Saturday, March 31, 2018

داخویانی سەروەزیری وەزاڕەتی پێشوەچوونی ناونەتەوەیی (دیفیت) یای پێنی مۆرداونت سەبارەت بە بارودۆخی شەڕ بە دژی داعش و پرسیار و تێبینی هێندێک لە نوێنەرانی هاوس ئاف کامنس، پێنجشەمە ٢٩ی مارسی ٢٠١٨


داخویانی سەروەزیری وەزاڕەتی پێشوەچوونی ناونەتەوەیی (دیفیت) یای پێنی مۆرداونت سەبارەت بە بارودۆخی شەڕ بە دژی داعش و پرسیار و تێبینی هێندێک لە نوێنەرانی هاوس ئاف کامنس، پێنجشەمە ٢٩ی مارسی ٢٠١٨
وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی
دان کاردن ( نوێنەری لیڤرپوول، والتن، پارتیی کرێکار) سپاسی داخویانی سەروەزیری دەوڵەوت دەکەم بۆ قسەکانی و هەر وەها سپاس بۆ ئەوەی کە پێشتر لە ناوەرۆکی قسەکانی ئاگاداری کرد بووم.  ئەمن دڵنیام هەموو ئەندامانی ئەو پارڵمانە بە بیستنی ئەو زانیارییە گەلێک شادن " کە داعش تێکشێندراوە و هیچ خاکی بە دەستەوە نەماوە " و %٩٨ لە سەدی ئەو جوگرافیایەی لە کیس داوە کە سەردەمایەک داگیری کردبوو. ئەوەش
شاهیدێکە بۆ ئازایەتی و بەرعۆدەیی ئەوانەی کە لە سەر زەوی ڕووبەرووی هاتن ، لەوانە هاوپەیمانە کوردەکان، کە شەڕی قورسیان کرد بۆ دەرپەڕاندنی داعش لە نیشتمانەکەیان لە باکووری سووریا و گرتنەوەی شاری وەک منبج. ئەمن پێ زانینی خۆم دەردەبڕم لەمەر بەردەوامی پشتیوانیی ئینسانیی کە شانشینی یەکگرتوو دەکا
بە ڕێگای وەزاڕەتی پێشوەوچوونی ناونەتەوەیی ، بە لەر چاو گرتنی ئاستی ئەو قەیرانییە ئینسانییەی لە کێشەی سووریادا هاتووەتە گۆڕێ ، ئەوەکاری چاکە شانشینی یەکگرتوو دەوری خۆی گێڕاوە بۆ گەیاندنی یارمەتیی ئینسانیی بۆ ئەو ناوچانەی وەبەرکەوتوون هەرە خێرا کە بلوێ و بێ گوێدانە ئەو ئالنگارییە بەرچاوانەی وا لە مەڕ
سەرچاوەی دارایی هەبووە بۆ یارمەتیدان بە پاراستنی ژیان لەو سالانەیدا کە کێشەکە دەستی پێ کرد. ئەمن دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی سەروەزیری دەوڵەت  بۆ مەحکووم کردنی هێرشی دڵتاوین بۆ سەر هەڵسووڕاوانی یارمەتی ئینسانی لە سەرتاسەری سووریا دا، لەوانە  ١٦٧ دڵخوازی کڵاو سپی کە گیانیان لە دەست داوە. هەڵسووراوانی یارمەتیی ئینسانی لە جەنگەی کێشە دا قەت نابێ بکرێنە ئامانج. ئایا دەکرێ سەروەزیری دەوڵەت زانیاری بدا بە پارڵمان کە چ هەنگاوێک هەڵدەهێنێتەوە بۆ دەستەبەر کردنی ئەوەی یارمەتیی ئینسانی بگاتە جێ، بە تایبەتی بۆ ئەو بەشانەی سووریا کە ئێستا ئەوانەی کۆنتڕۆلیان دەکەن دەگۆڕدرێن چ لە دەوروبەری عەفرین و چ لە غوتە ؟  ئەمن دەزانم سەروەزیر تورکیای ووشیار کردووەتەوە
کە دەبێ " دەست لە کردەوەی ئەوتۆ بپارێزێ کە ببێتە هۆی سست بوونی حەولە هاوبەشەکانمان " بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە بڵێی ئەو زمانە هەرە بەهێزەی بێ کە حكوومەت بە کارت بهێنێ بۆ مەحکووم کردنی پەلاماری تورکیا بۆ باکووری سووریا؟  ئەو پەلامار و دەستدرێژییە نە مەشرووعە و پاساوی بۆ دەهێندرێتەوە، هیچ بنچینەیەکی نییە لە قانوونی ناونەتەوەیی دا و لە جێدا قەت نەدەبوو ڕێگە بدرێ بقەومێ. ئەو حکوومەتە هەر وا لە قەراغەوە چاوەدێر بوو لە کاتێکدا تورکیا و دارودەستە چەکدارەکانی چوونە ناو ووڵاتێکی دیکەوە لە ژێر بیانووی شەڕی تێرۆریسم وە، لە کاتێکدا کە ئەوان عەفرین یان گرت ، لە کاتێکدا ئەوان بە هەزاران ئینسانیان لە جێ و واری خۆیان دەرپەڕاند و لەکاتێکدا پەیکەری کوردییان هێنایە خوارێ. ئایا سەروەزیر لەگەڵ ئەو قسەیەی من ڕێکە کە ئەوە ناکرێ دروست بێ کە حکوومەت تەنانەت بە ووشەیەکیش ڕەخنەیەکی جیدی
نەگرت یان ئەو هێرشەی مەحکووم نەکرد، لە کاتێکدا ئێستا هەرهەمان ئەو هێزە تورکانە بەرەو پێش دەچن و هەڕەشە دەکەن بۆ گرتنی شاری مەنبج و گرتنی نێشتمانی کورد؟ حکوومەت نابێ پشتی هاوپەیمانە کوردەکانمان بەر دا ، کە لە شەڕی دژی داعش دا ئەو هەموو لە خۆ بردوویی و فیداکارییان نیشان داوە. ئایا سەروەزیر بێ پێچ و پانا ئەمڕۆ هێرش و دەستدرێژییەکانی تورکیا مەحکووم دەکا؟  ڕووداوێکی بە تایبەتی  ناخۆش لەبەر هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین قەوما ئەویش کووژرانی شارومەندێکی شانشینی یەکگرتوو، ئاننا کەمپل بوو ، کە ساڵی ڕابردوو وەکوو دڵخوازێک چووە سووریا بۆ ئەوەی شان بە شانی هێزە کوردەکان
دژی داعش شەڕ بکا و پێکێشی کرد بنێردرێتە بەرەی عەفرین لە سەرەتای دەسپێکردنی پەلاماری تورک دا. ئەو لە ١٥ی مارس ، ماوەیەکی کورت بەر لە کەوتنی عەفرین ، بە بۆمبارانی هەوایی تورک کووژرا. ئەو
یەک لەو ٨ دڵخوازە بریتانیایی یەیە کە لە ڕیزی یەپەگە/ یەپەژە دا خزمەتان کردووە و یەکەم ژنی بریتانیایی یە لە ڕێزی یەکێنەی پاراستنی ژن دا گیابی لە دەست دەدا. لە کاتێکدا باوکی ' دێرک'، شانازی خۆی دەربڕیوە
سەبارەت بە ئازایەتی  و فیداکاریی کچەکەی، بەڵام ئەم ڕۆژانە زۆر تووڕەیە لە دەستەوەستانی حکوومەت کە هیچ یارمەتی نەکردووە بۆ هێنانەوەی مەیتی ئاننا و ناشتنی. ئایا دەکرێ سەر وەزیر پێمان بڵێ حکوومەت
پێوەیە چ بکا بۆ هێنانەوەی مەیتی ئەو ژنە گەنجە کە بەشی خۆی لە شەڕی داعش هاویشت؟  دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە ئامانجی هێزەکانی ئیتیلاف  لە سووریا ئەوەیە ئەو کارە بکەن کە بە " چالاکی سەبات پێکهێنان" لە " ناوچە ئازادکراوەکان" لە باکووری ووڵات ناوی دەبەن و ئەو ناوچانە بە کار دەهێنن بۆ بە دەستخستنی گواستنەوەی سووریا لە ڕێژیمی ئەسەد.  مرۆ هەر چۆنێک بیر لەو ظالاکیانە بکاتەوە ، شتێک ڕوونە: ئەوان بە میلیۆنان میل لەو مانداتە دوورن کە ئەو پارڵمانە لە ساڵی ٢٠١٥ دای بە حکوومەت بۆ کردەوەی عەسکەری.  ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە  کە حکوومەت جارێکی دیکە ڕوو لە پارڵمان بکاتەوە ، ستراتێژییەکی نوێ لە مەر سووریا گەڵاڵە بکا و داوای مانداتی تازە بکا لە پارڵمان ؟
ووڵامی یای پێنی مۆرداونت ( سەروەزیری وەزاڕەتی بەرەوپێشچوونی ناونەتەوەیی) 
ئەمن ئەگەر بۆم هەبێ لە لایەن هەموو ئەندامانی ئەو پارڵمانەوە دەڵێم ئێمە تەواو لە غەمی بنەماڵەی یای کەمپێڵ دا هاوبەشین لەو سەرو بەندە ناخۆشەی دا کە تێی دەپەڕێنن. ئەمن دڵنیام ئەندامانی ڕێزدار گوێان لە قسە بە سۆز و کاریگەرەکانی باوکی بووە بۆ پێ هەڵگوتنی کچەکەی – ئەو ژنێکی گەنجی ئیلهامدەر بوو. ئاشکرایە ، ئێمە ناتوانین لە سووریا پشتیوانی کۆنسوولی لە شارومەندانمان بکەین. بەڵام لەگەڵ بنەماڵەکە لە پێوەندی داین  و هەرچییەکی لە دەستمان بێ دەیکەین کە خزمەتیان پێ بکا، لەوانە حەولدان بۆ هێنانەوەی تەرمی ئاننا. ئەوە
هەلومەجێکی زۆر دژوارە. بەڵام ئەمن بە دڵنیاییەوە بە ئەندامانی ڕێزداری پارڵمان دەڵێم ئێمە پێوەندیمان هەیە و هەرچییەکی لە دستمان بێ دەیکەین بۆ ئەوەی مەیتەکەی بهێنینەوە. سەبارەت بە مەسەلەی بەربڵاوتری عەفرین، ئێمە نیگەرانییە ئەمنییەتییەکانی تورکیا بە مەشڕووع دەزانین، بەڵام ئێمە پشتیوانی دەکەین لە بارودۆخی کەمکردنەوەی کێشە. ئەوە گرینگە ئێمە درێژە بدەین بە تێکشکاندنی داعش  و ئەوەی کە درێژە بدەین بە هەبوونی سەباتی زیاتر لە ناوچە کەدا بە شێوەیەکی ئاوا کە بەرەو پێڤاژۆیەکی سیاسی بچین ، کە تەنیا ڕێگایە کە ئەو  شەڕە نگریسە کۆتایی پێ بهێندرێ. کاردانەوەی ناڕاستەوەخۆی ئەوەی تورکیا دەیکا دەبێتە
هۆی ئەوە هێز و سەرچاوەی شەڕ لە ناوچەی دۆڵی فورات نەمێنێ ، و ئەوەش بە ڕوونی  لە بەرژەوەندی حەولەکانی ئیتیلاف دا نییە بۆ تێک شکاندنی داعش. ئەمن داوای لێبووردن لە پارڵمان دەکەم بۆ ئەوەی داخویانییەکەم درێژ بووەوە بەڵام ئەمن دەمەویست باسی هێندێک لەو تاوانکاریانە بکەم بە دژی مرۆڤایەتی  کە لەوەتا داخویانی سەروەزیری کاروباری دەرەوە لە ساڵی ڕابردوو. ئەو چالاکیانەی لە غوتەی ڕۆژهەڵات  دەکرێن بە تایبەتی ڕاتلەکێنن. وەزاڕەتی کارو باری دەرەوە و وەزارەتی پێشوەچوونی ناونەتەوەیی درێژەیان داوە بە عەولی دووقۆڵی بۆ ئەوەی بگەنە ناوچە ، چ بە شێوەی یارمەتی بە کاروانی ڕاگواستن بۆ یارمەتی دەرمانی و هێنانی برینداران، بە تایبەتی ڕاگواستنی منداڵان لە ناوچە. سەرەڕای ڕێکەوتن ، و سەرەڕای
ئەو دەرفەتانەی کە پێمان گوترا دەدرێن ، ئەو شەریکانەی ئێمە لە سەر ئەرزی واقع کاریان لەگەڵ دەکەین  زۆر بۆیان دژوار بووە کارەکەیان ڕاپەڕێنن – کاروانێکی یارمەتی دوای ئەوەی ئیزن درابوو بچێ تۆپاران کرا. ئێمە بەردەوام دەبین بۆ گوشار هێنان بۆ ئەوەی یارمەتی ئینسانی بەتەواوی بە غوتەی ڕۆژهەڵات بگا، ئێمە هەر وەها چاو لەو ناوچانەی دیکەی سووریاش دەکەین  کە لەوانەیە هەر بە دەست چارەنووسێکی ئەوتۆ وە بناڵێنن ، ئێمە حەول دەدەین دەستەبەر بین هەرچییەکی لە دەستمان دێ بیکەین بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی.  
دوکتور جولیان لویس ( نوێنەری نیو فارست ئیست، پارتیی کۆنسێرڤاتیڤ)، ئەندامی کۆمیتەی بەرگری پارڵمان
سەروەزیری دەوڵەت دۆستێکی شەخسی منە، بەو قسانەی کە دیکەم بە هیچ جۆر مەبەستم ئەوە نییە تواناییەکانی بخەمە ژێر پرسیار، بەڵام ئەمن واقم ووڕ ماوە داخویانییەک کە ناوەرۆکەکەی ئەو هەموو باسی بەرگری دەکا لە لایەن وەزیرێکی بەرگرییەوە پێشکێش ناکرێ و ئەوە ئێستا لە سەر نیوکەتی حکوومەت لە ڕیزی پێشەوە هیچ وەزیرێکی بەرگری نابینین. ئەو دەبێ لێم ببوورێ ئەگەر ئەمن چەند پرسیارێکی ئاڕاستە بکەم  کە ناوەرۆکی بەرگری یان هەیە، یەکەم ، دەکرێ سەروەزیری دەوڵەت ئەو ڕاستیە دابگرێتەوە کە زۆربەی هەرە زۆری ئەو عەمەلیاتە هەواییەی هێزی هەوایی سەلتەنەتی کردوویەتی لە عێڕاق بووە و نەک لە سووریا ، چونکوو لە سووریا هێزی سەر زەوی کەمتر بوون، جگە لە کوردەکان نەبێ ، کە ئێمە هەستمان دەکرد دەتوانین پشتیوانییان لێ بکەین. دووهەم ، ئایا سەروەزیر ئەوە دەزانێ کە ئۆپۆزیسۆنی سووریا ، جگە لە کوردەکان نەبێ ، لە سەرەتاوە تا دوایی ئیسلامیستەکان بە سەریان دا زاڵن، ئەگەرچی هەمووشیان سەر بە داعش نەبن. دوا پرسیارم ئەوەیە گەلۆ ئەو پێی لێ دەنێ کە ئێمە پێداویستیمان بە ستراتێژییەکی واقعبینانە هەیە، لە لایەکەوە باس لە چارەسەرییەکی سیاسی دەکەین ، لە کاتێکدا لە ڕاستیدا تاقە هاوپەیمانمان لە سووریا – واتە کوردەکان – ئێستا کەوتوونەتە بەر هێرش و پەلاماری هاو ئەندامێکمان لە ناتۆ دا واتە تورکیا؟
ووڵامی سەروەزیری وەزاڕەتی پێشوەچوونی ناونەتەوەیی یای پێنی مۆرداونت
ئەمن باشترین حەولی خۆم دەدەم ووڵامی ئەو مژارە بەرگریانە نبدەم کە دۆستی ڕێزدار هێناینە گۆڕێ.  ئەو وەزارەتخانە سەرەکیانەی کە لە حەولەکانی ئێمەوە گلاون هەر کامیان بە نۆرە زانیاری دەدەن بە پارڵمان. لێرە دا هیچ بێ حورمەتییەک بە بەڕێزیان یان بە پارڵمان لە گۆڕێ دا نییە بە نەبوونی وەزیرێکی بەرگری لە ڕیزی حکوومەت دا. وەکوو بەڕێوەبەری کارو باری مرۆڤایەتی حکوومەت ، ئەمن لەو دەرفەتە کەلک وەردەگرم جەخت بکەمەوە سەبارەت بەو تاوانکارییانەی بە دژی مرۆڤایەتی کراوە. ئەمن دەتوانم ئەوە پشت ڕاست کەمەوە کە هەر وەک دۆستی ڕێزدار ئاماژەی پێ کرد زۆربەی هەرە زۆری هێرشە هەواییەکانی ئێمە لە عێڕاق بوون – ١٣٦٢ هێرشی  هەوای کراوە – کە ئەوەش تا ڕادەیەکی زۆر لە بەر تەبیعەتی شەڕەکە بوو. ئەو شەڕە لە قۆناخی جیاواز دا، جیاواز بووە . لە لێدانی ئامانجێکی دیاریکراوەوە بگرە تا کاتێک فڕۆکەیەک هەڵدەفڕێ بۆ چاوەدێری و نەک بۆ بۆمبارانی ئامانج – کارەکە بەو شێوەیە بەڕێوە دەچێ . ئێمە نیگەرانیمان لە سەر جێی خۆیەتی کە عەفرین  ناڕاستەوە خۆ سەرچاوەکان لا دەدا لە سەر حەولی سەرەکی بە دژی داعش. ئەمن دایدەگرمەوە کە ئێمە هێشتا باوەڕمان بە چارەسەرییەکی سیاسی هەیە وەکوو تاقە ڕێ بەرەو پێشەوە
 
ڕابێرت هالفۆن ( نوێنەری هارلۆ ، پارتیی کۆنسێرڤاتیڤ)
ئەمن سپاسی دۆستی ڕێزدار دەکەم  بۆ داخویانییەکەی. بە لەبەرچاو گرتنی ئەو دەورەوە گەورە و واق ووڕهێنەرەی کوردەکان لە هەرێمی ئۆتۆنۆمی کوردستان گێڕیان بۆ حەولدان بۆ تێکشکاندی داعش، ئایا ئەو لە لایەن حکوومەتەوە پێ لەو جێنۆسایدەی دەرحەق بەگەلی کورد کرا دەنێ، ئایا داوای ئەوان بۆ سەربەخۆیی بە ڕەسمی دەناسێ و بۆ ڕاگرتنی تۆپ و تەشەری حکوومەتی بەغدا لە ئاست کوردەکان لە هەرێمی ئۆتۆنۆم دا؟
ووڵامی یای پێنی مۆرداونت سەروەزیری پێشوەچوونی ناونەتەوەیی
ئەمن سپاسی ئاغای ڕێزدار دەکەم بۆ –
رابێرت هالفۆن:  دۆست
پێنی  مۆرداونت: ئەرێ ببوورە . دۆستی ڕێزدارم وەزیری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چاوپێکەوتنی هەبوو  لەگەڵ هەم تورکیا ، و دوێنێ لەگەڵ دوو ئەندامی ئۆپۆزیسیۆنی کورد.  ئێمە گوشارێکی زۆر دەهێنین بۆ کەمتر بوونەوەی ئەوەی لە عەفرین ڕوودەدا، بەشێکی لە بەر ئەوەی حەولدان بۆ شەڕ بە دژی داعش هەتەڵە دەکا.
هیلاری بێن  ( نوێنەری لیدز سنێنتراڵ، پارتیی کرێکار، سەرۆکی کۆمیتەی برگزیت)
ئەمن قسەم دەخەمە پاڵ سەروەزیری دەوڵەت بۆ پێزانین لە ئاست ئازایەتی و فیداکاری گشت ئەوانەی یارمەتیان کرد بە تێکشکاندنی داعش لە سەر زەوی و ئەو کەسانەیان ڕزگار کرد کە داعش یەخسیری کردبوون. بەڵگەی ئەوە ئەوەتا لە پێشانگایەک دا دەبینین کە ئێستا لە ساڵۆنی چاوەڕوانی قاتی سەرەوە دا  ئەم حەوتوویە ڕێک خراوە ، کە تێیدا بەسەرهاتی ئەو ژنە ئێزیدیانە دەگێڕدرێتەوە کە لە حەوڵەکانی داعش بۆ جێنۆساید ڕزگاریان بووە ، ئەو ژنانەی کە ئەزیەت و ئازاری جینسیان چێشت و داعش وەک کۆیلە وەسەریان پەڕی. لەو پێشانگایەدا ئەو بەسەرهاتانە بە ووشە و بە ڕێگای هۆنەر دا دەگێردرێنەوە ، لەکاتێکدا ئەوان خەریکن  لەگەڵ ئەو تەجروبە دڵتەزێنە بسازێن.  ئایا دەکرێ سەروەزیری دەوڵەت بۆ پارڵمانی زیاتر ڕوون
کاتەوە کە چ جۆرە حەولێک دراوە بۆ کۆ کردنەوەی بەڵگە سەبارەت بە جێنۆساید و ئەو تاوانکاریانەی دژی مرۆڤایەتی کە داعش کردوونی، بۆ ئەوەی دواجار ئەوانەی بەرپرس بوون بهێندرێنە بەر دەم عەداڵەت؟
ووڵامی پێنی مۆرداونت سەروەزیری پێشوەچوونی ناونەتەوەیی
ئەمن سپاسی ئاغای ڕێزدار دەکەم بۆ بانگەشە کردنی بۆ ئەو پێشانگە چاوڕاکێشەی لێرە ڕێک خراوە. ئەمن دەزانم زۆر لە هاوکارانمان لە هەر دوو بەری پاڕلمان چوون و چاویان لەو پێشانگەیە کردووە، هەتا بڵێی دڵتاوێنە، ئەوە بە گربڕی و بێ ئەملاو و ئەولا وایە  کە ئێمە ئەو دەرد وکولانەی کێشراون ئاستە بکەین و ئەو بێ بەزەییانەی وا لە هەر دوو ئەو ووڵاتانە کراون لە ماوەی ئەو کێشەیە دا. پێڤاژۆی ئاشکرا بۆ ئەوە دەکرێ. ئەوەش هەر وەها گرینگە ئێمە چاومان بە سەر ئەو تاوانکاریانەوە بێ کە بەدژی مرۆڤایەتی دەکرێن و بەڕێوە دەچن، نەک هەر بە دەست داعش ، بەڵکوو بە دەست گرووپەکانی دیکەش کە ئەمن لە داخویانییەکەم دا ئاماژەم پێ کرد. لە زانیاری دانی داهاتوو بە پارڵمان دا ، ئێمە لەوانەیە بتوانین زانیاری زیاتر لەگەڵ پاڕڵمان بەش بکەین سەبارەت بەو بەڵگانەی کە کراوە کۆ بکرێنەوە چ بە شێوەی وێنە یان لێکۆڵینەوەی تاوانکاری.
تام برەیک  ( نوێنەری کارشالتن و والینگتن، لە پارتیی لیبڕاڵی دێمۆکڕات)
با ئەمنیش بە نۆرەی خۆم لە گەڵ ڕێزلێنان لە بیرەوەری ئاننا کەمپل بکەوم و سەرەخۆشی بکەم لە بنەماڵەکەی وەک ئەوانیدی کە لەم گەنگەشەیە دا کردن.  هەر وەها با پێزانی خۆشم ڕابگەێێنم لە مەر ئەو زانیاریدانە  بەردەوامانەی کە سەروەزیری دەوڵەت و وەزیرەکانی دیکە لە بەر دەست ئەم پاڕلمانەیان ناوە. ئەوە گرینگە کە ئەندامانی پاڕڵمان بزانن کە هێزە بریتانیاییەکان لە هەندەران چ دەورێک دەگێڕن و یارمەتی بریتانیایی بۆ چی تەرخان دەکرێ. ئایا دەکرێ سەروەزیری دەوڵەت ڕوونتر ئەوە پشتڕاست کاتەوە ئەوەی کە ئەمن پێم وایە گوتی کە پێی وایە کردەوەی تورکیا لە عەفرین سەدەمە دەگەیێنێ بە شەڕی دژی داعش؟ ئایا ئەو دەتوانێ پێمان بڵێ  داخودا کۆمیتەی ناونەتەوەیی خاچی سوور دەتوانێ دەستی بەوێ ڕابگا؟ چونکوو نیگەرانی ئەوە هەیە ژە هیلالی سووری تورکیا نەتوانێ ئەوە بکا بە شێوەیەکی جێی باوەر. ئایا ئەو دەیەوێ ئەو دەرفەتە بە کار بهێنێ بۆ پشتڕاست کردنەوەی ئەوەی کە سەرەڕای گێرە و کێشە سەرەکییەکانی ئاکسفام و دەستگاکانی دیکەی ئاوا ، ئەوە نموونەیەکی باشە کە ئەوان دەتوانن تێیدا یارمەتیی بەرچاو بکەن بۆ پێوەچاران بە قەیرانێکی ڕاستەقینەی ئینسانی؟
ووڵامی یای پێنی مۆرداونت سەروەزیری پێشوەچوونی ناونەتەوەیی
بە گردبڕی [ ئەو کارەی تورکیا]  ناڕاستەوخۆ کارادانەوەی هەیە لە سەر شەڕی بە دژی داعش بەتایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ گواستنەوەی سەرچاوە  لە ناوچەی دۆڵی فوراتەوە. هەتا ئێستا خاچی سووری ناونەتەوەیی  دەستی وێرانەگەیشتووە ، بەشێکی زۆری لە بەر ئەوەی لە ناوچەکە دا مادەی تەقەمەنی چێندراوە . دۆستی ڕێزدارم وەزیری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوخوازی کردووە کە ئیزن بدرێ بە چوونی کۆمیتەی ناونەتەوەیی خاچی سوور. ئەندامی نوێنەی کارشاڵتن و والینگتن ( تام بڕەیک )  لەوە دا قسەکەی ڕاستە کە دەڵێ  کە ئێمە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە شەریکان کار دەکەین. لە ڕاستیدا، ئەگەرچی ئێمە ڕاستەوڕاست سەرچاوەی دارایی ڕێکخراوی ئاکسفام دابین ناکەین ، بەڵام ئەو دەستگایە کاری زۆر گرینگ دەکا لە هەرێمکە دا و یاریدە دەکا بە پاراستنی ژیانی خەڵک. ئێمە قەرزداری ئەو کەسانەین کە هەلومەرجی زۆر بە مەترسیدا کار دەکەن و بەڕاستی هەتا بڵێی شوکرانە بژێریانین. 
یای دایانا جانسن ( نوێنەری کینگستن ئەپان هۆل نۆرس، پارتیی کرێکار)
نزیکەی دوو ساڵ لەوە پێش لە، مانگی ئاوریلی ساڵی ٢٠١٦، ئەو پارڵمانە بە ئەندامانی حکوومەت و ئۆپۆزیسۆنەوە  دەنگی دا بۆ ئەوەی ئەو ڕەفتارەی لەگەڵ ئێزیدییەکان و مەسیحییەکان کراوە وەک جێنۆساید بە ناو بکرێ. ئایا دەکرێ سەوەزیری دەوڵەت زانیاری بدا بە پارڵمان کەنگێ ئەو پێی وایە حکوومەتی بریتانیا ئەو ڕەفتار وەک جێنۆساید بە ڕەسمی دەناسێ؟
ووڵامی وەزیری پێشوەچوونی ناونەتەوەیی پێنی مۆرداونت
ئەمن لەگەڵ نیگەرانی یای ڕێزدار هەم. ئەو تاوانکارییانەی بە دژی ئەو خەڵکانە کراون دڵتەزێنن. هەر وەک ئەو دەزانێ، دانانی شتێژ بە جێنۆساید  شتێک نییە کە حکوومەتێک بتوانێ بیکا – پێڤاژۆیەکی ناونەتەوەیی هەیە بۆ ئەوەی شتێک بە جێنۆساید بەناو بکرێ – بەڵام ئەمن خۆشحاڵم زانیاری لە بەر دەست بنێم ڕەنگە بە رێگای نامە ، کە بەرنامەی پێڤاژۆیەکی ئەوتۆ دەکرێ چۆن بێ.
پاول سوینی ( نوێنەری باکووری ڕۆژهەڵاتی گڵاسگۆ، پارتیی کرێکار)
ئەمن چەند حەوتوو لەوە پێش مژاری عەفرینم لەگەڵ سەروەزیری کاروباری دەرەوە هێنا گۆڕێ  و داوام لێکرد دەستەبەر بێ لە چاوپێکەوتنانەی دا کە لەگەڵ حکوومەتی تورکیا و هاوپەیمانەکانمان لە ناتۆ دا دەیبێ داوا بکا ڕێز لە قانوونی کێشەی چەکدارانە بگرن لە پێوەندی لەگەڵ خەڵکی مەدەنی دا لە عەفرین. ئایا دەکرێ سەروەزیری دەوڵەت زانیاری بد بە پارڵمان سەبارەت بەو قسانەی حکوومەت کردوویە لە گەڵ هاوتا تورکەکانیاندا بۆ پاراستنی بەردی بناغەی سیاسەتی ناتۆ و قانوونی کێشەی چەکدارانە ، و پاراستنی خەڵکی مەدەنی؟
ووڵامی پێنی مۆرداونت سەروەزیری پێشوەچوونی ناونەتەوەیی
وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە لە قسە کردن بەردەوامە. ئی هەرە دوایی دۆستی ڕێزدار وەزیری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست حەووتووی ڕابردوو لە تورکیا بوو و لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیری ئەوێ قسەی کرد.
ئالێکس نۆریس ( نوێنەری ناتینگهام نۆرس، لە پارتیی کرێکار)
سەروەزیری دەوڵەت ئاماژە دەکا بە دەرد وکولی خەڵکی سووریا، ئایا ئەو لەتەک دەنگدەرانی من هاو ڕایە کە جومعەی پێشوو هاتن بۆ دەفتەرەکەی من و دەیانگوت ئەو دەردو کولە لەبەر ترسەنۆکی حکوومەتی بریتانیا لە ئاست هێرش و دەستدرێژی تورکیا بۆ باکووری سووریا ئەوەندەی دیکەش خراپتر بووە؟
وەزیری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ( ئالستر برت)
 ڕەنگە دەنگی ساڵی ٢٠١٣ پێوەندییەکی بەوەوە هەبێ،
ووڵامی سەروەزیری پێشوەچوونی ناونەتەوەیی پێنی مۆرداونت
بەڵێ، دۆستی ڕێزداری من ئاماژە دەکا بە پرسیارەکە. ئەندامانی ڕێزدار لە هەر دوو بەری پارڵمان لەوە پەشیمانن کە ئێمە بژاری کردەوەی عەسکەتمان لە سەر مێز لا برد لە دەنگدانی ساڵی ٢٠١٣ دا. ئەوە دەنگێک نەبوو بۆ گرتنە بەری کردەوەی عەسکەری؛ لە ڕاستیدا ، ئەوە بەڵێنێک بوو کە ئەگەر حەول بدرێ بۆ کردەوەی عەسکەری  حکوومەت دیسان ڕوو بکاتەوە پارڵمان و داوای لێ بکا دەنگی لە سەر بدا. ئەوەی ئێمە ئەو ڕۆژە کردمان ئەوە بوو کە بژاری ئەم ووڵاتەمان بۆ شان وەبەردانی کردەوەی عەسکەری وەلا برد. ئەوە دەرسیكە فیرمان دەکا کە جار جار بێ کردەوەیی ووڵامێکی دروست نییە.
جاناتان ئێدواردس ( نوێنەری کارمارتنی ڕۆژهەڵات و دینەور، پارتیی پڵاید کامری (پارتیی نیشتمانیی وەیلز)
پاسگ هاپوس یاون ئی چی – پاسکالێکی خۆشت بۆ داوا دەکەم، بەڕێز جێگری سەرۆکی پارڵمان.
جێگری سەرۆکی پارڵمان ( سێر لیندسەی هۆیل) بۆ ئێوەش هەر وەتر
جاناتان ئێدواردس: سپاست دەکەم.  دوای چاو خۆ گرتن و خۆ کوێر کردن لە پەلاماری قێزەوەنی تورکیا بە دژی کوردەکان لە ئەستانی عەفرین، ئایا ئێستا حکوومەتی بریتانیا بێ ئەملاوئەولا مەبەستی ئەرتەشی تورک مرحکووم دەکا بۆ درێژە دان بە هێرش و دەستدرێژییەکان بۆ ئیدلیب ، مەنبج و کۆبانێ، و هەتا دەگاتە سنووری عێڕاق؟  ئێستا کە تورکیا ڕاستەو ڕاستە عەمەلیاتی دژی داعش بنکۆڵ دەکا ، بەلانی کەمەوە ناکرێ حکوومەتی بریتانیا چەک فرۆشتن بەو ووڵاتە ڕابگرێ؟
ووڵامی پێنی مۆرداونت سەروەزیری پێشوەچوونی ناونەتەوەیی
ئەمن هەتا ئێستا زۆرم باسی عەفرین کرد ، ئەمن لەگەڵ ئەو قسەیەی ئاغای ڕێزدار نیم کە حکوومەت چاوی خۆی لەوە گرتبێ – تەواو بە پێچەوانە،. هەر حەوتووی ڕابردوو دۆستی ڕێزدار وەزیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ ئەندامانی حکوومەتی تورک قسەی کرد سەبارەت بەو مژارانە. 





















No comments: