کە لە گوندان گەڵیک کەس هەڵبەستی ئەوانیان لە بەرە. بەو شکلە مرۆڤ خەڵک دەناسی و مەراقێکی تێدا پێک دێ. ئینسان لە منداڵێتی خۆی دا پێی خۆشە وە هێندێک کەسان بچێ، بۆ وێنە ئەمن کە فێری کوردی بووم هەمیشە دەمەویست وەک فەقێی تەیران بنووسم، هێندێک لە گوتنەکانیم لە بەر کرد بوو. هەمیشە دەمەویست وەک وی بم. لە کۆتایی هەڵبەستەکانی دا هەمیشە ناوی وی هەیە، ئەمنیش دەمویست وەک ئەوان بم، وەک ئەوان بنووسم. ناوێکم هەبێ و لە کۆتایی هەڵبەست دا بینووسم. بەو پێیە دەتوانم بڵێم هەوەسێک لە من دا پێک هات بۆ  نووسینی کوردی. دەزانی بە گشتی هەر کەس کە دەیەوێ دەست  بە نووسین بکا لە پێشدا بە هەڵبەست دەست پێ دەکا. ئەمنیش هەر وا بووم. وەبیرم دێ لە سایەی سەر سەیدایەک، مەلایەک لە دێیەکەمان من فێری خوێندن و نووسینی کوردی بە تیپی لاتینی بووم. و یەکسەر دوای ئەوەی کە فێر بووم وەبیرم دێ هەڵبەستێکم نووسی. هەڵبەستێکی بە قافییە وەک زەمانی کۆن بە شێوازی فەقێیی تەیران...
قازی: لێرە دا دەمەوێ دوو پرسیار بکەم و بەڕێزت لە سەر قسەکانت بەردەوام بی. یەک ئەوەی کە گەلۆ تەجروبەی زۆربەی ئەو کەسانەی فێری نووسینی کوردی بوون لە باکووری کوردستان  هەر بە شیوەی بەڕێزت بووە یانی لە بەر ئەوەی خوێندنگە نەبووە بە کوردی تەنێ لە مەدرەسە دینییەکان دا یان بە شێوەیەکی شەخسی مرۆڤ لای مەلایەک فێر بووە وەک باست کرد. ئایا دەتوانین ئەوە بگشتێنین و بڵێین زۆر کەس کە دەستیان بە نووسینی کوردی کردووە بەو شێوەیە بووە یان نا ؟ ئەوە یەک و دووەمیش ئەتۆ باست کرد مەلایەک هەبووە فێری نووسینی کوردی کردووی ، باشە ئەو خەتی لاتینییەی کە بەکاری دەهێنا هەر هەمان خەتی ستانداردی بەدرخان بوو یان چ بوو؟
سۆرگۆڵ: ئەگەر لە بەشی دوایی پرسیارەکەت ڕا دەست پێ بکەم: بەڵێ ئەو خەتە ، هەر هەمان خەت بوو کە ئێستا ئێمە بەکاری دەهێنین. و سەیدای منیش بکەوێتە بەر ڕەحمەتی خودا شەهید بوو، ئەمن لێرە دا یادی دەکەمەوە؛ لەو بوارە دا خۆی زۆر باش پەروەردە کرد بوو و ئەو دەمی توێژێک لە سەیدا و مەلای ئاوا لە کوردستانێ هەبوون و وەک مەلای کوردچی نێو زود دەکران..
قازی: یانی مەلای ئاوای کە کوردایەتییان  دەکرد...
سۆرگوڵ: بەڵێ، لە بەر ئەوەی کە باسی پرسی کوردیان دەکرد و ڕەخنەیان لە دینێک دەکرد کە سەر بە دەوڵەت و لە خزمەت دەوڵەت دا بێ. ئەو مامۆستایەی منیش یەک لەو کەسانە بوو و لەبەر ئەوە زوڵمێکی زۆریان لێ دەکرا. سەبارەت بە پرسەکەی دیکەت، دیارە لە نێو وەچەیان دا دەستەی جۆر بە جۆر پێک دێن. بۆ وێنە هێندێک کەس لەو سەروبەندەی دا کە ئەمن لە کوردستان بووم و دە تەمەنی من دا بوون بەو شێوەیە فێر دەبوون، لە بەر دەست مەلایان و یان لە چوارچێوەیەکی ئاشنا دا . بەڵام هەموو کەس وا نەبوو، ئەمن زیاتر نزیکی لادێ بووم، بەڵام لە شاران وەزع هێندێک جیاواز بوو. دوای دامەزرانی هێندێک سازی و دەزگا، ئەوانە دەوروبەڕێکی نوێیان لە دەوری خۆیان پێکەوە نا. ئەو کاتەگۆرییەی کە ئێمە باسیان دەکەین پێوەندییان لە گەڵ ئەدەبییاتی کۆن و نوێ دەگۆڕا، بۆ وێنە هێندێک لەو کەسانەی کە لە وەچەی من نزیک بوون لە ئەدەبییاتی کۆنی کوردی دانەبڕابوون، ئەوە ئاڤانتاژێکی وان بوو. وەک گوتم خانی یان دەناسی، فەقێ تەیرانیان دەناسی، هێندێک لەوان نەک هەر دەیانناسین لە بواری ئەدەبییاتی زارەکی ش دا وەک بەیت بێژیی، ستران بێژیی ئاگادار بوون، کەلامەکانیان دەزانی و پێیان خۆش بوو وهێندێک زیاتر نزیکی عورف و عادەت و ڕێوڕەسمی کۆنی کوردی بوون. بەڵام، وەچەی دوای ئێمە، ئەوانەی کە لە شاران دا پێگەیشتن و فێری کوردی بوون ، هێندێک لە ڕابردوو دابڕان و بەو دابڕانە بە باوەڕی من هێندێک ئاریشەش لە مەر زمانی کوردی هاتنە ڕوو و خۆیان دەرخست.
قازی: باشە، دوایە ئێوە دەچنە قاهیرە و دواتر لە چوارچێوەی یەکەم تێلێڤیزیۆنی ساتاڵایتی کوردی دا، یەکەم تێلێڤیزیۆنی مانگیلەی کوردی دا ؛ تێلێڤیزۆنی مەد وەک ئێمە لە سەرەتاوە باسمان کرددەست بەکار دەبن. دەمەوێ بە شێوەیەکی سیستماتیک بۆی بچین، لە ڕوی زمانییەوە یەکەم موشکیلە، یەکەم ئاریشە، یەکەم ئاستەنگی  کە ئەتۆ هەستت پێ کرد لە بەکارهێنانی زمانی کوردی دا، زمانێکی کە تا ئەو کاتی لە ساتڵایت دا بە کار نەهاتبوو  چ بوو؟ دەو دەمی دا دەڵێم نەک بە پێی هەڵسەنگاندنی ئێستا؟
سۆرگوڵ: بەر لە مەد تیڤی، تەجروبەیەکی دوو ساڵانەی من هەبوو لە کار کردن لە گۆواری 'باوەڕی' دا و دوایە لە مەد تیڤی دا دەست بەکار بووم.
قازی: تکایە پێشتر باسی ئەو گۆوارە بکە!
سۆرگوڵ: ئەو گۆوارە دەنگی " حەڕەکەتی ئیسلامی کوردستان" بوو، بە تەواوی بە کوردیی کورمانجی بڵاو دەکرایەوە، گۆوارێک بوو هەم لایەنی دینی و هەم لایەنی ئەدەبی هەبوو ، هەتا ژمارەی ٧ من هاوکاریم دەکرد دوایە نازانم چی بەسەر هات بەتەواوی ئاگام لێی نییە.دوای ئەوە ئەمن هاتمە "مەد تیڤی". بێگومان مەد تیڤی بۆ من تەجروبەیەکی تازە بوو لە هەموو بوارێک دا. لە بواری زمانیش دا هەر وا بوو. ئەو دەمی هۆندنەوەی ڕستە، بەکار هێنانی هێندێک گوتن نوێ بوو ، ئەمنیش بۆ ئەوە تازە بووم. هێندێک شت بۆ من غەریب بوون و هێندێک شت باشتر گەنگەشەیان لە سەر دەکرا. ئێمە ڕستە چۆن بە ڕێک خەین؟ یان بەکار ‌هێنانی فیسارە گوتن لە جێی خۆیدایە یان نا؟ لە هەمان کات دا ئەوانەی لەوێ کاریان دەکرد خەڵکی ناوچەی جۆر بە جۆری کوردستان بوون و ئەو لەیەک کۆبوونەوەیەش مرۆڤ دەتوانێ بڵێ نوێ بوو چونکە بەر لەوە کورد تا ئەو ڕادەیە لە یەک نزیک نەبوون. مەد تیڤی لەو بارەیەوە دەورێکی گەورەی هەبوو. لە سەر زمان نیقاش و گەنگەشەی زۆرمان دەکرد و بە ڕاستیش مونەقەشەکانمان زۆر بەکەلک بوون ...
قازی: من دەمەوێ ئەگەر ئیمکانی هەبێ  یەک یەک باسی بابەتەکان بکەی. بۆ وێنە ئێوە لە رێداکسیۆنێ دا کە دەتانەویست دەنگوباس ڕێک بخەن گەلۆ ئەوەتان یەکسەر بە کوردی دەنووسی یان دەبوو ئەوە لە زمانێکی دیکەوە وەرگێڕنە سەر کوردی؟ ئەگەر دەکرێ هەموو ئەوانە باس بکەی و دوایە شێوەی دۆزینەوەی ووشە، بەکارهێنانی ووشە، پسپۆڕیی دان بە ووشە. وەک دەزانی لە هەموو زمانانی دنیا دا، کوردیش لەوان بەدەر نییە ، زۆر جاری وایە کە زاراوەیەک ئی کاری کشتوکاڵییە ئەتۆ وەری دەگرێ و مانایەکی تازەی دەدەیێی. شتێکی دیش هەیە کە هەر بوارەی ووشە و پەیڤی خۆی هەیە کە بە زمانی ئینگلیسی پێی دەڵێن " ڕیجستر "!
سۆرگوڵ: لە " مەد تیڤی " دا دەنگوباس زیاتر بە تورکی ئامادە دەکران و وەردەگێڕدرانە سەر کوردیی کورمانجی و لە  کوردیی کورمانجیشەوە دەکرا بە کوردیی سۆرانی و کار کردن بەو شێوەیە بوو. ئەو دەمی لە مەر هۆندنەوەی ڕستان ، ڕستە ساز کردن دا ، بە باوەڕی من وەرگێڕان لە تورکی یەوە گەلێک بەکەلک بوو ، جا بۆیە هۆندنەوەی ڕستان چ بە کورمانجی و چ بە سۆرانی و هەتا دەمێک شێوەزاری زازاییش ئاوا بوو. بەڵام دوای ماوەیەک ئەو شێوە کار کردنە گیروگرفتی ساز کرد. بۆچی؟ ئەوە ڕاستە کە ڕستە هۆندنەوە تا ڕادەیەک کەوتە ڕاستە ڕێ بەڵام  دوایە لە ڕستە هۆندنەوە دا تەئسیری تورکی لە سەر کورمانجی ساز بوو. ئەمن پێم وایە ئەو تەئسیرە تەنانەت گەیشتە سەر کوردیی سۆرانیش . لە بەر ئەوەی یەک لە ڕووی ئەویدیکەوە وەردەگێڕدرا. شێوەی ئەوەی کە ئێمە چۆن بتوانین ڕستەیان بە کوردی بهۆنینەوە تازە بوو. ڕاستە لە ڕابردوو لە سەردەمی جەلادەت بەدرخان و هاوکارانی دا هێندێک دەنگوباس لە گۆواری " هاوار " دا هەبوون، بەڵام مرۆڤ نەدەکرا تەواو بەویش پێمل بێ و بیکاتە سەرمەشق. چونکە کاتێ مرۆڤ وەردەگێڕێ دەڵێی خەڵک ئاوا دەڵێن : تورک ئاوا دەڵێن، ئینگلیسی ئاوا دەڵێن و فڵان ئاوا دەڵێن، ئێمە چۆنی بڵێین؟ ئەو بوو بە گرفتێک. تەنانەت لە مەر بێژە و گوتنان و موستەلەحانیش دا. یانی چ بۆ چی و بە چ شێوەیەک بگوترێ؟ ئەوە بوو بە موشکیلەیەک و ئەوە تا ئەمڕۆش بە باوەڕی من هەر درێژەی هەیە. ئەو گیروگرفتانە هەبوون و وەک باسم کرد گەنگەشەی ئێمە لەو بوارانە دا هێندێک پیوانی ساز کرد.

قازی: وەکوو چی بۆ نموونە؟

سۆرگوڵ : بۆ وێنە گەلۆ ئەو گوتنە ئەو ووشەیە هەرێمی یە یان هەرێمی نییە؟ ئەو دەمی ئێمە ئەو کەسانەی لە سێرویسی دەنگوباس دا کارمان دەکرد هەر یەکەی خەڵکی ناوچەیەک بووین. خەڵکی "حەکاری" تێدا بوو، ئی
 " سەرحەد" ی تێدا بوو ، ئی "ئامەد" ی تێدا بوو، لە هەموو بەشان هەبوون. ئێمە پێوانەیەکی ئاوامان دانا بوو ئەگەر "ووشەیەک" بە گشتی هەموو هاواڵەکان زانیبایان، ئێمە دەمانتوانی بڵێین ئەو ووشەیە بڵاوە و دەکرێ بە هاسانی بەکاری بهێنین. یان ئەوەی کە هێندێک گوتن هەبوو، ئێمە زۆر بەدڵمان نەبوون ، ئەگەرچی لە کوردی دا جێی خۆیان گرتووە بەڵام لە گوێیان خۆش نین و لە زمانێکی دیکە ڕا هاتوونە نێو کوردی، بەڵام مەبەستمان گشت ئەو جۆرە ووشانە نەبوو ، بەڵام هێندێکیان خۆش نین، بیرمان لێ دەکردەوە گەلۆ لە کوردیی کورمانجی دا دەکرێ لە جیات ئەوان چ بەکار بهێنین؟ ئەگەر ووشەیەکی لەبارمان دۆزیباوە، هەرچەند هەر ئی هەرێمێکیش بایە، جار جار سەرەتیمان دەدا بە ووشەیەکی ئاوا. بەو شێوەیە هێدی هێدی لە زمان دا گەیشتینە ئەوەی کە قانوون و ئەسڵەکانمان چ بن؟ بۆ وێنە لە زمانی دەنگوباس دا ئێمە گەیشتبووینە ئەو قەناعەتە زمانی دەنگوباس زمانی ئەدەبی نییە ، زمانی دەنگوباس زمانێکە کە بە ووشەی کەم بتوانێ ڕووداوێک بگێڕێتەوە.

قازی: یانی پێویست ناکا بخەمڵێندرێ!
سۆرگوڵ: بەڵێ! دەبێ زمانێک بێ ئەو دەمەی کە تەماشاکار و گوێدێر لە بەر تێلێڤیزۆنی خۆی دانیشتووە دەبێ سەرنجی زیاتر بۆ سەر دەنگوباسەکە ڕابکێشرێ نەک لە سەر ئەو ووشانەی نووچەکەی پێ دەگوترێ، بۆیە ئێمە هاتینە سەر ئەو باوەڕەی زمانی دەنگوباس زمانێکی ستاندارد بێ ..

قازی: یانی ئەوەی کە ئێستا ئەتۆ دەیڵێی ئەو دەمی ئەو تێگەیشتنەتان هەبوو یان نا؟ یانی ئەوەی کە ئێستا بەڕێزت بە دروستی دەڵێی زمانی نووچە دەبێ بەشێوەیەک بێ ئەو کەسەی کە دەیبیسێ لێی تێ بگا ، ئەو دەمی ئەو بیرەتان هەبوو یان نا؟
سۆرگوڵ: ئەو فکرە هەبوو بەڵێ. ئێمە گەیشتبوونە ئەو فکرە بەڵام ئایا جێ بەجێمان دەکرد یان نا ئەوە جێی قسە لە سەر کردنە. گیروگرفت هەر هەبوو، ئێمە هەر چەندی لە سەر شتێک هاو فکریش باین ، بەڵام هەموومان بە تەواوی ئەو فکرمان بۆ قووت نەدەدرا. بۆ وێنە ئی وا هەبوو دەیگوت من ئاوا دەتوانم خۆشتری بڵێم، یانی دەیەویست خەبەرەکە بخەمڵێنێ و هێندێکانیش پێیان وا بوو فکری یەکدەست کردن دەکرێ بۆ زمانانی دیکە بەجێ بێ بەڵام بۆ کوردی دەست نادا. چونکە ئەوە جاری یەکەمە تێلێڤیزۆنی ساتڵایتی ئێمە هەیە، خوێندنگەمان نییە، ئێمە دەبێ دەنگوباسیش بکەینە ئامرازێک بۆ فێر کردنی کوردی. بۆ وێنە دەو سەروبەندی دا موناقەشەیەکی ئاوا هەبوو. هێندێک کەس دەیانگوت بەو شێوە ئێمە دەکرێ کوردی فێری بینەران بکەین ، بەڵام فکری سەردەست ئەوە بوو زمانی نووچە دەبێ زمانێکی ستاندارد بێ و بە ووشەی کەم لە توانایی دا هەبێ ڕووداوەکە بگێڕێتەوە. نوختەیەکی کە ئێمە لە سەری ڕێک کەوتین و بوو بە پێوانە لەو دەمی دا بە باوەڕی من ئەوە بوو. سەبارەت بە گوتن و ووشەیان ئەو دەمیش دمەتەقە هەبوو، ئێستاش هەیە و بەر لە " مەد تیڤی " ش هەبوو. كێهە ووشە؟ چۆنی بەکار بهێنین؟  گەلۆ فڵان ووشە لە فڵان زمانەوە هاتووە یان نەهاتووە ، موناقەشە لەو بارەیەوە مرۆڤ ناتوانێ بڵێ گەیشتە ئەنجامێک. بەڵام هەر نەبێ دەکرێ مرۆڤ بڵێ لە ڕووی سینگ کراوەیی و بیرکراوەیی ڕا ئێمە بە قەناعەتێک گەیشتین. ئەویش ئەوە بوو ئێمە نابێ تاڵووکە و پەلە بکەین و دەبێ خۆمان لە هێندێک شت بپارێزین. یانی ئێمە ناچار نین لە سەر هەموو شت یەکسەر بڕیار بدەین، لە سەر هێندێک شتان ئەگەر ئێمە ڕێک ناکەوین ، با ئەو جۆرە شتانە وەک خۆیان بمێننەوە، یانی زمان دیاردەیەک نییە کە ئێمە ڕێکی کوشین و وەزەحمەتی خەین و نابێ ببێتە هۆیەک بۆ ئەوەی جودایی نێوان ئێمە و گەل زیاتر بکا. دیارە لە بەر ئەوەی سەرەتا بوو، هێندێک ووشە ناچار بووین بە کار بهێنین ئەگەرچی تێگەیشتنیشیان هاسان نەبوو.
قازی: ئەگەر ئێمە بەراورد بکەین بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە – دیارە مەبەستی من هەڵسەنگاندن بە باری باش یان خراپ دا نییە – ئەو سەردەمی لە ڕووی نووسینەوە و لە ڕووی بڵاو بوونەوە و لە ڕووی میدیاییەوە  زمانی تورکی بە نیسبەت کوردیی کورمانجی سەردەست بوو  و تەخمینی من ئەوەیە کە پاڵپشتی ئێوە بۆ کاری نووسین  تورکی بووە یانی ئێوە تورکیتان دەکردە سەرمەشق؟ ئایا وایە یان وا نییە؟ یا ئەگەر تورکی تان نەدەکردە سەرمەشق لەو زمانانەی دەر و جیران، بۆ وێنە دەزانم کە بەڕێزت زمانی عەڕەبی دەزانی،  نەخشی ئەو زمانانەی دیکە چۆن بوو ؟ ئەو زمانانەی کە لە ڕووی جوگرافیاییەوە لە کوردیی نزیکن و کوردی دانوستاندنی لەگەڵیان هەیە!
سۆرگوڵ: یانی لە مەد تێڤی دا وەک من گوتم لەبەر ئەوەی زیاتر لە تورکی وەردەگرت و ئەو کەسانەی کە کاریان دەکرد زیاتر کورمانجی لای باکوور بوون زیاتر لە ژێر تەئسیری زمانی تورکی دا بوون. مرۆڤ ناتوانێ بڵێ تەئسیری زمانی عەڕەبی لە سەر ئامادە کردنی نوچەیان هەبووبێ. بەڵام، دواتر من هەستم پێ کرد، فەرقم پێ کرد تەئسیری  زمانی عەڕەبی لە سەر کاری هاوکارانی دیکە لە بەشی دیکە دا هەیە. جەنابی تۆش هێندێک عەڕەبی دەزانی. لە عەڕەبی دا ڕستەی زۆر درێژ هەنە، چونکە نیشانەی وەک نوختە و ڤیرگول و هتد  دیارە لە سیستمی نووسینی عەڕەبی دا نەبوون و دواتر بەکار هاتوون. ڕستە هۆندنەوەی ئەوانیش بەو شێوەیە بوو لە ژێر کارتێکەریی عەڕەبی دا. ئەتۆ ئەگەر تەماشای دەقی کورمانجی کۆنیش بکەی بەکارهێنانی "و "  زۆر هەیە. بەڵام ئەوەی کە ڕستە لە کوێ تەواو بێ، چۆن تەواو بێ، ڤیرگویل لە کوێ دابندرێ، ڕستەی ڕێکوپێکتر، ڕستەی کورتتر، چونکە بۆ دەنگوباس، ئەوەش بنەمایەک بوو کە نابێ ڕستەی درێژ بەکار بهێندرێ. کەس ناتوانێ لە سەرەتاوە تا دوایی گوێ بداتە ڕستەیەک و بگەڕێتەوە سەری. ڕستەی کورت و پوخت، و جێی لێتێگەیشتن بۆ نووچە لایەنی سەرەکییە. دیارە لە "مەد تیڤی" دا ناکرێ باسی کارتێکەری زمانی دیکە جگە لە تورکی بکرێ.
قازی: جگە لە مەسەلەی دەنگوباس وەکوو دیکە بۆ وێنە لە بەرنامەی دێبات و گەنگەشە دا چۆن بوو ؟ یان لە وەرگێڕانی فیلمی کارتۆن بۆ منداڵان؟ ئەوانە چۆن بوون؟
سۆرگوڵ: ئەوانە لە جێی دی ئامادە دەکران، لەبەر ئەوە دەرحەق بەوان زۆر نازانم.
قازی: مەبەستم ئەوەیە لێکدانەوەت لە سەر گرفتی و ئاریشەی ئەو دەمی چییە؟
سۆرگوڵ: بە گشتی دە " مەد تێڤێ" دا کێشە و ئاریشەی زمان هەر هەبوو. لە بەر ئەوە سەرەتای کار بوو و زۆر شت جاری یەکەم بوو دەکار دەکرا. یانی دەربڕینی زۆر شتان جاری یەکەم بوو دەکرا. تەنانەت شتی سادەش، بۆ وێنە ئێستا ئێمە بە هاسانی دەڵێین "سەرۆکوەزیر "، " وەزیر " و " ڕۆژنامە " و نازانم چی و گەلێک گوتنی ئاوا بۆ کۆمەڵی ئێمە گەلێک گەلێک نوێ بوون، تەنانەت کاتێک بەکاریشت هێنابا بە واق ووڕمانەوە تەماشات دەکرد وەک بڵێی ئەوانە چ گوتنێکن؟ وەکوو دیکەش فۆڕمی ڕستان ، ئێمە ئێستا زۆر شتان بە هاسانی بە کار دەهێنین بەڵام، ئەو دەمی غەریب  بوون و بۆ گوێگران ئاریشەی تێگەیشتنیان ساز دەکرد. چونکە بمانەوێ و نەمانەوێ بیریان لە ووشەکان دەکردەوە، بەڵام لە بەر ئەوەی ئێمە لە هەموو بەشەکانی باکووری کوردستانێ وە هاتبووین گەلێک گۆتن لە ناوچەیەک ڕا دەگوێزراوە بۆ ناوچەیەکی دیکە.هێندێک گوتنی ئاوا هەبوون کە زۆر زوو دەپەژراندران و قەبووڵ دەکران و هێندێک ووشە قەبووڵ کردنیان بە زەحمەت هەڵدەسووڕا. بۆ وێنە لە هێندێک هەڕێمان دەکرێ بڵێی: " خودێ گراوی " ، " گۆیا" ، بەڵام لە لای سەرحەدێ دەڵێن " قاشۆ" و ووشەی " قاشۆ" زۆر زوو بڵاو بووەوە و جێی خۆی کردەوە. گوتنی ئاوا و وەگ گوتم بە دەم تێپەڕینی زەمانەوە هێندێک شت لە ڕستان دا هەر جێی موناقەشە بوو . وەک دەزانین، ئێمە نەمان دەتوانین بڵێین زمانی دەنگوباس پێشتر هەبووە با بیکەینە سەرمەشقی خۆمان. وەک باسم کرد دە "هاوار" ێ دا هەبوو، بەڵام ئەوە بەرتەسک بوو و گوتنەکانی نێو "هاوار" نەکرا لە کوردستانێ زۆر بڵاو ببنەوە. کەم کەس بە " هاوار" یان دەزانی..

قازی: یانی هەر توژێکی خوێندەوار لێی ئاگادار بوون.




سۆرگوڵ: بەڵێ! بەڵام بە ڕێگای ساتاڵایت زۆر شت بە هەموو کوردستان دا بڵاو بووەوە، هەموو کەس لە شوان را بگرە خەڵکی شاران
قازی: یانی ئەگەر ئێمە هەر لە نێوەڕاستی ساڵانی ١٩٩٠ەکان بمێنینەوە،بەکارهێنانی زمان بە ڕێگای ساتاڵایت دا، وەک باست کرد  خەڵکی هەرێمێک گوتنی هەرێمێکی دی دەبیسێ، پێت وا هەیە ئەوە شوێنی هەبووە تەنانەت لە سەر قسە کردنی ڕۆژانەی خەڵکیش لە لادێیان، لە چاییخانەیان ، لە ناوچەیان؟
سۆرگوڵ: ئەوەی ڕاستی بێ ئەمن تەخمینم نەدەکرد هێندێک لەو ووشانەی " مەد تێڤێ " بەکاریان دەهێنێ ئاوا زوو بڵاو ببنەوە و جێی خۆ بگرن. بۆ وێنە ئێستاش ئەمن دەبینم پیاوێکی ئیختییار ، ئەمڕۆ ئەمن بۆ خۆم لە بەرنامەیەک دیتم ، پیاوێکی بەعەمر دەیگوت : " ئەو تشت گەلەک گرینگە" ، لە ژیانی ڕۆژانە دا من گوێم لێ نەدەبوو کەس وا بڵێ: " ئەو تشت ئەو چەندا گرینگە" یان بڵێ: " سەرۆکوەزیر" یان " سەرۆک کۆمار" . گەلێک ووشەی دیکەی کە ئێمە ئەمڕۆ بەکاریان دەهێنین زۆر بە خێرایی لە کۆمەڵ دا جێی خۆیان  کردەوە.
قازی: مەبەستت ئەوەیە ئەو تەجروبەیەی ئێوە لە ژیانی ڕۆژانە دا هەتانبوو لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکیش دا ڕەنگی دەداوە.
سۆرگوڵ: نەک هەر گوتن و ئەو ووشانەی بەکارمان دەهێنان، جار جار هەڵەکانی ئێمەشیان دووپاتە دەکردەوە.
قازی: دەکرێ باسی یەک لەو هەڵانە بکەی؟
سۆرگوڵ: شتێکی زۆر بڵاو هەیە، من باسی دەکەم و کەس قەبووڵی ناکا ووشەی " تەماشاڤان" ە. "تەماشا"  دە فۆڕمی کوردیی کورمانجی دا " ڤان" وەرناگرێ. چونکە "ڤان" بە دووی ووشەیەک دا دێ و پیشەیەک دەنمێنێ وەک شڤان، گاڤان، بەرخڤان  ئاوایە.بەڵام بە ئاسایی کرداری لێکدراوی " تەماشا کرن" هەیە و لەبەر ئەوەی بە "کرن" تەواو دەبێ ئەگەر ناوی کاری لێ ساز بکرێ دەبێتە " تەمەشاکەر" . شتێک هەیە لە کوردیی کورمانجی دا دوو کۆنسۆنانتی /ک/ و /ک/ هەن کە لەیەک جیاوان و ئەو جیاوازییە زۆر ناسکە بەڵام هەیە.ئەگەر بە ووردی دەرنەبڕدرێن لەوانەیە مانای ووشە بگۆڕن. بۆ وێنە لە لادێیان کەسێک کە نمێژ = نوێژ دەکا پێی دەگوترێ  نمێژکەر ئەو ووشەیە لە نێو خەڵک دا بڵاوە و گوتنێک نییە کە دوایە داڕێژرابێ. نموونەی دی وەک " چێکەر " ، " کارکەر " و هتد. ئەو ووشەیەی "تەماشاڤان" ئیدی جێی خۆی کردووەتەوە، لە دڵێ من دا تەواو جێی خۆی نەکردووەتەوە چونکە بە هەڵەی دەزانم.
قازی: هەمان شت لە مەڕ " بینەر" هەیە لە کوردیی سۆرانی دا. چونکە ئەتۆ دەکرێ ببینی بەڵام تەماشای تێلێڤیزیۆن نەکەی. ئەوەش هەیە.
سۆرگوڵ: هێندێک ووشەش دروست بوون، وەک " پێڤاژۆ". وا بزانم لە باشووری کوردستان هاوتای نییە و هەر "پڕۆسێس" بە کار دەهێندرێ. بەڵام "پێڤاژۆ" لە بەر ئەوەی جێی پڕنەکراوە یان هەر ووشەیەک نەبوو جێی پڕ کاتەوە یان ووشەیەکی دی بۆ نەدۆزراوە وەک خۆی مایەوە.
قازی: وەک بزانی پەیڤی " پێڤاژۆ" لە سەردەمی جەلادەت بەدرخان دا دانەڕێژراوە؟
سۆرگوڵ: تا ئەجێگایەی من بزانم هەواڵێک دایڕشتووە کە ئێستا ناویم وەبیر نایە.. لە گۆواری " بەرخوەدان" دا کار دەکا ئەو گوتنەی ساز کردووە و ئاوا ماوەتەوە.
قازی: ئەوە وێ دەچێ لەو پەیڤی تورکی " سورەچ " نیزیک بێ ، چونکە لە تورکی دا ئەوە لە چاوگی " سوورماک" واتە " ئاژاوتن" را دروست کراوە. باشە با ئێمە ئیدی بێینە ساڵی ١٩٩٩ یانی ئەو کاتەی کە ئیدی بە داخەوە "مەد تێڤی" نەما و " مەدیا تیڤی " دەست بە کار بوو. ئەو تەجروبە، ئەو ئەزموونی کە لە " مەد تێڤی" دا هەبوو لە ڕووی زمانییەوە چۆن و بە چ شێوەیەک گوێزراوە بۆ " مەدیا تیڤی "؟
سۆرگوڵ: بەگشتی ئەو تێلێڤیزۆنانەی کە  بە دوای "مەد تێڤێ" دا هاتن.
قازی: دیارە لە باشووری کوردستانیش، کوردستان تیڤی و کوردسات ساز بوون
سۆرگوڵ: کوردستان تێڤی ش دەمێکی ئەوەندەی وەبیرم بێ هەر بە هەمان ڕێباز دا چوو لە زەمینەی زمانی دەنگوباس دا ، بەڵام دواتر ئەویش هێدی هێدی ڕەنگی لەمەڕ خۆی پەیدا کرد. بەڵام هێندێک تێلێڤیزۆنی دیکە، واتە ئەوانەی دەرەوەی ووڵات درێژەیان دا بە ڕێوشوێنی مەد تیڤی لە بواری زمان دا ، بێگومان هەموو شت هەر لە جێی خۆی دا نامێنێتەوە، مرۆڤ دەتوانێ بڵێ لە هێندێک ڕووەوە تا ئەو جێگایەی دەگەڕێتەوە سەر زمان هەر بەرەوپێشچوون هەبووە. مرۆڤ ناتوانێ بڵێ بەرەو پاش چووە بەڵکوو لە ڕووی زمانییەوە تێلێڤیزۆنەکان بەرەو پێشەوە چوون. بەڵام، ئەمن هەمیشە دەڵێم "مەد تێڤێ" بناغەی تێلێڤیزۆنکاریی کوردییە. یانی ڕۆژێک ئەگەر لەو بارەیەوە دەرس بگوترێتەوە، باس بکرێ، ئەو جێیەی ئێمە لەوێڕا دەست پێ بکەین "مەد تێڤێ" یە. لەهەموو بوارێک دا نەک هەر زمان .

قازی: ئێستا لە سەر مۆنیتۆر چەند دیمەنی ئێوە دەبینین ئەو زەمانی کە لە مەد تێڤێ دا کارت کردووە. فەرموو بەردەوام بە!



سۆرگوڵ: لە هەموو بوارێک دا ، لە بواری کامێرا دا، لە بواری دیمەن هەڵگرتن دا، لە ڕووی دەنگەوە، لە ڕووی ڕووناکییەوە، لە
 رووی جلوبەرگەوە. لە هەموو بوارێک دا مرۆڤ دەتوانێ بڵێ مەد تێڤێ سەرمەشقە. بەرنامەیەک بە ناوی " زانینگەها مەد " هەبوو، مەد تێڤێ بە ڕاستی زانینگەهێک بوو. جا بۆیە لە هەر بوارێک دا ئێمە باسی بکەین بەجێیە. چ زمان، چ ڕووناکی، چ بواری دیکە دا




قازی: دیارە ئەمن بۆ خۆم لە ئامادە کردن و پێشکێشی "زانینگەها مەد " دا بەشدار بووم.بەرنامەی "زانینگەها مەد" لە "مەد تێڤێ "ڕا دەستی پێکرد و لە " مەدیا تیڤێ " ش دا بەردەوام بوو. فەرموو بەردەوام بە!
سۆرگوڵ: لە ڕوی زمانیشەوە ئەو تێلێڤیزۆنانەی کە دواتر هاتن بەردەوام بوون لە سەر هەمان ڕێ و ڕەسم، بەڵام مژارێک هەبوو، لەو تێلێڤیزۆنانە دا زیاتر هاتە نێو ڕۆژەڤێ و پێم وایە ئەوە بە شێوەیەک گۆڕانی بەسەر داهات. ئەویش ئەو تەسبیتە بوو کە بۆ ئامادە کردنی دەنگووباس وەرگێڕان لە تورکی یەوە کاردانەوەیەکی باشی لە سەر زمانی کوردیی کورمانجی نابێ ، ئەوە نوختەیەک بوو هەموو لە سەری هاو فکر بوون و نوختەی دووەمیش ئەوە بوو کە شێوەزارە کوردییەکان ئیدی دەبێ بە پێی توانایی خۆیان بتوانن فۆرمی زمانی دەنگووباس دامەزرێنن و دەکرێ دەنگووباس یەکسەر بە کوردی ئامادە بکرێن. ئەوە لە پێواژۆی تێلێڤیزیۆنەکانی دی ، مەدیا تیڤی، ڕۆژ تیڤی زیاتر گەنگەشەی لە سەر کرا و تا ڕادەیەکی کە ئیدی بۆ خۆ ، بە زمانی خۆ نووچە ئامادە کردن هاتە نێو ڕۆژەڤێ ، بەڵام بەو جۆرەی ئەمن دەبینم ئەوە هەنگاوێکی باش بوو، هاوکات لەگەڵ ئەوە ئاژانسی دەنگووباسی کوردی ساز بوون وەک ئاژانسی دیجلە، دیها، فرات و ئێستا هێندێک ئاژانسی دیکە و مرۆڤ فەرقی پێ دەکا ئاژانسەکان لە سەر تێلێڤیزۆنکاری و ڕۆژنامەگەری کاردانەوەی زیاتریان هەیە. ئیدی بوون بە سەرچاوە.
قازی: شتێکی دیکەش لەو پێوەندییەدا بتوانی باسی بکەی وا بزانم تولێرانسی زمانی یە. هێندێکت باس کرد، بەڵام ئەگەر بکرێ زیاتری شی کەیەوە. ئەویش بەکار هێنانی شێوەزارەکانی دی زمانی کوردی لە تێلێڤیزیۆن دایە وەکوو  کوردیی دملکی، کوردیی سۆرانی وکوردیی هەورامی. لەمەد تێڤێ را دەستی پێکرد و لە بەرنامەی تێلێڤیزۆنە کوردییەکانی دی دەرەوەی ووڵات بەردەوام بوو.
سۆرگوڵ: لە رووی بەکارهێنانی زاراواکان دا، لەو تێلێڤیزیۆنانەی دا کە ئەمن کارم تیدا کردوون و تا ئێستا ستێرک تێڤێ جوداکاری و فەرق دانان لە نێوان زاراوان دا نەبووە. تۆلێرانس لە ئاست هەموویان هەمانە.بەڵام لە مەڕ دەرفەت و ئیمکانی زاراوەیان دا مرۆڤ ناتوانێ باسی وەکوویەکی بکا. بۆ وێنە بۆ ئامادەکردنی نووچەی دملکی/زازاکی هەمیشە گیروگرفت هەبووە ، یانی پەروەردە کردن و پەیدا کردنی ئەلەمان و ئەندامان زەحمەت بوو، ئەمڕۆش ئەو زەحمەتییە هەیە. هەر بەو جۆرەش کە لە ژیان دا زاراوای دملکی گیروگرفتی زۆرە ، لە چاپەمەنی و ڕاگەیاندنیش دا هەر ئاوایە. بەڵام، لەو تێلێڤیزۆنانەی دا کە ئەمن کارم تێدا کردوون ڕێبازی وەشان و پەخشیان مرۆڤ ناتوانێ بڵێ لە ئاست زاراوایەک تۆلێرانس نەبووە و لە ئاست یەکی دیکەیان هەبووە. زیاتر لە چوارچێوەی دەرفەت و ئیمکانان دا مرۆڤ دەتوانێ باسی وەکوویەک نەبوون بکا.
قازی: باشە، ئێستا بە لەبەرچاوگرتنی تەجروبەی بەڕێزت، بە تایبەتی بۆ من گرینگە تەجروبەی شەخسیی جەنابت ببیسم کە بێگومان بینەرانیش دەتوانن لەو زانیارییە سوود وەربگرن، ئەویش ئەوەیە گەلۆ پێت وا هەیە بەو تەجروبەی هەژدە نۆزدە ساڵی ڕابردوو ، دەکرێ بڵێین زمانی تێلێڤیزیۆن، زمانی میدیایی ڕۆنیشتووە، ئەگەر لە سەرەتاوە تا ئێستا لە بەرچاو بگرین؟
سۆرگوڵ: مەبەستت کوردیی کورمانجی یە بێ گومان!



قازی: بەڵێ ئێمە باسی کوردیی کورمانجی دەکەین.
سۆرگوڵ: دەتوانین بڵێێن وەک زمان وەک زاراوا تەنانەت زمان بە گشتی ستاندارد ساز بووە. لە بواری دەنگووباسیش دا مرۆڤ دەتوانێ باسی زمانی دەنگووباس بکا. بەڵام، ئەگەر تۆ لە تەجروبەی من و لە من دەپرسی ئەمن دەتوانم باسی هێندێک کێشە و گرفتان بکەم. یەکیان ئەوەیە ئیدی ئەمن زۆر سەری خۆم بە هەڵبژاردنی ووشەوە نائێشێنم، ئەو گوتنە بێ و یان یەکی دی بۆ من گرینگ نییە. گوتن وەک بەردێک وایە مرۆڤ دەتوانێ داینێ و دەتوانێ لاشی با.بەڵام، بە بۆچوونی من شێوەی ساز کردن و هۆندنەوەی ڕستە گیروگرفتی تێدایە. ئەویش زیاتر زێدە بوونی باندۆری زمانگەلی دەورو بەر لە سەر زمانی کورمانجی یە. و ئەو کەسانەی کە بە زمانەوە خەریک دەبن و پێوەی دەچارێن  زیاتر زمانی کورمانجی یان زاراوای کورمانجی لەگەڵ زمانی دیکە بەراورد دەکەن، بە باوەڕی من ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە.بێگومان مرۆڤ دەتوانێ لەو بەراورد کردنە کەلک وەربگرێ بەڵام ئەگەر مرۆڤ هەمیشە زمانی خۆی لە گەڵ زمانێکی دی لەبەریەک ڕاگرێ، لە بیرخۆی دەباتەوە کە زمانی خۆی چلۆنە! بۆ وێنە کاتێک ئێمە ڕستە دەهۆنینەوە دەبێ لە سەر بنەما و کری کوردی بێ. یانی قووڵبوونەوە لەوەی کە پێشینییان چلۆنیان ڕستە بەکار هێناوە.لەو بارەیەوە سەرچاوەی کوردی، سەرچاوەی کورمانجی هەن. چ دیوانی شێعریی کۆن، چ ئەو شوێنەوارەی لە بەدرخانیان بە جێ ماوە، تەنانەت بە باوەڕی من ڕستەی نێو کەلامی دەنگبێژان. ئەوانە دەتوانن سەرچاوە بن بۆ ڕستە سازی و ڕستە هۆنینەوە. لێرە دا کەس ناپرسێ گەلۆ ئەوان چۆنیان گوتووە، شتێکی دیکەش کە لە بیر دەکرێ ئەوەیە هەر زمانەی شێوە دەربڕینی خۆی هەیە. بۆ وێنە بە تورکی هێندێک شت دەگوترێن، کورمانجی هیچ ناچار نییە وەکوو تورکی بیڵێ. یان ئەوەی کە لە کورمانجی دا هێندێک شت هەن کە ئەتۆ ناتوانی لە تورکی دا هەمان شت دەرببڕی. با وەک چەمک بڵێم لە کورمانجی دا " پۆنژاندن" مان هەیە، ئەتۆ ناتوانی لە تورکی دا ووشەیەک ببینییەوە بەتەواوی بارتەقای " پۆنژاندن" ی کورمانجی بێ . یان هێندێک گوتن هەن کە هیچ هاوشێوەیان نیە وەک " تەعل" کە لە تورکی دا نییە.  ئەوە ئاسایی یە، مەبەستم ئەوە نییە زمانێک لە زمانێکی دی بە گەورەتر بزانم. مەبەستم ئەوەیە هەر زمانەی شێوەی دەربڕینی لەمەڕ خۆی هەیە. دەبێ مرۆڤ ئەو شێوە دەربڕینانە، یانی ئەوەی کە ئێمەی کورمانجی ئاخێو چۆنی دەڵێین بدۆزێتەوە. یەک لە گرفتەکان ئەوەیە بۆ وێنە یەكێک لەو ووشانەی کە هەتا بڵێی بە گێچەڵە و ئەگەر بە من بێ دەبێ لە کورمانجی دا قەدەغە بکرێ گوتنی" ژیان " ە. ئەوەندە بە هەڵە بەکار دەهێندرێ کە بەڕاستی جێی واق وڕمانە ، چونکە بەو شێوەیەی لە ڕستە هۆندنەوە دا بەکار دەبردرێ بەتەواوی لە کورمانجی دا غەریبە. با نموونەکەیت لە ڕستەیەک دا پێ 
بڵێم کە فۆڕمی تورکی یە، دەگوترێ:
  " پرسگرکێن جەیرانێ تێن ژیان کرن " ، لە کورمانجی دا شت " نایەن ژیان کرن" ، لە تێگەیشتنی کورمانجی دا شتی وا نییە. لە کورمانجی دا  پرسگرک، دەرد، ئێش، دێنە کشاندن ، پرسگرک هەن، ئاوا دەردەبڕدرێن. ناکرێ بگوترێ ' فڵان شت ژیان کر ' ، 
چونکە  لە کورمانجی دا فۆرم جودایە



قازی: بە داخەوە کاتمان زۆر نییە و بابەتی دیکەش هەن قسەیان لە سەر بکەین. بەگشتی ئێستا پێت وایە زمانێکی مێدیایی ڕۆنیشتووە و جێی خۆی گرتووە. وا نییە؟  وای دەبینی؟
سۆرگوڵ: بەڵێ، بەڵام هێشتا کێشەشی هەیە .
قازی: لە دەرەوەی ئەوە، وەک دەزانی یەک لە داوخوازی سەرەکی بزووتنەوەی کوردی، لە باکووری کوردستانیش هەر وا مەسەلەی زمانە. و لە سەر ئەو بابەتە لەو ساڵانەی دواییدا لەوێ زۆر کاری زانستی کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتاش قەدەغە لە سەر زمان ماوە. بۆ وێنە لێرە ئەم نامیلکەیە دەبینین کە بەڕێز محەمەد شەریف دەرینجە بۆ
 " ئەنیستیتووی دیسا" لە ئامەدێی ئامادە کردووە: " دینامیکی پەروەردەی زمانی دایکی لە سەر بنەمای فرە زمانێتی و فرە زاراوایەتی: مودێلەکان بۆ خوێندنی قوتابیانی کورد لە تورکییە" . بەڕێز دەرینجە لەو بەرنامەیە دا میوان بوو و هەموو ئەو مۆدێلانەی شی کردەوە کە خۆی و هاوکارانی پێشنیازی دەکەن کاریان پێ بکرێ بۆ خوێندنی زمانی دایکی. مەبەستم ئەوەیە بڵێم حەولی ئاوا لە نێوخۆی ووڵات دا هەیە و لە سایەی هەبوونی دەستگای ڕادیۆ، کاناڵی تێلێڤیزیۆنی ساتڵایت و ڕۆژنامە و هتد ئەو مەسەلەیە زۆر بە خێرا دەتوانێ پێش کەوێ، هەم لە مەڕ کورمانجی و هەم لەمەڕ دملکی ش لە باکوری کوردستان. بەڵام، بەڕێزت وەکوو کەسێکی  کە وەکوو پیشە کارت بە زمانی کوردی کردووە ئێستا وەزعی زمانی کوردی لە 
باکووری کوردستان چۆن دەبینی؟



سۆرگوڵ: لە باکووری کوردستانێ ئەوەی ئێمە بە گشتی دەیبینین ئەوەیە کە خوێندنەوە و نووسین پێش کەوتوون، مرۆڤ ناتوانێ نکووڵی لەوە بکا، لە بواری نووسین، خوێندنەوە و لە بواری چاپەمەنی و ڕاگەیاندن دا، لە هەموو بوارێک دا پێش کەوتن هەیە و بڵاویش بووەتەوە. بەڵام لە بەر ئەو سەروبەندەی کە ئێمەی تێدا دەژین، نەک هەر بۆ ئێمە بۆ هەموو کەس، بۆ وێنە ئەگەر ئێمە دە تێلێڤیزیۆنمان هەبێ دەبینی تێلێڤیزۆنی داگیرکەران لە بەرانبەر دا سەد دوو سەدن. لە بەرانبەر ئەوە دا دە تێلێیڤیزۆن ووڵامدەرەوە نییە، خۆی پێ ڕاناگیرێ.چونکە مەسەلەی زمان شتێکی حەیاتی یە واتە ئەوەیە لە ژیانێ دا ، لە پڕاتیک دا چلۆن هەڵسووڕێ. مەسەلە لەوەدایە. پۆلی ساوایانیش دەکرێنەوە، پارەکە سێ دەبستان کرانەوە یەک لە ئامەد، یەک لە جزیر و یەک لە گەڤەرێ. بەڵام ئەوە ئیدی بەس نییە، دەبێ کوردیی ئیدی بە کردەوە دەکار بکردرێ، لە ژیان دا هەبێ، لە دانوستاندن دا هەبێ، لە هەموو پێوەندییان دا و لە هەموو بواران دا هەبێ. ئەگەر ئەوە نەبێ تەنیا دەبێتە زمانی گۆرانی گوتن و کەلام چڕینان. ناکرێ بە دەنگبێژ و کەلام بێژی خۆمان بڵێین وەرن دوو گوتنان بڵێن . هێندێک شت هەن بە گاڵتە باسیان لێوە دەکرێن. بۆ وێنە لە ڕابردوو دا کوردان ناوی داگیرکەرانیان بەسەرەوە بوو، ئێستا ناوەکان بوونە کوردی بەڵام لەوانەیە هەڵگری ناوە کوردییەکان هەر بە زمانی داگیرکەران قسە بکەن. ڕاستە سازی و دەستگا دامەزراون، بەڵام ئێستا منداڵان، ئەو وەچەیەی کە ئێستا پێ دەگەن زیاتر بە زمانی داگیرکەران قسە دەکەن.
قازی: مامۆستە! ئەو کێشەیە لە ووڵاتانی ئوڕووپاییش لە بەر چاوە. وێنەی ئەوە بریتانیای مەزنە. وەک دەزانی ووڵاتی وێڵز یەک لە ووڵاتەکانی ئەوێ یە. ووڵاتی سکاتلەند هەیە، ئیرلەندی باکووری کە بەشێکە لە ووڵاتی بریتانیا و هەم کۆماری ئیرلەندمان هەیە. لەوێشدا ئاوایە، دیارە بە پێچەوانەی تورکییە ، لە ڕوی قانوونی ڕا ڕێگا کراوەتەوە بۆ زمانانی نا ئینگلیسی، پێشتر وا نەبووە، ئیمکانی بە کارهێنانی زمانی وێڵزی هەیە ، زمانی سکاتس هەیە، گەیلیک هەیە. من دەمەوێ باسی وێکچوونێک بکەم لەگەڵ چلۆنایەتی کوردی لە تورکییە. لەگەڵ هەموو ئەو ئیمکانانەش کە بۆ ئەو زمانانە لەوێ هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا کە خەڵک ناسنامەی خۆی ڕاستەوڕاست بە زمان دەبەستێتەوە، بۆ وێنە لە زەمانێک دا قسە کردن بە زمانی سکاتس قەدەغە بووە، تا ١٩٩٣ ئیمکان نەدراوە لە مەحکەمان دا بە کار بهێندرێ، لەگەڵ ئەوەشدا زمانی ئینگلیسی هەر سەر دەستە! یانی کەمایەتییەکی کەم لە ئیرلەند بە زمانی خۆیان قسە دەکەن، کەمایەتییەکی کەم لە سکاتلەند  بە زمانی خۆیان قسە دەکەن و ئەوە زمانی ئینگلیسی یە کە سەر دەستە. تۆ وەزعێکی ئاوا بۆ زمانی کوردیش دەبینی لە باکوور؟
سۆرگوڵ: ئەوەی ڕاستی بێ لە مەڕ کوردان دەبێ بڵێم. لە دەرەوەی بەرنامەش دا ئێمە ئەو باسی ئەو مەسەلەیەمان کرد. بۆ کوردی ئەمن دەتوانم بە گشتی بڵێم زمان، هەر نەک زمان بەڵام گەلێک ڕاستی دەتوانن مانای خۆیان لە ڕووی زەمان و مەکانەوە بگۆڕن، یانی وەزعی ئەوان دەگۆڕدرێ. بەڵام زمان لە زەمان و مەکانی ئێمە دا، یانی بۆ کوردان مانایەکی جودای لە مەر خۆی هەیە . بۆ جیگایەکی دیکە یان ووڵاتێکی دیکە ڕەنگە جیاواز بی، بەڵام بە باوەڕی من زمان بۆ کوردان ناسنامەیە. یانی کورد بە زمانی خۆیانەوە دەناسرێن. بێگومان عورف و عادەت و تەقالیدی دیکەشیان هەیە کە لەگەڵ ناسنامە یەک دەگرنەوە، بەڵام ئەستوونی سەرەکی ناسنامەی کوردی زمانی کوردانە. ئەگەر کورد لەو زمانە داببڕێن ئیدی ناوی وان کورد بێ و نەبێ مانایەکی ئەوتۆی نامێنێ و بە باوەڕی من لە ناو دەچێ. بۆیە کوردان ناچارن بەو زمانە قسە بکەن، خۆی لێ بکەنە ساحێب  و لە ژیان دا و بە کردەوە پێوەی بڕۆن. بۆ ئەوەی بکرێ پێوەی بڕۆن هۆکار هەن، هەم لە ڕووی فەرهەنگی و هەم ڕووی ئابووری یەوە. بۆ وێنە ئەو هەرێمە لە بێلژیک کە ئێمەی لێ دەژین هەرێمی فڵاندر تا ئەو جێگایەی من دەزانم دەستیان بە زمانی خۆیانەوە گرت. سەردەمێک زمانەکەی فڵامانی قەدەغە بوو بەڵام هەنگاو بە هەنگاو ، قۆناغ بە قۆناغ تێکۆشان و ئێستا لە بواری ئابووریش دا زمانی خۆیان ڕۆنیشتاندووە، یانی ئەگەر کەسێکی لەو ناوچەیە  زمانی فلامانی نەزانێ بە خۆشی پێی دەگوترێ ناکرێ کاری بدرێتێ،پێی دەڵێن لێرە گەلی ئێمە بە فلامانی قسە دەکا. لە کوردیش دا ئەوە مومکینە. یانی کاتێک ئێمە باسی کوردی دەکەین ، دەرفەت و ئیمکانی کوردی کەم نین. یانی کوردی لە وەزعێکی شپرزە دا نییە. ئەمن لەو ڕووەوە ڕەشبین نیم. تەنێ ئەوەیە ئەو دەرفەت و ئیمکانەی هەن ئێمە باشمان بەکار نەهێناوە. بۆ وێنە ڕاستە ئێمە پارەکە لە باکوور سێ دەبستانمان کردەوە، ئەوەی ئامەدێ وا بزانم چوار جار داخرا بەڵام دیسان کردیانەوە و کارەکەی هەڵسووڕا و کارنامەی دا بە قوتابییەکانی. ئەو خوێندنگەیانە ئەمساڵ دەکرێ بگەنە سەد دەبستان. کە بوو بە سەد خوێندنگە، ساڵێکی دی هێند زیاتر، ئەوە دەتوانێ پەیتا پەیتا بەهێزتر بێ ، هێندێک پۆلی ساوایان، باغچەی منداڵانیان پێ دەڵێن کراونەتەوە.
قازی: یانی ئەو ترسە لای تۆش هەیە ئەگەر بێتوو گوشار و ڕێک کوشێن کەمتر ببێ ئەوە ببێتە هۆی ئەوەی مرخ بۆ بەکارهێنانی کوردی کەمتر ببێ؟
سۆرگوڵ: نا!
قازی: چونکە دەڵێن  یەکێک لەو هۆیانەی کە زمانی کوردی توانیویە بمێنێ و خۆی بپارێزێ لە بەر ئەو زەختە بووە کە لە سەری بووە، یانی وەکوو خۆڕاگرییەک لە ئاست ئەو زەختە دا خۆی پاراستووە بەڵام ئەگەر ئەو زەختە نەمێنێ  ئایا وەزعێک دێتە پێشێ وەک شانشینی یەکگرتوو؟ وەک خەڵکی ئیرلەندی کە هەر ئینگلیسی بەکار بهێنن ؟
سۆرگوڵ: پڕۆسەی ئاسیمیلە کردنی کوردان ئەگەر بە شێوەی ڕەسمی لەبەر چاو بگیرێ دەکرێ بگوترێ لە ساڵی ١٩٢٥ وە دەستی پێکردووە، لەو تاریخەوە قانوونی تایبەتی هەن دەوڵەت زۆر بە زانایی ئاسیمیلە کردنی کوردانی کردووەتە بەرنامە و بە باوەڕی من ئەو سیاسەتانە تا ئەمڕۆش کاریان پێ دەکرێ. ئەوە جار جار بە ئیشک و برینگی و توند و جار جاریش بە نەرمی بەڕێوە چووە. ئەو رێئاکسیۆنەی کە ئێوە باستان کرد، بەڵام ، بەر لەوەی کورد بۆخۆیان هەرچەندی لاوازیش بێ نەریتی سیستمی پەروەردەی خۆیان هەیە . سیستمی مەدرەسان سیستمێکی پەروەردەیی یە ، هەر چەند لەوێ دەرسی عەڕەبی و دینیش گوترابن لەگەڵی دا زمانی کوردیش بەهێز بووە و پێش کەوتووە، بەڵام لە ساڵی ١٩٢٥ بەم لایەوە سیاسەتێکی ئاسیمیلاسیون لە ڕووی نەخشە و پلان بۆ داڕێژراو و ڕێک و پێک لە ئاست کوردان دە کار دایە ، دیارە ئەوە تەنێ بە فشار و ڕێئاکسیۆن هەڵناسوورێ، تێگەیشتنیش گرینگە، یانی تێگەیشتنی ئەوەی کە زمانی ئێمە ناسنامەی ئێمەیە و هەبوونی ئێمەیە  و کاتێک ئەو نەبێ ئێمەش نامێنین .
قازی: باشە، سەیدا یێ ڕێشاد ئەمن دەزانم بەڕێزت جگە لە تەرجومە و کار لە سەر زمانی میدیایی، وەکوو دیکەش بە شێوەیەکی زۆر کاریگەر تۆڕی کۆمەڵی بەکار دەهێنی وەکوو یووتووب بۆ پێشخستنی زمانی کوردی. ئەگەر دەکرێ هێندێک ئەوەش باس بکەی، بە چ شێوەیەک ئەو کارە هەڵدەسووڕێنی؟
سۆرگوڵ: ئەمن زیاتر بەرهەمی ڕابردوو، کاری کلاسیک ،شێعر، دیارە کتیبیش هەن، وەک مەلایێ جزیری، ئەحمەدی خانی ، کتیبی باشی ڕۆمان، چیرۆک، چیرۆکی منداڵان ئەوانە بە دەنگ دەخوێنمەوە مووزیکیان لە سەر دادەنێم، دیمەن و وێنەشیان لە سەر دادەنێم ، دیارە ئەو کارانە وەک هۆبی دەکەم، ئەوەندەی دەرفەتم هەبێ. کارێکی تایبەتی نییە، وەک هۆبی ئەوانە ئامادە دەکەم. و ئامانجیشم ئەوەیە بتوانم لە نێوان وەچەی ئەمڕۆ و ڕابردوو دا پێوەندییەک ساز کەم. چونکوو لە سەر ئەو باوەڕەم ، هەموو شت لە سەر ڕیشەی خۆی شین دەبێ، ئەگەر لە ڕیشەی خۆی داببڕێ مانای خۆی لە کیس دەدا و ئامانجی ئێمەی ئینسان لەم دنیایە دا ئەوەیە مانا بە شتان بدەین چونکە ئەگەر ئەوە نەکەین دەتوانین بڵێین هەموو شت درۆیە. وێنەیەک لە کاری هەرە دوایی کە ئەمڕۆ تەواوم کرد هەڵبەستێکی "عوسمان سەبری" یە ، عوسمان سەبری تێکۆشەرێکی سەدەی ڕابردوو یە ، پێم وایە زۆر کەم کەس هەبن ئاگایان لە هەڵبەستەکانی وی بێ. ناوی شێعرەکەی " فەلەکا بێ بەخت " بوو ، ئەمڕۆ ئامادەم کرد بڵاوی دەکەمەوە. مێتۆدی کارەکەم ئاوایە. لە پێشدا تیکستێک هەڵدەبژێرم، هێندێک دەیخوێنمەوە و پێیدا دێمەوە وفکرێ لێ دەکەمەوە چۆنی کار لە سەر بکەم، دوایە ئەو مووزیکەی لێی بوەشێتەوە بۆی لە بەرچاو دەگرم و هێندێک وێنە بەپێی ناوەرۆکی بابەتەکە پەیدا دەکەم  و دا دەنیشم و مونتاژی دەکەم.

قازی
: باشە بەڕێز ڕێشاد سۆرگوڵ، گەلێک سپاس بۆ بەشداریت لە بەرنامەی ڕاوێژ دا!
سۆرگوڵ: منیش سپاست دەکەم.
قازی: بینەرانی خۆشەویست هیوادارم ئەم وتووێژەمان لەگەڵ بەڕێز مامۆستە ڕێشاد سۆرگوڵ کەلکی خۆی هەبووبێ و توانیبێتی تابڵۆیەکی گشتی بکێشێتەوە  لە سەر بەکار هێنانی زمانی کوردی بەتایبەتی شێوەزاری کورمانجی لە مێدیا دا. تاکوو "ڕاوێژ" ێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.
=========================================================
 تێبینی: ئەو هاوپرسەکییە  لە ئێوارەی یەکشەمە ٢٦ی زووییەی ٢٠١٥ لە بەرنامەی ڕاوێژی تێلێڤیزۆنی ستێرکدا بڵاو بووەتەوە. بۆ دیتنی ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە و بەرنامەکانی پێشوو دەکرێ سەرهەڵێنن  لە حیسابی " ڕاوێژ " لە تۆڕی کۆمەڵی یووتویووب و هەر وەها لاپەڕەی " ڕاوێژ" لە فەیس بووک دا .