Monday, January 7, 2019

وتووێژی سیما سابێت لە تێلێڤیزیۆنی مانگیلەی ' ایران اینترنشنال ' لە بەرنامە ئەخباری سەعات 3:30 دوای نیوەڕۆی یەکشەمە ٦-ی ژانڤییەی ٢٠١٩ لەگەڵ پرۆفێسۆر عەبباس وەلی سەبارەت بە سەفەری وەفدی ئەمریکا بۆ تورکیا


وتووێژی سیما سابێت لە تێلێڤیزیۆنی مانگیلەی ' ایران اینترنشنال ' لە بەرنامە ئەخباری سەعات 3:30 دوای نیوەڕۆی یەکشەمە ٦-ی ژانڤییەی ٢٠١٩  لەگەڵ پرۆفێسۆر عەبباس وەلی سەبارەت بە سەفەری وەفدی ئەمریکا بۆ تورکیا

سابێت : ئاغای وەلی لە پێشدا گوتیان دەرکەوتنی بە مەرج . بە باوەڕی ئێوە ئەوە چۆن دەبێ ، یانی وەزعییەتی هێزە ئەمریکاییەکان لە سووریا چۆن دەبێ ؟

وەلی: بە دیتنی من  بە پلەی یەکەم ئەوە ئاڵۆزیی ئێستای سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سووریا نیشان دەدا. و دەیسەلمێنی ئەو بڕێارەی کە ئاغای تڕامپ بە سەری خۆی دابووی چەندە لێکەوتەی بە زەرەری بووە بۆ سیاسەتی بەرگری و سیاسەتی دەرەوەیی ئەمریکا لە سووریا. بە باوەڕی من ئێستا سەفەری ئاغای بۆڵتۆن ئەو مەسەلەیە نیشان دەدا ، ئێمە هەر ئەمڕۆ  بیستمان سێیەمین ئەندامی باڵای وەزاڕەتی بەرگری ئەمریکا، پێنتاگۆن دەستی لە کار کێشاوەتەوە. ئەوە بەو مانایەیە کە لێکەوتەکانی ئەو بڕیارەی ئاغای تڕامپ هەر درێژەی هەیە سەرەڕای ئەوەی کە تێکۆشاون ئەو مەسەلەیە بە جۆرێک پاساو بدەن ، بەجۆرێک سەنگ وسووکی کەن. ئەوەی کە ئاشکرایە مەسەلەی سەرەکی ئێستا ئەو خیلافانەن کە لە هەرێم دا هاتوونەتە پێشێ و لێکەوتەکانی بۆ سیاسەتی دەرەوەیی ئەمریکا. هەر ئەوەی کە ئاغای بۆڵتۆن و هەر وەها ئاغای پۆمپێئۆ لەو هەرێمە دان و لە سەر چالاکییەکانیان بەردەوامن نیشان دەدا کە دەیانەوێ بە شێوەیەک پێشی ئەو زەرەرانە بگرن کە ئەو بڕیارەی ئاغای تڕامپ لە نێوەخایەن و درێژخایەن و تەنانەت کورتخانەنیش دا لە ستڕاتێژی ئەمریکای داوە لە ناوچە ، ئەوانە کەمتر بکەنەوە.


سابێت: جەنابی وەلی ڕێگام بدە با هەر لێرە قسەت پێ ببڕم ، ئەگەر دەکرێ ئەوە هێندێک شی بکەیەوە. چۆن دەکرێ پێشی ئەو زەرەرانە بگیرێ یان بە لانی کەمەوە تەئسیری کەمتر بکرێتەوە لە سەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا؟ چ فەرمووڵێک ئێستا دەکرێ لە سووریا هەڵبسووڕێ بە لەبەرچاو گرتنی ئەو نیگەرانییانەی کە ئیسراییل هەیەتی لە ئێران ، و هەر وەها ئەو نیگەرانییانەی کە لە نێوان کوردەکان و تورکیا دا هەیە؟ کوردەکان وەکوو هاوپەیمانانی ئەمریکا پێیان وایە پشتیان بەر دراوە.


وەلی: بە ووردی هەر وایە ، ئاغای بوڵتۆن لێرە دا دەبێ ووڵامی فشاری ئیسرائیل بداتەوە، ئیسرائیل دەزانێ ئەو بڕیارەی ئاغای تڕامپ داویەتی ؛ کاتێک کە دەڵێ سووریا جگە لە خیز و مەرگ شتێکی دیکە نییە، ئەوە بەو مانایەیە کە بەڕێزیان سیاسەتێکی زۆر منداڵانەی هەیە لە سووریا و ئیسرائیلییەکان ئەوە قەبووڵ ناکەن. ئیسرائیلییەکان دەزانن سووریا چەند بۆ ئێران گرینگە، بۆ پاراستنی نفووزی ئێران لە هیلالی شێعە دا و پێوەندیی وی لەگەڵ حیزبوڵا و باشووری لوبنان و هەر وەها گەمارۆ دانی ئیسرائیل. ئیسرائیلییەکان ئەوە قەبووڵ ناکەن و بەو پێیە ئەوان حەول دەدەن ئەمریکا پێمل بکەن ئەو سیاسەتەی خۆی بگۆڕێ یان بەلانی کەمەوە تا ڕادەیەکی زۆر سەنگوسووکی بکا. لە لایەکی دیکەوە بە باوەڕی من کوردەکان لێرە دا عاقڵانە جووڵاونەتەوە، لە هەمان کاتدا کە بەردەوامن لە سەر خەبات بە دژی داعش و دەڵێن خۆیان بە هاوپەیمانی ئەمریکا دەزانن و هاوپەیمانییەکەیان لەگەڵ ئەمریکا هیچ نەگۆڕاوە، بە ناوبژیوانی ڕووسیا لەگەڵ ئەسەدیش دەستیان بە مامڵە کردووە و ئەمریکا لەو مامڵەیە زۆر دەترسێ و دەزانێ ئەگەر ئەو مامڵەیە جێ بە جێ ببێ گوشاری تورکیا بۆ سەر سنوور زۆر زیاتر دەبێ و ئەمریکا لێرە دا چونکە پای ڕووسیا هاتووەتە ناو نێوان و ئەوەیکە ئەگەر ڕووسیا بتوانێ دەستەبەر ببێ  کە ئەسەد جۆرێک خۆموختاری بە کوردەکان بدا ، لێرە دا مەسەلەکە بەربڵاوییەکی زۆر زیاتر پەیدا دەکا لە هەرێمی باکووری سووریا. ئەمن لەو باوەڕە دام سبەینێ جان بۆلتۆن لە ئانکاڕا دەست بە وتووێژ دەکا و لە پلەی یەکەم دا دەیەوێ تورکەکان پێمل بکا کە پەلاماری عەسکەری نەکەن [ بۆ سەر سووریا ] و لە پلەی دووەهەم دا مەسەلەیەکی دیکەی کە دەیهێنێتە گۆڕێ ئیحتیمالە ساز کردنی ناوچەیەکی تامپۆن بێ لە ژێڕ ڕێبەرایەتی ئەمریکا دا کە بتوانێ تەزمینێک بدا بە تورکەکان. بەڵام ئەوەیکە ئایا حکوومەتی ئاغای ئەردۆغان دەتوانێ یان دەیەوێ شتێکی ئاوا قەبووڵ بکا لە هەلومەرجی ئێستا دا زۆر دژوار وەبەرچاو دێ.

سابێت: سپاستان دەکەم ، فەرموون ڕستەکەتان تەواو کەن

وەلی: بە بۆچوونی من ئەمریکا ئێستا سیاسەتی سەرەکی ئەوەیە لێکەوتە نێگاتیڤەکان و ئەو سەدەمەیەی وەستڕاتێژییەکەی لە سووریا و تەنانەت لە عێڕاق کەوتووە ئەوانە کەمتر و کەمتر بکاتەوە و وەک بە ئینگلیسی دەڵێن لەوێ جۆڕێک  damage limitation بکا، پێشی زەرەر بگێڕێتەوە.

دابەزاندن و وەگێڕان لە فارسییەوە: حەسەن قازی
سەرچاوە: ڕوانگە
ڕاگوێستنی ئەو بابەتە بە ئاماژە بە سەرچاوە ڕەوایە




No comments: