هێندێک نووسراوه‌ی دیکه‌ی نه‌مر لودویگ (لویس) ئولسن فاسوم - 2
وێنه‌ی فاسوم و دوکتور ئێمانوێل ئێدمان به‌ر له چوونیان بۆ سابڵاغێ. ئه‌م وێنه‌یه له ساڵی 1910 هه‌ڵگیراوه
هێندێک نووسراوه‌ی دیکه‌ی نه‌مر لودویگ (لویس) ئولسن فاسوم - 2
له درێژه‌ی وه‌رگێڕان و پێشکێش کردنی نووسراوه‌کانی نه‌مر فاسوم دا، له خواره‌وه بابه‌تێک له‌مه‌ڕ " به‌ئه‌ده‌بی و میواندارێتی کوردی" و کورته " داخوازێک " بۆ په‌یدا کردنی هێندێک له ژماره‌کانی " کوردستان میشنێری" ده‌خوێننه‌وه.
حه‌سه‌نی قازی
کوردستان میشنێری ژماره‌ی 4. ساڵی 8، ژانڤییه‌ی 1917
ل. ئو.فاسوم
به‌ئه‌ده‌بی و میواندارێتی کوردی
وه‌ک قاعیده‌یه‌ک، خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵات زۆر له ڕۆژئاواییه‌کان به ئهدهبتر و میوان خۆشه‌ویستترن. کوردانی... و ...ش له‌وه ڕێزپه‌ڕ نین. ئه‌گه‌رچی موسوڵمانن، به‌ڵام له ئاست دۆستێکی مه‌سیحیش هه‌ر وه‌ک دۆستێکی موسوڵمان به ئه‌ده‌ب و میوان بهخێرهێنهرن، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌سیحییه بێگانه بێ.له‌و باره‌یه‌وه ئه‌وان جێی به‌راورد کردن نین له گه‌ڵ موسوڵمانی ئاسایی ئێرانی یان عه‌جه‌مه‌کان، که نه‌ریتی موسوڵمانهتییان پێیان ده‌ڵێ مه‌سیحییه‌ک به گڵاو دابنێن و نرخی ئه‌وه‌ی نییه هه‌ڵس و که‌وتی له‌گه‌ڵ بکه‌ن.
کاتێک کوردێک له کۆڵانێ یان له ماڵی خۆت سڵاوت لێ ده‌کا، ده‌ستت له گه‌ڵ ناداته‌وه، به‌ڵکوو به‌ری ده‌ستی ڕاستی له سه‌ر سینگی داده‌نێ و به حورمه‌ته‌وه سه‌رت له به‌ردا دهنهوێنێ. هه‌تا پێی نه‌ڵێی دانیشێ، هه‌رچه‌ندی ماندووش بێ قه‌ت دانانیشێ. ئه‌گه‌ر ئه‌وجێگایه‌ی داوای لێکراوه لێی دانیشێ دوو یان سێ هه‌نگاو له دواوه‌تر بێ، پشتت تێ ناکا، به‌ڵکوو به حورمه‌ته‌وه پاشه‌وپاش ده‌کشێته‌وه له کاتێکدا هێشتا به‌ری ده‌ستی له سه‌ر سینگێتی و بڕێک چه‌ماوه‌ته‌وه.
ئه‌گه‌ر چه‌ندین که‌س له ژووره‌که دابن له کاتێکدا هه‌ر به پێوه‌یه سه‌ر له به‌ر هه‌ر کامه‌یان داده‌نوێنێ، به ڵام به ئاسایی دوای ئه‌وه‌ی که چوار مه‌شقه‌کی دانیشتووه.
له سه‌ر چۆکان دانیشتن شێوازی هه‌ره به حورمه‌ته کاتێک مرۆ له سه‌ر عه‌رزی داده‌نیشێ. له سڵاو کردن له کۆمه‌ڵێک له خه‌ڵک که له شوێنێک دا کۆبوونه‌ته‌وه، کورده له‌و که‌سه‌ی ڕا که له لای سه‌روو دانیشتووه ده‌ست پێده‌کا و له‌وێوه پێیان دا دێته خوارێ، چونکه واداده‌ندرێ خه‌ڵکه‌که به‌پێی شان و شه‌وکه‌ت و گه‌وره‌یی دانیشتبن.
ئه‌گه‌ر پرسیاری لێ بکرێ داخودا ئه‌و باشه؟ وڵام ده‌داته‌وه " ئه‌تۆ بۆ خۆت باش بی!" ئه‌وه وڵامێکی ئه‌رێنی یه و ئاواتێکی مێهرهوانانهشی بۆ ئیروویی تۆ له‌گه‌ڵ ده‌خا. ئه‌گه‌ر پرسیاری لێ بکرێ ئه‌و کێیه، نێوی خۆی ده‌ڵێ و ئه‌و وشه‌یه‌ی لێ زیاد ده‌کا: " خزمه‌تکارت". ئه‌گه‌ر پرسیاری لێ بکرێ چه‌ند منداڵی هه‌یه و بییه‌وێ پێت بڵێ دوو کوڕ و کچێکی هه‌یه، ده‌ڵێ: " ئه‌من دوو نۆکه‌ر و قه‌ره‌واشێکی تۆم هه‌یه". ئه‌گه‌ر ئه‌تۆ ڕه‌زایه‌تی خۆت ده‌رببڕی له کارێکی که کردوویه‌تی له وڵام دا ده‌ڵێ: " خودات لێ ڕازی بێ!" ئه‌گه‌ر بته‌وێ سه‌ره‌خۆشی لێ بکه‌ی، له وڵام دا ده‌ڵێ : " بۆ خۆت خۆش بی!" به‌و پێیه ژماره‌یه‌کی بێ ئه‌ژماری زاراوه‌ی جوان و به ئه‌ده‌بانه هه‌ن که کوردی ... و ... له قسه کردن له گه‌ڵ دۆسته‌کانی دا به‌کاریان ده‌هێنێ.
به‌ڵام لێره دا ده‌بێ ئاماژه به‌وه‌ش بکه‌ین نێوانێکی زۆر که‌م هه‌یه له نێو ته‌واو بوونی ئه‌و زاراوه جوانانه و هه‌ڵکێشانی دمی تیژی " خه‌نجه‌ر" یان نووکی تیژی شیر دا و ئه‌و موسیبه‌ته‌ی به سه‌ر دوژمن دێ.
کاتێک مرۆ ده‌چێته ماڵه کوردێک به ئاسایی دانیشتووانی به سڵاوی ڕۆژهه‌ڵاتیانه بانگ ده‌کا و ده‌ڵێ: " سه‌لامون عه‌له‌یکوم"، که به ئینگلیسی مانای ده‌بێ به " ئاشتی به سه‌ر ئێوه دا!" پیاوی ماڵێ وڵام ده‌داته‌وه: " عهلهیکومه سه‌لام وه ڕه‌حمه‌توڵا و به‌ره‌کاتوه!" که به‌ئینگلیسی ده‌بێ به: "ئاشتی به سه‌ر تۆ دا و ، به‌زه‌یی خوڵا به سه‌ر تۆ دا و به‌ره‌که‌ته‌کانی به سه‌ر تۆ دا !" ئه‌گه‌ر یایه‌ک له ماڵه‌که دا بێ و ئه‌و وڵام بداته‌وه هه‌ر هه‌مان شت ده‌ڵێ به‌ڵام له جیات وشه‌کانی " وه به‌ره‌کاتوه" ( وه به‌ره‌که‌ته‌کانی) ده‌ڵێ" " سه‌رچاوی من" که به ئینگلیسی مانای ده‌بێ به " ئان مای ئای." ئه‌و زاراوه‌یه‌ی دوایی گوێڕایه‌ڵییه‌کی قووڵ و دڵنزمییهکی دڵخوازانه ده‌رده‌برێ، که کورده‌کان پێیان وایه یه‌ک له خه‌سڵه‌ته هه‌ره باشه‌کانی ژنانه.
به دوای ئه‌و سڵاوانه دا بارانی به‌خێرهێنان و چاک و چۆنیت به سه‌ر دا ده‌بارێ وه‌ک: " به‌خێر بێی! زۆر به خێر بێی! زۆر زۆر به خێر بێی! ئێره ماڵی خۆته. ئه‌وه نۆکه‌ری تۆیه. ئه‌وه قه‌ره‌واشی تۆیه. ئێمه چ ماڵمان نییه" و له‌وانه. هه‌ڵبه‌ت هه‌موو ئه‌ندامانی ماڵێ، له پیر و جه‌وانه‌وه هه‌ستاونه‌ته سه‌رپێیان و له‌ماوه‌ی ئه‌و سڵاو و بهخێرهێنانانهدا هه‌ر به پێوه‌ن. دواجار داوات لێده‌کرێ دابنیشی له لای هه‌ره سه‌ره‌وه‌ی ژووره‌که، که له‌وێ دۆشه‌گێک یان قاڵیچهیهکی چکۆڵه له سه‌ر عه‌رزی ڕاخراوه بۆ له سه‌ر دانیشتن. ئه‌گه‌ر دۆشه‌گێک، قاڵیچه‌یه‌ک یان دۆشهکچهیهکی باشتر له ماڵێ دا هه‌بێ له‌وانه‌ی که ڕۆژانه له‌وێ ڕاخراون ده‌ستبه‌جێ ده‌یهێنن و داوات لێده‌که‌ن له سه‌ری دانیشی. دوای ئه‌وه‌ی دانیشتی ئه‌وان هه‌ر به پێوه ڕاده‌وه‌ستن هه‌تا داوات لێنه‌کردوون دانانیشن. چونکه بۆخۆیان ددانیان پێداهێناوه که نۆکه‌ر و خزمه‌تکاری تۆن، بۆیه وا داده‌ندرێ هه‌ر به‌پێوه بن و ئاماده بن بۆ خزمه‌ت کردنی تۆ. کاتێک داوایان لێده‌کرێ دانیشن ده‌ستبه‌جێ داده‌نیشن، و هه‌موویان به‌یه‌که‌وه کۆمه‌ڵێکی دیکه له به‌خێرهێنانی گوڵاویت به سه‌ر دا ده‌پڕژێنن وه‌ک : " به‌خێر بێی! زۆر به خێر بێی! ئێره ماڵی خۆته" و هتد.
ده‌ستبه‌جێ یایه‌کان و خزمه‌تکاره‌کانی ماڵێ هه‌ڵده‌ستن و خه‌ریکی میوانداری ده‌بن، کشمیش، چهره و ئه‌و شێرنیاتهی له ماڵێ دروست کراوه له پێشت داده‌نێن. ئاسایی وایه زۆر زوو چات بده‌نێ و، ئه‌گه‌ر ماوه‌یه‌کی درێژتر بمێنییه‌وه، به ئاسایی مریشک یان بهرخێکت بۆ ئاماده ده‌که‌ن، له گه‌ڵ برینجێکی زۆری که له ڕۆنی که‌ره دا خووساوه. زۆرجار لێت ده‌پرسن چت پێ خۆشه بۆت لێنێن و، ئه‌گه‌ر ئه‌وشته‌یان نه‌بێ که پێیان وایه ئه‌تۆ پێت خۆش ده‌بێ ده‌چنه ماڵی دراوسێ و ده‌یهێنن.
به ئاسایی پیاوی سه‌ره‌کی له دێیه‌که دا بانگ ده‌که‌ن بێ و چاوی پێت بکه‌وێ، ئه‌وه‌ش نیشانه‌ی ڕێز لێنانێکی زۆری تۆیه. دوای ئه‌وه‌ی له‌وشتانه‌ی پێت خۆشه خواردووته که له‌قاپی گه‌وره دا له سه‌ر مجوعمه له پێشیان داناوی، مجوعمهکه له پێشت هه‌ڵده‌گیرێ یان ده‌بردرێته پێش ئه‌و که‌سه‌ی له‌گه‌ڵت هاتووه یان ئه‌و که‌سه‌ی بۆ سه‌ردانت هاتووه، که هه‌رچی پێیان خۆش بێ ده‌یخۆن و دوایه مجوعمهکه پاڵ پێوه‌ده‌نێن بۆ به‌ر ده‌م بابی منداڵان یان خزمه‌تکاره‌کان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌رماوه‌ی ماوه ته‌واوی که‌ن.
کاتێک شه‌و دادێ باشترین ده‌سته نوێنی ماڵێ بۆ میوان ده‌ستبژێر ده‌کرێ. ئه‌گه‌ر به پێی داوه‌ری خۆیان ده‌سته نوێنه‌که ته‌واو باش نه‌بێ ده‌چنه ماڵی هه‌ره ده‌وڵه‌مه‌ندی دێیه‌که و ده‌ستێک نوێنیان لێ قه‌رز ده‌که‌ن و، لێت ده‌پرسن له کوێت بۆ ڕاخه‌ن. ماڵه‌که هه‌ر تاقه دیوێکه، گه‌وره‌یی 8 له 10 تا 26 یان 30 فیتی چوارگۆشه‌یه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، چینی ده‌وڵه‌مه‌ندتر، به ئاسایی چه‌ند دیویان هه‌یه، جا بۆیه له‌وانه‌یه ئه‌تۆ بۆخۆت به ته‌نێ تاقه دیوێکت ده‌ستکه‌وێ تێیدا بنووی.
دوایه ئیدی ئه‌وه نۆره‌ی تۆیه ده‌ست بکه‌ی به قسه کردنی گشتی له گه‌ڵ خانه خوێیه‌که‌ت و ئه‌وانه‌ی هاتوونه سه‌ردانت. ئیدی هه‌موو خزمه‌تکاره‌کان ستار بوون و پاڵیان به دیواره‌وه داوه. یایه‌کانیش هه‌موویان له گۆشه‌یه‌ک دا له یه‌کتری ورووکاون، یان له دیوێکی دیکه دانیشتوون که ده‌رگای بۆ ئه‌و دیوه‌ی تۆی لێ دانیشتووی له سه‌ر گازی پشته.
له پێشدا باسی زۆر شتی باشی نێو دنیایه‌یان بۆ ده‌که‌ی بۆ ئه‌وه‌ی سرنجیان له سه‌ر شتێک کۆ بکه‌یه‌وه. دوایه باسی خۆشه‌ویستی خوڵایان بۆ ده‌که‌ی، چێرۆکێک یان دوو چیرۆکی ئینجیلیان بۆ ده‌خوێنییه‌وه یان بۆیان ده‌گێڕییه‌وه، ڕه‌نگه چیرۆکی کۆڕی دهستبڵاویان بۆ هه‌ڵبژێری؛ دوایه یه‌ک یان دوو گۆرانی نێو ئینجیلیان بۆ ده‌ڵێی، یان سروودێکی ڕوحانی به کوردی. هه‌ڵبه‌ت ده‌بێ ئه‌وه له به‌ر چاو بگری به‌رده‌نگت کێن، بۆچوون و تواناییان چه‌نده‌یه. ڕه‌نگه به‌رده‌وام بی و زیاتریان باسی عیسای ڕزگاریده‌ر بۆ بکه‌ی، سه‌باره‌ت به کوێره‌وه‌رییه‌کانی و مردنی و دوایه به نزا و پاڕانه‌وه‌یه‌ک به کوردی دوایی به قسه‌کانت ده‌هێنی.
هێندێک له کورده‌کان چاو له یه‌کتری ده‌که‌ن. ڕه‌نگه ئه‌وه یه‌که‌مجار بێ ئه‌وان شتێکی ئه‌وتۆیان بیستبێ و، ئه‌و قسانه له به‌ر گوێیان هه‌تا بڵێی غه‌ریب بێ.هێندێکیان ڕه‌نگه قسه‌ت پێ ببڕن وڕوو له دۆسته‌کانیان که‌ن و بڵێن بزانن ئه‌وه چ پیاوێکی چاکه و قسه‌کانی تۆیان زۆر پێ خۆش بێ، هتد. به ئاسایی خانه‌خوێ شانازی به میوانهکهیهوه ده‌کا و زۆر هاسانتر قسه‌کانی تۆی له دڵ خۆش دێ. هه‌ڵبه‌ت ئه‌تۆ به شێوه‌ی خۆت ده‌جووڵێیه‌وه. ئه‌گه‌ر خانه‌خوێیه‌که و ڕه‌نگه هێندێک له پیاوه سه‌ره‌کییه‌کانی [شوێنه‌که] لای تۆ بگرن، ئیدی له سه‌ر شتی دی غه‌مت نه‌بێ.ئه‌تۆ له جێیه‌کی ئه‌مینی و، ده‌رفه‌تت ده‌ست ده‌که‌وێ جارێکی دیکه زیاتریان باسی عیسا بۆ بکه‌ی.
ئه‌گه‌ر شه‌وێ خه‌وت بڕه‌وێته‌وه و خه‌وت لێ نه‌که‌وێ، خانه خوێ زۆری پێ خۆش ده‌بێ حه‌کایه‌تخوان، گۆرانیبێژ یان موسیقاژهنان بێنێ ، گۆرانیت بۆ بڵێن و موسیقی لێده‌ن تا خه‌وت لێ بکه‌وێ. دیاره ئه‌من قه‌تم حه‌وجێ به‌وه نه‌بوو، به‌ڵام زۆر جار خانه‌خوێ بۆ خۆی پێویستی پێی بوو. کاتێک ئه‌و خه‌وی لێ ده‌که‌وێ ئه‌وان به ئاسپایی له دیوه‌که ده‌چنه ده‌رێ.
ل.ئو.فاسوم
هێندێک له قوتابیانی مه‌دره‌سه‌ی میسیۆن له سابڵاغێ له گه‌ڵ مامۆستایه‌کی هه‌رمه‌نی
کوردستان میشنێری، ژماره‌ی 4، ساڵی 8، ژانڤییه‌ی 1917
داوخوازێک
به‌ر له‌وه‌ی پێگه‌ی میسیۆنه‌که‌مان به جێ بهێڵین، ئێمه گشت نامه‌کان و ڕۆژنامه‌کانی خۆمان سووتاند. ئێمه نه‌مانده‌ویست ئه‌وان بکه‌ونه ده‌ست کاربه‌ده‌ستانی دڕدۆنگی هیچ کام له لایه‌نه‌کانی شه‌ڕ. به‌و شێوه‌یه گشت ژماره‌کانی " کوردستان میشنێری"یش که پاراستبوومانن له نێو چوون. له‌وه‌تا گه‌ڕاومه‌ته‌وه ئه‌مریکا حه‌ولم داوه دیسان هه‌موو ژماره‌کان کۆ که‌مه‌وه، به‌ڵام هێشتاش هێندێکیانم ده‌ست نه‌که‌وتوون. ڕه‌نگه هێندێک له خوێنه‌ره‌وانی کوردستان میشنێری له‌و باره‌یه‌وه بتوانن یارمه‌تیم بکه‌ن، ئه‌من ئاماده‌م بۆ هه‌ر نوسخه‌یه‌کی که نیمه 10 سێنت بده‌م. ئه‌و ژمارانه‌ی نیمن بریتین له‌وانه‌ی خواره‌وه:
ئۆکتۆبر و دیسامبری _ 1910
ئاوریل و ئووتی _ 1911
فێڤرییه‌ی _ 1916
ل.ئو. فاسوم
Waukon, Iowa.
2 comments:
kak hesan gyan zor zor keyfm kerd be xwendnewey ew babete.zor jwan hemu shtakani be teswir keshabu.terjumekeshi zor rek u pek bu.her ewe delem ke este dway xwendnewey ew babete her dimen u teswiri aw ghsa u basane u aw fezayem le ber chawe.rezi zor
Ew xisletî mêvanperwerî û hurmetgirtînî mêvan tenya lelay kurdekan zor girînge. Dest û çavekanit xoş mamosta Qazî bo wergêrandinî em babete. Ked û mandu bûnit lebîr nakrê...
Her hebîw berdewam bî.
Post a Comment