یه‌که‌م ڕۆژنامه‌ی کوردی له ئێران
لودڤیگ ئولسه‌ن فۆسوم
یه‌که‌م ڕۆژنامه‌ی کوردی له ئێران
نووسینی دوکتور عه‌ده‌ن نه‌بی
وه‌ڕگێڕان له‌ئینگلیسییه‌وه: حه‌سه‌نی قازی
سه‌ره‌تا
له به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌یدانی لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردی له شێکردنه‌وه و بۆچوونی سیاسی هاوچه‌رخ تێده‌په‌ڕێ، سه‌رنجێکی گه‌وره‌تر، دراوه‌ته سه‌ر مێژووی کو‌لتووریی کورد و جه‌ختی له سه‌ر کراوه‌ته‌وه و ئه‌و توێژینه‌وانه هێندێکیان زانستیانه و هێندێکیشیان که‌متر جێی باوه‌ڕن. ئه‌م وتارهباسی لایه‌نێکی ئه‌و مێژوویه ده‌کا: ئه‌ویش ڕه‌چه‌ڵه‌کی چاپه‌مه‌نی وه‌رزیی کوردییه. ئه‌م وتاره ئاکامی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی چه‌ندین ساڵانه سه‌باره‌ت به ڕۆژنامه ئاسۆرییه‌کان به ئامانجی دۆزینه‌وه و پاراستنی 4 ڕۆژنامه به زمانی ئاسۆری که له ورمێ [ڕه‌زاییه]، له ئێران بڵاو بوونه‌ته‌وه.
ئه‌و چاپه‌مه‌نییه وه‌رزییانه به زمانی ئارامی – نوێی ئاسۆری ده‌رده‌که‌وتن که ئه‌و زمانه تا ڕاده‌یه‌کی زۆر له سۆنگه‌ی پشتیوانی میسیۆنی ئه‌مریکایی ستاندارد کرابوو. ئه‌و ڕۆژنامانه له ساڵی 1918، کاتێک ئاسۆرییه‌کان و ئه‌رمه‌نییه‌کان (ده‌سته‌یه‌کی پچووکتری عیسایی که له ڕۆژئاوای ئازه‌ربایجانی ئێستا ده‌ژیان) ناچار کران هه‌رێمه‌که جێبهێڵن، یان بمرن، کۆتای‌یان پێ هات.ته‌نانه‌ت ئه‌و چاپخانه‌ی هه‌شبوو تێداچوو. بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕۆژنامه به زمانی ئاسۆری تا ساڵانی 1950 کانی کێشا تا دیسان له تاران ده‌ست پێبکاته‌وه، به‌ڵام له ورمێ قه‌ت نا. تا ئه‌و سه‌روبه‌نده، زۆربه‌ی دێیه ئاسۆرییه‌کان چۆل کرابوون و زۆربه‌ی ناوچه‌ی به پیت و پێزی کشتوکاڵی له لایه‌ن کورده‌کان یان ترکه‌کانه‌وه داگیرکرابوون.
هه‌بوونی چاپه‌مه‌نییه‌کی وه‌رزی ئاسۆری به ڕێژه به نێوه‌رۆک له ورمێ بووه هۆی ئه‌وه‌ی بیر له بڵاو کردنه‌وه‌ی ڕۆژنامه به‌و زمانانه‌ی دیکه‌ی له‌وێ قسه‌یان پێده‌کرا بکرێته‌وه: تورکی،ئه‌رمه‌نی ، فارسی و بۆ من جێی سه‌رسووڕمان به -- کوردیش. بۆیه ده‌ستم کرد به گه‌ڕان به کاتالۆگه‌کانی نێو ئینترنێت دا، وهه‌ر وه‌ها سه‌رچاوه‌ی ده‌ستی دوو، و دوایه گه‌ڕان له چوار کتێبخانه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌مریکا بۆ دۆزینه‌وه‌ی زانیاری سه‌باره‌ت به چاپه‌مه‌نی کوردی له ئێران.له سایه‌ی پێوه‌ندی له گه‌ڵ لوقمان. ئای.محۆ، ئه‌من ئه‌و سه‌رچاوانه‌م دۆزیوه که له ئه‌مریکا له به‌ر ده‌ست بیروڕای گشتی دان . ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه بڕیار نادا له سه‌ر ڕه‌چه‌ڵه‌کی چاپه‌مه‌نی کوردی له ئێران، ئه‌رکی دۆزینه‌وه‌ی گشت ئه‌و سێ ڕۆژنامه‌یه که له سه‌رچاوه‌ی چاپکراو دا هێمایان پێده‌کرێ، و ده‌کرێ جێی باوه‌ڕ بن، بۆ دابێ ده‌مێنێته‌وه. له‌م وتاره‌ی ئێستا دا ئه‌من زانیاری ده‌ده‌م سه‌باره‌ت به ئه‌وه‌ی که وه‌کوو یه‌که‌م چاپه‌مه‌نی کوردی له ئێران داده‌ندرێ و ئه‌و ته‌مه ده‌ڕوێنمه‌وه سه‌باره‌ت به گۆڤارێک که له ساڵی 1910 تا ساڵی 1928 زایینی بڵاو بووه‌وه.
به‌رله هه‌موو شت به کورتی باسی هه‌ڵکه‌وتی کولتووری ئه‌و سه‌روبه‌ندی ده‌که‌م له ورمێ و سابڵا‌غ ( نێوێکی تورکی یه، به‌مانای " کانی ئاوی سارد" و ئێستا پێی ده‌گوترێ مهاباد)به سه‌رنجدانێکی تایبه‌تی بۆ سه‌ر هاتنه گۆڕی خوێنده‌واری و چاپه‌مه‌نی.زه‌مینه‌ی سیاسی بارودۆخی کولتووری ده‌بێ بهێنرێته نێو ئه‌م دیمه‌نه‌وه، ئه‌گه‌رچی جه‌ختی سه‌ره‌کی من ئه‌وه نییه پێوه‌ندی نێوان کورده‌کان و ئاسۆرییه‌کان، یان پێوه‌ندییه‌کانی نێوان کورده‌کان – ئێرانییه‌کان شیکه‌مه‌وه. له کاتێکدا ئه‌و بابه‌ته سیاسییه گڕگرتووانه به‌لاوه ده‌نێم، هێوادارم بتوانم تیشک بخه‌مه سه‌ر زانیاری به‌که‌لک بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه بکاته‌وه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئاگاداری سه‌باره‌ت به‌و دووبابه‌ته سیاسییه ی به به‌ربڵاوی قسه‌یان لێوه ده‌کرێ.
ورمێ له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م دا ببوو به مه‌کۆی پێشوه‌چوونێک که ڕۆژئاوا وهڕێیخستبوو به پێی بڕیارێکی75 ساڵ پێشتر له بۆستۆن ، ماساچووسێت درابوو.دوای ئه‌وه‌ی له ساڵی 1829 نوێنه‌رانی ده‌سته‌ی ئه‌مریکایی میسیۆنێره‌کان بۆ میسیۆنی بێگانه (ئه‌ی بی سی ئێم ئێف) سه‌فه‌رێکیان کرد بۆ باکووری ڕۆژئاوای ئێران ، ساڵێک دوای دامرکانه‌وه‌ی شه‌ڕه‌کانی ڕووسییه - ئێران له سه‌ر ئه‌وپه‌ڕی قه‌وقاز، ئه‌ی بی سی ئێم ئێف بڕیارێکی چاره‌نووسسازی دا بۆ دامه‌زراندنی میسیۆنێک له نێو عیساییه‌کانی خۆجێیی که له‌نێو و له ده‌وروبه‌ری ورمێ ده‌ژیان. ئه‌وده‌می سه‌ڵماس، که نێوه‌ندێکی دیکه‌ی شاری بوو و عیساییه‌کانی لێ نیشته‌جێ بوون ، میسییۆنێکی پته‌وی ڕۆمه‌ن کاتۆلیکی لێ دامه‌زرابوو، وه‌کوو هه‌بوونی کاتۆلیکان له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست ، و له لایه‌ن به‌رژه‌وندییه‌کانی دیپڵۆماتیکی فرانسه‌وه پشتیوانی لێده‌کرا.
مێسیۆنهکانی پرۆتێستانتی له ئێران
بڕیاری ئه‌ی بی سی ئێم ئێف بۆ خزمه‌تکردنی به عیساییه‌کانی خۆجێیی دوو بڕیاری گرینگی به دوا دا هات: جه‌خت کردنه‌وه له سه‌ر ئاسۆرییه‌کان – که سه‌ر به کلیسای ئاپۆستۆلی پیرۆز و کلیسای کاتۆلیکی ڕۆژهه‌ڵات ( نه‌ستوورییه‌کان) – بوون و هه‌ر وه‌ها کردنی زمانی نوێ – ئارامی ئاسۆری به زمانی پێوه‌ندی له گه‌ڵ عیساییه‌کانی خۆجێیی دا.به ئاوڕدانه‌وه سه‌ر ڕابردوو، دواتر ئه‌وانه‌ی له ئێران دینی خۆیان گۆڕیبوو و ببوونه عیسایی ڕه‌خنه‌یان له ئه‌ی بی سی ئێم ئێف گرتبوو بۆچی جه‌ختی کردووه له سه‌ر ئه‌و زمانه که‌مایه‌تییه. له ڕاستی دا ، له ساڵی 1915، که پرێسبیتێرییه‌کان له ساڵی 1871دا جێی ئه‌ی بی سی ئێم ئێف یان گرتبووه‌وه بڕیاریان دا کار و باری مێسیۆن به زمانی فارسی ڕاپه‌ڕێنن ، به تایبه‌تی له به‌ر ڕووناکایی ئه‌و ڕاستییه دا که کار و چالاکییه‌کانیان گه‌یشتبووه شوێنی ئه‌وتۆی دانیشتوانیان فارس‌زمان بوون وه‌کوو ڕه‌شت، تاران و مهشهد و هه‌روه‌ها نێو ده‌سته‌یه‌کی پچووک به‌لام له زێده‌ی خه‌ڵکی ئه‌وتۆی که له باری ئێتنیکییه‌وه تێکه‌ڵاو بوون و ئاسۆری نه بوون و هاتبوونه سه‌ر باوه‌ڕی عیسایی.له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا،یه‌که‌م کاری میسیۆنێری ئه‌مریکاییه‌کان له ئێران نه‌ک هه‌ر له نێو که‌مایه‌تی هه‌ره ڕاونراو له وڵات‌دا ده‌ستی پێ‌کرد، به‌ڵکوو به زمانێکیش که گه‌ێشتبووه ئاستی هه‌ره دامرکاوی مێژوویی خۆی.واته ئارامی، کۆنترین زمانی که به به‌رده‌وامی قسه‌ی پێکرابوو و پێی نووسرابوو له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا،له ژێر گوشاری به‌رده‌وامی سیاسی دا ههڵپڕووکابوو و به کارهێنه‌رانی دهرپهڕێندرابوون بۆ چیای دووره‌ده‌ست وپله‌یان دابه‌زێندرابوو بۆ ڕه‌عییه‌تی مل که‌چی عه‌شیره‌ته موسوڵمانه‌کان، خاوه‌نموڵکان و کاربه‌ده‌ستانی حکوومه‌ت.بڕیاری ئه‌ی بی سی ئێم ئێف هه‌لومه‌رجێکی ڕه‌خساند بۆ بووژانه‌وه و زیندووبوونه‌وه‌ی ئارامی هه‌رنه‌بێ بۆ ماوه‌ی سه‌ده‌یه‌کی دیکه.
تا ساڵی 1835 باوکی ڕوحانی جاستین پێرکینز(1865-1805) خوێندنگه‌یه‌کی بۆ کوڕان دامه‌زراندبوو، ماوه‌یه‌ک دوای ئه‌وه ،ده‌زگای چاپه‌مه‌نی1840)، فێرگه‌یه‌کی کچانه (1843) و ڕۆژنامه‌یه‌ک (1849)، تیشکی ڕووناکی (زاهریرا د – باهرا) یه‌که‌م ڕۆژنامه بوو له ئێران که به هه‌ر زمانێک ده‌رچووبێ.(1)ئه‌وه مانگانه ده‌رده‌که‌وت،و زۆر زووتریش ، تا ساڵی 1918،کاتێک عیساییه‌کان یان مردبوون یان توانیبوویان خۆیان ده‌ربازکه‌ن و له ناوچه‌که هه‌ڵێن. مرخ و مه‌یلی پێرکینز له ئێران، هه‌ر له مه‌ڕ ئاسۆرییه‌کان ( یان نه‌ستوورییه‌کان نه بوو ، ئه‌و جۆری که ئه‌و نێوزه‌دی ده‌کردن)به‌و جۆره‌ی که ئه‌و دوازده تابڵۆیانه‌ی کێشاونییهتهوه به جوانی ده‌ریده‌خه‌ن، به‌ڵکوو ئه‌و به هه‌مان مه‌یل و عه‌لاقه‌وه له کورده‌کان، تورکه‌کان، فارسه‌کان و ئه‌وانیدیکه‌شی ده‌ڕوانی که پێکهاته‌ی ده‌سته ئێتنیکییه‌کانی ورمێ و هه‌رێمی ئێستای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوایان پێک ده‌هێنا.(2)
له تێوه‌رسووڕان به‌ره‌و سه‌ده‌ی بیسته‌م دا، هه‌بوونی ئه‌مریکاییه‌کان له ورمێ به‌رچاو بوو و به باشی خۆیان دامه‌زراندبوو. له زیاتر له 150 دێ خوێندنگه دامه‌زرابوون که زۆر به باشی هه‌ڵده‌سووڕان له ژێر چاوه‌دێری ئه‌و پیاو و ژنانه‌ی دا له خوێندنگه‌کانی شه‌ووڕۆژی ورمێ دا خوێندبوویان، و رێژه‌ی خوێنده‌واری له نێو پیاوان و ژنانی ئاسۆری گه‌یشتبووه ئاستی به‌رزی %40. به‌که‌لکه وه‌بیر بهێندرێته‌وه، له‌و سه‌روبه‌ندی دا، له هه‌موو ئێران، رێژه‌ی خوێنده‌واری له نێو پیاوان %20 و له نێوژنان دا به نزیکه‌ی %7 ته‌خمین ده‌کرا. له ناوچه خێڵه‌کییه‌کانی ده‌وروبه‌ر دا،رێژه‌ی خوێنده‌واری له نێو ئاسۆرییه‌کان و کورده‌کاندا له‌وانه‌یه له %5 تێنه‌په‌ڕاندبێ، ته‌نانه‌ت له نێو پیاوانیش دا، و دیاره ئه‌و رێژه‌یه له نێو ژنان دا ئه‌وه‌نده که‌م بووه‌هه‌ر وه‌حیساب نایه.
ڕه‌نگه سه‌رکه‌وتنی میسیۆنی پرێسبیتێرییه‌کان له گه‌ڵ هه‌بوونی له زێده‌ی موهاجیرانی کۆمه‌ڵگه‌کانی لووتێری دامه‌زراو له ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و کانادا بووبێ که بووبێته هه‌وێنی بیری دامه‌زراندنی میسێۆنی لوتێری ڕۆژهه‌ڵات له باکووری ئێران.ئه‌وانه‌ی وا به پێشوازی مه‌ترسییه‌وه چوون به ده‌ره‌جه‌ی یه‌که‌م خه‌ڵکی ئەڵمان، سوێد و نۆڕوێژ بوون. که‌سانی سه‌ر به‌و نه‌ته‌وایه‌تییانه نه‌ک هه‌ر رێزه‌کانی کلیسای لوتێرییان له ئه‌مریکای باکووری هه‌ڵمساند، ته‌نانه‌ت ئاماده‌ییان نیشان دا بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان به‌ختی کورده‌کان بکه‌ن. (3)
دنه‌ی خزمه‌تی ڕاسته‌وڕاست به کورده‌کان له ئێران بڕیارێکی کۆنفرانسی جیهانی لوتێری ڕه‌خساندی که ساڵی 1910 له ئێدینبورگ(سکاتله‌ند)به‌سترا .له‌و کۆبوونه‌وه به ده‌سته‌ڵاته دا که ژماره‌یه‌کی زۆر تێیدا ئاماده بوون، ده‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردی بهرهولوتێرییهکان کرایه‌وه.و میسیۆنێره ئه‌مریکاییه‌کان له خۆیان نووسان بۆدامه‌زرانی میسیۆنه‌که‌یان.
میسێۆنی لوتێری ڕۆژهه‌ڵات و کورده‌کان
به ئیلهام وه‌رگرتن له شه‌پۆلی چالاکی میسیۆنێری که‌هه‌م ئوڕووپا و هه‌م وڵاتانی ئینگلیسی زمانی وه‌به‌رخۆی دابوو، میسیۆنێره‌کانی لوتێری ئەڵمانی له ساڵی 1895 میسیۆنێکیان دامه‌زراندبوو به مه‌به‌ستی پێوه‌چاران به کورده‌کان و له‌به‌ر ئه‌و کوشتوبڕه‌ی عیساییه‌کان که له ناوچه‌کانی عوسمانی له ژێر ڕێبه‌ری سوڵتان عه‌بدولحه‌مید دا ده‌کران ،ئاراسته‌ی خۆیان گۆڕی و هێز و گوڕی خۆیان به‌خت کرد بۆ چالاکی فریاکه‌وتن و به‌ده‌نگه‌وهاتنی ئه‌رمه‌نییه‌کان و ئاسۆرییه‌کان .ئه‌وان که له ساڵی 1875وه ده‌ستیان به چالاکییه‌کانیان کردبوو،له میسیۆنه پچووکه‌که‌یان له ئێران ده که‌شیشیان پێگه‌یاند بوو،گشتیان له نێو ئاسۆرییه‌کاندا، و دوو کلیسایان تا به‌راییه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م له‌ناوچه‌که‌دا دامه‌زراند.میسیۆنێره‌که‌یان له ورمێ دوکتور ئێل.ئۆ. فاسوم (1920-1879) بوو، نۆروێژییه‌کی ئه‌مریکایی که له لای کورده‌کان ومێژوونووسانی ڕۆژئاواییه‌وه به نووسه‌رێکی سه‌ره‌کی لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردی داده‌ندرێ.(4) فاسوم که له ساڵی 1904 وه تا ساڵی 1909 له ورمێ ده‌ژیا، له‌وێ فێری سوریانی و تورکی بوو، به‌ڵام پاشان دوای گوێستنهوهبۆ ساوجبولاغ (مهابادی دابێ) له‌وێ فێری کوردی بوو.ئەڵمانییه‌کان له پێش ئه‌ودا هاتبوون له ساڵی 1905، ماوه‌یه‌ک دوای هاتنی بۆ سابڵا‌غ لوتێریی دیکه‌ش له‌گه‌ڵی که‌وتن یان به دووی ئه‌و دا هاتنه وێنده‌رێ که ئه‌مریکایی ، سوێدی،فەرانسهیی و ئوڕووپایی دیکه یان ده نێو دا بوو . ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه ڕێکخستنی سه‌ره‌کی له ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا بوو که پشتیوانی له چالاکییه‌کانی میسیۆنێره‌کان ده‌کردو کاره‌کانی ههڵدهسووڕاندن. میسیۆنی لوتێری ڕۆژهه‌ڵات بوو مه‌کۆی له مید-وێست [نێوه راستی – ڕۆژئاوا] بوو. ئه‌و میسێونه پرێنسیپی هه‌ڵسووڕان و چالاکییه‌کانی خۆی زۆر به ئاشکرایی دیاری کردبوو. به‌ڵام دوو توخم گرینگن له قه‌واره‌ی ئه‌و یه‌که‌م میسیۆنه له نێو کورده‌کاندا.
1. میسیۆنێره‌کانی ئه‌و میسیۆنه فره نه‌ته‌وه‌یی بوون، به پێچه‌وانه‌ی میسیۆنی پرێسبیتێرییه‌کانی ئه‌مریکایی، که ته‌نێ که‌سی ئه‌وتۆی تێدابوو که هاووڵاتێتی ئه‌مریکاییان هه‌بوو.
2. میسیۆنی لوتێری ڕۆژهه‌ڵات چالاکییه‌کانی خۆی له سه‌رکورده‌کان جه‌خت کردبووه‌وه، ئه‌گه‌رچی هێندێک له ئاسۆرییه‌کانیش کێشرانه نێوکاره‌کانی ئهومیسیۆنه.
به‌ر له ماڵاوایی له ئه‌مریکا، جه‌نابی فاسووم سه‌ری له زۆر کلیسایان دا بۆ کۆکردنه‌وه‌ی باربوو و له ساڵی 1911 هاته سابڵاغێ. ته‌نیا نێوێک که له لایه‌ن میسیۆنێره‌کانه‌وه ده‌هاته گۆڕێ، نێوی شارۆچکه‌ی سابڵا‌غ بوو که له خوارووی ورمێ هه‌ڵکه‌وتووه. ورمێ له ته‌نیشت ده‌ریاچه‌یه‌که و نزیکه‌ی 300 کیلۆمیتر له خوارووی ته‌ورێزه. له سه‌روبه‌ندی ناخۆشی و گێره و کێشه دا وه‌کوو ساڵی 1916 و دیسان له ساڵی 1921 – نزیکی له ته‌ورێز هێمنییه‌ک بوو بۆ میسیۆنێره‌کانی لوتێری.له کاتی سه‌فه‌ر له ئوڕووپاوه یان بۆ ئوڕووپا، یان وه‌رگرتنی ئه‌و شتانه‌ی بۆیان ده‌نێردرا، ئه‌وان به ته‌ورێز دا تێده‌په‌ڕین.به‌ڵام بۆ پێداویستی دیکه، وه‌کوو چاپ، یان نه‌خۆشی زۆر سه‌خت، ئه‌وان ده‌ره‌تانه‌کانی پرێسبیتێرییهکانیان له ورمێ ده‌کار ده‌هێنا، به‌تایبه‌تی نه‌خۆشخانه‌ی وێستمینستر ،که یه‌که‌م بوو له ئێران‌دا.
له سه‌ره‌تاوه، یه‌ک له‌و پرێنسیپانه‌ی بۆ ڕێکخستنی چالاکییه‌کانی میسیۆنی لوتێری ڕۆژهه‌ڵات داندرابوو پێداگرتن بوو له سه‌ر فێربوونی زمان. له‌وه‌ش زیاتر،ئامۆژگاری میسیۆنێره‌کان کرابوو یه‌که‌م ساڵی بوونی خۆیان له‌وێ ته‌رخان بکه‌ن بۆ فێربوونی زمانی کوردی، به ڕێگه‌ی خوێندن له لای ئاخێوه‌رێکی خۆجێیی، نه‌ک لای ئاسۆرییه‌ک ( که ئه‌مریکاییه پرێسبیتێرییه‌کان و لوتێره‌کان هه‌میشه به سیرییهن نێوزه‌دیان ده‌کردن) یان ئه‌رمه‌نییه‌ک. پێشخانی نه‌ته‌وه‌یی ههمووچهشنهی میسیۆنێره‌کان هه‌ر که بارودۆخی نادیاری شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی نزیک ده‌بووه‌وه زۆر جار ده‌بووه هۆی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌کرا هێمنی و ئاسایشتی ژیانیان ده‌سته‌به‌ر بکرێ. دوکتور ئێدمان ، یه‌که‌م که‌سی که زانستی پژیشکی هه‌بوو و سه‌ر به میسیۆنه‌که بوو و سوێدی بوو به ڕاگه‌یاندنی شه‌ڕله ساڵی 1914 ناوچه‌که‌ی به‌جێهێشت. بۆ هاووڵاتییانی ئه‌مریکا، بوونی کۆنسوولی ڕووسییه له ساوجبولاغ، کۆلۆنێل ئالێکساندر ئیاس (1914-1869) ،که لوتێرێکی فه‌نلاندی بوو، جۆره‌یه‌ک هێمنی و ئاسایشت بوو، تا کوو ئه‌وه‌ی له نه‌به‌ردی میاندواو دا کووژرا ماوه‌یه‌کی کورت دوای ڕاگه‌یاندنی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی.(6)
میسێۆنی کاتۆلیک جه‌خت له سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست ده‌کا
به‌که‌لکه ئاماژه‌ی پێ‌بکرێ گشت میسیۆنه‌کان له ماوه‌ی ساڵاندا جۆره‌یه‌ک مرخ و مه‌یلیان سه‌باره‌ت به کورده‌کان نیشان داوه.هه‌ر له ساڵی 1787، ڤاتیکان بڵاوکراوه‌یه‌کی بڵاو کرده‌وه که ده‌کرێ به یه‌که‌م لێکۆڵینه‌وه‌ی ڕۆژئاوایی له مه‌ڕ زمانی کوردی دابندرێ.(7)نووسه‌ره‌که‌ی میسیۆنێرێک بوو که بۆ ماوه‌ی بیست ساڵان له ئامێدی، له باکووری مووسڵ ده‌ژیا.(8)له سه‌ده‌ی دواتر داجه‌نابی ساموێل ئه‌ی.رییا، ئه‌ندامێکی ئه‌مریکایی ئه‌ی بی سی ئێف ئێم له ورمێ دووه‌م لێکۆڵینه‌وه‌ی له سه‌رزمانی کوردی له ساڵی 1856 بڵاو کرده‌وه ، (9) له کاتێکدا پیتر لرخ(58-1857) لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی له سه‌ر زمانی کوردی کرد به کۆ کردنه‌وه‌ی وشه و ئاسته کردنی چه‌ند چیرۆک وه‌کوو نموونه، ئه‌وانه‌شی له‌و یه‌خسیرانه‌ی شه‌ڕ وه‌رگرتبوو که له ڕۆسلاڤل( له هه‌رێمی سمۆلێنسک،له خوارووی ڕۆژئاوای مۆسکۆ) ڕاگیرابوون.(10) ئێل.ئۆ. فاسوم، یه‌که‌م بانگه‌شه‌ده‌ری ئینجیل که نوێنه‌رایه‌تی میسێۆنی لوتێری ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌کرد له ساوجبولاغ، زۆر شتی وه‌رگێڕا سه‌ر زمانی کوردی ، هه‌ر وه‌ها ڕێزمانێکی کوردیشی ئاماده کرد و بڵاوی کرده‌وه.
تا ساڵانی 1920 کان ، مه‌یل و مرخ له ئاست کوردان هه‌ر له زیاد بووندا بوو، به تایبه‌تی له عێراق و ته‌نانه‌ت سه‌رۆکێکی ئاسۆریش ، ئاغا پێترۆس ئێلییا کارێکی له سه‌ر زمانی کوردی بڵاو کرده‌وه.(11)
میسیۆنه کاتۆلیکه‌کان له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست، سه‌ره‌ڕای پێوه‌ندی پێشووتریان له گه‌ڵ کورده‌کان که ده‌گه‌ڕاوه به‌راییه‌کانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م، وا وێده‌چێ ئیتر چ مه‌یڵێکیان به‌ره‌و ئه‌وان نیشان نه‌دابێ چ له بواری خوێنده‌وار کردن و چ له بواری ده‌رمانکردن و به ڕواڵه‌ت له بواری بانگه‌شه‌ی ئایینیش دا. چ له ورمێ یان سه‌ڵماس، ئه‌وان ڕووی چالاکییه‌کانیان له‌و عیساییه ڕۆژهه‌ڵاتییانه‌ی بوو وا له هه‌رێمه‌که‌دا ده‌ژیان، که زۆربه‌یان ئارامی زمان بوون ، و تاڕاده‌یه‌کیش ئه‌رمه‌نی. سازکرانی کلیسای کاتۆلیکی کلدانی له سه‌ده‌ی شازده‌هه‌مدا، ئایینزایه‌کی ڕۆژهه‌ڵاتی به‌ڵام سه‌ر به کلیسای سوریانی – ڕۆم ، نیشانه‌ی گه‌یشتنی کلیسای کاتۆلیک به‌وپه‌ڕی ڕۆژهه‌ڵاتی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاسته
که‌یسی کونگرهگهیشنالیستهکانیش هه‌ر وابوو، پرێسبیتێرییه‌کان و مێتۆدیسته‌کان که به دوای کاتۆلیکه‌کاندا هاتن، ترسی قانوونی له‌دین وه‌رگه‌ڕان له ئیسلامدا، رێگه‌ی لێده‌گرتن ڕاسته‌وخۆ خزمه‌ت به ده‌سته یان تاکه موسوڵمانه‌کان بکه‌ن.(12) له نامه‌و پێوه‌ندییه‌کانی میسیۆنێری دا ، ترسی قانوونی له دین وه‌رگه‌ڕان به دوو ڕێگه دا خۆ ده‌نوێنێ:1) ترس له سزای مه‌رگ که به سه‌ر که‌سێک دا ده‌درێ له دینی ئیسلام وه‌رگه‌ڕابێ؛ 2) سزا دان به پێی قانوونی کفر کردن له ئیسلامدا، بۆ هه‌رکه‌سێک شان بداته به‌ر له دین وه‌رگه‌ڕاندنی موسڵمانان و هێنانیان بۆ نێو دێنێکی دیکه. ئه‌وه به‌شێکه له هۆی ئه‌وه‌ی میسیۆنه‌کان جه‌ختیان کردووه‌ته‌وه له سه‌ر عیساییه خۆجێییه‌کان وه‌کوو ئاسۆرییه‌کان یان ئه‌رمه‌نییه‌کان و جووله‌که‌کان. میسیۆنێره پڕۆتێستانته‌کان به‌لانی که‌مه‌وه هیوایان به‌وه بوو ئه‌و خه‌ڵکه خۆجێییانه ده‌بنه هۆکاری دین گۆڕینی موسوڵمانه‌کانی ده‌وروبه‌ری خۆیان. و له‌وانه‌یه ده‌ره‌تانی سزا دانی هه‌ر میسێونێرێکی بێگانه به ئاشکرا له به‌ر پێشێلکردنی قانوونی شه‌ریعه‌ت زۆر دووره ده‌ست بووبێ به له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌وه‌ی قانوونهخۆجێییهکان تا تێوه‌رسووڕان به‌ره‌و سه‌ده‌ی بیسته‌م له سه‌ر ڕۆژئاواییه‌کان بڕیان نه‌ده‌کردو که‌س بۆی نه‌بوو تخوونی بێگانان که‌وێ.(13) ئه‌و میسیۆنێرانه‌ی له لایه‌ن کورده‌کانه‌وه کووژران به ڕێگه‌ی کوشتنی نا-قانوونییه‌وه مردن چ له ئێران یان دواتر له مێزۆپۆتامیا.(14) ئه‌وه هه‌ر هه‌مان شێوه‌یه که له کۆماری ئیسلامی ئێرانێشدا له ساڵی 1979 وه ده‌بیندرێ.له لایه‌کی دیکه‌وه بۆ که‌سێک له ئیسلام وهرگهڕابا و چووبا سهردینێکی دیکه، زۆرجار سزای قانوونی به‌ڕیوه‌ده‌چوو.یه‌که‌م کوردی له ورمێ له سێداره درا له به‌ر تاوانکاری له دین وه‌رگه‌ڕان ،له کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا ئه‌و سزایه‌ی به نسیب بوو. یه‌که‌م کوردێکی که له دینی ئیسلام وه‌رگه‌ڕانی ئاسته کرابێ و بووبێ به عیسایی به گشتی وا داده‌ندرێ له ساڵی 1894 له سنه له سه‌ر ده‌ستی ئاسۆرییه‌ک کرابێ به عیسایی.(15)
چ بووه هۆی ئه‌وه‌ی ئوڕووپاییه‌کان یان ئه‌مریکاییه‌کان جه‌خت له سه‌ر کوردان بکه‌ن؟ چه‌ندین هۆکاری که به ڕوونی له دنه‌ی زانیاریی دڵپاکانه به‌ڵام به‌رته‌نگ ده‌که‌وتنه‌وه له گۆڕێ دا بوون، که دوانیان ده‌کرێ زه‌ق بکرێنه‌وه. یه‌که‌م، ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که کورده‌کان ، به شێوه‌ی سه‌ره‌کی موسوڵمانی سونینه، و که‌متر گوێیان به شاپهو گاپه‌ی مه‌لا شیعه‌کان ده‌بزوێ که بۆ خۆیان هێزێک بوون له ورمێ، ته‌ورێز و نێوه‌نده‌کانی دیکه دا. به پشتیوانی ئه‌و دنه و ئه‌نگێزه‌یه لوتێره‌کان له ماوه‌ی ساڵانی 1920 کاندا هه‌وڵیان دا بۆ هینانه سه‌ر دینی عیسایی عه‌لی ئهڵاهییه کوردزمانه‌کان له ده‌ورو به‌ری کرماشان. دووه‌م به ئاگاداربوون له ڕاوه‌دوونانی عیساییه خۆجێییه‌کان له لایه‌ن موسوڵمانه کورده‌کانه‌وه بۆ ماوه‌ی نزیک به سه‌ده‌یه‌ک، به تایبه‌تی له دوای ئه‌وه‌ی له ساڵانی 1896- 1895 یه‌که‌کانی کوردی سواره‌ی حه‌میدییه به کار هێندران بۆ کوشتار و تێکدانی به‌شه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کانی ئیمپراتۆری عوسمانی، هیوا ئه‌وه‌بوو به خزمه‌تکردنی ڕاسته‌وڕاست به کورده‌کان، ئه‌وان بۆچوونی خۆیان له ئاست عیساییه‌کان باشترکه‌ن و به‌و شێوه‌یه پێش به تاڵان و کوشتاری که ناوه ناوه ده‌قه‌وما بگیرێ.
هیچ کام له‌و ئامانجانه له سه‌ر بنه‌مای ڕاستی ههڵنهنرابوون. له نموونه‌یه‌ک دا کاتێک وێده‌چوو میسیۆنێره‌کان به کۆمه‌ڵ خه‌ڵکیان له دین وهرگهڕاندبێ و ئەوانیان کردبێتە عیسایی ( له نێو یه‌زیدییه‌کانی ناوچه‌ی مووسڵ له ساڵی 1888 ) له‌شکری هاوبه‌شی تورک/کورد گه‌یشتنه جێ و ئه‌و که‌سانه‌ی که دینی خۆیان گۆڕیبوو نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ی داویان لێ‌کرا له عیسایه‌تی پاشگه‌زببنه‌وه،به‌ڵکوو باوه‌ش له ئیسلام وه‌رێنن وببنه موسڵمان.(16)میسیۆنی لوتێری له سابڵا‌غ ، سه‌ره‌ڕای به‌رده‌وامی خۆشبینی، له ماوه‌یه‌کی کورت له دامه‌زرانی خۆی له‌وێنده‌رێ دوو له سه‌رۆکه‌کانی که پیاو بوون بوونه قوربانی ڕه‌شه کووژی، یه‌کیان له ساڵی 1907، و ئه‌ویدیکه‌یان له ساڵی 1921 دا. ئه‌وان قه‌ت به زه‌ینیشیان دا ڕانه‌ده‌برد و باوه‌ڕیان نه‌ده‌کرد کورده‌کانی خۆجێیی کاری ئه‌وتۆ بکه‌ن چونکوو نه‌یانده‌توانی باوه‌ڕ بکه‌ن چاکه‌یان بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی ناوچه‌یی پێی نه‌زاندرێ. له هیچ کوێ وه‌به‌رچاو ناکه‌وێ پێیان وابووبێ ئه‌و کوشتنانه له به‌ر هۆی دینی بووبێ، ئه‌گه‌ر چی به ڕێژه لوتێره‌کان له چاو پرێسبیتێره‌کان ئه‌ندامانێکی زیاتریان بوونه قوربانی ڕه‌شه‌کوژی. پرێسبیتێره‌کان دوو که‌سیان له ده‌ست دا (له ساڵانی 1905 و، 1911) ، ئه‌گه‌رچی ژماره‌ی ئه‌ندامانیان له ورمێ له نێو تورکه‌کان و ئاسۆرییه‌کاندا زۆر له لوتێرییه‌کان زیاتر بوو.ئه‌وه دژوار نییه ئه‌و قوربانییه‌ی لوتێرییه‌کان دایان ڕاسته‌وڕاست ببه‌سترێته‌وه به ئامانجی ئه‌وان بۆ به مه‌سیحی کردنی کورده موسوڵمانه‌کان [ تێبینی وه‌رگێڕ: ئه‌و ئیدیعایه‌ی نووسه‌رچ پاساوی بۆ نییه چونکوو یای ئاگوستا گودهارت یه‌ک له ئه‌ندامانی میسیۆنی لوتێری ده‌ڵێ که هاوکاره فەرانسهییهکهیان له سابڵا‌غ له کاتی هاتنی هێزی سمکۆ بۆ ئه‌وێ له ساڵی 1921 به هه‌ڵه کووژراوهو ئه‌وه به پێچه‌وانه‌ی قسه‌ی نووسه‌ره.] ئه‌و بێزو قێزه گشتییه له ئاست عیساییه‌کان به گشتی ، و له ئاست میسیۆنێره‌کان به تایبه‌تی، که ده‌کرێ شوێن بکا له سه‌ر تێگه‌یشتنی سه‌روبه‌ندێکی گرینگ که ته‌قریبه‌ن نزیکه‌ی سی ساڵان فێرگه میسیۆنێرییه‌کان له ساوجبولاغ گێڕایان بۆ به‌ره‌وپێشبردنی کولتووری کوردی ( له‌وانه چاپه‌مه‌نی وه‌رزی)، په‌روه‌رده، وسه‌ره‌تای که‌شوهه‌وایه‌ک که پشتیوانی کرد له سه‌رهه‌ڵهێنانی یه‌که‌م ناسیونالیزمی خوێنده‌وار و ڕووناکبیریی کورد له شکڵی کۆماری مهاباد دا (46-1945).
ئامانجه‌کانی میسیۆنێری و چاپی ڕۆژنامه
یه‌کانگیر له گه‌ڵ ئامانجی بڵاوکردنه‌وه‌ی مه‌سیحییه‌ت، میسیۆنێره‌کان بڵاوکردنه‌وه‌ی خوێنده‌وارییان به پێویست ده‌زانی – ته‌نێ هه‌ر به قسه و له عیبادهت و پاڕانه‌وه دانا ، به‌ڵکوو به وشه‌ی نووسراویش بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ی هاتوونه‌ته سه‌ر دینی مه‌سیح بخوێندرێته‌وه. بۆیه چ له نێو ئاسۆرییه‌کان یان له نێو کورده‌کاندا،بۆیان گرینگ بوو شان بده‌نه به‌ر ئه‌وه‌ی زمانه خۆجێییه‌کان بهێندرێنه سه‌ر کاغه‌ز و بنووسرێن، ئه‌نستیتوو یان خوێندنگه دابمه‌زرێندرێن ، چاپخانه و ئه‌گه‌ریش هه‌ڵسووڕێ ڕۆژنامه‌یه‌ک ده‌رکه‌وێ. نه‌ک ته‌نێ هه‌ر له ئێران یان ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست به‌ڵکوو بۆ هه‌رجێیه‌کی ئه‌مریکاییه‌کان ده‌چوون، به تایبه‌تی پرۆتێستانته‌کان ومیسیۆنێرهکان، خه‌ڵکیان فێری خوێنده‌واری ده‌کرد، زۆر جاری واهه‌بوو بۆ یه‌که‌م جار سیستمی ڕێنووسیان بۆ زمانێکی خۆجێیی ده‌کار ده‌هێنا، زۆر جار بۆ زمان و زاراوه‌ی ئه‌وتۆ که له باری جوگرافییاییه‌وه دووره‌ده‌ست بوون وه‌کوو کرمانجی، یان ته‌نانه‌ت سۆرانیش، یه‌که‌م کاری که‌به سۆرانی چاپ کراههر چوار به‌شه‌کانی ئینجیل بوو، که تێیاندا هه‌رکام له چوارشاگردهکانی مه‌سیح باسی ژیننامه و کاره‌کانی ده‌که‌ن.کۆمه‌ڵه‌ی ئه‌مریکایی ئینجیل له ڕاستیدا، به تایبه‌تی پرۆفسۆرێکی ئاسۆری زانکۆی کۆلۆمبیا،ئابراهام یوهاننان ی (1925- 1853) راسپاردبوو یارمه‌تی بکا به ئاماده‌کردنی یه‌که‌م ئینجیل به زمانی سوریانی له ساڵی 1893. هێندێک له که‌ره‌سته عیساییه کوردییه‌کانی هه‌ره به‌رایی له پای بوونی لوتێرییه‌کان له سابڵا‌غ په‌یدا بوون. باوکی ڕوحانی دێتویگ فان ئۆرێتزن وه‌رگێڕاوه‌که‌ی خۆی له کتێبی دووهه‌می وه‌کوو مارکوس- ئێڤانگێلیۆم به کوردیی موکری له ساڵی 1909 دا چاپ کرد(17)، و دوکتور فۆسوم هه‌رچوار ئینجیله‌کانی له ساڵی 1919 به نێوی ئینجیلی موقه‌ده‌س چاپ کرد ، ئه‌ویش هه‌ر به دیالێکتی موکریی سابڵا‌غ بوو.
ئه‌ندامانی میسیۆنی لوتێری، سه‌ره‌ڕای ئه‌و چه‌ت و ته‌نگه‌به‌رییانه‌ی ده‌هاته سه‌رڕێیان له به‌ر بارودۆخی نائارامی،له سه‌ر هه‌وڵ و تێکۆشانی خۆیان به‌رده‌وام بوون بۆ وه‌دیهێنانی ئامانجیان بۆ دابین کردنی ده‌ره‌تانی په‌روه‌رده و بارهێنان. ئه‌وان فیرگهیان دامه‌زراند ، ههتیوخانهیهکیان ساز کرد، هه‌ر وه‌ها خزمه‌تی ده‌رمانیشیان پێشکێش ده‌کرد و له‌و باره‌یه‌وه ئه‌مریکاییه‌کان بۆ ورمێ و هه‌موو ئێران زۆر پێویست بوون و جێیان پڕ نهدکراوه(18). لوتێرییه‌کان پلانی خزمه‌تی ده‌رمانی و پژیشکیان بۆ کورده‌کان و ده‌سته پچوکه‌کانی دیکه‌ی ئێتنیکی له سابڵا‌غ و ده‌وروبه‌ری داڕشت و تا چه‌ند ساڵ به سه‌رکه‌وتووییه‌وه درێژه‌یان پێدا.
میسیۆنی لوتێری له سابڵا‌غ له سه‌ر وبه‌ندی جۆر به جۆر دا، له پژیشک، هه‌رنه‌بێ نه‌خۆشه‌وانێکی ژن، و هه‌میشه پێرسونێلی دینی پێک هاتبوو. له نێو ئه‌و کهشیشانهدا که بۆ ماوه‌ی هه‌ره درێژ له سابڵا‌غ خزمه‌تی کرد لودڤیگ ئولسه‌ن فاسوم بوو، که له‌گه‌ڵ ژنه‌که‌ی و کچه پچکۆڵه‌که‌ی هاتنه ئه‌وێ. دواتر بنه‌ماڵه‌ی فاسوم گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌وڵه‌ته‌یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا، به‌ڵام خوشکه‌که‌ی ، که نه‌خۆشه‌وان بوو، له گه‌ڵ میسیۆنه‌که که‌وت. هه‌موو میسیۆنێره‌کان به شێوه‌یه‌ک له شێوان تووشی " تا " ده‌هاتن، زۆرتر مالاریا که تاساڵانی 1950 کانیش له هه‌رێمه‌که دا به‌ربڵاو بوو(19). فاسوم بێجگه‌له "سوریانی"،به‌وجۆره‌ی له به‌ڵگه‌ی نووسراو دا ئارامی نوێی ئاسۆری نێوزه‌د ده‌کرێ، ئه‌وه‌نده‌ش فێری کوردیی خۆجێیی بوو که تا ساڵی 1912 دۆعا و پاڕانه‌وه‌کانی ڕه‌ببانی وه‌کوو یه‌که‌م کاری خۆی وه‌رگێڕێ. وه‌رگێڕانی سروودی نه‌به‌ردی ڕێفۆرماسیۆن به کوردی له لایه‌ن فاسومه‌وه،(سێ به‌ند)، یه‌که‌م ( و ڕه‌نگه تاقه وه‌رگێڕان) وه‌رگێڕانی کوردی قه‌ڵای مه‌زن خودای بانی سه‌ری ئێمه‌یه ( ئی مارتین لوتێر)، به بۆنه‌ی چوارسه‌ده‌مین ساڵی ڕێفۆرماسیۆنی پڕۆتێستانته‌وه بڵاو بووه‌وه.(20)باوکی ڕوحانی فاسوم له کاتێکدا وه‌ک کۆئۆردیناتۆری یارمه‌تی پێگه‌یاندنی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیک له ئیره‌وان ، ئه‌رمه‌نستان خزمه‌تی ده‌کرد له ساڵی 1920 ، له وێ نه‌خۆش که‌وت و سه‌ری نایه‌وه. ئه‌و له دوای ئه‌وه‌ی له فێورییه‌ی 1916 سابڵاغی به‌جێ هێشتبوو هه‌میشه هه‌وڵی ده‌دا بگه‌ڕێته‌وه ئه‌وێ.
له ماوه‌ی ساڵانی شه‌ڕ دا، فاسوم زۆری هه‌وڵ دا بۆ کۆ کردنه‌وه‌ی یارمه‌تی بۆ کورده‌کان و به‌وه زۆر زویر بوو بانگه‌وازه‌کانی گوێی نه‌ده‌درایه و چاپه‌مه‌نییه‌کانی عیسایی ئه‌مریکایی ته‌نێ بانگه‌شه‌یان ده‌کرد بۆ یارمه‌تی کۆکردنه‌وه بۆ ئه‌رمه‌نییه‌کان و ئاسۆرییه‌کان. فاسوم بۆ کۆمه‌ڵه‌ی لوتێری له ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکای نووسی، " ئه‌و هه‌موو کوشت و کوشتاره‌ی له ئه‌رمه‌نییه‌کان کراوه و ئه‌وهه‌موو به‌ڵایه‌ی شه‌ڕ به سه‌ری هێناون ، هه‌ر ئاواشی به سه‌ر کورده‌کان هێناوه، ته‌نێ که‌مێک دواتر." فاسوم بۆ پته‌و کردنی بانگه‌وازه‌کانی خۆی بۆ ده‌فریا که‌وتنی کوردان، باسی نامه‌یه‌کی کرد که له لایه‌ن دوکتور ئاله‌ن ڕا به ده‌ستی گه‌یشتبوو ، دوکتور ئاله‌ن میسیۆنێرێکی پرێسبیتێرییهن بوو له ورمێ، له لایه‌ن ڕووسه‌کانه‌وه که ده‌سته‌ڵاتی عه‌سکه‌ری بوون له ناوچه دا ( له ساڵی 1911 تا 1917 )،مۆڵه‌تی درابوویه سه‌ری سابڵا‌غ بدا.
دوکتور ئاله‌ن له نامه‌که‌یدا نووسیبووی، " ئه‌من له سابڵا‌غ بووم، به چاوی خۆم چاره‌ڕه‌شی و داماوی کورده‌کانم بینی.... به هه‌زاران شڕو شڕۆل له سه‌ر جاده‌کان خه‌ریکی سواڵن، هه‌موو جۆره نه‌خۆشییه‌ک ئه‌وێی داگرتووه..." قات وقڕی هێندێک شوێنی داگرتووه له به‌رشه‌ڕی نێوان هێزی ڕووسان و عوسمانی و، کورده‌کان به شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی له گه‌ڵ عوسمانییه‌کان که‌وتوون.
ویشکه‌ساڵی به‌رهه‌می گه‌نمی خه‌سار کردووه، ماده‌ی خۆراکی دیکه‌ش، ئه‌گه‌رچی به‌ش ده‌کا، به‌ڵام له به‌ر تێکچوونی ژیانی لادێ و ئه‌مین نه‌بوونی ڕێگه‌وبان نهگهێشتووهته جێ.دوکتور ئاله‌ن له نامه‌که‌یدا پشتڕاستی ده‌کاته‌وه له‌و 40000 کورده‌ی له‌ناو شارۆچکه‌که دان %75 ژنی پیر، بێوه‌ژنی گه‌نج و هه‌تیون، و %25 که‌ی دیکه‌ش پیاوی پیر و په‌ککه‌وتوون.(21) ژماره‌ی دانیشتوانی شارۆچکه‌که له ساڵی 1910 به 10000 تا 15000 که‌س داده‌ندرا به‌ڵام له به‌ر تێوه‌هاتنی په‌نابه‌ران له ده‌ره‌وه‌ی شارییه‌وه هه‌ڵمسابوو.له‌وانه له گونده ئه‌رمه‌نییه‌کانیشه‌وه.
وه‌فریا که‌وتنی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیک، که له بناوانه به ئامانجی یارمه‌تی ڕاسته‌وڕاست به ئه‌رمه‌نییه‌کان و"سوریانییه‌کان" دامه‌زرابوو ،دواتر ده‌ستی کرد به یارمه‌تی ناوچه‌یی؛ واته له یۆنان، تورکییه، سوورییه، مێزۆپۆتامیا و ئێران.(22)
بڵاوکراوه به‌راییه کوردییه‌کان له ئێران
بڵاو کردنه‌وه به هه‌ر زمانێک پێویستی به دوو هۆکار هه‌یه: جه‌ماوه‌رێک که بیخوێننه‌وه و ئامرازی چاپکردن.ئه‌وه به‌تایبه‌تی له سه‌ر وه‌رزنامه و ڕۆژنامان زۆر ڕاستتره ، چونکوو زیاتر له کتێبان مه‌به‌ستیان بڵاوکردنه‌وه‌ی ده‌نگوباس بوو له به‌راییه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا.چ وه‌رزنامه بێ یان کتێب، خوێنده‌وار به ده‌نگی بڵیند ئه‌وان بۆ نه‌خوێنده‌وار یان نیوه خوێنده‌واران ده‌خوێنێته‌وه، هه‌ر وه‌ها بۆ ئه‌وکه‌سانه‌ی که بۆخۆیان خاوه‌ن کتێب نه‌بوون یان ڕۆژنامه‌یان ئابوونه نه‌کردبوو.(23)چاپه‌مه‌نی ئاسۆری ئه‌و سه‌روبه‌ندی دهنگوباسی له گۆشه‌وکه‌ناری ئێرانه‌وه باس ده‌کرد، به تایبه‌تی له ته‌ورێز و تاران، و به‌شه جیاوازه‌کانی جیهانه‌وه، و دهنگوباسی ناوچه‌یی سه‌باره‌ت به کۆمه‌ڵگه‌که خۆی.سه‌باره‌ت به ڕۆژنامه‌ی کوردی، گرینگه هه‌ڵکه‌وتی مێژووییمان له به‌رچاوبێ بۆ ئه‌وه‌ی دیمه‌نێکی ڕوونمان بێته به‌رچاو که چۆن سێ بڵاوکراوه به زمانی کوردی ئاسته کراون که ده‌رکه‌وتوون. به‌ڵام – تا ئێستا، ته‌نیا یه‌کێکیان دۆزراوه‌ته‌وه.
به‌ر له هه‌موو شت، پێویسته ئه‌و ته‌م و ئاڵۆزییه بڕه‌وێنینه‌وه که سه‌باره‌ت به بڵاوکراوه‌یه‌کی مێسیۆنی لوتێری ڕۆژهه‌ڵات هه‌یه به نێوی كوردستان میشینێری. ئه‌و بڵاوکراوه‌یه نابێ له گه‌ڵ ئه‌و بڵاوکراوانه‌ی وا به زمانی کوردی له باکووری ڕۆژئاوای ئێران ده‌رچوون تێکه‌ڵ بکرێ. کوردستان میشینێری گۆڤارێک بوو له ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی په‌یتا په‌یتا بڵاو ده‌بووه‌وه، له شیکاگۆ ده‌ستیپێکرد، دوایه له دیترۆیت،مانسفیلد(ئۆهایۆ)، میناپۆلیس و کۆلۆمبووس (ئۆهایۆ) به‌رده‌وام بوو. ئه‌و گۆڤاره مانگانه بوو و له ساڵی 1910 تا ساڵی 1928 به زمانی ئینگلیسی ده‌رده‌که‌وت. ئه‌وه یه‌که‌م بڵاوکراوه‌یه به زمانێکی نا ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی وشه‌ی "کوردستان" ی له نێوه‌که‌ی دا ده‌کار کردبێ. ههرلهبهرئهو وشه‌یه‌ش بێ ئه‌و گۆڤاره ده‌بێ سه‌رنجی بدرێته سه‌ری. کوردستان میشینێری وه‌کوو سه‌فه‌رنامه‌ی میسیۆنێری، یارمه‌تی کرد به ئاگادارکردنی ئوڕووپاییه‌کان و ئه‌مریکاییه‌کان که کورده‌کان کێنه.(24)ئه‌وه، له درێژخایه‌ندا له‌وانه‌یه یاریده‌یه‌کی سه‌ره‌کی بووبێ بۆ ورووژانی سه‌مپاتی و ئاگاداری سه‌باره‌ت به کورد له ئوڕووپا و ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا دا.
له ساڵی 1917وه سه‌رنووسه‌ری گۆڤاره‌که مۆنس ئولسۆن وی (1942-1871) بوو. وی پرۆفسۆرێکی نوروێژی بوو له یه‌كێک له کالیجه‌کانی سه‌نت پاولی لوتێری دا. ئه‌و لایه‌نگرێکی به گوڕی هاوگێنیسم بوو،جوڵانه‌وه‌یه‌کی ژیانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی – سیاسی که ڕیشه‌ی ده‌گه‌ڕاوه بۆ سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌می نۆروێژ. مۆنس و ئێن.ئێچ.لۆر ، سه‌رۆکی میسیۆنی لوتێری ڕۆژهه‌ڵات ، لایه‌نگری گه‌رم و گوڕیان کرد به وه‌فریا که‌وتن و یارمه‌تیکردن به کوردان له هه‌مبه‌ر خه‌مساری به‌رده‌وامی ئه‌مریکا بۆ ددان پێداهێنان و ناسینی کاری وه‌فریا که‌وتن بۆ دابین کردنی پێداویستییه‌کانی موسوڵمانان، به تایبه‌تی که نێوی کوردانیش هاته گۆڕێ له مه‌ڕ ئه‌وه‌ی به‌شدارییه‌کی به‌رچاویان هه‌بوو له هێرش بۆ سه‌ر عیساییه خۆجێییه‌کان دا.(25)
گۆڤاری کوردستان میشنێری یارمه‌تیکرد به بانگه‌شه کردن بۆ میسیۆنی کوردان و ڕاکێشانی پشتیوانی بۆ کاره‌کانی، زیاتر به ڕیگای پێداگرتن له سه‌ر پشتگرتن و یارمه‌تیدانی میسیۆنێره‌کان به تایبه‌تی و له کۆبوونه‌وه‌ی عیبادهت وپارانه‌وه دا هه‌وڵی ده‌دا باربوویان بۆ کۆ بکرێته‌وه و خه‌رجی سه‌فه‌ریان دابین بکرێ. بۆ نموونه ، یای ئاگووستا گودهارت، که نه‌خۆشه‌وانێکی پرۆفێسیۆناڵ و به ڕه‌چه‌ڵه‌ک ئاڵمانییه‌کی پۆله‌ندی بوو [ تێبینی وه‌رگێڕ: نووسه‌ر هه‌ڵه‌ی کردووه ئاگووستا گودهارت به ڕه‌چه‌ڵه‌ک خه‌ڵکی یه‌كێک له وڵاتانی باڵتیک بووه، لهوێوهچووه بۆ ئه‌مریکا و له ئه‌مریکاوه هاتووه بۆ سابڵا‌غ.به‌ڕێز دوکتور ئه‌میری حه‌سه‌نپوور له 12ی ژووه‌نی 1977 له فیلادێلفیا دیداری له ئاگوستا گودهارت کردووه که ئه‌و ده‌می له نیوان 90 – 100 ته‌مه‌نی بووه. ئه‌و چاوپێکه‌وتنه له سهرکاسێتی ده‌نگ ئاسته کراوه. میس گودهارت، له نێو کۆنه سابڵاغیان دا به میس کوتات خانم مه‌شهووره، وەرگێڕ ]،و له کلیسای فیلادێلفیا ئیجازه‌ی وه‌رگرتبوو ئه‌و کلیسایه خه‌رجی سه‌فه‌ر و به‌ڕێچوونی وه‌ئه‌ستۆی خۆی گرت، له هه‌مان کاتدا کۆمه‌ڵی عیباده‌تکاران له‌و کلیسایه ئاماده‌یی خۆیان نیشان دا بۆ یارمه‌تی به کورده‌کان له سابڵا‌غ. (26) هه‌ر وه‌ها میسیۆنی لوتێری ڕۆژهه‌ڵات موافه‌قه‌تی کرد قه‌رزێک بدا به ئه‌وانه‌ی خه‌رجی ههڵسسوڕانی کاروباری کلیسایان به ئه‌ستۆوه گرتبوو بۆ پشتگرتنی باوکی روحانی جۆرج باشیمۆن و هاوسه‌ره‌که‌ی ( خه‌ڵکی ئالزاس بوون) ، و ئه‌و ده‌می له هێرمانسبورگ له ئاڵمان ده‌ژیان. ئه‌و کۆمه‌ڵگه لوتێرییه چالاکه پشتیوانی ده‌کرد هه‌م له میسیۆنه‌کانی نێو کورده‌کان وههم نێو ئاسۆرییه‌کانیش،به‌ڵام له ساڵی 1920 دا نه‌یتوانی ئه‌و خه‌رجانه دابین بکا " له به‌ر ئه‌وه‌ی شه‌ڕ به سه‌ر زه‌وی هێنابوو".میسیونێرییهکان به ڕێگه‌ی ئه‌و گۆڤاره دا
که ته‌رخان کرابوو بۆکورده‌کان ، له مه‌یدانی چالاکییه‌کانیانه‌وه ده‌یانتوانی زانیاری خۆیان بڵاو بکه‌نه‌وه له مهڕپێشکهوتنی هه‌وڵه‌کانی خۆیان بۆ بانگه‌شه‌ی ئامۆژگارییه‌کانی عیسای مه‌سیح له نێو کورده‌کاندا، هه‌ر به شێوه‌ی میسیۆنێره‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه له‌هه‌موو به‌شه‌کانی جیهاندا.میسیۆنێره‌کانی ئه‌و سه‌وبه‌ندی وه‌کوو تێکه‌ڵاوێک له ڕێکخراوه ناحکوومه‌تییه‌کان و ڕۆژنامه‌نووسانی هه‌نووکه ده‌جووڵانه‌وه. زۆر جار ئه‌وان ته‌نیا چاو و گوێ بوون له به‌شه دووره‌ده‌سته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست، چین،هیندووستان و ئه‌فریقا دا وزانیارییان ده‌دا به چین و توێژی مامناونجی و سه‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به‌و ڕووداوانه‌ی له شوێن و جێگه‌ی دوور ده‌قه‌ومان. له به‌ر ئه‌وه‌ی بڵاوکراوه و ڕۆژنامه عیساییه گشتییه‌کان بۆ نموونه وه‌کوو کریستیان هێڕالد، له ماوه‌ی نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا به هه‌راوی له ناو ئه‌مریکادا بڵاو ده‌بوونه‌وه، به رکه به‌ری له گه‌ڵ بڵاوکراوه‌ی نامه‌زه‌بی، سه‌رنجدانه سه‌ر کورده‌کان له‌م به‌شه‌ی چاپه‌مه‌نی دا یارمه‌تی کردباس وخواسی له مه‌ڕ کوردان باش بڵاوبێته‌وه. له‌وه‌ش ده‌رچێ، ڕێبه‌رانی نه‌ته‌وه‌یی وه‌کوو جان رالیگ مۆت (1955- 1865) ، به‌ره‌وه‌ی خه‌ڵاتی ئاشتی نۆبێل ( ساڵی 1946)، ده‌ورێکی سه‌ره‌کییان گێڕا له پێوه‌ندی نێوان حکوومه‌ته‌کانی ڕۆژئاوایی و هه‌وله‌کانی میسیۆنێره‌کان، له‌وانه ئه‌وانه‌ش وا له ڕۆژهه‌ڵاتی نزیک کاریان ده‌کرد. بۆیه، له کوردستان میشنێری دا زۆر به چاکه باسی وی ده‌کرا. له راستیدا جان رالیگ مۆت ڕه‌نگه ئه‌و که‌سه بووبێ که ئه‌وده‌می هه‌ژماری ته‌خمینی کورده‌کانی له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا به 3.500.000 دانابێ.
کوردستان میشنێری له نێو کالیجه‌کان، کلیساکان و تاک و ته‌را دا بڵاو ده‌بووه‌وه، بۆههڵسووڕانی کاروبارو خه‌رج و تێچووی خۆی پشتی به یارمه‌تی ئه‌وانه‌ی ده‌به‌ست ئابوونه‌ی بوون،ژماره مانگانه‌کانی له کاتی خۆیدا ده‌رده‌چوون، ئه‌گه‌ر هاتبا دهنگوباسی کوردستان له ته‌نکه‌ی دابا، ئیدیتۆری گۆڤاره‌که ئه‌و که‌مایه‌سییه‌ی به وتاری له مه‌ڕ ئیسلام، وقورئان وهێندێک لایه‌نی ژیانی موسوڵمانان تێههڵدههێناوه ، هه‌ر وه‌ها بهچاپکردنهوهی وتاری که له بڵاوکراوه‌ی دیکه‌ی عیسایی (پرۆتێستانت دا) بڵاو ببوونه‌وه، نه‌ک له ئێران یان ڕۆژهه‌ڵاتی نزیک ، به‌ڵکوو له ئه‌فریکا، هیندووستان یان چین. سه‌رنجدانی تایبه‌تی و سه‌ره‌کی له ڕۆژهه‌ڵاتی نزیکدا بۆ سه‌ر هه‌رچییه‌کی که کوردی با زۆر چاوڕاکێشه، ته‌نانه‌ت دوای ساڵی 1916ش ، که ئه‌ندامانی مێسیۆنی لوتێری کوردی نه‌یانتوانی بگه‌ڕێنه‌وه سابڵا‌غ.ئه‌وان که ڕێگه‌یان لێ گیرابوو ناچار بوون کار بکه‌ن بۆ وه‌فریاکه‌وتنی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیک له هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست دا له نێو ئه‌رمه‌نییه‌کان له ئیره‌وان، ئاسۆرییه‌کان له ته‌ورێز یان هه‌مه‌دان ، و ته‌نانه‌ت له به‌غدا.
کوردستان میشنێری سه‌رچاوه‌یه‌کی یه‌کجار به‌که‌لکی زانیارییه سه‌باره‌ت به ڕووداوه‌کان له سابڵا‌غ و شارۆچکه‌کانی ده‌وروبه‌ری، له ماوه‌ی شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌مدا، ده‌ستڕاگه‌یشتنی ئه‌وان به مه‌کۆی سه‌ره‌کییان و گشت ئه‌و شوێنه‌ی که ئێستا بووه به ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا، پێشی پێ‌گیرا له به‌ڕ شه‌ڕی نێوان قازاخان وژاندهرمهری دوا به دوای شۆڕشی مه‌شرووتییه‌تی ( ده‌ستووری) ئێران و هه‌ڵوه‌شانی نه‌زم و هێمنی. ئه‌و وێنانه‌ی به‌ر له شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌م له کوردستان میشنێری دا چاپ بوون ، هه‌ر کاتێک فاسوم پێیکرابا سه‌ری ته‌ورێز بدا بۆ به‌ده‌ست خستنی زینکی زیاتری فۆتۆگرافی ، ڕه‌نگه له باشترین و کۆنترین وێنه‌کانی ساوجبولاغ بن. ئه‌و نه‌خشانه‌ش که فاسوم هه‌وڵی ده‌دا له هه‌رێمه کوردییه‌کانی بکێشێته‌وه به‌که‌لکن. ئه‌و گۆڤاره ئه‌مریکاییه به‌رده‌وام بوو له سه‌ر بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌ر زانیارییه‌کی که توانیبای په‌یدای کا و پێیدادهگرت:" کلیسای لوتێری ئه‌مریکا به گشتی خه‌ون و ئاواتمان وه‌دی ده‌هێنێ: کوردستان بۆ عیسای مه‌سیح."(27)
کوردستان میشنێری ئه‌گه‌رچی هه‌تا بڵێی سه‌رچاوه‌یه‌کی به‌که‌لکه، به تایبه‌تی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که زۆربه‌ی ژماره‌کانی له به‌رده‌ست دان، به‌ڵام نموونه‌ی نووسینی به زمانی کوردی زۆر زۆر که‌م تێدایه،ده‌ستاوێژ و که‌می نێوی کوردی تێیدا زۆر
چاو ڕاکێشه.فاسوم کامێرایه‌کی به ده‌سته‌وه ده‌گرت و زۆری وێنه‌ی منداڵانی کورد و ده‌سته‌ی پیاوانی کوردی ده‌کێشا، که زۆربه‌ی ئه‌وانه له لاپه‌ڕه‌کانی کوردستان میشینێری دا ده‌رکه‌وتوون. وێده‌چێ پێوه‌ندی له گه‌ڵ تاک و ته‌رای کوردجارو بار بووبێ ، که‌سێکی سه‌ره‌کی که زۆرجار و به به‌رده‌وامی ئاماژه‌ی پێکراوه سمایلاغای سمکۆیه ( له ساڵی 1929 دا کووژرا) [تێبینی وه‌رگێڕ: نووسه‌ر هه‌ڵه‌ی کردووه سمکۆ له ١٨ی ژووییەی 1930 دا کووژراوه]، که نزیکه‌ی بیست ساڵان به میلیشیای عه‌شیره‌تی ڕۆژئاوای ئازه‌ربایجانی کردبووه گۆڕه‌پانی لێدهوبڕۆی خۆی ،هێرشی ده‌کرده سه‌ر کورده هاوکووفه‌کانی، تورکه‌کان و به‌تایبه‌تی دێیه ئاسۆرییه‌کان و تاڵانی ده‌کردن [ تێبینی وه‌رگێڕ: لێره‌دا نووسه‌ربه پێی سۆزی ئێتنیکی داوه‌ری کردووه و هیچ خۆی له هۆی پێکههڵپڕژانهکانی سمکۆ و لایه‌نه‌کانی دیکه نادا .].کوردی جۆر به جۆری دیکه‌ی وا له کوردستان میشنێری دا باسیان لێوه‌کراوه ، پیاوماقووڵانی ناوچه و ژنه‌کانیانن، و هه‌ر وه‌ها مسته‌فا قازی که خوێندکارێکی به‌شی پژیشکی بووه له زانکۆی نه‌خۆشخانه‌ی حه‌یده‌ر پاشای ئه‌سته‌مبووڵ و کوڕی
پیاو ماقووڵێکی ناوچه بووه [ تێبینی وه‌رگێڕ: مسته‌فای شه‌وقی قازیزاده ( دوکتور مسته‌فای قازی دواتر) کوڕی قازی له‌تیف و ئامۆزای باوکی قازی محه‌مه‌د بووه. له تورکییه خوێندنی پژیشکی ته‌واو کردووه به پێی نووسراوه‌کانی کوردستان میشنێری پێوه‌ندییه‌کی نزیکی له گه‌ڵ میسیۆنێره‌کان هه‌بووه.دوای ته‌واو کردنی خوێندن چه‌ند جارێک هاتووه‌ته‌وه سابڵا‌غ، به‌ڵام دوایه چووه‌ته‌وه بۆ تورکییه. له ساڵانی دوایی ژیانی تا ئێستا ئاگادارییه‌کی ئه‌وتۆ به‌ده‌سته‌وه نییه، وەرگێڕ ]. گشت که‌سانی دیکه‌ی خۆجێیی که ئاماژه‌یان پێکراوه، بریتین له جووله‌که‌کان، ئه‌رمه‌نییه‌کان و پێرسۆنێلی دیپلوماتیک به شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی ڕووسه‌کان. ده‌سته‌یه‌ک که له کوردستان میشنێری دا له سابڵا‌غ باسیان کراوه و باش نه‌ناسێندراون " مووسڵی" یه‌کانن که وێده‌چێ تاجر بووبن ، ڕه‌نگه کلدانی کاتۆلیک بووبن و بۆیه به‌شێک نه‌بووبن له ده‌سته‌ی پرۆتێستانت له کاتی نزا و پاڕانه‌وه دا.
به تایبه‌تی بنه‌ماڵه‌ی میرزا شه‌مۆییل یارمه‌تیده‌ری لوتێرییه‌کان بوون، جووله‌که‌ی عیسایی! ( ئارامی زمان) که له‌گه‌ڵ میسیۆنێره‌کان که‌وتن کاتێک ئه‌وان له سابڵا‌غ ڕایان کرد،پێکێشیان ده‌کرد هۆی سه‌ره‌کی چوونیان ئه‌وه‌یه له برسان نه‌مرن،نه‌ک له ترسی هێرش بۆ سهرکرانیان.کاتێک میرزا شه‌مۆییل مامۆستای زمانی کوردی باوکی روحانی فان ئورتزێن و وه‌رگێڕی فاسوم ، ته‌قه‌ی لێ‌کرا و کووژرا(1915)، میسیۆن به‌ڵێنی دا ئاگاداری له ژنه‌که‌ی ،جه‌واهێر و 4 منداڵه‌کانی بکا.(28) رێی تێده‌چێ میرزا شه‌مۆییل مامۆستای کوردی فاسوم بووبێ ،هه‌ر وه‌ک زانای ئاسۆری میرزا مارفی خان که‌ره‌م(1943- 1862) که له ته‌ورێز مامۆستای زمانی کوردی ئه‌و لوتێرییانه بوو له‌وێ ده‌گیرسانه‌وه و له‌وێوه به‌ره‌و سابڵا‌غ ده‌چوون.(29)
نێوهێنان و ئاماژه‌ی به‌رته‌نگ به تاکوته‌رای کورد له کوردستان میشینێری دا به مانای هه‌بوونی پێشداوه‌ری و ده‌مارگرژی نییه. ته‌نانه‌ت دوای کووژرانی باوکی روحانی ئێمانوێل دامان (1907) (30)که کوردناسێکی به‌نێوبانگ بوو، و باوکی ڕوحانی جۆرج باشیمۆن (1921)، ئیدیتۆرانی کوردستان میشنێری ، ده‌ستیان ده‌گێڕاوه له‌وه‌ی کورده‌کان تاوانبار بکه‌ن ، و له جیاتیان ده‌یان پرسی،" گه‌لۆ ده‌کرێ ئێمه سێ میلیۆن و نیو کورد تاوانبار بکه‌ین به‌و کوشتنه؟" (31)ئه‌گه‌رچی ئه‌وان ده‌نووسن که کوشتنی دووه‌م بۆیه قه‌وماوه که ئه‌و قوربانییه فەرانسهییه " زۆر وه ئه‌رمه‌نییه‌ک چووه." ئه‌وان ته‌نانه‌ت خه‌تای ئه‌و تاوانه که به هۆی دینی کرا ده‌خه‌نه سه‌ر ئه‌ستۆی تاکوته‌رایی کوردی که خه‌ڵکی ناوچه‌که نه‌بوون وه‌ک سمکۆی عه‌شیره‌تی شکاک.(32)
ئه‌وه‌ی که کورده‌کان کاندیدای باشن بۆ وهرگهڕاندنیان به‌ره‌و مه‌سیحییه‌ت، ئه‌و باوه‌ڕه‌یه وا ده‌کا بانگه‌شه‌ده‌رانی ئه‌مریکایی و ئەڵمانی عیسایه‌تی له هه‌وڵه‌کانی ئه‌مڕۆی کورده‌کان پشتیوانی بکه‌ن، وه‌ک ئێستا له عێراق ده‌یبینین، به ناردنی بانگه‌شه‌ده‌رانی عیسایی بۆ ناویان.هه‌ر هه‌مان باوه‌ڕ نزیکه‌ی سه‌د ساڵ پێشتر ئه‌ندامانی میسیۆنی لوتێری ڕۆژهه‌ڵاتی دنه ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی درێژه بده‌ن به ئه‌رکی بێکه‌لکی خۆیان بۆ له دین وه‌رگه‌ڕاندنی[کورده‌کان] له سابڵا‌غ. مرخ و مه‌یلی ئێستا ش بۆ له دین وه‌رگه‌ڕاندنی کورده‌کان به‌وبابه‌ت و نووسراوانه‌ی له مالپه‌ڕ وزێده کوردییه‌کاندا سه‌باره‌ت به " کورده عیساییه‌کان" بڵاو ده‌کرێته‌وه خۆش ده‌کرێ". (33)
ئه‌و پێداچوونه‌وه کورته به زۆربه‌ی ژماره‌کانی کوردستان میشنێری دا وشیکردنه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی چاپکران و بڵاو بوونه‌وه‌ی له‌لایه‌که‌وه به مه‌به‌ستی ناساندنی ئه‌و ڕۆژنامه پڕ له زانیارییه و له سه‌رێکی دیکه‌وه وه‌کوو سه‌رچاوه‌یه‌کی ئاگادارییه سه‌باره‌ت به‌و ڕۆژنامه کوردییانه‌ی له ده‌وروبه‌ری شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌م له باکووری ڕۆژئاوای ئێران ده‌رکه‌وتوون. ئێستا با بێینه سه‌رئه‌م سه‌رچاوانه‌ی وا تاکوو ئێستا له‌مه‌ر چاپه‌مه‌نییه به‌راییه‌کانی کوردی له ئێران ڕوون بوونه‌ته‌وه.
ڕۆژنامه به زمانی کوردی له ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا
له ساڵی 1998 سه‌ده‌مین ساڵی چاپی یه‌که‌م ڕۆژنامه‌ی کوردی، "کوردستان " به جێژن گێرا، که به سه‌ره‌تایه‌ک داده‌ندرێ بۆ به‌رهه‌مهێنانی چاپه‌مه‌نی کوردی ، ئه‌و ڕۆژنامه‌یه له میسری بریتانیا چاپ ده‌کرا.له ئێران و ئیمپراتۆری عوسمانی که زێدی کورده‌کان بوو ، ڕۆژنامه‌ی کوردی ده‌رزه‌نێک ساڵ دواتر سه‌ریان هه‌ڵدا. یه‌که‌م ڕۆژنامه کوردی له ئیمپراتۆری عوسمانی له ئه‌سته‌نبووڵ ده‌رکه‌وت، دوای ئه‌و ئازادییانه‌ی پاش وه‌خۆکردنی قانوونی بنچینه‌یی 1908 هاته گۆڕێ. گه‌لۆ یه‌که‌م چاپه‌مه‌نی کوردی له ئێران که‌نگێ ده‌رکه‌وتووه؟
له ئێران، کۆمه‌ڵێک بڵاوکراوه به زمانی کوردی هاوکات له گه‌ڵ دامه‌زرانی کۆماری مهاباد سه‌ریان هه‌ڵێنا(46-1945) کاتێک شووره‌وییه‌کان چاپخانه‌یه‌کیان دا به هاوپه‌یمانه کورده‌کانیان. ده‌بێ له ته‌ورێزیش چاپخانه‌یه‌ک هه‌بووبێ.(34) له سایه‌ی سه‌رچاوه شووره‌وییه‌کان و ڕۆژئاواییه‌کان ئه‌و قۆناخه ئاشکرایه و باش پێی ده‌زاندرێ، قۆناخێکی که به سه‌رکوتکردنی سیاسی بزووتنه‌وه داواکهرهوهکانی تورکی ئازه‌ری و کورد له لایه‌ن تارانه‌وه به کشانه‌وه‌ی ئه‌رته‌شی شووره‌وی له ساڵی 1946 کۆتایی پێهات.گشت ئه‌و ڕۆژنامانه ، وه‌کوو ڕۆژنامه‌کانی به‌ر له خۆیان له ئێران به ئه‌لفوبێتکه‌ی ئاڵوگۆڕکراوی عه‌ڕه‌بی چاپ ده‌کران. تا ساڵی 1941 ئاستی خوێنده‌واری به زمانی فارسی به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو به‌ره‌وژوور چووبوو له نێو گشت دانیشتوانی شاران له باکووری ڕۆژئاوای ئێران به دامه‌زرانی خوێندنگه‌ی گشتی له شاره سه‌ره‌کییه‌کان و په‌روه‌رده کردن ته‌نێ به زمانی فارسی، ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ش که زمانی بوومییان فارسی نه‌بوو.سه‌ره‌ڕای ئه‌و کول و ده‌رده‌ی که داسه‌پێندرابوو، منداڵه‌کانی شارنشین ده‌ستیان کرد به خوێندنه‌وه‌ی فارسی. تێپه‌ڕین له زمانی فارسی به‌ره‌و زمانی کوردی بۆ ئه‌و خوێندکاره کوردانه‌ی ده‌رفه‌تیان ده‌ستکه‌وتبوو به زمانی کوردی بخوێنن به ڕاگه‌یاندنی کۆمار، دژوار نه‌بوو. کورده‌کان و فارسه‌کان عه‌ینی ئه‌لفوپێتکه ده‌کار ده‌هێنن.
هه‌تا ئێستا، ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی له به‌ر ده‌ست دان ڕوونی ناکه‌نه‌وه که له کوێ، که‌ی و به پشتیوانی چی یه‌که‌م ڕۆژنامه‌کانی کوردی له ئێران ده‌رکه‌وتوون. ئێدوارد گ.بڕاون ، یه‌که‌م سه‌رچاوه سه‌باره‌ت به شوێنگێڕی و لێکدانه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌ی چاپکراو له ئێران تا دوای شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی،هیچ ئاماژه‌یه‌ک به چاپه‌مه‌نی کوردی ناکا. ته‌نانه‌ت لێکۆله‌ره‌وه‌یه‌کی وردی وه‌ک ده‌یڤید مه‌کداول، سه‌رچاوه‌ی هه‌ره جێی باوه‌ر سه‌باره‌ت به کوردی مۆدێرن و هاوچه‌رخ ، مه‌سه‌له‌ی بڵاوکراوه به‌راییه‌کانی کوردی له ئێران تێکه‌ڵ ده‌کا و به ئاڵۆزی لێیان ده‌دوێ. ئه‌و ده‌ڵێ "ڕۆژی کوردستان" له ساوجبولاغ ده‌رکه‌وتووه (لاپه‌ڕه‌ی 221) و له په‌راوێز دا ئاماژه به سه‌رچاوه‌یه‌ک ده‌کا که باسی ڕۆژنامه‌یه‌کی ئه‌وتۆی تێدا نییه.(35)
به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌ک به زمانی فارسی که هه‌وڵ ده‌دا مێژوویه‌کی ته‌واوی ورمێ به‌ده‌سته‌وه بدا ،ئاماژه ده‌کا به لانی که‌مه‌وه به 3 ڕۆژنامه‌ی کوردی که له ده‌وروبه‌ری شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانیدا ده‌رکه‌وتوون.ئه‌وه هه‌م سه‌روبه‌ندی لێبوون و ئاماده‌یی میسیۆنێره ئه‌مریکاییه‌کانه ، هه‌م سه‌رهه‌ڵێنان و سه‌ربزێوی و باڵاده‌ستی عه‌شیره‌تی کورد، و زێده بوونی هه‌ست و سۆزی ناسیۆنالیستی له نێو گشت ده‌سته ئێتنیکییه‌کان له ناوچه‌کانی عوسمانی و ئێران. بۆیه، زانیاری و شیکردنه‌وه‌ی ڕاستینی هه‌ر ڕۆژنامه‌یه‌کی کوردی ئه‌و سه‌روبه‌نده به‌که‌لک ده‌بێ.
ئه‌مه‌ی خواره‌وه خشته‌یه‌که سه‌باره‌ت به بڵاوکراوه کوردییه‌کان که له سه‌رچاوه فارسییه‌کاندا ئاماژه‌یان پێکراوه: (36)
ڕۆژنامه سه‌رنووسه‌ر بڵاوکه‌ره‌وه زمان شوێن مێژوو
کورد محه‌مه‌د قزیحی نادیار کوردی ورمێ 1330ک.م/1911
کوردستان عه‌بدولره‌زاق سمکۆ کوردی ورمێ 1331ک.م./1912
به‌درخان
کورد محه‌مه‌د تورجانی که‌س کوردی ورمێ 1340ک.م/1921
به شیکردنه‌وه‌ی بڵاوکراوه ئاسۆرییه‌کان له خشته‌که‌دا،که ئه‌و زانیارییه‌ی سه‌ره‌وه سه‌باره‌ت بهبڵاوکراوهکوردییهکان له‌و ده‌رخراوه، ڕوون ده‌بێته‌وه به‌رهه‌ڤکار بۆخۆی گشت ئه‌و بڵاوکراوانه‌ی نه‌دیوه یان نه‌یتوانیوه نموونه‌یان بخوێنێته‌وه. ئه‌و کلدانی و ئاسۆری وه‌کوو دوو زمان له یه‌ک جوێ ده‌کاته‌وه( هه‌ردووکیان له ده‌شتی ورمێ عه‌ینی شت بوون) و مێژووه‌کانیش تاق و جووت ده‌کا. به‌ڵام ناوی ڕۆژنامه‌کان تاق و جووت ناکا.(37)ئاشکرایه تا ئه‌و جێیه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ڕۆژنامه کوردییه‌کان ناکرێ گومان له جێی باوه‌ڕ بوونی بکرێ چونکوو ئه‌و ئهلفوپێتکهیهی ده‌کار کراوه بۆ فارسی و زمانی تورکی ئازه‌ری ئێران هه‌ریه‌ک بووه.له لایه‌کی دیکه‌وه،سه‌باره‌ت به بڵاوکراوه ئاسۆرییه‌کان، به‌ڕواڵه‌ت ئه‌و نه توانیویه ئارامی بخوێنێته‌وه و نه ئه‌وه‌ش ئهلفوپێتکهکه هه‌ڵێنێ و فه‌رق به‌و هه‌ڵانه بکا که تێیاندا بووه.
ئه‌و مێژوویه ههموولایهنهیهی ورمێ، له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ده‌کرێ زانیارییه‌کانی له‌مه‌ڕ بڵاو کراوه کوردییه‌کان هه‌ڵه بێ. یه‌که‌م، له ته‌واوی ئه‌و سه‌روبه‌نده دا سمکۆ له هه‌موو ئازه‌ربایجان ده‌ستی ده‌ڕۆیشت، به‌ڵام به‌ڵگه‌یه‌کی زۆر که‌م به‌ده‌سته‌وه‌یه که تا ساڵی 21-1920 له نێوخۆی ورمێ دا هه‌ڵسووڕانێکی بووبێ. دووه‌م، ڕۆژنامه‌ی کوردستان که له میسر ده‌رده‌چوو وبنه‌ماڵه‌ی به‌درخان چاپیان ده‌کرد له‌وانه‌یه گه‌یشتبێته ورمێ و ئه‌وه ده‌بێ به ڕێگه‌ی ئه‌سته‌نبووڵ له ماوه‌ی ساڵانی 12-1911 دا هاتبێ. جێی گومانه سمکۆ بڵاوکه‌ره‌وه‌ی ئه‌و ڕۆژنامه‌یه بووبێ.
ئه‌و پرسیارانه به وڵام نه‌دراوی ده‌مێننه‌وه، ئهوپێداچوونهوه به ڕۆژنامه کوردییه‌کاندا له ورمێ چه‌نده هه‌له‌یه؟ گه‌لۆ ڕۆژنامه‌ی کوردستان له ڕاستی دا له ورمێ ده‌رکه‌وتووه به‌ڵام بڵاوکه‌ره‌وه‌که‌ی که‌سێکی دیکه بووه؟ گه‌لۆ ڕۆژنامه‌یه‌ک هه‌بووه به نێوی ڕۆژی کوردستان له سابڵا‌غ، وه‌کوو مه‌کداوڵ باسی ده‌کا؟
له‌وه‌ش ده‌رچێ پاشخانی ئێدیتۆره‌کان چ بووه ئه‌وان له کوێ‌یان خوێندووه و په‌روه‌رده‌یان چ بووه؟ چ چاپخانه‌یه‌ک ده‌کار هێندراوه؟کامه نێوه‌رۆک له‌و ڕۆژنامانه دا ده‌یسه‌لـمێنێ ئه‌وان نوێنه‌رایه‌تی هه‌ست و سۆزی کوردی‌یان کردبێ چ ئی چینی ڕووناک‌بیری ساوا و تازه پێگه‌یشتوو، ئی پیاوماقووڵان ( ئاغاکان)، یان ئیدیکه؟ به بێ نموونه‌ی ڕاستی یان ته‌نانه‌ت لاپه‌ڕه‌یه‌کی شڕی ڕۆژنامه‌کان دوایین پرسیار ناکرێ وڵام بدرێته‌وه. به‌ڵام ئێمه ده‌کرێ هێندێک له‌و که‌سانه‌ی به‌شدارییان کردووه له به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و ڕۆژنامه به‌راییه کوردییانه دا بناسینه‌وه.
هێندێک به‌ڵگه به‌ده‌سته‌وه‌یه ده‌یسه‌لمێنێ یه‌کێک له‌و سێ ڕۆژنامانه بڵاو بووه‌ته‌وه.
سهرلاپهڕهی ژماره‌یه‌کی کورد له نامه‌ی دوکتورای ئه‌میری حه‌سه‌نپوور دا بڵاو کراوه‌ته‌وه.(38) که نێشان ده‌دا ئه‌و ڕۆژنامه‌یه له 1340ی کۆچی/1921ی زایینی له ورمێ بڵاو بووه‌ته‌وه، ڕۆژنامه‌ی کورد نه‌خشه‌ی ئه‌وه بووه ببێته ئۆرگانی حه‌وتووانه‌ی ئه‌و حکوومه‌ته‌ی له لایه‌ن سمکۆ وه به‌ڕێوه ده‌چوو، ئه‌و جۆره‌ی له سهرلاپهڕهی ئه‌و ڕۆژنامه‌یه ڕا ده‌رده‌که‌وێ زمانی ئه‌و ڕۆژنامه‌یه به تورکی، فارسی و کوردی بووه. ڕسته‌یه‌کی عه‌ڕه‌بی له سه‌ر سه‌ره‌وه ئایه‌تێکی قورئانه که وه‌رگێڕانه‌که‌ی ئاوایه:هه‌موولاتان ده‌س ده ڕشته‌ی په‌یمانی خوا وه‌رێنن و بڵاو مه‌بن" ئه‌وه ئایه‌تی 103ی ئالی عیمرانه. کورد له چاپخانه‌ی غیره‌ت چاپ ده‌کرا، ئه‌و سه‌رچاوه فارسییه‌ی باس کرا ده‌ڵێ سه‌رنووسه‌ری ئه‌و ڕۆژنامه‌یه محه‌مه‌دی تورجانی بووه و وێنه‌ی سهرلاپهڕهکهش ئه‌م ڕاستییه پشت‌راست ده‌کاته‌وه.. حه‌سه‌نپوور بڵاوکراوه‌که وه‌کوو " سهرلاپهڕهی (ڕۆژی) کورد ده‌ناسێنێ و ده‌ڵێ ئۆرگانی ده‌زگای به‌ڕێوه‌به‌ریی ئیداره‌ی سه‌رهه‌ڵداوی " سمایل" ئاغای سمکۆ بووه له ئێران." (39)تا کوو ئێستا ، هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک له ڕۆژنامه‌ی کوردی ساڵی 1330 کۆچی/1911 له لایه‌ن هیچ سه‌رچاوه‌یه‌ک ڕا به‌ده‌سته‌وه نه‌دراوه. هیچ ئاگادارییه‌کیش له به‌ر ده‌ست دا نییه که بکرێ محه‌مه‌دی قه‌ریحی پێ بناسرێته‌وه.
گرێی ڕاستی بوونی ڕۆژنامه‌ی سێیه‌م، کوردستان، له‌وانه‌یه نزیک بێ له کرانه‌وه. سه‌رچاوه فارسییه‌که ده‌ڵێ له ساڵی 1331ی کۆچی مانگی /1912 ده‌رکه‌وتووه. به‌ڵام گومانێکی جیدی هه‌یه له‌مه‌ڕ باوه‌ڕ کردن به‌و سه‌رچاوه فارسییه. نێوی سه‌رنووسه‌ره‌که‌ی وه‌ک ئه‌ندامێکی بنه‌ماڵه‌ی به‌درخان باس کراوه، به‌ڵام پشتگر و بڵاوکه‌ره‌وه‌که‌ی به سمکۆ داندراوه. له کاتێکدا سمکۆ له نێوخۆی خاکی ئێران و ده‌ره‌وه‌ی و ڕۆژهه‌ڵاتی تورکییه له هاتو چۆ دا بوو، هیچ وێناچی سه‌روکارێکی له گه‌ڵ به‌درخانییه‌کاندا هه‌بووبێ ( بە پێچەوانەی قسەی نووسەر زۆر سەرچاوە ئاماژە دەکەن بە پێوەندیی سمکۆ و عەبدولڕەزاق بەدرخان . وەرگێڕ ) . ئه‌و ڕازه هه‌رده‌مێنێته‌وه تۆ بڵێی ڕۆژنامه‌یه‌ک به نێوی کوردستان هه‌ر هه‌بووبێ.
هۆی باش هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێ بکرێ یان میسیۆنێره‌کانی پرێسبیتێری له ورمێ یان لوتێرییه‌کان له ساوجبولاغ مرخ و مه‌یلی ئه‌وه‌یان تێدابووبێ ده‌ستبکه‌ن به بڵاوکردنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌یه‌ک به زمانی کوردی.پرێسبیتێرییه‌کان،زۆر جار مه‌یلی خۆیان ده‌رده‌بڕی بۆ کار کردن له نێو کورده‌کاندا تا ساڵی 1913. فاسوم له سابڵا‌غ و ئێدمان چاوه‌ڕییان ده‌کرد ئه‌مریکاییه‌کان نه‌خۆشخانه‌یه‌ک له لای ئه‌وان ده‌بمه‌زرێنن به‌ڵام کاری په‌روه‌رده و بارهێنان بۆ لوتێرییه‌کان جێ بهێلن.
گه‌لۆ ده‌کرێ ڕۆژنامه‌یه‌کی ئه‌وتۆ به زمانی کوردی له لایه‌ن لوتێرهکانهوه له سابڵا‌غ بڵاو کرابێته‌وه؟ ڕه‌نگه ئه‌وه نه‌کرابێ، ئه‌گه‌رچی مه‌کداوڵ به سه‌رداگیراوی ده‌ڵێ که‌سێک ڕۆژنامه‌یه‌کی ئه‌وتۆی بۆ سمکۆ له سابڵا‌غ بڵاو کردووه‌ته‌وه. ده‌بێ ئه‌وه بسه‌لمێ گه‌لۆ له‌وێ ده‌ست ڕاگه‌یشتووه به چاپخانه. له سه‌رتاسه‌ری ساڵانی 1913 و 1915 فاسوم له نامه‌کان و گوزاریشتهکانیدا باسی پێداویستی به چاپخانه ده‌نووسێ. ئه‌و خه‌رێکی ئاماده‌کردنی کتێبی دۆعاو سرووده ئایینییه‌کان و کتێب بۆ خوێندنی فێرگه‌کان بوو که له‌به‌ر نه‌بوونی چاپخانه له‌وێ نه‌یده‌توانی چاپیان کا. ئه‌گه‌ر داوای لهپرێسبیتێرییهکان کردبا له ورمێ ئه‌وانه‌ی بۆ چاپ بکه‌ن ئه‌وه زۆر ئاسته‌م بوو و زۆر به گرانی له سه‌ر ده‌که‌وت بۆیه ناچار بوو نووسخه به ده‌ست بنووسێته‌وه و بڵاوی کاته‌وه
له ڕاستیدا فاسوم له گه‌ڵ پرێسبیتێرییه‌کان له ورمێ پێوه‌ندی کرد بۆ چاپکردنی وه‌رگێڕانی چوارئینجیلهکان به کوردی. پڕۆژه‌یه‌کی که نزیکه‌ی دووساڵ کاری له سه‌ر کردبوون. له ساڵی 1912 دا پرێسبیتێرییه‌کان ئاماده‌یی خۆیان نیشان دا بۆ چاپکردنی بابه‌ته‌کانی وی به چاپخانه ده‌ستییه‌که‌یان له بری 100 دۆڵار و 150 دۆڵاری دیکه‌ش بۆ هه‌ربه‌شێکی که پێویست بێ له به‌شه کوردییه‌که زیاد بکرێ. به‌ڵام کۆمه‌ڵه‌ی لوتێری ڕۆژهه‌ڵات له ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا قه‌ت ئه‌و دراوه‌ی بۆ نه‌نارد.به‌ڵام له چه‌ندین ژماره‌ی کوردستان میشینێری دا و له سه‌ر به‌رگی ڕێزمانه کوردییه به‌نێوبانگه‌که‌ی (1919)، ئه‌و ڕاده‌گه‌ێێنێ لێبڕاوه گۆڤارێک به زمانی کوردی له گوێن و به قه‌واره‌ی کوردستان میشینێری بڵاو بکاته‌وه.
حه‌سه‌نپوور گۆمان ده‌خاته سه‌ر هه‌بوونی ڕۆژنامه‌یه‌ک له ساڵی 1914 دا.(40) ئه‌و پشت ده‌به‌ستێ به نامه‌یه‌کی کچی فاسوم که تێیدا ده‌ڵێ باوکی قه‌ت ڕۆژنامه‌یه‌کی ده‌ر نه‌کردووه.( ئه‌وه کچه که‌م ته‌مه‌نه‌که‌ی فاسومه که له ته‌مه‌نی 2 ساڵاندا سابڵاغی به جێهێشت و ته‌نێ له نێوان ته‌مه‌نی چوار ساڵان و شه‌ش ساڵاندا چاوی به بابی که‌وت به‌ر له‌وه‌ی که فاسوم بگه‌ڕێته‌وه بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی نزیک. فاسوم له وێ مرد بێ ئه‌وه‌ی جارێکی دیکه کچه‌که‌ی ببێنێته‌وه.) زۆر ئاسته‌مه بکرێ ئه‌و یایه شاهیدی بدا له سه‌ر نه‌بوونی ڕۆژنامهیەک که بۆ ماوه‌یه‌کی کورت بڵاو کراوه‌ته‌وه ( نه‌ک زیاتر له ساڵێک) به زمانێک که ئه‌و نه‌یده‌زانی له لایه‌ن بابێکه‌وه که به کورتی وته‌نێ به ڕێگه‌ی نامه ئاڵوگۆڕکردنه‌وه ده‌یناسی.
هوشیار که‌ریم قه‌ره‌داغی ، مێژووزانێکی ڕۆژنامه کوردییه‌کان له هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست ، ڕۆژنامه‌ی کوردستان ئاوا ده‌ناسێنێ" کوردستان گۆڤارێک بوو له ورمێ – ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له لایه‌ن مێسیۆنێره ئەڵمانییهکانهوه بڵاو ده‌کراوه... ژماره‌ی یه‌که‌می ... ئاوریلی 1914" وه‌کوو خه‌ڵکی دیکه‌ی وا به دوای زانینی بارودۆخی که‌مایه‌تییه‌کان دا بوون و لێیان کۆڵیوه‌ته‌وه، قه‌ره‌داخیش زۆر جار مێژووه‌کان تاق و جووت ده‌کا (وای داده‌نێ که یه‌که‌م میسیۆنێره ئه‌مریکاییه‌کان له ساڵی 1824 دا گه‌یشتوونه‌تێ). به‌ڵام ئه‌و ده‌ڵێ ڕۆژنامه‌که ڕێبازێکی سیاسی ئه‌ده‌بی بووه. ئه‌و هه‌ر وه‌ها پشتڕاستی ده‌کاته‌وه ئەڵمانییه‌کان " ئینجیلیان وه‌رگێڕا سه‌ر زمانی کوردی .. به مه‌به‌ستی" بڵاو کردنه‌وه‌ی باوه‌ڕه دینییه‌کانی خۆیان.(41)
ئه‌گه‌ر فاسوم ڕۆژنامه‌یه‌کی به نێوی کوردستان ده‌رخستبێ ، که ئه‌وه له چه‌ندین سه‌رچاوه دا داده‌گیرێته‌وه، که وابێ ده‌کرێ فاسوم یه‌که‌م که‌س بێ له ئێران که به زمانی کوردی ڕۆژنامه‌ی بڵاو کردووه‌ته‌وه. ئه‌وه نوخته وه‌رچه‌رخانێکی گرینگه له مێژووی کولتووری کوردی دا.گرفت ئه‌وه‌یه که تاکوو ئێستا هیچ نموونه‌یه‌ک له‌و ڕۆژنامه‌یه به ده‌سته‌وه نییه. گۆڤاری کوردستان میشێنێری هیچ نموونه‌ی سهرلاپهڕهی ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ی تێدانییه، به‌ڵام نموونه‌ی لاپه‌ڕه‌ی هیچ کام له کاره‌کانی دیکه‌ی فاسومیش له کوردستان میشینێری دا نابیندرێ. کاتێک میسیۆنێره لوتێرییه‌کان له ساڵی 1920 گه‌ڕانه‌وه سابڵا‌غ، هه‌موو شتێکیان له نێو چووبوو.میچی خانووی ماڵه‌که‌یان داهاتبوو و هه‌موو شتێکیان به تاڵان برابوو. میسیۆنه‌که پێداویستی به کۆ کردنه‌وه‌ی باربوو هه‌بوو بۆ کڕینی خوارده‌مه‌نی ، جلوبه‌رگ و به‌ڕێچوون، دا‌و وده‌رمان ، سازدانی کار بۆ خه‌ڵکی خۆجێیی ، و بۆ دروست کردنی عیبادهتگهیهک، نه‌خۆشخانه، خوێندنگه و خانووی میسیۆنێری. گشت ئه‌وانه له ماوه‌ی شه‌ڕ دا له‌نێوچوو بوون و تێکومه‌کان درابوون.
له هه‌موو باکووری ڕۆژئاوای ئێران‌دا چیرۆکی لێده و بڕۆ و تێکدان وتاڵانی گشت شوێنی میسیۆنێری و ماڵی عیساییه‌کان دووپاته ده‌بووه‌وه. ته‌نیا هۆی ئه‌وه‌ی که نموونه‌کانی چوار ڕۆژنامه‌ی ئاسۆری پارێزران ئه‌وه بوو ئه‌وان بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ بڵاو بوونه‌وه( یه‌کێکیان بۆ ماوه‌ی 79 ساڵ) و ژماره‌یه‌کی زۆر له هه‌رێمه‌که دا و له ده‌ره‌وه ئابوونه‌یان بوون ، به تایبه‌تی له ته‌ورێز، تفلیس، سه‌نت پێترزبورگ ، و ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مرێکا . هێندێک له‌و ڕۆژنامانه له ئارشێڤهکانی میسیۆنێری دا شوێنگێڕی کراون.(42) به شێمانه‌یه‌کی زۆر ڕۆژنامه‌که‌ی فاسوم هه‌ر له نێو ئاڵقه‌یه‌کی به‌رته‌نگ له خه‌ڵکی هه‌رێمدا بڵاو کراوه‌ته‌وه. سه‌یر نییه ئه‌گه‌ر له ته‌ورێزێ پاریزرابێ و مابێته‌وه.
گه‌لۆ میسیۆنێره لوتێرییه‌کان یه‌که‌م ڕۆژنامه‌ی کوردی‌یان له ئێران بڵاو کرده‌وه؟
شک و گومان کردن له دڵ‌پاکی و سه‌داقه‌تی لودڤیک ئولسه‌ن فاسوم، میسیۆنێرێکی که تا ئه‌و ڕاده‌یه خۆی به‌خت کردبوو بۆ پێشکه‌وتنی کورده‌کان و کوردی ، وێده‌چێ به جێ نه‌بێ.فاسوم زۆری کار کرد بۆ فێربوونی کوردی- ئه‌و یه‌که‌م وه‌عزی خۆی به زمانی کوردی له عیبادهتگهی پچووکی سابڵا‌غ له 5ی مانگی مه‌ی 1912 دا به‌ڕێوه برد—زۆر سروودی دینی، کتێبی خوێندنگه‌ی له فارسی، سوریانی و تورکییه‌وه وه‌رگێڕا، چوار ئینجیله‌کانی وه‌رگێڕا و ڕێزمانه به نێوبانگه‌که‌ی ئاماده کرد. ئه‌و له گه‌ڵ میسیۆنێره‌کانی که له ناوچه‌کانی عوسمانی بوون و مرخیان تێدابوو بۆ خوێنده‌واری کوردی هاوکاری ده‌کرد به‌ره‌و گه‌ڵاڵه کردنی زمانێکی نووسینی هاوبه‌شی کوردی.(43)ئه‌و به نووسین له به‌رده‌م خوێنهوهرهی ئه‌مریکایی به‌رگری له کورده‌کان ده‌کرد و کاتێک کورده‌کان پێداویستییان به وهفریاهاتن بوو له باری فیزیکییه‌وه پشتی ده‌گرتن، وه‌کوو ئه‌رمه‌نییه‌کان، کاتێک ئه‌وان له سابڵا‌غ که‌وتنه به‌ر هێرشی هاوبه‌شی تورکه‌کان – کورده‌کان له سابڵا‌غ و حهوجییان بوو به داڵده بردن بۆ خانووی میسیۆنێری کاتێک که ڕووسه‌کان هاتنه نێو شارۆچکه‌که. هیچ هۆیه‌ک نییه بۆ دوودڵی کردن له خۆبه‌خت کردن و دڵ‌پاکی وی. ئیدیعای وی له‌مه‌ڕ ئه‌وه‌ی که ڕۆژنامه‌یه‌کی ئاماده کردووه ته‌نێ له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و میسیۆنێرێکی عیسایی بووه و کوردێک نه‌بووه ناکرێ به‌رپه‌رچ بدرێته‌وه، هه‌ر چییه‌کی بێ ئه‌وه میسیۆنێره عیساییه‌کان بوون که درێزخایهنترین ڕۆژنامه‌یان له ئێران به‌رهه‌م هێنا تا شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی، واته ڕۆژنامه‌ی زاهریرا د- باهرا وه‌کوو پێشتر له‌و وتاره دا باسی لێوه کرا.
وه‌کوو جه‌دیدییه‌کان له ئاسیای نێوه‌ندی، که گوشاریان ده‌هێنا بۆ رێفۆرم و چاکه‌سازی له ئه‌وپه‌ڕی قه‌وقاز و له ناوچهتاتارنشینهکان – ده‌رس له به‌رکردنی باوی مه‌دره‌سه ئایینییه‌کانیان وه‌لانا بۆ وه‌خۆکردنی بابه‌ته‌کانی شێوه‌ی ڕۆژئاوایی و شێوه‌ی ده‌رس گوتنه‌وه‌ی ڕۆژئاوایی – میسیۆنێره ئورووپاییه‌کان هه‌وڵیان دا هه‌رهه‌مان شێوه‌ی بیرکردنه‌وه و نێوه‌ڕۆک له باکووری ڕۆژئاوای ئێران دابهێنن. و وه‌کوو جه‌دیدییه‌کان، میسیۆنێره ئوڕووپاییه‌کان تێکۆشان بۆ خوێنده‌وار کردنیان به بڵاوکردنه‌وه‌ی چاپه‌مه‌نی ته‌کمیل کرد. ئه‌وه شتێک بوو فاسوم له سابڵا‌غ هه‌وڵی ده‌دا له پێناو کورده‌کاندا بیکا.
ئه‌و خوێندنگه‌یانه‌ی فاسوم و هاوکاره‌کانی هه‌وڵیان دا دایان مهزرێنن له لایه‌ن چینی ئیمانداره‌وه دژایه‌تییان له‌گه‌ڵ ده‌کرا، له کاتێکدا ده‌یاندی قوتابییه‌کان ده‌چنه خوێندنگه‌ی ئه‌وتۆ که به زمانانی کوردی و ئینگلیسی تێیاندا ده‌خوێندرێ و ئه‌و خوێندنه‌ش چ خه‌رجی تێناچێ.چینه ئیمانداره‌کان هه‌روه‌ها له به‌ر ئه‌وه‌ش دژی ئه‌و مه‌دره‌سانه بوون چونکوو دینی مهسیحییهتیشیان تێدا ده‌خوێندرا.به‌ڵام کاتێک میسیۆنێره لوتێرییه‌کان بۆ جاری چواره‌م له ساڵی 1922 دا گه‌ڕانه‌وه سابڵا‌غ، کورده‌کان له هه‌موو لایه‌که‌وه له ده‌وریان وه‌کۆ بوون ، وداویان لێده‌کردن دیسان خوێندنگه بۆ کوڕان و کچان بکه‌نه‌وه، جا بۆیه زۆر وێده‌چێ به‌لانی که‌مه‌وه هێندێک له پێکهێنه‌رانی کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کورد له ساڵی 1942 دا هێندێک له په‌روه‌رده‌ی خۆیان له پۆلی وانه گوتنه‌وه‌ی میسیۆنێره‌کاندا دیبێ. ڕه‌نگه ئه‌وه له مه‌ڕ توێژی روحانی وسۆفییان دا وا نه‌بێ ( قازی محه‌مه‌د و شێخ عه‌بدوڵای گه‌یلانی).
له‌م سه‌روبه‌نده دا که ناسیۆنالیزمی کورد زۆر گه‌شاوه‌ته‌وه، وێناچێ سپاسی ئه‌مریکاییه‌ک بکرێ بۆ وه‌گه‌رخستنی یه‌که‌م ڕۆژنامه‌ی کوردی له ناوچه‌یه‌ک دا که زۆربه‌ی دانیشتوانی کورد بوون. هه‌ر وه‌ها وێناچێ کاتێک سمکۆ هه‌موو جێیه‌کی ده‌ره‌وه‌ی شارانی کێوماڵ ده‌کرد له سابڵاغه‌وه بگره تا ده‌گاته سه‌ڵماس، ئه‌و خه‌ڵکی خوێندووی سابڵاغی له‌ته‌ک خۆی خستبێ که بتوانن ڕۆژنامه‌یه‌کی بۆ ئاماده بکه‌ن، هه‌ر به‌وجۆره‌ی که کرێکاری بۆ خانووبه‌ره دروستکردن کۆ ده‌کرده‌وه.(44)
بوون و نه‌بوونی به‌لایه‌که‌وه، ئه‌وپرسیاره‌ی که ڕۆژنامه‌که‌ی فاسوم ده‌یورووژێنێ مه‌سه‌له‌ی به‌رهه‌مهێنانه‌که‌یه‌تی، گه‌لۆ ئه‌ویش وه‌کوو ئینجیله‌کان، له ورمێ له چاپخانه‌ی پرێسبیتێرییه‌کان ئاماده کرا؟ ئه‌و تووشی گیروگرفتی گه‌وره ده‌بوو ئه‌گه‌ر له ساڵی 1914 ئه‌وکاره‌ی کردبا له به‌ر ئه‌و ڕاستییه‌ی که له سه‌ره‌تای ئه‌و ساڵه دا هێرشێک کرایه سه‌ر ورمێ و دییه‌کانی له لایه‌ن کورده‌کانی هه‌رێمه‌که‌وه.له‌و ساڵه دا گوڵپاشان ، که شارۆچکه‌ی هه‌ره ده‌وڵه‌مه‌ند بوو، کاتێک که ئیتر دانیشتوانی چ خاوه و به‌رتیلێکیان نه‌مابوو بیده‌ن به یه‌که‌کانی شێوهنێزامی کورد تاڵان و خاپوور کرا . ئاسۆرییه‌کان داڵده‌یان برد بۆ بنکه‌ی میسیۆنێره‌کانی فەرانسهیی و ئه‌مریکایی و له‌وێدا زۆریان به نه‌خۆشی مردن له‌و هه‌لومه‌رجه ڕووخێنه‌ره‌ی که له ترۆپکی خۆی دا به پاکتاوکردنی ڕه‌گه‌زی ساڵی 1918 کۆتایی هات.ڕه‌نگه فاسوم ناچار بووبێ تا هاوینی ساڵی 1914 چاوه‌ڕێ بکا بۆ به‌رده‌وامبوونی کاری چاپ، هه‌ر وه‌ک بۆ وه‌رگێڕانی ئینجیله‌کان به زمانی کوردی کردی.
هه‌ڵێنجاوه
هه‌وڵدان بۆ دیتنه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆژنامه به‌راییانه، ،ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دوو یان سێ ژماره‌ش بێ، له ئه‌ستۆی لێکۆڵه‌ره‌وه و مێژوونووسانی کو‌لتووریی کورده به مه‌یلێکی ڕه‌سه‌نه‌وه بۆ مێژوویی به‌رایی سه‌ده‌ی بیسته‌م. ئاگاداربوونی زیاتر سه‌باره‌ت به ده‌ستکه‌وته‌کانی میسیۆنی لوتێری ڕۆژهه‌ڵات، به تایبه‌تی له سابڵا‌غ که له‌وێ ئه‌وان کارێکی زۆریان کرد بۆ ئه‌وه‌ی په‌ره به په‌روه‌رده و بارهێنان بده‌ن له کوردستاندا، و هه‌ر وه‌ها خزمه‌تی ده‌رمانی به خه‌ڵکی ناوچه‌که ده‌توانی شی بکاته‌وه چۆن ئه‌و شاره بوو به نێوه‌ندی ناسیۆنالیزمی کورد له ساڵانی 1940ه‌کاندا.له زۆرێک له کۆمه‌ڵگه ئێتنیکییه‌کانی به‌رایی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، هێنانه گۆرێی زمانه بوومییه‌کان بۆ په‌روه‌رده، له گه‌ڵ ئاماده کردن و به‌رهه‌مهێنانی ڕۆژنامه، ناسیۆنالیزمی گه‌شانده‌وه. ئه‌وه‌ی که کۆماری مهاباد به میسیۆنێره‌کانی فره نه‌ته‌وه‌یی لوتێری قه‌رزداره له‌وانه‌یه به‌شێک بێ له مێژووی کورد که ده‌بێ په‌سن بدرێ ، نه‌ک ئه‌وه‌ی بشاردرێته‌وه یان نکووڵی لێبکرێ.
نووسه‌ر پێی خۆشه سپاسی چه‌ندین کتێبخانان بکا بۆ ئاسانکارییان سه‌باره‌ت له به‌ر ده‌ست نانی که‌ره‌سته بۆ ئاماده کردنی ئه‌م کاره، له‌وانه کتێبخانه‌ی مایکڵ هاپر ( زانکۆی هارڤارد)، ئه‌یلین سکلار ( کۆمه‌ڵه‌ی مێژووی پرێسبیتێری)، کتێبخانه‌ی مایکڵ بادی (زانکۆی کۆلۆمبیا) و ئیبراهیم پوورهادی ( کتێبخانه‌ی کۆنگره)
گۆڤاری نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ لێکۆڵینه‌وه‌کانی کوردی
2006.01.01
ژێرنووسه‌کان
(1)چاپی ڕۆژنامه به زمانی فارسی له ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1851 له تاران به بڵاو بوونه‌وه‌ی روزنامهی وقایع اتفاقیه ( ڕۆژنامه‌ی ئه‌و ڕووداوانه‌ی ڕوویانداوه)، بڵاو بوونه‌وه‌ی خه‌به‌رنامه‌یه‌کی دوولاپهڕهیی له لایه‌ن دهربارهوه به کورتی له ساڵی 1839، جار جار وه‌کوو ده‌ستپێکی بڵاوبوونه‌وه‌ی یه‌که‌م ڕۆژنامه باسی ده‌کرێ ، به‌ڵام ئه‌وه به‌ڵگه‌یه‌کی نێوخۆیی ده‌رباره تائه‌وه‌ی که ڕۆژنامه‌یه‌ک بووبێ بڕوانه یان ریپکا، مێژووی ئه‌ده‌بییاتی ئێران ( دۆردرێخت – هوله‌ند، 1968، لاپه‌ڕه‌ی 338. زاهریرا د-باهرا هه‌ر ژماره‌یه‌ی هه‌شت لاپه‌ڕه بوو و به به‌ربڵاوی له هه‌رێمی ورمێ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات بڵاو ده‌کراوه.بڕوانه ئیندێکسی ئێدوارد گ.برۆن بۆ چوار ڕۆژنامه‌ی ئاسۆری له ورمێ له نووسینه‌که‌ی دا " چاپه‌مه‌نی و شێعری ئێرانی مۆدێرن: به‌شێکی له سه‌ر بناوانی ده‌ستخه‌تی میرزا محه‌مه‌دعه‌لی خانی ته‌ربییه‌ت ی خه‌ڵکی ته‌ورێز( که‌مبریج، 1914). هه‌ر وه‌ها بڕوانه عه‌ده‌ن نه‌بی " ئاسۆرییه‌کانی ئێران: یه‌کگرتنه‌وه‌ی میلله‌ت:1914-1906 "گۆڤاری نێونه‌ته‌وه‌یی لێکۆڵینه‌وه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست ژماره‌ی 8(1977)، لاپه‌ڕه‌کانی 249 -237.
(2)ژیننامه‌یه‌کی جاستین پێرکینز له ساڵی 1887 دا له لایه‌ن کوڕه‌که‌یه‌وه، هێنری مارتین پێرکینز، ژیانی باوکی رووحانی جاستین پێرکینز، دی.دی.میسیۆنێری پێشه‌نگ به‌ره‌و پێرشیا(شیکاگۆ: ده‌سته‌ی میسیۆنه پرێسبیتێرییه‌کانی ژنان له باکووری ڕۆژئاوا،1887)
(3) بڕوانه به تایبه‌تی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک ( به بێ نووسه‌ر یان مێژوو به‌ڵام له سه‌ر تۆڕی ئێنترنێت هه‌یه) به نێوی ئێڤانگێلیسم و کورده‌کان: میسیۆنی پرۆتستانت له نێو کورده‌کاندا له سه‌ده‌ی 19 و سه‌ده‌ی بیسته‌مدا). ئه‌گه‌رچی ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه هێندێک هه‌له‌ی تێدایه چونکوو پشتی به سه‌رچاوه‌ی ده‌ستی دووه‌م به‌ستووه ، له گه‌ڵ ئه‌وه‌شداهه‌موو هه‌وڵه‌کانی پرۆتێستانته‌کان له سه‌رتاسه‌ری ههرێمهکوردهکان وه‌به‌ر ده‌گرێ.
(4) ڕێزمانێکی کرده‌یی زمانی کوردی ( میناپۆلیس: کۆمه‌ڵه‌ی میسیۆنی ئینتر-سینۆکالی ئێڤانگێلی لوتێری ڕۆژهه‌ڵات، 1919).
(5) له ئاڵمان له نێوان 1905 و 1917 دا، سێ ڕۆژنامه ده‌رده‌که‌وتن که ته‌رخان کرا بوون بۆ میسیۆنی ئاڵمان ده نێو "نه‌ستوورییه‌کان" یان له " کوردستان." "دی هێرمانسبورگ سیرکولێر(1917 -1907) باسی میسیۆنی لوتێری ده‌کا بۆ کورده‌کان و هه‌ر وه‌ها ئاسۆرییه‌کان چونکوو کلیسایه‌ک له هێرمانسبورگ هه‌رنه‌بێ یارمه‌تی ماڵی ده‌دا به که‌شیشێک له سابڵا‌غ.بڕوانه گابرییێڵ یۆنان : ڕۆژنامه‌گه‌ری له لای ئاسۆرییان(بێرلین،1985)،لل.28 -27
(6) کۆلۆنێل ئیاس ، پیاوێک بوو که ئه‌زموونێکی دوورودرێژی هه‌بوو سه‌باره‌ت به ڕۆژهه‌ڵاتی ئێران، هه‌ر وه‌ها چاوه‌دێرێکی توونی و به‌جۆشی نائارامییه سیاسییه‌کانی ئێران بوو، ئه‌و ئامۆژگاری میسیۆنێره لوتێرییه‌کانی کرد له سابڵا‌غ بڕۆن. ئه‌و له ساڵی 1914 کووژرا و دوایه
سه‌ربڕا.کوردستان میشنێری،ساڵی 12،ژماره‌ی 4(مارسی 1920)لاپه‌ڕه‌ی 3.پێشانگایه‌ک له وێنه‌کانی ئه‌مساڵ له له‌نده‌ن نیشان ده‌درێ و هه‌ر وه‌ها کتێبێک سه‌باره‌ت به مه‌یل و مرخی سه‌باره‌ت به ئێران له ساڵی 2006 دا بڵاو ده‌بێته‌وه‌له لایه‌ن بنیاتی میراتی ئێران
(له‌نده‌ن)
(7) ماوریتزیۆ گارزۆنی، گراماتیکا ئێ ڤۆکابۆلاریۆ دێلا لینگوا کوردۆ، (ڕۆم. 1787)
(8) ڕێزمانێکی کرده‌یی کوردی، لاپه‌ڕه‌ی 3
(9) ساموێل ئاودلی ڕییا، " کورته ڕێزمان و ڤۆکابولاری زمانی کوردیی ناوچه‌ی حه‌کاری" ( چاپکراوه‌ته‌وه له گۆڤاری کۆمه‌له‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌مریکایی دا، به‌رگی 10،ژماره 1 ، 1872)
لل.155 – 118
(10)پیتر لرخ، ئاوڕێک وهکورده کلدانییه‌کانی باکووری ئێران( سه‌نت پێترزبورگ: ئێگرس،
1858 -1857).
(11) پێترۆس ئهلۆو،" ئاسۆری،کوردی،ئێزیدی": ڕێزمان و ڤۆکابولاری له گه‌ڵ چه‌ند تێبینی ڕێزمانی( به‌غدا، 1920)
(12) میسیۆنی ڕاسته‌وخۆی دیکه له نێو موسوڵمانان دا بریتین له " میسیۆنی پێشه‌نگی ئاسیای نێوه‌ندی " له پێشاوه‌ر که له نێو ده‌سته‌یه‌کی گرینگی دیکه‌ی خێڵه‌کی موسوڵمانی به‌شی نا-عه‌ره‌بی جیهاندا کاریان ده‌کرد واته په‌شتوون و پاتانهکان، میسیۆنێکی لوتێری له یه‌مه‌ن، و میسیۆنێکی ئه‌مریکایی له هیو له چین چالاکی هه‌بوو.
(13) باسی لۆتییه‌کان [ تێبینی وه‌رگێڕ: لێره‌دا مانای فارسی ئه‌و بێژه‌یه له زه‌ینی نووسه‌ر دابووه]مه‌سه‌له‌یه‌کی دیکه بوو. ئه‌وانه بریتی بوون له ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی شه‌قاوه‌ی ئێرانی که هه‌ڕه‌شه‌یان له بێگانان و خه‌ڵکی خۆجێی ده‌کرد وئاماده‌بوون وه‌ک بکوژی کرێگرته کار بکه‌ن.بۆ ئه‌و هێرشه‌ی کرا سه‌ر جاستین پێرکینز، بروانه ژیانی میسیۆنێری وی له پێرشیا؛ ئاوڕێک وه چاره‌که سه‌ده‌یه‌ک تێکۆشان له نێو عیساییه نه‌ستوورییه‌کاندا(بۆستۆن :کۆمه‌ڵه‌ی تراکتی ئه‌مریکایی، 1868)،لل.54 – 50
(14) بۆ گێڕانه‌وه‌یه‌ک سه‌باره‌ت به کوژرانی باوکی ڕوحانی راجر کامبرله‌ند له دهۆک ، بڕوانه ژێرنووسی ژماره 2،ل.5
(15) چیرۆکی هاتنه سه‌ر دینی مه‌سیحی سه‌عید خانی کوردستانی(1927 – 1876) له سه‌ر ده‌ستی قه‌شه‌ی ئاسۆری یوهاننا ، له ژیننامه‌ی دوکتور کوردستانی دا که به زمانی فارسی چاپ بووه باس کراوه،" طبیب محبوب: شرح زندگی دکتر سعیدخان کردستانی"
(16) هه‌ر ژێرنووسی 2،ل.4
(17) ئه‌وه له فیلیپپۆپۆل (ئێستا نێوی پلۆڤدیڤه له بولگارستان) ده‌رکه‌وت له چاپخانه‌ی ئاوێتارانیان). له ساڵی 1857 وه‌رگێڕانێکی ئینجیله‌کان به زمانی کوردی له لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌ی بریتانیایی و بیانیی ئینجیل چاپ کرا به‌ڵام به ئه‌لفوپێتکه‌ی ئه‌رمه‌نی.(نوسخه‌کانی له کتێبخانه‌کانی زانکۆی بۆستۆن و کۆنگره هه‌یه)
(18) میسیۆنێره‌کانی ئه‌مریکایی خزمه‌تی ده‌رمانی، له ساڵی 1879 یه‌که‌م خوێندنگه‌ی پژیشکی له ورمێ دامه‌زراند.
(19) یه‌که‌م سه‌رژمێری سیستماتیک که سه‌باره‌ت به لادێکان کراوه مالاریا به نه‌خۆشی سه‌ره‌کی داده‌نێ ته‌قریبه‌ن له گشت لادێیه‌کانی ده‌شتی ورمێ دا. فرهنگ جغرافیایی ایران(دایره‌ی جغرافیایی ستاد ارتش، 1332- 1328[1954 – 1949].
(20) ئه‌و 1529 سرووده دینییانه، که وشه و مووزیکه‌که‌ی مارتین لوتێر دایناوه، شوێنێکی تایبه‌تی هه‌یه له نێو لوتێرهکاندا و ته‌نانه‌ت هێشتا له ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا به ئاڵمانی ماک ده‌خوێندرێنه‌وه، ئه‌گه‌رچی له ساڵی 1853 وه‌رگێڕدراون بۆ سه‌ر زمانی ئینگلیسی.وه‌رگێڕانی فۆسوم ده‌کرێ له زمانی ئاڵمانییه‌وه بووبێ چونکوو ئه‌و ئاڵمانیشی ده‌زانی. بۆ وه‌رگێڕانه‌که‌ی ئه‌و که به ده‌ستخه‌تی خۆی به ئه‌لفوپێتکه‌ی ئاڵوگۆڕکراوی عه‌ڕه‌بی نووسیویه‌ته‌وه، بڕوانه کوردستان میشنێری، ساڵی 9،ژماره‌ی 12(دیسامبری 1917)،لل. 6 – 5.
(21) کوردستان میشنێری،ساڵی 9، ژماره‌ی 12( دیسامبری 1917)،لل 5 – 4.
(22) بڕوانه کۆکراوه‌ی ئه‌و پۆستێرانه‌ی به مه‌به‌ستی باربوو کۆکردنه‌وه ساز کراون و ئێستا له‌کتێبخانه‌ی کۆنگره دا پارێزراون.
(23) ته‌نانه‌ت ده نێو ئاسۆرییهکانیشدا که وه‌کوو کرێکاری کاتی کۆچیان کردبوو بۆ ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا، کرده‌وه‌ی خوێندنه‌وه به ده‌نگی به‌رز به شه‌وانه له ژووری ئه‌و خانووانه‌ی دا تێیاندا ده‌ژیان باش پێی زاندراوه. زۆر جار ڕۆژنامه‌کان به ئینگلیسی له لایه‌ن که‌سێک ڕا ده‌خوێندراوه و وه‌رده‌گێڕدرانه سه‌ر زمانی ئاسۆری بۆ ئه‌وانی دیکه.وه‌کی دی یه‌ک له ڕۆژنامه ئاسۆرییه‌کان به ده‌نگی به‌رز ده‌خوێندراوه، ئه‌گه‌ر ئه‌وان خه‌ڵکی خارپوت، دیاربه‌کر یان ورمێ بووبان.سێ جێگه‌ی که ڕۆژنامه‌ی ئاسۆرییان لێ بڵاو ده‌کراوه.
(24) ئه‌گه‌رچی ئه‌وان کورده‌کانیان له شوێنی خۆیان ده‌ناسی، به‌ڵام زانیاری‌یان سه‌باره‌ت به ڕه‌چه‌ڵه‌کی ئه‌وان ئاڵۆز بوو، کوردان هه‌ر وه‌ک ئێستا له یه‌کدی دابڕابوون و ڕه‌چه‌ڵه‌کیان یان دهبردراوه سه‌ر ماده‌کان، یان ئه‌و چه‌تانه‌ی ده‌وره‌ی سه‌ربازانی ڕاکردوو و پاشهکشهکهری گێزێنێفۆن یان دابوو، واته کاردۆخی یه‌کان. بڕوانه پێشه‌کی ڕێزمانی فۆسوم و زۆر سه‌رچاوه‌ی دیکه‌ی ڕۆژئاوایی و کوردی.ئاڵۆزی سه‌باره‌ت به ئاستی زمان – گه‌لۆ کوردی زمانێکی ئێرانییه یان تێکه‌ڵاوێکه له "کلدانی"، " ترکی و فارسی – ته‌مێک بوو به سه‌ر کاره به‌راییه‌کاندا و ئه‌وه بووه هۆی ئه‌وه پێتر لرخ کورده‌کان و " کلدانییه‌کانی باکوور" لێک ببهستێتهوهبڕوانه:ژماره 10
(25) کوردستان میشنێری ، ساڵی 12.ژماره‌ی 4 ( ئاوریلی 1920) لل.12 – 10
(26) کوردستان میشنێری، ساڵی 13. ژماره‌ی 3 ( فێورییه‌ی 1921)، ل.7
(27) باوکی ڕوحانی لۆر، سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی میسیۆنی لوتێری ڕۆژهه‌ڵات له کوردستان میشنێری دا ئاوا ده‌نووسێ، ساڵی 11، ژماره‌ی 4 (ژانوییه‌ی 1921)
(28) کوردستان میشنێری، ساڵی 5، ژماره‌ی 2 ( نۆوامبری 1915). گوزارشته‌که ده‌ڵێ کورده‌کان ته‌قه‌یان لێکردووهبهڵام هه‌لومه‌رجی ئه‌و تهقهلێکرانه باس ناکا.
(29) کوردستان میشنێری،ساڵی 12، ژماره‌ی 10(ئووتی 1922)
(30) ده‌یڤید مه‌کداوڵ له کتێبه‌که‌یدا (مێژووی هاوچه‌رخی کورده‌کان) ده‌ڵێ کووژرانی میسیۆنێری ئاڵمانی له به‌ر ئه‌وه ڕوویدا بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نێکی کوردی له گه‌ڵ لایه‌نێکی دیکه ئاشت بێته‌وه که ئێرانییه‌کان به به‌رپرسی پاراستنی ژیانی میسیۆنێره‌که‌یان ده‌زانی.بۆ خۆ پاراستن و ئیحتیا‌ت، کاتێک باوکی ڕوحانی فان ئورتزێن گه‌یشته سابڵاغێ بۆ پاراستنی ژیانی خۆی له گه‌ڕه‌کی جووله‌کان ماڵی دانا. نه‌خۆشه‌وان گودهارت ، له نامه‌یه‌ک دا به ورده ڕیشال باسی گه‌ڕانه‌وه‌ی خۆیان ده‌کا بۆ سابڵا‌غ له ساڵی 1920 و ده‌ڵێ، که‌لوپه‌لی میسیۆنه‌که له نێو چوو بوو ته‌نانه‌ت ئه‌و دیواره‌ش که خوێنی داممانی گه‌نجی به‌سه‌ره‌وه ویشک هه‌ڵاتبوو و به ساڵان ههرمابووهوه، ئه‌ویش ڕووخابوو.
(31) کوردستان میشنێری، ساڵی 12، ژماره‌ی 3( دیسامبری 1921)
(32) سمکۆ، ڕێگرێکی ناسراو که که‌لکی له هه‌لومه‌رجی تێکه‌ولێکه‌یی سیاسی وه‌رده‌گرت بۆ کارکردن له گه‌ڵ ڕووسه‌کان، ترکه‌کان و حکوومه‌تی ته‌ورێز، ئه‌و گه‌وره که‌شیشی ئاسۆری نه‌ستووری کوشت ( له فێورییه‌ی 1918) و به‌شداری کرد له تاڵان کردنی دێیه‌کانی ئاسۆری و ترکی ئازه‌ربایجانی نشین. هێرشه‌کانی وی بۆ سه‌ر ئه‌و کوردانه‌ی سه‌ر به عه‌شیره‌ته‌کانی دیکه بوون له لایه‌ن میسیۆنێره‌کانی لوتێری له کوردستان میشێنێری دا پشتڕاست کراوه‌ته‌وه.له بۆسه‌یه‌ک دا که حکوومه‌تی ئێران بۆی نایه‌وه به پێی قسه‌ی حه‌سه‌نی ئه‌نزه‌لی گیرا و له ورمێ له داریان دا، یان ئه‌وه‌ی که له کاتی بۆسه بۆدانانهکهدا، ئێرانییه‌کان ته‌قه‌یان لێکرد و کوشتیان، به پێی قسه‌ی مه‌کداوڵ. (33) مێهرداد ئیزه‌دی ،( ناسیونالیستێکی به‌گوڕ و به‌ڵام هه‌میشه نه به‌مه‌نتقی کورد، له کاره‌که‌ی ، ئه‌نسکلۆپێدیای کوردستان دا ، ئیدیعا ده‌کا گشت ئه‌وانه‌ی له پۆنتۆسه‌وه بگره تا که‌ناره‌کانی ده‌ریاچه‌ی ورمێ ده‌ژیان/ده‌ژین ئه‌و عیساییانهن که پاشماوه‌ی ئه‌و کوردانه‌ن له ئیسلام وه‌رگه‌ڕاون و بوونه عیسایی و به شێوه‌یه‌ک زمانیان گۆڕا و بوو به یۆنانی، ئه‌رمه‌نی یان ئارامی نوێی ئاسۆری. ئه‌و تێزه نه‌ک هه‌ر نکووڵی ده‌کا له ئێتنیسیته‌ی ئه‌و گرووپانه‌ی که له ڕووی مێژووییه‌وه ناسراون، به‌ڵکوو ده‌رگاش ده‌کاته‌وه بۆ ئێدیعای دیکه.
(34) مه‌کداوڵ، له لاپه‌ڕه‌ی 242ی کتێبه‌که‌یدا ده‌ڵێ: چاپخانه له مهاباد له لایه‌ن شووره‌وییه‌کانه‌وه دابین کرا، ئه‌وه له مهاباد بوو که چه‌ندین ڕۆژنامه و بڵاوکراوه‌ی کوردی ده‌رکه‌وتن( هیوای نیشتمان، گڕوگاڵی و منداڵانی کورد، هه‌ر وه‌ها ڕۆژنامه و گۆڤاری کوردستان) بڵاوکراوه‌یه‌کی دیکه نیشتمان که له ته‌ورێز چاپ ده‌کرا و له ساڵی 1943 ده‌ستی به بڵاوبوونه‌وه کرد ،5 ژماره‌ی لێده‌رکه‌وت. لاپه‌ڕه‌ی 238 (تێبینیی وه‌رگێڕ: لێره‌دا هه‌م نووسه‌ر و هه‌م گێڕانه‌وه‌ی له مه‌کداوڵ هه‌ڵه‌نه. نه‌بی نێوی بڵاوکراوه‌کانی سه‌روبه‌ندی کۆماری به چڵونیوه‌چڵ و هه‌ڵه ئاسته کردووه که بریتی بوون له هاواری نیشتمان، گڕوگاڵی منداڵانی کورد، ئاوات، ڕۆژنامه‌ی کوردستان، گۆڤاری کوردستان و له بۆکانیش هه‌ڵاله. نیشتمان 9 ژماره‌ی لێده‌رچووه که هه‌موویان به ده‌سته‌وه‌ن، به شێمانه‌یه‌کی زۆر ژماره‌ی 10 یه‌میشی ده‌رکه‌وتووه که تا ئێستا له هیچ کوێ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه تا چاپ بکرێته‌وه).
(35) مه‌کداوڵ
(36) (ئاسان!!) حه‌سه‌ن ئه‌نزه‌لی، ارومیه در گذرگاه زمان ( اورمیه؛ انزلی، 1378[ 2000 یا 1999] ) لاپه‌ڕه‌ی 480.
(37) ئه‌نزه‌لی نێوی کۆخڤای به هه‌ڵه وه‌کوو "ئاکاخو" نووسیوه ئه‌لفه‌که‌ی هێناوه‌ته سه‌ری وشه‌که له جیات ئه‌وه‌ی له دوایی دانێ.
(38)ناسیۆنالیزم و زمان له کوردستان، 1885 – 1918 ( فرانسیسکۆ، مێلێن ریسرچ یونیڤێرسیتی پرێس، 1992) لاپه‌ڕه‌ی 260. سهرلاپهڕهی کورد – 1921/1340 ورمێ. سهرلاپهڕهی ترکی/فارسی/کوردی. 12ی شه‌والی 1340 – جارێ له یه‌ک حه‌فته دا جارێک چاپ ده‌کرێ.
(39) حه‌سه‌نپوور، لاپه‌ڕه‌ی 260. ده‌ربڕینی نێوی یه‌که‌می سمکۆ وه‌کوو "سمایل" له جیات "ئیسماعیل" له به‌ر ئه‌و ئیدیعایه‌ی کوردییه که ئه‌و نێوه سامییه به‌ربڵاوه شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی کوردی هه‌یه. (تێبینی وه‌رگێڕ: ئه‌و قسه‌یه‌ی نه‌بی زۆر سه‌یره، نه‌ك هه‌ر سمایل به‌ڵکوو به سه‌دان نێوی "نه - کوردی" دیکه‌ش به پێی سیستمی ده‌نگسازی کوردی ده‌گوترێن و ده‌کرێ بنووسرێن و ئه‌وه ڕه‌نگه له ئاسۆری و هه‌موو زمانێکی دیکه‌ش دا هه‌ر ئاوا بێ)
(40) حه‌سه‌نپوور، لاپه‌ڕه‌ی 263 و لاپه‌ڕه‌ی 279.
(41) بڕوانه وتاره‌که‌ی ، " ئه‌و ڕۆژنامه و گۆڤارانه‌ی به دوای کوردستان دا بڵاو بوونه‌ته‌وه تا
(42) ژماره‌کانی 2 ساڵی ته‌واوی زاهریرا د- باهرا ( 1897 – 1895) له کۆمه‌ڵه‌ی مێژووی پرێسبیتێریانی له فێلادێلفیا پارێزراون و له جێی دهیکهش له سه‌ر میکرۆفیلم هه‌نه
(43)کوردستان میشنێری، (1913)، ساڵی 3، ژماره‌ی 11، لاپه‌ڕه‌ی 86
(43) ئه‌نزه‌لی، لاپه‌ڕه‌ی 228
شیکردنه‌وه‌ی وه‌رگێڕ:
به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی دوکتور عه‌ده‌ن نه‌بی له سه‌ره‌تای ئه‌م نووسینه دا ده‌ڵێ نایه‌وێ بچێته نێو ورده‌کارییه‌کانی پێوه‌ندی نێوان کوردان و ئاسۆرییان، به‌ڵام له‌توێی ئه‌م نووسینه‌دا لاگری ده‌رده‌که‌وێ، بۆ وێنه له هه‌موو جێیه‌ک خۆی له‌وه دزیوه‌ته‌وه چه‌مکی جوگرافیایی " کوردستان" ده‌کار بکا. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی له مه‌ڕ سمکۆ گوتوویه هه‌ڵوێستێکی یه‌ک لایه‌نه و ده‌مارگرژانه‌یه.گومان ده‌خاته سه‌ر تێکه‌ڵاوی و پێوه‌ندی نێوان عه‌بدولره‌زاق به‌درخان و سمکۆ ، که ئه‌و بابه‌ته له چه‌ند سه‌رچاوه دا که ده‌ست وێڕاگه‌یشتنیان نابێ بۆ نه‌بی ئاسته‌م بووبێ، باسی لێوه کراوه. سه‌ره‌ڕای چه‌ند بێدیقه‌تی دیکه‌ش له‌و بڕوایه دام هێندێک له زانیارییه‌کانی نێو ئه‌م نووسراوه‌یه بۆ جاری یه‌که‌م خوێنه‌ره‌وه‌ی کورد لێیان ئاگادار ده‌بێ.
1 comment:
Silaw
kelkim wer girt...
bijin
Selah
Post a Comment