Monday, January 19, 2009

دڵی شاعیری گه‌وره‌ی کورد محه‌مه‌دی نووری له‌ کوته‌ که‌وت به‌ڵام ، ئاڵای هومێد نانه‌وێ و هه‌ر ڕاده‌وه‌شێ


به‌داخ و که‌سه‌رێکی زۆره‌وه‌ هه‌ر ئێستا ئاگادار بووم که‌ ڕۆژی دووشه‌مۆ 30 به‌فرانبار شاعیری گه‌وره‌ محه‌مه‌دی نووری که‌ شێعر و په‌خشانه‌کانی شان له‌ شانی شێعرو په‌خشانه‌کانی هێمن و هه‌ژار ده‌ده‌ن له‌ شاری بۆکان کۆچی دوایی کردووه. ئه‌اونه‌ی گیرۆده‌ی شێعری کوردین بێشک ' له‌ سه‌ر بستووی ژیان ' ی نووریان بیستووه‌ و ڕه‌نگه‌ له‌گه‌ڵ من هاوڕابن ئه‌گه‌ر بڵێم ئه‌و پارچه‌ هۆنراوه‌یه‌ له‌ ئه‌ده‌بی کوردی دا جێیه‌کی وای داوه‌ به‌ محه‌مه‌دی نووری که‌ شوێنه‌واری قه‌ت کوێر نابێته‌وه‌. وێرای ده‌ربڕینی هاو ده‌ردی له‌ گه‌ڵ له‌پاشبه‌جێماوانی، لێره‌ دا بۆ ڕێزلێنان له‌ بیره‌وه‌ری ئه‌و که‌ڵه‌ شاعیره‌ ' له‌سه‌ر ‌بستووی ژیان ' ده‌نووسمه‌وه‌ و به‌ دوای دا شه‌رحێکیش که‌ خۆی له‌ کتێبه‌که‌ی دا ' شه‌وێک و خه‌وێک ' سه‌باره‌ت به‌و هونراوه‌یه‌ی نووسیوه‌ ده‌گێڕمه‌وه‌
حه‌سه‌نی قازی

له‌ سه‌ر بستووی ژیان

له‌سه‌ر بستووی ژیان وه‌ک داری چاکی
به‌ ته‌نیا مامه‌وه‌ بێ به‌رگ و بێ به‌ر
گه‌لێک بێ تینتره‌ تاوی هومێدم
له‌ زه‌رده‌ی ڕۆژپه‌ڕی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر

شه‌وی تاریک وه‌ره‌ بکشێ به‌ سه‌رما
که‌ ئامێزت په‌نای ڕۆژگار ڕه‌شانه‌
وه‌کووژێنه‌ چرای ئه‌ستێره‌کانت
که‌ ڕووزه‌ردیم له‌ به‌ر تالیع گه‌شانه‌

له‌گه‌ڵ ڕۆژی هومێد نالێکه‌ هیوام
وه‌کوو سێبه‌ر له‌ ڕووناکی ڕه‌ویوم
هه‌ناسه‌ی لێبڕا بای فێنکی ئاوات
به‌ کووره‌ی داغی حه‌سره‌ت دا چزیوم

له‌ چۆل و به‌رده‌ڵانی قاقڕی ژین
له‌ پێ که‌وتووم ته‌ریک و دووره‌ ده‌ستم
به‌ڵام ده‌نگێ وه‌کوو خه‌ونێکی هاڵۆز
به‌ گوێی ڕوحما ده‌چرپێنێ که‌ هه‌ستم

به‌ ده‌سته‌ کوته‌، ده‌ر و دیوار و قوژبن
هه‌تا ڕۆچنه‌ی نه‌جات بست بست ده‌پێوم
بزانم تیشکی سه‌ربه‌ستی له‌ کوێ ڕا
ده‌دا شۆق و بزه‌ی داوێته‌ لێوم

بڕۆ ئه‌ی شه‌و، وه‌ره‌ ئه‌ی ڕۆژی هیوا
له‌ چاڵاوی به‌ڵای دیلیم ده‌رێنه‌
له‌سه‌ر قسنی فه‌نای ئاواته‌کانم
په‌ڕۆی ئاڵای هومێدم ڕاوه‌شێنه‌

به‌هاری 1326 ی هه‌تاوی

محه‌مه‌دی نووری له‌سه‌ر بستووی ژیان

له‌ سه‌ر بستووی ژیان هۆنراوه‌یه‌که‌ ده‌ڕوانێته‌ ساڵه‌ ڕه‌شه‌کانی 1325 و 26ی هه‌تاوی،یانی ئه‌و کاته‌ی زه‌بروزه‌نگی رێژیمی شایه‌تی به‌ تاوانی کوردی گوتن و نووسین، ته‌ف و چه‌قی خسته‌ هه‌رێمی کوردستان و پیاوه‌ به‌ڕێزه‌کانی شه‌هید کرد و له‌ سێداره‌ی دان و لاوه‌ به‌هێزه‌کانی په‌ران په‌ران و ئاواره‌ی کێو و شاخه‌کانی وڵاتی کردن . "هه‌ژار" بێ هاوڕێ به‌ هه‌ردێک دا و "هێمن" هه‌ڵوه‌دا به‌ هه‌ڵه‌مووت و زه‌ردێک دا و ئه‌وانی دیکه‌ش هه‌ر یه‌ک به‌ ئاخ و داخێک به‌ شاخ و داخێکه‌وه‌ ده‌خولانه‌وه‌ و ده‌گلانه‌وه‌، چونکه‌ خوینخوا، خانه‌خوێ بوو!
باوه‌شی شه‌وی تاریک جێی حه‌سانه‌وه‌ و حه‌ساری حاوانه‌وه‌بوو، زیته‌ و زریوه‌ی ئه‌ستێره‌کانیش ده‌بوونه‌ زیپکه‌ و زیخی چاوی به‌ شه‌وار که‌وتووه‌کان و به‌ ده‌واره‌ ڕه‌پێ که‌وتووه‌کان. ئه‌منی به‌ ته‌نیا ماوه‌ وه‌ک " یه‌هوودا"ی سه‌رگه‌ردان، له‌و هه‌ڵدێر بۆ ئه‌و گۆل و ئه‌ستێر ده‌بوو خۆم ببوێرم و سێبه‌رم وه‌شێرم؛ شه‌قاوم شل ده‌بوو، هه‌نگاوم کول ده‌بوو، نه‌ ڕۆژ ده‌بڕایه‌وه‌ و نه‌ شه‌و ده‌پسایه‌وه‌. ڕۆژانه‌ له‌ بن شاخ و به‌ردێک دا و شه‌وانه‌ له‌ نێو شیو و وه‌ردێک دا ده‌که‌وتم و ده‌خه‌وتم؛ به‌ نێوی ماجه‌ڕاجوو و بێگانه‌ په‌رست و سه‌دان نێو و نیتکه‌ی ناحه‌ز، وه‌ک سێبه‌ر له‌ ڕووناکی ده‌ڕه‌ویمه‌وه‌ و وه‌ک ده‌س لێوه‌شاوێ له‌ سێبه‌ری خۆم ده‌سڵه‌میمه‌وه‌!
له‌ خاک و نیشتمانی خۆم دا غه‌واره‌ بووم، دزێو و به‌دقه‌واره‌ بووم، ته‌نیا شه‌وی تاریک و ڕێگای باریک هاوڕاز و ده‌مسازم بوو. شه‌وێ ئه‌ستێره‌م ده‌بژارد و ڕۆژێ خۆم له‌ خۆم ده‌بوارد. له‌و هه‌ل و مه‌رجه‌ دا بوو " له‌سه‌ر بستووی ژیان" له‌ دنیای ده‌ردئاژنی ده‌روونه‌وه‌ هه‌ڵقوڵی و له‌ ده‌راوی دیده‌وه‌ هه‌ڵچۆڕا . له‌ یه‌که‌م دیدارێک دا دوای هاتنه‌وه‌ که‌ مامۆستا "هه‌ژار"م دی، کوتی : " کاک نووری، زۆر جاران له‌ سه‌ر دوندی چیاکان له‌ گه‌ڵ "هێمن" ، له‌ کاتی ڕۆژپه‌ڕی ئێواران دا " له‌ سه‌ر بستووی ژیان" ی تۆمان ده‌خوێنده‌وه‌. دوو جاران ده‌گریاین، جارێک بۆ خۆمان و جارێک بۆ نیشتمان و دوور وڵاتییه‌که‌مان !"
له‌و کاته‌وه‌ ئه‌منی به‌ ته‌نیا ماوه‌ چاوه‌کانم دوو جاران ده‌بارین، جارێک بۆ "هه‌ژار"ی هێژا و جارێک بۆ " هێمن"ی هه‌رماو و ده‌ڵێم:
" هه‌ژار"، " هێمن" . شوێنه‌واری ژیانتان ڕێبازی هه‌رمانه‌ ....

No comments: