Thursday, January 29, 2026

داوخوازی کوردەکان لە یەکەتی سۆڤییەت *


 

ڕۆژنووسی  حەسەن مەمەدئۆغلوو حەسەنۆف. یەک لە کاربەدەستە هەرە باڵاکانی سۆڤیەت لە ئێران
لە سەر دەمی جمهووری کوردستان دا
وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی
داوخوازی کوردەکان لە یەکەتی سۆڤییەت *
١٠-ی ژانڤییەی  ١٩٤٦

قازیی محەمەد و پیشەوەری لە لامان بوون. بە ئامادە بوونی ئێمە ئەوان باسی مەسەلەی داهاتووی باکووری کوردستانی ئێرانیان کرد. پیشەوەری بێدەنگ بوو؛ قازی سەری قسانی دامەزراند. ئەو گوتی کوردەکان باوەڕ بە ڕووسەکان دەکەن و چارەنووسی خۆیان بەو باوەڕییە دەبەستنەوە.کوردەکان هیچیان نییە کە بتوانن پێی دەوڵەتێکی سەربەخۆ ساز کەن. ئەوان ژێرخانێکی مادییان نییە بۆ ساز کردنی داودەسگایەکی دەوڵەت و بەڕێوەبەری.
ئێمە گوتمان ئەگەر وایە کوردەکان دەبێ خودموختاری لەمەڕ خۆیان ساز بکەن بە شێوەی جمهووری یان هەرێمێک لە چوارچێوەی ئازەربایجانی ئێران دا.
قازی بە ڕواڵەت و بە قسە لەگەڵ ئەو پێشنیازە بوو ، بەڵام لە ڕوخساری ڕا بە جوانی دەردەکەوت لە دڵی خۆیدا بەوە دڵگرانە.  بە باوەڕی قازی کوردەکان دەبێ جمهووری سەربەخۆی  لەمەڕخۆیان پێک بێنن، بەڵام  ئەوان دەبێ یارمەتی مادی و یاریدەی تێکنیکی بەرچاویان پێ بکرێ لە لایەن یەکەتی سۆڤیەت را، هەر وەها لەلایەن حکوومەتی نیشتمانی ئازەربایجانیش ڕا.
لەگەڵ شتی تر، لە حاڵی حاڵی حازر دا دەرەتانی ئەوە نییە کە داوخوازی کوردەکان جێ بەجێ بکرێ. کوردەکان عادەتیان بەوە گرتووە هەر وەربگرن و هیچ نییەتی ئەوەیان نییە شتێک بدەن. ئەوان نایانەوێ باج/ ماڵیات کۆبکەنەوە و وەربگرن، چونکە ڕێبەرانی کورد نایانەوێ یارمەتی حکوومەتی نیشتمانی [ ئازەربایجان] بدەن.  ئەمن خۆم دەچم بۆ  مەهاباد بۆ ئەوەی لەوێ بۆم دەرکەوێ بزانم  کوردەکان بە ڕاستی چییان دەوێ.

١١-ی ژانڤییەی  ١٩٤٦
............
قازیی محەمەد هات بۆ دیدەنی ئێمە. پیشەوەری داوای لە قازی کرد گشت پڕۆژە و ئاواتەکانی بێنێتە سەر کاغەز، و تا ئەو جێیەی بکرێ، حکوومەتی نیشتمانی ئازەربایجان یارمەتی دەدا بە سیستمی دێمۆکڕاتیکی کوردستان. هاوڕێ یەعقووب ئۆفیش لە [باکۆ وە !] گەیشتە جێ بۆ دیتنمان. ئەو بە قازی ڕاگەیاند ئێمە دەمانەوێ  کوردانی بە نفووز و جێی ڕێز و حورمەتی خەڵک بانگ هێشتن بکەین بۆ تەورێز بۆ ئەوەی گشت ئەو مەسەلانەیان لەگەڵ باس بکەین کە پێوەندییان بە کوردەکانەوە هەیە. قازی ئەو پێشنیارەی زۆر پێ خۆش بوو.
بۆ ئەوەی ئێمەش خۆمان بۆ ئەو دیدارە ئامادە بکەین، ئەمن لە قازیم پرسی کوردەکان چییان دەوێ. قازی گوتی زۆر لە ڕێبەرە کوردەکان دەیانەوێ شارەکانی ڕەزائییە [ ورمێ، لە دەقی ئینگلیسی دا] ، شاپوور(سەڵماس) و مەهاباد  لە ناو جمهووری دێمۆکڕاتیکی کوردستان دا بن. ئەمن پرسیارێکی دیکەم کرد: گەلۆ ئەوە مونسیفانەیە؟ چونکە هەرچۆنێک بێ حەشیمەتی ئەو شارانە ئازەربایجانین!
قازی گوتی ئەو بۆ خۆی لەگەڵ داوخوازی ڕێبەرە کوردەکان دا نییە، بۆیە ئەو دەیەوێ ئەو بابەتانە بە بەشداری کوردە دەستڕۆێشتووە دێمۆکڕاتەکان قسەیان لێوە بکرێ.

١٤-ی ژانڤییەی ١٩٤٦
رێبەرانی کورد، ئەندامانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان گەیشتنەجێ. کۆبوونەوەکە لە بینای ئیدارەی دەستەی نووسەرانی " وەتەن یۆڵندا " [ لە پێناو نیشتمان ] بەڕێوە چوو. لە لایەن ئێمەوە ئیبڕاهیمۆف [ میرزا] ، یەعقووبۆف، گ، بابایێف، ئا.م. ئەحمەدۆف، و ئەوانیدی لە کۆبوونەوەکە دا بەشدار بوون؛ لەلایەن کوردەکانەوە: قازیی محەمەد، شێخ بابا [حاجی بابا شێخ]، محەمەد حوسێن قازی [ سەیف قازی] '، کاک عەبدوڵا [ مامەش]، ڕەحمان ئێلخانیزادە، و خوسرەوی و ئەوانیدی بەشدار بوون. پرسی بەرەوپێشبردنی زیاتری بزووتنەوەی ڕزگاریی خوازی کوردستان و شێوەکانی ستروکتووری دەوڵەت قسەیان لێوە کرا. هاوڕێیانی یەعقووبۆف، ئیبڕاهیمۆف، من ، وئەوانیدی قسەمان کرد.
ئێمە گوتمان گەلی قارەمانی کورد بە سەدان ساڵ خەباتی کردووە لە پێناو سەربەخۆیی نەتەوەیی خۆی. لە خەباتی خۆیاندا بە دژی چەوسێنەرە دەرەوەیی و نێوخۆییەکان، گەلی کورد قوربانییەکی زۆری داوە.
 دواجار کوردەکان توانیان بە ئاشکرا بزووتنەوەی دێمۆکڕاتیک و نەتەوەیی خۆیان لە باکووری کوردستان بە نێوەندێتی مەهاباد پێک بێنن.  ئێمە، خەڵکی سۆڤیەت قسەمان لە پرسی شێوەی ستروکتووری دەوڵەت لە کوردستانی باکوور کرد. بە باوەڕی ئێمە بەجێیە کوردەکان خودموختاری خۆیان هەبێ لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئازەربایجانی ئێراندا، واتە سەربەخۆ بن لە ڕاپەڕاندنی هەموو مەسەلە نێوخۆییەکان لە کوردستانی ئێران، مەجلیسی [پارڵمان] خۆیان هەبێ، حکوومەتی خۆیان هەبێ، لەکاتێکدا سیاسەتی دەرەوە و پاراستنی سنوورەکان بە هاوبەشی لەتەک حکوومەتی نیشتمانیی ئازەربایجانەوە ڕادەپەڕێندرێ.
لە دوای ئێمە، لە پێشدا قازیی محەمەد قسەی کرد. ئەوە سپاسی خۆی دەربڕی بۆ ئەو یارمەتییە گەورانەی کە یەکێتیی سۆڤیەت پێی کردوون، کوردەکانی وەحیساب هێناوە، و ئەوانی وەک نەتەوەیەک قبووڵ کردووە، و هتد.دوایە ئەو چەند دەقیقەیەک بەشێوەیەک قسەی کرد کە نەدەکرا بزاندرێ گەلۆ ئەو لەگەڵ فکری هەبوونی خودموختاری کوردستان لە چوارچێوەی ئازەربایجان دایە یان نا.
شێخ بابا [ حاجی بابە شێخ] یش  هەر بە هەمان نەفەس قسەی کرد. دوایە محەمەد حوسێن [ سەیف قازی] قسەی کرد، کە زۆر بە ڕوونی گوتی کوردەکان دەبێ دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان هەبێ و هیچی هاوبەشیان ناوێ لەگەڵ ئازەربایجانی ئێران. لەوەش زیاتر، ئەو لە قسەکانی دا هێندێکیش سووکایەتی بە ئازەربایجانییەکان کرد و گوتی، ئێوە دەتانەوێ ئێمە بکەنە ڕەعییەتی ئەو تریاک کێشانە و هتد.
دوای قسەکانی محەمەد حوسێن [ سەیف قازی]، گشت ئەو کوردانەی لە کۆبوونەوەکە دا بوون پشتیوانیان لە قسەکانی کرد. ئەوان گوتیان دەیانەوێ سەربەخۆ بن، بەڵام دەیانەوێ بە دۆستایەتی لەگەڵ ئازەربایجانییەکان بژین.
لە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە ، ئێمە چووینە لای هاوڕێ ماسلێنیکۆڤ و لەوێ تێلێگڕامێکمان گەڵاڵە کرد و ناردمان بۆ باقرۆڤ لە مەر ئاواتی کوردەکان بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان.

 
١٥-ی ژانڤییەی  ١٩٤٦
[...]
لە وڵامی تێلێگڕامەکەمان بۆ باکۆ، پەیامێکمان لە باکۆ وە بۆ هات کە تێیدا گوترابوو ئێمە سەربەخۆیانە ناتوانین لەمەڕ دۆزی کورد بڕیار بدەین. کوردەکان دەبێ بە نووسین ڕابگەیێنن چییان دەوێ؛ دوای ئەوە، باکۆ دوتوانێ ئەو بابەتە لەگەڵ ئەو دەسگایانە بێنێتە گۆڕێ لەمەڕ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردیی دێمۆکڕاتیکی سەربەخۆ.
ئێمە ئەمڕۆ ئەوەمان بە کوردەکان ڕاگەیاند. ئێمە بۆ نانی نیوەڕۆ بانگ کراین بۆ ماڵی ئاتاکیشیێێڤەکان [ ئاتاکیشیێڤ و هاوژینی] جگە لەمن هاوڕێ ئیبڕاهیمۆڤ، ماسلێنیکۆڤ، کلۆکۆڤ، رۆسۆڤ، ئاتاکیشیێێڤ، یەعقووبۆڤ، گلینسکی، زەیناڵۆڤ و خەڵکی دیکەش لەوێ بوون.
بە دەم خواردنی نانی نیوەڕۆوە ئێمە باسی چلۆنایەتی سازکردنی ئەڕتەشێکی جەماوەریی [ دێمۆکڕاتیک] ئازەربایجانمان کرد. لەمەر کوردەکان ئێمە بڕیارمان دا تەنێ مامۆستای کاروباری عەسکەرییان دەدەینێ، لە کاتێکدا کوردەکان خۆیان یەکە نیزامییەکانی خۆیان ڕێک دەخەن. فێرکارەکان ئامۆژگاری و ڕێنوێنی لە پۆدپڵکۆڤنیک زەیناڵۆڤ وەردەگرن.
١٦-ی ژانڤییەی  ١٩٤٦
[....]
سەرلەبەیانی زوو ، قازیی محەمەد هاتە لامان و دەقێکی ٤٥٠ وشەیی داینێ کە تێیدا داوخوازی کوردەکان  گەڵاڵە کرا بوو. لەکاتی قسەکردن لە سەر نێوەرۆکی ئەو نامەیە دا ئێمە چەندین تێبینیمان دەربڕی. بە تایبەتی لە نامەکە دا هیچ باسی پتەو کردنی دۆستایەتی  لە نێوان گەلانی برای کورد و ئازەربایجانی نەکرا بوو، و هیچیش لە مەر دیاریکردنی سنووری نێوان کوردستان و ئازەربایجان نەهاتبوە گۆڕێ .
ئێمە گوتمان ئەو مژارانە دەبێ لە نامەکە دا جێ بگرن. ئێمە ئەوەش بە شتێکی زیادی دەزانین لە نامەیەکئ ئاوا جیدی دا بگوترێ کە کوردەکان تریاک ناکێشن و لە ناویان دا تەنانەت تاقە کەسێکیش نییە کە نەخۆشیی سفلیسی بێ. کوردەکان قسەکەی ئێمەیان پێ بەجێ بوو و ئەوانەیان لە نامەکە لابرد.
[....]
دواتر کوردەکان هاتنە لامان ، بە سەرۆکایەتی قازی و محەمەد حوسێن [ سەیف قازی]. قسە لەسەر نێوەرۆکی نامەی کوردەکان کرا، ئێمە دەقەکەمان بەلاوە پەسند بوو. نامەکە باس لە پێکهێنانی دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆی دێمۆکڕاتیک دەکا. کوردەکانیش نامەکەیان ئیمزا کرد.
کوردەکان ئەوەیان زۆر بەدڵە و ئیلهامی لێ وەردەگرن. تەنانەت محەمەد حوسێن [سەیف قازی]  هاواری کرد: " هەر بژی یەکەتی سۆڤیەتی مەزن" هوڕررا ، بەو نامانەوە [ نامەیەوە] هاوڕێ ت. یەعقووبۆڤ بەرەو باکۆ وەڕێ کەوت.
٢٢-ی ژانڤییەی  ١٩٤٦
دوایە لە تاران ئەمن چوومە سەفارەتی سۆڤیەت لەتاران و لەوێ  چاوم بە هاوڕێ کراسنیخ ی سەفیرمان کەوت. ئەو پێی  ڕاگەیاندم نامەیەک بۆ باقرۆڤ بە نێونیشانی سەفاڕەت هاتووە و تێیدا نووسراوە کە قازیی کەسێکی خراپە، و گۆیا پێوەندیی لەگەڵ بریتانیاییەکان هەیە. نامەکە وشداری دەدا کە بە ئیحتیاتەوە لەگەڵ قازی بجووڵێنەوە. کراسنیخ و من لەو بارەیەوە بیروڕامان ئاڵۆوگۆڕ کرد و بەو ئاکامە گەیشتین ئەو نامەیە لە لایەن دوژمنانی قازییەوە نووسراوە، و ڕێی تێ ناچێ پێوەندی لەگەڵ بریتانیاییەکان هەبێ.

٢٣-ی ژانڤییەی  ١٩٤٦
ئێمە لە بینای دەستەی نووسەرانی " وەتەن یۆڵندا " دا بووین. لەوێ ، جەعفەر خەندان [ شاعیری بەناوبانگی ئازەربایجانی شووڕایی . ح.ق] پڕۆگڕامی پارتیی دێمۆکڕاتی کوردی پێشان داین. ئەو بەرنامەیە گۆیا لە لایەن کوردەکانی دەوروبەری مەلا مستەفا لە شاری شنۆ [ ئوشنەوییە] لە ئێران گەڵاڵە کراوە. سێ ئەفسەری مەلا مستەفا ئەوەیان هێناوەتە تەورێز و داوایان ئەوەیە دەستەی نووسەرانی [ وەتەن یۆڵندا] بۆیان چاپ کا. ئەمن پێم گوت ئێمە دەبێ ئەو پڕۆگرامەیان بۆ بنێرینەوە و بڵێین ئێمە توانایی چاپ کردنیمان نییە.
ئەوان دەبێ بچنە مەهاباد، لەوێ چاپخانە هەیە و دەکرێ لەوێ پڕۆگرامەکەیان چاپ کەن. دوایە هاوڕێ ڤیڵچێڤسکی، فێرکارێکی لکی حەوتەمی ناوچەی عەسکەری باکۆ هاتە لامان. ئەو گوتی لە ناوچەکانی ڕەزائییە [ئورمییە] بووە و لەوێ لە بارو دۆخی کوردەکان، ئاسۆڕییەکان و ئەرمەنییەکانی کۆڵیوەتەوە و بەو ئاکامە گەیشتووە  کە پێرسۆنێلی نیزامی سۆڤیەت لە ناو حەشیمەتی ئەو میللییەتانە دا ڕەفتاریان زۆر لاوازە ، لەکاتێکدا ئەمریکاییەکان و تورکەکان کاری هەموولایەنەیان لە ناو دا دەکەن. لەوەش زیاتر ڤیڵجێڤسکی ڕایگەیاند قازیی محەمەد کەسێکی نادروستە و لەگەڵ ئێمە سەمیمی نییە، و دەکرێ پشتمان بەر دا. ئەفسەرەکانی مەلا مستەفا کە پڕۆگڕامی پارتیی دێمۆکڕاتی کوردیان هێناوە بۆ تەورێز کەسی چاک و سەمیمین. ئێمە بە قسەکانی ڤێلچێڤسکی سەبارەت بە قازیی محەمەد گوێمان نابزوێ  و قسەکانی جێی باوەر نییە و وا دیارە ئەو بە باشی لە بارو دۆخەکە تێ نەگەیشتووە. 

سەرچاوە:
حەسەن مەمەدئۆغڵوو حەسەنۆف
ڕۆژنووسەکانی ئێران
 ( ١٩٤٦-  ١٩٤٤)
وەشانخانەی عیلم ، باکۆ  ٢٠٠٧
* سەردێڕی بابەتەکە لە لایەن وەرگێڕ ڕا داندراوە

No comments: