پرسی کورد: پرسی کێ؟ وڵامی کێ؟ وتارێکی پرۆفێسۆر مارتین ڤان بڕاونێسن بۆ ڕێز لێنان له بیره‌وه‌ری وه‌دیع جووه‌یده له ئیندیانا
پرسی کورد: پرسی کێ ، وڵامی کێ؟
بزووتنه‌وه‌ی کورد ده‌چاوی کورده‌کان و ده‌چاوی دراوسێیهکانیاندا
وتاری ڕێزگرتن له بیره‌وه‌ری وه‌دیع جووه‌یده له به‌شی لێکوڵینه‌وه‌ی عه‌ڕه‌بی و ئیسلامی،دیپارتمانی کو‌لتوور و زمانانی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیک و به‌رنامه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و ئیسلامی،زانکۆی ئیندیانا،بلوومینگتن.19ی نۆوامبری 2004
مارتین ڤان براونێسن
وه‌رگێڕان له ئینگلیسییه‌وه: حه‌سه‌نی قازی
جووه‌یده و لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردی
بانگهێشتنم بۆ قسه کردن له بۆنه‌ی ڕێزگرتن له بیره‌وه‌ری وه‌دیع جووه‌یده دا،بۆ ئێره له بلوومینگتن، جێیه‌ک که زۆرێک له ئێوه، بیروهوهری خۆشی خۆتان هه‌یه سه‌باره‌ت به پرۆفێسۆر جووه‌یده وه‌کوو مامۆستایه‌ک، هاوکارێک و دۆستێک، شانازییه‌کی مه‌زنه بۆ من. به پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌تان،ئه‌من قه‌ت به شه‌خسه پرۆفێسۆر جووهیدهم نه‌دیبوو؛له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا،به‌شێوه‌یه‌ک له شێوان به مامۆستای خۆمی ده‌زانم ،
ئالقه‌یه‌کی گرینگ له سیلسیله‌ی خۆمدا- هۆی ئه‌مه‌ش زۆر زوو ده‌رده‌که‌وێ.کاری سه‌ره‌کی زانستی وه‌دیع جووه‌یده، گه‌وره‌ترین شوێنه‌واری وی سه‌باره‌ت به مێژووی ناسیۆنالیزمی کورد، له مێژه وه‌کوو گه‌نجینه‌یه‌کی شاراوه وایه چونکوو ئه‌و ده‌ستی له‌وه گێڕاوه بڵاوی کاته‌وه – پێم وایه‌ئه‌وه‌ش له به‌ر تێکه‌ڵاوێک له که‌ماڵ خوازی و دڵنزمی ویبووجابۆیه ئه‌و کاره ته‌نێ وه‌کوو میکرۆ فیلمی زانکۆ به ده‌سته‌وه بوو،ڕه‌نگه له به‌ر ئه‌و ڕاستییهبێ که بێوهکهی یای ئالیس جووه‌یده-
بڕیاری داوه ئه‌و کتێبه گرینگه به چاپکراوی ببینێ و له دوای مه‌رگی وه‌دیع بڵاو ببێته‌وه و بۆیه‌ش ئه‌مڕۆ ئه‌من لێره ڕاوه‌ستاوم و قسه‌تان له‌گه‌ڵ ده‌که‌م.ئه‌من چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر (1999) ده‌ستم هه‌بوو له بڵاوکردنه‌وه‌ی وه‌رگێڕانی ترکی لێکۆڵینه‌وه‌که‌ی جووه‌یده دا، و یای جووه‌یده به شێوه‌یه‌ک منی دۆزییه‌وه و ده‌ستمان کرد به پێوه‌ندی و ئاڵوگۆڕی نامه.به ڕێگه‌ی نامه‌کانی وی ڕا، ئه‌و پیاوه‌ی که ئه‌من هه‌میشه شانازیم پێوه ده‌کرد به‌ڵام هیچم له سه‌ر شه‌خسی خۆی نه‌ده‌زانی به‌ره به‌ره بوو به ناسیاوێکم و ده‌ستم کرد به تێگه‌یشتن له‌وه‌ی که بیۆگرافی و ئه‌و بابه‌ته‌ی لێی ده‌کۆڵدرێته‌وه چه‌نده به یه‌که‌وه گرێدراون.'مامه وه‌دیع' وه‌ک هێندێک له ئێوه بانگتان ده‌کرد،بۆ من بوو به خوێن و گۆشت،و کارێکی وای کرد لای خۆم په‌شیوان ببمه‌وه وبڵێم په‌کوو! حه‌یف قه‌ت نه‌مدی.
ڕیگه‌م بده‌ن به جووهیدهیهکهوه ده‌ست پێبکه‌م که بۆ ماوه‌یه‌کی دوورودرێژ ناسیومه، که بریتی بوو له دوو به‌رگی ئهستوورله فۆرماتێکی شینی ئامال ڕه‌شی میکرۆفیلمی زانکۆیی دا.[1] ئه‌وه جووهیدهیهکه وا به‌ر له هاتنی بۆ بلوومینگتن؛ تێزه‌که‌ی له ساڵی 1960 پێشکێشی زانکۆی سیراکس کرد و له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و تێزه قه‌ت چاپ نه‌کرا، پێم وایه که‌م که‌س پێی ده‌زانن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له نێو پسپۆڕانی له مه‌ڕ کوردان‌دا، ئه‌و تێزه به یه‌ک له چه‌ند لێکوڵینه‌وه هه‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی مێژووی کورد ده‌ناسرێ. ئه‌من هێشتا له‌بیرمه ئه‌و تێزه چ شوێنێکی قووڵی له سه‌ر کردم کاتێک بۆ یه‌که‌م جار چاوم پێیکه‌وت.ئه‌وه ده‌بێ له ساڵی 1976 یان 1977 دابووبێ. ئه‌وده‌می تازه لێکۆڵێنه‌وه‌یه‌کی مه‌یدانی مه‌ردمناسانه‌ی دووساڵانهم له به‌شه جۆربه‌جۆره‌کانی کوردستان ته‌واو کردبوو، له وانه مانه‌وه له "ناوچه‌ئازادکراوه‌کان" ی کورد له باکووری عێراق له جه‌نگه‌ی دوایین مانگه‌کانی ڕاپه‌ڕینی مه‌لا مسته‌فای بارزانی و ماوه‌یه‌ک له سوورییه، که له‌وێ چاوم که‌وت به دوایین به‌شدارانی سه‌رهه‌ڵدانه‌کانی کوردی له ترکییه له ساڵانی 1920کان و 1930 یه‌کاندا.
ئه‌من هه‌روه‌ها هێندێکێشم کار له سه‌ر ئارشیوی ڕۆژنامه ترکییهکان و به‌ڵگه‌کانی پابلیک ڕێکۆرد ئافیسی بریتانیا سه‌باره‌ت به سه‌رهه‌لدانه به‌راییه‌کان کردبوو. کاتێک به هه‌ڵکه‌وت لێکۆڵینه‌وه‌که‌ی جووهیدهم خوێنده‌وه، به واق وڕمانهوه بۆم ده‌رکه‌وت ئهونهک هه‌ر به قووڵی له‌و سه‌رهه‌ڵدانانه‌ی کۆڵیوه‌ته‌وه، به‌ڵکوو یاریدهشی دام له پێشکه‌وتنه‌کانی ساڵانی 1970کان تێبگه‌م. شیکردنه‌وه‌ی جووه‌یده، ئه‌گه‌رچی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی مێژوویییه، ده‌یسه‌لمێنێ که ئه‌و هه‌رێمه‌که‌ی زۆر چاک ناسیوه و ده‌بێ زۆرێک له که‌سایه‌تییه کورده‌کانیشی ناسیبێ.
ئه‌وه‌ی که کاره‌که‌ی جووه‌یده بایه‌خی خۆی بۆ بارودۆخی هاوچه‌رخ له ده‌ست نه‌داوه و تا تێوه‌رسووڕانه‌وه‌ی سه‌ده له قورسایی که‌م نه‌بووه‌ته‌وه له‌و ڕاستییه ڕا ده‌رده‌که‌وێ که وه‌رگێڕانی ترکی ئه‌و تێزه هه‌رکه خه‌ڕیک بووله ژێر چاپ بێته ده‌رێ قه‌ده‌غه کرا.[2] له هه‌لومه‌رجێکدا که زۆر کتێبی له‌مه‌ڕ کوردان ، له‌وانه هێندێکیشیان که له بواری سیاسی دا زۆر کراوه‌ن ، به ئازادانه ده‌ست ده‌که‌وتن و ده‌ست ده‌که‌ون، نیشانه‌یه‌که بۆ به جیاواز دانانی کتێبی جووه‌یده، له به‌ر به‌مه‌ترسی دانانی هێندێک له‌و بابه‌تانه‌ی تێیدا باس کراون. ئه‌وه نێوی بابه‌ته‌که نه‌بوو که بووه هۆی قه‌ده‌غه‌کرانی، به‌ڵکوو، من وای بۆ ده‌چم ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ی جووه‌یده دایناوه بۆ باسکردنی ئه‌وه‌ی به ئاسایی نێوی لێ ده‌ندرێ " دۆز" ی کورد یان "پرس"ی کورد بووه هۆی ئه‌و قه‌ده‌غه کرانه.کاردانه‌وه له‌هه‌مبه‌ر قه‌ده‌غه‌کردنی کتێبی جووه‌یده له ترکییه ،که‌ره‌سته‌ی بابه‌تی
ئه‌م قسانه‌یه که ئێستا بۆ به به‌رزڕاگرتنی بیره‌وه‌ری وی باسیان ده‌که‌م: ئه‌ویش ئه‌و شێوه جۆربهجۆرانهیه که دراوسێکانی کورده‌کان، و به‌تایبه‌تی ئه‌و زانایانه‌ی وا مرخیان له مه‌ڕ ئه‌وان نیشان داوه، "دۆز"ی کوردیان پێناسه کردووه. جووه‌یده له ڕوانگه‌ی عێراقییه‌که‌وه له کورده‌کان و مێژووی ئه‌وانی ده‌ڕوانی، که ناسێنه‌ی خۆی پێویستی ده‌کرد جۆره تێوه‌گلانێکی له‌گه‌ڵ کورده‌کان هه‌بێ. نووسه‌ره‌کانی دیکه‌ش هه‌روابوون که ئه‌من هێندێک دواتر باسیان لێوه ده‌که‌م.
شتێک ده‌بێ بووبێته هۆی په‌شێوی دادئه‌ستێنی ترک و ئه‌وه‌ش ده‌بێ له به‌ر ڕاکێشانی سه‌رنجی خوێنه‌وه‌ری زۆر و به‌ڕێژه خوێنده‌واری ترکییه بێ به‌ره‌و ئه‌وه‌ی که جووه‌یده ده‌یسه‌لمێنێ ڕیشه‌ی مێژوویی بزووتنه‌وه‌کانی هاوچه‌رخی کورد چه‌نده پته‌و و چه‌نده قووڵه و ناره‌زایه‌تی و داوخوازه‌کانیان چه‌نده کۆن و له‌مێژینه‌ن. سه‌رهه‌ڵدانه جۆربه‌جۆره‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م و به‌رایی سه‌ده‌ی بیسته‌م ته‌نێ ڕووداوی تاک که‌وتوو نه‌بوون که دامرکانی ئابووری یان ناره‌زایه‌تی سیاسی دنه‌ی دابن. له ئه‌نجام دهرخستنهکهیدا، جووه‌یده ، وه‌بیر خوێنه‌وه‌ره ده‌هێنێته‌وه، هۆی ناڕازیبوونی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رچییه‌کی بێ،" ده‌بێ له بیرمانبێ ئه‌وه ناسیونالیزمه، که له ڕیشه‌ی پرسی کورد دایه، و ئه‌وه له ته‌بیعه‌تی خۆیدا تاڕاده‌یه‌کی زۆر پرسێکی سیاسی و ده‌روونناسانه‌یه."
ئهوکهفوکوڵه ناسیونالیستییه‌ی که له عێراق وه‌ڕوو که‌وت به دوای ئه‌وه‌ی نیزامییه‌کان له ساڵی 1958 دا ده‌سته‌ڵاتیان به ده‌سته‌وه گرت ده‌بوو به‌جیدی وه‌ر بگیرێ به وردی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕیشه‌ی ئهولافاو و خرۆشانه له پێڤاژۆێهکی مێژوویی تا ڕاده‌یه‌ک زۆر قووڵ دابوو، و ئاکتۆره‌کانی زۆر وشیار بوون له سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌یانکرد. ئه‌گه‌رچی لێکۆڵینه‌وه‌که‌ی جووه‌یده له ساڵی 1959 دا ته‌واو ده‌بێ، پێشوه‌چوونه‌کانی ده‌ساڵی دواتری که به دوویدا هات بۆ خوێنهوهرهی وردی جووه‌یده وێده‌چێ خۆیان لێ ده‌رباز نه‌کرێ.
ئه‌وه هه‌ر له باری کرۆنۆلۆژییه‌وه نییه که لێکۆڵینه‌وه‌ی جووه‌یده له سه‌ر خاڵێکی وه‌رچه‌رخان چه‌ق ده‌به‌ستێ؛ به‌ڵکوو نوێنه‌رایه‌تی ئاڵوگۆڕێکیش ده‌کا له کاری زانستی دا سه‌باره‌ت به کوردان که وه‌کوو کاری زانستی سه‌رده‌می کۆلونیالی و دوا کۆلونیاڵی نییه له به‌شه‌کانی دیکه‌ی جیهاندا. له کاتێکدا جووه‌یده له نێوه‌ڕاست ساڵانی 1950 کان له ئینگلیستان بوو بۆ لێکۆڵینه‌وه‌که‌ی خۆی، ئه‌و چاوی به گه‌وره پیاوانی پیری قۆناخی پێشووی لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردی که‌وت وه‌کوو ڤڵادیمیر مینۆرسکی و سیسیل جان ئێدمۆندز. ئه‌وان هه‌ر دووکیان وه‌ک ڕۆژهه‌ڵاتناس په‌روه‌رده‌یان دیبوو و ئه‌و کاته‌ی خزمه‌تی حکوومه‌ته‌کانی خۆیان ده‌کرد له گه‌ڵ کورده‌کان ناسیاوییان په‌یدا کردبوو. مینۆرسکی وه‌کوو کارگێڕی ئیمپراتۆری ڕووسییه و، ئێدمۆندز وه‌کوو
هه‌ڵسووڕاوی ئیداره‌ی بریتانیا له عێراق.ئه‌وان هه‌ر دووکیان ببوون به دۆستی گه‌وره‌ی کورده‌کان ( به پێویستی نه‌ک له گه‌ڵ کورده ناسیونالیسته‌کان: شێخ مه‌حموودی سلێمانی یه‌ک له سه‌رئێشه‌کانی ئێدمۆندز بوو) ، و هه‌ردووکیان به به‌ربڵاوی و لاگرانه شتیان له سه‌ر کوردان بڵاو کرده‌وه. وتاره‌کانی دوورودرێژ و زانایانه‌ی مینۆرسکی سه‌باره‌ت به " کوردستان" و " کورده‌کان" له چاپی یه‌که‌می ئهنسکلۆپێدییای ئیسلامدا کورته باسی هه‌ره به بڕشتی زانستی ڕۆژههڵاتناسانهیه له سه‌ر ئه‌و بابه‌ته. ئێدمۆندز له کتێبه‌که‌یدا کورده‌کان، ترکه‌کان و عه‌ڕه‌به‌کاندا، چاوه‌دێری و ئه‌زموونه‌کانی خۆی وه‌کوو ئه‌فسه‌رێکی سیاسی له کوردستانی عێراق له نێوان ساڵانی 1920 و 1925 دا گه‌ڵاڵه‌کردووه، ئه‌و کتێبه بیره‌وه‌ری مووقهڵێشانه و به وردهڕیشاڵه سه‌باره‌ت به بارودۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی، که‌سایه‌تییه‌کان و کرده‌وه‌ی ناوچه‌یی له‌و ناوچانه‌یدا وا ئه‌و خزمه‌تی تێداده‌کرد.[3] هه‌ر دووکی ئه‌و نووسه‌رانه به تایبه‌تی مرخ و مه‌یلی گه‌وره‌یان نیشان دا سه‌باره‌ت به کۆمه‌ڵگه جۆربه‌جۆره‌کانی دینی ئه‌ویدی باوه‌ڕ که له کاتی خزمه‌ت کردن له کوردستان دا چاویان پێیان که‌وتبوو، واته ئه‌هلی حه‌ق و ئێزیدییه‌کان ، ڕه‌نگه ئه‌و جهختهشیان له سه‌ر حیسابی ئیسلامی باو و بابه‌ته سه‌ره‌کییه سیاسییه‌کان کردبێ که وه‌کوو گه‌لێک ڕووبه‌ڕووی کورده‌کان ده‌هات.[4]
دیتنی جووه‌یده سه‌باره‌ت به کورده‌کان
پێوه‌ندی وه‌دیع جووه‌یده له گه‌ڵ کورده‌کان پێوه‌ندییه‌کی جیاواز بوو، و هه‌روه‌ها بۆچوونی ویش بۆ سه‌ر بابه‌ته‌که‌ی جیاواز بوو. ئه‌و له شاری به‌سره له باشووری عێراق چاوی به دنیا پشکووت له بنه‌ماڵه‌یه‌کی عیسایی ( کلدانی) عه‌ڕه‌ب زمان دا و دوایه چووه به‌غدا و له‌وێ له زانکۆ خوێندی و له ساڵی 1942 له به‌شی حقووق دا ده‌ره‌جه‌ی لیسانی به ده‌ست هێنا. له ماوه‌ی ساڵانی شه‌ڕ دا وه‌کوو پشکنه‌ری ناردنی که‌لوپه‌ل و پێداویستی بۆ ئه‌ستانه باکوورییه‌کان له وه‌زاره‌تی نێوخۆ کاری ده‌کرد. ئه‌و پایه‌یه‌ی هه‌لی بۆ ڕه‌خساند به هه‌موو کوردستانی عێراق دا بگه‌ڕێ و به شه‌خسه له گه‌ڵ ژماره‌یه‌کی زۆر له که‌سایه‌تییه‌کورده‌کان ناسیاوی په‌یدا بکا. ناسیاوی ڕاسته‌وخۆی شه‌خسی وی له گه‌ڵ وڵاته‌که و خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌بێ یارمه‌تییه‌کی گه‌وره بوو بێ بۆی له‌و لێکۆڵینه‌وه مێژووییه دا که دوایه کردی، و هه‌روه‌ها زانیاری وردی سه‌باره‌ت به کۆمه‌ڵگه و سیاسه‌تی کوردی که له گشت کتێبه‌که‌ی ڕا ده‌رده‌که‌وێ و چ جێی گومان ناهێڵێته‌وه ئه‌وه له سۆنگه‌ی ئه‌زموونه‌که‌یه‌تی. جووه‌یده به پته‌وی خۆی وه‌ک عه‌ڕه‌بێکی عێراقی ده‌ناسی به‌ڵام له هه‌مان کاتدا وشیارانه هه‌ستی پێ ده‌کرد که سه‌ر به که‌مایه‌تییه‌کی (دینی) شه که زۆرجار تووشی دوو چاوکی له‌گه‌ڵ کردن و فه‌رق و جیاوازی له گه‌ڵ دانان هاتووه. ئه‌وه بێگومان یارمه‌تی کردووه به لێتێگه‌یشتن و په‌سندانی کورده‌کان له‌و ده‌وڵه‌تانه‌یدا تێیاندا ده‌ژین و پێوه‌ندییان له گه‌ڵ دراوسێ جۆربه‌جۆره‌کانیان.له‌کاتێکدا ئه‌و نووسه‌رانه‌ی که پێشتر له‌سه‌ر ناسیونالیزمی کوردیان نووسیوه ئه‌و مه‌یله‌یان تێدا ده‌بیندرێ ناسیونالیزمی کورد له ڕوانگه‌ی ده‌زگای ئێداری یان گرووپه زاڵه‌کان له نێو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه دا شیبکه‌نه‌وه، جووه‌یده به‌ئاگادارییه‌وه هه‌وڵی دا بۆچوون و ڕوانگه‌ی کوردان بهێنێته گۆڕێ. لێکۆڵینه‌وه‌که‌ی وی یه‌ک له لێکۆڵینه‌وه‌کانی هه‌ره لاگرانه و هه‌ری ژیرانه‌یه به تێگه‌یشتن له‌وه‌ی که چییه کورده‌کان ده‌جووڵێنێ. ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه یه‌که‌م توێژینه‌وه‌ی جیدییه که جه‌خت له سه‌ر ناسیۆنالیزمی کورد بکاته‌وه وه‌کوو بزووتنه‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ و نه‌ک هه‌ر وه‌کوو کاردانه‌وه و به‌رته‌کێک له هه‌مبه‌ر پێڤاژۆی مۆدێرنیزه کردن و رێفۆرم و چاکه‌سازی ئیداری.
سیاسه‌تدارێژان و به‌ڕیوه‌به‌رانی بریتانیایی خوویان ئه‌وه بووه که باسی " پرسان" بکه‌ن: " پرسێکی ڕۆژهه‌ڵاتی" هه‌بووه ( سه‌باره‌ت به ئاواته‌کانی یۆنانییه‌کان بۆ سه‌ربه‌خۆیی له فه‌رمانره‌وایی عوسمانی)،
،" پرسی ئه‌رمه‌نییه‌کان" هه‌بووه و کورده‌کان ئه‌وانی دواتر بوون که بوون به "پرس". باسی " پرسی کورد" به شێوه‌یه‌ک بوونی کورده‌کان ده‌هێنێته گۆڕێ که جۆره‌یه‌ک گیروگرفت ده‌خولقێنێ که حه‌وجێی به چاره‌سه‌ر کردن هه‌یه. زنجیره‌یه‌کی درێژ له لێکۆڵینه‌وه سه‌باره‌ت به کوردان سهردهێرهکانیان وشه‌ی "پرس" یان "کێشه"یان تێدایه؛ به‌ڵام جووه‌یده به شێوه‌یه‌کی سه‌رنجڕاکێش ، له ناسیۆنالیزمی کورد ده‌دوێ به بێ ئه‌وه‌ی وه‌کوو کێشه‌یه‌ک نێوزه‌دی کا و بیناسێنێ. ئه‌و جاروبار زاراوه‌ی " پرسی کورد " یان " کێشه‌ی کورد" ده‌کار ده‌هێنێ، به‌ڵام زۆر جار کاتێک ئه‌وه ده‌ڵێ که به نووسینی ئه‌و نووسه‌رانه‌دا دێته‌وه که له سه‌ر کوردانیان نووسیوه، و زۆربه‌یان نه‌یانتوانیوه یان نه‌یانویستووه له ته‌بیعه‌تی ئه‌و "پرسه" تێبگه‌ن. له خواره‌وه چه‌ند بڕگه ده‌گێڕینه‌وه ، له ئه‌نجام وه‌رگرتنی تێزه‌که‌یدا:
"چ گومانی تێدا نییه که پرسی کورد یه‌ک له کێشه‌کانی هه‌ره دژوار و هه‌ره به مه‌ترسی یه که ئه‌مڕۆ تووشی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست هاتووه. ئه‌و پرسه .... هه‌تا دێ زیاتر سه‌رنچ و مرخی حکوومه‌ته‌کان و هه‌روه‌ها خوێندکار و لێکۆله‌ره‌وه‌کانی کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی به‌ره‌و لای خۆی ڕاکێشاوه." دوایه جووه‌یده دیتن و بۆچوونی هێندێک له‌و لایه‌نانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییان له‌و باسه دا هه‌یه ئاوا کورت ده‌کاته‌وه:
_ ماڵکۆڵم بڕ ، زانایه‌کی بریتانیایی ، ئه‌و کێشه‌یه له جێ‌دا وه‌کوو گونجاندنی گه‌لێک ده‌بینێ که کولتوورێکی شاخاوی هه‌یه له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی دنیای مۆدێرن. [ و پێداده‌گرێ که] ده‌بێ ڕیگه‌یه‌ک ببیندرێته‌وه بۆ دامه‌زراندنی کوردان و تواندنه‌وه‌یان له ئابووری مۆدێرن دا.
_ مۆرگان فیلیپس پرایس، ڕۆژنامه‌نووس و نوێنه‌رێکی پارتی کڕێکاری بریتانیا، کێشه‌ی کورد " به ده‌ره‌جه‌ی یه‌که‌م وه‌کوو کێشه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری" ده‌بینێ ، که به‌شێکه له " کێشه‌ی هه‌موو کۆچه‌ران" له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست دا."مه‌ئموورییه‌ت و ڕاسپارده بۆ کاری به‌رته‌نگ کردن چاره سه‌ری نییه. هه‌ژاری و نه‌داری عه‌شیره‌ته‌کان کێشه‌که‌یه."
_ ئیچ.ئێم. بورتن، ئه‌فسه‌رێکی سیاسی پێشوو، پێداده‌گرێ " له عه‌شیره‌ت دابڕانی زۆره‌ملێی کورده‌کان هه‌ڵه‌یه، به‌رنامه‌یه‌کی هێمنانه بۆ دامه‌زراندنی ئه‌وان ده‌بێ ببیندرێته‌وه."
_ کۆلۆنێل. ده‌بلیو.گ. ئێلفینستۆن وه‌کوو چاره‌سه‌ری " جۆره‌یه‌ک پاسپۆرت و یه‌کێتی گوومرگی له نێوان ئه‌و وڵاتانه‌ی دا دانیشتووی کوردیان هه‌یه" پێشنیار ده‌کا.
گشت ئه‌و نووسه‌رانه کێشه‌ی کورد وه‌کوو پرسێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری ده‌ناسێنن، که به‌دژی ئه‌و بۆچوونانه جووه‌یده پێداده‌گرێ" ده‌بێ ئه‌وه مان له بیر بێ که ناسیۆنالیزم، که له ڕیشه‌ی پرسی کورد دایه، به گشتی سیاسی و له ته‌بیعه‌ت دا ده‌روونناسانه‌یه."[5]
ئه‌و قسه گێڕانه‌وانه له نووسه‌رانی بریتانیایی که جووه‌یده ڕه‌خنه‌یان لێده‌گرێ به هاسانی ده‌کرێ قسه‌ی هه‌مان شێوه‌ی نووسه‌رانی خه‌ڵکی ترکییه، ئێران یان عێراقیان لێ زیاد بکرێ.زۆر له دراوسێیه‌کانی کورده‌کان، که سه‌ر به ڕێباز و بیرورای جیاوازی سیاسین، حه‌وڵیان داوه بابه‌تی بوونی ناسیۆنالیزمی کورد به شتێکی نه‌بوو بناسێنن، به ڕێگه‌ی ئه‌وه‌یدا که به‌ته‌واوی نکوڵی لێبکه‌ن یان به وردی به ڕیگه‌ی ئه‌وه‌یدا که‌می بکه‌نه‌وه وبیکه‌ن به یه‌ک له هۆکاره لاوه‌کییه‌کان وه‌کوو، عهشیرهتگری، فێئۆدالیزم یان جه‌رده‌یی کۆمه‌ڵایه‌تی که ئاخره‌که‌ی به په‌یدا بوون و سه‌رهه‌ڵهێنانی مۆدێرنیزه کردن ده‌بێ تێدا بچێ و بزر بێ. ناسیۆنالیزمی کورد زۆر جار وه‌کوو شێوه‌یه‌ک له وشیاریی ساخته بیندراوه، و دراوسێیه زۆر پێشوهچووهکانیان زۆرجار هه‌ستیان کردووه به پێداویستی په‌روه‌رده کردنی کورده‌کان به‌ره‌و تێگه‌یشتنێکی له‌بار سه‌باره‌ت به پرسه‌که‌یان و بۆ یارمه‌تیدانیان بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی دواکه‌وتوویی ، چه‌وسانه‌وه به ده‌ستی ڕێبه‌رانی دینی و عه‌شیره‌تی بکه‌ن و ههروههابهکارهێنانیان به ده‌ستی ده‌سته‌ڵاتی بیگانه،...
جووه‌یده واوێناچێ ناسیۆنالیزمی کورد به "پرس" ێک دابنێ ، یان به هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک بۆ سه‌ر عێراق یان بۆ سه‌ر دنیای عه‌ڕه‌ب، به‌ڵکوو ئه‌وه به دیارده‌یه‌کی ته‌بیعی و جێی لێتێگه‌یشتن و تراژێدی ده‌زانێ چونکوو وه‌کوو بزووتنه‌وه‌یه‌ک دره‌نگ گه‌یشتووه‌ته مێژوو و ڕه‌نگه گه‌یشتبێته شوێنێکی هه‌ڵه له جیهاندا. ترکه‌کان، فارسه‌کان و عه‌ڕه‌به‌کان له پێش کورده‌کاندا گه‌یشتنه جێ و، ڕێژیمی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی دوای شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌م به‌شه‌کانی کوردستانیان وه‌سه‌ر خۆیان خست ده‌ستیان کرد به دابه‌زاندنی به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه دروستکردن. کورده‌کان بوون به هاووڵاتییانی، ئه‌گه‌رچیش قه‌ت به ته‌واوی نه یه‌کسانی، ترکییه، ئێران ، عێراق یان سوورییه، و هه‌ر هه‌وڵێک له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌یه‌ک له مه‌ڕ خۆیان به پێویستی ئه‌وان ده‌خاته هه‌ڵوێستی دژایه‌تی له گه‌ڵ ترکه‌کان، فارسه‌کان و عه‌ڕه‌به‌کانی که ژماره‌یان زۆر له‌وان زیاتره وخاوه‌نی ئه‌و ئه‌ڕته‌شه ده‌وڵه‌تییانه‌ن که خه‌ریکی خۆ مۆدێرن کردنن . ئه‌وه بووه هۆی ناهومێدی و تووڕه‌یی له ئاست ئه‌و بێعداڵه‌تی و نایه‌کسانییه،کارێکی ئه‌وتۆی کرد ناسیۆنالیزمی کورد ، له سه‌روبه‌ندی نووسرانی تێزه‌که‌ی جووه‌یده دا،" زیاتر ڕادیکال و له سازان نه‌هاتوو بێ." سیاسه‌تمه‌دارانی کورد که له‌نێوان
خه‌ون و پراگماتیسم دا گیریان کردبوو ده‌بوو هه‌وڵ بده‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێبازێک له نێوان خه‌بات بۆ سه‌ربه‌خۆیی ته‌واو و هه‌وڵی هاتنه ڕه‌دایێ له گه‌ڵ حکوومه‌ته نێوه‌ندییه‌کان.ئه‌و ڕادیکاڵ بوونه‌ی که جووه‌یده باسی لێوه ده‌کا له عێراق له دوای کوده‌تای ساڵی 1958 زۆر به‌زه‌قی به دیاره‌وه بوو، و داوخوازی خه‌ڵکی ئاسایی کورد له‌وێ ڕه‌نگه زۆر زیاتر و ڕادیکاڵتر بووبێ له‌و داوخوازانه‌ی که ڕێبه‌ره سیاسییه‌کان ده‌ریان ده‌بڕی.
ئه‌گه‌رچی ده‌رفه‌ت و ده‌ره‌تان به دژی ئه‌وان بوو، هه‌تا ده‌هات کوردێکی زۆرتری ئاسایی ته‌نێ ده‌یانه‌ویست چاره‌نووسیان به ده‌ست خۆیانه‌وه بێ. جووه‌یده زۆر ڕه‌پ و ڕووتر له زۆربه‌ی سیاسه‌تمدارانی کورد ، ئه‌و ده‌ره‌تان و ئاواتانه ده‌رده‌بڕێ : [کورده‌کان] " که چیای ئاسته‌م و ده‌ست وێڕانهگهیشتوو له یه‌کی جوێ کردوونه‌ته‌وه، که جیاوازی زمانی و تاییفی له‌یه‌کدی دابڕیون، که پێبه‌ندی وه‌فاداری به‌رته‌نگی عه‌شیره‌تین، و سنووره نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان پارچه‌ی کردوون ؛ ئێستا ده‌یانه‌وێ ئه‌وه‌ی بن که زۆر خه‌ڵکی له‌وان به به‌ختر بوونهتێ – ئه‌ویش ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌یه‌که."
پێشوه‌چوونه‌کانی چل ساڵی ڕابردوو نرخاندنه‌کانی جووه‌یده داده‌گرنه‌وه. خوێنده‌واری به کۆمه‌ڵ و په‌روه‌رده‌ی به‌کۆمه‌ڵ، وه‌گه‌ڕکه‌وتنی له‌زێده و شۆڕشی پێوه‌ندی ژماره‌یه‌کی هه‌تا دێ زیاتری به‌ره‌و بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی ڕاکێشاوه. ناسیۆنالیزمی کورد بووه به هێزێک که حکوومه‌ته‌کانی هه‌رێم ده‌بێ وهحیسابی بهێنن، نه‌ک هه‌ر له ئاستی نێوخۆیی دا ، به‌ڵکوو هه‌تا دێ زیاتریش له مه‌یدانی نێونه‌ته‌وه‌یی دا. دابه‌شبوونه‌کانی عه‌شیره‌تی، زمانی و دینی که جووه‌یده ئاماژه‌یان پێده‌کا هێشتا له نێو نه‌چوون ،ته‌نانه‌ت هێنێدیک له‌وانیش بوونه هه‌وێنی ساز بوونی بزووتنه‌وه‌ی ناسێنه‌خوازی جیاواز له چوارچێوه‌ی بزووتنه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌تری کوردی‌دا، وه‌کوو جوڵانه‌وه‌ی ئێزیدییه‌کان، عه‌له‌وییه‌کان و زازا ئاخێوه‌ران که ده نێو ئه‌واندا ته‌نانه‌ت هێندێک له ڕێبه‌رانیان ئێدیعا ده‌که‌ن ستاتوسی نه‌ته‌وه‌یه‌کی جیاوازیان هه‌یه.له نێو کورده‌کانی عێراقدا، ناسێنه‌ی هه‌رێمی هه‌ر به پته‌وی ماوه‌ته‌وه و پارتییه سه‌ره‌کییه سیاسییه‌کان پێگه‌ی هه‌رێمی جیاوازی له‌مه‌ڕ خۆیان هه‌یه.ئه‌وه به ڕاده‌یه‌کی که‌متر سه‌باره‌ت به کوردستانی ئێرانیش هه‌روایه،له‌وماوه کورته‌یدا که له‌وێ چالاکی حیزبایه‌تی ئاشکرا ده‌ڕه‌خسا. شارنشینی و دامه‌زران و ستاربوونی عه‌شیره‌ته کۆچه‌ره‌کان تا ڕاده‌یه‌ک ئاکامی هه‌ڵوه‌شانی ژیانی عهشیرهتگری لێکه‌وتووه‌ته‌وه، به‌ڵام عهشیرهتگری به ڕێگه‌ی سیاسه‌تی حکوومه‌تییه‌وه بووژێندراوهتهوه،به شێوه‌یه‌کی زۆر سیستیماتیکتر له عێراق و ترکییه،به ڕێگه‌ی دهبهرکارنانی میلیشیای عه‌شیره‌تی بۆ شه‌ڕی بزووتنه‌وه‌ی ناسیونالیستی کورد.سنووره‌کانی نێوان به‌شه‌کانی ئێران،عێراق،ترکییهو
سوورییه زۆر گرینگتر بوون ، ئه‌گه‌رچی ئێستا لێ په‌ڕینه‌وه و لێ ده ربازبوونیان هاسانتر بووه. له هه‌ر کام له‌و ده‌وڵه‌تانه دا کورده‌کان سه‌روکاریان له گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت و هێزهسیاسییهکانی دیکه په‌یدا کردووه. جیاوازی کولتووری سیاسی و سیاسه‌ته‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی _ ئابووری و کولتووری نێوان ئه‌و ده‌وڵه‌تانه کاراکتێرێکی جیاواز وتایبه‌تی داوه به بزووتنه‌وه‌ی کورد له نێو هه‌رکام له‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا.
دیتنێکی ئێرانی
هاوسێیه‌کی دیکه‌ی له نزیکه‌وه سه‌روکاری له‌گه‌ڵ کورده‌کان هه‌بوو و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی به‌که‌لکی له سه‌ر قۆناخه به‌راییه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کورد نووسی ژه‌نه‌ڕاڵی ئێرانی حه‌سه‌نی ئه‌رفه‌ع بوو ، که بۆ خۆی به شه‌خسه له سه‌رکوتکردنی راپه‌ڕینه عه‌شیره‌تییه‌کانی ساڵانی 1920کاندا به‌شداری کردبوو.[6] ئه‌رفه‌ع خزمه‌تکارێکی وه‌فاداری ته‌ختی تاوس بوو، به‌ڵام ئازهربایجانییهک بوو که له‌مه‌ر گرژییه‌کانی نێوان ناسێنه‌ی ئێتنیکی و هاووڵاتێتی دا هه‌ستیار بوو. ئه‌و هه‌م جیاوازیخوازیی ئازه‌ربایجانی و هه‌م جیاوازیخوازیی کوردی به‌رپه‌رچ ده‌داوه به‌ڵام له‌و هه‌ست و سۆزه‌ی دنه‌ی ئه‌و مه‌یلانه یان ده‌دا ئاگادار بوو و لێیان تێده‌گه‌یشت و به شێوه‌یه‌کی لاگرانه له سه‌ر کوردانی نووسی کاتێک یه‌که‌م ڕاپه‌ڕینی چه‌کداریی مۆدێڕنی ناسیونالیستی کورد له عێراق خه‌ریک بوو سهرههڵبهێنێ.
" ئه‌گه‌رچی کورده‌کان هه‌میشه له ژێر نیری دوو _ یان، ئێستا،سێ ده‌سته‌ڵاتدا ژیاون—به‌ڵام له‌به‌ر زمانه‌که‌یان، داب و شوێنیان و جلوبه‌رگیان، هه‌روه‌ها له‌به‌ر وشیارییان سه‌باره‌ت به کورد بوونی خۆیان و جیاواز بوونیان له [ دراوسێیه نا کورده‌کانیان] ، هه‌میشه بوونێکیان پێک هێناوه و هه‌ر له به‌ر ئه‌و هۆیانه ئێستا ئه‌وان خۆیان واداده‌نێن لێیان بوه‌شێته‌وه وه‌کوو نه‌ته‌وه‌یه‌ک حیساب بکرێن ئه‌گه‌رچی له ڕابردوو دا ئه‌و چه‌مکه واته چه‌مکی نه‌ته‌وه بۆیان غه‌ریب بووه."[7]
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هۆی کرده‌وه‌یی هه‌ن که بۆچی ئاواتی لێتێگهیشتووی کورده‌کان بۆ هه‌بوونی حکوومه‌تی خۆیی ناکرێ وه‌دی بێ، له‌وانه شه‌ڕی سارد هۆی هه‌ره گرینگه.
" سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان و ئه‌و کوردانه‌ی که‌له‌ی کۆنن و به شێوه‌یه‌کی نه‌ریتی بیر ده‌که‌نه‌وه ده‌زانن له هه‌لومه‌رجی هه‌نووکه‌یی دا به ده‌ست خستنی سه‌ربه‌خۆیی ته‌واو نالوێ، چونکوو ئه‌و سێ ده‌وڵه‌ته‌ی وا کورده‌کان به‌وان به‌ستراونه‌ته‌وه بێ ئه‌ملاوئه‌ولا یه‌ک ده‌گرن بۆ ئه‌وه‌ی به زۆره‌ملێ پێشی پێشهاتێکی ئه‌وتۆ بگرن. جا بۆیه یه‌کێتی و یه‌کگرتنه‌وه‌ی سیاسی گشت کورده‌کان، پێشمه‌رجی هه‌ڵوه‌شانی ته‌واوی نه‌زمی ئێستای شته‌کانه له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست دا، و ئه‌مه ته‌نێ ده‌کرێ به ده‌ستتێوه‌ردانی یه‌کێتی شووڕه‌وی و له به‌ریه‌ک هه‌ڵوه‌شانی ترکییه، ئێران و ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی وه‌دی بهێندرێ."[8]
ئه‌رفه‌ع خوێنه‌ره‌وه‌کانی دڵنیا ده‌کا له‌وه‌ی که کورده‌کان زۆر زیاتر دژایه‌تی ده‌که‌ن له گه‌ڵ فه‌رمانه‌ڕه‌وایی و حوکمی کۆمۆ‌نیستان تا ده‌سته‌ڵاتی ده‌وڵه‌ته‌کانی هه‌یی به سه‌ریاندا. ئه‌رفه‌ع له‌و باوه‌ڕه دایه ته‌نێ هێندێک ڕووناکبیر _ ئه‌و به تایبه‌تی ئاماژه ده‌کا به ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، سکرێتێری پێشووی مه‌یله‌و چه‌پی پارتیی دێمۆکراتی کوردستان له عێراق، و نوێنه‌ری کورده‌کان له ئوڕووپا، پارێز وانلی _ که پێیان خۆشه جۆره ده‌وڵه‌تێکی کوردی له گوێن شووره‌وی وه‌دی بهێنن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تێکی ئه‌وتۆ به‌شێکی پچووکیش له سه‌رزه‌وییه‌کانی کورد وه‌به‌ر بگرێ.[9] ئه‌رفه‌ع ئه‌و ڕووناکبیرانه‌ی به هۆکارێکی جیدی دانه‌ده‌نا. له‌وه‌ش ده‌رچێ، ئه‌و چه‌ندین دژواری کرده‌وه‌یی دیکه‌شی ده‌دی که پێش به کورده‌کان ده‌گرن ئه‌و نه‌ته‌وه [ده‌وڵه‌ته] یه‌کگرتوویه‌ی ئاواتیانه پێک بهێنن.جوگرافیای هه‌رێمه‌که دژواری زۆر گه‌وره ده‌خاته سه‌ر ڕێگه‌ی پێوه‌ندی؛زۆربه‌ی دۆڵ و ده‌ره‌ی به پیت و پێز له لێواره‌ی ده‌ره‌وه‌ی کوردستان هه‌ڵکه‌وتوون و له به‌شێکیان دا ناکورده‌کان ده‌ژین؛ چاڵه نه‌وتییه گرینگه‌کانیش له هه‌رێمی ئه‌وتۆ هه‌ڵکه‌وتوون که دانیشتوانیان تێکه‌ڵاون. و، ڕه‌نگه له هه‌موو شت گرینگتر ئه‌وه بێ که، حکوومه‌ته‌کان و خه‌ڵکانی ترکییه، ئێران و عێراق به توندی دژایه‌تی ده‌که‌ن له گه‌ڵ "جیاوازیخوازی" کورد. ئه‌رفه‌ع بۆ چوونی ئه‌و سێ ده‌سته‌ڵاتانه له‌م وشانه‌دا کورت ده‌کاته‌وه:
" ترکه‌کان ده‌ڵێن: ' ئێوه ترکن کورد نین؛ له ترکییه هیچ کورد نییه.' (....)ئه‌وان رێگه به هه‌بوونی چ پرسی کورد له ترکییه دا ناده‌ن. ئێرانییه‌کان هه‌بوونی کورده‌کان قه‌بووڵ ده‌که‌ن،به‌ڵام ده‌ڵێن کورده‌کان سه‌ر
به گرووپێکی ڕه‌گه‌زی ئێرانین که لکی کوردی ئه‌و ڕه‌گه‌زه پێک ده‌هێنن و بۆیه به‌شێکن له ئێران، و هه‌رچۆنێک بێ ئێران ئیمپراتورییه‌کی فره ڕه‌گه‌زییه له سه‌ر بنه‌مای میژوو، نه‌ریت و هه‌ستێکی هاوبه‌ش له ئاست شاهه‌نشا. بۆیه بۆ ئێرانییه‌کانیش، چ پرسی کورد هه‌بوونی نییه.عێراقییه‌کان ده‌ڵێن: ' ئێوه کوردن ئێمه عه‌ڕه‌بین، به‌ڵام به‌یه‌که‌وه ئێمه عێراقین . عێراق به‌شێکه له نه‌ته‌وه‌ی عه‌ڕه‌ب، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێوه عه‌ڕه‌ب نینه ئێمه موافه‌قه‌ت ده‌که‌ین به پێی شه‌رتی خۆمان ئۆتۆنۆمیتان بده‌ینێ، به‌و مه‌رجه‌ی به‌رده‌وام بن که به‌شێک بن له عێراق ، به بێ ماف یان ده‌سته‌ڵاتی جوێبوونه‌وه.' "[10]
ئه‌رفه‌ع به بیری ده‌خاته‌وه که زۆربه‌ی کورده‌کان خۆیان له گه‌ڵ ڕاستییه‌کانی ئه‌و وڵاتانه‌ی تێیاندا ده‌ژین گونجاندووه و ئاماده‌ن بۆ سازشت کردن و هاتنه ڕه‌دایێ، به‌ڵام ئه‌و پێشبینی ده‌کا ده‌ستوێڕاگه‌یشتنی زیاتر به په‌روه‌رده و که‌مبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان و خاوه‌نموڵکان، هاوکات له گه‌ڵ زیادبوونی ئه‌و شته‌ی ئه‌و نێوی ده‌نێ' توێژێکی ڕووناکبیریی زۆرزان و مهیلهوچهپ" داوخوازی دیاریکردنی چاره‌نووس ڕادههێزێنێ. ئه‌و کوردانه‌ی له هه‌نده‌ران ده‌ژین له ڕاستییه‌کانی به‌کرده‌وه‌ی هه‌ریم دوور که‌وتوونه‌ته‌وه مه‌یلیان به‌ره‌و ئه‌وه‌یه هه‌ر خه‌ون به ده‌وڵه‌تێکی کوردیی به ته‌واوی سه‌ربه‌خۆ و یه‌کگرتووه‌وه ببینن نه‌ک که‌متر __ که له‌وانه‌یه، وا وێده‌چێ ئه‌رفه‌ع بییه‌وێ بڵێ، له درێژخایه‌ندا گێره‌وکێشه بۆ دهڵهوڵهته پێوه‌ندیداره‌کان دروست ده‌کا. ئه‌و کتێبه‌که‌ی به‌و وشیارکردنه‌وه پێغه‌مبه‌رانه‌یه ته‌واو ده‌کا که" ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نکوولێش له پرسی کوردبکرێ، کێشه‌ی کورد هه‌ر ده‌مێنێته‌وه."[11]
خه‌باتی کورده‌کانی عێراق ئاکامی به‌ڕێککه‌وتنێکی ئاشتییانه ته‌واو بوو له گه‌ڵ حکوومه‌تی نێوه‌ندی، به پێی ئه‌و ڕێککه‌وتنه ئه‌وان ده‌ره‌جه‌یه‌کی گرینگ له ئۆتۆنۆمییان درایه. نۆ ساڵ پێکهه‌ڵپڕژانی چه‌کدارانه کاردانه‌وه‌یه‌کی گرینگیشی هه‌بوو له سه‌ر وشیاریی نه‌ته‌وه‌یی کورده‌کان. ئه‌و ڕێککه‌وتنه کێشه‌که‌ی به‌لایه‌ک دا نه‌خست به‌لام بوو به سه‌ره‌تای قۆناخێکی نوێ، قۆناخێک که هه‌ستانێکی سه‌ره‌کی به‌خۆیه‌وه بینی ،که به ئاشکرایی له لایه‌ن ئێرانه‌وه و به دزیش له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و ئیسرائیله‌وه پشتیوانی لێده‌کرا(75-1974)؛ هه‌ره‌س هێنانی ئه‌و هه‌ستانه کاتێک شا و رێژیمی عێراق کێشه‌کانی نێوان خۆیان به‌لاداخست وڕێککه‌وتن، ڕه‌وێکی به‌کۆمه‌ڵ و ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی شه‌ڕی پارتیزانی به‌رته‌سکی به‌دوو داهات (80-1976) ، دوای ئه‌وه به‌شداریی کردن له شه‌ڕی عێراق – ئێران دا و دواجار ژێنۆسید(1988).
ته‌نانه‌ت ئه‌و ده‌میش،'کێشه'ی کورد بزر نه‌بوو، جا ناساندن و لێتێگه‌یشتنی ئه‌و 'کێشه' یه هه‌رچییه‌کی بێ بڵاببێ.
چه‌ند دیتن له به‌غداوه
سه‌عد جه‌واد ، که نزیکه‌ی ده‌ساڵ زیاتر له دوای حه‌سه‌نی ئه‌رفه‌ع کتێبی " بزووتنه‌وه‌ی کوردی ساڵانی 1960 کان له عێراق" ی نووسی، له ڕوانگه‌یه‌کی زۆر تایبه‌تی عێراقییه‌وه ئه‌و 'کێشه'یه شیده‌کاته‌وه. [12]
جه‌واد له به‌غدا له دایک بووه، له بریتانیای مه‌زن خوێندوویه‌تی دوایه گه‌ڕاوه‌ته‌وه به‌غدا و کاتێک کتێبه‌که‌ی بڵاو کرده‌وه له زانکۆی ئه‌وێ ده‌رسی ده‌گوته‌وه. ئه‌و به‌وردی خۆ له‌وه ده‌پارێزێ بیروبۆچوونی توندی خۆی سه‌باره‌ت به بابه‌ته‌که بهێنێته گۆرێ و هیچ ناڵێ سه‌باره‌ت به ڕه‌چه‌ڵه‌کی ئێتنیکی خۆی ( گه‌لۆ کورده یان عه‌ڕه‌ب) به‌ڵام زیاتر بیر‌و بۆچوونی کوردان و به‌تایبه‌تی سیاسه‌تمه‌دارانی ناسیۆنالیستی عه‌ڕه‌ب ده‌گێڕێته‌وه.
ئه‌و گله‌یی و گازنده‌یه‌کی چاوڕاکێشی سکرتێرێکی گشتی پێشووی حیزبی به‌عس ده‌گێڕیته‌وه ، که له ساڵی 1963 دا له گه‌ڵ نوێنه‌رانی کورد وت‌و وێژی کردبوو ، نێوبراو ده‌ڵێ:" بێجگه‌له تاڵه‌بانی سه‌رۆکایه‌تی کورد قه‌ت نه‌یده‌ویست له چوارچیوه‌ی سیاسه‌تی عێراقیدا له سه‌ر پرسی کورد بدوێ،هه‌میشه وه‌کوو پرسێکی ته‌واو کوردی مامڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌ته ده‌کرد." [13] له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ، جه‌واد به‌رده‌وام ده‌بێ و ده‌ڵێ،" ده‌نێو سه‌رۆکایه‌تی به‌عس دا ته‌وافوقێکی گشتی هه‌بوو که ئه‌و کێشه‌یه هه‌یه و پێویستی به جۆره‌یه‌ک چاره‌سه‌ری هه‌یه." له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، داوه‌ریان ئه‌وه بوو، کورده‌کان گرینگی خۆیان گه‌وره ده‌که‌نه‌وه، جا بۆیه به ئانقه‌سته ده‌ستیان کرد به‌وه‌ی به هێندیان نه‌گرن و چاویان لێههلبوێرن.[14]
دڵی کێشه‌که ، له تێگه‌یشتنی به‌عسییه‌وه ، هه‌بوونی کورده‌کان وه‌کوو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی له توانه‌وه نه‌هاتوو، و نه عه‌ڕه‌ب بوو. ناسیونالیسته عه‌ڕه‌به‌کان، ئه‌و جۆره‌ی جه‌واد ده‌یبنێ ، هه‌موو عێراقیان به به‌شێک له نه‌ته‌وه‌ی عه‌ڕه‌ب داده‌نا، که سنووره باکوورییهکهیان به سنوور له گه‌ڵ ترکییه ده‌زانی. ئه‌وان ته‌نێ به‌شه‌کانی کوردستان له ترکییه و ئێرانیان به سه‌رزه‌وی کورد داده‌نا، به‌شه‌که‌ی عێراقیان وه‌کوو سه‌رزه‌وییه‌کی عه‌ڕه‌بی ده‌دیت که له‌لایه‌ن 'که‌مایه‌تی' کورده‌وه داگیر کرابێ. ناسری میسر ، که ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی له‌خۆ نیشان ده‌دا زۆر زیاتر له زۆرێک له عه‌ڕه‌به ناسیۆنالیسته‌کان له عێراق لای کوردان بگرێ، جارێک به ئیبراهیم ئه‌حمه‌دی گوتبوو ئه‌و " هیچ له دژی ئه‌وه نییه که کورده‌کانی ئێران و کورده‌کانی ترکییه سه‌ربه‌خۆییان هه‌بێ، به‌ڵام پێی وایه نابێ مافێکی ئه‌وتۆ به کورده‌کانی عێراق بدرێ."[15] دواجار کورده‌کان سه‌رکه‌وتن له‌وه‌دا به فه‌رمی ناسرانی خۆیان له پله‌ی 'که‌مایه‌تی' یه‌وه بگه‌یێننه ئاستی 'نه‌ته‌وایه‌تی' و کێشه‌ی کورد له قانوونی بنچینه‌یی عێراق دا بگونجێندرێ، که ڕاده‌گه‌یێنێ عێراق وڵاتی دوو نه‌ته‌وایه‌تییانه، کورده‌کان و عه‌ڕه‌به‌کان، به‌ڵام هاوکات جه‌ختیش ده‌کاته‌وه عێراق به‌شێکی یه‌کانگیره له نه‌ته‌وه‌ی عه‌ڕه‌ب.[16]
لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک که له هه‌مان ساڵی ده‌رکه‌وتنی کتێبه‌که‌ی جه‌واد دا بڵاو بووه‌وه به‌ڵام ڕووداوه‌کانی ساڵانی گرینگ و ناسکی 1970 تا 1975 یشی وه‌به‌ر ده‌گرت ئی ئێدمۆند غه‌ریبه، ئێدمۆند غه‌ریب زانای به ڕه‌چه‌ڵه‌ک لوبنانی به‌تایبه‌تی جه‌خت ده‌کاته‌وه له سه‌ر ره‌هه‌ندێکی کێشه‌که که بوو به سه‌رقاڵی ده‌ره‌جه یه‌کی به‌عسییه‌کان:
ئه‌ویش تێوه‌گلانی بێگانه بوو له خه‌باتی کورده‌کاندا.[17] غه‌ریب ده‌ڵێ سیاسه‌تمه‌دارانی عێراقی، به‌لانی که‌مه‌وه له نووری سه‌عید به‌ملایه‌وه، بێ پسانه‌وه نیگه‌رانی خۆیان ده‌ربڕێوه له‌وانه‌یه ده‌سته‌ڵاتی بێگانه
" کێشه‌ی کورد بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌کاربهێنن" و ئه‌و هۆکاره بوو پارتی به‌عسی دنه دا له ساڵی 1968 به‌دواوه هه‌وڵ بدا بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕیگه‌یه‌ک بۆ پێک هاتن له گه‌ڵ کورده‌کان تاکوو ئه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌که سه‌رکوت بکا. به‌ڵگه‌کانی پارتی به‌عس تا ساڵی 1969 هێشتاش وه‌کوو هێزێکی پێشکه‌وتووی ئازادیخواز
باسی ناسیۆنالیزمی کوردیان ده‌کرد، که به‌شێک بوو له خه‌باتی جیهانی به دژی هه‌موو شێوه‌کانی زۆرداری و هاوپه‌یمانێکی ته‌بیعی بوو بۆ ناسیۆنالیزمی عه‌ڕه‌ب. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به ماوه‌یه‌کی کورت له دوای ڕێککه‌وتنی ئاشتی، بارزانی به‌ڵێنی پشتیوانی شاراوه‌ی ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکای وه‌رگرت،مووساد خه‌ریکی په‌روه‌رده کردنی ده‌زگا ئیستیخباراتییهکهی بوو، و چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی ئێرانی به‌ڵێشاو ده‌گه‌یشتنه باکووری عێراق. ئه‌وه له کاتێکدا بوو که عێراق خه‌ریکی خۆماڵی کردنی سنعاتی نه‌وت بوو و زیاتر له یه‌کێتی شووره‌وی نزیک ده‌بووه‌وه، و دواجار په‌یمانێکی دۆستایه‌تی له گه‌ڵ گرێ دا.کێشه‌ی کورد له عێراق بوو به شانۆیه‌کی لاوه‌کی له شه‌ڕی سارد دا. ته‌نێ چه‌ند که‌س له کوردانی خاوه‌ن نێو بڕیاریان دا نه‌بن به به‌شێک له‌وه و پشتیان له بارزانی کرد. غه‌ریب له کتێبه‌که‌ی دا وێنه‌یه‌کی دژی ئیمپریالیستی و شۆڕشگێڕانه له ڕێژیمی به‌غدا ده‌کێشێته‌وه و له بناواندا بۆچوونێکی باشی له ئاست کوره‌ده‌کان و ڕێبه‌رایه‌تی " به بڕیار"ی کورد هه‌یه که ئاواتی بۆ خۆ ده‌ربڕێن،ئه‌گه‌رچی به‌حه‌قه،به‌ڵام به هاسانی له لایه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی بێگانه وه به کار ده‌هێندرێ به مه‌به‌ستی ئاڵۆزاندن و بێ سه‌بات کردنی ڕێژیمی به‌عس.کورده‌کان بۆخۆیان ڕیوایه‌تێکی جیاواز ده‌گێڕنه‌وه ، به‌ڵام زۆر له وان به ئاوڕدانه‌وه له ڕابردوو ده‌سه‌لمێنن ئه‌و تێوه‌گلان و ده‌ستێوه‌ردانه به‌ربڵاوانه‌ی بێگانه له نێوان ساڵانی 1975 – 1972 دا قه‌ت له به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی کورده‌کاندا نه‌بوون.
پیاوی کورده‌کان له ئوڕووپا
ڕیوایه‌تێکی کوردی له‌و ڕووداوانه‌ی که گه‌ێشته شه‌ڕی 75 – 1974 له لایه‌ن عیسمه‌ت شه‌ریف وانلی یه‌وه گێردراوه‌ته‌وه، ڕووناکبیرێکی کوردی دانیشتووی ئوڕووپا که ئه‌رفه‌ع ئاماژه‌ی پێکردووه. نووسینێکی وی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه وتارێکی دیکه له کتێبێک‌دا بڵاو کراوه که بوو به سه‌رچاوه‌ی هه‌ره ناسراوی که تێیدا کورده‌کان باسی خۆیان ده‌که‌ن،وانلی تێخوێندنه‌وه‌یه‌کی زۆر که‌متر ڕاڕایانه سه‌باره‌ت به سیاسه‌تی به‌عسییه‌کان ده‌هێنێته گۆڕێ و به ورده ڕێشاڵ باسی هه‌نگاوه‌کانی عهڕهباندن، ڕاگواستنی به کۆمه‌ڵ و فه‌رق و جیاوازی دانانی ئابووری به دژی کورده‌کان ده‌کا. له‌هه‌مان کاتدا، زۆر ڕه‌خنه له بارزانی ده‌گرێ بۆ پاڵدانه‌وه و باوه‌ڕی بێ سنووری به شای ئێران و به پشتیوانی ئه‌مریکا، هه‌ر وه‌ها بڕیاری داڵده بردن بۆ ئێران کاتێک له پڕ له مارسی 1975
پشتیوانی بێگانه نه‌ما و گه‌یشته ' بڵاوه‌پێکردن و له‌نێوبردنی شۆڕش به ده‌ستی سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی خۆی.'[18]
وانلی، که له ڕوانگه‌ی ئهرفهعهوه ئاگای له ڕووداوه‌کانی کوردستان نییه و لێیان هه‌ڵبڕاوه،له ڕاستیدا پێوه‌ندییه‌کی به‌رده‌وامی له گه‌ڵ سیاسه‌تمه‌داره کورده ناسیۆنالیسته‌کان له عێراق، سوورییه و ترکییه هه‌بوو.ئه‌و به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک خه‌ڵکی سوورییه‌یه و په‌روه‌رده‌ی عه‌ڕه‌بی هه‌یه، وته‌نێ به گه‌وره‌یی هێندێک کوردی فێر بووه، به‌ڵام گرێدراوی به دۆزی کورد ته‌واوه.ئه‌و زۆر شتی سه‌باره‌ت به لایه‌نه سیاسییه‌کانی پرسی کورد بڵاو کردووه‌ته‌وه __ له‌وانه لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی ئاکادێمیک که وه‌کوو تێز له ساڵی 1970 پێشکێشی زانکۆی لۆزانی کرد.[19]له‌و نامه‌ی دوکتورایه دا وانلی 'شۆڕش"ی بورژوازی کورد ، جووتێران و کرێکاران له ژێر سه‌رۆکایه‌تی 'ژه‌نه‌رال' بارزانی و شوورای شۆڕشگێڕانه‌ی پارتی دێمۆکراتی کوردستان دا شیده‌کاته‌وه. وانلی قسه‌بێژی بزووتنه‌وه بوو له ئوڕووپا ، و به‌ر ده‌وام بوو له سه‌ر ئه‌و کاره، به‌ڵام بههیچجور پشتیوانێکی رهخنهنهگر نه‌بوو، چونکوو له‌و باوه‌ڕه دابوو ئه‌و خه‌باته سیاسییه‌ی وا له لایه‌ن ئه‌و جووڵانهیهوه ده‌کرا له سه‌ر شێمانه‌ی نادروست داڕ‌ێژرابوو و ئه‌و ئامانجه‌ی له به‌ر خۆی ڕۆنابوو __ ئۆتۆنۆمی بۆ کورده‌کان له چوارچێوه‌ی عێراقدا __ ئامانجێکی نابه‌جێ و هه‌ڵه بوو. له ڕوانگه‌ی وانلی یه‌وه، که زۆری له سه‌رنووسی، سازشتێکی ئه‌وتۆ خۆ شکێنانهیه. ئه‌گه‌رچی چوارچێوه‌که عێراقێکی دێمۆکراتیک ده‌بێ، په‌ڵام پرسی کوردی پێ چاره‌سه‌ر ناکرێ. وانلی ده‌یگوت ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی گشت کورد گره‌وه ، ته‌نیا چاره‌سه‌ری ڕاسته‌قینه‌یه.
ئه‌و چاره‌سه‌رییه به سه‌رداگیراوی پرسه‌که به شێوه‌یه‌کی جیاواز ده‌ناسێنێ: کورده‌کان نه‌ته‌وه‌یه‌کن، رێکه‌وتی مێژوویی له‌به‌ر یه‌کی دابڕیون و دوایه که‌وتوونه‌ته ژێر ده‌سته‌ڵاتی گه‌لانی درواسێ و حکوومه‌ته‌کانیان. وانلی بێ وه‌ستان و ماندوو بوون هه‌وڵی دا سیاسه‌تمه‌داران ئه‌و دیتنه بسه‌لمێنن و وه‌خۆی بکه‌ن. ڕێبه‌رانی کورد له ئێران و عێراق دیتن و بۆچوونی ده‌روونییان هه‌رچییه‌کی بووبێ سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته، هه‌میشه ئه‌و بیره‌یان وه‌کوو ناواقعی وه‌دوا داوه‌ته‌وه. له ترکییه، چه‌ندین گرووپی ڕادیکاڵی کوردی، له‌نێویاندا پ.ک.ک هێندێک شێوازی ئه‌و دیتنهیان وه‌خۆ کرد و خه‌باتی دژی کۆلۆنیالیستی و ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌ییان به دژی هه‌موو ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کان و هاوکاره کورده‌کانیان ڕاگه‌یاند.[20] دوای ماوه‌یه‌کی کورت، به کرده‌وه بۆ پ.ک.ک ده‌رکه‌وت ناتوانێ هاوکات دژایه‌تی چوار ده‌وڵه‌تان بکا و تێکۆشانه‌کانی خۆی له سه‌ر ترکییه جه‌خت کرده‌وه.
له مۆدێرنیزه‌کردنه‌وه تا دیاریکردنی چاره‌نووس له ترکییه
ترکییه له ساڵی 1971 دووه‌مین کوده‌تای نیزامی خۆی ( له‌وه‌تا دامه‌زرانی کۆمار) ته‌جره‌به کرد. ژه‌نه‌راڵه‌کان ده‌ستێوه‌ردانیان کرد بۆ ڕزگار کردنی وڵات له چنگ بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری که به‌ره به‌ره خه‌ڕیک بوو ڕادیکال ببێ، له چنگ بووژانه‌وه و سهرههڵهێناوهی ئیسلامی که به‌گشتی کۆنه‌پارێز بوو ، له چنگ ڕادیکالیزمی خوێندکاریی چه‌پ و ڕاست ، و له چنگ بزووتنه‌وه‌ی کورد که خه‌ریک بوو خۆی ده‌رده‌خست.پارتییه‌کان قه‌ده‌غه کران؛ ژماره‌یه‌کی زۆر و زه‌وه‌ند له تێکۆشه‌ران، هه‌ر وه‌ها ڕۆژنامه‌نووسان و نووسه‌رانیش گیران و هێنرانه به‌ر مه‌حکه‌مه. یه‌ک له‌و دادگهیانه که کاردانه‌وه‌یه‌کی قووڵی له سه‌ر من کرد ( و له‌وانه‌یه شوێنتێکردنێکی بڕیارده‌ر بووبێ که دواتر منی وا لێکرد کوردستان هه‌لببژێرم وه‌کوو یه‌که‌م بواری پسپۆڕایه‌تی ئاکادێمی خۆم) دادگه‌ی کۆمه‌ڵناسێکی ترک بوو ، که به 13 ساڵ حوکم درا له به‌ر لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی ئاکادێمیک که بڵاوی کردبووه‌وه. ئه‌و که‌سه ئیسماعیل بێشیکچی بوو، و نێوێکی بێ زه‌ره‌ری بۆ کتێبه سه‌ره‌گێژه خولقێنه‌ره‌که‌ی هه‌ڵبژاردبوو ' ڕێکخستنی کۆمه‌ڵایه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی ئانادۆڵی' [21]
کتێبه‌که و نێوه‌که‌ی بێ زه‌ره‌ر وه‌به‌ر چاو دێن، ته‌نانه‌ت نێوی کوردانی تێدا باس نه‌کراوه، و نێوی ئاسایی له زمان خۆشی ' ڕۆژهه‌ڵاتی ئانادۆڵی' ده‌کارکراوه له جیاتی 'کوردستان' که ئه‌و ده‌می هێشتا نێوێکی بڤه بوو و نه‌ده‌کرا باسی بکرێ. ئه‌و کتێبه لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌نده له سه‌ر بنه‌مای ئه‌زموون سه‌باره‌ت به ئابووری سیاسی کوردستانی ترکییه، حه‌ولێکه بۆ تێگه‌یشتن له گۆڕانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی به‌شێک عه‌شیره‌تی ، به‌شێک فێئۆداڵی له ژێر کارتێکه‌ری سیاسه‌ته‌کانی ده‌وڵه‌ت و هێزه‌کانی سه‌رمایه‌داری بازار و باس کردنی سه‌رهه‌ڵێنان و ده‌رکه‌وتنی ناسیۆنالیزمی کورد ده‌و چوارچێوه‌یه دا.وه‌ک ئه‌وه، ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه یارمه‌تییه‌ک بوو به دمه‌ته‌قه و گه‌نگه‌شه‌یه‌کی وا له گۆڕێ دابوو سه‌باره‌ت به پێشوه‌چوونه سیاسی و ئابوورییه‌کان که تێکنۆکراته بوروکراته‌کان، ئاکادێمیکه‌کان و ئۆپۆزیسیۆنی چه‌پ له ترکییه تێوه‌ی گلابوون و قسه‌یان له سه‌ر ده‌کرد. تاوانی بێشیکچی ئه‌وه بوو له سه‌ر دیارده‌یه‌کی نووسیبوو که به‌پێی فه‌رمان هه‌ڵوه‌شابوو، ئێتنیسیته‌ی کورد و ناسیۆنالیزمی کورد، و له‌وه‌ش خراپتر به خوێ به برینه‌وه کردن، به لاگرییهکی نکووڵی لێنهکراوهوه لێیان دوابوو.
بێشیکچی له ئه‌ستانی چۆروم له ڕۆژئاوای ترکییه له دایک بووه، ئه‌ستانێک که زۆربه‌ی دانیشتووانی ترکن به‌ڵام چه‌ند دێی کورد و چهرکهزیشی لێیه. له‌هه‌رێمێکی ئاوا تێکه‌ڵاو دا، ته‌واو ئاسایی یه ئاماژه به نێوی ئێتنیکی دێیه‌کان وتاکوتهرایان بکرێ، ته‌نانه‌ت له هه‌مان کاتدا دیسکۆرسی فه‌رمی یه‌کده‌ستی ئێتنیکی ترکییه بکرێته شتێکی نێوخۆیی. بێشیکچی ده‌بێ به وشیاریی سه‌باره‌ت به فره‌چه‌شنی یه‌وه گه‌وره بووبێ، به‌ڵام ده‌ڵێ بۆ یه‌که‌مین جار کاتێک فه‌رقی به ناسێنه‌ی جیاوازی کورده‌کان کردبێ که بۆ لێکۆڵینه‌وه چوو بوو بۆ ئه‌لعه‌زیز، و له‌وه‌ش زیاتر کاتێک له بیتلیس و حه‌کاری خزمه‌تی سه‌ربازی ده‌کرد. بێشیکچی خوێندنی به‌رزی خۆی له یه‌کێک له دامه‌زراوه ئێلیته‌کانی وڵات واته کالیجی زانستی سیاسی له زانکۆی ئانکارا ته‌واو کرد.ئه‌وێ شوێنێکه که موهه‌ندیسانی کۆمه‌ڵایه‌تی ( و هه‌ر وه‌ها دیپڵۆماته‌کانی) تێدا په‌روه‌رده ده‌کرێن؛ به تایبه‌تی له ساڵانی 1960 ه‌کاندا که‌شوهه‌وای ڕووناک‌بیری له‌وێ به توندی پۆزیتیڤیست و ڕووه‌و پێشوه‌چوون بوو. زۆرلهوانهبێژ و خوێندکاران هه‌ستیان ده‌کرد ئه‌رکی ئه‌خلاقییان له سه‌ر ئه‌ستۆیه بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی بار‌و دۆخی دانیشتووانی ده‌ره‌وه‌ی شاران و لادێیان له بواری کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری دا.
لێکۆڵینه‌وه‌کانی به‌رایی بێشیکچی بۆچوونی گشتی ئه‌و ترکانه‌ی پێوه دیاره که له‌وان ساڵاندا به زانستی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه خه‌ریک بوون. کێشه‌کانی 'ڕۆژهه‌ڵات' ( نێوێکی بێ زه‌ره‌ری که بێ پسانه‌وه ده‌کار ده‌کرا بۆ ئه‌ستانه‌کانی کوردنشین) وه‌ک کێشه‌ی دواکه‌وتوویی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری داده‌ندران: عه‌شیرایه‌تی، ده‌سته‌ڵاتی به‌ربڵاوی سۆفیایه‌تی (شێخایه‌تی) گه‌لویست ، و پێوه‌ندی به‌رهه‌مهێنانی که‌ونارا، هه‌موویان وادادهندرا به رێگه‌ی مۆدێرنیزه کردن له سه‌ره‌وه ڕا بزر ببن و نه‌مێنن. لێکۆڵینه‌وه مه‌یدانییه‌که‌ی کارێکی ئه‌وتۆی کرد گرینگی ناسێنه‌ی ئێتنیکی و داوخوازی به فه‌رمی ناسین و ددان پێداهێنانی بۆ ده‌رکه‌وێ، که ئه‌وانه بوون به بابه‌تی سه‌ره‌کی کاره‌که‌ی. له کاتێکدا که خه‌ریکی ته‌واو کردنی هێندێک
وتاران بوو سه‌باره‌ت به مۆدێرنیزه کردنی عه‌شیره‌ته کۆچه‌ره‌کان، که‌تێیدا زۆر که‌م باسی ئێتنیسیتی ده‌کرێ،[22] له ڕیکخستنی کۆمه‌ڵایه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی ئانادۆڵی دا ئه‌و پێداده‌گرێ کێشه‌کانی هه‌رێم به بێ له‌به‌رچاوگرتنی هۆکاری ئێتنیکی و سیاسه‌ته ده‌وڵه‌تییه‌کان بۆ سه‌رکوتکردنی ناسێنه‌ی کورد، ناکرێ سه‌ره‌ده‌ریان لێ بکرێ و لێیان تێ بگه‌یشترێ. بێشیکچی له نووسینه‌کانی ساڵانی 1970 و 1980کانی خۆیدا زیاتر و زیاتر له سه‌ر شیکردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی سیاسه‌ته‌کانی ده‌وڵه‌ت له هه‌مبه‌ر کورده‌کان جه‌خت ده‌کاته‌وه.[23]
ساڵانی لێکۆڵینه‌وه‌ی بێشیکچی، وه‌کوو نیوه‌ی دوویه‌می ساڵانی 1960ه‌کان له شوێنی دیکه، سه‌رده‌می دمه‌ته‌قه‌ی گه‌رمی سیاسی و وه‌گه‌ڕخستن بوو. له ڕابردوو دا سه‌رهه‌ڵدانی کوردی لێر و له‌وێ قهومابوون به‌ڵام هه‌موویان خه‌سڵه‌تی ناوچه‌ییان هه‌بوو و عه‌شیره‌تان تێیاندا باڵاده‌ست بوون. ئه‌و جاره ناسیونالیزمی کورد خه‌ریک بوو سه‌رهه‌ڵێنێ و ده‌رکه‌وێ وه‌کوو بزووتنه‌وه‌یه‌کی مۆدێڕنی کۆمه‌ڵایه‌تی، به دووباڵی ته‌واو جیاوازه‌وه. سه‌رکه‌وتنی نیزامی و سیاسی خه‌باتی کورد له‌عێراق جگه له کاردانه‌وه‌یه‌کی گه‌وره له سه‌ر کورده‌کانی ترکییه نه‌ده‌کرا چ شوێنێکی دیکه‌ی هه‌بێ. له ساڵی 1965، پارتییه‌کی ده‌سته‌خوشکی پارتی دێمۆکراتی کوردستان ی بارزانی له ترکییه دامه‌زرا؛ ئه‌ندامانی دامه‌زرێنه‌ری سه‌ر به توێژی سه‌رده‌ستی خوێنده‌واری عه‌شیره‌تی بوون، به‌رنامه‌ی ئه‌و پارتییه ناسیونالیستی بوو، و له سه‌ره‌تاوه چ ڕۆژه‌ڤێکی کۆمه‌ڵایه‌تی دیکه‌ی تێدا نه‌بوو، باڵێکی دیکه‌ی بزووتنه‌وه‌ی کوردی؛ که له سۆسیالیزم ئیلهامی وه‌رده‌گرت له ڕیزه‌کانی پارتی کرێکاری ترکییه و بزووتنه‌وه‌ی چه‌پی خوێندکارییه‌وه سه‌ری هه‌ڵدا. لێره دا، باس و گه‌نگه‌شه له سه‌ر ئه‌وه‌بوو که کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری به پێی پێودانگه‌کانی مارکسیستی چۆن بناسێندرێ و چۆن له سه‌ر ستراتێژییه‌کی دروستی شۆڕشگێرانه بڕیار بدرێ. گه‌لۆ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی فێئۆدالییه؟ گه‌لۆ ئێستا تێپه‌ڕبوونێک به‌ره‌و کاپیتالیزم رووده‌دا، گه‌لۆ ده‌رباز بوون به‌ره‌و سۆسیالیزم ده‌لوێ؟ گه‌لۆ پرۆلێتاریای کورد هه‌یه؟ هۆی دواکه‌وتووییه‌کانی هه‌رێم چنه؟
زنجیره‌یه‌ک کۆبوونه‌وه‌ی پرۆتێستی کوردی له ئانکارا و ئه‌سته‌نبووڵ له ماوه‌ی ساڵانی 1967 و 1968 دا به‌ڕێوه‌چوون، که تێیاندا ئه‌و جۆره بابه‌تانه به ئاشکرا باسیان لێوه ده‌کرا و گه‌نگه‌شه‌یان له سهردهکرا. ئه‌و گله‌یی و گازنده و داوخوازانه‌ی له‌و کۆبوونهوانهدادههاتنه گوڕێ ( که له‌لایه‌ن بێشیکچی یه‌وه شیکرانه‌وه) دوو جوور بوون: پێشوه‌چوونی کۆمه‌ڵایه‌تی و به فه‌رمی ناسین. بۆ داوخوازی یه‌که‌م ده‌کرا له سه‌ر پشتیوانی ترکی پێشکه‌وتنخواز حیساب بکرێ. دواکه‌وتنی 'ڕۆژهه‌ڵات' ته‌نێ به هۆکاری جوگرافیایی و پێشوه‌چوونی ده‌روونی ناڕێکی ئابووری کاپیتالیستی نهدهبهستراوه، به‌ڵکوو ده‌ستگێڕانه‌وه‌ی به ئانقه‌ستی حکوومه‌ته‌کانی پێشوو بۆ سه‌رمایه وه‌گه‌ڕخستن له سه‌ر پێشخانی کۆمه‌ڵگه‌ش به هۆکارێک داده‌ندرا. داوخوازی دوویه‌م زیاتر جه‌نجاڵی بوو: کورده‌کان داوایان ده‌کرد وه‌کوو گه‌لێکی جیاواز بناسرێن به زمان و کولتوورێکی جیاوازه‌وه ، و داوای هه‌بوونی مافی پاراستن و به‌ره‌وپێشبردنی ئه‌و کولتووره‌یان ده‌کرد.( له ساڵانی 1970کان ، داوخوازی به فه‌رمی ناسران له‌وه‌ش زیاتر مانای داوخوازی مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆشی به‌خۆوه گرت.)
دوای کوده‌تای 1971، یه‌که‌م کۆمه‌ڵه‌کانی نیوه _ قانوونی کوردی ، کۆمه‌ڵه‌کانی شوڕشگێڕانه‌ی کولتووری ڕۆژهه‌ڵات ( DDKO ) ، که کۆبوونه‌وه پرۆتێستییهکانی ساڵانی 68 – 1967 یان ڕێک خستبوو ، قه‌ده‌خه کران و ڕێبه‌ره‌کانیان دادگایی کران. بهرگرینامهکانیان بریتی بوون له وتاری به په‌راوێز له سه‌ر مێژوو و زمانی کوردی ، و ده‌یانسه‌لماند که کوردی زمانێکی جوێی ئێرانییه و هه‌بوونی گه‌لێک به نێوی کورد بۆ زۆر سه‌دان به به‌ڵگه‌وه ئیسبات ده‌کرێ. ئه‌و بهرگرینامانه له لایه‌ن لایه‌نگرانه‌وه له تاراوگه‌ی ئوڕووپا له ژێر نێوێکی درکێنه‌ر دا بڵاو کرانه‌وه :" گوێ بگره ئه‌ی دادئه‌ستێنی فاشیست ! کورد هه‌یه له‌م دنیایه دا!"[24]
ناساندن و دیاریکردنی پرسی کورد له ترکییه: له نێوان نکوولی لێکردن و ددان پێداهێناندا
زۆر زیاتر له وڵاتانی دراوسێ، هه‌ر بوونی چه‌مکی پرسی کورد له ترکییه ده‌خرێته ژێر پرسیاره‌وه و شه‌ڕی ده‌کرێ. ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی وا ئاکتۆره سه‌ره‌کییه پێوه‌ندیداره‌کان له سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ده‌ریان بڕیوه ئه‌وه‌نده له یه‌ک دوورن که دمه‌ته‌قه‌یه‌کی به‌ڕێوجێ له نێو ئه‌واندا نه‌لواوه. هه‌ڵوێستی ڕه‌سمی که گۆیا
' گشت کورده‌کان' ترکن و بۆیه هیچ پرسی کورد ناکرێ هه‌بێ تا ڕاده‌یه‌کی زۆر پووچ بوونی سه‌لماوه، به‌ڵام زۆران ده‌نێو ئه‌رته‌ش و بوروکراسی دا و هه‌ر وه‌ها زۆر ڕۆژنامه‌نووس و رێبه‌رانی دیکه‌ی بیر داڕێژ هێشتاش سه‌ر به چه‌شنیك له‌و جۆره تێزانهن. ده‌نگی داوخوازی کورده‌کان بۆ به فه‌رمی ناسران، که ده ماوه‌ی ساڵانی 1970کاندا زیاتر به‌رز بووه‌وه و زیاتر ڕادیکاڵ بوو ، به کۆمه‌ڵێک کتێب وڵام درانه‌وه که حه‌ولیان ده‌دا بیسه‌لمێنن عهشیرهتيکانی ڕۆژهه‌ڵاتی ترکییه له جێ‌دا له باری ڕه‌گه‌زی، مێژوویی و کولتوورییه‌وه ترکن.
ده‌رکردنی وانه بێ‌ژان به دوای کوده‌تای عه‌سکه‌ری ساڵی 1980 دا ئه‌وه‌ی ده‌سته‌به‌ر کرد ده‌نگی دژ بۆ له سه‌ر کردنه‌وه له پرسی کورد له کۆڕوکۆمه‌ڵی ئاکادێمیک دا نه‌بیسترێ و رێگه کراوه بۆ دامه‌زراندنی ئیدێئۆلۆژیستی ئه‌و په‌ڕ ناسیۆنالیست که له باری "زانستی" یه‌وه نه‌بوونی کورده‌کانیان ده سه‌لماند.[25] هه‌ر بڵاو بوونه‌وه‌ی ئه‌و جۆره نووسراوانه و به‌و ڕووههڵماڵاوییهیهوه که ئه‌و جۆره دیتنانه ده‌هاتنه گۆڕێ نیشان ده‌دا سه‌ره‌ڕای ئه‌و نکووڵی لێکردنه، له ترکییه دا ئه‌و باوه‌ڕه هه‌یه که ئه‌م وڵاته تووشی به تووشی کێشه‌ی جیدی کورده‌وه بووه. نوێنه‌رانی ئه‌و جۆره بیروباوه‌ڕانه له جیات ئه‌وه‌ی ڕیشه‌ی ئه‌و کێشه‌یه به‌رنه‌وه سه‌ر نه‌بوونی کوردان، ئه‌و بارودۆخه‌یان ده‌به‌سته‌وه به کاکه‌وبراله و پیلانی دوژمنانی ده‌ره‌کی. ئه‌من له خواره‌وه جارێکی دیکه ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ئه‌و لێکدانه‌وه هه‌ڵه‌یانه.
له نێو ئه‌وانه‌یدا که پێی لێده‌نێن له ترکییه دا پرسی کورد هه‌یه، سێ جۆره قسه سه‌باره‌ت به ته‌بیعه‌تی ئه‌و پرسه ده‌هێندرێته گۆڕێ:
ئا. ئه‌وه پرسێکی ئابووری یه
بێ. پرسێکی کولتووری یه
سێ. پرسێکی سیاسی یه
(هه‌ڵبه‌ت ، زۆر خه‌ڵک ، ئاوای له‌به‌رچاو ده‌گرن که ئه‌مه کێشه‌یه‌که به ڕه‌هه‌ندی ئابووری و کولتووری و هه‌ر وه‌ها سیاسییهوهبهڵام له‌به‌ر شیکردنه‌وه ئه‌من ئه‌وانه له‌یه‌کتری جوێ ده‌که‌مه‌وه. له باری مێژوویییه‌وه، داوخوازه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کورد له ئابوورییه‌وه به‌ره‌و کولتووری و به‌ره‌و سیاسی چوو.)
سه‌باره‌ت به ته‌بیعه‌تی لایه‌نه ئابوورییه‌کانی پرسهکهڕێککهوتنێکی به‌ربڵاو هه‌یه له نێوان کورده‌کان و ناکوردهکاندا. کورده‌کان ڕه‌نگه زیاتر مه‌یلی ئه‌وه‌یان تێدابێ که پێ له سه‌ر کاردانه‌وه‌ی ئه‌و سیاسه‌تانه دابگرن که به ئانقه‌سته پێشی پێشوه‌چوون ده‌گرن و ئه‌وانی دیکه‌ش مه‌یلیان وایه وای نیشان بده‌ن هۆکاری ئه‌وه کاردانه‌وه‌کانی بناخه‌ی نه‌ریتی کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌خۆ کردنی مۆدێرنیزه کردنه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، بۆ کورده‌کان، کێشهئابوورییهکان له نزیکه‌وه گرێدراون به ڕه‌هه‌نده‌کانی دیکه‌ی ئه‌و پرسه‌وه. زۆر له ترکه چه‌په‌کان و که‌ماڵیسته‌کان مه‌یلی ئه‌وه‌یان تێدایه پرسی کورد دابشکێنن بۆ ئاستی گیروگرفتی دواکه‌وتوویی هه‌رێمی و فۆرماسیۆنی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ر له کاپیتالیستی. نکووڵی له بوونی ئێتنیسیتی ناکه‌ن به‌ڵام به نامهربووتی دا ده‌نێن؛ پێیان وایه چاره‌سه‌ری ته‌نێ له هه‌نگاو و ته‌گبیری ئابووری دایه.
قسه‌کانی ناسیونالیسته کورده‌کان و دژبهرکانیان سه‌باره‌ت به کو‌لتوور زۆر له یه‌ک جیاوازن. بۆ کورده‌کان، ، نکووڵی کران له مافه کولتوورییه‌کان ( وه‌کوو ده‌کار کردنی کوردی له مێدیا و له په‌روه‌رده دا) مووڕهگهی کێشه‌که پێک ده‌هێنێ.بۆ دژبه‌ره‌کانیان، کولتووری کوردی خۆی له خۆیدا کێشه‌یه، و ئه‌رکێکی شارستاندن پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی کرده‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه دواکه‌وتووه‌کانی ئه‌و کولتووره بگۆڕدرێن. به‌ڕێگه‌ی کولتووری ڕه‌سمی ترکی دا، هه‌موو که‌س ده‌ستی وه بایه‌خه جیهانییه‌کانی چاخی ڕۆشنایی ڕاده‌گا، له ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌وه، به ڕه‌سمی ناسینی کولتووری کورد، هاوتایه له‌گه‌ڵ مه‌ترسی بادانه‌وه به‌ره‌و چاخه‌کانی تاریکی. ئه‌و دیتنه دژبه‌ره کولتووریستانه ئه‌من زۆر ده‌خه‌نه‌وه بیری ئه‌و گه‌نگه‌شه و دمهتهقانهی ئه‌مڕۆ له وڵاتانی ئوڕووپایی له نێوان پشتیوان و به‌رگریکارانی فره کولتووری و لایه‌نگرانی ڕۆشنایی و " لایت کو‌لتوور" ده‌کرێ [ئه‌وه زاراوه‌یه‌کی ئاڵمانییه، به واتای "کولتووری رێ‌نوێن" یان " کولتووری پێشڕه‌و" له ساڵی 1998 ڕا له‌لایه‌ن باسام تیبی بیرمه‌ندی عه‌ره‌ب- ئاڵمانی دا هات وه‌ک کاردانه‌وه‌یه‌ک له هه‌مبه‌ر کولتووری موهاجیران – وه‌رگێڕ].
قسه ولێکدانه‌وه سه‌باره‌ت به ته‌بیعه‌تی سیاسی کێشه‌که ئه‌وه‌نده له یه‌کدی دوور و جیاوازن که ته‌نانه‌ت گه‌نگه‌شه و دمهتهقهش له‌وباره‌یه‌وه له نێوان دژراکاندا به زه‌ین دا نایه. زۆران له ترکییه ده‌ڵێن پرسی کورد له ترکییه له لایه‌ن دوژمنانی بێگانه‌وه به سه‌ر ترکییه دا سه‌پاوه که پێیانخۆشه ترکییه لاواز بکه‌ن یان له نێوی به‌رن.هێندێک له نووسه‌ران ئه‌وه‌نده دوور ده‌ڕۆن،ئیدیعا ده‌که‌ن کورده‌کان به‌و مه‌به‌سته ساز کراون.
په‌یمانی له‌بارچووی سێڤر (1920) ، که به پێی وی ترکییه ده‌بوو به قازانجی یۆنان، ئیتالیا، فرانسه‌و بریتانیا و ئه‌رمه‌نستانێکی سه‌ربه‌خۆ ده‌ست له دوو له سێی خاکی ئێستای هه‌ڵگرێ و له‌و په‌یمانه دا ئه‌گه‌ری بوونی ده‌وڵه‌تێکی کوردی به ڕاشکاوی باسی لێوه کرابوو، هێشتاش له زه‌ینی ئه‌رته‌شی ترکییه و ڕێبه‌رانی سیاسی ترکییه دا ماوه‌ته‌وه و ختۆکهیان ده‌دا. ئه‌وان گومان له کورده‌کان ده‌که‌ن که مقاشی ده‌ستی بێگانان بن که هه‌وڵ ده‌ده‌ن به سه‌ر ترکییه دا زاڵ بن.دوژمنانی ده‌ره‌کی له‌و پێناساندنه دا به‌پێی گۆڕانی په‌یکه‌ربه‌ندی سیاسی جیهانی ده‌گۆڕدرێن، به‌ڵام له‌و شانۆیه‌دا کورده‌کان به به‌رده‌وامی ده‌وری ده‌ستنێژ و بووکهپهڕۆ بوونی خه‌ڵکی دیکه‌یان ده‌درێتێ.
نموونه‌یه‌کی درکێنه‌ر له‌و باره‌یه‌وه ئه‌و قسانه‌یه که نووسه‌ری سهربهترک مه‌حموود ڕه‌شوان ئۆغلو له کتێبه‌که‌یدا، عه‌شیره‌ته‌کانی ڕۆژهه‌ڵات و ئیمپریالیزم ، نووسیویه‌تی. ئه‌وه یه‌ک له کتێبه هه‌ره زۆرزانهکانی له‌م چه‌شنه‌یه که هه‌وڵ ده‌دا نیشان بدا کورده‌کان به ڕه‌چه‌ڵه‌ک ترکی ڕه‌سه‌نن. له شیکردنه‌وه‌یه‌کدا که تا ڕاده‌یه‌ک وه ڕه‌خنه‌گرتن له ئۆریانتالیزم ده‌چێ، نووسه‌ر تێده‌کۆشێ نیشان بدا ناسێنه‌ی کوردی له‌لایه‌ن زانایانی ڕۆژهه‌ڵاتناسییه‌وه ساز کراوه بۆ خزمه‌تکردن به به‌رژه‌وه‌ندی ئیمپریالی ڕووسییه و بریتانیا. سه‌رهه‌ڵدانه کوردییه‌کان له کۆتاییه‌کانی ئیمپراتۆری عوسمانی به فیتی مه‌ئموورانی ڕووسی و بریتانیایی کراون. زانایانی ڕووسی مینۆرسکی و نیکیتین له دوای شۆڕشی ئۆکتۆبر له بریتانیا و فرانسه دامه‌زران ، له‌وێوه خزمه‌تیان کرد به به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و وڵاتانه بۆ هاندان و ورووژاندنی کورده‌کان.[26] دواتر، کورده‌کان وه‌کوو ئامرازی ده‌ستی یه‌کێتی شووره‌وی، یۆنان، ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا، یه‌کێتی ئوڕووپا و ئیسراییل شیکراونه‌ته‌وه. زۆر جار ئاماژه به ئیسرائیل و " کۆڕوکۆمه‌ڵی جووله‌که" ده‌کرێ له‌و جۆره ئه‌ده‌بیاته دا ، که به به‌که‌یفی خۆیان له کۆگای ده‌وڵه‌مه‌ندی تێئورییهکانی پێلانگێڕی دژی سامی قه‌رز ده‌که‌ن و ده‌کاریان ده‌هێنن.
کوردستان وه‌کوو کۆلۆنی ، خه‌باتی دژی کۆلۆنیالیستی
بزووتنه‌وه‌ی کورد له ترکییه ___ ئه‌گه‌ر مرۆ بتوانێ گشتاندنێک بکا سه‌باره‌ت به بزووتنه‌وه‌یه‌کی فره چه‌شنه که تێیدا زۆر جیاوازی ئیدێئۆلۆژیک هه‌نه ___ له ماوه‌ی ساڵانی 1970کاندا جه‌ختکردنه‌وه‌ی دیسکۆرسی خۆی گۆڕی له داوخوازی کولتوورییه‌وه به‌ره‌و داوخوازی سیاسی دیاریکردنی چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌یی. زۆربه‌ی پارتییه‌کان سه‌ر به‌و بیر و تێزه بوون که کورستان کۆلۆنییه‌کی ( چینه فه‌رمانره‌واکانی)ترکییه، عێراق، ئێران و سوورییه یه‌و ده‌ستیان کرد به‌وه‌ی که خه‌باتی ڕزگاریخوازی دژی کۆلۆنیالیستی له ئاسیا و ئه‌فریقا بکه‌ن به مۆدێل و سه‌رمه‌شقی خۆیان. ئیسماعیل بێشیکچی ، که به ساڵانی دوور و درێژ له زیندان دا بوو هه‌تا ده‌هات زیاتر خۆی به خه‌باتی کوردانه‌وه پێناسه ده‌کرد، دواتر ئه‌و ڕایه‌کی هه‌موولایه‌نه‌ی سه‌باره‌ت به " تێزی کۆلۆنی بوون" ده‌ربڕی و ئه‌و تێزه له لایه‌ن زۆر تێکۆشه‌ری کورده‌وه وه‌خۆ کرا: کوردستان ، کۆلۆنییه‌کی زۆر ده‌وله‌تان.[28]
له ناو پارتییه جۆربه‌جۆره کوردییه‌کاندا له ترکییه ، پارتی هه‌ره ڕادیکال که‌له شیکردنه‌وه‌کانی خۆی دا له‌گه‌ڵ ئه‌و ستراتێژییه یه‌کی ده‌گرته‌وه پ.ک.ک. بوو، که یه‌که‌م پارتی بوو به ڕاشکاوی خه‌بات بکا بۆ سه‌ربه‌خۆیی ته‌واو و له پێناو کوردستانێکی یه‌کگرتوو و شۆڕشێکی کۆمه‌ڵایه‌تی به دژی چینه فه‌رمانره‌واکانی. پ.ک.ک ئیلیتی عه‌شیره‌تی و خاوه‌نموڵکانی وه‌کوو هاوکارانی سه‌رکوتکه‌رانی کۆلۆنیالیست راگه‌یاند و یه‌که‌م کرده‌وه چه‌کدارییه‌کانی خۆی ( وه‌ک زۆری دیکه له بزووتنه‌وه دژی کۆلۆنیالیستییه‌کان کردیان)به دژی ئه‌و 'هاوکارانه' ساز دا. به تایبه‌تی له یه‌که‌م ساڵه‌کانی دامه‌زرانی خۆیدا، پ.ک.ک توند‌و تیژییه‌کی ئامال تاییفی به‌ڕێوه‌برد ، که‌تێیدا مرۆ کاردانه‌وه‌ی بۆچوونه‌کانی فرانتس فانۆن ئیدێئۆلۆگی شۆڕشی ئه‌لجه‌زاییری تێدا ده‌ناسێته‌وه( ئه‌گه‌ر چی ڕاسته‌وڕاست ئاماژه به وی ناکرێ).
شێوازی ئه‌وپه‌ڕ توندی عه‌مه‌لییاتی پ.ک.ک بووه هۆی تاراندن و دوژمنکاری زۆر له کورده‌کان، به‌ڵام سه‌رکه‌وتنه عه‌سکه‌رییه‌کانی له نێوه‌ڕاست ساڵانی 1980کان و به‌ڕایی ساڵانی 1990 کان هه‌ڵوێستی زۆرێک له دژبه‌رانی ڕابردووی گۆڕی و پشتیوانیان لێکرد. زۆر له ڕه‌خنه‌گرانی پ.ک.ک له‌و ڕاستییه گه‌یشتن و ملیان بۆ ڕاکێشا که ئه‌وه پ.ك.ك بوو پرسی کوردی به شێوه‌یه‌کی چاوڕاکێش هێنایه نێو ڕۆژه‌ڤی ترکییه‌وه.
ئه‌و ڕاستییه چه‌په ترکهکانیشی وا لێکرد به پرسی کورد و به‌په‌راوێز بوونی له‌زێده‌ی خۆیاندا بچنه‌وه.پ.ک.ک له چه‌پی ترکه‌وه سه‌ری هه‌ڵدا بوو، و ته‌نیا بزووتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی بوو که ڕه‌چه‌ڵه‌کێکی ئه‌وتۆی هه‌بوو و
لایه‌نگرییه‌کی به‌کۆمه‌ڵ و ڕه‌سه‌نی به‌ده‌ست هێنابوو. چه‌ندێک له شا سیماکانی چه‌پ، سه‌رۆک پارتی و بیرمه‌ندی وه‌کوو دۆغو په‌رینچه‌ک، یالچن کوچوک و ئه‌رتوگرول کورکچو، هه‌وڵیان دا بۆ دیالۆگ له‌گه‌ڵ پ.ک.ک،
چوونه دیتنی ڕێبه‌ری پ.ک. ک ئوێجاڵان له لوبنان، و حه‌ولیان دا بۆ هێنانه گۆڕی ڕیوایه‌تێکی سه‌ره‌کی که تێیدا خه‌باتی کوردان به‌شێک بوو له خه‌باتێکی سیاسی گه‌وره‌تر __ به ناسهرکهوتووییهوه، پ.ک.ک ده‌ستی کرد به باوه‌ری به‌وه‌ی که خه‌باته‌که‌ی بۆ خۆی نموونه‌یه‌که بۆ باقی جیهان. وشیاریی ترکه چه‌په‌کان سه‌باره‌ت به گرینگی پرسی کورد بۆ دابێی ترکییه له زنجیره‌یه‌ک وتاری کورتی که په‌رینچه‌ک
له مه‌ڕ کورده‌کان به نێوی سه‌رنجڕاکێشی ، پرسی ترک دا بڵاوی کرده‌وه به جوانی ده‌رده‌که‌وێ.[29]
دواتر په‌رینچه‌ک بۆچوونی خۆی گۆڕی و بایدایه‌وه سه‌ر هه‌ڵوێستی ناسیونالیستی ترک، به‌ڵام له به‌رایی ساڵانی 1990 کاندا ئه‌و ڕایگه‌یاند که جیاوازیخوازی ڕاسته‌قینه له ترکییه ده‌وڵه‌تی ترکییه بۆخۆیه‌تی، که له گه‌ڵ شاروومهنده کورده‌کانی له چاو دانیشتووانی دیکه‌ی وڵات فه‌رق و جیاوازی ده‌کا و ڕێگه‌ی داوه ده‌سته‌ڵات و سه‌رده‌ستی قانوون له ئهستانهکوردییهکان دا هه‌ڵوه‌شێ و نه‌مێنێ. پرسی کورد کێشه‌یه‌که بۆ هه‌موو ترکه‌کان، که تا ڕاده‌یه‌کی زۆر له لایه‌ن ترکه‌کانه‌وه سازکراوه.
یه‌کێتی و چه‌شناوچه‌شنی
هه‌روه‌ک خه‌باتی پارتیزانی بارزانی له ساڵانی 1960کاندا له عێراق کردبووی ، ئه‌و خه‌باته ته‌نانه‌ت زۆر خوێناویترهش که له ساڵانی 1980کان و 1990کاندا له‌لایه‌ن پ.ک.ک وه به‌ڕێوه‌برا زۆر له کوردانی زیاتر وشیارکردوه سه‌باره‌ت به ناسێنه‌ی کوردی خۆیان و ئاکامی گه‌یشته وه‌گه‌ڕکه‌وتنی به‌ربڵاوی هه‌ستی ناسیۆنالیستی.له‌هه‌مانکاتدا، ئه‌و وهگهڕکهوتنه کارێکی ئه‌وتۆی کرد که خه‌ڵک سه‌باره‌ت به چه‌شناوچه‌شنی کولتووری زیاتر وشیار ببنه‌وه. هه‌روه‌ک جووه‌یده دیتبووی،جیاوازییه‌کانی زمانی و تاییفی، وه‌فاداری و پێبه‌ندی ته‌نگی عه‌شیره‌تی و هه‌ر وه‌ها سنووره نێوه‌نه‌ته‌وه‌ییه‌کان ڕێگر بوون له سه‌ر پێکهاتنی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی. ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی سه‌ر به که‌مایه‌تییه دینییه‌کان و تاییفییهکان بوون وه‌کوو ئێزیدایه‌تی، ئه‌هلی حه‌ق و عه‌له‌وییایه‌تی، یان به دیالێکتی که‌مایه‌تی زازایی و گۆرانی قسه‌یان ده‌کرد له جیات کوردیی
سه‌ره‌کی توانیان خۆیان وه‌کوو کورد بناسنه‌وه __ له ڕاستیدا زۆران وایان کرد و بوون به چالاکی بزووتنه‌وه‌ی کورد __ به‌ڵام ئه‌وان هه‌ر وه‌ها ده‌کرا ناسێنه‌ی تهنگتریش هه‌ڵبژێرن یان وایان پێ په‌سندتر بێ له کولتووره زاڵه‌کانی ترکی، عه‌ڕه‌بی و فارسی‌دا بتوێنه‌وه. له ساڵانی 1980کاندا بزووتنه‌وه ناسێنه خوازه‌کانی زازایی ئاخێوه‌ران و عه‌له‌وییان له ترکییه و له تاراوگه‌ی ئوڕووپا به‌شێک له‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی به‌ره‌و ناسێنه‌یه‌کی لێڵ و به‌دوور له ئێتنیسیتی کوردی ڕاکێشا. ناسیونالیستانی کورد گومانی ئه‌وه‌یان لا دروست بوو ده‌وڵه‌ت ده‌ستی هه‌بێ له دروست کردن و به‌کارهێنانی ئه‌و بزووتنه‌وه ناسێنهخوازانهدا. له کوردستانی عێراق، دابه‌ش بوونێک به سه‌ر دوو نیوه هه‌رێم دا ، که له لایه‌ن پ.د.ک و یه‌کێتی نیشتمانییه‌وه کونترۆڵ ده‌کران و، که‌م تازۆر له گه‌ڵ دابه‌شبوونی گرووپی ئاخێوه‌رانی دوو دیالێکتی سه‌ره‌کی جۆر ده‌هاته‌وه له ماوه‌ی ساڵانی 1990کاندا سه‌قامگیر بوو.[30]
سنووره نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانیش که کوردستانی له‌یه‌ک دابڕیوه یارمه‌تی کردووه به مه‌ودای له‌زێده له نێو کورده‌کانی وڵاته جیاوازه‌کاندا، به‌تایبه‌تی به په‌یدابوونی په‌روه‌رده‌ی گشتی و تێلێڤیزیۆن، که وا ده‌کا ئه‌وان
له کۆمه‌ڵگه‌ی جیاوازی دیسکۆرس دا به‌شداری بکه‌ن. له ساڵانی 1970 کاندا، عێراق کۆریدۆرێکی به‌رینی له سه‌ر سنووره‌کانی ئێران و ترکییه له هه‌موو دانیشتوانی چۆل کرد ، بۆ پێش‌گرتن له هاتوچوو و تێپه‌ڕینی خه‌ڵک و که‌لوپه‌ل له سنووره‌وه یان هه‌رنه‌بێ بۆ به‌رته‌نگ کردنی به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو.سوورییه‌ش له ساڵانی 1960کاندا پڕۆژه‌یه‌کی ئه‌وتۆی جێبه‌جێ کرد بۆ ئه‌وه‌ی کورده‌کانی خۆی له دراوسێیه‌کانی باکووریان له باری فیزیکییه‌وه داببڕێ.کورده‌کانی هه‌ر وڵاته‌ی مه‌یلی ئه‌وه‌یان تێدا ده‌بیندرێ که کورده‌کانی وڵاتانی دیکه به "جیاواز" دابنێن و لێتێگه‌یشتنیان به زه‌حمه‌ت بزانن. پ.ک.ک ، که پلانی ئه‌وه بوو به سه‌ر هه‌موو دابڕانه کولتوورییه‌کاندا زاڵ بێ و کورده‌کانی هه‌موو شوێنه‌کانی کوردستان له خه‌باتێکی هاوبه‌شدا یه‌کگرتوو کا له نێو کورده‌کانی عێراق و ئێران دا هێندێک پشتیوانی په‌یدا کرد، به‌ڵام هه‌ر که خه‌باتی چه‌کدارانه‌ی ده‌ست پێ‌کرد ته‌نێ جه‌ختی کرد له سه‌ر ترکییه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌وه که‌متر له به‌ر دابه‌ش بوونی کورده‌کان بوو به‌ڵام زیاتر له به‌ر ئه‌و ڕاستییه‌ی که پ.ک.ک پێویستی به پشتیوانی سوورییه، و جاروبار ئێران و عێراقیش هه‌بوو.
به‌و هه‌موو چهشناوچهشنییه له نێوان کورده‌کاندا، مرۆ له‌وانه‌یه ئه‌و پرسیاره له خۆی بکا که‌چ شتێک ئه‌وان ده‌کا به گه‌لێکی تاقانه.دابڕان و چه‌ندبه‌ره‌کی ده نێو کورده‌کاندا ڕاستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گره به‌ڵام ئه‌وه زۆر به هاسانی گه‌وره ده‌کرێته‌وه. بیره‌وه‌ری هاوبه‌ش و ڕه‌مزی ئه‌وتۆ له مه‌ڕ ناسێنه‌ی کوردی هه‌ن که گشت
گه‌لی کورد سه‌ره‌ڕای هه‌موو دابڕان و جیاوازییه‌کانی دینی و زمانی نێوانیان له باری هه‌ستییه‌وه به‌ره‌و خۆیان ڕاده‌کێشن. ڕه‌مزی هه‌ره به توانا و هه‌ره دراماتیک که بووه هه‌وێنی بیره‌وه‌ری هاوبه‌ش له لایه‌ن سه‌دام حوسێن و ئامۆزاکه‌ی، عه‌لی حه‌سه‌ن ئه‌لمه‌جیدی "کیمیایی" به سه‌ر ئه‌وان دا بڕا. هه‌ڵه‌بجه ئه‌و شاره‌ی له 16ی مارسی 1988 به بۆمبی ژاراوی بۆمباران کرا، ڕه‌نگه بووبێ به ڕه‌مزی هه‌ره به‌توانای ناسێنه‌ی کورد، ڕه‌نج و ئازارکێشانی کورد، و بڕیاردان بۆ ئه‌وه‌ی که پێش به دووپاته‌بوونه‌وه‌ی ڕووداوی ئه‌وتۆ بۆ هه‌میشه بگیرێ. دیمه‌نه‌کانی هه‌ست ورووژێنه‌ری قوربانییه‌کان و پێداهه‌ڵگوتنی گۆرانیبێژ شوان به کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه بیره‌وه‌ری ئه‌و نه‌هامه‌تییه گه‌وره‌یه به‌ڕوونی له زه‌ینی کورده‌کان دا له هه‌رکوێیه‌ک بن ده‌پارێزێ. بۆ زۆرێک له کورده‌کان، چاره‌نووسی هه‌ڵه‌بجه، ناساندنی پرسی کورد و شێوازی گرێدراوی ئه‌وانی به ناسێنه‌ی کوردییه‌وه گۆڕیوه.
ئه‌نجام
ئه‌مڕۆ ، هه‌ر وه‌ک ئه‌و کاته‌ی وه‌دیع جووه‌یده خه‌ریکی ته‌واو کردنی لێکۆڵینه‌وه‌که‌ی له مه‌ڕ مێژووی ناسیۆنالیزمی کورد بوو، عێراق به نێو گۆڕانی دڕاماتیک دا تێده‌په‌ڕێ. ڕێژیمی کۆن ڕووخێندراوه ، به‌ڵام تهرازهکانی ئه‌و نه‌زمه نوێیه سیاسییه‌ی که سه‌رهه‌ڵده‌دا جارێ دانه‌مه‌زراوه و له‌قه. ئێستا کورده‌کانی عێراق له هه‌ڵوێستی هه‌ره به هێز دان که پێشینه‌ی نه‌بووه؛ ئه‌وان له ماوه‌ی 13 ساڵی ڕابردوو دا به‌شێکی گه‌وره‌یان له هه‌رێمی کوردستان به‌ڕێوه بردووه، ئه‌وان خاوه‌نی به‌هێزترین یه‌که‌ی نیزامین له‌وڵات دا ؛ و به ڕێژه یه‌کگرتوون له دوای کۆتایی هاتنی شه‌ره براکوژییه‌کانی نێوه‌ڕاست ساڵانی 1990کان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ڕایه‌کانی جووه‌یده که ئی 45 ساڵ له‌مه‌وبه‌رن به‌شێوه‌یه‌کی سه‌یر ئێستاش هه‌ر به‌جێ وه‌به‌ر گوێیان دێن:
" ئه‌مڕۆ کورده‌کان هه‌رێمێکی هه‌تا بڵێی گرینگ‌یان داگرتووه له دڵی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست دا. ئه‌وان تاکه که‌مایه‌تی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ره گرینگی ناوچه‌که‌ن، و به‌شێکی به‌رچاو له دانیشتوانی ترکییه،ئێران،عێراق و سوورییه پێک ده‌هێنن. سه‌ره‌رای شکان و سه‌رنه‌که‌وتنی ڕاپه‌ڕینه زۆر و زه‌وه‌نده‌کانی کوردی له ماوه‌ی سی ساڵی ڕابردوو دا له ترکییه،ئێران و عێراق، ناسیونالیزمی کورد به‌رده‌وامه له سه‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی په‌شێوی و نیگه‌رانی قووڵ بێ بۆ حکوومه‌ته‌کانی ئه‌و وڵاتانه.ناسیۆنالیزمی کورد که سه‌رکه‌وتنی ناسیۆنالیزمه‌کانی ده‌وروبه‌ری ورووژاندوویه‌تی __ ناسیونالیزمه‌کانی ترک، فارس و عه‌ره‌ب __ و شکان و ژێرکه‌وتنه‌کانی خۆی تووشی داماوی کردووه، له‌و ساڵانه‌ی دواییدا به شێوه‌یه‌کی له زێده ڕادیکاڵ و له سازاننههاتووی لێهاتووه. له به‌ر ئه‌و هۆیانه، کورده‌کان ده‌بێ هه‌تا دێ ده‌ورێکی گرینگتر له کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست دا بگێڕن. ئاکار و جووڵانه‌وه‌ی ئه‌وان یه‌ک له هۆکاره گرینگه‌کانه بۆ سه‌بات و ئاسایشت و هێمنی داهاتوونهک هه‌ر بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی کوردنشینن به‌ڵکوو بۆ هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست. بۆیه گرینگه مرۆ سه‌باره‌ت به کورده‌کان بزانێ و له ئامانج ، ئاراسته‌ی سیاسی ، و ئه‌و ڕێبازه‌ی له‌وانه‌یه ئه‌وان دایبگرن تێ‌بگا." [31]
مرۆ جگه‌له‌وه‌ی له گه‌ڵ ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه بێ چیدی پێ ناکرێ و هه‌رده‌بێ ئه‌وه‌ی لێ زیاد که‌م ئه‌م دێرانه ئه‌مڕۆ زۆر ڕاستترن له‌و کاته‌ی جووه‌یده نووسیونی.
ژێده‌ره‌کان
[1] وه‌دیع جووه‌یده، " بزووتنه‌وه‌ی ناسیونالیستی کورد: ڕه‌چه‌ڵه‌ک و پێشوه‌چوونه‌کانی"، تێزی دوکتورا، زانکۆی سیراکس، خوێندنگه‌ی گراجووهیت، 1960.
[2] وه‌رگێڕانی ترکی لێکۆڵینه‌وه‌ی جووه‌یده، ئه‌سته‌نبووڵ وه‌شانه‌کانی ئیله‌تیشیم، 1999. بڵاوکه‌ره‌وه به سه‌رکه‌وتووییه‌وه توانی خۆ له‌به‌ر بڕیاری قه‌ده‌خه‌کرانی کتێبه‌که بگرێ و چاپێکی دوویه‌می لێ بڵاوکرده‌وه.
[3] سیسیل.جان. ئێدمۆندز، کورده‌کان، ترکه‌کان وعهڕهبهکان.سیاسه‌ت، گه‌شت و لێکۆڵینه‌وه له باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی عێراق، 1925 – 1919، له‌نده‌ن : چاپه‌مه‌نی زانکۆی ئاکسفۆرد،1957.
وه‌رگێڕانێکی چڵونیوه‌چڵی کوردی ئه‌و کتێبه به کوردیی نێوه‌ڕاست له زمانی فارسییه‌وه کراوه و بڵاو کراوه‌ته‌وه [تێبینی وه‌رگێڕ]
[4] بۆ وێنه بڕاونه: ڤلادیمیر ئێف.مینۆرسکی، " یادداشت سه‌باره‌ت به فیرقه‌ی ئه‌هلی حه‌ق"، گۆڤاری دنیای موسڵمان 41-40، 1920، 97 – 19 و 45 – 44 ، 1921، 302 – 205؛ هه‌مان سه‌رچاوه، "گۆرانه‌کان" بولته‌نی خوێندنگه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات و ئه‌فریقایی 11،1943، 103 – 75؛ سی.جه‌ی.ئێدمۆندز، زیاره‌تێک بۆ لاله‌ش، له‌نده‌ن:کۆمه‌ڵه‌ی شایانه‌ی ئاسیایی بریتانیای مه‌زن و ئایرله‌ند، 1967 [ سه‌باره‌ت به ئێزیدییه‌کان]؛
هه‌مان سه‌رچاوه،" باوه‌رو کرده‌وه‌کانی ئه‌هلی حه‌قی عێراق"، ئێران 7، 106 – 89 ،1969
[ تێبینی وه‌گێڕ: هێندێک له نووسینه به‌نرخه‌کانی مینورسکی به نێوی" مینۆرسکی وکورد" له لایه‌ن کاک ئه‌نوه‌ری سوڵتانی ڕا وه‌رگێردراوته سه‌ر زمانی کوردیی نێوه‌ڕاست و له ساڵی 2006 له لایه‌ن "ده‌زگای توێژینه‌وه و بڵاوکرنه‌وه‌ی موکریانی" له باشووری کوردستان بڵاو کراوه‌ته‌وه.]
[5] جووه‌یده، سه‌رچاوه‌ی [1]،لل. 4 -851.
[6] حه‌سه‌ن ئه‌رفه‌ع، کورده‌کان، لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی مێژوویی وسیاسی،له‌نده‌ن:چاپه‌مه‌نی زانکۆی ئاکسفۆرد،1966.ئه‌رفه‌ع له کتێبێک دا که ژیننامه‌ی خۆیه‌تی باسی به‌ربه‌ره‌کانییه‌کانی خۆی ده‌کا به دژی عه‌شیره‌ته‌کورده‌کان: حه‌سه‌ن ئه‌رفه‌ع، له ژێر فه‌رمانی پێنج پادشایان دا ، له‌نده‌ن: وه‌شانی جان مورای، 1964
[7] ئه‌رفه‌ع، کورده‌کان، لاپه‌ڕه‌ی 155.
[8] ئه‌رفه‌ع، کورده‌کان، لاپه‌ڕه‌ی 156.
[9] ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ڕکه‌به‌ری سه‌ره‌کی بارزانی بوو بۆ سه‌رۆکایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی کورد له عێراق. تا ساڵی 1964، بارزانی که هێزی به‌هێزتری پێشمه‌رگه‌ی کۆنترۆڵ ده‌کرد، سه‌رکه‌وت لهئهوهیدا کۆمیته‌ی نێوه‌ندیی پارتی دێمۆکراتی کوردستان بخاته ژێر کۆنترۆڵی خۆیه‌وه و ئه‌حمه‌د و هاوپه‌یمانه سیاسییه‌کانی له کۆڵ خۆی بکاته‌وه.(جه‌ماعه‌تی دوایی وه‌کوو گرووپێک مایه‌وه، که دواتر بوو به هه‌وێنی په‌یدا بوونی یه‌کێتیی نێشتمانی کوردستان، به‌ڕێبه‌ری زاوای ئه‌حمه‌د جه‌لال تاڵه‌بانی.) پارێز وانلی ، که زیاتر به نێوی عیسمه‌ت شه‌ریف وانلی ناسراوه، ئه‌وده‌می له سویس ده‌یخوێند و نوێنه‌ری بارزانی بوو له ئوڕووپا.
[10] ئه‌رفه‌ع، کورده‌کان، لل. 60 – 159
[11] ئه‌رفه‌ع، کورده‌کان،لاپه‌ڕه‌ی.160.
[12] سه‌عد جه‌واد، عێراق و پرسی کورد، 1970 – 1958، له‌نده‌ن: چاپه‌مه‌نی ئیتاکا،1981؛ هه‌مان سه‌رچاوه،" پێشوه‌چووه‌نه‌کانی ئه‌و دواییانه له بابه‌تی کورد دا"، له کتێبی: ت.نیبلۆک (ئیدیتۆر.) دا، عێراق:
ده‌وڵه‌تی هاوچه‌رخ، له‌نده‌ن: چاپه‌مه‌نی کرووم هێلم، 1982،لل. 61 – 47 .
[13]ئاراسته و ڕێبازی سیاسی جه‌لال تاڵه‌بانی، زاوای ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و دوویه‌م که‌سی ده‌ستڕۆیو له باڵی بزووتنه‌وه‌ی کورد دا، دیسکۆرسی ناسیۆنالیستی چه‌پی ناسر به توندی کاری تێکردبوو و مه‌یلی به‌ره‌و ئه‌وه بوو بارودۆخی کورده‌کان له‌به‌ر ڕووناکایی پێشوه‌چوونی سیاسی جیهانی هه‌ڵسه‌نگێنێ. ئه‌و عه‌ڕه‌بی زۆر چاک ده‌زانی، و به هاسانی زه‌مینه‌یه‌کی هاوبه‌شی ده‌دۆزییه‌وه بۆ وتووێژ له‌گه‌ڵ هاوتا عه‌ڕه‌به‌کانی.
[14] سه‌عد جه‌واد، سه‌رچاوه‌ی [12]، لاپه‌ڕه‌ی.111.
[15] سه‌عد جه‌واد، هه‌مان سه‌رچاوه، لاپه‌ڕه‌ی.279(دوای چاوپێکه‌وتنێک له گه‌ڵ ئه‌حمه‌د). دیتنی هاوشێوه‌ی عه‌ڕه‌به ناسیۆنالیسته‌کان له لاپه‌ڕه‌کانی 20 – 119 ، 28 – 227 دا هاتوون.
[16] ده‌قی قانوونی بنچینه‌یی کاتی، به‌و شێوه‌یه‌ی له ساڵی 1973 و 1974 دا هه‌موارکرا، له کتێبی
مه‌جید خه‌دووری دا: عێراقی سۆسیالیست: لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک سه‌باره‌ت به سیاسه‌ته‌کانی عێراق له ساڵی 1968وه، واشنگتن: ئه‌نیستیتووی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست، 1978،لل.98 – 183. ماده‌ی 5 ده‌ڵێ: " (ئا) عێراق به‌شێکه له نه‌ته‌وه‌ی عه‌ڕه‌ب.(بێ) گه‌لی عێراق له دوو نه‌ته‌وایه‌تی سه‌ره‌کی پێک هاتووه، نه‌ته‌وایه‌تی عه‌ڕه‌ب و نه‌ته‌وایه‌تی کورد. قانوونی بنچینه‌یی مافی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی کورد و مافه ڕه‌واکانی گشت که‌مایه‌تییه‌کان له چوارچێوه‌ی یه‌کێتیی عێراقدا به ڕه‌سمی ده‌ناسێ."
[17] ئێدمۆند غه‌ریب، پرسی کورد له عێراق، سیراکس،نیۆیۆرک: چاپه‌مه‌نی زانکۆی سیراکس، 1981.
[18] عیسمه‌ت شه‌ریف وانلی، له " کوردستانی عێراقدا"، له کتێبی کورده‌کان و کوردستان، دا که له لایه‌ن گ. شالیان وه ئێدیت کراوه، پاریس: وه‌شانی ماسپێرۆ، 1978، لل. 305 – 225. وه‌رگێڕانێکی ئینگلیسی ئه‌و کتێبه که ده‌قی ماکی به فرانسهییه به نێوی گه‌لێکی به بێ وڵات: کورده‌کان و کوردستان ، له ساڵی 1980 له لایه‌ن زێد بووکس ڕا بڵاو کرایه‌وه.
[19] عیسمه‌ت شه‌ریف وانلی، کوردستانی عێراق: بوونه‌وه‌ری نه‌ته‌وه‌یی. لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک سه‌باره‌ت به شۆڕشی 1961، نێئۆشاتێل، چاپه‌مه‌نی باکۆنێر، 1970. بڵاوکراوه‌کانی دیکه‌ی وانلی له سه‌ر گشت به‌شه‌کانی کوردستانن؛ ئه‌وانی هه‌ره به‌رچاویان بریتین له : [به ئاڵمانی] عیسمه‌ت شه‌ریف وانلی، پرسی کورد کوردستانی ترکییه: تێڕوانین و پاشخانی مێژوویی، فرانکفۆرت ئام ماین: کۆمکار، 1980؛ هه‌مان سه‌رچاوه، [به ئینگلیسی]، "کورده‌کان له سوورییه و لوبنان" و " کورده‌کان له یه‌کێتی شووره‌وی" له کتێبی
کورده‌کان : پێداهاتنهوهیهکی هاوچه‌رخ که له لایه‌ن پ.گ.کرهیهنبرووک و ئێس.سپێرل وه ئێدیت کراوه ،
له‌نده‌ن/نیۆیۆرک: ڕاتلێج، 1992، لل. 170 – 143 و 218 – 193.
[20] مارتین ڤان براونێسن،[به ئینگلیسی]، "کورده‌کان له ترکییه"، مێریپ ریپۆرتس ژماره‌ی 121، 1984،
12- 6؛ هه‌مان سه‌رچاوه، " له نیوان شه‌ڕی پارتیزانی و کوشتنی سیاسی: پارتییا کارکهڕین کوردستان"، گوزارشتی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی مێریپ ریپۆرتس ژماره‌ی 153، 1988، 46 – 40، ئه‌و نووسراوانه هه‌ر دووکیان له کتێبی مارتین ڤان بڕاونێسن ، ناسیونالیزمی ئێتنیکی کورد له هه‌مبه‌ر ده‌وله‌ته‌کانی نه‌ته‌وه چێکه‌ر. کۆکراوه‌ی وتاران دا چاپ کراونه‌ته‌وه، ئه‌سته‌نبووڵ: چاپه‌مه‌نی ئیسیس، ساڵی 2000.
[21] ئیسماعیل بێشیکچی[به ترکی] سیستمی ڕۆژهه‌ڵاتی ئانادۆڵی. بنیچهکانی کۆمه‌ڵایه‌تی _ ئابووری و ئێتنیکی، ئه‌سته‌مبووڵ، چاپه‌مه‌نی ئێ، 1969.
[22] ئیسماعیل بێشیکچی،" نوێبوونه‌وه له نێو عه‌شیره‌ته کۆچه‌ره‌کاندا"، " کورده کۆچه‌ره‌کان له ئانادۆڵی ڕۆژهه‌ڵات"، مۆدێرنیزه کردن له نێو کۆچه‌راندا: سێ فه‌رزییه" له گۆڤاری دوو حه‌وتووانه‌ی فۆروم دا ، 15ی سێپیامبر _ 15ی ئۆکتۆبری 1967.
[23] ژیان و کاره‌کانی بێشیکچی به دوورودڕیژی له لایه‌ن مارتین ڤان بڕاونێسنه‌وه لێکاڵا کراوه‌ته‌وه.بڕوانه:
مارتین ڤان بڕاونێسن، " ئیسماعیل بێشیکچی : کۆمه‌ڵناسی ترک، ڕه‌خنه‌گری که‌ماڵیزم، و کوردناس"،
گۆڤاری لێکۆڵینه‌وه‌کانی کوردی، ساڵی 5، له ژێر چاپ دایه. ئه‌و وتاره له سه‌ر تۆڕی ئینترنێت یش هه‌یه:
<
http;//www.let.uu.nl/~martin.vanbruinessen/personal/publications/ismail_besikci.htm>.
[24] (به ترکی) باش گوێ بگره ئه‌ی دادئه‌ستێنی فاشیست! له دنیا دا کورد هه‌یه. به‌رگرینامه‌کانی دێ دێ ک ئۆ، ئووپسالا: باهۆز، 1973.
[25] ئه‌نیستیتووی نیوه ڕه‌سمی لێکۆڵینه‌وه سه‌باره‌ت به کولتووری ترک ، له به‌رایی ساڵانی 1980کاندا ده‌رزه‌نێک له‌و جۆره کتێبانه‌ی بڵاو کرده‌وه، هه‌ر وه‌ها چه‌ندین وه‌شانخانه‌ی دیکه‌ش که له بزووتنه‌وه‌ی تیژپه‌ڕی ناسیۆنالیستی ترک نزیک بوون. م.عهبدولخالوق چای و یاشار قه‌ڵافه‌ت ، که هه‌ردووکیان سه‌ر به‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ن ، نووسه‌رانی هه‌ره به‌رچاوی ئه‌و جۆره ئهدهبیاتهن و هه‌ردووکیان پایه‌ی زانکۆییان دراوه‌تێ.
[26] مه‌حموود ڕه‌شوان ئۆغلوو، عه‌شیره‌ته‌کانی ڕۆژهه‌ڵات و ئیمپریالیزم، ئه‌سته‌نبووڵ: وه‌شانی ترک کو‌لتوور، 1975
[27] توران یاوز، کارتی کوردی ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا، ئه‌سته‌نبووڵ: وه‌شانی میلییه‌ت،1993؛
هاڕوون یه‌حیا، کارتی کوردی ئیسرائیل، ستراتێژییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی ئیسرائیل و سێناریۆکان بۆ
"ده‌وڵه‌تێکی کورد"، ئه‌سته‌نبووڵ وه‌شانخانه‌ی وراڵ، 1997.
[28] ئیسماعیل بێشیکچی، کوردستان کۆلۆنی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌سته‌نبووڵ: ئالان، 1990 [ دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و کتێبه له ترکییه قه‌ده‌غه کرا ، له لایه‌ن وه‌شانخانه‌یه‌کی لایه‌نگری بزووتنه‌وه‌ی باکووری کوردستان له بۆن چاپ کرایه‌وه، وه‌شانێن ره‌وشه‌ن، 1990.
[29] دۆغو په‌رینچه‌ک، پرسی ترک: به پێی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی له ڕوانگه‌ی زه‌حمه‌تکێشانه‌وه کۆکراونه‌ته‌وه پرسی کورد، ئه‌سته‌نبووڵ: کایناک، 1993.
[30] مارتین ڤان بڕاونێسن، " ڕێپێڵگهکانی کوردی به‌ره‌و نه‌ته‌وه"، له کتێبی : ئێتنیسیتی له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست: که‌یسی کورده‌کان که له لایه‌ن فه‌لاح ئا.جهبباروه ئێدیت کراوه. له‌نده‌ن: ساقی بووکس، به‌و زووانه بڵاو ده‌بێته‌وه.
[31] جووه‌یده، سه‌رچاوه‌ی [1]، لل iii-iv.
No comments:
Post a Comment