Tuesday, November 13, 2018

وتووێژی بەدران دەرە لەگەڵ مەسعوود تەک سەرۆکی پارتیی سۆسیالیستی کوردستان

 وتووێژی بەدران دەرە لەگەڵ مەسعوود تەک سەرۆکی پارتیی سۆسیالیستی کوردستان
سەبارەت بە پلاتفۆرمی زمان و هاوکاری پارتی و ڕێکخستنەکانی باکووری کوردستان لەوبارەیەوە
بەرنامەی نووچەیێ شەوێ ، شەمە ١٠ی نۆڤامبری  ٢٠١٨ ، ستێرک تیڤی

بەدران دەرە:  سەبارەت بە پلاتفۆڕمی زمانی کوردی بەڕێز مەسعوود تەک لە سەر خەتی تەلەفۆنی ئێمەیە بەڕێز مەسعوود تەک شەو باش .

مەسعوود تەک: شەوباش، برا

بەدران دەرە:  ئێستا ئەوە ٩ پارتی کورد لە دەوری یەکدی کۆ بوونەتەوە ، ئێوە پڵاتفۆڕمی زمانی کوردیتان ساز کردووە، خێری پێوە بێ. بەڕێز تەک چۆن بوو ئێوە لە وەختێکی ئاوا دا بڕیارێکی ئەوتۆتان دا ؟  داخودا مەترسی لە سەر زمانی کوردی زیاتر هەست پێ دەکرێ ؟

مەسعوود تەک:  بێگومان مەترسی لە سەر زمانی کورد، مەترسی بۆ نەهێشتنی زمانی کوردی  هەمیشە هەبووە، لە دامەزراندنی دەوڵەتی تورکەوە هەتا ئەمڕۆ هەبووە. دەوڵەتی تورکیا هەوڵی داوە بەهەموو شێوەیەک کوردان بتوێنێتەوە  و زمانی کوردی کوێر کاتەوە و لە بیری بەرێتەوە.لەو دواییانە دا بێگومان حەولی تورکیا زۆر زیاتر بووە. هەرچەند لە سەر دەمی حوکمی ئاک پارتی لەمەر زمانی کوردی هێندێک هەنگاویش  هەڵگیرابێ ، وەک دامەزراندنی هێندێک ئەنیستیتوویان لە هێندێک زانکۆیان  و دەست بەکار کردنی تەڕەتە شەش یان خوێندنی زمانی کوردی وەکوو دەرسێکی بژاردە ، لەگەڵ ئەوانەشدا مەترسی لە سەر ئەو زمانە هەر هەبووە و ئەو مەترسییانە کارێکی وایان کرد پارتییە کوردستانییەکان زیاتر حەول بدەن بۆ پاراستنی زمانی کوردی و بۆ پەرەپێدانی کاروخەباتی خۆیان لەو بوارە دا

 دەرە: بەڕێز تەک ، لە نێو ئامانجەکانی  پلاتفۆڕم دا دوو بڕیاری گرینگ هەن یانی کوردی ببێتە زمانی ڕەسمی ، کوردی ببێتە زمانی پەروەردە. داخودا ئێستا حکوومەتی تورک ، ئاکەپە چەندە ئامادەیە بۆ ئەوە؟

 تەک: مەسەلە ئەوە نییە کە ئەو چەندە ئامادەیە و چەندە ئامادە نییە. مەسەلە ئەوەیە ئەوە داوخوازێکی ڕەوایە، مافی گەلی کوردە، مافی خۆزایی یە، مافی سروشتی یە ، مافی بنەڕەتی یە ، بۆیە ئێمە دەبێ کارو خەباتی خۆمان بکەین. ئەو مەسەلەیە واتە مەسەلەی کوردی و مەسەلەی پەروەردەی زمانی کوردی و بوونی کوردی وەکوو زمانی ڕەسمی خەباتێکی دوور و درێژی دەوێ و تا ئەو کاتەی گەلی کورد لە ووڵاتی خۆی، لە باکووری کوردستانێ ستاتوسێکی سیاسی بە دەست دێنێ هەر بەردەوام دەبێ.

دەرە: ئەو شتانەی کە ئێوە وەکوو پێش کەوتن باستان کرد  بۆ وێنە کرانەوەی تێلێڤیزیۆنی کوردی لە تەڕەتە دا و هێند شتی دیکە  کە زمانی کوردی لە هێندێک جێ قسەی پێ دەکرا، داخودا ئاکەپە ئەو شتانەی بۆ بەرژەوەندی خۆی کرد یان لە ڕاستیدا و بەدڵ ئەوەندە پێشوەچوونەی ڕەخساند، ئەگەر مرۆڤ بتوانێ ناوی پێشوەچوونی لێ بنێ.

تەک: بێگومان هەموو حکوومەتێک وەختێک شتێک دەکا، بێگومان بەرژەوەندییەکانی پارتی خۆی لە بەر چاو دەگرێ. ئەو شتانەی کە من باسم کردن تەنێ هەر بۆ بەرژەوەندی ئاک پارتی نەبوون، بەڵکوو  نەتیجەی خەباتی پارتییە کوردییەکان بوو لە پێناو زمانی کوردی دا و هەر وەها لە بەر پێواژۆی داوخوازی تورکیا بۆ ئەندامەتی لە یەکێتی ئورووپاش لەو ڕووەوە بێ تەئسیر نەبوو. ئەوانە  هەموو لە سەر یەک کارێکی ئاوای کرد ئاک پارتی هەنگاو هەڵێنێتەوە و بێگومان سەبەبی بنەڕەتی، هۆکاری بنەڕەتی خەباتی گەلی کورد و خەباتی ڕووناکبیر و نووسەری کوردە کە سەرەڕای ئەو حەمووە زۆر و زۆردارییە ، لەگەڵ ئەو هەموو تەحەدایەش دیسان بۆ بەرەوپێشبردنی زمانی کوردی ، بەرەوپێشبردنی فەرهەنگی  کوردی کارو خەباتیان کردووە.

دەرە: دیارە ئەو هەڵوێستەی ئێوە گرینگە. ئێوە دەڵێن حکوومەتی تورکیا هەڵوێستی هەرچی دەبێ بڵاببێ ئێمەی کورد دەبێ زمانی خۆمان وەپێش خەین بۆ ئەوەی ببێتە زمانی پەروەردە ، و ئەوەی کوردان دەناو خۆیاندا قسەی پێ بکەن. بەڵام ئەو پرسیارە دێتە پێشێ داخودا بۆ وەدی هاتنی ئەو ئاواتە زەمینەی  ئەوە لە باکووری کوردستان دا چەندە ئامادەیە ؟ وشانخانەی کوردی، مامۆستا، پرۆفێسۆر، کتێب ، یانی ئامراز بۆ پەروەردەی کوردی چەندە هەیە ؟ بنچینەی ئەوە چەندەیە ؟

 تەک: بێگومان لە بەر ئەوەی کورد خاوەنی ستاتووسێکی نەتەوەیی نین و خاوەنی ستاتوسێکی سیاسی نین  ئەوان دەبێ خۆیان ؛ پارتی سیاسی ، هونەرمەند، ڕووناکبیر و نووسەری کورد دەبێ بۆ خۆیان و بە هیمەتی خۆیان کاری خۆیان بکەن.  ئەو ئامرازانەی کە ئێوەی بەڕێز باسی دەکەن  دەبێ ئێمە خۆمان ئامادەیان کەین ، یانی لەگەڵ ئەوەشدا کە حکوومەتی تورکیا پێشی هێند تێلێڤیزیۆنی کوردی دەگرێ و ناهێڵی و قەدەغەیان دەکا و ڕۆژنامەی کوردی قەدەغە دەکا و ئەو سازییانەی کە بۆ پێوەچاران بە زمانی   کوردی کار دەکەن قەدەغە دەکا ، بەڵام ئەو خەباتە هەر بەردەوام بووە و بەردەوامیش دەبێ و وەک ئەوەێ من ئێستا گوتم  هەڵویستی دەوڵەتێ هەرچی دەبێ بڵا ببێ ، بەر لە هەموو شت ئەرکی ئێمەیە خاوەنداری لە زمانی خۆمان بکەین. لە ناو خەڵک دا، لە نێو پارتییەکانی خۆمان دا ، لە ناو کۆڵان و بازاڕ دا ، بە زمانی خۆمان قسە بکەین و حەول بدەین میللەتی خۆشمان تەشویق بکەین بۆ ئەوەی بە زمانی خۆی قسە بکا. ئەوە لایەنێکی مەسەلەیە، لایەنێکی دیکە بێگومان ناسینی زمانی کوردییە وەک زمانی ڕەسمی ، زمانی فەرمی  و بەکارهێنانی زمانی کوردی لە هەموو قۆناغەکانی پەروەردە دا. هەر وەها ئەوە داوخوازێکی سیاسییە ، هەر لە بەر ئەوەشە پارتی و ڕێکخستنە کوردستانییە سیاسییەکان دەبێ زیاتر خەبات بکەن بۆ گەیشتن بەو ئامانجە . بۆیە ئەو ۆرک شۆپەی ئێستا لە دیاربەکر هەنگاوێکی زۆر گرینگە ، گەلێک گرینگە  و دەسپێکێکی باشە و ئەمن هیوادارم ئەو دەسپێکە بۆ وەدەست خستنی مافە دێمۆکڕاتیکەکانی گەلی کورد  ببێتە زەمینەیەکی باش.

 دەرە: بەڕێز مەسعوود تەک، دیارە پاراستنی زمانی کورد تەنێ  دەردی کوردەکانی باکوور نییە. پڕۆژەی ئاواتان هەیە سەبارەت بەو مژارە لەگەڵ کوردیی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش پێوەندی بکەن  یان لەگەڵ ئەو ڕووناکبیرانەی کە لە دەرەوەی ووڵاتن پێوەندیی دامەزرێنن بۆ ئەوەی یارمەتیتان بدەن ؟

 تەک: بێگومان وەک گوتم ئەوە دەسپێکە. وەکوو هەموو دەسپێکێک ئەو کارەش کەموکووڕی خۆی هەیە و تەواو نییە. مەسەلەکە لە هەموو ڕەهەندێکەوە نەکەوتووەتە بەر موناقەشە. تا ئەو جێ من دەزانم ئێستا پێوەندی کردن لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستان دا مومکین نییە. بەڵام لە ۆرک شۆپ دا باسی ئەوە کراوە هێندێک ڕووناکبیر و پسپۆڕ کە لە دەرەوەی ووڵاتن  دەبوو بەشدارییان کرد با. بەشداریی نەکردنی وان   وەکوو کەمایەسییەک دەستنیشان  کرا و دوای ماویەکی دی کۆنفڕانسێکی زۆر گەورەتر و  بەرفرەوانتر دەبەسترێ بۆ ئەوەی ئەو پسپۆڕانەی لە دەرەوەی کوردستانن ئەوانیش بێن و ببن بە بەشێک لەو خەباتە.

 دەرە: بەڕێز  تەک ئایا ڕێکخستن و کۆمەڵەی کوردستانی ئاوا هەبووە کە ئێوە پێوندیتان پێوە کردبن ، بەڵام نەهاتبن و لەو کارەی ئێوە دا بەشدارییان نەکرد بی؟ بۆ وێنە ئەو پارتییەی کە پێشتر لە ئێوە نزیک بوو. داخودا  حەق پار لەو ۆرک شۆپە دا تا چەندە جێ دەگرێ، بەشداری دەکا؟

تەک: ئەو جۆرەی گوتراوە و لە مێدیای کوردیش دا بڵاو کراوەتەوە حەق پار نەهاتووە و بەشدار نەبووە و ئەو کۆمیتەیەی  کە چووە و دانوستاندنی لەگەڵ کردوون بۆ ئەوەی ئەوانیش بەشدار بن ، بەڵام نەهاتوون  و سەبەبی نەهاتنیان چییە چ نییە باشترە لە وان خۆیان پرس بکرێ.  و ووڵامی ئەو پرسیارە لای وانە، ووڵامی ئەو پرسیارە لای من نییە.

 دەرە: مەبەستم بوو ئەوە بزانم ئێوە وەک خاوەنی دەستپێشخەری ، ئەو رێکخستنانەی کە پێوەندیتان  لەگەڵ کردن و نەهاتن  و ئەوە ناوی ئەوان هاتە  گۆرێ.

 تەک: دیارە وەکوو پارتیی سۆسیالیستی کوردستان پێوەندی لەگەڵ ئەوان نەکراوە.ئەگەر پێوەندییەک گیرا بێ ئەو کۆمیسیۆن یان کۆمیتەیەی  کە بۆ ئامادە کردنی ئەو ۆرک شۆپە پێک هات پێوەندی پێوە کردوون.   چەندێک لەوە پێش لە کۆنفڕانسێکی چاپەمەنی دا ڕۆژنامەوانێک هەمان پرسیاری ئێوەی کرد بوو بەرپرسی ئەو کۆمیتەیە ووڵامی دابووەوە و گوتبووی پێوەندییان لەگەڵ کراوە و ئەوان گوتوویانە ئێمە بەشدار نابین.

دەرە: بەڕێز مەسعوود تەک سەرۆکی پەسەکە مادام ئێوە لە سەر خەتن با پرسیارێکی دیکەشتان لێ بپرسم لە سەر بابەتێکی دی بەر لەوەی ماڵاوایتان لێ بکەین. ئێستا هەڵبژاردنی هەرێمی لە ڕۆژەڤ دایە . ئێوە وەکوو پارتیی سۆسیالیستی کوردستان  هەڵوێستتان لەو بارەیەوە چییە؟

 تەک: ئێمە بە کاندیدای سەربەخۆ لە هەڵبژاردن دا بەشداری دەکەین.

 دەرە: باشە ، ئێوە کاندیدای سەربەخۆتان دەبێ و پارتییەکەتان بڕیارێکی  داوە. سپاستان دەکەین بۆ بەشداریتان لەو  وتووێژە  تەلەفۆنییە دا.

تەک: ئەمنیش گەلێک سپاستان دەکەم کاک بەدران ، ماڵتان ئاوا بێ.

دەرە: زۆر سپاس، شەو باش

کردنە کوردیی سۆرانی : حەسەن قازی
ژێدەر: نووچەیێ شەوێ، شەمە ١٠ی نۆڤامبری ٢٠١٨، سەعات  ٩ی شەو. ستێرک تیڤی

No comments: