Saturday, December 2, 2017

ئاواتی کوردان و بەرژەوەندییەکانی بریتانیا، شاهیدی دانی دوکتور نەزەند بەگیخانی و پڕۆفێسۆر محەمەد ئێحسان لە کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی پاڕلمانی بریتانیا

  

ئاواتی کوردان و بەرژەوەندییەکانی بریتانیا
کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی پارڵمانی بریتانیا (هاوس ئاف کامنس) شاهیدی دانی زارەکی : ئاواتی کوردەکان و بەرژەوەندییەکانی بریتانیا
سێشەمە ٢١-ی نۆڤامبری ٢٠١٧
ئەم شاهیدی دانە لە لایەن هاوس ئاف کامنسەوە بە ڕادان دراوە و لە ٢١-ی نۆڤامبری  ٢٠١٧ بڵاو دەکرێتەوە

ئەندامانی ئامادەی کۆمیتە لە دانیشتنەکەدا: تام توگندات (سەرۆک)؛ یان ئاوستین، ئان کلوید، مایک گەیپس، ستیڤن گێتینز، یای نوسرەت غەنی؛ یان مورەی ؛ ئاندروو ڕوسیندڵ؛ ڕۆیستۆن سمیت؛ نەدیم زەهاوی.

شاهیدەکانی دانیشتنی یەکەم
دوکتور نەزەند بەگی خانی، لێکۆلەرەوەی ئەڕشەد لە زانکۆی بریستل، و پڕۆفێسۆر موحەمەد ئیحسان، لێکۆلەرەوەی ئەڕشەد لە زانکۆی کینگز کالێجی لەندەن و وەزیری پێشووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
شاهیدەکانی دانیشتنی دووهەم
دوکتور زەینەپ کەیا، لێکۆڵەرەوە لە مەدرەسەی ئابووری و زانستی سیاسی و گونەی ییڵدز ، لێکۆلەرەوەی میوان لە، ئەنجومەنی پێوەندییەکانی دەرەوەی شووڕای ئوڕووپا.
[سرنج بدەن دانیشتنی دووهەم پێشتر وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردیی سۆرانی و بڵاو کراوەتەوە، ح.ق.]
 لێپێچانەوەی شاهیدان : دوکتور بەگیخانی و پرۆفێسۆر محەمەد ئیحسان
سەرۆک: ( پارتیی کۆنسێرڤاتیڤ) دوکتور بەگیخانی و پرۆفێسۆر ئیحسان ، سپاستان دەکەم بۆ ئەوەی کاتتان پێداوین ئەم دوای نیوەڕۆیە قسەمان لەگەڵ بکەن. ئێوە هەر دووتان زۆر زۆر بەخێر بێن . وەک دەزانن، ئێمە کاتمان کەمە.  حەول دەدەین پرسیارەکانمان کورت بێ. ئێوە دەزانن کە ئێمە لە سەر مژارێک دەپرسین کە ئێوە حەول دەدەن ووڵام بدەنەوە.




یای غەنی ( کۆنسێرڤاتیڤ): پرۆفێسۆر ئیحسان، چ شتێک لە ڕووی سیاسی یان ڕووی کولتووری کوردە جوێ دەکاتەوە لە خەڵکی دی ڵە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟ 

پرۆفێسۆر ئێحسان
: زۆر شت هەن کە کوردەکان لە نەتەوەکانی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جوێ دەکەنەوە، لە ڕووی ژێنێتیکییەوە (ڕەگەزییەوە)، ئەوان هیندو ئوڕووپایین  یان پێشینەی هیندو ئوڕووپاییان هەیە، بە زمانێکی جیاواز قسە دەکەن. ئەوان کولتوورێکی فرە دینیان هەیە ، تەنێ سەر بە دەستەیەک یان تاقە دینێک نین: کوردی مەسیحی هەن، کوردی جوولەکە هەن، کوردی موسوڵمان هەن، کوردی یەزیدی هەن ، کوردی کاکەیی هەن، ئێمە باوەڕمان بە شتی جیاواز هەیە،.زمانەکەیان جیاوازە. وەکوو پسپۆڕێک لەو بەشەی جیهاندا، ئەمن پێم وایە کوردەکان تێفکرین و ڤیزیۆنێکیان هەیە بەرەو داهاتوو، نەک وەکوو هێندێک لە نەتەوەکانی دیکە لە ناوچەکەدا کە خەریکن ڕابردووی خۆیان هەڵدەکۆڵن و لە ڕابردوو دا دەژین. ئەمن پێم وایە لە ڕووی کولتوورییەوە  کوردەکان ئاشقە ژیان و ئاشقە ئازادین. تەنانەت لە ڕووی سیاسییەوە، ئەوان لە خەڵکی دیکە جیاوازن، سیستمێکی فرە حیزبییان هەیە. لە ساڵی ١٩٩١وە تائێستا ، سەلماندوویانە هەڕەشەیەک نین لە سەر هیچ دەستەڵاتێکی هەرێمی. ئەوان توانیویانە گشت کۆمەڵگەیەکانیان بەیەکەوە ڕابگرن لە دوای قەیرانی داعش، و ئەوەی دوای شەڕی ناوخۆیی لە نێوان شیعە و سوننی لە عێڕاق ڕوویدا. ئەوە بنەمای تێڕۆریزم و تێڕۆریزمی سیاسی بوو لە کوردستان.
یای غەنی (کۆنسێرڤاتیڤ): کاتێک ئەتۆ دەڵێی ئەوان لە ڕووی ژێنێتیکییەوە جیاوازن، ئایا ئەوە بەو مانایەیە کە
زۆربەی کوردەکان دەناو یەکتریدا ژنوشوویی دەکەن، یانی تەنێ کوروکچی کورد یەکتری دەخوازن؟
پرۆفێسۆر ئیحسان: نەک ئەوەی کە کوڕ و کچی کورد هەر یەکتری بخوازن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، نەتەوەکان – بۆ نموونە عەڕەبەکان پێیان وایە هەموویان ڕچەڵەکیان لە یەمەنەوەیە، کوردەکان بیر لە شتی دیکە دەکەنەوە. وەکوو پسپۆڕێکی ناسێنەی نەتەوەیی، بۆ من مەسەلەکە ، ناسیۆنالیسمی کۆمەڵگەیەکی بیر لێ کراوە، [١] کوردەکان لەو باوەڕە دان ئەوان لە خەڵکی دیکە جیاوازن . لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە تا ئێستا خەباتیان کردووە بۆ ئازادی خۆیان. هەر بۆیەشە ئەمن پێم وایە ئاشقە ئازادین ئەگەر لەگەڵ خەڵکی دیکە بەراوەردیان بکەی چاویان لە دوا ڕۆژە و ڤیزۆنێکی ئاوایان هەیە. لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ سەرەڕای هەموو شتی کە بە ئازاد کردنی عێڕاق ڕوویدەدا – یان ، ئەوەی کە هێندێکان لەوانەیە ناوی بنێن، داگیرکردن – زۆربەی عێڕاقییەکان دەستیان پێ کرد ڕابردووی خۆیان هەڵکۆڵن: ئەوان دەیانەویست دیسان مێژووی خۆیان بدۆزنەوە، ١٤٠٠ ساڵ بەرەو دوایە دەگەڕانەوە، بەڵام کوردەکان، لە ساڵی ١٩٩١یەوە ، هەمیشە چاویان لە داهاتوو بووە، بۆ ئەوەی زۆر پێشتر بکەون : لە جیات ئەوەی چاو لە تاران، قوم ، و ئانکارا بکەن ، چاویان لە لەندەن، پاریس ، واشنگتن دی،سی بووە -  ڕوانگەیەکی جیاواز، دیتنێکی لیبێراڵ.
یای غەنی ( کۆنسێرڤاتیڤ):  کاتێک داعش هاتە ناو شانۆکە، گەلۆ کوردەکان هەستیان بە هەڕەشەیەکی تایبەتی کرد لە بەر کەلەپووری جیاوازی خۆیان و پێشینەی کولتووریان – هەستێکی کە لە ئاست ڕێژیمەکانی دیکە نەبووە کە ئەوانیش توند و تیز بوونە لە بەرانبەر کوردەکاندا؟
پڕۆفێسۆرئێحسان : ئەوان هەمیشە لە لایەن ڕێژیمە جیاوازەکانەوە کراونەتە ئامانج، بە شێوەی سەرەکی لە عێڕاق، لەوەتا --
یای غەنی: بەڵام شتێکی تایبەتی لە مەڕ بۆچوونی داعش هەبوو کە جیاواز بێ لە هەڕەشەکانی پێشوو؟
پڕۆفێسۆر ئیحسان: تاوانی سەرەکییان ئەوەیە کە  کوردن و دەیانەوێ ناسێنەی خۆیان، کولتووری خۆیان بپارێزن. ئەوە هۆی سەرەکییە، زیاتر لە هەموو شتێک لە مێژوو دا. هەر لە بەر ئەوەیە ڕێژیمە جۆر بەجۆرە عێڕاقییەکان ڕاویان ناون و جێنۆسایدیان تەجروبە کرد.  تەنانەت ئەوان خۆشیان پێیان لەوتاوانکاریانە نا کە بە دژی کوردەکان کردوویانە [٢]. بڕوانە چ بە سەر کوردە فەیلییەکان لە ساڵی ١٩٧٩، بە سەر کوردە بارزانییەکان لە ساڵی ١٩٨٣، لە کەمپەینی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٦ وە تا ١٩٨٧، تاوانکارییەکان لە ماوەی ڕاپەڕین دا  هاتووە – تەنانەت ئەوەی ئێستا ڕوو دەدا، لە دوای ١٦-ی ئۆکتۆبر. هەر ئەوە لەبەرچاو بگرن کە ئێستا لە توز خورماتۆ دەقەومێ، دوای قەیرانی ١٦-ی ئۆکتۆبر. ئەگەر مرۆڤ وەک پسپۆڕێکی جێنۆساید تەماشای بکا، مرۆڤ دەزانێ ناتوانێ پێشی بگرێ و ئەوە دەگاتە جێنۆسایدێکی دیکە لە عێڕاق بە دژی کوردەکان.
یای غەنی ( کۆنسێرڤاتیڤ)، دوکتور بەگیخانی، یەکێک لە خەسڵەتە جیاوازەکانی کۆمەڵگە کوردییەکان بۆچوون و تێڕوانینیانە لە سەر ژنان. وا گوزارشت کراوە کە ١٠٠٠٠ ژن لە ڕیزەکانی یەپەژە – یەکینەیێن پاراستنێن ژن – دا چالاکانە بەشدارن لە تێکشکاندنی داعش دا . ئەوە زۆر دەگمەنە بۆ ژنان کە ئاوا ئازاد بووبن لەو هەرێمە دا. ئایا شتێکی دیکە هەیە کە تۆ لێی زیاد کەی و لەو بارەیەوە ڕێنوێنیمان بکەی؟ دەکرێ هێندێک زیاتر ئەوە ڕوون کەیەوە؟ 
دوکتور بەگیخانی: ئەمن پێم خۆشە لەوە زیاد کەم کە هاوکارم گوتی. کوردەکان دوو خەسڵەتی سەرەکییان هەیە کە بەڕاستی ئەوان لە هەرێم دا دەکاتە تایبەتی و زەق دەبنەوە. یەک لە گرووپە ئێتنیکییە هەرە کۆنەکان لە مێسۆپۆتامیا دا. بە هەزاران و هەزاران ساڵە کە لەو خاکە دا ژیاون. ناسێنەی کوردان لە سەر دین هەڵنەنراوە. ئەوەش خەسڵەتێکی زۆر جیاوازی کوردانە. ناسێنەیان لە سەر کولتوور و تۆوی کولتوری هەڵنراوە، و ئەوەش وای لێکردوون کراوە بن، بە تەحەمول و میانەڕۆ بن، ئامادەبن بۆ باوەش وەرهێنان لە سکولاریسم و مافی مرۆڤی ناونەتەوەیی وەخۆ کەن ، هەر وەها یەکسانی جێندر.ئەوە خەسڵەتێکی زۆر بەهێزی کوردەکانە.

خەسڵەتێکی دیکەیان ئەوەیە بە قووڵی هەست دەکەن بە بێدەوڵەت بوونی خۆیان. ستاتوسی بێدەوڵەت بوونیان بە ڕاستی ئەوان دەکاتە تایبەتی. بە، تاڵ و ترشییەوە هەست پێدەکەن لە مافی دەوڵەت هەبوون و حوکمی خۆیی بێ بەش کراون. زمان، کولتوور و بیرەوەی هاوبەشی لەمەڕ خۆیان هەیە و زۆر بە توندی بە ناسینەی خۆیانەوە بەستراونەتەوە و ئەو ڕاستییەی کە لە نێوان چوار ووڵاتان دا دابەش کراون بە دینی بە زەبروزەنگ و ئێدێئۆلۆژییە ئێتنیکییەکان کە سیاسەتی لەناو بردن و کوشتنی بە کۆمەڵ پەیرەو دەکەن لەوانە جێنۆساید لە زەمانی حوکمی سەدام حوسێن دا. ئەوەش خەسڵەتێکی تایبەتی داوە بە کوردەکان بۆ بەرخوەدان.ئەوان خۆڕاگرییان کردووە. لە بەرانبەر سیاسەتی جیاوازی کە لە هەرێم دا بەدژیان پەیڕەو کراوە خۆ ڕاگریان کردووە. لە ئاست سیاسەتی نکوڵی لێکردن، سیاسەتی لە ناوبردنی جەستەیی، دووچاوکی لەگەڵ کرانی ناسێنە و زەبروزەنگی تێژپەڕ کە بەشێوەی جێنۆساید لە ژێر حوکمی سەدام دا بە دژیان پەیڕەو کرا خۆڕاگرییان کردووە. هەر پیاوان ئەو خۆڕاگری و بەرخوەدانەیان نەکردووە؛ ژنان لە کۆمەڵی کوردی دا کەسایەتی زۆر بەهێزیان هەیە، سەرەڕای ئەوەی کە کۆمەڵەکە زۆر نەریتی و پێاومەزنانەیە. ژنان هەمیشە بە ئاکتۆری گرینگ داندراون لە شەڕ بە دژی دوژمنکاری و دوژمنان دا، و ئەوەی ئێمە لەو ساڵانەی دواییدا بینیومانە، بە تایبەتی لە شەڕ بە دژی داعش دا، ئەوەی کە ئەتۆ ئێستا ئاماژەت پێکرد . ئەرێ، ژنان لە سووریا، بەڵام هەر وەها لە عێڕاقیش  لە بەرەی شەڕ دا بوون لە نەبەرد بە دژی جیهادیستەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا – لە ڕاستییدا هێزی هەرە بەهێز لە شەڕ بە دژی جیهادیستەکان دا.

مایک گەیپس ( کرێکار): دوکتور بەگیخانی، ئەتۆ باسی هاوبەشایەتی کولتووریت کرد، داخودا ئەوە زمانیش وەبەر دەگرێ؟ ئەمن وەبیرم دا کاتێک چوومە ئۆردووگای پەنابەران لە نزیک دهۆک لە عێڕاق لە ساڵی ٢٠١٣، کوردە پەنابەرە سورییەکان لەوێ دەبوو مامۆستای عەڕەب زمان بۆ منداڵەکان پەیدا کەن، چونکە لە ژێر حوکمی ئەسەد دا ئەوان بە زمانی عەڕەبی دەرسیان پێ گوترابوو. گەلۆ هاوبەشایەتییەکی پێوەندیی زمانی هەیە یان ئەوە گۆڕاوە؟ کاتێک ئەتۆ باسی کولتوور دەکەی ، مەبەستت زمانیشە؟
دوکتور بەگیخانی: بەڵێ، بە گرد بڕی. زمان ڕەهەندێکی زۆر بەهێزی کولتوورە و کوردەکان زمانی لەمەڕ خۆیان هەیە. بەداخەوە دابەشکرانی جوگرافیایی، سنووری دیکەی لە نێوان کوردەکان دا ساز کردووە. سنووری زمانی ، سنووری کولتووری و سنوورگەلی ڕێکخراوەیی و سیاسی.
ئەوە گەیوەتە ساز بوونی قەڵشت لە نێوان کوردەکان دا. کوردی تورکیا هەن کە بۆیان نییە، لە فەزای گشتی دا بە زمانی خۆیان قسە بکەن ، بۆیە بە دیالێکتی خۆیان قسە دەکەن. کوردەکانی عێڕاق هەن – ئەمن بریتانیاییم ، بەڵام ڕەچەڵەکی کوردیم هەیە، و ئەمن لەو مافە بێ بەش کراوم کە بە کوردی بخوێنم. کاتێک مرۆڤ ئەو هەموو سنوورەی لە بەر دەم دابێ ، مرۆڤ ناکرێ زمانێکی ستاندارد کراوی هەبێ. ئەوە ئەو شتەیە کە ڕوویداوە، وتەجروبە بە ووردی ئەوەمان پێ دەڵێ. کاتێک ئەو هەموو دابەشبوون و سنورانە هەبن، مرۆڤ ناتوانێ زمانی خۆی بە کار بهێنێ، و ئەوەش یەکێک لە ڕەهەندەکانی جێنۆسایدە. کوردەکانی تورکیا کەوتوونەتە بەر شاڵاوی جۆرەیەکی دیکە لە جێنۆسایدی ناسێنە و کولتوور، نکوڵی کراوە لە ناسێنەیان.

ئان کلوید( کرێکار): ئایا دەکرێ بەراوەردێکمان بۆ باس بکەی  لەمەڕ هەڵسوکەوت لەگەڵ کوردەکان لە هێندێک لەو ووڵاتانەدا کە حەشیمەتی گەورەی کوردیان هەیە وەکوو تورکیا و ئێران؟  کوردەکان لەو ووڵاتانە دا چۆنیان ڕەفتار لەگەڵ دەکرێ؟
دوکتور بەگیخانی: لەهەموو بەشەکانی کوردستاندا کوردەکان  ڕاونان و زەبر و زەنگ ، و ئێدێئۆلۆژییە شۆوێنیستییەکانیان تەجروبە کردووە.لە مافی ئینسانی و مافی مەدەنی و مافی سیاسی خۆیان بێ بەش کراون، بەڵام هەر بەشەی کوردستانیش تایبەتمەندی لەمەڕ خۆی هەیە. لەماوەی ڕێژیمی بەعس دا ، کوردەکان بۆ ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵ لە ژێر حوکمێکی دیکتاتۆری دا دەژیان. ئەوان شێوەی جیاوازی زەبروزەنگی ئێدێئۆلۆژی و سیاسییان تەجروبە کرد، لەوانە هەر وەک پێشتر ئاماژەم پێ کرد، جێنۆسایدی ئەنفال. ئەوان بە شێوەی خۆیان خۆڕاگرییان کرد. ئەوان بە شێوەی خۆیان خۆیان ڕێکخست بۆ ووڵامدانەوەی سیاسەتەکانی دەوڵەت. لە تورکیا، کوردەکان حەولیان داوە خۆیان بە شێوەیەکی جیاواز ڕێک خەن. لە هەموو بەشەکانی کوردستان – ڕەنگە  سووریا لەو ڕووەوە ڕێزپەڕ بێ – کوردەکان حەولیان داوە بۆ خەبات. ئەوان خەباتی چەکداریان وەخۆ کردووە بۆ وەڵامدانەوەی شێوەی جیاوازی زەبروزەنگ، دوو چاوکی لەگەڵ کران و ڕاوەدوونران .
ئان کلوید( کرێکار):کاتێک ئەتۆ باسی کوردستان دەکەی مەبەستت کوردستانی عێڕاقە؟ باسی کوێ دەکەی؟
دوکتوربەگیخانی: کوردەکان کە بۆ ماوەی تەقریبەن سەد ساڵ لە بەشە جیاوازەکانی کوردستان خەباتی چەکداریان وەخۆ کردبوو ستڕاتێژی خۆیان گۆڕیوە. لە بەشە جیاوازەکانی کوردستان ئەوان لە حەولی ئەوە دان مافەکانیان دامەزرێنن – مافی مەدەنی، سیاسی و کولتووری خۆیان- بە ڕێگای کانالگەلی دیپڵۆماتیک دا. ئەمن بە گشتی باسی کوردەکان دەکەم. کاتێک باسی کوردستانی عێڕاق دەکەم ئاماژە بە کوردەکانی عێڕاق دەکەم. کە باسی کوردەکانی تورکیا دەکەم و تا دوایی. لە کوردستانی عێڕاق، ڕێفراندۆمی ٢٥-ی سێپتامبر بەشێک بوو لەو گۆڕانی ستراتێژییەی کە کوردەکان لەو ساڵانەی دواییدا حەولیان داوە وەخۆی بکەن. بەو ڕێگایە دا، دەیانەویست کێشە لە سەریەک کەڵەکەبووەکانیان لەگەڵ بەغدا بە ئاشتیانە جێ بەجێ بکەن و مۆدێلێک لە حوکمڕانی کۆنفێدڕاڵ لە عێڕاق دامەزرێنن بە ئۆتۆنۆمییەکی زیاترەوە. لە تورکیا، ئێمە بینیومانە کە کوردەکان هێشتا شەڕ دەکەن و ئەوەی جێگای داخە پێواژۆی ئاشتی لە نێوان دەوڵەتی تورک و پ.ک.ک لەوەتا ساڵی ٢٠١٥ داڕما. ئەوە گەیشتە سەروبەندێکی تری توندوتیژی، بەڵام تەنانەت پ.ک.ک بە دووی کاناڵی دیپڵۆماتیک دا دەگەڕێ بۆ چارەسەری پرسی کوردەکان لە تورکیا. لە ئێرانیش هەر وایە. لە ئێران کوردەکان نەک هەر لە ڕووی سیاسییەوە ڕاوەدوو دەنرێن بەڵکوو لە ڕووی دینیشەوە ڕاودەنرێن، چونکە زۆربەی کوردەکان سوننین، و لە ئێران ڕێژیمێکی شیعە لە سەر کارە. ئەوانیش خەباتی چەکداریان وەخۆ کرد بەڵام سیاسەتەکانیان دەگۆڕن. جا بۆیە هەنووکە لە هەموو بەشەکانی کوردستان، کوردەکان لەو باوەڕەدان دەبێ کێشەکانیان چارەسەر بکەن و مافە ئینسانی، مەدەنی و سیاسییەکانی خۆیان بە ڕێگای دیپڵۆماتیک دا دامەزرێنن
یای غەنی ( کۆنسێرڤاتیڤ): ئاواتەکانی ژنانی یەپەژە یارمەتیمان دەدا بۆ تێکشکاندنی داعش، ئەوان هیوایان
چ جۆرە ناسینێکیانە؟
دوکتور بەگیخانی: ئەمن لە ماوەی کاری مەیدانی خۆمدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  لەگەڵ هێندێک لەو ژنانە قسەم کرد. ئەوان باوەڕییەکی بەهێز و ئیرادەیەکی گەورەیان هەیە. کاتێک لە گەڵ خەباتی چەکدارانە کەوتن، ئەو خەباتە بۆ ئەوان جۆرەیەک لە ڕزگار بوون بوو لە پێوانە و کردەوەکانی باب مەزنانە. ئەو شێوەیە لە خەبات و خۆڕاگرییە بەشێک لە ڕزگاریانە وەک ژن. ئەمن لەگەڵ زۆریان وتووێژم کرد: کاتێک بە دژی جیهادیستەکان شەڕ دەکەن تەقریبەن گشتیان بۆ منیان داگرتەوە کە ئیدی چ ڕێیەک نییە لە چوار چیوەی خێزان و پێوانە باب مەزنییەکاندا بەربەست بکرێن . ئامانجیان ئەوەیە وەکوو ئاکتۆر چالاک بمێننەوە و ئیدی چیدی وەک ژن ژێردەستە نەبن.
یای غەنی ( کۆنسێرڤاتیڤ): ئەمن دەبوو پرسیارەکەم ڕوونتر کردبایە. ئەوان چاوەڕوانیان چییە لە کۆمەڵگەی ناونەتەویی بۆ ئەو دەورەی کە بوویانە لە تێکشکاندنی داعش دا؟
دوکتور بەگیخانی: ژنان ، هەر وەها هاوکارانی پیاویان، دەیانەوێ پشتیوانی ناونەتەوەییان لێبکرێ، بەڵام – بە تایبەتی دوای ئەوەی لە هەڕێمی کوردستانی عێڕاقدا قەوما دوای هێرشی ئەڕتەشی عێڕاق بۆ سەر کەرکووک و ناوچەکانی دەرور و بەری ئەوێ،و دوای ئەوەی کوردستانی عێڕاق، بە بارمتە گیرا بە دەست حەیدەر ئەلعەبادی و ئاغاکەی ئێران – کوردەکانی سووریا دەرسیان وەرگرتووە، و لەوە دەترسن هەمان جۆرە ڕەفتاریان لەگەڵ بکرێ هەر کەهاتوو داعش تێکشکێندرا. بەڵام هەموو کوردەکان بە دووی پشتیوانی دا دەگەڕێن، چونکە نابێ لە بیر بکەین کوردەکان بە گشتی ، لە هەموو بەشەکانی کوردستان، لە بەربەستییەکی ژێئۆپۆلیتیکی زۆر دژوار ڕەنج دەکێشن. ئەو بەربەستییە ژێئۆپۆلیتیکییە کارێکی وا دەکا لە ئاست دەستەڵاتە هەرێمییەکان دا خەساریان وێ کەوێ. و وەک ئامراز بەکار بهێندرێن. ئەوان بە دووی ئەو جۆرە پشتیوانی ناونەتەوەییەوە دەگەڕێن کە لە سەر بنەمای مافی مرۆڤ  و بایەخە دێمۆکڕاتیکەکان و پرێنسیپەکان هەڵنرابن  کە ئێوە و حکوومەتی بریتانیا باوەریتان پێیانە، نەک پشتیوانییەکی کە پڕاگماتیکی ، کورت خایەن و لە سەر بنەمای قازانج و بەرژەوەندی دەستەڵاتە جیاوازە ڕۆژئاواییەکان هەڵنرابێ.

نەدیم زەهاوی (کۆنسێرڤاتیڤ): پڕۆفێسۆر ئێحسان، دوکتور بەگیخانی بە خێر بێن. بەر لەوەی من پرسیار بکەم پێم خۆشە بگەڕێمەوە سەر مەسەلەی زمان و ئاڵنگارییەکی کە ڕووبەڕووی کوردانە لە عێڕاق. ئایا ئەوە ڕاستە من بڵێم  کە کوردەکانی ناو حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوانەی لە خوارەوەی ٤٠ ساڵانن  بە عەڕەبی نازانن قسە بکەن، یان زۆر کەمی دەزانن، جا لێرە دا ئاڵنگارییەکی دێمۆگرافی لە گۆڕێ دایە و هەر وەها کێشەیەکی وەچەییش؟
پڕۆفێسۆر ئیحسان: بەڵێ، ڕاستە، چونکە ئەو کوردانەی کە لە ساڵی ١٩٩١ لە دایک بوون ئێستا تەمەنیان٢٦ ساڵە. زۆربەیان عەڕەبی نازانن، چونکە هیچ تەعامولێکیان نییە لەو بارەیەوە. بەغدا لە سەردەمی سەدام حوسێن دا زۆر تاککەوتوو بوو، تەنانەت دوای ٢٠٠٣ و هەتا ئێستاش ئەوان لەگەڵ یەکتری لەشەڕ دا بوون. کوردستان پەناگەیەک بوو بۆ گشت عێڕاقییە خوێندوو، دەوڵەمەند و پڕۆفێشناڵەکان . ئەوان دەستیان بەوە کرد تێبگەن کە عێڕاق بۆ وان مانای چییە. جا بۆیە من لەگەڵت ڕێکم کە ئاڵنگارییەکی زمانی لە بەر دەم کوردەکانە.، سەرەڕای هەموو جۆرە پێوەندیی کۆمەڵایەتی لە ناوماندا. ئێستا بە گەمارۆ و بەرتەنگ کردنی فڕین بۆ کوردستان ، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک پێیان خۆش نییە بە بەغدا دا بڕۆن  چونکە ئەوان زمانەکە نازانن یان بەغدا مانای زۆر شتی بۆ ئەوان نییە [٣]، چونکە ئەوان ئەوان ڕزگار بوون ، و لە ساڵی ١٩٩١وە ژیانی خۆیان دەژین. لەپڕ، هێندێک خەڵک لە خەو ڕاپەڕین و ئیرادەی خۆیان داسەپاند و ئەوانیان کردە ئامانج . ئەوە زۆربەی خەڵک قەبووڵی ناکەن [٤].
نەدیم زەهاوی ( کۆنسێرڤاتیڤ): ئیمە زۆمان قسە کرد سەبارەت بە دراوسێیانی هەرێمی، دەسەڵاتە هەرێمییەکان. هەڵبەت، ئەگەر زۆر لە وان لێرە بووبایەن دەیان گوت ئاواتەکانی کوردی ئاڵنگارییە بۆ سەر سەروەرییان. پێم خۆشە ئێوە کەمێک دوورتر بەرم بەرەو پاشماوەی جیهان ، بەرەو کۆمەڵگەی ناونەتەوەیی. ئێوە پێتان وایە کامەیەک لە ووڵاتان پشتیوانانی سەرەکی ئاواتی کوردەکان بوون، ئەگەر بکرێ ئەوە زیاتر شی بکەنەوە؟ ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ئەوەی دوکتور بەگیخانی زۆر بەجێ وەک پێوەندی پڕاگماتیکی و کورت –خایەن باسی لێوە کرد، دەکرێ ڕوونمان کەنەوە کامە لە ووڵاتان ئێوە هەست دەکەن دەورێکی پۆزیتیڤیان بووبێ لە کۆمەڵگەی ناونەتەوەیی دا و کامە لە ووڵاتان پێتان وایە دەورێکی نێگاتیڤیان بووە؟
پڕۆفێسۆر ئیحسان: ئەمن ڕاستەوڕاست ووڵامت دەدەمەوە. ئەمن وەبیرم دێ لە ساڵی ١٩٩١، کارم دەکرد بۆ بریگادی ٤٠-ی هێزی دەریایی سەلتەنەتی ، کاتێک ئەوان یەکەم ناوچەی ئارامیان دروست کرد. ئەمن ئەفسەرێکی پێوەندی بووم لەگەڵیان. پێم وایە فکری ئەوەی ئێستا لە کوردستان ڕوودەدا لە بریتانیاوە دەستی پێکرد، ناوچەیەکی ئارام، بەڕ لە بڕیاری ٦٨٨، ئەگەر وەبیرت بێتەوە، ئەگەر بگەڕێیەوە دوایە --
نەدیم زەهاوی ( کۆنسێرڤاتیڤ): مەبەستی مادەی ٦٨٨ ی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشە، بۆ ئاگاداری کۆمیتە
پڕۆفێسۆرئیحسان: فکری ئەوەی کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیارێک دەرکا لە بریتانیاوە دەستی پێکرد. دروست کردنی ناوچەی ئارام دەستپێشخەری بریتانیا و لە سەروبەندی جان مەیجر دابوو  کە کوردەکان لەچیاکانەوە بهێندرێنە خوارێ بۆ ناوچەیەکی هێمن لە دەوروبەری دهۆک و زاخۆ. کۆمەڵگەی ناو نەتەوەیی پاڵە پەستۆی زیاتر کرد و ئەوە گەیشتە بڕیاری ٦٨٨ ی ئەنجومەنی ئاسایش، دوای ئەوە ناوچەی دژە فڕین پێک هات ، دوای ئەوە کوردەکان دەستیان کرد بە ئەوەی بەڕێی خۆیاندا بڕۆن و هەڵبژاردن بکەن. ئەمن پێم وایە ئەوە مانای وایە لێرەوە دەستی پێکرد، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ ڕوو دەدا و بێدەنگی لەوەتا ١٦-ی ئۆکتۆبر، بە شێوەی سەرەکی بێدەنگی بریتانیا، ئی حکوومەت و وەزاڕەتی کاروبارەی دەرەوە بۆ زۆربەی ئێمە ڕاتلەکێنەرە  و هێشتا تێناگەین چ دەگوزرێ. ئێوە یەکەم گرووپ بوون کە کوردستانتان ساز کرد و پاراستتان . ئەمڕۆ،  ئێمە دەزانین هەر لایەی هەر نابێ دە فکری بەرژەوەندی خۆیان دابن. کوردەکان داوای ئەوە دەکەن دەورێکی سیاسییان هەبێ [٥] بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین کاروبارەکانمان بەڕێگای سیاسی و ئاشتیانە دا جێ بە جێ بکەین و نەک بە ڕێگای هەڕەشە و هێرشکاری یان ئەو زمانەی کە لە بەغداوە بە کار دەهێندرێ. ئەوە شتیکە بۆ ئێمە غەریبە. لەمەڕ دەستەڵاتی هەرێمی، کوردەکان لە ساڵی ١٩٩١ وە تائێستا  سەلماندوویانە ئێمە هەڕەشەیەک نین [٦].  ئەمن لەگەڵ ئەوە ڕێکم کە ناسیۆنالیسمی کورد دابڕ دابڕە. ئێمە براینە، بەڵام لە سیاسەتدا ئێمە شەریکی یەکدی نین. ئێمە براینە. ئێمە سەمپاتیمان هەیە بۆ کوردەکان لە تورکیا و ئێران [٧]. بنەمای هاوکاری ئێستای دەستەڵاتە هەرێمییەکان بە دژی کوردستان لە جێی خۆیدا نییە ئەوە کارێکی ئاوا دەکا کوردەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ ساڵەکانی بەر لە ١٩٧٠کان. لە وەچەی من دا ، ئەگەر کەسێک باسی باشووری کوردستانی کرد با، ئەمن ئەوەم بە جوێنێک وەردەگرت. ئێمە بیرمان لە کوردستانی گەورە دەکردەوە.وەچەی نوێ بیر لە بەشێکی کوردستان دەکاتەوە [٨]. ئەوە زیاتر دەبێ کۆمەڵگەی هەرێمی یان ناونەتەوەیی  دنە بدا بۆ پشتیوانی کردن لە کوردەکانی عێڕاق ، بۆ پاراستنی ناسێنەیان و پاراستنیان لە ئاست هێرشان. باشە؟ ئەوە زۆر یارمەتیدەرتر دەبێ ، تەنانەت بۆ دەسەڵاتە هەرێمییەکانیش. ئێمە دەیسەلمێنین لەوەتا ساڵی ١٩٩١ کلیلێک بووین بۆ ئارامی و دامەزران، نەک کلیلێک بۆ نائارامی و بشێویی بۆ تورکیا یان ئێران --- نەک بەوشێوەیەی ئەوان جووڵاونەتەوە بە دژی کوردەکان لە وەتا ١٦-ی ئۆکتۆبر.
دوکتور بەگیخانی: بریتانیا تێکەڵاوییەکی لەمێژینە و درێژی میژوویی لەگەڵ عێڕاق هەیە؛ جار جار خەڵک بە گاڵتە دەڵێن، بریتانیا مامانی زانی دەوڵەتی عێڕاق بووە. لە ساڵی ١٩٩١وە بریتانیا زۆر مامڵە و ڕێکەوتننامەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دا هەبووە بەتایبەتی لە دوای ڕووخانی سەدام حوسێن. هەر وەها ڕێکەوتننامەیەکی نیزامی ڕەسمیش لە ئارا دایە بۆ شەڕ بە دژی داعش. دانوستاندنی کولتووری ، پەروەردەیی و بازرگانی لە نێوان بریتانیا و هەرێمی کوردستاندا هەبووە، و کوردستان هاوپەیمانێکی بەهێزی بریتانیا بووە. لەگەڵ ئەوەشدا، لە ڕاستییدا خەڵک لە کوردستان هەستیان بە هیوا بڕاوییەک کرد – ئەمن هێندێک لەو بارەیەوە کاری مەیدانیم کردووە – کاتێک دیتیان  بریتانیا هەر دەوری تەماشاکەرێکی گێڕا و خۆی لەوە بوارد پێشی هێرشی ئەڕتەشی عێڕاق بۆ سەر هەرێمی کوردستان بگرێ. هەر وەها، بریتانیا خۆی لەوەش وەرنەدا پێشی ئێران بگرێ بۆ بەهێزکردنی پێگەکانی، چونکە ئەرتەشی عێڕاق نەیدەتوانی ئەوە بکا کە  کردوویە بە بێ یارمەتی حەشدی شەعبی و گرووپە میلیشیایەکانی دەست پەروەردەی ئێران.
بریتانیا دەبێ بزانێ ئەوە دەگاتە کارەسات ، چونکە ئێستا کوردەکان لە عێڕاق هەست دەکەن  ئەوان لە لایەن ئەلعەبادی و ئێرانەوە بە بارمتە گیراون. ئەگەر ئێمە بهێڵین ئێران لەوە زیاتر بێتە پێشەوە بۆ ڕاهێزاندنی پێگەکانی لە کوردستان و بۆ لاوازتر کردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوە دەگاتە زەبرو زەنگی زیاتر و تێکهەڵچوونی زیاتری دینی و ئێتنیکی ، نەک هەر لە عێڕاق بەڵکوو لە گشت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە لێرە دا ئێمە باسی ئێران و هەر وەها پیاوەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا دەکەین، لەوانە ئەلعەبادی، نەسروڵا و ئەسەد. دەوری بریتانیا، و ئەو ڕاستییەی کە بریتانیا لەو قەیرانییەی ئەو دواییەی کوردەکاندا بەجێی هێشتن، بە تاڵی هەست پێکراوە و هەستێکی بەهێز لە ناو کوردەکاندا هەیە کە بریتانیا قەت پشتیوانێکی گرینگ نەبووە بۆیان. و ئەوەی کە شەریکەی بریتیش پێترۆلیۆم کردوویە هەر دەستبەجێ لە دوای هێرش بۆ سەر کەرکووک بە توندی هەستی کوردەکانی لەعێڕاق و لە هەموو هەرێم دا بریندار کردووە.
نەدیم زەهاوی ( کۆنسێرڤاتیڤ):  ڕێگەم بدەن با پرسیارە گەورەکە بکەم. ئایا سەربەخۆیی باشترین پارێزگاری دەدا بە کوردەکان و ئاواتی کوردی لە عێڕاق، یان ئەوەی کە ڕێگای تریش هەن بۆ ژیانی هاوبەش و هاوژینی لە چوار چێوەی سنوورەکانی عێڕاق دا؟  کاتێک ئەتۆ ووڵامی ئەو پرسیارە دەدەیەوە، دەکرێ ئەو پرسیارەش شی کەیەوە داخودا بزووتنەوە کوردیەکان لە شوێنەکانی دیکەی ئەو هەرێمە دا داوای سەربەخۆیی دەکەن؟ ئەمن دەزانم لە سووریا، ئەوان تەنیا ئۆتۆنۆمیان دەوێ لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریا دا. ئەگەر بکرێ لە سەر ئەو دوو پنکتە بڕۆی، ئەمن زۆر سپاست دەکەم .
دوکتور بەگیخانی: هەموو بەشەکانی کوردستان خەون بە ئازادی، ئاشتی، و ڕێز لێگرتن لە مافە مەدەنی، سیاسی و کولتوورییەکانیانەوە دەبینن. ئەوە خەونی هەموو کوردانە. بەڵام ئەوان لە مێژوو فێر بوون پڕاگماتیست بن و ستڕاتێژییەکانیان بگۆڕن ، وەک پێشتر ئاماژەم پێ کرد. فکری هەبوونی دەوڵەتێکی پان کوردی ( گشتگیر) سەربەخۆ ئیدی چبڕ لە گۆڕێدا نییە.
کورەکان لە تورکیا ڕۆژەڤی سیاسی لە مەڕ خۆیان هەیە بۆ وەدەستخستن و دامەزراندنی مافەکانیان. کوردەکانی عێڕاق ڕۆژەڤی لە مەڕ خۆیان هەیە، ئێرانییەکان هەر وەها. ئێمە دەبینین کە، لە ڕۆژئاوا لە سووریا، ئەوانیش ڕۆژەڤی لە مەڕ خۆیان هەیە. هەبوونی کوردستانێکی گەورەی سەربەخۆ ئیدی چبڕ لە ڕۆژەڤی کورد دا نییە .
پرۆفێسۆر ئێحسان: لە هەر بەشەی کوردستاندا، کوردەکان خەباتی جیاوازیان هەیە لە بەرانبەرحکوومەتە جیاوازەکاندا، لە سەر بنەمای تەمەن، پەروەردە،دارایی و قەوارەی کۆمەڵایەتی. فکری پان کوردبوون کە دەگەڕێتەوە ساڵانی ١٩٦٠ کان ئیدی لە ئارا دا نییە. ئەگەر عێڕاق دێمۆکڕاتیک و فێدێڕاڵ ببوایە و قانوونی بنچینەیی خۆی جێ بەجێ کردبا وڕەچاوی کردبایە ، کوردەکانی عێڕاق قەت و بە هیچکلوەجێ بیریان لەوە نەدەکردەوە بەرەو سەربەخۆیی بڕۆن یان ڕێفراندۆمێک بکەن. ئەمن دەمەوێ مەسەلەی ڕێفراندۆم ڕوون کەمەوە[٩] بۆ ئەندامانی کۆمیتە، چونکە ئەوە هێشتا بۆ خەڵکێکی زۆر ڕوون نییە [١٠]. خەڵکێکی زۆر پێیان وایە ڕێفراندۆم سەرچاوەی ئەم قەیرانەی ئێستایە. ئەمن حەوت ساڵ لە تەمەنی خۆم لە بەغدا تێپەڕاند و بەرپرسی ئوفیسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووم لە وێندەرێ. ئەمن لەناو ئەو عێڕاقییانە دا بووم کە دژی ڕێژیمی سەدام حوسێن شەریان کرد لەگەڵ زۆربەی ئەو خەڵکانە. ئان کلوید هەمیشە پشتیوانی لە ئای ئێن سی (شووڕای نیشتمانی عێڕاق ) دەکرد، کاتێک ئێمە لە قفڵی دەرگایانمان دەدا و پشتیوانیمان وەردەگرت. ئێمە هەموو گشتمان زۆر بە گوڕ کارمان دەکرد بۆ دامەزراندنی عێڕاقێکی فێدێڕالی، دێمۆکڕاتیکی، پلورالیستی بە سەبات. ئێمە کارمان دەکرد بۆ سازدانی عێڕاقیان لە عێڕاق ، نەک بۆ سازکردنی  دەستنێژ بۆ ئێران [١١] و کارمان دەکرد بۆ جێ بەجێ کردنی قانوونی بنچینەیی.
لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ و ٢٠١١  دا، ئەوان قەت، و قەت قانوونی بنچینەییان بەڕێوە نەبرد. ئەوان وەک دووکانێکی ئاونەبات فرۆشی چاویان لەو قانوونە دەکرد، ئەو شتانەیان جوێ دەکردەوە کە لە بەرژەوەندیان دا بوو، بۆیەیە کوردەکان هیچ بژارێکیان بۆ نەمایەوە جگە لەوەی بەرەو ڕێفراندۆم بچن و گوێ لە خەڵک بگرن [١٢]. ڕێفراندم کردن تاوانکاری نەبوو. ڕێفراندۆمەکان ئەوەن کە خەڵک دەیانەوێ، بەڵام کاردانەوەی کۆمەڵگەی ناونەتەوەیی و حکوومەتی عێڕاق  لە ئاست ئەو ڕێفراندۆمە بووە هۆی واق ووڕمانی ئێمە هەموومان. ئێمە هەموومان گشت ژیانی خۆمان لە خەبات لە پێناوی ئازادی، مافی مرۆڤ، کەڕامەت، حورمەت و یەکسانی دا بەخت کردووە. ئێمە دیتمان کە تەنانەت کوردەکان لە عێڕاق هیچ مافیان نییە بڵێن: " ئەمن ئەوەم دەوێ".
ئان کلوید (کرێکار): ئەوە ناهومێدی و هیوابڕاوییەکی زۆر گەورە بوو بۆ زۆر لە ئێمەمانان پارڵمانی کوردستان، کە بەشێوەی دێمۆکڕاتیک هەڵبژێردرابوو، بۆ ماوەی دوو ساڵ چ دانیشتنی نەبوو.
پڕۆفێسۆر ئیحسان:ئەمن بەتەواوی لەگەڵتم. ئەوە کارێکی باش نەبوو.وەکوو هەموو ووڵاتەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو دێمۆکڕاسییەکانی دیکە ، ئێمەش هەڵەی لەمەر خۆمان کردووە. ئەمن لەگەڵت ڕێکم، و ڕێزم هەیە بۆ ڕوانگەی بەڕێزت. ئەوە کارێکی باش نەبوو. هەر بۆیە حکوومەتی هەڕێمی کوردستان و هەرێمی کوردستان دەبێ ماڵی خۆیان ڕێک خەنەوە و کێشە ناوخۆییەکانیان بەلا دا بخەن بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی ناونەتەوەیی ڕێزی زیاتریان لێ بگرێ.

ئاندروو ڕۆسیندێل ( کۆنسێرڤاتیڤ): هێندێک لەو پنکەتانەی من دەمەویست ئاماژەیان پێ بکەم باس کران. ئێوە وا هەست دەکەن بریتانیا بە دەنگ کوردستانەوە نەهات و ئەو دۆستەی کوردستان نەبوو کە ئێوە چاوەڕوان بوون ببایە. ئەوە شەرمێکی گەورەیە، چونکە ئەمن دەزانم کوردستان هاوپەیمانێکی مەزن بووە، بەتایبەتی لەو مەسەلانەی ئەو دواییانە دا لە بەرانبەر داعش.
ئێوە پێتان خۆشە بریتانیا چ بکا؟ دەتانەوێ سیاسەتی ئێمە و نزیکبوونەوەی ئێمە لە کوردستان چ گۆڕانێکی تێدا پێک بێ؟  ئەگەر ئەمڕۆ وەزیری کاروباری دەرەوە لێرە بایە ، ئێوە چتان پێ دەگوت لە مەڕ ئەوەی کە سیاسەتی بریتانیا دەبێ چۆن بێ لە سەر کوردستان؟
دوکتور بەگیخانی: زۆر شت هەن کە بریتانیا دەتوانێ بیانکا. ئەگەر کورتی کەمەوە. خەڵک هیوابڕاو و نائومێدن لە بریتانیا چونکە پێیان وایە بریتانیا ڕێزی لە داوخوازی خەڵک نەگرت. ئەوان چوون بۆ ئەوەی داوخوازی خۆیان بە ڕێگای سندووقی دەنگدانەوە دەرببڕن ، و رێز لەوە نەگیرا. بریتانیا دەتوانێ گەلێک شت بکا، لەوانە ئەندامانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ، هەر وەها ئەندامانی ناتۆ وەگەڕ بخا بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر لە نێوان هەولێر و بەغدا دا ناوبژیوانی بکەن بۆ چارەسەر کردنی کێشە کەڵەکەبووەکان.
دووهەم، بریتانیا دەتوانێ یارمەتی بکا بۆ ئەوەێ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان کارهاسانی بکا بۆ گەڕانەوەی زیاتر لە ٢ میلیۆن خەڵکی لەجێی خۆ هەلقەندراو کە لە کوردستان دەژین. قەیرانیی ئینسانی بووەتە هۆی لە تەنکە دانی زیاتری ئابووری لاواز و کەرتە گشتییەکان لە هەرێمی کوردستان دا.
ئاندروو ڕوسیندێل ( کۆنسێرڤاتیڤ): مەبەستت لە یەزیدییەکانە؟ ئایا گرووپی دیکە هەن کە ئەتۆ باسیان لێوە دەکەی؟
دوکتور بەگیخانی: زیاتر لە ٢ میلیۆن خەڵکی لە جێی خۆ هەڵقەندراو هەن – واتە کەسانێک کە لە ناوخۆ لە جێی خۆیان هەڵقەندراون ، بەڵام پەنابەریش هەن.
ئاندروو ڕوسیندێڵ ( کۆنسێرڤاتیڤ): ئەوانە گشتیان خەڵکی کوێن؟
دوکتور بەگیخانی: خەڵکی ئاوای کە لە سووریا، تورکیا، ئێرانەوە ڕایان کردووە --
ئاندروو روسیندێل ( کۆنسێرڤاتیڤ): کوردەکان لەو هەرێمانەوە؟
دوکتور بەگیخانی: نەک تەنێ هەر کوردەکان --- عەڕەب، تورک ، و فارسیش هەن کە لە چنگ ڕاوەدوونانی ڕێژیمی ئێران هەڵاتوون. شەبەک، کاکەیی، یەزیدی، مەسیحی و سونییەکان هەن لە باشوور و ناوەندی عێڕاقەوە کە لە چنگ دوچاوکی و ڕاوە دوونانی ڕێژیمی شیعە هەڵاتوون بە تایبەتی لە ژێر سولتەی مالیکی. لەو دواییانە دا، دوای هێرش بۆ سەر کەرکووک ، ٦٠٠٠٠ کەس خەڵکی لە زێدی خۆ هەڵقەندراو گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان ، قەیرانییەکی گەورەی ئینسانی هەیە. کە بەرتەنگی و گوشار دێنێتە سەر ئابووری و خزمەتە گشتییەکان لە هەرێمی کوردستان .بریتانیا دەتوانێ کارێکی ئاوا بکا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کارهاسانی بکا بۆ گەڕانەوەی ئەو خەڵکە لە شوێنی خۆ هەڵقەندراوە.
شتێکی دیکەی کە بریتانیا دەبێ بیکا ئەوەیە یارمەتی بکا و  بە شێوەیەکی کاریگەرانە دەستێوەردا بۆ ئەوەی بەغدا چیدی کوردەکان بە بارمتە نەگرێ و گەمارۆی هەوایی لە سەر کوردستان لا با کە ئەوە بووەتە هۆی تاکخستنەوەی هەرێمی کوردستان و بووەتە هۆی هەلنەسووڕانی زیاتری سیستمی لاوازی سیاسی و ئابووری لە سەر ئەرزی واقع.
پرۆفێسۆر ئیحسان: بریتانیا دەبێ دەورێکی باشتری سیاسی بگێڕێ لە نێوان بەغدا و هەولێر دا. ئێمە حەوجێمان بە ناوبژیوانێکی ناونەتەوەیی هەیە، چونکە هیچ باوەڕی نییە، و ئەوانەی لە بەغدان پێیان وایە ئەوان بەرەوەن و هیچ جۆرە وتووێژێک پێویست ناکا. بیانوی ئەوەیە دەڵێن ئەوان قانوونی بنچینەیی بەڕێوە دەبەن، کە بە تەواوی ئەوەی دەێڵین ناڕاستە. ئەوان گەندەڵی و دەستەڵات لە دژی کوردەکان و کوردستان جێ بەجێ دەکەن.
ئامۆژگاری دیکەی من ئەوەیە، ئەگەر مافم هەبێ پێشنیاری بکەم، ئەوە دەبێ ئێستا کاتێکی گونجاو و دروست بێ بۆ بریتانیا و وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە ، یان کۆمیتە ی ئێوە کە شاندێکی ڕاستی دۆزەرەوە بنێرن بۆ ئەوەی ببینن لە تۆز خورماتوو و کەرکووک چ جۆرە تاوانکاری کراون ، دیارە هیچ کەمتر نین لەو تاوانکاریانەی لە ماوەی سەردەمی سەدام دا کران. ئەمن وە بیرم دێ لە ساڵی ١٩٨٧ کاتێک کە کۆنگرەی ئەمریکا کۆمیتەیەکی ڕاستی دۆزەرەوەی نارد بۆ عێڕاق بەر لە ئەنفال.  ئەگەر لەو دەمیدا گوێ لەو شتانە گیرا با کە ئەو شاندە باسی کردن ، شانسی ئەوەمان دەبوو پێش بە ئەنفال بگرین. ئێستا حکوومەتی بریتانیا یان پارڵمانی بریتانیا دەتوانێ کۆمیتەیەکی ڕاستی دۆزەرەوە بنێرێ بۆ ئەوەی ڕاستی بدۆزێتەوە.
ئەمن پێم وایە تاوانکاری بە دژی مرۆڤایەتی و سووچی شەڕ  بە دژی کوردەکان کراون. ئەمن هەموو زانیارییم لە بەر دەست دایە. ئەمن دەتوانم ناو و وێنە و هەمووشتتان بدەمێ. باشترین ڕێگا ئەوەیە کۆمیتەیەک بنێردرێتە ئەوێ بۆ ڕاستی دۆزینەوە و ئەوەی کە چ ڕوو دەدا و دوایە پلانی داهاتوو هەڵبسەنگێندرێ. ئەگەر شتێکی ئاوا نەکرێ ، دەرفەتی جێنۆسایدێکی دیکە لە گۆڕێ دایە. دەوری سەرەکی بریتانیا ئەوەیە هەر دووک لا دنە بدا بۆ دەوری سیاسی. ئەوان دەبێ بەیەکەوە دابنیشن و وتووێژ بکەن.
دوکتور بەگیخانی: دوایین پنکتی کە دەمەوێ لێی زیاد کەم ئەوەیە: بریتانیا نابێ شەرم بکا – دەبێ هەڵوێستێکی ئاشکرا دەرببرێ لە مەڕ ئەوەی کە پێش بەوە دەگرێ لە بەغدا حوکمرانی پیاوێکی نوێی قەوی زیندوو بێتەوە، کە ئەوە بە کارەسات کۆتایی دێ، هەر وەک ئەوەی مێژووی تازە وەبیرمان دەهێنێتەوە.
ئاندروو رۆسیندێل ( کۆنسێرڤاتیڤ) : لەو دواییانە دا لە کاتالۆنیا ڕێفراندۆمێک کرا. دوو یان سێ ساڵ لەمەوبەر لە سکاتلەند ڕێفراندۆمێکمان هەبوو، ئێستا ئەوە ڕێفراندۆمێکمان هەبوو لە کوردستان . ئێوە بۆ پێتان وایە حکوومەتی بریتانیا وا وەبەرچاو دا کە بۆچوونی جیاوازی هەبێ سەبارەت بەو ڕێفراندۆمانە؟ وا وێدەچێ دیاریی کردنی چارەنووس بە سەر هیندێک لە ووڵاتان دا پیادە نەکرێ بەڵام لەجێی دی بکرێ. بە بۆچوونی ئێوە ئەوە بۆ وایە؟
پرۆفێسۆر ئیحسان: ئەگەر عێڕاق ئاوا لەگەڵ کوردستان جووڵاباوە بەو شێوەیەی کە حکوومەتی بریتانیا لەگەڵ سکاتلەند هەلسوکەوتی کرد، ئەمن پشتیوانیم لە بەغدا دەکرد و تا دوایی ڕێزم لێ دەگرت. بەر لە ڕێفراندۆم ، کەس لە بەغداوە نەچوو بۆ کوردستان بۆ ئەوەی لەگەڵ کوردەکان قسە بکا و لێیان پرسێ،  " ئێوە بۆچی ڕێفراندۆم دەکەن؟" ئەمن لێرە بووم و وەبیرم دێ کاتێک خەڵکی سکاتلەند ڕێفراندۆمیان کرد، هەموان لە لەندەنەوە چوونە گڵاسکۆ. لەگەڵ هەموو لایەک قسەیان کرد و پێشنیان دان کە بۆ ئەوان باشتر دەبێ بەشێک بن لە بریتانیا و باشتر وایە نەچن بە ڕێی خۆیاندا. هیچکەس لە بەغدا بەو شێوەیە لەگەڵ بابەتەکە مامڵەی نەکرد. تەنانەت لە کاتالۆنیا، ئەوە بە تەواوی چیرۆکێکی دیکەیە، قانوونیی بنچینەیی لە کاتالۆنیا ئەومافەیان پێ نادا. لە عێڕاق، قانوونی بنچینەیی ناڵێ نا " ڕێفراندۆم بکەن یان ڕێفڕاندۆم مەکەن".
دادگای باڵای عێڕاق کەمتر لە ٢٤ سەعات داخویانییەکی بڵاو کردەوە و ئەو داخویانییە سەلماندی کە ئامرازێکی سیاسی یە بە دەست حکوومەتەوە، ئەوە شتێکی شەرمهێنەری دیکەیە بۆ عێڕاقی نوێ و پێواژۆیە نوێیە دێمۆکڕاتیکەکانی. ئەگەر حکوومەتی عێڕاق بەو شێوەیە لەگەڵ ڕێفراندۆمی کوردستان جووڵاباوە کە بریتانیا کردی، ئەمن زۆر خۆشحاڵ دەبووم.
دوکتور بەگیخانی: ڕێفڕاندۆم دەربرێنێکی دێمۆکڕاسی یە. ئەوەی لەو هەڕیمە دا نییە دێمۆکڕاسی و مافی مرۆڤە. بریتانیا دەتوانێ یارمەتی بکا بە پێشخستنی کولتوورێکی مافی مرۆڤ و دێمۆکڕاسی لە عێڕاق و لە گشت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەوە دەبێ بەڕێگای قەمتەر کردنی ئێران دا بکرێ بۆ ئەوەی هێزەکانی زیاتر ڕانەهێزێنێ.
یان ئاوستین( کرێکار): ئەوە گرینگە بە هێند بگیرێ کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتوویە دیالۆگێکی ئارامی دەوێ و لە سەر ئەو بنەمایە بۆ پێشەوە چوون. بە بۆچوونی ئێوە ئاستەنگی چییە لە سەر ڕێگای وتووێژ لە نێوان هەولێر و بەغدا دا؟
پڕۆفێسۆر ئیحسان: بەغدا مەیلی نییە بۆ دەستپێکردنی پێواژۆی وتووێژ. بۆچی؟ بە پێی لێکدانەوەی من، لە ڕاستیدا لە بەر ئەوەیە سەرۆکوەزیری ئێستای عێڕاق دەیەوێ وەک قارەمانێک نیشان بدرێ ، چونکە هەڵبژاردنێک بەڕێوەیە. ئەمن پێم وایە هێندێک لە ووڵاتانی بێگانە پشتیوانی دەکەن لە بوونی قارەمانێک لە بەغدا بۆ ئەوەی لایەنە شیعەکانی دیکە لە هەڵبژاردن دا نەتوانن بیبەنەوە. ئەوان پێیان وایە سەرۆکوەزیری ئێستا دەتوانێ پێش بە تێوەهاتنی زیاتری ئێران بگرێ. ئەمن بە شەخسە پێم وایە، قەت ئەوەی پێ ناکرێ. سەرۆکوزیری ئێستا ئەو کەسایەتییەی نییە، و کۆمەڵی عێڕاقیش ئیدی چیدی وەک سەردەمی سەدام نییە. ئێران هەتا بڵێی تەرکیزی کردووە لە سەر کۆمەڵی عێڕاق، ئەوەندەی جڵەوی کارو بار بەدەستەوەیە—کە کەس بۆی ناچێتەوە سەر یەک. جا بۆیە هەموان وایان بیر کردەوە کە کوردەکان دەتوانن قوربانی بن. بەغدا هێشتا پێی وایە نایەکی گەورە لەبەر دەم  وتووێژکردن دا هەیە [١٣]، چونکە دەوڵەت هەمیشە لە دوژمنێک و لە قوربانییەک دەگەڕێ. ئەوان پێیان وایە کاری هەرە باشی کە دەتوانن بیکەن ئەوەیە کوردەکان داببڕن و بیانخەنە دوای ئاڵای جیاواز، چونکە بەداخەوە بیرەوەری لە عێڕاق دەکرێ بە کیلۆبایت بپێورێ نەک گیگابایت. مێژوو بۆ ئەوان – ئەوان لە مێژوو دەرس وەرناگرن.

یان ئاوستین (کرێکار): ئەگەر بە شێوەیەکی هەراوتر چاو لە هەرێم بکەین ، ئێوە پێتان وایە کە لە شوێنی دیکە بۆ بزووتنەوە کوردییەکان دەست بدا کە بە ڕێگای وتووێژ بە ئاواتەکانیان بگەن، یان ئێوە پێتان وایە شوێنی ئەوتۆ هەن کە ئێوە لە داهاتوو دا ڕوودانی زەبروزەنگیان تێدا دەبینن؟
پڕۆفێسۆرئێحسان: لە سووریا دەرفەت هەیە بۆ وتووێژ، دوای ئەوەی لە عێڕاق ڕوویدا، هەر وەک هاوکارم ئاماژەی پێ کرد، ئەوان دەستیان کردووە بۆ ئەوەی شان بدەنە بەر وتووێژ کردن لەگەڵ ڕێژیم، لەگەڵ سەدام [١٤]، چونکە ئەوان نایانەوێ " خەیانەتیان پێ بکرێ " – ئەمن ئەوە بە  ئەوە بە خیانەت پێ کردن نازانم – و ئەوان بیریان لەوە کردەوە کە دەکرێ ئەمریکاییەکان هەر دەقیقەیەک بیانفرۆشن. جا بۆیە دەرفەتێک بۆ ئەوان هەیە بۆ ئەوەی وتووێژ لەگەڵ ڕێژیم بکەن. ئەوان بە هیچجۆر ناگەڕێنەوە بۆ سووریای بەر لە ساڵی ٢٠١١. بەو ڕێژیمەی ئێستا لە تورکیا هەیە، و تەنانەت ئەو ڕێژیمەی ئێستای لە ئێران هەیە وتووێژ هیچ ئاکامێکی نابێ.
سەرۆک: زۆر سپاسی هەر دووتان دەکەم بە ڕاستی بەو کاتەی بۆ ئێمەتان تەرخان کرد، هەتا بڵێی نیشانەی مێهرەوانی ئێوەیەکە کاتتان پێ داین و ووڵامی ئاوا تەواو و ڕوونتان دایەوە بە پرسیارەکانی ئێمە



 [١] شیکردنەوەی شاهید: دەبێ بخوێندرێتەوە ' ناسیۆنالیسم واتە کۆمەڵگەیەکی خەیاڵی'
[٢] شیکردنەوەی شاهید: دەبێ بخوێندرێتەوە ' حکوومەتی عێڕاق پێی لەو تاوانکاریانە ناوە کە بەدەستی ڕێژیمە جیاوازەکان بە دژی کوردەکان کراوە'
[٣] شیکرنەوەی شاهید:  دەبێ بخوێندرێتەوە ' بۆ ئەوان هیچ مانای نییە '
[٤] شیکردنەوەی شاهید: دەبێ بخوێندرێتەوە ' ئەوە بۆ زۆربەی کوردەکان شیاوی قەبووڵ کردن نییە '
 [٥] شیکردنەوەی شاهید: دەبێ بخوێندرێتەوە  ' کوردەکان داوای دەورێکی سیاسی دەکەن بۆ بریتانیا '
[٦] شیکردنەوەی شاهید: دەبێ بخوێندرێتەوە : ' هەڕەشەیەک نییە لە سەر کەس'
شیکردنەوەی شاهید: دەبێ بخوێندرێتەوە ' ئێمە سەمپاتیمان هەیە بۆ کوردەکان لە تورکیا، ئێران و سووریا'
 [٨] شیکردنەوەی شاهید : دەبێ بخوێندرێتەوە ' وەچەی نوێ بیر دەکەنەوە لە بەشی لەمەڕ خۆیان لە کوردستان'
 [٩] شیکردنەوەی شاهید:  دەبێ بخوێندرێتەوە ' مەسەلەی ڕێفراندۆم ڕوون کەمەوە'
 [١٠] شیکردنەوی شاهید: دەبێ بخوێندرێتەوە ' هێشتا لیرە لە بریتانیا بۆ زۆر کەس ڕوون نییە '
[١١] شیکردنەوەی شاهید: دەبێ بخوێندرێتەوە  ' ئێمە کارمان دەکرد بۆ ساز کردنی عێڕاقیان لە عێڕاق ( بە ڕێز گرتن لە پێشینەی ئێتنیکی و دینییان) ، نەک ساز کردنی دەستنێژان بۆ ئێران '
[١٢] شیکردنەوەی شاهید: دەبێ بخوێندرێتەوە ' گوێ لە خەڵکی خۆیان بگرن '
[13] Note from witness: sh
 [١٤] شیکردنەوەی شاهید : دەبێ بخوێندرێتەوە ' بەغدا هێستا پێی وایە کە ئەوان بەرەوەن و ئامادە نین وتووێژ بکەن '

دەکرێ بە ڕێگای ئەم لینکەی خوارەوە گشت کۆبوونەوەی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی پاڕڵمانی بریتانیا و شاهیدی دانی شاهیدەکان بە زمانی ماک تەماشا بکەن.



 وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی
گواستنەوەی ئەم بابەتە بە مەرجی ئاماژە بە سەرچاوە ڕەوایە
















No comments: