هێندێک تێبینیی زمانی 13
هێندێک تێبینیی زمانی 13
حه‌سه‌نی قازی
وشه‌ی هاتوو!
کوردیش وه‌کوو هه‌ر زمانێکی دیکه له زمانانی دیکه‌وه وشه وه‌رده‌گرێ و جارجار سه‌روگوێلاکی وشه خوازراوه‌که به‌شێوه‌یه‌کی ئه‌وتۆ له که‌شوهه‌وای زمانی کوردی‌دا قاڵ ده‌ببێته‌وه که ناسینه‌وه‌ی ڕه‌چه‌ڵه‌کی کاری کران نییه.
به‌شێک له وشه عه‌ڕه‌بییه‌کانی که هاتوونه‌ته نێو زمانی کوردی، فارسی و ترکی ئیدی نابێ به ماڵی ئه‌و زمانه دابندرێن،چونکوو هێندێک جار واتای عه‌ڕه‌بی وشه‌که به ته‌واوی گۆڕاوه و له هه‌ر یه‌ک له‌و زمانانه دا ئه‌و مانایه‌یان لێده‌خوێندرێته‌وه که له‌و زمانانه دا به کارده‌هێندرێن.
هێندێک له‌و وشه هاتووانه له باشووری کوردستان له به‌ر تێکه‌ڵاوی و پێوه‌ندی سیستمی په‌روه‌رده‌یی له هه‌موو عێراق وێده‌چێ زۆر جار مانا عهڕهبیهکهی خۆیان پاراستبێ،
له کاتێکدا له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به مانا فارسییه‌که‌یان وه‌رگیراون و ده‌کار هێنانی هه‌مان وشه یان زاراوه‌ی که له عه‌ڕه‌بی و فارسییدا مانای جیاوازیان هه‌یه ده‌بنه هۆی سه‌ره‌گێژه له ژیانی ڕۆژانه دا له نێوان ئاخێوه‌رانی ئه‌و دیو و ئه‌م دیوی کوردستان و ته‌نانه‌ت جار جار له یه‌کتریش دڵمه‌ند ده‌بن.
هاوڕێیه‌کی خه‌ڵکی سلێمانی ده‌یگێڕایه‌وه یه‌که‌م جار که چووه‌ته سه‌قز، خاوه‌ن ماڵ پێی گوتووه، ئیتر هیچ ته‌عاروف مه‌که و ئێره به ماڵی خۆت بزانه، ده‌یگوت ئه‌و قسه‌یه‌م زۆر پێ سه‌یر بوو،چۆن کابرا ده‌ڵێ ماڵی خۆته و ناشییه‌وێ خۆ به‌کتری بناسێنین.
وابزانم شته که ئاشکرایه مانای "ته‌عاروف " به عه‌ڕه‌بی یانی خۆ به‌یه‌کتر ناساندن و مانای "ته‌عاروف" به فارسی یانی موجامه‌له کردنی عه‌ڕه‌بی. خانه‌خوێی سه‌قزی ویستوویه میوانه‌که‌ی هیچ له ڕوودا نه‌مێنێ و هه‌ست بکا له ماڵی خۆیه‌تی، و میوانیش سه‌ری سوورماوه چۆن میواندۆستێکی ئاوا دڵئاوا خۆی پێ ناناسێنێ؟.
له کۆبوونه‌وه یه ک دا سه‌رۆکی دانیشتنه‌که چه‌ند جار بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی قسه‌کانی ئه‌م نووسه‌ره ده‌یگوت " فڵانه‌که‌س ئه‌تۆ غه‌ڵه‌تت کرد" من بۆخۆم تێده‌گه‌یشتم کاکی سه‌رۆک مه‌به‌ستی چییه و پێشنیاره‌که‌ی من به ڕاست نازانێ، له پشووی کۆبوونه‌وه دا هاوڕێیه‌کی سابڵاغی (مهاباتی) هاته لام و گوتی کاکه ئه‌و کابرایه ئه‌و هه‌موو جنێوه‌ی پێدای هیچت نه‌گوت؟ دیسان شته‌که ئاشکرایه غه‌ڵه‌تی عه‌ره‌بی له عه‌ره‌بی و فارسی‌دا
ما‌نایان جیاوازه.ئهگهرلهڕۆژههڵاتی کوردستان به یه‌کێکت گوت:"غه‌ڵه‌تت کرد"،وه‌ک ئه‌وه وایه قسه‌ی سووکت پێ گوتبێ.
ئێوه‌ش ده‌کرێ هێندێک وشه‌ی ئه‌وتۆ وه‌دۆزن و له سه‌ریان بنووسن!
No comments:
Post a Comment