چاودێرێک له درێژه‌ی باسی پێشوودا ده‌نووسێ
به‌ڕێز کاک حه‌سه‌ن،
سوپاس بۆ روانگهکهت.
من له تێبینییهکهمدا دوو باسم ئاراسته‌ی جه‌نابت کردبوو. وا دیاره له سه‌ر یه‌که‌میان، واته دانانی 'زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی' بۆ sociolinguistics تۆزێک له یه‌کدی نزیکین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دووه‌میان، واته جیاوازیی نێوان کۆمه‌ڵ و کۆمه‌ڵگا، له راستیدا به ده‌ستپێکی باسێکی گرنگ و ورده‌کارانه داده‌نرێ که پێوه‌ندیی به "کۆمه‌ڵ"ێک پرسی کۆمهڵناسانهشهوه هه‌یه. دیاره له‌م رسته‌یه‌دا من 'کۆمه‌ڵ'م به مانای کۆمه‌ڵگا به کار نه‌هێناوه! که‌واته، کۆمه‌ڵ له کوردی‌دا وه‌ک جه‌نابت ده‌زانی گه‌له‌گ مانای تریشی هه‌یه. هه‌ر بۆیه‌ش من ده‌بوایه بڵێم ئه‌م باسه پێوه‌ندیی به کۆمه‌ڵێک پرسی کۆمهڵگاناسانهشهوه هه‌یه. ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌که هه‌مووان و ته‌نانه‌ت منیش هه‌ر به‌و شێوه‌یه زاراوه‌که به‌کار ئه‌هێنین. واته، دروست ئه‌وه‌یه بڵێین کۆمه‌ڵگاناسی که‌چی ده‌ڵێین کۆمه‌ڵناسی.
ئه‌گه‌ر له سه‌ر کۆمه‌ڵناسی رێککه‌وتووین، که‌واته، وه‌ک جه‌نابت ده‌ڵێی سۆسایێتی ده‌بێته کۆمه‌ڵ. که‌واته، دوو رێگه‌مان له‌به‌ر ده‌سته: یه‌که‌م، بڵێین کۆمه‌ڵگاناسی و سۆسایێتی بکه‌یه‌نه کۆمه‌ڵگا، دووه‌م بڵێین کۆمه‌ڵناسی و سۆسایێتی بکه‌ینه کۆمه‌ڵ (ئه‌م کێشه‌یه‌ش له زمانی فارسی‌دا له نێوان 'اجتماع' و 'جامعه'دا هه‌یه که ته‌نانه‌ت نووسه‌ره فارسه‌کانیش سه‌رنجی ناده‌نێ). من پێم وایه، ئه‌وه‌ی یه‌که‌میان راسته و جه‌نابت پێت وایه ئه‌وه‌یه دووه‌م دروسته.
بنه‌ڕه‌تی ئه‌م کێشه‌یه به‌ر له‌وه‌ی زمانناسانه بێ، کۆمه‌ڵناسانه‌یه. من کۆمه‌ڵناس نیم به‌ڵام ده‌زانم که له کۆمه‌ڵناسیدا جیاوازییه‌کی زۆر هه‌یه له نێوان کۆمیۆنێتی و سۆسایێتی دا. کۆمیۆنێتی له به‌ستێنێکی پێش‌مۆدێرن دا به‌کار ئه‌برێ و سۆسایێتی بۆ پێناسه‌ی کۆمه‌ڵگای مۆدێرن دێته به کار هێنان (من به ته‌واوه‌تی لایه‌نگری ئێرنێست گێلنێر نیم، به‌ڵام روانگه‌کانی له سه‌ر جیاوازیی کۆمیۆنێتی و سۆسایێتی جێگه‌ی سه‌رنجن). ده‌کرێ بڵێم ئه‌وه‌ی له شار و شارۆچکه و گونده‌کانی کوردستاندا ده‌یبینین تێکهڵآوێکه له کۆمه‌ڵ و کۆمه‌ڵگا. واته، ئه‌گه‌رچی له شاره گه‌وره‌کانی کوردستاندا تا راده‌یه‌ک هه‌ست به هه‌بوونی سۆسایێتی ده‌که‌ین، هه‌ر به هه‌مان شێوه‌یه‌ش، له گونده‌کاندا و ته‌نانه‌ت له شاره‌کانیشدا ئه‌وه‌ی ده‌یبینین کۆمیۆنێتی یه. به واتایه‌کی روونتر، له هه‌ر کوێ یاساکانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی (و مۆدێرن) له ئارادا بوو، ئه‌و شوێنه سۆسایێتی یه نه‌ک کۆمیۆنێتی؛ هه‌ر به هه‌مان شێوه‌ش، له هه‌ر شوێنێک خه‌ڵک به شێوه‌ی سوننه‌تی و پێش‌مۆدێرن ژیان ده‌باته سه‌ر، ئه‌وه کۆمیۆنێتی یه نه‌ک سۆسایێتی. له کوردستاندا به هۆی پارچه‌پارچه‌بوونی ئه‌م پۆلێنکاریانه ناتوانین بڵێین شار یان گوندێک به ته‌واوی سۆسایێتی یه یان کۆمیۆنێتی. له وانه‌یه له قوتابخانه‌ی گوندێکی کوردستاندا به هۆی ره‌چاوکردنی یاساکانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه سۆسایێتی هه‌بێ که‌چی له هه‌مان گوندا شێوه‌ی خوازبێنی و ژن هێنان وامان لێ بکا بڵێین ئه‌و گونده کۆمیۆنێتی یه نه‌ک سۆسایێتی. له شاره‌کانی کوردستانیشدا، هه‌ر به هه‌مان شێوه تێکه‌ڵاوییه‌ک له سۆسایێتی و کۆمیۆنێتی هه‌یه.
به هه‌ر حاڵ، کۆمه‌ڵ بۆ من تا راده‌یه‌ک وه‌ک 'کمون اولیه' وایه، که‌چی کۆمه‌ڵگا هه‌ڵگری واتایه‌کی مۆدێرنه. گه‌لۆ له کوردستاندا سۆسایێتی هه‌یه یان کۆمیۆنێتی؟ له به‌ر ئه‌وه‌ی زانستی کۆمه‌ڵناسی (واته کۆمه‌ڵگاناسی) له کۆمه‌ڵگا ئه‌کۆڵێته‌وه نه‌ک له کۆمه‌ڵ، که‌واته من بۆ سۆسایێتی کۆمه‌ڵگا و بۆ کۆمیۆنێتی کۆمه‌ڵ ده‌کار ده‌گرم.
ئه‌م پرسه باس‌وخواس و کاتی زۆرتری پێویسته و هیوا دارم ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت هه‌بوو زیاتر له سه‌ری قسه بکه‌ین.
ماڵاوا و هه‌ر به‌رده‌وام بیت
No comments:
Post a Comment