Tuesday, April 30, 2013

به‌شێک له‌ قسه‌کانی دوکتور موعته‌سه‌م تاتایی له‌ به‌رنامه‌ی " ڕاوێژ" دا



به‌شێک له‌ قسه‌کانی دوکتور موعته‌سه‌م تاتایی له‌ به‌رنامه‌ی  " ڕاوێژ" دا
یه‌کشه‌مه‌ 14ی ئاوریلی 2013

پرسیار:له‌ پێنجی ئه‌م مانگه‌ دا، پێنجی ئاوریل وه‌زیری دارایی تورکییه‌ له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا  باسی ئه‌وه‌ی کردووه‌ که‌  جێ به‌ جێ کردنی دۆزی کورد ڕێگا خۆش ده‌کا بۆ گه‌شه‌ی ئابووری و  توانایی گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری و به‌ گشتی توانایی گه‌شه‌ سه‌ندن له‌ تورکییه‌ زیاد ده‌کا. له‌ وتووێژێکدا که‌ به‌ڕێگای تویتر دا له‌ گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی واڵ ستریت جورناڵی کردوووه‌ گوتوویه‌تی : " ئه‌و شه‌ڕه‌ی که‌ دژی کوردان کراوه‌ ( دیاره‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ی جۆرێکی دی گه‌ڵاڵه‌ کردبێ)، نیزیکه‌ 500 بیلیۆن دۆڵار خه‌رجی ئه‌و شه‌ڕه‌ کراوه‌ له‌ ڕابردوو دا و ده‌کرێ له‌وه‌ی دواوه‌ خه‌رجی شه‌ڕ و ڕه‌قه‌می ئاوا ته‌رخان بکرێ بۆ په‌ره‌پێدانی ژێرخانی ئابووری ( ئینفراستراکچر) و که‌مکردنه‌وه‌ی جیاوازییه‌کانی نێوان ستاندارده‌ هه‌رێمییه‌کان و هه‌ر وه‌ها به‌هێز کردنی ده‌وری سیاسی تورکییه‌ له‌ هه‌رێم و له‌ ئاستی جیهانی دا.و گوتووشێتی ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ی کورد جێبه‌جێ بکرێ ته‌نانه‌ت ده‌کرێ نرخی به‌هره‌ش  که‌م بکرێته‌وه‌.
باشه‌ پرسیار ئه‌وه‌یه‌ به‌ زانینی ئه‌و هه‌موو زانیارییانه‌ له‌ مه‌ر  ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابوورییه‌ باشانه‌ له‌ نه‌بوونی شه‌ڕ دا، بۆچی هێندێک لایه‌ن پێشتر پێکێشییان کردووه‌ له‌ سه‌ر درێژه‌ کێشانی شه‌ڕ و ئێوه‌ پێتان وایه‌ ئه‌م وتووێژانه‌ی که‌ ئێستا له‌ ئارا دایه‌ ئه‌و قازانجه‌ ئابوورییانه‌ی که‌ وه‌زیری داریی تورکییه‌ باسیان لێوه‌ ده‌کا ده‌توانێ پیاده‌ی بکا یان چۆناوچۆنه‌؟

دوکتور موعته‌سه‌م تاتایی : بۆ ووڵامی ئه‌و پرسیاره‌ جێگای خۆیه‌تی بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ کۆمه‌ڵێک ئامار. تورکییه‌ له‌ ساڵی 2000 تا ساڵی 2010 میزانی ناخالیسی داهاتی ساڵانه‌ی دوو به‌رابه‌ر بووه‌.

پرسیار: یانی له‌ماوه‌ی 10ساڵ دا ؟

دوکتور موعته‌سه‌م تاتایی: به‌ڵێ له‌ ماوه‌ی ده‌ ساڵ دا، ته‌وه‌جوه ده‌فه‌رمووی؟، تورکییه‌ له‌ ساڵی 2000 هه‌تا 2010 ئه‌مه‌ی که‌ پێی ئێژن ئێکۆنۆمیکاڵ گرۆث،یان گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری، گه‌شه‌ سه‌ندنێکی ئابووری  7 له‌ سه‌دی ساڵانه‌ی بووه‌.

پرسیار: یانی هه‌ر ساڵه‌ی 7 له‌ سه‌د زیادی کردووه‌؟

دوکتور موعته‌سه‌م تاتایی: به‌ڵێ! 7 له‌ سه‌د زیادی کردووه‌، ئه‌وه‌ ئێمه‌ خه‌ریکین باسی ڕاده‌ی نێونجی ده‌که‌ین که‌ ئه‌مه‌ خۆی بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ که‌ ئه‌م ووڵاته‌ له‌ ساڵی 2010 دا ئه‌گه‌ر به‌راوه‌ردی بکه‌ی میزانی داهاتی ووڵاته‌که‌ له‌ ساڵی 2010 دا دوو به‌رابه‌ری ساڵی 2000 ه‌.ئه‌مه‌ بۆ تورکییه‌ قه‌ڵه‌مبازێکی زۆر گه‌وره‌یه‌. تورکییه‌ به‌ بوونی ئه‌م گه‌شه‌ ئابوورییه‌وه‌ و به‌ بوونی ئه‌م ئه‌ندازه‌ له‌ داهاتی ناخالیس، یانی دوو به‌رابه‌ر کردنه‌وه‌ی داهاتی ناخالیسی ووڵات توانیویه‌ ببێ به‌یه‌ک له‌ ووڵاتانی GBC دنیا. تورکییه‌ له‌ حاڵی حازر دا چواره‌مین په‌ره‌گرتنی ئابووری هه‌موو دنیای هه‌یه‌.

پرسیار: مه‌به‌ستتان له‌ هه‌موو دنیایه‌؟

دوکتور موعته‌سه‌م تاتایی: به‌ڵێ له‌ هه‌موو دنیا دا، یه‌که‌م ووڵات چینه‌، دووه‌م هیندوستانه‌، سێیه‌م بڕێزیل ه‌ و چواره‌م تورکییه‌یه‌. یانی ئه‌مه‌بۆ تورکییه‌ هه‌ڵکه‌وتێکی هه‌تا بڵێی ئیستیسناییه‌. ئه‌گه‌ر ته‌ماشای  لایه‌نێکی دی ئابووری ئه‌و ووڵاته‌ بکه‌ین، ده‌بێنین که‌ میزانی سه‌رمایه‌ وه‌گه‌رخستنی بێگانه‌ له‌ تورکییه‌ له‌ ساڵی 2000 دا 2 میلیارد دۆڵار بووه‌ و ئه‌و میزانه‌ سه‌رمایه‌ وه‌گه‌رخستنه‌ی بێگانه‌ له‌ تورکییه‌ له‌ ساڵی 2010 دا گه‌یشتووه‌ته‌ 23 میلیارد دۆڵار.

پرسیار: سه‌رچاوه‌ی ئه‌و ئامارانه‌ چنه‌؟

دوکتور موعته‌سه‌م تاتایی:  بانکی جیهانی و سندووقی نێونه‌ته‌وه‌یی دراوی. ئه‌م ئامارانه‌ له‌ به‌رده‌ست دان. عه‌رزت بکه‌م ئه‌وه‌ بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ که‌ تورکییه‌ وه‌ک ووڵات له‌جێدا به‌ جۆرێکی دیکه‌ خۆی بناسێنێ. تورکییه‌ ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌ر له‌ ساڵی 2000 ئه‌و ده‌می خۆی وا ده‌ناساند  که‌ بتوانێ قه‌ده‌رقودره‌تێکی نیزامی بێ له‌ ناوچه‌که‌ دا، ئه‌و وه‌خته‌ بایه‌خێکی زۆری به‌وه‌ ده‌دا که‌ئه‌ڕته‌شێکی گه‌وره‌ی ببێ، شانازیشی به‌وه‌ ده‌کرد که‌ گه‌وره‌ترین هێزی ناتۆ یه‌.
به‌ڵام ڕاستیه‌که‌تان بوێ، تورکییه‌ وورده‌ وورده‌ ئه‌م بیر و بۆچوونه‌ی خۆی گۆڕیوه‌. دیاره‌ گۆڕانی ئه‌و بیرو بۆچوونه‌ ڕیشه‌ی له‌ هۆکارگه‌لی تایبه‌تییه‌وه‌ ئاو ده‌خواته‌وه‌. که‌رتی خسووسی له‌ تورکییه‌ زۆری گه‌شه‌ کردووه‌. تورکییه‌ و خه‌ڵکی تورکییه‌ و له‌وانه‌ خه‌ڵکی کورد ده‌ورێکی یه‌کجار زۆر گه‌وره‌یان بووه‌ له‌ گه‌شه‌ی دووباره‌ی ئوڕووپا له‌ دوای شه‌ڕی دووه‌می جیهانییه‌وه‌. ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی که‌ به‌شێکی زۆریشیان کورد بوون هاتوون بۆ ئوڕووپا و له‌ ئوڕووپا ساڵه‌های ساڵ کاریان کردووه‌ . کۆمه‌ڵێک سه‌رمایه‌ی تایبه‌تیان بووه‌، ئه‌و سه‌رمایانه‌یان گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ بۆ تورکییه‌ و ئه‌لئانه‌که‌ تورکییه‌ له‌ گه‌ڵ خه‌ڵکێکدا ڕووبه‌ڕووه‌ که‌ سه‌رده‌می خۆی له‌ ئوڕووپا ئیشی کرده‌، ئێستاکانێ سه‌رمایه‌ وه‌گه‌ڕ ده‌خا  له‌ به‌شگه‌لی جۆر به‌ جۆری ئابووری له‌ نێو تورکییه‌ دا که‌ ئه‌وه‌ خۆی بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی  که‌ له‌ جێدا ته‌وازونێکی ده‌سته‌ڵاتی ئابووری ساز بێ له‌ نێوان به‌شی خسووسی و به‌شی ده‌وڵه‌تی دا.
ئه‌م ئاڵوگۆڕی که‌ له‌ تورکییه‌ دا ده‌کرێ ، به‌ بڕوای من ده‌کرێ له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌و ته‌وازونه‌وه‌ ته‌ماشا بکرێ که‌ له‌ نێوان به‌شی خسووسی و به‌شی ده‌وڵه‌تی دا په‌یدا بووه‌.بۆ به‌شی خسووسی تورکییه‌ ئیتر قه‌ده‌رقودره‌تی نیزامی تورکییه‌ گرینگ نییه‌، بۆ به‌شی خسووسی تورکییه‌ قه‌ده‌ر قودره‌تی ئابووری گرینگه‌. له‌ نه‌تیجه‌ دا ئێستا ده‌بینین  تورکییه‌ خاوه‌نی گه‌وره‌ترین شه‌ریکاتی کانستراکشنه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست دا. له‌ بواری خانووسازی، له‌ بواری پرد سازی و له‌ بواری سه‌د سازی دا، به‌ گشتی له‌ بواری کانستراکشن دا ئێمه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست دا هیچ شه‌ریکه‌ی ئاوامان نییه‌ که‌ له‌ شه‌ریکه‌ تورکییه‌یه‌کان به‌هێزتر بن. ته‌وجوه ده‌فه‌رمووی!

پرسیار: هه‌ر پێنج ده‌قیقه‌مان کات ماوه‌ئه‌گه‌ر بته‌وێ باسه‌که‌ گرێ بده‌ی به‌ دۆزی کوردیشه‌وه‌!

دوکتور موعته‌سه‌م تاتایی: به‌ڵێ! عه‌رزت ده‌که‌م با بزانین ئه‌مه‌ مه‌عنای چییه‌؟ ئه‌وه‌ مه‌عنای ئه‌وه‌یه‌ که‌ تورکییه‌ له‌ باری ئابوورییه‌وه‌ بازێکی داوه‌ ، به‌ڵام له‌ باری سیاسییه‌وه‌ هه‌ر له‌ دواوه‌یه‌.ئابوورییه‌که‌ی پێشتره‌، سیاسه‌ته‌که‌ی له‌ دوا یه‌. تورکییه‌ ئه‌گه‌ر بییه‌وێ هه‌ر وا له‌ باری ئابوورییه‌وه‌ بچێته‌ پێشێ ببڕ ببڕ ده‌بێ ئاڵوگۆڕێکی سیاسی به‌ وجوود بێرێ و له‌ ناو ئه‌م ئاڵوگۆڕه‌ سیاسییه‌ دا مه‌سه‌له‌ی کورد سه‌ره‌کییه‌.

پرسیار: مه‌به‌ستتان ئه‌وه‌یه‌ که‌ دۆزی کورد له‌ ناوه‌ندی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ دایه‌؟

دوکتور موعته‌سه‌م تاتایی: به‌ڵێ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌. تورکییه‌ به‌ هیچ جۆر ناتوانێ ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ سیاسییه‌ بکا و خۆی بگه‌یێنێته‌وه‌ ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ ئابورییه‌ی که‌ کردوویه‌تی به‌ بێ ئه‌وه‌ی که‌ مه‌سه‌له‌ی کورد چاره‌سه‌ر بکا. بۆ گه‌شه‌ی ئابووری تورکییه‌ و به‌رده‌وامبوونی گه‌شه‌ی ئابووری تورکییه‌،  تورکییه‌ بێ ئه‌ملاو ئه‌ولا و حه‌تمه‌ن ده‌بێ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ چاره‌سه‌ر بکا و ئه‌وه‌ شتێکه‌ ناکرێ وه‌لای نێ

No comments: