Friday, November 8, 2019

وتوێژی پرۆفێسۆر عەبباس وەلی لەگەڵ شاهید عەلەوێ لە بەرنامەی تێلێڤیزیۆنی "ڕۆژەڤ " ی ڕادیۆی دەنگی ئەمریکا، دووشەمە ٤-ی نۆڤامبری ٢٠١٩

 وتوێژی پرۆفێسۆر عەبباس  وەلی لەگەڵ شاهید عەلەوێ لە بەرنامەی تێلێڤیزیۆنی  "ڕۆژەڤ " ی ڕادیۆی دەنگی ئەمریکا ، دووشەمە ٤-ی نۆڤامبری ٢٠١٩
شاهید عەلەوی: کورد چ وانەگەلێک لەم ڕووداوانەی دوایی وەردەگرێ؟ سڵاوتان لێ بێت و بەخێر بێن بۆ بەرنامەی ڕۆژەڤ. ئەوەی لەم حەوتە دواییانە دا لە ڕۆژئاوا ڕوویدا، داگیرکاری ڕۆژئاوا لە لایەن تورکیاوە، پێشتر بێ ڕێزی بە دەرەنجامی ڕێفراندۆمی ٢٠١٧ لە هەرێمی کوردستان ، و پێش ئەوەش کاولکردنی هەندێک لە شارە کوردنشینەکان لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا بە ڕوونی دەرئەنجامی سیاسەتی سەرکوتکردنی کورد و دەنگ و ڕەنگی جیاوازی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت بوو ، کورد و ڕێکخراوەکان و ڕێبەرانی ئاخۆ هیچیان پێ دەکرا پێش بەو سەرکوتانە بگرن و ئەو خەسارە گەورانە؟ ستراتێژی یان تاکتیکی هەڵە یان لانی کەم نەگونجاو لەگەڵ واقعی سیاسی لە لایەنی کوردییەوە چەند کاریگەری بووە لە سەرکەوتنی پلانی لایەنی سەرکوتگەر؟ کورد لەم ڕووداوانە دەتوانێ چ دەرسگەلێک وەر بگرێت و ئاخۆ ئەم دەرسانە دەتوانێت ببێتە مێژوو بۆ ئەوەی هەڵەکان دووپات نەکرێنەوە.
ئازیزان! بۆ باس لە سەر ئەم تەوەرە ئەمڕۆ لە بەرنامە میوانداری بەڕێز دوکتور عەبباسی وەلی پرۆفێسۆری تێئۆرییەکان و دام و دەزگا مۆدێڕنەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکەین کە لە ئەستەنبووڵەوە لە گەڵمان دەبێت،
دوکتور عەبباس بەخێر بێن.

وەلی: سپاست دەکەم ، زۆر مەمنوون

عەلەوی: زۆر سپاس بۆ ئامادە بوونت دوکتور گیان. وەک پرسیاری سەرەتایی ، ئەوەی کە ڕووی داوە لەم دواییانە بە تایبەت لە ڕۆژئاوا. هێرشی تورکیا بۆ ڕۆژئاوا و داگیر کردنی هەندێک لە شارەکانی ئەو ناوچەیە و هەر وەها  کووژران و ئاوارە بوونی کەسانێکی زۆر. بە سەدان کووژراو و بە سەدان هەزار ئاوارە. ئێوە سەرەتا سەرەرای ئەو هەستە دژی کوردە کە ڕەنگە لە دەسەڵاتی تورکیا هەبێ ، هەشە گومانی تێدا نییە ، و ئەو پلانە سیاسییانەی کە ئەردۆغان پەیڕەوی دەکات ، چەندێکی دەگەڕێننەوە، جگە لەوە بابڵێین هۆکاری سەرەتایی و ئەسڵی ، چەندی دەگەڕێننەوە بۆ هەڵەی ستڕاتێژی و تاکتیکی کورد لە بەڕێوەبردنی دەسەڵات لەو ناوچەیە؟

وەلی: بە باوەڕی من کولی مەسەلەکە لەوەی زۆر قووڵترە، ئەوە دەگەڕێتەوە سەر تەبیعەت و ماهییەتی ویستەکان و تەقازاکانی کوردان دە چوارچێوەی سیاسی و ژێئۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی ئەو ووڵاتانەی کە حاکمن بەسەر بەشەکانی کوردستانێ دا. پاش ١٩١٨ بە تەرتیبێک مەسەلەی دەوڵەتی کوردی لە ئەجێندای سیاسەتی کوردی دەر کەوتووە و جێگای وەی دراوە بە مەسەلەی ئۆتۆنۆمی یا خودموختاری یا حوکمی زاتی یا هەر چییەکی کە نێویان ناوە جێگای وەی گرتووەتەوە. ئەو کەسانەی کە وەدوای وەی کەوتوون بە داخەوە کولییەت و ئیمکاناتی تەحەقوقی ئەو پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی بە باشی بە باوەڕی من شی نەکراوەتەوە. ئەوەیکە لە بەر وەی پڕۆژەیەکی ئۆتۆنۆمی لە عێڕاقێ ، لە تورکییەی ، یا لە ئێرانێ ، یا سوورییەی موحەقەق ببێ چ پێویستە؟ چ شەرایتێکی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و هەر وەهاشەرایتی سیاسی و ژێئۆپۆلیتیکی ناوچەی پێویستە. ئەوەی کە موسەلەمە پاش ١٩١٨ کە کوردستان ، خاکی کوردستانی بووەتە چوار بەش، هەر بەشەی تایبەتمەندی خۆی پەیدا کردووە، لە بەر وەی کە لە ژێر دەسەڵات و سیستمی سیاسی و ئابووری حکوومەتەکانی جیاواز بوە و ئەوان بەو شێوەیە لە سەر ژیانی خۆیان بەردەوام بوون. و ئەو پێوەندییانەی کە دەگەڵ حکوومەتی مەرکەزییان هەبووە ، ئەو سیاسەتانەی کە حکوومەتی مەرکەزی لە سەر وانەی ئێعمال کردووە تایبەتمەندی جیاوازی داوە بە وان . جا بۆیە ئەمن نەزەرم ئەوەیە کە یەک تێئۆری گشتی  کە بتوانێ بۆ تەواوی بەشەکانی کوردستانێ قابیلی ئیجرا بێ، بە باوەڕی من تێئۆرییەکی ئاوا گشتی ناتوانێ واقعەن وجودی بووبێ. وە هەیە ئەڵبەتە بە باوەڕی من دروست نییە، هەر بەشەی کوردستانێ تایبەتمەندی خۆی هەیە ، ئەو تایبەتمەندییە دەبێ لە بەر چاو بگیرێ. مونتەها ئەگەر بێینەوە سەر مەسەلەی  پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی هێندێک مەسائیلی گشتی هەیە کە دەبێ لە بەر چاو بگیرێ. ئۆتۆنۆمی تایبەتمەندی هەیە و ئەو تایبەتمەندیانە شەرایت و ئیمکاناتی خۆی دەوێ. یەکێک لەوانە ئەوەیە کە ئەو پڕۆژە هەر ئەو جوورەی مەسەلەن لەو چەند حەفتەی دا لە ڕۆژئاوای دیتمان ئەوەیە کە خودی ڕۆژئاوا و ئەو حکوومەتەی کە بۆیان داناوە، ئەو ئەنیستیتووشنانەی دایان ناوە . دە پێوەندی و دە قیاس دەگەڵ ئەوەیکە لە شەرقی ئەوسەت وجوودی هەیە ، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وجودی هەیە زۆر پێشکەوتوو و زۆر دێمۆکڕاتیکە. هەرواتر ئەو پڕۆژەی کە بۆ تورکییەی داندرا، هەر واتر ئەو پڕۆژەیەی کە بۆ ئێرانێ داندراوە و هەر واتر ئەو پڕۆژەیەی کە لە عێڕاقێ ئیجرای دەکەن. وەزعی مەسەلەن کوردستانی عێڕاقی ، کوردستانی باشوور بە حەموو کەم و کاستییەکانی خۆی ئێستا زۆر لە حکوومەتی مەرکەزی وەزعی دێمۆکڕاسی و ئازادیی لە حکوومەتی مەرکەزی باشترە. وەلی ئەوەی کە موهیممە ئەو ئۆتۆنۆمییە ئەگەر موحەقەقیش بێ ناتوانی بە بێ تایبەتمەندی ، پێوەندی هەیە لەگەڵ حکوومەتی مەرکەزی. ئەو تایبەتمەندییەی کە لازمە ئەوەیە کە ئەو حکوومەتی مەرکەزییە دەبێ حکوومەتێکی دێمۆکڕاتیک بێ ، دوەم ئەوەیە کە ئۆپۆزیسیۆنی غەیری کورد دە داخڵی ئەو حکوومەتەی دا دەبێ ئۆپۆزیسیۆنێکی دێمۆکڕاتیک  بێ. شتێکی وا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبووە و ئیحتیمالی وەی کە ببێ بە باوەڕی من زۆر کەمە. و شایەد بە تەرتیبێکی لە ئێرانێ پاش مەسەلەن ئەو حکوومەتەی تا فەترەیەکی شتێکی وا بێتە پێشێ.

عەلەوی: دوکتور عەبباس ببوورە . لێرە دا باشە ئەگەر بەڕێوەچوونی ئەو پڕۆژە پێشکەوتووە وەک ئێوە دەفەرموون  پێویستی بە دەسەڵاتێکی دێمۆکڕات و ئۆپۆزیسیۆنێکی دێمۆکڕاتە ، ئەوەی کە ئێستە نییە ئەی کورد چی لە بەر دەست دایە ، ئەبێ ‌هەوڵ بۆچی بدا؟ کە واتە ئێوە دەڵێن ئەو پڕۆژە لەگەڵ واقعی سیاسی ئەو ناوچەیە ناخوێنێت پێشنیاری ئێوە وەک پرۆفێسۆری زانستی سیاسی و تیئۆری سیاسی چییە ؟ ئەبوایە چی بکردایە دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی ، دەسەڵاتی خۆسەری کوردی لە ڕۆژئاوا؟ ئا لە ئێستە دا باسی ڕۆژئاوا دەکەین جا دەچینە سەر باشوور و باکووریش. چی بکردایە بۆ ئەوە کە ڕەنگە پێشی بەم  بابڵێین هێرشە بگردایە یان لانی کەم  زیانەکانی کەمتر بکردایەتەوە ، یا بیتوانیایە پشتگیرییەکی زیاتری جیهانی وەربگرێ؟


وەلی: ئەو وەزعەی کە هاتووەتە پێشێ لە ڕۆژئاوای ، یان وەزعێک کە لە کوردستانی باشوور هاتە پێشی لە ساڵی ١٩٧٥ی، لە ساڵی ١٩٩١ی، لە دوایە ئەو وەزعەی کە پاش ڕێفراندۆمێ هاتە پێشێ ئەوانە حەموو یەک شتی سابیت دەکا ئەویش ئەوەیە کە تێئۆرئ ئۆتۆنۆمی دە ئەسڵ دا ئەگەر لە نەزەر ستراتێژیکەوە، ژێئۆپۆلیتیکەوە تەماشای بکەین یانی ' سوڵحی موسەلەح ' . سوڵحی موسەلەح یانی بەو مانایەی حکوومەتی مەرکەزی دەکەڵ ئەو حکوومەتەی لە بەشی ئۆتۆنۆمی کوردستانێ دا دادەمەزرێ دە شەرایتێکی سوڵحی موسەلەح دایە. سوڵحی موسەلەح بەو مانایەیە ئەوەی کە ئەهەمییەتی هەیە لێرە هێزی نیزامی - سیاسی یە. ئەوە ئەگەر لە تەڕەفی کوردانەوە فاییق نەبێ ئیحتیمالی وەی هەمیشە پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی دە خەتەر دا دەبێ. چون سوڵحی موسەلەح هەمیشە لە سەر باڵانسی وەحشەت و ترس داندراوە. و ئەو وەحشەت و ترسەش هەر سەعات و هەر لەحزە ، لە بەر وەی کە تەوازونی قوا دەگۆڕدرێ ئەو باڵانسەش دەگۆڕدرێ . ئەمە ئەوەمان دیوە، ئەلئانەکەش دیومانە کە لە ڕۆژئاوای تەواوی ئەو شتانەی کە داندرابوو ، دروست کرا بوو ، جێگای ڕێز بوو ، جێگای ئیفتیخار بوو، ئەمن زۆر پێم خۆش بوو ، زۆر پشتیوانیم لێ کرد ، بۆ من زۆر جێگای تەحسین بوو. وەلی ئەوانە  حەموو دە یەک لەحزەی دا پاش وەی کە سەرۆک تڕامپ ئەو قەرارەی دا ، ئەوانە حەموو بوونە مەسەلەی حاشییەیی. ئەوەیکە هاتە پێشێ و گرینگ بوو هێزی نیزامی بوو.

عەلەوی: کاک عەبباس ، وە ئەسڵەن کورد چ ئیمکانێکی هەیە بۆ ئەوەی کە هێزی نیزامی هەبێ کاتێک کە دەسەڵاتی سەربەخۆی نییە؟

وەلی: بە باوەڕی من ئیمکانی نییە ئەمە پڕۆژەی ، وەدوای پڕۆژەی خودموختاری بکەوین یا ئۆتۆنۆمی یا حوکمی زاتی بکەوین و ئەمە نەتوانین هێزێکی نیزامی زۆر زۆر قەوی کە حەدی ئەقەل باڵانسەکەی دەگەڵ مەرکەزێ ڕابگرێ ، دەنا مەرکەز هەر ئان خۆی دابمەزرێنێتەوە بە تەڕەفی ئێمە دێ ، یا شەڕایتی مەنتەقە ئاوایە . لە لایەکی دیکەشەوە تەماشای بکەین. ئەمە چ پێمان خۆش بێ پێمان خۆش نەبێ تەواوی قەوانینی حقووقی بەینەلمیلەل لە حاکمییەتی میللی بەستراوەتەوە، کە لە دەوڵەتی مەرکەزی یە. وەختێکی کە قەیران دەبێ، کوردەکان موشکیلیان بۆ دێتە پێشی ، کوردەکان ناتوانن بە عینوانی مەسەلێکی سیاسی خۆیان مەتڕەح بکەن، هەمیشە بە سووڕەتی مەسەلەیەکی ئینسانی خۆیان مەتڕەح دەکەن. هەموو کەس حازرە تەماشای مەسەلەی کوردان بکا ، ئەوەیکە بە سەریان دێ وەک مەسەلەی ئینسانی ، وەلی تەواوی چەمکەکانی حقوقی بەینەلمیلەل ، تەواوی چەمکەکانی قەوانینی بەینەلمیلەل ، ئەوەی کە دەبێ لەوەی بەرگری بکا، لەوەی حیمایەتێ بکا دە ئیختیاری حاکمییەتی میللی دایە. ئەوە مەسەلەیەکی گەورەیە دە سیاسەتی بەینەلمیلەلی دا بۆیەیە کە مەسەلەی چەمکی ئەقەلییەت چەمکێکە کە دروست کراوە ، کە ئەو کەسەی کە بە ئەقەلییەت دەناسرێ دە چوارچێوەی حقووقی بەینەلمیلەل دا هەمیشە دە حاشیە دا دەمێنێتەوە .  لەبەر وەی ئەمن پێم وایە کە ئەرکی گەورەی ڕەوشەنبیرانی کوردە، ئەوانەی کە بێن لە باتی ئەوەی وەدوای کیشی شەخسییەت و نازانم ئەو جوورە شتانە بکەون دەبێ واقعەن دانیشن لەو مەسەلەیەی بکۆڵنەوە. مەسەلەی سەربەخۆیی و دەوڵەتی سەربەخۆ پاش ساڵی ١٩١٨ چووە حاشییەی ، نەمردووە ، ئێمکانی دەبێتەوە ئەگەر سیاسەتێکی تایبەتی بێ ،  وەلی هێزەکانی کوردی، سەرۆکایەتی کوردی ئەوەیان بردە حاشییەی. لە جێگای وەی ئێمە هاتین ئۆتۆنۆمیمان دانا. ئۆتۆنۆمی بە بێ ئەوەی کە ئێمە هیچ جوورە تەحلیلێکی تێئۆریک لە سەر دامەزراوێکی ئۆتۆنۆمی بەو شێوەی کە لازمە بیکەین. مەسەلەن لە تەواوی ڕۆژئاوای دا زۆر باش ئەو ئینستیتووشنانەی داخلی کوردستانێ باش داندراوە ، مەسەلەی موساواتی جینسی، مەسەلەی دێمۆکڕاسی ئیقتیسادی. ئەوانە هەموو عالین وەلی مەسەلە ئەوەیە کە ئەو مەنتەقە بە زاتی خۆی، بەو شێوەی ناتوانێ سەربەخۆ ڕاوەستێ. ئێمە دەبێ فکرێکی دیکەی بۆ بکەینەوە.

عەلەوی: دوکتور عەبباس، ئە لێرە دا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە ، ئەوە ناتوانێ بە پێی ئەو خوێندنەوە تێئۆرییەی کە ئێوە هەتانە. ئەی لە هەلومەرجێکی ئاوا دا هەر ئەو کوردە کە هێزی سەربازی تایبەت و پوختەی نییە بۆ ڕاگرتنی باڵانسی هێز چۆن دەتوانێ هەنگاو هەڵبگرێ بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ ؟ باشە پلانی ئۆتۆنۆمی بەو شێوازە شکست دەهێنێ چون هەر کات کە دەسەڵاتی ناوەندی  هێزەکەی بێتەوە سەر جێگەی خۆی هێرش دەکا تێکی دەشکێنێ ، ئەی هەوڵدان بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ لە هەلومەرجێکی ئاوا دا ئەویش دەتوانێ سەرکوت کرێ هەر بەو شێوازە.

وەلی: بە باوەڕی من دەبێ ڕێگایەکی دیکە بۆ ئەو مەسەلەی ببیندرێتەوە. ئەمن ناڵێم کە مەسەلەی ئۆتۆنۆمی فڕێ بدەن ، ئەو تێئۆریانەی کە داندراون . ئەگەرچی بە نەزەری من ، ئەڵبەتە ئەمن ئەوەشم نووسیوە، بڵاویشم کردووەتەوە ، دیسان لە سەری قسان دەکەم چون لازمە ، ئەگەرچی زۆر کەس پێیان خۆش نەبێ. وەلی ئەو تێئۆریانەی ئۆتۆنۆمی ، دێمۆکڕاتیک ئۆتۆنۆمی ئەوانەی کە داندراون هەڵەی گەورەیان تێدایە. ئەو هەڵانە موشکیلاتی ئەساسی دێنێتە پێشێ . لە باتی ئەوەی کە چەپڵە ڕێزانێ بکەن و لە ژێر ئاڵای ئەم کەسەی و ئەو کەسەی بێن و بڕۆن وەزیفەی فکری ڕەخنەگری ، ڕەوشەنبیری کوردی یە کە دانیشن ئەو تێئۆرییانە لێک بدەنەوە، ئەمە ئەلئان ئەوە هاتووەتە پێشێ. ئەگەر ڕۆژئاوا نەجات نەدرێ ، بە باورێ من ئەوە دیسان ئەوەی موسەجەل دەکا وەکوو ئەو وەزعەی کە دووساڵ لەمەو بەر لە ٢٠١٧ی لە باشووری هاتە پێشێ ، لە ٢٠١٥ و ٢٠١٦ی لە باکووری هاتە پێشێ ، ئەوانە تەسادوفی نین ئەوە فەقەت ئەوە نییە کە ئەو کەسانەی کە ئەو شتانە ئیجڕا دەکەن هەڵەی دەکەن و ئیشتبایە دەکەن. ئەوە بەو مانایەیە کە بۆچوونەکەی مە ، تێئۆرییەکەی مە ، ئەوەیکە ئێمە چۆن حقووق و مەسائیلی خۆمان دەو وەزعەی ئێستا دا موشەخەس بکەین، ئارتیکولەیتی بکەین ، تێئۆرایزی بکەین ، مەعلوومی بکەین ، دە پڕۆسەی سیاسی دا ئەوانە وارید بکەین. ئەوە کارێکی دەوێ، ئەو کارە دەبێ بە دروستی بکرێ ، مەسەلە ئەوە نییە کە حەموو کەس ،ئەتۆ هەر کەسێکی لێی پرسی ، تەواوی ئەلئانەکە لە باشووری ، لە باکووری ، لە ڕۆژهەڵاتی ، لە ڕۆژئاوای دێمۆکڕاتترین بەشی کۆمەڵگای ، یانی لە نەزەر فەرهەنگی دێمۆکڕاتیکەوە پێشکەوتووترین بەشی ئەو کۆمەڵگایانە کوردەکانن بە بێ تەڕدید. 


عەلەوی: دوکتور عەبباس ببوورە ، ئەوە ڕوونە دەفەرمووی کە ئەو تێئۆرییە بیری باشی لێ نەکراوەتەوە، وەک تێئۆری وەک بابڵێین وەک بەرنامەیەک لەو چوارچێوە سیاسییەی ئێستا دا ، لە ژێئۆپۆلیتیکی ناوچەکە دا شانسی سەرکەوتنی نییە چون باڵانسی هێزی نییە. پرسیارەکەی منیش هەر لە جێی خۆی دایە. ئەوە لە هەرێمی کوردستانیش بیندرا ، دوای رێفراندۆمیش باڵانسی هێزەکان شێوا ، حەشدی شەعبی  و دەسەڵاتی عێڕاقی هاتنەوە کەرکووکیان گرد و جیهانیش لە بیری چووەوە کە هەرێمی کوردستان چۆن یارمەتی داوە بۆ تێکشکانی داعش لە مووسڵ و لەو ناوچانە لە عێڕاق دا. ئەو شەڕە قارەمانانە کە پێشمەرگە کردوویەتی. ئەو دەسەڵاتە بە نیسبەتی ناوەندا ،  ئارام و ئەهوەن  و ئاسایشە تا حەدێک دروستی کردووە باشە دەی خۆ  کە واتە هەوڵدان بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ کێشەی هەیە ، پێشنیاری ئێوە چییە ؟  کورد ئەبێ ئا لەو هەلومەرجە دا داوای چی بکات بۆ ئەوە شانسی سەرکوتکردنی کەمتر بێتەوە ؟

وەلی: ئەڵبەتە باشوور وەزعێکی تایبەتی هەیە . ئەمن  شەخسەن باوەرم بەوەیە کە باشوور دوو جاران ، دوو جاران ئەساسەن  فورسەتێکی زێرینی سەربەخۆیی لە دەست دا. یەک پاش ڕووخانی سەدامی بوو ، یەکیش ئەو کاتەی کە مەسەلەی داعشی هاتە پێشێ. ئەو دەمی دەبوو ئەو کارە بکرابایە ، نەکرا، ئەلئان لە دەست چوو. شایەد فورسەتێکی دیکە بێتە پێشێ. وەلی مەسەلێکی دیکە ئەوەیکە ئەمن کە دەڵێم دەبێ ڕێگایەکی دیکە ببندرێتەوە ئەمە دەبێ لە ئێستاوە، ئەمن تەعەجوب دەکەم کە مەسەلەن لە مەوریدی ڕۆژئاوای دا ، دە مەوریدی باکووری دا ، دە مەوریدی ڕۆژهەڵاتی دا فکرێک یان فکرگەلێک کە بێن ئەو وەزعەی تەحلیل بکەن  زۆر زۆر کەمە . ئەمن ئەوەم عەینەن بە هێزەکانی مەسەلەن کوردیی ڕۆژهەڵاتی دەڵێم ، چل ساڵە ، سی ساڵە ، چەندە چل ساڵە ڕێگایەکی تازە نەبیندراوەتەوە ، ئەمە هەر دەیکوتین  دەیکوتین ، ئۆتۆنۆمی ، فێدرالیزم فڵان و ئەوانە ، وەختێکی دێی دەڵێی کاکە ئەو وەزعە ئەگەر بتەوێ ئەوانە موحەقەق بکەی موشکیلاتەکەی ئاوایە قبوڵی ناکەن. دە مەوریدی باشووریش دا ئەوە هاتووەتە پێشی ، دەمەوریدی ڕۆژئاواش دا کە ئەمن هەرچێکی هەڵام کرد گوتم کە ئیمکانی وەی کەئەمە سیستمێکی ئۆتۆنۆمی دێمۆکڕاتیک دابمەزرێنین کە لە نەزەر تێئۆریکەوە دەگەڵ حکوومەتی مەرکەزی یا دەسەڵاتێکی سیاسی بەرزتر کە لەوێ هەیە ڕابیتەی دەروونی نەبێ ئیمکانی نییە کەس جوانی ئیمەی نەداوە. تەوەجوهێ دەکەی بۆیە مەسەلەکە ئەوەیەکە، تا حەدێکیش دەگەڕێینەوە سەر ئەوەیکە  فەرهەنگی کوردی ڕوو بە دەرەوە دێمۆکڕاتیکە ، دە ژوورەوەی خۆیدا ، دە فەرهەنگی سیاسی کوردیدا دێمۆکڕاتیک نییە. مەسەلە ئەوەیە کە تا حەدێکی زۆر هێزەکانی کوردی ئیمکانی فکری ڕەخنەگر لە بەین دەبەن. ئەو جۆرەی کە لازمە بڵێی برای من ئەو وەزعە موشکیلە، ئۆتۆنۆمی لە حەموو جێگایەکی ئەتۆ فکری لێ بکەوە ئۆتۆنۆمی لە سەر بنەمایەکی زۆر بە عاستەم داندراوە بە نێوی ' سوڵحی موسەلەح ' . ئێمە لە باشورێ چەند جار ئەوەمان دیوە.

عەلەوی: یانی عەینی ئەو ئەزموونە لە باشووریش دا بووە کاتێک کە دەسەڵاتی ناوەندی ، با بڵێین ئیرادەکەی  خۆی چەسپاند هێزەکەی زیاتر بوو ، هەم گومرگەکانی وەرگرتەوە، هەم کەرکووکی لە کورد سەندەوە ، هەم بەو شێوازە ئێستاش ئەو ١٧ دەر سەد تەنانەت پارەی نەوتەکەش نادا ، کەمی کردووەتەوە وەک بەرپرسانی هەرێم دەڵێن . کە واتە لە ئێران دا ، ئەگەر بچینە سەر ئێران ئەوە باسی ڕۆژئاوا و باکوور کرا ئەو ئەزموونانەی کە دیویانە ، ئەو کاولکاریانەی کە بە سەر کوردا هاتووە و ئەوەش لە باشوور دا کە فەرمووتان دوو جار هەڵە کراوە. بۆ ڕۆژهەڵات چی ، لە ڕۆژهەڵات حیزبەکان دەڵێن ئێمە داوای فێدرالیسم دەکەین بۆ ئێران و ئێمەش بە شێوازێک وەک باشوور بەشێک لەو فێدراڵە بین . پێت وایە ئەوە لەگەڵ واقعی سیاسی دەگونجێ یا ئەمەش هەر خەون و خەیالێکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە باش بیر نەکراوەتەوە لە بابەتەکە ؟

وەلی: خەون و خەیاڵ بەو مانایەی کە تێئۆری ، پڕۆژە هەمیشە شەرایتی تەحەقوق و ئیمکانی لازمە. دەبێ عیسان فکر بکاتەوە ئەو تێئۆرییەی کە دا دەنێ لە عەمەل دا شەرایتی تەحەقوقی وەی چییە؟ ئەگەر لە من پرسن کە شەرایتی تەحەقوقی پڕۆگرامێکی ئۆتۆنۆمی یا فێدرالیسم لە ڕۆژهەڵاتی دا چییە ؟ ئەمن دەڵێم دە دەرەجەی ئەوەڵ دا بوونی حکوومەتێکی دێمۆکڕاتیک. دە دەرەجەی دووەم دا ئەساسەن  بوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی دێمۆکڕاتیکی غەیری کورد کە ئەوەندە دێمۆکڕاتیکە کە حازرە تەقازاکان و ویستەکانی کوردی قبووڵ بکا و لە پڕۆسەی خۆیدا بیهێنێتە ژوورێ. یا ئەوەیە ، یا دەبێ سیاسەتی کوردی بە ئەندازەیەکی لەوێ قەوی بێ  کە بتوانێ ئەو مەسائیلەی بە سەر وانە دا دابسەپێنێ ، پێیان بقبووڵێنێ . هیچ یەک لەوانە دە شەرایتی فێعلی دا وجوودی نییە. با وجودی وەی کە وجوودی نییە  ئەمە حازر نەبووین کە بێین دانیشین ، لێکۆڵینەوە بکەین ، تێئۆرییەکی دیکە ، ڕێگایەکی دیکە پەیدا کەین. مەسەلەکە ئەوەیە ئەمن پێم وایە کە ئەو کەسانەی لە ئێران، لە چوارچێوەی ئێرانێ دا حازرن مەسەلەی فێدرالیسم قەبووڵ بکەن و بۆی حازرن بێنە پێشێ، دە کولی سیاسەتی ئەوڕۆی ئێرانێ دا وە حەتتا پاش ڕێژیمی جمهووری ئیسلامی هێندە هێزێکی بە هێز نین. لە ئێستاوە ئێمە دەبێ بزانین ماهییەتی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانێ چییە. ئەلئانەکە لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانێ بە غەیری بەشێکی زۆر کەمی ، باقییەکەی ئەگەر هەر جورەی باسی  مەسەلە حەتتا عەدەمی تەمەرکوزی سیاسی دەکەی ئەوانە هەڵدەبەزنەوە. مەسەلەکەش ئەوەیە پاش شۆڕشی ئێرانێ، پاش ئینقیلابی ئێرانێ ئۆپۆزیسیۆنی دێمۆکڕاتیک و چەپی ئێرانێ خسڵەتێکی ناسیۆنالیستی فارسی پەیدا کردووە ، تەوەجوهێ دەکەی. ئەلئانەکە هەتا کەس حازر نییە ، بەشی زۆری وانە مەسەلەی خوێندن بە زمانی دایکی ئەوەش حەتتا حازر نین قبووڵ بکەن. دە شەرایتێکی ئاوا دا ئەمن فکر دەکەم کە مەسەلەی وەی کە حکوومەتی دێمۆکڕاتیکم دەوێ وە خودموختارێکی دێمۆکڕاتیکم لەوێ دەوێ یا فێدرالیسمم دەوێ ، دە دەرەجەی ئەوەڵ دا وەختێکی ئەوانە ئاوا گوێی خۆیان دا دەخەن ئەوە دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە ئەمن چەندە قەویم چ قودرەتێکم هەیە.

عەلەوی: ئەی باشە دوکتور عەبباس ببوورە لێرە دا کە واتە ئێما ناتوانین بۆ ئۆتۆنۆمی چالاک بین ،لە ڕاستی دا نە ئەو هێزمان هەیە بەرەنگاری دەسەڵاتی ناوەندی بکەین . نە دەسەڵاتەکە دێمۆکڕاتیکە . ئەوەشی کە بە حیساب قەرار بوو دێمۆکڕاتیک بێ دەسەڵاتی ناوەندی ئێران دیمان چۆن لەگەڵ با بڵێین ڕێفراندۆمێکی گشتگیر و بە دەنگێکی زۆرەوە هەڵسوکەوتی کرد . ئەمە یانی نائومیدی کە واتە هیچ ڕێگایەک نامێنێتەوە ئیتر.

وەلی: نا ئەوە نائومێدی نییە. بە باوەڕی من ئەوە بەو مەعنایەیە کە ئەمە مەسەلەیەکی زۆر گرینگمان لە پێشە، دەبێ فکرێکی ئەساسی لەوەی بکەینەوە . مونتەها ئەوە بە یەک نەفەر ناکرێ. هەم هێزەکانی سیاسی دەبێ بەو قەناعەتەی بگەن کە پێویستە ڕێگایەکی تازە ببیندرێتەوە ، هەم ڕەوشەنبیرەکانی کوردی  دەبێ ڕێگایەکی ببیننەوە کە چۆن تەقازاکانی کوردی دە چوارچێوەی پڕۆسەیەکی دێمۆکڕاتیک دا ئارتیکولە بکەن. مەسەلەن بە نەزەری من باشترین ڕێگا دەو مەوریدەی دا ، دەو چەند ساڵانە دا دیومە لە کوردستانێ دا کراوە مەسەلەی ئەو ڕێگایە بوو کە هەدەپە وە پێشی گرت . وەلی ئەوەش وای لێ هات کە مەسەلەکە وەختێکی حکوومەتی مەرکەزی تا ئەو جێگایەی هاتە پێشێ کە دیتی بە نەفعێتی وەختێکی کە دیتی ، ئاغای ئەردۆغان ، حکوومەتی ئاکەپەی دیتیان مەسەلەی کوردی ڕەئیان بۆ ناهێنێتەوە  دە عەرزی یەک ڕۆژ دا هەموو شتێکیان ئینکار کرد ، پشتیان تێ کرد و ڕوویان  لە کارتی ناسیۆنالیزمی تورکی کرد . مەسەلەکە ئاوایە . دە سووڕەتێکی دا کە هێزی کوردی لە تورکییەی ئەگەر موبیلایز بکرێ، کە ئیحتیمالی هەیە بکرێ هێزێکی یەکجار گەورەیە. یەک نەفەر لە چوار نەفەران لە تورکییەی، حەدی ئەقەل یەک لە چواران کوردە تەوەجوهێ دەکەی. ئەوە بە مەعنای هێزێکی زۆر عەزیمە ، وەلی مەسەلە ئەوەیە کە ئەمە خۆمان بەستووەتەوە لە یەک سیلسیلە مەسائیلی تێئۆریک و ئێمە باسی بەرخوەدان دەکەین بێ ئەوەی کە بزانین بەرخوەدان شەرایتەکەی چییە. مەسەلەکە ئەوەیە. ئەمن واقعەن زۆرم پێ خۆش بوو کە دیتم ڕابەرایەتی کوردی لە ڕۆژئاوای دەو دوو سێ حەفتەیەی دا بلووغێکی سیاسی باشی لە خۆی نیشان داوە، دەیەوێ خۆی بپارێزێ ئەمن ئەوەم زۆر پێ باش بوو، دە موقابیلی وەی دا ئەمن گوێم دا قسەکانی یەکێک لە کەسانی ڕێبەرایەتی حیزبی کرێکارانی کوردستان کە لە بی بی سی بڵاو بووەوە ، بە باوەڕی من ئەوە مایەی تەئەسوف بوو ، بە نەزەری من ئەو برادەرە هەزاران مایل لە واقعییەتی سیاسی دوور بوو. بە باوەڕی من ئەو کەسانەی کە لە ڕۆژئاوای تەسمیمیان گرتووە لەو چەند ڕۆژانە دا حەدی ئەقەل دەیانەوێ ئەوەی هەیە بیپارێزن وەلی دیسان بگەڕێمەوە سەر وەی کە ئەمن دەڵێم موشکیلی کوردی ئەوەیە وەختێک تێئۆرییەک دەبێ، سەرۆکایەتی لە جێگایەکی ئەوانە حەموو وەدەزانن ئەوە وەحی مونزەلە و نابێ دەستی تێوەردرێ . بە قەولی بە ئینگلیسی دەڵێن  دە سیاسەتێ دا ئەمە گای موقەدەسمان نییە ، هیچ شتێک دە سیاسەتێ دا موقەدەس نییە، حەموو شتێک دەتوانی دەستی تێ وەردەی ، حەموو شتێک ئیسلاح دەکرێ، حەموو شتێک باشتر دەکرێ ، چاکسازی دەکرێ,   زۆر شتی دەبێ فڕێ دەی.

عەلەوی: زۆر چاکە دوکتور عەبباس، ئێستا پێت وایە هێزی کوردی ، لایەنی کوردی . ڕۆشنبیری کوردی ، بە تایبەت ڕێبەران و حیزبەکانی کوردی چەند دەرسیان وەرگرتووە ، چەند وانەیان با بڵێین لەو داڕمانانە ،  هێرشانە و سەرکوتانە وەرگردووە ئەگەر پێی نەڵێین شکست و پێت وایە چەند ئامادەن کە پێداچوونەوەیەکی جیدی بکەن  بە سەر ئەو شێوازە هەڵسوکەوتی سیاسی و بڕیار دانە ، بە سەر ئەو موقەدەس کردنە، ڕێبەرێک لە بەشێک ڕێبەرە ،  بیست ساڵە ڕێبەرە، شکست ئەهێنێ هەر ڕێبەرە ، تێک دەشكێ هەر ڕێبەرە ، حیزبەکە دەڕووخێ  یانی دەمێنێ. ڕێبەرێکی تر لە لایەنێکی تر  تێئۆرییەکانی سەرکەوتوو نابێ لانی کەم  لە عەڕسەی عەمەل دا ؛ ئەوەی کە چەندێ پێشکەوتووە بابەتێکی ترە، دیسان هەر بە پێی قسەی ئەو  دەڕۆنە بەرەوە. حیزبی ترمان هەیە کە  ساڵانی ساڵە دەنگدانی هەیە ، کۆبوونەوە و کۆنگرەی هەیە بەڵام ڕێبەرەکانی هەر ئەو  ڕواڵەتانەن . ڕەخنەش وەک بەڕێزت دەفەرمووی دژوارە. شتێک فێر بووین لەو ڕەوشە ؟ چاوەڕوان دەکەی کە داهاتوومان باشتر بێت؟


وەلی:  بە باوەڕی من ئەگەر کوردان مەسئەلەی سەربەخۆییان وەلا نابێ ، کە وا دیارە وەلایان ناوە  دەبێ ڕێگایەکی غەیری ئۆتۆنۆمی ببیننەوە. ئۆتۆنۆمی  ئەوەیە ، موشکیلەکەی ئەوەیە یانی شتێکی زۆر باشە  وەلی هەلومەرجەکەی ئەگەر ببێ ، ئیمکاناتەکەی ئەگەر ببێ  کە ئەویش ئەوەیە کە عەرزم کردی یا دەبێ  ئەو سەرپووش و ستروکتووری دەسەڵات  لە ژوورەوە تەقی بێتەوە ، لە بەین چوو بێ کە ئەوانە  بێنە دەرێ و ئەودەمیش تازە ئەوەیکە بتوانن بیچەسپێنن یان نا مەعلووم نییە یا ئەوەی کە دەبێ حکوومەتێکی  دێمۆکڕاتیک ببێ دەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنێکی دێمۆکڕاتیک. مەسەلەی ئۆتۆنۆمی زۆر باشە ئەگەر دەگەڵ حکوومەتێکی  دێموکڕاتیکی  وەک ئوڕووپای غەربی ببێ ئەوە عالییە.  و وەلی مەسەلەکە ئەوەیە ئایا دە شەرایتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا  کە دیکتاتۆرەکان حەموو لەوێن و هەمیشەش ئاڵوگۆڕەکان پاش مودەتێکی کەم دەبێتەوە دیکتاتۆری.  ئەمن مەسەلەکەی ئاوا مەترەح دەکەم کە ئەگەر  سەربەخۆیی وەلاندراوە ، مەسەلەی ئۆتۆنۆمیش ئەو موشکیلاتەی هەیە کە موڕەتەب تیکرار دەبێتەوە و دە شەرایتێکیش دا فاجیعە دێنێتە پێشێ ئەو حەموو عالەمە  دەکووژرێ ، ئەو حەموو عالەمە لە بەین دەچن ، ماڵ وێران دەبن ، ئەوانە حەموو لە جێگای خۆی ئێمە دەبێ  ڕێگایەکی دیکە ببینینەوە، ڕێگایەکی دیکە ببیندرێتەوە  کە بتوانێ مافی کوردان  لە چوارچێوەی حاکمییەتی میللی ئەو ووڵاتانە دا بپارێزێ . ئەو ڕێگایە دەبێ ببیندرێتەوە ، وەلی بە شەرتێکی کە دەڵێم دە چوارچێوەی حاکمییەتی میللی دا ئەوانە  بپارێزرێ بەو مەعنایەی  کە زاهیرەن وایە  دەسەڵاتی کوردی ،  سەرۆکایەتی کوردی ، ڕێبەرایەتی کوردی ئەوەی قەبووڵ کردووە کە مەسەلەی سەربەخۆیی نییە خەلاس بوو.

شاهید عەلەوی: زۆر سپاس  دوکتور عەباسی وەلی پرۆفێسۆری  تێئۆرییەکان و  دامەزراوەکانی مۆدێڕنی سیاسی و کۆمەڵایەتی  و ئێوەی ئازیز کە تا کۆتایی  بەرنامە لەگەڵمان بوون تا بەیەک گەیشتنەوەیەکی تر  ژیانتان پڕ لە شادی و سەرکەوتن.

وێبنووسی ڕوانگە  
تێبینی: لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو بەرنامەیە چەند کەسێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەبەر تێنەگەیشتن یان خراپ تێگەیشتن لە بۆچوونەکانی پرۆفێسۆر وەلی، کۆمەڵێک تۆمەتی ناڕەوایان وەپاڵ داوە.دەقی ئەو وتووێژە  وەکوو خۆی لێرە دا دابەزێندراوە ، یەک بۆ ڕەوینەوەی تەمی کەم تێگەیشتن و لە لایەکی دیکەشەوە بە مەبەستی تێڕامانی زیاتر لەو بابەتانەی کە هێناویەتە گۆڕێ. دەکرێ لەگەڵ ئەم یان ئەو بۆچوونی وەلی نەبین  بەڵام ناکرێ بە قسەی پڕوپووچ بێ حورمەتی بەو سەرمایە فیکرییەی نەتەوەی کورد بکەین.  و وەک لەم وتووێژە دا دەڵێ قسەی کەس وەحی مونزەل  نییە لەوانە ئی عەبباسی وەلیش.
حەسەن قازی
 
٨-ی نۆڤامبری ٢٠١٩






Wednesday, November 6, 2019

پرۆفێسۆر عەبباس وەلی لە بەرنامەی " چشم انداز" ی تێلێڤیزیۆنی فارسی ئێران ئیترناشناڵ لەگەڵ یای سیما سابیت ، سێشەمە ٥ئ نۆڤامبری ٢٠١٩


قسەکانی پرۆفێسۆر عەبباس وەلی لە بەرنامەی " چشم انداز"، تێلێڤیزیۆنی فارسی  ئێران ئینترناشناڵ لە ووڵامی یای سیما سابێت ، سێشەمە  ١٤ی خەزەڵوەر / ٥-ی نۆڤامبری٢٠١٩

سەبارەت بە ناسیۆنالیزمی ئێرانی ، ناسێنەی ئێتنیکی و هتاد

عەبباس وەلی : لە درێژەی قسەکانی ئاغای سەدرولئەشڕاف  و هەر وەها  بەشی یەکەمی بەرنامەکەتان کە من دیتم  دەبێ بڵێم ڕیشەکانی ئەو مەسەلەیە لەوانە قووڵترە . ئەوە ڕاستە کە ئاغای سەدرولئەشڕاف دەڵێن لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی  لە ئێران و پێویستی هەبوونی ناسێنەیەکی ئێتنیکی یەکگرتوو و پێوەنووساندنی ئەوە بە هەموو تاکوتەرای نەتەوەوە وەکوو  ناسێنەی نەتەوەیی ئەو موشکیلەیە پێش هاتووە ، ئەوە بە تەواوی دروستە و بۆ من جێی داخە دیتم ئاغای پەیمان یەکێک لە میوانەکانتان لە بەشی یەکەمی بەرنامەکە دا خەریک بوو ڕەچەتەی بۆ ئێمە دەنووسی کە دەیگوت چارەنووسی مەسەلەی نەتەوەیی دەبێ دە چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەیی دا ببیندرێتەوە .

سیما سابێت : ئاغای وەلی ئەگەر دەکرێ تکایە لە ووڵامدانەوەتان دا ووڵامی خۆتان بڵێن، ئاغای عارف لەم گفتوگۆیە دا ئامادە نییە کە بەرگری لە خۆی بکا و لە ئاکام دا هێنانە گۆڕی ڕەخنەیەک کە ئەو ناتوانێ ووڵامی بداتەوە زۆر بە کەلک نابێ.  تکا دەکەم ووڵامی خۆتان بفەرموون.


عەبباس وەلی: ئەمن ئەوەم بە داخەوە بەیان کرد. چونکە قسەی ئاوا لە ڕیشەی ئەو کێشەیە دایە. ئەمن پێم وایە جگە لەوە کە ئاغای سەدرولئەشڕاف دەیڵێ  کولتووری سیاسی ئێران و ڕووناکبیرانی ئێرانی  نەیانتوانیوە تا کوو ئێستا بەیانێکی سیاسی –تێئۆرێک لە مەڕ ناوەڕۆکی ناسیۆنالیزمی ئێرانی  بە دەستەوە بدەن. ناسیۆنالیزمی ئێرانی  بە قووڵی لە حاڵەتی ئێتنیک دا ماوەتەوە ، ئەوە بەو مانایەیە کە ناسیۆنالیزمی ئێرانی  لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی  ئێتنیسیتەیەکی تایبەتی گونجێندراوە و هیچ جۆرە حەولێک نەدراوە  کە بەرنامەیەک یان بەیانێکی جۆرێک ناسیۆنالیزمی مەدەنی هەبێ کە بتوانێ  لە مەسەلە ئێتنیسیتییەکانی تێ پەڕێنێ ، دیوارە ئێتنیکییەکان بشکێنێ  و ئەوە نەکراوە. تەنیا شتێکی هەیە داوا لە خەڵکی ئێران دەکرێ ، لە گشت ئەو مردمانەیان دەوێ کە لە ئێرانن  و ئێتنیستەی جیاواز ، زمانی جیاواز ، مەزهەبی جیاواز ، کولتووری جیاوازیان هەیە ، قەبووڵ بکەن  کە لێرە دا تاقە یەک ناسێنە هەیە و ئەو ناسێنەیە هەموومان وەبەر دەگرێ. و کاتێکیش دژ دەردەکەوی  ئی هەرە دێمۆکڕاتیان بە ئێمە دەڵێن  ئێمە دەبێ وەدوای مەسەلەی هاووڵاتێتی ( شارومەندی)  بکەوین. ئەمن ئەوەم پێ قەبووڵە شارومەندێتی شتێکی چاکە بەڵام مەسەلەی ناسێنەی شارومەند دەربڕ و نیشاندەری ناسێنەی دەسەڵاتی سیاسی لە قانوونی  بنچینەیی دایە. ئەگەر ئەو دۆستانەی کە وەدوای شارومەندێتی کەوتوون و باسی شارومەندێتی دەکەن دەبێ  لە پێشدا و لە سەرەتاوە و بەر لە هەموو شت  ناسێنەی دەسەڵاتی سیاسی کە لە قانوون دا دەناسێندرێ  لە حاڵەتی ئێتنیکی و تاقە مەزەبی و تاقە کولتووری و تاقە مێژوویی و تاقە شارستانێتی بهێننە دەرێ . ئەگەر ئەوە دەرنەهێنن ئەو موشکیلەیەی کە دێتە پێشێ ئەوەیە کە ئێمە دێین دەڵێین ئێمە شارومەندی ئێرانین و دەبێ شارومەندێتی قەبووڵ بکەین ، بەڵام شارومەند بەوجۆرە کە لە قانوونی بنچینەیی دا ناسێندراوە ، مەزهەبی ڕەسمی ئەمەیە ، زمانی ڕەسمی ئەوەیە و ئەوە ئەوەیە، جا بۆیە کوردێک ، یان تورکی ئازەربایجانی ، یان بەلووچ یان تورکەمەن دەکەوێتە دەرەوەی ئەو ڕاستییە بەو مانایەیە کە ئەوانە لە دەرەوەی ئامێزی قانوون دان .....

سیما سابیت: ببوورە ئاغای وەلی ئێوە ئاماژەتان پێ کرد کە ناسیۆنالیزمی ئێرانی لەگەڵ قەومەکانی دیکە یەکتر ناگرێتەوە. بە بۆچوونی ئێوە لێرەدا چ  دژایەتییەک لە گۆڕێ دایە ئەگەر ئەو شتەی کە بە ناوی مافی شارومەندێتی دەبوا لە ووڵاتێک دا پەیڕەو بکرێ . دووچاوکی لە ئێران ئەو جۆرەی کە زۆر لە لێکدەرەوان دەڵێن تەنێ  قەومییەتەکان ناگرێتەوە بەڵکوو ئەو دووچاوکییە لەگەڵ گرووپە دینییەکان ، لەگەڵ ژنان و دەکرێ لە زۆر گرووپی دیکە بکرێ  کە بە پێویستی ڕیشەی قەومی نەبێ. ئایا دان و بەڕێوەچوونی مافێکی ئاوای سەرەتایی ، بە تایبەتی کە ئێوە ئاماژەتان پێ کرد کە زۆر لە دووچاوکییەکان لە قانوونی بنچینەییەوە دەست پێ دەکا.، ئایا حەوجێ بە ڕوانگەیەکی قووڵتر نییە  تا ئەوەی بگاتە ئەوەی کە قەومییەتەکان دە فکری جودایی دا بن یان بە قەولی کەسێکی دیکە کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کرا، چاو ببڕنە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران؟

عەبباس وەلی: بڕاونە ، لە جێدا هەبوونی ڕوانگەیەکی قووڵتر پێویستییەکی حەیاتییە لە هەلومەرجی ئێستا دا. و ئەویش ئەوەیە کە یەکەم ئێمە دەبێ بزانین کاتێک شاپەوگاپەی دێمۆکڕاسی لێ دەدەین ، دەبێ بزانین ماناکانی دێمۆکڕاسی زۆر لە کورتێی دەدەن و کەموکووڕیان زۆرە. گشتی تێئۆری دێمۆکڕاتیک و گشت ئەو چەمکانەی لە سەری هەڵنراون ناتوانێ جیاوازییە جینسییەتیەکان، ئێتنیکی ، مەزهەبی ، باوەڕیی و تەنانەت مەسەلە ڕەگەزییەکان وەبەر بگرێ . مەفهوومەکانی دێمۆکڕاسی لە ڕوانگەی جیاوازییەکانەوە کوێرن . دێمۆکڕاسی دەبێ دێمۆکراتیزە بکرێ و بۆ ئەوەی دێمۆکڕاتیزەی بکەین دەبێ بگەینە ئەو خاڵە  کە لە ووڵاتە چەند میلەتییەکان ئەو دێمۆکڕاسییەی کە بۆ ووڵاتێکی تاقە میلییەتی و یا دەوڵەتێکی نەتەوەیی کە لە سەر بنەمای تاقە نەتەوەیەک دامەزراوە . کار ناکا و هەڵناسووڕێ ، دەبێ هەمواری بکەین ، دەبێ لە سەڕ ڕا دای بڕێژینەوە . ئەوە هەمووە ئێمە باسی دێمۆکڕاسی دەکەین و دەڵێین دێمۆکڕاتین دەبێ بزانین کە مەفهوومەکانی دێمۆکڕاسی کوێرن، ناتوانێ جیاوازییە جینسییەتییەکان، جیاوازییە ئێتنیکییەکان، جیاوازییە مەزهەبییەکان، جیاوازییە ڕەگەزییەکان لە خۆی دا وەبەر بگرێ  و نیشان بدا. فەرموو ئێوە لە کوێی دنیا دیتووتانە کە مەفهوومی دێمۆکڕاسی لە ووڵاتە چەند میلەتییەکان دا بە بێ هەموار کران، بە بێ ئەوەی کە چەمکی شارومەندێتی هەموار بکرێ ، بە بێ ئەوەی کە ناسێنەی دەسەڵاتی سیاسی هەموار بکرێ ، دەکرێ دێمۆکڕاسییەکی ئەوتۆمان هەبێ. پێتان سەیر نەبێ لەو کارەساتەی دا کە لە ستادیۆمی وەرزشی لە تەورێز هاتە پێشێ  و ئەو دروشمانەیان بە دژی کوردەکان دا و ئەو ستایش و ئەو هاواری فیدات بمەی کە بۆ ئاغای ئەردۆغان و بۆ تورکیا بەرزیان کردەوە ئەوە شتێکی بە هەڵکەوت نییە ئەوە شتێکە لە چوارچێوەی کولتوورێکی سیاسی دا ساز دەبێ  کە بنەماکانی هەڵەن. ئێمە هاتووین  لە ناسیۆنالیزمێکی ئێرانی دا بە نکووڵی کردن جیاوازییەکانمان کردوون بە ناکۆکی.

سیا سابێت : ئاغای وەلی ئیزن بدەن لە درێژەی قسەکانتان دا لێرە دا پرسیارێکتان لێ بکەم. ئاماژەتان کرد بە کەموکووڕی دێمۆکڕاسی. بەڵێ ڕاستە زۆر لە خاوەنڕایان و لێکدەرەوان لەو بارەیەوە نووسیویانە و زۆریان باوەڕیان وایە ئەگەڕچی دێمۆکڕاسی کەموکووڕی هەیە بەڵام لە لایەکی دیکەوە ئە وانیدی لەو باوەڕە دان باشترین شێوەی ئیدارەی دەوڵەتانە لە حاڵی حازر دا هەرچونێک بێ تا ئەو جێیەی کە ئەزموون کراوە. ئێوە لەم مۆدێلەی دا کە پێشنیاری دەکەن بۆ قەومە ئێرانییەکان ، چ شتێک پێشنیار دەکەن کە نەبێتە هۆی پێک هەڵپرژان لە نێوان ئەو قەومانە لەگەڵ یەکتری؟ ئێوە وای دانێن کە ئێستا ئعترازێک هەیە بە نیسبەت ناسیۆنالیزمی نەتەوەیی و ناساندنێک  کە تێیدا لەوێ سەرەتی دراوە بە قەومێکی تایبەتی. ئەو پرسیارە لە هەر دووکتانە . بەڵام ئەوە چۆن بڕیار وایە سیستـمێک پەیدا بێ ، ڕێگا چارەسەرییەک ببیندرێتەوە کە دیسان نەبێتە هۆی پێک هەڵبڕژانەکانی دیسکۆرسەکانی ناو قەومەکان، یانی شاهیدی پێکهەڵپڕژانی قەومێک لەگەڵ قەومێکی دی نەبین؟ ئەو پرسیارەم بەشێوەیەکی دیکەش لە ئاغای سەردرولئەشڕافی پرسی .

عەبباس وەلی: بڕوانە یەکەم هەنگاو ئەوەیە کە بۆ دێمۆکڕاتە ئێرانییەکان ، بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێ ئێرانێکی باشتر، دێمۆکڕاتیکتر و زیاتر ئاشتی وەخۆکەر ساز کەن بە باوەڕی من یەکەم هەنگاو ئەوەیە مەجلێسێکی مویەسیسانی زۆر دێمۆکڕاتیک ساز بکەن کە ئەو مەجلیسی موئەسیسانە بتوانێ  قانوونێکی بنچینەیی دێمۆکڕاتیک  گەڵاڵە بکا  کە بە دەرەجەی یەکەم لەو قانوونە بنچینەییە دا ناسێنەیەک بدا بە دەسەڵاتی سیاسی و دەسەڵاتی فەرمانڕەوا و دەسەڵاتی حاکمییەتی نەتەوەیی کە ئەوە ئێتنیکی نەبێ، مەزهەبی نەبێ، ڕەگەزی نەبێ، جینسییەتی نەبێ. ئێمە کاتێک ئەوەمان ساز کرد ئەودەمی دەتوانین  دەربڕینی ئەوە، ڕەنگدانەوەی ئەوە لە بناخەی چەمکی دێمۆکڕاتیکی شارومەندی دا ببینین.

سیما سابیت: ئاغای وەلی کات کەمە و بەرنامەکە خەریکە تەواو دەبێ تەنێ دەمەوێ ڕوونکردنەوەیەکی کورت وەربگرم لە ئێوە. ئەگەر ئەو مەجلیسی موئەسیسانەی کە ئێوە ئاماژەی پێ دەکەن بریار بێ دابمەزرێ بە لە بەر چاوگرتنی قەوارەی ئەو حاکمییەتەی لە ئێران هەیە شتێکی ئاوا ڕوو نادا یانی ئێوە مەبەستتانە لە دوای جمهووری ئیسلامی بگەنە چارەسەرییەکی ئەوتۆ یان چارەسەرێیەکتان هەیە بۆ ئەمڕۆی ئێران؟ تکایە بە کورتی فەرموو!

عەبباس وەلی: لە جمهووری ئیسلامی دا زمانی ڕەسمی و مەزهەبی ڕەسمی هەیە ، ىراونە ئەمن سەر بە بنەماڵەیەکم نە مەزەبی شیعە بووە و نە زمانی فارسی بووە . ئایا من و بنەماڵەی من بەشێکین لە شارومەندانی ئێران یان نین ؟ 

وەرگێڕان لە فارسییەوە
سەرچاوە: وێبنووسی ڕوانگە      
ە      






Sunday, October 6, 2019

چەند لایەن لە مەر ڕۆمان نووسی

چەند لایەن لە مەر ڕۆمان نووسی
سەلاح عەبباسی
وەرگێڕان لە فارسییەوە:  حەسەن قازی
نووسینی ڕۆمان چالاکییەکە لە پلەی یەکەم دا لە خەیاڵی نووسەرەوە هەڵدەقوڵێ. هزر و خەیاڵێک کە ڕیشەی لە هەست و هەیەجانەکانی نووسەر دایە. نووسەر دەیەوێ لە نێوان خەون و ڕاستی پردێک ڕایەڵ کا. لە لایەکەوە ژیان بە بەرتەنگییەکان و گیروگرفتی تایبەتی خۆیەوە و لە لایەکی دیکەوە دنیای خەونەکان و خەیاڵەکان. ڕاستی و خەون غاڵبە بە یەکەوە ناگونجێن. ژیانی نووسەرێک تێهەڵکێشی خەیاڵی ئەدەبی و ئیلهامە. نووسەر بانگەوازی تەمەننا دەکا تا لە ڕێگای بانگەوازی خەیاڵی تەمەننا ڕێگایەک بەرەو ئەو بدۆزێتەوە، ڕێگایەک کە ڕاستییەکان پێشیان لێ گرتووە. کەسێک کە دەخوێنێتەوە یان دەنووسێ دەیەوێ مانا ببەخشێ بە ژیانی خۆی . یان ئەوەی هێندێک زیاتر وەخۆی خا و بی خرۆشێنێ.
کۆمەڵێکی بێ بەش لە ئەدەبییات کۆمەڵێکە کە ناتوانێ ئاوڕ لە خۆی بداتەوە و ناحەزی و جوانییەکانی ببینێ و بیانناسێتەوە. کۆمەڵێکی ئەوتۆ ناتوانێ شێوەیەکی ڕەخنەگرانە لەتەک خۆیدا هەبێ. ڕۆمان نەک هەر چالاکی خەیاڵ بەڵکوو یەکێک لە شێوەکانی بیری ڕەخنەگرانەیە و دەبێ ئەوەشمان لە بەر چاو بێ کە ڕیشەی ئەو بیرە لە گێرەو کێشە و ناکۆکییەکانی کۆمەڵ ئاو دەخواتەوە. سەردەمی پڕاوپڕ لە ناکۆکی و ناتەبایی سەردەمی پێگەیشتن بۆ دەرکەوتنی ڕۆمان. ئەو کاتەی کە دۆن کیشۆت ماڵی خۆی بۆ جێ هێشت تاکوو جیهان ئەو جۆرەی کە کتێبە پاڵەوانییەکاندا خوێندبوویەوە بدۆزێتەوە و بناسێتەوە ، ڕۆمان سەلماندی ئەو جیهانەی کە دۆن کیشۆت پێ دەنێتە ناوی نێوانی ئەرز و ئاسمان جیاوازە لە جیهانی ناسراو و ئاشنای کتێبەکانی. هەر هەنگاوێکی داوێک بوو بۆی و هەر ئانێکی ئاڵنگارییەک بوو بەرەو ڕووی جەنگاوەری پیر دەهات.
لە دۆن کیشۆت دا ئاڵنگاری لە نێوان خەیاڵ و ڕاستی دا بە ڕێگای مەیتەری پیری جەنگاوەری سانچۆ کە پایەکی لە ڕاستی دایە بە گوێی ئەرباب دادەدرێ ، هەرچەند ئەوەی مەیتەر عەرزی ئەربابی دەکا بە زەحمەت دەتوانێ کەلێنێک لە خەونە پڕ لە شکۆکانی ئەرباب دا ساز بکا. دۆن کیشۆت ڕۆمانێکە سەبارەت بە ڕاستی : ڕوویەکە لە ژێرەوە بەرەو ئەوەی لە سەرەوەیە. ڕاستی دەبێ بدۆزرێتەوە و تێی بگەیشترێ. ڕاستی کوت کوت کراوە، جیهان یەکپارچەیی خۆی لە دەست داوە. بە قەولی کۆندرا ڕومان ئەو کاتە هاتە دنیاوە کە ڕاستی یەکپارچە جێی خۆی دابوو بە ڕاستییە ڕێژەییەکان. پشکووتنی ڕۆمان خۆی ڕاستییەکی مێژوویی یە . کە وابوو ئەو هەیە ناسییەی کە بۆ ڕۆمانی لە بەر چاو دەگرن لە کوێیەوە ئاو دەخواتەوە؟ ئەگەر ڕۆمان لە بەر گۆنجان لەگەڵ سەردەمی مێژوویی خۆی و لەبەر وڵامدەر بوونی بە پێداویستییە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکان وەبرەو کەوتووە کە وابوو دەبێ ئەو وەکوو ژانرێکی خۆ لێ نەبوێر و خۆ بوو وەهەژمار بێ. ه هەر چۆنێک بێ چ ڕۆمان بە بەرهەمی نبووغی تاکە کەسی یان بە بەرهەمی هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بزانین ناکرێ لێی گەرێێن و لای لێ نەکەینەوە. ڕ ڕۆمان بەرزترین جۆری ئەدەبی سەردەمی ئێمەیە. ڕ ڕەسالەتی بوون ناسانەی ڕۆمان کامەیە؟ ڕۆمان ناتوانێ گۆڕانێک لە ڕاستی دا پێک بێنێ و ئەو جۆرە گۆڕانەش کە لە ووشیاری سەردەمی خۆیدا سازی دەکا بەرتەنگە بە جەماعەتی ڕووناکبیر و ئەوەش خۆی جێی چۆن و چمایە.
ئایا ڕۆمان لایەنی تەفەنوونی و چێژیی هەیە و بە قەولی سارتر لە ئاست مردنی منداڵێک دا چی لە دەست نایە؟ گرینگی ئەدەبییات بە شێوەی گشتی و ڕۆمان بە شێوەی تایبەتی لە کولتور ئافراندن دایە. ئەوەی لە دەست ڕۆمان دێ زیاد کردنی چەند دڵۆپ لە کولتوورە و هەڵبەت کولتوور ئافراندن ڕەوتێکی زۆر سست و کەم و بەرە بەرەیە. دوا جار ئەو هۆکارانەی پێکهێنەری کولتوور،باوەڕەکان و بیروڕاکان ، نرخەکان و مەعنەوییات لە لایەکەوە و مادیات و بەڕێچوونی ژیان و مەعیشەت لە سەرێکی دیکەوەن. نامەوێ لە نێوان هۆکارە مانایی و مادییەکان تێکەوەچوون و ناکۆکی دامەزرێنم و یەکیان بکەم بە هۆ و سازدەری بوونی ئەوی دیکەیان. سەردەمایەک کارڵ مارکس گوتی " مەعنەوییاتی ئێمە ڕیشەی لە مادییات دایە و تێکنۆلۆژی کولتووری لەباری خۆی دەئافرێنێ ، ئێمە تەنێ لە ئامراز و دۆزراوە مادییەکان کەلک وەرناگرین بەڵکوو ئەوان دەبنە خاوەنیشمان و ئەوە هێندێک جار یانی نامۆ لە خۆ بوون". بۆچی ئێمە دەبێ ببینە موڵکی شتەکان و بۆچی ئینسان ناتوانێ ببێ بە ئەو سەروەری خۆ ئاگای هێگێلی یا مارکسی؟ ووڵامی هێگێل ئەوە بوو کە تەگەرەیەک لە خۆئاگایی ئێمە دا هەیە. ئەو تەگەرەیە یان پێشگێڕەوەیە دواجار لە دوایین پلە دا لە ناو دەچێ و زەین دەگاتە خۆئاگایی تەواو و کۆنتڕۆڵ بە سەر خۆیدا پەیدا دەکا. مارکس ووڵامێکی دیکەی دایەوە. لە ڕوانگەی وییەوە کاری لە خۆ نامۆ ئێمەی کردووە بە موڵکی شتەکان و ئامراز و دراو و ئێمە سەروەری خۆمان نین چونکە لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی هێزەکانی خاوەن دەسەڵات داین ، و تا ئەو کاتەی کە ناکۆکی چینایەتی لە ناو نەچێ ئاگایی ئەربابان و بەندەکانیش تووشی گۆڕان نابێ و هەر وەها لێکدانەوەیەکی بەرژەوەندیخوازانە لە یەکتری وەکوو سووژەی ئینسانیمان دەبێ. لە ڕوانگەی مارکسەوە دواجار لە دوایین پلە دا سیلسیلەی مەراتیب لە نێوان بەندەکان و ئەربابان دا نامێنێ. هێندێک فەیلەسووفی وەکوو پیتر سینگر بە ڕەشبینییەوە چاویان لەو خۆشبینییە مارکسیستییە کردووە : دەسەڵات و سیلسیلە مەراتیب ئەگەر بەشێک بن لە پێداویستییەکانی بیۆلۆژیکی و ڕەوانی ئینسان بە پێویستی بە گۆڕانی سیستمی کۆمەڵایەتی و ئابووری لە ناو ناچن، بەڵکوو تەنێ ڕازاندنەوەیەکی تازە دەبن لە سەر مەیدانی شەترەنجی ئینسانی. هەر چۆنێک بێ ڕۆمان گوزاریشتێکە لەو ناکۆکی و ڕووبەڕووبوونەوەیە لە مەیدانی مێژوو و کۆمەڵ دا. گوزاریشتێک کە لە ڕێگای خەیاڵ کردنی نووسەرەوە بە ئێمە دەگا . بەشەر بۆ خۆی بوونەوەرێکی کولتوورخولقێنە و گشت هونەرە بەشەرییەکانیش کاردانەوەی ئەو کولتوور خولقاندنەن و تەنانەت دەستکەوتی وەک مافی مرۆڤ ، دێمۆکڕاسی ، یەکسانی لە ئاست قانوون ( قانوونێک کە خۆی ڕیشەی لە کولتوور ئاو دەخواتەوە) هەموویان لێکەوتەی ئەو کولتوور خولقاندنەن و وەستان و چەقبەستنی کولتووری بە توندی سەدەمەیان پێ دەگەیێنێ . زۆرێک لە ڕۆمانەکانی سەدەی بیستەم نەک هەر شوێنەواری دڵگرن و سەرمان قاڵ دەکەن بەڵکوو چاوی ئێمەشیان بە سەر زۆر کەموکووڕی و کەمایەسییانیش دا کردووەتەوە. هەموو ئەو ڕۆمانانە باسی مژاری وەک بە خراپ کەلکوەرگرتن لە ئینسان ، دووچاوکی چینایەتی و ڕەگەزی ، خراپ کەلکوەرگرتن لە هێزی ئابووری و نیزامی ، دووبەرەکی دارا و نەدار و هتد دەکەن. تەنانەت ئەگەر چاو لەو شوێنەوارانەش بکەین کە لە ڕوانگەی جوانیناسییەوە ڕەسەنتر و بەرزترن تووشی هێندێک پنکت دێین کە تێگەییشتن و بۆچوونی ئێمە لە سەر دیاردەکان دەگۆڕن . بۆ وێنە ئەگەر ڕۆمانی گەورەی پرووست لە بەر چاو بگرن . ئەو ڕۆمانە دا لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆمانێکە پرە لە بیر و ئەندێشەی تازە و فەلسەفی ، ڕەخنەیەکیشە لە کۆمەڵ . سنۆبیسم، فەخر فرۆشی ، زاهیر و ئاکاری پووچی ئینسانی و هتد لەو ڕۆمانە دا شی دەکرێنەوە. ڕۆمانی پرووست لە زۆربەی ڕۆمانەکانی سەدە گەورەترە چونکە ڕەخنەیەکی قووڵتر لە کولتوور دەکا و لە هەمان کاتدا گەڕانێکە بە دەوری ناسێنە و بابەتی وەک بیر و بیرەوەری.خوێندنەوەی ڕۆمان فەزای بیر کردنەوە و بۆچوونی خوێنەرەوە بەرفراوانتر دەکا، ئاگایی وی قووڵتر دەکا و توانایی وی بۆ ئاشنا بوون و هاودەرد بوون لەگەڵ ئینسانەکانی دیگە هەراوتر دەکا. لە ڕێگای من وەک تۆ دانانی خوێنەرەوەکان و کەسایەتییەکانی ناو داستان ، هاو پێوەندی ئێمە لەگەڵ نەوعی بەشەر قووڵتر دەبێ. لەوەش دەرچێ ڕۆمان نەک تەنی دەرەتانی وتووێژ لەگەڵ سەدەی هەنووکە دەدا بە خوێنەرەوە بەڵکوو دەرفەتی وتووێژ لەگەڵ سەدە و سەروبەندانیش دەدا بە خوێنەرەوە. لە دۆخی ئاسایی دا ئێمە تەنێ لە گەڵ خزمان و نزیکان و دۆستانمان هەست بە هاوپێوەندی دەکەین بەڵام ڕۆمان لە دۆست و ناسیاوانمان زیاد دەکا و هێندێک جار دوژمنیشمان بۆ ساز دەکا. ئەوەی لەگەڵ یەکێک لە کەسایەتییەکانی چیرۆکی ئۆتێلۆ یان ڕۆمانی جندۆکە لێداوان هەستی هەبێ بە ووردی لە هەمان هەستی هاوپێوەندی لەگەڵ نەوعی بەشەر ڕا سەرچاوە دەگرێ. شوێنەوارە گەورە ئەدەبییەکان لە ڕووی عاتیفیشەوە ئێمە تێوەدەگلێنن و هێندێک جار ئالنگارین لە ئاست هەستی ئەخلاقی خوێنەرەوە دا. هەڵبەت ئەوە کارێکی دینی یە و کتێبە ئاسمانییەکانیش سەبارەت بە کەسایەتی خیرخواز و بەد فەڕ سەری قسەمان لەگەڵ دادەمەزرێنن . کە وابوو خوێندنەوەی ڕۆمان لە ڕووی ئەخلاقیشەوە بەکەلکە. خوێندنەوەی ڕۆمان لە ڕووی چێژی جوانیناسی و زەوقیشەوە خاوەن گرینگی یە. لە هونەری بەرز دا هەم ڕەهەندی ئەخلاقی و هەم ڕەهەندی جوانیناسی هەر دووکیان لە ڕاستیدا دوو ڕووی سیکەیەکن. بۆ وێنە لە کاتی خوێندنەوە و دیسان خوێندنەوەی شێعرەکانی حافز چێژێکی جوانیناسی ڕەسەن نەسیبمان دەبێ ، لە هەمان کاتدا ئەو شێعرانە نرخی ئەخلاقی و هومانیستی تیشیان کەم نییە.
هەمان دۆخ کاتی خوێندنەوەی شوێنەواری هونەرمەندانی ڕەسەنی وەک پروست یان ناباکوف یش پێش دێ. چێژ و شەوق و شۆری جوانیناسانەی شوێنەواری ئەو نووسەرانە تێکەڵاوی شعووری ئەخلاقییان بووە و لێی جیا ناکرێتەوە. ڕیچارد ڕورتی فەیلەسۆفی پڕاگماتیستی ئەمریکایی لە ووتارێک دا سەبارەت بە ناباکوف ئەو پنکتەی بەشێوەیەکی زۆر جوان شی کردووەتەوە. ئەو پنکتەی کە ناباکوف لەگەڵ بێزار بوونی لە بەرعۆدەیی و ڕەساڵەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ، بەرعۆدەیی هەرە جیدی هەبووە لە ئاست ئینسان بوونی خۆی دا. کە وابوو ئایا ڕەساڵەتی هەستی ناسانەی ڕۆمان حەوجێی بە دیسان ناساندنەوەی مانای خێر وشەڕ هەیە؟ گوتمان کە شوێنەواری ئەدەبی هەرە گەورە ئەوانەن کە ڕەهەندە ئەخلاقی و جوانیناسانەیان بە شێوەیەکی ئەوتۆ تێک هاڵاندووە کە لە یەکتری ناکرێنەوە. ئەگەر بڵێین کە ڕەساڵەتی ڕۆمان نیشان دانی لایەنە جۆربەجۆرەکانی تەبیعەتی بەشەرییە ، ئەو ناساندنە لە بەر هێندێک هۆ زۆر بە دڵخۆشکەر نازانین . لە لایەکەوە تەبیعەتی بەشەری چەمکێکی گشتی و ناووردە کە پێویستە ووردتر بکرێتەوە و لە لایەکی دیکەوە لایەنەکانی جۆربەجۆری تەبیعەتی بەشەری ناتوانێ شێوەیەکی سابیت و شیاوی ناسینەوەی هەبێ . ڕاسکۆلنیکۆف باشە یان خراپە ؟ هەر کەس دەتوانێ بۆچوونی خۆی لە سەر وی هەبێ ، بۆچی وایە ؟
چونکە ڕۆمان ئەو حەقەی ناداتێ یان لێی وەرناگرێ و ئێمە حەقمان هەیە بۆچوونی تایبەتی خۆمان هەبێ. لە ئەدەبییات دا بە ئاسایی پۆزیتیڤ و نێگاتیڤەکانی تەبیعەتی بەشەری شێوەیەکی قەتعی و سابیت بە خۆیەوە ناگرێ. ئیزایا بێرلین پێی وابوو کە لە ڕۆمانەکانی تۆڵستۆی و داستایوسکی دا خوێنەرەوە گومانی نییە لە سەر کەسایەتییە باش و خراپەکاندا، لە کاتێکدا کە کەسایەتییەکانی تورگێنیێف لە هەبوونی شەخسییەتی تایبەتی خۆی بەرزتر دەچێ لە باش یا خراپ بوون . و هەر ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی کە هەر دوو لای ڕاست و چەپ لە بەر هۆی یەکسان هێرش دەکەنە سەر بازارۆف قارەمانی ڕۆمانی تورگێنێف. چەپەکان پێیان وابوو کە تۆرگێنێف بە ڕێگای کەسایەتی بازاروف گاڵتەی پێ کردوون و ڕاست ئاژۆیەکان پێیان وا بوو کە ئەوە ئەوانن کە لەم ناوە دا گاڵتەجاڕیان پێ کراوە . بەڵام گەلۆ مەبەستی تۆرگێنێف لەو ناوە دا چ بوو؟ ووڵام ئەوەیە کە ئەو تەنێ ڕۆمانێکی نووسی بوو و ناکرێ چاوەڕوانی لە ڕۆماننووس بکرێ سنوورەکان دیاری بکا ، سەنگەرەکان هەڵکۆڵێ یان ئاڵاکان هەڵدا. ئەگەر حەق بە ئیزایا بێرلین بێ دەبێ ئەوەش بگوترێ کە ئەو ڕێژەیی بوونە خۆی لە خۆیدا مەزییەتێک نییە بۆ هونەری ڕۆمان. بەراوەرد کردنی تۆرگێنێێف لەگەڵ تۆڵستۆی و داستایوسکی بە قازانجی تۆرگێنێف تەواو نابێ . با بۆ دەمێک ئیست بگرین. ئایا ئەو پنکتەی کە تۆلستۆی هیچ گومانێکی نەدەهێشتەوە لە سەر ئەوەی کە کەسایەتی باش یان خراپ کامەیە نوختەی هێز یان لاوازی ئەوە؟ ئەو بۆچوونەی ئیزایا بێرلین لە سەر شەڕ و ئاشتی دا ڕاستە نەک لە سەر ئانا کارنینا کە لەوێدا حەق بە هیچ کەس نییە و هەر کەسەی هۆی خۆی هەیە. هەر ئەو قسەیە دەکرێ لە سەر ' برایانی کارامازۆف ' یش بکرێ کە تێیدا هەموو حەقیان هەیە . ئەو پنکتەی کە تۆلستۆی لێبڕاوانە سەبارەت بە کەسایەتییەکانی شوێنەوارەکانی حوکم دەدا زیاتر بەستراوەتەوە بە ئۆتۆریتەی ئەدەبی نووسەرەوە، نووسەرێک کە ئیمانی نەگۆڕی هەیە بە ناسینی خۆی . نووسەرە گەورەکانی سەدەی بیستەم کەم و زۆر ئەو ناسینە نەگۆڕەیان لە کیس دا و چ بوو کە وای لێ هات ؟
بورخێس دەیگوت لە سەر کەسایەتییەکانی ئۆلیس جۆیس هەزاران شت دەزانم بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا نایانناسم لەکاتێکدا ئەو کەسایەتییانەی دەسکردی کۆنڕاد دەناسم و دەزانم ئینسانی چلۆنن . بورخێس ئەوە بە نوختەیەکی لاوازی جۆیس دەزانێ بۆ سازکردنی کەسایەتییان. کۆنڕاد دەیتوانی هەستی ناسێنەی تاکانەی فەردی و ئەو هەستەی کە تاک بە نیسبەت خۆی هەیەتی ڕابگوێزێ بۆ خوێنەرەوە و جۆیس هەزاران شتی سەبارەت بە کەسایەتییەکانی دەگوت بەڵام ئەوان دەبوو بە خاوەنی ناسێنەی تاکانە. ئەو قسە بەناوبانگەی ویرجیناولف کە گوتی لە یەکەم ساڵەکانی سەدەی بیستەم دا هەم ئینسان و هەم بۆچوونی ئێمە بە نیسبەت ئێنسان گۆڕاوە زۆر جار گێڕدراوەتەوە . ئینسان ئیتر ئەوە نەبوو کە بۆ خۆی و ئەرکەکان و تەکلیفەکان و داوخوازەکانی خۆی دەزانی. کەسایەتییەکانی ئەدەبیاتی مۆدێڕن ناسینەی کوت کوت و دابەشکراوی خۆیان دەنماند و بورخێسیش لە ڕاستی دا ئاخ و کەسەری بۆ کەسەیەتییەکانی یەکپارچەی سەدەی نۆزدەهەم هەڵدەکێشا. ڕەنگە پێویستی بە گوتنی ئەو پنکتە نەبێ کە ناسێنەی ئینسان مەزنترین ئالنگاری ڕۆمان بووە لە زەمانی دۆن کیشۆتەوە تاکوو ئێستا. ئێمە دۆن کیشۆت هەر وەک یەکێک لە ناسیاوانی نزیکمان دەناسین . سانچۆ لە ناو خۆو دەرخۆی دا دەناسین . کەسایەتی وەکوو گوبێسک، بابە گڕاندێ ، دۆشێس سانورینا یان سەرهەنگ شابر و هتادیش دەناسین . لە تەک ئێما بواری ش دا ناسیاویمان هەیە و دەزانین فکر لە چی دەکاتەوە. دەزانین سەودا و خەیاڵەکانیان چن . سکارلێت ئۆهارا کەسایەتییەکە لە گوێن کەسایەتییە یەکپارچەکانی سەدەی نۆزدەهەم بە تەواوی لە یای دالوی جیاوازن. ولف دەریایەک لە خولیای هەستی و دیداری و بیستەمەنی قارەمانەکەی دەخاتە بە ردەست خوێنەرەوە، بەڵام نووسەری ڕۆمانی ، 'بە باچوو ' ئامانجە ئابووری و کۆمەڵەیەتییەکانی سکارلێت بە ئێمە دەناسێنێ. سکارلێت ئینسانێکە دەزانێ چی لە ژیان دەوێ و سبەینێ دەبێ چ بکا. ڕۆمانی مۆدێڕن بەرهەمی جیهانێکە کە پرێنسیپی بەبڕ نەبوون بە سەری دا زاڵە و تێیدا هیچ ڕچەیەک لە ناسینی دڵخۆشکەری تۆڵستۆی و باڵزاک بەدی ناکرێ. لووکاچ ڕاست سەبارەت بەو پنکتە ئعترازی هەبوو و لە نووسەرە هاوچەرخەکانی تەنێ تۆماس مان ی پێ قەبووڵ بوو وەکوو درێژەدەری ڕێگای باڵزاک و تۆڵستۆی و ریئالیستێکی گەورە. بە قسەی لووکاچ نووسەرە مۆدێڕنەکان ڕوانگەیەکی مێکانیکی و نا مێژوویی و چەقبەستوویان هەیە. ئەو نووسەرانە لە شرۆڤە کردنی پێوەندیی کەسایەتییەکان لەگەڵ مێژووی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیان دەست کورتن و ناتوانن لە نێوان ڕەهەندەکانی تاک و ڕەهەندەکانی کۆمەڵایەتی ژیانی ئەو کەسایەتییانە دا هاوسەنگییەکی بەدڵ دامەزرێنن . و وەک ئەوەی لە وێستگەیەکی سەڕ ڕێ دا ڕۆمان هەتەڵە بووبێ و نووسەرانی وەک تۆماس مان تێدەکۆشن ئەوە بهێننەوە سەر شاڕێگا ماکەکەی. نووسەر لە هەمان کاتدا تێ دەکۆشن بگەڕێنەوە سەر نەریتی تۆلستۆی. بۆ وێنە ڕۆژێ مارتەن دۆگار دەیگوت کەسایەتییەکانی تۆلستۆی ئەزموونی نووسەر و ئینسانەکانی سەردەمی وییان کردووەتە سەرمەشق لە کاتێکدا کە ئەو کەسایەتییانەی کە داستایۆسکی خولقاندوونی فیلەتەنی دەروونی خۆیانن. داستایوسکی سەرەتی دەدا بە جیهانی ناو خۆ و جیهانی تایبەتی لە مەر خۆی دەئافرێنێ لە کاتێکدا نووسەرێکی رێئالیست دەبێ لای دەرەوە ببینێ و سەرەتی بدا بە جیهانی دەرەوەی خۆی یان جیهانی دەرەوەی خۆی ساز داتەوە. نووسەرێکی ڕێئالیست وەکوو کۆمەڵ و واقعییەتە. جیهانێکی دەرەوە بینە لە کاتێکدا جیهانی ناوخۆ بین وەک ڕەوان و نەفس وایە ، جیهانێکی زەینی یە. بە کورتی جیهانی نووسەری رێئالیست بەرچاو و جیهانی نووسەری نا رێئالیست زەینی یە. ئەو دابەشکردنە هەتا بڵێی هاسان کردنەوە کار و داشکێنەرە. داستایوسکی ش خۆی بە رێئالیست دەزانی بەڵام ڕێئالیستێکی لە گوێن شێکسپییەر. بە بۆچوونی وی لاساکردنەوەی واقعییەتی ئاسایی و ڕۆژانە ناتوانێ ئەوەی کە بە ڕاستی گرینگ و ڕاستەقینەیە ڕێک خا و بۆ گەیشتن بە قووڵایی واقعییەتی ڕواڵەتی دیاردەکان مرۆڤ دەبێ دوورتر بڕوا. لە ڕوانگەی داستایوسکی یەوە وەفاداری بە واقعییەتە ژورنالیستییەکان یان ئەزموون کراو ناتوانێ دەستەبەری گەیشتن بە ڕاستییەکان بێ. ڕۆمان نووس واقعییەتێک دەئافرێنێ کە هیچ لە واقعییەت خۆی دانامێنێ و لە هەمان کاتدا قەت وەک ئەوە نەقەوماوە. بە کورتی ڕۆمان نووسێکی ئاوا واقعییەتێک دەئافرێنێ کە بەرزتر بێ لە واقعییەتی ژیان. ئافراندنی ئەو واقعییەتە بە بێ جێگۆڕکێ بە تۆوەکانی واقعییەت هەڵناسووڕێ. ئەو جۆرە ڕۆمان نووسینە بە هیچ جۆر سازدانەوەی واقعییەت نییە بەڵکوو ئافراندنی واقعییەتێکی تازەیە کە دەست دەکا بە ڕقەبەری لەگەڵ دنیای واقعی و لە هێندێک ڕووەوە ڕازەکانی دەدرکێنێ و لێڵییەکانی دەڕەوێنێتەوە.
لە سەدەی بیستەم دا نووسەرانی مۆدێڕن بۆ دۆزینەوەی واقعییەت دەستیان کرد بە ئافراندنی جیهانە زەینییەکانی خۆیان. داستایوسکی سەرکەوت. ئەو کەسایەتییانەی کە ئەو نووسەرانە دەیان خولقێنن غاڵبە وەک ئەو کەسانەی داستایوسکی خولقاندبوونی لە دۆخی ناکۆکی و گرژی لەتەک خۆیان دا بوون و ئەوەش زیاتر لەگەڵ سەدەی بیستەم دەگونجێ. هەڵبەت لووکاچ یش دەیگوت کە کەسایەتییەکانی ڕۆمانی رێئالیستی کەسانی دوو کوت و ونجڕ کراون ، بەڵام لەو شوێنەوارانە دا لایەنی گرۆتێسک و پێوەنراوی ژیان بە سەر ڕەهەندی ئاسایی دا سەرناکەوێ و نووسەر لە لێواری واقعییەت بە پتەوی ماڵی داناوە. لە سەدەی ئێمە دا پێوەندیی نووسەر و واقعییەت بە شێوەیەکی ئەوتۆ گۆڕانی بەسەر دادێ کە زۆر لە نووسەرانی مۆدێڕن هەر جۆرە واقعییەتێکی هاوبەش بەرپەرچ دەدەنەوە و دەڵێن هیچ واقعییەتی هاوبەش بوونی نییە ، و ئەوەی هەیە ئەو لێکدانەوە ، ڕوانگە یا بەیەک دانانەیانەیە کە بە پێی بوونی دروونی تاکوتەرا بە پێی پێشینە زەینییەکانیان فەرق دەکا. یانی هەر کەسێک هەمان شتێک دەبینێ کە بە پێی هەڵکەوتی وجوودی و دەروونی خۆی دەبێ بیبینێ. بەو شێوەیە دنیای دەرەوە کەم کەم کاڵ دەبێتەوە و لێڵ دەبێ و لەو ناوە دا تەنیا شتێکی کە دەمێنێتەوە زیهنییەت ە . بۆ وێنە لە کارەکابی رێب گرێیێ دا شیکردنەوەی فلوبێر ئاسایی ووردە ڕیشاڵەکان دەبێتە هۆی ئەوە کە هێندێک لە ڕەخنەگران بە لایەنگریی عەینییەتی بزانن . لە کاتێکدا کە شوێنەوارەکانی وی ئاماژە ناکەن بە واقعییەتێکی هاوبەش و گشتی و ئەو جیهانە جیهانێکە بە تەواوی زەینی کە لە ڕێگای شیکردنەوەی ووردە ڕیشاڵ ، ڕواڵەتێکی رێئالیستی یان بەرچاو پەیدا دەکا. نابوکۆف تەنانەت مادام بواری شی بە ڕۆمانێکی رێئالیستی دا نەدەنا . چونکە لە ڕوانگەی وییەوە ڕۆمانی رێئالیستی لە جێدا بوونی نییە. بە قسەی نابوکوف مادام بواری ئەفسانەیەکی پەرییەکانە یان ماڵی قانوون لێدراو و ئۆلیس ئەفسانەی پەرییەکانن و ئێمە پەسنی دیکێنس و فلۆبێر و جۆیس دەدەین و ستایشتیان دەکەین چونکە هەڵفریوێنەرانی گەورەن و ئانا کارنینا و ماڵی قانوون لێداو ڕۆمانی گەورەنە چونکە فریویان دەخۆین. بە قسەی وارگاس یوساش ڕۆمانی خراپ ڕۆمانێکە کە ناتوانێ هەڵمان فریوێنێ. کە وابوو نەفسی ئەما نە تداری ڕۆمان لە ئاست واقعییەت دا خۆی لە خۆی دا گرینگی نییە. کەمتر نووسەرێک دەتوانێ باشتر لە فلوبێر فێرمان کا چۆن خوێنەرەوە هەڵفریوێنین . ئافراندنی جیهانی بەرچاو بە ووردە رێشالەوە کە هەستی پێ بکرێ بە شێوەیەکی ئاوا فکری واقعی بوونی ئەو دیمەنە یان وێنەیە ، ئەو ڕووە یان چارە بە تەواوی لای خوێنەرەوە دەرکەوێ. فلوبێر ئامۆژگاری دەکرد بە موپاسان و پێی دەگوت کاتێک گاریچییەک دەناسێنی دەبێ ئەو ناساندن و شیکردنەوەیەت بەشێوەیەک بێ کە بکرێ ئەو گاریچییە لە هەموو گاریچییەکانی دیکە بکرێتەوە و بۆخۆی تەشەخوسێکی هەبێ. فلوبێر هەمیشە دەیگوت کە ڕێئالیسم تەنێ نوختەی بازدانە و هیچی تر. ڕێئالیسم واقعییەت دەدا بە دەقێکی ئەدەبی و نەک ئەوەی ئاوێنەیەک بێ لە ئاست واقعییەتی دەرەوەی زەینی نووسەر ئەو جۆرەی کە مارتن دۆگار بیر لە تۆڵستۆی دەکاتەوە. کە وا بوو بەو حیسابە تاقە ڕەهەندێکی بە ڕاستی گرینگی کە دەمێنێتەوە و دەتوانێ پێوەرێکی سەرەکی بێ بۆ نرخاندن ئەوەیە کە هەموو ڕۆمانە گەورەکان بێ لەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە مۆدێڕن بن یان نەریتی پێوەندی لەگەڵ خوێنەرەوە دادەمەزرێنن و لە ڕووی عاتیفییەوە خوێنەرەوە تێوە دەگلێنن.
ڕۆمان چییە؟ لە لایەکەوە ئەو کەسانەمان هەن کە وەکوو کایەی شەترەنج چاو لە ڕۆمان دەکەن و دەڵێن لە پێشدا مرۆڤ دەبێ قاعیدە و ڕێوشوێنی کایەکە فێر بێ و ئەوەندە خۆی ڕابهێنێ تا کوو ئەوەی زەین ڕێبرد و تاکتیکی پێویستی بۆ بەرەپێشبردنی کایەکە بە دەستەوە بێ. بۆچوونێکی سارد و تێکنیکی بۆ ئەدەبییات کە دنیای خەیاڵ و ئیلهام بە کەم دادەنێ و ئەدەبییات تەنێ وەکوو تەڕدەستی و فەن بە ڕەسمییەت دەناسێ. چاو قووچاندن لە بەهرە و شۆڕ و خەیال تەنێ لە دەست ئەو کەسانە دێ کە ئاگری نووسین هیچ کات لە گیانیان دا بڵێسەی نەداوە . لە لایەکی دیکەوە لایەنگرانی ئیلهام و فڕین بەرەو مەیدان و شارەکانی ئەوینیش پێیان وایە کە سەری خۆ ئەسپاردن بە خەیاڵ و دەنگی دەروون خۆی لە خۆیدا دەتوانێ شاکار بئافرێنێ. ئایا نووسەرێک تەنێ دەتوانێ لەبەر ئەوەی تەمای گرتووە و فکری نووسین کەوتووەتە سەری شوێنەوارێکی بە نرخ بئافرێنێ؟ ئەگەر ئاوا بووبا هەموو ڕۆژێ چەندین چیرۆکمان دەنووسی، چیرۆکی ئەوتۆی کە خۆمان نووسینی ئەوانمان بە خۆمان بە ڕادان دابوو. بۆ وێنە بڕیارمان دەدا پۆست مۆدێڕن یان مۆدێڕن یان هەر شتێکی بین کە دڵمان دەخوازێ. دەمانتوانی بە زانینی دوایین تیورییەکان دەست بکەین بە ئافراندنی ئەدەبی و گۆیا شوێنەواری جیاواز بخولقێنین. تیژپەڕی و دەست بڵاوی. لەوەش خراپتر ئەوەیە نووسەر پێی وابێ کە کردنەوەی شێرەی ئاو یان ئیلهام بۆ هاتن لە خۆوە شوێنەوارێک دەئافرێنێ. ئەوەی کە بە تێکنیک یان کەڵەکی نووسەرێکی دەزانین لە ڕاستیدا لە کاتی نووسین دا نە تێکنیک بووە و نە کەڵەک. هەڵبەت لە بەر ئەوەی لە هونەر دا ئاکام گرینگە ئێمە ناتوانین هەر لە بەر ئەوەی نووسەرێک بە لە سەرەخۆیی تەواوەوە و لە ڕووی پلان شوێنەوارێکی هونەری خولقاندووە کارەکەی بەرپەرچ دەینەوە. ئەو کارە وەوە دەچێ کە شێعری شاعیرێک بە شاکار بزانین لەبەر ئەوەی کاتی شێعر گوتنەکە کوڵ کوڵ گریاوە. نە ئەو فرمێسکانە و نە ئەو لەسەرەخۆیی لە ڕووی حیسابەوە هیچکامیان پێوەر و مەحەکی جێی متمانە نین و ناکرێ لە سەر بنەمای ئەوان داوەری بکرێ.تەنیا پێوەری جێی باوەڕ و متمانە خوێنەرەوە و کاردانەوەی خوێنەرەوەیە لە ئاست شوێنەوار و هەڵبەت باشترین خوێنەرەوەش خوێنەرەوەی چازانە. پێوانە لە ڕاستیدا شوێنەوارە هونەرییەکە خۆیەتی و نە ئەوەی داهێنەری شوێنەوارەکە چی دە دڵ دا بووە. قسە لە سەر ئەوەیە کە شوێنەوارێکی داستانی چۆن گوڵ دەکا و هەر وەها ئەو پنکتە گرینگەش کە نەزانینی قانوونەکانی چلۆنایەتی ئەنجامدانی کارێک هۆیەک نییە بۆ تەرخان بوون لە قانوونەکان. مەبەستم ئەوەیە ئەوە زانین و ناسینی قانوونەکان نییە کە ئێمە دەکاتە کۆیلەی خۆی بەڵکوو شتەکە تەواو بە پێچەوانەیە. تەنانەت زانینی چلۆنایەتی ئەنجامدانی کار یان گۆیا زاڵبوونی تەواو بە سەر قانوونەکانیش دا بە تەنیایی ناتوانێ ببێتە هۆی ئافراندنی شوێنەواری هونەری. زۆربەی ئەو کەسانەی کە تیورییەکانی ئافراندنی شوێنەواری هونەری دەزانن بە ئاسایی دەستەوەستانن لە خولقاندنی شوێنەوارێکی هونەری یان ئەدەبی. ڕەخنەگرە گەورەکان بە ئاسایی ئەو کەسانەن کە خاوەن زەینی لێکدانەوەی زۆر بەهێزن و لە شەترەنجی ئەدەبییات دا زۆر تەڕدەستن. سەنت بۆ لە باڵزاک زاناتر و خوێندەوارتر بوو و ناسیاوییەکی قووڵتری هەبوو لە ئەدەبییات و چلۆنایەتی ئافراندنی ئەدەبی. تەنانەت ڕومانێکی بەڕێژە باشیشی نووسی. جیاوازی سەنت بۆ لەگەڵ باڵزاک جیاوازی کەسێکە کە شتێک شی دەکاتەوە و لێکاڵای دەکاتەوە لەگەڵ کەسێکی کە ئەو شتە دەخولقێنێ. کەسێکی وەک باڵزاک سەری ئەوەندە بە نووسینەوە قاڵ بوو کە نەی دەتوانی وەک ڕەخنەگرێکی بێ لایەن بە ڕوانگەیەکی ساردەوە چاو لە ئەدەبییات بکا. لەوەش دەرچێ ئەوە ئاوەز و شعووری لێکدانەوەیی و ڕەخنەگرانەی باڵزاک نەبوو کە ئەوی کردە ڕۆماننووسێکی گەورە.
هەڵبەت ئاوەز و شعووری ڕەخنەگرانە زۆر باشە و باڵزاکیش بەهرەی کەم نەبوو. بەڵام ئەوە ناتوانێ خەلاقییەتی وی دیاری بکا و پاساوی بدا. خەلاقییەت بەستراوەتەوە بە بەهرەیەکی تایبەتی و ئەو کەسانەی پێیان وایە کە دەکرێ مرۆڤ نووسەرییش وەکوو هەموو پیشەیەکی دیکە فێر بێ لە ڕاستیدا مەبەستیان هەر ئەوەیە. ئەوەم پێ قەبووڵە بە پاڵپشتی تەڕدەستی دەکرێ ڕۆمان بنووسرێ و پۆلی نووسەری دەتوانن نووسەر هەڵخەنەوە بەڵام لە ناو مانگی من و مانگی گەردوون دا / جیاوازی لە زەوییەوەیە تا ئاسمان. قسە لە سەر ئەستێرەیەکی ئاسمانی نییە بەڵکوو شتێکی دیکە کە زۆر زەویی ترە. گومانم هەیە لەوە دا کە پۆلی گۆرانی گوتن بتوانن کەسێک بکەنە خاوەن دەنگێکی دڵنشین . یان ئەوەی کە نووسەرێک باوەڕی بە بەهرەی خۆی نەبێ. لە ڕاستیدا نوسەرێک زانیاری تەواوی نییە لە سەر کارێکی کە دەیکا و ئەوەی دەیخولقێنێ غاڵبە بۆخۆشی شیاوی شرۆڤە نییە. ئەبقەری بوون شتێک نییە جگە لە حەول دان بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارەی نوێ نەبێ بۆ کێشەی کۆن و لە ڕاستیدا گشت ئەو گێرە و کێشانەی کە هونەرمەندێک دەیەوێ چارەیان بکا پێشتر جێ بە جێ کراون و لێرە دایە کە مەسەلەی زاڵبوون بە سەر قانوونان دا دێتە گۆڕێ. بەڵام ئەگەر هونەرمەند تەنێ دڵی بە زاڵبوونی خۆی خۆش بێ شتێکی تازە ناخولقێنێ واتە گێرە وکێشەکان بەو شێوانە جێ بە جێ دەکا کە خەڵکی دی کردوویانە ، واتە قانوونوکانی خەڵکی دەکار دەکا یان گەڵاڵەی چیرۆکەکەی لە شوێنێکی دیکە وەردەگرێ. نووسەرێکی ئەوتۆ هەر ملی ئەو ڕێگایانە دەگرێ کە پێشتر پێوراون، نووسەرێک کە بە ڕێگا پێوراوەکان دا ناڕوا نووسەرێکە کە بە زمانی تایبەتی خۆی دەدوێ و زمانی تایبەتی خۆی بە دەست دێنێ. واتە ئەو تەسبیت دەکا کە ئەوە تەنێ ئەوە کە قسە دەکا و نە هیچ کەسی دیکە. دەنگی تایبەتی نووسەر هەمان هێزە کە بە دەقێک دا دەخوشێ و خوێنەرەوە دەکاتە شەیدای خۆی. تاقانە بوونی دەنگی نووسەر. تەنانەت ئەگەر دەقێک سوررێئالیستی بێ و گۆیا خۆ بە خۆ نووسرا بێ دەبێ چاو لەوە بکرێ کە نووسەرەکەی کێیە؟ ئایا ئەو نووسەرە دەنگی تایبەتی خۆی هەیە یان نا؟ کەسێکی وەک ئاندرێ برتۆن خۆ بە خۆش دەتوانێ دەقێکی گرینگ بخولقێنێ . کە وابوو ڕێگام بدەن بڵێم کە نووسینی لە خۆوە و بێ کۆنتڕۆڵ تەنێ بۆ کەسانێک دەتوانێ دەست بدا و بەرهەمی هەبێ کە لە هەموو بارودۆخێک دا ئینسانی هونەرمەندن و ئەوە واتە بێ ئەوەی هەستی پێ بکرێ لە مەڕ ئاندرێ برتون ە و نە کەسی دیکە و بە کورتی هەمیشە و لە هەموو دۆخێک دا سەروکارمان لەگەڵ تایبەتی بوونی هونەرمەند و ئاسەواری هونەری یە. سور رێئالیسم یان رێئالیسم هیچیان ناتوانن هونەرمەند بئافرێنن بەڵام هومەرمەندێک دەتوانێ سورڕێئالیسم یان ناتوڕالیسم و یان هەر قوتابخانەیەکی دیکە کە لە داهاتوو دا دێ بخولقێنێ. نووسەران ئافرێنەرانی قوتابخانەکانن . ئەوان خۆیان قوتابخانەن . کە وا بوو بەو ئاکامە دەگەین کە کاری ئەدەبی جووڵەیەکی ئازادانەی زەین و خەیال کردنە. جووڵەیەک کە دەتوانێ جوانییەکی بەرچاو بخولقێنێ ، جوانییەک کە وەکوو تابڵۆیەکی داوینچی یان غەزەلێکی حافز بکرێ زۆر جا بخوێندرێتەوە و چاوی لێ بکرێ و یان وەک کورتە چیرۆکێکی چێخۆف هەر بخوێندرێتەوە و بخوێندرێتەوە.

Monday, September 23, 2019

کۆنگرەی ساڵانەی یەکێتییە کرێکارییەکانی بریتانیا

 کۆنگرەی TUC  لە برایتن   ٢٠١٩
  لە ٨ تا ١١-ی سێپتامبری ٢٠١٩ ، سەدوپەنجاویەکەمین کۆنگرەی ساڵانەی TUC ( کۆنگرەی یەکێتییە کرێکارییەکانی بریتانیا) لە ناوەندی شاری بڕایتن بەڕێوە چوو. لە کۆنگرەی ئەمساڵ دا TUCبە یەک دەنگ پشتیوانی خۆی لە کەمپەینی ئازادیی عەبدوڵا ئوێجاڵان و خەباتی گەلی کورد  ڕاگەیاند .سەرۆکی TUC مارک سێرۆتکا لە پەیامێک دا  دەنووسێ: " دوو ساڵ لەمەو بەر ،کۆنگرەی ئێمە پەسندی کرد پشتیوانی بکا لە کەمپەینی ئازادیی ڕێبەری بزووتنەوەی ئاشتی کورد عەبدوڵا ئوێجاڵان . ئەم کەمپەینە ئێستا  لە لایەن زۆر لە یەکێتییەکانی ئێمەوە پشتیوانی لێ دەکرێ و  ئەوە شانازییە بۆ من منیش پشتیوانی خۆم ڕاگەیێنم. "


لە کۆتایی یەکەم ڕۆژی گەنگەشە و بیروڕاگۆڕینەوە دا ، گشت ئەندامانی سەرۆکایەتی بزووتنەوەی یەکێتییە کرێکارییەکان  داوایان لە نوێنەرانی کۆنگرە کرد هاوپێوەندیی خۆیان لەگەڵ ئوێجاڵان ڕابگەیێنن .شەش سەد نوێنەری ئامادەی کۆنگرە بە نوێنەرایەتی شەش میلیۆن کرێکار  هەستانە سەرپێ و بە بەرز کردنەوەی پۆرترەی عەبدوڵا ئوێجاڵان بانگەوازی ئازادی وییان کرد. ئەو پۆرترەیە جیم فیتزپاتریک کێشاویەتەوە ئەو هونەرمەندەی کە پۆرترەی بەناوبانگی چێ گێوارای ئامادە کردبوو.
 لە  دووەم ڕۆژی کۆنگرە دا ، " کەمپەینی ئازادیی ئوێجاڵان  "  کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ڕێک خست بە ناوی "خەبات بۆ داهاتووی تورکیا ، دەوری گرینگی یەکێتییە کرێکارییەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی و بزووتنەوەی کورد" کە ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی سەندیکایی تێیدا ئامادە بوون. ئەو کۆبوونەوەیە کریستین بلۆر ، هاوسەرۆکی کەمپەینی ئازادیی ئوێجاڵان و ئەندامی پارتیی کرێکار بەڕێوەی برد و  ئەوانەی ووتەیان پێشکێش کرد بریتی بوون لە تیم ڕۆش سکرتێری گشتی
GMB ، مانوێل کۆرتێس سکرتێری گشتی TSSA، شاڤانا تاج    PCS  و  جێگری سەرۆکی TCUوەیلز ، تۆنی بورک یارمەتیدەری سکرتێری گشتی UNITE  و ئەلیف ساریجان ، مەردم ناس و چالاکی بزووتنەوەی ژنانی کورد . کەمپەینی ئازادیی بۆ ئوێجاڵان لە ڤیدێئۆیەک دا بەشێک لە قسەکانی پانێلیستەکان و بەشدارانی ئەم کۆبوونەوەیەی بڵاو کردووەتەوە کە لەخوارەوە  وەرگێڕاوی کوردی ئەوان دەخوێننەوە. دەکرێ ڤیدێئۆیەکە لەو لینکە دا تەماشا بکەن.
 
https://vimeo.com/360157807
 سەرەتای ڤیدێئۆیەکە بە گۆرانییەکی شۆڕشگێری دەست پێ دەکا کە هونەرمەندی ئینگلیسی لی  بریکلی لە ساڵی ٢٠١٨ چریویە و بڵاوی کردووەتەوە و وەڕگێرانێ کوردی سروودەکە ئاوایە:


لە دوڕگەیەک دا ڕاگیراوە
نا‌یەڵن دنیا ببینێ
 ڕووی هەزاران تفەنگی تێ کراوە
لە زیندانێکی قوڕاوی دا
 لەوێ ئینسانێک دەژی  کە ئیلهام دەدا بە میلیۆنان
 وا بڵێن وەک ئەوەی ئازاد بن
 ئەو بە واتای هەرەگەورە گریلایە
 شۆڕشگێڕێکە
 لە ٨٤  دەستی دا چەک
بۆ ئەوەی بەشەڕ بێ لەهەمبەر دەوڵەتی تورک
و گەلی کورد بپارێزێ
لە ئاست چارەنووسی مەرگاوی
 دەکرێ هێندێکان پێی بڵێن تێرۆریست
بەڵام بزانە کە وا نییە
 ئەو کاتەی سیاسەتمەداران لایان لێ نەکردەوە
 پکک ەی دامەزراند
ئوێجا لااااااااااااااااااااااان
ئوێجاڵااااااااااااااااااااااااااان
 ئەو لە چیایان کەمپی ساز کرد
 لە دژی دەوڵەتێ هێرشی دەست پێ کرد
لە هەمبەر ڕوەدوونران بە ساڵان
و بەدژی سیاسەتی نەفەرەت و بیزاری بە ساڵانی ئەوان
لە میسیۆنێکدا بۆ ئازادیی گەلی خۆی و ووڵاتی خۆی
ئەو ژیان و خوێنی دا
ئەو دڵ و گیانی بەخشی
بۆ هەموو  کوردستان
ئەو ژنی ڕزگار کرد
 یارمەتی دان کۆت و زنجیری دین داڕنن
 ڕێگایەکی بۆ هەموان ساز کرد
لە لانکەوە تا گۆڕ
 ژیرییەک و ئارمانێک
کە دنیا کەمتر بەخۆیەوە دیوە
 ڕێبەرێک کە هیچی بۆخۆی ناوێ
ئەمن دەڵێم ئێمە دەبێ  ئازاد کەین
 ئوێجاڵاااااااااااااااااااااااااااااااااان
لە  ئیتالیا گرتیان
و  دەریان  کرد
هیچ دەوڵوتێکی ئوڕووپایی
 ڕیی نەدا فڕۆکەکەی بنێشێ
بۆیە لە کێنا دابەزی
 و لەوێ دواجار خیانەتی پێ کرا
بە دەستی شاراوەی دەسگای ئیستیخبارات
بە دەست سی ئای ئێی
 ئەوان ناردیانەوە بۆ تورکیا
و بە هەموانیان نیشان دا
 لەوەی دەرگای زیندانی لە سەر داخەن
 دادگایەکی فەرمایشی دا
حوکمی ئێعدامیان دا
 دوایە ئەو حوکمە شکا
ئەگەر جارێکی دی لەکار خۆیان بڕوانن
 ئەمن پێم وایە لەوە فێر دەبن
 ئوێجاڵاااااااااااااااااان
ئەو ئالبۆمە لە١٢ ی مەی ٢٠١٨ بڵاو کراوەتەوە
 کۆپی ڕایت  لی بریکلی  
.......

قسەکانی ئەندامێکی کەمپەینی ئازادیی ئوێجاڵان
* زۆر خۆشحاڵم بەوەی هەتا ئێستا لە کۆنگرەی دا باس کراوە و زۆر بە هەیەجانەوە گوێبیسیان بووم. بە پرسیاری و هاوپێوەندییەکی زۆر دەربڕاوە. لە دوای یەکەم ڕۆژی کار هەموو  بەشداران و ڕێبەرانی سەندیکا کرێکارییەکان لە ساڵۆنی کۆنگرە  پۆرترەی عەبدوڵا ئوێجاڵانیان بەرز کردەوە کە لە پشت سەری من دەیبینن و جەیمز فیتز پاتریک  کێشاویەتەوە  و لە سەرەتای دانیشتەکانی ئەمڕۆ دا کۆبوونەوەیەکی تایبەتی دەکرێ بۆ باس لە بارودۆخی عەبدوڵا ئوێجاڵان  لە دوڕگەی ئێمرالی لەگەڵ بارودۆخی هەراوتر لە تورکیا ، لەو دانیشتنە دا هەیئەتی ئاشتیی ئێمراڵی ڕاپۆرتی خۆی پێشکێش دەکا  کە لە مانگی فێورییەی ئەمساڵ دا سەری تورکیایان دا. ئەوە زۆر گرینگە کە ئێمە پێوەندی لەگەڵ سەندیکا کرێکارییەکان دامەزرێنین. ئەو کەمپەینە زۆر گرینگە چونکە مێژوویەکی بەهێز هەیە  لەمەڕ هاوپێوەندی بزووتنەوەی سەندیکا کرێکارییەکان لەگەڵ ڕێبەران و بزووتنەوەکان لە سەرتاسەری جیهان بەتایبەتی کەمپەینی نێلسۆن ماندێلا  کە چەندین دەیە لەمەو بەر ئەنجام درا.  و ئێستا خەڵک بەراوەردی وەزعی ماندێلا لەگەڵ عەبدوڵا ئوێجاڵان دەکەن. بۆچی ئەوە گرینگە ، خەباتی ئازادیخوازی کورد یەکێک لە ڕەهەندە هەرە گرینگەکانی  بریتییە لە گەیاندنی خەڵک بە یەکتری و دامەزرانی دیالۆگ و ساز کردنی خۆڕاگری هاوبەش و هاوپێوەندییەک  لە هەمبەر گشت ئەو دوژمنانەی کە ئێمە تووشیان دێین . بە دژی سیستمی گلۆباڵ کە گوشار دێنێ بۆ سەر هەموومان . مێژوویەکی دەوڵەمەندی خۆڕاگری و بەرخوەدانی خەڵکی جۆر بە جۆر هەیە  لە چوارچێوەی شانشینی یەکگرتوو  و دوڕگە بریتانیاییەکان دا  و ئەوە گرینگە کە ئێمە لە دیالۆگ دا بین لەگەڵ بزووتنەوەی خۆڕاگری کورد و ئەو پارادایمەی لە لایەن عەبدوڵا ئوێجاڵانەوە دەربڕاوە و گەڵاڵە کراوە.


 Christine Blower
*ئەمن ناوم کریستین بلۆرە ئەمن ئێستا  لەگەڵ NEU ،  یەكێتیی نەتەوەیی مامۆستایانم کە پێشتر NUT بوو.  و ئەمن هاوسەرۆکی کەمپەینی ئازادی بۆ ئوێجاڵانم .  ئەو کەمپەینە لەلایەن  UNITEو GMB وەڕێ خرا  بەڵام ژمارەیەکی دیکە لە سەندیکاکان لەوانە یەکێتییەکەی من  هەڵوێستمان هەبوو لە سەر کوردەکان  بۆ ماوەی درێژ.  و یەک لە هۆیەکانی کە کەمپەین جەخت دەکا  بە تایبەتی لە سەر عەبدوڵا ئوێجاڵان  لەبەر ئەوەیە ئەو ڕێبەری بەڕەسمی ناسراوی کوردەکانە ، نەک هەر ئەوە ، بەڵکوو لە زیندان دا توند کرانی بۆ ماوەی بیست ساڵ  بە ئاشکرایی زیندانی کردنێکی سیاسی یە  و ئازادیی وی بەستراوەتە بە ئازادی هەموو گەلی کورد  و ئازادیی گەلی کورد بەستراوەتەوە بە ئازادی ئێمە . تایبەتمەندی ئوێجاڵان ئەوەیە کە ئەو بیرمەندێکی گلۆباڵ ە  و لە توانای دا هەیە لە تاکهێشتنەوەی لە زیندنی ئێمرالییەوە شتەکان ببینێ لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوو دا  و  لەگەڵ ئەوەشدا، بەرچاو ڕوونی بدا و نەخشە ڕێگایەک لەپێناو ئاشتی دا بێنێتە گۆڕێ و ڕێبازێک نیشان بدا نەک هەر بە کوردەکان بەڵکوو بە هەموان  بەرەو کۆمەڵێک ، بەرەو شێوەی بوون و هەلسووڕانێک  و ژیان  کە مانای ئەوەیە ئێمە عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانیمان  هەبێ. بۆ من جەخت کردنەوەی وی لە سەر ئازادیی ژنان زۆر گرینگە . بۆ ئێمە کە دەڵێین لا لە عەداڵەتی کۆمەڵایەتی دەکەینەوە  دەزانین کە یەکسانیمان نییە بۆ ژنان  بەڵام لە ڕاستیدا لەو جێیەی کوردەکان هێڵراون خۆیان ڕێک خەن  ئەوان توانیویە بەشێوەیەک خۆ ڕێک خەن  کە ئەو جۆرە ئازادییە بۆ ژنان بەرەوپێش دەبا.  جا بۆیە لە ڕوانگەوە ئەوە گرینگە بۆ من  بزووتنەوەی سەندیکا کرێکارییەکان لە بریتانیا داوای ئازادی و داوای ئازادیی بۆ ئوێجاڵان بەرز بکاتەوە  و لەگەڵ ئەو کەمپەینە بکەوێ .  لە ڕاستیدا دەستەبەر بێ کە ئێمە لە بریتانیاوە  ئەوەی لە دەستمان دێ دەیکەین  کە بانگەوازی ئازادی وی بەرز بکەینەوە،  لە پێناو ئازادی وی شەڕ و خەبات بکەین.


TONY BURKE
تۆنی بورک ئاسیستانی سکرتێری گشتی UNITE
*.... یەکێتیی یوونایت و زۆر  لە سەندیکا کرێکارییەکان  پشتیوانی لەو کەمپەینە دەکەن چونکە ئوێجاڵان  بە شێوەیەکی ئەوتۆ هەڵسوکەوتی لەگەڵ کراوە کە بە پێچەوانەی هەموو ڕەفتارێکی ئێنسانی یە. ئەمن پێم وایە ئەو ماندێلای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
 TIM ROACHE
 تیم ڕۆش سکرتێری گشتی GMB
*ئەوەی ئێمە لە تورکیا دەیبینین لەوەتا  ئەردۆغان هێزی بەدەستەوە گرتووە  جووڵانی سیاسەتی تورکیا بەرەو قۆڵی ڕاست ە و ئێمە دەبینین  ڕێژیمی ئەردۆغان هەر دێ خراپتر و خراپتر دەبێ بۆ گەلی کورد  و گەلی کوردیش عەبدوڵا ئوێجاڵان وەکوو ڕێبەری خۆی دەبینێ. و ئێمە سەندیکا کرێکارییەکان و تێکۆشەرانی  سەندیکایی سێ ساڵ لەوە پێش گوتمان ئێمە دوو بژارمان لەبەرە. یەکیان ئەوە بوو کە ئێمە بەڕێوە بەرانی بازرگانین و ئەوەی لە تورکیا ڕادەبرێ ئیشی ئێمە نییە و شەڕی ئێمە نییە  یان ئەوەی کە ئێمە شتێکی جیاواز دەکەین. ئێمە گوتمان ئەوە شەڕی ئێمەیە  و گەلی کورد هاوپێوەندی ، پشتیوانی  سەرچاوەی ئێمەی لێ دەوەشێتەوە و ئەرکی سەرشانمانە  شانبەشانی ئەوان ڕاوەستین و شەڕ بکەین . بۆیەیە  و ئەوکاتەیە کە لە ساڵی  ٢٠١٦ یوونایت  و جی ئێم بی دەستیان کرد بە وەڕێخستنی کەمپەینی ئازادیی بۆ ئوێجاڵان


Shavana TAJ
*ئەمن شڤانا تاج ، جێگری سەرۆکی  TUCوێڵزم و ئیدارەی نەتەوەیی یەکێتیی PCS لە باشووری وێڵز و باشووری ڕۆژئاوا. ئەو کەمپەینە تەواو ڕوون و ئاشکرایە . کەمپەینێکە سەبارەت بە ئازادی ، کەمپەینێکە بۆ  یەکسانی و عەداڵەت و ڕزگاریی گەلی کورد. دواجار ئەوەی خەڵک داوای دەکەن ئەوەیە کە ئێمە وەک شاروومەندانی شانشینی یەکگرتوو بە نەغدەن هەمانە و چێژی لێ دەبینین.   کەمپەینەکە لە سەر ئەوەیە.  هۆی ئەوەی ئەو کەمپەینە ئەوەندە گرینگە بۆ بزووتنەوەی  یەکێتییەکرێکارییەکان لە بەر ئەوەیە  کە درێژە بدا بە نیشاندانی هاوپێوەندی  وەک ئەوەی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو دا  نیشانمان داوە کە ئەو کەمپەینە هەر لە بەر ئەوە نییە ڕێگا بدرێ سەردانی ئوێجاڵان بکرێ و دڵنیایی وەربگرین کە هەمووشت تەواو ە لە زیندان دا بەڵکوو  مەبەست ئازاد کردنی وی و ئازاد کردنی خەڵکی کوردستانیشە ،  دواجار بۆ ئەوەی گەل ڕزگاری هەبێ . و بۆ خەباتکارانی سەندیکا کرێکارییەکان بە ڕاستی زۆر گرینگە  کە ئەوان لەگەڵ ئەو کەمپەینە بکەون و لە هەمان حاڵ دا  بانگەوازی بکەن لەو تێکۆشەرە کوردانەی کە چالاکن لە بزووتنەوەی کورد دا کە  لە کۆبوونەوەی لقەکانیان دا بەشداری بکەن  و باسی مژارەکان بکەن  و هەر وەک ئەوەی هێندێک لە ووتاردەران ئەمڕۆ گوتیان  ئەوە بە تایبەتی گرینگە بۆ ژنان  بە هەموو پێشینەیەکەوە  ئەوەی بۆ عەبدوڵای دەکەن بۆ هەموانە نەک هەر بۆ تاکە کەسێک. 
  Tony Burke
*ئەو دێلێگاسیۆنە  ئەم ڕاپۆرتە بەرزەی ئامادە کردووە  ووڕدە ڕیشاڵی ئەوە باس دەکا ئێمە لەوێ دۆزیمانەوە.  هەر وەها پشتگری دەکا لە کەمپەینی ئازادیی بۆ ئوێجاڵان  و بۆ ئەوەی دەستەبەر بین ئەوەندەی کە دەکرێ پشتیوانی سەندیکای کرێکاری زیاتر بەرەو ئەو کەمپەینە ڕابکێشین و تێیانەوە بگلێنین. هەر وەها هاوکارانی من لە سەندیکای ... ش سەری تورکیایان داوە بۆ چاوەدێری و ئەمن دڵنیام ئەو کارانەی کە هەموو سەندیکا کرێکارییەکان دەیکەن  لە تورکیا و لە کوردستان زۆر چاک پێشوازی لێ دەکرێ.ئەمن لە نزیکەوە و بە دەستی یەک ئەو زۆردارییەم دیتووە کە بە ساڵانە لە خەڵکی کوردستان دەکرێ هەر وەها بە دروستی ئەو کارەش هەست پێ دەکەم کە بۆ ئازادیی ئوێجاڵان دەکرێ.

PAUL SCHOLY
*ئەمن پاوڵ  سکۆلی م . ئەمن سەر  بە ئۆفیسی پارێزەرانی مۆریس م.  ئەمن شانازی ئەوەم هەبوو  وەکوو ئەندامێکی ئەو دێلێگاسیۆنە کە کەمپەینی ئازادیی ئوێجاڵان ڕێکی خستبوو  لە فێورییەی ٢٠١٩  دا بچمە تورکیا.  چەند دێلێگاسیۆنی ناونەتەوەیی  دیکە کە ،  لە ئەندامی سەندیکا  کرێکارییەکان،  سیاسەتمەداران  و سیاسەتمەدارانی دڵخواز  ، پارێزەران و ... پێک هاتبوو لە ئانکارا و لە دیاربەکر بەیەکەوە  چاومان کەوت بە کۆمەڵێک لە پارێزەران ،  ئەندامانی سەندیکا کرێکارییەکان و ئەندامانی کۆمەڵەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ.  ئەمن ناتوانم پێداگری تەواو بکەم سەبارەت  بە ڕادەی گرینگی ئەو کەمپەینە  کە چۆن بەرەو پێش چووە ، خەڵکی تەشویق کردووە و  پشتیوانی لێ کراوە . لێرە دا بۆ هەموو تورکیا کە تێیدا حوکمی قانوون دە مەترسی کەوتووە  دە پڕاتیک دا و بە شێوەیەکی ترسێنەر  بەڵام بۆ کوردەکان بە تایبەتی  نوێنەرایەتی بە دەیان میلیۆن  کورد دەکەن لە چوار ووڵات کە پێشتر کوردستان بوون.  بۆ ئەوان ڕێگای بەرەوپێشوە چوون ئەوەیە کە لەپشت ڕێبەرەکەیان ئوێجاڵان بن ، تا ئەو کاتەی کە ئەو بەر دەدرێ و دیالۆگی سیاسی لەگەڵ وی  لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە دەکرێ کوردەکان ناکرێ ئەو نوێنەرایەتییان هەبێ کە حەوجێیان پێیەتی


Steven Smailey
* ئەمن ستیڤن  سمەیلی م لە سەندیکای UNISON سەندیکای کەرتی گشتی . لە دانیشتنی دوێنی دا ئێمە کردەوەیەکمان هەبوو بۆ دەربڕینی  هاوپێوەندی  لەگەڵ گەلی کورد و بەتایبەتی عەبدوڵا ئوێجاڵان .   بە سەدان نوێنەرانی کۆنگرە پۆرترەی ئوێجاڵانیان بەرز کردەوە بۆ داوای ئازادیی ئوێجاڵان و بۆ ئەوەی بە دنیاش نیشان بدرێ کە لێرە بزووتنەوەی سەندیکای کرێکاری سەداسەد لە پشت خەباتە بۆ ئازادیی  و دێمۆکڕاسی  بۆ گەلی کورد کە ئوێجاڵان نوێنەرایەتی دەکا.

Tom Murphy
 لقی کرێکارانی چاپ
* هاوکاران ئەو بارودۆخەی کە سەندیکا کرێکارییەکان لەگەڵی ڕووبەڕوونە ، هەر ئەو بارودۆخەیە کە کوردەکان لە تورکیا لەگەڵی بەرەو ڕوونە. ئەردۆغان هەموو هێزە پێشکەوتنخوازەکان سەرکوت دەکا  لە ووڵات . شەر بە دژی کوردەکان درێژ بووەتەوە بۆ شەر لە سەر ماڵان ،  بۆ سەر مافی کرێکارانیش.  ئێمە ناتوانین کەمپەین بکەین بۆ مافی مرۆڤی کوردەکان بە بێ کەمپەین کردن بۆ مافی یەکێتییە کرێکارییەکان لە تورکیا و بۆ ڕێکخراوی ئازادی کۆمەڵگەی مەدەنی.  ئەمن شانازی ئەوەم هەبووە لەگەڵ ئەو هاوکارانە بدوێم کە چالاکن لە کەمپەینی ئازادی بۆ ئوێجاڵان دا ، ئەمن چاوم کەوتووە بە چالاکانی یەکێتییە کرێکارییەکان لە تورکیا کە ئازایانە خەبات دەکەن بۆ کۆمەڵێکی عەلمانی لە تورکیا  و مافی سیاسی و یەکسان  و دێمۆکڕاسی . ئێمە دەبێ پشتیوانیان لێ بکەین لە خەباتەکەیان دا  بە پێداگری لەگەڵ هەموو لقەکان لە هەرێمەکان دا بۆ ئەوەی لەگەڵ کەمپەینی ئازادیی بۆ ئوێجاڵان بکەون.

Jeffery Sheers
* ئەمن ناوم جێفری شێرز ە . ئەمن پارێزەرێکی یەکێتیی کرێکاریم  ئەمن هەروەها خەزێنەداری  ئەنیستیتووی مافی دامەزران م.   و ئەمن جێگری سەرۆکی  ناوەندی لێکۆلینەوەی کار  و کۆمەڵایەتیم.  جا بۆیە  بەرژەوەندییەکی ڕاستەوخۆم هەیە لە خەباتی سەندیکا کرێکارییەکاندا  بۆ دنیایەکی باشتر  هەم لەم ووڵاتە و هەم لە ووڵاتانی دیکە دا . لە کووبا ، لە ئەمریکای لاتین  بە گشتی و لە هەر ووڵاتێکدا  کە تێێدا یەکێتییە کرێکارییەکان خۆیان ڕێک خستووە  بۆ ژیانێکی باشتر.
کەمپینی ئازادیی بۆ ئوێجاڵان  لەو ووڵاتە لەلایەن بزووتنەوەی سەندیکای کرێکارییەوە دەستی پێ کرد.  ئەوە باشترین شوێن بوو بۆ دەسپێکردنی ئەو کەمپەینە.  سەندیکا کرێکارییەکان هزر و بیریان لە سەر عەداڵەت کۆ دەبێتەوە . عەداڵەت بۆ ئوێجاڵان. عەداڵەت بگاتە  موزاکەرەیەک کە ئاشتی لەتەک خۆیدا بێنێ.  ئاشتی لە هەرێم دا ، ئوێجاڵان دەتوانێ  ئەو ناوەرۆکە دیاری بکا  کە قسە لەسەر کردنی ئاشتی دێنێ بۆ هەرێمەکە.  و ئاشتی لەو هەرێمە دا گرینگە بۆ  ئاشتی لە دونیا دا. و ئێستا لەمێژە  کە دەبوو ئەو خەڵکەی کە لەو خەباتەوە گلاون ، لە جبهەی پێشەوە  ئەو جۆرە کەسانەن کە دەتوانن چارە بدۆزنەوە  و ئەوانە کە لە پشت پەردە پەتەکان هەڵدەسووڕێنن  لە ئاستی جیهانی دا  تەنێ لە بەرژەوەندیی کەسیی خۆیاندا ، لە پێناو دەسەڵات و  هێز و سەروەت و سامانی خۆیاندا  دەبێ نیشان بدرێن وەک ئەوەی کە هەن.  دەبێ وەک شەرەخواز ببیندرێن  کە ناخۆشی و خراپی ساز دەکەن  ودواجار سەدەمە دەگەیێنن بە  خەڵکی واقعی ئاسایی . ئەم کەمپەینە بەشێکی پچووکە لە پێواژۆیەکی گەورە  و ئەمن هەموو جۆرە سەرکەوتنێکی بۆ بە ئاوات دەخوازم.
Simon Dubbins
بەڕێوەبەری  ناونەتەوەیی و  لێکۆڵینەوەی یوونایت
*وەک بەشێک لەم بزووتنەوە و ئەم کەمپەینە  لە سەرەتاوە ، با پێت بڵێم ئەوەی دوێنێ ڕوویدا بە ڕاستی خۆش بوو. لە ڕاستیدا گشت ئەوانەی لە هۆڵەکە دا بوون بەشداریان کرد لەو کەمپەینە دا . شکاندنی بڤە و تابوویان هاسان نییە . قسە کردن سەبارەت بە ئوێجاڵان ، قسە کردن سەبارەت بە کوردەکان . ئێمە دەزانین کە بارودۆخیان چۆنە  ، و بە خۆشییەوە دوێنێ ئێمە هەنگاوێکی گەورەمان هەڵگرت بەرەو پێشەوە .  ئەو شێوە و ئەو ئاستەی کە کۆبوونەوەکە بەو مەسەلەوە خەریک بوو  رادەی تێوەگلان ، ڕادەی پشتیوانی لێ کردن بە  ڕەهایی هەتا بڵیی خۆشە و بۆ یەکەم جار بزەی هێنا سەر لێوانی من لەوەتا ئەو بەزمەی لە مەڕ برێگزیت ساز بووە. و ئەوەی دوێنێ یەکانگیر کردنی ئەنێرژییەکە  کە ئێستا ساز بووە.

 Thereasa Regen
*ئەمن ناوم تێریزا رێگن ە ، ئەمن یەک لە کاربەدەستانی سەرتاسەری  یەکێتیی پەروەدەم . یەکێتییەکەی من  بەرعۆدەییەکی لە مێژینەی هەیە بۆ پشتیوانی لە خەڵکی تورکیا  و کۆمەڵگەی کورد  ئێمە لەگەڵ ئەو کەمپەینە کەوتووین ، بە گوێدانی ئەو قسانەی ئەمڕۆ کران  گرینگە مرۆڤ تێ بگا  کە چ بەسەری خەڵک دێ لە تورکیا .  ئەمن دەزانم بە ڕێگای پێوەندیم لەگەڵ چالاکانی سەندیکای کرێکاری لەوێ  کە ژمارەیەکی زۆر  لە پەروەردەکاران لەوێ گیراون ، لە زیندانان توند کراون دەزانم بە تایبەتی ئەوە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانیش کراوە . ئێستا لە تورکیا مەزنترین ژمارەی ڕۆژنامەنووسان لە زیندانان دان  و ئێمە وەکوو کۆمەڵگە ی ناونەتەوەیی  دەبێ هاوپێوەندی خۆمان لەگەڵ ئەو خەڵکە نیشان بدەین  و تەنێ بە ڕێگای لە قاودانە کە ئێمە دەتوانین لەوێ بارودۆخ بگۆڕین ، بە ڕێگای پەروەردە کردنی خەڵک سەبارەت بەوەی کە لەوێ ڕادەبرێ   و بە چوونی ئەوێ بە ناردنی دێلێگاسیۆنان  بۆیە ئەمن باسی دێلێگاسیۆنی تی یوو سی م کرد چونکە  بە لەبەر چاوگرتنی بارودۆخی ئێستا  زۆر گرینگتر دەبێ ئێمە نیشان بدەین دەمانەوێ بچینە ئەوێ لەگەڵ خەڵک قسە بکەین ، هاوپێوەندی خۆمان نیشان بدەین  و بگەڕێینەوە ئێرە لەگەڵ سیاسەتمەدارەکانمان  ڕاوێژ بکەین  و کارێکی وا بکەین ئەوان گوشار بێنن  بۆ سەر ڕێبەرایەتی لە تورکیا بۆ ئەوەی بارودۆخەکە بگۆڕێ.

Manuel Cortes
 سکرتێری گشتی TSSA
*هیچ جۆرە حورمەتێکیان بۆ هیچ جۆرە قانوونێک نییە. کە ئێمە لەوێ بووین وەک دێلێگاسیۆنێک تەنیا شتێکی کە داوامان دەکرد  ئەوە بوو کە دەوڵەتی تورک قانوونەکانی خۆی ڕەچاو بکا ، ئێمە جگە لەوە داوای هیچی دیکەمان نەدەکرد. ئێمە گوتمان هەموو زیندانییەک مافی ئەوەی هەیە پارێزەرەکەی ببینێ. و ئێمە گوتمان ئەردۆغان و وەزارەتخانە دادەکەی دڵنیایی بدەن  کە ئوێجاڵان دەستی بە پارێزەرەکانی ڕابگا. ئەوان ووڵامی ئەوەیان نەداوە و ئێمە لەوەشمان تێ پەڕاند ، لە قانوونە بنەڕەتییەکەیاندا هاتووە  کە بە قسە خەڵک لەگەلێک ڕووەوە دەپارێزدرێن  بەڵام هیچکامەیەکیان، هیچ کامەیەکیان لە بەر چاو نەگیراوە و گوێیان نەدراوەتێ. ئێوە لەگەڵ ووڵاتێک ڕووبەڕوون کە حوکمی قانوون تێیدا بڕ ناکا. جا بۆیە  زۆر ئاستەم دەبێ مرۆڤ بییەوێ بە پێی قانوون هەلسوکەوت بکا.  هەتا بڵیی زەحمەتە لەچوارچێوەی قانوونی دا جووڵانەوە.  کە هیچ قانوون نەبێ و ئەو قانوونانەش کە هەن بەڕێوە نەچن. و کێشە ئەوەیە و ئەوە گیروگرفتە بۆ هەموو کەس لە تورکیا ، هەر کەس کە بیروڕایەکی پێشکەوتووانەی هەبێ.  بەڵام هەڵبەت زۆرداری لە کوردەکان لە چوارچێوەی  تورکیا دا بەر لە کودەتای ساڵی ٢٠١٦ دەستی پێ کردووە  لە ئاکامی ئەوە دا زۆر بە خراپی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ  کراوە. لە تورکیا دێمۆکڕاسی هەڵناسووڕێ . هەڵبەت دیارە دەبێ چارەیەکی سیاسی بۆ ئەو کێشەیە بدۆزرێتەوە  لە ناو تورکیا دا  و لەمەڕ ئەو ڕەفتارەی لەگەڵ کەمایەتییەکەی دەیکا.  تەنیا ڕێگا بۆ چارەسەر کردنی ئەو گرفتانە  سیاسییە ، ڕێگای دانیشتن لە دەوری مێزە دۆزینەوەی پێک هاتنێک .  دەزانن ئوێجاڵان بە دووی دۆزینەوەی تەوافوقێکی سیاسی دا دەگەڕێ کە جۆرێک لە حوکمی خۆییان بۆ دەستە بەر بکا  لە چوارچێوەی بەشە کوردییەکانی تورکیا دا .  ئەوە داوایەکی هێندە گەورە نییە بەڵام  بە گردبڕی و بە ڕوونی ئەردۆغان نایەوێ بەرەو ئەو ئاڕاستەیە بجووڵێ. ئەمن دەمەوێ قسەکانم بەو ووتەیەی تۆ  [ ڕووی لە یەک ووتاربێژەکانە]  کە ئوێجاڵان بووە بە ماندێلاێکی نوێ تەواو بکەم .  و وەکوو ماندێلا  ئەو لە دوڕگەیەک دا زیندانییە ، وەکوو ماندێلا  ئەو ئازاد دەکرێ لەبەر ئەوەی بەشێوەیەکی ناعادلانە خراوەتە زیندان و وەکوو ماندێلا ڕێبەرایەتی گەلەکەی دەکا.