Tuesday, January 15, 2019

وەزیری بەرگری بریتانیا: هەموو ووڵاتەکەمان قەرزداری پێزانییە لە ئاست قەسەدە


وەزیری بەرگری بریتانیا: هەموو ووڵاتەکەمان قەرزداری پێزانییە لە ئاست قەسەدە

هاوس ئاف کامنس ( پارڵمانی بریتانیا) پرسیار لە وەزیری بەرگری گاڤین ویلیامسۆ‌ن
دووشەمە ١٤ی ژانوییەی٢٠١٩

پرسیاری ئالستر کار مایکڵ ( پارتیی لێبڕاڵ دێمۆکڕات).  دوایین جار وەزیری بەرگری کەی قسەی کردووە لەگەڵ هاوتا ئەمریکاییەکەی سەبارەت بە جێگیرکردنی هێزەکانی ئیتیلاف لە سووریا لە داهاتوو دا؟
گاڤین ویلیامسۆن (وەزیری بەرگری) : ئەمن بەشێوەیەکی بەردەوام لە پێوەندی دابووم لەگەڵ وەزیری کاروباری بەرگری ئەمریکا  و لە سەر مژارگەلی جۆر بەجۆر بەیەکەوە دواوین ، لە وانە بارودۆخی سووریا. حەوتووی ڕابردوو ئەمن یەکەم جار قسەم کرد لەگەڵ وەزیری کاتی کاروباری بەرگری ، و وەزارەتی بەرگری ئێمە بەردەوام دەبێ لە سەر پێوەندی و ڕاوێژ لەگەڵ وەزاڕەتی بەرگری ئەمریکا
ئالسترکارمایکڵ ( پارتیی لێبڕاڵ دێمۆکڕات ) یەک لەو مەترسیانە زۆرانەی کە لەبەر هەڵوێستی پرێزیدێنت تڕامپ هاتووەتە گٶڕێ ، کە لەو دواییانە  لە جریوەیەک لە تویتر دا خۆی نیشان دا، ئەوەیە کە هێزە کوردەکان لە سووریا و دانیشتووانی کورد لە سووریا جێ دەهێلڕێن بۆ ئەوەی بکەونە بەر پەلامارەکانی ڕووسیا ، تورکیا و ئەوانیدی. کوردەکان لایەنێکی گرینگ بوون لەو ئیتیلافەی دا کە ئێمەش تێیدا لایەنێکین. ئایا وەزیری بەرگری هێندێک دڵنیایی دەداتە من ودەستەبەر دەبێ، هەرچییەکی ئەمریکا دەیکا بیکا ، ئێمە بەردەوام دەبین شانبەشانی ئەوانە ڕاوەستاوین کە شانبەشانی ئێمە ڕاوەستان؟
گاڤین ویلیامسۆن ( وەزیری بەرگری) : هەموو ووڵاتی ئێمە هەتا بڵێی قەرزداری پێزانییە لە ئاست قەسەدە  و زۆر لە هێزەکوردەکان  کە بەشێکن لەو هێزە. ئەمن بەردەوام دەبم لە سەر قسە کردن لەگەڵ هاوتا فەڕانسەیی و ئەمریکاییەکانم بۆ ئەوەی دەستەبەر بین ئێمە ئەوەی لە دەستمان بێ دەیکەن بۆ درێژە دان بە پشتیوانیکردن لە قەسەدە. ئەو شەڕەی ئەوان شانبەشانی ئێمە لە دژی داعش کردیان شەڕێکی گرینگ بووە و ئێمە نابێ لە بیر بکەین کە ئێمە پێزانییان پێ قەرزدارین .

فابییان هامیلتن ( پارتیی کرێکار) : بە دوای ئەوەیدا کە سەرکۆماری تورک ئەردۆغان وەدوای داوە حەوتووی ڕابردوو لە ئانکاڕا  چاوی بکەوێ بە ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەمریکا جان بولتن بۆ گفتوگۆ کردن لە سەر داهاتووی یەپەگەی کورد کە دژی داعش لە سووریا شەڕی کردووە، ئایا وەزیری بەرگری نیگەران نییە کە کشانەوەی هێزە ئەمریکاییەکان لە سووریا دەرفەت دەدا بە تورکیا بۆ ڕووخان بە سەر شەڕڤانانی کورد دا و لە ناوبردنیان، کە تورکیا بە تێرۆریستیان دادەنێ؟ ئایا حکوومەتی ئێمە دەتوانێ زیاتر دەستەبەر بێ لە ئاست هێزە کوردەکان و درێژە بدا بە پشتیوانی لەوان لە حەولەکانیان دا بۆ سەرکەوتن بە سەر داعش دا لە سووریا ، و ئایا حکوومەت کارێکی ئەوتۆ دەکا بۆ پێمل کردنی هاوپەیمانەکەمان لە ناتۆ دا واتە تورکیا کە دەست بگێرێتەوە لە بە کارهێنانی توانایی عەسکەری بە دژی کوردەکان؟
گاڤین ویلیامسۆن( وەزیری بەرگری) : ئێمە دەبێ پێ لەو ڕاستییە بنێین کە داعش تا ڕادەیەکی بەرچاو  لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دا لە هێزی کەم کراوەتەوە و بەشێکی زۆر لەو خاک و کەوشەنەی لە دەست داوە کە کۆنتڕۆڵی دەکرد. بەڵام ئێمە نابێ کەمتەر خەمی بنوێنین سەبارەت بەو هەڕەشانەی ئێستاش دەیکا . ئێمە پێویستە کار بکەین لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان وەکوو قەسەدە ، هەر وەها لەگەڵ دراوسێیەکانی دیکەی سووریا ، بۆ ئەوەی دەستەبەر بین لە سەر درێژە دان بە گوشار بۆ سەر داعش و دەرفەتی نەدەینە بۆ ئەوەی لەم ووڵاتە سەدەمەمان پێ بگەیێنێ. نوێنەری بەرێز بە تەواوی قسەکەی ڕاستە کە دەڵێ پێویستە ئێمە لەگەڵ شەریکەکانمان، لەوانە تورکیا قسە بکەین ، بۆ ئەوەی دەستەبەر بین هەموان بێنە دەوری مێز  بە مەبەستی ساز کردنی ئاشتییەکی درێژخایەن لە سووریا کە، بە گرینگییەوە ، کوردەکانیش وەبەر دەگرێ.
وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی
سەرچاوە : ڕوانگە، ڕاگوێستنی ئەو بابەتە بە ئاماژە بە سەرچاوە ڕەوایە 




No comments: