Sunday, September 16, 2007

ڕۆژنامه‌ی کوردستان (مهاباد - سه‌رده‌می کۆمار) بۆ یه‌که‌مجار چاپکرایه‌وه‌



رۆژنامه‌ی کوردستان (مهاباد ــ سه‌رده‌می کۆمار) بۆ یه‌که‌مجار چاپکرایه‌وه‌
عه‌لی که‌ریمی، رێنێسانس نیوز: رۆژنامه‌ی کوردستان که‌ زمانحاڵی کۆماری کوردستانه‌ و حه‌وتووی چه‌ند جارێک له‌مه‌هاباد ده‌رچووه‌، به‌نرخترین سه‌رچاوه‌ی لێکدانه‌وه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌ی روداوه‌کانی ئه‌م کۆماره‌ جوانه‌مه‌رگه‌یه‌، به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا به‌هۆی نه‌بوونی ئه‌رشیڤێکی رێکوپێکی کوردییه‌وه‌، که‌ڵکی لێ وه‌رنه‌گیراوه‌.
بیرۆکه‌ی له‌چاپدانه‌وه‌ی ئه‌م ژمارانه‌ی له‌به‌رده‌ستدا بوون، ده‌مێک بوو له‌لایه‌ن چه‌ند که‌سایه‌تیه‌کی وه‌ک (نه‌وشیروان مسته‌فا، د. ئه‌میر حه‌سه‌نپوور، حه‌سه‌ن قازی، خوالێخۆشبوو مه‌حموود مه‌لا عیزه‌ت و عه‌لی که‌ریمی)یه‌وه‌ گه‌ڵاڵه‌ کرابوو و بیری لێکرابۆوه‌.
سه‌ره‌نجام به‌هیممه‌ت و هه‌وڵی برایان (ره‌فیق ساڵح و سدیق ساڵح) له‌بنکه‌ی ژین ئه‌م ئاواته‌ هاته‌ دی و له‌ 12/9/2007 هاته‌ بازاڕه‌وه‌.
ئه‌م به‌رهه‌مه‌ بریتییه‌ له‌82 ژماره‌ (که‌ سه‌رجه‌می ژماره‌کانی ده‌بێت 113 ژماره‌ بێت که‌ به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا ئه‌م 82 ژماره‌یه‌ی ده‌ستکه‌وتووه‌) ته‌واوی رۆژنامه‌ی (کوردستان) و 5 ژماره‌ی (هاواری نیشتمان) و به‌یاننامه‌ی راگه‌یاندنی حزبی دیموکراتی کوردستان.
پێشه‌کییه‌کی تێروته‌سه‌لی بۆ نوسراوه‌ و تا ئه‌و جێیه‌ی کراوه‌ بیۆگرافیای نووسه‌رانی کوردستان به‌دوای پێشه‌کیدا نووسراونه‌ته‌وه‌، پێرستی نووسه‌ران و بابه‌ته‌کان به‌وردی رێکخراوه‌ و به‌دوای پێشه‌کیدا چاپکراوه‌.
ئه‌م به‌رهه‌مه‌ به‌نرخه‌ سه‌رچاوه‌یه‌کی زۆر زانستی و جێگای متمانه‌ ده‌بێت بۆ هه‌موو ئه‌و پسپۆڕ و لێکۆڵه‌ره‌وانه‌ که‌ ده‌یانه‌وێت دیراسات بکه‌ن له‌سه‌ر کۆماری کوردستان.

جارێکی دیکه‌ جێی خۆیه‌تی ده‌ستخۆشییه‌کی گه‌رم له‌بنکه‌ی ژین و هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ که‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و دیارییه‌ به‌نرخه‌ هه‌وڵیانداوه‌، بکه‌ین.
سه‌رچاوه‌: www.renesans.info

No comments: