Sunday, December 10, 2017

ووتاری بوودیل ڤالێرۆ نوێنەری پارتیی کەسکی سوێد لە پارڵمانی ئوڕووپا و قسەوێژی کۆمێتەی بەرگری و هێمنی فڕاکسیۆنی کەسکان/ ئیتیلافی ئازادی ئوڕووپا لە پارڵمانی ئوڕووپا

 چاردەهەمین کۆنفڕانسی ناونەتەوەیی ' یەکەتی ئوڕووپا، تورکیا،ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردەکان'
بەدیلی دێمۆکڕاتیک بۆ دیکتاتۆری و ئاڵۆزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا – ڤیزیۆن و ستڕاتێژی کوردی –٦و ٧ ی دیسامبری ٢٠١٧ ، برووکسێل
ووتاری بوودیل ڤالێرۆ نوێنەری پارتیی کەسکی سوێد لە پارڵمانی ئوڕووپا و قسەوێژی کۆمێتەی بەرگری و هێمنی فڕاکسیۆنی کەسکان/ ئیتیلافی ئازادی ئوڕووپا لە پارڵمانی ئوڕووپا

تەک سۆ میکێ، ئەوە مانای  زۆر سپاسە بە زمانی سوێدی. ئەمن هەر وەها دەمەوێ سپاسی ڕێکخەرانی کۆنفڕانس بکەم. زۆر خۆشحاڵم ژمارەیەکی زۆر سوێدی لێرە دەبینم. تکایە قامکتان هەڵێنن بزانین چەند کەسین؟ یەک، دوو سێ، چوار، پێنج. لە بەر ئەوەی دیلمانجی سوێدی نییە ناچارم بە ئینگلیسی قسە بکەم. حەولی هەرە باشی خۆم دەدەم. ئەمن دەمەوێ لەوە ڕا دەست پێبکەم کە بەڕێز وایدن هۆڵزر ئاماژەی پێ کرد، چەند ساڵ لەوە پێشتر ئێمە هەموومان زۆر خۆشبینتر بووین سەبارەت بە بار ودۆخ لە هەموو بەشەکانی کوردستان؛ نەک هەموویان بەڵام لە چەند بەشیان هێندێک پێشوەچوون هەبوو. و ئێستا هەلومەرجێکی تازە لە گۆڕێ دایە بەڵام ئەمن پێم وایە ئێمە لە دەسپێکێکی تازە داین. چونکە ئێمە شتێکمان لە پشت سەری خۆمان بە جێ هێشتووە کە وەکوو هەورێکی ڕەش بووە بە سەر مانەوە بۆ چەندین ساڵ و ئێستا ئەوە ئێمە دەست پێدەکەین تروسکەیە لە توونێل دا ببینین.ئەمن هیوادارم وا بێ و ئێمە بتوانین بەرەو پێشتر بچین و ڕەنگە بتوانین بگەڕێینەوە ئەو خاڵەی کە چەندین ساڵ لەمەو بەر لێی بووین .

ئەمن بە نوێنەرایەتی پارتیی کەسک لێرەم و ئەوە بزووتنەوەیەکی جیهانی یە، کەسکەکانی جیهانی، ئێمە ڕێسای هاوبەشمان هەیە لە ناو خۆماندا و نرخی هاوبەشمان هەیە. ئێمە چبڕ ئیدی سنووری جوگرافیایی دیکەمان ناوێ لە جیهاندا. ئێمە سنووری کەمترمان دەوێ. بەڵام لە هەمانکاتدا لەگەڵ ئەوەین کە خەڵک خۆیان سەبارەت بە چارەنووسی خۆیان بڕیار بدەن. مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆ. و ئەوە دەکرێ وەکوو ناکۆکییەک وەبەرچاو بێ ، چونکە ئەگەر ئیدی ئێمە چبڕ سنووری دیکەمان نەوێ، بەڵام ڕەنگە خەڵک هەبن بیانەوێ لە مەڕ چارەنووسی خۆیان خۆیان بڕیار بدەن و سەربەخۆیییان هەبێ و لەوانە، و ئەوە بە مانای هەبوونی سنووری زیاترە. هەڵبەت، ئەوە دوو نرخن کە یەکیان بە دژی ئەویدیکەیانە. بەڵام هەر چۆنێک بێ ئێمە پشتیوانی دەکەین لە مافی دیاریکردنی چارەنوسی خۆ. و مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆ، واتە بڕیار دان. مافی بڕیار دان؛ ئەتۆ دەکرێ بڕیار بدەی لە چوارچێوەی ووڵاتێک دا بمێنییەوە و دەکرێ بریار بدەی لەو ووڵاتە جوێ ببیەوە. بەڵام مەبەستی من ئەوەیە کاتێک ئێمە باسی دیاریکردنی چارەنووسی خۆ دەکەین مانای ئەوەیە ئێمە دەبێ ڕێز دابنێین بۆ ئاکامی مافی گەلێک بۆ بڕیار دان. کاتێک ئەوان بڕیارێک دەدەن، ئێمە دەبێ ڕێز بگرین لە ئاکامی ئەو بڕیارەی ئەوان داویانە. هەڵبەت دەکرێ زۆر پرسیاری دژوار بێنە گۆڕێ؛ ئایا خەڵک بە ڕێژەیەکی زۆر دەنگیان داوە؟ یان ژمارەیان زۆر نەبووە؟ ئەگەر مرۆڤ تەماشای ڕێژەی ئەو کەسانە بکا کە خاوەنی مافی دەنگ دان بوون چەندەیان دەنگیان داوە و چەندەیان بەشدارییان نەکردووە لە دەنگ دان دا؟ ئایا ڕێژەی ئەوانەی لایەنگری سەربەخۆیی بوون و ڕێژەی ئەو کەسانەی کە مافی دەنگدانیان هەبووە بەڵام بەشدارییان نەکردوە چەندە بووە؟ جا بۆیە ژمارەیەکی زۆر پرسیاری دژوار هەن کە دەبێ ووڵام بدرێنەوە. و هەر ئەوانەی باسم کردن پرسیارە دژوارەکان نەبوون، گەلێکیش مەسەلەی جێئۆ پۆلیتیک لێرە دا دێتە گۆڕێ. جا بۆیە لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە دەڵێین ئێمە لایەنگری مافی بڕێار دانین، زۆر لایەن وا دەڵێن، نەتەنێ هەر کەسکەکان ، بەڵام کاتێک باسەکە دێتە سەر سیاسەتی واقعی و ئێمە دەبینین هێندێک شت لە سەر ئەرزی واقع دەقەومن ئەو دەمی هەڵوێستمان لەرزەی تێ دەکەوێ و دەڵێین حەح ئەوە بە ڕێگایەکی باش دا نەکرا، دەبوو بە شێوەیەکی باشتر کرا با و ئەوە کاتی لەبار نەبوو.  لەوانەیە وا بێ. ڕەنگە وەختەکەی لەبار نەبوو بێ و هتاد. ئەوە پرسیارێکە کە ئێوە دەزانن چ ڕوویدا و هەمیشە ڕوودەدا. ئەمن زۆر تێکەڵاوم لەگەڵ مەسەلەی کاتالۆنیا و کاتاڵانەکان لە حاڵی حازر دا، بە مەسەلەی ڕێفراندۆم لەوێندەرێ و ئاکامەکەی و ئەوە دژوارە بۆ پاشماوەی جیهان ئەوە قەبووڵ بکا لە بەر چەندین هۆیان.

هەر چۆنێک بێ کاتێک ئەمن هاتمە ناو پارڵمانی سوێد ئەوە کەمتا زۆر لە سەردەمی ئاشتی دا بوو لە کوردستان و ئەمن لە پارڵمان دا بووم بە قسەوێژی کاروباری دەرەوەی پارتییەکەمان. مەسەلەی کورد ڕاستەو ڕاست لە بەر دەمم بوو. و تەنیا شتێکی کە پێشتر لەناو کەسکان دا گوتبوومان ئەوە بوو ئێمە لایەنگری دیارکردنی مافی چارەنووسی خۆین و با ئەوان خۆیان بڕیار بدەن، ئێمە ڕێفراندۆمێک ئەنجام دەدەین ، دوایە لە خۆمان پرسی باشە کێ ئەو ڕێفراندۆمە ڕێک بخا؟ ئایا باشووری کوردستان دەبێ ئەوە بکا؟ باکووری کوردستان؟ ڕۆژئاوا یان ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟ کێ دەبێ بیکا و چ ڕێفراندۆمێک؟ بۆیە ئەمن لە پارڵمان دا سێمینارێکم ڕێک خست و خەڵکم لە هەر چوار هەرێمی کوردستانەوە بانگهێشتن کرد. پڕۆفێسۆرێکی کاتاڵانم بانگ هێشتن کرد و هەر وەها شووڕای خەڵکی سامی م بانگ کرد بۆ سێمینارەکە.


 [ ڕوو لە حەسەن قازی دەکا و دەپرسێ؟ ئەتۆ لەوێ بووی؟] هەرچۆنێک بێ، گەنگەشەیەکمان هەبوو. کوردەکان گەورەترین کەمایەتین لە دنیا دا ، جگە لە خەڵکی ڕۆما نەبێ، کوردەکان کەمایەتی هەرە گەورەن، کاتاڵانەکان گەورەترین کەمایەتین لە ئوڕووپا دا و گەلی سامی ئەوان گەورەترین کەمایەتین لە نیشتمانی من سوێد دا، دیارە هەلومەرجی ئەوانە زۆر جیاوازە بەڵام ئەوە شێوەیەکی باش بوو بۆ بیروڕاگۆڕینەوە لە سەر ئەوەی مرۆڤ چۆن بەرەو پێشەوە ببزوێ. ئایا ئێوە کوردستانێکی گەورەتان دەوێ؟ یان شتێکی دیکەتان دەوێ؟ و ئاکامی ئەو سێمینارە ئەوە بوو کە شتێکی دیکە دەخوازرێ. زۆربەی ئەوانەی لەوێ بوون شتێکی دیکەیان دەویست، کە لە بەشەکانی جیاوازی کوردستان دا کار بکەن و ئەوە بە ساڵانە کراوە  . ئەمن  کاتاڵانەکانم  بە نموونەیەکی باش دەهێناوە ، فەرموو ئەوان وتووێژیان کردووە، زۆر مافیان لە بواری دیاریکردنی چارەنووسی خۆوە بە دەست هێناوە، مافی زمانی و هتاد و هەمیشە لە چوار چێوەی سیستمی دێمۆکڕاتیک دا و ئەوە بۆ ماوەیەکی درێژ هەڵسووڕا تا ئەوەی کە حکوومەت لە ئێسپانیا گۆڕا و ئەوە ئیدی هەڵنەدەسووڕا ، گێرە و کێشەی دارایی و زۆر شتی دی و ئێستا لە کاتالۆنیاش ئێمە هەڵومەرجێکی بە تەواوی جیاوازمان هەیە ، بەڵام لە سەردەمی ئاشتیانە دا نموونەیەکی باش بوو. ئەمن پێم وایە  ژمارەیەکی زۆر لە کوردەکان و کاتاڵانەکان باسی ئەوەیان کرد کە چۆن بە شێوەیەکی دیکە بە مافەکانیان بگەن و ئازادیی زیاتری زمانی و هتاد بە دەست بهێنن لە چوارچێوەی دەوڵەتی هەیی دا. قسە کردن لە سەر ئەوەیکە ئێمە چۆن دەکرێ لە ناوخۆی دەوڵەتی هەیی دا بەرەو پێش بچین.

لە پارڵمانی ئوڕووپا دا ئەمن لە لایەن کەسکەنانەوە ڕاپۆرتۆری سێبەرم لە سەر کاروباری تورکیا. و ئەوە سەبارەت بە وتووێژی ئەندامەتی تورکیایە لە یەکەتی ئوڕووپا دا و ئێوە دەزانن کە ئێستا هیچ وتووێژێک لەمەر ئەندامەتی تورکیا لە گۆڕێ دا نییە بەڵام ئێمە هێشتا هەموو ساڵێ ڕاپۆرتی ساڵانەمان هەیە سەبارەت بە پێواژۆی ئەندامەتی تورکیا و ئەوەی کە هەمووشت چۆن هەڵدەسووڕێ؟ و ساڵی ڕابردوو پارڵمانی یەکەتی ئوڕوپا ڕایگەیاند ئێمە بەردەوام نابین لە سەر ووتووێژی سەبارەت بە ئەندامەتی هەتا گۆڕانێک نەبینین لە تورکیا. دیارە زیاتر ئەوە لەمەڕ بارودۆخی مافی مرۆڤە و هەڵبەت لەمەر زیندانی کردنی پارڵمانتارانی هەدەپە . ڕاگرتنی ئەو وتوووێژانە زیاتر لە بەر بارودۆخی مافی مرۆڤە بەڵام هەر وەها لە بەر  بارو دۆخی گشتیش. تا ئەو جێگایەی دێتەوە سەر دۆزی کورد. چەند ساڵ لەوە پێش حەولدان ئاسانتر بوو بۆ هێنانە دەری پ.ک.ک لە لیستی تێڕۆر لە چاو پارەکە. جا بەو مانایە بارودۆخ هێندێک بەرەو دوا گەڕاوەتەوە، چونکە چەند ساڵ لەوە پێش ئێمە بەشی لێ زیادکراومان هەبوو لە ڕاپۆرتی ساڵانەمان دا کە ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەرانی پاڕڵمان دەنگیان پێ دا. بەڵام ئەوجار نەدەکرا لێ زیادکراوێکی ئەوتۆی لەگەڵ خەین چونکە بە هیچ شێوەیەک دەنگی پێ نەدەدرا



جۆزێف وایدن هۆلزریش سەبارەت بە کەمایەتیان قسەی کرد. لە نموونەی دیاریکردنی چارە نووسی خۆ و لە نموونەی سەربەخۆیی دا. یان هەبوونی شێوەیەکی نوێ لە ...، بۆ وێنە ئەگەڕ ئێمە باسی عێڕاق بکەین، شێوەیەکی نوێ لە ئۆتۆنۆمی، یان شێوەیەکی نوێ لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆ، یان سەربەخۆیی. لە حاڵەتێکی ئاوا دا هەمیشە کەمایەتی نوێمان دەبێ. و ئەوە یەکجار زۆر و هەتا بڵێی گرینگە کە لە سیستمە دێمۆکڕاتیکەکەتاندا ئێوە ڕێز بگرن لە مافی ئەو کەمایەتییە نوێیانەی کە سەرهەڵدێنن. چونکە ئەوە گرینگە مرۆڤ قەت ئەو ڕەفتارە لەگەڵ کەس نەکا کە نایەوێ لەگەڵ خۆی بکرێ. [ئەمن دەبێ هێندێک ئاو بخۆمەوە، چەند ڕۆژە نەخۆش بووم]. ئەمن پێم وایە ئەوە گرینگە. ئێمە هەر وەها باسی سووریا و کێشەی ئاشتیمان کرد لەوێ. ڕۆژی ڕابردوو ڕێکخراوەیەک هاتبوو بۆ سەردانی من بە ناوی ' دیپلۆماسی ناونەتەوەیی' ئەوان لەگەڵ گرووپی جیاوازی کەمایەتی کار دەکەن ، لەگەڵ ناوبژیوانی جیاواز لە ئاستی جیهاندا ، لە سووریا ئەوان لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن کار دەکەن بەڵام  ئیزنیان پێ نادرێ لەگەڵ پارتیی یەکێتیی دێمۆکڕاتیک کار بکەن و ئەوان لەو ڕووەوە زۆر بە داخەوە بوون چونکە پێیان وایە پەیەدە دەبێ لایەنێک بێ لە موزاکەراتی ئاشتی و نەک وەک ئەوەی ئێستا هەیە. جا بۆیە زۆر کاری دیپڵۆماسی هەیە کە ئێمە دەبێ لە پارڵمانی ئوڕووپاوە بیکەین بۆ ئەوەی شت ڕووبدەن. ئێمە ئەو داوایەمان بەرز کردووتەوە و پێداگری لە سەر دەکەین کە کوردەکان دەبێ بەشدار بکرێن لە موزاکەراتی ئاشتی دا، بەڵام ئەوە زۆر هاسان نییە و هەر وەک پێشتر باسم کرد زۆر مەسەلەی جێئۆپۆلیتیک لەگۆڕێ دایە. و زۆری  زەلام هەن کە نایانەوێ، هەڵبەت بە تایبەتی تورکیا کە ڕێگا نادەن کوردەکان بەشداری بکەن.

ڕۆژئاوا، ئەمن پێوەندییەکی زۆرم لەگەڵ ڕۆژئاوا نەبووە لەو دواییانە دا، لە بەر ئەو شتانەی کە ڕوویانداوە، ئەمن پێوەندییەکی زۆرم هەبوو لە سەرەتای دەست پێکردنی ئەو کێشەیەوە بەڵام لێرە لە پارڵمانی ئوڕووپا ئەوەندە شتی دیکە دە ڕۆژەڤ دا بوون لە بەر ئەوە دۆزی کورد هێندە لە سەرەوەی ڕۆژەڤ دا نەبووە لە حاڵی حازر دا. هەمووان زۆر بە کەیف و شادمان بوون لە یارمەتی کوردان لە شەڕ بە دژی داعش، بەڵام دۆزی کورد خۆی، لە ڕۆژەڤی خوارەوەتر دا بووە. کات نەبووە بۆ پێوە پەرژانی. بەڵام ئێستا هەر وەک گوتم ئێمە کە لەو توونێلە تاریکە دەر کەوتووین ڕەنگە بکرێ دیسان دەست پێبکەینەوە و دیسان دۆزی کورد بخەینە ناو ڕۆژەڤەوە.
ئەمن لێرە قسەکانم تەواو دەکەم چونکە ئەگەر وا نەکەم دیسان دەست کەمەوە بە کۆخین. سپاستان دەکەم .

وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی


No comments: