Friday, November 8, 2019

وتوێژی پرۆفێسۆر عەبباس وەلی لەگەڵ شاهید عەلەوێ لە بەرنامەی تێلێڤیزیۆنی "ڕۆژەڤ " ی ڕادیۆی دەنگی ئەمریکا، دووشەمە ٤-ی نۆڤامبری ٢٠١٩

 وتوێژی پرۆفێسۆر عەبباس  وەلی لەگەڵ شاهید عەلەوێ لە بەرنامەی تێلێڤیزیۆنی  "ڕۆژەڤ " ی ڕادیۆی دەنگی ئەمریکا ، دووشەمە ٤-ی نۆڤامبری ٢٠١٩
شاهید عەلەوی: کورد چ وانەگەلێک لەم ڕووداوانەی دوایی وەردەگرێ؟ سڵاوتان لێ بێت و بەخێر بێن بۆ بەرنامەی ڕۆژەڤ. ئەوەی لەم حەوتە دواییانە دا لە ڕۆژئاوا ڕوویدا، داگیرکاری ڕۆژئاوا لە لایەن تورکیاوە، پێشتر بێ ڕێزی بە دەرەنجامی ڕێفراندۆمی ٢٠١٧ لە هەرێمی کوردستان ، و پێش ئەوەش کاولکردنی هەندێک لە شارە کوردنشینەکان لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا بە ڕوونی دەرئەنجامی سیاسەتی سەرکوتکردنی کورد و دەنگ و ڕەنگی جیاوازی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت بوو ، کورد و ڕێکخراوەکان و ڕێبەرانی ئاخۆ هیچیان پێ دەکرا پێش بەو سەرکوتانە بگرن و ئەو خەسارە گەورانە؟ ستراتێژی یان تاکتیکی هەڵە یان لانی کەم نەگونجاو لەگەڵ واقعی سیاسی لە لایەنی کوردییەوە چەند کاریگەری بووە لە سەرکەوتنی پلانی لایەنی سەرکوتگەر؟ کورد لەم ڕووداوانە دەتوانێ چ دەرسگەلێک وەر بگرێت و ئاخۆ ئەم دەرسانە دەتوانێت ببێتە مێژوو بۆ ئەوەی هەڵەکان دووپات نەکرێنەوە.
ئازیزان! بۆ باس لە سەر ئەم تەوەرە ئەمڕۆ لە بەرنامە میوانداری بەڕێز دوکتور عەبباسی وەلی پرۆفێسۆری تێئۆرییەکان و دام و دەزگا مۆدێڕنەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکەین کە لە ئەستەنبووڵەوە لە گەڵمان دەبێت،
دوکتور عەبباس بەخێر بێن.

وەلی: سپاست دەکەم ، زۆر مەمنوون

عەلەوی: زۆر سپاس بۆ ئامادە بوونت دوکتور گیان. وەک پرسیاری سەرەتایی ، ئەوەی کە ڕووی داوە لەم دواییانە بە تایبەت لە ڕۆژئاوا. هێرشی تورکیا بۆ ڕۆژئاوا و داگیر کردنی هەندێک لە شارەکانی ئەو ناوچەیە و هەر وەها  کووژران و ئاوارە بوونی کەسانێکی زۆر. بە سەدان کووژراو و بە سەدان هەزار ئاوارە. ئێوە سەرەتا سەرەرای ئەو هەستە دژی کوردە کە ڕەنگە لە دەسەڵاتی تورکیا هەبێ ، هەشە گومانی تێدا نییە ، و ئەو پلانە سیاسییانەی کە ئەردۆغان پەیڕەوی دەکات ، چەندێکی دەگەڕێننەوە، جگە لەوە بابڵێین هۆکاری سەرەتایی و ئەسڵی ، چەندی دەگەڕێننەوە بۆ هەڵەی ستڕاتێژی و تاکتیکی کورد لە بەڕێوەبردنی دەسەڵات لەو ناوچەیە؟

وەلی: بە باوەڕی من کولی مەسەلەکە لەوەی زۆر قووڵترە، ئەوە دەگەڕێتەوە سەر تەبیعەت و ماهییەتی ویستەکان و تەقازاکانی کوردان دە چوارچێوەی سیاسی و ژێئۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی ئەو ووڵاتانەی کە حاکمن بەسەر بەشەکانی کوردستانێ دا. پاش ١٩١٨ بە تەرتیبێک مەسەلەی دەوڵەتی کوردی لە ئەجێندای سیاسەتی کوردی دەر کەوتووە و جێگای وەی دراوە بە مەسەلەی ئۆتۆنۆمی یا خودموختاری یا حوکمی زاتی یا هەر چییەکی کە نێویان ناوە جێگای وەی گرتووەتەوە. ئەو کەسانەی کە وەدوای وەی کەوتوون بە داخەوە کولییەت و ئیمکاناتی تەحەقوقی ئەو پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی بە باشی بە باوەڕی من شی نەکراوەتەوە. ئەوەیکە لە بەر وەی پڕۆژەیەکی ئۆتۆنۆمی لە عێڕاقێ ، لە تورکییەی ، یا لە ئێرانێ ، یا سوورییەی موحەقەق ببێ چ پێویستە؟ چ شەرایتێکی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و هەر وەهاشەرایتی سیاسی و ژێئۆپۆلیتیکی ناوچەی پێویستە. ئەوەی کە موسەلەمە پاش ١٩١٨ کە کوردستان ، خاکی کوردستانی بووەتە چوار بەش، هەر بەشەی تایبەتمەندی خۆی پەیدا کردووە، لە بەر وەی کە لە ژێر دەسەڵات و سیستمی سیاسی و ئابووری حکوومەتەکانی جیاواز بوە و ئەوان بەو شێوەیە لە سەر ژیانی خۆیان بەردەوام بوون. و ئەو پێوەندییانەی کە دەگەڵ حکوومەتی مەرکەزییان هەبووە ، ئەو سیاسەتانەی کە حکوومەتی مەرکەزی لە سەر وانەی ئێعمال کردووە تایبەتمەندی جیاوازی داوە بە وان . جا بۆیە ئەمن نەزەرم ئەوەیە کە یەک تێئۆری گشتی  کە بتوانێ بۆ تەواوی بەشەکانی کوردستانێ قابیلی ئیجرا بێ، بە باوەڕی من تێئۆرییەکی ئاوا گشتی ناتوانێ واقعەن وجودی بووبێ. وە هەیە ئەڵبەتە بە باوەڕی من دروست نییە، هەر بەشەی کوردستانێ تایبەتمەندی خۆی هەیە ، ئەو تایبەتمەندییە دەبێ لە بەر چاو بگیرێ. مونتەها ئەگەر بێینەوە سەر مەسەلەی  پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی هێندێک مەسائیلی گشتی هەیە کە دەبێ لە بەر چاو بگیرێ. ئۆتۆنۆمی تایبەتمەندی هەیە و ئەو تایبەتمەندیانە شەرایت و ئیمکاناتی خۆی دەوێ. یەکێک لەوانە ئەوەیە کە ئەو پڕۆژە هەر ئەو جوورەی مەسەلەن لەو چەند حەفتەی دا لە ڕۆژئاوای دیتمان ئەوەیە کە خودی ڕۆژئاوا و ئەو حکوومەتەی کە بۆیان داناوە، ئەو ئەنیستیتووشنانەی دایان ناوە . دە پێوەندی و دە قیاس دەگەڵ ئەوەیکە لە شەرقی ئەوسەت وجوودی هەیە ، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وجودی هەیە زۆر پێشکەوتوو و زۆر دێمۆکڕاتیکە. هەرواتر ئەو پڕۆژەی کە بۆ تورکییەی داندرا، هەر واتر ئەو پڕۆژەیەی کە بۆ ئێرانێ داندراوە و هەر واتر ئەو پڕۆژەیەی کە لە عێڕاقێ ئیجرای دەکەن. وەزعی مەسەلەن کوردستانی عێڕاقی ، کوردستانی باشوور بە حەموو کەم و کاستییەکانی خۆی ئێستا زۆر لە حکوومەتی مەرکەزی وەزعی دێمۆکڕاسی و ئازادیی لە حکوومەتی مەرکەزی باشترە. وەلی ئەوەی کە موهیممە ئەو ئۆتۆنۆمییە ئەگەر موحەقەقیش بێ ناتوانی بە بێ تایبەتمەندی ، پێوەندی هەیە لەگەڵ حکوومەتی مەرکەزی. ئەو تایبەتمەندییەی کە لازمە ئەوەیە کە ئەو حکوومەتی مەرکەزییە دەبێ حکوومەتێکی دێمۆکڕاتیک بێ ، دوەم ئەوەیە کە ئۆپۆزیسیۆنی غەیری کورد دە داخڵی ئەو حکوومەتەی دا دەبێ ئۆپۆزیسیۆنێکی دێمۆکڕاتیک  بێ. شتێکی وا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبووە و ئیحتیمالی وەی کە ببێ بە باوەڕی من زۆر کەمە. و شایەد بە تەرتیبێکی لە ئێرانێ پاش مەسەلەن ئەو حکوومەتەی تا فەترەیەکی شتێکی وا بێتە پێشێ.

عەلەوی: دوکتور عەبباس ببوورە . لێرە دا باشە ئەگەر بەڕێوەچوونی ئەو پڕۆژە پێشکەوتووە وەک ئێوە دەفەرموون  پێویستی بە دەسەڵاتێکی دێمۆکڕات و ئۆپۆزیسیۆنێکی دێمۆکڕاتە ، ئەوەی کە ئێستە نییە ئەی کورد چی لە بەر دەست دایە ، ئەبێ ‌هەوڵ بۆچی بدا؟ کە واتە ئێوە دەڵێن ئەو پڕۆژە لەگەڵ واقعی سیاسی ئەو ناوچەیە ناخوێنێت پێشنیاری ئێوە وەک پرۆفێسۆری زانستی سیاسی و تیئۆری سیاسی چییە ؟ ئەبوایە چی بکردایە دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی ، دەسەڵاتی خۆسەری کوردی لە ڕۆژئاوا؟ ئا لە ئێستە دا باسی ڕۆژئاوا دەکەین جا دەچینە سەر باشوور و باکووریش. چی بکردایە بۆ ئەوە کە ڕەنگە پێشی بەم  بابڵێین هێرشە بگردایە یان لانی کەم  زیانەکانی کەمتر بکردایەتەوە ، یا بیتوانیایە پشتگیرییەکی زیاتری جیهانی وەربگرێ؟


وەلی: ئەو وەزعەی کە هاتووەتە پێشێ لە ڕۆژئاوای ، یان وەزعێک کە لە کوردستانی باشوور هاتە پێشی لە ساڵی ١٩٧٥ی، لە ساڵی ١٩٩١ی، لە دوایە ئەو وەزعەی کە پاش ڕێفراندۆمێ هاتە پێشێ ئەوانە حەموو یەک شتی سابیت دەکا ئەویش ئەوەیە کە تێئۆرئ ئۆتۆنۆمی دە ئەسڵ دا ئەگەر لە نەزەر ستراتێژیکەوە، ژێئۆپۆلیتیکەوە تەماشای بکەین یانی ' سوڵحی موسەلەح ' . سوڵحی موسەلەح یانی بەو مانایەی حکوومەتی مەرکەزی دەکەڵ ئەو حکوومەتەی لە بەشی ئۆتۆنۆمی کوردستانێ دا دادەمەزرێ دە شەرایتێکی سوڵحی موسەلەح دایە. سوڵحی موسەلەح بەو مانایەیە ئەوەی کە ئەهەمییەتی هەیە لێرە هێزی نیزامی - سیاسی یە. ئەوە ئەگەر لە تەڕەفی کوردانەوە فاییق نەبێ ئیحتیمالی وەی هەمیشە پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی دە خەتەر دا دەبێ. چون سوڵحی موسەلەح هەمیشە لە سەر باڵانسی وەحشەت و ترس داندراوە. و ئەو وەحشەت و ترسەش هەر سەعات و هەر لەحزە ، لە بەر وەی کە تەوازونی قوا دەگۆڕدرێ ئەو باڵانسەش دەگۆڕدرێ . ئەمە ئەوەمان دیوە، ئەلئانەکەش دیومانە کە لە ڕۆژئاوای تەواوی ئەو شتانەی کە داندرابوو ، دروست کرا بوو ، جێگای ڕێز بوو ، جێگای ئیفتیخار بوو، ئەمن زۆر پێم خۆش بوو ، زۆر پشتیوانیم لێ کرد ، بۆ من زۆر جێگای تەحسین بوو. وەلی ئەوانە  حەموو دە یەک لەحزەی دا پاش وەی کە سەرۆک تڕامپ ئەو قەرارەی دا ، ئەوانە حەموو بوونە مەسەلەی حاشییەیی. ئەوەیکە هاتە پێشێ و گرینگ بوو هێزی نیزامی بوو.

عەلەوی: کاک عەبباس ، وە ئەسڵەن کورد چ ئیمکانێکی هەیە بۆ ئەوەی کە هێزی نیزامی هەبێ کاتێک کە دەسەڵاتی سەربەخۆی نییە؟

وەلی: بە باوەڕی من ئیمکانی نییە ئەمە پڕۆژەی ، وەدوای پڕۆژەی خودموختاری بکەوین یا ئۆتۆنۆمی یا حوکمی زاتی بکەوین و ئەمە نەتوانین هێزێکی نیزامی زۆر زۆر قەوی کە حەدی ئەقەل باڵانسەکەی دەگەڵ مەرکەزێ ڕابگرێ ، دەنا مەرکەز هەر ئان خۆی دابمەزرێنێتەوە بە تەڕەفی ئێمە دێ ، یا شەڕایتی مەنتەقە ئاوایە . لە لایەکی دیکەشەوە تەماشای بکەین. ئەمە چ پێمان خۆش بێ پێمان خۆش نەبێ تەواوی قەوانینی حقووقی بەینەلمیلەل لە حاکمییەتی میللی بەستراوەتەوە، کە لە دەوڵەتی مەرکەزی یە. وەختێکی کە قەیران دەبێ، کوردەکان موشکیلیان بۆ دێتە پێشی ، کوردەکان ناتوانن بە عینوانی مەسەلێکی سیاسی خۆیان مەتڕەح بکەن، هەمیشە بە سووڕەتی مەسەلەیەکی ئینسانی خۆیان مەتڕەح دەکەن. هەموو کەس حازرە تەماشای مەسەلەی کوردان بکا ، ئەوەیکە بە سەریان دێ وەک مەسەلەی ئینسانی ، وەلی تەواوی چەمکەکانی حقوقی بەینەلمیلەل ، تەواوی چەمکەکانی قەوانینی بەینەلمیلەل ، ئەوەی کە دەبێ لەوەی بەرگری بکا، لەوەی حیمایەتێ بکا دە ئیختیاری حاکمییەتی میللی دایە. ئەوە مەسەلەیەکی گەورەیە دە سیاسەتی بەینەلمیلەلی دا بۆیەیە کە مەسەلەی چەمکی ئەقەلییەت چەمکێکە کە دروست کراوە ، کە ئەو کەسەی کە بە ئەقەلییەت دەناسرێ دە چوارچێوەی حقووقی بەینەلمیلەل دا هەمیشە دە حاشیە دا دەمێنێتەوە .  لەبەر وەی ئەمن پێم وایە کە ئەرکی گەورەی ڕەوشەنبیرانی کوردە، ئەوانەی کە بێن لە باتی ئەوەی وەدوای کیشی شەخسییەت و نازانم ئەو جوورە شتانە بکەون دەبێ واقعەن دانیشن لەو مەسەلەیەی بکۆڵنەوە. مەسەلەی سەربەخۆیی و دەوڵەتی سەربەخۆ پاش ساڵی ١٩١٨ چووە حاشییەی ، نەمردووە ، ئێمکانی دەبێتەوە ئەگەر سیاسەتێکی تایبەتی بێ ،  وەلی هێزەکانی کوردی، سەرۆکایەتی کوردی ئەوەیان بردە حاشییەی. لە جێگای وەی ئێمە هاتین ئۆتۆنۆمیمان دانا. ئۆتۆنۆمی بە بێ ئەوەی کە ئێمە هیچ جوورە تەحلیلێکی تێئۆریک لە سەر دامەزراوێکی ئۆتۆنۆمی بەو شێوەی کە لازمە بیکەین. مەسەلەن لە تەواوی ڕۆژئاوای دا زۆر باش ئەو ئینستیتووشنانەی داخلی کوردستانێ باش داندراوە ، مەسەلەی موساواتی جینسی، مەسەلەی دێمۆکڕاسی ئیقتیسادی. ئەوانە هەموو عالین وەلی مەسەلە ئەوەیە کە ئەو مەنتەقە بە زاتی خۆی، بەو شێوەی ناتوانێ سەربەخۆ ڕاوەستێ. ئێمە دەبێ فکرێکی دیکەی بۆ بکەینەوە.

عەلەوی: دوکتور عەبباس، ئە لێرە دا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە ، ئەوە ناتوانێ بە پێی ئەو خوێندنەوە تێئۆرییەی کە ئێوە هەتانە. ئەی لە هەلومەرجێکی ئاوا دا هەر ئەو کوردە کە هێزی سەربازی تایبەت و پوختەی نییە بۆ ڕاگرتنی باڵانسی هێز چۆن دەتوانێ هەنگاو هەڵبگرێ بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ ؟ باشە پلانی ئۆتۆنۆمی بەو شێوازە شکست دەهێنێ چون هەر کات کە دەسەڵاتی ناوەندی  هێزەکەی بێتەوە سەر جێگەی خۆی هێرش دەکا تێکی دەشکێنێ ، ئەی هەوڵدان بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ لە هەلومەرجێکی ئاوا دا ئەویش دەتوانێ سەرکوت کرێ هەر بەو شێوازە.

وەلی: بە باوەڕی من دەبێ ڕێگایەکی دیکە بۆ ئەو مەسەلەی ببیندرێتەوە. ئەمن ناڵێم کە مەسەلەی ئۆتۆنۆمی فڕێ بدەن ، ئەو تێئۆریانەی کە داندراون . ئەگەرچی بە نەزەری من ، ئەڵبەتە ئەمن ئەوەشم نووسیوە، بڵاویشم کردووەتەوە ، دیسان لە سەری قسان دەکەم چون لازمە ، ئەگەرچی زۆر کەس پێیان خۆش نەبێ. وەلی ئەو تێئۆریانەی ئۆتۆنۆمی ، دێمۆکڕاتیک ئۆتۆنۆمی ئەوانەی کە داندراون هەڵەی گەورەیان تێدایە. ئەو هەڵانە موشکیلاتی ئەساسی دێنێتە پێشێ . لە باتی ئەوەی کە چەپڵە ڕێزانێ بکەن و لە ژێر ئاڵای ئەم کەسەی و ئەو کەسەی بێن و بڕۆن وەزیفەی فکری ڕەخنەگری ، ڕەوشەنبیری کوردی یە کە دانیشن ئەو تێئۆرییانە لێک بدەنەوە، ئەمە ئەلئان ئەوە هاتووەتە پێشێ. ئەگەر ڕۆژئاوا نەجات نەدرێ ، بە باورێ من ئەوە دیسان ئەوەی موسەجەل دەکا وەکوو ئەو وەزعەی کە دووساڵ لەمەو بەر لە ٢٠١٧ی لە باشووری هاتە پێشێ ، لە ٢٠١٥ و ٢٠١٦ی لە باکووری هاتە پێشێ ، ئەوانە تەسادوفی نین ئەوە فەقەت ئەوە نییە کە ئەو کەسانەی کە ئەو شتانە ئیجڕا دەکەن هەڵەی دەکەن و ئیشتبایە دەکەن. ئەوە بەو مانایەیە کە بۆچوونەکەی مە ، تێئۆرییەکەی مە ، ئەوەیکە ئێمە چۆن حقووق و مەسائیلی خۆمان دەو وەزعەی ئێستا دا موشەخەس بکەین، ئارتیکولەیتی بکەین ، تێئۆرایزی بکەین ، مەعلوومی بکەین ، دە پڕۆسەی سیاسی دا ئەوانە وارید بکەین. ئەوە کارێکی دەوێ، ئەو کارە دەبێ بە دروستی بکرێ ، مەسەلە ئەوە نییە کە حەموو کەس ،ئەتۆ هەر کەسێکی لێی پرسی ، تەواوی ئەلئانەکە لە باشووری ، لە باکووری ، لە ڕۆژهەڵاتی ، لە ڕۆژئاوای دێمۆکڕاتترین بەشی کۆمەڵگای ، یانی لە نەزەر فەرهەنگی دێمۆکڕاتیکەوە پێشکەوتووترین بەشی ئەو کۆمەڵگایانە کوردەکانن بە بێ تەڕدید. 


عەلەوی: دوکتور عەبباس ببوورە ، ئەوە ڕوونە دەفەرمووی کە ئەو تێئۆرییە بیری باشی لێ نەکراوەتەوە، وەک تێئۆری وەک بابڵێین وەک بەرنامەیەک لەو چوارچێوە سیاسییەی ئێستا دا ، لە ژێئۆپۆلیتیکی ناوچەکە دا شانسی سەرکەوتنی نییە چون باڵانسی هێزی نییە. پرسیارەکەی منیش هەر لە جێی خۆی دایە. ئەوە لە هەرێمی کوردستانیش بیندرا ، دوای رێفراندۆمیش باڵانسی هێزەکان شێوا ، حەشدی شەعبی  و دەسەڵاتی عێڕاقی هاتنەوە کەرکووکیان گرد و جیهانیش لە بیری چووەوە کە هەرێمی کوردستان چۆن یارمەتی داوە بۆ تێکشکانی داعش لە مووسڵ و لەو ناوچانە لە عێڕاق دا. ئەو شەڕە قارەمانانە کە پێشمەرگە کردوویەتی. ئەو دەسەڵاتە بە نیسبەتی ناوەندا ،  ئارام و ئەهوەن  و ئاسایشە تا حەدێک دروستی کردووە باشە دەی خۆ  کە واتە هەوڵدان بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ کێشەی هەیە ، پێشنیاری ئێوە چییە ؟  کورد ئەبێ ئا لەو هەلومەرجە دا داوای چی بکات بۆ ئەوە شانسی سەرکوتکردنی کەمتر بێتەوە ؟

وەلی: ئەڵبەتە باشوور وەزعێکی تایبەتی هەیە . ئەمن  شەخسەن باوەرم بەوەیە کە باشوور دوو جاران ، دوو جاران ئەساسەن  فورسەتێکی زێرینی سەربەخۆیی لە دەست دا. یەک پاش ڕووخانی سەدامی بوو ، یەکیش ئەو کاتەی کە مەسەلەی داعشی هاتە پێشێ. ئەو دەمی دەبوو ئەو کارە بکرابایە ، نەکرا، ئەلئان لە دەست چوو. شایەد فورسەتێکی دیکە بێتە پێشێ. وەلی مەسەلێکی دیکە ئەوەیکە ئەمن کە دەڵێم دەبێ ڕێگایەکی دیکە ببندرێتەوە ئەمە دەبێ لە ئێستاوە، ئەمن تەعەجوب دەکەم کە مەسەلەن لە مەوریدی ڕۆژئاوای دا ، دە مەوریدی باکووری دا ، دە مەوریدی ڕۆژهەڵاتی دا فکرێک یان فکرگەلێک کە بێن ئەو وەزعەی تەحلیل بکەن  زۆر زۆر کەمە . ئەمن ئەوەم عەینەن بە هێزەکانی مەسەلەن کوردیی ڕۆژهەڵاتی دەڵێم ، چل ساڵە ، سی ساڵە ، چەندە چل ساڵە ڕێگایەکی تازە نەبیندراوەتەوە ، ئەمە هەر دەیکوتین  دەیکوتین ، ئۆتۆنۆمی ، فێدرالیزم فڵان و ئەوانە ، وەختێکی دێی دەڵێی کاکە ئەو وەزعە ئەگەر بتەوێ ئەوانە موحەقەق بکەی موشکیلاتەکەی ئاوایە قبوڵی ناکەن. دە مەوریدی باشووریش دا ئەوە هاتووەتە پێشی ، دەمەوریدی ڕۆژئاواش دا کە ئەمن هەرچێکی هەڵام کرد گوتم کە ئیمکانی وەی کەئەمە سیستمێکی ئۆتۆنۆمی دێمۆکڕاتیک دابمەزرێنین کە لە نەزەر تێئۆریکەوە دەگەڵ حکوومەتی مەرکەزی یا دەسەڵاتێکی سیاسی بەرزتر کە لەوێ هەیە ڕابیتەی دەروونی نەبێ ئیمکانی نییە کەس جوانی ئیمەی نەداوە. تەوەجوهێ دەکەی بۆیە مەسەلەکە ئەوەیەکە، تا حەدێکیش دەگەڕێینەوە سەر ئەوەیکە  فەرهەنگی کوردی ڕوو بە دەرەوە دێمۆکڕاتیکە ، دە ژوورەوەی خۆیدا ، دە فەرهەنگی سیاسی کوردیدا دێمۆکڕاتیک نییە. مەسەلە ئەوەیە کە تا حەدێکی زۆر هێزەکانی کوردی ئیمکانی فکری ڕەخنەگر لە بەین دەبەن. ئەو جۆرەی کە لازمە بڵێی برای من ئەو وەزعە موشکیلە، ئۆتۆنۆمی لە حەموو جێگایەکی ئەتۆ فکری لێ بکەوە ئۆتۆنۆمی لە سەر بنەمایەکی زۆر بە عاستەم داندراوە بە نێوی ' سوڵحی موسەلەح ' . ئێمە لە باشورێ چەند جار ئەوەمان دیوە.

عەلەوی: یانی عەینی ئەو ئەزموونە لە باشووریش دا بووە کاتێک کە دەسەڵاتی ناوەندی ، با بڵێین ئیرادەکەی  خۆی چەسپاند هێزەکەی زیاتر بوو ، هەم گومرگەکانی وەرگرتەوە، هەم کەرکووکی لە کورد سەندەوە ، هەم بەو شێوازە ئێستاش ئەو ١٧ دەر سەد تەنانەت پارەی نەوتەکەش نادا ، کەمی کردووەتەوە وەک بەرپرسانی هەرێم دەڵێن . کە واتە لە ئێران دا ، ئەگەر بچینە سەر ئێران ئەوە باسی ڕۆژئاوا و باکوور کرا ئەو ئەزموونانەی کە دیویانە ، ئەو کاولکاریانەی کە بە سەر کوردا هاتووە و ئەوەش لە باشوور دا کە فەرمووتان دوو جار هەڵە کراوە. بۆ ڕۆژهەڵات چی ، لە ڕۆژهەڵات حیزبەکان دەڵێن ئێمە داوای فێدرالیسم دەکەین بۆ ئێران و ئێمەش بە شێوازێک وەک باشوور بەشێک لەو فێدراڵە بین . پێت وایە ئەوە لەگەڵ واقعی سیاسی دەگونجێ یا ئەمەش هەر خەون و خەیالێکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە باش بیر نەکراوەتەوە لە بابەتەکە ؟

وەلی: خەون و خەیاڵ بەو مانایەی کە تێئۆری ، پڕۆژە هەمیشە شەرایتی تەحەقوق و ئیمکانی لازمە. دەبێ عیسان فکر بکاتەوە ئەو تێئۆرییەی کە دا دەنێ لە عەمەل دا شەرایتی تەحەقوقی وەی چییە؟ ئەگەر لە من پرسن کە شەرایتی تەحەقوقی پڕۆگرامێکی ئۆتۆنۆمی یا فێدرالیسم لە ڕۆژهەڵاتی دا چییە ؟ ئەمن دەڵێم دە دەرەجەی ئەوەڵ دا بوونی حکوومەتێکی دێمۆکڕاتیک. دە دەرەجەی دووەم دا ئەساسەن  بوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی دێمۆکڕاتیکی غەیری کورد کە ئەوەندە دێمۆکڕاتیکە کە حازرە تەقازاکان و ویستەکانی کوردی قبووڵ بکا و لە پڕۆسەی خۆیدا بیهێنێتە ژوورێ. یا ئەوەیە ، یا دەبێ سیاسەتی کوردی بە ئەندازەیەکی لەوێ قەوی بێ  کە بتوانێ ئەو مەسائیلەی بە سەر وانە دا دابسەپێنێ ، پێیان بقبووڵێنێ . هیچ یەک لەوانە دە شەرایتی فێعلی دا وجوودی نییە. با وجودی وەی کە وجوودی نییە  ئەمە حازر نەبووین کە بێین دانیشین ، لێکۆڵینەوە بکەین ، تێئۆرییەکی دیکە ، ڕێگایەکی دیکە پەیدا کەین. مەسەلەکە ئەوەیە ئەمن پێم وایە کە ئەو کەسانەی لە ئێران، لە چوارچێوەی ئێرانێ دا حازرن مەسەلەی فێدرالیسم قەبووڵ بکەن و بۆی حازرن بێنە پێشێ، دە کولی سیاسەتی ئەوڕۆی ئێرانێ دا وە حەتتا پاش ڕێژیمی جمهووری ئیسلامی هێندە هێزێکی بە هێز نین. لە ئێستاوە ئێمە دەبێ بزانین ماهییەتی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانێ چییە. ئەلئانەکە لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانێ بە غەیری بەشێکی زۆر کەمی ، باقییەکەی ئەگەر هەر جورەی باسی  مەسەلە حەتتا عەدەمی تەمەرکوزی سیاسی دەکەی ئەوانە هەڵدەبەزنەوە. مەسەلەکەش ئەوەیە پاش شۆڕشی ئێرانێ، پاش ئینقیلابی ئێرانێ ئۆپۆزیسیۆنی دێمۆکڕاتیک و چەپی ئێرانێ خسڵەتێکی ناسیۆنالیستی فارسی پەیدا کردووە ، تەوەجوهێ دەکەی. ئەلئانەکە هەتا کەس حازر نییە ، بەشی زۆری وانە مەسەلەی خوێندن بە زمانی دایکی ئەوەش حەتتا حازر نین قبووڵ بکەن. دە شەرایتێکی ئاوا دا ئەمن فکر دەکەم کە مەسەلەی وەی کە حکوومەتی دێمۆکڕاتیکم دەوێ وە خودموختارێکی دێمۆکڕاتیکم لەوێ دەوێ یا فێدرالیسمم دەوێ ، دە دەرەجەی ئەوەڵ دا وەختێکی ئەوانە ئاوا گوێی خۆیان دا دەخەن ئەوە دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە ئەمن چەندە قەویم چ قودرەتێکم هەیە.

عەلەوی: ئەی باشە دوکتور عەبباس ببوورە لێرە دا کە واتە ئێما ناتوانین بۆ ئۆتۆنۆمی چالاک بین ،لە ڕاستی دا نە ئەو هێزمان هەیە بەرەنگاری دەسەڵاتی ناوەندی بکەین . نە دەسەڵاتەکە دێمۆکڕاتیکە . ئەوەشی کە بە حیساب قەرار بوو دێمۆکڕاتیک بێ دەسەڵاتی ناوەندی ئێران دیمان چۆن لەگەڵ با بڵێین ڕێفراندۆمێکی گشتگیر و بە دەنگێکی زۆرەوە هەڵسوکەوتی کرد . ئەمە یانی نائومیدی کە واتە هیچ ڕێگایەک نامێنێتەوە ئیتر.

وەلی: نا ئەوە نائومێدی نییە. بە باوەڕی من ئەوە بەو مەعنایەیە کە ئەمە مەسەلەیەکی زۆر گرینگمان لە پێشە، دەبێ فکرێکی ئەساسی لەوەی بکەینەوە . مونتەها ئەوە بە یەک نەفەر ناکرێ. هەم هێزەکانی سیاسی دەبێ بەو قەناعەتەی بگەن کە پێویستە ڕێگایەکی تازە ببیندرێتەوە ، هەم ڕەوشەنبیرەکانی کوردی  دەبێ ڕێگایەکی ببیننەوە کە چۆن تەقازاکانی کوردی دە چوارچێوەی پڕۆسەیەکی دێمۆکڕاتیک دا ئارتیکولە بکەن. مەسەلەن بە نەزەری من باشترین ڕێگا دەو مەوریدەی دا ، دەو چەند ساڵانە دا دیومە لە کوردستانێ دا کراوە مەسەلەی ئەو ڕێگایە بوو کە هەدەپە وە پێشی گرت . وەلی ئەوەش وای لێ هات کە مەسەلەکە وەختێکی حکوومەتی مەرکەزی تا ئەو جێگایەی هاتە پێشێ کە دیتی بە نەفعێتی وەختێکی کە دیتی ، ئاغای ئەردۆغان ، حکوومەتی ئاکەپەی دیتیان مەسەلەی کوردی ڕەئیان بۆ ناهێنێتەوە  دە عەرزی یەک ڕۆژ دا هەموو شتێکیان ئینکار کرد ، پشتیان تێ کرد و ڕوویان  لە کارتی ناسیۆنالیزمی تورکی کرد . مەسەلەکە ئاوایە . دە سووڕەتێکی دا کە هێزی کوردی لە تورکییەی ئەگەر موبیلایز بکرێ، کە ئیحتیمالی هەیە بکرێ هێزێکی یەکجار گەورەیە. یەک نەفەر لە چوار نەفەران لە تورکییەی، حەدی ئەقەل یەک لە چواران کوردە تەوەجوهێ دەکەی. ئەوە بە مەعنای هێزێکی زۆر عەزیمە ، وەلی مەسەلە ئەوەیە کە ئەمە خۆمان بەستووەتەوە لە یەک سیلسیلە مەسائیلی تێئۆریک و ئێمە باسی بەرخوەدان دەکەین بێ ئەوەی کە بزانین بەرخوەدان شەرایتەکەی چییە. مەسەلەکە ئەوەیە. ئەمن واقعەن زۆرم پێ خۆش بوو کە دیتم ڕابەرایەتی کوردی لە ڕۆژئاوای دەو دوو سێ حەفتەیەی دا بلووغێکی سیاسی باشی لە خۆی نیشان داوە، دەیەوێ خۆی بپارێزێ ئەمن ئەوەم زۆر پێ باش بوو، دە موقابیلی وەی دا ئەمن گوێم دا قسەکانی یەکێک لە کەسانی ڕێبەرایەتی حیزبی کرێکارانی کوردستان کە لە بی بی سی بڵاو بووەوە ، بە باوەڕی من ئەوە مایەی تەئەسوف بوو ، بە نەزەری من ئەو برادەرە هەزاران مایل لە واقعییەتی سیاسی دوور بوو. بە باوەڕی من ئەو کەسانەی کە لە ڕۆژئاوای تەسمیمیان گرتووە لەو چەند ڕۆژانە دا حەدی ئەقەل دەیانەوێ ئەوەی هەیە بیپارێزن وەلی دیسان بگەڕێمەوە سەر وەی کە ئەمن دەڵێم موشکیلی کوردی ئەوەیە وەختێک تێئۆرییەک دەبێ، سەرۆکایەتی لە جێگایەکی ئەوانە حەموو وەدەزانن ئەوە وەحی مونزەلە و نابێ دەستی تێوەردرێ . بە قەولی بە ئینگلیسی دەڵێن  دە سیاسەتێ دا ئەمە گای موقەدەسمان نییە ، هیچ شتێک دە سیاسەتێ دا موقەدەس نییە، حەموو شتێک دەتوانی دەستی تێ وەردەی ، حەموو شتێک ئیسلاح دەکرێ، حەموو شتێک باشتر دەکرێ ، چاکسازی دەکرێ,   زۆر شتی دەبێ فڕێ دەی.

عەلەوی: زۆر چاکە دوکتور عەبباس، ئێستا پێت وایە هێزی کوردی ، لایەنی کوردی . ڕۆشنبیری کوردی ، بە تایبەت ڕێبەران و حیزبەکانی کوردی چەند دەرسیان وەرگرتووە ، چەند وانەیان با بڵێین لەو داڕمانانە ،  هێرشانە و سەرکوتانە وەرگردووە ئەگەر پێی نەڵێین شکست و پێت وایە چەند ئامادەن کە پێداچوونەوەیەکی جیدی بکەن  بە سەر ئەو شێوازە هەڵسوکەوتی سیاسی و بڕیار دانە ، بە سەر ئەو موقەدەس کردنە، ڕێبەرێک لە بەشێک ڕێبەرە ،  بیست ساڵە ڕێبەرە، شکست ئەهێنێ هەر ڕێبەرە ، تێک دەشكێ هەر ڕێبەرە ، حیزبەکە دەڕووخێ  یانی دەمێنێ. ڕێبەرێکی تر لە لایەنێکی تر  تێئۆرییەکانی سەرکەوتوو نابێ لانی کەم  لە عەڕسەی عەمەل دا ؛ ئەوەی کە چەندێ پێشکەوتووە بابەتێکی ترە، دیسان هەر بە پێی قسەی ئەو  دەڕۆنە بەرەوە. حیزبی ترمان هەیە کە  ساڵانی ساڵە دەنگدانی هەیە ، کۆبوونەوە و کۆنگرەی هەیە بەڵام ڕێبەرەکانی هەر ئەو  ڕواڵەتانەن . ڕەخنەش وەک بەڕێزت دەفەرمووی دژوارە. شتێک فێر بووین لەو ڕەوشە ؟ چاوەڕوان دەکەی کە داهاتوومان باشتر بێت؟


وەلی:  بە باوەڕی من ئەگەر کوردان مەسئەلەی سەربەخۆییان وەلا نابێ ، کە وا دیارە وەلایان ناوە  دەبێ ڕێگایەکی غەیری ئۆتۆنۆمی ببیننەوە. ئۆتۆنۆمی  ئەوەیە ، موشکیلەکەی ئەوەیە یانی شتێکی زۆر باشە  وەلی هەلومەرجەکەی ئەگەر ببێ ، ئیمکاناتەکەی ئەگەر ببێ  کە ئەویش ئەوەیە کە عەرزم کردی یا دەبێ  ئەو سەرپووش و ستروکتووری دەسەڵات  لە ژوورەوە تەقی بێتەوە ، لە بەین چوو بێ کە ئەوانە  بێنە دەرێ و ئەودەمیش تازە ئەوەیکە بتوانن بیچەسپێنن یان نا مەعلووم نییە یا ئەوەی کە دەبێ حکوومەتێکی  دێمۆکڕاتیک ببێ دەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنێکی دێمۆکڕاتیک. مەسەلەی ئۆتۆنۆمی زۆر باشە ئەگەر دەگەڵ حکوومەتێکی  دێموکڕاتیکی  وەک ئوڕووپای غەربی ببێ ئەوە عالییە.  و وەلی مەسەلەکە ئەوەیە ئایا دە شەرایتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا  کە دیکتاتۆرەکان حەموو لەوێن و هەمیشەش ئاڵوگۆڕەکان پاش مودەتێکی کەم دەبێتەوە دیکتاتۆری.  ئەمن مەسەلەکەی ئاوا مەترەح دەکەم کە ئەگەر  سەربەخۆیی وەلاندراوە ، مەسەلەی ئۆتۆنۆمیش ئەو موشکیلاتەی هەیە کە موڕەتەب تیکرار دەبێتەوە و دە شەرایتێکیش دا فاجیعە دێنێتە پێشێ ئەو حەموو عالەمە  دەکووژرێ ، ئەو حەموو عالەمە لە بەین دەچن ، ماڵ وێران دەبن ، ئەوانە حەموو لە جێگای خۆی ئێمە دەبێ  ڕێگایەکی دیکە ببینینەوە، ڕێگایەکی دیکە ببیندرێتەوە  کە بتوانێ مافی کوردان  لە چوارچێوەی حاکمییەتی میللی ئەو ووڵاتانە دا بپارێزێ . ئەو ڕێگایە دەبێ ببیندرێتەوە ، وەلی بە شەرتێکی کە دەڵێم دە چوارچێوەی حاکمییەتی میللی دا ئەوانە  بپارێزرێ بەو مەعنایەی  کە زاهیرەن وایە  دەسەڵاتی کوردی ،  سەرۆکایەتی کوردی ، ڕێبەرایەتی کوردی ئەوەی قەبووڵ کردووە کە مەسەلەی سەربەخۆیی نییە خەلاس بوو.

شاهید عەلەوی: زۆر سپاس  دوکتور عەباسی وەلی پرۆفێسۆری  تێئۆرییەکان و  دامەزراوەکانی مۆدێڕنی سیاسی و کۆمەڵایەتی  و ئێوەی ئازیز کە تا کۆتایی  بەرنامە لەگەڵمان بوون تا بەیەک گەیشتنەوەیەکی تر  ژیانتان پڕ لە شادی و سەرکەوتن.

وێبنووسی ڕوانگە  
تێبینی: لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو بەرنامەیە چەند کەسێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەبەر تێنەگەیشتن یان خراپ تێگەیشتن لە بۆچوونەکانی پرۆفێسۆر وەلی، کۆمەڵێک تۆمەتی ناڕەوایان وەپاڵ داوە.دەقی ئەو وتووێژە  وەکوو خۆی لێرە دا دابەزێندراوە ، یەک بۆ ڕەوینەوەی تەمی کەم تێگەیشتن و لە لایەکی دیکەشەوە بە مەبەستی تێڕامانی زیاتر لەو بابەتانەی کە هێناویەتە گۆڕێ. دەکرێ لەگەڵ ئەم یان ئەو بۆچوونی وەلی نەبین  بەڵام ناکرێ بە قسەی پڕوپووچ بێ حورمەتی بەو سەرمایە فیکرییەی نەتەوەی کورد بکەین.  و وەک لەم وتووێژە دا دەڵێ قسەی کەس وەحی مونزەل  نییە لەوانە ئی عەبباسی وەلیش.
حەسەن قازی
 
٨-ی نۆڤامبری ٢٠١٩






No comments: