Wednesday, January 14, 2026

چوار هەڤپەیڤینی تێلێڤیزیۆنی لەگەڵ نەمر غەنی بلووریان بەشی دووەمی وتوێژی دوکتور جەبار قادر لەگەڵ نەمر غەنی بلووریان بۆ بەرنامەی "بۆ مێژوو" لە تێلێڤیزیۆنی میدیا. لەڕۆژی سێشەمە ٣٠- ١٢ - ٢٠٠١ لە بڵاو کراوەتەوە، وتوێژەکە لەماڵی بلووریان لە ئاڵمان کراوە


 چوار هەڤپەیڤینی تێلێڤیزیۆنی لەگەڵ نەمر غەنی بلووریان

بەشی دووەمی وتوێژی دوکتور جەبار قادر لەگەڵ نەمر غەنی بلووریان بۆ بەرنامەی "بۆ مێژوو" لە تێلێڤیزیۆنی میدیا. لەڕۆژی سێشەمە ٣٠- ١٢- ٢٠٠١ لە بڵاو کراوەتەوە، وتوێژەکە لەماڵی بلووریان لە ئاڵمان کراوە

دوکتور جەبار قادر: کە شارەوانی مەهاباد چەک دەکرێ ئیتر بڕیار دەدرێ وەکوو بەڕێوەبەرایەتییەک کێ ئەو شارە ببا بەڕێوە.
بلووریان: بەڵێ بەڵێ
جەبار قادر: ئەوە چۆن بوو، چۆن ڕووی دا؟
بلووریان: عەرزت بکەم  ئەمە سازمانی، جا عەرزت بکەم پێش ئەوەی مەسەلەی شەهرەبانی بێت، قەرەنی ئاغای مامەش لە تەڕەف حکوومەتەوە، ببەخشە عەلی ئاغای حاجی ئێلخانی
جەبار قادر: ئەمیر ئەسعەد دێبۆکری
بلووریان: بەڵێ ئەو کرا بە فەرمانداری مەهابادێ، فەرمانداری فارس نەی دەوێرا بێتە وێ. ئەویان کرد بە فەرماندار، مولاحەزەت فەرموو، ئەو فەرماندارە هات دانیشت بۆ خۆی دوو سەد سێسەد سواری هێنابوو، عەشیرەیەکی گەورەن ئیدی دێبۆکری. عەرزت بکەم لەوێ لە مەهاباد ماڵێکی گرت و دانیشت، عەرزت بکەم ئەندامەکانی خۆشی ئەوەی تفەنگچی بوون قۆڵی سپییان لەبەر کرد بوو لێیان نووسیبوو " ئینتیزامات"، ئیتیزاماتی عەشاییری.
جەبار قادر: بەڵێ باسی چەک کردنی شارەوانی مەهابادمان دەکرد، ئیتر پێویستی پەیدا دەبێ کە بەڕێوەبەرایەتییەکی بۆ دروست بکری، ئەوە بوو قازیی محەمەد هەڵئەبژێررێ.
بلووریان: بەڵێ عەرزت بکەم شەهرەبانی مابۆوە. پاشان ئیتر شەهرەبانییان خڕ کردەوە ڕۆیشتن ئەوانیش ئیدی نەزم و نیزام دە شاری دا نەما کە ئاگاداری لە بازاڕ و نەزم و نیزام بکا. خەڵکەکەی شار ئەو بازاڕی و تاجر و ڕدێن سپی و ئەوانە چوونە لای قازیی محەمەد، پیاوێکی ماقووڵ و موحتەڕەم بوو ئەو دەمیش هەر لە نەزەر خەڵکەوە داوایان لێ کرد کە سەرپەرستی شار بە عۆهدە بگرێ وە ئینتیزاماتێکیش دروست کا چەکداری بۆ وەی بتوانێ پارێزگاری لە شارەکە و لە محەلەکان و لە ئەمنییەتی شار بکا و لە بازار و لە ئەوەی بکات.
قازیی محەمەد قەبووڵی کرد بوودجەی ئەو تفەنگچییانەش ئەو بازاریانە بیدەن، قەبووڵیان کرد. وا بوو سەید خدری نیزامی مەشهوور بە سەید پیرە  کە پیاوێکی ماقووڵ و موحتەڕەم بوو، لە ناو شار دا خەڵک باش دەیناسی، قازیی محەمەد ناردی لە دوای داوای لێکرد کە تۆ ئینسانێکی ماقووڵی و خەڵک دەتناسن و ئیحتیڕامت هەیە لە نەزەر خەڵک و ئەوانە ئەتۆ ئەمنییەتی شار بە عۆهدە بگرە وەکوو ئیدارەی پۆلیس، ڕەئیسی ئینتیزامات، چل پەنجا کەسیش تفەنگچی هەڵبژێرە بۆ خۆت ئەوانەی کە دەیانناسی کە ئینسانی سالم و باشن کە بوودجەشیان خەڵکەکە دابینیان دەکات. و ئەوە بوو دامەزرا ئیتر، شەهرەبانییەکە دامەزرا و تەلەفوونێکیشیان دروست کرد لە ئیدارەی شەهرەبانی ڕا بۆ ماڵی قازیی محەمەدی.
جەبار قادر: ئەوە دوای ئەوەی عەلی ئاغای دێبۆکری و چەکدارەکانی کشانەوە.
بلووریان: عەلی ئاغای دێبۆکری. عەرزم کردی جا با ئیشاڕەیەکیش بەوەی بکەم ئەوە موهیممە. عەلی ئاغای حاجی ئێلخانی پیاوی نارد بوو، حاجی ساڵحی شاتری کە یەکێک لە ڕوفەقای بابم بوو، ئەنجومەنی شاریش بوو ناردبوویە کن بابم کە پێی بڵێ بە بابم بە کوڕەکەی بڵێ ئەو بیساتەی کۆ کاتەوە، خڕ کاتەوە، ئەوەی دروستی کردووە.
جەبار قادر: سازمانی نەو جەوانان.
بلووریان: دیار بوو دەوڵەتی ئێران لە ڕەزاییەی لە ورمێ ڕا، مەرکەزی ورمێ، ئوستانداری ورمێ لەوێڕا دەستووریان پێ دا بوو کە ئەوەی کۆ کەوە. ئەویش خۆی نەیدەتوانی کۆی کاتەوە. پێشیان پێ گرتین دیارە کە ئێمە چووین بۆ وێ، خەریک بوون تفەنگچییەکانی پێشمان پێ بگرن، لەبەر دەرکی ماڵی قازی پێشیان پێ گرتین کەمێک مابوو کە بەرخوردیش بکەین لەگەڵیان. و قازیی محەمەد لە مەحکەمەی لە سەر پەنجەڕە ڕا ئاگادار بوو کوتی دەست ڕاگرن هەتا من دێمە خوارێ. هاتە خوارێ و لە قٶلچییەکان، لە قۆڵ سپییەکانی پرسی کە چوو دەوێ و ئەوانە، گوتیان ئەوانە قەدەغەیە بچنە ئەو مەنتەقەیەی دەبێ بگەڕێنەوە.
ئەمیش کوتم قوربان ئەمە ماڵمان لەو گەڕەکەیە، دەبێ بەوەیدا بچین. بەوەیدا بچین دەنا ڕێگامان دوور دەکەوێتەوە. ماڵمان لێرەیە. قازیی محەمەدیش دەیزانی خۆ ماڵەکەمان کوێیە، خانووی خانەی جەوانانە ئیتر. ئەوە بوو بە تفەنگچییەکانی گوت کاکە لێیان گەڕێن ئەوانە ئەمن دەیانناسم  ئینسانی موحتەڕەمن، بێ دەردی سەرن، لێیان گەڕێن با بچنەوە ماڵی خۆیان، هەرایە ساز مەکەن. ئەوانیش کشانەوە دوایە ئیدی، ئێمەش چووینە ئەوێ، چووینەوە سازمانەکەی و دوایە برادەرێکمان، لەوێ دا نووسیومە [ ئێشارە بە ئاڵەکۆک دەکا کە لە سەر مێز دەبیندری ح.ق]، تەقەیەکی لێ کردن ئەوانە دەورەمان دەدەن بە ڕاستی بە جیدییانە؟ دەیانەوێ کۆمان کەنەوە؟ با من تەقەیەکیان لێ بکەم بزانم ئەوان چ جواب دەدەنەوە. وەڵا تەقەیەکی لێ کردن، تفەنگێکی دەبەر پێی یەکێکیان کرد، دیارە ئەوانیش تەقەیەکیان کرد هەوایی بەسەر ئێمە دا هەڵیان تۆقاند. ئەو دەمی ئەفسەری ڕووس لەوێ، عەبدوڵائۆف هەبوو، خەبەری زانی کە شلووقییەک هەیە لێرە، خەڵکەکەش پێیان کوتبوو. سەید پیرەش چوو بوو پێی گەیاند بوو کە ئەو عەشیر و مەشیرانە خەریکن ئاشووب ساز دەکەن لە شاری دا. ئەمن ئینتزاماتم ئەتۆش  ئەفسەری ڕووسی لێرە، مەسئوولییەتی ئەمنییەتی ئەو شارە بە دەست تۆیە ئەو مەنتەقەیە. ئەویش هاتبوو ڕاست بە سواری جیپ چووبووە ماڵی ئەمیر ئەسعەدی پێی کوتبوو دە عەرزی بیست و چوار سەعاتان دا دەبێ ئێرە چۆل کەی. ئێرە مەنتەقەی ئەمنییەتی منە، ئەو بەساتە لێرە دروست نابێ خڕی کەوە. دەنا بەڕێت دەکەم بۆ جێگای دوور. وەڵا ئیتر ئەمیر ئەسعەد هات ڕۆیشت و لە خیابانی شاری دا خەڵک هاتنە دەرێ هۆیان کردن و فیتوویان بۆ لێ دان و ئەوانە وەدەرکەوتن.   
بە هەر سووڕەت دوای ئەو جەرەیانەی بوو کە ئینتیزاماتی شاری دروست بوو، ئەمنییەتی شاری بەرقەرار بوو. شەوانەش هەر محەلەی ئەوەی کە تاجر لە مەنتەقە دەستوباڵێکی هەیە و ئیمکاناتی ماڵی هەیە تفەنگچییەکی بە کرێ دەگرت بۆ خۆی، بە کرێی دەگرت دە ئیختیاری سەید پیرەی دەنا کە ئەویش کۆمەگ بێ بە کێشکی شار، کێشکی محەلە. کە ئەوە بوو لە ماڵی خۆمان دا هەر ئەمن خۆم تەرخان دەکرد. بابم هەر دەیگوت کوڕە ئەتۆ بۆچیتە، ئەتۆ ڕەئیسی حیزبی! [ پێ دەکەنی. ح.ق] شۆخی لەگەڵ دەکردم. ئەتۆ ڕەئیسی حیزبی ئینتیزامات بۆ تۆ زۆر کەمە ڕۆڵە. کوتم نا ئەمن دەچم ئینتیزاماتێش دەکەم، تفەنگم هەڵدەگرت و دەچووم خولاسە. شەوێ لە کووچە و کۆڵانان و دە شەوگەردیێ دا دەگەڕاین.



جەبار قادر: کەی بوون بە ئەندامی ژێکاف؟
بلووریان: جا ئەوە عەرزت بکەم. ئەوە بوو کە قازیی محەمەد داوای لە ئێمە کرد کە ئێمە باس بکەین لە سەر سازمانی جەوانان و ببینە ئەندامی سازمانی جەوانانی کۆمەڵەی ژێکاف. ئەوە بوو کە دەعوەتیان لە ئێمە کرد من دەگەڵ عەلی مەولەوی، دەگەڵ قادری مەحموودزادە ئەو سێ کەسە بەرادەران ئینتیخابیان کردین ڕۆژی جومعەی لە باغی کە ئەو سێ نەفەرە بچین بۆ ئەو موزاکەرەیەی بەشداری بکەین و ڕێگا خۆش کەین بۆ ئەوەی کە ئێمە بچین دەگەڵ کۆمـەڵەی ژێکاف ببینە سازمانی جەوانان. ئێمە ڕازین خەڵکەکە، جەماعەتەکە.
ئەوە بوو چووینە ماڵی حەمەدی مەولوود. سەدیقی حەیدەری عەرزت بکەم دڵشادی ڕەسووڵی و زەبیحی ئەو سیانە لە تەڕەف کۆمەڵەی ژێکافەوە هاتنە ئەوێ لەوێ بەحسمان کرد لە سەر مەسەلەکە و داوایان لەمە کرد، خواستیان لە مە کرد کە ئێوە هەدفوو چییە و فڵانوو چییە ئەمەش کوردین و کوردایەتییە دەکەین و فڵان و ئەوانە و  دیارە ئەو دەمی لە یانەکەمان دا عەکسی شێخ سەعید و عەکسی دوکتور فوئاد و عەکسی شێخ عەبدولقادر و  ئەوانەشمان لە یانەکەی خۆمان لە دیوار دابوو عەکسەکانیان.
جەبار قادر: یانەکەتان، ناوی سازمانەکەتان گۆڕی
بلووریان: سازمانی جەوانانی کورد.
جەبار قادر: گۆڕیتان؟
بلووریان: نەخێر سازمانی جەوانانی کورد پاش موزاکەرە  دەگەڵ ئەوانە ڕێک کەوتین. کە ڕێک کەوتین ئێمە بووین بە ئەندامی کۆمەڵەی ژێکاف وەکوو ڕەسمی. داوایان لێکردین هەر کەس بە تاقە نەفەری خۆیان بچن داوی عوزوییەتی کۆمەڵەی ژێکاف بکەن، بەڵام بە کۆمەڵیش ببنە سازمانی جەوانانی کۆمەڵەی ژێکاف.
جەبار قادر: ساڵی چەند بوو؟
بلووریان: ساڵی ١٣٢٢ بوو، تەقریبەن ٢١ یا ٢٢ [ ناکرێ ساڵی ١٣٢١-ی هەتاوی بێ، چونکە ژێکاف بە ڕەسمی ساڵێک دواتر دامەزراوە.ح.ق]
جەبار قادر: ٤٣ یانی.
بلووریان: بەڵێ، کە بووین بە ئەندامی ئەوێ ڕەسمی ئیتر ئەمنیش کارتم وەرگرت و کارتی عوزوییەتی کۆمەڵەی ژێکافم وەرگرت و ئەوانی تریش جوداگانە هەر کەسە بۆخۆی چوو، ئەوەی کە پێی خۆش بوو چوو بوو بە ئەندامی ڕەسمی و وێگرا کۆمەڵەش ڕەسمەن بووین بە سازمانی جەوانانی کۆمەڵەی ژێکاف کە ئەمن هەر بەرپرسی سازمانی جەوانانی کۆمەڵەی ژێکاف بووم هەر لە تەڕەف قازیی محەمەدییەوە هەر مامەوە لە سەر مەسئوولییەتەکەی خۆم.
جەبار قادر: هەر لەو کاتە دا شانۆگەری یا نمایشی دایکی نیشتمان
بلووریان: ئەو دەمی قازیی محەمەد شانۆیەکیان بۆ  نارد بوو، بۆیان پەیدا کرد بوو بە نێوی شانۆی " دایکی نیشتمان"، ئەو شانۆیەی دایکی نیشتمانە دەقیقەن ئەمن نازانم  لە کوێرا هاتووە بەڵام ئەمن لە دەستی زەبیحی م وەرگرتووە. یانی قازیی محەمەد ئەمنی حەواڵەی زەبیحی کرد کوتی بچۆ لەگەڵ زەبیحی قسە بکە ئەو شانۆ نامەیەی وەرگرە، ئەوە کایەی پێ بکەن و ئامادەی بکەن و بیهێننە سەر سەحنە. نمایشێکی سیاسی و کوردایەتییە و بۆی تەوزیح دام، کوردایەتییە و کوردی هان دەدا و فڵان دەکا و کۆمەک دەکا بە کۆمەڵەی ژێکاف کە خەڵکەکەی کۆ کاتەوە لە دەوری کۆمەڵەی ژێکاف و ئەوانە و خەڵکی هان دەدا و ئەوانە. ئەوە نەخشێکی گەورەی تاریخییە بۆ ئێوە دەبێ بچن ئەو ڕۆڵەی بازی بکەن.
جەبار قادر: لە کوێ کردتان، لە چ شارێک؟
بلووریان: جا ئەو دەمی هاتین. ئەمن لە ڕۆژی جومعەی قەزییەکەم بۆ باس کرد، چووینە کۆمەڵەی ژێکاف و قەزییەکەم بۆ باس کردن کە ئەوە نمایشنامەیان داوینێ و برادەرانی کە حازرن لە سەحنەی دا شیرکەتی بکەن نێوی خۆیان بێن بنووسن. ئیسم نووسیم کردن ئەوانەی کە بەشدارییان دەکرد. [ئاماژە دەکا]، دە کتێبەکەیدا نێوم هێناون هەموو. عەرزت بکەم ئەمن چووم نمایشنامەکەم لە زەبیحی وەرگرت. دە دەقی نمایشنامەکەیدا ئەوەی کە سەرکەوتن بۆ حکوومەتی کورد وەدەست دەهات، لە نمایشنامەکەی دا " مەلیک" داندرابوو، مەعلووم بوو ئەو نمایشنامەیە ئی زەمانی شێخ مەحموودە. کوردی عێڕاقی نووسیویەتی، کێ نووسیویەتی نازانم. بەڵام نیشانەی موشەخەسی مەلیک بوو. کە دوایە جەعفەرۆف کە هات ئەوەڵین نمایشی کە ئەمە تەمرینمان کرد مەلیک مان دانا. ئەمن هەر بووم بە مەلیک. دە نمایشنامەکەیدا، پادشا تەقریبەن، ئەمە کردمانە پادشا، مەلیک مان کردە پادشا. جەعفەرۆف هات ئیعتیرازی کرد کوتی ئێوە گەنجن و موتەڕەقین و پێشکەوتوو خوازن، پادشایەتی شتێکی کۆنەیە و فڵانە دەبێ ئێوە جمهووری ساز کەن. کوردستان دەبێ جمهووری ساز بکا، نەک پادشایەتێ ساز بکا. ئەو پادشایەتی شتێکی کۆنە و ئیرتیجاعی یە.
ئەوە بوو گۆڕیمان ئەمە. قازیی محەمەدیش دیارە تەزەکوری پێ داین، بەویشی کوتبوو جەعفەرۆف. قازیی محەمەد تەزەکوری پێ داین، ئێمە نێوکەمان گۆڕی کردمانە جمهووری. جا ئەو جار دەرەجەی پادشایەتیان لێ ئەستاندمەوە بووم بە رەئیس جمهوور.
جەبار قادر: هەر کوڕ بوون، هەر پیاوانی.
بلووریان: بەڵێ هەر کوڕ بوون، ژنمان نەبوو.
جەبار قادر: یانی ئەندامانی ژنتان نەبوو.
بلووریان: نەخێر ئەندامی ژنمان نەبوو، ئەو دەمیش سازمانی ژنان تەشکیل نەببوو. تازە خەریک بوو سازمانی ژنان لە مەهاباتێ  تەشکیل دەبوو. هێستا ژن نەهاتبوونە نێو کایەی سیاسییەوە بە تەواوی مەعنا.
جەبار قادر: لە شانۆگەرییەکەدا ژن ڕۆڵی نەبینی؟
بلووریان: نەخێر ڕۆڵی نەبینی. فەقەت ئێمە، خەڵکەکە لە باری فەرهەنگییەوە زەمینەی نەبوو بۆ ئەو کارە، لەبەر ئەوەی ئێمە خۆمان تی هەڵنەقوتاند.
جەبار قادر: پیاوێک ڕۆڵی ژنەکەی بینی.
بلووریان: بەڵێ عەبدوڵای نەهری بوو، ئەو هات ڕۆڵی دایکی نیشتمانی بازی کرد کە لیباسی ژنانی دەبەر دەکرد و وانێکی، پرچی دروست کرد بوو، بە خۆڵەمێش و ئەوانە پرچی سپی کرد بوو، گریمی کرد بوو دموچاو و ئەوانەی و زنجیریشمان کرد بوو لە بەدەنی. ئێمە هەموو  تێمان هاڵاند بوو لە سەر سەحنە داماننابوو. عەرزت بکەم  لەوێ ئەو شێعرەکانی حاجی قادری کۆیی دەخوێندەوە: " ئەی بێ نەزیر و هەمتا ... " شێعرەکانی حاجی قادری لە بیرم نییە کێهەیان بوو. سەحنەی ئەوەڵمان فریشتە بوو، کە عەرزم کردی دەو کتێبەیدا نووسراوە. سیرووسی حەبیبی، ئەومان کرد بووە، گەنجێکی پازدە ساڵە بوو، باڵێکمان بۆ دروست کرد بوو، کراسێکی سپییان بۆ دروست کرد بوو، کردبوومانە فریشتە. فریشتە بی نەزیر و هەمتای حاجی قادری کۆیی دەخوێندەوە. ئەو شێعرانەی دەخوێندەوە خەڵکێکی زۆریشمان دەعوەت کرد بوو. قازیی محەمەد و ئەوان هاتن دانیشتن. ئەفسەرەکانی ڕووسیش هاتبوون دانیشتبوون جەعفەرۆف و تێعدادێکیش لە ڕەزایەی ڕا هاتبوون، لە ورمێ ڕا هاتبوون بەشدارییان کرد لەوێ. لەوێ دەعوەتمان لێکردن. ئاغاوەتیش هاتبوون، خەڵکی شاریش هاتبوون. جەمعاوەری پارەی بلیتیش بۆ کۆمەگی کۆمەڵەی ژێکاف بوو.
جەبار قادر: بەڵێ،  لەو کاتە دا باسی دوو  کوشتن ئەکەی. هێندێک وەکوو بڵێی کوشتنی سیاسین ئەوەی ڕەحمانی شافعی و غەفووری مەحموودیان. یانی ئەو کوشتنانە چی بوون کێ کوشتنی، بۆچی کووژران؟
بلووریان: ئەوانە.ڕەحمانی شافعی بەر لە کۆمار بوو. ئیرتیباتی بە مەسەلەی سیاسییەوە نەبوو. ئیرتیباتی بە مەسەلەی سیاسییەوە نەبوو. لەوێ [ مەبەستی ئاڵەکۆکە] دا نووسیومە. حوسێنی فروهێر پیاوێکی توندرەو بوو، ئەو بۆخۆی عیدێکی لەخۆی خر کرد بۆوە کە یەکێک لەوانەش هاشمی فەرهادی بوو، دەگەڵی بوو گەنجێکی پڕ شوور و پیاوێکی زۆر باش بوو و کوردێکی زۆر دلێر و عەرزت دەکەم کوردخواز بوو، نیشتمانپەروەر بوو ئەویش دەگەڵ وی بوو، ئەوانەی تەحریک کرد بوو خۆی بە عینوانی چەپ نیشان دابوو. چەپێکی وا و دەبێ دژی فێئۆداڵ و دژی سەرمایەدار و ئەوانە حەڕەکەت بکا. لیستەی گرتبوو کە عیدەیەکی دە شاری دا، کە ئەوانە تێڕۆر دەبێ بکرێن ئەوانە سەرمایەداری گەورەی شارن. هیچ، کارێکی شێتانە. نێوی بابی منیش دە لیستەکەی دا بوو. ئەو میرزا ڕەحمانی شافعیش تێدا [لە لیستەکەیدا] نەبوو. میرزا ڕەحمەتی شافعی تێدا بوو برای میرزا ڕەحمانی دە لیستەکە دا. وە ئەوەڵین نەفەریش کە ئینتیخابیان کرد بوو لە پێشدا بیکووژن هەر ئەو میرزا ڕەحمەتی شافعی یە بوو. ئەو هاشمی فەرهادیانیش، حوسێنی فڕوهەر ئەوەی ئینتیخاب کرد بوو بۆ ئەوەی ئەوەی بکووژێ. بۆ خۆشی خۆی دیاری کرد بوو ئەو ئەوەی دەکا، ئەوەی دەکا بەڵام هیچی نەکرد و ئەوانی دیش هیچیان نەکرد ئەو کابرایە مەستی کرد بوو فڵانی کرد بوو هێنابووی میرزا ڕەحمانی شافعی لە دووکانی بابم لە کن بابم دانیشتبوو، ئەو جوورە دانیشتبوو، بابیشم ئەو جوورە [ ئاماژە بە لای ڕاستی مۆبلەکە دەکاح.ق] دانیشتبوو دەگەڵی قسەیان دەکرد، چایان دەخواردەوە قسەیان دەکرد.
ئەو کابرا هاشمە هات، دەمانچەیەکی دە تیریشی پێ بوو، هاتو لە میرزا ڕەحمانی پرسی میرزا ڕەحمەت لە کوێیە؟ میرزا ڕەحمەتی برات. کوتی بۆچیتە؟ کوتی دەیکووژم . کوتی توڵە چۆنی دەکووژی خوێڕی. کێشە و فڵان و ئەوانە. لە تەنیشت دووکانی بابم کابرایەک بوو ناڵی کەوشانی دەکرد بە نێوی حەمە سەرپان. ئەو حەمە سەرپانە  هەمانکەس بوو کە عیدەیەکی لە خۆی خڕ دەکردەوە دایمە ئەخباری جەنگی بەینەلمیلەلی هیتلێر و ئەوانەی دەکرد مەسەلەی سەید محەمەد ئەوانە دەریان هێنا بوو. مولاحەزە دەفەرمووی، حەمە سەرپانیش بۆ خۆی یەک پا سیاسی بوو، بێ سەواد بوو بەڵام خۆی بە کورد دەزانی، پیاوێکی باشیش بوو. ئەو چەکوچ و شتی ناڵبەندی کە لەوێ بوو میرزا ڕەحمان چەکوچەکەی هەڵدەگرێ حەملە دەکا بە هاشمی. هاشم پاشە کشە دەکا، خەڵکەکە هاشمی هان دەدەن. هاشم دەڕوا فەقیرە. هاشم ئەڕوا میرزا ڕەحمان لە یەخەی نابێتەوە. میرزا ڕەحمانیش پیرەمێرد بوو. لەسەر براکەی کردبووەوە چۆن فڵانفڵان شودە برای من دەکووژی. وانێکەکەی هەڵدەگرێ وەسەری دەکەوێ، دەکەوێتە سەر گیانی هاشمی. لە دووکانی حاجی عەدوولی هاشم پاڵ دەکەوێ ئەویش سواری سینگی دەبێ. کە سواری سینگی دەبێ هاشمیش سێ چوار گولان دەتەقێنێ کە خەڵکەکە هەڵێ دوو سێ گوڵانیش لە سینگی میرزا ڕەحمانی دەدا و دەیکووژێ.
جەبار قادر: ئەی ئەوەی غەفووری مەحموودیان چی؟
بلووریان: ئەوە ئەو بوو دوایەش عەشیرە و مەشیرەی مەنگوڕ و ئەوان چوون هاشمیان کوشت. دوایە غەفووری مەحموودیان ئەوە پێش کۆمار خۆی بە چەپ دانابوو دەیەویست لە داخڵی مەهاباد دا سازمانێکی وەکوو حیزبی توودە دروست کا. مولاحەزە دەفەرمووی. ئەو مەحموودیانە دەگەڵ کۆنسوولگەری شووڕوی لە ڕەزایەش ڕابیتەی گەرمی هەبوو، هاتوچۆی گەرمی هەبوو. دەیەویست شتێکی ئاوا دروست کا. نییە لێرە حیزبی کۆمەڵەی ژێکاف هەبوو، عەرزت دەکەم  ئەو بەشدار نەبوو دەوەیدا و هیچ سەهمێکی نەبوو، دە کوردایەتی یێ دا هیچ نەخشێکی نەبوو، ئەویش جەوانێک بوو ساحێب نام  دەیویست ئەویش کارێک بکا. ئەویش بێ ئەوەی کە بزانێ سۆسیالیزم چییە، توودە دەڵێ چی کێ چ کارەیە. ئەوە هێنابووی حیزبێکی چەپ دروست کا لەوێ. تێعدادێکیش لە کۆمەڵەی ژێکاف لە خوارەوە دژی ئەو بۆچوونەی بوون ئەسڵەن. کەشی چەپایەتی ئەسڵەن دژی ئەو بۆچوونەی بوون. دیارە شایعەی ئەوەش هەبوو کە مەحموودیان لە ژێرەوە دەگەڵ ئێرانیش ڕابیتەی هەیە، لەو لایەش دەگەڵ ڕووسانیش ڕابیتەی هەیە. دوو دووزە بازی دەکا، دوو پەهلوو. ئەو شایعەش هەبوو دەوێدا بەڵام  ئەوەم بۆ سابیت نییە. بەڵام ئەویدیکەم بۆ سابیتە کە ئەو خەریک بوو ئەو سازمانەی دروست کا، کۆبوونەوەشی دروست کرد بوو، عیدەیەکیشی کۆ کرد بوونەوە، تێعدادێکیشم دەناسین کە خەریک بوو شتێکی دروست کا بەو بۆنەوە کووژرا. ئەمن عەقیدەم وایە کە بەو بۆنەوە کووژرا، شتێکی تر نەبوو. لەو ڕابیتەیە دا کووژرا ئەو کابرایە. دیارە بە ناحەق کووژرا.
جەبار قادر: بە ئاگاداری ئێوە لە هاتنی بارزانییەکان بۆ مەهاباد، چۆن بە بیرتان دێتەوە لەو ڕۆژانەیا جەنابتان چیتان کرد؟
بلووریان: ئەمن ئەو دەم کە سازمانی جەوانانم دروست کرد بوو ڕۆژانە دەچووین بۆ لای سازمانی جەوانان. ڕۆژێک کە دەچووین بۆ لای سازمانی جەوانان تەماشامان کرد عیدەیەک تفەنگچی پێچ سوور لە بەر دەرکی مەحکەمەی قازی [ بە دەست ئیشاڕە دەکا] ئەوە دەرکی ماڵی قازی بوو، ئەوەش قەراغ چۆم بوو. موحەجەری لێ بوو عیدەیەکی زۆر دانیشتبوون تفەنگچی پێچی سووریان هەبوو، بارزانی بوون هەموو خر ببوونەوە لەوێ مەلا مستەفاشیان دەگەڵ بوو لەو شوێنە. بەڵام ئەمە ئەو دەمی مەلا مستەفامان نەدیبوو، نەمان دەناسی، نێومان بیستبوو، بەڵام خۆمان نەدیبوو. ئێمەش چووینە پێشەوە لە بارزانییەکانمان دەپرسی مەلا مستەفا کێهەیە؟  بە هەر کەسمان دەگوت مەلا مستەفا کێهەیە دەیگوت ئەمن مەلا مستەفام. ئەوانیتر گەپیان پێ دەدا دەیانگوت ئەوە مەلا مستەفا نییە، ئەمن مەلا مستەفام. ئەویتریش دەگوت نەخێر ئەمن مەلا مستەفام. گاڵتەیان بە ئێمە دەکرد نەیاندەهێشت مەلا مستەفای بناسین کێهەیە. لەباری سیستمی سیاسی خۆیانەوە. لەباری ئەمنییەتی خۆیانەوە دەیانویست پارێزگاری بکەن. ئەمەش تفەنگمان پێ نەبوو، بە دەستی بەتاڵ بووین. جەوان بووین دەچووینەوە یانەکەی خۆمان.
وابوو قازیی محەمەدیش بە دوای مەلا مستەفای نارد بوو کە بێ بۆ نەهارێ بۆ ئەوێ بۆ مەحکەمە. حاجی داودی، حاجی مستەفای داودی کە لەکن قازیی محەمەدی بوو، قازیی محەمەد حاجی مستەفای داودی دەنێرێت کە بچێت مەلا مستەفای بانگ کا بێت بۆ سەرەوە لە قەولی قازی. وەختێکی حاجی داودی هات بۆ ئەوێ داوای کرد کە ئەمن لە تەڕەف قازیی محەمەدییەوە هاتووم  کارم بە مەلا مستەفایە، مەلا مستەفا هاتە دەرەوە. ئەو دەمی ئێمە مەلا مستەفامان دی. بارزانیمان ئەو دەمی چاو پێ کەوت. کە کوتی دەعوەتی کردووی کە تەشریفت بێیە  مەحکەمە و ئەوانە. ئەویش کوتی زۆر سپاسی قازی دەکەم و دوایە دێمە خزمەتی بۆ کاری خۆم  بەڵام ئێستا دەگەڵ برادەران لێرە دانیشتووم، نان و پەنیر و کشمیشیان دابوونێ بە خەڵکەکەی، کۆمەڵەی ژێکاف نانی دابوونێ  کشمیش و نان و هەر کەسە نانی خۆی هەبوو، دەسرەیان دانا بوو نان و کشمیشیان دەخوارد بارزانیش دەگەڵ ئەوان دانیشتبوو نان و کشمیشی دەخوارد ئەویش دەگەڵ وان. کوتی ئەمن دەگەڵ ئەوانە نانی خۆم دەخۆم جا پاشان بۆخۆم دێمە خزمەتی. ئەوە بوو حاجی داودی گەڕاوە، پاشان ئەمن ئیدی ئاگام لێ نەبوو، چ بوو چ قەوما، کەی چووە کن قازیی محەمەدی.
ئەوەڵین بار ئەمن مەلا مستەفام لەوێ دی. ساڵەکە ساڵی نزیکی ساڵی ٢٣-ی بوو. بەینی ٢٢ و ٢٣-ی بوو. دەبێ ساڵی ئاخری ٢٢-ی بێ چونکە ئەو دەمی کە نمایشنامەکەمان دابوو، مەلا مستەفا لەوێ نەبوو کە دەعوەتی کەین بۆ نمایشنامەکە، بۆیە دەڵێم. چونکە ئەگەر مەلا مستەفا هاتبایە ئێران ئەو دەم حەتمەن ئێمە دەعوەتمان دەکرد بۆ نمایشەکە.
جەبار قادر: لە چل و پێنجا هاتوون.
بلووریان: بەڵێ  ٤٥. ئەو نەهاتبوو کە ئێمە نمایشنامەکەمان دابوو.
جەبار قادر: دوای ئەوە دێتە قوتابخانەکەتان.
بلووریان: بەڵێ هاتە قوتابخانەکەمان، لە قوتابخانەکەمان هاتە وێ و بڕێکی بۆخۆی قسە کرد، چەند کەلیمەیەکی بۆخۆی قسە کرد و ئەو کوڕەی دیکەشی دەگەڵ بوو محەمەد قودسی، ئەو شتێکی نووسیبوو لە تەڕەف مەلا مستەفاوە بۆ مەی خوێندەوە کە ئێمە هەموو خوێندکارەکان ڕاوەستابووین، تەشویقی خوێندنی دەکردن و بۆ کورد بخوێنن و بۆ کورد گەورە بن و ببنە پیاوی گەورە ونیشتمانی خۆتان خۆش بوێ ، میلەتی خۆتان خۆش بوێ، خەبات بۆ میلەتی خۆتان بکەن و ئەو جوورە تەبلیغی، شتێکی سیاسی بوو.
کە ئێمەش مەلا مستەفا ئیستقبالمان کرد و کوتیان دێ بە پیلیەوە چووین هەتا بەر دەرگای، وەختی ڕۆیشتیش بە چەپڵەڕێزان و ئەوانە بەڕێمان کرد هەتا ڕۆیشت و ئەوانە.
جەبار قادر: لە جێگەیەکا هەر لەو کتێبەدا [ مەبەستی ئاڵەکۆک، بیرەوەرییەکانی بلووریانە ح.ق] باسی پێوەندی ژێکاف بە سۆڤیەت و ئینگلیزەوە ئەکەن، گۆیا ژێکاف لەگەڵ ئینگلیزیشا پێوەندی هەبووە. مەدرەکیشتان ئەوەیە کە نامەیەک بە ئینگلیزی زەبیحی خەریکی بووە بە دیکشنێری.
بلووریان: عەرزت بکەم ئەو دەمی مستر لاین لە کەرکووکێ بووە نامەیەکی نووسیبوو بۆ کۆمەڵەی ژێکاف. دیارە ئینگلیس سیاسەتی خۆی دەکا ئەویش دەیەوێ دەستی باوێژێتی ناو شت و ئەوانە. نامەیەکی نووسیبوو بۆ ئەوانە داوای پێوەندی دەگەڵ ئەوانە کرد بوو. نامەکەش لە بەر دەست زەبیحی [عەبدولڕەحمان]   و دڵشادی
[ڕسووڵی] بوو خەریک بوون، ئینگلیسییان باش نەدەزانی، خەریک بوون بە کۆمەگی دیکشنێری و ئەوانە ڕاستی بکەنەوە، منیش لەوێ بووم کە ئەمن لە دەفتەرێ کارم دەکرد، لە دەفتەری ژێکاف دا کارم دەکرد بە دەستووری قازیی محەمەد چوو بوومە ئەوێ کە لەوێ پەروەردە بم دەگەڵ ئەوان، زیاتر پەروەرد بم و شت فێر بم.
میر حاچ و مستەفا خۆشناو لە ژێرەوە هۆدەیەکیان دابوونێ. مستەفا خۆشناو، میرحاج کە دەگەڵ مەلا مستەفای هاتبوون، ئەوان لە مەلا مستەفای جودا ببوونەوە هاتبوونە مەهابادێ. ئەو دەمی لە شنۆیێ بوون لەگەڵی بەڵام لەوێ نەمابوون هاتبوونە مەهابادێ هاتبوونە کۆمەڵەی ژێکاف. کۆمەڵەی ژێکافیش لە ژێرەوە وەتاغێکی دابوونێ. من دەگەڵ ئەو دوانە ڕابیتەی دائیمم هەبوو. هەمیشە لە کنیان بووم چون قسەیان بۆ دەکردم، بەحسی تاریخیان بۆ دەکردم، باسی سیاسەتیان بۆ دەکردم، میرحاج باسی سۆسیالیزمی بۆ دەکردم، باسی فێئۆدالیزمی بۆ دەکرم، ئەو شتانە پێی دەکوتم پەروەردە بم. بۆخۆشم عیشق و عەلاقەم هەبوو بۆ زانینی شتی ئاوا زۆر دەگەڵیان خەریک بووم.
مەسەلەی کوردی، کلاسی کوردی مستەفا خۆشناو بۆی دانابووین. دەرسی کوردی پێ دەکوتین. میرحاج تەبلیغی بۆ من دەکرد و ئیمپریالیزم چییە، ئیجتیماع چییە و سەرمایەداری چییە و ئەو جوورە شتانەی دەزانی ئەو چەپ بوو. مستەفا خۆشناو ناسیۆنالیستێکی کوردی تۆخ بوو. جا لەوێ بوو ئەمن هاتمەوە لایان کوتیان لە کوێ بووی، کوتم لە کۆبوونەوەی بووم، لە دەستەری خۆمان دانیشتبووم، کوتی خەریکی چ بوون؟ ئەمنیش هەر وا بە خەیاڵی ڕاحەت کوتم وەڵا هیچ نامەیەکی ئینگلیسییە، نامەیەکی ئینگلیسییە خەریکن دڵشاد و ئەوانە شتی دەکەن، تەرجومەی دەکەنەوە. کوتییە چییە نامەکە چی نووسراوە؟ کوتم نازانم خۆ ئینگلیسییێ نازانم ئەوانیش ئەوە خەریکن تازە بۆخۆیان ئینگلیسییان باش دەزانی نەیانبردبوو بۆ ئەوان، ئەوان تەرجومەی کەن. بۆ خۆیان خەریک بوون دیکشنێری یان دانابوو . لەوەش ئەوانە مەشکووک بوون ئەوە ئینگلیسییێ باش دەزانن دەتوانن بیخوێننەوە بۆ لەوانە کەلک وەرناگرن و شاردوویانەتەوە.
ئەمنیش کوتم وەڵا مستر لاینی، شتێکی ئاوا نووسیویەتی. مستر لاین و ئەوانە. ئەو نامەیە باعیسی ئەوەی  بوو کە ڕووسەکان پێ بزانن بەو نامەیە. چۆنیان زانی ئیتر نازانم، پێ بزانن و ناردیان لە دوای قازیی محەمەدی. قازیی محەمەد دیارە جوابی دابوونەوە کوتبووی کە ئێمە حیزبێکی سیاسین و  زۆر ئەحزابی دیکەی خاریجی دەتوانن پێوەندیمان دەگەڵ بگرن و داوای ئیرتیباتمان دەگەڵ بکەن، دەوڵەتان یان هەر کەس دەتوانێ بنووسێ ئەوە بەستە بەوەیە کە ئێمە پێوەندی دەگرین یا ناگرین. بەڵام نووسینی ئەوان تاوانی ئێمە نییە، سەد کەس هەن، دەوڵەتان بۆ ئێمە دەنووسن و مومکینە سەد دەوڵەتی دیکەش بۆمە نامە بنووسێ، یا هەر شەخسییەتێک بۆ ئێمە نامە بنووسێ، بەڵام ئێمە پێوەندیمان نەگرتووە و ناش گرین. بەڵام نامەکەمان خوێندووەتەوە کارمان بە پێوەندی دەگەڵ ئەوان نییە. مولاحەزەت فەرموو. ئەو مەسەلە بوو کە دوایە پووش بەسەر کرا و خەلاس. دیزە بە دەرخۆنە کرا .
جەبار قادر: هیچ زانیارییەکی زیاتر نەبوو.
بلووریان: نەخێر هیچ دەرنەکەوت، هیچ شتێک دەرنەکەوت. یانی مەسەلەکە ئەسڵەن  ڕەد کرابۆوە، رەدیان کرد بۆوە و جوابیان نەدابوونەوە.
جەبار قادر: باشە چۆن بڕیار درا ژێکاف بکرێ بە حیزبی دێمۆکڕات؟
بلووریان: عەرزت بکەم کۆنگرەی ئەوەڵ کە تەشکیل بوو. منیش دەو شتە دا شیرکەتم کرد بوو. دیارە ئەگە بڵێین کۆنگرە بەو سیستمی کۆنگرە، ئەو شێوە عیلمییە هەبێ، ئەو شکڵە نەبوو  کۆنگرەی ئەوەڵ. کۆبوونەوەیەکی سەرکردایەتی و مەسئوولانی دەرەجە یەکی مەهاباد تەقسیم کرا بوو بە چەندین محەلە. هەر محەلەی کۆمیتەیەکی لێ داندرابوو. کۆمیتەی شمارەی فڵان جێگا، کۆمیتەی یەک مەسئوولی فڵان کەس، کۆمیتەی دوو مەسئوولی فڵانکەس  ئەوانە کۆمیتە کۆمیتە بوون، کۆمیتەی کۆمەڵەی ژێکاف. هەر کۆمیتەیەی لە محەلەی خۆی دا ئیدارەکونەندەی محەلەش بوو. یانی هەر کۆمیتەیەی محەلەی خۆی ئیدارە دەکرد لە باری ئیجتیماعییەوە، لە باری حیزبیشەوە، لە باری سیاسیشەوە. ئەو سەرکۆمەڵانە و ئی جێگای تریش کە لە شارەکانی دیکەش مەسەلەن لە نەغدە و لە ئەوانەش ئەگەر هاتبوون ئەندامی حیزب بوون، ئەوانیش دەعوەت کرا بوون یانی بڵێی کۆنگرە وا تەشکیل دەبێ ئێستا. دەبێ کۆنفڕانسێک تەشکیل بێ و بەدەنەی حیزبی کۆنفڕانسی تەشکیل بدا و  ئەندامی ئینتیخاب کا بەو شێوەی نەبوو. عیدەیەک قازیی محەمەد و یان کۆمیتەی مەرکەزی کۆمەڵەی ژێکاف دەعوەتێکیان کرد بوو لە عیدەیەکی بێن کۆ بنەوە. لەو کۆبوونەوەیە دا بەحسیان کرد بوو. دیارە ئەو بەحسە دەگەڵ ڕووسان بەحس کراوە مەسەلەی کوردستانی مەزن خودموختاری. ڕووسەکان نەزەریان ئاوا بوو، جا ئایا ئەمن ئێستا دەقیق نازانم ئایا ئەوە وەختی قازیی محەمەد و ئەوان چوون بۆ ڕووسییە باغرۆف دەگەڵی باس کردوون ئەو مەسەلەیە یا کۆنسوولی تەبرێز عەلییێف لە تەورێز ئەوەی باس کردۆ.
جەبار قادر: داویان لێ کردوون.



بلووریان: داوایان لێ کردوون کە مەسەلەی کورد، مەسەلەی کوردستانی مەزن کارێکی دشوارە و عەرزت دەکەم لە زاری ئەو دەوڵەتە گەورانە نایەتە دەرەوە و ئەلئان ئەوە لێرەش کە مە لێرەین ئەمە حەقمان نییە دەست لە داخڵی ئێرە وەردەین و ئەوە بۆخۆی شتێکە کە ئەمریکا موخالیفە، ئینگلیس موخالیفە، دنیا موخالیفە ئەوە ناکرێ، بەڵام دەکرێ ئێوە لە داخڵی خودی ئێرانێ دا داوای حەق بکەن. خودموختارێکی داوا بکەن دە چوارچێوەی ئێرانێ دا داوا بکەن، ئەوە ئەمریکاش ناتوانێ موخالەفەتێ بکا، دونیاش ناتوانێ موخالەفەتێ بکا کە حەقی خۆتانە، دیارە لە قانوونی ئەساسی ئێرانێ زەمانی مەشڕووتەشدا شتێکی ئاوا گونجاوە. شتێکی ئاوا تەسویب کراوە.  ئەنخومەنهای ئەیالەتی و ویلایەتی.، دەقانوونی ئەساسی زەمانی ڕەزاشا دا هەبوو، ڕەزا شا نەیکرد، محەمەد ڕەزاشاش نەیکرد. ئەوانەش کە نەیاکردۆ تا ئێستا. ئەو ئەنجومەنی ئەیالەتی و ویلایەتی هەیە دە قانوونی ئەساسی ئێرانێ دا.
جەبار قادر: ئەو کۆنگرەی یەکەمە لە ساڵی ٤٥ بەسترا؟
بلووریان: بەڵێ ئەو کۆنگرەیە لەوێ نێو دەنێن چ بکەن چ نەکەن، کۆمەڵەی ژێکاف چون ئاڕمانی وەی سەرتاسەری کوردستانی گەورەیە بیگۆڕن بیکەنە حیزبی دێمۆکڕات لە چوارچێوەی ئێرانێ دا. مولاحەزە دەفەرمووی، بیکەنە حیزبی دێمۆکڕات و ئە لەوێ نێوەکەیان گۆڕی. جا من عەرزت دەکەم ئەوە بە تەوسییەی ڕووسان بوو، ئەوە کارێکی نادروستە کە ئەنگۆ فێعلەن شوعاری کوردستانی گەورە  هەڵگرن. لە داخڵەوە داوا بکەن باشترە.
جەبار قادر: دوای ئەوە ئێوە ئەچن بۆ تاران.
بلووریان: دوایە ئەمن ئیدی  پاش نمایشی دایکی  نیشتمان، پاش نمایشی دایکی نیشتمان و بوونە کۆمەڵەی ژێکاف لەوێ چوومە کن قازیی محەمەد و قەرار بوو بچم بۆ تەحسیل، عەرزم کردی لە دەبیرستان کەوتر بوو، دەمەویست بچمە دانیشسەرا، دارولموعەلمین. لەوێ بابم ڕێگای نەدەدام دەیگوت دەو سین و ساڵەی دا  ئەمن چۆن ڕێگای تۆ دەدەم بچیە غوربەتێ و فڵان و ئەوانە. بە فەرهەنگی کوردایەتی خۆمان. ڕێگای نەدەدام ئەمنیش چوومە کن قازیی محەمەد کوتم بابم ڕێگام نادا بچم بۆ خوێندن و ئەوانە  دەبێ تۆ یارمەتیم بدەی.
وا بوو ناردی لە دوای بابم پێی کوتبوو ئەگەر تۆ نەینێری من خۆم  دەنێرم و خەرجیشی دەکێشم. غەنی ئینسانێکی باشە، بخوێنێ شت فێر بێ باشترە بۆ دوا ڕۆژی ئێمە کۆمەگە دەتوانێ یاریدەمان بدا و ئەوانە. بە منیشی کوت کوتی تۆ بچۆ بخوێنە لەوێ. دیار بوو ئەو فکرە دە فکری دا هەبوو ئەو کۆمەڵەی کۆماری مەهاباد. کوتی تۆ بچۆ لە دانیشسەرایە بخوێنێ ئەمن ئەگەر لێم گێڕایەوە، دەعوتم کردیەوە بێیەوە ئێرە دەت نێرمە جێگایەکی گەورەتر بخوێنی. بە بایشمی گوت قەولت پێ دەدەم لەوێش هەڵی دەقەنم دەینێرم بۆ جێگایەکی  گەورە بەڵام وەختی خۆی. جارێ با بچێتە ئەوێ. وا بوو ئەمن ڕۆیشتمە دانیشسەرایە دەگەڵ برادەران. ڕۆیشتم بۆ دانیشسەرایە .
جەبار قادر: و لەوێ لەگەڵ عەبدولڕەحمانی قاسملوو ئاشنا بووی...
بلووریان: لەگەڵ قاسملووی ئەوەلین بار چووینە کالیجێ [ مەبەستی دەبیرستانی شەو وڕۆژی کالیجی ئەلبورزە، ح.ق] لەوێ لە کالیجێ دەرس بخوێنم، کالیج پارەی دەدا، شەبانە ڕووزی بوو، ٢٥٠٠ تمەن پارە ئەو دەم دەیاندا، خۆراک و انێکیان دەدایێی و لەوێ دەرست دەخوێند. برادەرانی من هەموو عەلاقەمەند بوون بچنە دارولموعەلمین ، پارەیان پێ نردەدرا بێنە ئەوێ [ بێنە کالیجی ئەلبورز]. هەمووشیان ڕەفیقی من بوون ئەغڵەبیشیان لە دایکی نیشتمان دا هەمکارییان کرد بوو، عەبدوڵای حەکیم زادە و ئەوانە ئەویش دەگەڵ من بوون. کوتی دەبێ دەگەڵ مە بێی و لەمە جودا نەبێوە و چۆن تۆ  ڕێگای خۆت دەگەڵ مە دەگۆڕی و فڵان، ئەمنیان کێشا نەچوومە کالیجێ، چوومە دانیشسەرایە. لە کالیجێ تووشی ڕەحمانی قاسملوو بووم ئەوەڵین جار ناسیم ئەویش هاتبوو لەوێ بخوێنێ. [ لە سەردەمی کۆماری کوردستان دا قاسملوو لە دەبیرستانی ئەلبورز نەیخوێندووە، ئەو دیدارە دەبێ دواتر و دوای گەڕانەوەی بلووریان لە شووڕەوی بێ. ح.ق]
جەبار قادر: لە کالیج لەگەڵ عەبدولڕەعمانی قاسملوو ئاشنا دەبن و پێکەوە دەچن بۆ لای ئێحسان نووری پاشا.
بلووریان: ئێحسان نووری پاشا ئەو دەمی ژیانێکی زۆر فەقیرانەی هەبوو، دەوڵەتی ئێران زۆر یارمەتی نەدەدا. عەرزت دەکەم کۆنتڕۆلێکی زۆری لە سەر بوو.
جەبار قادر: ئەی چۆن توانیتان ئەگەر کۆنتڕۆلێکی زۆری لە سەر بوو.
بلووریان: نەک ئەو کۆنتڕۆڵەی زۆر توند و تیژ بی.
جەبار قادر: یانی قەدەغە نەبوو خەڵک بچێ بۆ لای؟
بلووریان: نا قەدەغە نەبوو. بەڵام کۆنتڕۆڵیان دەکرد ئیتر. بە شێوەیەک کۆنتڕۆلیان دەکرد مەسەلەن سەری بدەن، هاتوچۆی بکەن. یان کەسیان لە سەر دانەنابوو بڵێین لە بەر دەرگاکەی کەسی لەسەر بێ، نا. ئازاد بوو، ئەمەش چووین دەگەڵ قاسملووی چووین. چووینە ژورەوە ژنەکەشی تورک بوو  دیار بوو. [ ئەوە دیدارە دەبێ دوای کۆماری کوردستان بووبێ. ح.ق]
جەبار قادر: یاشار خانم، بەڵێ.
بلووریان: یاشار خانمیش تورک بوو. لەوێ قاسملوو منی مەعرفی کردوو  و گوتی ئەو برادەرە مەسئوولی سازمانی جەوانانی کۆمەڵەی ژێکاف بووە و فڵان و ئەوانە و نمایشی داوە و فڵانی داوە، کوردایەتییە دەکا و عەرزت دەکەم خەباتی سیاسی دەکا و ئەوانە. پێی خۆشە جەنابت ڕەهنەماییەکی بکەی. دیارە ڕەهنەماییەکی ئەوتۆی نەکرد بەو شکڵەی لە تەجروبەکانی خۆی بڵێ بە نەزەری من بۆ وی شتێکی وا بوو کە بۆ من فێعلەن ئەوە زیادییە ئەو شێوە کارە. ئەو شێوە کارەی کە ئەو کردوویەتی بۆ من فێعلەن زووە. فەقەت شتێکی پێ کوتم کوتی لەگەڵ کوردان ئەگەر ڕوو بە ڕوو بووی بە زمانی کوردی قسەی لەگەڵ مەکە، بە زمانی فارسی قسەی لەگەڵ بکە یا تورکی چون کوردەکە خۆی پێ کەمە. ئی خۆی پێ کەمە، ئی غەریبەی پێ گەورەترە. جا بۆیە پێت دەڵێم ئەوە نەسیحەتی من بێ. دە تەجروبەی عەمەلیشدا بۆم سابیت بوو کە ڕاست دەکا. مولاحەزە فەرموو،جا " هەژار"یش        
شێعرێکی هەیە دەڵێ " هەر کە ترکێک گوتی چەکین داڵی / کونە مشکێک نییە لەوان خاڵی "، کە ئەوان بۆخۆیان ئیدارەی حکوومەتیان دەکرد و کوردە سەری دانەدواند ئیدی.
جەبار قادر: هەر لە ساڵی ٤٥[١٩] دا سەدری قازی بە تەلەفوون قسەتان دەگەڵ دەکا و پێتان دەڵێ بگەڕێنەوە.
بلوویان: بەڵێ، ئەو دەم کە کۆماری مەهاباد خەریک بوو دابمەزرێ قازیی محەمەد پەیامی ناردبوو بۆ سەدرولئیسلام کە ئەو دەمی نمایەندەی مەجلیس بوو کە بە غەنی بڵێ بگەڕێتەوە بۆ ئێرە قەولەکەی پێم دا بوو خەریکم عەمەلی دەکەم. بێتەوە مەهاباد. ئەمنیش لە دانیشسەرا بووم، تەلەفوونی بۆ دانیشسەرا کرد بوو سەدری قازی. ڕەئیسی دانیشسەرا ئەمنی بانگ کرد
جەبار قادر: ئەو کاتە ئەو نمایەندەی مەجلیسی ئێران نوو؟
بلووریان: بەڵێ نمایەندەی مەهاباد بوو. کوتی سەدری قازی تەلەفوونی کردۆ ئەتۆ بچیە لای، ڕەئسی دانیشگایە. و ئەمنیش ئیجازەیان دام چوومە خدمەتی ماڵێ. ماڵەکەم پێ دەزانی دووسێ کەڕەتیش چووبوومە لای. وەڵا چوومە لای و پێی کوتم قازیی محەمەد قسەیەکی وای کردووە و گوتوویەتی قەولم پێ دابوو بە فڵانکەسی بینێرمە جێگایەک، پێی نەکوتم بەڵام ئێستاش دەبێ بچیەوە خۆت بە قازیی محەمەدی مەعرفی کەی، بچیەوە مەهابادێ. کوتم جا مەداریک و شتەکەم لە دانیشسەرایە پێیان بڵێ بمدەنەوە، خۆم سەنەد و مەداریکەکەم نادەنەوە چونکوو ئەمن دەبوو پارەی بدەم ٢٥٠٠ تمەن. بە هەر سووڕەت تەلەفوونی کرد شتەکانیان دامەوە و گەڕامەوە.
وەختێکی من گەڕامەوە هاتمە قەزوین میلەتی ئازەربایجان شوورشی کرد بوو. فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان شوورشی کرد بوو، ئەگەر من هاتم قەزوێن گیرا بوو بە دەست ئەوانەوە بوو. هەموو فیدایی تفەنگیان پێ بوو، هەموو بەنیان تێخستبوو تفەنگی بڕنووی گەورە لە شانیان کرد بوو. ئەو موسافیری کە لە تارانێ ڕا دەهات، دەهاتن شناسنامەیان لێ وەردەگرتن. ئەوەی کە فارس بایە دەیانگێراوە و ئەوەی ئازەربایجانی بایە ڕێگایان دەدا. وا بوو شناسنامەی منیشیان کە تەماشا کرد مەهابادیم ئەمنیشیان ڕێگا دا گوتیان بڕۆ. کە هاتمەوە تەورێز تەقە دەستی پێکرد، تەقە دەستی پێکرد کەڵانتەرییەکانیان خەلعی سیلاح کردبوو بە تەقە لە کەڵانتەرییەکان، کەڵانتەرییەکانی دەوروبەری شاری مقەری پۆلیس و ئەوانەیان هەموو کرد و ئەمن ئیدی ئەوی ڕۆژێ، هەر ئەوی ڕۆژێ بە ئۆتۆبووس هاتمەوە بۆ مەهاباد.
کە چوومەوە مەهاباد، چوومە خزمەت قازیی محەمەدی و کوتم ئەمن هاتوومەوە و ئەوانە. کوتی ئەتۆ بڕۆ تەبرێز مەدرەسەیەک هەیە " سۆڤیەت مەکتەبی" بچۆ  سۆڤیەت مەکتەبی لەوێ بمێنەوە بخوێنە، ساڵ پێنجوم بچۆ دانیشە بخوێنە هەتا ئەمن جێ بەجێی دەکەم جەرەیانەکەی، مەحەسیلەکان دەنێرم بۆ باکۆ، بۆ شووڕەوی. کوتم باشە جا دەچم. ئەوەش خەریکی دامەزراندنی حکوومەتەکە بوون. منیش کوتم جا بۆچی ئێستا من بچمەوە وێ خۆ دوایە دەچمەوە با جارێ لێرە جەشنەکە و مەڕاسمەکەی ببینم، بەشداری بکەم جا ئەو دەمی دەچمەوە وێ.
جەبار قادر: دووی ڕێبەندان کە کۆمار ڕا دەگەیندرێ زۆر باس کراوە، زۆربەی وردەکارییەکانی خەڵک دەزانێ، ئەو شتە تایبەتییانەی کە جەنابت یانی حەز دەکەی لێرە دا باسی کەی کە بە ڕەئی تۆ ڕاست باس نەکراوە.
بلووریان: هەر ئەوە بوو کە عەرزم کردی لە وەختێکی لەوێ چوار چرا، سکۆیان دروست کرد بوو قازیی محەمەد چووە سەر سەکۆکەی، لیباسی نیزامی دە بەر کردبوو، مەندیلەکەی دانەکەند بوو کڵاوەکەی لە تەنیشت خۆی دانا بوو، بە خاتری ئیحتیڕامی مەلاکان و ئەوانە مەندیلەکەی هەر ڕاگرتبوو. بەڵام لیباسی نیزامی دەبەر دابوو.
ئەوە بوو منیش دەگەڵ دەبیرستان تێکەڵ بووم. دەگەڵ دەبیرستان تێکەڵ بووم ئەو فیلمە هەیە لێرە نیشانیان داوە جارێک فیلمی کۆماری مەهاباد، لە پێش پێشەوە ئاڵاکەی کوردستانی بەدەستەوە ئەمنم، هەڵم گرتووە دەگەڵ دەبیرستانی. کە ڕۆیشتین پێش قازیی محەمەدی ڕێژەمان دا. ئەمن هاتمەوە سواری ئەسپ بووم دەگەڵ سوارەکانیشدا تێکەڵ بووم چوومەوە ئەوێ.  پاش ئەو مەڕاسیمەی بوو کە ئەمن ڕۆیشتم بۆ تەورێزێ.
جەبار قادر: ئیتر لەوێ دەچن بۆ باکۆ
بلووریان: لەوێ مامەوە هاتە عیدەیەک برادەران هاتن هەڵبژێردران هاتنە موسافیرخانەی ژالە  لەوێ عەرزت بکەم لەگەڵ وان تێکەڵ بووم و بردیانین بۆ مەقەڕێکی ڕووسان لەوێ معایەنەی بەدەنییان کردین. معایەنەی بەدەنییان کردین دەیاننووسی ئەوە بۆ چ ڕشتەیەک و بۆچ دەستەیەک. ئەمن خۆم بۆ هەواپەیما نووسیبوو.
جەبار قادر: تۆ حەزت دەکرد ببی بە فڕۆکەوان؟
بلووریان: بەڵێ، بەڵێ بە فڕۆکەوان و ئەوانە.
جەبار قادر: هیچ کوردێکیان نەنارد بۆ ئەو بەشە؟
بلووریان: نە بە داخەوە، ئەمن خۆم نووسی بۆ فڕۆکەوان، قەلب و شتیشیان معایەنە کردم و دوکتورەکە کوتی ئۆکەی، خەرەشۆ، عەرزت دەکەم  کوتم کە خەڕەشۆم بەنابەرئین دەچمە تەیارەی. وەڵا کە چووینە باکۆیە لەوێ تەقسیم کرا، لە ئازەربایجانییەکان دە دوازدە نەفەریان هەڵبژارد بۆ فڕۆکەوانی بچنە گەنجەی، مولاحەزە دەفەرمووی، بچنە گەنجەی ئەمیش هاتمە دەرێ کوتم ئەمیش خۆم نووسیوە بۆ فڕۆکەوانی و ئەوانە منیش دەگەڵ ئەوانە دەچم. لیستەیان هێنا کوتیان ئەوانەی تێدایە نێوی تۆی تێدا نییە تۆ دەگەڵ ئەوانەی پیادە نیزامی. بڕۆ دە ڕشتەی پیادە نیزام دا ڕشتەیەکی ئینتیخاب کە تۆپخانە بێ، خۆمپارە بێ هەرچی بۆ لەوێ بازی بکە. لێرە کوردی تێدا نییە بۆ تەیارە. وەڵا ئیدی نەیانهێشت.
جەبار قادر: چەند کورد بوون کە ڕۆیشتن؟
بلووریان: ئەمە تەقریبەن پەنجا کەس بووین. پەنجا کەس بووین پێم وا بێ، هەر ئەوەندە. ئیدی وا بوو چووینە وانکێ، پێخۆدنی ئووچیلیشی، یانی بەشی پیادە. دانیشکەدەی نیزامی، بەشی پیادە. ئەمن لەوێ لە بەشی خۆمپارەی نووسیانم، خۆمپارەی کۆمەک بە پیادەی، تۆپخانەی کۆمەگ بە پیادەی هەبوو، تۆپخانەی ٤٥، تۆپخانەی
١٠٥.
جەبار قادر: لەوێ دەرسی سەربازی و فەلسەفە و ...
بلووریان: نەخێر فەلسەفەمان وەکوو دەرس نەبوو
جەبار قادر: فەلسەفەی مارکسی
بلووریان: وەکوو سوخەنڕانی هەمان بوو، فەقەت دەرسی نیزامیمان هەبوو، ئەمن لە ڕشتەی هاوەن بووم، خۆمپارە لەو ڕشتەی دەمخوێند. برادەرانی دیکەش لە تۆپخانە و ئەویدیکەش لە موسەلسەل و ئەوانە بووین تەقسیم کرا بووین بەکار، عەرزت بکەم لەوێ..
جەبار قادر: چەندێک مانەوە لەوێ؟
بلووریان: عەرزت بکەم  ئەمە دەورەی ئەو مەدرەسەیەی دوو ساڵ بوو، ئێمە بۆیان کۆ کردبۆوە، بۆیان کردبووینە یەک ساڵ. ڕۆژانە تەقریبەن دە سەعاتان دەرسیان پێ دەکوتین، بە ڕۆژ و بە شەو. بە شەو عەمەلی، بە ڕۆژ دەرسی کلاسی. ئەفسەرێکی سیاسیشمان هەبوو، ئەسڵانۆف حەفتەی جارێکی دەهات بەحسی سۆسیالیزم و  بەحسی سۆسیالیزم و فەلسەفە و ئەوانەی بۆ باس دەکردین. داواشی دەکرد کەسێک عەلاقەی هەیەتی دەتوانن بێن پرسیارێ بکەن. ئەمیش مایۆرێکی دیکەمان هەبوو، مایۆر حوسێنۆف عەلاقەم پێی هەبوو، ئەویش ئەفسەری سیاسی بوو، ئی بەشی خۆمپارەی. هەر بەشەی کە خۆمپارە و تۆپخانە و گرووپ گرووپ بوو ئەفسەرێکی نیزامی هەبوو، ئەفسەرێکی سیاسیشیان هەبوو. جا حوسێنۆف ئەفسەری سیاسی مەش بوو.
جەبار قادر: ئێوە هەر لەوێ ئەبن هەواڵی نەمانی ڕووخانی کۆمار دێ.
بلووریان: بەڵێ ئێمە لەوێ خوێندمان و دەرسەکەمان تەواو کرد، دەرسەکەمان تەواو بوو شەوانە دەچووین عەمەلییاتی نیزامیمان دەکرد لە سەحرا و لەوانە نیزامی و پارتیزانی و ئەو شتانە. دوایە ئیدی دەرسەکەمان خلاس بوو، کە دەرسمان خلاس بوو شایعە درا کە ئەمە دەگەڕێننەوە. حکوومەت تەشکیل بۆ و فڵان و جەیش لەوێ تەشکیل بۆ، ئێمە دەنێرنەوە بچینەوە سەر کاری خۆمان. مەئموورییەتی خۆمان ئەنجام بدەین کە لێرە دەرسمان خوێندۆ بچین ببینە زابتی حکوومەتی خۆمان.
ئەوە بوو ئەوانە هاتن ئیمتیحانیان کردین، ئیمتیحانیان کردین و هەر کەسە دە عەرزی سێ ڕۆژان دا تەواوی ئیمتیحانەکانیان خڵاس کردین، هەموو دەرچووین لە ئیمتیحانەکەمان. لە تیرەندازی و لە زۆر شتی دەرسی نیزامی و ئەوانە. ئیمتیحانیان کردین و دەرسمان وەرگرت و هەر یەکەی دەستێکیان لیباس داینێ، سێ میتر پارچەی ڕەنگی ئەفسەری دەگەڵ ئەستێرەیەک. ئەستێرەیەکی پچکۆلانە، کە پچین لیباسەکەمان بدروین و ئەستێرەیەکیش لە خۆمان دەین. ئەویشمان وەرگرتبوو. وا بوو چووین دامان بە خەیات و لیباسەکانمان تەواو ببوو، تەواو نەببوو کوتیان بابە وەڵا تێک چوو مەسەلە.
جەبار قادر: چۆن هەواڵەکەتان پێ گەیشت؟
بلووریان: ئێمە لە ڕادیۆی هیندووستان گوێمان لێ بوو. ئێمە ڕادیۆیەکمان هەبوو لە مەدرەسەکەمان، ڕادیۆیەکی گەورەمان هەبوو ڕووسی لەوێ ئەغڵەب بە فارسی بەرنامەی ئەخباری دەگوت و ئەمە زۆر جاران دەمانگرت. لەوێ مەسەلەی ئینتیخاباتی ئازەربایجانیان باس کرد کە ئەڕتەشی ئێرانێ بۆ ئینتیخابات چۆتەوە تەبرێز، ئازەربایجان لەوێ کە ئینتیخاباتێ بکا. حەڕەکەی کرد بوو. یەک لەوێ بوو، یەک لەوێ بەحسی بارزانی کرا لە ڕادیۆکە دا کە بارزانیش لە مەنتەقەی سۆفیان و لە مەنتەقەی سێڵوێ و ئەتڕافی شنۆ دەگەڵ حکوومەتی ئێرانێ دەرگیری شەڕە. ئەوەشمان لە ڕادیۆی گوێ لێ بوو.
ئەوەمان کە دیتمان ئەو قەزییە هەیە ئێمەش چووینە کن ماڵشانۆف ڕەئیسی دانیشکەدەکەمان پۆخۆدنی ئووچێلیشی کوتمان ئێمە ناچینەوە سەر کلاس تازە. ئەوە دەرەجەمان وەرگرتووە ئیمتیحانیشمان دراوە و دەرسمان خەلاس بووە ئێمە دەبێ بچینەوە کوردستان و ئەلئانیش کوتیان کوردستان وەزعییەتی فڵانە و فڵانە، کوتمان ناچینەوە کوردستان بمان نێرە کن مەلا مستەفای لە شاخی، شاخەکانی شنۆ. کابرایەکیشمان هەبوو ئەفسەری تۆپخانە بوو عەلییێف؛ سەرهەنگ عەلییێف یەکێک لە ئەفسەران پارتیزانی دەروازەی مەسکەوی بوو دە موقابیل ئاڵمانی دا. بۆ دیفاعی پارتیزانی بوو لەوێ بوو. عەلییۆف ئێمەی تەحریک دەکرد کە بچن داوا بکەن بڵێن ئێمە بنێرنە کن مەلا مستەفای عەلییێفیشمان دەگەڵ بنێرن. ئەمن دەگەڵوو دێم دەتانبەمە کن مەلا مستەفای خۆشم دەگەڵ مەلا مستەفای هەمکاری دەکەم ئەمن پارتیزان بووم و فەرماندەی پارتیزانیم عەلەهی هیتلێری کردووە و فڵان و ئەوانە. ئەمەش چووین ئەوانەمان داوا کرد کوتمان دەچینەوە، ناچینەوە سەر کلاس و بمانبەنەوە بۆ لای مەلا مستەفای.
ئەوە بوو کوتیان ئەمە  ئاوا نابێ. ئێمە بۆخۆمان تەسمیم ناگرین دەبێ مەسکەو دەستوور بدا، ئێوە بە دەستووری مەسکەو هاتوون، تەسمیمیش مەسکەو دەیگرێ کە ئێوە چ دەکەن. هەر کەسە بەخەتی خۆی نامە، دەستەجمعی نا، هەر کەس نامەی خۆی بنووسێ خواستەکانی خۆی بۆ ڕەفیق ستالینی. عینوانەکەشی بۆ ڕەفیق ستالینی بنووسن. بینووسن ئێمە دەینێرین ئەوان هەر دەستوورێکی بدەن ئێمە وانێکی دەکەین.
جەبار قادر: ئێوە نامەتان نووسی..
بلووریان: ئەمن نامەم نووسی بەو نێوەی  کە ئەمن کابرایەک بووم سیاسی بووم، مەسئوولییەتم بووە، خەباتم کردووە و ئەوانە هاتووم، خەبات دەکەم بۆ میلەتی خۆم و  هاتووم لێرە دەرس بخوێنم خزمەت بە میلەتی خۆم بکەم نەهاتووم لێرە بمێنمەوە ئیدامە بە تەحسیل بدەم یا دەرسی دیکە بخوێنم. ئەمن دەمەوێ داوا دەکەم بە چ شکڵێک یا ئیجازە بدەن بمنێرنەوە وەکوو ئازاد بۆخۆم، یا بماننێرنەوە کن مەلا مستەفای یا ئینکی ئیجازە بدەن بۆ خۆمان ئینتیخابی ڕشتەی خۆمان بکەین ئەگەر بمێنینەوە لێرە چ ڕشتەیەک خۆمان هەڵی بژێرین کە من داوا دەکەم لە کلاسی شەڕق بخوێنم. کلاسی شەرق لە باکۆیە هەبوو، ئەو دەمی کلاسی شەرقیان پێ دەکوت، کلاسی ماکسیزم – لێنینیزم بوو. ئەوەم دەزانی هەیە لەوێ. یا لە کلاسی شەرق ئەمن لەوێ بخوێنم. ئیمزام کرد و دامنێ و هەر کەسەش بۆخۆی برادەران، ئی وا بوو داوای کرد بوو ئێمە هەر دەچینەوە ناش خوێنین و ئی وابوو کوتبووی دەخوێنین و فڵان و بەهەر سووڕەت نامەکانمان نارد بۆ ستالین و لەوێ دەستووری دابوو. دیار بوو لە وەزاڕەتی دەوڵەتی ئێرانێشدا دەگەڵ شووڕەوی بەرخوردیان کرد بوو، داوایان کرد بوو بیانگەڕێننەوە. شووڕەویش دەگەڵ ئەوانە موافەقەتی کرد بوو کە بە شەرتێکی ئەوانە ئەزیەت نەکرێن، فڵان نەکەن ئێمە دەیاننێرینەوە. ئەوان عیدەیەک موحەسیل بوون هاتبوون دەرس بخوێنن کارێکی دیکە نەبوو. موافەقەتیان کرد بوو لە سەرەوە ڕا بۆ خۆیان. ئەوە بوو موافەقەتیان کرد کە ئێمە دەتوانین بچینەوە. ئەوە بوو هێنای و سواری قەتاری کردین و
جەبار قادر: چەند کەس بوون کە گەڕانەوە؟
بلووریان: سواری قەتاری کردین، تەقریبەن سەید کەریمی ئەیووبی و ڕەحیمی قازی و عەزیزی شەمزینی،
جەبار قادر: یانی پینچ شەشێکتان لێ بەجێ ما.
بلووریان: پێنج شەشێکی ئا لەوانە مانەوە ئەمە هاتینەوە. ئێمە هاتینەوە، دیارە ئێمە بۆخۆمان قسەمان کرد. ئەمن پێم کوتن بە برادەران کوتم کاکە ئەمن ئەهلی سیاسەتم دەچمەوە کاری سیاسی دەکەم، ئەوەی دەکەم، ئەوەی کردوومە حیزبایەتیم کردووە، سازمانی جەوانانم هەبووە لەوێ دیسان ئیدامە دەدەم بەو کارەیەوە. لێرە بۆ من نابێ، لێرە ناگونجێ بۆ من. چکارێکمان هەیە لێرە خدمەت بکەم و ئەو دەوڵەتەش بە من ئیحتیاجی نییە ببمە ئەفسەری ڕووسیە یا چی. ئەوە بوو بەڕێیان کردین ڕۆینەوە هاتین سواری قەتاری بووین ناردیانینە جوڵفایە لە سەر پردێ ڕا گوێستمانەوە هاتینەوە.
جەبار قادر: گەڕانەوە مەهاباد
بلووریان: گەڕاینەوە مەهاباد بەڵێ.
جەبار قادر: مەهابادتان چۆن بینی؟
بلووریان: وەڵا لە مەهابادێ برادەرانی ئێمە دە زیندانێ دا بوون. خەڵکەکەش، وەڵاهی خەڵکێکی مردوو، خەفە عەرزت دەکەم غەمگین، ناڕەحەت.
جەبار قادر: دوای ئەوە، ئێوە جارێکی تر ئەچن بۆ تەهران بۆ خوێندن.

بلووریان: دوایە لەوێ کە مامەوە ماوەیەک براکەم دە زیندان دا بوو، ئیجازەی مولاقاتێکم وەرگرت چوومە زیندانی مەهاباد مولاقاتی ئەوم کرد و هاتمەوە، لەوێ کە هاتمەوە بابم وانێکی کرد، بابم پێی خۆش نەبوو لە مەهابادێ بمێنمەوە دەیزانی خەریکی ئاڵۆزی و .. م بۆ خۆی دەزانی خسووسییاتی دەناسیم، گێرە کێشەی دروست دەکا کوتی هەستە بڕۆ بۆ تاران. بچۆ بخوێنە، هەرچی دەخوێنی بچۆ بخوێنە. ئەوە بوو چوینە تاران بۆ خوێندن دەگەڵ محەمەدی ڕەیانی و قادری مەحموودزادە. کە دەگەڵ من ئەوانیش لە شووڕەوی بوون. چووینە تارانێ لەوێ دەبیرستانی بازرگانی بخوێنین. دەبیرستانی بازرگانی ڕێگایان نەداین چووینە دانیشکەدەی ئەفسەری ببینە ئەفسەر. دانیشکەدەی ئەفسەری کوتیان ئێوە هاتوونەوە لە شووڕەی، کۆمۆنیستن و فڵان و ئەوانە، لەکەدارن و نێوچاوانوو [ دەست بۆ نێوچاوانی دەبا. ح.ق] مۆری پێوەیە و فڵان و ئەوانە دانیشکدەی نیزامی بۆ ئێوە نابێ یاڵا وەدەرکەون. وەدەریان ناین خولاسە. ڕێگایان نەداین، لەوێ ماینەوە لە دانیشسەرایە ماوەیەکی،کە پاش ماوەیەکی کە من لەوێ مامەوە بابم عەمری خودای کرد بوو، خەبەریان پێ دام کە بابم عەمری خودای کردووە  ئیدی ئەمن گەڕامەوە مەهاباد. کە گەڕامەوە مەهاباد خەریکی دامەزراندنەوەی حیزب بوومەوە.
جەبار قادر: هەوڵی دامەزراندنەوەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانتان داوە؟
بلووریان: بەڵێ، بەڵێ
جەبار قادر: چۆن دەستتان پێ کرد؟ کێ بوون ئەوانەی کە ڕۆڵی سەرەکیتان بینی؟
بلووریان: وەڵاهی ئەوەی سەرەکی بوو قادری مەحموودزادە بوو، عەزیزی فەرهادی بوو، کە عەزیزی فەرهادیش هەر مردووە، قادری مەحموودزادەش نەماوە، محەمەدی شاپەسندی بوو کە ئێستا لە بەغدایە ئەو ڕۆژانە هاتبۆوە سولەیمانی، ئێستاش هەر ماوە لەوێیە،محەمەدی شاپەسندی بوو ئەوانە، سەدیقی خاتەمی بوو ئەوانەم دەعوەت کرد بۆ ماڵی خۆم  لەوێ داوام لێکردن کە حیزب ساز کەینەوە. حیزبی دێمۆکڕات ساز کەینەوە. وا بوو خوب چ بکەین چ نەکەین دەبێ بەیانێکی دەر کەین کە خەڵک بزانێ کە حیزب زیندوو بۆتەوە، ساز بۆتەوە و تەوەجوهی خەڵک ڕاکێشین بۆ لای خۆمان. بەڵام بۆ ئەوەی کە ئێمە بەیانەکەی دەر کەن نە پارەمان هەبوو ،
جەبار قادر: ئەمە ساڵی ٤٧ (١٩) بوو
بلووریان: بەڵێ پاش ساڵی ٤٦ بوو
جەبار قادر: یانی دوای لە سێدارەدانی قازیی محەمەد؟
بلووریان: پاش لە سێدارەدانی قازیی محەمەد بوو. دوایە کوتمان بەیانی سادر کەین. دەبێ بە چاپ بیکەین، نە چاپخانەمان هەبوو، نە پووڵی چاپمان هەبوو، نە ئیتمینانمان هەبوو لە تەورێز بچین پارە بدەین وکابرایەکی چاپچی بدەین و بۆمان چاپ کا، تەحویلی دەوڵەتمان دا. نەمان وێرا، نامەیەکمان نارد کە
جەبار قادر: دەچن بۆ کوردستانی ...
بلووریان: نامەیەکمان نارد بۆ تارانێ ئەو دەم حیزبی توودە، حیزبێکی دێمۆکڕاتیک بوو -هێستا نەببوو بە مارکسیزم – لێنینیسم. ئێعلامی مارکسیزم – لێنینیسمی هێستا نەکرد بوو. ئەو دەمی حیزبی توودە نەشرییەکی دەر کرد بوو بە نێوی " حزب تودە چە میگوید و چە  میخواهد"؟ حیزبێکی دێمۆکڕاتیک بوو. ئەسڵەن ئیدێئۆلۆژی مارکسیزم – لێنینزم هێستا پەسند نەکرابوو ئەو دەمە. کەمە ناردمان ئیحسانی تەبەری لە " خانەی صلح " دەبوو، سازمانێکیان دروست کرد بوو لە تاران حیزبی توودە بە نێوی سازمانی سوڵح، ئەغڵەب ئێحسانی تەبەری لەوێ دەبوو. سوخەنڕانی دەکرد، فڵانی دەکرد. ئێمە قادری مەحمودزادەمان دەگەڵ عەزیزی فەرهادی ئەو دوانانەمان  نارد کە بچنە تارانێ دەگەڵ ئەوی ببینن ئەو دەقی نامەکەی مە بدەن پێی بڵێن بۆ مان چاپ کەن ئێمە لێرە بڵاو  دەکەینەوە.
یارمەتیمان بدەن ئەنگۆ حیزبێکن و داوا دەکەن کۆمەک بە زەحمەتکێشان دەکەن و فڵان دەکەن ئێمەش زەحمەتکێشین فەرموو یاریدەمان بدەن ئەوەمان بۆ چاپ کەن، پیاوەتیمان دەگەڵ بکەن. تەمریشمان بۆ چاپ کەن، تەمری حیزبی دێمۆکڕات بۆ وەی کە بتوانین کۆمەگ و یارمەتی وەرگرین و بۆ خۆی تەبلیغیشە تەمرەکە. ئەوە بوو هاتین دیار بوو ئێحسان تەبەری ماوەیەکی خایاند بوو هەتا جوابی دانەوە ئەوانە بۆ خۆیان، ڕەدیان کردبۆوە. ئێحسانی تەبەری، بە برادەران، بە قادری مەحموودزادەی کوتبوو کاکە گیان ، دادگای نیزامی، ئێستا دادگای سەحرایی ئێستاش هەر بەردەوامە لە مەهابادێ، لەغو نەکراوەتەوە. خەتەرە ئێوەش بگرن لەو دادگایەی بتانبەنە دادگای نیزامی لەوێ ئێعدامتان بکەن. جارێ ئەو کارەی مەکەن، بڕۆن لە ژێرەوە خەریکی سازمان بدەن، سازمانی مەخفی دروست کەن، کۆمیتەکان زیندوو بکەنەوە ئەوانەی کە هەبووە قەبلەن لە دێهات و ئەوانە هەمووی زیندوو کەنەوە ئامادەی بکەن، زەمینەی پەیدا کەن ئەوە چەند ساڵی دەوێ. بەیانیشی ناوێ، بەیان دوژمن وشیار دەکاتەوە. ئەو بەیانەی مەکەن. دیارە نەیوێرا بوو. ئەوان ئەو دەمی دە دەوڵەت دا وەزیریان هەبوو. ئەوان وەزیریان هەبوو پێیان خۆش نەبوو خەتەرێک ببێ بۆ وان. نەزەری من ئەوەیە کە، ئەو بەهانانە، بەهانەجوویی بوون. بۆ وەی دەترسان ئەوەی لەوان بکەنە مەدڕەک کە ئەو ئیعلامییە ئەوەتا بۆتان چاپ کردوون وە وەدەریان نێن لە کابینە و ئەوانە. لە دوایەش ئەسڵەن وەدەریان نان، بەڵام نە لە سەر ئەوە.
بە هەر سوورەت ئەمە هاتینەوە برادەران کوتیان نەبۆ چ بکەین چ نەکەین کوتمان دەینێرین بۆ پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستانی عێڕاق لەوێ یاریدەمان بدەن ئەوەمان بۆ چاپ کەن. کێ بچێ و کێ نەچێ یەکیان کە موعەلیم بوو قادری مەحموود زادە کوتی ئەمن موعەلیمم و ئەویدیکەش. ئەمنیان ئینتیخاب کرد دەگەڵ محەمەدی شاپەسندی. ئەو دوانە ئیتیخاب کرا ئێمە بچین. ئێمە ئیسفەندی ساڵی ٢٦، ١٣٢٦ عەرزت بکەم دەگەڵ محەمەدی شاپەسندی وەڕێ کەوتین ڕۆیشتین بۆ کوردستانی عێڕاق. لە کوردستانی عێڕاقدا هاتین بۆ هەوڵێر و لە هەوڵێر چووینە خانەقای شێخ مەزهەر، پرسیمان، زانیمان کە لەوێ خانەقای شێخ مەزهەر هەیە چووینە ئەوێ کە لەوێ  یارمەتیمان بدەن بەڕێمان کەن بۆ سولەیمانییێ. ئەوە بوو چووینە وێ لەوێ کۆمەگیان پێ کردین بە سایق و مایق و ئەوانە بردیانین بۆ کەرکووک.
لە کەرکووک کەبابخانەیەکی لێ بوو کەبابخانەی کوردان. زۆر کوردی تێدا بوو. لەبەر کەبخانەکەی دابەزین و ئەوانە. کابرای سایق هەر لەوێی دابەزاندین کوتی ئەوە کەبابخانەی کوردانە لێرەوە کۆمەگوو پێ دەکەن. وەڵا هەستاین و ڕۆیشتین چووینە کەبابخانەکەی لەوێ کەباب و شتمان خوارد و لەوێ یاریدەیان داین چووین بۆ سولەیمانی و چووینە ماڵە شێخ لەتیفی. چووینە ماڵی شێخ مەحموود، چووینە ماڵی شێخ لەتیف کە
جەبار قادر: شێخ لەتیف کوڕی شێخ مەحموود
بلووریان: [ لەگەڕەکی] کانیاسکان. [ دەبێ مەبەستی دێی سیتەک بێ لە دەوروبەری سلێنمانی. ح. ق] چووینە ئەوێ عەرزت دەکەم لەوێ حەسەنی قزڵجی لەوێ بوو، محەمەدی سەمەدی لەوێ بوو، زەبیحی لەوێ بوو. ئەو سیانە لەوێ پەناهەندە بوون لە لای شێخ لەتیفی. ئەوانیش لەوێ بوون. لە دێی سیتەک بوون ئەمەشیان بردە دێی سیتەک. شێخ لەتیف من و محەمەدیش بردە سیتەک لەوێی داناین.
مەسەلەکە ئەمە دەگەڵ ئەوانەمان باس کرد کە ئەمن ئەلئانەکە دەڵێم قزڵجیش هەر دەگەڵ ئێمە بوو. حیزبی دێمۆکڕات یانی بۆ زیندووکردنەوەی حیزب ئەویش دەگەڵمان بوو. بەڵام ئەو موخالیفی ئەوەی بوو کە حیزبی دێمۆکڕات بێ. ئەو دەمی دەیکوت هەر ژێکافی دابنێین چاترە. بە نێوی  ژێکاف ئێعلامییەکەی بڵاو کەینەوە. حیزبی دێمۆکڕات حکوومەتی تەشکیل داوە، ئەگەر بشگرن و فڵان بە نێوی حیزبی دێمۆکڕات ڕاست دەکەن مەحاکەمە و شتیشوو هەیە بەڵام  کۆمەڵەی ژێکاف نێوی نەبۆ ئەو دەم لەوێ. هەر ژ.ک یكی بۆ دەنووسین و بەیانییەکەی بڵاو دەکەینەوە. دوایەش ئەگەر حیزبی دێمۆکڕاتیشوو هەر زیندوو کردەوە فێعلەن ئەو بەیانییە وشیارییەی دەدا دەتوانن ئەو کارەی بکەن. دیارە موجەلەکەمان بە نیوی موجەلەی رێگا بوو، نووسیمان و ئامادەمان کرد و چاپمان کرد و شێخ لەتیفیش.
جەبار قادر: لەوێ نووسیوتانە زمانحالی " ژیانی کورد" ، کۆمەڵەی ژیانی کورد
بلووریان: کۆمەلەی ژیانی کورد. ئەوە نەزەری مامۆستا حەسەنی قزڵجی بوو کە " ژیانی کورد " بێ.
جەبار قادر: بۆ ژیانی کورد نەک ژیانەوەی کورد؟

بلووریان: بۆچی ژیانی کورد. ئەخر ئەمن بە نەزەری من ژیانی کورد هەر هەیە، ژیانەوەی کورد باری سیاسی قەزیەی هەیە. مولاحەزە دەفەرمووی. یانی موبارەزە، ژیانەوە یانی موبارەزە. جا لەبەر ئەوەی دروستتری ژیکاف، ژیانەوەی کوردە هەتا ژیانی کورد. ژیانی کورد ئەوە هەیە و عادییە و خەڵک  ژیان دەکا. بەڵام ژیانەوەی کورد مەبەستی سیاسی تێدایە.
جەبار قادر: چەند ژمارەتان لەو گۆڤارە بڵاو کردەوە؟
بلووریان: وەڵا یەک شمارەمان بڵاو کردەوە دەگەڵ تەلیعەکەی. مەجەلەی ڕێگا تەلیعەکەی بەیانێک بوو کە دەعوەتمان لەخەڵک کرد بوو هەمکارێ بکەن و فڵان بکەن. قەراریشمان دانا  فێعلەن موجەلەکە دەستاودەست بڵاو کەینەوە جا پاشان بەیانەکەی دەر بکەین چون بەیانەکە بە دیوارییەوە دەندرا، دە ماڵان داوێژرا، موجەلەکە دەستاودەست دەکرا.
جەبار قادر: بۆ نەتان توانی ژمارەی تر دەرکەن؟
بلووریان: وەڵاهی من کە لەوێ هاتمەوە محەمەدی شاپەسندی نەهاتەوە دەگەڵم. نەهاتەوە دەگەڵم قەراریش بوو ئێمە بێینەوە موبارەزەی ئیدامە بدەین نە ئەوەی کە لەوێ بمێنینەوە. محەمەد نەهاتەوە دەگەڵم و لەوێ ڕۆیشت دەگەڵ زەبیحی و ئەوانە ڕۆیی بۆ بەغدا ئێستا لەوێ ژن و ماڵی پەیدا کردۆ و ئێستا ماوەتەوە لەوێ هەر ئیتر واریدی سیاسەت نەبوو.
جەبار قادر: هەر لەو سەردانە دا شێخ مەحموودیشت بینی؟
بلووریان: بەڵێ هەر لەو سەردانە بوو دەگەڵ شێخی لەتیفی دەگەڵ شێخ مەحموودی.
جەبار قادر: یانی چۆن چوون؟
بلووریان: وەڵاهی ئەمن لە شێخ لەتیفم داوا کرد کوتم پێم خۆشە شێخ مەحموود پیاوێکی گەورەیە، شەخسییەتێکی تاریخی یە، عەرزت بکەم پێم خۆشە دیدارێکی حزووری و نزیکم دەگەڵ شێخ مەحموود هەبێ.
کوتی باشە ئەمن دەچمە " داری کەلی" قسەی دەگەڵ دەکەم. چوو بووە داری کەلی، داوای لێ کرد بوو کوتبووی گەنجێکی وا هەیە حاڵ و قەزییە ئاوایە پێی خۆشە ئەتۆ ببینێ. زۆریشی پێ خۆش ببوو گوتبووی زۆرم پێ خۆشە بیهێنە.
دیارە لە " داری کەلی" دارێکیان ڕایەڵ کرد بوو ماشین و ئەوانە کە دەهاتن، تڕۆمبێل ئیجازەیان دەبوو لە شێخ وەرگرتبایە. کە ئەو تڕۆمبێلە کێ یە و کێ نییە. شێخ  ئیجازە دەدا یا نادا. مەقسەد ئەوە بوو ئەگەر مەقاماتی دەوڵەتی هاتن شێخ ئیجازەی دەدا یا نەدەدا. هەر کەسێک بێ. وەبوو ئێمە دەگەڵ شێخ لەتیف چووین خۆ شێخ لەتیف دارەکەی بۆ ڕاناگرن. دەگەڵ شێخ لەتیف چووین، شێخ مەحموود لە هەیوانەکەی ڕاوەستا بوو. شەدەیەکی گەورە و سمێڵێکی زەلامو، ئیدی ئەگەر ئەمن چوومە پێشێ، شێخ لەتیف ئەمنی وەپێشەوە خست، کوتی بڕۆ، ىچۆ ئەوەتا شێخ مەحموود. وەڵا چووم بۆ وێ شێخ دە باوەشی کردم و دە باوەشی گرتم و دەگەڵ خۆی بردمیە ژوورێ. وەڵا بۆ خۆی دانیشتبوو لە لای سەرەوە لەسەر دۆشەگێکی منیشی لە تەنیشت خۆی دانا. وەڵا ئیدی تەقریبەن لەوێ نەهارێکمان دە خزمەتی دا خوارد.
جەبار قادر: باسی چی بۆ کردی؟
بلووریان: وەڵاهی ئەو کوتی یەک نەسیحەتێکت بکەم  دەستە برا. کوتم بەڵێ فەرموو! کوتی بۆ کورد خەبات ئەکەی هەر ئاڕمانجێکت هەیە، هەبێ ئاڕمانجەکەت بەڵام بۆ کورد خەبات بکە. کوردایەتییەکە لە هەموو شتێک لە پێشتربێ. نەک باڵشویکی. بیستوومە کە چوویە نێو باڵشویکان و لەوێرا هاتوویە. کوتم بەڵێ قوربان. چوومە وێ و هاتوومەوە بەڵام هەر کوردم. هەر بە کوردایەتی چووم بە کوردایەتیش گەڕاومەتەوە. کوتی ئافەرین هەر کوردایەتییەکەی بکە و ئەگەر باڵشویشکیشت دەمێشکی دا هەیە قەید ناکا بۆ خۆت، بەڵام کوردایەتییەکە موهیمترە، کوردایەتییەکە بکە. کوتی من دە وەختی خۆیدا دەگەڵ یەزیدیانیش دۆستایەتیم کردووە هەتا تفەنگچی کێشکی خۆم شەوانە کە دەنوستم  لە یەزیدییەکانم ئینتیخاب دەکرد کە کێشکم بدەن چون لە مەلای کورد دەترسام.
جەبار قادر: یانی موسوڵمانێکی توندڕەو نەبووە.



بلووریان: کوتی ئەمن لە مەلای کورد دەترسێم چون مەلای کورد زۆر زوو خۆی دەفرۆشێ، نەی گوت کەلیمەی خۆفرۆشی، گوتی زوو هەڵدەخەلەتێ. جا بۆیە کە مەسەلەن. بەڵام کوتی ئەوانە، ئەو ئەقەلییەتە مەزهەبیانە ئەوانە ئەو وانێکەیان نیە، ئەوانە زیاتر جێی ئیتمینانن بۆ وەی نەفرۆشن و معامەلە نەکەن و پووڵ بدەن و شەوێ من بکووژن و فڵان و ئەوانە. مەقسەدی ئەوە بوو کە ئەمن دەگەڵ باوەرهای دیکەش. من موخالەفەتم نییە. دەیویست فکرێکی دێمۆکڕاتیک بۆ من بەیان بکا. کوتی ئەمن دەگەڵ ئەوانە مەسەلەن کێشکی خۆم بۆ ئەوانە لە یەزدییەکانم ئینتیخاب دەکرد کە موسوڵمانیش نین. هەموو پێشمەرگەکانی من ئەغڵەب موسوڵمان بوون من ئەوانیشم هەبوو بەڵام کێشکی محەلی ماڵە خۆم  کە بۆخۆم دەنوستم لە هەر جێگایەکی لەوانەم ئیتیخاب دەکرد. کە واتە من دژی ئەفکاری تر نیم.
جەبار قادر: کە دێنەوە مەهاباد دەگیرێن؟
بلووریان: وەڵا هاتینەوە مەهاباد. کە هاتینەوە مەهاباد نەگیرام بیلافاسیلە ئەمن. کە هاتینەوە مەهاباد شتەکانمان بڵاو کردەوە.
جەبار قادر: دوای ئەوەی ئەو کابرایە تەقە لە شا دەکا.
بلووریان: بەڵێ لەوێ ئەو شتانەمان بڵاو کردەوە کە
جەبار قادر: ناوی ناسری فەخرارایی بوو.
بلووریان: ناسری فەخرارایی ساڵی ١٣٢٧
جەبار قادر: یانی ٤٧ ، ٤٨
بلووریان: ساڵی ٤٨(١٩) تەقەی لە شای کرد کە دەستی شکێ چاکی نەنگاوت.                
جەبار قادر: ئیتر کەوتنە گیان توودەیی
بلووریان: ئیتر کەوتنە گیان ئەشخاسی سیاسی، توودەیی ئەو دەمی نەبوو لەوێدا. نێوی توودە لە کوردستانی  وجوودی نەبوو ئەسڵەن.
جەبار قادر: لە ئێران هەمووی باس دەکەم.
بلوووریان: لە ئێران. بەڵێ لە ئێران حەملەیان کرد، بەڵام لە کوردستانی مە ئەو بەشە نەبوو. لە کوردستانی مە ئەو کەسانەی بۆنی کوردایەتییان لێ دەهات دە زەمانی دێمۆکڕاتی دا ئەوەیان کۆ کردەوە.
جەبار قادر: تۆ گیرای
بلووریان: من گیرام و مستەفای سوڵتانیان گیرا و جەعفەرئاغای کەریمی گیرا و ئەشخاسی تری ئەوەی دە حکوومەت دا بوون، عیدەیەکیان گرت.
جەبار قادر: زوو بەرت دەدەن، زوو ئازادت دەکەن
بلووریان: منیان گرت مەحکووم کرام بە سێ ساڵ دادگای ئەوەڵ. سەرهەنگ دیوانی، ئەمیر دیوانی ڕەئیسی تەجدیدی نەزەر لە ڕەزائیەی ڕا هاتبوو بۆ تەجدیدی نەزەر کە دادگای تەجدیدی نەزەر بزانن سێ ساڵەکەمان تەئید دەکەنەوە یا زیادی دەکەن یا کەمی دەکەن. سەرهەنگ ئەمیری دیوانی ڕەفیقی میرزا ڕەحمەتی شافعی بوو هەمان شەخسی کە نێوم برد کوتم قەرار بوو کابرا، فروهەر تێڕۆری کا. ڕەحمەتی شافعیش ڕەفیقی بابم بوو، خزمیش بوو دەگەڵ بابم، وە بوو بابم بە میرزا ڕەحمەتی کوتبوو ئەمیر دیوانی کە دۆستتە، سەرهەنگ دیوانیش کە هاتبوو ڕەئیسی دادگای تەجدیدی نەزەر، دۆستی میرزا ڕەحمەتی بوو، پێی بڵێ غەنی بەردا. ئەمیش هیچ ئیقرارێکم نەبوو ها. هیچ، نە نامەیەک، نە ئیقرارێک، هیچ شتێکم نەبوو دەوێدا. فەقەت ئەوەندەیان لێ پرسیبووم کە تۆ لێرە مودەتێکی ون بووی، سەربازی وەزیفە بووی، هاتووی سەربازی بتگرن بۆ خۆت شاردۆتەوە چوو بوویە کوێ؟ کوتم چوومە تارانێ. ئەو مودەتەی هەر لە تارانێ بووم. لە کوێ بووی؟ لەو جێگایانەی کار دەکەن، ساختومانهای جەدید کە کار دەکەن چووم لەوێ هەم کاری ساختومانیم دەکرد، هەم  لەوێ دەنوستم. مولاحەزە دەفەرمووی خۆشم لە سەربازی شاردبۆوە. هەر بەو نێوەش، وەختێکی کە ڕۆیشتیشم ، وەختێکی کە ڕۆیشتم دەگەڵ برادەران قسەم کرد کوتم لێی گەڕێن نێوی من بە سەربازییەوە بدەن ئەو دەمی دەڕۆم بۆ عێڕاقێ. نێویان کە بە دیوارێوە دا خوێندمەوە ئینجا ڕۆیشتم. کوتم ئەو دەمی کە نێوم بە دیوارییەوە دراوە چوومە تارانێ لە تارانێش تا ئێستا هاتوومەوە ئێرە.
جەبار قادر: کە ئازاد دەبی ئەکرێی بە سەرباز
بلووریان: بەڵێ کە ئازاد بووم کردیانم بە سەرباز و لە سەربازی تەبعیدیان کردم، ناردیانم بۆ سەردەشت و لە سەردەشتێ گیرام ناردیانمە تەورێز، لە تەورێز ڕایان نەگرتم لە زیندانی دیژبان، بردیانمە ڕەزائیە، لە زیندانی ڕەزایەی لە زیندانیان ڕاگرتم، هەتا ئاخری سەبازییەکەم کە دەورەی دوو ساڵ بوو، تەقریبەن شەش مانگ، حەوت مانگم مابوو بۆ سەربازی ئەو حەوت هەشت مانگەش ئەمن لە زیندانی سەربازخانەدا زیندانی بووم. هەتتا خدمەتم خەلاس بوو، خدمەتم کە خەلاس بوو لە زیندانێ وەدەریان نام و دەفتەرچەی پایانی خدمەتیان دامێ و گوتیان بڕۆ بە سیبەری سەربازخانەی دا نەڕۆیەوە، ودەریان نام ئیدی ڕۆیشتم.  
درێژەی هەیە....
  














No comments: