Monday, December 22, 2025

Wednesday, December 17, 2025

چوار هەڤپەیڤینی تێلێڤیزیۆنی لەگەڵ نەمر غەنی بلووریان، هەڤپەیڤینی دووەم

           چوار هەڤپەیڤینی تێلێڤیزیۆنی لەگەڵ نەمر غەنی بلووریان، هەڤپەیڤینی دووەم

لە ساڵی ١٩٩٥، ساڵی دامەزرانی یەکەم تێلێڤیزیۆنی مانگیلەی کوردی مەد تیڤی، یەکەم وتوێژ لەبەرنامەی " پرس و بەرسڤ" بەڕێز ئەحمەد باراچ کلیچ لە ئاڵمان لەگەڵ نەمر غەنی بلووریانی کردووە.
 وتوێژی دووەم ، ئەم وتوێژە، هەر باراچ کلیچ لەساڵی ١٩٩٧ بۆ هەمان کاناڵ بەڕێوەی بردووە.
 لە مانگی ئاوریلی ٢٠٠١ میدیا تیڤی بەرنامەیەکی تەواوی " ڕۆژباش کوردستان"ی بە مودێراتۆری مێدیا ڕێناس تەرخان کردووە بۆ وتووێژ لەگەڵ بلووریان.
 و لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠١ دا هەر لە میدیا تیڤی دا  بەڕێز دوکتور جەبار قادر لە بەرنامەی " بۆ مێژوو " دا وتوێژێکی درێژی لەگەڵ نەمر غەنی بلووریان کردووە کە لە پێنج ئاڵقە  لە دیسامبر ٢٠٠١ و  ژانڤییەی ٢٠٠٢ دا لە میدیا تیڤییەوە بڵاو کراوەتەوە.
لێرە دا ئەو چوار وتوێژانە بە وردی دابەزێندراون و ئامادە کراون. لە سێ بەرنامەی یەکەم دا بە مەبەستی هاسانکاری بۆ خوێنەرەوە پرسیاری مۆدێڕاتۆڕەکان لە کوردیی کورمانجییەوە کراونەتەکوردیی سۆرانی.
قسەکانی بەڕێز بلووریان ئەو جۆرەی وڵامی داوەتەوە، وەک دەڵێن بێ ئەوەی واوێکی لێ بپەڕێ وەکوو خۆی دابەزێندراوە. من وەکوو دابەزێنەری ئەو بابەتە هەڵوێستم لەمەر ڕووداوەکانی جودایی گرووپی حەوت کەسی لە
ڕێبەرایەتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران هەر لە کاتی خۆی دا دەربڕیوە. دەکرێ لەگەڵ بۆچوونەکان
نەمر بلووریان نەبین بەڵام لەڕوانگەی خۆیەوە بەشێک لە مێژووی سیاسی بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگێڕێتەوە. دابەزاندنی ئەو هەڤپەیڤینانە بە مەبەستی خزمەت بە ئاستە کردنی مێژووی سیاسی کراوە.
حەسەن قازی
دێسامبری ٢٠٢٦

هەڤپەیڤینی دووەم
هەڤپەیڤینی ئەحمەد باراچ کڵیچ لە مەد تیڤی لەگەڵ غەنی بلووریان ، ١٩٩٧

غەنی بلووریان: حەتتا لەباری، حەتتا پێشمەرگەی تفەنگ بەدەست کە شەڕ دەکا زانایی سیاسی نییە. زۆر پایینە، زۆر کەمە. ڕابەرایەتی مومکینە شتێکی بزانێ، کەموو کووڕێک بەڵام لە خوارەوە کە دەبێتە بەدەنەی حیزب، بەدەنەی حەڕەکەت، بەدەنەی بزاو بەدەنەکە لادێیەکی بێ سەوادە. دیارە مەردانە دەیکا، شەڕی پیاوانە دەکا، خۆی بە کوشت دەدا بەڵام ئەگەر ڕووناکبیر زۆرتر دە ناو حیزبەکە دا بن حیزبەکە حەڕەکەی سالمترە، دروستترە.
یانی نیزامی حیزبەکە قەویترە چونکوو ئەندامی زانا دە داخڵی، دە دەروونی حیزب دا ئەندامی زانا هەست دەکا، فام دەکا وەزیفەی خۆی کە دەبێ چ بکا لە حەڕەکەت دا بەڵام ئینسانی کە سەوادی نەبێ دە حەڕەکەت دا بەشداری دەبێ زانایی سیاسی نەبێ زۆر کاری بێ جێ دەکا، کاری خراپ دەکا، کاری خراپی بە خیلافی مەسڵەحەتی حیزب حەڕەکەیەکی دەکا کە بە زیانی حیزب تەواو دەبێ چون نافامێ بەعزە حەڕەکەیەکی دەکا.
بەڵام وەختێکی زانایی حیزب گریلاش هەیبێ، پیشمەرگەش هەیبێ زانایی سیاسی هەبێ حیزب زۆرتر ڕەهبەری دەتوانێ نەزم بدا بە سازمانی و تەشکیلاتی مونەزەمتر بکات. ئەوەیە کە وەزیفەی ڕووناکبیرانی کورد تێکەڵاو بوون دەگەڵ خەباتە، پتەوکردنی حیزب و پتەو کردنی حەڕەکە و بزووتنەوەکەیە، موحکەم کردنی ئەو حەڕەکەتەیە ئەوە وەزیفەیانە. کەسانێکی نایکێشن دەبێ فەسخ بکەن کە ڕووناکبیری کورد وەزیفەی تاریخێتی بۆ میلەتەکەی دەبێ خەبات بکات. چون ڕووناکبیری کورد هەست دەکا بە وەی کە میلەتی کورد ئەسیرە، میلەتی کورد بن دەستە. ئەو هەستەی کە تۆ دەکەی وەزیفەت بۆ دادەنێ. وەختێکی کە تۆ هەست دەکەی میلەتەکەت ئەسیرە وەزیفەشت، وەزیفەی ویژدانیشت بۆ دادەنێ کە دەبێ تێکەڵاوی خەبات بێ بۆ نەجاتی ئەو میلەتە. ئەوە وەزیفەی ڕووناکبیرانە دە شەڕایتی تاریخی ئەوڕۆ دا، دە شەڕایتی ئەوڕۆ و زەمان دا زۆرتر، خورتتر بەرەو خەباتی سیاسی بکێشرێن. بێنە ناو خەباتەوە بە قازانجی حەڕەکەی میلەتەکەمان.


 

ئەحمەد باراچ کڵیچ: مامۆستای هێژا ئێمە دەمانەوێ بە تایبەتی لەمەڕ تێکەڵی کوردان و سۆڤیەت و تەنانەت بەر لە ساز بوونی یەکێتی سۆڤیەت لەگەڵ ڕووسان بپرسین و پاشان دوای ئەوەی لە دوای ساڵی ١٩٤٥ کۆماری مەهاباد دامەزرا و لەو سەردەمی دا دە دامەزراندن و هەڵوەشانی کۆمار دا لەو سەر دەمی دا دیتنی ئێوە لەمەڕ تێکەڵاوی کورد و ڕووس چییە؟
 غەنی بلووریان:  دیارە تێکەڵیی کورد و ڕووس لە زووەوە بووە پێش ئینقیلابی ئۆکتۆبر بووە. لە سەرهەڵدانەکانی کورد چ لە کوردستانی عێڕاق، چ لە کوردستانی باکوور تورکیا، چ لە کوردستانی ئێران وەکوو ڕەهبەریی ئەو حەڕەکاتانە ئەو بزاوانەی کورد، ڕەهبەری جونبیشی کورد پێوەندی لەگەڵ تێزاریسم هەبوو، حکوومەتی تێزاری پێش حکوومەتی سۆڤیەتی. حکوومەتی پادشایی لە ڕووسیا. ئەو پێوەندییە بۆ ئەوە بۆ کە کوردەکان دژی ئیمپڕاتۆری عوسمانی شەڕیان ئەکرد بۆ ئازادی، دەیانەویست دۆستێک بگرن بۆ خۆ، ئیستفادەی لێ بکەن کەلکی لێ وەربگرن پشتیان بگرێ، پشتیوانیان لێ بکا دەستیان بۆ ڕووس درێژ دەکرد. ڕووسیش بۆ ئەوە ئەوان هان بدا دژی ئیمڕاتوری عوسمانی کە دوژمنی خۆی بوو، ئیستفادە لە کوردەکان بکات زۆرجار تێکەڵاوی دەگەڵ کوردەکان دەکرد بەڵام داوخوازی کوردەکانی بە تەواوی جێ بەجێ نەدەکرد. چی نەدەکرد ئا. ئەو دەم کە قازانجی خۆی دەبوو دەهات بە تەڕەفی کوردەکانەوە کە قازانجی خۆی تەواو دەبوو دەگەڕاوە دواوە. داوخوازی کوردەکانی قەبووڵ نەدەکرد. دەنگی لێ دەر نەدەهات، بێدەنگەی لێ دەکرد. ئەوە تاریخ، زۆر نووسراوە دە تاریخ دا ئەو حەڕەکەتەی ڕووسەکانی تەزاریسم دەگەڵ کوردەکان ئەو پێوەندییەیان هەبۆ زۆر بە تەکمیلی. بە تێر و تەسەلی ئەو ئیرتیباتە هەبۆ قەبلەن.
بە هەر سووڕەت ئیمپڕاتوری عوسمانی تێک چوو کوردستان دابەش کرا دیسان. لە ڕووسیا ئینقیلاب کرا، ئینقیلابی ئۆکتۆبر کرا لێنین هاتە سەر کار. ئەوەڵین کوردێکی کە دەگەڵ ئینقیلابی ئۆکتۆبری ڕووسیا و دەگەڵ لێنین پێوەندی گرت شێخ مەحموودی بەرزنجی بوو کە نامەی شاند، نامەی نارد بۆ لێنین بۆ سەرانی حکوومەتی سۆڤیەت داوای یارمەتی لێکردن، داوای کۆمەگی لێ کردن. داوای ئیتیحادی لێ کردن.
دیارە ئەو داوایەی شێخ مەحموودیش نەتیجەی نەبوو. لێنین و ئینقیلابی ئۆکتۆبر کە تازەهاتبوونە سەر کار  لەو دەورە دا توانا و قودرەتێکی ئەوەیان نەبوو بتوانن کۆمەگ بە کورد بکەن. وە هیچ حەڕەکەتێکیان نەکرد دە موقابیل داوخوازییەکانی شێخ مەحموود. پەیوەندی بەینی شێخ مەحموود و ئەوە ئەمجارە بوو.
باراچ کڵیچ: لەبەر چێ لێنین نەی کرد، شێخ مەحموودی بەرزنجی دوو نامە، سێ نامەی ناردووە هەر وەک ئێوەش کوتتان داوخوازیان ئەوە بووە لەگەڵ سۆڤیەت بکەون. کوردیش مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی هەبێ و دوای ئەوە کە هیچ وڵامێکی ئەو داوخوازانە نادرێتەوە و هیچ یارمەتییەکیش ناکرێ. بۆچی لێنین ئالیکاری نەکرد. نە دژایەتی کرد و نە پشتیوانیش و هیچیشی لە سەر مافی دیاریکردنی چارەنووسی کورد نەگوت.

           
 
بلووریان: شیعاری ئینقیلانی ئۆکتۆبر پشتگرتنی زەحمەتکێشان و کارگەران و کرێکاران و میلەتی ئەسیر و چەوساوە بوو. بە شیعار، بە دروشم

باراچ کڵیچ: لە باری تیۆری وا بوو
بلووریان: لە باری تیۆریک. پاشان شێخ مەحموودیش لە سەر ئەو دروشمانە کە درا ئومێدەوار بوو کە دەست درێژ کا بۆ یەکێتی سۆڤیەتی دەتوانێ کوردی چەوساوەی ڕەنجبەر بکەوێتە ئەو قۆناغە کە ئینقیلابی ئۆکتۆبریش کە دروشمی پشتیوانی لەمیلەتی ڕەنجبەر و لە زەحمەتکێشان و لە چەوسێنەران!! [چەوساوان] هەیە کوردیش کەلکی لێ وەربگرێ. لەبەر ئەوە بوو شێخ مەحموود نامەی شاند ئەگینا شێخ مەحموود کۆمۆنیست نەبوو. شێخ مەحموود ئینسانێکی، شێخێکی ئایینی بوو بەڵام لەبەر ئەوە تەجروبەی هەبوو کە ئەمپریالیزم و سەرمایەداری جیهانی پشتی کورد نەک ناگرن بەڵکە دژی کوردیش ڕادەوەستن، پشتیوانی دەکەن لەو حکوومەتانەی کە کورد ئەکووژێت [ئەکووژن].
شێخ مەحموود چ بکا دە موقابیل ئەوە دا. تەنها پەنایەکی کە شێخ مەحموود هەستی پێ دەکرد ئینقیلابی ئۆکتۆبر بوو. کە ئەوە بوو چەند نامەی شاند بۆ لێنین داوای پشتیوانی کرد بەڵام هیچ جوابی نەبوو. بۆچی جوابی نەبوو بە نەزەری من ئینقیلابی ئۆکتۆبر ئێستا [هێشتا] خۆی نەگرتبوو. بە چاکی حکوومەتی لێنین نەچەسپی بوو، خۆی نەگرتبوو بە تەواوی. یەکیش بە مەسڵەحەتی بەرژەوەندی خۆی نەدەزانی کە دەگەڵ ئینگلیس و سەرمایەداری ئێستا دژ بەرابەر بێ ئەو کارانە بکا لەبەر ئەوە هیچ، بێدەنگەی لێ کرد و مەسەلەی کورد بۆ ئەو مەسەلەیەکی ڕۆژ نەبوو کە پشتی بگرێت. لە قازانجی خۆی نەدەزانی.
کوردەکان، دیارە ئینقیلابی ئۆکتۆبر پاشان تەئسیراتی خۆی لە سەر کوردستان دانا. پاش ئەو بزاوە، شکستی بزووتنەوەکانی کورد تەئسیراتی خۆی دانا لە سەر کوردستان. وەکوو ڕووناکبیری کورد بەشی زۆری تێئۆری مارکسیستی – لێنینیستی قبووڵ کرد. زۆر ڕەوشەنفکران دەگەڵ ئەحزابی کۆمۆنیست تێکەڵاو بوون، بوون بە جوزوی ئەحزابی کۆمۆنیست لە ئێران، لە تورکییە، لە عێڕاق ئەو هاوکارییەیان کرد. بە خاتری ئەوەی ئومێدەوار بوون کە ئەو حیزبە کۆمۆنیستانە لیرە سەرکەون؛ لە کوردستاناتی موختەلیف، ئێران و عێڕاق و کوردستانی تورکییە و سوورییە  سەرکەون ئەحزابی کۆمۆنیست کۆردەکانیش وەکوو جمهوورییەتەکانی سۆڤیەتی بتوانن ئەوانیش جمهوورییەتێک چێ بکەن لەو کوردستانانا بۆخۆیان.
بەو هەوایە دەگەڵ کۆمۆنیستەکان ڕێک کەوتن دیارە بەخاتری ئەوەی گیانی دژایەتی دەگەڵ سەرمایەدارییان هەبوو چون لە تاریخیان خوێندۆتەوە ڕەشەنفکرانی کورد کە سەرمایەداری هەتا ئێستا دژی کورد بووە دەگەڵ کورد دۆستایەتی نەبووە، هەمیشە پشتی دوژمنانی کوردی گرتووە. ئەگە وابێ دۆستی ئێستای ئێمە ئەو ئینقیلابی ئۆکتۆبرەیە. دەبێ ڕوو دە ئەوێ بکەین. ئەوە بوو کە ڕەوشەنفکرانی کوردی هان دەدا کە بەرەو دروشمی یەکێتی سۆڤیەتی و ئینقیلابی ئۆکتۆبر ڕابکێشن بچن بەرەو ئەو دروشمە.
ئەوە ئێستا ئەحزابی کۆمۆنیستی ئێستاش هەر لە کوردستان هەن، ماون دەگەڵ کۆمۆنیستەکانی میلەتەکانی دیکە تێکەڵن یا موستەقیل حیزبی کۆمۆنیستی خۆیان هەیە. ئێستاش دیارە یەکێتی سۆڤیەتی نەماوە بەڵام بەوەی کە مەسەلەی ئێعتیقاد بە تێئۆری کۆمۆنیستی ئێستاش هەر خەباتی خۆیان بەردەوام دەکەن بە نێوی کۆمۆنیسم و کۆمۆنیست و تێئۆری کۆمۆنیستی.
باراچ کڵیچ: لە کوردستانی ڕۆژهەڵات یەکەم جار تێکەڵی و پێوەندی کوردان و ڕووسان چۆن ساز بوو لە کام ساڵی دا؟
بلووریان: لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ساڵی ١٣١٧-ی ئێرانی [تەماشای کاغەزی سەر مێزەکە دەکا ح.ق] کە دەبێتە ١٩٣٨-ی زایینی/ میلادی یەکەم جار لە کوردستان لە مەهاباد کۆمەڵەی ژێکاف ناوی هاتە ئاراوە. ناوی هاتە ئاراوە، مەتڕەح بوو
باراچ کڵیچ: ئاشکرا کرا؟
بلووریان: نا، ئاشکرا کردن نا، مەتڕەح بوو یانی بە نهێنی
باراچ کڵیچ: بە دزی
بلووریان: بە نهێنی بە دزییەوە دەستیان بە کار کرد وە یەکەم نامەیان شاند، نارد بۆ یەکێتی سۆڤیەتی کە ئەو نامەیە  بە ئیمزای یەکێک لەو ئەندامانە بوو کە کۆمەڵەی ژێکاف خەریک بوون چێ بکەن لە مەهاباد. دیارە وەکوو تەشکیلات و ڕێکخراوە هەنووز چێ نەببوو بەڵام کۆمەڵ هەبوون. کۆڕ و کۆمەڵەی کۆمەڵەی ژێکاف هەبوو، چێ ببوو. ئەوەڵ نامە ئەوان شاندیان بۆ یەکێتی سۆڤیەتی ساڵی ١٩٣٨، بەڵام هەر نامە بوو جوابێکیان وەرنەگرتەوە. جواب نەهاتەوە دەیانەویست خۆیان بناسێنن بە یەکێتی سۆڤیەت کە لێرە کورد حەڕەکەتی هەیە. کورد خەبات ئەکات. خۆ مەعرەفی بکەن بناسێنن ها، بە یەکێتی سۆڤیەت. ئەو نامە هەدەف ئەوە بوو.
بەڵام نەتیجەی نەبوو هەتا ساڵی ١٣٢٠-ی ئێرانی کە دەبێتە ١٩٤١-ی  میلادی. لە ١٩٤١-ی میلادی دا کە شەڕی جیهانی دژی هیتلێر بوو  ئینگلیس و ئەمریکا و ڕووس وە وەڵاتانی تر موتەحید بوون دژی هیتلێر. ئەو دەم لە ئێران ڕەزاشا پەهلەوی دە حوکم دا بوو. ڕەزا شا  بەدەستی ئینگلیسیان لە ئێران هاتە سەر کار و بوو بە پاشای ئێران. ئینگلیسیان دەستیان تێدا بوو ئەویان کرد بە پادشای ئێرانێ. بەڵام پاشان کە هیتلێر شەڕی دەست پێکرد و زۆری هەموو ئوڕووپا گرت و  هێندێک شووڕەوی داگیر کرد و زەمینی شووڕەوی داگیر کرد و ئەوانە، ڕەزا شا فکری کردەوە کە ڕەنگە هیتلێر لە دونیایە دا سەرکەوێ با من دەستی خۆم درێژ کەم بۆ هیتلێر دەگەڵی دۆستایەتی بکەم کە هاتە ئەو مەڵبەندە موەفەق بوو منیش بتوانم  ئەو جمهوورییەتانەی سۆڤیەتی کە بەرێ هی ئێران بوون بستێنمەوە و هێندێکیش لە خاکی عێڕاق و هێندێک لە خاکی تورکییە و ئەوانەش بستێنم و ئێرانی گەورە چێ بکەم. لەبەر ئەوە  دەستی درێژ کرد بۆ هیتلێر، ئیتیحادی دەگەڵ بەست وە هیتلێر عەوامیل و ئەندامی خۆی شاند بۆ ئێران لە ژێر پووششی سەفیر و کارمەندی دەوڵەتی و شیرکەتی ئەوانە هاتن جاسووسانی ئاڵمان بۆ ئیران وە دەستیان کرد بە سازمان دان و ڕێکخستنی عەشیرەی جنووب، جنووبی ئێران، وەکوو بە تایبەت لە مەنتەقەی خووزستان وەکوو بۆیر ئەحمەدی، وەکوو عەشاییری تری لوڕ و ئەوانە. کە بەڵکە بتوانێت جەبهەیەک لە ئێران بکاتەوە دژی سۆڤیەت کە هەمی نەفتی باکوو ئازەربایجان بستێنێ، هەمی لەو بەرەوە جەبهە بکا دژی سۆڤیەت شەڕ بکات، هەمیش دەستی بگاتە کەنداوی فارس هیتلێر. بەڵام موتەفیقین یانی دەوڵەتانی هەڤگر وەکوو ئینگلیس و ڕووس!، سۆڤیەت و ئەمریکا  موتەوەجیهی ئەو حەڕەکاتانە بوون یەک، دوو پێویستیان بە جادەیەک هەبوو، رێگایەک هەبوو، ڕێگای تڕانزیت هەبوو  کە لە خەلیجی فارسەوە، لە کەنداوی فارسەوە کۆمەک بکەن بە یەکێتی سۆڤیەتی دژی هیتلێر، یارمەتی بۆ بنێرن. ئەوە بوو ئەوان بەو دوو نییەتە کە هەم هیتلێر و عەوامیلی هیتلێر لێرە لە بەین بەرن  لە ئێران و هەمی ڕێگا باز کەن  بۆ تڕانزیت بۆ ناردنی سیلاح و ئەسلەحە بۆ یەکێتی سۆڤیەتی هاتنە ئێران. وەختێکی ئەوانە هاتنە ئیران غەربی ئیران ئینگلیس و ئەمریکا هاتن، بە تایبەت ئینگلیس، ئەمریکاش هات لە تاران دامەزرا وە شومالی ئێران کە مەنتەقەی ئازەربایجان وە خۆراسان وە مەنتەقەی مازندەران و گیلان بوو، باکووری ئیران یەکێتی سۆڤیەتی هات دای گرت [داگیری کرد].
ئەو تەقسیماتە بەر لەوەی هێرش بکەنە ئیران بەینی ئەو دەوڵەتانەی هەڤگر دیاری کرا بوو، موشەخەس کرا بوو. کە سۆڤیەت لێرە بێ، ئینگلیس لەوێ بێ، ئەمریکا لێرە بێ، بەو شێوەیەی تەقسیمیان کرد بوو. دیارە شومالیان دا بوو بە وی بۆ وەی کە
باراچ کڵیچ: یانی بەڕێزت دەڵێی یەکێتی سۆڤیەت لەگەڵ ئینگلیس و ئەمریکا پێوەندیان هەبوو؟
بلووریان: بەڵێ، بەڵێ
باراچ کڵیچ: و باکوور بۆ وان و باشووەر بۆ وان دە ناو خۆیان دا بەشیان کرد بوو؟
بلووریان: بەڵێ مەخسووسەن باشووریان [باکووریان] بە یەکێتی سۆڤیەت دا بوو کە نەیەتە خوارەوە بۆ وەی کە دەستی نەگاتە کەنداو. بۆ وەی دەستی نەشگاتە نەفتی ئیران. نەفتی ئینگلیس بوو ئەو دەم. بە دەستی ئینگلیسەوە بوو، یەکێتی سۆڤیەتییان دوور خستەوە بە شیمالی ئێران فەقەت مەحدوودیان کرد بوو دە کۆبوونەوەیەک دا کە بەینی ئەو سێ دەوڵەتە گیرابوو؛ وەختێکی دەچینە ئیران بۆ پێنج ساڵ ئیران داگیر دەکەین وە یەکێتی سۆڤیەتیش دەبێ لە شیمالی ئێران بێ و جنووبی ئێران بە دەست ئینگلیس و ئەمریکا و ئەوانەوە بێ.
ئەو دەم بەشی کوردستانی موکریان کە مەرکەزی مەهابادە جوزوی ئازەربایجان بوو کە من لێرە [ئاماژە دەکا بە کتێبی ئاڵەکۆک کە لەسەر مێزەکەی بەردەمێتی. ح.ق] لە ئاڵەکۆک دا تەوزیحم داوە کە بۆچی ئەو بەشە بۆتە ئازەربایجانی غەڕب و و ئەو بەشە کوردستانەیان لە کوردستانی تر جودا کردووەتەوە لە سەقز و سنە و کرماشان و ئیلام لەوانە بۆچی بە جوغڕافیای سیاسی ئەوانەیان لێک جیا کردۆتەوە. ئەوەم باس کردووە دەو کتێبەی دا. ئەو بەشەی کە دە ئازەربایجانێ دا بوو کەوتە دەست ڕووسەکان. وەبوو هۆردووی ڕووسان هاتن مەهابادیشیان داگیر کرد. گرت ئەڕتەشی ئێران و ئیداراتی سیاسی ئێرانیان دەرخست، خۆیان دامەزراند، کوردستان، ئەو بەشە کوردستانە ئازاد کرا.
یانی تەقریبەن دەتوانم بڵێم  یەک چوارەمی هەموو کوردستانی ئێران بوو. ئەو بەشەی کە بە دەست سۆڤیەتەوە بوو. لە چواران یەک، بەقیە هەموو بەدەست ئینگلیس و ئەوانەوە بوو زیاتر، بەدەست ئینگلیسەوە بوو. کە ئەو مەنتەقانەیان نەدابوو بە سۆڤیەت. سۆڤیەت حەقی نەبوو لەو مەنتەقانە فەعال بێت. قشوون بەرێت، ئازەربایجانیان دابوویە. چون ئەوبەشەش موکریانیش جزووی ئازەربایجان بوو سۆڤیەت هات ئازەربایجانی داگیر کرد.
باراچ کڵیچ: یانی مەبەستی یەکێتی سۆڤیەت، جمهووری کوردی نەبوو؟
بلووریان: نەخێر مەسەلەی جمهووری کوردی نەبوو، مەسەلەی ئەوە بوو کە ئازەربایجان تەقسیم کرا بوو، داگیر کرا مولاحەزەت فەرموو، داگیر کرا، ئەوانە ئازەربایجانیان بەر کەوتبوو دەو تەقسیماتەی دا کرا.
 ئازەربایجانیان بەر کەوت کە هاتنە مەهاباد، لە مەهاباد مەنتەقە ئازاد بوو، کۆمەڵەی ژێکاف، ئەو جارەکە لە دزییەوە، لە نهێنییەوە هات بوو بە ئاشکرا. کە یەکێتی سۆڤیەتی هاتە ئەوێ ئیدی حکوومەتی ئیران نەما لەوێ. حکوومەتی ئێران نەما لەوێ.
باراچ کڵیچ: یەکێتی سۆڤیەت بە کۆمەڵەی ژێکافی نەگوت فەرموو حوکم بکە!
بلووریان: نەخێر. کۆمەڵەی ژێکاف هەبوو، کۆمەڵەی ژێکاف وجوودی هەبوو، نەک سۆڤیەت چێی کرد بێت، نەک سۆڤیەت  دروستی کردبێ. نە بێگانە دروستی کردبێ. کۆمەڵەی ژێکاف
باراچ کڵیچ: یارمەتی کۆمەڵەی ژێکافیشی نەدا؟
بلووریان: هیچ ئالیکاری نەبوو. هیچ، فەقەت یەک نامە کە کوتم کۆمەڵەی ژێکاف ناردی بۆ سۆڤیەت تەواو. کە سۆڤیەت هاتە مەهابادێ دە ساڵی ١٣٢٠ دا، ١٩٤١ هاتە کوردستانی مە، مەڵبەندی ئازەربایجان ئازاد بوو. کە کۆماری، مەنتەقەی موکریانیش کە کۆمار دوایە تێیدا چێ بوو ئەوەش دە ژێر دەستی یەکێتی سۆڤیەت بوو. بەڵام کۆمەڵەی ژێکاف هەبوو، کۆمەڵەی ژێکاف ئەو جار بەخورتی هات و بە ئاشکرا هات خەباتی لە مەهاباد دەست پێکرد و لە مەنتەقە. وە پێوەندێکی نزیکتری دەگەڵ یەکێتی سۆڤیەتی پەیدا کرد. بە ئومێدی ئەوە...
باراچ کڵیچ: ئەو پێوەندییە چۆن بوو؟ بە ڕێگای شەخس دا بوو؟
بڵووریان: بە ڕێگای حیزب دا بوو. کۆمەڵەی  ژێکاف، بە ڕێگای کۆمەڵەی ژێکاف دا پێوەندی گرت دەگەڵ یەکێتی سۆڤیەتی.
باراج کڵیچ: یانی یەکێتی سۆڤیەتی چۆن، بەڕێگای سەفاڕەتخانەی وان لەئازەربایجان؟
بلووریان: خودی یەکێتی سۆڤیەتی لە ئازەربایجانێ دابوو. ئەڕتەشی تێدابوو، کۆنسوولگەری تێدا بوو، شەخسیاتی سیاسی تێدا بوو، شەخسیاتی نیزامی و عەسکەری تێدا بوو بەڵام پێوەندیی ڕەسمی ئەوان، کۆمەڵەی ژێکاف موستەقیم و ڕەسمی دەگەڵ کۆنسوول بوو، کۆنسوولگەری یا تەورێز یا ئورمییە.
باراچ کلێچ: ئەوان هیچ داوایان لە کۆمەڵەی ژێکاف هەبوو؟
بلووریان: ئەوان نا هیچیان نە دەخواست فەقەت پێوەندی هەبوو، ئەو دەم سۆڤیەت هیچ بەرنامەی نەبوو. ئەو دەمی کە هاتبۆ ئێرە هیچ بەرنامەی نەبوو. بەرنامەی ئەو دوو خاڵانە بوو کە لە سەرەوە باسم کرد کە داگیرکردنی ئێران بە مەبەستی ناردنی سیلاح بۆ سۆڤیەت و جەمع کردنەوەی فاشیزم لە مەنتەقەی ئێران بەو هەدەفە هاتبوون. دوایە خەبات کە لە کوردستان دەستی پێکرد، لە کوردستانی بندەستی عێڕاقیش، باشوور بارزانییەکان، سەرۆک بارزانی و ئەوان دە فەعالییەت و تەلاش و خەبات دا بوون. ئەوانیش وەختێکی یەکێتی سۆڤیەتی هات بۆ داخڵی موکریان ئەوانیش پێوەندییان دەگەڵ یەکێتی سۆڤیەتی گرت، هەر وەکوو کۆمەڵەی ژێکاف پێوەندی گرت، حەڕەکەی بارزانیش پێوەندی دەگەڵ یەکێتی سۆڤیەتی گرت لە حدوود، مەرز، چون بوونە هاومەرز. چون قوشوونی سۆڤیەت هات موکریانی گرت. موکریان مەرزی دەگەڵ مەرزی باشوورە ئیدی؛ کوردستانی عێڕاق. لەوێوە فورسەت بوو بۆ بارزانی کە دەگەڵ سۆڤیەت پێوەندی بگرێ. فەقەت پێوەندی، نە یارمەتی، کۆمەک. هیچی پێ نەکرد، فەقەت پێوەندی. ئەو پێوەندییە بە ئومێدی وەی بوو کە ڕۆژێک بتوانێ [بتوانرێ] ئیستیفادە لە سۆڤیەت بکرێ.
کە وابوو بارزانی نەیتوانی بە عیلەتی وەی ئینگلیس موتەوەجیهبوو کە ڕووس هاتۆتە مەرزەکە،حدوودەکە، سنوورەکە خەتەری حیس کرد ئینگلیس، سەرکوتی بارزانی کرد. سەرکورت بارزانی کرد، کە بارزانییەکان شکستیان خوارد هاتنە ئێرانێ، کوردستانی ئێران. هاتن بۆ مەنتەقەی موکریان هاتن بۆ مەهاباد، هاتە کوردستانی ڕۆژهەڵات. دەو بەینە دا کە یەکێتی سۆڤیەتی لەوێ بوو لە مەنتەقەی کوردستان یەکێتی سۆڤیەتی قشوونی نەبوو. هەوەڵێ قوشوونی هات تا ئەڕتەشی ئێرانی چەک کرد، سیلاحی لێ ئەستاند، حکوومەتی ئێرانی دەر کرد لەو مەڵبەندە. خۆی کشاوە چوو بۆ تەبرێز و ورمێ و ئازەربایجان، مەنتەقەی ئازەربایجان.
لەو کوردستانە نەما، ئەو کوردستانە ئازاد بوو. ئازاد، فەقەت کۆمەڵەی ژێکاف لەوێدا فەعال بوو.
باراچ کڵیچ: مامۆستا گیان هەر وەک ئێوە گوتتان لە سەردەمی شۆڕشی ئۆکتۆبر زۆربەی ڕووناکبیری کوردان، پێشەنگی کوردان، ڕامانی سۆسیالیزم، کۆمۆنیزمیان وەخۆ کرد بوو و مۆسکۆیان پەسن دەدا. و سەرەڕای هەموو داوخوازێکیش هیچ یارمەتییەک لە سۆڤیەت وەرنەگیراوە. ئێوە دەڵێن ئەوان هیچ ئالیکاری کوردیان نەکردووە. وایە؟
مرۆ دەکرێ وا بڵێ؟


 بلووریان: یەکێتی سۆڤیەت، ئالیکاری کوردان؟ ئەوەی باسم کرد. دەپێشدا هیچ ئالیکاری نەکردۆ بە کورد.باراچ کلیچ: لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش نەیکردووە؟

بلووریان: لە ڕۆژهەڵاتیش هەر ئەوە بوو کە عەرزم کردی. لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هەر ئەو ڕابیتەیەی کۆمەڵەی ژێکاف بوو بە نامە دانێک پاشانیش کۆماری مەهاباد چێ بوو. ئەو جارەکە ئێستا باسی دەکەین.
وەختێکی کۆمەڵەی ژێکاف ئاشکرا دەستی بە فەعالییەت کرد. سۆڤیەت، کوردستان، ئازەربایجان ئازاد کرا بوو بە دەست سۆڤیەتەوە بوو. ئیمکان هەبوو بۆ کۆمەڵەی ژێکاف کە بخەبتێ بە ئاشکرا. ئێ! خەباتی ئاشکرا بکات بەڵام ڕووسەکان دەگەڵ [لە] دروشمی کۆمەڵەی ژێکاف ڕازی نەبوون.
باراچ کڵیچ: بۆچی ڕازی نەبوون؟ مەبەستی ئەوان چ بوو؟
بلووریان: لەبەر ئەوە نەزەریان ئەوە بوو، نەزەریان ئەوە بوو کە ئەوە وەختی نییە. شیعاری کوردستانی گەورە چێ کردن زەمانی نییە، فورسەتی نییە لێرە ئێستا وەختی نییە، وەختی نەهاتۆ.
باراچ کڵیچ: ئەخر کوردستانی گەورە هیچ کوردستانی پچووکیشیان نەویستووە.
بلووریان: نا، کوردستانی گەورە، کۆمەڵەی ژێکاف شیعاری، دروشمی کوردستانی گەورەی هەبوو. سۆڤیەت دەیگوت ئەو دروشمە نادروستە. دروست نییە، نە دروستە. دەبێ ئێوە دروشمتان بگۆڕن بیکەنە خودموختاری، حوکمی زاتی لە چوارچێوەی ئێران دا، ئۆتۆنۆمی. ئەوە بوو کە حیزبی دێمۆکڕات ئەو دەم شیعاری دێمۆکڕاسی بۆ ئێران، خودموختاری بۆ کوردستان، ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستانی هێنا کایەوە، مەتڕەح کرد.
باراچ کڵیچ: ئەو داوخوازەی یەکێتی سۆڤیەت کێ بە ئێوەی گوت؟ سەفاڕەتخانە و کۆنسوولخانەی وان گوتیان یان؟
بلووریان:کاکی من، کۆمەڵەی ژێکاف، کۆمەڵەی ژێکاف دەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت و کۆنسوولگەری و سەرانی سۆڤیەتی کە دە ئێرانێ دا بوون پێوەندی هەبوو. ئەوان چوونە باکوو چەند دەفعە. قازیی محەمەد و چەند نەفەر لە سەرانی حیزب، کۆمەڵەی ژێکاف چوونە یەکێتی سۆڤیەت و دەگەڵ وانە پێوەندیان گرت، دەگەڵ باغرۆف و ئەوانە پێوەندیان گرت و ڕەئیس جمهووری ئازەربایجانی سۆڤیەت [ باقرۆف، ڕەئیس جمهوور نەبوو، بەلکوو لە نیوان ساڵانی ١٩٣٣ تا ١٩٥٣سکرتێری یەکەمی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیی کۆمۆنیستی ئازەربایجانی سۆڤیەت بوو. ح.ق] پەیوەندییان گرت و لەو پەیوەندییانە دا ئەو باسە کراوە کە ئێوە دروشمی کوردستانی گەورە هەڵمەگرن. دروست نییە ئێمە ناتوانین پشتیوانی لێ بکەین.
ئێمە وەک ڕووس ناتوانین پشتیبانی لە دروشمی کوردستانی گەورە بکەین بە خاتری ئەوەی کە ئەوان قەراریان دەگەڵ ئەمریکا و ئینگلیس نەدابوو کە ئەوان پشتیبانی لە کوردان بکەن خۆ.
باراچ کڵیچ: حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان یەکەم جار کە هات دامەزراندن، دەستی سۆڤیەتی تێدا هەبوو؟
بلووریان: ئەوە عەرزت دەکەم ئێستا ئەوە. من عەرزم کردی کۆمەڵەی ژێکاف چێ بوو. کۆمەڵەی ژێکاف نە ڕووس دروستی کرد، کۆمەڵەی ژێکاف پێش ڕووس بێتە ئێران چێ کرابوو. کوتم یەک نامەی شاند بۆ سۆڤیەت. پاشان کە یەکێتی سۆڤیەتی بە ڕەهبەرانی کۆمەڵەی ژێکافی کوت دروشمی ئێوە، دروشمی کوردستانی گەورە زەمانی نییە، کۆمەڵەی ژێکاف کۆنگرەی گرت، بە نێوی حیزبی دێمۆکڕات کۆنگرەی گرت. یەکەم کۆنگرەی حیزبی دێمۆکڕات چێ بوو، لەو کۆنگرەیە دا دروشمەکە گۆڕا.
باراچ کڵیچ: لە سەر مەبەستی
بلووریان: لە سەر داوخوازا کوردستانی گەورە گۆڕا، عەوەز بوو، تەغیر کرد بوو بە ئۆتۆنۆمی داخڵی ئیران. لە چوارچێوەی ئێران دا.
باراچ کڵیچ: ئەوە لەسەر داوای یەکێتی سۆڤیەت بوو؟
بلووریان: بەڵێ. یەکێتی سۆڤیەتی کوتی من پشتیوانی ناكەم لەو دروشمە. لە دروشمی کۆمەڵەی ژێکاف پشتیوانی ناکەم. بەڵام لە خودموختاری داخڵ پشتیوانی دەکەم.
باراچ کڵیج: دەی خودموختاری کردە بەرنامەی خۆی بەڵام سۆڤیەت دیسان پشتگیری نەکرد.
بلووریان: جا پاشان باسی دەکەین.
باراچ کڵیچ: فەرموو
بلووریان: ئەوە بوو کە ئەوان دروشمەکەیان گۆڕی، ناوی کۆمەڵەی ژێکافیان گۆڕی کردیان بە " حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ئێران" [ لە سەرەتای دامەزرانی حیزب و لە چاپەمەنییەکانی سەردەمی جمهووری دا لە هەموو جێیەک نووسراوە " حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان". ح.ق]، دروشمەکەشیان بوو دێمۆکڕاسی بۆ ئێران، خودموختاری بۆ کوردستان. ئیتر کۆمەڵەی ژێکاف نەما. بوو جوزوی تاریخ. ئێستا کۆمەڵە، ئێستا حیزبی دێمۆکڕاتە. حیزبی دێمۆکڕات هەمان کۆمەڵە بوون. تەواوی ڕەهبەرانی کۆمەڵەی بوون بە ڕەهبەرانی حیزبی دێمۆکڕات. ئێ، ناوی عەوەز بوو. کەسێکی تر نەهاتۆ حیزبی دێمۆکڕات دروست کا. کە واتە سۆڤیەت دروستی نەکردووە. ئەمانە ڕەهبەرانی کۆمەڵەی ژێکاف بوون  کە هاتن بوون بە ئەندامی حیزبی دێمۆکڕات لە یەکەمین کۆنگرەی دا نێوی کۆمەڵەیان گۆڕی، کۆمەڵەی ژێکافیان گۆڕی بۆ حیزبی دێمۆکڕات. یانی تەئسیری ڕووسان نەک لە سەر چێ کردنی حیزبی دێمۆکڕات یا کۆمەڵەی ژێکاف بووبێ بەڵکوو تەئسیری سۆڤیەت فەقەت لە سەر گۆڕینی دروشمەکە بوو. حاڵی بووی؟
باراچ کڵیچ: تێگەیشتم
بلووریان: لەسەر دروشمەکە بوو [کوتیان] دروشمەکە نە ڕاستە بۆ ئەو دەورە و زەمانەی، نە باشە. ئەوە بوو دە ماوەیەکی کە کۆمەڵەی ژێکاف خەباتی سیاسی دەکرد فورسەت هەڵکەوت کە لە ئازەربایجان حەڕەکەتێک دەست پێ بکا. لەئازەربایجان حەڕەکەت دەست پێ بکا، نە کوردستان. لە ئازەربایجان ئەوەڵێ حەڕەکەتی دەست پێ کرد بە ڕەهبەری فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجانی ئیران. فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجانی ئێران کە ڕەهبەرییەتی وی پیشەوەری بوو کە مودەتی زۆر پازدە شازدە ساڵ، حەڤدە ساڵ لە زیندانی ڕەزا شا دا بوو ئازاد ببوو هاتبوو سەرۆکایەتی فیرقەی بە دەستەوە گرتبوو کۆمۆنیست بوو، جوزوی کۆمۆنیستەکانی دەورانی جەنگەڵ!! بوو پیشەوەری [ مەبەستی بزووتنەوەی میرزا کوچک خانی جەنگەڵی یە لە گیلان. ح.ق] کە ئەوە تاریخە باس ناکرێ لێرە. ئەو ڕەهبەری حەڕەکەی ئازەربایجانی [بەدەست] خۆیەوە گرت و جمهووری ئازەربایجانی چێ کرد، ئەوجا
[لە سەردەمی بزووتنەوەی فیرقە دا بە تەشکیلاتی خۆیان نەدەگوت جمهووری بەڵکوو بە " میلی حکوومەت " واتە حکوومەتی میللی ناویان دەبرد. ح.ق] کوردستانیش داوای کرد کە ئەویش کۆماری خۆی دروست دەکا.
کوردستان داوای کرد، نەک سۆڤیەت بڵێ دروستی بکەن. فام دەکەی؟  
باراچ کڵیچ: بەڵێ.
بلووریان: کوردەکان خۆیان چوون لە کۆبوونەوەیەکی دا کە لە تەبرێز دەگەڵ قازیی محەمەد و هێندێک سەرانی کورد، ڕێبەرایەتی کورد ئەو دەم، عەشیرەت و سەرانی حیزب و ئەوانە چوون بەشدارییان کرد لە کۆبوونەوەکە دا دەگەڵ پیشەوەری و ڕووسەکانیش لەوێ بوون بۆ چێ کردنی کۆماری ئازەربایجان [حکوومەتی میلی نەک کۆمار. ح.ق]، قەراریان دا بوو لە کۆماری ئازەربایجان [ حکوومەتی میلی ئازەربایجان. ح.ق] کە کوردستان ببێتە خودموختار داخڵی  ئازەربایجان قەراریان وا دا بوو. خودموختارییەکی فەرهەنگی و ئیداری بدەنێ و لە ژێر دەستی ئازەربایجانی ئێران بمێنێتەوە. ئەوە قازیی محەمەد قەبووڵی نەکرد، عەشیرەکانی کە دەگەڵی بوون ئەمەرخان کە لە دۆستانی سمکۆ بوو، ئەمەرخان، سمایل ئاغای سمکۆ بوو، ئەویش پازدە شازدە حەڤدە ساڵان لە زیندانی ڕەزا شای دا زیندانی بوو ئەویش دەگەڵ قازیی محەمەد بوو. ئەوانیش عەشایر دەگەڵ قازیی محەمەد هەستان گوتیان ئێمە قبووڵ ناکەین لە ژێر دەستی ئازەربایجان بین. ئێمە لە ژێر دەستی ئێران دەمانەوێ خۆمان ڕزگار بکەین، ئێمە چۆن بێینە ژێر دەستی ئازەربایجان. ئێمەش خۆمان حکوومەتی خۆمان چێ دەکەین. ئەگەر ناهێڵن ئێوە ئێمە چێ بکەین ئێمە بە زۆر چێ ئەکەین بە تفەنگ چێ ئەکەین.
دەزانی، ڕەنگە کەس نەزانێ ئەمە، ڕەنگە کەس ئیتلاعی لەو شتەی نەبێ کە من دەڵێم. نووسیومە دێرە دا [ ئاماژە دەکا بە کتێبی ئاڵەکۆک لە سەر مێزەکەی بەردەمی. ح.ق]، ئەوە، شایەد یەکەمجار بێ ئەوە باس کرا بێ. کە سۆڤیەت خودموختاری کوردستانی چێ نەکردووە. سۆڤیەت خودموختاری ئازەربایجانی چێ کردووە. حەقی کوردانی داوە بە ئازەربایجان کە ئازەربایجان بیدا؛ کە پیشەوەری لوتف بفەرموێ خودموختارێک بدا بە کوردان لە داخڵی ئازەربایجان دا. بەڵام کوردەکان قبووڵیان نەکرد کوتیان ئێمە خۆمان حکوومەتی خۆمان چێ دەکەین. وە هاتنە دەر لە کۆبوونەوەکە، هاتنە دەرەوە. ئیتر ڕووسەکان مەجبوور بوون دیتیان کوردەکان لەوانەیە شەڕ بکەن، سەرهەڵدان بکەن، ئێ، قبووڵیان کرد کوتیان بابە ئێ، ئێوەش بڕۆن حکوومەتی خۆتان چێ کەن.
حکوومەتی خودموختاری کوردستان لە مەهاباد، جەمهووری مەهاباد ئاوا چێ بوو. نەک ڕووسان کۆماری مەهابادیان چێ کرد بێ.
باراچ کڵیچ: بە دەستی کوردان چێ بوو.
بلووریان: بە دەستی کوردان چێ بوو. بە زۆری کوردان چێ بوو ئەو شتە. ئەوەی کە دوژمنان دەڵێن ڕووسان هاتن و حیزبی دێمۆکڕاتیان دروست کرد و ڕووسان هاتن کۆماری مەهابادیان دروست کرد ئەوانە هەموو درۆ و تەبلیغاتی دوژمنە.
باراچ کڵیچ: نەڕاستن ئەوانە
بلووریان: نە ڕاستن، ئەوە هەمووی دەو کتێبە دا [ئاماژە دەکا بە ئاڵۆک و بە دەستەوەی دەگرێ و نیشانی دەدا ح.ق] ئەمن هەمووم نووسیوە، ئەوانەم هەموو بە ڕاستی نووسیوە، لێرە تەوزیحاتی کەم دەدەم بەخاتری ئەوەی ئەو کتێبە نووسیێتی بە تەوزیح! لەبەر ئەوە فەقەت ئەمن ئەوەی ڕەد دەکەمەوە کە دەڵێن سۆڤیەت دەستی تێدا بۆ، حیزبی دێمۆکڕاتی دروست کردووە یا سۆڤیەت، بێگانە دەستی تێدا بۆ حیزبی دێمۆكڕات چێ بۆ ئەبەدا. حیزبی دێمۆکڕات خۆی واریسی کۆمەڵەی ژێکاف بوو، خۆیان کوردەکان چێیان کرد وە خودموختاری کوردستان بە دەستی کوردەکان چێ بوو.
دوایە قەرار بوو پینج ساڵ یەکێتی سۆڤیەت و ئینگلیس و ڕووس دە ئێرانێ دا بمێننەوە. پێنج ساڵ کە تەواو بوو ئەمریکا و ئینگلیس دەرچوون لە ئێران لەسەر ئەو قەرارە کە دابوویان. پەیمانێک کە بەستبوویان، ئیمزایان دابوو. یەکێتی سۆڤیەتیش دەبوایە دەرکەوێ، بەڵام  یەکێتی سۆڤیەتی دەر نەدەکەوت. بۆچی دەر نەدەکەوت دەیەویست لە ئێران ئیمتیاز وەربگرێ، مافێک وەربگرێ لە نەفت. ها، جا ئەو دەم بچێتە دەرەوە.
وەبوو حکوومەتی قەواموسەلتەنە قەولی پێدا کە نەفتی شومال، شومالی ئیران بە دەستی ڕووسەکان چێ بکرێت لە ئێران.
باراچ کڵیچ: بەحری خەزەر
بلووریان: پەیمانیان ئیمزا کرد، قەبووڵیان کرد دەوڵەتی سۆڤیەت و دەوڵەتی قەواموسەلتەنە. بەڵام قەرار بوو ئەو پەیمانە بچێ لە مەجلیسی شووڕای میللی ئێران تەسویب بکرێ ئیتر. هەر ئەوەندەی مابوو، ئەگینا قەراری دەوڵەتی بەسترا بوو ڕەسمی. ئەوە بوو سۆڤیەت دەرچوو. سۆڤیەت کە دەرچوو، ئێمە، من لە یەکێتی سۆڤیەت بووم، ئەو دەمی من لە تەڕەف کۆماری مەهابادەوە دەگەڵ هێندێک برادەر چوو بووین بۆ دەرسی عەسکەری بخوێنین. کە مەهاباد تێک چوو من لە یەکێتی سۆڤیەت لە باکۆ بووم.
ئێمە ئێعترازمان کرد بە ڕووسەکان کە ئێوە بۆچی پشتیوانیتان نەکرد لە کوردستان؟ وە حەتتا لە ئازەربایجانیش کە بۆخۆتان سازتان کرد بوو. کوتیان ئاخر یەکێتی سۆڤیەتی لە شەڕی جەهانی دا ٢٤ میلیۆن کوشتەی داوە، مەملەتەکەی وێران بۆ،ئەمریکا و غەڕب، ئەمریکا و غەڕب ئێستا ئەتۆمیان هەیە ئەوە لە ناکازاکی و هیرۆشیمایان داوە، ئێمە ئەتۆممان نییە ئەگەر ئێمە نەهاتباینە دەرەوە و دەخالەتمان نەکردبا!! دەبووایە دەگەڵ ئەمان شەڕ بکەین و ئەگەر شەڕیشمان کردبا بە بۆمبی ئەتۆمی لێیان داباین ئێستا یەکێتی سۆڤیەت نەدەبوو پشتیوانی لە ئێوە بکا. ئێوە بێنێتە ئێرە دەرسی نیزام بخوێنن، مولاحەزەت فەرموو. بەڵام ئەگەر یەکێتی سۆڤیەتی هەر بژی و هەر بمێنێ و هەرزیندوو بمێنێ ڕۆژێک دێ دیسان تاریخییەن دیسان ئێمە یارمەتی بدەین بە کوردان. کوتمان ئێستا خۆ یارمەتیتان نەدا، پشتوو تێ کرد.


            

باراچ کڵیچ: پێتان وایە ئێستا فێدراسیۆنی ڕووسیا، سۆڤیەتی پێشوو ئالیکاری کوردان بکا؟ یانی هیوایەکی وات هەیە؟
بلووریان: من بە تەجروبەی ئەو سەفەرەم کە لە یەکێتی سۆڤیەت بووم و دەستم گەیشتە ڕەهبەرانی شووڕەوی، و لەوە دا [ ئاماژە دەکا بە ئاڵەکۆک. ح.ق] باسم کردۆ، کە قسەم دەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت کردۆ لە سەر مەسەلەی کورد و داوای ڕادیۆی کوردیم کردۆ بۆ، ڕادیۆیەک بە زمانی کوردی بەرنامەیەک بە زمانی کوردی. نەک بۆ کورد، فەقەت بە کوردی بەرنامە. سیاسەتی ڕووس، ئی خۆی وەک بە ئازەربایجانی هەیە، بە فارسی هەیە با بە کوردیش هەبێ. خۆت چی دەڵێی بڵێ بەڵام بە زبانی کوردی بڵێ. جنێو بە کورد دەدەی بە زمانی کوردی بڵێ. ها، جنێویشمان پێ دەدەی بە زمانی کوردی جنێومان پێ بدە. بەڵام بە زمانی کوردی قسە هەبێ لە ڕادیۆ مەسکەو.  من ئەوەم بۆ موهیم بوو کە دەنگی کورد لە مەسکەو بێتە دەرێ. ئەو دەم نەزەر وا بوو ئیتر.
حەتتا ڕازی بەوە نەبوون. ڕازی بەوە نەبوون کە کورد دەنگی لە مۆسکۆ بێتە دەرێ؛ لە ڕادیۆی سوڵح و تەڕەقی. کە ڕادیۆی سوڵح و تەڕەقی بە فارسی قسەی دەکرد، بە ئازەربایجانی قسەی دەکرد، ئازەربایجانی ئیران، بە ئازەربایجانی ئێران قسەی دەکرد، بە فارسی قسەی دەکرد بەڵام  بە کوردی قبووڵی نەکرد قسە بکا. منیش دەمەویست بە کوردی قسە بکا بەڵام قەبووڵیان نەکرد.
وەختێکی ئەو ئامادە نییە حەتتا بە زمانی کوردێکی ساکار لە سەر ڕادیۆی سەدای میللی قسە بکا بە کوردی دروشمی خۆی بدا، نەک دروشم بۆ کورد حەتتا ئەوە قەبووڵ نەکا چۆن پشتیوانی لە حەڕەکەی کورد دەکا. بە مەسڵەحەت و بەرژەوەندی خۆی دەزانێ پشتی کورد بگرێ و ئەوە بکا. بەرژەوەندی ویش وەکوو دێرە دا [ ئاماژە دەکا بە کتێبی ئاڵەکۆک. ح.ق]، مەسڵەحەتی ویش وەک مەسڵەحەتی ئەمریکا و ئینگلیس و دونیای غەڕب مەسڵەحەتی بازاڕ بوو. مەسڵەحەتی ئیقتیسادی بوو. مەسڵەحەتی ڕەوابیتی سیاسی و ئیقتیسادی دەگەڵ حکوومەتی ئێران و ئەو دەوڵەتانەی کە کوردیان تێدا هەیە. مەسڵەحەت ئەوە بوو.
باراچ کڵیچ: یانی سۆسیالیزم، کرێکار، پڕۆلێتاریا ، گوندی
بلووریان: ئەوانە قسەن خاڵە گیان. پڕۆلێتاریا [ی جیهان] موتەحید شەوید دروشمە. دروشم دەگەڵ عەمەل فەرق ئەکا. ئەوان دروشمیان هەبوو و ئێمەش وەدوای دروشمەکەی کەوتبووین پێمان وا بوو ڕاستە. ئێ.
باراچ کڵیچ: ئەمڕۆ ئێوە دەڵێن چی؟
بلووریان: ئیمڕۆ ڕوون بۆتەوە، هەموو کورد ڕوون بۆتەوە کە وەدوای دروشمی دەوڵەتان نەکەوێ، نەک سۆڤیەتی بەڵکە هیچ دەوڵەتێک. وەدوای دروشم نەکەوێ وەدوای عەمەلی دەوڵەتان کەوێ ئەگەر ڕاست دەکەن. کوردان پێوەندی موستەقیل بگرن، سەربەخۆ بگرن. نەک ئالەتی دەستی ئەم دەوڵەت و ئەم دەوڵەت بن، ببنە نۆکەری ئەم و ئەو  بۆ پارە وەرگرتن یا بۆ کارێکی تر. بۆ میللەتی خۆیان دەتوانن بە موستەقیلی پەیوەندیش بگرن بە هەموو دەوڵەتی دنیایەوە بۆ قازانجی کورد، بەڵام موستەقیل، سەربەخۆ. ئەوە تەجروبەی تاریخی یە بۆ میللەتی کورد کە دەبێ تاریخی خۆی بەسەر دا، پێدا بچێتەوە، بخوێنێتەوە، بە قەولی کورد دەڵێ ئاوڕێک بداتە دواوە بزانێ ڕابردوو چییە.  

تێبینی: ئەم چاوپێکەوتنەلە وڵاتی ئاڵمان کراوە و لە ساڵی ١٩٩٧ لە مەد تیڤی بڵاو کراوەتەوە. بەداخەوە ڕۆژ و مانگەکەی ئاستە نەکراوە. شوێنی وتوێژەکە دەکرێ ماڵی نەمر غەنی بلووریان بێ. ئەمە دووەمین هەڤپەڤینی ئەحمەد باراچ کڵیچ ە لەگەڵ بلووریان. بۆ هاسانکاری پرسیارەکان لە کوردیی کورمانجییەوە کراونەتە کوردیی سۆرانی. وڵامەکانی بلووریان چۆنی ئاستە کراوە بێ هیچ گۆڕانێک دابەزێندراون.
 
     
  
  
          
          








 

Wednesday, December 10, 2025

وەسییەتنامەی داریوش نیکگو کە بۆ باوکی ناردووە و ناوی شەهیدەکانی دیکەی هەورامان لە جەڵدیان


 وەسییەتنامەی داریوش نیکگو کە بۆ باوکی ناردووە

ضمن سلام، امیدوارم مرا ببخشید که برخلاف خواست شما عمل کردم، من با قلبی روشن به سوی مرگ می‌روم. در آخرین دقایق زندگی‌ام احساس می‌کنم قلبم مملو از عشق به وطنم ایران است. از شما تقاضا دارم پس از من نگذارید افراد فامیل و دوستانم ناراحت باشند. به بچه‌های خانواده بگویید درس‌هایشان را خوب بخوانند تا بهتر بتوانند به مردم محروم کشورشان خدمت کنند. به میرزای بزاز بدهی دارم، آن را بپردازید، در پاوه به اسفندیار سلمانی بدهکارم، آن را هم بپردازید. از خواهرانم تقاضا دارم که به خاطر من صورت خودشان را مجروح نکنند. از جانب من به همه سلام برسانید و از همگی خداحافظی کنید.»
٢٧ اردیبهشت ۱۳۴۸
وێڕای سڵاو، هیوادارم لە من ببوورن کە بەپێچەوانەی داوخوازی ئێوە جووڵامەوە. ئەمن بە دڵێکی ڕووناکەوە بەرەو مەرگ دەچم. لە دوایین ساتەکانی ژیانم دا هەست دەکەم دڵم پڕە لە ئەوین بۆ وڵاتم ئێران. داواتان لێ دەکەم لە دوای من مەهێڵن تاکوتەرای خێزان و دۆستانم ناڕەحەت بن. بە منداڵەکانی بنەماڵە بڵێن دەرسەکانیان چاک بخوێنن تا باشتر بتوانن خزمەت بە خەڵکی بێ بەشی وڵاتیان بکەن. بە میرزای بەزاز قەرزدارم، بیدەنەوە، لە پاوە بە ئەسفەندیاری سەرتاش قەرزدارم ، ئەویش بدەنەوە. داوا لە خوشکەکانم دەکەم لەبەر من دەموچاوی خۆیان نەڕننەوە. سڵاوی من بە هەموان ڕابگەیێنن و لەلایەن منەوە ماڵاوایی بکەن.
٢٧-ی بانەمەڕی ١٣٤٨ [ ١٧-ی مەی ١٩٦٩]
ناوی تەواوی شەهیدانی هەورامان کە لە نزیک سەربازخانەی جەڵدیان نێژراون
١- داریووش نیک گو/ نیکو لە ١٤-ی ڕێبەندانی ١٣١٥ [ ٣ فێڤرییە ١٩٣٧ ] لە بنەماڵەیەکی قەرەباڵغ لە گەڕەکی دیزل ئاوای کرماشان لە دایک بووە. برای گەورەی سیاسی بووە، بەیانییەی لێ گیراوە، لەبەر لێدان تووشی
نەخۆشی دەروونی بووە و لە تەمەنی ٥٧ ساڵی وەفاتی کردووە. ئەو شوێنی لەسەر هەستی داروش داناوە، لە خوێندن دا زۆر زیرەک بووە، وەرزشکار بووە، ئەندامی تیمی فووتباڵی کرماشان بووە، هەر وەها مەلەشی کردووە. دوای خزمەتی سەربازی بە دەرەجەی سیتوانی بووە بە ڕێنوێنی تەعلیماتی سپای دانیش.
دواتر بووە بە موعەلیم لە سەلاسی باوەجانی، و دواتر لە تاقە دەبیرستانی شاری پاوە دەرسی کوتووە. پێنجشەمۆیان سەردانی گوندی نووریاو ی کردووە . لە ٢٧-ی بانەمەڕی ١٣٤٨ ( ١٧-ی مەی ١٩٦٩) لە جەڵدیان ئێعدام کراوە.
٢- محەمەد جەعفەر[جافر] کەریمیان خەڵکی گوندێک بووە بە نێوی دزاوەر. لە دێی نوورباو موعەلیم بووە بە پێی قسەی شاهیدێک کە لە نزیکەوە ناسیویە موعەلیمێکی نموونە بووە ئەو پەڕی هەوڵی خۆی دا بۆ خوێندەوار کردنی خەڵک . لەکاتی سەرکەوتنی وییەت کۆنگ لە ماڵە وی ڕا لەدێی نووریاو لەناو شاگرد مەدرەسەکان دا شیرنی و شۆکۆڵات بڵاو کراوەتەوە. لە ٢٧-ی بانەمەڕی ١٣٤٨-ی هەتاوی لە سەربازخانەی جەڵدیان ئێعدام کراوە.
٣- حاجی نیازی لهۆنی لە ١/ ٤/ ١٣٠٨ [ ٢٢/ ٦/ ١٩٢٩ ] لە دایک بووە کوڕی حەسەن بەگ لە بەگزادەی لهۆن بووە. لە سەر ژیانی زانیاریەکم دەست نەکەوت لە ٢٧-ی بانەمەڕی ١٣٤٨ [ ١٧-ی مەی ١٩٦٩] لە جەڵدیان ئێعدام کراوە.
٤- بەهمەن لهۆنی ئەویش لە بەگزادەکانی لهۆن بووە و لە ٢٧-ی بانەمەڕی ١٣٤٨ [ ١٧-ی مەی ١٩٦٩] لە جەڵدیان
ئێعدام کراوە. بەهمەن بەگ لهۆنی لە زیندانەوە ئەو پەیامەی خوارەوەی بۆ هاوسەری ناردووە جە گونجی زیندان سەردی یەخبەندان هەر هام نە فێکری بەرزان و سامان چیمەن و نەرمین هەر هان نە ویرم بڕیان ڕای نەجات نییەن تەگویرم دەخیل خاترتان با نەوۆ مەلوول ئومێڎتان خوڎا بۆ و حەزرتی ڕەسوول
٥- عەتائوڵا پەیاب خەڵکی نووریاو، کوڕی سەعید لە ساڵی ١٣٢٤ لە نووریاو لە دایک بووە سەر بە کڵانی وەڵەدبەگییەکان بووە و لە پاوە دووکانی سەرتاشخانەی هەبووە لە ٢٧-ی بانەمەڕی ١٣٤٨ لە سەربازخانەی چەڵدیان شەهید کراوە.
٦-مەجید نوورایی کاسبکار بووە، هاتووچووی باشووری کوردستانی کردووە و کەسێک لە نوریاو شاهیدی گرتنی بووە.
ئەویش لەگيڵ پێنج شەهیدەکەی تر لە ٢٧-ی بانەمەڕی ١٣٤٨ [ ١٧-ی مەی ١٩٦٩] لە پادگانی جەڵدیان ئێعدام کراوە.
* کاکە حەمەی وەڵەدبەگی دەگێڕێتەوە؛ دوای نزیک دوو ساڵ لەگێرانی نووریاوییەکان ئێوارەیەک تێلگڕافێکیان هاوردە بۆ نووریاو ئەو کاتە ئەو موحەسیلی گەورەی نووریاو بووە مەتنی تێلگرامەکە بە فارسی تەقریبەن ئاوا بووە:
" خانوادەهای محترم عطا پیاب و مجید نورائی. وسایل ‌‌آقای مجید نورائی و عطااللە پییاب طبق وصیت آنها بە ‌آقای شوکت لهونی کارمند رادیو رضائیە تحویل، مراجعەو دریافت دارید.
رئیس دادگاە نظامی سرهنگ بهرام نژاد یا بهرامی . شتێکی ئاوا بوو ناوەکەیم بە ڕاستی لە بیر نەماوە".

هەڤپەیڤینی یەکەم: بەرنامەی پرس و بەرسڤ،غەنی بلووریان، مەد تیڤی، ئەو بەرنامەیە لە ڕۆژی چوارشەمە ٢٦- ٧- ١٩٩٥ بڵاو کراوەتەوە


چوار هەڤپەیڤینی تێلێڤیزیۆنی لەگەڵ نەمر غەنی بلووریان
لە ساڵی ١٩٩٥، ساڵی دامەزرانی یەکەم تێلێڤیزیۆنی مانگیلەی کوردی مەد تیڤی، یەکەم وتوێژ لەبەرنامەی " پرس و بەرسڤ" بەڕێز ئەحمەد باراچ کلیچ لە ئاڵمان لەگەڵ نەمر غەنی بلووریانی کردووە. وتوێژی دووەم هەر باراچ کلیچ لەساڵی ١٩٩٧ بۆ هەمان کاناڵ بەڕێوەی بردووە. لە مانگی ئاوریلی ٢٠٠١ میدیا تیڤی بەرنامەیەکی تەواوی " ڕۆژباش کوردستان"ی بە مودێراتۆری مێدیا ڕێناس تەرخان کردووە بۆ وتووێژ لەگەڵ بلووریان و لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠١ دا هەر لە میدیا تیڤی دا  بەڕێز دوکتور جەبار قادر لە بەرنامەی " بۆ مێژوو " دا وتوێژێکی درێژی لەگەڵ نەمر غەنی بلووریان کردووە کە لە پێنج ئاڵقە  لە دیسامبر ٢٠٠١ و  ژانڤییەی ٢٠٠٢ دا لە میدیا تیڤییەوە بڵاو کراوەتەوە.
لێرە دا ئەو چوار وتوێژانە بە وردی دابەزێندراون و ئامادە کراون. لە سێ بەرنامەی یەکەم دا بە مەبەستی هاسانکاری بۆ خوێنەرەوە پرسیاری مۆدێڕاتۆڕەکان لە کوردیی کورمانجییەوە کراونەتەکوردیی سۆرانی.
قسەکانی بەڕێز بلووریان ئەو جۆرەی وڵامی داوەتەوە، وەک دەڵێن بێ ئەوەی واوێکی لێ بپەڕێ وەکوو خۆی دابەزێندراوە. من وەکوو دابەزێنەری ئەو بابەتە هەڵوێستم لەمەر ڕووداوەکانی جودایی گرووپی حەوت کەسی
لە ڕێبەرایەتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران هەر لە کاتی خۆی دا دەربڕیوە. دەکرێ لەگەڵ بۆچوونەکانی
نەمر بلووریان نەبین بەڵام لەڕوانگەی خۆیەوە بەشێک لە مێژووی سیاسی بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگێڕێتەوە. دابەزاندنی ئەو هەڤپەیڤینانە بە مەبەستی خزمەت بە ئاستە کردنی مێژووی سیاسی کراوە.
 ئەو وتوێژانە بەرە بەرە  بڵاو دەکەینەوە.
حەسەن قازی
دێسامبری ٢٠٢٥
هەڤپەیڤینی یەکەم: 
بەرنامەی پرس و بەرسڤ،غەنی بلووریان، مەد تیڤی، ئەو بەرنامەیە لە ڕۆژی چوارشەمە ٢٦- ٧- ١٩٩٥ بڵاو کراوەتەوە.
ڕاگەیاندنی بەرنامە:
بینەرانی هێژا! سیاسی بە ناوبانگ غەنی بلووریان وەک نیلسۆن ماندێلا بە ساڵان لە پێناو ئازادیی گەلی خۆی دا دە زیندان دا بووە. ئێمە ئەو هەڤپەیڤینەی لەگەڵمان کردووە پێشکێشتان دەکەین!

ئەحمەد باراچ کڵیچ: مامۆستا غەنی ئێوە چەند ساڵ دە زیندانی شا دا بوون؟
غەنی بلووریان: من سەرجەم، سەرجەم بیست و پێنج ساڵ
مەد تیڤی: ئەحمەد باراچ کلیچ: هۆی سەرەکی گرتنی ئێوە چ بوو؟
بلووریان: سەبەبی گرتنی ئەساسی ئیتیهام لێ دان کە ئێمە داوای جیابوونەوەی کوردستان دەکەین لە ئێران؛ ئیتیهامی سەرەکی یەک. دوو ئامادە بوون بۆ کوشتنی شای ئێران. ئەو ئیتیهامەیان لە ئێمە دا. دیارە ئەو ئیتیهامەی کوشتنی شایەکەی دروستکراو بوو بۆ وەی کە حوکمەکەمان سەخت بێ، بتوانن ئێعدام بکەن. چون قانوونی ئێران قەستی گیانی شا، کوشتنی شا بۆ خۆی ئێعدامە. قەستەکەی، نەک عەمەلەکەی. قەستەکەی خۆی مەحکووم بە ئێعدامە جا ئەو دانەیان قەستی جودا بوونەوە لە ئێران ئێعدام نییە چون دە قانوونی ئەساسی ئێران دا ئەوە بەحس نەکراوە. بەڵام بۆ ئەوەی ئێمە ئێعدام بکەین[بکەن]  ئەوەیان لە لای ئەم دانا کە ئێمە قەستی کوشتنی شاشمان هەبۆ. بۆ وەی کە بتوانن ئێعدام بکەن.
باراچ کلیچ: مامۆستا ئەتۆ دەتوانی بە کورتی باسی هەلومەرجی زیندانێ، لێدان و ئەشکەنجە بکەی؟
بلووریان: بەڵێ ئێمە کە چووینە زیندانی تەبرێز، سازمانی ئەمنییەتی تەبرێز دوو دەستە ئینسان گیرابوون؛ عیدەیەک کورد بوون کە ئێمە ١٢٠ کەس بووین.عیدەیەک ئازەربایجانی بوون. حیزبی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجانی ئێران. ئەوانیش دەگەڵ ئێمە هاوزەمان هەموویان گرتن. شکەنجە لە تەبریز بوو. بەر لە هەموو شتێک شکەنجە لە تەبریز بوو.
شکەنجە شەلاق بوو [بە دەست نیشان دەدا. ح.ق] زۆرتر، لوخت دەکردن بەدەن
باراچ کلیچ: تازی [ڕووتیان] دەکردنەوە؟
بلووریان: بەڵێ ڕووت دەکردن، ڕووت. ڕووت ڕووت لە سەر تەخت درێژ دەکردن، یەک ئینسان دادەنیشت لێرە [ دەست دەبا بۆ پشت ملی. ح.ق]، یەک ئینسان دا دەنیشت لێرە [ ئاماژە بۆ خوارەوە دەکا. ح.ق] ساواکی، شکەنجەگەر ئا، یەک ئینسان لەو بەر، یەک ئینسان لەو بەر شکەنجە دەکرد، بە شەلاق. پێی دەڵێن، لە وڵاتی ئێمە پێی دەڵێن کابل، بە کابل شەلاقیان دەکرد، لێ دەدا. دیارە دەورێکیان لێ دەدا پاشان هەڵیان دەستاند دەستبەندیان دەکرد، ئە ئاوا
[هەر دوو دەستی دەباتە پشت ملی. ح.ق]، قەپانی پێ دەڵێن دەستبەندی قەپانی. دەستبەندەکە ئەو جوورە، جا سەنگی پێ هەڵداوەسن. سەنگی چوار کیلۆ، سێ کیلۆ وە پێنج کیلۆ. بەستە بە تەوان و قودرەتی ئینسانەکەیە. سەنگی پێ هەڵداوەسن ئەزییەت دەکا ئیتر. ماوەیەکی بە سەنگ، جا ئەو جار بە شەلاقی دوولا، شەلاق ئاوا دوو لا کردن دەی دا لە سەر، ئەوجوورە دەی دا لە سەر. ئەو شکەنجە، بێ خەو کردن.
باراچ کلیچ: مامۆستا، محامی ئەوقاتی [ پاریزەر] ئێوە هەبوو؟ کە بەرگری لە ئێوە بکا؟
بلووریان: محامی ئەسڵەن نەبوو، دادگای ئێمە دادگای نیزامی / عەسکەری بوو، محامی نەبوو ئەوان خۆیان دیارییان دەکرد پێنج کەس، شەش کەس، دە کەس لیستەیان دەدا بە تۆ  کە ئەو ئەفسەرانە، ئەو زابتانە دەتوانی تۆ لە نێو ئەوانە یەک نەفەری ئینتیخاب کەی. پیاوی خۆیان بوون،  نە ئینکی ئەمن ئازادانە محامێکی ئازاد لە دەرەوە بە پارەی خۆم [بگرم].
باراچ کڵیچ:یانی ئەڤۆقات ژی [ پارێزەکانیش] پیاوی ساواک بوون؟
بلووریان: بەڵی ئەوان ساواک لیستەکەی دەدا، ساواک لیستەکەی دەدا کە بە ئەو لیستە. دە نیو ئەو لیستەیە دە ئەفسەری، زابتی ئیران مەسەلەن نۆ نەفەر دەی دا بە تۆ، تۆ لە نێوان ئەوانە دەیگوت یەک نەفەری ئینتیخاب کە. منیش دەستم دەگێڕا دەمگوت ئەوە. کێیە نایناسم. تەواوی دەورەی محاکەمەش من فەقەت ڕۆژی کە بردیانینە سەر جەلەسەی محاکمە ئەو محامییەم دیوە بەڵام،
باراچ کڵیچ: مامۆستا ئێوە یەک لەو کەسانەن کە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێرانتان دامەزراند، ئێستا دەتوانی بە کورتی باسی هەلومەرجی کوردستانی ڕۆژهەڵات، کوردستانی ئێران بۆ ئێمە بکەی لە دوای کوشتنی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو لە وییەنێ و دوکتور شەڕەفکەندی لە بێرلین وەزعی گەل، وەزعی سیاسی چۆنە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات؟
بلووریان: عەرزت بکەم خەڵکی کوردستان، کوردستانی ئێران زۆر تەڕەفداری دەکا لە حیزبی دێمۆکڕات، لایەنگری دەکا. هێندێک شایەد بە عەمەل، هێندێک هەر وا [دەست لە سینگی دەدا، ح.ق] لە دڵەوە. دیارە هەموو گەل ئامادە نییە گیان فیدا بکا لە هیچ کوێ هەموو گەل نییە. عیدەیەک موشەخەسن، ئەفڕادێکن فیداکارن دێنە مەیدانی خەبات عەمەلی. بەقییە جەماعەت خۆی لایەنگرە، تەڕەفدارە بە عیلەتی ئەوەی کە دژی حکوومەتە. عیلەتی وەک کوردە و داوای کوردایەتی هەیە، خواستی کوردایەتی هەیە. دیارە وەختێک یەکێک لە ڕەهبەرانی خۆی ئەکووژرێ، یەکێک لە ئەفڕادی خۆی ئەکووژرێ ناڕەحەت دەبێ و عەکسولعەمەل نیشان دەدا بەڵام زەخت و فشاری حکوومەت ئەوەندە زۆرە لە سەر خەڵک ئیتر ئیجازەی نادا کە خۆی پێشان بدا. بەڵام خەڵک لە دڵەوە فەوقولعادە ناڕەحەت دەبێ.
ناڕەحەتی زۆر بووە. ئێستاش خاترەی ئەو ڕۆژە، لە فکری لە زێهنی خەڵک دا هەیە. بەڵام حکوومەت مەجالی عەکسولعەمەل نادا مەسەلەن جەماعەت ئێعتراز بکات. موغازە دا بخات، موزاهەرە بکات شتی وا لە ئێران ئیجازەی پێ نادەن.
باراچ کڵیچ: یانی گەلی کورد کە کوردستانی ئێرانێ زەحمەتێکی گەورە دەکێشێ؟
بلووریان: بەڵێ، بەڵێ فشارێکی زۆری لە سەرە. کوردستانی ئێرانیش ئیجازەی ئازادیی تەزاهورات، ئازادی حیزب دروست کردن، ئازادیی بەیان و عەقیدە بە ئازادیی کوتن، دەربڕینی ئەوە یا عەکسولعەمەلێک نیشان دان دە موقابیل حەوادسێک دا کە بکرێ وەکوو شەهید کردنی دوکتور قاسملوو یا سادق شەڕەفکەندی کە بێنە خیابان، شەقام موزاهەرە بکەن ئێعتراز بکەن شتی وا بکەن [سەری ڕادەوەشێنێ ح.ق]
باراچ کڵیچ: نینە، قەدەغەیە
بلووریان: ئەسڵەن. مومکین نابێ.
باراچ کڵیچ: مامۆستا بە دیتنی ئێوە جیاوازی لە نێوان کوردی ڕۆژهەڵات و کوردی باشوور و کوردی باکوور دا هەیە یانی لە ڕوانگەی فکرییەوە، یانی جیاوازی لە باری فکری و ڕامانی هەیە یان نا، یان کورد وەک یەک بیر دەکاتەوە. بیر کردنەوەی کورد یەکە؟
بلووریان: فکر دەکەم  هەموو کورد لە مەڵبەندی خاوەرمیانە بە تێگڕایی هەموو یەک جوور فکر دەکەنەوە دەبارەی چارەنووسی خۆیان دا. ئەویش وەکوو میلەتێک داوا دەکا کەیان و کەڕامەتی خۆی هەبێ. حەقی خۆی هەبێ، ساحێبی ئاو و خاکی خۆی بێ. ئەوە ئاواتی هەموو کوردە جا لە تورکییەی بێ، لە عێڕاق بێ، لە سوورییە بێ، لە ئێران بێ ئەوە ئاواتێکی عموومی میلەتی کوردە مولاحەزەت فەرموو. ئەوە ئاواتی عموومی یە. بەڵام لە خەباتی سیاسی دا مەراحیلێک  دێتە پێش کە هەر حیزبە شعار و دروشمێک هەڵدەگرێ بۆ خەباتی خۆی لە محەل بە پێی زرووف. بە پێی زرووف حەڕەکەت دەکا.
ئەگی نا [ ئەگەر نا] خواستی عموومی کورد حەقی میلەتی کوردە، حەقی تەعیینی سەرنیویشتی میلەتی کوردە بە دەستی خودی میلەتی کورد. ساحیبی ئاو و خاکی خۆ بوون، ساحێبی ئیستیقلالییەتی خۆ بوون ئەوە ئاواتی هەموو کوردە لە هەموو دونیا دا.
باراچ کڵیچ: مامۆستا جارێکی دی پرسم بە دیتنی ئێوە کێشەی کورد هەر تەنێ کێشەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە یان کێشەی جیهانە، کێشەی دنیایە؟ یانی ئەو کێشەیە دەکرێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا  جێ بەجێ بێ یان پێویستە چارەسەرییەکی گشتی، چارەسەرییەک کە دنیا لە دەوری یەک کۆ بێتەوە و چارەسەییەکی سیاسی بۆ دۆزی کورد ببینێتەوە؟
بلووریان: عەرزت بکەم حەلی مەسەلەی کورد هێندێک موشکیلاتی زۆرە. عیلەتی ئەوەیە کورد چوار پارچە کراوە، هەر پارچەی لە وڵاتێکە. ئەو پارچە پارچە بوونە لە قووەتی موبارەزەی خەڵک کەم دەکاتەوە ئیتر مەعلوومە. لە ‌هێزی موبارەزە کەم دەکاتەوە. دروشمەکانیش هەر کەس بە پێی زرووفی خۆی ئەو کارە دەکا. لە ئەوڕۆی، ژیانی ئەوڕۆی کوردستاندا، ئەڕۆ، لە شەراییتی ئەوڕۆی کوردستاندا وەزعێکی تایبەت لە کوردستان هاتۆتە پێشێ کە بەر لەوە ئەو زرووفە نەبوو لە کوردستان. بە تایبەت پاش شەڕی کەنداو. پاش شەڕی خەلیجی فارس و تەجاوزی سەدام بە کو -وەیت و هوجوومی وڵاتانی غەڕب و ئەمریکا بە مەنتەقەی عێڕاق و ئەو مەنتەقەی خەلیجی فارس هاتنە ئەوێ شەرائیتی جەهانیش بە عیلەتی تێکچوونی سۆسیالیزم، ولاتانی سۆسیالیستی و ئەوانەش هەموو عامیلێکن کە مەسەلەیەکی خاسی لە دونیا دا بەوەجوود هێناوە بۆ حەلی مەسەلەی میلی لە سەرتاسەری دونیایە. زرووفێکی خاسە.                 
ئێستا دەبینی لە ئێریترە مەسەلەن شەڕ تەواو بووە، لە فەلەستینێ ئەوە بەرەو تەواوی دەڕوا. لە شوێنی تر لە ئەفریقای جنووبی مەسەلە حەل بووە. ئەو مەسەلەی ئێستا کە هەیە لەو مەنتەقەیەی وەکوو چەچەن و وەکوو یۆگۆسڵاوی و ئەوانەش، ئەوانەش قابیلی حەلە. ئەوانە قابیلی حەلە.  مەسئەلەی موهیممی کە هەیە ئەوڕۆ دە شەرائیتی ئێستا دا هەم بۆ مەنتەقە هەم بۆ جیهان مەسەلەی کوردە. ئێستا گەورەترین مەسئەلە بۆ غەربیش  مەسەلەی کوردستانە. لە سەتحی جەهانیدا. مەسەلە عومدەیە، مەسەلەی گەورەیە بۆ ئەوانەش ڕێگای حەلی بۆ ببیننەوە، ڕێگای حەلی مەسەلەی کورد دە چوارچێوەی سازمانی میلەل و حکوومەتهایی جەهانی بە نەزەری من قابیلی حەلە. لە مەڵبەندێک دەگەڵ تورکییەی، یا دەگەڵ ئێرانێ یا دەگەڵ عێڕاقێ یا دەگەڵ سوورییەی قابیلی حەل نییە ئەوە مەقتەعی یە، شتێکە مەقتەعی.دیارە مومکینە ئیمتیازاتێک بدەن شتێک بدەن مودەتێک خامۆش بێ. لەوێ شتێک بدەن خامۆش بێ بەڵام ئەوە هەموو داوای میلەتی کورد نییە. ئەوە خواستی میلەتی کورد نییە. خواستی میلەتی کورد تەعینی سەرنیویشتی خۆی بە دەستی خۆیەتی و بۆ ئەوەش خەبات دەکات.
هەمیشە خەبات دەکات و ئەو خەباتە بەردەوامە. ئەو ئیمتیازەی لە تورکییەی وەر دەگرێ یا لە ئێرانێ وەری دەگرێ یا لە سوورییەی، لە عێڕاقێ ئەیدات، ئەیدەنێ وەک خودموختارییەک یا فەرعییاتێکی شتێکی ئاوا ئەو مەقتەعی یە، بۆ کورد مومکینە قازانجی هەبێ مەرحەلەیەک بەڵام ئەوە داوای کورد نییە کورد حەقی تەواوی دەوێ.
باراچ کڵیچ: مامۆستا دە نێو کورد خۆیدا گەلێک فکر و ڕامانی موختەلیف هەن، یانی فەردی هەن کورد هەن دەڵێن مافی کولتووری و سەقافی بەسمانە، کوردی واش هەن دەڵێن مافی ئۆتۆنۆمی، حوکمی زاتی، خودی موختاری، کوردی دیکەی واش هەن دەڵێن مافی سەربەخۆیی. گەلۆ بۆ چل میلیۆن ئینسانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا  دەرمان چییە؟    
بلووریان: ئەو خەباتەی عەرزم کردی بەعیلەتی پارچە پارچە بوونی کوردستان، شەرائیتی تاریخی وە وەزعی جوغڕافیای سیاسی کوردستان وە ڕابیتەی ئەو دەوڵەتانەی کە کوردیان تێدایە لەگەڵ حکوومەتهای جیهانی، گەورەی جەهانی، ئەو ڕابیتانە هێندێک موشکیلاتێکی زۆری بۆ کورد هێناوەتە پێشێ کە یەک دەفعە کورد شەرایەتی نەبووە، زرووفی نەبووە هەستێ وێگرا داوای ئیستیقلالییەت بکا. ئەوە بۆ هەر کەس موتابیقی زرووفێکی کە تێیدا بۆ دە زەمان دا موتابیقی ئەو زرووفە داوای کردۆ، لە کوردستانی ئێران خودموختاریان داوا کردۆ، لە کوردستان عێڕاق زەمانێک داوای خودموختارێیان کردۆ
باراچ کڵیچ: حوکمی زاتی، ئۆتۆنۆمی
بلووریان: [داوای] ئۆتۆنۆمی، حوکمی زاتییان کردۆ، مومکینە لە سوورییەی هێندێک زەمانێک داوای کولتورییان کرد بێ، مەسائیلی کولتووریان کرد بێ. ئەوە ئێستا لە تورکییە شەرائیتێکە فەرق ئەکات. شەرائیتی کە تورکییە هەیەتی ئێستا فەرق دەکا. ئەو قودرەتی هەیە. یانی کوردی تورکییەی ئێستا قودرەتمەندترن لە شەرایتی ئەوڕۆ دا قودرەتی تەشکیلاتی، قودرەتی تەشکیلاتی دە پێش دا، دەرەجە یەک. قوودرەتی تەشکیلاتی یەک، پشتیوانی جەمعی گەل و هاتنە مەیدانی هەموو گەلی کوردی تورکییە ئەوە بۆ خۆی زۆر زۆر موهیممە کە حیزبەکانی دی، بەشی کوردستانەکانی تر ئەو شەراییەی نییە کە ئێستا پێ کەکە هەیەتی. ئەو شەرایتەی کە لە باری جوغرافیاییشەوە پشت و پەنای هەم لە باری ئوڕووپاوە و هەم لە باری مەنتەقەی خاوەر میانەوە ئەوەی کە ئیمکاناتی بۆ پێ کەکە هەیە بۆ ئەوانیتریش نییە. ئیمکانای پی کەکە لە پشتی مەرزەکانێوە جێگای ئاوەڵەی زۆرە، ئیمکاناتی زۆرترە لە کوردستانی تورکییەی.
باراچ کڵیچ: یانی ئیمکانییاتی چی؟ ئیمکانییاتی گەلە، ئیمکانییاتی عەسکەرییە؟
بلووریان: ئیمکانییاتی گەل کوتم لە ڕێگای خۆیەتی، گەڵ لەگەڵیەتی، ئیمکاناتێکی کە لە حدوودەکانی دەتوانێ ئازادانە بێتە دەرێ، حەدی ئەقەل پشتی لەو سەرەی یۆنانە، لەو سەرەی ئەرمەنستانە، پشتی لەو بەرە دەوڵەتهای دیکەیە، ئەوجارەکانێ دەتوانێ پشتی بەو دەریایانە دا بێ بەرەو ئوڕووپا بڕوا. کوردی تورکییە ئیمکاناتی زۆرترە. کوردی عێڕاق، کوردی ئێران چوارچێوێکی مەحدوود [بە دەستی بازنەیەک نیشان دەدا. ح.ق]. هەموو بەستەیە، بەستراوە. کوردی عێڕاق گشتی بەستراوە. تورکییە، پشتی کوردی تورکییەی هێندێک ئاواڵەترە. دەتوانێ ئاواڵەتر بێ.
باراچ کڵیچ: یانێ بە پێی دیتنی ئێوە شۆڕشی کوردستان لە باکووری کوردستانەوە دەست پێ دەکا؟ یانی بنەمای شۆڕشی کوردستانی گەورە، کوردستانی باکوورە؟
بلووریان: بە نەزەری من حەڕەکەی کوردستان، بۆ کوردستانی گەورە زیاتر دەتوانێ لە کوردستانی تورکییەی ڕا دەست پێ بکات. بە عیلەتی وەی ئیمکاناتی زۆرترە. پشتی ئاواڵەیە. ئەوان دەتوانن مولحەق بەو حەڕەکەتە بن، پشتی ئەو حەڕەکەتە بگرن
باراچ کلیچ: یارمەتی بکەن، ئاریکاری بکەن
بلووریان: یارمەتی ئەو حەڕەکەت، یارمەتی بدەن چونکوو ئەو ئیمکاناتی زۆرترە، هەر وەکوو کوتم لە باری خەڵکەوە خەڵکی زۆر دەگەڵە، لە باری تەشکیلاتەوە بە قودرەتە، لە باری خاریجەوە هێزی کوردی لە خاریج زۆرە، فرە، چوارسەد هەزار کورد لە ئوڕووپا هەس. لە ئاڵمان هەس بێجگەلە وڵاتانی دی. یەکیش پشتی ئاواڵەترە. پشتی کوردی ئێرانێ، ئەولایە ئێرانە، ئەو لایە عێڕاقە. پشتی کوردستانی عێڕاقێ ئەو لایەی تورکییەیە، ئەولا ئێرانە، ئەولا سوورییەیە. کوردستانی سوورییەی ئیمکاناتی کەمترە. کوردستانی تورکییە لایەکی ئەقەلەن، جیهەتێکی، پشتی ئاواڵەیە دەتوانێ ئیستیفادەی لێ بکا. لایەکی ئەوە ئەرمەنستانە ئێستا پاش ئەو حەوادیسەی  لە دونیایێ دا، سۆسیالیزم تێک چوو، ئەرمەنستان چی بۆ، لەو لایە یۆنان هەیە. ئیختیلافی بەینی، تەزادی  بەینی تورکییە و یۆنان دەتوانێ ئیمکاناتێک بۆ کوردی تورکییەی بە وجوود بێنێ
باراچ کڵیچ: دەتوانێ ئیستفادەی لێ بکا.
بلووریان: ئەوانە دەتوانێ ئیستیفادە بکا کە ئەو ئیمکاناتە بۆ کوردستانی ئێران و عێڕاق و ئەوانە، سوورییە وجوودی نییە.
باراچ کڵیچ: مامۆستا ئێوە لە سەر ئەو شەڕی براکووژی لە باشووری کوردستان دەڵێن چی؟ لە نێوان پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستانی عێڕاق و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دا کە بە سەدان بە هەزاران کەسیان لێک کوشتووە؟
بلووریان: بە داخەوە نەک لە کوردستانی عێڕاق شەڕی برادەرکوژی هەبوو بەڵکە لە کوردستانی ئێرانیش هەبوو، بەینی حیزبە سیاسییەکانی ئێرانیش پێکەوە یەکتر کوشتنیان هەبوو، زیانیان زۆر لە حەڕەکەی خۆیان دا،لە حەڕەکەی کورد دا لەو مەنتەقەی بە کوشت و کوشتار و دوژمنایەتی، ئێستاش دوژمنایەتییەکە هەر بەردەوامە، کە حەل نەبۆ بەینیان. بەڵام  لە کوردستانی عێڕاق کە وەزعێکی خاس [ لێرە دا وشەکە مانا عەڕەبی و فارسییەکەی لە زەین دا بووە، ح.ق] و تایبەتی بۆ هاتە پێشێ لە جەرەیانی کەنداو دا ئومێدێک هەبوو بۆ وەی کوردستانی عێڕاق بتوانێ نەخشی ڕەهبەری کوردستان بە تێگڕایی ئی گەورە بازی بکات. یانی ڕێبەریی هەموو کوردستانی گەورە بکات. ئەوە فورسەتەی بۆ هات بەڵام نەیان توانی ئیستیفادە بکەن. بە خاتر چی؟ بە خاتری ئەوەی بۆخۆیان موتەحید نەبوون، بۆ خۆیان هاوفکر نەبوون، بۆخۆیان دوژمنی یەکتر بوون. مەسڵەحەتی حیزبایەتییان فیدا کرد!! یانی مەسڵەحەتی میلەتیان فیدای مەسڵەحەتی حیزبایەتی کرد.
خەڵک فەرامۆش بوو بۆ ئەوان. حیزب بۆ ئەوان موهیم بوو، ئیتیحادیان نەبوو، ئەو عەدەمی ئیتیحادە، نەبوونی ئەو ئیتیحادە زیانێکی زۆری لە ئیعتیباری ئەوانە دا لە سەتحی جەهانی دا. ئەو دۆستانەی کە دەستی یارمەتییان بۆ درێژ دەکرد وەلەو مەقتەعی بێ یا سیاسی بێ بیلەخەرە دەستێکیان درێژ کرد ئەوان ئێستا ئیعتیباریان لە کن ئەوانیش کەم بۆتەوە. زۆر زۆر کەم بۆتەوە.
لە ناو خودی گەلی کوردیش دا ئیعتیباری خۆیان لە دەست دا. خەڵک ئەوەڵێ زۆری ئومێد و هیوا پێ بەستبوون. هیوایان هەبوو کە ئەوە بیلەخەرە چرایەک، حەدی ئەقەل شوعلەیەک بۆ کورد ئەوە دائیسێت. بەڵام ئەوانە بە عەمەلی خۆیان ئەو شوعلەیان ئەوەندە زەعیف کردووە هەموو ئومێدی خەڵک لە بەین چووە.
باراچ کڵیچ: ئەوە حەفتا ساڵە خەباتی سیاسی و عەسکەری خۆیان بەیەکەوە دەکەن، بەڵام بۆ چی هەتا ئێستا نەیانتوانیوە کەسێکی خۆیان بنێرنە هەیئەتێکی نیونەتەوەیی وەکوو کۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان. بۆچی کورد نەیانتوانیوە نوێنەرێکی خۆیان بنێرنە وێندەرێ ببێتە بەرپرسیاری گەلی کورد؟ 
غەنی بلووریان: ئەو زرووفە کە ئێمە ئێستا تێیداین ئێستا ئەو زرووفە دەتوانێ ئەوە چێ بکات، زرووفی بەر لەمە ئی پێشوو ئەو زرووفە بۆ کورد نەبوو کە بتوانێ ئیمکاناتێکی ئە ئاوا فەڕاهەم بکات. وەکوو بۆ سازمانی فەلەستین چێ بوو، بۆ کورد بە تێگڕایی ئیمکانییات ئەوە نەبوو. ئێستا ئەو ئیمکانییاتەی هەیە بە شەرت، یەک شەرت. شەرتەکە ئەوە بوو  کوردەکە بۆخۆی موتەحید بێت. بۆ خۆی بتوانێ خۆی شەخسییەتی خۆی بە سەر جیهان دا، بە سەر سازمانی میلەل دا تەحمیل بکات، ئەزانیت تەحمیل بکات؟
باراج کڵیچ: [ وشەیەک نابیستری]
غەنی بلووریان: فەرز بکات، بە ئیتیحادی خۆیەوە ئەتوانێ خۆی وەکوو میلەت فەڕز بکات لە خەباتێکی هاوبەش، موشتەڕەک بتوانێ نوێنەری خۆی دابنێ لەوێ. ئەو ئیتیحادە، ئەو یەکێتییە دەتوانێ کەیان و شەخسییەت بەو ئینسانە بدا کە وەک نوێنەرێک لە سازمانی میلەل قبووڵ بکرێت.
ئەوەی کە ئێستا چێ بووە ئەو پارڵمانی کوردستانە بە ڕای من گەورەترین ئومێدە بۆ ئەوەی بتوانێ ببێتە نوێنەری گشت کورد.
باراج کڵیچ: ئەو پارڵمانی کوردستانی کە لە هۆلەندا لە باژێڕی لاهای.
بلووریان: ئەو پاڕلمانی کوردی ئێستا لە هۆلەندا چێ بووە، ئەوەی ئێستا چێ بووە دەتوانێ ئەوە خۆی فەڕز بکا  بەسەر هەموو جیهاندا بە سەر سازمانی میلەلی موتەحید دا وەکوو نوێنەری میلەتی کورد، ئەوەش شەرتی ئەوەیە کە هەموو کوردەکان پشتی ئەو پارڵمانە بگرن. هەموو حیزبەکانی کورد، هەموو میلەتی کورد، هەموو شەخسیاتی کورد پشتی ئەو پارڵمانە بگرن کە بە جیهانی فەڕز بکەن. بە سازمانی میلەلی فەڕز بکەن.
باراج کڵیچ: یانی ئەتۆ لەم باوەڕییە دای کە ئەو پارڵمانە دەتوانێ بەرپرسیاریی گەلی کورد بکات؟
بلووریان: دەتوانێ بەرپرسیاری ئەو گەلە ببێت بە شەرتێک گشت کوردەکان بە تێگڕایی پشتی بگرن، پشتیوانی لێ بکەن بە دونیایەی سابیت بکەن کە ئەوان پشتیوانیان لێ دەکەن وە ئەوانەش نوێنەری خەڵکن. میلەتی کورد لەو زرووفەی ئێستا دا ئەگەر ئەوەی دەرک نەکا، ئەو پارڵمانەی نەکاتە نوێنەری خۆی، وەکوو نوێنەرێکی جەهانی بۆ کورد، نەیکا ئەوە زیانێکی تاریخی لە خودی کورد داوە. لە میلەتی کورد کەوتۆ ئەو زیانە. ئێمە نابێ چاو بەوەی بکەین ئێ خۆ چی لە من نەپرسیوە! ئەو پارڵمانە نەهاتۆ بۆ لای من پرسێت تۆ کێی؟ ئەوە نییە، ئەو پارڵمانە ئێستا چێ بووە، وجوودی هەیە، خۆی فەڕز کردووە تا حدوودێک وەک پارڵمان، ئێ. دەبێ میلەتی کورد پشتی ئەو پارڵمانەی بگرێ بیناسێنێ بە جیهان ئەو پارڵمانە نوێنەری میلەتی کوردە. ئەگینا ئەو پارڵمانەش نەخشی تەواو میلەتی بازی ناکا. ناتوانێ ئەو کارەی بکا کە کورد ئاواتێتی. ئەو دەم هەموو دەوڵەتان، هەموو ڕێکخراوان، هەموو ئەحزابان، هەموو خەبەرنیگاران ڕوو دەو پارڵمانە دەکەن بۆ مەسەلەی کورد، پرسیار لەم دەکەن. موشکیلاتی کورد لە تورکییە، لە عێڕاق ، لە ئێران، لە سوورییە یا لە هەر جێگایەک ببێت ڕوو دەو پارڵمانەی دەکەن، ئەو پارڵمانە دەتوانێ موشکیلاتی ئەو میلەتە بە جیهان ڕابگەیێنێ، بەو خەبەرنیگارە ڕابگەیێنێ، بەو سازمانە سیاسییە ڕابگەیێنێ، بە سازمانی میلەل ڕابگەیێنێ. ئەو مەڕجەعەمان ئێمە نییە لە دونیایێ دا عیلەتی ئەوەیە کە ئێمە دونیاش قیمەتمان بۆ دانانێ. دنیاش ئەهەمییەتمان پێ نادا چونکە ئێمە موتەحید نین لە سەر شتێکی ئاوا. لە سەر پارڵمانێکی ئاوا وەکوو نوێنەری میلەتی کورد مەعریفی کەین بە جیهان. بە عەمەل، بە کردەوەی خۆمان، بە پشتیوانی کردنی لێی ئەوە مەسەلەیە.
باراچ کڵیچ: مامۆستا غەنی لە باکووری کوردستان شۆڕش هەیە، ئەو شۆڕشەش بە ڕێبەریی پارتیی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە یە. ئێوە ئەو شۆڕشە چۆن دەبینن؟
بلووریان: من عەرزم کردی کە ئەو شۆڕشەی کە لە تورکییەی چێ بووە بەر لەوەی ئەوانە چەک هەڵگرن، شەڕ بکەن ئەوانە مودەتی سێزدە چاردە ساڵ کاری تەشکیلاتی و حیزبییان دە نێو خەڵک [دا] کردووە بە نهێنی، حیزبیان چێ کردۆ، تەشکیلاتیان چی کردۆ، کادریان تەربییەت کردۆ، کادری سیاسییان تەربییەت کردۆ. ئیڕتیباتاتیان دەگەڵ جیهەتهایەکی کە دەتوانن ئیستیفادەی لێ بکەن، دەگەڵ ئەو ئیرتیباتانەیان پێکەوە ناوە، فەڕاهەم کردۆ. پاش ئەوەی کە ئەو شەڕاییتە دروست بووە، لە زرووفێکی ئەوڕۆ دا ئیستیفادەی کردۆ چەکی هەڵگرتۆ بۆ وەی کە بتوانێ دەنگی خۆی بە جیهان ڕابگەیێنێ.
بە داخەوە، بە داخەوە هیچ ڕێگایەکی نەبۆ  پێ کەکەش بەغەیرەز چەک کە بتوانێ ئەو ئیمکاناتەی یانی خۆی مەعرەفی کا  بە دونیایێ. میلەتی کورد مەعریفی کا بە دونیایێ.
باراچ کڵیچ: یانی کورد مەجبوور بوو چەک هەڵگرێ.
بلووریان: کورد مەجبوور بوو چەک هەڵگرێ. هەمیشە ئەو حکوومەتە  دیکتاتۆریانە تەحمیل دەکەن بە کورد کورد چەک هەڵگرێ، ئەگەر لێ گەڕابایەن کوردستانی تورکییە حیزبێکی سەرتاسەری یا ئەحزابێکی موتەحیدی هەبایە، بە ئازادانە فەعالییەتی کردبایە، قانوونی فەعالییەتی کردبایە، وەکوو میلەتی کورد بتوانیبایە قسەی کرد بایە، داوای خۆی لە سەتحی جیهان مەتڕەح کردبایە، حەقی خۆی کوتبایە، دێمۆکڕاسی هەبایە لە تورکییەی نیاز نەبوو بە چەک.
باراچ کلیچ: یانی کورد ئاشتیخوازە، دەیەوێ کێشەی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا بە ڕێگایەکی ئاشتی و بێ چەک جێ بەجێ بکا؟


بلووریان: بەڵێ، من عەرزم کردی کورد شەڕی پێ خۆش نییە. نایەوێ شەڕ بکا، بەڵام داوا دەکا، حەقی داوا دەکا. بەڵام ڕێگای نادەن ئەو داوایەی بکا. ئیجازەی پێ نادەن ئەو حەقەی بڵێ. ئیجازەی پێ نادەن دەنگی خۆی بەرز کاتەوە بۆ جیهان، ڕێگای نییە، هیچ ڕێگای پێ نادرێ. ئەگەر ڕێگای پێ بدرێ کورد بۆ چەک هەڵئەگرێ؟ ئەسڵەن چەک چ لازمە. وەختێکی ڕێگای دێمۆکڕاسی هەبێ بۆ چەک؟ وەختێکی دێمۆکڕاسی نییە منیش حەقێکم هەیە دەمەوێ داوای ئەو حەقەی بکەم. منیش میلەتێکم دەمەوێ خۆم مەتڕەح کەم بۆ جیهان. چی بکەم، بە کێ بڵێم، بە کێ بێژم؟ هیچ، کەس دەنگم نابیسێ. بەڵام مەجبوور دەبم، حکوومەتەکە ئەمگرێ، ئەمکوژێ، لێم دەدا، زیندانم دەکا، ئێعدامم دەکا مەجبوورم دەس دەمە چەک بڕۆم بۆ شاخ، بۆ کێو شەڕ بکەم بۆ وەی دەنگی خۆم بگەیێنم بە دونیا، هاوار بکەم بە دنیا کاکە من حەقێکم هەیە ئەوانە دەمکووژن، ئەو حەقەم نادەنێ.
باراچ کڵیچ: مامۆستا غەنی دەڵێن ئیستیقرارێکی سیاسی و عەسکەری و ئابووری، ئیقتیسادی دە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا ساز نابێ ئەگەر دۆزی کورد چارەسەرییەکی سیاسی بۆ نەدۆزرێتەوە. گەلۆ ئەوە ڕاستە؟
بلووریان: عەرزی حزوورت بکەم  مەسەلەی کورد بە عیلەتی وەی کە جەمعییەتێکی نزیک بە سی میلیۆن لەو مەناتیقە هەیە، بە عیلەتی وەی دەگەڵ چوار پارچە دەوڵەت تێکەڵە وە مەسئەلەی هەیە؛ مەسئەلەی میلی، خواستی میلی هەیە ئەو موبارەزە بەردەوام دەبێ، ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو موبارەزە گەورەتر دەبێ، شێوەی خەباتی ئەو میلەتەی مەجبوور دەکەن ئەو میلەتەی، حەتتا شێوە خەباتی خۆی عەوەز بکا. یانی زیاتر لەو شێوەی خەباتەی کە هەیەتی شێوە خەباتی تازە بۆ خۆی بخولقێنێ بۆ خەباتی خۆی. پێی تەحمیل دەبێ.
بەنا بەر ئین مەسئەلەی کورد دە خاوەرمیانەی دا ئەگەر حەل نەبێ، ڕێگای سیاسی بۆ نەدۆزنەوە، یا سازمانی میلەلە یا دەوڵەتەگەورەکانی جیهانن ڕێگایەکی حەلی سیاسی بۆ مەسەلەی کورد بە عام نەبیننەوە ئەو دەوڵەتانەی خاوەرمیانەی، خودی مەسالیحی وڵاتانی غەڕب لە ئەمریکا بگرە هەتا دووەلی ئوڕووپایی هەمیشە لێرە تووشی ئەو موشکیلاتەی هەیە کە مەسەلەی کورد حەڕەکە دەکا بۆ ئازادی. شەڕ ئەکا بۆ ئازادی. وە ئێستا تازە تازە بیدایەتی ئەو حەڕەکەتەیە. دە زرووفی گۆڕانکاری جیهانی ئەوڕۆ دا دەتوانین بە بیدایەتی دا بنێین. ئەوە زۆری درێژە هەیە. زۆر لەوەی بەرزتر دەبێتەوە دەوڵەتهایی دنیایە دەبێ بیر لەوەی بکەنەوە دە ساڵی دیکە کورد چی ئەکا.


باراچ کلێچ: تورکییە دەڵێ ئێمە دەمانەوێ مەسەلەی کورد وەک ١٩٢٥، وەک ١٩٣٨ بە شێوەی نیزامی چارەسەر بکەین، پرسیار ئەوەیە گەلۆ مەسەلەی کورد بە ڕێگای عەسکەری حەل دەبێ؟
بلووریان: نا، ئەو مەسەلەی کورد لە پێشووش دا، لە ساڵهای درێژ پێش زەمانی شێخ مەحموود و زەمانی شێخ عەبدولقادر و زەمانی دوکتور فوئاد و زەمانی ئێحسان [نووری] پاشا و زەمانی شێخ سەعید و زەمانی قازیی محەمەد و لە پێشوو دا کورد خەباتی کردووە، کورد سەرکوتیش کراوە، ئێعدامیش کراوە، زیندانیش کراوە، سازمان و تەشکیلاتەکەشی لە ناو چووە بەڵام ئەزنەو خەبات هاتۆتەوە گۆڕێ و ئەزنەو موبارەزە دەستی پێکردووەتەوە لە سیاسی ڕا بۆ چەکداری. تەحمیلی، بۆ چەکداری ئیجباری، تەحمیلی، مەجبووری. ئەگەر وا بێ ئیسپات دەکا ئەو زەمانە تاریخییە کە مەسئەلەی کورد بە چەک و کوشتن و زیندان کردن حەل نابێت، کورد خواستی هەیە دەبێ خواستی کورد پێک بێت. دەبێ کە خواستی کورد بە جێ بێنن، جەهان دەبێ فکر لە خواستی کورد بکاتەوە. خواستی کورد بەوەی کە ئەمڕۆ تورکییە کورد سەرکووب بکا یان عێڕاق بیکا یان فڵان دەوڵەت بیکا سەرکوتی بکا ئەوە تەواو دەبێ نا! بە جوورێکی دیکەوە دێ، بە تەجروبەیەکی تازەوە دێتەوە خەبات. بە موبارەزەیەکی قەویترەوە، بە تەشکیلاتێکی قەویترەوە بە تەجرەبەیەکی زۆرترەوە، بە دانیشی موبارەزەیەکی زۆرترەوە دێتە خەبات، دێتە مەیدانی خەبات. ئەوە خەیاڵی خاوە ئەگەر کەسێک فکر بکاتەوە ئەوڕۆۆ وەکوو زەمانی ١٣٢٥ [ مەبەستی ١٩٢٥ە] کوردستان خاپوور کا لە تورکییە، خاپووری نەکرد، پێ کەکە هات.
باراچ کڵیچ: مامۆستا غەنی بلووریان پشتی تێکچوونا یەکێتیی سۆڤیەت، ڕاوەستانی شەڕی سارد لە نێوان سۆڤیەت و ئەمریکا دا گەلێک کێشە لە دنیا چارەسەر کران وەکوو باشووری ئەفریقا، ئیریتێرێ، فەلەستین، باکووری ئیرلەند. ئێوە باوەڕ دەکەن دە ماوەیەکی کورت دا مەسەلەی کوردیش چارەسەر بێ؟
بلووریان: مەسەلەی کورد وەکوو من دەیبینم  زۆر جیاوازە دەگەڵ ئەو حەڕەکانەی کە ئێستا باست کرد، دەگەڵ ئی فەلەستینیش فەرقی هەیە، دەگەڵ باشووری ئەفریقاش فەرقی هەیە، دەگەڵ ئیریترێش فەرقی هەیە مەسەلە کورد. مەسەلەی کورد مەسئەلەیەکە بەینی دەوڵەتهایی موختەلیف لە خاوەری میانە دا. ئێ، کورد یەکپارچە لە سەر یەک دەوڵەت نییە کە بتوانێ زوو مەسەلەکەی حەل ببێت.
بە نەزەری من مەسەلەی کورد ئەوڕۆ مەسەلە عومدەترە لە جاران مەسەلەی کورد، گەورەتر بۆتەوە لە سەتحی جیهانی مەسەلەی کورد. دونیای غەڕب، سازمانی میلەل هەمووی موتەوەجیهی ئەو مەسەلەی هەن کە مەسەلەی کورد دواڕۆژێکی زۆر زۆر موهیم و پوڕ موخاتەرەی هەیە لە مەنتەقە دا. شتی گەورە دەخولقێنێ دەو مەنتەقە دا، دەبێ فکری بۆ بکەنەوە. بەڵام ئەساسی مەتڵەبی ئەوەی کە ئەو دەوڵەتانە وادار بکا بۆ ئەوەی زووتر ئەو فکرەی بکەنەوە، زووتر هەستن بۆ حەلی ئەو مەسەلەیەی خەباتی هاوبەش و موشتەڕەکی خودی میلەتی کوردە بە تێگڕایی.
باراچ کلیچ: یانی کورد وەک یەک بیر بکاتەوە؟
بلووریان: کورد وەک یەک حەڕەکە، کوردێک لە عێڕاق، کوردێک لە تورکییە، کوردێک لە ئێران، کوردێک لە فڵان ئەوە هەر کەسە بۆ خۆی و ئەوانەش هەموو دژی یەکتر و هەموو موخالیفی یەکتری ئەوانە لە قیمەتی خەباتی کورد کەم دەکاتەوە مولاحەزەت فەرموو!
باراچ کڵیچ:  مامۆستا گیان تێگەیشتم. مامۆستا گیان دەڵێن کە ڕەوشەنبیری کورد سەربەخۆ نییە یانی موستەقیل نییە. ڕەوشەنبیری کورد و سیاسی کورد لە ژێر تەئسیری ڕەوشەنبیری ترک و عەڕەب و فارس دایە یانی شەخسییەتێکی موستەقیلی خۆی، کوردانەی، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا ساز نەکردووە. بەڵام تۆش دەڵێی کورد دەبێ وەک یەک بیر بکاتەوە، ئەو مەسەلە چۆن دەبێ؟
بلووریان: مەسەلەی پەوەندی فکری ڕەوشەنفکری کوردی تورکییە دەگەڵ تورک یا ئی ئێران دەگەڵ فارس، یا ئەویتر دەگەڵ عەڕەب بە تێگڕایی ئەو پەیوەندییانە پەیوەندێکە جەبری یە. یانی شتێکە کە کورد لە ئێران دادەنیشێ پەیوەندی دەگەڵ ئێران و حکوومەتێک هەیە کە حکوومەتی فارسە. پەیوەندی دەگەڵ تورکییەی هەیە حکوومەتێکە کە حکوومەتی تورکە بە زبان و فەرهەنگ و کولتوور و هەمووشتێکی تورکە بەسەر کورد دا ئەسەپێنێ عەڕەب هەر وەتر.  
بەسەر کوردا ئەسەپێنێ، ئەوە شتێکە جەبری یە کە تەئسیر دەکاتە سەر ڕەوشەنفکری کورد. زۆر هەن من ئەناسم کەم ، دیارە زۆر نین بەو شیدەتەی کە بڵێین زۆر بە حیساب دێن بەڵام هەم ئینسانی کورد هەیە، هەم لە ئێرانێ، هەم لە تورکییە، هەم لە عێڕاق، هەم سوورییە ئەسڵەن خۆی بە کورد نازانێ.
باراچ کڵیچ: ڕاستە!
بلووریان: ئەڵێ من کورد چ نییە، من کوردی سوورییەم، کوردی فڵانم، فەوقی[ ئەوپەڕی] ئەڵێ کوردم بەڵام ئێستا نەهاتۆتە ئەو حەدە، نەگەیشتۆتە ئەو، بە تێگڕایی ڕەوشەنفکری کورد وەکوو کوردێک فکر بکاتەوە کە کوردە. ها! وەکوو کوردێک فکر بکاتەوە کە کوردێکی موستەقیلە. دروستە لە ژێر فەرهەنگی ئەوانی دیکە دا هەیە بەڵام ڕەوشەنفکری کورد دەتوانێ بۆ خۆی بێت، ساحیبی کەیانی خۆی بێت. خۆی کوردی فکر بکاتەوە. ئەو کوردی فکر کردنەوە دەبێتە سەبەبی ئیتیحادی هەموو ڕەوشەنفکری کورد. ئیتیحادی هەموو ڕەوشەنفکری کورد دەبێتە بەقووەت کردنی حەڕەکەی کورد لە  مەڵبەندی خاوەرمیانە، بە قەوەت بوونی حەڕەکەی کورد دەبێتە قودڕەتێک دە موقابیل هەموو قودڕەتەکانی جیهان دا، دەوڵەتەکانی جیهان دا.
باراچ کلیچ: مامۆستا غەنی بلووریان پرسیاری دواییم من دەمەوێ تۆ بۆ بینەرانی مەد تیڤی قسە بکەی و پێشنیاری خۆت لەگەڵ بینەرانی هێژا بهێنییە گۆڕێ، داوات لە وان چییە، و چت لە دڵ دایە بەوان بڵێی؟
بلووریان: منیش سپاسی ئێوە دەکەم کە فورسەتێکوو بە من دا کە لە سەر تێلێڤیزیۆنی تازەی کوردی کە ئاواتێک بوو بۆ کورد کە ئێوە پێکوو هێناوە من نەزەرییاتی خۆم بڵێم ئومێدی زۆر پێشکەوتنی ئەو تێلێڤیزیۆنە دەخوازم .
بۆ خەڵکی خۆم وەکوو هەمیشە ئاواتی یەکێتیی و نزیکبوونەوە و ئیتیحادم هەیە بە تایبەت کە لە ئوڕووپا ئێستا فورسەتێک خولقاوە بۆ کورد کە لە هەموو پارچەکانی کورد [ستان] کوردە، خەڵک لە ئوڕووپا بڵاو بوونەوە، بەڵام ئیرادم ئەوەیە کە هەر کوردەی لە هەر پارچەی زیاتر لە نێو خۆی دایە. نەک وێگڕا هەموو کوردەکان بەیەکەوە پەیوەندی بگرن.  مەسەلەم ئەوەیە کە کوردی ئێران هەر دە دەورو بەری یەکتری دان، کوردی عێڕاق هەر دە دەوروبەری یەکتری دان، کوردی تورکییەی دەوروبەری یەکن، کوردی سوورییەی دەور و بەری یەکن تێکەڵاوێکی زۆر نییە. زۆر کەمە لەو فورسەتەی دا کە ئێمە لە ئوڕووپایە دەستمان دەگاتە یەکتر وە ئازادین دەتوانین یەکتر بناسین، دەتوانین دۆست بین لەگەڵ یەکتر، بە سەداقەت دۆست بین دەگەڵ یەکتر، بە ڕاستی دۆست بین دەگەڵ یەکتر. بەڵام جیاین، فاسیلەمان زۆرە، ئەوە کارێکی غەڵەتە نادروستە لەو فورستە، ئەمە نەمانتوانیوە لەوەش ئیستیفادە بکەین. ئێستاش ئێمە یەکتر ناناسین دەگەڵ کوردی تورکییەی. ئێستاش ئێمە یەکتر ناناسین دەگەڵ کوردی عێڕاق. کوردی عێڕاق کوردی تورکییە باش ناناسێ، کوردی ئێران کوردی تورکییە باش ناناسێ ئەوە گوناحە، تاوانە لەو فورسەتە ئەمە ئیستیفادە نەکەین دەگەڵ یەکتری بە دۆستایەتی و بە سەمیمییەت ئەوە یەک وە دەر سانی ئەو مەسائیلی کە ڕابردووە، هەبۆ من ئەوە  بووم و تۆ ئەوە بووی ئەوە دەبێ تەواو بێ بۆ کورد، ئەوە دەبێ سەرفی نەزەر بکرێ لە هەموو شتێک بۆ کورد. ئەوەی کە موهیممە دە زرووفی ئەوڕۆ دا، دە شەڕایتی ئەوڕۆ دا بۆ کورد، بۆ دواڕۆژی کوردیش ئیتیحاد و هەمبەستەگی و پەیوەندی [ هەر دووک دەستی ڕێک دەکوشێ. ح.ق]، نزیک بوونی هەیە و دەگەڵ یەکتر بوون.
ئەوەیە کە من سپاسی ئێوە دەکەم کە توانیم ئەو  بەیانەش بکەم.
ئەحمەد باراچ کلیچ: ئێمەش سپاستان دەکەین و هیوادارین دیسان دان و ستاندنمان هەبێ. زۆر سپاس.
غەنی بلووریان: زۆر سپاس

تێبینی: مەد تیڤی لە مانگی مارسی ١٩٩٥ دەستی بە وەشانی تاقیکردنەوە کرد. بەرنامەی " پرس و بەرسڤ" یەک لە یەکەم بەرنامەکانی کۆمەڵایەتی – سیاسی بوو لەو یەکەم تێلێڤیزیۆنە مانگیلەیەی کوردی دا. ئەو هەڤپەیڤینەی بەڕێز ئەحمەد باراچ کلیچ لەگەڵ نەمر غەنی بلووریان لە مانگی جووڵای ١٩٩٥ لە ئاڵمان ئاستە کراوە و لە چوارشەمە ٢٦-ی جووڵای ١٩٩٥ لە مەد تیڤی ڕا بڵاو کراوەتەوە.