Tuesday, May 10, 2016

یەکەم کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی لەمەر کوردیی فەیلی لە پارڵمانی ئوڕووپا


ا
یەکەم کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی لەمەر کوردیی فەیلی لە پارڵمانی ئوڕووپا

دوای نێوەڕۆی دووشەمە ٢-ی مەی ٢٠١٦ بە دەستپێشخەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و هاوکاری ئەنیستیتووی کورد لە برووکسێل و بە پێی بانگەوازی و مالخێویی فڕاکسیۆنی ئیتیلافی پێشکەوتنخوازی سۆسیالیستان و دێمۆکڕاتان لە پارڵمانی ئوڕووپا یەکەم کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی لە سەر کوردی فەیلی لە بینای پارڵمانی ئوڕووپا لە بروکسێل بەڕێوەچوو.
لە دانیشتنی یەکەمی کۆنفڕانسەکە دا ڕێزدار زەینەب موراد سەهراب جێگری سەرۆکی ک.ن.ک. و مێدیاکار لە ووتارێکی کورت دا مەبەستی سەرەکی بەسترانی کۆنفڕانسەکەی شی کردەوە . بە دوای ویدا بەڕێز ژۆزێف ویدنهۆلز ئەندامی پاڕلمانی ئوڕووپا سەر بە فراکسیۆنی ئیتیلافی پێشکەوتنخوازی سۆسیالیستان و دێمۆکڕاتان لە پەیامێکی ڤیدێئۆیی دا هاوپێوەندیی خۆی لەگەڵ کوردانی فەیلی ڕاگەیاند، بەدووی ویدا یای ئانا گۆمێس ئەندامی پارڵمانی ئورووپا هەر سەر بە هەمان گروپ باسی چالاکییەکانی خۆی کرد لە پێوەندی لەگەڵ دۆسییەی عێڕاق لە یەکێتیی ئوڕووپا و ڕایگەیاند زۆر پێی خۆشحاڵن ژمارەیەکی زۆر لە تێکۆشەری کوردی فەیلی لەو کۆنفڕانسە دا بەشدارییان کردووە و پییان خۆشە گوێیان لێ بگرن و زیاتر لە سەر بەسەرهاتی کوردە فەیلییەکان بزانن بۆ ئەوە بتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر لە ئاست خۆیان یارمەتیدەر و و هاودەنگی دۆزەکەیان بن. دوایین ئاخافتوانی دانیشتنی یەکەم دوکتور تۆماس شمیدینگر مامۆستای زانکوی ڤییەنای ئوتریش بوو کە کورتەیەکی لە مەڕ مێژووی زەخت و زۆرداری لە کوردە فەیلییەکان هێنا گۆڕێ.

بە دوای دانیشتنی یەکەم دا کورتە فیلمێکی بەڵگەیی سەبارەت بە سەرتێداچووانی کوردیی فەیلی نیشان درا.
دانیشتنی دووەم بەڕێزان شەهلا حەفید جێگرێکی دیکەی سەرۆکی ک.ن.ک. و بەڕێز زیا عەبدولسەتتار قادیم ، نووسەر بەڕێوەیان برد. لەو پانێلە دا ژمارەیەک لە ڕووناکبیر و تێکۆشەری کوردی فەیلی بەشدار بوون. دوکتور مەجید جەعفەر تێکۆشەڕیکی لە مێژینەی کوردی فەیلی باسی لایەنە جۆر بە جۆرەکانی دوورخستنەوەی زۆرەملی فەیلییەکان و پێشێل کرانی مافەکانی ئەوانی ‌هێنا گۆڕێ. حاکم ئاسۆ سۆفی کە لە زۆرێک لە دادگەکانی کاربەدەستانی ڕێژیمی پێشووی عێڕاق دا بەشداری کردووە لە قسەکانی دا گوتی ئەو حەولە سەرەتایەکی باشە بۆ ئەوەی کوشتوبڕی فەیلییەکان کە لە دادگەکانی عێڕاق دا بە جێنۆساید ناسراوە لە دەرەوەشوا بناسرێ و دڕێژە بەو دۆسییەیە بدرێ کە هێشتا برینەکانی سارێژ نەبوونەتەوە. دوکتور ئەکڕەم هەواس باسی لایەنی مێژوویی پێشێلکرانی مافی کوردە فەیلییەکانی کرد. یای سەنا بەسام لەو غەدر و زۆردارییەی دوا کە بە دژی ژنانی فەیلی دەکرێ و سەرەڕای خزمەتیان بە ناسێنەی کوردی دەستەڵاتدارانی کورد لە باشوور لایەکی ئەوتۆیان لە کوردانی فەیلی نەکردووەتەوە. دوکتور سەمیر چراغوەندی یادی بەشێک لەو تێکۆشەرە کوردە فەیلییانەی کرد کە لە ڕێبازی ناسێنەی کورد دا تێکٶشاون.


بە دوای ئەواندا یای بلقیس فەیلی باسی نەهامەتە شەخسییەکانی سەر بنەماڵەکەیانی هێنا گۆڕێ و سپاسی خەڵکی سوێدی کرد کە داڵدەی ئەو و کەسانی دیکەیان داوە. لە بەشی پرسیار و ووڵام دا، ژمارەیەکی زۆر لە تێکۆشەرانی کوردی فەیلی قسەیان کرد و پێزانینی خۆیان دەربڕی لە ئاست ک.ن.ک. بۆ ڕێک خستنی کۆنفڕانسێکی ئەوتۆ. شایانی باسە ئەو کۆنفڕانسە بە پێی پێشنیازی بەشداران ئەنجامنامەیەکی گەڵاڵە کرد کە تێیدا جەخت کرایەوە لە سەر گرینگی ئەم کۆنفڕانسە و کۆنفڕانسی هاو شێوە لە داهاتوو دا. زمانی کۆنفڕانسەکە ئینگلیسی و عەڕەبی و هێندێک جار کوردی بوو. بەخۆشییەوە ژمارەیەکی زۆر لە مێدیا کوردییەکان لەوانە تێلێڤیزۆنی نەورۆز، ئاژانسی نووچەی فرات، ستێرک تیڤی، ڕۆناهی تیڤی ، مەد نووچە تیڤی و تێلێڤیزۆنی ئێن ئار تی لەو کۆنفڕانس دا ئامادە بوون.
حەسەن قازی
٢-ی مەی ٢٠١٦

ڕاسپاردەکانی یەکەم کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی کوردە فەیلییەکان لە پارڵمانی ئوڕووپا
ڕاسپاردەکانی یەکەم کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی کوردە فەیلییەکان لە پارڵمانی ئوڕووپا بروکسێل ، ٢ی مەی ٢٠١٦
١/ کۆنفڕانس داوا لە پارلمان و یەکێتی ئورووپا دەکا ئەو تاوانانەی دژ بە کوردانی فەیلی لە سەردەمی رژێمی بەعس دا کراون ،بە تاوانی ( جینۆساید) دابنێ هاوشێوەی ئەو بریارەی کە ئەوەی بە سەر ئێزدیەکان و کریستیانەکان و شەبەکدا هاتووە تاوانی جینۆسایدە، بە تایبەتی کە عێراق لە ساڵی ١٩٥٩ دا پەیمانی جنێڤی ساڵی ١٩٤٩ ی ئیمزا کردووە کە تایبەتە بە قەدەغەکردنی ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید ، هەروەها دەرچوونی حوکمی دادگای باڵای تاوانی عێراق و بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بەوەی کە راگواستن و کوشتنی کوردانی فەیلی تاوانی جینۆسایدە.
٢/وەگەرخستنی هەموو قانون و بریارەکانی پێوەندیدار بە کوردانی فەیلی کە لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە دەرچوون و جێبەجێکردنیان بە بێ وەخران و خۆدزینەوە و دواخستن بە پاساوی جیاوازەوە، ئەو قانون و بڕیارانەی کە پێوەندیان بە پرسگەلی ناسنامە ، بەڵگەکانی خۆسەلماندن و ماڵ و موڵکی دەستبەسەرداگیراو و شتی ترەوەهەیە.
٣/ جێکردنەوەی کوردانی فەیلی لە ناوەندەکانی بڕیار لە هەر دوو دەسەڵاتی یاسادانان و راپەڕاندن ( جێبەجێکردن) لە بەغدا و هەولێر.
٤ / داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق بکرێ کە ناوی کوردانی فەیلی هاوشێوەی ئێزدیەکان و شەبەک و کاکەییەکان لە دەستوری هەرێمەکە دا بگونجێندرێ و کورسی کۆتایان بۆ تەرخان بکرێ لە پارلمانی هەرێم دا.
٥/ داننان بە کوردانی فەیلی وەکو یەکێک لە پێکهاتەکانی گەلی عێراق کە خاوەن تایبەتمەندیەکانی خۆیانن.
٦/ هاندانی دەسەلاتدارانی عێراقی و ئەمریکایی ( کە بە تۆن بەڵگەکانی رژێمی پێشوویان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە بۆ ئەمریکا ڕاگوێستووە ) بۆ ئەوەی بەڵگەکانی تایبەت بە چارەنووسی ئەو گەنجە کوردە فەیلییانە دەربخەن کە لەلایەن رژێمی حزبی بەعسەوە دەستەبەسەر کرابوون یان بە زۆرەملێ شوێن بزر کراون .
٧/ کۆتایی دان بە هەموو شێوەکانی جیاکاری کە لە لایەن دامو دەزگاکانی دەوڵەت دژ بە کوردانی فەیلی بەکاری دەهێنن و دەرفەتی یەکسانیان بۆ برەخسێندرێ کە لە سەر بنەمای هاوڵاتیبوون نەک لە سەر بنەمایەکی دیکە بونیاد نرابێ .
٨/گەڕانەوەی سەرجەم کۆچپێکراوان و راگوێزراوانی کوردی فەیلی بۆ شوێنە رەسەنەکانی( زێدی) خۆیان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانی کوردە فەیلیەکان کە دامودەزگاکانی رژێمی پێشوو و تیرۆریستە هەنووییەکان خاپووریان کردوون، بۆ نمونە خانەقین، سەعدیە، جەلەولا، مەندەلی، بەدرە، جەسان و هەرێمەکانیان لە هەر دوو پارێزگای 'واست' و' میسان ' و هەروەها لە بەغداش.
٩/ دەستنیشانکردنی هەرێمەکانی کوردانی فەیلی لە پاریزگاکانی 'دیالا' و 'واست' و' میسان' و رێکخستنەوەیان لە چوارچێوەی هەرێمێكی کوردانی فەیلی دا کە بە خۆیان کاروباری هەرێمەکەیان رێک بخەن و بەرێوەی ببەن.
١٠/ داوا لە دەسەلاتدارانی عێراق و ئێران بکرێ کە زانیاری سەبارەت بە ژمارەی کوردانی فەیلی لەو شوێنانەی کە لێیدەژین لە هەر یەک لەو دوو وڵاتانەدا لە بەر دەست بنێن .
١١/پاراستن و چاوەدێریکردنی زمان و کولتوری کوردانی فەیلی و کەلەپوریان و دابینکردنی فێرکردن و خوێندن بە زمانی دایکی یان.
١٢/ بەردەوام کار و هاوکاری بەرفراوانتر و هەمانهەنگی لە گەڵ کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بکرێ تا رێکخستنی سێمینار و کۆبوونەوەکان لە وڵاتەکانی ئورووپا بخاتە سەر خشتەی کاروبارەکانی، بۆ ئەوەی جێنۆسایدی کوردانی فەیلی لەئاستی جیهانیدا باشتر بناسێندرێ .
١٣/رێکخستنی سێمینار و کۆڕبەند لە زانکۆ و ئەنستیویە نێو دەوڵەتیەکان دەربارەی پرسگەلی کوردانی فەیلی بەمەبەستی راکێشانی سەرنجی لێکۆڵەران و رووناکبیرە ئورووپاییەکان بۆ ئەوەی لێکۆڵێنەوە و توێژینەوە لە سەر ئەو پرسانە بکەن.
١٤/ رێكخستنی هەڵمەتی جۆراوجۆر لە بواری راگەیاندن ورۆشنبیری و خۆناساندن لە نێو هەموو پێکهاتە کوردستانیەکان بۆ ئەوەی زانیاری پەیوەندیدار بە ئۆپراسیۆنەکانی پاکتاوی رەگەزی و جینۆسایدی کوردانی فەیلی بگەیەنرێتە رای گشتی کوردی لە هەموو بەشەکانی کوردستان.
کۆنفڕانس سپاسی گرووپی ئیتیلافی پێشکەوتنخوازی سۆسیالیستان و دێمۆکڕاتان لە پارلمانی ئورووپا دەکا بۆ ئاسانکاری و کۆمەکی مادی و لۆجیستی بۆ بەستن و سەرخستنی یەکەمین کۆنفڕانسی نیونەتەوەیی کوردانی فەیلی و، سپاسی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانیش دەکا بۆ ئەو رەنجەی کە داویە لە پێناو بەستن و رێکخستنی کۆنفڕانسەکە دا . هەروەها سپاسی خۆی پێشکێش بە هەموو میوانەکان دەکا کە زەحمەتیان کێشا بۆ بەشداریکردن لە کۆنفڕانسەکەدا و سپاسی دەزگاکانی راگەیاندن دەکا کە ڕووماڵی هەواڵ و چالاکیەکانی کۆنفڕانسەکەیان کردووە و لە سەرەتاوە تا کۆتایی لەوێ ئامادەبوون.

                                                                                                            وەرگێڕان لە عەڕەبییەوە: دلێر ئاکرەیی

No comments: