Wednesday, November 6, 2019

پرۆفێسۆر عەبباس وەلی لە بەرنامەی " چشم انداز" ی تێلێڤیزیۆنی فارسی ئێران ئیترناشناڵ لەگەڵ یای سیما سابیت ، سێشەمە ٥ئ نۆڤامبری ٢٠١٩


قسەکانی پرۆفێسۆر عەبباس وەلی لە بەرنامەی " چشم انداز"، تێلێڤیزیۆنی فارسی  ئێران ئینترناشناڵ لە ووڵامی یای سیما سابێت ، سێشەمە  ١٤ی خەزەڵوەر / ٥-ی نۆڤامبری٢٠١٩

سەبارەت بە ناسیۆنالیزمی ئێرانی ، ناسێنەی ئێتنیکی و هتاد

عەبباس وەلی : لە درێژەی قسەکانی ئاغای سەدرولئەشڕاف  و هەر وەها  بەشی یەکەمی بەرنامەکەتان کە من دیتم  دەبێ بڵێم ڕیشەکانی ئەو مەسەلەیە لەوانە قووڵترە . ئەوە ڕاستە کە ئاغای سەدرولئەشڕاف دەڵێن لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی  لە ئێران و پێویستی هەبوونی ناسێنەیەکی ئێتنیکی یەکگرتوو و پێوەنووساندنی ئەوە بە هەموو تاکوتەرای نەتەوەوە وەکوو  ناسێنەی نەتەوەیی ئەو موشکیلەیە پێش هاتووە ، ئەوە بە تەواوی دروستە و بۆ من جێی داخە دیتم ئاغای پەیمان یەکێک لە میوانەکانتان لە بەشی یەکەمی بەرنامەکە دا خەریک بوو ڕەچەتەی بۆ ئێمە دەنووسی کە دەیگوت چارەنووسی مەسەلەی نەتەوەیی دەبێ دە چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەیی دا ببیندرێتەوە .

سیما سابێت : ئاغای وەلی ئەگەر دەکرێ تکایە لە ووڵامدانەوەتان دا ووڵامی خۆتان بڵێن، ئاغای عارف لەم گفتوگۆیە دا ئامادە نییە کە بەرگری لە خۆی بکا و لە ئاکام دا هێنانە گۆڕی ڕەخنەیەک کە ئەو ناتوانێ ووڵامی بداتەوە زۆر بە کەلک نابێ.  تکا دەکەم ووڵامی خۆتان بفەرموون.


عەبباس وەلی: ئەمن ئەوەم بە داخەوە بەیان کرد. چونکە قسەی ئاوا لە ڕیشەی ئەو کێشەیە دایە. ئەمن پێم وایە جگە لەوە کە ئاغای سەدرولئەشڕاف دەیڵێ  کولتووری سیاسی ئێران و ڕووناکبیرانی ئێرانی  نەیانتوانیوە تا کوو ئێستا بەیانێکی سیاسی –تێئۆرێک لە مەڕ ناوەڕۆکی ناسیۆنالیزمی ئێرانی  بە دەستەوە بدەن. ناسیۆنالیزمی ئێرانی  بە قووڵی لە حاڵەتی ئێتنیک دا ماوەتەوە ، ئەوە بەو مانایەیە کە ناسیۆنالیزمی ئێرانی  لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی  ئێتنیسیتەیەکی تایبەتی گونجێندراوە و هیچ جۆرە حەولێک نەدراوە  کە بەرنامەیەک یان بەیانێکی جۆرێک ناسیۆنالیزمی مەدەنی هەبێ کە بتوانێ  لە مەسەلە ئێتنیسیتییەکانی تێ پەڕێنێ ، دیوارە ئێتنیکییەکان بشکێنێ  و ئەوە نەکراوە. تەنیا شتێکی هەیە داوا لە خەڵکی ئێران دەکرێ ، لە گشت ئەو مردمانەیان دەوێ کە لە ئێرانن  و ئێتنیستەی جیاواز ، زمانی جیاواز ، مەزهەبی جیاواز ، کولتووری جیاوازیان هەیە ، قەبووڵ بکەن  کە لێرە دا تاقە یەک ناسێنە هەیە و ئەو ناسێنەیە هەموومان وەبەر دەگرێ. و کاتێکیش دژ دەردەکەوی  ئی هەرە دێمۆکڕاتیان بە ئێمە دەڵێن  ئێمە دەبێ وەدوای مەسەلەی هاووڵاتێتی ( شارومەندی)  بکەوین. ئەمن ئەوەم پێ قەبووڵە شارومەندێتی شتێکی چاکە بەڵام مەسەلەی ناسێنەی شارومەند دەربڕ و نیشاندەری ناسێنەی دەسەڵاتی سیاسی لە قانوونی  بنچینەیی دایە. ئەگەر ئەو دۆستانەی کە وەدوای شارومەندێتی کەوتوون و باسی شارومەندێتی دەکەن دەبێ  لە پێشدا و لە سەرەتاوە و بەر لە هەموو شت  ناسێنەی دەسەڵاتی سیاسی کە لە قانوون دا دەناسێندرێ  لە حاڵەتی ئێتنیکی و تاقە مەزەبی و تاقە کولتووری و تاقە مێژوویی و تاقە شارستانێتی بهێننە دەرێ . ئەگەر ئەوە دەرنەهێنن ئەو موشکیلەیەی کە دێتە پێشێ ئەوەیە کە ئێمە دێین دەڵێین ئێمە شارومەندی ئێرانین و دەبێ شارومەندێتی قەبووڵ بکەین ، بەڵام شارومەند بەوجۆرە کە لە قانوونی بنچینەیی دا ناسێندراوە ، مەزهەبی ڕەسمی ئەمەیە ، زمانی ڕەسمی ئەوەیە و ئەوە ئەوەیە، جا بۆیە کوردێک ، یان تورکی ئازەربایجانی ، یان بەلووچ یان تورکەمەن دەکەوێتە دەرەوەی ئەو ڕاستییە بەو مانایەیە کە ئەوانە لە دەرەوەی ئامێزی قانوون دان .....

سیما سابیت: ببوورە ئاغای وەلی ئێوە ئاماژەتان پێ کرد کە ناسیۆنالیزمی ئێرانی لەگەڵ قەومەکانی دیکە یەکتر ناگرێتەوە. بە بۆچوونی ئێوە لێرەدا چ  دژایەتییەک لە گۆڕێ دایە ئەگەر ئەو شتەی کە بە ناوی مافی شارومەندێتی دەبوا لە ووڵاتێک دا پەیڕەو بکرێ . دووچاوکی لە ئێران ئەو جۆرەی کە زۆر لە لێکدەرەوان دەڵێن تەنێ  قەومییەتەکان ناگرێتەوە بەڵکوو ئەو دووچاوکییە لەگەڵ گرووپە دینییەکان ، لەگەڵ ژنان و دەکرێ لە زۆر گرووپی دیکە بکرێ  کە بە پێویستی ڕیشەی قەومی نەبێ. ئایا دان و بەڕێوەچوونی مافێکی ئاوای سەرەتایی ، بە تایبەتی کە ئێوە ئاماژەتان پێ کرد کە زۆر لە دووچاوکییەکان لە قانوونی بنچینەییەوە دەست پێ دەکا.، ئایا حەوجێ بە ڕوانگەیەکی قووڵتر نییە  تا ئەوەی بگاتە ئەوەی کە قەومییەتەکان دە فکری جودایی دا بن یان بە قەولی کەسێکی دیکە کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کرا، چاو ببڕنە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران؟

عەبباس وەلی: بڕاونە ، لە جێدا هەبوونی ڕوانگەیەکی قووڵتر پێویستییەکی حەیاتییە لە هەلومەرجی ئێستا دا. و ئەویش ئەوەیە کە یەکەم ئێمە دەبێ بزانین کاتێک شاپەوگاپەی دێمۆکڕاسی لێ دەدەین ، دەبێ بزانین ماناکانی دێمۆکڕاسی زۆر لە کورتێی دەدەن و کەموکووڕیان زۆرە. گشتی تێئۆری دێمۆکڕاتیک و گشت ئەو چەمکانەی لە سەری هەڵنراون ناتوانێ جیاوازییە جینسییەتیەکان، ئێتنیکی ، مەزهەبی ، باوەڕیی و تەنانەت مەسەلە ڕەگەزییەکان وەبەر بگرێ . مەفهوومەکانی دێمۆکڕاسی لە ڕوانگەی جیاوازییەکانەوە کوێرن . دێمۆکڕاسی دەبێ دێمۆکراتیزە بکرێ و بۆ ئەوەی دێمۆکڕاتیزەی بکەین دەبێ بگەینە ئەو خاڵە  کە لە ووڵاتە چەند میلەتییەکان ئەو دێمۆکڕاسییەی کە بۆ ووڵاتێکی تاقە میلییەتی و یا دەوڵەتێکی نەتەوەیی کە لە سەر بنەمای تاقە نەتەوەیەک دامەزراوە . کار ناکا و هەڵناسووڕێ ، دەبێ هەمواری بکەین ، دەبێ لە سەڕ ڕا دای بڕێژینەوە . ئەوە هەمووە ئێمە باسی دێمۆکڕاسی دەکەین و دەڵێین دێمۆکڕاتین دەبێ بزانین کە مەفهوومەکانی دێمۆکڕاسی کوێرن، ناتوانێ جیاوازییە جینسییەتییەکان، جیاوازییە ئێتنیکییەکان، جیاوازییە مەزهەبییەکان، جیاوازییە ڕەگەزییەکان لە خۆی دا وەبەر بگرێ  و نیشان بدا. فەرموو ئێوە لە کوێی دنیا دیتووتانە کە مەفهوومی دێمۆکڕاسی لە ووڵاتە چەند میلەتییەکان دا بە بێ هەموار کران، بە بێ ئەوەی کە چەمکی شارومەندێتی هەموار بکرێ ، بە بێ ئەوەی کە ناسێنەی دەسەڵاتی سیاسی هەموار بکرێ ، دەکرێ دێمۆکڕاسییەکی ئەوتۆمان هەبێ. پێتان سەیر نەبێ لەو کارەساتەی دا کە لە ستادیۆمی وەرزشی لە تەورێز هاتە پێشێ  و ئەو دروشمانەیان بە دژی کوردەکان دا و ئەو ستایش و ئەو هاواری فیدات بمەی کە بۆ ئاغای ئەردۆغان و بۆ تورکیا بەرزیان کردەوە ئەوە شتێکی بە هەڵکەوت نییە ئەوە شتێکە لە چوارچێوەی کولتوورێکی سیاسی دا ساز دەبێ  کە بنەماکانی هەڵەن. ئێمە هاتووین  لە ناسیۆنالیزمێکی ئێرانی دا بە نکووڵی کردن جیاوازییەکانمان کردوون بە ناکۆکی.

سیا سابێت : ئاغای وەلی ئیزن بدەن لە درێژەی قسەکانتان دا لێرە دا پرسیارێکتان لێ بکەم. ئاماژەتان کرد بە کەموکووڕی دێمۆکڕاسی. بەڵێ ڕاستە زۆر لە خاوەنڕایان و لێکدەرەوان لەو بارەیەوە نووسیویانە و زۆریان باوەڕیان وایە ئەگەڕچی دێمۆکڕاسی کەموکووڕی هەیە بەڵام لە لایەکی دیکەوە ئە وانیدی لەو باوەڕە دان باشترین شێوەی ئیدارەی دەوڵەتانە لە حاڵی حازر دا هەرچونێک بێ تا ئەو جێیەی کە ئەزموون کراوە. ئێوە لەم مۆدێلەی دا کە پێشنیاری دەکەن بۆ قەومە ئێرانییەکان ، چ شتێک پێشنیار دەکەن کە نەبێتە هۆی پێک هەڵپرژان لە نێوان ئەو قەومانە لەگەڵ یەکتری؟ ئێوە وای دانێن کە ئێستا ئعترازێک هەیە بە نیسبەت ناسیۆنالیزمی نەتەوەیی و ناساندنێک  کە تێیدا لەوێ سەرەتی دراوە بە قەومێکی تایبەتی. ئەو پرسیارە لە هەر دووکتانە . بەڵام ئەوە چۆن بڕیار وایە سیستـمێک پەیدا بێ ، ڕێگا چارەسەرییەک ببیندرێتەوە کە دیسان نەبێتە هۆی پێک هەڵبڕژانەکانی دیسکۆرسەکانی ناو قەومەکان، یانی شاهیدی پێکهەڵپڕژانی قەومێک لەگەڵ قەومێکی دی نەبین؟ ئەو پرسیارەم بەشێوەیەکی دیکەش لە ئاغای سەردرولئەشڕافی پرسی .

عەبباس وەلی: بڕوانە یەکەم هەنگاو ئەوەیە کە بۆ دێمۆکڕاتە ئێرانییەکان ، بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێ ئێرانێکی باشتر، دێمۆکڕاتیکتر و زیاتر ئاشتی وەخۆکەر ساز کەن بە باوەڕی من یەکەم هەنگاو ئەوەیە مەجلێسێکی مویەسیسانی زۆر دێمۆکڕاتیک ساز بکەن کە ئەو مەجلیسی موئەسیسانە بتوانێ  قانوونێکی بنچینەیی دێمۆکڕاتیک  گەڵاڵە بکا  کە بە دەرەجەی یەکەم لەو قانوونە بنچینەییە دا ناسێنەیەک بدا بە دەسەڵاتی سیاسی و دەسەڵاتی فەرمانڕەوا و دەسەڵاتی حاکمییەتی نەتەوەیی کە ئەوە ئێتنیکی نەبێ، مەزهەبی نەبێ، ڕەگەزی نەبێ، جینسییەتی نەبێ. ئێمە کاتێک ئەوەمان ساز کرد ئەودەمی دەتوانین  دەربڕینی ئەوە، ڕەنگدانەوەی ئەوە لە بناخەی چەمکی دێمۆکڕاتیکی شارومەندی دا ببینین.

سیما سابیت: ئاغای وەلی کات کەمە و بەرنامەکە خەریکە تەواو دەبێ تەنێ دەمەوێ ڕوونکردنەوەیەکی کورت وەربگرم لە ئێوە. ئەگەر ئەو مەجلیسی موئەسیسانەی کە ئێوە ئاماژەی پێ دەکەن بریار بێ دابمەزرێ بە لە بەر چاوگرتنی قەوارەی ئەو حاکمییەتەی لە ئێران هەیە شتێکی ئاوا ڕوو نادا یانی ئێوە مەبەستتانە لە دوای جمهووری ئیسلامی بگەنە چارەسەرییەکی ئەوتۆ یان چارەسەرێیەکتان هەیە بۆ ئەمڕۆی ئێران؟ تکایە بە کورتی فەرموو!

عەبباس وەلی: لە جمهووری ئیسلامی دا زمانی ڕەسمی و مەزهەبی ڕەسمی هەیە ، ىراونە ئەمن سەر بە بنەماڵەیەکم نە مەزەبی شیعە بووە و نە زمانی فارسی بووە . ئایا من و بنەماڵەی من بەشێکین لە شارومەندانی ئێران یان نین ؟ 

وەرگێڕان لە فارسییەوە
سەرچاوە: وێبنووسی ڕوانگە      
ە      






No comments: