Sunday, February 23, 2014

مانیفێستی جیرۆنا : کورت کردنەوەی جاڕنامەی جیهانی مافی زمانی

The Girona Manifesto: Encapsulating the Universal Declaration of Linguistic Rights
 مانیفێستی جیرۆنا : کورت کردنەوەی جاڕنامەی جیهانی مافی زمانی
لە ٧٧ هەمین کۆنگرەی پێن لە بێلگراد لە ووڵاتی سڕبیا لەم سێپتامبرە دا پەسند کردنی بەڵگەیەکی تایبەتی بۆ پارێزگاری لە جوراوجوری زمانی لە رۆژەوی هەرە بەرزی کارەکانمان دا بوو.
مانیفێستی جیرۆنا نێوەرۆکی سەرەکی و گرینگی جاڕنامەی جیهانی مافی زمانی بە شێوەیەکی ئاشکرا، کورت و پڕاتیک  دەخاتە ڕوو. ئەو بەڵگەیە بریتییە لە ١٠خاڵ و لە تاکە لاپەڕيیەک دا جێی دەبێتەوە.
کۆمیتەی مافی وەرگێڕان و زمانی پێنی نێونەتەوەیی لە مانگی مەی ساڵی ٢٠١١ ئەو مانیفێستەی گەڵاڵە کرد، پازدە ساڵ دوای ئەوەی هاوبەندییەکی بەڕێوەبرد لە ڕێکخراوەی کۆمەڵگەی مەدەنی و نێونەتەوەییەکان ( لە وانە یونێسکۆ) کە لە کۆنفڕانسی جیهانی مافی زمانی ساڵی ١٩٩٦ لە بارثێلۆنا جاڕەنامەی جیهانی یان ساز کرد.
جاڕنامەی جیهانی مافی زمانی  لە لایەن نوێنەرانی کۆبوونەوە ساڵانەکانی پێنەوە پەسند کرا ، و بەردەوام بوو لە سەر گێڕانی دەورێکی گرینگ  لە نێو کۆر و کۆمەڵی پسپۆڕ لە سەرتاسەی جیهان دا.
جان ڕالستۆن ساول، سەرۆکی پێن ، سەبارەت بە ئەو هەلومەرجەی کە بووە هۆی گەڵاڵە کردنی مانیفێستی گیرۆنا دەڵێ:ئێمە هەموو هەموومان بە پەرۆشین لە مەڕ ئەو گوشارەی وا لە سەر ئەو زمانانەی هەیە کە خەڵکێکی کەمتر قسەیان   پێ دەکەن.ئێمە نیگەرانین لەوەی لەو زمانانەوە هیچ وەرناگێڕدرێ و ئەو دژواری و تەنگ چەڵەمانەی کە لە بەر دەمیانە بۆ ئەوەی دەنگی خۆتان بە گوێی دنیا بگەیێنن. زۆر لە زمانان دە مەترسی دان. زۆریان لە ڕاستیدا ئەوە خەریکە بزر دەبن. نەمانی هەر زمانێک، بە مانای نەمانی کولتوورێکە و دەکرێ وەک پێشێلکردن و بەلاوە نانی یەکجارەکی ئازادیی بەیان دابندرێ
سەبارەت بە مانیفێستەکەش  ئەو لێی زیاد دەکا:
" ئەو مانیفێستە دەتوانێ بەڵگەیەکی ڕوونی گشتی بێ کە بە پاڵپشتی وی دەکرێ پشتیوانی لەو زمانانەی بکرێ کە خەلکێکی کەمتر قسەیان پێ دەکەن و بەرەوپێش ببردرێن و هەر وەها ئەو زمانانەی کە دە مەترسی دان ."
دەقی مانیفێستی جیرۆنا سەبارەت بە مافی زمانی:
پێنی نێونەتەوەیی نووسەرانی دنیا لە دەوری یەکدی کۆ دەکاتەوە.
پازدە ساڵ لەمەو بەر، جاڕنامەی جیهانی مافی زمانی بۆ جاری یەکەم  لە بارثێلۆنا لە لایەن کۆمیتەی مافی وەرگێڕان و زمانی پێنی نێونەتەوەییەوە ڕاگەێێندرا.
ئەمڕۆ، هەر هەمان کۆمیتە، کە لە گیرۆنا کۆبووەوە، مانیفێستێک سەبارەت بە جاڕنامەی جیهانی لە دە پرێنسیپی سەرەکی دا ڕادەگەیێنێ.
١-جوراوجۆری زمانی میراتێکی جیهانییە و دەبێ نرخی بۆ دابندرێ و بپارێزدرێ.
٢-ڕێز گرتن لە هەموو زمانان و لە هەموو کولتووران بەردی بناغەی  پێواژۆی ساز کردن و پاراستنی دیالۆگ و ئاشتی یە لە جیهان دا.
٣-هەموو تاکان لە دڵ و هەناوی کۆمەڵگەیەک دا فێری قسەکردن دەبن کە ئەوەش ژیان، زمان، فەرهەنگ و ناسێنەیان دەداتێ.

٤-زمانانی جیاواز و شێوەی جیاوازی قسە کردن تەنێ هەر ئامرازی پێوەندی کردن نین، ئەوان هەر وەها ژینگەیەکیشن کە تێیدا ئینسانان گەشە دەکەن و کولتووران ساز دەبن و بەخۆ دادێن.
٥-هەموو کۆمەڵگەیەکی زمانی مافی هەیە  زمانەکەی وەکوو زمانی ڕەسمی لە خاکی خۆی دا بەکار بهێندرێ.
٦-خوێندنی خوێندنگە دەبێ یارمەتی بکا بە بەرزکردنەوەی پرێستیژی ئەو زمانەی کە کۆمەڵگەیەکی زمانی دە خاکەکە دا قسەی پێ دەکا.
٧- پەسند و بەدڵە شارومەندان زانیارییەکی گشتتیان لە سەر زمانی جۆر بە جۆر هەبێ، چونکە ئەوە یارمەتی دەکا بە خۆ بە ویدی دانان و کرانەوەی ڕووناکبیرانە، هەر وەها یارمەتیدەریشە بۆ زانیارییەکی قووڵتر لە مەر زمانی خۆ.
٨-وەرگێڕانی دەق، بەتایبەتی ئاسەواری گەورەی کولتووری جۆر بە جۆر، تۆوێکی گرینگە بۆ پێواژۆی پێویستی لێکتێگەیشتێنکی زیاتر و رێز گرتن لە نێو ئینسانان دا.
٩-مێدیا بلیندگۆیەکی هەلکەتوویە بۆ ئەوەی کارێکی ئاوا بکا جوراوجۆری زمانی هەڵسووڕێ و بە شێوەیەکی لێزانانە و بە سەرنجدانەوە لە پرێستیژی زیاد بکا.
١٠-مافی بەکار هێنان و پاراستنی زمانی خۆ دەبێ لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەکوو یەکێک لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ بە ڕسمی بناسرێ.

کۆمیتەی مافی وەرگێڕان و زمانی پێنی نێونەتەوەیی
١٣ی مانگی مەی ٢٠١١، جیرۆنا، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کاتاڵۆنیا

وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی

No comments: