ئه‌ولاد و تۆره‌مه‌ی میرزا ڕه‌حمانی حاجی نه‌ورۆز
ئه‌ولاد و تۆره‌مه‌ی میرزا ڕه‌حمانی حاجی نه‌ورۆز
به‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ژیننامه‌ی " میرزا ڕه‌حمانی حاجی نه‌ورۆز" که‌سایه‌تی ڕووناک‌بیری موکریان به قه‌ڵه‌می نه‌مر "ل.ئۆ.فاسوم"، لێکۆله‌ره‌وه و مێژوونووسی کورد به‌ڕێز سه‌ید محه‌مه‌د سه‌مه‌دی باسێکی به ورده ریشاڵی له سه‌ر کوڕی میرزا ڕه‌حمان و کچه‌کانی ،نه‌وه و خزمه‌کانی نووسیوه. ئێمه زۆر سپاسی به‌ڕێز سه‌مه‌دی ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگای داین ئه‌و بابه‌ته بۆ ئاگاداری هۆگرانی مێژووی کوردستان له "ڕوانگه" دا بڵاو بکه‌ینه‌وه. هه‌وێنی ئه‌م نووسراوه‌یه، بڵاو بوونه‌وه‌ی "ژێننامهی میرزا ڕه‌حمانی حاجی نه‌ورۆز" به قه‌ڵه‌می فاسومه و ئه‌مه‌ش جارێکی دیکه گرینگی چاپه‌مه‌نی " کۆمه‌ڵه‌ی لووتێری میسیۆنی کوردستان" بۆ ڕوون بوونه‌وه و تێشک خستنه سه‌ر مێژووی ناوچه‌ی موکریان داده‌گرێته‌وه.
حه‌سه‌نی قازی
13ی دسامبری 2009
به‌شێک له نامه‌ی سه‌ید محه‌مه‌د سه‌مه‌دی
...... برای عه‌زیز، مه‌تڵه‌بی (هێندێک نووسراوه‌ی دیکه‌ی نه‌مر فاسوم - 3) بۆ من زۆرسرنج ڕاکێش بوو، ماوه‌یه‌کی زۆری به خۆیه‌وه مه‌شغووڵ کردم.....
له لاپه‌ڕه‌کانی 390 و 391 کتێبی(نگاهی به تاریخ مهاباد)دا،ڕه‌دیفی 12 که‌سێکم ناساندوه به نێوی (روان شاد مصطفی جنتی/ خاله مسته فا)،ئه‌و شه‌خسه که له لاپه‌ڕه‌ی 529 ی هه‌مان کتێب دا وێنه‌یه‌کیشم به چاپ گه‌یاندووه، زڕخاڵی بابم بوو. ئیستیواری بازنشستهی ئه‌ڕته‌ش بوو، له نێو خه‌ڵکی مه‌هابادێ به (مسته‌فای مۆزیقه‌چی) مه‌شهوور بوو. هه‌ر ئه‌و شه‌خسه دووهه‌مین کوڕی میرزا ڕه‌حمانی حاجی نه‌ورۆزی بوو.له کتێبی"ئاڵه‌کۆک"ی کاک غه‌نی بلووریان له به‌شی نمایشنامه‌ی "دایکی نیشتمان" دا بڕێک باسی مسته‌فای مۆزیقه‌چی هه‌یه.دوو خوشکه‌کانیشی: یه‌کیان شه‌وکه‌ت بوو، ئه‌وی چکۆڵهتریشیان نێوی "نازی"
بوو. شه‌وکه‌ت به جه‌وانی مێرد به " فه‌قێ ڕه‌سووڵ" نێوێک ده‌کا، که پێش ئه‌وه‌ی له‌و پیاوه ئهوڵادێکی بێ، فه‌قێ ڕه‌سووڵ ده‌مرێ.
پاش سالی سێڵاوی مه‌هاباد (1315ی هه‌تاوی)،کاتێک باپیری من به نێوی (سه‌ید عه‌لی سه‌مه‌دی) خێزانی(خات ئه‌ستی)، وه‌به‌ر سێڵاوی ده‌که‌وێ و ده‌مرێ، ئه‌و شه‌وکه‌ته‌ی دێنێ و خات شه‌وکه‌ت ده‌بێته زڕدایکی بابم.به‌حه‌دێک ده‌گه‌ڵ بابم نێوانی خۆش بوو که که‌م که‌س له خه‌ڵکی ده‌یان زانی ئه‌و خات شه‌وکه‌ته زڕدایکی بابمه.تاڵ ترین بیره‌وه‌ری له ساڵی کوشتاری ڕووسان له سابڵاغێی هه‌بوو،جاروباره شتێکی بۆ ده‌گێڕاینه‌وه. یادی به‌خێر بێ و ڕوحی شاد بێ. بابیشم به مسته‌فای برای چووکی شهوکهتیی ده‌کوت: خاڵه مسته‌فا، له زمان بابم ڕا ته‌واوی بنه‌ماڵه پێمان ده‌کوت خاڵه مسته‌فا.
خاڵه مسته‌فا، حه‌وت ئه‌ولادی هه‌بوو :سێ یان کچ: صاحب، عصمت، و نصر‌ت، و چواریان کوڕ: سمایل(سمکو)، محمد، حسن، و حسین. خێزانیشی « خاڵۆژنه مه‌له‌ک»، (نێو و شوره‌تی: مه‌له‌ک – ی -خودا پرست)، زور ژنێکی باش، به مه‌حه‌به‌ت،ڕاست و بێ پێچ و په‌نا بوو.ئه‌و ژنه باشه، که تاقه خێزانی خاله مسته فا له ته واوی ژیانی دا بوو، ئێواره‌ی روژی یه‌کشه‌ممه 22ی سێپتامبری 2008ی زایینی(1/7/1387 ی هه‌تاوی= 21ی ڕه‌مه‌زانی 1429ی کوچی مانگی)،له ته‌مه‌نی سه‌ره‌وه‌ی نه‌وه‌د ساڵی دا،له حاڵێکدا که ورده ورده تووشی فه‌رامۆشی(ئالزایمیر) ببوو،کۆچی دوایی کرد.
صاحب و سمایل به مردنی ته‌بیعی فه‌وتیان کرد، محمد و حسن یش دوای شۆڕشی ئێران ئێعدام کران، یانی خاڵه مسته فای بێچاره و خاڵۆژنه مه‌له‌کی قه‌له‌نده‌ر، مه‌رگی چوار ئه‌ولادی خویان دیت... هه‌ر ئێستا دوو کچ و کوڕێکی ماون،ئه‌ڵبه‌ت هه‌ر کام ماڵ ومنداڵ و بووک و زاوایان هه یه، حسین یش موعه‌للیمی پاکسازی کراوه! بونگای خرید و فروشی موڵکی هه‌یه و ژیان ڕاده‌بوێرێ . نوسره‌ت و حوسێن له مه‌هاباد ده‌ژین، عیسمه‌تیش ماڵی له تارانه.
نازی، به جه‌وانی مێرد به کارمه‌ندێکی دوخانیه ده کا که غه‌یره بوومی بوو به نێوی نصرالله خان. خاڵه مسته‌فا تاڵ ترین بیره‌وه‌ری له‌و نصرالله خانه هه‌بوو ! ئه‌گه‌ر جاروبار شتێکی لێ ده‌گێڕاوه، سێ چوار جنێوی وای بۆ روحی نصرالله خان حه‌واڵه ده‌کرد که به‌ڕاستی ده قوتووی هیچ عهتاڕێک دا شتی وات نه‌ده‌دیته‌وه ! نازی له‌و پیاوه دوو ئه ولادی(کوڕێک و کچێک) هه‌بوو، که ئێستا پیرن، به‌ڵام دوای مردنی نصرالله خان، مێردی به حاجی یه‌کی خه‌ڵکی پیرانشهر یا خانێی قه‌دیم کرد به نێوی حاجی محه‌مه‌دی قه‌ره‌گۆلی که مسافیرخانه ی هه‌بوو . پووره نازی به راستی ژنیکی دڵپاک، به میهر و مه‌حه‌به‌ت و ڕه‌زا سووک بوو. که وابێ ئه‌ولاده‌کانی میرزا ڕه‌حمانی حاجی نه وروزی چوار بوون، یه‌کیان که به‌سه‌رهاتی دڵته‌زێنی کوژرانی وی له ته‌ورێزێ له ته‌رجه‌مه جوانه‌که‌ی جه‌نابت دا هاتووه ، به‌ته‌رتیبی ته‌مه‌ن دووهه‌میان خات شه‌وکه‌ت بوو که له بنه‌ماڵه‌ی دۆستان و خزمان دا « شو شو» یان پێ ده‌کوت، ئه‌و نێوه‌ش له وه‌ی ڕا هاتووه که گۆیا منداڵی چکۆڵه‌ی بنه‌ماڵه نه‌یتوانیوه بڵێ شه‌وکه‌ت، کوتوویه : شوشو، ئیدی ئه‌و نێوه‌ی به سه‌ر دا بڕاوه. سێهه‌مین مسته فا بووه، و چواره‌مین یا ئاخرین یان پووره نازی. خات شه‌وکه‌ت له شوناسنامه دا شوهره‌تی نوروزی پور، بوو. ته‌نیا خاڵه مسته‌فا شوهره‌تی خۆی کردبووه «جنتی= جه ننه تی». یادی هه موان به‌خێر، روحیان شاد، و هه زار سڵاو بۆ گیانی پاک و به‌رز و بڵندی فاسوم که ئه‌و مه‌تڵه‌به‌ی راگرتووه....
له مه‌هاباده‌وه – سه‌ید محه‌مه‌د سه‌مه‌دی
No comments:
Post a Comment