Saturday, January 31, 2026

ئەحمەدی شاملوو................... بەهارێکی دی


ئەحمەدی شاملوو .............. بەهارێکی دی

نامەوێ خۆم هەڵفریوێنم، دڵەکەم!
مەبەستم
هەڵفریواندنی خۆم نییە.

ئەگەر لێو بە درۆن
لە دەستەکانی تۆوە ڕاستی دیارن و
ئەو باسەی ئەمن دەیکەم باسی دەستەکانی تۆیە
*
دەستەکانی تۆ خوشکی تەقدیری منن
من باسی جەنگەڵی سووتاو و خەرمانی باران پێدا باراو دەکەم
من باسی لادێی بچکۆڵانەی تەقدیری خۆم دەکەم
*
لە سەرهەر سەوزەگیایەک خوێنم دی و لە هەر پێکەنینێکدا ژانم بەدی کرد
تۆ هەڵدێی – هەر وەک تاو هەڵدێ – وئەمن پێمل دەبم
هاوار دەکەم و
ئەهوەن دەبمەوە
*
نامەوێ خۆم هەڵفریوێنم. دڵەکەم!
مەبەستم
هەڵفریواندنی خۆم نییە.
تۆ لێرەیی و تووک و نزای شەو بڕشتی نییە
لە لەنگۆری نەزۆک دا، دڵی من بە تەلقینیتۆ دەبووژێتەوە
ئەمن بە دستەکانی تۆ ئەنگوست لەچاوترین شەوەکان چراخان دەکەم
من خەون بە ژیانمەوە دەبینم
من لە ڕاستەقانیدا دەژیم
*
لە هەر دڵۆپە خوێنێ سەوزە گیایەک شین دەبێ و لە هەر ژانەی بزەیەک
چونکوو هەر شەهیدەی دارێکە
من لە جەنگەڵە ئەستوورەکانەوە بەرەو تۆ دێم
تۆ هەڵاتی- وەک چۆن تاو هەڵدێ -
من پێمل بووم
من هاوارم کرد و
                     ئەهوەن بوومەوە
لە تەنیشت بەهار سوێندم بە هەموو گەڵایەک خوارد و
تۆ
   لە ڕێگە شەو داگرتووەکاندا
   ئەوینی تازەت درکاند
من هەرای شەوگەڕە هەڵوەداکانم گوێ لێ بوو
لە شەوانی هەرە بێ ئەستێرە دا
بە بزەت ئاوروازیم کرد و
لەو دەمییەوە
دڵی کۆڵان بۆتە ماڵمان
*
دەستە کانی تۆ خوشکی تەقدیری منن
بڵا با باسی جەنگەڵی باران لێدراو و خەرمانی پڕ پیت و پێز بکەم
بڵا با باسی لادێی تەقدیری  هاوبەشمان بکەم
نامەوێ خۆم هەڵفریوێنم، دڵەکەم!
مەبەستم
هەڵفریواندنی خۆم نییە.
                                                                                                                                          

 **********************************
حەسەنی قازی
لە فارسییەوە کردوویەتیە کوردی
**********************************
ئەم وەرگێڕانە لە ژمارەی ٢ –ی مامۆستای کورد ، مارتی ١٩٨٥ واتە زیاتر لە ٤٠ ساڵ لەمەوبەر بڵاو بووەتەوە

No comments: