Saturday, January 10, 2026

پۆرترەیەک لە بزووتنەوەی شێخ سەعید ساڵی ١٩٢٥ شێخزادە شێخ عەلی ڕزا پالوویی: سەرۆکی حکومەتی دامەزراو لە کوردستان نووسینی: دوکتور مەروە فرات لە کورمانجییەوە بۆ سۆرانی: حەسەن قازی

پۆرترەیەک لە بزووتنەوەی شێخ سەعید ساڵی ١٩٢٥

شێخزادە شێخ عەلی ڕزا پالوویی:

سەرۆکی حکومەتی دامەزراو لە کوردستان١

    نووسینی: دوکتور مەروە  فرات
     لە کورمانجییەوە بۆ سۆرانی: حەسەن قازی



 تێل ل سەر تێلێ ددا وەلاتێ سەرحەدێ،

ل با شێخ عەلی ڕزا، دگۆ، مالا تە خرا بە

تویێ کلیتا لێخە ل دارێ حوجران و جامییان و مەدرەسا

–دەنگبێژ شاکرۆ–
 دەستپێک٢ 
یەکێک لە کەماسییە گرینگەکانی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە بزووتنەوەی شێخ سەعید، کەمایەسی بیۆگرافی بەشدارانی ئەو بزووتنەوەیە. ئەدەبیات زۆرتر لەسەر لایەنە سیاسی، ئیدێئۆلۆژیک یان عەسکەرییەکانی ئەو حەڕەکەتە یە، بەڵام لە ڕوونکردنەوەی پاشخانی ڕووناکبیری و مێژووی کەسایەتییەکانی کە فۆڕمیان داوە بەو سەردەمە، زۆر نەگوتراوە.  ئەم کەماسییە لە مەڕ بیۆگرافی شێخ عەلی ڕزا، کە وەک "مێشکی ڕاستەقینەی بزووتنەوەکە" ناسراوە، زیاترە.
 لەم چوارچێوەیەدا، ئەم لێکۆڵینەوەیە ئامانجی ئەوەیە بەشدار بێ لە پێشکێش کردنی بیۆگڕافی، ئەدەبیات/مێژووی ئەوانەی لە بزووتنەوەی شێخ سەعید دا بەشدار بوون  نە تەنێ وەک بەشێک لە سەرهەڵدانێک، بەڵکوو چوارچێوەی مێژوویی و ڕووناکبیری ئەوانیش هەڵسەنگێنێ. بەپێی ئەمە، ژیانی شێخ عەلی ڕزا دەخرێتە چوارچێوەی ئایینی و ڕووناکبیری کە لە ماڵباتەکەیەوە پێی بڕاوە، دەوری لە بزووتنەوەکەدا و چالاکییە دیپلۆماسی، سیاسی و ئایینییەکانی دوای ئێعدامکردنی بابی دەخرێنە ژێر لێکۆڵینەوە. ئامانجی سەرەکی لێکۆڵینەوەکە ئەوەیە وێنەیەکی چەندلایەنەی شێخ عەلی ڕزا  بە دەستەوە بدا و وەک یەکێک لە کەسایەتییە کەم لێکۆڵدراوەکان لە مێژووی سیاسی کورداندا جارێکی تر شوێنی خۆی بگرێ؛ هەروەها ئامانجی ئەم لێکۆڵینەوەیە  ئەوەیە بەشدارییەکی گرینگ لە تێگەیشتنی چۆنیەتی پێوەندی ئایین و سیاسەت لە مێژوو و بیرۆکەی سیاسی کورداندا بکا.
 ماڵبات، سەردەمی منداڵی  و پەروەردە
 شێخ عەلی ڕزا لە ساڵی ١٨٩٥ لە گوندی قۆلحەسار، لە ناوچەی خنووس لە ئەرزەڕۆم، لە دایک بووە. دایکی ئەمینە خانم یەکێک بووە لە شێخەکانی چان و بابی شێخ سەعید ئەفەندی شێخی تەریقەتی نەقشبەندی خالیدی بوو. ڕەچەڵەکی خێزانەکە لە زنجیرەیەکی ئایینی یە کە لە پالوو و دیاربەکرەوە تا سەیدەکانی ورمێ و بادامیار درێژ دەبێتەوە. باپیرەی، شێخ مەحموود فەوزی، لە پالوو ڕا کۆچی کرد بۆ خنووس بۆ  بڵاوکردنەوەی ڕێبەرێتی مەعنەوی خۆی و بەم شێوەیە، منداڵەکانی شێخ سەعید وەچەی یەکەمی شێخ عەلی سەبتی بوون کە لە خنووس لە دایک بوون.  ئەو مالباتە نوێنەری نەریتیی هەرە کاریگەری نەخشبەندی _ خالیدی بوون لە کوردستان. شێخ سەعید ئەو کەلەپوورەی بەر فرەوانتر کرد و زنجیرەیەک مەدرەسەی ساز کرد کە گەلێک مامۆستا دەرسیان تێدا دەگوت.
پەروەردە بوونی شێخ عەلی ڕزاش دە کەشوهەوایەکی ئاوا دا دەستی پێکرد. ئەو لەتەمەنی پێنج ساڵاندا، بە پێی داوخوازی بابی چووە گوندی کۆسان و لەلای مەلا عەبدولحەمید دەستی بە خوێندن کرد. شێخ عەلی ڕزا، کە خوێندنی سەرەتایی لە مەدرەسەکانی کۆسان، ئاگڤۆرەن و قۆلحەسارتەواو کرد، لە تەمەنی بیست ساڵیدا  ئیجازەنامەی خۆی لە دەست شێخ سەعید وەرگرت. ئەو پێشوەچوونە، کە دیسپلینی بابی شکڵی پێ دا بوو ، هەم تێگەیشتنێکی قووڵی زانستی دینی و هەر وەها هەستێکی بەگوڕی ڕێبەرایەتی کۆمەڵایەتی  تێدا ساز کرد بوو. شێخ عەلی ڕزا، عەرەبی و فارسی هەتا ئاستێکی بەرز فێر بوو، و ئەو کاتی لە ئێران بوو، پێشکەوتنی لە فێر بوونی زمانی فارسیدا تەنانەت لە ناو دەوروبەری ئێرانێشدا پەسن دەدرا. ئەو هەر وەها زاراوەی  کرمانجکی، کورمانجی، سۆرانی و تورکی شی باش دەزانی.
ژیانی
شەخسی شێخ عەلی ڕزاش مۆرکی دەوروبەری ماڵباتی پێوە دیار بوو. زەواجی یەکەمی لەگەڵ ڕابێعە خانم بوو، کە کچی شێخ حەسەن مامی بابی بوو. بەڵام ڕابێعە خانم دوای ماویەکی کورت بە ڕەحمەت چوو. لە ماوەی شەڕی جیهانی یەکەم دا  ماڵبات لە خنووسێ ڕا بەر بە پێرانێ کۆچبەر بوون و نزیکەی دووساڵ لەوێ ژیان. دەو سەروبەندی دا، شێخ سەعید چووە کۆسان  و کچی موردا ئاغای کە ناوی خانم بوو بۆ کوڕی خۆی خواست. شێخ عەلی ڕزا لە کۆسانێ عاشقی خانمێ ببوو و بۆیە زەواجی لەگەڵ کرد.  
دوای تەواو کردنی خوێندنیی خۆی و وەرگرتنی ئیجازەنامە، شێخ عەلی ڕزا لە چالاکیی بازرگانی بابی دا دەوڕێکی چالاکی هەبوو و پێوەندیی ماڵباتی بەردەوام بوو. شێخ عەلی ڕزا زۆر جاران دەچووە حەڵەب و شامێ  بۆ ئەوەی ڕانە مەڕی شێخ سەعید بفرۆشێ. ئەو لەو سەفەر و تێکەڵاوییانە دا  لەگەڵ تۆڕی بازرگانی هەرێمی و دەوروبەری دینی ئاشنایەتی پەیدا کرد. وەکووترکاتی سەردانی ئەستەنبووڵ ئەو پێوەندی پەیدا کرد لەتەک کەسایەتی دینی و ڕووناکبیریی  ئەو سەرو بەندی دا، کەسانی وەک سەید عەبدولقادر  و تۆڕێکی بەربڵاوی پێوەندی پێکەوە نا. ئەو دەسمایە کۆمەڵایەتییە بوو بە بنچینەیەکی ڕووناکبیری بۆ وی و بۆ ئەو ئەرکە دینی و سیاسییەی  شێخ عەلی ڕزا، دوای ١٩٢٥ بە ئەستۆوەی گرت.

دەوری شێخ عەلی ڕزا  لە حەڕەکەتێ دا

ناوی شێخ عەلی ڕزا یەکەم جار لە بەڵگەکانی مەحکەمەی ئیستیقلالی شەرق لەمەر چالاکییە بازرگانییەکانی لە حەڵەب و سەردانی بۆ ئەستەنبووڵ دێتە گۆڕێ. سەرۆکی مەحکەمەی ئیستیقلال، ئەحمەد سورەیا ئوێزگەئێڤرەن  ئەو وەکوو " کوڕی هەرە چالاکی شێخ سەعید" و " کەسێک کە بۆ دەسپێکردنی حەڕەکەتی سەرهەڵدانێ بۆ دیدار و ڕێکەوتن لەگەڵ کۆمیتە و سەرۆکی کوردان لە ئەستەنبووڵێ ناردرابوو "٣ دەناسێنی. شێخ سەعید لەو لێپرسینەوەی دا کە لەگەڵی کراوە دەڵێ کوڕەکەی بۆ فرۆشتنی مەڕ چووەتە حەڵەبێ و لە گەڕانەوە دا لە ئەستەنبووڵ لە لای ئاشنایەکی خۆی بە ناوی ڕەشید ماوەتەوە و لەگەڵ سەید عەبدولقادر کۆ بووەتەوە.
بە پێی سەرچاوەی بنەماڵەیی
٤، شێخ عەلی ڕزا کاتی چوونی بۆ حەڵەبێ چووەتە بەیڕووتیش و لەوێ چاوی کەوتووە بە شازدە محەمەد سەلیم ئەفەندی، کوڕی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم. بە پێی ئەو زانیاریانە، شازدە محەمەد سەلیم بەڵێنی دابوو پشتگیری لە حەڕەکەتێ بکا و ناوەندی خەلافەتێ ڕاگوێزێ بۆ دیار بەکر. لە ئەستەنبووڵیش  شێخ عەلی ڕزا ڕاوێژی کرد بوو لەمەر سەرهەڵدانێکی موحتەمەل لەگەڵ سەید عەبدولقادر. ئەو پێوەندییە دەسەلمێنێ کە شێخ عەلی ڕزا حەولی داوە نەک هەر بۆ ئامادە کردنی بنکەیەکی نیزامی بەڵکوو حەولی داوە بۆ کاری دیپڵۆماتیک و سیاسیش.

 مزگەوتی شێخ سەعید ئەفەندی لە خنووس (مزگەوتی نەوال)، شێخ سەعید ئەفەندی لەو مزگەوتە هەم نوێژی دەکرد و هەمیش دەچوو دە سلووکەوە.

شێخ سەعید لە کۆتایی کانوونی  ١٩٢٤ کاتێک لە خنووسەوە  بەرەو شوشارێ چوو، پەیوەست بوو بە کۆمەڵانی خەڵک. کاتێک شێخ عەلی ڕزا ئەوەی بیست، لە ئەستەنبووڵێوە چووە لای بابیی. شێخ عەلی ڕزا  دوو کێسە زێری کە بە فرۆشتنی ڕانە مەڕ لە حەڵەبێ دەستی کەوتبوو یەکیانی دا بە شێخ سەعید  و ئەوی تری لای خۆی گل داوە  و لێک جیا بوونەوە ٥. شێخ عەلی ڕزا بە نامە و فەتوای شێخ سەعید دەستی کرد بە سەردانی عەشیرەتان و کۆمەڵانی خەڵکی بۆ چالاکی پێشەڕۆژێ ئامادە کرد.
سەرھەڵدان بە ڕەسمی بە ڕووداوی پیرانێ لە ١٣-ی شوباتی ١٩٢٥ دەستی پێکرد. و کوڕ و برای شێخ سەعید لە شوێنی جیاواز ئەرکدار کران، شێخ عەلی ڕزا، لەگەڵ خالید بەگی حەسەنان و کەڕەمێ قۆڵاغاسی، فەرماندەیی  قۆڵی  ملازگر – مووش – خنووسی کرد.  لە بیرەوەرییەکانیدا  سەرهەنگ قاسم ٦  دەڵێ  لەو سەردەمە دا  هێزێکی هەزار کەسی لە زازایانی لە گوندی گیرڤاس کۆ کردەوە. سەردانی عەشیرەتەکانی ناوچەی کرد وسکاوییەکانی مووشیشیان لەگەڵ کەوتن. ئەوان لە چیای شەڕەفەدین تێپەڕین و گوندەکانی باشووری ڤارتۆشیان کۆنتڕۆڵ کرد. ئەو هێزانە لەگەڵ بەگەکانی ئۆخنووت، دەوروبەری خنووسیان گرت و لە ١١-ی مانگی ئادار دا هێڕشیان کردە سەر ناوەندی خنووس، بەڵام سەر نەکەوتن و نەیانتوانی ماڵباتی شێخ سەعید، کە دەست بەسەر کرا بوون، ڕزگار بکەن.  لە ٢٣-ی ئادار دا شێخ عەلی ڕزا، خالید بەگی حەسەنان، کەرەمێ قۆڵاغاسی و  کەسانی دیکەی بە ناو و دەنگ  پاشەکشەیان کرد بەرەو گوندی شێروان شێخی سەر بە کۆپێ. لە نامەی ١-ی ئاوریلی ١٩٢٥ دا بە ئیمزای " خادم المجاهیدین محمدسعید النقشبندی"  دەگوترێ " هیچ خەبەرمان لە عەلی ڕزا، شێخ عەبدوڵا ئەفەندی و شێخ شەریف نییە . پێم وایە ئەو ماڵباتەیان بە تەواوی لە خنووسێ گەمارۆ داوە." ٨
دوای ئەوەی کە
شێخ سەعید لە ١٥-ی ئاوریلی ١٩٢٥ لە ڤارتۆیە گیرا، شێخ عەلی ڕزا  نەخشەی دانا لەگەڵ سەرۆکی عەشیرەتی حەسەنان، خالید بەگ، کەڕەمی قۆڵاغاسی، فەرزەندە بەگ و نیزیکەی ١٤٠ سواران بچنە ئێرانێ و لەوێوە خۆیان بگەیێننە شەمزینان، بەڵام لە ڕێگایە تووشی هێرشی ئەڕتەش و عەشیرەتەکانی لایەنگری حکوومەت هاتن و  کاروانەکە لە چیای تەندوورەک ئاسییە بوو. لەو هەلومەرجە دژوارە دا  شێخ عەلی ڕزا  ناچار ما فەتوایەک دەرکا بۆ کوشتنەوەی ئەسپان بۆ ئەوەی گۆشتیان بخۆن و لە برسان نەمرن. دواجار، شێخ عەلی ڕزا، هەم لە بواری عەسکەری و هەم لە ئاستی سیاسیدا  دەورێکی ئاشکرای گێڕا. سەرهەنگ قاسم لە بیرەوەرییەکانیدا  لە کاتی لێپرسینەوە دا بە بەردەوامی وەکوو " مێشکی ڕاستەقینەی حەڕەکەتەکە" باسی شێخ عەلی ڕزا دەکا و دەیکاتە ئامانج. وەکوو تر ئەو بەڵگانەی کە لە لایەن مەحکەمەی ئیستیقلالی شەرقەوە  بڵاو کراونەتەوە دەری دەخەن کە ناوی شێخ عەلی ڕزا لەگەڵێک نامەی دا کە پێوەندییان بە حەڕەکەتەوە هەیە ئاماژەی پێ کراوە.
سیاسەت لە تاراوگە، تێکۆشانی دیپڵۆماتیک لە ئێران و عێڕاقێ ( ١٩٢٨ – ١٩٢٥)
 دوای شکستی نیزامیی جووڵانەوەکە، شێخ عەلی ڕەزا و ئەو کەسانەی لەگەڵی بوون  چوونە ناو خاکی ئێران و لە شاری کلیساکەند دانوستاندن و داوخوازی پەنابەرییان هێنا گۆڕێ. لە چاوپێکەوتنی فەرماندەی لەشکری ئێران دا،  حکومەتی ئێران شەرتی ئەوەی بۆ دانان کە دەبێ لە پێشدا چەکەکانیان دانێن. هەرچەندە شێخ عەلی ڕەزا ئەمەی قبووڵ کرد، هەندێک لە کەسانی کاروانەکە نارەزاییان نیشان دا. لە کاتی گفتوگۆکان، شەڕڤانێکی کورد تەقەی لە سەربازە ئێرانییەکان کرد، و ئەوانیش دەستیان کرد بە لێدانی هێزی کورد.  لەو ناوە دا  شێخ دیادین مامی شێخ عەلی ڕزا  کووژرا؛  سەری شێخ عەلی ڕەزا بریندار بوو و گیرا.

 هەرچەند هێندێکیان توانییان ڕابکەن، ٢٥-٢٦ کەس ژیانیان لە دەست دا و ١٥-٢٠ کەسی کە ما بوونەوە نزیکەی شەش مانگ لە تەورێز زیندانی کران. دوای ئازادکردنیان، شێخ عەلی ڕزا لە سەرەتادا چووە لای سمکۆ ئاغا؛ بەڵام ئەو پێوەندییە سەرکەوتوو نەبوو. بۆیە دوای ئێران چووە ڕەواندز و لە ماڵی سەید تەها جێگیر بوو. لە بەر نارەزایی ئینگلیزەکان، شێخ عەلی ڕزا ناچار بوو لە ڕەواندز دەرکەوێ. چووە بەغدا و نزیکەی ساڵ و نیوێک لەوێ مایەوە. شێخ عەلی ڕزا لە زانکۆی بەغدا و مامی شێخ مەهدی لە مەدرەسەی شێخ عەبدولقادری گەیلانی وانەیان دەگوتەوە. شێخ عەلی ڕزا برای خۆی، شێخ سەلاحەدینی، لە ئاکادێمی نیزامی لە ژێر سەرپەرشتی نووری سەعید پاشا ناونووس کرد  و شێخ غیاسەدینیشی لە لای ماڵباتی بارزانییەکان دامەزراند.
لەو سەردەمەدا، شێخ عەلی ڕزا، کە خۆی وەک "سەرۆکی کوردستان" (ڕەئیسێ کوردستان) ناساندبوو، چالاکییە سیاسی و دیپلۆماتیکەکانی بەردەوام بوو و ڕۆڵێکی چالاکانەی لە دامەزراندنی خۆیبوون دا گێڕا.  لەنامەکانی ڕا بۆ کادرەکانی داشناکسیون، بە تایبەتی  باسی ناکۆکییەکانی خۆی لەگەڵ  بەدرخانییەکان دەکا و هەڵوێستی جیاوازی لەسەر پێوەندی لەگەڵ سۆڤیەت سەرنجڕاکێشن. شێخ عەلی ڕزا  لەگەڵ نزیکبوونەی ئاشکرا بوو  بۆ پێوەندی  و هاوپەیمانێتی دیپڵۆماتیک ونزیکبوونەوەی لە سۆڤیەت پێ خراپ نەبوو ئەگەر ئەوە کەلکی بۆ کورد بووبا. لە نامەیەکدا کە لە ١٠ –ی ئۆکتۆبری ١٩٢٥ نووسراوە، شێخ عەلی ڕزا  ئەو ستڕاتێژییە ئاوا شرۆڤە دەکا:
 "
ئەگەر حکومەتی بۆلشەویک چەک و تەقەمەنی دابین بکا  و تۆڵەی ئێمە لە تورکە خائین و دڕندەکان بکاتەوە، جیابوونەوە لە سۆڤیەت ئاسانە. چونکە ئەودەمی  ئێمە دەبینه هاوسنووری دەوڵەتی فەڕانسە  و حکومەتی بریتانیا. و هیچ ئیحتمالێک نییە مەزهەبی بۆلشەویک لە لای هیچ کوردێک دروست بێ. ئەز دڵنیام ئەو کات هەردوو میللەت دەتوانن بە ئاسانی لە زنجیرەی کۆیلایەتی ڕزگار بن." (لە لایەن  شێخ سەعیدزادە عەلی ڕزا بۆ دکتۆر ڕووبین دەر ستێپانیان، سۆما، ١٠ی ئۆکتۆبری ١٩٢٥، ئارشێوی ARF، دۆسیە ١٦٥٢، ژ. ٢-١٨.)٩

دەر ستێپانیان، سۆما، ١٠-ی ئۆکتۆبری ١٨٢٥، ئاڕشیوی ئەی ئار ئێف، دۆسیە ١٦٥٢، ژمارە ٢-١٨
باسی
نزیکبوونەوەی دیپلۆماتیکی شێخ عەلی ڕزا مان کرد  لە کۆنگرەی خۆیبوون لە ئۆکتۆبری ١٩٢٧ دا. لەبەر ئەوەی فەڕانسییەکان ڕێگەیان نەدا شێخ عەلی ڕزا لە کۆنگرەی خۆیبوون کە لە ئۆکتۆبری ١٩٢٧ ساز کرا بەشدار بێ، مامی شێخ مەهدی بە ناوی ماڵباتەکە بەشدار بوو. بنەماڵەی شێخ لە کۆنگرەکەدا نارەزاییان نیشان دا دژی هەڵسەنگاندنی بەشکردنی زەوی لە نێوان کورد و ئەرمەنییەکان بە پێی تۆماری دانیشتووان. شێخ عەلی ڕەزا لەو باوەڕە دا بوو  ئەو بڕیارە زیان دەگەیەنێ  بە کوردەکان؛ چونکە نفووسی دانیشتوانی کورد ئاستە ( قەید) نەکرابوو.
 
هەروەها لە نێوان بەدرخانییەکان و شێخ عەلی ڕەزادا ناکۆکییەکی جددی هەبوو، و شێخ عەلی ڕەزا باوەڕی وابوو کە کاریگەریی ماڵباتی بەدرخانی لە کوردستان زۆر زیاتر لە ڕادەی خۆی نیشان دەدرێ. لە نامەیەکدا کە لە ساڵەکانی پاتراویی خۆی لە ئێران نووسیویەتی، وا دەبێژێ:
"دەڵێن
کەسێک لە ماڵباتی  بەدرخانییەکان گوایا لەسەر دامەزراندنی کوردستانی سوور لەگەڵ حکوومەتی سۆڤیەتێ دانوستاندنی کردووە. وەک دەزاندرێ، ئەو ماڵباتە لە مێژە کوردستانیان بە جێ هێشتووە و هیچ نفووز یان کاریگەرییەکی کەمیشیان لە سەر کوردستان نییە. ئەوان لە نێو کوردەکاندا بوونە بیانی. لە هەمان کاتدا، کاتێک لە کوردستان بوون، جگە لە عەشیرەتی بۆتان کە ئەویش لە ناوچەی جزیرێ بوون، هیچ دەسەڵاتێکیان لە هیچ شوێنێکی تر نەبوو" (لە لایەن شێخ سەعیدزادە عەلی ڕزا بۆ دکتۆر ڕووبین دێر ستێپانیان، سۆما، ١٠ی ئۆکتۆبری ١٩٢٥، ئارشێوی ARF، دۆسیە ١٦٥٢، ژ. ١٨-٢.)١٠

چالاکییەکانی شێخ عەلی ڕزا لەم سەردەمەدا لە ژێر چاودێری ئیستیخباراتی بریتانیا و فەڕانسە دابوون. ئەم هێزانە کاریگەرییەکەی سنوورداریان لە سەر کرد،  پێشیان بە هەوڵە دیپلۆماسی و سیاسیەکانی دەگرت و بە تایبەتی ویستیان چالاکییەکانی لەمەڕ خۆیبوون کۆنتڕۆڵ بکەن. لە ٢١ی چلەی ١٩٢٨دا نامەیەک نووسراوە  کە تێیدا هاتووە  شێخ عەلی ڕزا ئەفەندی لەو کۆمەڵەیە کشاوەتەوە. بەپێی قانوونی لێبوردنی بە سنوور کە لە ٢٨ی ئازاری ١٩٢٨دا دەرچوو، ماڵباتی شێخ سەعید گەڕانەوە باکووری کوردستان. لەم ماوەیەدا، ژن و منداڵەکانی بنەماڵەی شێخ سەعید لە تاراوگەی  ئیسپارتا/ئگیردیرێ بوون. پێوەندیی شێخ عەلی ڕزا لەگەڵ  ماڵباتی سمکۆی شکاک، بەدرخانی، نەهری، بەرزنجی و بارزانییەکان، دەوری وی لە دامەزراندنی خۆیبووندا و چالاکییەکانی لە بەغدا، لە سلێمانی، لە ئێران و لە ڕۆژاوای کوردستان بە ڕوونی نیشان دەدەن کە تێکۆشانی خۆی لە ئاستە جیاوازەکاندا بەردەوام کردووە.
کۆمەڵەی باکووری کوردستان
دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٢٨دا شێخ عەلی ڕزا گەڕایەوە تورکیا، یەکەم ڕووداوی بە سەری هات، هەوڵی کوشتنی بوو. دوای ئەوەی شێخ عەلی ڕزا لەم هێرشە بە ساغی ڕزگاری بوو ، لە ساڵی ١٩٣٠دا لەبەر کۆمەڵەی باکووری کوردستان (کۆمەڵەی کوردستانی باکوور-  ŞKC )کەوتە ژێر لێکۆڵینەوەی دەوڵەت. شێخ عەلی ڕزا دوای ئەوەی لە خۆیبوون کشابووەوە، بە مەبەستی بەردەوامکردنی تێکۆشانی خۆی ئەم کۆمەڵەیە دامەزراندبوو و ئامانجی ئەوە بوو بزووتنەوەی کوردی زیندوو بکاتەوە. بەڵام کۆمەڵەکە زوو سەرنجی دەوڵەتی ڕاکێشا؛ لە ویلایەتەکانی وەک ئەرزەڕۆم، مووش و ئەلازغ ئۆپێڕاسیۆن دەستی پێکرد، زۆر کەس گیران و مۆرەکانی ڕێکخراوەکە دۆزرانەوە. چونکە ئەگەری زۆر هەبوو شێخ عەلی ڕەزا ڕووبەڕووی سزای مردن ببێتەوە، براکەی شێخ سەلاحەدین بەرپرسیارێتی کۆمەڵەکەی وەئەستۆ گرت. دوایە محاکەمە  لە ئانکاڕا  سزای دە ساڵ زیندانی بۆ شێخ سەلاحەدین بڕییەوە . هەرچەند ماوەی چالاکی کۆمەڵەی باکووری کوردستان کورت بوو، بەڵام هەوڵێکی گرینگ بوو بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامی تێکۆشانی کوردان دوای حەڕبی شێخ سەعید، و نیشانی دا کە دیدی سیاسی شێخ عەلی ڕەزا تەنێ بە
بەرخوە دانی چەکدارییەوە سنووردار نەبوو، بەڵکو لە هەمان کاتدا لەسەر بناغەی  ڕێکخراویی و ڕووناکبیریش بەردەوام بوو.
دوور خرانەوە بۆ تراکیا (١٩٣٥-١٩٤٧)
شێخ عەلی ڕزا لە ساڵی ١٩٢٨دا گەڕاوە خنووس و تا ساڵی ١٩٣٥ لە ژێر چاودێری توندی دەوڵەتدا ژیا، و ئیزنی نەبوو لە ناوچەکەی خۆی دەرکەوێ. سەرەڕای ئەوەش، گەڕانەوەکەی بۆ ناوچەکە جۆش و هەیەجانێکی زۆری ساز کرد؛ مورید و خۆشەویستەکانی بابی بە نهێنی سەردانیان دەکرد بەڵام ئەم دۆخە زۆر درێژەی نەکێشا، و لە ٧-ی ئاوریلی ١٩٣٥دا، ماڵباتی شێخ سەعید جارێکی دیکە  دوور خرانەوە، ئەو جار بۆ تراکیا. لە ماوەی دووخرانەوەکەدا، ئەندامانی ماڵبات بە ناوچە جیاوازەکاندا بڵاو کرانەوە. دەوڵەت شێخ عەلی ڕزا و خێزانەکەی وییان نارد بۆ میدیەی ڤیزەی کرکلارەلی. لەبەر ئەوەی خێزانەکە خووی بە کەشوهەوای کوێستان گرتبوو، نەیانتوانی خۆیان لەگەڵ کەشوهەوای گوندەکەی دوڕگەی میدییەدا بگونجێنن، و لەم ماوەیەدا، کوڕی شێخ عەلی ڕزا، مەزهەر ئەفەندی، بەهۆی نەخۆشییەوە ژیانی لە دەست دا.
شەرتومەرجی
تاراوگە زۆر سەخت بوو. ماڵبات ناچار بوون لە خانووی قووڕینە، و هەر چەند کەسەی تەنێ  لە ژوورێک، بەبێ پشتیوانی ئابووری، و لە ژێر شەرت و مەرجی نامرۆڤانەدا بژین. شێخ عەلی ڕزا لە ناو ئەم مەرجانە سەختەشدا گرینگییەکی زۆری دا بە پەروەردە. هەوڵی دا منداڵەکانی  بێ ئەوەی ئاسیمیلە بن  گەورە بن و ناسێنەی خۆیان بپارێزن. شێخ بە پەروەردەی مەدرەسە منداڵەکانی خۆی پێ گەیاند  و فێری عەرەبی و فارسی کردن. بە هەڵوەشانەوەی قانوون ، ماڵباتەکە لە ٢٨ی جووڵای ١٩٤٧دا لە تراکیا دەرکەوتن  و چوونە ئەستەنبووڵ. لە کۆتایی ئەم گەشتەدا، ئەوان دوای ١٣ ساڵ لە ئووتی ١٩٤٧دا گەڕانەوە زێدی خۆیان خنووس-قۆڵحەسار.
چالاکییەکان لە نێوان ١٩٤٧ و ١٩٦٠دا
دوای گەڕانەوە، شێخ عەلی ڕەزا هاوژینی خۆی خانمی لە دەست دا و لە ساڵی ١٩٤٨دا لەگەڵ عەیشان خانم زەواجی کرد. هەرچەند لە نێوان ساڵەکانی ١٩٤٧ و ١٩٦٠ لە ژێر چاودێری نزیکی دەوڵەتدا دەژیا، بەڵام  نەرم بوونی بە ڕێژەی کەشوهەوای سیاسی لە تورکیادا بە  بەراورد لەگەڵ ساڵانی ١٩٣٠ کاریگەرییەکی فراوانتری لەسەر کرد. لەم سەروبەندە دا، هەوڵی دا کاریگەرییەکی بەهێز لە ناوچەکەدا جارێکی دیکە بە دەست بهێنێتەوە. گەڕانەوەکەی لە لایەن گەلەوە بە گەرمییەکی گەورە پێشوازی لێکرا، و بە دەهەزاران کەس لە ئامەد، ئەلەزیز، چەولگ، ئەرزەڕۆم و دەوروبەر سەردانیان کرد و دڵسۆزی خۆیان نیشان دا. لە هەر گوندێک کە سەری لێ دەدا، لە لایەن کۆمەڵەی گەورەوە پێشوازی دەکرا، بە کورمانجی و زازاکی وەعزی دەدا و تۆڕی تەریقەتی نەقشبەندی-خالیدی جارێکی دیکە ڕێکخستەوە.
بەم شێوەیە، لە ژێر سێبەری کۆنتڕۆڵی دەوڵەتدا، ماڵباتی شێخ سەعید لەم سەردەمەدا چالاکی ئایینی و سیاسی خۆیان لە ناوچەکەدا بەهێز کرد و بەردەوامییان پێ دا. ئاستی ئەم کاریگەرییە لە ڕاپۆرتێکدا کە لە ساڵی ١٩٥٩دا بە فەرمانی سەرۆک جەلال بایار ئامادە کراوە، بە ڕوونی دەردەکەوێ. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، “شێخ عەلی ڕزا 'شێخ سەعید ئۆغڵو' کوڕی شێخ سەعیدی  لە دار دراوە.  ئەو کەسە لە هەمان کاتدا ڕێبەری سیاسی و ئایینی کوردانە.  

شێخ عەلی ڕزا نەک هەر پێوەندی گشتییەکانی خۆی بەھێزتر کرد، بەڵکو لە ھەمان کاتدا لەگەڵ کەسایەتی  ئایینی و ڕووناکبیریی کورد کە  بابی پێوەندی لەگەڵیان بوو بێ پێوەندی دامەزراند. لەم چوارچێوەیەدا، لە ساڵی ١٩٦٠دا لەگەڵ بەدیعوزەمان سەعیدی کوردی کۆ بووەوە. شێخ عەلی ڕزا نەک تەنێ وەک ڕێبەرێکی ئایینی، بەڵکو لە ھەمان کاتدا وەک ڕێبەرێکی سیاسی و مەعنەوی کۆمەڵگەی کوردی دیسان خۆی دامەزراندەوە و لە هەلومەرجی نوێ دا  درێژەی دا بە میراتی مێژوویی خۆی.

کەمپی
سێواس و تاراوگەی بالکەسیر ( ١٩٦٢ – ١٩٦٠)   
پاش کودەتای نیزامی  ٢٧ مەی ١٩٦٠، کۆمیتەی یەکێتی نەتەوەیی بڕیاری دا کەسایەتییە نێوبەدەرەوەکانی کۆمەڵگەی کوردی کۆنتڕۆڵ بکا. لە دوای  کودەتاکە، ٤٨٥ کەس، لە نێویاندا شێخ، ئاغا و ڕووناکبیر  ڕەوانە کران بۆ کەمپی سێواس. لە نێو ئەو کەسانەی گیران ١١ ئەندامی ماڵباتی شێخ سەعید و ھەروەھا ئەندامانی بنەماڵە ناودارەکانی وەک ئەنساری ئۆغلوو، بوجاک و کینیاس کارتال ھەبوون. گەنجترین کەس لە کەمپەکەدا نەوەی ١٤ ساڵەی شێخ عەی ڕزا، عەبدوڵا فرات بوو. ٥٥ کەس لەوان، کە نۆ مانگان لە ژێر چاودێری دابوون،  دوور خرانەوە بۆ ٣٣ شاری جیاوازی تورکیا. ئەندامانی بنەماڵەکانیان لە یەکدی دابڕاند و پێوەندی ئەوانیان بەیەکەوە نەهێشت. شێخ عەلی ڕزا، کە دوور خرابووەوە بۆ  باڵکەسیر، نامەی بۆ پارلمانتارەکانی  جەهەپە لە قارس، شەمسی ئاتامان و عیسمەت ئینۆنوو نووسی. ئینۆنوو لەسەر ئەم نامانە بە ئاتامان دەڵێ:  "... هەر چۆن کە عیسمەت پاشا ھەموو ھێزی پشت پەردەی مستەفا کەمالە، هێزی پشت پەردەی  شێخ سەعیدیش شێخ عەلی ڕزا ئەفەندییە. هەر ئەو جۆرەی من ڕێنوێنی مستەفا کەماڵم کرد، ئەویش ئەوەندە ئامۆژگاری بابی خۆی کرد." ١١ بە گۆڕانی قانوون لە ساڵی ١٩٦٢دا، فەرمانی دوورخستنەوە ھەڵوەشایەوە و خێزانەکان گەڕانەوە زێدی خۆیان. ئەو  نەفی کرانە بۆ ماڵباتی شێخ سەعید گرینگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە سێ وەچە، باب، کوڕ و نەوە  لەو تەجریدەی سێیەم دا  لە ساڵی ١٩٢٥ بەم لاوە بە کۆمەڵ بوونە ئامانجی نەفی کران. ئەوە بە ڕوونی نیشان دەدا کە دەوڵەت هێشتا کەسایەتییانەی کە میراتگری شێخ سەعید بوون بە هەڕەشەیەکی سیاسی دادەنا.
ساڵانی کۆتایی (١٩٧٠-١٩٦٢) 
سەرەڕای خراپی تەندروستی شێخ عەلی ڕزا پاش هاتنەوە لە تاراوگەی بالکەسیر لە ساڵی ١٩٦٢دا، ئەو درێژەی دا بە چالاکییە دینی و سیاسییەکانی خۆی تا کاتی مردنێ. زۆر میوان لە ھەردوو کۆمەڵگەی ئایینی تورکیا و کوردان را سەردانیان دەکرد بۆ ئەوەی چاویان پێی بکەوێ. لە نێویاندا کەسایەتی سیاسی بەناو و دەنگی وەک ئەربەکان ١٢  یش هەبوون. یەکێک لە ڕووداوە هەر سەرنجڕاکێشەکان کە دەوڵەمەندی و قووڵایی ڕووناکبیریی وی دەسەلمێنێ چاوپێکەوتنێتی لەگەڵ مەهمەت عەلی ئایبار ١٣  سەرۆکی پارتیی کرێکارانی تورکیا.

لە کاتی چاوپێکەوتنەکە دا، ئایبار بە عەلی ڕزا ئەفەندی گوت مامۆستاکەی، عەلی فوئاد باشگیل، پێشنیاری کردووە کە چاوی بە شێخ عەلی ڕزا بکەوێ. لەو دیدارە دا، شێخ عەلی ڕزا بە دوورودرێژی جیاوازی نێوان سۆسیالیزم و دەوڵەتی ئیسلامی شڕۆڤە کرد، و دوایە ئایبار پێی گوت " ئەگەر من نەمزانیبا کە ئێوە کوڕی شێخ سەعیدن، دەمگوت ئێوە لە لای مارکس ولێنین خوێندووتانە. ئێوە ئەو سیستمەی کە ئێمە بەرگری لێ دەکەین لە ئێمە باشتر دەناسن.  ئێوە چۆن ئاواتان کردووە؟" شێخ عەلی ڕزا بە ڕەخنەگرتن لە کلیسا سەبارەت بەو ئیماندارانەی کە لە ناو کۆڕوکۆمەڵی ڕووناکبیری ئەو سەروبەندی دا بوون وڵامی داوە: " عالمێک دەبێ لە هەموو زانستان ئاگادار بێ، بەبێ ئەو ئاگادار بوونە نابێ. ناسین و ئاگاداری لە هەموو جووڵانەوەی ڕامانی و بیروڕای گشتی جیهانێ لەبەر کارەکەم بۆ من پێویستییەکە. ١٥
وتەی دوایی
شێخ عەلی ڕزا ، کە لە سەردەمی حەڕەکەت دا خۆی وەکوو " امیر الماجهدین زادە  عەلی ڕزا " و " شێخ زادە عەلی ڕزا " دەناساند و لەو ساڵانەی کە لە ئێران و عێڕاق بوو نازناوی " شێخ سەعید زادە شێخ عەلی ڕزا پاڵوویی، سەرۆکی ئەو حکوومەتەی لە کوردستانێ دامەزراوە " بە کار دەهێنا لە ١١-ی سێپتامبری ١٩٧٠ کۆچی دوایی کرد. لە دوای مردنی بە دەهەزاران کەس لە پێڕۆیانی وی ئەوجار وەک " عالمی جیهان" ێ ماڵاواییان لە شێخ عەلی ڕزا کرد. شێخ عەلی ڕزا جگە لە بەرهەمێکی ئایینی کە بە زمانی کوردی نووسییەتی، هیچ کەرەستەیەکی نووسراوی لە پاش خۆی بەجێنەهێشتووە. شێخ عەلی ڕزا ئەو سەرەتی دانەی خۆی لە وڵامی ئەو پرسیارە دا کە " ئێوە وەک کەسێکی کە لە حەڕەکەتی [شێخ سەعید دا] دا بەشدار بوون و زۆر باش ئاگاتان لەو ڕووداوەیە، سەبارەت بەو هەموو زانیارییە هەڵانەی لەو بارەیەوە بڵاو دەکرێنەوە ، بۆچی بە نووسینی ڕاستییەکان خەڵک لەوەی بووە ئاگادار ناکەن؟" گوتی: " ئەگەر ئەمن ئەوڕۆ ئەو چیرۆکە بنووسم یان باسی لێوە بکەم، ئەمن هەموو ماڵباتی کورد لە دژی یەکودوو بورووژێنم و بیانکەمە دوژمنی یەک. هەر بۆیە وا باشترە هیچ نەڵێم و بێ دەنگەی لێ ڕاکەم".
شێخ عەلی ڕەزا میراتێکی ڕامانی لە دوای خۆی بەجێهێشت، دە شەخسی ویدا، سەرۆکایەتی ئایینی و سیاسی  لەیەک گرێ دران. بە ڕاستی، جیاوازیی کلاسیک کە لە ناو بەشدارانی حەڕەکەتەکە وەکوو " دیندارەکان" و
 " سیاسییەکان" نیشان دەدرێ، لە سەر شێخ عەلی ڕزا  کەم دێنێ. هزری بنەڕەتی کە من لەم لێکۆڵینەوەیە دا پێشکێشم کرد ئەوەیە کە شێخ عەلی ڕزا شێوەیەکی نوێی لە ڕێبەرایەتی ئافراند و لەو دووبەندییەی تێپەڕاند و بیری  لە هەر دوو بواری ئایینی و سیاسی کردەوە و ئەوانی لێک بەست.
بە کورتی، ئەو پۆرترە هەمە لایەنەیەی شێخ عەلی ڕزا لە مێژوو دا ئەو جۆرەی پێویستە نەبیندراوە، بەڵام بیوگڕافی وی، وەکوو چیرۆکی ڕێبەرێکی کە بەساڵان لە تاراوگە لە ژێر چاوەدێری توندی دەوڵەت دا  تێی پەڕاندووە ، ڕامانی هەمەلایەنە و بەرخوەدانی وی نیشان دەدا کە لە نێوان سیاسەت و مەعنەوییەت، تڕادیسیۆن و مۆدێڕنیتە، هەرێمایەتی و جیهانی بوون مەیی وە و پێ گەیشتووە. ئەم لێکۆڵینەوەیە هەوڵدانێک بوو کە ئەو ڕەهەندی ڕووناکبیری، دیپڵۆماتیک و سیاسی شێخ عەلی ڕزا بە ڕوونی دەرکەون و ئەو وەکوو یەک لە ئاکتۆری گرینگ  بەڵام کەم لێکۆڵینەوە لەسەر کراوی مێژووی سیاسی کوردستان دا جێی شیاوی خۆی بدرێتێ

ژێدەرەکان
١. شێخ عەلی ڕزا لە نامەیەکدا کە بۆ کۆمەڵی گەلانی ناردووە خۆی بەو شێوەیە دەناسێنێ.
٢. بەشێکی گرینگ لە زانیارییەکانی ئەم نووسراوەیە دا لە قسەکردن و پرسیار لە ئەندامانی ماڵباتی شێخ سەعید  وەرگیراوە، بە تایبەتی عەبدوڵا فرات، کە نەوەی شێخ عەلی ڕزایە و مەلا ئەنوەر کە شاگردی شێخ عەلی ڕزا  بووە.
٣.ئەحمەد سورەیا ئوێرگە ئەڤرەن " شێخ سەعید ئیسیانی ڤە شارک ئیستیکلال مەهکەمەسی، وەشانێن تەمەل، لاپەڕەی ٢٩.
٤.عەبدوڵا فرات، شێخ سەعید ئەفەندی ، بەرگی ٢، وەشانێن ئاوێستا، لاپەڕەی ٢٩٩.
٥. ئەو زانیارییە لە لایەن ئەو کەسانەڕا کە شاهیدی کۆبوونەوەی تەکمانی کرکخانێ بوون باس کراوە.
٦. عەبدوڵا فرات. شێخ سەعید ئەفەندی، بەرگی ٣، وەشانێن ئاوێستا، لاپەڕە.٢٣٦
٧.سەرهەنگ قاسم (ئاتاچ ١٩٦١ – ١٨٨٤) نیزامییەکی عوسمانی سەر بەعەشیرەتی جبران و ئاواڵ زاوای شێخ سەعید، و خزمی خالید بەگی جبری بوو. ئەو بوو بووە هۆی گیرانی شێخ سەعید لە پردی عەبدولڕەحمان پاشا  لە ڤارتۆیێ.
٨. عەبدوڵا فرات،شێخ سەعید ئەفەندی، بەرگی ٣، وەشانێن ئاوێستا، لاپەڕەی. ٢٦٦.
٩. سادات ئولوگانا ، ئیحسان نووری پاشانن ئانلەری، وەشانێن دیپنۆت.
١٠.سادات ئولوگانا، ئیحسان نووری پاشانن ئانلەری، وەشانێن دیپنۆت.
١١. یوسوف سەرحەد بوجاک، کورت هاکم فاییک بوجاکن یاشامی [ ژیانی حاکمی کورد فایق بوجاک]
وەشانێن ئاوێستا.
١٢. نەجمەتین ئەرباکان (٢٠٠١- ١٩٢٦) ئەندازیار، سیاسەتمەدار و پێشەنگی تڕادیسیۆنی سیاسیی ئیسلامی لە تورکیا بوو. لە ساڵی ١٩٦٧ کاتێک وەک پرۆفێسۆر لە ئەستەنبووڵ کاری دەکرد ، لە ئەلعەزیز سەردانی شێخ عەلی ڕزای کرد.
١٣. مەهمەت عەلی ئایبار (١٩٩٦ – ١٩٠٨) پارێزەر، سیاسەتمەدار، یەکەم سەرۆکی پارتیی کرێکارانی تورکیا  و یەک لە  پێشەنگانی ڕامانی سۆسیالیست بوو لە تورکیا.
١٤. عەلی فوئات باشگیل ( ١٩٦٧- ١٨٩٣) پارێزەر، ئاکادێمیسیەن و سیاسەتمەدار بوو، ئەو بە کارەکانی لەمەڕ قانوون و حقووق دەناسرا و یەک لە نوێنەرانی گرێنگی ڕامانی لێبێراڵ – دێمۆکڕاتیک بوو لە تورکیا.
١٥. یوسوف سەرحەد بوجاک، کورت هاکم  فاییک بوجاکن یاشامی، وەشانێن ئاڤێستا.

سەرچاوە: گۆواری نووبەهار ژمارە ١٧٣، پاییزی ٢٠٢٥












 

No comments: