Saturday, December 16, 2017

ووتاری داگ نیکۆلس سکرتێری گشتی فێدراسیۆنی گشتی سەندیکا کریکارییەکانی بریتانیا و سایمن دابینس بەڕێوەبەری دیپارتمانی ناونەتەوەیی و لێکۆڵینەوەی سەندیکای ' یوونایت ' لە بریتانیا بۆ چاردەهەمین کۆنفڕانسی یەکێتیی ئوڕووپا، تورکیا، کۆمیسیۆنی مەدەنی




 ووتاری بەڕێز داگ نیکۆلس، سێکرێتێری گشتی فێدراسیۆنی گشتی سەندیکاکانی کرێکاری لە بریتانیا

 بۆ چاردەهەمین کۆنفڕانسی ناونەتەوەیی ' یەکەتی ئوڕووپا، تورکیا،ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردەکان' - بەدیلی دێمۆکڕاتیک بۆ دیکتاتۆری و ئاڵۆزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا – ڤیزیۆن و ستڕاتێژی کوردی -
٦و ٧ ی دیسامبری ٢٠١٧ ، برووکسێل

سپاس کاریانا،  ئێمە لە بزووتنەوەی کرێکاری لە ئینگلیستان  وەک خوشک و برا یەکتری بانگ دەکەین. بۆیە خوشک و برایانی بەڕێز بۆمن جێی شانازییە لەم سوای نیوەڕۆیە دا لەم کۆنفڕانسە لەگەڵتانم بە نوێنەرایەتی ڕێکخراوەکەم و کەمپەینی ئازادیی بۆ  ئوێجاڵان. خەبەرێکی خۆشم پێێە لە  دنیایەک دا کە پڕە لە ناخۆشی و خەبەری خراپ،  سەبارەت بە پشتیوانی لە کەمپەینی ئازادیی ئوێجاڵان ە  کە ئێستا بزووتنەوەی سەندیکایی کرێکاری لە بریتانیا بە ڕەسمی  پشتیوانی لەو کەمپەینە دەکا.


 لە سەرەتاوە هێنذێک باسی تەبیعەتی جیاوازی  سەندیکاکان لە بریتانیا و لە شوێنەکانی دیکە دەکەم . سەندیکاکان  لە  بریتانیا تائیفی نین، ئێوە لە بەر بیروباوەڕی سیاسی یان ئایینی خۆتان  لەگەڵ سەندیکایەک ناکەون  بەڵکوو لە سەر بنەمای پیشە و کاری خۆتان تێیدا دەبنە ئەندام. ئەگەر ئێوە  موهەندیس بن  لەگەڵ سەندیکای موهەندیسان  دەکەون و ئەگەر یاریزانی فوتباڵ بن لە گەڵ سەندیکای فوتبالیستان دەکەون و هتاد.  چەپ ئاژۆ بوون یان ڕاست ئاژۆ بوون یان باوەڕی بە ئیدێئۆلۆژییەکی سیاسی یان ڕێبازێک گرینگ نییە، ئەوەی گرینگە ناسێنەی چینایەتی ئێوەیە لەگەڵ هەمان کڕێکاران لە پیشەیەکی وەکوو یەک دا و هاو پێوەندیتان لەگەڵ یەکێتییەکانی دیکە. و سەندیکاکانی ئێمە قەوارەی هەرێمی ، جێیی و سەرتاسەریان هەیە. جیاوازییەکی دیکە  کە ڕەنگە لەگەڵ سەندیکاکانی هێندێک ووڵاتانی دیکە دا هەبێ ئەوەیە  کەمتازۆر گشت سەندیکاکانمان بێ لەبەرچاو گرتنی کە نوێنەرایەتی چ کرێکارانێک دەکەن  و خاوەنکارانی سەرەکییان کێنە  سەربەخۆن ، ئەوان هیچ دەوری ڕەسمییان نییە  لە پێشخستنی ڕێبازی هیچ پارتییەکی سیاسی  یان ئی دەوڵەت. ئەوان بەر لە هەمووشت  نوێنەری ئەندامەکانیانن . لە  ٥٠ و قسوور سەندیکای بریتانیا تەنێ ١٥ یان سەر بە پارتیی کرێکارن. پارتیی کرێکار ئێستا گەورەترین پارتیی سیاسییە لە ئوڕووپا و پڕە لە ژیانی تازە و ڕێبەرێکی ئاشقە ئاشتی بەڕێوەی دەبا کە زانیارییەکی زۆری سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. گرینگە جەخت لە سەر ئەو کارە بکرێ کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوو  لە بزووتنەوەی سەندیکایی ئێمە دا کراوە  هەر وەها بەوەش بزاندرێ کە بزووتنەوەی سەندیکایی کڕێکاریی بریتانیا سەرچاوەی هەرە پتەوە لە بواری هاوپێوەندیی ناونەتەوەیی لە بریتانیا دا. هەر بزووتنەوەیەکی هاوپێوەندیی ناونەتەوەیی کە ئێوە بیرتان بۆی دەچێ تا ڕادەیەکی زۆر لە لایەن بزووتنەوە  سەندیکاکانەوە لە بریتانیا  ڕێک خراون و باری داراییان دابین کراوە.  زۆر لە سەندیکاکان ئۆفیسی ناونەتەوەییان هەیە  بۆ نموونە لە ڕێکخراوەکەی من دا  مەسەلە ناونەتەوەییەکان لە هەموو ڕۆژەڤی کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی بەڕێوەبەری دا هەیە.  
 ڕوحییەی ئەنترناسیۆنالیسمی ئێمە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی  سەرەتای دامەزارانی سەندیکاکان لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەهەم دا کاتێک ئەوان دژایەتی  کۆیلە دارییان کرد و پشتیوانیان کرد لە شۆڕشی فەڕانسە و شۆڕشی ئەمریکا و ئەو شۆڕشانەی کە بەدوایان دا هات بۆ دامەزرانی دەوڵەت – نەتەوان  لە ئوڕووپا. بە دەم بەخۆداهاتنی سەندیکان ، ڕووحیەی هاوپێوەندی ئێمەش پەرەگر بوو . بیر لە دروشمی  سەد ساڵ لەوە پێش بکەنەوە ' دەست لە ڕووسیا وەرمەدەن '  ،   بیر  لە پشتیوانی سەندیکان بکەنەوە  لە خەباتە نەتەوەییەکان بە دژی کۆلۆنیالیزمی بریتانیا.  کاتێک ڤییەتنامییەکان  دەستیان برد بۆ چەک لە ئاست پەلامار دەرانی هەرە دڕندە  داوایان کرد بزووتنەوەی سەندیکایی کرێکاری بریتانیا پشتیوانی لە حەولەکانی شەڕیان بکا  بە ئەوەی کە دووچەرخە و خوێنیان بۆ بنێرێ.  و ئێمە ئەوەمان کرد و هێشتا پێوەندیی ئێمە لەگەڵ ڤییەتنام  بەردەوامە و ئەوان حەوتووی داهاتوو دێن بۆ سەردانی ئێمە. کەمپەینەکانی  دژی ئاپارتاید و ئازاد کردنی ماندێلا تا  ڕادەیەکی زۆر لە سەر سەرچاوەی سەندیکاکان بەڕێوە چوو. لەو ساڵانەی دواییدا ئەوە سەندیکاکان بوون کە بە دژی قەسابییەکانی کۆلۆمبیا لە ئەندامانی یەکێتییەکڕیکارییەکان و تێکۆشەرانی مافی مرۆڤ هەڵوێستیان دەربڕی.ئەو سەندیکایانەی کە پشتیوانی دەکەن لە کەمپەینەکانی هاوپێوەندیی لەگەڵ  کووبا، فەلەستین ، ڤێنێزوێلا و بۆلیویا.  و هەڵبەت سەندیکا کرێکارییەکانی بریتانیا دەورێکی سەرەکیان گێڕا  بۆ نموونە بۆ ئازادیی  پێنجەکانی میامەی. ماندێلا گەشتێکی بە بریتانیا دا کرد بۆ سپاس کردنی سەندیکا کرێکارییەکان کاتێک لە زیندان ئازاد بوو.  ئەمن باسی ئەو  پێشینەیە  دەکەم بۆ جەخت کردنەوەی ئەو خاڵە سادەیە کە ئەگەر ئێمە بمانەوێ دەسکەوتی گرینگمان هەبێ  و گوڕمان هەبێ لە کەمپەینەکانی هاوپێوەندیی ناونەتەوەییدا  دەبێ پشتیوانی بزووتنەوەی سەندیدیکایی کرێکاری بریتانیا وە دەست بخەین. و خەبەری خۆش ئەوەیە ئەوە کراوە و ئەو پشتیوانییە وەدەست هاتووە.  ئێستا بزووتنەوەی سەندیکایی کرێکاریی بریتانیا بە ڕەسمی پشتیوانی دەکا لە کەمپەینی ئازادیی ئوێجاڵان. لە ناو سێ سەندیکای گەورە دا دوویان کە مەزنترین سەندیکای بریتانیان و هەر دووکیان کاربەدەستی ناو نەتەوەییان هەیە. سەندیکای  ' یوونایت '  گەورەترین  سەندیکا  و سەندیکای جی ئێم بی  سێهەم سەندیکای گەورە دەستپیشخەرییەکی سەرەکیان دەست پێکرد و کاربەدەستی ناونەتەوەیی ' یوونایت ' لێرەیە لەو کۆنفڕانسە دا و سبەینێ قسە دەکا. ئەو دوو سەندیکایە دەستپێشخەرییەکی سەرەکیان کرد  لە ساڵی ٢٠١٦ بۆ دەستپێکردنی  ئەو  کەمپەینە. و هەر لەو ساڵە دا  پێشنیار بڕیارێکی هەموولایەنە لە ناوەندی ئێمە دا پەسند کرا  و تی یوو سی پشتیوانی لە وەزعەکە دەکا.  و بە دوای ئەوە دا ڕێکخراوەی ئێمە؛ جی ئێف تی یوو ،  کە دەورێکی پسپۆڕانەی هەیە بانگهێشتنی ووتار دەرانی کرد  ڕاستەوخۆ لە کوردستانەوە بۆ شی کردنەوەی بارو دۆخ.  ئێمەش پشتیوانی تەواوی خۆمان ڕاگەیاند.  و  پارلمانتارانی هەدەپە لە تورکیاوە  هاتن بۆ کۆنفڕانسی ئێمە لە مانگی مەی دا کە ئەوە زۆر بە هەست و سۆز بوو و دۆستایەتی ڕاستەقینەی  قووڵ لە نێوانمان دا ساز بوو . بە بۆچوونی من  کاتێک باوەش بۆ خەباتی کوردان  و ئوێجاڵان دەکرێتەوە، کاتێک ئەوان بە ڕەسمی دەناسرێن لە سەندیکاکانی ئێمە دا ئەوە بە دڵپاکی و هەستی قووڵەوەکراون.
ئێمە فیستیواڵێکی کولتووریمان ڕێک خست بۆ ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کورد لە بریتانیا  لە مانگی ژووییەی ئەمساڵ دا و ئەو بۆنەیە  سەرنجێکی هەروای ڕاکێشا بەرەو ئەو خەباتە لە ئاستی سەرتاسەری دا. ئەوە کارێکی زۆر گرینگ بوو و ئێمە شانازی بەوە دەکەین کە خەڵک لە فێستیواڵەکەماندا توانیان بە زمانی کوردی قسە بکەن. لە ماوەی کەمپەینەکە دا ئەمن دەمەوێ یارمەتیەکی شەخسی بکەم  بۆ کۆ کردنەوەی پشتیوانی ماڵی لە کەمپەینەکە بە خوێندنەوەی نووسینە بە ناوەرۆک و هێزاکانی ئوێجاڵان  سەبارەت بە شارستانییەتی سومەری لە نێوان چۆمی دەجلە و فورات دا   شتێکی چاوڕاکێشم بۆ دەرکەوت و تەماشای هێندێک لە شێعرە کۆنینەکانم کردن  و شێعرێکی تێدا بوو کە ئی ٥٠٠٠ ساڵ لەمەوبەرە  کە وەرگێڕدراوەتە سەر ئینگلیسی و ئەمن ڤێزیۆنێکی دیکەم لێ هۆندەوە:  چونکە پێم وایە بە زمانی ئەمڕۆ قسەمان لەگەڵ دەکا و گەلی کورد و ئوێجاڵان دەیناسنەوە [ کتێبەکە نیشان دەدا ]،  لێرە بۆ فرۆش هەیە ناوی ' لوگۆل باندا ' یە.  سەبارەت بە  قارەمانی کولتوورێک ٥٠٠٠ ساڵ  لەمەو پێش کە ئاشتی هێنا بۆ ذەوڵەت شارەکانی کە لە شەڕ دا 
بوون

ئەمساڵ لە تی یوو سی دوای فێستیواڵەکەمان زۆر کاری باشی زیاتر  لە لایەن ' یوونایت ' و ' جی ئێم بی ' ڕا کران.  بە پپێشنیار بڕیارێکی پتەو و هەموولایەنە کەمپەینەکە سەقامگیرتر کرا.  ئێستا ئەوە ئێمە خەریکین گەشتێکی سەرتاسەری  قسەکردن  وەگەڕ خەین بۆ هەموو سەندیکا و ڕێکخستنەکانی کۆمەڵگەیەکەمان لە سەرتاسەری ووڵات دا. جا لە ماوەیەکی کورتی زەمانی دا کەمترلە ساڵێک  پشتیوانی گرینگ پێش خراوە  بۆ ئەوەی ئوێجالان و بەڕێگای ئەوەوە گەلی کورد  و گەلی هەرێم لە زیندانی تاییفی و ئەمپریالیزم  ودیکتاتۆری ڕزگار بکرێن. ئازادیی ئوێجاڵان بە مانای ڕزگاریی هەرێم  گورزێکە لە سەر جەستەی کۆنەپەرستان لە هەموو شوێنێک. بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی بە بێ ڕوانگەیەکی پتەوی ئەنترناسیۆنالیستی قەت ناتوانی بە سەرکەوتن بگا. ئەویش لە بەر ئەوەیە کە پێشکەوتنی نەتەوەیەک نوێنەرایەتی پێشکەوتن دەکا بۆ هەموو نەتەوان. ئازادیی ئوێجاڵان بە مانای  ئازادیی زیاترە بۆ خەڵکی فەلەستین  و خەڵکی ئوڕووپا کە ئێستا ڕۆژەڤی نوێ لیبراڵ و کۆئۆپڕاسیۆن و بانکەکان بە سەریاندا سەپاوە.
خەباتی دوور و درێژ کراوە لە لایەن کۆنەپەرستانەوە بە دژی هێزە پێشکەوتنخوازەکان. دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دوای شەڕی دووەمی جیهانی دنیای پڕی ترس و تۆقین کرد  لە شەڕی ناپێرۆزی دا بۆ نەوت و بەدژی هەموو هێزێکی پێشکەوتنخواز  چ کوبا بێ، چ ڤێنێزوئێلا و ئەمڕۆ چین. بەڵام هیچ ئیمپراتۆرییەک هەتا هەتایە نامێنێ، ئەوان وەکوو  حەیوانی دەمی ئاویلکەدان لەدەور و بەری خۆیان دەدەن و ئەو شەڕانەی دوایی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا وەڕێ خراون  بە دژی ئەو ووڵاتانەی کە بە دوای ڕێبازێکی بەدیل دا دەگەڕێن  لە دەرەوەی پەنجەی مەرگ هێنەری  دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بنچینەگری ( فاندێمێنتالیسم)، فەلەستین، لیبی، سووریا ،  عێڕاق و کوردەکان.  و ئەمن شانازی دەکەم نوێنەرایەتی سەندیکاکەی خۆمانم دەکرد بۆ دژایەتی لەگەڵ شەڕی عێڕاق ، دەستێوەردان لە سووریا. لە دنیایەک دا کە هێزەکانی کۆنەپەرستی تۆوی جودایی و خورافاتیان لەناو گەلان دا چاندووە؛ سپی بە دژی ڕەش، کاتۆلیک بە دژی پڕۆتێستان،  ژن لە دژی پیاو، بەساڵ بە دژی منداڵان ،  شیعە لە دژی سوننی، جوولەکە  لە دژی عەڕەب ئێمە دەبێ  قەدری هەر جۆرە ڕۆناکییەک بگرین و ڕوونتری کەینەوە   کە  پێزانی نیشان دەدا لە ئاست مرۆڤایەتی هاوبەش ، ژیان لە هاوپێوەندی و هارمۆنی و ئاشتی دا و بەش کردنی سەرچاوەکانی جیهان  یارمەتی دەکا بە ئەوەی نرخ بۆ هەموو دەنگەکان دابندرێ و  کۆنتڕۆڵی کۆمەڵ دەبێ لە شوێنی کار و کۆمەڵگەوە ساز بدرێ،  و ئەوە ئوێجاڵان و گەلی کوردن بە دووی چارەسەری نوێ وەن هەر وەک لە ' ڕۆژئاوا ' دەبینین  و ئەوان کلیلی دنیایەکی ئاشتییان بەدەستەوەیە  و  ئەمپریالیستەکان و سنعاتی چەک و چۆڵیان  بە ڕاستی قێزو بێزیان لەوە دەبێتەوە.  جا بۆیە ئوێجاڵان و کوردەکان بە تایبەتی گرینگن و لە حاڵی حازر دا ئەو ڕووناکییەن لە مێژووی جیهان دا و ئێمە دەبێ  یارمەتیان بدەین زۆر ڕوونتر بدرەوشێنەوە. ددان پێداهێنانێکی جیهانی  کە ئەوە بە باشترین شێوە ڕوودەدا بریتی یە لە بەر درانی دەستبەجێی ئوێجاڵان بۆ ئەوەی وتووێژی تازەی ئاشتی بەڕێوە بەرێ  کە پێداویستی پێ هەیە.  ئەمپریالیستەکان و سەربازە پیادەکانیان لە سەر زەوی  هێندێک ناوچەی جیهانیان کە لانکی  شارستانی بوون  کردووە بە خۆڵەمێش. ئێمە دەبێ دەستەبەر بین جوانی و شارستانییەت جارێکی دیکە سەرهەڵدەهێننەوە. و دێمۆکڕاسی و هاوپێوەندیی لەگەڵ کوردا گرینگن لەو پێواژۆیە دا.
زۆر سپاستان دەکەم


 ووتاری بەڕێز سایمن دابینس ، بەڕێوەبەری بەشی ناونەتەوەیی و لێکۆڵینەوەی سەندیکای یوونایت
خەباتی بزووتنەوەی کرێکاری و مۆدێلی کۆنفێدڕاڵی دێمۆکڕاتیک

بۆ چاردەهەمین کۆنفڕانسی ناونەتەوەیی ' یەکەتی ئوڕووپا، تورکیا،ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردەکان' - بەدیلی دێمۆکڕاتیک بۆ دیکتاتۆری و ئاڵۆزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا – ڤیزیۆن و ستڕاتێژی کوردی -
٦و ٧ ی دیسامبری ٢٠١٧ ، برووکسێل
زۆر سپاس، داوای لێ بوردن دەکەم لە دیلمانجەکان، دەبوو هێندێک یادداشتتان لە سەر قسەکانم  لە بەردەست دابووبایە، بە داخەوە نەکرا بەڵام بەڵێن دەدەم لە سەرەخۆ قسە بکەم. جا بۆیە لە سەرەتاوە داوای لێ بوردن دەکەم.
ڕێگام بدەن لە پێشدا سپاسێکی زۆری ڕێکخەرانی ئەم کۆنفڕانسە بکەم. هەمیشە بۆم جێی شانازی بووە لەو کۆنفڕانسانە دا بەشداری بکەم و لە پلاتفۆرمێکی هاوبەش دابم لەگەڵ پێشکێشکارانی ئەو ووتارە هێژایانەی لەم کۆنفڕانسە دا بیستمانن و زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ ئەو دەرفەتەم  بۆ هەڵکەوت گوێ بدەمە ناوەرۆکی ووتارەکان بۆیە سپاسی گشت لایەک دەکەم.
هاوکاری من ، داگ نیکۆلس سکرتێری گشتی فێدراسیۆنی گشتی سەندیکای کڕێکاران لە بریتانیا دوێنێ باسی ئەوەی بۆ کردن کە بزووتنەوەی سەندیکای کرێکاریی بریتانیا چی کردووە و چ دەکا لە پێوەندیی لەگەڵ هاوپێوەندی لەگەڵ خەباتی سیاسی گەلی کورد و بەتایبەتی لە پێوەندیی لەگەڵ کەمپەین بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئوێجاڵان.  پێم وایە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دا ئێمە لەو بارەیەوە دەسکەوت و پێشکەوتی زۆر باشمان بووە، بەڵام کارێکی زۆر ماوە دەبێ بکرێ، هەرچۆنێک بێ هەتا ئێستا توانیومانە فێدراسیۆنەکەمان پێمل کەین هەڵوێست دەرببڕێ بۆ پشتیوانی لە ئازادیی ئوێجاڵان. پێمل کردنی گەورەترین سەندیکای کرێکاری لە ووڵات دا کە ناوی خۆی بخاتە پاڵ  داوخوازێکی ئاوا ، دەست بکا بە ساز کردنی قەوارەیەک بۆ ساز کردنی کۆبوونەوەی لا تەنیشت لە کۆنگرەی پارتیی کرێکار دا یان لە کۆنگرەکانی ساڵانەی فێدراسیۆن دا و ڕاکێشانی سەندیکا کرێکارییەکان بە تاکی سەری خۆیان ، لقە کانیان ؛ یەکێتییەکان و هەڕێمەکان  ئەوانە بەرەوپێش چوونی زۆر گەورەن. دیارە بەو خێراییە نەبووە کە ئێمە ویستوومانە ، بەڵام هیچ گۆمان لەوە دانییە دەستمان کردووە بە گەیاندنی پەیامەکەمان سەرەڕای دژوارییەکان.



کاتێک ئەمن تەماشای سەردێرێ بابەتەکەی خۆمم دەکرد: ' خەباتی بزووتنەوەی کرێکاری و مۆدێلی کۆنفێدڕاڵی دێمۆکڕاتیک ' بە خۆم گوت خودای بانی سەر ئەمن لە کوێوە دەست پێ بکەم و بەو حەوت دەقیقە کاتەی کە هەمە چۆن ئەوە شی کەمەوە؟ بەڵام پێم وایە ئەو نوختە جووڵەیەکی هاسانە، و ئەوە نوختە جووڵەیەکی هاسانە بۆ گشت بزووتنەوەی کرێکاری و ڕابردووی پێشکەوتوو، ڕابردووی بزووتنەوەی کرێکاری و پارتییە سیاسییە هاوپەیمانەکانمان. ئێمە لە هاوپێوەندی زاوین، ئێمە لە خەبات زاوین. ڕیشەی بزووتنەوەی ئێمە لە خەبات و هاوپێوەندی ئاو دەخواتەوە و بۆمن زۆر جێگای شانازییە بڵێم بزووتنەوەی سەندیکای کڕێکاریی بریتانیایی لە زۆرێک لە کەمپەینە ناونەتەوییەکانی سەردەمی ئێمە دا دەورێکی کاریگەری گێڕاوە. ئێمە لە ئەفریقای خواروو شانبەشانی خوشک و برایانمان لە هەوەلەوە تا کۆتایی خەبات بە دژی ئاپارتاید  جێمان گرت. و ڕەنگە ڕاستتربێ بڵێین کە شاری لەندەن ناوەندی ئەو خەباتە بوو. ئێمە هاوپێوەندیمان لەگەڵ حکوومەتی کووبا دەربڕی سەرەڕای ٥٠ ساڵ گەمارۆ درانی و حەولدان بۆ تێکڕووخاندنی. ئێمە خەباتێکی زۆری هاوپێوەندیمان کردووە لەگەڵ خوشک و برایانمان لە کۆلۆمبیا ، سەرەڕای ئەو هێرشە جێنۆسایدییانە و کوشتارانەی ئەوان ڕەنجیان لێیان کێشاوە بە دەستی چەتە نیزامییەکان و حکوومەتی خۆیان، بە شێوەیەک کە مرۆڤ شەرم دای دەگرێ بە پشتیوانی حکوومەتانی بریتانیا و ئەمریکاش. زۆر بزووتنەوەی تر بە تایبەتی فەلەستین یش لە حاڵی حازر دا. جا بۆیە ئەوە مێژووی ئێمەیە، ئەوە بنچەکەی ئێمەیە. لە ڕاستیدا ئەوە ئاشکرایە کە ئێمە دەمانەوێ هاوپێوەندی موتلەق و بێ ئەملاو ئەولای خۆمان دەرببڕین لەگەڵ خەباتی کوردان و هەموو ‌هێزی پێشکەوتنخوازی سیاسی لە تورکیا و هەرێمی هەراوتر دا. ئەوە شتێکە ئێمە پێی دەڵێن سێ و دووی لێ ناکرێ، واتە ئاشکرایە ئێمە دەبێ ئەو کارە بکەین. بەڵام لەمەڕ خەباتی کورد زۆر زۆر لەوە زیاترە. و ئەوەی کە ئێمە دەبێ ئەندامەکانی خۆمانی لێ ئاگادار کەین ئەوەیە ئەوە هەر تەنێ دەربڕینی هەستی هاوپێوەندیی نییە لەگەڵ گەلێکی ماف پێشێل کراو و زوڵم لێکراو، گرینگییەکەی لەوە زۆر هەراوترە.
خۆڕاگری سیاسی کورد نەک هەر بۆ گەڵانی کە لە ووڵاتانی تورکیا، عێڕاق ، سووریا و ئێران دەژین گرینگە بەڵکوو بۆ هەموو خەڵکی هەرێمەکە گرینگە و ئەمن پێم وایە تۆماس ئەتۆ پێشتر ئاماژەت پێکرد ئەوە لە ئاستی جیهانیش دا گرینگە. پێویستە لەوە تێ بگەین و لە چوارچێوەی لەباری خۆیدا پێوەی بچارێین. ئێمە چاو لە هەرێمێک و باسی هەرێمێک دەکەین کە بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێشانە زۆردارە و بەشێوەیەکی چاوڕاکێشانە پیاو بەسەری دا زاڵە و ئێمە لە چەقی ئەو هەرێمە دا بزووتنەوەیەکی سیاسیمان هەیە کە مل لەو وەزعە دەسوێ و بە گردبڕی ئاوەژووی دەکاتەوە. ئەمن پێم وایە هەر کەس لە بزووتنەوەی پێشکەوتووی کرێکاری دا گرینگی ئەوەی لە 'ڕۆژئاوا ' دەقەومێ تێ نەگا و لە گرینگی پڕۆژەی سیاسی کوردەکان تێ نەگا شتێک لە کیس دەدا کە گرینگییەکی مێژوویی هەیە لە حاڵی حازر دا و بەرەو پێش دەچێ. ئێمە بزووتنەوەیەکی سیاسی دەبینین کە لە پێناوی هەموو شت دا خەبات دەکا. هەر ئەو ئیدەئالانەی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی سەندیکایی خەباتی بۆ دەکەن. باسی مافی ژنان دەکا لە چەق و ناوەندی خەباتی دا. نەک هەر وەکوو باوە بە دەرکردنی داخویانی لە سەر مافی ژنان بەڵکوو لە ژیانی واقع دا حەول دەدەن جێ بەجێی کەن و ئەو دۆزە لە چەقی خەباتیان دابێ. ئەگەر بێینە سەر بابەتی یەکسانی ، دەربردن ، وەبەر گرتن و عەداڵەت  گشت ئەو شتانەی کە سەندیکای ئێمە و بزووتنەوەی کرێکاری لێ زاوەتەوە، ئەو نرخانەی کە بە گردبڕی ڕەگی حەیاتمانن و دیسان هەر وەک ئەوەی تۆ گوتت توماس، ئەمن لەو باوەڕەدام خەڵکێکی زۆر زیاتر پێویستە لەو چوارچێوەیە دا بیبینن.
 جۆششی ناسیۆنالیسم کە ئێستا ئێمە لە بەرچاومان دەیبینین و ئەمن برێگزیت ( دەرکەوتنی بریتانیا لە یەکێتیی ئوڕووپا) لەو بوارە دا دەبینم، ئەوە لە ناخی خۆیدا پڕۆژەیەکی ناسیۆنالیستی دەستە ڕاستییە. ئێمە ئەوە لە ئوتریش لە هەڵبژاردندا دەبینین، ئەوە لە ئەڵمان دەبینین، ئەوە دیاردەی تڕامپ دەبینین . خۆڕاگری کوردان بە گردبڕی گرینگە، بۆ شەڕی ئەوە لە ئاستی جیهانی دا. هەر وەک کردەوەکانی سەندیکای ئێمە و بزووتنەوەی کرێکاری ئێمە لە ئاستی جیهانی دا. و ئێمە دەبێ تێکەڵاوی و بەیەکەوە گرێدراوی بزووتنەوەکانمان زەق کەینەوە و سەرنجی بەرەو ڕابکێشین و دەستە بەر بین لە داهاتوو دا بە هارمونییەکی زیاتر ، هاو کردەوەییەکی زیاتر و هاو ئاهەنگییەکی زیاترەوە هەڵسووڕێین.
ئەمن پێم وایە لە ڕووی ئیدێئۆلۆژییەوە ئەو پڕۆژەیەی کە بزووتنەوەی سیاسی کورد و ئەو ئێدەئۆلۆژییەی کە ئوێجاڵان گەڵاڵەی کردووە لە زۆر ڕووەوە بۆ بزووتنەوە چەپ بەنرخە. ڕەنگە من زیادەڕۆیی نەبێ بڵێم لەوەتا هەڵوەشانی یەکێتیی شووڕەوی بزووتنەوەی چەپ بە تەواوی بەرتەسک بووە، ئێمە زۆر خەباتمان کردووە بۆ ئەوەی حەول بدەین بزانین لە کوێ ڕاوەستاوین و ئوێجاڵان، یارمەتییەکانی و شیکردنەوەکانی ئەمن پێم وایە تا ڕادەیەک ئێمەی ئازاد کردووە و ڕێبازێکی پێشان داوین بەرەو پێشەوە کە زۆر دڵخۆشکەرە و دەبێ بۆ هەموو ئەوانە دڵخۆشکەر بێ کە  ڕێز لەو نرخانە دەگرن، ڕێز لە پرێنسیپەکانمان دەگرن لە ڕێگایەک دەگەڕێن بەرەو پێشەوە لە سەردەمێکی دژوار و پڕ لە ئالنگاری دا.


ئەمن بۆچوون سەبارەت بە چەمکی دەوڵەت هاسان نابینم ، ئێمە هەمیشە پەنامان بۆ لێنین بردووە لەمەڕ مافی نەتەوان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان. و هەر وەها بیری کلاسێکی دەوڵەت – نەتەوە. بەڵام پێم وایە گشت ئیدەی لەمەر کۆنفێدرالیسمی دێمۆکڕاتیک لە دەوڵەت- نەتەوە دەربازمان دەکا. ئەوە بە دڵپاکانە بڵێم ئەوە پرسیارمان لە بەر دەم قوت دەکاتەوە  ئایا دەکرێ ئێمە کۆمەلێکی بێ دەوڵەتمان هەبێ کە تەنێ لە ئاکتۆرانی نادەوڵەتی پێک هاتبێ؟ دامەزراوە فرە نەتەوەییەکان لە کوێی ئەو سیستمە دا جێیان دەبێتەوە؟ بە سەدان هەزارلە ئەندامانی ئێمە لە دەستگا فرە نەتەوەییەکاندا کار دەکەن، ئەمن هەمیشە وام بیر کردووەتەوە کە بە قەوارەی یەکێتیی ئوڕووپا دەرفەتی ئەوەمان دەبێ  بە جۆرێک چاومان بە سەر دەستگا فرە نەتەوەییەکانەوە بێ، ئەگەرچی ئێستا یەکێتیی ئوڕووپا بەرەو ئاراستەیەکی  نوێ ڵێبێراڵی هەڵە دا دەڕوا. ئێمە پێویستیمان بە ئاراستە و قەوارەی ئەو دیو نەتەوەییەکانە. ئەوانە گشت ئەو پرسیارانەن کە دێنە گۆڕێ. ئەمن پێم وا نییە ئەوە کێشە بێ، ئێمە پێویستیمان بەوەیە ئاڵنگاریمان بێتە سەر ڕێ و بە ڕێگای دۆستانم لە بزووتنەوەی کورد دا دەزانم ئەوان دەیانەوێ بەو کاردانەوانەوە بچارن، دەیانەوێ قسە لە سەر کردن و گەنگەشە لەمەڕ ئەو چەمکانە بەرەو پێش بەرن و ئەمن قسەکانم ئاوا تەواو دەکەم پێم وایە عەبدوڵا ئوێجاڵان، هیچ گومانم نییە بەوەی لە کارەکانیم خوێندووەتەوە و حەولم داوە لێیان تێ بگەم . ئەمن بە هیچجۆر هیچ گومانم نییە ئوێجاڵان بیرکەرەوەیەکی سیاسی مەزنە و پێم وایە ئێمە لەوە تێدەگەین، هێندێکمان ئێستا لەوە تێ گەیشتووین و لە داهاتوو دا خەڵک بێ گومان لەوە تێ دەگەن. ئەگەر ئێوە کارەکانیتان نەخوێندووەتەوە، پێداگریتان لەگەڵ دەکەم یارمەتی خۆتان بدەن و بیانخوێننەوە.
قسە ئەوەیە و ئەمن بەو گوتنە دوایی بە قسەکانم دەهێنم ئەوەی ئێمە دەبێ بیکەین ساز کردنی هاوپشتی و هاوپێوەنیی واقعی و دیارییە بە هەموو ئەو ڕێگایانەیدا کە من باسم کردن و ئێمە لەو ڕێبازە دا زۆر کار هەیە بیکەین. لە سەندیکاکانم دا لە هەر ووڵاتێکی کە ئێوەی لێ بن ، ئێوە دەبێ پاڵەپەستۆی یەکێتییەکەی خۆتان بدەن بۆ وەخۆ کردنی  داوخوازی ئازادیی ئوێجاڵان و لە ڕاستییدا ئەو حەولە بکەن بە شتێکی کۆنکرێت لەگەڵ ئەندامەکانتان، چالاکوانەکانتان کە لە سەر ئەرزی واقع کار دەکەن . لەلای دیکەشەوە کۆمەڵگەی کوردیش دەبێ زیاتر لە سەندیکا کانی ئێمە نزیک ببێتەوە و دەنگی خۆیان بهێننە ناو سەندیکاکان و ئەمن بێ ئەملاو ئەولا دڵنیام  ئەگەر ئێمە باشترین حەولی خۆمان بدەین وەک لە ڕابردوو دەیانگوت کووبا ئازاد نابێ، ماندێدلا لە زیندان بەر نابێ، ئاپارتاید قەت ناڕووخێ، لە کۆلۆمبیا و جێگای دیکە قەت گۆڕان ڕوو نادا. ئێمە ئەوانەمان کرد و ئێمە دەبێ سەرمان بەرز ڕاگرین و شان بدەینە بەر هاوپێوەندی لەگەڵ برایان و خوشکانی کوردمان بۆ ئەوەی دنیا بگۆڕین و بیکەینە شوێنێکی باشتر. 

وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی    
    



















No comments: