هێندێک نووسراوه‌ی دیکه‌ی نه‌مر لودویک (لویس) ئولسن فاسوم- 3
هێندێک نووسراوه‌ی دیکه‌ی نه‌مر لودویک (لویس) ئولسن فاسوم- 3
ژیان و به‌سه‌رهاتی میرزا ڕه‌حمانی حاجی نه‌ورۆز
وه‌ک پێشتر ئاماژه‌ی پێکرابوو نه‌مر ل.ئو،فاسوم، دوای گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌مریکا له مانگی ژووه‌نی ساڵی 1916 زۆر نووسینی له " کوردستان میشنێری" دا بڵاو کردووه‌ته‌وه. یه‌ک له‌و نووسینانه، ژیاننامه‌ی " میرزا ڕه‌حمانی حاجی نه‌ورۆز" مامۆستای کوردی میسیۆنێرییه‌کان و یاریده‌ده‌ری وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌بییاتی مه‌سیحییه. ده ڕاستیدا ئه‌و ژیاننامه‌یه "ڕووناکبیر" و که‌سایه‌تییه‌کی کورد به ئێمه ده‌ناسێنێ که ڕه‌نگه وه‌چه‌ی ئێستا قه‌ت نێو و نێوبانگی نه‌بیستبێ. له نووسراوه‌کانی ساڵانی دواتری " کوردستان مێشنێری" له شوێنێک دا باسی منداڵێکی بێ دایوباب له میسیۆنه‌که‌یان ده‌کرێ به نێوی " مسته‌فا" که زۆر وێده‌چێ هه‌ر کوڕه چکۆڵه‌ی"میرزا ڕه‌حمانی حه‌جی نه‌ورۆز" بێ که نه‌مر فاسوم له‌م نووسینه‌ی خواره‌وه دا به‌سه‌رهاتی ویمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه.
حه‌سه‌نی قازی
کوردستان میشنێری، ژماره‌ی 5، ساڵی 8، فێڤرییه‌ی 1917
نووسینی : ل. ئو. فاسوم
میرزا عه‌بدولڕه‌حمان
نووسینی ژیاننامه‌ی کوردێک، که ئه‌گه‌ر ئێستا بۆخۆی مابا، نه‌یده‌توانێ شتێکی زۆرتان سه‌باره‌ت به ڕه‌چه‌ڵه‌کی عه‌شیره‌تی یان باب و باپیرانی خۆی بۆ بگێڕێته‌وه و ته‌نانه‌ت ڕۆژی له دایکبوونی خۆشی نه‌ده‌زانی، تا ڕاده‌یه‌ک دژواره. هه‌رچۆنێک بێ، ئه‌وه هه‌لومه‌رجی مێژووی ژیانی میرزا عه‌بدولڕه‌حمانه. به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه دۆستانی " کوردستان میشنێری" پێیان خۆش ده‌بێ هێندێک له سه‌ر ژیانی وی بزانن ، که چه‌ندین ساڵ وه‌کوو یه‌کێک له مامۆستا کوردییه‌کانمان و وه‌رگێڕی یاریده‌رمان خزمه‌تی کرد.
ئه‌ژداد، ڕه‌چه‌ڵه‌ک، و ژیانی به‌رایی
ڕه‌نگه ئه‌ژدادی به سه‌دان ساڵ له سابڵا‌غ، کوردستان ژیابن. ئه‌وان " شارستانی" بوون [ وشه‌ی " شارستانی" به کوردی نووسیوه. ح.ق]، که دوای چه‌ندین وه‌چ ژن و ژنخوازی له گه‌ڵ عه‌شیره‌ته کورده‌کانی دیکه پێوه‌ندی و به‌سترانه‌وه‌ی عه‌شیره‌تییان پسابوو. ئه‌گه‌ر له ڕابردوو دا ده‌وڵه‌مه‌ند بووبێتن، ئیدی له مێژ بوو ئه‌وه‌یان له کیس دابوو. ڕه‌حمان قه‌ت باسی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌کرد باب و باپیرانی ده‌وڵه‌مه‌ند بووبن. له لایه‌کی دیکه‌وه، خه‌ڵکی شاری که باب و باپیرانی وی له‌وان بوون زۆر خوێنده‌وارتر بوون له چینی عه‌شیره‌تی، که زۆر جار بۆ سووکایه‌تی پێکردن وه‌ک " کرمانج" که مانای " له خواره‌وه‌تر"ه باسیان ده‌که‌ن یان وه‌ک "دێهاتی"
[ ئه‌م دوو وشانه‌ی به کوردی نووسیوه. ح.ق.] نێویان ده‌به‌ن. به گوتنێکی دی ئه‌وان ده‌یانتوانی زیاتر عه‌ڕه‌بی بخوێننه‌وه، و هێندێک له‌وانیش ده‌یانتوانی فارسی زیاتر بنووسن.
بابی ڕه‌حمان نێوی " نه‌ورۆز" بوو که به ئینگلیسی مانای ده‌بێته " ساڵی تازه". ئه‌و به چاکی ده‌یتوانی زمانی فارسی بخوێنێته‌وه و بنووسێ و، به ساڵانی درێژ میرزای تایبه‌تی خاوه‌نموڵکێکی ده‌وڵه‌مه‌ندو تاجرێکی کورد بوو.وه‌ک میرزایه‌کی جێگای باوه‌ڕی ئاغایه‌که‌ی ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ هه‌ڵکه‌وت له گه‌ڵی بچێته زیاره‌تی مه‌ککه. به‌و شێوه‌یه دوای هاتنه‌وه‌ی بۆ سابڵاغێ له‌قبی "حاجی" شی له نێوی زیاد بوو و به " حاجی نه‌ورۆز"به نێوبانگ بوو، که به ئینگلیسی ده‌بێ به " زیارتکاری ساڵی نوێ". ئه‌گه‌رچی ئه‌و هه‌ژار بوو به‌ڵام ئه‌و چوونه حه‌جه ده‌سته‌ڵاتی وی له جاران زیاتر کرد‌و ده‌ره‌تانی بۆ ڕه‌خساند هێندێک دراو وه‌سه‌ریه‌ک نێ. ئه‌و ماڵێکی پچووکی کڕی و دوایه ژنی هێنا. ئه‌وه‌ی که ئه‌و له ماوه‌ی ژیانی دا چه‌ند ژن و چه‌ند منداڵی هه‌بووه، ئه‌من قه‌ت پێم نه‌زانی.ئه‌من هه‌ر دوو کوڕ و کچێکیم ده‌ناسی. کوڕه گه‌وره‌تره‌که‌یان نێوی قادر بوو، که به مانای " به‌توانا" یه و ئه‌وی چکۆڵه‌که‌یان "ڕه‌حمان" بوو که مانای " به به‌زه" یه.
شتێکی ئه‌وتۆی که جێی دڵنیایی بێ سه‌باره‌ت به تافی لاوه‌تی ڕه‌حمان نازاندرێ. ئه‌و له گه‌ڵ کوڕه‌کانی دیکه‌ی شاری له لای مه‌لا " قه‌شه‌ی موسوڵمان" له مزگه‌وتێ قورئان ده‌خوێنێ، و له‌به‌ری ده‌کا بێ ئه‌وه‌ی له مانای تێ‌بگا،به زمانێکی شیرن و به ئاهه‌نگ ده‌یخوێنێته‌وه.له مزگه‌وتێ فێری نوێژ کردنیش ده‌بێ، هه‌ر وه‌ها چۆن غوسڵ له خۆی ده‌رکا، و چۆن ڕۆژوو بگرێ،چون ئه‌و هه‌زار و یه‌ک فه‌رزانه‌ی ده‌بێ موسوڵمانێکی باش ڕه‌چاویان کا به جێ بهێنێ. ئه‌و هه‌ر وه‌ها به شێوه‌ی تایبه‌تی ده‌رسی فارسیش ده‌خوێنێ و زوو فێرده‌بێ پێی بخوێنێته‌وه و پێی بنووسێ و به‌وه له‌قبی میرزایه‌تی وه‌رده‌گرێ که مانای ده‌بێ به سێکرێتێری یان نووسه‌ر. به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه‌ی نێوی ڕه‌حمان له نێو کوردان‌دا زۆر به‌ربڵاوه، بۆ ئه‌وه‌ی دیار بێ مه‌به‌ست له چ ڕه‌حمانێکه نێوی بوو به " میرزا ڕه‌حمانی حاجی نه‌ورۆز" که به ئینگلیسی ده‌بێ به " سێکرێتێری به‌به‌زه‌ی زیارتکاری ساڵی نوێ".
ژنهێنان ، موباشیرێتی وه‌فادارانه و گه‌وره‌بوونه‌وه‌ی
ته‌نانه‌ت له نێو خه‌ڵکی ناشارستانیش دا، وه‌فادارێتی ده‌بێته هۆی سه‌رکه‌وتن و ده‌گاته گه‌وره بوونه‌وه. ڕه‌حمان پیاوێکی کتێب خوێنه‌ره‌وه‌ی نائاسایی و خوو و خده‌یه‌کی له سه‌ره‌خۆی هه‌بوو و له کوردێکی نه‌ده‌کرد. له به‌ر ئه‌و خه‌سڵه‌تانه و، ڕه‌نگه له به‌ر هۆی دیکه‌ش ئه‌و هه‌تا ته‌مه‌نی 30 ساڵان زه‌واجی نه‌کرد.شتێکی دیکه‌شی کرد که له نێو موسوڵمانان دا زۆر نائاساییه _ ئه‌و هه‌ر جارێک ژنی هێنا و قه‌تی لێ جیا نه‌بووه‌وه. ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر له ته‌ورێز، ئێران، ڕێوڕه‌سمێکی زه‌واجی عیسایی نه‌دیتبا جۆرێکی دیکه جووڵاباوه. ئه‌و ڕێ‌و ڕه‌سمه زۆری کار له سه‌ر کرد و، دوای ئه‌وه بڕیاری دا ئیدی قه‌ت ژنێکی دیکه به سه‌ر ژنه‌که‌ی نه‌هێنێ یان قه‌ت ده‌ست له‌و ژنه‌ی هه‌یه‌تی به‌ر نه‌دا، به‌ڵکوو تا ئه‌و کاته‌ی مردن له یه‌کیان جیا ده‌کاته‌وه به هاوسه‌ری وه‌فادار بێ. خودا چوار منداڵی پێ به‌خشین، که له‌نێویاندا ئی هه‌ره گه‌وره و ئی هه‌ره چکۆڵه‌یان کوڕ بوون.
له‌کاتێکدا برا گه‌وره‌که‌ی، قادر، زیاتر مرخی بۆ بابه‌تی دینی هه‌بوو و بۆ به " موئه‌زین" [ له ده‌قه‌که‌دا وشه‌ی "موئه‌زین" ی نووسیوه،ح.ق] یان بانگده‌ری مزگه‌وتێ، ڕه‌حمان زیاتر ڕێچکه‌ی بابی خۆی گرت و بوو به میرزا یان سێکرێتێری. له‌و پیشه‌یه دا خزمه‌تی چه‌ندین خاوه‌نموڵک و تاجری کوردی کرد. ئه‌گه‌رچی ڕه‌حمان نووسه‌رێکی سه‌رسووڕهێنه‌ر نه‌بوو، به‌ڵام زۆر خۆشه‌ویست بوو، زۆر که‌سێکی پاک و جێگای باوه‌ڕ بوو. جا له‌به‌ر ئه‌و خه‌سڵه‌ته باشانه چه‌ندین جار پله‌ی هه‌ڵکشا و گه‌وره بووه‌وه.
یه‌کێک له هه‌رمه‌نییه ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی شاری، ئاغا هارتون، له میرزایه‌کی گه‌نجی جێگای باوه‌ڕ ده‌گه‌ڕا، که به‌سه‌ر ماڵ و مڵکی ڕابگا و چاوی به سه‌ر کرێکاره‌کانییه‌وه بێ و حیسابی گشت داهات و خه‌رج و مخاریج ڕابگرێ. ئه‌و کاره درا به میرزا ڕه‌حمان و چه‌ندین ساڵ موباشیری ئاغاهارتون بوو. ئه‌و هه‌موو سه‌ری سبه‌ینان له گه‌ڵ کرێکاره کورده‌کان ده‌چووه سه‌ر مه‌زرایێ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر که‌س کاری خۆی به ڕێک و پێکی ڕاپه‌ڕێنێ و ببێته هۆی ڕه‌زایه‌تی خاونمڵکه‌که. له مانگی ژووه‌ن دا کاتێک جه‌نجه‌ڕ ده‌ست پێده‌کا، میرزا ڕه‌حمان سه‌ری زۆر قاڵ بوو و چاوی به سه‌ر خه‌له و خۆیانه‌وه ده‌بوو که له جێ خوونێ هه‌ڵدرابوونه‌وه، و زۆر جار شه‌وانه له خه‌رمانێ ده‌نوست بۆ ئه‌وه‌ی که‌س دزی له خۆیانه‌کان نه‌کا. کاتێک خه‌له‌و خه‌رمان هه‌ڵگیرا، حاسڵاته‌که له نێو خاوه‌نمڵک و کرێکاران دا دابه‌ش ده‌کرێ و یه‌ک له ده تا نیوه‌ی ده‌بێ به ئی خاوه‌نمڵکه‌که. میرزا ڕه‌حمان ئه‌و هه‌موو حیساباته‌ی ده‌کرد و بۆ گشت ئه‌و کاره‌ی خۆی مانگێ 4 تا 5 دۆڵاری وه‌رده‌گرت. جگه له‌وه کرێکاران یان جووتبه‌نده‌کانیش هێندێکیان دانه‌وێڵه، گه‌نم یان جۆ، له به‌شی خۆیان ده‌دایێ و هاوسه‌ره‌که‌شی ڕێگای ده‌درا پووش و ئاڵاش و دڕووی مه‌زرایێ کۆ کاته‌وه و بیهێنێته‌وو ماڵێ بۆ سووته‌مه‌نی زستانێ.
نێوبانگی میرزا ڕه‌حمان وه‌ک موباشیرێکی ئه‌و په‌ڕی وه‌فادار و جێگای باوه‌ڕ بڵاو ببووه‌وه. هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده دا کابرایه‌کی ئینگلیسی زۆر به ده‌سته‌ڵات له گه‌ڵ یایه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌رمه‌نی زه‌واجی کرد که خاوه‌نی چه‌ندین دێ بوو له نزیک سابڵاغێ. ئه‌و بنه‌ماڵه ئینگلیسی – هه‌رمه‌نییه که له ته‌ورێز، ئێران داده‌نیشتن، به دوای میرزایه‌کی لێهاتوو و جێگای باوه‌ڕی کورد دا ده‌گه‌ڕان بۆ ئه‌وه‌ی ببێ به میرزای دێیه‌کانیان. میرزا ڕه‌حمان ئه‌و کاره‌ی پێ ئه‌سپێردرا و چه‌ندین ساڵ خزمه‌تی کردن و ، زۆر جار ده‌بوو له سابڵاغێ دوورکه‌وێته‌وه و ماوه‌یه‌ک له ته‌ورێز بمێنێته‌وه و نزیکه‌ی سه‌د میل له بنه‌ماڵه‌که‌ی له سابڵاغێ دوور بێ. جا ئه‌وه له یه‌کێک له‌و سه‌ردان و مانه‌وانه‌ی له ته‌ورێز بوو که سه‌ردانی کلیسای هه‌رمه‌نییانی کرد له ته‌ورێز و شاهیدی ڕێوڕه‌سمێکی زه‌واجی عیسایی بوو له‌وێ و ئه‌وه زۆر کاری تێکرد و بڕیاری دا قه‌ت له ژنێک زیاتر نه‌هێنێ و قه‌ت ژنه‌که‌ی ته‌ڵاق نه‌دا. به‌ڵام پله‌ی به‌رزی میرزا ڕه‌حمان وه‌ک موباشیری ئه‌و بنه‌ماڵه ئینگلیسی – هه‌رمه‌نییه به ڕێژه کورت بوو و، هێنده زیاتر له دوو ساڵ نه‌بوو. ئاغا ئینگلیسییه‌که‌ی مرد، یه‌کێک له کچه‌کانی وی ڕه‌دووی کابرایه‌کی کورد که‌وت و ئه‌وه به خۆکوژی یان کوشتار ته‌واو بوو؛ بێوه‌ی کابرای ئینگلیسیش مرد، و دێیه‌کانی له لایه‌ن هێندێک له سه‌رۆکه عه‌شیره‌ته ده‌سته‌ڵاتداره‌کانی کورد ده‌ستیان به سه‌ر دا گێرا. [ بێگومان لێره‌دا مه‌به‌ست له گرانفیلدی ئینگلیسی و به‌سه‌رهات و هه‌رای له مه‌ڕ کچه هه‌رمه‌نییه که فاسوم هێمای پێکردووه. ح.ق.] میرزا ڕه‌حمان که هێندێک له ته‌مه‌نه‌وه چوو بوو و ژیانێکی ئارامی به‌لاوه په‌سند بوو جارێکی دیکه له گه‌ڵ خێزانی له سابڵاغێ دامه‌زراوه و ده‌ستی کرده‌وه به کاری پێشووی وه‌ک میرزای تایبه‌تی و معه‌لیم.
خه‌م و خه‌فه‌تی گه‌وره ڕووی تێکرد
کاتێک مرۆ پێی وایه له نێو ئارامی، خۆشی و ئاسووده‌یی دا ده‌ژی، له پڕ له‌وانه‌یه تووشی ناره‌حه‌تی و خه‌م وخه‌فه‌ت بێ. خانووه‌که‌ی میرزا ڕه‌حمان دوو دیوی هه‌بوو، هه‌ر یه‌که‌ی نزیکه‌ی 14 فیتی چوارگۆشه بوون. ئه‌و دیوی پێشه‌وه‌ی کردبووه ژووری مه‌دره‌سه. هه‌ر تاقه ده‌رگایه‌کی هه‌بوو و هیچ په‌نجه‌ره‌ی نه‌بوو. دیوه‌که‌ی دیکه‌ش بۆخۆی و خێزانه‌که‌ی تێیدا ده‌ژیان، ئه‌و ژووره‌یان په‌نجه‌ره‌یه‌کی پچووکی هه‌بوو، به‌ڵام هیچ ده‌رگای نه‌بوو ڕاسته‌و ڕاست به‌ره‌و حه‌وشه بکرێته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له کوردستان _ ئه‌گه‌ر په‌نجه‌ره‌یه‌ک هه‌بێ _ ده‌کرێ وه‌ک ده‌رگاش بێ یان به پێچه‌وانه.حه‌وشه‌ی ماڵی میرزا ڕه‌حمانیش زۆر چکۆڵه بوو و ، نه ده‌بووه 20 فیتی چوارگۆشه.له قولینچکێکی حه‌وشه‌که دا که‌پرێک که گڵه‌بان کرابوو هه‌بوو و سێبه‌ری هه‌بوو، له‌و به‌ریش له گۆشه‌یه‌ک دا هێندێک گه‌ڵا مێو به سه‌ر تیره‌کێک دا شۆر کرابوونه‌وه‌و ئه‌وه‌ش نوخته‌یه‌کی دیکه‌ی به‌سێبه‌ری حه‌وشه‌که بوو.حه‌وشه‌که به دیواری گڵێنه ده‌وره درابوو که نزیکه‌ی دوو فیت ئه‌ستوور و ده فیت به‌رز بوو. ئه‌وه هه‌موو ئه‌وشته بوو که ماڵی میرزا ڕه‌حمانی پێک ده‌هێنا. خوێنه‌ره‌وه له‌وانه‌یه وا بیر بکاته‌وه که ئه‌وه زۆر پچووک و قه‌ره‌باڵغ بووه و، له ڕاستیش دا ئاوا بوو، به‌ڵام میرزا ڕه‌حمان بۆ خۆی پێی وابوو ئه‌وه له سه‌ری خۆی، ژنه‌که‌ی و چوارمنداله‌کانی زیاده، جا بۆیه یه‌کێک له دیوه‌کانی وه‌ک مه‌دره‌سه‌یه‌کی پچووک ته‌رخان کرد بوو بۆ منداڵانی کورد.
ئه‌و له‌و دیوه دا 10 هه‌تا 15 شاگردی که ته‌مه‌نیان له نێوان 7 و 8 تا 15 و 16 ساڵان دا بوون کۆ ده‌کرده‌وه و، هێندێک خوێندنه‌وه و نووسینی فارسی فێر ده‌کردن. مه‌دره‌سه‌که هه‌موو ڕۆژانی حه‌وتوو جگه له ڕۆژانی سێشه‌مۆ نه‌بێ 2 – 3 سه‌عات داییر بوو،ڕۆژی سێشه‌مۆ ڕۆژی پشوو دان بوو، ڕۆژی جومعه‌ش که پشووی موسوڵمانانه.
بۆ به‌کار هێنانی ژووره‌که و ئه‌و حه‌سیره‌ی منداڵه‌کان له سه‌ری داده‌نیشتن و بۆ ده‌رس گوتنه‌وه‌که و، بۆ سووته‌مه‌نی ڕۆژانی ساردی زستانێ ئه‌و به‌سه‌ریه‌که‌وه مانگانه 10 هه‌تا 20 سێنتی بۆ هه‌ر منداڵێک وه‌رده‌گرت . زۆریان ئه‌و حه‌قده‌سته‌یان به هێلکه،په‌نیر، کشمیش و خوارده‌مه‌نی دیکه ده‌دا. له ڕۆژانی جێژنی موسوڵماناندا ئه‌و ده‌چووه ماڵی بابی کوڕه‌کان بۆ پیرۆزبایی و له کاتی ئاوادا هێندێک جێژنانه‌ی زیادییان ده‌دایه. ئه‌و شتانه‌ش زۆربه‌یان خوارده‌مه‌نی بوون یان چه‌ند گه‌زێک چیت بۆ خێزانی یان پێچێکی جوان بۆ خۆی یان کوڕه‌کانی، یان ته‌نانه‌ت بڕێک دراو.
له کاتێکدا میرزا ڕه‌حمان به ئاسووده‌یی و ئارامی به کاری ده‌رس گوتنه‌وه له شاری خۆی و له ماڵی خۆی خه‌ریک بوو و خێزان و منداڵه‌کانی له ده‌وری بوون له پڕ خه‌م و خه‌فه‌تێکی گه‌وره ڕووی تێکرد. کوڕه گه‌وره‌که‌ی زۆری پێ‌خۆش‌بوو ته‌ورێز ببینێ، شارێکی که بابی چه‌ند ساڵان لێی ژیا بوو، ئه‌و شاره‌ی که کوڕه‌که‌ی زۆری شتی خۆشی سه‌باره‌ت به ئه‌وێ بیستبوو. کوڕه‌که‌ی پێی وابوو ده‌توانێ له‌وێ کارێک په‌یدا کا و بۆ خۆی له‌وێ خه‌ریکی کاسبیه‌کی پچووک بێ. نه کوڕه‌که و نه بابی بیریان له‌و شه‌پۆله شۆڕشگێڕانه‌یه‌ی که ئه‌وده‌می ( 1908) ئێرانی داگرتبوو نه‌کردبووه‌وه که له‌و نێوه دا ته‌ورێز کوێره‌وه‌ری هه‌ره زۆری به‌ر که‌وت. هه‌ر چۆنێک بوو کۆڕه‌که ئیزنی له بابی ئه‌ستاند و له سابڵاغه‌وه چووه ته‌ورێزێ. دوای نزیکه‌ی سێ مانگان که له‌وێ بوو شاره‌که به ده‌ست شۆڕشگێران گه‌مارۆ درا و ڕۆژێکیان که کوڕه‌که خه‌ریک ده‌بێ له سه‌ر خیابانێ به په‌له بۆ جێیه‌ک بچێ، گوله‌یه‌کی کوێر ده‌یپێکێ و ده‌ستبه‌جێ ده‌ی کووژێ. ماوه‌یه‌ک دواتر ئه‌و خه‌به‌ره ناخۆشه به میرزا ڕه‌حمان ده‌گاته‌وه.پێی ده‌ڵێن مه‌یتی کوڕه خۆشه‌ویسته‌که‌ی به برینداری له سه‌ر خیابانێ دیتراوه. ئه‌وه گشت ئه‌و شته‌ی بوو میرزا ڕه‌حمان سه‌باره‌ت به کوڕه‌که‌ی خۆی زانی، داخودا که‌سێک مه‌یته‌که‌ی ناشتووه، یان هه‌تا بۆگه‌ن بووه له سه‌ر خیابانێ ماوه‌ته‌وه، ئه‌و قه‌ت پێی نه‌زانی. خۆشه‌ویسترین منداڵی، هیوای ژیانی له ده‌ست دا. ژیانی ئاسووده و ئارامی له بازنه‌ی پچووک و شادی ژن و منداڵه‌کانی دا چه‌تی تێکه‌وت و بۆ هه‌میشه گرێیه‌کی گه‌وره‌ی له سه‌ر دڵی ساز کرد. ئه‌وه زۆری کار له سه‌ر کرد، زۆر زوو ڕدێنی سپی بوو و له‌رزه‌ی وه به‌ده‌نی که‌وت. به‌ڵام سه‌ره ڕای ئه‌و نه‌هامه‌تییه‌ش درێژه‌ی دا به کاری ده‌رس گوتنه‌وه‌که‌ی، چونکه ئه‌وه تاقه سه‌رچاوه‌ی بژیوی بوو.
کار کردن له میسیۆن و بۆچوونی سه‌باره‌ت به عیسا
کاتێک میسیۆنه‌که‌ی ئێمه له ساڵی 1912 به دوای مامۆستایه‌کی به قابیلییه‌تی کوردی دا ده‌گه‌ڕا بۆ مێسیۆنێرییه‌کانمان و، وه‌رگێڕێکی یاریده‌ده‌ر بۆ وه‌رگێڕانی " چاخی نوێ" و کتێب و نووسراوه‌کانی دیکه بۆ سه‌ر زمانی کوردی، میرزا ڕه‌حمانمان دیته‌وه و هه‌ڵمان بژارد. ئه‌و ده‌ستبه‌جێ په‌ژراندی ده‌ست له مه‌دره‌سه پچووکه‌که‌ی هه‌ڵبگرێ و گشت کاتی خۆی ته‌رخان بکا بۆ خزمه‌تی پێگه‌ی میسیۆن، به‌ڵام لێشی زیاد کرد، زۆری بۆ زه‌حمه‌ت ده‌بێ دیسان مه‌دره‌سه‌که دابمه‌زرێنێته‌وه ئه‌گه‌ر پێویست بێ بۆ به‌ڕێچوونی ئه‌و کاره بکا. چونکه نه‌یده‌زانی چه‌نده ده‌توانێ ئه‌رکی خۆی له‌و پیشه تازه‌یه دا ڕاپه‌ڕێنێ و، پێی خۆش نه‌بوو سه‌رچاوه‌ی پێشووی بژیوی خۆی له‌کیس بدا، بێتوو له کاری لای ئێمه دا سه‌رکه‌وتوو نه‌بێ. که وابوو ئه‌ومان بۆ دانێک و ئه‌گه‌ر پێویست بووبا شه‌وانه و ، ڕۆژانی سێشه‌مو و جومعه که له مه‌دره‌سه‌که‌ی خۆی ده‌رسی نه‌ده‌گوته‌وه له به‌ر کار نا. له سه‌ره‌تاوه مانگێ 6 دۆڵارمان ده‌دایه، دواتر ئه‌و مانگانه‌یه‌مان بۆ زیاد کرد و کردمانه 7 دۆڵار.
جگه له‌وه‌ی که ده‌رسی کوردی به میسیۆنێرییه‌کان ده‌گوت و یاریده‌ی ده‌دا بۆ وه‌رگێڕانی " چاخی نوێ"، ئه‌و "سوئال و جه‌واب" یشی که عه‌بدولمه‌سیح نووسیویه وه‌رگێڕا، و هه‌ر وه‌ها کتێبی " میزان الحق" که میسیۆنێری هێژای موسوڵمان، جه‌نابی کله‌یر تیسداڵ Clair Tisdale, D.D. نووسیویه و هه‌ر وه‌ها زۆر بڵاڤۆکی دیکه‌ش. ئه‌و هه‌ر وه‌ها یارمه‌تی کرد بۆ بژار کردنی ڕۆژنامه‌یه‌کی مانگانه‌ی کوردی به نێوی " کوردستان". [ وه‌ک ده‌خوێننه‌وه لێره و، له نووسینێکی دیکه و ته‌نانه‌ت له سه‌ر به‌رگی " ڕێزمانێکی کرده‌یی کوردی" دا فاسوم باسی ڕۆژنامه‌یه‌کی مانگانه به زمانی کوردی ده‌کا که له سابڵا‌غ بڵاوی کردبێته‌وه. به‌داخه‌وه هه‌تا ئێستا هیچ ژماره‌یه‌کی ئه‌و ڕۆژنامه‌یه وه‌به‌ر چاوی که‌س نه‌که‌وتووه. ح.ق]
میرزا ڕه‌حمان زه‌وقی شاعیرانه‌ی زۆر نه‌بوو و زۆر جار پێی دژوار بوو نه‌زم و شێوه‌ی ته‌واوی په‌خشانی وشه‌کان بکاته شێوه‌ی شاعیرانه‌ی سه‌روگوێ کراو که زۆرجار پێویست ده‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی ریتمێکی لێ ساز بکرێ، له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌و یه‌که‌م کورد بوو که ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یدا کرد 100 له باشترین شێعرانی ڕوحانی مه‌سیحیی ئێمه ببیسێ و گۆرانییه‌کانی ئینجیلی بۆ دووپاته ده‌کرایه‌وه، له کاتێکدا وه‌رده‌گێڕدران، ڕاست ده‌کرانه‌وه و پێداچوونه‌وه‌یان تێدا ده‌کرا.
ئه‌و ئاماده‌بوویه‌کی وه‌فادار و ڕێکوپێکی ڕێوڕه‌سمی نزا و پاڕانه‌وه‌ی ئێمه بوو و، ڕه‌نگه تا ئێستا هیچ کوردێک به قه‌ده‌ر وی له نووسینه‌کانی مه‌زه‌بی نێو " چاخی نوێ" و باوه‌ڕی مه‌سیحی قووڵ نه‌بووبێته‌وه. به بێ ئه‌وه‌ی پرسیاری لێ کرابێ، زۆر جار قسه‌ی ده‌بڕی و ده‌یگوت: " ئه‌من باوه‌ڕم به هه‌موویه‌تی! ئه‌من وه‌ک مه‌سیحییه‌ک ده‌مرم!" و دوایه پێده‌که‌نی و به سه‌ر دانه‌واندن له دووی قسه‌کانی خۆی ده‌دا. ئه‌گه‌ر داوای لێکرابا غوسڵی ته‌عمید بدرێ دژایه‌تی نه ده‌کرد، به‌ڵام به‌لایه‌وه ژیرانه‌تر بوو ڕابوه‌ستێ تائه‌و کاته‌ی ژماره‌یه‌کی زۆر به جارێک غوسڵی ته‌عمید بدرێن، چونکه له‌وه ده‌ترسا به‌و کاره میسیۆن له سه‌ره‌تای چالاکییه‌کانی دا که هێشتا باش خۆی دانه‌مه‌زراندبوو ڕاوه‌دوو بنرێ و سه‌ده‌مه‌ی پێ بگا.
کچه گه‌وره‌که‌ی مێردی به فه‌قێیه‌ک کردبوو و، ئه‌و پێی وابوو ئیدی کارێکی ئه‌وتۆی بۆ وی له ده‌ست نایه؛ به‌ڵام زۆری بیر له کچه چکۆڵه‌که‌ی ده‌کرده‌وه که هه‌ر 14 ساڵ ده‌بوو و هێشتا مێردی نه‌کردبوو. ئه‌وپێی خۆش بوو ئه‌گه‌ر بکرێ بینێرێته مه‌دره‌سه‌یه‌کی میسیۆنی بۆ کچان و ،وه‌ک ده‌یگوت: " له دمی گورگانی ڕزگار کا." منداڵه هه‌ره پچووک و تاقه کوڕه‌که‌ی که بۆی مابووه‌وه، مسته‌فا ته‌مه‌نی نزیکه‌ی 8 ساڵ ده‌بوو و زۆر له حاڵی وی دڵپه‌شێو نه‌بوو.
خزمه‌ته‌کانی میرزا ڕه‌حمان له پێگه‌ی میسیۆنه‌که‌ماندا له زۆر ڕووه‌وه نیعمه‌تی گه‌وره بوو بۆ ئێمه. ئه‌و خزمه‌تکارێکی وه‌فادار بوو و ، به ڕێگای خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وام و وه‌رگێڕانی کتێبی پیرۆز و ، به ڕێگای ئاماده بوونی ڕێکوپێک له ڕێوڕه‌سمی نزا و پاڕانه‌وه دا، ئه‌گه‌رچی موسوڵمانێکی 56 یان 57 ساڵان بوو، باوه‌شی له مه‌سیحییه‌ت وه‌رێنا و باوه‌ڕی به گه‌وره‌مان هێنا.
مردنی میرزا ڕه‌حمان و چاره‌نووسی دڵتاوێنی بنه‌ماڵه‌که‌ی
له دیسامبری ساڵی 1915 میرزا ڕه‌حمان، له گه‌ڵ من نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه چووین بۆ ورمێ له ئێران. مه‌به‌ستمان له‌و سه‌فه‌ره ئه‌وه بوو چوار ئینجیله‌کان له چاپخانه‌ی میسیۆنی ئه‌مریکایی له‌وێ به زمانی کوردی چاپ بکه‌ین و، ئه‌گه‌ر هه‌ڵسووڕێ میرزا ڕه‌حمان فێر بێ نموونه‌ی چاپکراوه‌کان بخوێنێته‌وه و پێیاندابێته‌وه.چاپخانه‌که له وه‌زعێکی ئه‌وتۆ دا نه‌بوو هه‌تا دوای جێژنی کریسمه‌س ده‌ست به کاری چاپکردن بکا، جا بۆیه ئه‌من بڕیارم دا بگه‌ڕێمه‌وه سابڵاغێ و دوای ساڵی تازه دیسان بچمه‌وه ورمێ.میرزا ڕه‌حمان له گه‌ڵم نه‌هاته‌وه و له‌وێ مایه‌وه. له‌وماوه‌یه دا بڕیار وابوو ده‌رسی کوردی به چه‌ند له میسیۆننێرییه ئه‌مریکاییه‌کان و کۆنسوولی ڕووسییه بڵێ که زۆریان پێ خۆش بوو زمانی کوردی فێر بن. [له‌و کۆنسوولی ڕووسییه‌یه ده‌کرێ مه‌به‌ست بازیل نیکیتین بێ،ح.ق]
ئه‌وه ئاخر دیداری نووسه‌ر بوو له گه‌ڵ مامۆستای وه‌فادار و وه‌رگێڕی یاریده‌ده‌ر میرزا ڕه‌حمان. هه‌لومه‌رجی نیزامی به‌شێوه‌یه‌کی ئه‌وتۆ بوو که هیچ ده‌ره‌تانی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌دا بگه‌ڕێمه‌وه ورمێ و دواتر له میسیۆنێری پژیشکی له ورمێ، دوکتور کاکرانم بیست میرزا ڕه‌حمان له‌وێ له نه‌خۆشخانه‌ی میسیۆن مردووه. ئه‌من ڕێکه‌وتی وردی مردنه‌که‌یم وه‌بیر نایه، به‌ڵام ده‌بێ له یه‌که‌م ڕۆژه‌کانی مانگی فێڤرییه‌ی ساڵی 1916 دا بووبێ.
له کاتێکدا میرزا ڕه‌حمان حه‌وتووه‌کانی دوایی ژیانی له ورمێ به سه‌ر ده‌برد، خاو وخێزانی له سابڵاغێ چاره‌نووسێکی دڵتاوێنیان هه‌بوو. له جه‌نگه‌ی دوایین جاری که ڕووسه‌کان شاریان داگیر کرد، کاتێک هه‌موو شاره‌که تاڵان کرا، وێران کرا و سووتێندرا، خێزانه‌که‌ی ویش هه‌موو شتێکیان له کیس دا.ژنه‌که‌ی و دوو منداڵه‌کانی بێ نان و ئاو مابوونه‌وه و به ته‌واوی ڕووت کرابوون. نووسه‌ر چوومه نێو زۆر ماڵی که دانیشتووانیان کووژرابوون و هێندێکم ئارد و جلوبه‌رگ بۆ بردن و، چه‌ند جووت که‌وشی کۆنم دۆزییه‌وه و به پینه‌چییه‌ک ئه‌وانم ته‌عمیر کرد وبۆم بردن بۆ ئه‌وه‌ی به پێ‌خواسی به نێو به‌فر دا نه‌ڕۆن. ژنه‌که‌ی نه‌خۆش بوو و مرد، به بێ ئه‌وه‌ی قه‌ت خه‌به‌ری نه‌خۆشی و مردنی مێرده‌که‌ی له ورمێ بزانێ. ئه‌وان ده‌بێ هه‌ر له سه‌ر‌وبه‌ندێک دا مردبن به بێ ئه‌وه‌ی ئاگایان له یه‌کتری بووبێ. دوای مانگێک له مردنی دایکیان منداڵه‌کان خه‌به‌ری مردنی بابیان بیست.
نووسه‌ر نامه‌یه‌کی سه‌ره‌خۆشیم نووسی بۆ منداڵه‌کانی، چونکه ئه‌وان منداڵی خزمه‌تکارێکی وه‌فاداری میسیۆنه‌که‌مان بوون و، ئه‌من هه‌ست به په‌ژاره‌یه‌کی زۆر ده‌که‌م ئه‌وان باب و دایکی خۆیان له ده‌ست داوه و، ئیدی بابیان نه‌ماوه دڵخۆشییان بداته‌وه و یارمه‌تییان بدا. ئێمه هه‌ر ده‌توانین بپاڕێینه‌وه که خوڵای خاوه‌ن به‌زه‌یی پشتیوانی‌یان لێ‌بکا تا ئه‌وه‌ی که جارێکی دیکه خۆمان ده‌گه‌یێنینه‌وه ئه‌وێ. هیچ ڕێگایه‌ک نییه بتوانین چ دراوێکیان بۆ بنێرین. ده‌بڵا بیره‌وه‌ی میرزا ڕه‌حمانی حاجی نه‌ورۆز له مێژووی میسیۆنی ئێمه له نێو کورده‌کاندا بۆ هه‌میشه به زیندوویی بمێنێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌و وه‌فادارییه‌ی که هه‌تا دوایین هه‌ناسه‌ی ژیانی نیشانی دا؛ و ده بڵا هیوادار بین ئه‌و وه‌ک مه‌سیحییه‌ک مردبێ، که بۆ خۆی زۆر جار ده‌یگوت ئه‌وه ئاواتێی.
شه‌رحی ئه‌م وێنه مێژووییه‌ی سه‌ره‌وه
ئه‌م وێنه‌یه ئی ئارشیڤی تایبه‌تی به‌ڕێز یای Esther Fossum Lygre Holte کچی چکۆڵه‌ی فاسومه به سپاسه‌وه بۆ "ڕوانگه" ی ناردووه. یای هۆڵت له کاتی مردنی باوکی له ئۆکتۆبری 1920 دا مه‌لۆتکه بووه و ئێستا له ژوور ته‌مه‌نی 90 ساڵانه، به‌ڵام هێز وگۆڕی ئه‌وه‌ی هه‌ر تێدا ماوه سه‌باره‌ت به ژیان و چالاکییه‌کانی بابی بنووسێ، ئه‌م هاوینه و له‌م ته‌مه‌نه دا کورته ژیاننامه‌یه‌کی بابی نووسیوه که هیوادارم بکرێ له ده‌رفه‌تێک دا وه‌ریبگێڕم.
له پشت ئه‌و وێنه‌یه که به‌خه‌تی نه‌مر یای ئاگوستا گودهارته، نێوی که‌سانی نێو وێنه‌که و ته‌نانه‌ت ناوی دیوه‌کانیش نووسراوه. به‌داخه‌وه چه‌ندێک له ڕسته‌کانی ناخوێندرێته‌وه. هه‌رله‌گه‌ڵ ئه‌و وێنه‌یه کۆپی زه‌رف و یادداشتێکی کورتی گودهارتیش هه‌یه که ده‌بێ له سه‌رده‌مێکی زۆر کۆن دا بۆ یای هۆڵتی ناردبێ و له‌وێدا ده‌نووسێ " ئێستێری خۆشه‌ویست ئه‌و وێنه‌یه‌ی ل.ئۆ.ف له میسیۆنی سابڵا‌غ جه‌نابی لاورێ له ئه‌ڵمانه‌وه ناردوویه، له لای خۆت بیپارێزه". [لازارۆس لاورێ قه‌شه‌یه‌کی سریانی سه‌ر به "کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی ئه‌ڵمانی" بووه و ماوه‌یه‌ک له سابڵا‌غ له گه‌ڵ " میسیۆنی کوردستان" کاری کردووه و دوایه به ساڵانی دوور و دڕیژ قه‌شه‌ی پێگه‌ی میسیۆنی هێرمانسبورگی ئه‌ڵمان بووه له " گوێکته‌په" له نزیک "ورمێ"]
[ له لای چه‌په‌وه] دوکتور ئێدمان و دوو منداڵه‌کانی، یای مێتا فۆن دێر شولنبێرگ، بۆخۆم، خزمه‌تکاره‌که‌مان، ل.ئو.فاسوم، میرزا شه‌مۆییل معه‌لیمی جووله‌که‌ی زمانی کوردی.نێوی دووکه‌سه‌که‌ی دیکه‌ی نه نووسیوه به‌ڵام باسی خواجه عه‌زیزێکی کردووه که خاوه‌نی خانووبه‌ره‌که و خه‌ڵکی مووسڵ ونابینا بووه و باسی ئه‌وه‌ی نه‌کردووه له وێنه‌که‌دا ئه‌ویش هه‌بێ. له سه‌ر پلیکانه‌کانی ل.ئۆ.ف، کوردێک مامۆستای زمانی کوردی.
ئه‌وه‌ی جێی سرنجه ئاگوستا گودهارت نووسیویه که ئه‌و وێنه‌یه له ساڵی 1912 دا هه‌ڵگیراوه. ئه‌و ڕێکه‌وته بێ گومان هه‌ڵه‌یه چونکه له‌و تاریخه دا "ئاگوستا گودهارت" هێشتا له سابڵا‌غ نه‌بووه که له‌وێ وێنه‌ی هه‌ڵگرتبێ. گودهارت یه‌که‌م جار له 19ی ئاوریلی 1913 دا گه‌یشتووه‌ته سابڵاغێ. به له‌به‌ر چاوگرتنی ئه‌وه‌ی که له ڕووی ژماره‌کانی "کوردستان میشنێری" دا بۆمان ساخ ده‌بێته‌وه دوای ئه‌وه‌ی نه‌مر فاسوم و دوکتور ئێدمان له 4ی سێپتامبری 1911 گه‌یشتوونه‌ته سابڵاغێ و دوکتور ئێدمان جارێکی دیکه بۆ هێنانی بنه‌ماڵه‌که‌ی چووه‌ته‌وه سوێدێ ،له گه‌ڵ هاوسه‌ر و دوومنداڵه‌کانی له 19ی ئاوریلی 1912 هاتووه‌ته‌وه بۆ سابڵا‌غ و به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که دوکتور ئێدمان و هاوسه‌ری له 2ی دیسامبری 1914 دا سابڵاغیان به جێهێشتووه، ته‌واو ڕوون ده‌بێته‌وه ئه‌و وێنه‌یه له نێوان 19ی ئاوریلی 1913 و 2ی دیسامبری 1914 هه‌ڵگیرابێ، که ساڵی 1913 زیاتر وێده‌چێ له به‌ر ئارامییه‌کی که به وێنه‌که‌وه دیاره. ساڵی 1914 به‌ره به‌ره ناخۆشی ده‌ستی پێکردووه.
شتێکی دیکه‌ی جێی سرنج ئه‌وه‌یه که ئه‌م وێنه‌یه ده‌کرێ "میرزا ڕه‌حمانی حاجی نه‌ورۆز"یشی تێدابێ، چونکه گودهارت نووسیویه " له سه‌ر پلیکانه‌کانی ل.ئۆ.ف، کوردێک مامۆستای زمانی کوردی" که به‌ئه‌گه‌ری زۆر ئه‌و که‌سه‌ی له سه‌ر سه‌کۆ ڕاوه‌ستاوه و جلوبه‌رگی کوردی ده‌به‌ر دایه ده‌بێ " میرزا ڕه‌حمانی حاجی نه‌ورۆز" بێ.
No comments:
Post a Comment