چوار هەڤپەیڤینی تێلێڤیزیۆنی لەگەڵ نەمر غەنی بلووریان، هەڤپەیڤینی چوارەم، بەشی یەکەم
چوار هەڤپەیڤینی تێلێڤیزیۆنی لەگەڵ نەمر غەنی بلووریان، هەڤپەیڤینی چوارەم، بەشی یەکەم
لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠١ دا لە میدیا تیڤی
دا بەڕێز دوکتور جەبار قادر لە بەرنامەی
" بۆ مێژوو " دا وتوێژێکی درێژی لەگەڵ نەمر غەنی بلووریان کردووە کە لە
پێنج ئاڵقە لە دیسامبری ٢٠٠١ و ژانڤییەی ٢٠٠٢ دا لە میدیا تیڤییەوە بڵاو کراوەتەوە.
سێ لە وتوێژەکان پێشتر بڵاو کراونەوە لێرە
دا دەقی یەکەم بەشی ئەو وتووێژە کە لە پێن ئاڵقەی تێلێڤیزۆنی دا بەڕێوە چووە
دەخوێننەوە. بەڕێز دوکتور جەبار قادرم لە دابەزاندنی ئەو وتوێژە درێژە ئاگادار کرد
و بەڕێزیان ڕەزایەتی دەربڕی بۆ بڵاو بوونەوەی. شوێنی ئاستە کردنی بەرنامەکە ماڵە
بلووریان لە ئاڵمان.
قسەکانی بەڕێز بلووریان
ئەو جۆرەی وڵامی داوەتەوە، وەک دەڵێن بێ ئەوەی واوێکی لێ بپەڕێ وەکوو خۆی دابەزێندراوە.
من وەکوو دابەزێنەری ئەو بابەتە هەڵوێستم لەمەر ڕووداوەکانی جودایی گرووپی حەوت کەسی
لە ڕێبەرایەتی حیزبی
دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران هەر لە کاتی خۆی دا دەربڕیوە. دەکرێ لەگەڵ بۆچوونەکانی
نەمر بلووریان نەبین
بەڵام لەڕوانگەی خۆیەوە بەشێک لە مێژووی سیاسی بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگێڕێتەوە.
دابەزاندنی ئەو هەڤپەیڤینانە بە مەبەستی خزمەت بە ئاستە کردنی مێژووی سیاسی کراوە..
حەسەن قازی
ژانڤییەی ٢٠٢٦
بەرنامەی "
بۆ مێژوو "، تێلێڤیزیۆنی مێدیا، ئامادەکار و پێشکێشکار دوکتور جەبار قادر
ئەم وتوێژەی دوکتور جەبار قادر لەگەڵ نەمر غەنی بلووریان بۆ بەرنامەی " بۆ
مێژوو " ی تێلێڤیزیۆنی میدیا لە پێنج
بەش دا لە مانگی دیسامبری ساڵی ٢٠٠١ ئاستە
کراوە. بەشی یەکەم لە ١٣- ١٢ – ٢٠٠١ لە میدیا تیڤی بڵاو کراوەتەوە.
دوکتور جەبار قادر:
مامۆستا غەنی بلووریان حەز دەکەین لە
سەرەتاوە، لە منداڵییەوە، لەو ڕۆژەی کە
هاتوونەتە دنیاوە، کەی لە کوێ؟ لە چ بنەماڵەیەک هاتوونەتە دنیاوە؟
غەنی بلووریان:
بەڵێ، عەرزت بکەم هەر وەکوو ڕوونە بۆ هەموو کەس هەر شارێک کە دەبێتە شار و گەورە
دەبێتەوە ماڵبات و خانەوادەی موختەلیف لە شوێنی ترەوە دێن لەو شارە کۆ دەبنەوە شار
گەورە دەبێتەوە. لەم عەشیرەت دێ، لە عەشیرەت دێن، لەو مەنتەقە دێن، لەو مەڵبەندە
دێن. جا فامیلی من لە ڕیشەوە، لە ئەسڵەوە خەڵکی هەمەوەندن، مولاحەزەت فەرموو. لە
ئەساس و ڕیشەوە خەڵکی هەمەوەندن.
باپیرە گەورەی من کە هاتۆتە مەهاباد لەوێ نیشتەجێ بووە و لەوێ ماوینەوە. ئیتر
سێسەد و پەنجا ساڵ لەوە پێش، چوارسەد ساڵ لەوە پێش ئەو بنەماڵەیە لە مەهاباتێ
بوون. من هەر وەکوو لە ئاڵەکۆک یش دا تەوزیحم کردووە بنەماڵەی ئێمە لە چوار برا
تەشکیل بووە بابی من قادر بووە نێوی وە برا گەورە بووە برای تریشی هەبووە هاشم و
حەمید و ئەوانە. برایەکی تریشی هەبوو مەجید کە ئەو پێش ئەوەی ئەمن موتەوەلید بم
ئەو مردووە. سەدیق بووە یەکی تریش ئاوا چوار برا بوون.
سیستیمی ژیانی ماڵباتی ئێمە دەو زەمانی دا کە ئەمن هێستا نەببووم لە دایکی
خۆم پیاوسالاری بۆ. چوار حەسار، حەوشە بۆ،
چوارحەوشە بۆ، هەر یەک لەو حەوشانە برایەکی تێدا ژیاوە. بەڵام ژیانی تێگراییان
هەبووە پێکەوە. مەتبەخێکیان هەبووە وێگڕا، خۆراکیان وێگرا دروست کردووە و
سەرپەرشتی هەر چوار ماڵباتەکەش بابی من بووە. بابی من بووە سەرپەرشتی براکانی
کردووە ژنی بۆ هێناون، گەورەی کردوون و سەرپەرشتی کردوون؛ باب سالاری.
لە نێو ئەو خانەوادەی دا ژنێکمان لێ هەڵکەوتووە وەکوو کچێکی گەنج هاتۆ لە نێو
خانەوادەی ئێمە دا کارکەر بووە. لە کارکەری دا گەورە بووە پیر بووە لەوێ. پیر
بووە، کە بووەتە پیرێ ژن پێیان کوتووە
" پوور خاتوون"، نێوی خاتوون بووە پێیان کوتووە پوور خاتوون.
بابم و براکانی و گشتیان پێیان دەکوت پوور خاتوون. پوور خاتوون وەختێکی تەمەنی
چووبووە سەرێ کلیدداری ماڵی ئێمە بووە. ژیانی ماڵباتی ئێمە بە دەستی وی بووە ئیدی.
ئەمشەو چ لێنێن، سبحەینێ چ لێنێن، چ بخۆن، چ نەکەن کاروبار گشتی بە دەستی ئەو پوور
خاتوونە بووە.باوکی منیش بۆیە ئەوی زیاتر کردۆتە هەمەکارەی ماڵەکە بە خاتری ژنی
براکان دەگەڵ یەکتری دە ڕەقابەت و ئیرەیی بازی نەکەون. ئەوەی داناوە ئەوانیش ئارام
دانیشتوون ئیتاعەتیشیان کردۆ لە سەر ئەو ئەمرە.
لەو ماڵە دا پیاویش هەبووە وەک کارەکەر وەکوو خدمەتکار. باوکی من خانەوادەیەک بووە
ساماندار بوون ئیمکاناتیشیان هەبووە، فڵان هەبووە. باپیرە گەورەی من قەتاری
هەبووە. ئێمە قەتار، لە وڵاتی ئێمە لە مەهابادێ کاراونچی بووە. ساحێب کاروان بووە،
ئەو دەم لە مەهابادێ تڕۆمبیل و ئەوانە
نەبووە. ڕێگا ڕۆیشتن و موسافەرەت کردن و کووتاڵ گوێستنەوە بۆ ئەم شار و بۆ ئەو شار
هەر بە وەسیلەی ئەو قەتارانە بوو. جا هەر خانەوادەیەکی ساحێبی قەتاری زۆرتر بایە
پێیان دەکوت بنەماڵەیەکی دەوڵەمەندترە. مەسەلەن لێرە دەبینی کابرا چوار ماشێنی
باری هەیە باری پێ دەگوێزنەوە، چوار ماشینی باری یەکێک نییەتی شۆخی نییە ئەوە
گەورەیە.
جا باپیری من خاڵە برایمە ساحێبی ئەو کاروانەی بووە. لە نێو ئەو کاروانەش دا دیارە پیاوی تر،
خدمەتکاری تر کاریان کردووە، بەڵام خدمەتکاری حەڕەمی داخڵی نێو ماڵەوە ئەو کاکە
مینە بوو کە من [ لە ئاڵەکۆک دا] باسم
کردووە. کاکە مینە لە خانەوادەی دایکمەوە خزمایەتییەکی دووریان هەبووە.
لەخانەوادەی دایکمەوە کە ئەویش هەر مەهابادی بووە، کاکە مینەش هەر مەهابادی بووە.
جەبار قادر:
ئەمە باسی بنەماڵەکە، کەشوهەوای بنەماڵەکە، لە یەک ماڵێک دا، ئەو هەموو خەڵکە
پێکەوە دەژین ژیانێکی هاوبەش دەبەنە سەر لە لایەن خواردن و پێکەوە هەڵسان و شت
کڕین و بازاڕ کردن و ئەمانەوە، ئێوە لەوێ هاتوونەتە دنیاوە، کەی هاتوونەتە دنیاوە؟
بلووریان: ساڵی ١٣٠٣ دەبێتە ١٩٢٤-ی میلادی. ساڵی ١٩٢٤-ی میلادی لە مانگی ٣ دا بەر
لە نەورۆز ئەمن هاتوومە دنیاوە. دایکی من منداڵی تری هەبووە، ئێمە عەرزم کردی چوار
حەوشمان هەبووە، حەوشێکیان وەکوو حەوشی گاو مانگا و ئەسپی تێدا بەستراوەتەوە، ئێمە
پێمان دەکوت حەساری تەویلە. لە حەساری تەویلەی دا دوو حەوش هەبوو بەیەکەوە، پێکەوە
وەسڵ بوون یەکێک لەوانە کابرایەکیان تێ نابوو بە ناوی دەروێش حوسێن. کابرایەکی
فەقیری، زەحمەتکێش حەمباڵی شاری بوو، نێویان نابوو دەروێش حوسێن بۆ خاتری ئەوەکە ژنی
دەروێش حوسێن شیر بدا بە من. دایکی من شیری نەبووە. منیان داوە بەو لەو حەوشەی
هێناویانە وەتاغێکیان داوەتێ لەوێ بژی خۆشیان یارمەتی ژیانیشیان پێ داون. من دەر
حەقیقەت بووم بە کوڕی دەروێش حوسێنی حەمباڵ.
جەبار قادر:
یانی لەویشەوە براو خوشک و ئەوانەتان هەیە یان نا؟
بلووریان:
بەڵێ هەمە. بەڵام ئەوان نەدراون بە وان. من فەقەت دراوم بەو دەروێش حەسەنە
[حوسێنە]. وەختی خۆی. براکانی ترم بە ئەشخاسی تر دراون. برای چکۆلەی من عەلی بووە،
جەعفەر بووە ئەوانە بە خانەوادەی تر دراون بە دایە، بەڵام ئەو برایانە مردن، زۆر
ژیانیان نەبوو بە منداڵی مردن، لە بەین چوون. منیان داوە بەو دەروێش حوسێنە.
دایکیشم بۆ ئەوەی لە خۆی دوور نەکاتەوە هێناوێتی لە داخڵی حەوشەکەی خۆمان دا ماڵی
داوەتێ منی تەسلیمی ئەو کردووە.
جەبار قادر:
ئەمە هەمووی لە مەهاباد بووە؟
بلووریان:
هەمووی لە شاری مەهاباد و لە یەک خانەوادە و لە یەک ماڵی چوار حەساری.
جەبار قادر:
چوونە قوتابخانە؟
بلووریان:
جا با عەرزت بکەم. ئەوە لەوە هەتا تەمەنی حەوت ساڵەی من لە ماڵە ئەو دەروێش
حوسێنەی بووم گەرچی جاروبار حەوشەکەمان یەک بوو، چوار حەوش بوون، دەچوومەوە حەوشی
ماڵی باوکی خۆم بەڵام بەند نەدەبووم. شەوانە بۆ گەڕانەوەم، هەر دەهاتمەوە ماڵە
دەروێش حوسێنی. هەتا سینی حەوت ساڵەی دایک و بابی من نەیانتوانی من لە ماڵە خۆیان
ڕابگرن. ئەمن بە منداڵی شیری ئەوانم خواردووە، گەورە بووم ئیتر، وام ئێحساس دەکرد
دایک وبابی من ئەوانەن. لەوێشرا چوومە مەدرەسە. لە مەهاباد لەوێڕا چوومە مەدرەسە
کە چوومە مەدرەسە ئیتر بەرە بەرە گەورەتر بووم و ناسیم کە دایکوبابی من کێن، ئیتر
لەوێ پێوەندیم بڕا هاتمەوە نێو خانەوادە و فامیلی خۆم. بەڵام لەگەڵ ئەو ماڵە
پێوەندیم قەتع نەکرد. هەتا ساڵانی زوو، هەتا ئەوان هەر لەو حەوشە دا بوون من دەگەڵ
وان پێوەندیم قەتع نەکرد. لە مەدرەسە بووم، مەدرەسەی دەوڵەتی.
جەبار قادر:
ناوی چی بوو قوتابخانەکەتان؟
بلووریان:
قوتابخانەی من ناوی مەدرەسەی سەعادەت بوو، مەدرەسەی تریش هەبوون لە شاری دا ناوی
موختەلیفیان هەبوو، کە ئەو مەدرەسە مەدرەسە سەعادەت بوو. مەدرەسەکەش لە حەوشی ماڵە
میرزا مستەفای پینەچیان بوو، مەدرەسەکە لەوێ بوو. ئێستا دیارە نەماوە، خانووەکە
گۆڕاوە، عەوەز کراوە فرۆشراوە.
جەبار قادر:
یانی قوتابخانەکە یا مەدرەسەکە بینایەکی تایبەتی
نەبوو؟
بلووریان:
نا، هەر ماڵە ئەو کابرایەی بوو ئەوەی بەکرێ دابوو. حەوشێکی گەورە بوو دار و درەختی
هەبوو، وەتاغی زۆر فرەی هەبوو، ئەو مەدرەسە کرێی گرتبوو لێی. مەدرەسێکی تایبەتیان
دروست نەکرد بوو. بەڵام ئێستا کە فرۆشراوە، خانووەکە تێک چووە و گۆڕاوە و بە
چەندین خانوو تەقسیم بووە. بەڵام ئاسارەکەی هەر هەیە ماوە. لەوێ خوێندوومە مەدرەسە
و دوایەش لە مەهابادەوە لە ئیبتیدایی تەواو بووم،لە ئیبتیداییش چوومە دەبیرستان و
لە دەبیرستان خوێندوومە.
جەبارقادر:
قوتابخانەی ناوەندی یا دەبیرستاب بڵێین ئەو کاتە لە مەهاباد هەبوو؟
بلووریان:
ئەو وەختی لە مەهاباد هەتا ساڵی چواری دەبیرستان هەبوو. ئەو دەمی کە من دەمخوێند
جەبار قادر:
خۆی هەتا پێنج بوو یا شەش بوو؟
بلووریان:
خۆی هەتا پێنج بوو. هەتا شەش بوو ئەساسەن،
هەتا چواری دەبیرستان داندرابوو. وەتاغی ساڵی پێنجیشیان دانابوو، موعەلیمیشیان بۆ
هێنابوو، بەڵام من ئەو دەم بۆ خوێندن چوومە تاران. چوومە دانیشسەرای
دارولموعەلیمین، دانیشسەرای موقەدەماتی.
جەبارقادر:
ئەوە دوایە دێینەوە سەری. لەو کاتە لە بیرتانە چەند قوتابخانە هەبوو لە مەهاباد؟
بلووریان:
لە مەهاباد، وەڵاهی ئەگەر ئەوەی بە بیرم بێ ئەو دەمی یەک دانە مەدرەسەی کچان
هەبوو، ئێستاش مزگەوتی هەباس ئاغایە لە مەهاباد، جیرانی مزگەوتی هەباس ئاغای بوو
مەدرەسەی کچان بوو، هەتا ساڵی یەکی دەبیرستانیش هەر دەو حەوشە دا بووین. ئیبتیدایی
و یەکی دەبیرستان لە یەک جێگا بوو. دەبیرستانی کچان. بەڵام ئی کوڕان سەعادەت بوو،
پەهلەوی بوو. مەدرەسەی پەهلەوی و مەدرەسەی سەعادەت.
جەبار قادر:
مامۆستاکانت هیچ بیر نییە؟ کورد بوون؟
بلووریان:
مامۆستاکان ئەغڵەب مەهابادی بوون، مەسەلەن ئی ئیبتیدایی ئێمە مامۆستا ئەحمەدی
زارا، کە تەقریبەن ساڵی ئەوەڵ و دووەمی ئیبتیداییمان ئەو موعەلیممان بوو. پاشان لە
ساڵی سێ و چوار و ئەوانە عەلی مەحموودی بوو. عەلی مەحموودی دە ئاڵەکۆکی دا ئەمن
ناوم بردووە. یەکێک لەو نیشتمانپەروەرانە بوو.
جەبار قادر:
هیچ شتێکتان دەخوێند پێوەندی بە کوردەوە، بە مێژووی کوردەوە هەبێ، بە شێعر، بە
ئەدەبیاتی کوردییەوە لە مەدرەسە؟
بلووریان:
نەخێر لە مەدرەسە ئەو دەم هیچ شتێک نەبوو. زەمانی ڕەزا خان بوو، بە ڕاستی
دیکتاتۆڕی زۆر سەخت بوو، هەر موعەلمێک هەستی کوردایەتیشی هەبایە جورئەتی نەبوو
دەری بڕێ. بە تایبەت لە سەر کلاس. ئەوە بوو کە لە دەبیرستانیش موعەلیمی جوور
بەجوورمان هەبوو، فارسیش هەبۆ، تورکیش هەبۆ، لە ورمێ/ ڕەزائییەی ڕا هاتۆ، لە تاران
هاتۆ، کوردیش بوون ، هەبوون.
جەبارقادر:
پێتان وایە ئەو کاتە، دانیشتووانی، یان حەشیمەتی مەهاباد چەند هەزار بووە؟
بلووریان:
حەشیمەتی مەهاباد ئەو دەم پێم وابێ لە حدوودی ٢٤ هەزار، ٢٥ هەزار زیاتر جەمعییەتی
نەبوو.
جەبار قادر:
یانی ئەو کاتە بوو کە ڕەزا شا جلوبەرگی کوردی قەدەەغە کرد بوو؟
بلووریان:
بەڵێ، ئەو دەم ئەوە ساڵی ١٣٠٧ بزانە دەبێتە چەند؟
جەبارقادر:
١٣٠٧ دەکاتە ١٩٢٨
بلووریان:
١٩٢٨ ئەو دەم لە مەنتەقەی مەهاباد دا ڕەزا شا دەستووری دا کە دەبێ جلکی کوردی
دەبەر نەکەن، ئێران سەرتاسەری ببێتە موتەحیدولشکل کۆت و شەڵواری هەبێ وەکوو ئەوەی
کە ئێستا هەیە، ئەوەی کە لە ئوڕووپایە دەبەری دەکەن. ئەو دەمی کڵاوێکیشیان دروست
کرد بوو پێیان دەکوت کڵاوی پەهلەوی. کڵاوی پەهلەوی ئەو دەم بۆ پیاوانیان دا نا
بوو. عەینی پۆلیسی ئەڕتەشی فەڕانسە چۆنە کڵاوەکە ئەو کڵاو، ئەو شکڵ بوو. بە ڕەنگی
ڕەش.
جەبارقادر:
چاوی لە مستەفا کەماڵ ئاتاتورک کرد بوو؟
بلووریان:
بەڵێ دیارە ئەو کارەی لە وانکێ [ فێر ببوو].
جەبارقادر:
باشە خەڵک چی لەبەر ئەکرد ئەگەر لە بیرتان بێ ئەو کاتە؟
بلووریان:
لیباسی کوردی دەبەر دابوو خەڵک. لیباسی کوردی دەبەر دابوو، بەرە بەرە کۆتیان دەبەر
دەکرد وەکوو ئەو کۆتەی ئێمە. پانتۆڵی کوردییان دەبەر دەکرد پشتێندنەبوو،بەڵام پێچ
هەر هەبوو.وەختێکی کردیانە موتەحیدولشەکل کوتیان دەستوورە دەبێ هەموو لیباسی
فەڕەنگی دەبەر کەن پاسەبانی شار کە پێی دەڵێن پۆلیسی شار مەئموور کرا بوو کەسانێکی
کۆت و شەڵواریان دەبەر دانەبێ جەلبی ئیدارەی بکەن. زۆربەی ئەو پۆلیسانە مقەستیان
بەدەستەوە بوو، مقەستیان بەدەستەوە بوو مەشهوورە بە مقەستی نێفەکبڕ، کوردیش
شاڵواری کوردییان کە دەبەر کردبایە دەیگرت هەر لە شەقام نێفەکی هەڵدەبڕی. ئەوە ئیهانەتیش
بوو، بۆ کوردەواری ئەوە ئیهانەتە ئەو حاڵەتە. بەسەر خەڵکیان دا سەپاند. مەلاکانیش
هەر مەجبوور بوون دەبەری کەن.
جەبارقادر:
ئەی ژنان چییان دەبەر دابوو؟
بلووریان:
ژنانیش دەستووریان دابوو ئەوانیش لیباسی فەڕەنگی دەبەر کەن، بەڵام ژن چون دەر
نەدەکەوتن هەر لە ماڵێ بوون هەر بە لیباسی کوردی خۆیان دە ماڵێ دا بوون. کەسانێک
دەر کەوتبان، کارمەندی دەوڵەت بان دەگەڵ یەکێک لە مەقامات مەسەلەن بابی من دەگەڵ
شەهرداری، جوزوی ئەنجومەنی شەهرداری بوو کە مەخلیسی ئیداری، فەرماندار دەعوەتی
دەکرد لە کەسایەتی شارەکان دەبوایە بە خۆیان و بە ژنەوە بێنن دایکم مرد بوو ئەو
دەمی، زڕ دایکی من ئەو دەمی سایەیەکی کوردی هەبوو، قەدیم سایەیان پێ دەکوت وەکوو
پاڵتۆیەک بوو هەتا بەری پێ، سایەیان پێ دەکوت شتێکی ئاوای دەبەر دەکرد و کڵاوێکیش
لەو کڵاوە شاپۆیانەی ئەوی لەبەدار ئەویشی بە لایەکی سەرەوە دەنا دەچوو، پێشیان زۆر
زۆر گاڵتە و مەسخەرە بوو. لیباسەکەش و کڵاوەکەش، بەڵام بیلەخەرە تەحمیلیان دەکرد.
ئە لێرە مەلا خەلیلی گۆڕەمەرێ کە جوزوی
عەشیرەی مەنگوڕ بوو شۆڕشی کرد عەلەیهی ئەو گۆڕانکاریەی لیباس کوتی ئێمە لیباسی
پەهلەوی دەبەر ناکەین، کڵاوی پەهلەوی لەسەر نانێین، شەپکەی پەهلەوی لە سەر نانێین
و لیباسی کوردی خۆمان دەبەر دەکەین. شەڕێکی ساز کرد دەگەڵ دەوڵەت. حکوومەت قشوونی
بردە سەری. ئەمن ئەو دەم وەبیرم دێ، شەڕەکە، تەقە کە بە سەرمەهابادێ دا هات گوێم
لە تەقەی بوو، ئاگام لە تەقەی بوو، لە بیرمە ئێستاش گوێبیسی تەقەکەم دەزانم
جەبار قادر:
ساڵی چەند بوو؟
بلووریان:
هەر ئەو ساڵە بوو کە عەرزم کردی، سالی ١٩٢٨.
جەبار قادر:
کەکەمین لەوەی کە یەعنی جەبابت هێندێک ئاگادار دەکاتەوە لە سیاسەت و یەکەمین بڵاو
کراوە ئەو ئەیدا یانی ئەو ڕۆڵە پیاوێک کارکەرە
لە ماڵتان چۆن توانی ئەو ڕۆلە ببینێ؟
بلووریان: عەرزت بکەم کاکەمین
ئینسانێکی زۆر کوردپەروەر بوو، بێ سەواد بوو بەڵام زۆر کوردێکی سووتاو بوو.
کوردێکی زۆر سووتاو بوو و چون ئەوەڵین دەورەی سەربازی ئێرانیش ئەوە گیرا بە
سەربازی بردیان بۆ ئەتڕافی ورمێ، لە مەرزی تورکییە و ئەو سێ ڕێیانی داڵانپەڕ و لەو
مەنتەقەیە، لە زێوە و لەو مەنتەقەیەی سەربازی لەوێ تەواو دەکرد، لەوێ چاویشی کرا
بووەوە ئینسانێکی زۆر وشیار و زۆر کۆنجکاو بوو وەدوای شت دەکەوت، کوردایەتییەکی
زۆر تۆخ و توندیشی هەبوو. بە شیدەت زیدی ڕێژیم بوو، تەڕەفداری ڕێژیمی عێراق بوو،
تەڕەفداری ڕێژیمی پاشایەتی عێڕاق بوو، بۆچی تەڕەفداری ئەم بوو، بەو عیلەتەی ئەو
دەمی کە لە سەربازی بووە لە حدوود پۆلیسی کوردی دیوە کە هاتوونە ئەو مەڵبەندەی بە
کوردی قسەیان کردووە جلی پۆلیسیان دەبەر دابووە، عێڕاق ئیجازەی داوە کورد پۆلیسی
هەبێ، پۆلیسی کوردیش هەبێ. زمانی کوردی و ئەوانەش ئازاد بووە لەوێ ئەو دەورە. ئەو
دەورە ئازاد بووە موجەلەی گەلاوێژ و ئەو شتانەش کە بڵاو بۆتەوە کاکەمین چون هەستی
کوردایەتی قەوی بووە، بەو عیلەتە عەلاقەمەندییەکی زۆری بە سەر عێڕاق دا هەبوو دژی
رێژیمی ئێران بوو. ئەوی پێ چاک بوو، ئەغلەب لە ماڵە خۆمانەوە کە براکان دادەنیشتن
بەحسی سیاسییان دەکرد، ئەویش من لە داڵانەکەوە کە چایخانە بوو لەوێ ئەغلەب لەگەڵ
وی دادەنیشتم، لەگەڵ بابم و وانە دانەدەنیشتم لە وەتاغێ دەچوومە لای مەنقەڵی
دادەنا چادان و شتەکەی دادەنا قۆری و شتەکان لەوێ بوون چای دەبردە ژوورێ جار جارە
کە ئەوان بەحسیان دەکرد، مامە هاشمیشم هەبوو، مامە هاشمیشم بۆ ئەوەی کە تەحریکی
بکا، کاکە مینی تەحریک بکا دەگەڵ براکانی تەعریفی ڕەزاشای دەکرد، تەعریفی دەوڵەتی
ئێرانی دەکرد. بۆ وەی ئەم تەحریک بکا، بۆخۆشی تەڕەفداری ڕەزا شا نەبوو دژی بوو،
بەڵام بۆ ئەوەی ئەو تەحریک بکا. کاکە مین دەگەڵ من کە قسەی دەکرد خۆی پێ ڕانەدگیرا
با ئینکی پیاوێکی ڕدێن سپیش بوو، ئیحتیڕامی زۆری بۆ بابم و ئەوانیش هەبوو پێی خۆش
نەبوو دەخالەت بکا، بەڵام خۆی پێ ڕانەدەگیرا، پەردەکەی هەڵدەداوە دەهاتە ژوورێ،
دمە قاڵەی دەکرد دەگەڵ مامە هاشمم لەسەر ڕێژیمی عێڕاق و ڕێژیمی ئێرانێ. ئەو
تەڕەفداری لە ڕێژیمی عێڕاق دەکرد و مامە هاشمیشم
دەیگوت نا هیچ نییە عێڕاق عەشیرەتێکە، نۆکەری ئینگلیسن فڵان، دەوڵەتی ئێران
بۆ خۆی موستەقیلە، پیاوە و ئەوانە. ئەویش بە زمانی خۆی توند و تیژ قسەی دەکرد و
جنێوی بە ڕەزاشای دەدا. بابیشم پێ دەکەنی و خۆشحاڵ دەبوو و ئەوانە دەیگوت دەی کاکە
مین بەحسەکانت خڵاس بوو دەفەرموو بچۆ لای غەنی دانیشە. دەهاتەوە دەرێ.
ئەو کاکە مینە دەیکۆڵییەوە لەم بەر و لەوبەر. لەو مەنتەقەی کە سەربازیش بوو دەگەڵ
پۆلیسی ڕابیتەی بووە پێوەندی بووە، پێوەندییەکی زۆر توندی گرتووە، دۆستایەتییەکی
زۆر توندی گرتبوو هێندێک شتی لەوان مەسەلەن ڕاجیع بە شۆڕشی شێخ مەحموودی بیستبێ،
بۆخۆشی کە تەمەنی زۆر بوو کە ئەو دەمی سمایل ئاغا قیامی کرد بوو، بۆخۆی تەمەنی زۆر
بوو، هەم سین ساڵی ئەو دەورە بوو کە قیامی سمایل ئاغای سمکۆ دەستی پێ کرد بوو.
جەبار قادر:
جا ئەو باسی مەسەلەن کوردایەتی و سیاسەتی ...
بلووریان: جا باسی کوردایەتی و هەستی کوردایەتی ئەو کابرایەی تەئسیری لە سەر من
دانا، ئەمنێکی کە ئەسڵەن بیرو بۆچوونێکی کوردایەتیم ئەو دەم نەبوو ئەسڵەن، دەو
خەتەی دا نەبووم. چونکە لە مەهابادی مە ئەسڵەن ئەو خەتە نەبوو، مەگەر ئینکی
تێعدادێک ڕووناکبیر بە دزییەوە وەکوو لە کتێبەکەمدا ئیشارەم پێ کردووە ئەوانە
بۆخۆیان جەلەساتیان هەبوو لە ماڵان کۆ دەبوونەوە جار جارە مەخسووسەن ڕەمەزانان، لە
پەنا بۆ ئەوەی پۆلیس نەزانێ ئەوە چی دەکەن بۆ جۆراب بازی و بۆ شتی ئاوا دەچوون کۆ
دەبوونەوە. گڕامافۆن ئەو دەمی هەبوو هاتبوە مەهاباد، قەوانەکانی سەید عەلی
ئەسغەریان لێ دەدا و ئەوانە، لەوێ کوردایەتیان دەکرد بەو شکڵەی. جا بیر و بۆچوونی کوردایەتی لە نێو ئەو کۆمەڵە
هاتوچۆیەی دا کە پێکەوە دەیانکرد، رەد و بەدەڵیان دەکرد دەگەڵ یەکتری باس و قسان. کاکەمین
دەگەڵ ئەوانە دۆستایەتی زۆر گەرمی هەبوو. لەوانە شت فێر دەبوو، شتی وەردەگرت و بەحسی
دەکرد و قسەی دەکرد و خۆی بە کورد دەزانی، خۆی بە هەم ڕەدیفی ئەوان دەزانی. کەچی
ئەوان خوێندەوار و ئەغڵەب کارمەندی دەوڵەت بوون. یا موعەلیمی مەدرەسە بوون یان لە
بازاڕی کاریان دەکرد بەڵام خوێندەوار بوون، کاکە مین خوێندەوار نەبوو، بەڵام خۆی
دەگەڵ تێهەڵدەقوتاندن. زەبیحی ش دەگەڵ ئەوانە بووە، دەگەڵ ئەو کۆڕ و کۆمەڵەیە بووە
کە شەوانە لە ماڵە یەکتری، پازدە نەفەر، بیست نەفەر لەماڵی یەکتری کۆ بوونەوە
جۆراب بازییان کردووە، دە پەنا جۆراب بازی
دا کە پۆلیس شک نەبا قسەوباسی کوردایەتیشیان کردووە. بیرو بڕاوی کوردایەتی و دامەزراندنی کۆمەڵەی
ژێکاف و ئەوانە لەو ساڵەی دا، ئەمن لە کتێبەکەم دا ١٣١٧م داناوە
جەبار قادر: بەڵێ ساڵی ١٩٣٨
بلووریان:
١٩٣٨، ئەو کۆبوونەوانە لەوێ، ئەو بیر و بۆچوونە لەوێ هاتۆتە دەرێ. جا ئەو کۆمەڵەی
ژێکافە لە نێو خۆیان هەڵقوڵیوە یان نا؟ چونکە دە نیو ئەوانە دا مەسەلەن حوسێنی
فروهەر، قاچاغچی کووتاڵی دەکرد، لەوێ قاچاغچی، لەمەڵبەندی ئێمە ئەو زەمان تریاک و
هێرۆئین و ئەوە نەبوو، زۆر زۆر شتێکی خراپ بوو، کەس ئەسڵەن بۆ لای وەی نەدەچوو.
قاچاغچی ئێمە دەچوونە عێڕاق، مەهاباد بەشی زۆری خەڵکی مەهابادێ بە کوردستانی عێڕاقەوە
دەژیان، بە تیجاڕەتی ئەوانەوە. قاچاغچی بە کۆمەڵ دەچوون بۆ عێڕاق کووتاڵیان دێنا،
بەرگە جغارەیان دێنا
جەبار قادر:
چا
بلووریان:
بەرگە جغارەیان دێنا، چایان دێنا، عەتر و سابوونیان دێنا، کووتاڵیان دێنا،
ئەبریشەمیان دێنا زۆر شتی ئاوایان دێنا دەیانفرۆشت بە قاچاغی دەهاتن لە نێو شاری
دەیانفرۆشت، حوسێنی فروهەر یەکێک لەوانە بوو، جا ئەو حوسێنی فروهەرەدەو
هاتوچۆیانەدا کە بۆ کوردستانی عێڕاق بوو هەستی کوردایەتییەکی زۆر توندی هەبوو،
خوێندەواری کوردیش هەر فێر ببوو هەر لە کوردستانی عێڕاقێ، یانی ئیحساساتی
کوردایەتی کوردی عێڕاقێ ئەو دەمی زۆر بان بوو، زۆر باڵا بوو و تەئسیری زۆر
دانابووە سەر ئەویش و ئەشخاسی تریش کە وەکوو وی هاتوچۆی عێڕاقیان کردووە و
کەلوپەلیان کڕیوە لەوێ. ئەو حوسێنی فروهەرە دەو کۆڕ و کۆمەڵانە دا نەخشی زۆر
گەورەی هەبوو بۆ بڵاو کردنەوەی ئەو بیری کوردایەتییە.
جەبار قادر:
جەنابت باسی ئەو قاچاغچی و چەتەش دەکەی
بلووریان:
چەتە فەرق دەکا.
جەبار قادر:
بەڵێ دەزانم فەرق دەکەن. بەس ئەڵێی ئەمانە زۆریان خەڵکێکی وڵاتپارێز بوون،
کوردپەروەر بوون، بیرو بۆچوون و تەنانەت گۆوار و ڕۆژنامە و شتی وایان لە گەرمێنەوە
ئەهێنا، یانی ئەو ڕۆلەیان ئەبینی کە بیر و بۆچوونی کوردایەتی لە بەشێکی کوردستانەوە بۆ بەشێکی تری
بگوێزنەوە.
بلووریان:
بەڵێ وایە
جەبار قادر:
لەبەر ئەوە بە چاوێکی سووک خەڵک سەیری ئەو قاچاغچییانەی نەدەکرد.
بلووریان: نە تەنیا سەیری نەدەکرد، گەلێک ئیحتڕامیان هەبوو، گەلێکیش جێگای
ئیعتیبار بوون لە بازار دا. دە بازار دا ئیعتیبارێکی زۆریان هەبوو. جا ئەوانە
زیمنی ئەوەی ئەو کارەیان دەکرد، خەڵکێکی زۆریش بەوانەوە بەڕێ دەچوو. مەسەلەن ئەو
کابرایە، مەسەلەن ئەو حوسێنی فڕوهەر فەرزکە ماڵی قاچاغی کە واریدی شار دەکرد، نەی
دەوێرا موستەقیم بیهێنێتە ناو شار چونکە دەوری شار دەروازەی هەبوو، ئەو زەمان لە
هەر چوار گۆشەی شار دا دەروازە هەبوو،
پۆلیسی لێ ڕادەوەستا پییان دەکوت " ڕادارخانە" لەوێش دا [ لە کتێبەکەدا]
پێم وایە ئیشاڕەم پێ کردووە. پێیان دەکوت ڕادارخانە. ئەو ڕادارخانەیە وابەستە بە
ئیدارەی دارایی بوو، ماڵییە، لەوێ عەواریزیان دەستاند. مەسەلەن لە دێهاتی کاروان
دەهات کووتاڵیان دێنا، جینسیان دێنا گومرگیان لێ دەستاندن، پێیان دەکوت عەواریز.
جا لەوێ دەفتەرێکیان دادەنا ئیدارەی دارایی، ماڵییە، پاسەبانێکیشی هەمیشە لە کن
بوو، جا بە دەوری شاریش دا پۆستی ژاندارمەری کێشکیان دەدا شەوانە. قاچاغچییەکان
نەیاندەتوانی بە ئازادی کووتاڵ و شتەکەی بێننە نێو شار، دەچوون لە دێهاتی ئەتڕاف،
لە دەورو بەری نزیکی ئەتڕاف لە ماڵێکی، لە دوو ماڵان، لە سێ ماڵان کووتاڵەکەیان
دەشاردەوە، لە مەهابادەوە حەمماڵیان دێنا شەوانە بە کۆڵ دەحەمباڵ، پازدە حەمباڵ بە
کۆڵ دەیانهێنا چون بە وڵاغ نەیان
دەگوێستەوە. گرمە گرمی لاقی وڵاغ و ئەسپ و ئەوانە پۆلیسی وشیار دەکردەوە لەبەر
ئەوە کووتاڵەکەیان بە وەسیلەی حەمباڵی دەگوێستەوە. حەمباڵیش خەڵکی شار بوو مەسەلەن
کە دەهات داخڵی شار دەبوو خۆی بە ماڵێک دا دەکرد، ماڵەکەش دەیناسی دەرکەی دەکردەوە
لێی، لەوێی دادەنا بە ئەمنییەت دای دەنا، دەیشاردەوە حەشاری دەدا، زیمنی ئەوەی
قاچاغچی پووڵی ئەو حەمباڵەی دەدا، پارەشی دەدا بەو ماڵانەی دێهاتی کە ئەوانەی بۆ
ڕادەگرتن. بۆ ئەو ماڵانەش کە بۆ شار دەگوێزرانەوە، ئەوانیشیان یارمەتی دەدا. یانی
زۆر ماڵان دەبینی بە وەسیلەی یەک قاچاغچی دە ماڵ ئیدارەی دەکرد.
جەبار قادر:
جا بەڵێ کە کۆمەڵەی ژێکاف دادەمەزرێ ئەو کاتە جەنابت منداڵ بووی.
بلووریان:
کۆمەڵەی ژێکاف. بەڵێ ئەمن منداڵ بووم ئەمن قسەکانی کاکە مینی باس دەکەم. کاکە مین
دەگەڵ ئەوانە پێوەندی زۆری هەبوو، دەشی زانی ئەو کۆڕو کۆمەڵانە و کوبوونەوە هەن،
بەڵام قەت قەت لە کن من چون منداڵ بووم باسی نەدەکرد کە ئەو کۆبوونەوانە هەن.
دەیگوت منداڵە دەچێتە مەدرەسەی باس دەکا، ئەوانە دەکا، موعەلیمی خراپ مومکینە
هەبێ، گوزارش بدەن، فڵان بدەن دەردیسەر بۆ خەڵکەکەی ئیجاد بکەن. لەبەر ئەوە باسی
ئەوەی نەدەکرد فەقەت دەیکوت کۆمەڵێک کۆ دەبنەوە و نەیدەکوت لە کوێ و چییە، باسی
کوردایەتێ دەکەن و ئەوانە. فکرەکانی خۆی بە زمانی سادەی خۆی بە من دەکوت. و من هەستی
کوردایەتی و ئیحساسی کوردایەتیم لەو کابرایەی وەرگرتووە. ئەو موجلەی "
گەلاوێژ " یشی بۆ هێناوم و منیش وردە وردە خوێندوومەتەوە، کەم کەم کەمە فێری
بووم و دەمخوێندەوە، کە ڕۆژێکیان بەیانێکی هێنا، بەیانەکە چرێشاوی بوو، دڕابوو
هێندێکیش هات و لە دیواری کرد بۆوە، بە دیوارەوەیان دا بوو هات و کاکەمین کوتی ئە
ئەوەی بخوێنەوە.
ئەوە ئەوەڵین بەیانێک بوو کە نووسرا بوو بە خەت، بە خەت نووسرا بوو بەڵام کۆپییە
کرا بوو، دیار بوو بە کاغەزی کۆپییە کرا بوو بە دیوارەوە درا بوو، بە دیواری
مزگەوتانەوە درا بوو، بە دیواری بازارەوە درابوو، کاکە مینیش لە گۆشەیەکی ئەوەی
هەڵقەندبوو و هێنابووی. منیش خوێندمەوە ئەوەی کە لە بیرم بێ هەر وا باسی کوردایەتی
و باسی ڕەزاشا و زوڵمی ڕەزا شا و زوڵمی ژاندارم و شتی ئەوانەی دەکرد و عەرزت بکەم
ئەمنیش ئەوانەم بۆ کاکە مینی دەخوێندەوە کاکە مینیش گەلێک پێی خۆشحاڵ دەبوو کە
ئەوە کورد لێرە دەستی پێ کردووە عەلەیهی ڕێژیم قسان دەکا و فڵان دەکا و شت
دەنووسێ.
کابرایەکیان گرتبوو بە نێوی حاجی خوسرەوی، دیار بوو لە مزگەوتێکی پۆلیس کە چوو بوو
تەحقیقاتیان کرد بوو بەیان بە دەرکی
مزگەوتانەوە، لە خادمی مزگەوتەکەیان پرسیبوو کە بەیانی زوو چ کەسانێک هاتوونە ئێرە
بۆ نوێژ. کابراش کابرایەکی سادە بۆ ئیدی کوتوویەتی حاجی فڵانکەس، یا سۆفی فڵانکەس،
یا دەروێش فڵانکەس ویا، ئەوانە بەیانان دێن نوێژی جەماعەت لە مزگەوتێ دەکەن، یەکێک
لەوانە نێوی حاجیشی کوتووە.
پۆلیس وەدوای وەی کەوتووە کە حاجی خوسرەوییەکی گەنجی ٢٤ ساڵە بەیانان هەڵناستێ لە
خەو بچێ نوێژی جەماعەت بکا، پۆلیس لەو خەتەیەوە لێی وەشک کەوتبوو. ئەوە دەبێ ئەو
کابرایە ئەو کاغەزانەی بە دیوارییەوە دابێ. تەسادوفەن دەیگرن و قسەکەشیان ڕاست
دەبێ. پۆلیسە، پۆلیس وشیارە ئیدی.
تەماشا
دەکەن حاجی فڵان و سۆفی فڵان ئەوانە حەقی خۆیانە پیر و پاتاڵن دەچن نوێژ دەکەن و
شەوێش خەوەکەی خۆیان دەبەن دەچن نوێژی جەماعەتی سبحەینێ دەکەن. ئەمە حاجی خوسرەوی
بۆ دەچێتە ئەوێ دە سینی بیست و چوار ساڵ دا ڕەنگە نوێژێش هەر نەکا. لێی وەشک
دەکەون ڕەنگە ئەوە ببێ، وا بوو کە دەیگرن دەیبەنە
ژاندارمەری، لە ژاندارمەری تەحقیقاتی لێ دەکەن. دیارە لە شاری دا کاکەمین
بڵاو بۆوە بە گوێنی لێیان داوە، بە گوێنی لێیان داوە، حەتتا شایعە بوو کە گوێ و
لووتیشیان بڕیوە.
کاکەمینیش هات تەعریفی بۆ من دەکرد، وایان لێ داوە، وایان شکەنجە کردووە. دوایەش
مەعلووم بوو هیچی ڕاست نەبوو نە کەپۆیان بڕیبوو، نە گوێیان بڕیبوو نە، لێیان دابوو
دیارە بە شەپ و زللان لێیان دا بوو، دیارە پۆلیسە لێی دەدا بۆ ئەوەی قسەی لێ
دەربێنێ. شتەکەیان گەورە دەکردەوە، ئەگەر کەسێک دژی حکوومەت بایە، خەڵکەکە بۆ خۆی
نییە دژی حکوومەت بوو شتەکەیان گەورە دەکردەوە کابرایان دەکردە پاڵەوانی دێوقڕانێک
کە ئەسڵەن هیچی تێدا نەبوو بەڵام دەبوو بە پاڵەوان لە نێو خەڵک دا.
جەبار قادر:
کە باسی دامەزراندنی کۆمەڵەی ژێکاف دەکەن، ئێوە لە دواییدا شتێک بڵاو دەکەنەوە
دەلێن
" کۆمەڵەی ژیانی کورد "، نەک
ژیانەوەی کوردجا لێرە دا هینێک دروست بووە ئایا ئەو ژێکافە ژیانی کوردە یا
ژیانەوەی کورد بووە؟
بلووریان:
وەڵاهی نێوی زۆر جۆر بە جۆری لێندراوە لێرو لەوێ چون ژێ حەرفی ژێ ژیان بووە،
کوردیش کورد بووە، ژیانی کوردیش دەتوانی بڵێی، ژیانەوەی کوردیش دەتوانی بڵێی. چون
بیلەخەرە کەلیمەکەیە چون لە ئەوەڵین ژمارەی موجلەی نیشتمان لەوێدا چ کوترابێ سەحیح
ئەوەیە. ئەگەر لەوێ نووسرابێ ژیانی کورد، ژیانەوەی کورد، بەڵام ئەمن ئەوەی کە دە
فکرم دا بووە، لەو نووسراوانە، لەو موجلەی نیشتمان و ئەوانە دا ئەمن وەکوو لە بیرم
دا بێ " ژیانەوەی کورد " کوتراوە.
جەبار قادر:
ئێوە لەوێدا باسی کۆمەڵێک خەڵک دەکەن کە لە دروستکردنی کۆمەڵەی ژێکاف دا ڕۆڵیان
بینیوە، عەبدولڕەحمانی زەبیحی و عەزیزی زەندی، عەزیز ئەڵمانی. بۆ پێیان دەگوت
عەزیز ئەڵمانی؟
بلووریان:
عەزیز ئەڵمانی کابرایەک بووە لە مەهاباد، جەوانێک بووە گەنجێک بووە، گرووپێکی
مەزهەبی، گرووپێکی مەزهەبی مەسیحی کە لە ئوڕووپاوە هاتوون، لە ئەڵمانەوە هاتبوون
بۆ ئەوێ ئەو دەم دەهاتن تەبلیغی مەسیحییەتیان دەکرد، ئەو زەمان ئازاد بوو، وەکوو
ئێستا نییە کە جڵەوگیری بکەن. ئەوانە هاتوونە مەهاباد عەرزت بکەم لەوێ ئەو کوڕە
دەگەڵ ئەوانە ئاشنایی پەیدا دەکا. جا بە چ شیوەیەک ئەوانە لە ماڵە ئەوان هۆدەی
دەگرن، مەنزڵ دەکەن فڵان دەکەن دەگەڵ
ئەوانە ئاشنا دەبێ وەختێکی ئەوانەش دەڕۆن دەگەڵ ئەوان دەچێتە ئاڵمانی. ماوەیەک کە
لە ئاڵمانی دەبێ خەڵکەکە نێوی دەنێن عەزیز ئەڵمانی، هاتوە چۆتە ئاڵمان بۆیە عەزیز
ئەڵمانی.
جەبار قادر:
پێوەندی نەبوو خۆی بە لایەنگری هیتلەر و ...
غەنی بلووریان:
نا، هیچ شتێکی نەبوو، کوردێکی زۆر ساغ و سالم بوو.
جەبار قادر:
لە ساڵی ١٩٤١ سوپای ڕووس یان یەکێتیی سۆڤیەت ئەو کاتە کە پێیان دەگوتن دێن ئەو
ناوچەیە داگیر دەکەن و لە خوارەوە سوپای ئینگلیس داگیر ئەکا، ڕەزا شا دەر ئەکرێ و
دەنێردرێ بۆ باشووری ئەفریقیا. ئێوە ئەو کاتە هەڵبەت باش لە بیرتانە ئێوە ئەو کاتە
گەنجێکی ١٧ ساڵان بوونە
بلووریان:
بەڵێ، بەڵێ
جەبار قادر:
کە شتەکانتان بە باشی لە بیرە. لە یەکەم هاتنی ئەو سوپایە و ئەو گۆڕانکارییە و
لاچوونی ڕەزا شا، کاردانەوەی، رەدولفێعلی، عەکسولعەمەلی وەکوو ئەڵێن، خەڵکی کورد،
خەڵکی مەهاباد چی بوو کە ئێوە لە نزیکەوە ئاگاتان لێ بووە؟
بلووریان:
عەرزی بە حزوورت ڕەزا شا بە فیتی ئینگلیسی
لە ئێران بوو بە پادشا، بۆ خۆی ڕەزا شا زابتێکی هێزی ئەڕتەشی قەزاق بووە، لە ئێران
ئەو دەمی پێیان دەگوت قەزاق. ئەفسەرانی ڕووسی قەدیمیش پەروەردەی ئەڕتەشی ئێرانیان
دەکرد بەو عیلەتەی نێویان نابوو قەزاق. جا ئەو دەم رەزا شا تەڕەفداری وانێک بوو،
تەڕەفداری ئینگلیس بوو. ئینگلیس کردی بە شا. ماوەیەک کە پێ چوو هیتلێر هاتە
سەرکار، ڕەزا شا فکرو شتەکەی گۆڕی جیهەتەکەی گۆڕی بۆ لای هیتلێر، بوو بە تەڕەفداری
هیتلێر. لەو زەمینانە دا هیتلێریش ئیستیفادەی دەکرد جاسووس و فسۆسی خۆی دەنارد بۆ
ئێران بە نێوهای موختەلیف، دەیناردنە ئێران عەشیرە و مەشیرەی ئێرانی، جنووب وەکوو
مەسەلەن لوڕ و ئەو عەشیرانەی کە لەوێ بوون ئەوانەیان هان دەدا بۆ ئەوەی بتوانن
هێزێکیان لێ دروست کەن کە بتوانن لەو هێزە ئیستیفادە بکەن لەوێ ڕا لە ڕووسییەی
بدەن، لە شووڕەوی، لە ئیتیحادی سۆڤیەتی بدەن چون نزیکە ئیتر لە مەرزی ئێرانێ
بەڵکوو بتوانن ئەوەی بکەن زیمنی ئەوەی کە زەربە لە ڕووسیە دەدا جەبهەیەکی بۆ
دەکاتەوە لەو مەنتەقەیەی، زیمنی ئەوەی نەفتی ئێرانیش مومکینە بتوانێ بە دەستەوە
بگرێ. لە زیمنیش دا خۆی بگەیێنێتە سەر خەلیجی فارس لەوێش دەستی بگاتە سەر خەلیجی
فارس هیتلێر.
ئەمریکا، ئینگلیس، شووڕەوی ئەو دەم کە موتەحیدی دژی نازی بوون ئەوانە هەست دەکەن
بەو چالاکیانەی دارودەستەی هیتلێری قەرار دەدەن کە بێن ئێرانێ داگیر کەن بە دوو
عیلەت. عیلەتی ئەوەی عیلەتی ئەوەل دەستوپێوندی هیتلێری لەوێ کۆ کەنەوە، دووەمیش ڕێگای
ئامەد و شود، هاتوچۆی بۆ ڕووسییەی بۆ ناردنی سیلاح و ئەوانە لە خەلیجی فارسەوە کە
بە کەشتی پیادەی دەکەن لە مەنتەقەی بەندەر عەبباس و ئەوانەوە بە ماشێن و تڕۆمبیل و
ئەوانە بیبەن بۆ شووڕەوی بۆ کۆمەک بە شووڕەوی.
ئەو دوو هەدەفە بوو. بەو دوو هەدەفە ئەوان هاتن کە هاتن ئەڕتەشی ئێرانێ کە ئەو دەم
خۆیان تەعریف دەکرد کە هێزی ڕەزا شای، ئەڕتەشی مۆدێرنی ڕەزا شای ئاسمان بە سەرنێزە
ڕادەگرێ. ئەوان کە هاتن شووڕەوی شۆڕ بۆوە بۆ تەورێزێ بەڕاستی نیو سەعاتیش
ڕانەوەستان. نیو سەعات نەیانتوانی موقاوەمە بکەن، تەقە بکەن هەڵاتن بڵاوەیان کرد
ئەسڵەن. کە بڵاوەیان کرد لەو لاشەوە ئینگلیس هات، ئەمریکاش کە هات لە تاران
نیشتەجێ بوو، ئێرانیان داگیر کرد. لەسەر ئەو قەرارەی کە دابوویان، لەسەر ئەو
قەرارەی کە دابوویان ئێران داگیر بکەن بێ ئەوەی کە دەستی تێوەردەن لە تەقسیم کردنی
خاکەکەی. هیچیەک حەقیان نەبێ ئێران تەقسیم بکەن.
ڕەزا شاش ئەمریکا و ئینگلیس دەریان کرد ناردیان بۆ دەرەوە و کوڕەکەیان لە جێگای
دانا. ئەو کوڕەش هەر بە فیتی ئینگلیس بوو بیلەخەرە کوتی هەر سەلتەنەتی یە، ئەوە
باب نۆکەرە، هەر دەبێتە ئی خۆمان. ئەوە بووە شا. بەڵام عەرزت بکەم ئەو دەم میلەتی ئێران بە عیلەتی ئیختیناق و خەفەقان و
ملهوڕی و دیکتاتۆری ڕەزا شا خەڵکەکە بە ڕاستی بەدڵەوە ئیستیقبالیان کرد لەوەی کە
قشوونی خاریجی هاتووە ئێرانی داگیر کردووە. چون ئەو دەم فەزایەکی ئازادی سیاسی لە
سەرتاسەری ئێران کراوە بوو، حیزب دامەزران، ڕۆزنامەی ئازاد چاپ بوون، حەتتا حیزبی
کۆمۆنیست ساز بوو لە ئێران. بە تایبەت لە کوردستان کە قشوونی شووڕەوی هات واریدی
مەهاباد بوو، قشوونی شووڕەوی بەخاتری گوزەشتەی ڕێژیمی ڕۆمانۆفەکانی ڕووسیە، ڕووسی
تەزاری، لە زەمانی ڕووسی تەزاری کە شەڕێک بەینی تورکیا و ڕووسییەی لە مەڵبەندی مەهابادێ
ساز ببوو لەوێ عیدەیەک کوردەکان بە عیلەتی مەزهەبی بوونیان پشتیوانیان کرد لە
عوسمانیەکان...
جەبار قادر:
لە شەڕی یەکەمی جەهانی دا.
بلووریان: لە شەڕی یەکەمی جەهانی
دا بە تەبلیغی حاجی بابەشێخ. حاجی بابە شێخ کە بوو بە مەجلیسی جمهووری مەهاباد لە
زەمانی خۆی. حاجی بابەشێخ فتوای دابوو کە چونکوو ڕووس کافرن، تورکیا سوننی یە و
موسوڵمانە، موسوڵمانەکان دەبێ پشتیبانی لەوان بکەن. ڕووسەکانیش هاتبوون لە مەهاباد
نوتقیان کرد بوو کوتبوویان ئێمە دوو دەوڵەتین پێکەوە شەڕ ئەکەین، گاهێک ئێمە دێین،
گاهێک ئەوان دێن، ئێوە کارو بە ئێمە نەبێ
بەوانیش نەبێ کووتاڵ و شتی خۆتان بەمەش بفرۆشن، بەوانیش بفرۆشن، دەخالەت لە
کاری ئێمە مەکەن و دەستی تێوەر مەدەن. لێرە دا شێخ بابا ، شێخ بابای بەرزنجی غەوساباد!،
لەوێ ئەو قسانە وەردەگرێ، دژی حاجی بابەشێخ ڕەئی دەدا چونکوو شەڕی ئەو دوو دەوڵەتە
شەڕی دونیایی یە و شەڕی مەزهەبیش نییە، هیچ ڕابیتەی لەگەڵ دین و مەزهەب نییە
شیرکەت کردن دەو شەڕی دا ئەسڵەن حەرامە و هەر کەس بمرێ دەوێدا شەهیدیش نییە، دەمرێ
بە خۆڕایی دەچێ. بەنابەرئین خەڵکی هان دا بوو کە نەیکەن. بەڵام عیدەیەک کردبوویان
بە قسەکانی حاجی باباشێخ، کە یەکیان میرزا فەتتاحی قازی خەڵکی مەهابادێ لە تایفەی
خودی قازیی محەمەد بوو.
ئەو لە داخڵی شار دا سەنگەری گرتبوو، خەڵکیشی لە خۆی کۆ کردبۆوە، لە نێو
عەشیرەتانیش دا عەشیرەی مامەش بە سەرپەرستی قەرنی ئاغای مامەش کە ئەو دەمی جەوان
بووە، ڕەئیسی عێل بووە، ئەو لەگەڵ تورکان کەوتووە، ئەویش یەکێک لەوانە بووە کە
دەگەڵ ڕووسان شەڕی کردووە.
ئەو قشوونی شووڕەوی کە هاتن لە سەر ئەو خاترەیەی حیسابیان کرد بوو لە مەهابادێ،
هەمان مەهابادە لەوانەیە خەڵکەکە دیسان هەڵستنە حەوا و عەلەیهی ئەوانە شەڕ بکەن و
قەرەنی ئاغاشیان دا نابوو کە، ئەو قەرەنی ئاغاش هەر هەیە، زیندووە لە پەسوێ یە،
ئەویش عەشیرە بێ دەست بکا بە شەڕ و ئەوانە. وەختێکی وارید بوون ئەوەڵین کارێکی کە
کردیان مەهابادیان موحاسەرە کرد، پەسوێیان موحاسەرە کرد؛ دێی قەرەنی ئاغای. جادەشیان
لێدا، ئێستاش جادەکانیان ئاساریان ماون ئی ئەو دەورە. جادەی ترۆمبێل و ئەوانەشیان
لێ دا. قەرەنی ئاغا و ئەوانەیان لە ماڵەکەی خۆیدا هێشتەوە کە نەبزووێ و حەڕەکەت
نەکا.
کە هاتنە داخڵی مەهاباد، لە پێش ئەوەی دا کە قشوونی شووڕەوی خۆیان واریدی مەهاباد بن،
دوو سێ تەیارەیان نارد لە داخڵی شار دا چەند تەقەیان کرد و چەند بۆمبیان لە
مەهاباد هاویشت، بەڵام لە جێگای بێ خەتەریان داویشت کە زەرەر بە خەڵک نەگەیێنن.
زەرەرێکی جانی نەبوو، شایەد یەک نەفەر، دوو نەفەر کووژرا بێ. بۆ ئەوەی خەڵکەکە
بترسێنن و بۆ ئەوەی بزانن کە عەکسولعەمەلی خەڵکەکە چی دەبێ پاش ئەو تەقەیە.
جەبار قادر:
بەس خەڵک بیرەوەرییەکی زۆر تاڵی لەگەڵ ڕووسەکان هەبوو، چونکە لە کاتی شەڕی یەکەمی
جەهانیدا زۆردارییەکی زۆریان لە خەڵک کرد بوو، لەبەر ئەوە خەڵکی مەهاباد خەریک
بوون شار بە جێ بێڵن.
بلووریان:
با عەرزت بکەم، ئەو بۆمبارانەی کە دەکەن بۆ ئەوەی عەکسولعەمەلی خەڵکی بزانن چییە.
خەڵکەکەش چون بیرەوەرییان هەبوو لە سەر ڕووسان، دەیانگوت ڕووسان دێن ئەوانیش
کوشتار ئەکەن خەڵک هەڵ دەهات. من خۆم یەکێک لەوانە بووم، لە خانەوادەی خۆم هیچکەس
هەڵنەهات، ئیلا لەوەی لە مەهاباد دەرچوون چوونە قەبرستانێ دابەزین لە ترسی
تەیارەی، بۆمبارانێ لە قەبرستانی مەلا جامی بوون. ئەمن تەنیا لەگەڵ براکەم حەمە
ڕەسووڵ کە ئێستا نەماوە، مرد لە مێژە مردووە دەستی حەمە ڕەسووڵم گرت و هەڵاتم
ڕۆیشتم بۆ نێو مەنگوڕان چوومە دێی ئافان. مام حەسەنی ئافان دەگەڵ بابی من دۆست بوو
چون دەهاتە دووکانی بابم و شتی دەکڕی مام حەسەنم ئەناسی. دەمناسی بەو بۆنەوە ڕێم
داگرت بچمە ئافان لای مام حەسەن. ئەوە بۆمبارانە و هەڵات هەڵاتیش بوو عالەم هەمووی
هەڵ دەهات ئەمەش منداڵ و جەوان و ئەوانە دەمانگوت خەتەرە ئەمەش ڕۆیشتین. با ئینکێ
ڕێگای دێشم نەدەزانی هەر قۆناغ بە قۆناغ کە دەچووم بە پرسیار کردن هەتا گەیشتمە
ئافان.
مام حەسەنی ئافانی نامەی نووسیبوو بە کابرایەکی دا، جا بزانە فکرم چەند تیژە ئەو
دەم ، کابرایەک بوو خەڵکی ئەو دێیە بوو بەڵام دەهات ترێ و مرێ و ئەوانەی لە شاری
دەکرد دەیبرد دەیفرۆشت، گلەو ملە و ترێ دەیبرد دەیفرۆشت نێوم لە بیرە پێیان دەگوت
" عەبڵا لیکە"، نامەی بە عەبڵا لیکەی دا نارد بۆ بابم کە کوڕەکانی تۆ فڵان و فڵان ئەوە لێرەن نیگەران مەبە. عەبڵا لیکە
نامەکەی دەباتە مەهابادێ، دووکانی بابم دەبینێتەوە، بابم کە دەخوێنێتەوە نامەیەکی
بۆ ئاغاکەی دەنووسێ زۆر سپاست دەکەم هەر بە کاک عەبدوڵا دا ئەو منداڵانەم بۆ
بنێرەوە.
عەبڵا لیکە کە گەڕاوە ئەو جار ئێمەیان دەگەڵ عەبدوڵا لیکەی، ئەسپێکیان داینێ ئەمن
و براکەم سواری ئەسپێکی بووین و عەبڵا لیکە لەگەڵ خۆی هێناینەوە مەهابادێ.
هاتینەوە مەهابادێ. عەرزت دەکەم
جەبار قادر:
بەڵێ کە هاتنەوە مەهابادێ دوای ئەوە ئیتر خەڵک
بلووریان:
خەڵکەکە ئارام بۆوە. عالەمەکە ئارام بۆوە، سەربازی ڕووسیش دەهاتنە نێو شاری عەرزت
دەکەم قەندی کڵۆیان پێ بوو، کڵۆ قەندی گەورە ڕووسی قەدیم هەبوو، کڵۆی گەورە
ئەوەندە ئەوەند بوو [ بەدەست نیشانی دەدا. ح.ق] ئی زۆر ڕەق، لە وڵاتی ئێمە زۆر
مەشهوور بوون ئەو قەندانە. دەیانگوت هەر تاقە قەندێک بە چایەکی دەخورێتەوە. خەڵکی
فەقیر و فوقەرا زۆرتر حەولیان دەدا بۆ ئەو قەندەی، قەندی میاندواو، قەندی کەلەی
میاندواو، کارخانەی میاندواو هەیە، ئێستاش هەیە، قەندەکەی قەندێکی زۆر جوان و
شیرینە بەڵام زۆر زوو ئاو دەبێ [دەتوێتەوە. ح.ق] سێ قەندی دەوێ چایەکی ئاوا
چکۆڵەی پێ بخۆیەوە. دەحاڵێکی دا دوو چای
ئاوا [ ئیستیکانە چایەکە بەرز دەکاتەوە بۆ خواردەنەوە. ح.ق] بە کڵۆ قەندێکی ڕووسی
دەخوراوە.
سەربازەکان دەهاتنە بازاڕی، توورەکەیان دە شانی دەکرد ئەو قەندانەیان دێنا.
توونیان دەکڕی، پەڕە سیغاریان دەکڕی، شتیان دەکڕی قەندیان دەدا لە باتیان. پارەیان
نەبوو. قەندیان دەدا بە خەڵکەکە و دەگەڵ خەڵکەکە ببوونە دۆست. خەڵکانی دیکە، نییە
ڕووسەکان دەستوریان پێ دابوون دەگەڵ خەڵک بەرخوردی باش بکەن و حورمەتی خەڵک بگرن و
خەڵک مەترسێنن و ئەوانە، ئەوەندە ڕێک کەوتن دەگەڵ خەڵکەکە ئەغڵەب خەڵک شەوانە
ساڵداتێک، دوو ساڵداتیان دەبردەوە ماڵێ مێهمانیان دەکردن.
عەرزت بکەم جا لێرە دا شتێکی حاشییە بڕۆین بێینەوە سەر ئەوەی. ئەو دەمی هێشتا
قشوونی ئەمریکا و ڕووس و ئینگلیس نەهاتبوونە ئێران، هیتلێر دەستی بە شەڕ کرد بوو
هەرا بوو، ئەو کابرای وانێک، ڕەشید عالی گیلانی لە عێڕاق شوورشی کرد و دوایە هەڵات هاتە ئێرانێ ڕەزا شا ناردی بۆ بێرلەنێ و
ئەوانە. ئەو قسانە لە مەهاباد دا عەوام پێیان خۆش بوو ئەو ڕێژیمە تێک چێ وە زیدی
ئینگلیسیش بوون ئەساسەن خەڵک، خەڵکی عادی ها، خەڵکی عامە بە عام زیدی ئینگلیس بوون
بە خاتری ئەوەی فکری ئەوەیان بڵاو ببۆوە دە نێو کوردەواری دا کە ئینگلیس لە وەختی
خۆیدا حەقی کوردانی پایەماڵ کردووە. لەبەر ئەوەی دژایەتیان دەگەڵ ئینگلیس بوو. وە
چونکوو هیتلێر دژی ئینگلیس و ئەوانە شەڕی ئەکرد ئەو دەمیش ئەمریکا نێوی زۆر
مەشهوور نەبوو لە مەڵبەند دا و لە وڵات و لە دونیایە دا مەشهوور نەبوو، تازە
هاتبووە نێو دەرەوە.
جەبار قادر:
دوایی سوپای هیتلێر سەرکەوتنی بە دەست هێنا بوو
بلووریان:
بەڵێ سەرکەوتنی بە دەست هێنابوو خەڵکەکە، عەوام دەیانگوت ئەو کابرایە هیتلێر نێوی
سەید محەمەدە خەڵکی ئەو مەڵبەندەشە. کوڕە بابە سەید محەمەدی چی و مەڵبەندی چی؟! بە
ڕاستی ها، ئیدی ئەوە عالەمەکە ببووە تەڕەفداری هیتلێر. نەشیان دەزانی هیتلێر کێیە،
چ کارەیە.
منیش ئەو بیروبڕوایەی کە کاکەمینی دابوویمێ، گەرچی زۆر کەسان لەوانەیە بڵێن
کابرایەکی بێ سەواد چۆن دەتوانێ مەسەلەن تەلقینی وەک من بدا. دە حاڵێکدا زۆر
ئینسانی بێ سەواد هەن زۆر شت دەزانن. من
نموونەکت بۆ بگێرمەوە لە سندووس دینێک پەیدا بوون پێی دەڵێن "
کەڵبەش" ئێستا هەر هەیە ئەو دینە
دینی کەڵبەشە. کتێبی دینییەکەیان مەسنەوی مەولەوی بوو، مەولەوی شاعیری ئێرانی.
هەمزە ئاشەوانێک هەبوو لە دێیەکەی ئێمە دا، عەڕزم کرد " باڵغچی" دێیەکە
نزیکی نەغەدە ئەو دەمی شەش دانگی موڵکی ئێمە بوو، مولاحەزەت فەرموو. شەش دانگی
موڵکی ئێمە بوو، هەمزە ئاشەوان خەڵکی ئەو دێیەی مە بوو، پیاوێکی دەوڵەمەندی دێش
بوو یانی سێ چوار جووتی دەگەڕا.
من چوومە لای ئەو کابرایە کەڵبەش بوو، بێ سەوادیش بوو. شێعری مەسنەوی مەولەوی لە
بەری بوو بۆ منی دەخوێندەوە ئەمن مەعناکانی تێ نەدەگەیشتم، ئەخر مەسنەوی مەولەوی
شێعرەکانی زۆر سەختە. کەلیماتی زۆر سەختی هەیە شیوە فارسی قەدیمیشی تێدایە ئێستاش
ئەمن کە با ئینکی سەوادم هەیە دەیخوێنمەوە تێیدا لەقم بە ڕاستی. ئەو دەمی هەمزە
ئاشەوان شێعرەکانی بۆ من دەخوێندەوە، مەعنای لێ دەدا، لێشی دەپرسیمەوە ئەتۆ ئەوە
مەعنای چی، دەمگوت بە خوڵای ئەمن ئەوەی نازانم. دەیگوت چۆن خوێندەواری ئەتۆ ئەوەی
نازانی؟ دەمگوت وەڵاهی ئەوەم نەخوێندۆتەوە نایزانم. شێعری بۆ دەخوێندمەوە.
جا مەقسەدم ئەوەیە وەنەبێ بڵێن کابرای بێ سەوادێک هیچی لە باران دا نییە. خێر، زۆر
ئینسان هەن پیاوی بێ سەوادیشن بەڵام بە عیلەتی تەجروبە و شتێکی کە هەیانە شت فێر بوون.
لەو کاکە مینە من ئەو ئێحساسە فێر بووم، ئەو هەستە فێر بووم، بێجگەلەوەش، بێجگە
لەوەش ڕووسەکان کە هاتن جەعفەرۆفێک هەبوو کوردی سۆڤیەت بوو کاپیتان بوو. چوار ئەستێرەی هەبوو ئەو دەهاتە
مەهاباد، دەهاتە مەهاباد و دەهاتە بازاڕ و دڵنەوایی خەڵکی دەدا بە کوردی قسەی دەکرد.
نییە لیباسی ئەفسەری ڕووسیشی دەبەر دا بوو، خەڵکەکە زۆریان پێ خۆش بوو، موجەلەی
" ڕێیا تازە " شی دێنا، لە سۆڤیەت چاپ دەبوو دەهات، دەهاتە دەبیرستانی
ئێمە، دەهاتە وێ ئەو ڕێیا تازەی دێنا دەیدا بە ئێمە بڵاوی دەکردەوە بە لاتینی
ڕووسیش بوو، بە خەتی لاتینی ڕووسی بوو ئێمە موعەلیمێکی ئەرمەنیمان گرت بێ ئەو
کەلیماتەمان فێر کا.
ئەو موعەلیمە ئەرمەنیە بەرقی مەهابادی هەڵ دەکرد، هێنامان چەند ڕۆژێکی فێری
کەلیماتی ڕووسی کردین و ئێمە بە کەلیمە ڕووسییەکەی وردە وردە خەریکی خوێندنەوەی
ڕێیا تازە بووین.
لەو ڕێیا تازەیە دا من تووشی کۆمسۆمۆڵ بووم، تووشی کۆمسۆمۆڵ کە بووم چووم لە
جەعفەرۆفم پرسی کۆمسۆمۆڵ چییە؟ بۆی باس کردم کوتی کۆمسۆمۆڵ سازمانی جەوانانی حیزبی
شیوعی، حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەتە. ئەوە سازمانی جەوانان، تەواوی جەوانانی مەنتەقەی
ڕووسیە، جمهووریەکانی رووسیە ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیەن سازمانێکی سەرتاسەری ڕوسییەیە هەموو
گەنج و جەوانن.
ئەو فکرە چوو دە مێشکی منەوە، ئەو بیرە چوو دە مێشکی منەوە، لە ماڵە خۆمدا زۆر
جاران فکرم لێ دەکردەوە کە ئێمە بۆچی حیزبێکی دروست نەکەین حیزبێکی سەرتاسەری
کوردی نێوی بنێین سازمانی جەوانان. سازمانی جەوانانی کورد.
جەبار قادر:
حیزب یا ڕێکخراوە؟
بلووریان:
ڕێکخراوە، شتێکی دروست کەین، رێکخراوەیەک شتێکی دروست کەین نێوی بنێین سازمانی
جەوانانی کورد. کوردێکی پێوە بنووسێنین یانی مەقسەد ئی هەموو کوردستانی بێ.
بیروباوەڕی سادەگی جەوانی. عیدەیەکم لە ڕەفیقە نزیکەکانی دەور و بەری خۆم سەدیقی
سیاسەری و عەبدوڵای زەکی و نازانم
جەماعەتێکی ئاوا کۆ کردەوە، کا حوسێنی ساڵحیان و جەماعەتی دیکەی ئەوەی کە
لە بیرم بوو، ئەحمەدی ساڵحیان و قادری مەحموودزادە و جەماعەتی ئاوام کۆ کردەوە و
بیروبڕواکەی خۆم لەگەڵ ئەوان باس کرد کە ئەمن دەمەوێ سازمانێکی دروست کەم بە نێوی
سازمانی جەوانانی کورد. بۆ دەبێ ئێمەش کوردین سازمانێکی جەوانانمان نەبێ، ئێمەش
بۆخۆمان لە حەقی خۆمان دیفاع نەکەین و ئەوانە. ئەوەتا لە ڕووسیە سازمانی جەوانان
هەیە و لە خەڵکی خۆیان دیفاع دەکەن و ئەوانە. ئێمەش دانیشین ئەو کارەی بکەین.
خەڵکەکەم دەگەڵ خۆم کردە
یەک شتێکم نووسی، چەند سەترێکم دەو فکرەی دا نووسی. فکرەکەم دەمبرد بەو ئەشخاسانەی کە باوەڕم پێ دەکردن،
ئێعتمادم پێ بوون پێم دەدان دەیانخوێندەوە، دەمگوت لە ژێرەوە ئەگەر هاوکاریم لەگەڵ
دەکەن ئیمزای بکەن. نێوم پێ دەنووسین، ئیمزام دەکرد. لێرە سەدو پەنجا ئیمزایەکم کۆ
کردەوە لە نێو گەنجەکانی خۆمان دۆست و ئاشنا، ئەوانیتریش کاغەزەکەم دەدانێ
دەیانبرد دەیانخوێندەوە، عیدەیەکمان خڕ کردەوە.
جەبار قادر:
هەر لە مەهاباد؟
بلووریان:
هەر لە داخڵی مەهاباد. ئەوەمان کۆ کردەوە هەستاین چ بکەین چ نەکەین دەبێ
خانوویەکمان هەبێ ئیتر یا هێلانەیەکمان هەبێ، یانەیەکمان هەبێ کە تێیدا دانیشن و
ئەوانە. بەرامبەر شێروخورشیدی مەهاباد کە ئێستاش شێروخورشید مەریزخانەی هەر ماوە،
بەرانبەری ئەوێ هۆدەیەکمان گرت ماڵێک بوو دوو مەرتەبە بوو ئی ساڵحزادە بوو.
داروخانەچی ساڵحزادە خانووەکە هی ئەو بوو. ئەو دەم بە سی و پێنچ تمەنیمان گرت. سی
و پێنج تمەن پووڵێکی زۆر بوو ئەو دەم. بەڵام گرتمان بە سی و پێنج تمەن ئێمە خۆمان
مانگانەمان دەدا بە خۆمان. کۆمان دەکردەوە بۆ وەی سی و پێنج تمەنەکەی دابین بکەین،
ئی وا بوو پێنج قڕانی بوو، ئی وا بوو دوو قڕانی بوو، هەرچی پێیان دەکرا دەمان
دا سەری مانگێ پووڵەکەمان دەدا بە
ساڵحزادەی، ئەو جێیەمان گرت هێندێکیشمان میز و سەندەڵی لە ئەنباری مەدرەسەی دزی
هێنامان دامان نا لەوێ. پۆلیسیش هێشتا مابوو لە مەهاباد. حکوومەت نەما بوو،
قودرەتی حکوومەتی نەما بوو، فەرماندار و داییرەی حکوومەتی هیچی نەما بوو تەنیا
شتێکی کە مابوو ئیدارەی پۆلیس بوو ساڵی ١٣٢٢ و ئەوانە. شارەوانی مەهاباد. ئەفسەری
پۆلیسەکەی قوبادی بوو خەڵکی کرماشان بوو. کوردێکیان ناردبوو بۆ ئەوێ ببێتە ڕەئیسی
پۆلیس. بۆ ئەوەڵین بار ناردبوویانە ئەوێ. ئەو قوبادییە هاتە لای من گوتی کاکە لە
ئیدارەی فەرهەنگەوە گوزاریشیان داوە بە ئێمە بە پۆلیس کە ئێوە چوون عەنباری
مەدرەسەتان تاڵان کردووە میز و سەندەولیو بردۆ.
دەو خانووەی دا کە ئێوە داتان مەزراندۆ ئێمە دەبێ بچین وەدوای ئەو
گوزاریشەی کەوین کە ئیدارەی فەرهەنگ داویە بە ئێمە.
دیارە دوایی مەعلووم بوو کە ئەو سازمانە کە تەشکیل بووە حکوومەتی ئێران حەساسییەتی
لە سەر ئەو سازمانەی بەوجوود هاتبوو. حەساسییەتی لە سەر ئەوە بوو بە پۆلیسیشین
خەبەر دابوو تەحقیقات بکەن بزانن ئەوە چییە لەوێ ساز بووە.
پێش ئەو سازمانەی مە، تۆزێک بگەڕێینەوە بۆ دواوە، پێش ئەوەی ئەو سازمانە تەشکیل بێ
لە داخڵی مەهابادێ وەختێکی ئازادی کرا،
ئازادی بوو،حکوومەت نەما و عەرزی بە خزمەتت بکەم پادگانی مەهاباد، سەربازخانەی
مەهاباد ڕووسان هەموویان گرتن و فڵانیان کردن و سەرباز هەموو هەڵاتن و ڕۆیشتن و
ئەوانە، حکوومەت و قودرەت نەما هەر کەس بۆخۆی ئاغای خۆی بوو " میر
میرێن" ساز بوو لە مەهاباد. میرمیرێن شتێکی، سوننەتێکی کوردایەتی زۆر قەدیمە
کە نازانم دەگەڕێتەوە چ ساڵهایەکی پێشوو. میر دادەمەزرا. ئەوەڵین میری کە لە
مەهاباد پەیدا بوو سەدیقی سیاسەری بوو. میرێکی دیکەش پەیدا بوو کوڕی کەریم بارینجی
بوو، مستەفای بارینجی بەڵام لە گەڕەکی، لە مەحەلەی ئێمە سەدیقی سیاسەری بوو بە
میر. خەڵکی محەلە ڕدێن سپی کۆ دەبوونەوە لەقاوەخانەی " چاوشینی" کۆ
دەبوونەوە میریان دروست دەکرد. یەک نەفەریان دادەنا بە میر. میریش دوو سێ گزیری بۆ
دادەندرا، گزیر یانی وەزیر. ئەو گزیرەش سێ چوار نەفەری قۆڵچی هەبوو، چۆماغ بە
دەست. قانوونێکیان بۆ دانابوو میرەکە دەبوو مینبەرێکی بڵیندی بۆ دروست کەن داینێن
لە سەر مینبەرەکە لە جێگایەکی بڵیند عالەم دانیشێ، عیدەیەکیش، چەند نەفەرێکیش
قەشمەری بکەن، ئەدا دەرێنن و فڵان میر نابێ پێ
بکەنێ. هەر کەس ئەگەر خۆی کاندید کردبایە بۆ میر دەبوو تەعەهود بدا کە پێ
نەکەنێ کە ببێتە میر. هەر کەس پێ نەدەکەنی ئەو دەبوو بە میر. ئەگەر پێ کەنیبایە
دەیان هێنا خوارێ گزیر شەلاقی لێ دەدا. شەلاقیان لێ دەدا.
زۆر کەس هاتن کوتیان ئێمە میر میرێنێ دەکەین ئێمە دەبینە میر و فڵان هاتن خۆیان
ئازمایش کرد چوونە سەر وێ و ئەوانەی کە قەشمەریان دەکرد، ئەدایان دەردێنا و قسەی
وانێکیان دەکرد، پێ کەنییان دەکرد، وەپێ کەنین دەکەوتن دەیانکێشانە خوارێ لییان
دەدا دەڕۆیشتن. سەدیقی سیاسەری کوتی ئەمن دەیکەم ، ئەو کردی. زۆریان حەول دا پێ بکەنێ،
پێ نەکەنی بوو بە میر.
میریش حوکمی ڕەوا بوو ئەو دەم. لە داخڵی شار دا و لە نێو حکوومەتیش دا حەتتا. بۆ
ماوەی نەورۆز هەتا سێزدە بەدەر میر حوکمی ڕەوا بوو. هەر فەرمانێکی بە هەر کەس
دابایە دەبوایە ئیتاعەتی بکا. ئەوەڵین فەرمانیشی کە دا قازیی محەمەدیان هێنا. میر
دەستووری دا قازیی محەمەدی بێنن. قازیی محەمەدیش بە خاتری ئەوەی ئینسانێکی
موحتەڕەم بوو پیاوێکی گەورە و ماقووڵ بوو، ئەو دەمیش کە لە مەهابادێ، دوایە
دێینەوە سەری، کە قازیی محەمەد چۆن بوو بە سەرپەرستی مەهاباد، خەڵک چۆنی دامەزراند
دێین باسی دەکەین. قازیی محەمەد ئەو دەمی سەرپەرستی شار بوو لە تەڕەف ڕدێن سپی
شارەوە هەڵبژێردرابوو. لە لایەن ردێن سپیانەوە کە عوهدەداری سەرپەرستی شارەکە بێ
ئەویش عیدەیەکی تفەنگچی وەکوو سەید پیرەی کۆ کردبووەوە.
جەبارقادر:
بەڵام ئەوە دوای داگیر کردنی شارەوانی دەبێ.
بلووریان:
بەڵێ بەڵێ.
جەبار قادر:
دوای چەک کردنی شارەوانی مەهاباد دەبێ.
بلووریان:
بەڵێ ئەوە دوایە دەبێ.
جەبار قادر:
بێینەوە سەر سازمانی نەوجەوانانی کورد
بلووریان: ئەو میر میرێنە کە ساز
بوو، پاش ئەو میرمیرێنەی بوو کە فکرەکەی من پوختەتر بوو، فکری سازمانی جەوانان
هات. ئەوە بوو سازمانی جەوانانمان دامەزراند چووین لەوێ هێندێک سەندەڵی و میزمان
هێنا.
جەبار قادر:
بەرپرسیاری یەکەم جەنابت بووی؟
بلووریان:
بەرپرسیاری خۆم کە بۆخۆم دام مەزراندبوو
جەبار قادر:
کێ لە گەڵتا بوو ئەوی نزیک؟
بلووریان:
ئەو نزیکانەی کە نێوم بردن. نێوم بردن دە پێشدا. ئەوانەم دەگەڵ بوو ئیدی. سەدو
پەنجا نەفەر بوون زۆر بوو، دیارە زۆر نێوەکانم لە بیر نەماوە سەدو پەنجا نەفەرەکە.
جەبار قادر:
چیتان ئەکرد کارەکانتان چی بوو؟
بلووریان:
کارەکانمان ئەوە بوو ڕۆژی جومعانە دەچووینە باغی مکایلی، سەیرانمان دەکرد، هەر کەس
بۆخۆی لە ماڵە خۆی شتی خۆراکی دێنا بۆ ئەوێ، هەرکەسیش ئەگەر توانای هەبایە چوار
فیشەکی تفەنگی دێنا بۆ ئەوێ لەوێ تیرەندازی و نیشانەمان دا دەکرد. [ بە دەست
نیشانی دەدا ح.ق]، تیرەندازیمان دەکرد بۆ وەی کە پەروەردە بین.
جەبار قادر:
بۆچی خۆتان پەروەردە دەکرد؟
بلووریان:
ئەسڵەن فکری ئەوەمان نەبوو کە بۆچی خۆمان پەروەردە دەکرد، هەر بۆ ئەوەی کە مەسەلەن فێری تفەنگ بین ئیدی.
ئەو دەمی ئازاد بوو وڵات و خەڵک هەموو تفەنگی هەبوو دەمانچەیان لە [بەر قەدی]
خۆیان دەدا، ئێمەش بۆ خۆمان دەمانجەمان لە خۆمان [ شەتەک] دەدا. من دەچوومە
مەدرەسەی دەمانچەم لەخۆم دەبەست. گەرچی مودیری مەدرەسەی دەهات دەیگوت کاکە
دەمانچەی مەهێنە مەدرەسەی فڵان، بەڵام ئێمە جوابمان نەدەداوە. دەمان بەست دەچووین.
عیشقمان بە تفەنگ و بە لیباسی کوردی و بەوانە بوو دەبەرمان دەکرد، جەوان بووین
ئیتر عیشقیشمان ئەوە بوو کە فێری تفەنگیش بین، بۆ فێری تفەنگ بوونیش فیشەکی لە کوێ
بێنین؟ فیشەکمان وەچەنگ ناکەوێ دەبێ بکڕین لە بازاڕی. بکڕین دەبێ پووڵ خر کەینەوە.
پووڵمان خڕ دەکردەوە یا هەر کەسە بۆخۆی کە دەهات ئەوەی کە پێی دەکرا چوار فیشەکان،
سێ فیشەکان دەگەڵ خۆی بێنێ بۆ ڕۆژی جومعە. لەوێ ئەو فیشەکانە کۆ دەبوونەوە لە
جێگایەک، خۆراکەکانیش هەموو کۆ دەبوونەوە، عەنباردارێکمان دادەمەزراند.
عەمباردارەکە وەختی نەهارێ بانگی دەکردین، سفرەی ڕادەخستن هەموو وێگڕا نانمان دەخوارد فیشەکەکانی کۆ دەکردنەوە. ئێمە
مەسەلەن دە نەفەرمان ئینتخاب دەکرد بە قورعە کە هەر یەکەی دوو فیشەکان بتەقێنن. چون
بەشی هەموانی نەدەکرد،سەدو پەنجا نەفەر عالەم بوو، مومکینە زۆر زۆر فیشەک هاتبایە،
بیست فیشەک دەهات.
ئەوە بوو دوو فیشەک، سێ فیشەک ئاوا بیتەقێنن، نیشانەی دابنێن بیتەقێنن، هەر جومعەی
دە نەفەرێمان هەڵدەبژارد ئەوەندەی بە تێعدادی میقداری فیشەکەکەمان. تیرەندازیمان
دەکرد، فێری تیرەندازی و شت دەبووین. لەوێش شێعرمان دەخوێندەوە و کوردایەتمان
دەکرد و عوبەیدی تەهازادەشمان هەبوو
ئەودەمی لە دەبیرستان ڕەفیقی ئێمە بوو بەڵام شاعیر بوو، شێعری کوردی دەکوت بۆ خۆی
و ئێستاش هەر ماوە گەرچی ئاڵۆزە [بە قامک ئاماژە بۆ سەری دەکا ح.ق]، بەڵام شێعری
دەکوت ئەو شێعرەکانی خۆی دەهێنا بۆی دەخوێندینەوە یان شێعری شوعەرای کوردی دیکەی
دێنا بۆی دەخوێندینەوە سروودی کوردیشمان لە کوردستانی عێڕاقەوە بۆ هاتبوو :
" کوردستان، کوردستانی جوان/ دینمە
ئاینمە نیشتمان " شتێکی ئاوا ئەلئان شێعرەکانم تەواو لە بیر نەماوە، ئەو
سروودانەشمان لە کوردستانی عێڕاقەوە
وەرگرتبوو.
دیارە ئەو برادەرانەی کە هاتوچۆی عێڕاقیان دەکرد ئەوان ئەو شێعرانەیان بۆ
هێنابووینەوە، ئەو شێعرانەمان لەبەر دەکرد دەمانخوێندەوە و ئێوارانە دەستەجەمعی
ئەو جەماعەتە هەرچەندی بووین، سەد بووین دوسەد بووین هەر چەندێک بووین دەستەجەمعی،
بە دەستەجەمعی دەهاتین بەرەو شەقامی مەهاباد دا
بە نیو خیابان دا دەگەڕاین و ئەو سروودانەمان دەخوێندەوە، دەڕۆیشتین. ئەوەش
تەبلیغاتێک بوو جەوانانی تریش ئەکێشران بۆ لای ئێمە. 
جەبار قادر:
بێجگەلەوە بڵاوکراوەیەک، شتێکتان نەبوو؟
بلووریان:
هیچ بڵاوکراوەیەکمان نەبوو. سەوادی ئەوەندەمان نەبوو ئەو دەمی کە بتوانین بۆ خۆمان
ئۆرگانێکی ساز کەین. یانی هەنووز ئەو پوختەگییەمان نەبوو. ئەوە بوو کە
جەبار قادر:
دوای ئەوە یانە ئەکەنەوە، یانەی نەوجەوانان، ئەو جێگەی کە
بلووریان:
یانەمان کردەوە لە یانەی دەهاتن هەموو، کلیل بەدەستمان مەسەلەن سەدیقی سیاسەری
کلیل بەدەستی یانەکە بوو، ئەو سبحەینان بەیانی سەعاتی سەر لە بەیانی دەهات دەرکەی
دەکردەوە هەر کەس ئیشتیای بایە دەهاتە یانەی و تەختە سیایەکیشمان دانا بوو ،
بەعزێک لەوەی کە موحەسیلی مەدرەسە بوون دەهاتن لەوێ لە تەختە سیای ئیستیفادە کەن،
دەرسی مەدرەسەیان ڕەوان دەکرد و دەرسیان دەخوێند و ئەوانە یان شەخس بۆ وانێک
دەهاتن، هەمیشە و دایم ئاوەدان بوو. هەتا شەو ئاوەدان بوو، چا لێ دەندرا و فڵان و
ئەوانە. پووڵەکەش هەر خەڵکەکە خۆی دەیدا.
درێژەی هەیە ...

No comments:
Post a Comment