باوەڕی بە تورکیا کەمی دێنێ
ووتاری پڕۆفێسۆر دەیڤید فیلیپس بۆ چاردەهەمین کۆنفڕانسی
ناونەتەوەیی ' یەکەتی ئوڕووپا، تورکیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردەکان' ٦-٧ ی
دیسامبری ٢٠١٧، پارڵمانی ئوڕووپا، برووکسێل
باوەڕی بە تورکیا کەمی دێنێ
سپاسی هەمووی لایەک دەکەم، بە لێرە بوونم شادم. ئەوە جاری سێهەمە لەو
کۆنفرانسانە دا بەشداری دەکەم لە ماوەی ١٤ ساڵی ڕابردوو دا و لە دیتنەوەی دۆستانی لە مێژینە خۆشحاڵم کە دەست
لەو کۆنفرانسانە هەڵناگرن و هەموو جارێ دێنەوە. جێی شانازییە بۆ من لەگەڵتان بم و
سپاس بۆ بانگهێشتنم.
بە ماوەی ساڵانە تورکیا وەک هاوپەیمانێکی گرینگی ناتۆ دەخرێتە ڕوو و وەک شەریکێک دادەندرێ بۆ
ڕووبەروو بوونەوە لەگەڵ ئیسلامی سیاسی تیژپەڕ . ووتارەکەی من هەر دووی ئەم
وادانانە هەڵدەسەنگێنێ و هەر وەها پێوەندیی هەنووکەیی نێوان تورکیا – ئەمریکا لە
ژێر ئیدارەی تڕامپ دا لێک دەداتەوە.
هاوپەیمانێکی ناتۆ
تورکیا لە ساڵی ١٩٥٢ بە لەگەڵ کەوتنی پەیمانی ناتۆ وەکوو ئەندامێک دەورێکی
گرینگی گێڕا. بەڵام ناتۆ زۆر لە ئیتیلافێکی ئەمنی زیاترە. بریتییە لە ئیتیلافی ئەو
ووڵاتانەی کە نرخی هاوبەشیان هەیە، ووڵاتی کە بە شێوەی دێمۆکڕاتیک ئیدارە دەکرێن و
ڕێز لە مافی مرۆڤ دەگرن و پێشی دەخەن. ئەگەر ئەمڕۆ تورکیا داوای ئەندامەتی کرد با
لە ناتۆ دا داخوازی ئەندامەتییەکەی بە هیچجۆر وەرنەدەگیرا چونکە دژی دێمۆکڕاتیک ،
دژی ڕۆژئاوایی ، و ئیسلامیستە. دوای سەرکوت
و زەبر و زەنگی گۆیا کوودەتا، وەزیری کارو باری دەرەوەی ئەمریکا جان کێری
ڕایگەیاند: ناتۆ پێویستە کردەوەکانی
تورکیا " بپێوێ " . ئەو ئەگەری چاو خشاندنەوە بە ئەندامەتی تورکیای لە
ناتۆ دا هێنا گۆڕێ و گوتی: " ناتۆ پێداویستییەکی هەیە لە پێوەندی لەگەڵ
دێمۆکڕاسی دا".
پێوەندیی لەگەڵ تێڕۆر
دوای ئەوەی سووریا لە ( ٢١-ی ئووتی ٢٠١٣ ) لە قوتا بە دژی سەرهەڵداوان چەکی
کیمیایی بەکار هێنا و دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خۆی تێوەرنەدا ، دەستگای
هەواڵگری تورکیا (میت) دەرفەت و ژێرخانی دامەزراند بۆ پشتیوانی کردنی لە ئەلنوسرە، ئەحرارولشام و
جیهادییەکانی دیکەی کە لە گەڵ دەوڵەتی ئیسلامی کەوتن. ئەو یارمەتییە لە هاوکاری
نیزامییەوە بگرە تا چەک گواستنەوە، پشتیوانی لوجیستیکی، یارمەتی دارایی، و دانی
یارمەتی و خزمەتی پزشکی دەگرتەوە.
کاربەدەستانی ئەمریکا زۆر بە تەواوی ئاگایان لە هاودەستی میت لەگەڵ
ئیسلامیستەکان هەبوو. لە ووتارێک دا لە
زانکۆی هارڤارد ( ٥ – ی ئۆکتۆبری ٢٠١٤)،جێگری سەرۆک کۆمار جۆ بایدن ئاماژەی پێ کرد:"هاوپەیمانەکانمان
لە هەرێم دا گیروگرفتی هەرە گەورەمانن لە سووریا. تورکەکان، سەعوودییەکان ،
ئیماراتییەکان... بڕیارێکی ئاوا توندیان داوە بۆ ڕووخاندنی ئەسەد و لە جێدا شەڕێکی
بە وەکالەتی نێوان سوننی – شێعەیان ناوەتەوە ... ئەوان بە سەدان میلیۆن دۆڵاریان
ڕشتووەتە ئەوێ و بە هەزاران تۆن چەک دەدەن بە هەر کەسێک کە بە دژی ئەسەد شەڕ بکا.
ئەو خەڵکانەی چەکیان دراوەتێ بریتی بوون لە ئەلنوسرە و ئەلقاعیدە و تاکوتەرای
تیژپەڕی جیهادی کە لە بەشەکانی دیکەی جیهانەوە هاتوونەتە وێندەرێ " ، بایدن
بەردەوام بوو وگوتی، پرێزیدێنت ئەردۆغان کە دۆستێکی لە مێژینەیە پێی گوتم، ' ئەتۆ
ڕاست دەکەێ . ئێمە هێشتمان زۆر خەڵک ئاودیوی سووریا بن"، ئەردۆغان ئەوەی
بەرپەرچ داوە تورکیا پەژراندبێتی کە ئەو ووڵاتە پشتیوانی لە میلیتانتە
ئیسلامیستەکان کرد بێ و داوای کرد باید ن بۆ ئەو داخویانییەی داویە داوای
لێبوردن بکا دەنا ئەگەر ئەوە نەکا بایدن
" ئیدی بۆ من بوونی نییە" . بایدن داوای لێ بوردنی کرد بێتوو بە قسەکانی
دڵی ئەردۆغانی شکاندبێ ، بەڵام لە ناوەرۆکی سەرەکی قسەکانی پاشگەز نەبووەوە.
لە دیدارێک دا لە گەڵ شووڕای پێوەندییە لاوەییەکان لە نیۆیۆرک ( ٢٢ –ی سێپتامبری
٢٠١٤ ) ، ئەردۆغان ڕەخنەی گرت " لەو کەمپەینەی بۆ ناو زڕاندنی دەکرێ و ئەو
حەولانەی بۆ ئاوەژوو کردنەوەی ئەو تەسەورەی لە مەڕ ئێمە هەیە دەدرێ." ئەو
گوتی: ' هێرشێکی بەردەوام هەیە بۆ سەر ناو وناوبانگی ناونەتەوەیی تورکیا" و " تورکیا بە شێوەیەکی زۆر ناعادڵانە و بە مەبەستی خراپ بووە بە بابەتی
دەنگوباسی دەستگا میدیاییەکان. داوخوازی من لە دۆستانمان لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی
ئەمریکا ئەوەیە لێکدانەوەکانیان سەبارەت بە تورکیا لە سەر بنەمای ئەو
زانیارییانەوە بێ کە لە سەرچاوەی ئۆبجێکتیڤی خەبەرییەوە دێن."
زانکۆی کۆلۆمبیاش هەر بە تەواوی ئەوەی کرد. ئێمە تیمێکی لێقووڵبوونەوەمان
دامەزراند لە ئەمریکا، ئوڕووپا ، و تورکیا. ئێمە ژمارەیەکی زۆر سەرچاوەی جیێ
باوەڕمان دۆزییەوە کە بەڵگەی هاوکارییەکانی تورکیایان لەگەڵ گرووپە جیهادییەکان کۆ
دەکردەوە. زانکۆی کۆلۆمبیا لە لێکۆڵینەوەکەی خۆی دا بەم ئاکامانەی خوارەوە گەیشت:
*بە قەولی جەنگیز چاندار ، کە
ڕۆژنامە نووسێکی بەڕێزی تورکە میت وەک " مامان" یارمەتی دەوڵەتی ئیسلامی
دا. تەقریبەن پاسپۆرتی گشت ئەو جیهادییانەی کووژراون و لە سووریا دۆزراونەتەوە
مۆری تورکیایان پێوەیە.
*ڕێگای سەرەکی جیهادییەکان لە شانلی ئورفاوە بەرەو ڕەقا، بە پشتیوانی و
ئاگاداری میت هەڵدەسووڕڕا و ئەوان هاسانکاریان دەکرد بۆ گواستنەوەی جیهادییەکان.
سنوورەکە ناو نرابوو " دەروازە بەرەو جیهاد". بە پێی قسەی فەرماندەیەکی
داعش، " زۆربەی ئەو جەنگاوەرانەی کە لە سەرەتاوە لەگەڵ ئێمە کەوتن بە ڕێگای
تورکیا دا هاتن هەر وەها کەلوپەل و پێداویستییەکانیشمان."
*زۆر لەو تەلەفۆنە مۆبایلانەی جیهادییەکان کە لە سووریا دەست کەوتوون سیم
کارتەکانیان ئی تورکیایە. هەر وەها بەڵگەی ئەوە هەیە پارە ڕاگوێزراوە بە ڕێگای
سیستمی حەواڵە لە غازی ئانتەپ و بازاڕی گەورەی ئەستەنبووڵەوە.
*ناردنی چەک بە پەسندی حکوومەتی تورکیا بووە. وەزیری کاروباری ناوخۆی
تورکیا ئەمرییەیەکی دەر کردووە و تێیدا پشتیوانی کردن لە ئەلنوسرەی پەسند کردووە (
١٣-ی ژووەنی ٢٠١٤).
* شۆفێرانی بارهەڵگرانی تورکی بەڵگەی بردنی چەکیان بۆ جەنگاوەران لە سووریا
خستووەتە روو. کاربەدەستانی میت لە سەر
سنوور حەولیان دا پێشی ئەوە بگرن کاربەدەستانی گومرگ باری لۆرییەکان بپشکنن . ڕۆژنامەی
جومهوورییەت بە دوور و درێژی خەبەری دەستێوەردانی میتی بڵاو کردەوە. جان
دوندار، سەر ئێدیتۆری ڕۆژنامەکە، و ئەردەم گویل، بەرپرسی دەفتەری ئانکارای
ڕۆژنامەکە، لە بەر ئەو ڕاپۆرتە یەکەمیان بە ٥ ساڵ و دەمانگ و دوەمیان بە ٥ ساڵ
زیندان سزا دران. پارڵمانی تورکیا قانوونێکی پەسند کرد و لە میدیای قەدەغە کرد نابێ
هیچ ڕاپۆرتێک لە سەر چالاکییەکانی میت بڵاو بکەنەوە.
*تورکیا لە ماوەی نەبەردی کۆبانێ دا لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی لە بنەو سازا.
بە پێی قسەی ئەنوەر موسلیم، شارداری کۆبانێ، " بەڵگە بەدەستەوەیە، شاهید و
فیلمی ڤیدێئۆیی ترێن نیشان دەدەن لە تورکیاوە دێن و پڕی گوللەنە..."
*هێزە تایبەتییەکانی پێشووی تورکیا پەروەردەی جیهادییەکانیان دا . داعش
ڤێدێئۆی ئەوتۆی پەروەردەیی بە زمانی تورکی بڵاو کردووەتەوە. جەنگاوەران لە شارانی
تورکیا وەک قۆنیا ، و هەر وەها لە ئەڵمانەوە خراونەتەوە بەر کار.
*بە تایبەتی لە غازی ئانتەپ و شانلی ئورفا، تورکیا شوێنی حاواندنەوە و یارمەتی
دەرمانی بۆ ئەو جیهادییانەی لە سووریا بریندار ببوون ڕێک خست، لە وانە بۆ
ئەندامانی ئاڵقەی نزیکی دەوروبەری
ئەبووبەکر بەغدادی. ڕۆژنامەی تەڕەف لە زمان وەزیری لەشساغییەوە نووسی:
" ئاگاداری کردن و تیماری برینی داعشییەکان. ئەرکێکی ئینسانییە."
*تورکیا کەلک وەرگری سەرەکی بوو لە تەجاڕەتی نەوتی داعش دا. نەوت بە
کاروانی لۆرییان لە سنوورەوە ڕادەگوێزرا و ئەو کاروانانە شەریکەی پاورترانس ڕێکی خستبوو. پاورترانس
شەریکەیەکی تەجاڕەتی نەوتە کە بەرات ئاڵبایراک، زاوای ئەردۆغان کۆنتڕۆڵی دەکا. بە
پێی داخویانی وەزاڕەتی دارایی داعش، بە ڕێگای تەجاڕەت لەگەڵ شەریکەی پاورتڕانس رۆژانە
٣.٥ میلۆن دۆڵار داهاتی بەرهەمی نەوتی بوو. نەوت و بەرهەمی پاڵێوراوی نەوت لە
ئانکارا سەریان دەردێنا. دەگوترێ گرووپی
بی ئێم زێد ، کە خاوەنەکەی بیلال ئەرذۆغانە ، بە قیمەتی داشکاو نەوتی هەناردە
کردووە.
لە ساڵی ٢٠١٥ هاوکاری چالاکانەی تورکیا لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی کەم بووەوە.
هەتا دەهات دەوڵەتی ئیسلامی زیاتر لە
ئەردۆغان ڕەخنەی دەگرت لە بەر ئەندامەتیی لە ناتۆ دا. ئەمریکا لە پێگەی
ئینجیرلیکەوە دەستی کرد بە هێرشی هەوایی بۆ سەر داعش. بە تۆڵەی ئەوە، میدیای
دەوڵەتی ئیسلامی تورکیایان بە "ڕێژیمێکی کافر " بە ناو کرد کە لەگەڵ
" خاچ پەرستان " یەکی گرتووە.
لەوانەیە تورکیا بە شێوەی پڕاگماتیکی جووڵابێتەوە، بەڵام پارتیی داد و
گەشەپێدان ( ئاکەپە) ئیدێئۆلۆژی بنچینەیی خۆی نەگۆڕیوە. ئاکەپە وەک لقێکی ئیخوانی
موسڵمان هەڵدەسووڕێ، بۆ نموونە، جێگری پێشووی سەرۆکوەزیر بولەنت ئارنج، ئەو ژنانەی
سەرکۆنە کرد کە لە دەرەوە پێ دەکەنن و پێکەنین یان بزەی بە 'گەندەڵی ئەخلاقی' ناو زەد
کرد.
بۆچوونی ئەمریکا
ئیدارەی ئۆباما لە ئەردۆغان نیگەران بوو. لەگەڵ ئەوەشدا، پرێزیدێنت دۆناڵد
جەی. تڕامپ زیاتر ئامادەیە بە هێندی بگرێ و لەگەڵی بێتە ڕەدایێ. سەرەڕای بێ نەزمی
لە ڕێفراندۆمی دەنگدان بۆ هەموار کردنی قانوونی بنچینەیی دا (١٥-ی ئاوریلی ٢٠١٧)،
تڕامپ تەلەفۆنی کرد بۆ پیرۆزبایی کردن لە ئەردۆغان و بانگهێشتنی کرد بۆ سەردانێکی
ڕەسمی لە کۆشکی سپی. ترامپ گوتی ، " شانازی و بەختەوەرییەکی گەورەیە – ئەو بووە
بە دۆستێکی من – سەرۆک کۆماری تورکیا ئەردۆغان تان پێ بناسێنم. ئەو بەشێکی زۆر
دژواری جیهان ئیدارە دەکا. ئەو زۆر زۆر بە پتەوی تێوەگلاوە، و ڕاستتان بوێ نومرەی
زۆر بەرز وەردەگرێ. و ئەو هەر وەها لەتەک دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دا کار
دەکا."
لە دیداری ٢٠ دەقیقەیی ئەردۆغان دا لەگەڵ تڕامپ ( ٢١ –ی سێپتامبری ٢٠١٧)،
ئەردۆغان داوای ئەم شتانەی کرد لە ئەمریکا:
*بەردەوام نەکردنی پشتیوانی لە یەکینەکانی پاراستنی گەل،پێکێشی لە سەر
ئەوەی کە یەپەگە و پ.ک.ک یەکن و فەرقیان نییە.
*ڕادەستکردنەوەی فەتحوڵا گولەن بە تورکیا کە ئەردۆغان بە ڕێکخەری کودەتای
ژووئییەی ٢٠١٦ ی دەزانێ.
*پوچەڵکردنەوەی ئەو تاوانانەی وەپاڵ ڕەزا سەڕاف دەدەڕین، شارومەندێکی
دوولایەنەی ئێرانی- تورک، کە لە فڕۆکەخانەی میامی گیرا و تاوانی پارە سپی کردنەوەی
وەپاڵ دەدرێ کە یارمەتی دا بە سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بۆ خۆ دزینەوە لەو
سزایانەی لە بەر پشتیوانی لە چالاکی ئەتۆمی لە سەریان داندراوە.
تاکوو ئێستا ، دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هیچ هەنگاوی هەڵنەهێناوەتەوە
بۆ جێ بەجێ کردنی داواکانی ئەردۆغان. لەگەڵ ئەوەشدا، پێوەندییەکانی نێوان ئەمریکا –
تورکیا گرفتی تێکەوتووە. تورکیا ٤٠٠ میسیل(مووشەک)ی لە ڕووسیا کڕیوە بە ٢.٦ بیلیۆن
دۆڵار. دەستخستنی ئەوانە ئاکامی ستراتێژیکی هەیە. کرێنی چەکی پێشکەوتوو لە ڕووسیا
پرێنسیپی ناتۆ لەمەر هاوسیستمی چەکوچۆڵ پێشێل دەکا.
هەیئەت مونسیفەی بەرزی قەزایی ئەمریکا فەرمانی گرتنی نۆزدەکەس لە
حەرەسەکانی ئەردۆغانی دەر کرد کە لە دەرەوەی سەفاڕتخانەی تورکیا لە واشنگتن لە
خۆپێشاندەرانی ئاشتخوازیان دابوو ( ١٧- ی مەی ٢٠١٧). کۆنگرەی ئەمریگا بە زۆربە
دەنگی دا بۆ مەحکووم کردنی تورکیا، و فرۆشتنی چەک و کەلوپەلی قەدەغە کرد بە
ئەندامانی حەرەسی پاراستنی ئەردۆغان.
تورکیا لە سێپتامبری ٢٠١٧ کاربەدەستانی کۆنسولخانەی ئەمریکای گرت ، و ئەوەش
گەیشتە ئەوەی هەر دووک لا هەم تورکیا و هەم ئەمریکا دانی ڤیزایان ڕاگرت بۆ سەفەری
هاووڵاتییانیان بۆ ووڵاتەکانیان. ئەمریکا وەکوو نیشانەیەک لە چاکەخوازی لە لایەن
خۆیەوە ئەو قەدەغەیەی لابرد بەر لە دیداری بینالی ییلدرم سەرۆکوەزیری تورکیا بۆ
واشنگتن ( ٨-٩ ی نۆڤامبری ٢٠١٧ ).
ییڵدرم زانیاری زیاتری بە دەستەوە دا بۆ پشتیوانی لە داوخوازی
ڕادەستکردنەوەی گولەن، لەگەڵ ئەوەشدا، وێناچی ئەمریکا گولەن ڕادەستی تورکیا
بکاتەوە. ئەگەر بییەوێ ئەوە بکا، ڕادەستکردنەوە پێویستی بە فەرمانی دادگە هەیە.
گولەن مافی هەیە داوای پێداچوونەوە بە بڕیاری دادگە دا بکا. گولەن ئاگادارییەکی
زۆری هەیە سەبارەت بە ڕابردووی چەپەڵی ئەردۆغان. لە دۆخێکی ئاوا دا زانیاری گولەن
سەبارەت بە ئەردۆغان دێتە بەردەم دادگەیەکی قانوونی ئەمریکا.
ڕەزا زەڕابیش تێکەڵاوی و دانوستاندنێکی هەموو لایەنەی هەبووە لەگەڵ
ئەردۆغان و بنەماڵەکەی. ئەو لەوانەیە هاوکاری دۆزگەر بکا لە بری سووک بوونی
حوکمەکەی. دادگایەکەی بڕیارە ٢٧-ی نۆڤامبر دەست پێ بکا.
هیچ پێش بینی لە سەر تڕامپ ناکرێ . ئەگەرچی یەپەگە دەورێکی گرینگی لە ئازاد
کردنی ڕەقا دا گێڕا، لەوانەیە تڕامپ سەر
لەبەر داوخوازی تورکیا شۆڕ کا و یەپەگە بە ڕێکخستنێکی بێگانەی تێڕۆریستی دابنێ.
دوای ئەوەی لە کەرکووک ڕوویدا، یەپەگە دەکرێ ئامانجێکی دیکە بێ بۆ خیانەت پێ کردن
و پشت تێ کردن لە لایەن ئیدارەی تڕامپەوە.
بۆچوونی تڕامپ لە مەڕ سیاسەت و پێوەندییە ناونەتەوەییەکان سەودا کارانەیە. تڕامپ
دەتوانێ هەنگاوی ئاوا هەڵبهێنێتەوە کە
چارەنووسی کوردەکانی سووریا خراپ کا یان چاو لە بارودۆخی کوردەکان لە تورکیا
هەڵبوێرێ. "ئەمریکا یەکەم " بە
شێوەیەکی لە زێدە هاوکاری لەگەڵ کوردەکان لە هەرێم دا بە هێند ناگرێ. بە بێ پاراستنی
ئەمریکا، کوردەکان تووشی سەردەمێکی تاریک دێن.
یەکەتی ئوڕووپا و دەوڵەتە ئەندامەکانی دەبێ زۆر بە پرێنسیپتر لە ئیدارەی
تڕامپ بجووڵێنەوە. ئوڕووپاییەکان دەبێ هەنگاوی ئاشکرا هەڵبهێننەوە کە پێویستن بۆ
دەستپێکردنەوەی موزاکەرە لە مەر ئەندامەتی تورکیا. تورکیا ئێستا دێمۆکڕاسییەکەی
کەم دێنێ و باوەری پێ کردنیشی قەڵشتی تێکەوتووە. هاوپەیمانێکی ڕارا و بێ سەباتە بۆ
ئەوەی لە دامەزراوەکانی ئوڕووپایی – ئاتڵانتیک دا یەکانگیر بکرێ.
دەیڤید ل. فیلیپس بەڕێوەبەری
ئاشتی چێکردن و مافانە لە ئەنیستیتووی لێکۆڵینەوەی مافی مرۆڤ لە زانکۆ کۆلۆمبیا.
وەک ڕاوێژکاری ئەڕشەد و پسپۆڕی کاروباری دەرەوە لە وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی
ئەمریکا دا کاری کردووە لە سەردەمی سەرۆکایەتی کلینتن، بووش، و ئۆباما دا. ناوی
کتێبە تازەکەی ئاوایە هاوپەیمانێکی ڕاڕا: تورکیا لە ژێر دیکتاتۆری ئەردۆغان دا
وەرگێڕان لە
ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی
No comments:
Post a Comment