*** زۆر به‌ڕێز چاودێرێک ***
زۆر به‌ڕێز چاودێرێک
وێڕای سڵاو، ڕاستت بوێ هێشتا بۆم نه‌چووته‌وه سه‌ریه‌ک کامه‌یه‌ک له هاوڕێیانی؟ به‌ڵام ئه‌وه گرینگ نییه چونکوو له زێهنییه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی دا مرۆ ڕاشکاوانه‌تر له گه‌ڵ که‌سی نه‌ناسیاو ده‌دوێ.
له بیروڕا گۆڕینه‌وه و مشتومڕی زمانه‌وانیدا، ده‌توانم بڵێم له سه‌ر بابه‌ت و بواری دیکه‌ش هیچ شتێک له قسه‌ی یه‌کتر سه‌لماندن و قۆڵ کێشان له سه‌ر بۆچوونی ههوتر خوشتر نییه و به‌پێی ئه‌و سه‌رنجه‌ی داوته جارێ بۆ هاوتای چه‌مکی sociolinguistics له‌وه‌رگێڕانی کوردی دا ' زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی' به‌کارده‌هێنم، هه‌تائه‌وه‌ی زمانخوازێکی دیکه‌مان لێ په‌یدا بێ و پێشنیازێکی باشتر بکا که ئێمه هه‌ردووکمان بتوانین بیسه‌لمێنین.
سه‌باره‌ت به society و community ئه‌من جارێ بۆ یه‌که‌میان ' کۆمه‌ڵه، کۆمه‌ڵ' و بۆ ئه‌وی دووه‌میان ' کۆمه‌ڵگه' به‌کار ده‌هێنم و له خواره‌وه تێده‌کۆشم هێندێک شی که‌مه‌وه بۆچی؟
وه‌ک ده‌زانی زۆرێک له‌و چه‌مکه تیۆریانه‌ی له بوار و دیسیپلینی جۆربه‌جۆر، به تایبه‌تی له زانستی زمان‌ناسی تازه دا به‌کار ده‌هێندرێن ڕه‌چه‌ڵکی خۆماڵیان نییه، ئه‌وه نه‌ک هه‌ر له مه‌ڕ زمانی کوردی، به‌ڵکوو سه‌باره‌ت به زمانه‌کانی ده‌روجیرانیش که هێندێکیان مێژووی شێوه‌زاری نووسینیان زۆر له کوردی کۆنتره، هه‌ر وایه،واته زۆرێک له چه‌مکه‌کان له لایه‌ن وه‌رگێڕانه‌وه له زمانی کوردی‌دا پسپۆڕایهتیان پێدراوه و پێشتر له هه‌نبانه‌ی وشه‌ی کوردی دا نه‌بوون. بۆ وێنه وشه‌ی 'sociology ' له‌وانه‌یه له پێشدا بۆ سه‌ر یه‌کێک له زمانه‌کانی عه‌ڕه‌بی، فارسی یان ترکی وه‌رگێڕدرابێ و له‌یه‌کێک لهوزمانانهوه کرابێته ' کۆمه‌ڵناسی' یان ڕاسته‌وڕاست له ئینگلیسی یان فه‌ڕانسه‌ییه‌وه کرابێته کوردی. ئیدی وه‌ک ' کۆمه‌ڵناسی ' جێی خۆی کردووته‌وه و هه‌موو خوێنه‌ره‌وه‌یه‌کی کورد به ئاستێکی ڕێژه‌یی له خوێنده‌واری لێی تێده‌گا. بۆیه ده‌ستێوه‌ردان له‌و جۆره چه‌مکانه‌ی له‌زمانی کوردی دا ڕۆنیشتوون، جگه له بێژه و ته‌عبیری ئه‌وتۆ نه‌بێ که له‌زمانی کوردی نه‌بانن و ئه‌گه‌ر به ده‌یان و سه‌دان جاریش بنووسرێن و کاوێژ بکرێنه‌وه هه‌ر ناقۆڵان، وه‌نه‌بێ کارێکی خێر بێ و یارمه‌تییه‌ک بێ بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندتر کردنی هه‌نبانه‌ی وشان له زمانی کوردی‌دا.
له وه‌رگێڕاندا دیاره بیر و بۆچوونی نووسه‌ر وه‌رده‌گێردرێ ،نه‌ک ته‌عبیری ئه‌وه‌ی باسی لێوه ده‌کا. بۆ وێنه ئه‌گه‌ر پیتر ترادگیل وه‌کوو پسپۆڕێکی زمان‌ناسی کۆمه‌ڵایه‌تی society و community به‌و مانایه‌ی بۆ زێهنییه‌تی ئینگلیسی زانان ئاشکرایه به‌کار ده‌هێنێ، کاری وه‌رگێڕی کوردی ئه‌وه نییه بزانێ ئاستی پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌وشوێنانه‌ی کورد زمانن هه‌لسه‌نگێنێ، به‌ڵکوو به‌پێی ئاستی ناسیاوی خۆی له گه‌ڵ ئه‌و شێوه‌زاره کوردییه‌ی ده‌قه‌که‌ی پێ وه‌رده‌گێڕێ شیاوه وشه‌ی هه‌ره نزیک بۆ ده‌ربڕینی بۆچوونی نووسه‌ر هه‌ڵبژێرێ.
لایه‌کی دیکه کاری وه‌رگێڕان ئاستی language intuition ( بۆچوونی زمانی ) له هه‌ر دووک زمانه‌کان دایه.
به پێی بۆچوونی زمانی من، له کوردی دا ' کۆمه‌ڵه ، کۆمه‌ڵ' له ' کۆمه‌ڵگه، کۆمه‌ڵگا' به گه‌وره‌تر هه‌ست پێده‌کرێ و ئه‌گه‌ر له داڕشتنێکی ڕسته‌یه‌ک دا نووسیم ' کۆمه‌ڵه‌ی بریتانیا کۆمه‌ڵگه‌ی جیاوازی زمانی تێدایه'
هه‌ست ده‌که‌م خوێنه‌ره‌وه به ته‌واوی له‌و مانایه تێده‌گا. دیاره له مه‌ڕ Society و community به پێچه‌وانه‌ی زمانی ئینگلیسی ئێمه له کوردی دا بۆ هه‌ر کام له چه‌مکه‌کان وشه‌ی ' کۆمه‌له، کۆمه‌ڵ ' به کار ده‌هێنین و له یه‌کیان پاشگری ' گه' زیاد ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی واتای ئه‌ویدیان ده‌رببڕین. – ئه‌من له‌گه‌ڵ پاشگری 'گا' نیم که پێموایه کورتکراوه‌ی 'گاه' فارسییه- . ئێمه زۆر وشه‌ی که‌ونارای کوردیمان هه‌یه ته‌عبیر له ' شوێن، جێ' ده‌که‌ن و به ' گه' کۆتای‌یان دێ وه‌کوو: شه‌ڕگه، شه‌له‌گه، جێگه، جۆگه، ڕه‌وگه، پێگه . ڕێگه، دانگه ؛ که دواتر له ڕووی وان زۆر وشه‌ی دیکه داڕێژراون و له نووسین دا هێندێکیان جێی خۆیان کردووته‌وه وه‌ک ' ڕوانگه'، 'زاڵگه'
سه‌رکه‌وتنت ئاواته خوازم، به هیوای دیدار
حه‌سه‌نی قازی
No comments:
Post a Comment