Friday, November 16, 2018

ڕەشنووسی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆن لە مەڕ تورکیا بۆ ساڵی ٢٠١٨


پاڕڵمانی ئوڕووپا ، کۆمیتەی کاروباری دەرەوە ٢٠١٨

ڕەشنووسی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆن لە مەڕ تورکیا  بۆ ساڵی ٢٠١٨

ڕاپۆرتۆر : کاتی پیری

پێشنیار بۆ بڕیارنامەی پارڵمانی ئوڕووپا سەبارەت بە ڕاپۆرتی کۆمیسیۆن لە مەڕ تورکیا بۆ ساڵی ٢٠١٨

-بە لەبەر چاوگرتنی بڕیارنامەکانی پێشووی ، بە تایبەتی بڕیارنامەکانی ٢٤ی نۆڤامبری ٢٠١٦ سەبارەت بە پێوەندییەکانی یەکێتیی ئوڕووپا – تورکیا ، و ئی ٢٧ی ئۆکتۆبری ٢٠١٦ سەبارەت بە بارودۆخی ڕۆژنامەنووسان لە تورکیا ، و بڕیارنامەی ٨ی فێوریەی ٢٠١٨ سەبارەت بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە تورکیا،
-بە لەبەر چاوگرتنی پێوەندیی گرتنی کۆمیسیۆنی ئوڕووپا لە ١٧ی ئاوریلی ٢٠١٨ لەگەڵ پارڵمانی ئوڕووپا، شووڕای ئوڕووپا، کۆمیتەی ئابووری و کۆمەڵی ئوڕووپا و کۆمیتەی هەرێمەکان سەبارەت بە سیاسەتی گەورەکردنی یەکێتیی ئوڕووپا ((COM (2028)0450 بۆ ڕاپۆڕتی ٢٠١٨ لەمەڕ تورکیا ، و لەمەڕ نامەی ستڕاتێژی هەموارکراوی پیشاندەری لەمەر تورکیا (٢٠٢٠ -٢٠١٤) ، کە لەمانگی ئووتی ٢٠١٨ پەسند کرا،
-بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئەنجامانەی سەرۆکایەتی کۆمیسیۆن لە ١٣ی دیسامبری ٢٠١٦ و ٢٦ی ژووەنی ٢٠١٨ [ڕایگەیاند] ، و ئەنجامنامەکانی شووڕای پێوەندیدار و ئەنجامنامەکانی شوورای ئوڕووپا،
 
-بە لەبەر چاوگرتنی چوارچێوەی موزاکەرە لەمەڕ تورکیا ئی ٣ی ئۆکتۆبری ٢٠٠٥،
-بە لەبەرچاوگرتنی بڕیاری ژمارە 2008/157/EC لە بەرواری ١٨ی فێورییەی ٢٠٠٨ سەبارەت بە پرێنسیپەکان، سەرەتییەکان و ئەو هەلومەرجانەی کە لە  شەریکایەتی لەگەڵ کەوتن هەبوون لە تەک کۆماری تورکیا دا  ('شەریکایەتی لەگەڵ کەوتن') ، و بە گەڕانەوە سەر بڕیارەکانی پێشووی شووڕا ئی ساڵانی ٢٠٠١،٢٠٠٣  و ٢٠٠٦ سەبارەت بە شەریکایەتی لەگەڵ کەوتن،
-بە لەبەرچاوگرتنی داخویانی هاوبەش بە دوای کۆبوونەوەی لووتکەی یەکێتیی ئوڕووپا – تورکیا  لە ٢٩ی نۆامبری ٢٠١٥، و پلانی کردەوەی  یەکێتیی ئوڕووپا- تورکیا ،
-بە لەبەر چاوگرتنی ئەو ڕاگەیاندنانەی لە لایەن کۆمەڵگەی ئوڕووپا و دەوڵەتە ئەندامەکانی لە ٢١ی سێپتامبری ٢٠٠٥ دەر کرا، لە وانە ئەو مادانەی باسی ئەوە دەکەن کە ناسینی گشت دەوڵەتە ئەندامەکان شەرتێکی جیانەکراوەیە بۆ موزاکەرە لە سەر ئەندامەتی، و هەر وەها پێویستی ئەوەی کە  تورکیا پرۆتۆکۆلی لێ زیادکراوی ئانکارا، بە تەواوی جێ بە جێ بکا، بە لابردنی گشت چەت و بەرهەلستی ڕاگوێستنی ئازادانەی کەلوپەل بە بێ پێشداوەری و دووچاوکی لەگەڵ کردن،
-بە لەبەر چاو گرتنی جاڕنامەی یەکێتی ئوڕووپا لە مەڕ مافە بنەڕەتییەکان ،
-بە لەبەرچاوگرتنی مادەی ٤٦ی پەیماننامەی ئورووپا لە مەڕ مافی مرۆڤ (ECHR)، کە ڕادەگەیێنێ واژۆکارانی ئەو پەیماننامەیە داوەریی کۆتایی دادگەی ئوڕووپایی مافی مرۆڤ (ECtHR) لە سەر هەر کەیسێک کە پای ئەوان بگرێتەوە ڕەچاو دەکەن،
-بە لەبەرچاو گرتنی بیروڕاکانی شووڕای ئوڕووپا لە کۆمیسیۆنی وێنیز، بە تایبەتی ئی ١١ -١٠ ی مارسی ٢٠١٧ سەبارەت بە ئەوەی کە لە مەڕ مادەی زیاد کراو لە قانوونی بنچینەیی دا ڕێفراندۆم بکرێ، هەر وەها سەبارەت بەو هەنگاوانەی هەڵێنرانەوە سەباەرت بە قانوونەکانی ئەم دواییانەی باری نائاسایی لە پێوەندیی لە گەڵ ئازادیی مێدیا لە مەڕ ئەرک ، لێوەشاوەیی و هەڵسووڕانی داوەرێتیی لە مەڕ تاوانکاری لە سەردەمی ئاشتی دا ، ئەوانەی لەمەڕ ٧-٦ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧ لە مەڕ مادەکانی فەرمانی قانوونی ژمارە ٦٧٤ سەبارەت بە بەکارهێنانی دێمۆکڕاسی خۆجێیی، ئەوانەی وا لە ١٠-٩ ی دیسامبری  ٢٠١٦ پەسند کران لەمەڕ فەرمانی نائاسایی قانوونەکانی ژمارە ٦٧٦ -٦٦٧ کە بە دوای کودەتای سەرنەکەوتووی  ١٥ی ژووییەی ٢٠١٦ پەسند کران ، و هەر وەها ئی ١٥-١٤ ی  ئۆکتۆبری ٢٠١٦ لە مەڕ هەڵپەساردنی پاڕاگڕافی دووەمی مادەی ٨٣ی قانوونی بنچینەیی ، کە جەخت دەکا لە سەر سیانەتی پارڵمانی.
-بە لەبەرچاو گرتنی داخویانی کۆمیسەری مافی مرٶڤی شووڕای ئوڕووپا لە ٢٦ی ژووییەی ٢٠١٦ لەمەڕ ئەو هەنگاوانەی کە لە کاتی داسەپاندنی باری نائاسایی لە تورکیا هەڵهێندراونەتەوە،
-بە لەبەرچاوگرتنی دۆزینەوە و ئەنجامەکانی OSCE/ODIHR میسیۆنی هەڵسەنگاندنی پێویستییەکان لە مەڕ هەڵبژاردنە پێشووەختەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و پارڵمانی ٢٤ی ژووەنی ٢٠١٨،
-بە لەبەرچاو گرتنی بڕیارنامەی ٢١٥٦ ی ئەنجومەنی پارڵمانی شووڕای ئوڕووپا (PACE)  بە ناوی ' هەڵسووڕانی ئەنیستیتووە دێمۆکڕاتیکەکان لە تورکیا، ئی بەرواری ٢٥ی ئاوریلی ٢٠١٧ ، کە گەیشتە دیسان کرانەوەی پێواژۆی چاوەدێری ،
-بە لەبەرچاوگرتنی داخویانی یەکێتیی ئوڕووپا –تورکیا لە ١٨ی مارسی ٢٠١٦،
-بە لەبەرچاوگرتنی پێوەندیی کۆمیسیۆن لە ٢ی مارسی ٢٠١٧  لە گەڵ پارڵمانی ئوڕووپا و لەگەڵ شووڕا سەبارەت بە یەکەم ڕاپۆرتی ساڵانە سەبارەت بە هاسانکاری بۆ پەنابەران لە تورکیا 0130)((COM(2017 ، بۆ پێوەندیی گرتنی کۆمیسیۆن لەگەڵ  پارڵمانی ئوڕووپا و شووڕا لە ١٤ی مارسی ٢٠١٨  سەبارەت بە دووەم ڕاپۆرتی ساڵانە سەبارەت بە هاسانکاری بۆ پەنابەران لە تورکیا   0091)(COM(2017  ) ، و سەبارەت بە پێنجەمین ڕاپۆرتی کۆمیسیۆن  لە ٢ی مارسی ٢٠١٧  بۆ پارڵمانی ئوڕووپا ، شووڕای ئوڕووپا و شوورا ، سەبارەت بەو پێشوەچوونانەی کراون لە مەڕ جێ بە جێ کردنی  داخویانی یەکێتیی ئوڕووپا – تورکیا  0130 )(COM (201
-بە لەبەرچاوگرتنی ئامۆژگاری کۆمیسیۆن لە ٢١ی دیسامبری ٢٠١٦ لە مەڕ بڕیارێکی شووڕا کە ئیزن دەدا بە دەسپێکردنەوەی موزاکەرە لەگەڵ تورکیا لەمەڕ ڕێکەوتن لە سەر درێژ کردنەوەی شەریکایەتی دوولایەنەی بازرگانی و لەمەڕ تازە کردنەوەی یەکێتیی گومرگی ،
-بە لەبەر چاو گرتنی  ڕاپۆرتی تایبەتی " یارمەتی یەکێتیی ئوڕووپا بە تورکیا بەر لەئەندامەتی: تا ئێستا ئاکامی بەرتەسک وەرگیراوە" لە لایەن دادگای لە حیساب کۆڵینەوەی ئوڕووپا  بەرواری ١٤ی مارسی ٢٠١٨،
-بە لەبەرچاو گرتنی ئەو ڕاستییەی کە کۆمیتەی هاوبەشی پارڵمانی یەکێتیی ئوڕووپا – تورکیا  (JPC) ٧٧ هەمین کۆبوونەوەی خۆی لە ٢٨ی ئاوریلی ٢٠١٨ لە بروکسێل پێک هێنا کە لە مێژبوو چاوەڕاون دەکرا، و دوای ٣ ساڵ ڕاگیرانی پێوەندیی نێوان پارڵمانەکان ،
-بە لەبەرچاو گرتنی ئیندێکسی ئازادیی چاپەمەنی جیهان لە ساڵی ٢٠١٨ کە ڕۆژنامەنووسانی بێ سنوور بڵاوی کردووەتەوە ، و تێیدا تورکیا لە کۆی ١٨٠ ووڵاتان لە ڕێزی ١٥٧ دایە ،
-بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە ڕێز گرتن لە حوکمی قانوون و مافە بنەڕەتییەکان ، لەوانە جودایی دەسەڵاتەکان ، دێمۆکڕاسی ، ئازادیی بەیان، مافی مرۆڤ، مافی کەمایەتییەکان و مافی دینی، مافی کۆبوونەوە و ئعترازی ئاشتییانە ، مووڕەگەی پێواژۆی موزاکەرەن ،
-بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی ، کە لە مانگی نۆامبری ٢٠١٦ دا، پارڵمان داوای لە کۆمیسیۆن و دەوڵەتانی ئەندام کرد کە بە شێوەی کاتی ئەو موزاکەراتەی کە لەمەڕ ئەندامەتی تورکیا  لەگەڵی دەکرا  ڕابگرن تا ئەوەی کە بەرعۆدە دەبێ بە هەڵوێستی خۆی دابێتەوە لە مەڕ ئەوهەنگاوە زیادەڕۆییانەی کە لە ژێر باری نائاسایی دا لە تورکیا هەڵێندراونەتەوە و لایان دەبا،
-بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە لە ژووییەی ٢٠١٧ دا پارڵمان داوای لە کۆمیسیۆن و دەوڵەتانی ئەندام کرد ، کە بەپێی چوارچێوەی موزاکەرە ، بە ڕەسمی موزاکەرە لە مەڕ ئەندامەتی تورکیاهەلبپەسێرێ بەبێ وەخران، بێتوو ناواخنی سەوەتەی ڕێفۆرم لە قانوونی بنچینەیی دا بە بێ گۆڕان جێ بەجێ نەکرێ،
-بە لەبەرچاو گرتنی ئەو ڕاستییەی کە تورکیا گەورەترین حەشیمەتی پەنابەری جیهان دەحاوێنێتەوە ، کە زیاتر لە ٣ میلیۆن پەنەبارن لە سووریا، عێڕاق و ئەفغانستانەوە، و بە پێی ئیدارەی کۆمیسەری بەرزی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەنابەران (UNHCR)ناویان قەید کراوە ،  
-بە لەبەرچاوگرتنی ڕێوشووێنی ژمارە ٥٢ لە ڕێوشووێنەکانی پرۆسێدوور،
-بە لەبەرچاوگرتنی  ڕاپۆرتی کۆمیتەی کاروباری دەرەوە ( A8-0000/2018) ،
١.پێشوازی دەکەین لە بڕیاری ١٩ی ژووییەی ٢٠١٨ بۆ لابردنی باری نائاسیی ، کە دوای کودەتای ساڵی ٢٠١٦ ڕاگەیێندرا و ٧ جار درێژ کرایەوە؛ ئاماژەی پێ دەکەین کە درێژبوونەوەی باری نائاسایی بووە هۆی بن پێ کردنی حوکمی قانوون و خراپ بوونی مافی مرۆڤ لە تورکیا ؛ جەخاری خۆمان دەردەبڕین لە پەسند کردنی پێشنیاری قانوونی بۆ پاراستنی زۆر لەو دەسەڵاتە سەرەڕۆیانەیانەی دراون بە سەرۆک کۆمار و کەرتی جێ بەجێ کەر لە کاتی ڕاگەیاندنی باری نائاسایی دا و  بەوشێوەیە هەموو جۆرە کاردانەوەیەکی ئەرێنی نەهێشتنی باری نائاسایی کەم دەکاتەوە؛
٢.بە بیر دەهێنینەوە کە بە سەرکوتکردنەکانی دوای کودەتا ١٥٠٠٠٠ کەس خرانە بن چاوەدێری و ٧٨٠٠٠ کەس لە سەر بنەمای وەپاڵ دانی تاوانی تێڕۆریسم گیران، لە کاتێکدا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠٠٠ هەزار کەس لە زیندان دا ماونەتەوە؛ نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین  سەبارەت بە ڕاگرتنی درێژ خایەنی خەڵک لە زیندان دا بەر لە دەسپێکردنی پێواژۆی حقووقی، ئەو ڕاستییەی کە لە مەڕ چەندین پەروەندە هێشتا داوای هیچ سزایەک نەکراوە ، و هەر وەها سەختی و ناخۆشی هەلومەرجی ڕاگرتنی خەڵک لە زیندان دا ، بە تایبەتی لەو ڕاستییە نیگەرانین کە ئەو گرتنانە وێدەچێ ئامانجیان کپ کردنی دەنگی ڕەوا و مەشرووعی نارازی یان ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆن بێ؛  زۆر نیگەرانین لە بیستنی ئیدیعای خراپ جووڵانەوە و ئەشکەنجە بە نیسبەت ئەوانەی لە زیندان دان ، بەو چەشنەی لە لایەن چەندین رێکخستنی مافی مرۆڤەوە گوزارش کراوە؛
٣.ئاماژەی پێ دەکەین کە لەوەتا ڕاگەیاندنی باری نائاسایی زیاتر لە ١٥٢٠٠٠  کارمەند – لەوانە مامۆستایان، دوکتوران ، ئاکادێمیسیەنانی ( ئاشتی) ، حاکم و داواکاران – لە کار دەرکراون؛ ئاماژەی پێ دەکەین زیاتر لە ١٢٥٠٠٠ هەزار کەس داوخوازیان بەرەو کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی هەنگاوەکانی بارو دۆخی نایاسایی بەرز کردووەتەوە (CoSEM )  کە ئەرکی پێ ئەسپێردراوە  لە ماوەی دووساڵان دا بەو سکاڵایانە دا بێتەوە و بڕیاریان لە سەر بدا لە پێوەندی لەگەڵ ئەو هەنگاوانەی کە لە کاتی بوونی باری نائاسیی دا هەڵێندراونەتەوە و ئەو فەرمانانەی دەرکراون ، و ٨٩٠٠٠  لەو کەسانە هێشتا چاوەڕوانی بڕیار دەکەن؛ نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین  سەبارەت بە دەسەڵاتی بەرتەنگی ئەو کۆمیسیۆنە؛ سەربەخۆ نەبوونی و لە بەر ئەو ڕاستییەی کە ئەو کۆمیسیۆنە لێکۆلێنەوەکانی تەنێ بە پێی ئەو بەڵگانە دەکا لە دۆسییەکە دان ، بە بێ بەشداری ئەو کەسەی کە لێی دەکۆڵدرێتەوە ؛ ئاماژە بەوە دەکەین کە ئەم  دەرکردنانە کاردانەویەکی توندیان هەبوو لە سەر ئەو تاکوتەرایە و بنەماڵەکانیان، لەوانە لە ڕووی ئابوورییەوە ، و ئەو دەرکردنانە پەڵەیەکی هەمیشەیی کۆمەڵی و پیشەیی لە تەک خۆیاندا دێنن؛ بانگەوازی دەکەین لە حکوومەتی تورکیا دەستەبەر بێ کە تاکوتەرایان مافیان بدرێتی لە کەیسەکانیان بکۆڵدرێتەوە لە لایەن دادگەیەکی حقووقی سەربەخۆ ڕا کە بتوانێ دەستەبەر بێ بۆ پێدانی قەرەبووی مادی ، ساڕێژ کردنەوەی سەدەمەی ئەخلاقی لە بەر ئەو دەرکرانە سەرەرۆیانەیانە ؛
٤.کۆنتڕۆڵی لە زێدەی دەسەڵاتی جێ بە جێ کەر و دەستێوەردانی سیاسی ئەو دەسەڵاتە لە کاروباری حاکمان و داواکاران دا مەحکووم دەکەین؛ جەخت دەکەینەوە کە رێفۆرمێکی جیدی پێویستە لە لقەکانی  قانوونی وحقووقی تورکیا دا بۆ ئەوەی خۆی بگونجێنێ لەگەڵ ئەو بەرعۆدییانەی هەیەتی لە ئاست  قانوونی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ ؛ لەو بارەیەوە، چاوەڕوانی پلانی کردەوەی گرووپی کاری رێفۆڕم دەکەین لە مەڕ ڕێفۆرمە حقوقییەکان ،
٦.نیگەرانی جیدی دەردەبڕین سەبارەت بە هەنگاوی زێدەڕۆیانە و سەرەڕۆیانە بۆ کەمکردنەوەی ئازادیی بەیان  ، ئازادیی میدیا و دەست ڕاگەیشتن بە زانیاری ؛ داخرانی زیاتر لە ١٦٠ دەستگای میدیایی و گیرانی ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان  مەحکووم دەکەین لە دوای حەولی کودەتا؛ پێکێشی دەکەین لەگەڵ تورکیا بۆدەستەبەر کردنی ئازادیی میدیا وەکوو مەسەلەیەک کە دەبێ سەرەتی پێ بدرێ و داوای ئازادیی و بەڕائەتی دەستبەجێی گشت ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەکەین کە بە شێوەی ناقانوونی گیراون ؛
٦.نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین لە بەرتەنگ کردنەوەی فەزای کۆمەڵگەی مەدەنی  و هەڵکشانی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان ؛ ئاماژەی پێ دەکەین کە ژمارەیەکی زۆر لە تێکۆشەران، لەوانە پارێزەرو لایەنگرانی مافی مرۆڤ گیران و خۆپیشاندانەکان پەیتا پەیتا قەدەغە کران  لە ماوەی باری نائاسایی دا؛ بانگەوازی دەکەین لە تورکیا مافە بنەڕەتییەکانی کەمایەتییان ، وەک خەڵکی LGBTI بپارێزێ ؛
٧.گرتنی سەرەڕۆیانەی عۆسمان کاڤاڵا ، کەسایەتییەکی سەرەکی و جێی ڕێزی کۆمەڵگەی مەدەنی  لە تورکیا مەحکووم دەکەین، کە تا ئێستا زیاتر لە سالێکە لە زیندان دا ڕاگیراوە بە بێ ئەوەی داوای سزای بۆ کرابێ؛ بەڵێن دەدەین دۆسییەکەی  لە نزیکەوە بشۆپێنین و داوای ئازادیی دەستبەجێ و بێ شەرتومەرجی دەکەین.
٨.زۆر نیگەرانین لە بارودۆخی باشووری ڕۆژهەڵات و ئیدیعای جیدی  سەبارەت بە پێشێلکرانی مافی مرۆڤ؛ بە تایبەتی لەوەتا هەڵوەشانی پێواژۆی چارەسەریی کورد لە ساڵی ٢٠١٥؛ مەحکووم کردنی توندی خۆمان دادەگرینەوە بۆ دەسپێکردنەوەی توند و تیژی لەلایەن پارتیی کرێکارانی کوردستان ( PKK ) ەوە، کە لە ساڵی ٢٠٠٢ وە لە لیستی ڕێکخستنە تێرۆریستەکانی  یەکێتیی ئوڕووپا دایە؛ جەخت دەکەینەوە لە سەر دەسپێکردنەوەی جێی باوەڕی پێواژۆی سیاسی کە بگاتە چارەسەرییەکی ئاشتییانە سەبارەت بە دۆزی کورد؛ بانگەوازی دەکەین لە تورکیا  دەستبەجێ لەو ئیدیعا جیدییانە بکۆڵێتەوە  سەبارەت بە پێشل کردنی مافی مرۆڤ و کوشتنەکان و ڕێگا بدا بە چاوەدێرانی نێونەوتەوەیی لێکۆلینەوەیەکی سەربەخۆ لەو ڕوویەوە بکەن ؛
٩.بە نیگەرانییەوە ئاماژە دەکەین بەوەی کە لە ماوەی باری نائاسایی دا ژمارەیەکی زۆر لە شارەدار و هاوشارەدارانی باشووری ڕۆژهەڵات  لە کار دەرکران یان گیران و ئەوەی کە حکوومەت بە جێی ئەوان قەیومی دیاری کردن کە جێیان بگرنەوە؛ پێمان وایە هەڵبژاردنی شارەدارییەکان لە مانگی مارسی ٢٠١٩ دا دەبێ دەرفەتێکی گرینگ بڕەخسێنێ بۆ ئەوەی پرێنسیپی مانداتی دێمۆکڕاتیکی ڕاستەوخۆ بە تەواوی دابمەزرێندرێتەوە ؛
١٠.ئاماژەی پێ دەکەین کە باری نائاسایی توانای مەجلیسی گەورەی میللی تورکیای ئەوەندەی تریش بەرتەنگ کرد بۆ ئەوەی دەوری بنەڕەتی خۆی بە جێ بێنێ سەبارەت بە چاوەدێری دێمۆکڕاتیک و ووڵامدانەوە؛ بە نیگەرانی زۆرە ئاماژە دەکەین بە گیرانی دوو نوێنەری پارڵمانی سەر بە پارتیی جەهەپە و بەو شێوەیەی کە پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەڵان (HDP) بە تایبەتی دە پەراوێز خراوە و زۆر لە پارڵمانتارەکانی گیراون بە هۆی ئیدیعای گۆیا پشتیوانی لە چالاکی تێرۆریستی؛
١١.درێژەکێشانی گیرانی سەلاحەدین دەمیرتاش ، رێبەری ئۆپۆزیسیۆن و کاندیدای سەرۆک کۆماری مەحکووم دەکەین ؛ بەڵێن دەدەین بۆ درێژە دان بە شۆپاندنی کەیسەکەی زۆر لە نزیکەوە و داوای ئازادیی دەستەبەجێ و بێ شەرتومەرجی دەکەین؛ چاوەڕوان دەکەن دادگەی مافی مرۆڤی ئوڕووپا بێ وەخران دوایین بریاری خۆی لە مەڕ دۆسییەی دەمیرتاش ڕابگەیێنێ ؛
١٢.بە بیر دەهێنینەوە کە کۆمیسیۆنی ونیز هەموارکردنەکانی قانوونی بنچینەیی هەڵسەنگاند، لە پێوەندی لەگەڵ ڕاگەیاندنی سیستمی سەرۆکایەتی و بەو ئاکامە گەیشت ، ئەوە سیستمە چاوەدێری و کۆنتڕۆڵی تەواوی تێدانییە و هەر وەها جودایی دەسەڵاتەکان لە نێوان بەشی جێ بەجێ کەر و بەشی قەزایی دەخاتە مەترسییەوە و لەوەش دەرچێ بە بیر دەهێنینەوە کە چۆن پارڵمانی ئوڕووپا بانگەوازی کرد لە حکوومەتی تورکیا کە گۆڕانەکان لە قانوونی بنچینەیی و چلۆنایەتی باری قەزایی و ڕێفۆرمەکان دا بە هاوکاری لەگەڵ کۆمیسیۆنی وێنیز جێ بە جێ بکا؛ دایدەگرینەوە کە پارڵمانی ئوڕووپا ساڵی ڕابردوو داوای هەڵپەساردنی موزاکەرەی ئەندامەتی کرد ئەگەر ڕێفۆرمەکان لە قانوونی بنچینەیی دا بێ دەستێوەردان جێ بەجێ نەکرێن ، چونکە ئەوە لەگەڵ  پێوانەکانی کۆپنهاگ ناگونجێ .
١٣.بەلەرچاوگرتنی گشت ئەوشتانەی لە سەرەوە دا باس کران، بانگەوازی لە کۆمیسیۆن و دەوڵەتە ئەندامەکان دەکەین، بەپێی چوارچێوەی موزاکەرە کردن  بە ڕەسمی موزاکەرەی ئەندامەتی لەگەڵ تورکیا هەڵپەسێرن ؛ لەگەڵ ئەوەشدا، لە سەر بەرعۆدەیی خۆمان دەمێنینەوە بۆ دیالۆگی دێمۆکڕاتیک لەگەڵ تورکیا ؛ داوا لە کۆمیسیۆن دەکەین لەماوەی  هەڵپەساردنی موزاکەرەکانی ئەندامەتی دا، هەموو ئەو پارانەی کە بە پێی IPAII و IPAIII داهاتوو تەرخان کراون ، بە ڕێگای پاکەتێک بەکار بهێنێ کە ڕاستەو ڕاست لە لایەن یەکیتیی ئوڕووپا و کۆمەڵگەی مەدەنی تورکیاوە بەڕێوە بچێ  و دەرفەتی زیاتری تێکەڵاوی و پێوەندی ڕووبەڕووی خەڵک لە گەڵ خەڵک ، دیالۆگی ئاکادێمێک ، دەستڕاگەیشتنی خوێندکارانی تورک بە زانکۆکانی ئوڕووپا و پلاتفۆڕمی میدیایی بۆ ڕۆژنامەنووسان بڕەخسێنێ.
١٤.ئاماژە دەکەین لەکاتێکدا پێواژۆی هاتنە ناو یەکێتیی ئوڕووپا  لە سەرەتاوە ئەنگیزەیەکی بەهێز بوو  بۆ ڕێفۆرمان لە تورکیا ، بەڵام لەو دەمییەوە داکشانی قایم دەبیندرێ لە بواری حوکمی قانوون و مافی مرۆڤ لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دا ؛ بە بیر دەهێنێتەوە پارڵمانی ئوڕووپا پەیتا پەیتا بانگەوازی کردووە بۆ کردنەوەی  بەندی ٢٣ سەبارەت بە دەسەڵاتی قەزایی و مافە بنەڕيتییەکان  و بەندی ٢٤ لەمەڕ عەداڵەت ، ئازادی و ئەمنییەت ئەو کاتەی حکوومەتی تورکیا بەڵێنی دا بوو بۆ ئەنجام دانی ڕێفۆرمی جیدی؛ جەخاری قووڵی خۆمان دەردەبڕین کە ئامرازەکانی لەگەڵکەوتن نەکرا بەکار بهێندرێن تا ڕادەیەی تەواو لە بەر درێژەکێشانی بلۆکە کردنیان لەلایەن شووڕاوە ؛
١٥. لەوباوەڕە داین دەرگایەک دەبێ بە ئاواڵەیی بهێڵدرێتەوە بۆ تازە کردنەوە و نووژەنکردنەوەی  یەکێتیی گومرگی ساڵی ١٩٩٥  لە نێوان یەکێتیی ئوڕووپا و تورکیا کە ئەوەش بواری پێوەندیدار  وەک کشتوکاڵ، خزمەتەکان و تەداروکاتی گشتی وەبەر بگرێ ، کە ئێستا ئەوانە ناگرێتەوە ؛ وەبیر دەهێنێتەوە کە دوو لە سێی سەرمایەدانانی ڕاستەوخۆی بێگانە  (FDI ) لە تورکیا لە لایەن دەوڵەتانی ئەندامی یەکێتیی ئوڕووپاوە دەکرێ  و ئەوەیکە تورکیا بازاڕێکی پەرەسەندنی گرینگە  بۆ یەکێتیی ئوڕووپا؛ لەو باوەرە داین کە نووژەنکردنەوە دەرفەتێکی بە نرخ دەڕەخسێنێ  بۆ هەلومەرجایەتی دێمۆکڕاتیک ، هێزێکی فشاری دێمۆکڕاتیک و دەرەتانی نەخشەیەکی ڕێ کە نووژەنکردنەوەی یەکێتیی گومرگی دەکرێ شانبەشانی بەرعۆدەیی کۆنکرێت لە لایەن تورکیاوە بۆ ڕێفۆڕمی دێمۆکڕاتیک بەڕێوەبچێ؛
١٦.ئاماژە دەکەین کە ئازادیی سەندیکای کرێکاری و دیالۆگی کۆمەڵی گرینگن بۆ بەرەوپێشچوونی  کۆمەڵێکی پلورالیستی ؛ جەخاری خۆمان دەردەبڕین لە کەموکوورییە حقووقییەکان سەبارەت بە مافی کار و سەندیکای کرێکاری  و دای دەگرینەوە کە مافی خۆ ڕێکخستن، مافی چەنەلێدانی هەرەوەزی  و مافی مانگرتن  مافی بنەڕەتی کرێکارانن ؛ زۆر بە جیدی نیگەرانین سەبارەت بە هەلومەرجی کار بۆ کرێکاران لە ماوەی دروست کردنی فرٶکەخانەی نوێی ئەستەنبووڵ کە وەک گوزارشت کراوە  لە وەتا دەسپێکردنی ساز کردنی ئەو فڕۆکەخانەیە لە مانگی مەی ٢٠١٥ ، ٣٨ کرێکار لە ڕووداوی کار دا گێانیان لە دەست داوە و ٣١ کەس ، لەوانە ڕێبەرێکی سەندیکای کرێکاری زیندانی کراون لە بەر ئعتراز بە هەلومەرجی خراپی کار؛ بانگەوازی دەکەین لە کاربەدەستانی تورکیا بۆ لە نزیکەوە ڕاوێژ کردن لەگەڵ سەندیکا کرێکارییە پێوەندیدارەکان سەبارەت بە هێمنایەتی پێویستیی شوێنی کار بۆ کرێکاران، و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی هەموو لایەنە لەمەڕ مردنەکان و بریندارییەکان و ڕێگا دان بە سەندیکا کرێکارییەکان بۆ دەستڕاگەیشتنی تەواو بە کرێکاران ؛
١٧.ئاماژە دەکەین کە تەرخان بوون لە ویزا وەرگرتن گرینگییەکی گەورەی هەیە بۆ شارومەندانی تورکیا، بە تایبەتی بۆ خوێندکاران، ئاکادێمیسیەنان، نوێنەرانی تەجاڕەت و بازرگانی، و خەڵکی ئەوتوی کە پێوەندیی خێزانییان هەیە لەگەڵ دەوڵەتانی ئەندامی یەکێتیی ئوڕووپا؛ ئێمە حکوومەتی تورکیا تەشویق دەکەین بە تەواوی خۆی لە تەک پێوەری ٧٢ دا بگونجێنێ کە لە نەخشەی ڕێی تەرخان کردن لە ویزا وەرگرتن دا دەستنیشان کراوە ؛ مەسەلەی پێداهاتنەوە و چاو پێداخشاندنەوەی  قانوونی دژی تێڕۆریزمی تورکیا  دادەگرینەوە وەکوو شەرتێکی سەرەکی بۆ دەستەبەر کردنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان ، و تەرخان بوون لە ویزا وەرگرتن کاتێک مەیسەر دەبێ کە گشت ناوەرۆکی پێوەرەکە لە بەر چاو گیرابێ ؛
١٨.دەوری گرینگی تورکیا بە بیر دەهێنینەوە  بۆ ووڵامدانەوەتی قەیرانی موهاجەرەت لە ئاکامی شەڕی سووریا دا؛ لەو باوەڕە داین کە خەڵکی تورکیا میواندارییەکی گەورەیان لە خۆیانەوە نیشان داوە بە دانی سەرپەنا و شوێنی حاواندنەوە بە زیاتر لە سێ میلیۆن پەنابەری سووریایی؛ بانگەوازی دەکەین لە یەکێتی ئوڕووپا و دەوڵەتە ئەندامەکانی  کە بەڵێنی خۆیان بە جێ بگەێێنن بۆ دامەزرانی پەنابەران بە رادەی بەربڵاو و دەستەبەر بن بۆ دانی سەرچاوەی ماڵی پێویست بۆ پشتیوانی درێژخایەن لە پەنابەرانی سووریایی لە تورکیا ؛
١٩.پێشوازی دەکەین لە کۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەسپێکردنەوەی موزاکەرە سەبارەت بە یەکگرتنەوەی قیبرس ، پێشتیوانی دەکەین لە چارەسەرییەکی عادڵانە، هەموو لایەنە و مانا بە پێی بڕیارنامە پێوەندیدارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆقانوونی یەکێتیی ئوڕووپا؛ بانگەوازی خۆمان لە تورکیا دادەگرینەوە بۆ بەرعۆدە بوون و یارمەتیکردن بە چارەسەرییەکی هەموو لایەنە ، بە کێشانەوەی سەربازەکانی لە قیبرس ، دانەوەی ناوچەی دەستنیشانکراوی فاماگوستا بە نەتەوە یەکگرتووەکان ، و دەستگێڕانەوە  لە کردەوەی ئەوتۆی کە پارسەنگی دێمۆگڕافیک لە دوڕگەکە دا بگۆڕێ ؛ پەسنی کاری کۆمیتەی خەڵکی بزر بوو دەدەین ؛ مافی جمهووری قیبرس بە ڕەسمی دەناسین کە ڕێکەوتنی دوولایەنە بکا سەبارەت بە ناوچەی ئابووریی تایبەتی ؛ پێکێشی دەکەین لەگەڵ تورکیا بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە بۆ کێشەکان ، و دەستگێڕانەوە لە هەموو جوورە هەڕەشە یان کردەوەیەک کە شوێنی نێگاتیڤ دا بنێ  لە سەر پێوەندیی دراوسێیەتی باش ؛
٢٠.ئامۆژگاری سەرۆک دەکەین بۆ دانی ئەم بڕیارنامەیە بە شووڕا، کۆمیسیۆن، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆن / نوێنەری بەرزی یەکێتیی بۆ کار وباری دەرەوە و سیاسەتی هێمنایەتی ،  دەوڵەتەکانی ئەندام، حکوومەتی تورکیا و پارڵمانی تورکیا

بەرواری بڵاو بوونەوە : ١٤ی نۆڤامبری ٢٠١٨
وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە : حەسەن قازی
وێبنووسی ڕوانگە

No comments: