بەڵگەیەکی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا لەمەر هەڵبژاردنی خولی حەڤدەهەمی مەجلیسی شووڕای میللی لە مەهاباد
بەڵگەی
وەزارەتی کاروباری دەرەوەی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
لە : سەفاڕەتخانەی ئەمریکاوە لە تاران
بۆ وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە لە واشنگتن
ناردراوەی سەفاڕەتخانە ، ژمارە ٩٢٨ ، ١٨-ی فێڤرییەی ١٩٥٢
بابەت: چالاکیی کۆمۆنیستی لە ئێران ١٥-
فێڤرییە – ٢٥ی مارسی ١٩٥٢
[....]
هەڵبژاردن لە مەهاباد،کوردستان بە تایبەتی جێی سەرنجە بەوە ڕا کە کاندیدای
کۆمۆنیست کە لە لایەن جەبهەیەکەوە بە ناوی " لایەنگرانی ئازادی"
پشتیوانی لێ دەکرا و هەروەها لە لایەن گرووپێکەوە بە ناوی "کۆمەڵە" کە هاوتای حیزبی توودەیە چی وای نەمابوو هەڵبژاردن بەرێتەوە.
لەکاتی خوێندنەوەی دەنگەکان کاندیدای کۆمۆنیست، سادق وەزیری، ئەوەندە
دەنگی زۆربەی دەنگدەرانی بەدەست هێنا بوو کە ڕۆژنامە کۆمۆنیستییەکان لە
تاران پێشوەختە ڕایانگەیاند کە ئەو وەک نوێنەری مەجلیس هەڵبژێردراوە.
بە ڕواڵەت لەو دەمە دا ماشێنی دژی توودە وەگەڕ دەکەوێ و هێندەی پێ ناچێ بەر بە سەرکەوتنی ئەو
کاندیدایەی لە پێشەوە بووە دەگرێ. هەڵبەت، بە وردی نازاندرێ چ ڕووی داوە، بەڵام
ئەوە ئاشکرایە کە ئەو هێزە دژی توودەیانە ڕاستەوڕاست گزیان کردووە. ئەو کاندیدایەی
کە بەسەرکەوتووییەوە سەری لە سندووق دەرێنا، ئیمامی تایبەتی شا، ئیمام جومعەی
تاران بوو. ئەوە دەبێ حکوومەتی جەبهەی میللی بێ، کە هەڵبژاردنی ئەو ناوچەیەی بۆ
بڕیاری شا بە جێهێشتىێ ، و ئەگەر وابێ هێزەکانی شا لە خۆیان لە قاو دا کە زۆر
کەمتر لە حکوومەت کاریگەرترن، یان ئەوەی کە هێندێک کێشە و دمەقڕە هەبووبێ لە نێوان
هێزەکانی لایەنگری شا و حکوومەت دا، کە ڕێی خۆش کردبێ ناوچەکە بەشێوەی کاتی
بکەوێتە دەست کۆمۆنیستان، ئاشکرایە کە کۆمۆنیستیەکان لەو ناوچەیە لەوە بەهێزترن کە
ئاکامی هەڵبژاردن نیشانی دەدا و ئەگەر
هەڵبژاردن " ئازاد" بایە بێ هیچ شک و گۆمان هەڵبژاردنەکەیان دەبردەوە.
لەوەش زیاتر، هێزە دژە کۆمۆنیستەکان، چ ئەوانەی ناو حکوومەت و چ لایەنگرانی شا،
بەو کردەوە ڕووەڵماڵاوانەیەوە، ناچار بوون بەشێوەیەکی ئاوا ئابڕووبەرانە موداخەلە بکەن بە پێچەوانە زۆر
شێوەی تری " کۆنتڕۆڵ" کردن کە لە ناوچەی دیکە دەکاریان هێنا.
تێبینی: ئەم بەڵگەیە بۆ بیرەوەری نەمر
سارمەدین سادق وەزیری کە لە کتێبەکەی دا: " بەرگری لە دوو سیمای هەڵکەوتووی
بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد یاد زیندووان قازیی محەمەد، ئێحسان نووری و بەسەرهاتی
هەڵبژاردنی
خولی حەڤدەهەمی مەجلیسی شووڕای میللی ئێران، ناوەندی ٤٩ کتێب، ٢٠٢٢" بە دوور
و درێژی وردە ڕیشاڵی هەڵبژاردنی ئەو خولەی لە مەهاباد شی کردووەتەوە کەچۆن
بەزەبری موداخەلەی ئەڕتەش زڕباوکی حەمەڕەزا شا
حەسەن ئیمامی ئیمام جومعەی تاران کە قەت چاوی بە مەهاباد نەکەوتبوو
دەنگەکانی دەدزێ. هەرچەند ئیمامی بوو بەسەرۆکی مەجلیسیش لە بەرانبەر لایەنگرانی
موسەدیق دا، بەڵام ئەو خولە بێ ئەوەی کات پڕکاتەوە هەڵوەشا. سپاس بۆ بەڕێز دوکتور
کامڕان ئەمین ئاوە بۆ ئەوەی ئەو بەڵگەیەی سەرەوەی لەبەر دەست نام.
حەسەن قازی
ژانڤییەی ٢٠٢٦

No comments:
Post a Comment