هاوپرسه‌کی
حه‌سه‌نی قازی له گه‌ڵ سادقی سه‌با سه‌رۆکی
ڕادیۆ،ماڵپه‌ڕ و تێلێڤیزیۆنی بی بی سی فارسی بۆ به‌رنامه‌ی ڕاوێژ له
تێلێڤیزیۆنی مانگیله‌ی ستێرک
شوێنی
چاوپێکه‌وتن: ستودیوی تێلێڤیزیۆنی بی بی سی له له‌نده‌ن. چوارشه‌مه 5ی دیسامبری
2012
فیلمهه‌ڵگر: گۆران مامه‌خه‌لانی
تاریخی
بڵاوبوونه‌وه له ستێرک : یه‌کشه‌مه 23ی دیسامبری 2012. دووپاته 24ی
دیسامبر
تێبینی
ئه‌م هاوپرسه‌کییه به زمانی فارسی کراوه
حه‌سه‌نی
قازی: به‌ڕێز سه‌با، سپاس بۆ قه‌بووڵی ئه‌م هاوپرسه‌کییه. به‌ر له هه‌موو شت
ده‌مه‌وێ پرسم کاتێک ئێوه بانگهێشتنی تێلێڤیزۆنێکی کوردیتان بیست بۆ چاوپێکه‌وتن،
یه‌که‌م کاردانه‌وه‌تان چ بوو؟
سادق سه‌با: ئه‌من گه‌لێک خۆشحاڵ بووم ده‌رفه‌تێکم ده‌ست
ده‌که‌وێ له گه‌ڵ کوردانی دنیا که ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی ئێوه ده‌بینن قسه بکه‌م.
هه‌رچۆنێک بێ ئێمه‌ی ئێرانی زۆر نزیکین له کورده‌کان.جا چ ئه‌و کوردانه‌ی له
ئێرانن، چ له تورکییه‌ن، چ له سوورییه‌ن، چ له عێڕاقن، یان له شوێنی
دیکه‌ن.ئێمه زۆر له‌یه‌ک نزیکین. من بۆخۆم ڕه‌چه‌ڵه‌کی بنه‌ماڵه‌یی کوردیم هه‌یه،
جا بۆیه زۆر خۆشحاڵ بووم بتوانم له‌گه‌ڵ بینه‌رانی کوردی ئێوه قسه بکه‌م.
حه‌سه‌ن قازی: گه‌لێک مه‌منوون. ئه‌گه‌ر ئیزنت له سه‌ر بێ له
ڕادیۆی بی بی سی فارسییه‌وه ده‌ست پێبکه‌ین.ده‌زانین که ساڵی 2010 هه‌فتاساڵه‌ی
ته‌مه‌نی ڕادیۆی فارسی بی بی سی بوو. به‌و بۆنه‌یه‌وه فیلمێکی به‌ڵگه‌یی له
کاناڵی تێلێڤیزیۆنی فارسی بی بی سی یه‌وه بڵاو کراوه که تێیدا ئاماژه کراوه
به ڕووداوی ئه‌وتۆی که بۆ مێژووی هاوچه‌رخی ئێران گرینگن، له‌وانه میللی کردنی
سنعاتی نه‌وت له زه‌مانی ده‌سته‌ڵاتی دوکتور محه‌مه‌دی موسه‌دیق و له‌وێدا
ده‌گوترێ ئه‌و ده‌می ئه‌و ئێرانیانه‌ی له ڕادیوی بی بی سی دا کاریان کردووه،
له‌به‌ر دژایه‌تی له گه‌ڵ سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی بریتانیا له ئاست ئێران ماوه‌یه‌ک
ده‌ستیان له کار کێشاوه و له جیات ئه‌وان بی بی سی، ئینگلیسی فارسی زانی به‌کار
هێنا، یان ڕووداوی دیکه‌ی وه‌ک شۆڕشی ئێران. ئه‌وانه ده‌بێ هه‌موویان له
ئاڕشیوه‌کانی بی بی سی دا پارێزرابن. ئایا ئێوه هیچ بیرتان له‌وه کردووه‌ته‌وه
ئه‌و جۆره بابه‌تانه به شێوه‌ی نووسراو و چاپکراو بخه‌نه به‌رده‌ست وه‌چه‌ی
ئێستای ئێرانییه‌کان؟
سادق سه‌با: ئیده‌یه‌کی زۆر باشه که ئه‌گه‌ر ڕۆژێک بمانه‌وێ
ئه‌و کاره بکه‌ین. به‌ڵام ڕادیۆی بی بی سی هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی که ئێوه ئاماژه‌تان
پێ کرد، له‌و هه‌فتاو چه‌ند ساڵه‌ی دا که له ته‌مه‌نی ڕاده‌برێ،ده‌وڕێکی گرێنگی
گێڕاوه له گه‌یاندنی خه‌به‌ر و زانیاری به فارسی زمانانی دنیا. له زه‌مانی
ڕه‌زا شاوه تا سه‌روبه‌ندی شۆڕشی ساڵی 1357(1979)، تا ئێستا که ئه‌وه زیاتر له
سی ساڵ له شۆڕش تێده‌په‌ڕێ بی بی سی یه‌کێک له سه‌رچاوه گرینگه خه‌به‌رییه‌کان
بووه بۆ ئێرانییه‌کان. هه‌ڵبه‌ت نزیک ده ساڵ له‌مه‌وپێش هاوکارانی من بابه‌تێکی
به‌ڵگه‌یی ڕادیۆیی یان ساز کرد به ناوی" شۆڕشی ئێران" که هه‌ر کورته مێژووی بی
بی سی بوو به‌ڵام به ده‌نگ، به نووسراو نه‌بوو.که زۆر به وورده ڕیشاڵه، پاشان
هێندێکان ئه‌وه‌یان وه‌ک کتێب بڵاو کرده‌وه، له ئێرانیش چاپ کراوه و له به‌ر
ده‌ست دایه، به‌ڵام هه‌ر چۆنێک بێ ده‌وری بی بی سی فارسی یه‌کجار گرینگ بووه له
ڕاگوێستنی پێشوه‌چوونه‌کانی ئه‌و هه‌فتاساڵه‌ی دوایی ئێران و تا ڕاده‌یه‌کیش
ئه‌فغانستان، چونکه ئێمه له ئه‌فغانستانیش به‌رنامه بڵاو ده‌که‌ینه‌وه.
حه‌سه‌نی قازی: بۆ وێنه ئه‌من وه‌بیرم دێ زمان‌ناس و
که‌سایه‌تییه‌کی کورد که به ساڵان دانیشتووی ئینگلیستان بوو و له سه‌رده‌می
ڕێژیمی پاشایه‌تی له عێراق چه‌ند جار وه‌زیری فه‌رهه‌نگ بوو له کابینه‌ی
ده‌وڵه‌تی عێڕاق دا، به‌ڕێزیان له نێوه‌ی ساڵانی 1970کاندا، ئه‌و سه‌روبه‌نده‌ی
که کاک هه‌ژیری ته‌یمووریان له ڕادیۆی بی بی سی فارسی کاری ده‌کرد،چاوپێکه‌وتنێکی
له گه‌ڵ کرد به بۆنه‌ی نه‌ورۆز. ناوی توفیق وه‌هبی به‌گ بوو. به‌ڕێزیان له
ته‌مه‌نی سه‌ره‌وه‌ی هه‌شتا ساڵی له له‌نده‌ن کۆچی دوایی کرد. ئه‌من پێم وایه
ته‌نیا نموونه‌ی که له ده‌نگی به‌ڕێزیان مابێته‌وه ، هه‌ر ئه‌و چاوپێکه‌وتنه‌یه
که کاک هه‌ژیری ته‌یمووریان له گه‌ڵی کردووه و ئه‌وه بۆ کوردان زۆر به‌نرخه،
ئه‌گه‌ر بکرێ به جۆرێک کۆپییه‌که‌ی وه‌ده‌ست بخرێ.
سادق سه‌با: حه‌تمه‌ن له ئاڕشیوی ئێمه دا هه‌یه. ئه‌گه‌ر
که‌سێک پێی خۆش بێ حه‌ول ده‌ده‌ین کۆپی بده‌ینێ. له‌و جۆره شتانه له ئاڕشیوی بی
بی سی دا زۆر هه‌یه. زۆر که‌س ده‌نگیان بۆ یه‌که‌م جار لێره ڕا بڵاو
بووه‌ته‌وه، یان یه‌که‌م جار له گه‌ڵ بی بی سی چاوپێکه‌وتنیان کردووه،یان
ده‌نگوباسیان له بی بی سی یه‌وه بیستووه. له‌و جۆره شتانه له بی بی سی دا
زۆر هه‌یه.
حه‌سه‌نی قازی: ئایا ئاڕشیوی ئه‌و هه‌فتا ساڵه به ته‌واوی
پارێزراوه؟
سادق سه‌با: زۆر شتمان هه‌یه، زۆر شتی گرینگمان هه‌یه و هه‌ر
له ئاڕشیوی بی بی سی دا ماونه‌ته‌وه، هه‌ڵبه‌ت به شێوه‌ی ده‌نگ. هه‌موویان وه‌ک
ده‌نگ له ئاڕشیوی ئێمه‌داهه‌ن به‌ڵێ!
حه‌سه‌نی قازی: چالاکییه‌کی دیکه که له ژێر سه‌رپه‌رستی ئێوه
دا ده‌کرێ، ئانڵاین یان ماڵپه‌ڕی بی بی سی فارسی یه. وا بزانم ئه‌و به‌شه له
چالاکی ئێوه چه‌ندین ساڵ به‌ر له ده‌سپێکی به‌رنامه تێلێڤیزیۆنییه‌که‌تان ده‌ستی
پێکردووه.
سادق سه‌با: به‌ڵێ` ئانڵاینی بی بی سی نزیک به 10 ساڵ
له‌مه‌وبه‌ر وه‌ڕێ که‌وت.له سه‌ره‌تاوه جه‌غزی کاره‌که‌ی زۆر به‌رفره‌وان نه‌بوو.
به‌ڵام ئێستا ئانڵاینی ئێمه 24 سه‌عاته‌یه که له له‌نده‌ن و واشنگتنه‌وه
ئیداره ده‌کرێ، واته له‌و کاته‌یدا دا که له له‌نده‌ن نووستوون له واشنگتن
به‌خه‌به‌رن.ئانڵاینی ئێمه به به‌رده‌وامی تازه ده‌کرێته‌وه و نه‌ک هه‌ر
خه‌به‌ر بڵاو ده‌کاته‌وه، به‌ڵکوو لێکدانه‌وه‌شی تێدایه و ماوه‌یه‌که
ئه‌ستوونێکیشمان دروست کردووه به ناوی " ناظران چه می‌گویند" (چاودێران ده‌ڵێن
چی) که ئه‌وانه تاکوته‌رای ده‌ره‌وه‌ی بی بی سی ن و خاوه‌ن ڕان و ئه‌و شوێنه بۆ
ئه‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ڕای خۆیان بڵاوکه‌نه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا
لێکده‌ره‌وه‌کانی بی بی سی، واته هاوکارانی من هه‌ر به‌رده‌وامن له نووسینی
بابه‌تان دا. دوایه بابه‌تی خه‌به‌رێشمان له ماڵپه‌ڕه‌که دا هه‌یه. یه‌کێک له
سه‌رکه‌وتنه‌کانی ماڵپه‌ڕه‌که‌مان " لاپه‌ڕه تایبه‌تییه‌کان" ی بوون که به
بۆنه‌ی تایبه‌تی ئێمه لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تیمان ساز کردووه. بۆ وێنه سه‌باره‌ت به
" به‌ختیار"، یان له‌مه‌ڕ ، " ده‌سته پارتیزانییه‌کان" له ئێران و ئه‌و جۆره
بابه‌تانه. پاشان ئه‌وانه بوون به سه‌رچاوه‌ی گرینگ بۆ خه‌ڵکی دیکه. چونکه
تاکوته‌رایه‌ک که ڕه‌نگه هیچ کات له سه‌ر هیچ شتێک نه‌نووسن له پڕ دێن و له
سه‌ر بابه‌تێکی تایبه‌تی ده‌نووسن و ئه‌و لاپه‌ڕه تایبه‌تییانه ده‌ورێکی گرینگ‌یان
گێڕاوه بۆ زانیاری گه‌یاندن و ته‌نانه‌ت له ڕووی مێژووییه‌شه‌وه. له به‌ر
ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی خاون و هه‌ر وه‌ک گوتم زۆر که‌س بۆ یه‌که‌م جار له‌و
لاپه‌ڕانه دا بیره‌وه‌رییه‌کانیان ده‌نووسن، کاتێک که بۆ وێنه له زه‌مانی شا دا
چریک بوون یان بابه‌تی هه‌موولایه‌نه‌ی دیکه.
حه‌سه‌نی قازی: به‌ڕێز سه‌با، ده‌زانین به‌رنامه‌کانتان، چ
به‌رنامه‌ی ڕادیۆیی، چ به‌رنامه‌ی تێلێڤیزیۆنیتان هه‌ر بۆ فارسی زمانان له ئێران
نییه، به‌ڵکوو بۆ ئه‌فغانستان و تاجیکستانیش به‌رنامه بڵاو ده‌که‌نه‌وه . له
ئانڵاین دا تاجیکی که به خه‌تی سیریلیک ده‌نووسرێ چ سه‌رنجی ده‌درێتێ؟
سادق سه‌با: به‌ڵێ! به‌ڵێ! بڕوانه بی بی سی فارسی، بی بی سی
ئێران نییه. هێندێک له ئێرانییه‌کان پێیان وایه له به‌ر ئه‌وه‌ی فارسی له
ئێران قسه‌ی پێ ده‌کرێ، ده‌بێ هه‌موو بابه‌ته‌کانی بی بی سی فارسی له مه‌ڕ کار‌و
باری ئێران بێ که ئاوا نییه، به‌ڵکوو بی بی سی فارسی یه. له جێ‌دا به‌شی زمانانی
لاوه‌یی بی بی سی جیهانی دابه‌ش بوونی له سه‌ر بنه‌مای زمانانه نه‌ک ووڵاتان.
ئێمه به‌شی عه‌ڕه‌بی مان هه‌یه، به‌شی فارسی، به‌شی ئێسپانیایی و هتد. به‌و پێیه
ئێمه هه‌م کاروباری ئه‌فغانستان و هه‌م تاجیکستان ڕووماڵ ده‌که‌ین. له
ئه‌فغانستان ئافیسێکی زۆر گه‌وره‌مان هه‌یه، زۆر له هاوکارانی من له وێنده‌رێن،
هه‌م بۆ تێلێڤیزیۆن، هه‌م بۆ ڕادیۆ و هه‌م بۆ ماڵپه‌ڕه‌که‌مان کار ده‌که‌ن. له
تاجیکستان یش هه‌ر ئاوا. ئه‌من له‌و دوواییانه دا چووبوومه تاجیکستان بۆ دیتنی
ئافیسه‌که‌مان. له‌وێ نزیکه‌ی ده هاوکارمان هه‌یه، که هه‌م به خه‌تی فارسی
ده‌نووسن و هه‌م به خه‌تی سیریلیک.
حه‌سه‌نی قازی: هه‌ر دووکیان؟
سادق سه‌با: به‌ڵێ، به‌ڵێ! هه‌ر دوو خه‌ت.خه‌تی سیریلیک هه‌یه.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تاجیکه‌کان دوای سه‌ربه‌خۆییان له سه‌ره‌تاوه حه‌ولیان دا خه‌تی
فارسی بکه‌ن به خه‌تی سه‌ره‌کی و ڕه‌سمی له‌وێنده‌رێ. به‌ڵام هه‌رچۆنێک بێ دواتر
له به‌ر هۆی سیاسی بڕیاریان دا که وه‌ک ڕابردوو خه‌تی سیریڵیک بپارێزن. که‌وابوو
ئێستا زۆر له خه‌ڵکی تاجیکستان ئه‌گه‌ر ئێوه ته‌نێ به خه‌تی فارسی زمانه‌که‌یان
بنووسن لێی تێناگه‌ن. جا بۆیه هه‌م سیریلیکمان هه‌یه بۆ تاجیکستان، هه‌م خه‌تی
فارسیمان هه‌یه بۆ تاجیکستان.
حه‌سه‌نی قازی: هه‌ڵبه‌ت دواترده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ئه‌و
بابه‌ته، به‌ڵام ئه‌من له جێیه‌ک دا خوێندمه‌وه که یه‌کێک له پسپۆڕانی زمان
له تاجیکستان گوتبووی ئه‌گه‌ر ڕێنووسه‌که‌یان بکه‌ن به هه‌مان خه‌تی که ئێستا
له ئێران دا باوه ، له‌وانه‌یه ئه‌و کاره له‌هه‌لومه‌رجی ئێستا دا سه‌ده‌مه
بگه‌یێنێ به کار‌و باری په‌روه‌رده.
سادق سه‌با: له‌وانه‌یه وابێ، له بی بی سی دا کاری ئێمه
ئه‌وه نییه به خه‌ڵک بڵێین به چ خه‌تێک بنوسن، یان به چ زمانێک قسه بکه‌ن.
ئه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه به خه‌ڵک و به ده‌وڵه‌ته‌کان. ئه‌رکی ئێمه ڕاگوێستن و
گه‌یاندنی خه‌به‌ر و زانیاریی یه. ئه‌گه‌ر له تاجیکستان دا خه‌تی سه‌ره‌کی خه‌تی
فارسی بێ و خه‌ڵک لێی تێبگه‌ن، ئێمه به فارسی ده‌نووسین. ئه‌گه‌ر هه‌ست بکه‌ین
که ئه‌وه بۆیان دژواره ، به ڕێنووسی سیریڵیک بۆیان ده‌نووسین. ئێمه هیچ
بڕیاریان بۆ ناده‌ین.چونکه هێندێکان چاوه‌روانی ئه‌وه‌مان لێده‌که‌ن. بۆ وێنه له
تاجیکستان هێندێکان هه‌ن له‌و باوه‌ڕه دان ده‌بێ خه‌تی فارسی خه‌تی سه‌ره‌کی بێ
له وێنده‌رێ و زمانی فارسیش به‌و شێوه‌یه‌ی که له ئێران قسه‌ی پێ ده‌کردرێ له
تاجیکستانیش هه‌ر ئاوا قسه‌ی پێ بکردرێ. ئه‌من ئه‌و کاته‌ی له تاجیکستان بووم
قسه‌ی ئاوام زۆر گوێ لێ ده‌بوو. به‌ڵام ئێمه ناچینه نێو ئه‌و جۆره باسانه‌وه،
کاری ئێمه نییه.
حه‌سه‌نی قازی: به‌ڵام هه‌رچۆنێک بێ، له ڕووی نووسینه‌وه،
ئه‌و ڕێنووسه سیریلیکه‌ی له‌وێ ده‌کار ده‌کرێ جۆره خه‌تێکی فۆنێمیکه واته بۆ
هه‌ر ده‌نگێکی که له زمان دا هه‌یه نیشانه‌یه‌کیش له نووسین دا هه‌یه. له
ڕاستییدا ئه‌و خه‌ته ته‌واوتره له‌و خه‌ته فارسییه‌ی که ئێستا له ئێران
باوه.
سادق سه‌با: ڕه‌نگه هه‌ر وا بێ که ئێوه ده‌فه‌رموون.، چونکه
خه‌تی فارسی هێندێک کێشه‌ی هه‌یه ئیتر.
حه‌سه‌نی قازی: زۆر که‌سان قسه‌یان له سه‌ر ئه‌و کێشانه
کردووه.
سادق سه‌با: به‌ڵێ، به‌ڵێ! له ڕابردوو دا زۆر جار باسی ئه‌وه
کراوه که خه‌تی فارسی بکرێته خه‌تی لاتین به‌ڵام ئه‌وه قه‌ت به کرده‌وه
نه‌کرا. هه‌ر له به‌ر ئه‌و دژوارییه‌ی که ئێوه‌ش باستان کرد. ئه‌من که له
باکووری ئێران ده‌چوومه خوێندنگه یه‌کێک له وانه هه‌ره دژواره‌کانم ئیملا بوو،
نووسین بوو. ئێوه‌ش هه‌ر وه‌تر، خه‌ڵکی دیکه‌ش هه‌ر ئاوا. یانی فێر بوونی ئه‌وه‌ی
که چۆن بنووسین یه‌کێک له کاره دژواره‌کان بوو ئیتر. چونکه بۆ وێنه ئێمه له
فارسی دا سێ جۆره /س/ مان هه‌یه، سین مان هه‌یه، صاد مان هه‌یه، ث مان هه‌یه و
ئه‌وه‌ش هاسان نییه.
حه‌سه‌نی قازی: با ئێستا هێندێک باس له سه‌ر کاره‌کانی
تێلێڤیزیۆنه‌که‌تان بکه‌ین. ده‌زانین به زوویی چواره‌مین ساڵی چالاکی خۆی پڕ
ده‌کاته‌وه. به‌ر له‌وه‌ی بێینه سه‌ر نێوه‌رۆکی به‌رنامه‌کان ده‌مه‌ویست پرسیار
بکه‌م داخودا وه‌ڕێخستنی به‌رنامه‌ی تێلێڤیزۆنی هیچ کارتێکه‌ری هه‌بووه له
به‌رنامه ڕادیوییه‌کان دا، له که‌م کردنه‌وه‌ی کاتی بڵاو کردنه‌وه‌ی ڕادیۆیی یان
وه‌کوو دیکه؟
سادق سه‌با: نا، نا! به‌گشتی کارتێکه‌ری نه‌بووه. له چالاکی
ماڵپه‌ڕی ئێمه دا که‌هیچ کارتێکه‌ری نه‌بووه، چونکه ماڵپه‌ڕه‌که‌مان له‌وه‌تا
تێلێڤیزیۆن دامه‌زراوه،به‌ربڵاوتریش بووه، به‌ڵام به‌رنامه‌ی ڕادیۆکه‌مان بڕێک
که‌م بووه‌ته‌وه. به‌شی دوای ئێوارانی ئێمه که پێشتر به‌رنامه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ
بوو ، ئێستا ئاوا نییه، له‌جیاتیان له‌وێ به‌رنامه‌ی تێلێڤیزیۆنی بڵاو
ده‌که‌ینه‌وه.هۆی ئه‌و که‌مبوونه‌وه‌یه له به‌ر تێلێڤیزیۆن نییه. هۆیه‌که‌ی
ئه‌وه‌یه له‌جێدا ڕادیۆی شه‌پۆلی کورت له دنیا دا خه‌ریکه له گرینگی که‌م
ده‌بێته‌وه و، بی بی سی زیاتر له‌و جێگایانه درێژه به کاری ڕادیۆیی ده‌دا که
ئیزنی بده‌ن به ئێف ئێم له‌و ووڵاته دا به‌رنامه بڵاو کاته‌وه.وه‌ک بۆ نموونه
له ئه‌فغانستان. ئێستا ڕادیۆی ده‌ری یان هه‌مان فارسی بی بی سی ده‌کرێ به‌ڕێگه‌ی
ئێف ئێم گوێی لێ بگیرێ و به چۆنێتی یه‌کجار باش. له به‌ر ئه‌وه‌ی ئیدی له‌م ده‌ور
و زه‌مانه دا خه‌ڵک ده‌ستیان ڕاده‌گا به تێلێڤیزیۆن و ڕادیۆی ئێف ئێم و دەر‌فه‌تی
دیکه‌ی که له به‌ر ده‌ست دان، ئیدی گوێ گرتن له به‌رنامه‌ی ڕادیۆیی به ڕێگای
شه‌پۆلی کورت و به‌و خشه خشه‌ی که هه‌یه‌تی،خه‌رێکه بڕێک له مۆد ده‌که‌وێ. هه‌ر
وه‌ک ئه‌وه‌ی که له ڕابردوو دا مرۆڤ ده‌بوو به‌ڕێگای سه‌فحه ڕا گوێ له موسیقی
بگرێ ، ئه‌لئان ئیدی که‌س سه‌فحه به‌کار ناهێنێ، ئێستا ئیدی هه‌موو سی دی یان
هه‌یه یان به ڕێگای دیکه دا گوێ له موسیقی هه‌ڵده‌خه‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه.
حه‌سه‌نی قازی: وا بزانم تێلێڤیزیۆنی بی بی سی فارسی له
به‌رنامه‌کانی دا به‌شیوه‌ی سه‌ره‌کی خه‌به‌ر پێشکێش ده‌کا، ئه‌گه‌ر ده‌کرێ
سه‌باره‌ت به سیاسه‌تی ئاماده کردنی خه‌به‌ر و ده‌نگوباس هێندێک باس بکه‌ن
سادق سه‌با: بڕوانه! تێلێڤیزیۆنی بی بی سی فارسی هه‌ر خه‌به‌ر
نییه. ئێمه له تێلێڤیزیۆن دا ڕۆژێ 16 سه‌عات به‌رنامه‌مان هه‌یه. 8 سه‌عاتی
زیندووه، 8 سه‌عاتیشی دواتر به هێندێک ئاڵوگۆڕه‌وه دووپاته ده‌کرێته‌وه،
به‌ڵام ئه‌وه دووپاته کردنه‌وه‌ی ته‌واو نییه. ئه‌گه‌ر چاو له 8 سه‌عاتی
یه‌که‌م بکه‌ی نیوه به نیوه‌یه. واته نزیکه‌ی نیوه‌ی خه‌به‌ره، نیوه‌ی دیکه‌ی
به‌رنامه‌ی دیکه‌ن، به‌رنامه‌ی هونه‌ری مان هه‌یه به‌رنامه‌ی فه‌رهه‌نگی، وه‌رزشی،
تێکنۆلۆژی، دمه‌ته‌قه و گشت ئه‌وانه هه‌ن.
حه‌سه‌نی قازی: به‌ڵام بە شێوەی سه‌ره‌کی لە سەر ئاماده کردنی
ده‌نگوباس ئیست دەگرن، وا نییه؟
سادق سه‌با: بڕوانه! مرۆڤ ده‌توانێ کاناڵێکی هه‌بێ هه‌مووی
ده‌نگوباس بێ که دیاره کاناڵی ئاوا هه‌یه له دنیا دا که بیست و چوار سه‌عاته
کاری ڕاگوێستنی ده‌نگوباسه. به‌ڵام بی بی سی فارسی کاناڵێکی ئاوا نییه. نیوه‌ی
کاری ده‌نگوباسه، یانی له نێوان بولته‌نه‌کانی ده‌نگوباس دا به‌رنامه‌ی دیکه‌شمان
هه‌یه. به‌ڵام من قه‌بووڵ ده‌که‌م که کاری سه‌ره‌کی ئێمه ده‌نگوباسه. به‌ڵام
هه‌ر ته‌نێ کاناڵی ده‌نگوباس نین.
حه‌سه‌نی قازی: ئه‌ی له مه‌ڕ خه‌به‌ر وه‌ده‌ست هێنان و
سیاسه‌تی ئاماده کردنی خه‌به‌ر؟
سادق سه‌با: له مه‌ڕ ئاماده کردنی خه‌به‌ر، بی بی سی فارسی
به‌شێکه له بی بی سی گشتی. واته ئێمه به‌شێکین له بی بی سی جیهانی و بی بی سی
جیهانیش به‌شێکه له بی بی سی نێوخۆیی. هه‌موومان سیاسه‌تێکی یه‌کگرتووی خه‌به‌ری
مان هه‌یه که ئێمه له ئینگلیسی دا پێی ده‌ڵێین ئێدیتۆریال گایدلاینز، که
ئه‌وه نامیلکه‌یه‌که به پێی وی گشت ئه‌و که‌سانه‌ی که له بی بی سی دا کار
ده‌که‌ن ، ده‌بێ به پێی ئامۆژگارییه‌کانی ببزوونه‌وه. ئه‌من نازانم ئه‌و
نامیلکه‌یه بۆ جاری یه‌که‌م که‌نگێ ئاماده کراوه، ئێستا بی بی سی ئه‌وه
ده‌بێته نه‌وه‌د ساڵ و ساڵانی دوور و درێژه که ئێمه ئه‌و گاید لاینزه، ئه‌و
ده‌ستوورلعه‌مه‌له‌مان هه‌بووه و هه‌ر پێنج ساڵه‌ی جارێک به‌له‌به‌رچاو گرتنی ئەو
پێشوه‌چوون و ئاڵوگۆڕانه‌ی ڕوو ده‌ده‌ن تازه ده‌کرێته‌وه، شتی تازه‌ی تێوه دێ،
وه‌ک ئێستا که بۆ وێنه تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان سه‌ریان هه‌ڵێناوه. ئێمه
به‌پێی ئه‌و ده‌ستووره‌لعه‌مه‌له ڕه‌فتار ده‌که‌ین.یه‌ک له پرێنسیپه
سه‌ره‌کییه‌کانی بی بی سی بێ لایه‌نی یه. سیاسه‌تی سه‌ره‌کی ئێمه له بی بی سی
دا بریتی یه له ئیمپارشیالیتی که به‌ئینگلیسی وای پێ ده‌ڵێن ، وایه ئێمه بێ
لایه‌نین. یانی ئێمه سه‌باره‌ت به خه‌به‌ر لایه‌ک ناگرین.ناڵێین کاری ئه‌و
دروسته و کاری ئه‌ویدی هه‌ڵه‌یه، ناڵێین ئه‌و ده‌وڵه‌ته ئینسانکوژه ، یان
ده‌سته دژبه‌ره‌که‌ی وه‌حشی یان تێڕۆریسته.ئێمه زاراوه‌ی ئه‌وتو ده‌کار ناکه‌ین.
له جێ‌دا ئه‌وه کاری ئێمه‌ش نییه. کاری ئێمه ڕاگه‌یاندن و ڕاگوێستنی خه‌به‌ره.
خه‌به‌ری هه‌ر دووک لاش باس ده‌که‌ین و له‌و باوه‌ڕه داین بینه‌ران ده‌بێ خۆیان
بڕیار بده‌ن.پرێنسیپی یه‌که‌ممان بێ لایه‌نییه و پاشان دیقه‌ت و ووردبوونه‌وه‌یه.
مه‌سه‌له‌ی دیقه‌ت له بی بی سی دا بۆ ئێمه زۆر گرینگه، که ئێمه هه‌میشه پێمان
خۆشه شتێک که ئاخره‌که‌ی بڵاوی ده‌که‌ینه‌وه، چ له ئینترنێت، چ له ڕادیۆ، و چ
له تێلێڤیزیۆن دا به‌رده‌نگی ئێمه هه‌ست بکا که قسه‌که‌مان دروسته؛ ئیتر پێویست
ناکا بچێته جێیه‌کی دیکه ئه‌وه تاقی بکاته‌وه که ئه‌و ڕووداوه‌ی باس کراوه
قه‌وماوه یان نا؟ چونکه ئێمه خۆمان تا دڵنیا نه‌بین که ده‌نگوباسێک،ڕووداوێک
دروسته بڵاوی ناکه‌ینه‌وه. بۆ ئێمه هه‌میشه دروست بوونی ده‌نگوباس سه‌ره‌تی
هه‌یه به‌سه‌ر خێرایی بڵاو کردنه‌وه دا.چونکه له‌وانه‌یه هێندێکان بڵێن بۆچی
جار جار بی بی سی خه‌به‌رێک دره‌نگ بڵاو ده‌کاته‌وه؟ ئه‌وه له به‌ر ئه‌وه‌یه
که دڵنیا بین. دیقه‌ت و وورد بوونه‌وه بۆ ئێمه زۆر گرینگه و دوایه بۆ ئێمه
مه‌سه‌له‌ی ئینساف دێته گۆرێ. ئینساف بۆ ئێمه زۆر گرینگه. له ئینگلیسی دا پێی
ده‌ڵێین فه‌یرنێس. ئێمه له ڕاگه‌یاندنی خه‌به‌ر دا ده‌بێ فه‌یر بین. یانی گرینگی
تایبه‌تی بده‌ین به بیروڕای جیاواز و بڵاویان بکه‌ینه‌وه،بۆ وێنه ئه‌وه ناکرێ
ئه‌گه‌ر خۆشمان له بیروڕایه‌ک نه‌یه بڵاوی نه‌که‌ینه‌وه.فه‌یرنێس واته به
ئینساف بوون به‌شێکی سه‌ره‌کییه له چالاکی ئێمه. و تڕاست، واته پێمان خۆشه
خه‌ڵک باوه‌ریان به ئێمه هه‌بێ و هه‌ر له به‌ر ئه‌وه‌ش بوو که له‌و دواییانه
دا له یه‌کێک له به‌رنامه‌کانی بی بی سی ئینگلیسی ، له به‌رنامه‌ی 'نیووز نایت'
دا کێشه‌یه‌ک هاته گۆڕێ ده‌ستبه‌جێ به‌رزترین که‌س له بی بی سی دا ده‌ستی له کار
کێشایه‌وه له به‌ر هه‌ڵه‌یه‌کی که کرا بوو.واته له‌م ته‌شکیلاته دا هه‌ڵه
ئه‌وه‌نده که‌م ڕووده‌دا، که ئه‌گه‌ر ڕووبدا، به‌رزترین کاربه‌ده‌ستی ئه‌م
ته‌شکیلاته له‌به‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ده‌ست له کار ده‌کێشێته‌وه، که به
بۆچوونی من ئه‌وه شانازییه‌که بۆ ئه‌م ته‌شکیلاته که ئه‌وه‌نده گرینگی ده‌دا
به دروست بوونی ده‌نگوباس.
حه‌سه‌نی قازی: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ت باس کرد،
ده‌مه‌وێ پرسم ئێستا ئه‌و کێشه‌یه گه‌یوه‌ته کوێ؟ و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی تازه‌ی بێ
بی سی که‌نگێ داده‌ندرێ؟
سادق سه‌با: بڕوانه! مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌کی، ڕه‌نگه خراپ نه‌بێ
من بۆ بینه‌رانی ئێوه‌ی ڕوون که‌مه‌وه. له به‌رنامه‌ی کاناڵی دووی بی بی سی دا
به‌رنامه‌یه‌ک هه‌یه به نێوی 'نیووز نایت' که به‌رنامه‌یه‌کی خه‌به‌ری –
شرۆڤه‌یی قووڵه و هه‌موو شه‌وێک بڵاو ده‌کرێته‌وه. له‌و به‌رنامه‌یه دا
هه‌واڵنوسه‌کانیان بابه‌تێکیان ئاماده کردبوو سه‌باره‌ت به خراپه که‌لک
لێوه‌رگرتنی جینسی یه‌كێک له پێشکێشکارانی پێشووی بی بی سی له نزیکه‌ی سی چل ساڵ
له‌مه‌و پێش. ئێدیتۆری ئه‌و به‌رنامه‌یه به ڕواڵه‌ت بڕیاری دا ئه‌وه بڵاو
نه‌کاته‌وه. بۆ ئه‌و بڕیاره‌ی دا، هۆی ئه‌و بڕیاره‌ی چ بوو؟ ئه‌وه ئێستا له ژێر
لێکۆڵینه‌وه دایه. واته دوای ئه‌وه‌ی ده‌رکه‌وت که ئه‌و به‌رنامه‌یه بڵاو
نه‌کراوه‌ته‌وه ، که‌سێک له ده‌ره‌وه‌ی بی بی سی دیاری کرا بچێ له‌وه
بکۆڵێته‌وه که ئه‌و به‌رنامه‌یه بۆچی بڵاو نه‌کرایه‌وه.هۆی چ بوو و ئاکامی
ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه هێشتا بڵاو نه‌کراوه‌ته‌وه،.ئێمه چاوه‌ڕوانین که بڵاو
بێته‌وه و به ووردی ڕوون بێته‌وه بۆچی بڕیار درا ئه‌و به‌رنامه‌یه بڵاو
نه‌کرێته‌وه؟ به‌ڵام دوای ئه‌وه له هه‌مان به‌رنامه دا ، به‌رنامه‌یه‌کی
دیکه‌یان بڵاو کرده‌وه که ئه‌ویش هه‌ڵه بوو و له‌و به‌رنامه‌یه دا
سیاسه‌تمه‌دارێکیان تاوانبار کرد به که‌لک وه‌رگرتنی خراپی جینسی له منداڵان ،
که هه‌ڵه بوو و هه‌ر له به‌ر ئه‌وه بوو که به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بی بی سی
ده‌ستی له کار کێشایه‌وه. له به‌ر ئه‌و به‌رنامه‌ی دووه‌مه که دواتر
ده‌رکه‌وت ئه‌وه تاوانێکی نادروست بووه که وه‌پاڵ سیاسه‌تمه‌داره‌که درابوو.
سه‌باره‌ت به به‌رنامه‌ی یه‌که‌م ئێمه هێشتا نازانین کار ده‌گاته کوێ، به‌ڵام
له مه‌ڕ به‌رنامه‌ی دووه‌م به ووردی ده‌رکه‌وت که هه‌ڵه‌یه‌ک کراوه. ئه‌و
که‌سه‌ی که شه‌هاده‌تی دابوو بۆخۆشی پێی لێنا که هه‌ڵه‌ی کردووه. ئێمه پێمان
وایه ئه‌و ڕاده‌یه له پڕێنسیپی دیقه‌ت و ووردبوونه‌وه که له بی بی سی دا
هه‌یه له‌به‌رچاو نه‌گیرابوو. هه‌ر بۆیه‌ش به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بی بی سی ده‌ستی له
کار کێشاوه و ئێستا به‌ڕێوه‌به‌رێکی گشتی تازه " ئاغای تۆنی هۆڵ " که پێشتر له
به‌ڕێوه‌به‌رانی سه‌ره‌کی ده‌نگوباس بووه له بی بی سی دا به‌ڵام دواتر چوو بوو و
له " ڕۆیاڵ ئۆپێرا هاوسی له‌نده‌ن" دا کاری ده‌کرد، هه‌تا چه‌ند مانگی دیکه
ده‌گه‌ڕێته‌وه ئێره و ده‌بێ به به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی تازه‌ی بی بی سی.
حه‌سه‌نی قازی: واته پێتان وایه ئێوه ئه‌و قه‌یرانه‌تان ئیدی
تێپه‌ڕاندووه ؟
سادق سه‌با: ئیمه پێمان وایه، من به شه‌خسه پێم وایه ئێمه
نه‌ک هه‌ر تا ڕاده‌یه‌کی زۆر له‌و قه‌یرانه‌مان تێپه‌ڕاندووه، به‌ڵکوو ئه‌و
قه‌یرانه ئێمه‌ی به‌هێزتریش کردووه.چونکه ئه‌وه ده‌رسێکه، ئه‌و کاره‌ی ئێمه
کردمان ده‌رسێکه بۆ هه‌موو میدیای دنیا که لێی فێر بن.یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که دروستی
خه‌به‌ر ده‌بێ ئه‌وه‌نده بۆیان گرینگ بێ که ئه‌گه‌ر تووشی هه‌ڵه‌هاتن ده‌بێ
قه‌بووڵ بکه‌ن که هه‌ڵه‌یان کردووه و دوایه‌ش به‌رپرسیاره‌تی قه‌بووڵ بکه‌ن. له‌و
ته‌شکیلاته‌ی ئێمه دا که‌سێک هات و به‌رپرسیاره‌تی خسته ئه‌ستۆی خۆی که
به‌رزترین که‌سی ته‌شکیلاته‌که بوو و هیچ ده‌ورێکیشی له کاره‌که دا نه‌بوو،
چونکه بی بی سی...
حه‌سه‌نی قازی: به‌رنامه‌که‌ی نه‌شۆپاندبوو.
سادق سه‌با: وایه ئیتر.له بی بی سی دا ڕۆژانه به سه‌دان
سه‌عات به‌رنامه بڵاو ده‌کرێته‌وه. ئه‌و که‌سه‌ی که له سه‌ره‌وه دانیشتووه خۆ
ناتوانێ هه‌موو به‌رنامه‌کان ته‌ماشا بکا بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ چ باسه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ
ئه‌وه‌ش دا به‌رپرسیاره‌تی خسته سەر ئه‌ستۆی خۆی. له‌و ڕووه‌وه ئه‌وه نیشانه‌ی
هێز و توانایی یه که ئه‌م ته‌شکیلاته چه‌نده گرینگی ده‌دا به دروستی خه‌به‌ر و
ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ک بکرێ که‌سێک ده‌ست له کار ده‌کێشێته‌وه. به بۆچوونی من شتێکی
ئاوا له زۆر له ووڵاتان ڕوو نادا. ئێوه حه‌تمه‌ن ده‌زانن له ووڵاتانی جیهانی
سێیه‌م دا، له ئێران، نازانم له عێراق، له زۆر له ووڵاتانی جیهان. با ئه‌من
نموونه نه‌هێنمه‌وه (پێده‌که‌نێ)،به‌رده‌وام هه‌ڵه ده‌که‌ن، هه‌ڵه‌ی به
ئانقه‌سته، و هه‌ڵه‌ی بێ زانایی و هیچکه‌سیش له جێگاکه‌ی خۆی ناجووڵێ. له‌م
ته‌شکیلاته دا یه‌که‌م ئێمه پێمان لێنا که هه‌ڵه‌مان کرد بوو و دوایه‌ش
گه‌وره‌ترین که‌سایه‌تی ئه‌م کاناڵه، ئه‌م ته‌شکیلاته‌ی بی بی سی یه ده‌ستی له
کار کێشاوه‌ته‌وه. به بۆچوونی من، ئه‌من پێم وایه ئه‌وه ئێمه به‌هێزتر ده‌کا.
ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێ لێره مه‌سه‌له‌ی دروستی خه‌به‌ر، له‌و ته‌شکیلاته دا
گرینگه.
حه‌سه‌نی قازی: با دیسان بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر شێوەی ئاماده کردنی
ده‌نگوباس. ئاشکرایه ئێوه به‌شێکی گه‌وره‌ی ئه‌و ده‌نگوباسه‌ی بڵاویان
ده‌که‌نه‌وه له سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ن که هه‌وآلنووسه‌کانتان له
ووڵاتانی جۆر به‌جۆره‌وه ده‌ینێرن. له‌و جێگایانه‌ی که هه‌واڵنووستان نییه، بۆ
وێنه له ئێران که ئێستا ناتوانن ئازادانه کار بکه‌ن. سه‌رچاوه‌ی
ده‌نگوباسه‌کانتان چۆن تاقی ده‌که‌نه‌وه؟
سادق سه‌با: بڕوانه! ئێمه له بی بی سی دا قانوونێکمان هه‌یه
پێی ده‌ڵێن " گۆڵدن ڕووڵ" و ئه‌ویش قانوونی زێڕینی بی بی سی یه،واته هه‌ر
خه‌به‌رێکی که بڵاوی بکه‌ینه‌وه ده‌بێ دوو سه‌رچاوه‌ی جێی باوه‌ڕی سه‌ربه‌خۆ له
یه‌کتری له دووی بده‌ن. له ئێرانیش ئه‌گه‌ر ئێمه بۆ نموونه بمانه‌وێ خه‌به‌رێک
له هه‌واڵده‌ریی ڕۆیتێرز که له ئێران هه‌یه و هه‌واڵده‌ریی ئاژانس فڕانس پڕێس
که ئی فه‌ڕانسه یه، که له‌وێ هه‌یه یان ئاسۆشییه‌تد پڕێس ، یان هه‌واڵده‌ریی
گرینگی دیکه وه‌رده‌گرین. ئه‌گه‌ر دوو له‌وانه له دووی خه‌به‌رێک بده‌ن، له
ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه خه‌به‌ره‌که ته‌واوه و ئێمه ده‌ربڕینی هاوبه‌شی ئه‌وان وه‌ک
خه‌به‌ری له دوو دراو بڵاو ده‌که‌ینه‌وه. هه‌ڵبه‌ت له‌و جێیانه‌ی که خۆمان
هه‌واڵنووسمان هه‌بێ هه‌ر خه‌به‌ری وی به‌سه و له مه‌ڕ ئه‌و شتانه‌ش که له
میدیا ده‌وڵه‌تییه‌کانه‌وه بڵاو ده‌کرێنه‌وه ، ئیدی حه‌وجێمان به سه‌رچاوه
نییه. بۆ وێنه ئه‌گه‌ر ڕادیۆی ئێران ئه‌مڕۆ ڕابگه‌یێنێ که ئاغای خامه‌نه‌یی فڵان
فه‌رمانی داوه یان ئاغای ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد فڵان شتی گوتووه، یان فیساره شت
ڕوویداوه، ئیدی ئه‌وه بۆ ئێمه سه‌رچاوه‌یه، ئیدی پێویست ناکا بچین له جێیه‌کی
دیکه‌ش خه‌به‌ره‌که تاقی بکه‌ینه‌وه. هه‌مان شت له مه‌ڕ سه‌رچاوه‌ی ڕه‌سمی یه،
وه‌ک ئیرنا، ئاژانسی ده‌نگوباسی ڕه‌سمی ئێران. سه‌باره‌ت به ووڵاتانی دیکه‌ش هه‌ر
ئاوایه. کاتێک کاناڵی ڕه‌سمی شتێک بڵێن له ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه...
حه‌سه‌نی قازی: سه‌باره‌ت به گرووپی ئۆپۆزیسیۆنی ئه‌و ووڵاتانه
چی؟ ئایا له‌وانیش وه‌ک سه‌رچاوه‌ی خه‌به‌ر که‌لک وه‌رده‌گرن؟
سادق سه‌با: سه‌باره‌ت به‌گرووپه ئۆپۆزیسیۆنه‌کان، کاتێک ئه‌وه
ده‌که‌ین که له ڕاستییدا پێشینه‌یه‌کی جووڵانه‌وه‌ی دروستیان هه‌بێ و ئێمه
بتوانین ئه‌و شتانه‌ی که ده‌یانڵێن تاقی بکه‌ینه‌وه. بڕوانه ئێمه ده‌ڵێین
ده‌وڵه‌ت ئه‌وه‌ی گوتووه و ئه‌گه‌ر به هه‌ڵه‌ی گوتووه به‌رپرسیارێتی. له‌مه‌ڕ
ئۆپۆزیسیۆنیش،ئۆپۆزیسیۆنیش له‌وانه‌یه هێندێک جار بییه‌وێ خه‌به‌ڕێک گه‌وره
بکاته‌وه و پێوه‌ی نێ و هه‌ر چۆنێک بێ کاتێک ئێمه خه‌به‌ره‌که بڵاو بکه‌ینه‌وه
به‌رپرسیاره‌تییه‌که‌ی تا ڕاده‌یه‌ک ده‌که‌وێته سه‌ر ئه‌ستۆی ئێمه‌ش. جا که‌وابوو
ئێمه حه‌ول ده‌ده‌ین خه‌به‌ره‌کان له ڕێگای دیکه‌شه‌وه له دوویان بدرێ، بو
وێنه له مه‌ڕ ئێران ئه‌گه‌ر دیسان بمه‌وێ نموونه بهێنمه‌وه، بۆ وێنه هێندێک
له ماڵپه‌ڕه‌کانی گرووپه ئۆپۆزیسیۆنه‌کان له به‌ر ئه‌وه‌ی له‌و ساڵانه‌ی
دواییدا سه‌لماندوویانه که ده‌نگوباسه‌کانیان جیدییه و ئه‌وانیش دیقه‌تی پێویست
ڕه‌چاو ده‌که‌ن، ته‌نانه‌ت وه‌ک خه‌به‌ری تاقه سه‌رچاوه‌ش که‌لکیان لێ
وه‌رده‌گرین. به‌ڵام ده‌بێ دڵنیا بین. ئه‌گه‌ر جارێک ئه‌وانیش خه‌به‌ری بێ بنه‌مان
بده‌نێ...
حه‌سه‌نی قازی: سه‌ده‌مه له کاری ئێوه ده‌دا...
سادق سه‌با: به‌ڵێ ئیتر سه‌ده‌مه ده‌گه‌یێنێ. ئێمه کێشه‌یه‌کی
تایبه‌تیمان نییه له گرووپی ئۆپۆزیسیۆن که‌لک وه‌ربگرین، به‌ڵام خودای نه‌خواسته
نامانه‌وێ ئه‌و کاره ببێته هۆی ئه‌وه‌ی سه‌ده‌مه له کاری ئێمه بدا. چونکه
به‌رده‌نگ ده‌ڵێ ئه‌من ئه‌وه‌م له بی بی سی بیست، یان له بی بی سی دا خوێندمه‌وه
یان دیتم. ناڵی بی بی سی له زمان فڵانکه‌سه‌وه گوتبووی.که وابێ ئێمه ده‌بێ تا
ڕاده‌یه‌کی زۆر دڵنیا بین. یه‌كێک له سه‌رچاوه سه‌ره‌کییه‌کانی ده‌نگوباسی ئێمه
حه‌تمه‌ن ئۆپۆزیسیۆنه. بۆ وێنه وای دانێ له ئێران که‌سێک بگرن. ئێش و ئازار
به که‌سێک بگه‌ێێنن، ئێمه حه‌تمه‌ن له گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌کانیان قسه ده‌که‌ین و
ئه‌وانه بۆ ئێمه وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌ک به‌سن. ئه‌گه‌ر دایکێک بێ بڵێ که دوێنێ
شه‌وێ کوڕه‌که‌ی منیان گرت،ئه‌شکه‌نجه‌یان کرد، بۆ وێنه دایکی سه‌تتاری به‌هه‌شتی
، ئیدی ئه‌وه بۆ ئێمه به‌سه. هه‌رچۆنێک بێ دایکه و خه‌رێکه باسی بنه‌ماڵه‌که‌ی
ده‌کا. یان سه‌رچاوه‌ی جێی باوه‌ڕ که له‌ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه جێی باوه‌ڕ بن ئێمه
له زانیارییه‌کانیان که‌لک وه‌رده‌گرین و هیچ ناسڵه‌مینه‌وه، به‌ڵام هه‌رچۆنێک بێ
ده‌بێ به پێی پێوه‌ر‌ه‌کانی خۆمان بجووڵێینه‌وه و دڵنیا بین شتێکی که ئێمه
بڵاوی ده‌که‌ینه‌وه دروسته.
حه‌سه‌نی قازی: یه‌کێکی دیکه له ده‌زگاکانی که له
چوارچێوه‌ی بی بی سی جیهانی دا کار ده‌کا ' مۆنیتۆرینگ سێرویس' ه. ئه‌گه‌ر ده‌کرێ
ئه‌و چالاکییه هێندێک شی بکه‌نه‌وه و ئه‌وه‌ی که بی بی سی فارسی ج ڕادیو، چ
تێلێڤیزیۆن و چ ئانڵاین تا چ ڕاده‌یه‌ک له‌و زانیارییانه‌ی مۆنیتۆرینگ سێرویس،
به‌تایبه‌تی سه‌باره‌ت به‌و ووڵاتانه‌ی که بی بی سی فارسی به‌رنامه‌کانی بۆ ئه‌وان
ده‌نێرێ که‌لک وه‌رده‌گرێ له ده‌نگوباس دا؟
سادق سه‌با: مۆنیتۆرینگ سێرویس به‌شێکی له جیانه‌کراوەی به‌شی
جیهانی بی بی سی یه و بوودجه‌که‌شی به‌شی جیهانی بی بی سی دابینی ده‌کا. ئه‌وانه
کاریان ئه‌وه‌یه له شوێنێک له ئینگلیستان له نزیک له‌نده‌ن به نێوی ' کاڤرشام'
؛ ناوه‌ندیان له‌وێیه و هه‌ڵبه‌ت له ووڵاتانی جۆر به جۆریش ئافیسیان هه‌یه. بۆ
وێنه له کۆماری ئازه‌ربایجان ئافیسیان هه‌یه و له‌شوێنی دیکه‌ش. ئه‌وانه کاریان
مۆنیتۆر کردنه، واته گوێ له کاناڵ، رادیۆ و چاپه‌مه‌نییه‌کانی ووڵاتانی جۆر به
جۆر ده‌گرن، ده‌یانخوێننه‌وه و چاویان لێ ده‌که‌ن و پاشان وه‌ریان ده‌گێڕن،
وه‌ریان ده‌گێڕن و پوخته‌ی ئه‌وانه ده‌نێرن بۆ موشتەرییەکانیان.که به‌شی گه‌وره
له کڕیاره‌کانیان ئێمه‌ین. به‌ڵام مێدیا ئینگلیسییه‌کانیش له‌و سێرویسه که‌لک
وه‌رده‌گرن، مێدیای وه‌ک ڕۆژنامه‌ی 'تایمز' یان هه‌ر که‌سێک ده‌توانێ ئابوونه‌ی بێ
و له‌و سێرویسه که‌لک وه‌ربگرێ.ده‌وڵه‌ته‌کانیش که‌لکی لێ وه‌ردگرن.ده‌وڵه‌تی
ئینگلیستان، ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌ریکا،ئه‌وه سێرویسێکی هه‌موانییه،واته هه‌ر که‌س
که بییه‌وێ ده‌توانێ به‌کاری بهێنێ.ئه‌وان کاریان ته‌نیا وه‌رگێڕانه، هیچ
بیروڕایه‌ک ده‌رنابڕن، ته‌نێ ده‌ڵێن بۆ وێنه ڕادیۆی ئێران ئه‌مڕۆ ئه‌و قسه‌یه‌ی
کرد، یان ڕادیۆی به‌غدا وای گوت یان شتی ئاوا.ئه‌وه خزمه‌تێکی زۆر گرینگه.
که‌ره‌سته‌یه‌کی خاوه بۆ ئێمه‌ی ژوورنالیست.ئێمه له به‌شی فارسی دا له‌مه‌ڕ
ئێران که‌متر که‌لکی لێ وه‌رده‌گرین،له به‌ر ئه‌وه‌ی خۆمان ده‌ستمان به
سه‌رچاوه‌ی ماک ڕاده‌گا که بریتی بن له مێدیا فارسی زمانه‌کان، به‌ڵام هاوکارانی
ئێمه له به‌شه‌کانی دیکه‌ی بی بی سی دا زۆر به کاری ده‌هێنن، به‌ڵام ئێمه له
به‌شی فارسی، مۆنیتۆرینگ سێرویس بۆ به‌شه‌کانی دیکه‌ی جیهان به‌کار ده‌هێنن،
له‌وانه دنیای عه‌ڕه‌ب. بۆ وێنه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ بزانین ئه‌مڕۆ له سوورییه،
له ده‌نگوباسی گرینگی سه‌عات 2-ی دوای نیوه‌ڕۆ چی‌یان گوت؟ بۆچوونی ڕه‌سمی ده‌وڵه‌ت
چییه؟ دیاره له مۆنیتۆرینگ سێرویس که‌لک وه‌رده‌گرین. به باوه‌ڕی من خزمه‌تێکی
زۆر گرینگه. ماده‌یه‌کی خاوه بۆ ژوورنالیستان.
حه‌سه‌نی قازی: سه‌باره‌ت به نێوه‌رۆکی به‌رنامه
ناخه‌به‌رییه‌کان ئه‌گه‌ر ده‌کرێ هێندێک بدوێن. هه‌ڵبه‌ت ئه‌من زۆریان ته‌ماشا
ده‌که‌م، له‌وانه‌یه زانیارییه‌کانتان له‌و ڕووه‌وه بۆ بینه‌رانی ئێمه چاوڕاکێش
بێ.
سادق سه‌با: به‌ڵێ! بڕوانه ئێمه به‌رنامه‌یه‌کی بولته‌نی
ده‌نگوباسمان هه‌یه که هه‌موو ڕۆژێ که له سه‌عات یه‌ک و نیوی دوای نیوه‌ڕۆ که
ئێمه به کاتی گرینیچ ده‌ست به‌کار ده‌که‌ین و تا سه‌عات نۆ و نیوی شه‌و
به‌رده‌وام ده‌بین ، سه‌ری هه‌موو سه‌عاتێک به‌رنامه‌ی خه‌به‌ریمان هه‌یه، هه‌موو
سه‌عاتێک. جگه له‌وه ئێمه به‌رنامه‌یه‌کی زۆر سه‌رکه‌وتوومان هه‌یه که نێوی '
نوبت شما' یه که حه‌وتووی پێبج ڕۆژان بڵاو ده‌بێته‌وه له سه‌عات سێ وچل...
حه‌سه‌نی قازی: که خه‌ڵک ته‌له‌فون ده‌که‌ن...
سادق سه‌با: به‌ڵێ! ئێمه بابه‌تان هه‌ڵده‌بژێرین و خه‌ڵک
ته‌له‌فون ده‌که‌ن و بۆچوونی خۆیان ده‌رده‌بڕن. به باوه‌ڕی من ئه‌و شتانه‌ی ئێمه
له‌و به‌رنامه‌یه دا باسیان ده‌که‌ین زۆر جار بابه‌تی تابوو و بڤه‌نه. بابه‌تی
ئه‌وان که مرۆڤ ناتوانێ له جێگای دیکه قسه‌یان لێوه بکا.بۆ وێنه حه‌وتووی
ڕابردوو که به‌رنامه‌ی له مه‌ڕ ئەیدز بووه، ڕۆژی جیهانی ئەیدز بووه، بابه‌تی
به‌رنامه له سه‌ر ئەیدز بووه. ئێمه دوو پسپۆڕ، دوو دوکتوری زۆر ناسراومان
بانگهێشتن کردبوو بۆ ئه‌و به‌رنامه‌یه و خه‌ڵک ته‌له‌فونیان ده‌کرد و سه‌باره‌ت
به بابه‌تی پێوه‌ندیدار به ئەیدزەوە پرسیاریان ده‌کرد که ده‌رفه‌تێکی ئاوا له
جێیه‌کی دی ده‌ست ناکه‌وێ. له سه‌ر هه‌موو جۆره بابه‌تێک قسه ده‌کرێ. له به‌ر
ئه‌وه‌ی بابه‌تی ئەیدز پێوه‌ندی په‌یدا ده‌کاته‌وه به بواری جینسی، خه‌ڵک به
ڕاحه‌تی ناتوانن له جێی دی لێی بدوێن. له کاناڵی کۆماری ئیسلامی یان له
ئه‌فغانستان یان جێگای دیکه. کاناڵی ئێمه ئه‌و ده‌رفه‌ته بۆ بینه‌ران پێک
ده‌هێنێ سه‌باره‌ت به هه‌موو بابه‌تێک بتوانن قسه بکه‌ن و بیر‌و ڕای خۆیان
ده‌رببڕن. ئه‌وه چاکه‌یه‌کی ئه‌و به‌رنامه‌یه. چاکه‌که‌ی دیکه‌ی ئه‌وه‌یه که
ئه‌و به‌رنامه‌یه فۆروومێکه، مه‌یدانێکه. شوێنێک بۆ دمه‌ته‌قه‌ی ئازاد که
تاکوته‌رای که بیروڕایان جیاوازه بتوانن به‌یه‌که‌وه بدوێن و دمه‌ته‌قه بکه‌ن
له که‌شوهه‌وایه‌کی شارستانیانه دا بیر‌و ڕای جیاواز ده‌ربڕن و له بۆچوونی
یه‌کتری فێر ببن. کاری ئێمه‌ش لێره دا هه‌ر مۆده‌ره‌یشن ه، واته ته‌نێ
به‌رنامه‌که به‌ڕێوه ده‌به‌ین،نه ده‌ڵێین ئه‌مه هه‌ڵه‌یه، نه ده‌ڵێین فڵان
شت ڕاسته. ته‌نیا مه‌یدانێک ئاماده ده‌که‌ین، ده‌رفه‌تێک پێک ده‌هێنین بۆ
بینه‌ران له سه‌رتاسه‌ری جیهان، له ئێران، ئه‌فغانستان،تاجیکستان و فارسی زمانان
له شوێنی دیکه‌ی جیهان بێن و له سه‌ر بابه‌تگه‌لی جۆر به جۆر قسه بکه‌ن. ئه‌وه
به‌رنامه‌ی 'نوبت شما'. جگه له‌وه ئێمه به‌رنامه‌یه‌کمان هه‌یه به ناوی '
پرگار' که ئه‌ویش ڕۆژانی دووشه‌مه بڵاو ده‌بێته‌وه و به‌رنامه‌یه‌کی زۆر
گرینگه.یه‌ک له به‌رنامه سه‌رکه‌وتووه‌کانی ئێمه‌یه که پسپۆڕان بانگهێشتن
ده‌کا و پسپوڕان تێیدا قسه ده‌که‌ن. به پێچه‌وانه‌ی 'نوبت شما' که خه‌ڵکی
ئاسایی به‌شداری تێدا ده‌که‌ن، لێره دا پسپۆڕان به‌یه‌که‌وه له سه‌ر بوار و
بابه‌تی پێچه‌ڵپێچ که ووڵامی ووردیان نییه، له سه‌ر بابه‌تی ئه‌خلاقی و بابه‌تی
فه‌لسه‌فی دمه ته‌قه ده‌که‌ن. بۆ وێنه له‌م حه‌وتوویه‌ی که ئێمه‌ی تێداین،
بابه‌تی لێدوانی به‌رنامه‌که'ئه‌وتاناسیا' یان خۆشمه‌رگی یان خۆکوشتنی که‌سی ئاوای
که نه‌خۆشی بێچاره‌ی هه‌یه، بوو، که‌سێکی ئاوا گیانی خۆی بستێنێ یان دوکتور
یارمه‌تی بدا، یان خزم و که‌سوکاری یارمه‌تی بده‌ن. باس له سه‌ر ئه‌وه بوو ئه‌و
کاره دروسته یان نا. دیاره ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌کی زۆر گرینگی ئه‌خلاقی،
فه‌لسه‌فی یه. هێندێکان باوه‌ریان وایه هیچ که‌س نابێ گیانی به‌شه‌ر له هیچ
هه‌لومه‌رجێک دا بکێشێ. ئه‌و به‌رنامه‌یه له‌و جۆره بابه‌تانه ده‌دوێ، که وابوو
به‌رنامه‌یه‌که یاره‌مه‌تی ده‌کا به په‌ره‌پێدانی ڕامان و بیر.دوایه به‌رنامه‌ی
'صفحه 2 ' مان هه‌یه که تێیدا بابه‌تی سیاسی شرۆڤه ده‌کرێن. به‌رنامه‌ی ' به
عبارت دیگر' مان هه‌یه که تێیدا له گه‌ڵ تاکوته‌رای به‌نێوبانگ و ناسراو
سه‌باره‌ت به کاره‌کانیان و ژیانیان گوتوبێژ ده‌کرێ. جگه له‌وانه به‌رنامه‌ی
موسیقی مان هه‌یه. به‌رنامه‌ی ' مکث ' مان هه‌یه که به‌رنامه‌یه‌کی موسیقی فارسی
یه. جگه له فارسی موسیقی دیکه‌ش بڵاو ده‌کاته‌وه. موسیقی جیهانی، موسیقی شوێنی
جۆر به جۆری ئێران؛ موسیقی کوردی، موسیقی تورکی.. به‌رنامه‌یه‌کمان هه‌یه به
نێوی ' کلیک' که به‌رنامه‌ی تێکنۆلۆژی ئێمه‌یه، ئه‌ویش به‌رنامه‌یه‌کی زۆر باشه.
به‌رنامه‌یه‌کمان هه‌یه به نێوی ' تماشا' ...
حه‌سه‌نی قازی: به‌رنامه‌یه‌کی هونه‌ری یه
سادق سه‌با: به‌رنامه‌یه‌کی هونه‌رییه که له ڕووی
تێکنیکییه‌وه ئاستی زۆر له سه‌ره‌وه‌یه، له ڕووی به‌رهه‌مهێنانی
هونه‌ری،بەرهەمهێنانی تێلێڤیزیۆنی ئه‌من پێم وایه یه‌کێک له باشترین
به‌رنامه‌کانی ئێمه‌یه. له سه‌ر پێشوه‌چوونه‌کانی هونه‌ری ناوچه واته ئێران و
ئه‌فغانستان و تاجیکستان و جیهان ده‌دوێین. به‌رنامه‌یه‌کی وه‌رزشی به وورده
ڕیشاڵمان هه‌یه، ڕۆژانی جومعه به نێوی " ورزش 7 ". به‌رنامه‌مان زۆره.
حه‌سه‌نی قازی: هێندێک جاریش به‌رنامه‌ی تایبه‌تیتان هه‌یه. بۆ
وێنه سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆمار له ئه‌مه‌ریکا.
سادق سه‌با: به‌ڵێ! یه‌کێک له کاره‌کانی دیکه‌ی که ئێمه
ده‌یکه‌ین ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر ڕووداوێکی گرینگ بقه‌ومێ به شێوه‌ی تایبه‌تی
ڕووماڵی ده‌که‌ین و یان کارێکی دیکه‌ی ئێمه له‌م کاناڵه دا که ده‌یکه‌ین
ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر خه‌به‌رێکی گرینگ هه‌بێ له ناوچه‌ی ئێمه به تایبه‌تی له
ئێران، به‌رنامه ئاساییه‌کانمان ڕاده‌گرین و ده‌بین به کاناڵێکی ده‌نگوباس. بۆ
وێنه ئه‌من له بیرمه، ڕۆژێک که ئایه‌توڵا مونته‌زیری کۆچی دوایی کرد که
ڕووداوێکی زۆر گرینگ بوو له ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه، ئێمه به‌رنامه‌کانی خۆمان زووتر
ده‌ست پێ‌کرد له‌و ڕۆژه دا و له ڕۆژی دوای ئه‌ویش دا به‌رنامه‌ی ئاسایی موسیقی و
هونه‌ری و تێکنۆلۆژی و ئه‌وانه‌مان بڵاو نه‌کرده‌وه، به‌ڵکوو ته‌نێ باسی
مه‌سه‌له‌ی ئاغای مونته‌زیری و کاردانه‌وه‌ی بۆچوونه‌کان و کۆچی دوایی ویمان
یه‌کاڵا کرده‌وه. به باوه‌ڕی من ئەوە یه‌كێک لەو ڕۆژه دره‌وشاوانەی که ئه‌من
له بی بی سی دا کارم کردووه ڕووماڵ کردنی ڕۆژی مردنی ئاغای مونته‌زیری بووه.
حه‌سه‌نی قازی: وا بزانم یه‌کێک له چالاکییه‌کانی دیکه‌تان –
نازانم ته‌نیا له سه‌ر تۆڕی ئینرتنێت ه یان وه‌ک پۆلیش هه‌یه - خوێندنگه‌ی
ڕۆژنامه‌نووسی بی بی سی یه.
سادق سه‌با: به‌ڵێ، به‌ڵێ!
حه‌سه‌نی قازی: تکایه ئه‌وه‌ش باس بکه‌ن.
سادق سه‌با: بڕوانه! بێ بی سی، له جێ‌دا یه‌کێک له کاره
گرینگه‌کانی که بی بی سی به گشتی ده‌یکا. فێرکردنی چلۆنایه‌تی ئاماده کردنی
ده‌نگوباسه. بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که دێنه نێو کار وباری بی بی سی ، ئێمه
گشتمان. ئه‌من که بیست و دوو ساڵ له‌مه‌و به‌ر هاتمه نێو بی بی سی، ده‌وره‌ی جۆر
به جۆری ده‌نگوباس و فێرکرده‌ییم بینی، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م له گه‌ڵ تێکنیکی خه‌به‌ری
ناسیاوی په‌یدا که‌ین ، هه‌م پرێنسیپه‌کانی ئێدیتۆریالی بی بی سی ڕه‌چاو بکه‌ین،
وه‌ک بێلایه‌نی، دیقه‌ت و ئینساف و وه‌ک ئه‌وانه. ئه‌و کاره هه‌ر وا
به‌رده‌وامه. له یه‌ک دوو ساڵ له‌مه‌و به‌ره‌وه به‌شی فێرکاری بی بی سی بڕیاری
دا ئه‌و بابه‌تانه به زمانی فارسیش ئاماده بکا بۆ خه‌ڵک له ڕێگه‌ی
دووریشه‌وه که لانی که‌م بتوانن بخوێننه‌وه، ببیسن و بزانن که پڕێنسیپه
وورده‌کانی ڕۆژنامه‌گه‌ریی بی بی سی چییه؟ که ئێستا ئه‌و بابه‌تانه له ماڵپه‌ڕی
ئێمه دا هه‌یه.له ڕاستییدا یه‌کێک له کاره گرینگه‌کانی که بی بی سی ده‌یکا
هه‌ر ئه‌و فێر کردنه‌ی پڕێنسیپه‌کانی ده‌نگوباسه. ئێمه پێمان وایه باشترین
شێوه‌ی ده‌نگوباس گه‌یاندن، ده‌نگوباس گه‌یاندنی شێوه‌ی بی بی سی یه که بێ
لایه‌نانه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌نگان خۆیان ده‌رفه‌تیان هه‌بێ بیر بکه‌نه‌وه
بڕیار بده‌ن تا ئه‌وه‌ی که ئێمه پێیان بڵێین ئه‌مه دروسته، ئه‌و هه‌ڵه‌یه.
حه‌سه‌نی قازی: به زوویی تێلێڤیزیۆنی فارسی چوارساڵه‌ی
چالاکییه‌کانی خۆی پڕ ده‌کاته‌وه. له‌و ماوه‌یه دا پێم وایه ئێوه هێندێک
گیروگرفتیشتان بۆ هاتووه‌ته پێشێ، یه‌ک له‌وانه پاڕازیت ساز کردن و پێش‌گرتن له
شه‌پۆلی ده‌زگاکه‌تان بووه به‌تایبه‌تی له ئێران و چه‌ت له بڵاوبوونه‌وه‌ی
به‌رنامه‌کانتان خراوه. ئه‌وه ڕوون بکه‌نه‌وه، له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه وابزانم
بی بی سی فارسی چه‌ند جار خه‌ڵاتیش کراوه.باسی ئه‌وه‌ش بکه‌ن.
سادق سه‌با: بڕوانه له چوارساڵ له‌مه‌و به‌ره‌وه که بی بی
سی فارسی ساز کرا، دوای نزیکه‌ی پێنج شه‌ش مانگ هاوکات بوو له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی
سه‌رۆک کۆماریی له ئێران. ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی سه‌رۆک کۆمارییه له ئێران هه‌ر
وه‌ک که هه‌موو لایه‌ک ئاگادارن هێندێک جه‌نجاڵی لێ که‌وته‌وه، چونکه ئاغای
مووسه‌وی و ئاغای که‌ڕووبی ئاکامی هه‌ڵبژاردنیان قه‌بووڵ نه‌کرد و گوتیان
ساخته‌کاری کراوه و دوایه به میلیۆنان خه‌ڵک ڕژانه نێو خیابانان و گوتیان کوا
ده‌نگی من؟ وایه؟ و دوایه‌ش ئه‌و که‌سانه‌ی له کۆڵانان بوون به توندی سه‌رکوت
کران، خەڵکێکی زۆر گیران، که هێشتاش هێندێکان له به‌ندیخانه دان، هێندێکیش
کووژران. ئێمه ئه‌و ڕووداوه‌مان ڕاگوێست ، ئه‌وه بۆ کاربه‌ده‌ستانی کۆماری
ئیسلامی زۆر به گران ته‌واو بوو، ئه‌وان ته‌نانه‌ت بی بی سی یان تاوانبار کرد
به‌وه‌ی که ئێمه دنه‌ی خه‌ڵک ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بڕژێنه نێو خیابانان که
دیاره ئه‌و قسه‌یه به لێبڕاوی نادروسته. له جێ‌دا هیچ پێوه‌ندی به ئێمه‌وه
نییه. ئاغای مووسه‌وی و ئاغای که‌ڕووبی گوتیان ئێمه ئاکامی هه‌ڵبژاردنمان قه‌بووڵ
نییه و ئێمه ئه‌و قسانه‌ی ئه‌وانمان ڕاگوێست. سێ میلیۆن خه‌ڵک بۆ خۆیان هاتنه
ده‌ره‌وه، ئێمه گوزاریشه‌که‌مان بڵاو کرده‌وه، دوایه‌ش که ئیدی نه‌هاتنه
ده‌ره‌وه، ئێمه هیچ گوزاریشمان بڵاو نه‌کرده‌وه. دیاره کۆماری ئیسلامی هه‌ر
له‌و ده‌مییه‌وه دوژمنایه‌تییه‌کی تایبه‌تی له ئاست بی بی سی وه‌پێش گرت که به
بۆچوونی من ئه‌وه سیاسه‌تێکی زۆر هه‌ڵه‌یه، چونکه ئه‌وه نه به قازانجی
ئه‌وانه، نه ئێمه‌ش شتێکی ئاوامان ده‌وێ. دوایه له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه
بڕیاریاندا هه‌ر کاتێک پێیان خۆش بێ پارازیت بخه‌نه سه‌ر تێلێڤیزیۆنی فارسی بی بی
سی که ئه‌وه‌ش به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ڕێوشوێنه‌کانی نێونه‌ته‌وه‌یی یه که
کۆماری ئیسلامی ده‌یکا. و له ڕۆژی تایبه‌تی دا، بو وێنه نزیکه‌ی ساڵ و نیوێک له‌و
پێش که ئێمه به‌رنامه‌یه‌کمان له سه‌ر ئایه‌توڵا خامه‌نه‌یی خۆی ساز کرد به
ناوی ' خه‌ت و نیشانی ڕێبه‌ر ' که ئه‌و له ئێران چۆن حکوومه‌ت ده‌کا. چونکه له
دنیا دا و ته‌نانه‌ت له نێو ئێرانییه‌کانیش دا ته‌سه‌ورێکی ئاوا هه‌یه که
ده‌وڵه‌ت له ئێران به ده‌ست سه‌رۆک کۆماره، چونکه ئاغای ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد
هه‌رایه‌کی زۆر ساز ده‌کا، جار جار قسه‌ی توند ده‌کا له ڕوانگه‌ی جیهانی یه‌وه و
هه‌موو پێیان وایه ئه‌و ڕێبه‌ره. ئێمه ده‌مانه‌ویست له‌و فیلمه دا نیشان
بده‌ین که ڕێبه‌ری ڕاسته‌قینه له ئێران دا ئاغای خامه‌نه‌یی یه، ئه‌وه‌ش
ئیداره‌که‌یه‌تی و ئه‌وه‌ش ئه‌و که‌سانه‌ی که کاری بۆ ده‌که‌ن. ئه‌وان له جێ‌دا
ئه‌و شتانه‌یان پێ خۆش نییه که مرۆڤ بێ و سه‌باره‌ت به ئاغای خامه‌نه‌یی بییه‌وێ
که‌مترین شت بڵێ. به‌و پێیه له‌و ده‌مییه‌وه ده‌ستیان کرد به‌وه‌ی به توندی
پارازیت بخه‌نه سه‌ر به‌رنامه‌کانی ئێمه. ئێمه لای ده‌زگا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان
گازه‌نده و سکاڵامان کرد. ده‌وڵه‌ته‌کان له‌و ڕووه‌وه ڕایان ده‌ربڕی، یه‌کێتی
ئوڕووپا بڕیارنامه‌یه‌کی ده‌ر کرد، کاری ده‌وڵه‌تی ئێرانی مه‌حکووم کرد...
حه‌سه‌نی قازی: وا بزانم ئێوه له‌و باره‌یه‌وه له کۆنفرانسێک
دا له برووکسێل له پارڵمانی ئوڕووپا به‌شداریتان کرد!
سادق سه‌با: به‌ڵێ ئه‌من چوومه پارڵمانی ئوڕووپا، له‌وێ ووتارم
پێشکێش کرد، ئه‌و ڕۆژانه بۆ هه‌ر کوێیه‌ک بچین ئه‌و کاره شه‌رمه‌زار ده‌که‌ین.
چونکه ده‌مه‌وێ هه‌موو دنیا بزانن که ئه‌وه کارێکی زۆر قێزه‌وه‌نه،
تێکه‌ولێکه‌یی ساز ده‌کا.
حه‌سه‌نی قازی: دیاره ئه‌و کاره دژی هه‌ر کاناڵێکی
تێلێڤیزیۆنی بکرێ ئێوه شه‌رمه‌زاری ده‌که‌ن؟
سادق سه‌با: به‌ڵێ، هه‌ر که‌س بیکا.کۆماری ئیسلامی خۆی بۆخۆشی
قوربانی پارازیت هاوێژییه له لایه‌ن ئه‌وانیدییه‌وه. یانی ئه‌و بۆخۆی پارازیت
ده‌خاته سه‌ر کاناڵه فارسی زمانه‌کان، دیاره ووڵاتانی دیکه‌ش ڕه‌نگ بێ پاڕازیت
بخه‌نه سه‌ر به‌رنامه‌ی عه‌ڕه‌بی زمانی ئه‌وان یان ئینگلیسی زمانی ئه‌وان. ئه‌من
نازانم زیاتر پارازیت ده‌خرێته سه‌ر کامه به‌رنامه‌یان،به‌ڵام زۆر جار
ده‌خوێنمه‌وه که کۆماری ئیسلامیش گله‌یی و گازه‌نده‌یه‌تی له‌وه. که وابوو
ئه‌گه‌ر پاڕازیت هاوێژی خراپه که کۆماری ئیسلامی ئه‌وه ده‌ڵێ، بۆخۆشی نابێ
ئه‌و کاره بکا.بڕوانه، ساتێڵایت دیارده‌یه‌کی دۆزینه‌وه‌ی ئینسانی یه که له
ئاسمان دا هه‌یه که هه‌موومان که‌لکی لێوه‌ربگرین. ئێوه بۆ به‌رنامه‌کانی خۆتان،
ئێمه بۆ به‌رنامه‌کانی خۆمان، کۆماری ئیسلامی بۆ به‌رنامه‌کانی خۆی که‌لکی
لێوه‌ربگرێ و دوایه ده‌بێ هێندێک شت ڕه‌چاو بکه‌ین. ئێره فڕێکانسی به‌نده یه،
ئه‌وه فڕێکانسی ئێوه‌یه، هۆوه‌ش فڕێکانسی کۆماری ئیسلامی یه، هه‌موومان ده‌بێ
به شێوه‌ی شارستانیانه ئه‌و ڕاستیانه ڕه‌چاو بکه‌ین. هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی که
کۆماری ئیسلامی ده‌یه‌وێ ده‌نگ و ڕه‌نگی خه‌ڵکی دنیا بیبینن، دیاره بی بی سی ش
ده‌یه‌وێ خه‌ڵکی دنیا ده‌نگ و ڕه‌نگی ببینن. کۆماری ئیسلامی حه‌ق به‌خۆی ده‌دا هات
برد به‌کار بهێنێ بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌کانی خۆی، به‌ڵام ده‌ڵێ ئێوه حه‌قتان
نییه له‌وێدا بن و پاڕازیتمان ده‌خاته سه‌ر که ئه‌وه کارێکی هه‌تا بڵێی
ناحه‌زه و ئێستا هه‌تا دێ زیاتر دنیا له‌وه ئاگادار ده‌بێ. ئێستا کۆماری ئیسلامیش
بووه به قوربانی ئه‌وه.
حه‌سه‌نی قازی: دنیا ئاگاداره به‌ڵام له ئاست ئه‌و کاره
ناقانوونییه دا ده‌بێ چ بکرێ؟
سادق سه‌با: بڕوانه، ئه‌وه ناقانوونی یه، دا‌و وده‌زگایه‌کی
جیهانی هه‌یه به ناوی ( ئای تی او ) واته یه‌کێتیی جیهانی ئیرتیباتات که ئه‌رکی
چاوه‌دێری کردنه به سه‌ر ئه‌و فرێکانسانه‌دا که هه‌موو ووڵاتانی جیاواز و کاناڵی
جۆر به‌جۆر که هه‌یانه مافی یه‌کتری له‌به‌رچاو بگرن. ئێرانیش ئه‌ندامی ئه‌و
یه‌کێتییه‌یه. به داخه‌وه ئه‌و ته‌شکیلاته ده‌سته‌ڵاتی ئه‌وه‌ی نییه پێشی
ده‌وڵه‌ته خه‌تاکاره‌کانی وه‌ک کۆماری ئیسلامی بگرێ. من له‌و باوه‌ڕه دام
ده‌زگایه‌کی ئاوا ده‌بێ له هێز و ده‌سته‌ڵاتی زیاد بکرێ بتوانێ سزای نه‌غدی
له‌وانه بستێنێ که گزی ده‌که‌ن و ته‌نانه‌ت ئه‌و ووڵاتانه‌ش که پارازیت هاوێژی
ده‌که‌ن ته‌نبێی قورس‌تر بکا. جا ئه‌و ووڵاته ده‌توانێ ئێران بێ، ده‌توانێ
عه‌ڕه‌بستانی سعوودی بێ دژی ئێران، یان به‌حره‌ین بێ دژی ئێران یان ئه‌مه‌ریکا بێ
دژی ئێران. ئه‌من نازانم کێ، به‌ڵام هه‌ر که‌س بێ، ئه‌من ده‌ڵێم هه‌موان ده‌بێ ئه‌و
مه‌سه‌له‌یه ڕه‌چاو که‌ن و هه‌موو بتوانن له ساتێڵایت که‌لک وه‌ربگرن و به‌کاری
بهێنن.
حه‌سه‌نی قازی: ئه‌و پاڕازیت هاویشتنه جگه له بێ به‌ش کردنی
خه‌ڵک له ده‌ستڕاگه‌یشتن به زانیاری، له ڕووی به‌ده‌نی و سڵامه‌تی ئینسانه‌کانیش
زه‌ره‌ری یه‌کجار زۆره.
سادق سه‌با: سه‌د له سه‌د وایه! بڕوانه، ئێمه دوو جۆره
پاڕازیت هاوێژیمان هه‌یه، وا هه‌یه مرۆڤ ئه‌سڵی ئه‌و په‌یامه‌ی که به‌ڕه‌و
ساتێلایت ده‌نێردرێ بئاڵۆزێنێ که ئاکامی ئه‌وه ده‌بێ که له سه‌رتاسه‌ری جیهان
له هیچ کوێیه‌ک هیچکه‌س ناتوانێ به‌رنامه‌که ببینێ. بۆ وێنه ده‌وڵه‌تی ئێران
ده‌یه‌وێ بڵێ من ناخوازم ئه‌و به‌رنامه‌یه له نێو ئێران دا بڵاو بکرێته‌وه،
به‌ڵام کاتێک که ئه‌و کاره ده‌کا ته‌نانه‌ت بۆ وێنه بینه‌رێکی فارسی زمان له
کوردستانیش ناتوانێ به‌رنامه‌که ببینێ، چونکه له هه‌موو دنیا هه‌ڵده‌بڕدرێ.
ئه‌وه مه‌ترسییه‌کی زۆری نییه بۆ ساخی و سه‌لامه‌تی، له جێ‌دا مه‌ترسی نییه،
هه‌ڵبه‌ت مه‌ترسی ده‌روونی هه‌یه، چونکه ئێوه خه‌ریکن ته‌ماشای به‌رنامه‌یه‌ک
ده‌که‌ن، له پڕ یه‌کێک دێ هه‌ڵی ده‌پسێنێ، دیاره ئه‌وه ئه‌عسابت تێک ده‌دا.
به‌ڵام چه‌شنێکی دیکه‌ی پاڕازیت هاوێژی هه‌یه که پارازیت هاوێژی هه‌رێمی و
ناوچه‌یی یه که ئه‌و شێوه‌یه له ڕوانگه‌ی زۆر له پسپۆڕانه‌وه سه‌ده‌مه‌ی
زۆر پیس له ساخی و سلامه‌تی خه‌ڵک ده‌دا و ئه‌وه کارێکه که کۆماری ئیسلامی
به توندی خه‌ریکه له نێوخۆی ئێران دا ده‌یکا و ته‌نانه‌ت کاربه‌ده‌ستانی کۆماری
ئیسلامی، ته‌نانه‌ت وه‌زیری ئیرتیباتاتی ئاغای ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، ته‌نانه‌ت
که‌سایه‌تی گرینگی دیکه‌ش، هێندێک له نوێنه‌رانی مه‌جلیس له ئێران ڕه‌پ و ڕوو
گوتوویانه که ئه‌وه سه‌ده‌مه له خه‌ڵک ده‌دا و ده‌وڵه‌تی ئێران بۆی نییه
کارێکی ئاوا له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی خۆی بکا.هه‌ر له به‌ر ئه‌وه‌ی کاناڵێک نه‌بینن ،
بییه‌وێ سه‌ده‌مه‌ی به‌ده‌نییان پێ بگه‌یێنێ و ژنی دووگیان منداڵه‌کانیان سه‌قه‌ت
بن و مه‌ترسی دیکه‌ی سڵامه‌تی که به دووی دا دێ. له ڕاستییدا ئه‌وه‌ش کارێکی زۆر
ناحه‌زه و هیچ ده‌وڵه‌تێک مافی ئه‌وه‌ی نییه کارێکی ئاوا به دژی میله‌تی خۆی
بکا. بۆ وێنه هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ئێوه به‌رنامه‌یه‌ک نه‌بینن سه‌ده‌مه وه
مه‌لۆتکه‌ی له دایک نه‌بووتان بکه‌وێ. گشت ئه‌وانه له ڕوانگه‌ی کۆمه‌ڵی جیهانی
یه‌وه مه‌حکوومه. ئه‌من هیوادارم هه‌موو ووڵاتان ڕۆژێک بگه‌نه ئه‌و ئاکامه
باوه‌ڕیان به‌خۆیان هه‌بێ که خه‌ڵکه‌کانیان بتوانن شتی دیکه‌ش ببینن و خۆیان
بڕیار بده‌ن چ ببیسن، با به‌خۆیان بڕیار بده‌ن، ئه‌وه ئیرادی چییه؟ هه‌ر وه‌ک چۆن
که کۆماری ئیسلامی به زمانی کوردی به‌رنامه بڵاو ده‌کاته‌وه، به زمانی
بۆسنیایی به‌رنامه بڵاو ده‌کاته‌وه، به زمانی ئینگلیسی، به عه‌ڕه‌بی و به
زمانانی دیکه ، به زمانی فه‌ڕانسه‌یی؛ کۆماری ئیسلامی یه‌ک له گه‌وره‌ترین
ووڵاتانی بڵاوکه‌ره‌وه‌ی به‌رنامه‌یه و ده‌یه‌وێ خه‌ڵکی دیکه گوێیان له
په‌یامه‌که‌ی بێ، باشه ئه‌وه چ ئیرادێکی هه‌یه که مه‌ردمی ئێران په‌یامی بی بی
سی و ڤۆیس ئاف ئه‌مه‌ریکا و هتدیان گوێ لێ بێ، دوایه خۆیان بڕیاری له سه‌ر بده‌ن.
پێویست ناکا یه‌کێک له سه‌ره‌وه را پێیان بڵێ که ئه‌من پێم وایه ئه‌تۆ ده‌بێ
گوێ له‌مه بگری و گوێ له‌وه نه‌گری. به‌ڵام خۆم مافم هه‌یه هه‌رچییه‌کی که
ئه‌من به پێویستی ده‌زانم به هه‌موو دنیای بلێم. ئاوا دۆخێکی سه‌یر دێته
پێشێ.
حه‌سه‌نی قازی: باسی ئه‌و خه‌ڵاتانه‌ش بکه‌ن که له‌و ساڵانه
دا تێلێڤیزیۆنه‌که‌ی ئێوه وه‌ری گرتووه!
سادق سه‌با: بڕوانه! تێلێڤیزیۆنی ئێمه ئه‌و کاته‌ی که کراوه
ستانداردێکی بۆ میدیا فارسی زمانه‌کان ساز کرد که هه‌تا ئه‌و ده‌می له گۆڕێ دا
نه‌بوو. ستانداردی ئێمه، ستانداردی بی بی سی یه و به باوه‌ڕی من ستانداردی بی بی
سی ، له ئاستێکی زۆر به‌رز دایه، چ له ڕووی تێکنیکی ده‌نگوباس گوێستنه‌وه،
واته تێکنۆلۆژییه‌که‌ی، فیلمهه‌ڵگرتن، ئێدیت و ڕه‌نگ و هتد و چ له ڕووی
نێوه‌رۆکه‌وه. که وابوو تێلێڤیزۆنه‌که‌مان که‌وته به‌ر سه‌رنجی کۆمه‌ڵی فارسی
زمانان هه‌م له ئێران و هه‌م له ئه‌فغانستان و تاجیکستان و جیهان و هه‌م که‌سی
دیکه‌ی که ته‌نانه‌ت زمانی فارسیش نازانن، ئه‌وانیش له گرینگی کاری ئێمه
تێگه‌یشتن که ئێمه خه‌ریکین چ کارێکی گرینگ ده‌که‌ین بۆ فارسی زمانان.تاکوو ئێستا
چه‌ندین خه‌ڵاتمان وه‌رگرتووه و هه‌ر ئه‌م حه‌وتووی ڕابردووش له وێنیز یووتل سات
که خه‌ڵاتی سالانه‌ی خۆی ده‌به‌خشییه‌وه - یووتل سات خاوه‌نی کاناڵی هات برد ه
که به‌رنامه‌ی ئێوه‌ش له‌و ساتێڵایته‌وه بڵاو ده‌بێته‌وه - ، ئه‌وان هه‌موو ساڵێ
له وێنیز خه‌ڵات ده‌ده‌ن و یه‌کێک له به‌رنامه‌کانی تێلێڤیزیۆنی بی بی سی فارسی
به ناوی ' شێکسپیر له کابول ' خه‌ڵاتی باشترین به‌رنامه‌ی وه‌رگرت و من و تیمێک
که به‌رنامه‌که‌مان ساز کرد بوو له‌وێ بووین و له ڕاستیدا بۆ من زۆر جێگه‌ی
شانازی بوو کاتێک ناوی تێلێڤیزیۆنی بی بی سی فارسی یان بانگ کرد و ئه‌من چووم و
خه‌ڵاته‌که‌م وه‌رگرت. هه‌ڵبه‌ت من ده‌ستبه‌جێ خه‌ڵاته‌که‌م دا به‌و هاوکارانه‌م
که به‌رنامه‌که‌یان ساز کرد بوو، چونکه من خۆم هیچ ده‌ورم تێیدا نه‌بوو.
هه‌رچۆنێک بێ له شانازییه‌کانی ئێمه‌یه که توانیومانه له‌و چوارساڵه دا خۆمان
دامه‌زرێنین وه‌ک کاناڵێک به ستانداردێکی زۆر به‌رزه‌وه.
حه‌سه‌نی قازی: ئێستا پرسیارێکم هه‌یه که ڕه‌نگه بۆنی گله‌یی
لێ بێ به‌ڵام هه‌ر ده‌بێ بهێندرێته گۆرێ. ئێوه ئاماژه‌تان کرد به به‌رنامه‌ی '
نوبت شما '. ئه‌من وه‌بیرم دێ که له ساڵی 2010 له 21ی فێڤرییه که له لایه‌ن
یونێسکۆ وه وه‌کوو ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی دیاری کراوه، له‌و به‌رنامه‌یه دا
ئه‌و زمانانه‌ی که له ئێران باون وه‌کوو زمانی کوردی و زمانی تورکی ئازه‌ربایجانی
وه‌کوو زمانانی ' محه‌لی' نێودێر کران.یان زاراوه‌ی 'قوم' و هتد که به ناڕه‌وا
ده‌کار ده‌کردرێ. له ڕاستییدا سه‌باره‌ت به زمانی کوردی و زمانی تورکی
ئازه‌ربایجانی ئه‌و جۆره ناولێنانه ناتوانێ دروست بێ چونکه ئه‌و زمانانه هه‌ر
دووکیان له دراوسێیه‌تی ئێران دا زمانانی ڕه‌سمی و ده‌وڵه‌تین و ژماره‌ی ئه‌و
که‌سانه‌ی که له ئێران به ئه‌و دوو زمانانه قسه ده‌که‌ن له ڕووی ژماره و
حه‌شیمه‌ته‌وه زۆر زیاتره هه‌م له دانیشتوانی کۆماری ئازه‌ربایجان و هه‌م له
هه‌رێمی فێدێڕاڵی کوردستانی عێڕاق که به پێی قانوونی بنه‌ڕه‌تی عێڕاق زمانی کوردی
یه‌ک له دوو زمانی ڕه‌سمی ئه‌وێیه. به له به‌رچاوگرتنی پڕێنسیپی بێ لایه‌نی
که ئاماژه‌ت پێ کرد ئێوه ووڵامتان چییه بۆ ئه‌و ڕه‌خنه‌یه. ئه‌من له‌بیرمه
نزیکه‌ی هه‌زار که‌س ژێر ئه‌و ئێعترازنامه‌یان ئیمزا کرد بوو که له‌و باره‌یه‌وه
بۆ بی بی سی یان نارد.
سادق سه‌با: به‌ڵێ!بڕوانه یه‌کێک له ئیراده‌کانی که له
تێلێڤیزیۆنی فارسی، له جێ‌دا له بی بی سی ده‌گیرێ هه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌ی ئه‌و
که‌سانه‌یه که به زمانێک جوێ له فارسی قسه ده‌که‌ن و له‌و سه‌رزه‌وییه
گه‌وره‌یه دا به ناوی ئێران ده‌ژین. کورده‌کان، تورکه‌کان، به‌لووچه‌کان،
گیله‌که‌کان، لوڕه‌کان، تورکه‌مه‌نه‌کان و هتد. گشت ئه‌وانه قه‌وم و میلییه‌تی جۆر
به جۆرن که له سه‌رزه‌وی ئێران دا ده‌ژین و زۆر که‌س ئیرادمان لێ ده‌گرن.
هه‌وه‌ڵین ووڵامی من ئه‌وه‌یه که ئێمه کاناڵی فارسی بی بی سی ن. واته ئێمه
نه کاناڵی کوردی ن، نه تورکی ن، به‌ڵام هیچ به ئیرادی نازانین که بۆ وێنه
هاوکارێکی من لێره ئه‌گه‌ر تورک زمانه و ده‌چێ به‌رنامه ساز ده‌کا له‌وێ له
گه‌ڵ گه‌له‌که‌ی به تورکی قسه نه‌کا. به‌هه‌ڵکه‌وت یه‌کێک له هاوکارانی من ئاغای
مێهدی په‌رپه‌نجی چووه ئازه‌ربایجان، کۆماری ئازه‌ربایجان و فیلمێکی ساز کرد
سه‌باره‌ت به ' یورو ڤیژن ' و له‌وێدا له گه‌ڵ هه‌موو که‌س به تورکی قسه‌ی
ده‌کرد و ئێمه ژێرنووسی فارسیمان بۆ قسه‌کانی داده‌نا. یا به‌نده بۆخۆم کاتێک که
فیلمێکم ساز کرد سه‌باره‌ت به سه‌فه‌ر له نێو ئێران دا، ئه‌و کاته‌ی له ڕه‌شت
بووم و ئه‌وێ ویلایه‌تی من بوو له‌وێ له‌گه‌ڵ خه‌ڵک به گیله‌کی قسه‌م ده‌کرد.
حه‌سه‌نی قازی: له سه‌ر زمانی گیله‌کی دواتر پرسیارتان
لێده‌که‌م!
سادق سه‌با: به‌ڵێ! تکایه. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که ئێمه
له‌وه ناسڵه‌مینه‌وه له‌م کاناڵه دا به کوردی یا فارسی یا گیله‌کی یا نازانم
تورکی و هتد بڵاو بکرێته‌وه. هیچ کێشه‌یه‌ک نییه، به‌ڵام کاناڵه‌که‌مان کاناڵی
فارسی یه. کاناڵی ئێمه کاناڵی فارسی زمانی بی بی سی یه. به‌ڵام له مه‌ڕ ئه‌وه‌ی
که بۆچی له‌و به‌رنامه‌یه‌ی دا که باستان کرد بۆچی گوتراوه 'محلی' و ئه‌وه
ئیراده، به باوه‌ڕی منیش ئه‌وه ئیراده. بروانه ئێمه هێشتا هێندێک له
زاراوه‌ی ڕۆنیشتوومان نییه بۆ ئه جۆره شتانه که به‌ڕاستیش بکرێ چه‌مکه‌کان له
یه‌ک هه‌ڵباوێرین. بۆ وێنه ته‌نانه‌ت له مه‌ڕ کورده‌کان له ئێران، به ئه‌وانه
بڵێین 'قوم' ، بڵێین ' میلیت' بڵێین ' ملت ' یان به ئه‌وانه بڵێین چی؟ به
بۆچوونی من له زمانی فارسی دا هێشتا شتێکی ڕۆنیشتوو که بیر‌و ڕای گشتی هه‌مووی
پێی هه‌و بێ نییه. ئه‌گه‌ر بگه‌نه ئاکامێک له ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه هیچ فه‌رق
ناکا. لێره ئه‌غڵه‌بی ئه‌و که‌سانه‌ی که له به‌شی فارسی بی بی سی دا کار ده‌که‌ن
یا کوردن، یا تورکن، یا گیله‌کن یا فارسن، خه‌ڵکی ناوچه‌ی جیاوازی ئێران لێره کار
ده‌که‌ن. هیچکه‌س له که‌سێکی دیکه سه‌رتر نییه. ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌ک هه‌یه
ئه‌من قه‌بووڵی ده‌که‌م به‌ڵام ده‌مه‌وێ بڵێم هیچ مه‌به‌ستێک له گۆڕێ دا نییه.
به‌س نه‌بوونی ئه‌و ووشانه‌ی ئێستای ئێمه‌یه که ڕه‌نگه ده‌ڕبڕ نه‌بن بۆ هێندێک
چه‌مک، و هێندێکان وا بیر بکه‌نه‌وه که بۆ وێنه ... به‌ڵام به ئانقه‌سته
نییه. ئه‌گه‌ر ڕۆژێک ووشه‌ی پێویست ئاماده بکرێ ئێمه‌ش به‌کاری ده‌هێنین و خۆشحاڵ
ده‌بین که گه‌وره گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بی فارسی هێندێک شت دروست بکه‌ن ئێمه‌ش
که‌لکیان لێ وه‌ربگرین و به‌کاریان بهێنین.
حه‌سه‌نی قازی: بۆوێنه یه‌کێک له‌و زاراوه‌یانه ده‌کرێ
'زمانه نا ره‌سمییه‌کان ' له‌ئێران بێ!
سادق سه‌با: ڕه‌نگه، ڕه‌نگه، به‌ڵام دیسان کوردێک ده‌توانێ
بڵێ فڵانکه‌س زمانی من ڕه‌سمی یه،ئه‌وه چییه به من ده‌ڵێی ناڕه‌سمی ؟
حه‌سه‌نی قازی: ناره‌سمی له ئێران، له عێراق ڕه‌سمی یه،
به‌ڵام له ئێران نا ڕه‌سمییه. زاراوه‌یه‌کی لانه‌گرانه‌یه!
سادق سه‌با: ڕه‌نگه، ڕه‌نگه. به‌ڵام به گوتنی ئه‌وه‌ش هێندێک
ده‌توانن دمه‌ته‌قه‌یه‌کی تێدا ساز بکه‌ن. بڵێن ئه‌گه‌ر زمانی کورد له ئێران
ڕه‌سمی نه‌بێ به‌ڵام له جێگای دیکه ڕه‌سمی یه. یان تورکی له ئازه‌ربایجان زمانی
ڕه‌سمی ووڵاته. هیوادارم کاتێک ووشه‌ی ئه‌وتۆ هه‌بێ که هه‌مووان ڕازی کا و
نیوتراڵ و خونسا بێ.
حه‌سه‌نی قازی:پرسیارێکم هه‌یه سه‌باره‌ت به شێوه‌زاره‌کانی
پێوه‌ر له ئێران، ئه‌فغانستان و تاجیکستان که پێشتر قسه‌مان لێوه کرد.ده‌مه‌ویست
پرسیارتان لێ بکه‌م ئێوه له‌و زمانه‌ی به‌کاری ده‌هێنین سه‌ره‌تی ناده‌ن به
فارسیی ئێران؟
سادق سه‌با: به‌ڵێ! بڕوانه کاتێک که بی بی سی فارسی دامه‌زرا
و به تایبه‌تی تێلێڤیزیۆن له‌ناو ئه‌و له‌هجه جۆر به جۆره فارسییانه‌ی دا که
ئێمه هه‌مانه له ئێران و ئه‌فغانستان و تاجیکستان و ته‌نانه‌ت له نێوخۆی ئێران
و نێو خۆی ئه‌فغانستان و تاجیکستانیش دا له‌هجه‌ی جۆر به جۆر هه‌ن. له ئێران
له‌هجه‌ی ئیسفه‌هانی هه‌یه، له‌هجه‌ی یه‌زدی هه‌یه، له‌هجه‌ی باکووری هه‌یه،
مه‌به‌ستم جگه له‌و زمانانه‌یه که له‌و ناوچانه دا هه‌ن، به‌ڵکوو فارسی به
له‌هجه‌ی جۆر به جۆر قسه‌ی پێ ده‌کردرێ. له ئه‌فغانستانیش دا هه‌ر دۆخێکی ئاوا
هه‌یه، له‌هجه‌ی مه‌زاری شه‌ریفی هه‌یه، له‌هجه‌ی کابولی هه‌یه. له تاجیکستان
له‌هجه‌ی به‌ده‌خشانی هه‌یه، له‌هجه‌ی کوولابی هه‌یه، له‌هجه‌ی خوجه‌ندی هه‌یه.
ئێمه ده‌بوو له نێو ئه هه‌موو له‌هجه جۆر به جۆره دا،به ده‌یان له‌هجه‌ی
فارسی که له‌و ووڵاته فارسی زمانانه دا قسه‌یان پێ ده‌کردرێ، یه‌کێکیان
هه‌ڵبژێرین که هه‌موان یانی لانی که‌م زۆربه‌ی فارسی زمانان لێی تێبگه‌ن و هاتین
و یه‌کێکیانمان هه‌ڵبژارد که له تاران و ناوچه ناوه‌ندییه‌کانی ئێران قسه‌ی پێ
ده‌کردرێ. که دیاره دانیشتوانی ئێران چه‌ند هێنده‌ی دانیشتوانی ئه‌فغانستان و
جێگای دیکه‌ن. که وا بوو بیرمان کرده‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌و له‌هجه‌یه هه‌ڵبژێرین
زۆربه‌ی فارسی زمانان لێی تێده‌گه‌ن.ئێمه ناتوانین چه‌ند له‌هجه‌مان هه‌بێ، هه‌ر
بۆیه له‌هجه‌یه‌کی پێوه‌رمان هه‌ڵبژارد که ئه‌ویش ئه‌و له‌هجه‌یه‌یه که له
تاران قسه‌ی پێده‌کرێ و ئه‌و له‌هجه‌یه‌یه که ئێستا له‌هجه‌ی بی بی سی یه.
به‌ڵام هاوکارانی ئێمه له ئه‌فغانستان ئه‌وکاته‌ی که گوزاریش ئاماده ده‌که‌ن
فارسی به له‌هجه‌ی کابولی قسه ده‌که‌ن و ئه‌وه له ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه هیچ
ئیرادی نییه ، یان ئه‌گه‌ر که‌سێک بییه‌وێ له تاجیکستانه‌وه به‌رنامه بڵاو
بکاته‌وه به له‌هجه‌ی تاجیکی قسه ده‌کا ئێمه هیچ ئیرادێک له‌وه دا نابینین.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر که‌سێک لێره له سێت دا دانیشتووه و خه‌ریکه خه‌به‌ر
ده‌خوێنێته‌وه ئێمه پێمان وایه باشتره به له‌هجه‌یه‌ک قسه بکا که هه‌موان
لێی تێبگه‌ن. ناتوانین یه‌کێک به له‌هجه‌ی فارسی تارانی قسه بکا، یه‌ک به کابولی
و یه‌ک به ئیسفه‌هانی. ئه‌وه هه‌ر له به‌ر تێگه‌یشتنی گشتی.
حه‌سه‌نی قازی: واته بی بی سی ده‌بێ پێوه‌رێکی له‌مه‌ڕ خۆی
هه‌بێ؟
سادق سه‌با: به‌ڵێ! له بی بی سی ئینگلیسی ش دا هه‌ر ئاوایه.
ئه‌گه‌ر چاو له بی بی سی ئینگلیسی ش بکه‌ی هه‌ر ئاوایه. ده‌کرێ به له‌هجه‌ی
ئه‌مه‌ریکایی، ئاوسترالیایی به ئینگلیسی قسه بکردرێ. له بریتانیا خۆی له‌هجه‌ی
سکاتله‌ندی هه‌یه، وێلزی هه‌یه، له‌نده‌نی هه‌یه. ئه‌وانه گشتیان هه‌ن. له بی
بی سی ئینگلیسی دا یه‌کێک له‌وانه‌یان هه‌ڵبژارد وه‌کوو له‌هجه‌ی پێوه‌ر که زۆربه
لێی تێبگه‌ن.ئێمه نامانه‌وێ به‌وکاره‌مان هه‌نگاوێکی سیاسی یان ئیدێئۆلۆژیک
هه‌ڵبهێنینه‌وه. پێوه‌ری زمان بۆ ئێمه ئه‌وه‌یه که خه‌ڵکێکی زیاتر له‌و
له‌هجه‌یه‌ی به‌کار ده‌هێندرێ تێبگه‌ن. ئێمه پێمان وایه ئه‌و کاره‌ی که ئێمه
کردمان زۆربه‌ی خه‌ڵک لێی تێده‌گه‌ن و هیچ بڕیاری سیاسی له گۆڕێ دانییه.
حه‌سه‌نی قازی: سه‌باره‌ت به تاجیکستان ده‌مه‌ویست پرسیارێکی
دیکه‌ش بکه‌م. له چاو ئێران یا ئه‌فغانستان، به‌رنامه بۆ به‌رده‌نگ له تاجیکستان
که‌متر نییه؟
سادق سه‌با: با، هێندێک که‌متره.
حه‌سه‌نی قازی: هۆی چییه؟
سادق سه‌با: ڕاستت بوێ هۆی ئه‌وه‌یه له تاجیکستان خه‌به‌ر
که‌متره.بڕوانه ئێران ئه‌وه سی ساڵه له ڕیزی یه‌که‌می خه‌به‌ره‌کانی دنیا
دایه. هه‌میشه له سه‌ر ئێران خه‌به‌رێک هه‌یه. له به‌ر پێشوه‌چوونه‌کانی
نێوخۆی ئێران هه‌میشه به‌یه‌ک هه‌ڵپڕژان و پێوه‌هه‌ڵکاڵان هه‌یه له نێو باڵه‌کان
دا. ئێستا له نێوان ئاغای خامه‌نه‌یی و ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، سه‌رده‌مێک له نێوان
ئه‌م و ئه‌و و هه‌ر وه‌ها کێشه‌ی ئێران له گه‌ڵ کۆمه‌ڵی جیهانی له سه‌ر کاروباری
هێزی ناو‌کی، له ئێران هه‌میشه خه‌به‌رێک هه‌یه. به‌م پێیه ئێمه نه‌ک هه‌ر له
بی بی سی فارسی به‌ڵکوو هه‌موو میدیاکان گرینگی ده‌ده‌ن به ئێران.له ئه‌فغانستان
شه‌ڕه، سی ساڵه له‌وێ شه‌ڕی نێوخۆیی هه‌یه، هێزه‌کانی ناتۆ له‌وێن و شه‌ڕی
نێوخۆیی له گۆڕێ دایه، تاڵه‌بان له‌وێ هه‌ن، به‌و پێیه گرینگه. به‌ڵام له
تاجیکستان پێشوه‌چوونی خه‌به‌ریی ئه‌وه‌نده نییه. به‌ڵام له‌و دواییانه دا که
له وێ له ناوچه‌ی به‌ده‌خشان تێکهه‌ڵچوون هه‌بوو ئێمه گوزاریشتی به وورده
ڕیشاڵمان له سه‌ر ڕوداوه‌کانی ئه‌وێ بڵاو کرده‌وه، ئه‌گه‌رچی ده‌وڵه‌تی
تاجیکستانیش دیسان به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو جۆره ڕێوشوێنی خه‌به‌ریی جیهانی
نه‌یهێشت هه‌واڵنوسه‌کانی ئێمه بچنه ئه‌وێ و ئێمه‌ش گله‌ییمان لێ کردن.
نه‌یانهێشت هه‌واڵنووسانی ئێمه بچنه وێ و له‌وێوه گوزارش ئاماده بکه‌ن، به‌ڵام
هه‌ر ئاماده‌مان کرد. که وا بوو هۆی ئه‌و که‌متر بوونه ئارام بوونی بار‌و دۆخه
له‌وێ .هۆیه‌کی تایبه‌تی نییه.
حه‌سه‌نی قازی: به‌ڕێز سه‌با! هه‌ر وه‌ک ده‌زانین یه‌کێک له
زمانه‌کانی که له ئێران باوه له باکووری ئێران زمانی گیله‌کی یه و ئێوه
گوتتان، خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه‌ن. ده‌مه‌ویست بڕێکیش باسی زمانی گیله‌کی بکه‌ن بۆ
بینه‌رانی ئێمه!
سادق سه‌با: بڕوانه ئه‌وه‌ی که ئایا گیله‌کی زمانه یان
له‌هجه‌یه له نێو زمان‌ناسان دا مشت و مڕ هه‌یه. من بۆخۆم زمان‌ناس نیم و له‌و
باره‌یه‌وه بۆچوونێکم نییه. به‌ڵام ئه‌وه ده‌زانم که ئه‌گه‌ر ئێوه بچنه
گونده‌کانی گیلان و به گیله‌کی قسه بکه‌ن، که‌س لێتان تێناگا ئه‌گه‌ر گیله‌ک
نه‌بێ، که‌وابوو به‌وپێیه ڕه‌نگه گیله‌کی ده ڕاستیدا زمان بێ. به‌ڵام ئه‌و
گیله‌کییه‌ی له شاره گه‌وره‌کانی وه‌ک ڕه‌شت قسه‌ی پێ ده‌کردرێ گیله‌کی نییه و
فارسی یه، که هه‌موو ووشه‌ی فارسی تێدا به‌کار ده‌به‌ن، له چوارچێوه‌یه‌کی گۆیا
گیله‌کی دا. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێوه بتانه‌وێ به گێله‌کی ڕه‌سه‌ن قسه بکه‌ن، ئه‌وه
غه‌یری گیله‌ک لێی تێناگا.ڕه‌نگه له به‌ر ئه‌وه‌ی که له ڕاستیدا زمانێکی
سه‌ربه‌خۆیه. به‌ڵام ئه‌و شته‌ی که ئه‌من ده‌توانم بیڵێم ئه‌وه‌یه که له
ڕاستیدا گیله‌کی زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده. مرۆڤ ئه‌گه‌ر چاو له موسیقی گیلان بکا
ته‌نانه‌ت له ده‌یه‌ی 1330 ی هه‌تاوی و پێش ئه‌و دا، ئێمه موسیقییه‌کی زۆر
ده‌وڵه‌مه‌ندمان هه‌یه به زمانی گیله‌کی و شێعری زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندمان هه‌یه به
زمانی گیله‌کی. زۆر شاعیری کلاسیکمان هه‌یه که به گیله‌کی شێعریان گوتووه چ له
سه‌رده‌می کۆن و چ ئێستا که شاعیری زۆرمان هه‌یه که چ به شێوه‌ی نوێ و چ به
شێوه‌ی کۆن به زمانی گیله‌کی شێعر ده‌ڵێن. ته‌نانه‌ت گۆوارمان هه‌ن که له ئێران
بڵاو ده‌بنه‌وه که نیوه‌یان به گیله‌کی یه و نیوه‌یان به فارسی. به‌ڵام
ئه‌وه‌ی که ببڕ ببڕ ئه‌وه زمانه، ئه‌من ڕایه‌کم نییه له‌و ڕووه‌وه. به‌ڵام
شتێکی دیکه‌ش که ده‌مه‌وێ بیڵێم ئه‌وه‌یه ئه‌من بۆخۆم له بنه‌ماڵه‌ی خۆم دا
له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌ی که له من گه‌وره‌ترن به گیله‌کی قسه ده‌که‌م و له‌گه‌ڵ
ئه‌و که‌سانه‌ش که له من جه‌وانترن به فارسی قسه ده‌که‌م.یانی هه‌موو خوارزا و
برازاکانی من که بێ چاوێنی بی نزیکه‌ی بیست که‌سن و زۆربه‌یان ته‌مه‌نیان له
نێوان بیست سی ساڵ دایه ئه‌من له گه‌ڵ هه‌موویان به فارسی قسه ده‌که‌م. بۆ
ئه‌و که‌سانه‌ی له شاره گه‌وره‌کانی گیلان ده‌ژین، گیله‌کی خه‌ریکه به‌جۆرێک له
نێو ده‌چێ. ئه‌وان به فارسی قسه ده‌که‌ن. واته خوارزا و برازاکانی من له ڕه‌شت
ده‌ژین به‌ڵام له گه‌ڵ یه‌کتری به فارسی قسه ده‌که‌ن. له‌گه‌ڵ دایک‌و باوکیان،
ئه‌وان به گیله‌کی قسه‌یان له گه‌ڵ ده‌که‌ن و منداڵه‌کان به فارسی ده‌یان
دوێنن. من خۆم له‌گه‌ڵ گشت ئه‌و که‌سانه‌ی له‌من جه‌وانترن به فارسی قسه ده‌که‌م
و پێم وایه زمانی گیله‌کی یه‌کێک له‌و زمانانه‌یه به شێوه‌ی ته‌بیعی له ژێر
کارتێکه‌ری تێلێڤیزیۆن و له ژێر کارتێکه‌ری نزیکی خه‌ڵک له تاران ، له ژێر
کارتێکه‌ری هات و چووی زۆر که ده‌کرێ ، به شێوه‌ی ته‌بیعی و له خۆوه له شاره
گه‌وره‌کان خه‌ریکه لاواز ده‌بێ. ئه‌من پێم وایه ئه‌وه ڕاستییه‌که له مه‌ڕ
گیله‌کی. سه‌باره‌ت به کوردی و تورکی ئه‌من نازانم، ئه‌من پێم وایه ئه‌وان
ڕیشه‌یان قوڵتره و ڕه‌نگه له‌و ئاسته دا نه‌بن.به‌ڵام گیله‌کی خه‌ریکه وه‌زعیکی
ئاوا په‌یدا ده‌کا که به شێوه‌ی ته‌بیعی به بێ ئه‌وه‌ی که ڕه‌نگه گوشارێکی له
سه‌ر بێ ، به‌لانی که‌مه‌وه گوشاری سیاسی، گوشاری دیکه هه‌یه، چونکه له ڕووی
فه‌رهه‌نگی یه‌وه جه‌وانێکی خوێنده‌واری گیله‌ک پێی وایه ئه‌گه‌ر به فارسی
باشتر قسه بکا دیاره باشتر ده‌توانێ له تاران کار وه‌ده‌ست بهێنێ و که‌سیش به
له‌هجه‌ی پێ ناکه‌نێ و جۆکیشی بۆ ساز ناکا. ئه‌و گوشاره فه‌رهه‌نگی یه
هه‌یه،بەڵام گوشاری سیاسی نییە بۆ ئەوەی مرۆڤ بە گیلەکی قسە نەکەن، بەڵام لە ڕووی
فەرهەنگییەوە گوشار هەیە و به ڕای من گیله‌کی خه‌ریکه لاواز ده‌بێ.
حه‌سه‌نی قازی: ده‌مه‌وێ دوایین پرسیارم بهێنمه گۆڕێ.
ده‌مه‌ویست بزانم بی بی سی که به پێی زمانان و نه‌ک وولاتان به‌رنامه‌کانی پێشکێش
ده‌کا بۆچی تاکوو ئێستا به زمانی کوردی به‌رنامه‌ی نییه؟ له‌کاتێکدا ئه‌گه‌ر
به‌راوه‌ردێک بکه‌ین له گه‌ڵ ڕادیۆی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا، ئێستا نزیکه‌ی بیست ساڵه
که ئه‌و ڕادیۆیه به زمانی کوردی به‌رنامه بڵاو ده‌کاته‌وه.
سادق سه‌با: ئه‌گه‌ر له من ده‌پرسی ئه‌وه به گشتی
که‌مایه‌سییه‌که له بی بی سی دا.ئه‌من له بی بی سی فارسی دا هاوکاری زۆری کوردم
هه‌بووه له هه‌ژیره‌وه بگره که له ڕابردوو دا لێره بوو، دواتر موزه‌فه‌ری
شافیعی، یا ئێستا ژیار و شادی و هاوکارانی دی...
حه‌سه‌نی قازی: یان ئاغای مه‌سعوودی فه‌رزاد که له کۆن دا
له بی بی سی دا کاری کردووه.
سادق سه‌با: به‌ڵێ ئاغای فه‌رزاد. هه‌میشه هاوکاری کوردمان
هه‌بووه و هێندێک له هاوکارانی کوردی ئێمه ده‌چوونه لای به‌ڕێوه‌به‌رانی
سه‌ره‌کی بی بی سی و ده‌یان پرسی بۆچی له بی بی سی دا به‌رنامه‌یه‌ک به کوردی
نییه؟ به ڕای من ئه‌وه یه‌کێک له که‌مایه‌سییه‌کانی ئه‌م ته‌شکیلاته‌یه. ئه‌من
به شه‌خسه هیوا دارم ڕۆژێک به‌رنامه‌مان به زمانی کوردیش هه‌بێ. هه‌ڵبه‌ت
دیاره ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌ی کوردیمان هه‌بێ ده‌بێ بڕیار بده‌ن به کامه له‌هجه‌ی
کوردی بێ؟ حه‌تمه‌ن ئێوه‌ش له کاناڵه‌که‌تان دا ئه‌و گرفته‌تان هه‌یه. به سۆرانی
بێ ؟ به کورمانجی بێ؟ به هه‌ورامانی بێ؟ ئه‌وه‌ش هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه پاساو
نییه. به بۆچوونی من ده‌کرێ ڕێگایه‌ک ببیندرێته‌وه. حه‌تمه‌ن ئێوه‌ش له
کاناڵه‌که‌تاندا ڕێگایه‌کتان دۆزیوه‌ته‌وه. ئه‌من پێم وایه ئه‌وه
که‌مایه‌سییه‌که له‌و ته‌شکیلاته دا. هیوادارم کاتێک بێ به‌ڕێوه‌به‌رانی
سه‌ره‌کی بی بی سی له بیری ئه‌وه‌دا بن که بۆ کورد زمانه‌کانیش به‌رنامه‌یه‌کیان
هه‌بێ به زمانی کوردی.
حه‌سه‌نی قازی: زۆر سپاستان ده‌که‌م به‌ڕێز سادقی سه‌با.
سادقی سه‌با: قوربانی ئێوه، زۆر مه‌منوون، زۆر مه‌منوونم.
حه‌سه‌نی قازی: تکایه!
بینه‌رانی خۆشه‌ویست ئه‌مه چاوپێکه‌وتنێک بوو له
گه‌ڵ به‌ڕێز سادقی سه‌با سه‌رۆکی ڕادیو، ئانڵاین و تێلێڤیزیۆبی فارسی بی بی سی.
هێوادارم بۆتان به‌که‌لک بووبێ. ئه‌مه دوایین به‌رنامه‌ی ڕاوێژه له‌م ساڵه‌ی
زایینی دا. له ئێستاوه پیرۆزبایی ساڵی نوێ تان لێده‌که‌م و تا ژانویه به
خوداتان ده‌سپێرم. هه‌ر بژین.
No comments:
Post a Comment