داهاتووی پێوەندیی یەکەتی ئوڕووپا - تورکیا، ووتاری یای ئانا گۆمێس لە ١٤هەمین کۆنفڕانسی ناونەتەوەیی یەکەتی ئورووپا، تورکیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردەکان
ووتاری بەڕێز یای
ئانا گۆمێس، لە فڕاکسیۆنی ئیتیلافی پێشکەوتنخوازی سۆسیالیستان و دێمۆکڕاتان لە پارڵمانی ئوڕووپا
بۆ چاردەهەمین
کۆنفڕانسی ناونەتەوەیی ' یەکەتی ئوڕووپا، تورکیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردەکان'.
٦-٧ ی دیسامبری ٢٠١٧
، پارڵمانی ئوڕووپا، بروکسێل، بێلژیک
داهاتووی پێوەندیی
یەکەتی ئوڕووپا – تورکیا
زۆر سپاست دەکەم . وەک
ووتاردەری پێشوو گوتی پارڵمانی ئوڕووپا داوای هەڵپەساردن و وەخرانی موزاکەراتی
کردووە لە گەڵ تورکیا لە مەر مژاری لەگەڵ کەوتنی تورکیا دەگەڵ یەکەتی ئوڕووپا
ئەوەش لە سەر بنەمای هەڵسەنگاندنی ئێمە کە تورکیا بەرعۆدەییەکانی خۆی بەجێ ناهێنێ.
لەو موزاکەراتە دا سەرەتاکانی
مافی مرۆڤ و حکوومەتی قانوون وا داندرابوو ڕێزیان لێ بگیرێ دەچوارچێوەی پێوانە کۆپێنهاگ دا. ئەمن پێم
وایە ئەوە گرینگە جەختی لە سەر بکەمەوە ئێمە زۆر بە قووڵی بیرمان لە شێوەی گەڵاڵە کردنی دوایین بڕیارنامە کردەوە لە مانگی ژووییە دا کە تێیدا بانگەوازی هەڵپەساردن
و وەخرانی ئەو موزاکەراتەمان کرد.
زۆر لە ئێمە، من بۆخۆم؛ فراکسیۆنەکەمان ئیمە
نامانەوێ وە دووی قسەی چەند دەنگی تیژپەڕی ڕاست ئاژۆ بکەوین لەم پارڵمانە دا، کە
لە مێژ ساڵە دژی موزاکەرە بوون لەگەڵ تورکیا لە سەر بنەمای ئەوەی کە تورکیا ووڵاتێکی
موسوڵمانە و ئەوان ئەوە بە پێچەوانەی یەکەتییەکی ئوڕووپا دەبینن کە لە چاو ئەواندا
یانەیەکی مەسیحی یە. ئەوە تەسەوری زۆربەی ئێمەمانان نییە و بە دڵنیاییەوە ئەوە
تەسەوری حکوومەتەکانی ئێمە نییە کاتێک ئەوان دەستیان کرد بە موزاکەرە لەگەڵ تورکیا
سەبارەت بە ئەندامەتی. جا بە ووردی لە بەر ئەوە بوو ئێمە بە حەساسییەتەوە بیرمان لە گەڵاڵە کردنی زمانی
بڕیارنامەکە کردەوە ، گوتمان ئێمە موزاکەراتەکە هەڵدەپەسێرین، ڕای دەگرین و ئێمە نامانەوێ
کۆتایی بە موزاکەرات لەگەڵ تورکیا بێنین، ئێمە هیوادار بووین تورکیا بگەڕێتەوە سەر
ڕێبازی دێمۆکڕاتیک. باشە ئێمە بۆچی ئەو هیوایەمان هەبوو؟ چونکە ئێمە زۆر شتمان
دیتووە هەر وەک هاوڕێمان ئاغای جاندار ئاماژەی پێکرد. ئێمە بە چاکی لەبیرمانە ئەو
سەروبەندی کە تورکیا لە ژێر حوکمی عەسکەری دا بەڕێوە دەچوو، ئێمە گۆڕانێکمان لەو
دۆخە دا بینی و بە ئاسۆیەکەوە بەرەو ئەندامەتی لە یەکەتی ئوڕووپا دا. ئەمن وەبیرم
دێ لە ساڵی ٢٠٠٥ کە لێرە لە پارڵمان دەبوو بڕیار بدەین ئایا ئێمە چرای سەوز هەڵ
دەکەین بۆ دەسپێکردنی موزاکەراتی ئەندامەتی؟ چەندە گرینگ بوو ئەو هەلومەرجەی کە بۆ
ئەو دەسپێکردنە داندرا بە دەنگی ئەو پەڕ ئازایانەی کەسانێکی وەکوو لەیلا زانا کە
لە ڕاستیدا دەستەوداوێنی ئێمە دەبوون ڕێگای ئەوەی کە تورکیا هان بدرێ ڕێزی زیاتر
لە مافی مرۆڤ و دێمۆکڕاسی بگرێ ئەوەیە دەرگای لە سەر دانەخرێ و قسەی لەگەڵ بکرێ و لەیلا
لەم پارڵمانە بوو، زیندانی بەجێ هێشتبوو ،
لێرە قسەی بۆ کردین، لەگەڵمان بوو . ئەگەر ئێوە دەتانەوێ تورکیا زیاتر دێمۆکڕات تر
بێ، ئەگەر ئێوە دەتانەوێ تورکیا مافی مرۆڤی زیاتری تێدا بێ ، و ئەگەر ئێوە
تورکیایەکتان دەوێ دۆزی کورد جێ بە جێ بکا ، چونکە هیچکات تورکیایەکی دێمۆکراتیک
بوونی نابێ بە بێ جێ بەجێ کردنی دۆزی کورد.کە وابێ دەست بە موزاکەرە بکەن لەگەڵی.
و ئەوە بوو کە شوێنی کرد لە سەر
بریاری زۆر لە ئێمە. ئەمن دەتوانم بە ڕاشکاوی پێتان بڵێم ئەوەی کە بووە هۆی ئەوەی دەنگی
ئەریی بدەم بە دەسپێکردنی موزاکەرە لەگەڵ تورکیا ئەو قسەیە بوو. ئەو دەمی بیرو را
زۆر جیاواز بوو. بەڵێ کاتی ئاوا هەبوو کە ئێمە هیوابڕاو نەبووین، بەڵام ئێستا
ئەوەمان لە کیس داوە، نەک هیوابڕاو بووبین بەڵکوو هێندێک تەوەهوم مان لە دەست داوە لە مەڕ
ڕێژیمی هەنووکەیی تورکیا بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان ، تەنانەت بەر لە گۆڕانکاری لە
قانوونی بنچینەییش دا ، تەنانەت بەر حەولدان بۆ گۆیا کودەتاش، کاتێک ئێمە چاومان
بە ستەم و زۆرداری کەوت کە بەڕێوە دەچوو . سەبارەت بە کوردان، لابردنی شارەداران ،
ڕووخاندنی شارەکانمان دی و ئیدیعای لێڵی پشتیوانی لە ڕێکخستنە تێڕۆریستییەکان، لە
داعش ، کە تورکیا بەرپەرچی دایەوە و بەڵام ڕۆژنامەنووسان بە جاوی خۆیان دیتبوویان
و بۆیە لە تورکیا خرانە بەندیخانە، بە ووردی لەبەر لەقاو دان و مەحکووم کردنی
ئەوە. و لە ڕاستیدا کاتێک ئێمە گیرانی ڕۆژنامەنووسانمان بینی ، زۆر لە ئێمە و ئەمن
وەبیرم دێ زیاتر لە سەد لە هاوکارەکانمان لێرە لە ڕاستیدا نامەیەکیان ئاڕاستەی
دەوڵەتی تورکیا کرد و تێیدا داوامان کرد موزاکەرات لەگەڵ پ.ک.ک بەردەوام ببێ ، ئەو
موزاکەراتەی کە ئاغای ئەردۆغان دەستی پێ کرد بوو. کە ڕاگیرا،داوامان کرد ئەوە دەست
پێ بکاتەوە و لە ڕاستیدا وەک بەشێک لە چاکەخوازی بە دۆزی کوردەوە بچاردرێ و
پێواژۆیەکی دێمۆکڕاتیک دەست پێ بکاتەوە.
ئێمە دەزانین کە مۆری تێرۆریست
بوونیان بە ئێمەشەوە نا، لەبەر ئەوەی وێراومانە باسی شتێک بکەین کە بە گرد بڕی
گرینگە بۆ ئەوەی داهاتوویەکی دێمۆکڕاتیک بۆ تورکیا دەستەبەر بکرێ.
و هەڵبەت دوای دوای حەولدانی
گۆیا کودەتا، و ئەمن یەکێک لەو ئەندامانەم
کە ئەو حەولدانەمان مەحکووم کرد.
ئێمە دەزانین لەو ڕووداوە دا زۆر کەس گیانیان لە دەست دا، بەڵام هەلىەت
ئەمن ناتوانم چاو لەو ڕووداوانەش هەڵبوێرم کە بە دوای کودەتا دا هات و ئەو فکرەی
لە زەینی مندا ساز کرد داخودا ئەوە بە ڕاستی حەولێک بوو بۆ کودەتا؟ یان لە ڕاستیدا
شتێک بوو کە هەڵبەسترا؟ ئەو زۆرداری، ستەم و ڕاوەدوونانە بێ بەزەییانەی کە کران
هەتا ئەمڕۆش دەبینین بەردەوامن. و ووتاردەرانی پێش من نموونەی هەرە دڵتاوین و بێ
بەزەییانەی ئەو زوڵم و زۆرانەیان باس کرد.
بە ڕاستی ئەوە تەواو دڵتەزینە
کە هێندێک لە ئێمە خۆمان ڕێک خەین بۆ چاوەدیری و بەشداری لە دادگایان لە تورکیا. دیارە
بە گردبڕی ئەمن پێم وایە ئێمە دەبێ خۆمان ئامادە بکەین و بە تایبەتی لە دادگای
دەمیرتاش دا بەشداری بکەین. شتێکی تڕاژێدی یە بەڵام ، ڕەنگە ئەندامانی ئەم
پاڕلمانە بۆ هەموو ژیانی خۆیان پێویست بکا خۆ ئامادە بکەن بۆ چوونە تورکیا و
چاوەدێری دادگایان، نەک هەر ئی بەڕێز دەمیرتاش بەڵکوو دادگایی کردنی بەسەدان و
هەزاران کەسی دیکەی کە ئێستا لە ژێر ڕاوەدوونان و زۆرداریی فاشیستی دان. با باسی
ئەوانە بەلاوە بنێین کە کاتێک حەول دەدەن لە تورکیا ڕزگاریان بێ ژیانی خۆیان لە
کیس دەدەن. ئێمە لەگەڵ کەسی ئاوا ڕووبەڕوون دێین لە دەریای ئێژە دا کە تاوانبار کراون بە ئەندامەتی لە '
بزووتنەوەی فەتۆ ' لە دواییانە دا.
ئێمە لە پارڵمان دا . کاتێک ئەو
بڕیارنامەیەمان لە مانگی ژووییە دا گەڵاڵە کرد، حەولمان دا پارسەنگ ڕابگرین. ئێمە
حەولمان دا پەیامێکی هاوپێوەندیی بۆ خەڵکی تورکیا بنێرین ، چونکە ئێمە لە
هاوپێوەندی داین لەگەڵیان و هیوای ئەوەمان هەیە کە دەمانەوێ کارێکی وا بکەین دەست
بە موزاکەرە بکرێتەوە و ئەو ڕێژیمە هۆشێکی بێتەوە بەر خۆی ئەوە ئەو نوختەیە کە
ئەمن پێم وانییە ئێمە تێیدا سەربکەوین. ئەو ڕێژیمە هۆشی نایەتەوە بەر خۆی، هەر
بۆیەش پێوێستە ئێمە ئەوەی هەیە بیبینین و سەر لە خۆمان نەشێوێنین.
ئێمە دەبێ کۆتایی بهێنین
بە مێهرەوانی دیپڵۆماتیک کە دەبینین
شووڕای وەزیران ئوڕووپا لە خۆیەوە دەنوێنێ ، لە ٢٥ ژووئییە نوێنەری بەرزی بەرپرسی
کاروباری دەرەوەمان موگێرینی لە ڕاستیدا زۆر بە ڕاشکاوی بۆ جاری یەکەم باسی ئەوەی کرد کە گیر و گرفتی
ڕاوەدوونان و زۆرداری لەگەڵ تورکیا هاتووەتە گۆڕێ
بەڵام ئەوە بە نیسبەت ڕاستی ڕووداوەکان زۆر نەرم بوو. جا بۆیە ئەمن پێم
وایە دەوری پارڵمان لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستە زەق بکرێتەوە بۆ گوشار خستنە سەر
شووڕای وەزیران ، گوشار خستنە سەر شووڕا بۆ تێگەیاندنی کە ئێمە نامانەوێ پێوەندی
لەگەڵ تورکیا بگەڕێتەوە دۆخی پێشوو تا ئەو کاتەی ئەردۆغان لەوێ بێ ، و لە کاتێکدا
رێژیمی ئەردۆغان کەمپەینێکی هەموو لایەنەی دەست پێ کردووە بۆ بەڕێوەبردنی دەستەڵاتێکی
سەرەڕۆیانە بە پاڵپشتی ئەو گۆڕانانەی لە قانوونی بنچینەیی دا کردوویە. ئێمە نابێ
چیدی ڕێگە بدەین کە یەکەتی ئوڕووپا چاوترسێن بکرێ و باجی لێ وەربگیرێ. بە بۆچوونی
من بە داخەوە یەکەتی ئوڕووپا زۆر هەڵەی کردووە و خۆی كێشاوەتە زۆر چاکەکاری دیپڵۆماتیک
و لە ڕاستیدا خۆی خستووەتە هەڵوێستی نکووڵی کردن لە تەبیعەتی رێژێمی ئێستا لە
تورکیا. ئەوە هیچ بیانوویەک نییە لە بەر ئەوەی تورکیا دەتوانێ هاوپەیمانێک بێ بە
دژی تێڕۆریزم ئیدی دەبێ چی پێی خۆش بێ بیکا و ئاوا قەبووڵی کەین. یەکەتی ئوڕووپا
زۆر زۆر باش دەزانێ کە تورکیا بەو سیاسەتە
ناکۆک و دووفاقیانەی خۆیەوە لە ڕاستیدا پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکان کردووە.
ئەمن لەو باوەڕە دام یەکەتی ئوڕووپا نابێ خۆی بخاتە هەڵکەوت و هەڵوێستێکەوە کە چاوترسین بکرێ و باجی لێ وەربگیرێ لەبەر
ئەوەی ئێمە شەریکین لە ڕاپەڕاندن و چارەسەر دیتنەوە بۆ دۆخی موهاجەرەت لەگەڵ
تورکیا، کاتێک ئێمە دەزانین تورکیا ئەوە بەکار دەهێنێ و ئەمن نکوولێ لە حەولی گرینگی
تورکیا ناکەم کە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی سوورییەیی کە
تورکیا ئەوانی حاواندووەتەوە و ماڵخێوییان لێ دەکا ، بەڵام ئەوە بەکار دەهێنێ وەکوو
ئامرزاێکی چاوترسێن کردن و باچ لێ وەرگرتن لە یەکەتی ئوڕووپا و ئەمن لەو بارەیەوە بە شێوەی سەرەکی خەتاکە بە ئی یەکەتی ئوڕووپا
دەزانم کە ئەو ماملەیەی لەگەڵ تورکیا واژۆ کردووە لە مەر پەنابەران، کە ئەمن بە
کارێکی ناقانوونی، نائەخلاقی و ناکاریگەری ناو زەد دەکەم.
ئەمن هەر وەها باوەرم بەو
بیانوویەش نییە کە تورکیا هاوپەیمانێکە لە ناتۆ دا و ئەو هاوپەیمانەتییە دەکرێ
هەڵسووڕێ. بەر لە هەموو شت هاوپەیمانێکی ناتۆ کە بێ ئەوەی مێشی لێ میوان بێ
بەرعۆدەییەکانی پێشێل دەکا وەک ووڵاتێکی ئەندامی ناتۆ کە بە پێی ناوەرۆکی ئەو پەیمانە
دەبێ ڕێز لە دێمۆکڕاسی بگرێ. ئەوەی کە بەرعۆدەییەکانی وەکوو ووڵاتێکی بەرئەندامی
یەکەتی ئوڕووپا پێشێل دەکا و بەرعۆدەییەکانی وەک ئەندامێکی شووڕای ئوڕووپا پێشێل
دەکا، هاوپەیمانێکی ناتۆ کە سارووخ ( مووشەک ) لە پووتین دەکڕێ، ئێمە کێ بە گەوج
دەزانین؟ ئێمە کێ بە گەوج دەزانین؟ ئێمە ناکرێ خۆمان بە گەوج دابنێین. کە وابوو
ئەمن پێم وایە ئەم کۆنفڕانسە زۆر بە کاتی خۆی بەڕێوە دەچێ . ئەمن ئەم دەرفەتە
بەکار دەهێنم بڵێم ئێمە لە پارڵمانی ئوڕووپا دا جیاوازی خۆمان هەیە لە نێوان
بنەماڵەی سیاسی جیاواز دا، بەڵام ئێمە لەوە دا سەرکەوتین هەلوێستێکی مەعقوول بدۆزینەوە
کە بەئاشکرایی بە هەروای پشتیوانی لێ دەکرێ لە مەر تورکیا لەم پاڕڵمانە لە مانگی ژووئییە
دا.
ئەمن پێم وایە ئەوە کاردانەوەی هەبووە و تۆڵەی بیدەنگی و چاوهەڵبواردنی زۆر لە
دەوڵەتە ئەندامەکانی یەکەتییەکەمانی کردووەتەوە و تەنانەت دامەزراوەکانی یەکەتی
ئوڕووپا لە سەر ئەو بنەمایانەی کە ئەمن
ئاماژەم پێ کردن و بە هیچجۆر جێی قەبووڵ نین وەک بیانوو بۆ بەردەوام کردنی
پەیوەندییەکان لە گەڵ تورکیا وەک هیچ نەبووبێ . ناکرێ لە گەڵ تورکیا وەک هیچ
نەبووبێ هەڵسوکەوت بکرێ . ئێمە نامانەوێ پێوەەندییەکانمان بپسێنین ، ئێمە شتی
وامان ناوێ. بەڵام ئێمە دەمانەوێ شتەکان وەکوو خۆیان باس بکرێن. ئێمە ڕێژێمیکی دژی
دێمۆکڕاتیک دەبین ، ئەو ڕێژیمەی کە لە تورکیا هەڵدەسووڕێ و ئێمە دەبێ ئەوە بڵێین .سەردێڕی
ئەو دانیشتنەی کۆنفڕانس: "هەلومەرجە نوێیەکان ، گیروگرفتەکان و
ئاڵنگارییەکانی بەردەمی دێمۆکراتیزە کردنە ". ئەمن بەداخەوەم بڵێم لەم
نوختەیە لە تورکیا کە ئێستا ئێمەی لێین بە دەیان ساڵ بەرەودوا گەڕاوینەتەوە. دە
ساڵی پێشوو هیوای ئەوەی پێوە بوو تورکیا ببێتە ئەندام لە یەکەتی ئوڕووپا دا و ئەوە
جێی هیوا بوو بۆ خەڵکی تورک و خەڵکی ئوڕووپا لە سەر بنەمای پێوەندییەکی پتەو لە
نێوان یەکەتی ئوڕووپا و تورکیا وەک بەشێک لە بنەماڵەی ئوڕووپایی. ئێستا سەردەمی
دەردو ئازارێکی زۆرە بۆ گشتمان ، دەرد و ژانێکی کە تێچووەکەی بە ژیان دەدرێ ، لە
لایەن ئەوانەوە کە دەوێرن ئازایانە لە تورکیا خەبات و بەربەرەکانی بکەن ، واتە
گەلی کورد. ئەوە هەر وەها کاتی خۆیەتی کە هاوپێوەندیی خۆمان نیشان بدەین ، ئەمن
بۆیە لێرەم لەم کۆنفڕانسە دا، کە ڕووبەڕووتان دانیشم، هەر وەها لەگەڵ هاوکار و
هاوپیشەکانی دیکەم دا، ئەمن ئەوە لێرە ماری کریستین ڤێرژیا ، بوودیل ڤالێرۆ دەبینم
،جۆزێف وایدن هۆڵزر لێرە بوو و کەسانی دیکە. ئێمە ئامادەین خۆمان ساز کەین بچین بۆ
تورکیا تا ئەوەندەی پێمان دەکرێ و لەوێ لە دادگاکان حازر بین و بە دەنگ ئەو
کەسانەوە بێین کە ئاغای ئەردۆغان دەیەوێ بێدەنگیان کا.
سپاس بۆ ئێوە
وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە:
حەسەن قازی
No comments:
Post a Comment