Saturday, January 19, 2019

تڕامپ گوتی لە داعش دەدا .بە پێچەوانە گیانێکی تازەی وەبەر دێنێتەوە


تڕامپ گوتی لە داعش دەدا .بە پێچەوانە گیانێکی تازەی وەبەر دێنێتەوە
 سەرۆک کۆمار بڕیاری کێشانەوەی هێزە ئەمریکاییەکانی دا بە بێ ڕاوێژ لەگەڵ هاوپەیمانان یان تێگەیشتنی ڕاستییەکانی سەر ئەرزی واقع
 نووسینی برێت مەکورگ
برێت مەکورگ نوێنەری تایبەتی سەرۆکایەتی کۆمار بوو لە ئیتیلافی جیهانی دا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش
 ١٨ی ژانوییەی ٢٠١٩
 واشنتن پۆست
لە ١٧ی دیسامبر، وەزیری کاروباری دەرەوە مایک پۆمپێئۆ پێوەندییەکی گرینگی تەلەفۆنی کرد لە تەک من و چەند  کاربەدەستی بڵیندپایەی دیکەی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە ؛ ئەمن ئەو  پەیامم لە سەفارەتخانەی ئەمریکا لە عێڕاق وەرگرت ، کە ئەمن زۆر جار سەفەرم دەکرد بۆ ئەوێ  بۆ یارمەتی کردن بە شەڕی ئەمریکا بە دژی دەوڵەتی ئیسلامی . ئەمن لەوێ بووم بۆ پێداهاتنەوەی نەخشەکان لە گەڵ حکوومەتی نوێی عێڕاق  بۆ دەستەبەر کردنی ئەوەی ئەو دەسکەوتنانەی لەو شەڕە دا دەستمان خستبوون دەمێننەوە. ئێمە بە نیسبەت تەنێ چوار ساڵ لەمەو بەر زۆر پێشوەچووبووین، ئەو کاتەی کە دەوڵەتی ئیسلامی لە گوێسوانەی دەروازەکانی بەغدا بوو: ئەمڕۆ، بە پێی قسەی کۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان ، عێڕاق لەهەموو سەردەمایەک هێمنترە لەوەتا میسیۆنی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ یارمەتیی عێڕاق دەست بەکار بوو شەش ساڵ لەمەو بەر.
ئەو دەسکەوتنانە کە زۆر بە زەحمەت براونەتەوە لە سایەی خۆبەختکردنی شەریکەکانی شەڕی ئەمریکا لە سەر ئەرزی واقع – هێزە ئەمنییەکانی عێڕاق، پێشمەرگەی کورد، شەرڤانانی  سووریا  و قەسەدە -  ئەوانە هەموویان بە خوێن نرخی گرانیان بەخت کردووە.
کلیلی ئەو دەسکەوتانە ئامادەیەکی  ژمارەیەکی کەم و هەتا بڵێی کاریگەری نیزامییە ئەمریکاییەکان بووە لە سووریا. ئەو میسیۆنە لە ساڵی  ٢٠١٥  دەستی پێکرد و یارمەتی  داوە بە نکووڵی کردن لە توانایی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ ئەوەی نەخشەی پەلامارەکانی لە سووریاوە دابڕێژێ یان بچێتەوە ناو عێڕاق. ئەو دۆخە  بێ  بەرعۆدەیی دانی سەرچاوەی ئەمریکا  یان تێوەگلانی ڕاستەوخۆی ئەمریکاییەکان  لە شەڕی ڕۆژانە دا  هەڵنەدەسووڕا .  ئەوان تواناییان  داوە بە هێزێکی ناوچەیی ، قەسەدە،کە ئێستا دەستەیەکی  تێکەڵاو جۆراوجۆرە و نزیکەی ٦٠٠٠٠  هەزار شەڕڤانی هەیە ، کە لە عەرەب ، کورد و مەسیحییەکان  پێک هاتووە ، و شار و شارۆچکەکانی سووریای لە  چنگ دەوڵەتی ئیسلامی ئەستاندووەتەوە.قەسەدە بە هەزاران خەساری داوە. تا حەوتووی ڕابردوو، دوو ئەمریکایی لە جەنگەی نەبەرد دا لە سووریا کووژرابوون ( چواری دیکەش ڕۆژی چوارشەمە کووژران لە بۆمب پێدادانێکی خۆ کووژی دا و دەوڵەتی ئیسلامی دەڵێ ئەو کارەی کردووە – ئەوە یەکەم چەشنی ئەو جۆرە هێرشەیە بۆ سەر هێزەکانی ئێمە لە سووریا -  کە هاوکاتە لەگەڵ ئەو ڕاڕاییەی لە واشنتن ساز بووە سەبارەت بە میسیۆنی ئێمە لە سووریا دا .)
  لەماوەی پێوەندییەکەی پۆمپێئۆ لە مانگی دیسامبر دا ئەو بە ئێمەی ڕاگەیاند گۆڕانێکی کوتوپڕ لە پلانەکانمان دا کراوە: سەرۆک کۆمار تڕامپ ، دوای دوانێکی تەلەفوونی لەگەڵ هاوتا تورکەکەی ، نەخشەی ئەوەی هەیە سەرکەوتن بە سەر دەوڵەتی ئیسلامی دا ڕابگەیێنێ  و ڕێنوێنی هێزەکانمان بکا بۆ کشانەوە لە سووریا.
  ئەمن دەستبەجێ گەڕامەوە واشنتن بۆ ئەوەی یارمەتی بکەم بە  کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی ئەو بڕێارە ، بە تایبەتی لە ناو شەریکەکانمان لە ئیتیلاف دا ، کە ئێمە هەر تازە دڵنیامان کردبوون -  بە پێی تەعلیماتی کۆشکی سپی -  کە ئێمە پێوە نین بەو زووانە سووریا بە جێ بێڵین : ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی جان بولتۆن  ڕایگەیاند بوو " تا ئەو کاتەی هەڕەشەی ئێران درێژەی دەبێ لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا "  ئێمە لە سووریا دا دەمێنینەوە.وەزیری کارو باری بەرگری جیم ماتیس و ئەمن تازە چاومان بە شەریکەکانی ئیتیلاف کەوتبوو و بەرعۆدەییەکانمان بەرەو ساڵی ٢٠٢٠  داگرتبووەوە.
هاوتاکانم لە ئیتیلاف دا تووشی سەرەگێژە هاتبوون ، شەریکەکانی شەڕمان لە قەسەدە دا ، کە ئەمن بە شێوەی بەردەوام لە سەر ئەرزی واقع لە سووریا سەرم دەدان ، لە پێشدا واق ووڕمان و دوایە  ناباوەڕیی خۆیان دەربڕی ، هیوادار بوون تڕامپ فکری خۆی بگۆڕێ . ئەوان هەر وەها پێکێشیان دەکرد لە سەر درێژە دان بە شەڕی خۆیان بە دژی دەوڵەتی ئیسلامی  و لە کاتی ڕاگەیاندنی ئەو بڕیارە دا خەریک بوون بەرەو شوێنە سەرەکییەکانی تێڕۆریستان دەچوون  لە ڕۆژهەڵاتی سووریا . ئەمن زوو بەو ئاکامە گەیشتم  ناتوانم بە شێوەی کاریگەر ئەو تەعلیماتە نوێیانە ڕاپەڕێنم و لە ٢٢ی دیسامبر داوخوازی دەست لە کارکێشانەوەی خۆم پێشکێش کرد. بڕیاری سەرۆک کۆمار بۆ بەجێ هێشتنی سووریا بە بێ  ڕاوێژ ، پرس و ڕا بە هاوپەیمانەکانمان ،  بە کۆنگرە ، هەڵسەنگاندنی مەترسی ، یان ددان پێداهێنان بە ڕاستییەکاندا کرا.دوو ڕۆژ دوای پێوەندی پۆمپێئۆ لەگەڵ من تڕامپ جریواندی و نووسی : " ئێمە لە سووریا داعشمان تێک شکاندووە. "  بەڵام ئەوە ڕاست نەبوو، و ئێمە درێژەمان دەدا بە هێرشی هەوایی  بە دژی دەوڵەتی ئیسلامی. چەند ڕۆژ دواتر ، تڕامپ ئیدیعای کرد عەرەبستانی سعوودی " ئێستا قەبووڵی کردووە پارەی پێویست  تەرخان بکا کە پێویستە بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریا." بەڵام ئەوەش ڕاست نەبوو ، هەر وەک دوایە عەڕەبستانی سعوودی پشتڕاستی کردەوە. تڕامپ هەر وەها پێشنیاری کرد کە هێزە نیزامییەکانی ئەمریکا  دەتوانن لە ماوەی ٣٠ ڕۆژان دا سووریا بەجێ بێڵن ، کە ئەوەش دیارە  لە ڕووی لۆجستیکییەوە نالوێ.
لەهەموان خراپتر، ترامپ ئەو بڕیارە کوتوپڕەی خۆی دوای دوانێکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا  ڕەجەب تەییب ئەردۆغان دا.ئەو پێشنیارەکەی  ئەردۆغانی کڕی کە تورکیا شان وەبەر شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی دەدا لە قووڵایی خاکی سووریا دا . لە ڕاستیدا، تورکیا ناتوانی  لە سەدان میل دوور لە سنووری خۆی لە خاکێکی نەیار دا بە بێ پشتیوانی  تەواوی ئەمریکا   ئۆپێڕاسیۆن بکا.  و زۆر لە گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی  سووریا کە تورکیا پشتیان دەگرێ  و ئەوانە تیژپەڕەکانیش دەگرێتەوە بە ڕاشکاوی ڕایانگەیاندووە مەبەستیان شەڕکردنە بە دژی کوردەکان ، نەک ئەوەی بە دژی دەوڵەتی ئیسلامی بەشەڕ بێن.
دوایین پێشنیازی تڕامپ ، کە بە ڕێگای جریوەوە درکاوە ، بۆ ساز کردنی ناوچەیەکی ئەمنی ٢٠ میلی – کە ئەردۆغان دەڵێ تورکیا دایدەمەزرێنێ -   ئەو بڕیارە هەر ئاوا  بە  بێ هیچ پێواژۆیەک یان شیکردنەوەیەک دراوە. ئەو ناوچەیە گشت ناوچە کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی سووریا  وەبەر دەگرێ. هیچ هێزێک ئامادە نییە ئەوێ بە دەستەوە بگرێ ، و هیچ کاتیش نییە بۆ ساز کردنی هێزێکی ئەوتۆ، چونکە سەربازە ئەمریکاییەکان خۆیان ئامادە دەکەن ئەوێ بەجێ بێڵن.  و هاتنە ناوی ئەو هێزانەی ئۆپۆزیسیۆن کە تورکیا پشتیان دەکرێ وێدەچێ ببێتە هۆی جێگۆڕکێ کردن بە هەزاران کورد و هەر وەها هەڕەشە لە کۆمەڵگە لەشکانهاتووەکانی مەسیحی دەکا کە بەوناوچانە دا بڵاو بوونەتەوە.
ئاکامە ستڕاتێژیکەکانی ئەو بڕیارەی تڕامپ  لە ئێستاوە خۆی دەردەخا. هەتا تورکیا زیاتر پەرە بدا بە خۆگەیاندنی بە سووریا ، هەر ئاوا خێراتریش شەریکە عەڕەبەکانمان لە هەرێم دا  بەرەو شام دەچن.  ئەوە بە هەڵکەوت نییە  کە بەحڕەین و  ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی  بە ماوەیەکی کورت  دوای  ئەوەی تڕامپ گوتی دەڕۆین دیسان سەفاڕەتخانەکانی خۆیان لە سووریا کردەوە. ئەو ووڵاتانە ، و هەر وەها عەڕەبستانی سعوودی، میسر و ئۆردۆن یش لەو باوەڕەدان  کە لا کردنەوە لە شام  دەتوانێ یارمەتی بکا بە  کەمکردنەوەی نفووزی ڕووسیا ، ئێران و تورکیا لە سووریا دا ،  و ئەوان دیتنی پێچەوانەی واشنتن بە کەم دادەنێن.
قەسەدە، بە تێگەیشتن لەوەی کە دەکرێ زۆ زوو بە تەنێ بمێنێتەوە و لە کاتێکدا کە لەلایەن هێزی نەیارەوە گەمارۆدراوە ، خێرایی داوە بە موزاکەرەکانی لەگەڵ ڕێژیمی  بەشار ئەلئەسەد . تورکیا ، کە هاوپەیمانێکی ناتۆیە ، بە ماوەی چەند ڕۆژ دوای ڕاگەیێندرانی بڕیاری تڕامپ ، وەخۆ کەوت و کاربەدەستانی بڵیندپایەی خۆی نارد بۆ مۆسکۆ  بۆ ئەوەی هەنگاوەکانی دواتر لە سووریا گەڵاڵە بکەن. ئیسرائیل ، هاوپەیمانی هەرە نزیکی ئێمە لە هەرێمەکە دا ،  گورج دوای نەمانی ئەمریکا لە خاکی سووریا دا لەگەڵ واقعییەتێکی تازە ڕووبەڕوو دەبێ. تەنێ   ڕووسیا و ئێران هەر بژیان گوت بە بڕیاری تڕامپ.هەر ئامرازێکی لەوانەیە لە سووریا بە دەستمانەوە بووبێ بە دژی ئەو دوو دوژمنانە  هەر بە گوتنی تڕامپ  کە ئێمە ئەوێ بە جێ دێڵین لە کورتێی دا.
ئەو ڕەوتانە ئەوەندەی دیکەش خراپ دەبن بێتوو سەرۆک کۆمار  ڕێبازی خۆی نەگۆڕێ: شەریکەکانمان ئیدی گوێمان نادەنێ و بریاری ئەوتۆ دەدەن کە بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئێمە دەبن.نەیارەکانمان لە دەرفەت دەگەڕێن ، بە زانینی ئەوەی کە دەوڵەتە یەکگرتووەکان خەریکە دەرچێ. دەوڵەتی ئیسلامی و گرووپە  تیژپەڕەکانی دیکە  ئەو بۆشاییە پڕ دەکەنەوە  کە بە ڕۆیشتنی ئێمە ساز  دەبێ، تواناییەکانیان  دەبووژێننەوە بۆ هەڕەشە کردن  لە دۆستەکانمان  لە ئوڕووپا – هەر وەک ئەوەی ئەوان بە درێژای ساڵی ٢٠١٦ کردیان -  و دواجار هەڕەشە  لە خۆمان  دەکەن لە ووڵاتەکەمان دا .
بەدڵتر دەبوو، ئەگەر تڕامپ هەر جۆرە کشانەوەیەکی ڕا  گرتبایە تا ئەوەی زانیارییەکی تەواو و دروستی وەردەگرت سەبارەت بە لێکدانەوەی مەترسی ، ستاتوسی دەوڵەتی ئیسلامی و هەڵسەنگاندنی ئیمکانی ئەوەی کە تورکیا ، یان هەر کەسی دیکە، جێگای ئێمە بگرێتەوە.  داوا کردن لە پێنتاگۆن بۆ داڕشتن و بەڕێوەبردنی پلانێکی کشانەوە لە نەبوونی نرخاندنێکی ئەوتۆ دا  گەوجانەیە. ئەوە بەس نییە کە کاربەدەستانی بڵیند پایە بگەڕێنەوە یان هەلومەرج بە بڕیارێکەوە بلکێنن. ئەو بڕیارە دەبێ لە لایەن سەرۆک کۆمار خۆیەوە بدرێ.
  لە نەبوونی ئەو ئالتێرناتیو عاقڵانە بەڵام هەڵنەسووڕاوە دا کاربەدەستانی ئەمریکا حەول دەدەن پێشنیار بکەن ئەو بڕیارە قەیدێ ناکا. لەو حەوتووانەی دواییدا ئەوان ڕایانگەیاندووە  کە گشت ئامانجەکانمان لە سووریا – لەوانە  دەرپەڕاندنی ئێران و گۆڕانی سیاسی لە شام -  هێشتا دەکرێ پێک بێ  ، بە پێچەوانەی ئەوەی  تڕامپ دەلێ  سووریا هەر " ڕمڵ " و " مەرگ " ە  و ئەوەی کە ڕێبەرانی ئێران  " دەتوانن چییان دەوێ با بیکەن "  لە وێندەرێ. .
و دیتنەکانی تڕامپ خۆی بە پێچەوانە ئەوەندی دیکە ئعتیباری ئەمریکا  پێشێل دەکەن. سیاسەتێکی زۆر واقعبینانەتر  لەمەڕ سووریا  دەبێ ئەو ڕاستییە سەختانەی خوارەوە لەبەرچاو بگرێ.
یەکەم، ئێمە سووریا بە جێ دێڵین ، ئەوە دەکرێ لە ماوەی شەش مانگ دابێ ، چوار مانگ یان کەمتر، بەڵام تڕامپ  پەیتا پەیتا بە ئاشکرا دەری بڕیوە کە ئەو دەیەوێ دەرکەوێ. هەتا ئەو ڕاستییە زیاتر خۆڕاگری لە بەرانبەر دا بکرێ یان وەکوو جیاوازییەک لە تاکتیکەکان دا شرۆڤە بکرێ ، بەوەی کە ستڕاتێژیمان نەگۆڕاوە،  ئەوەندەش مەترسی هەرە خراپی  دەرچوونێکی جێی شەرم و سەرشۆڕانە، پەلامارەکان دژی هێزە ئەمریکاییەکان، پشت بەردانی هەموولایەنەی قەسەدە  بە بێ هیچ پلانێک  کە ئەوە چی بەدواوە دەبێ  زیاتر دەکا. ئێستا جەخت دەبێ لە سەر  نیزامییەکانمان و دەرکەوتنێکی سڵامەتیان  بێ. داوا کردن لەو هێزە کەمەمان  کە زیاتر لەوە بکەن مەترسی زیاتر دەکا بە دەم کشانەوەمان
دووهەم، ئەسەد دەمێنێتەوە. ئەو ڕاستییە ئێستا لە چوارچێوەی بیرکردنەوەی شەریکە هەڕێمییەکانمان دایە ، لەوانە عەڕەبستانی سعوودی و ئیسرائیل ، کە ئەوانیش وەک هەموو کەس لە واشنتن بە دژی ئێران توندن  بەڵام دەزانن کە بە بێ ئێمە ، هەر دەرفەتێک بۆ نەهێشتنی  ئەو دیکتاتۆڕە کۆمەڵ کوژە ، کە ئێران و ڕووسیا پشتی دەگرن ، تەنێ خەون و خەیاڵە.
سێیەم، تەنیا قەسەدە دەتوانێ لەو ناوچانەی کە سەردەمایەک دەوڵەتی ئیسڵامی بوو لە باکووری ڕۆژهەڵاتی  سووریا ئارامی و سەبات پێک بێنێ. هیچ هێزێک ناتوانێ جێی قەسەدە بگرێتەوە. و بە ڕۆیشتنی ئەمریکا، قەسەدە نیازی بەوەیە لە پشتیوانێک بگەڕێ، یان مەترسی ئەوە بداتە بەر خۆی و لەبەر یەک هەڵوەشێ و بۆشاییەک ساز بێ کە تێیدا جارێکی دیکە دەوڵەتی ئیسلامی بتوانێ سەر هەڵێنێتەوە. قەسەدە بۆ ئەوەی سەبات بپارێزێ ، لەوانەیە هیچ بژارێکی دیکەی نەبێ جگە لەهاتنە ڕەدایە لەگەڵ شام و چوونە بن چەتری دەوڵەتی سووریا نەبێ. ئەو ئاکامە ناخۆش و نابەدڵە لەوانەیە پێویست بێ بۆ ئەوەی خۆی لە شکانێکی ستڕاتێژیک و کارەساتێکی ئینسانی بپارێزێ
.
چوارەم ، لە سووریا ، تورکیا شەریکێک نییە باوەڕی پێ بکرێ. هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا  کە تورکیا پشتیان دەگرێ  پڕن لە تیژپەڕان و زۆر کەمترن لەوەی کە هێزێکی کاریگەری  ئاڵنگاری بن  بۆ ئەسەد و بەدیلێکی  موحتەمەل لە جیات قەسەدە. ئەو شوێنانەی سووریا کە بە ڕواڵەت تورکیا کۆنتڕۆلیان دەکا ، وەک ئوستانی ئیدلیب  لە باکووری ڕۆژئاوا  بە شێوەیەکی لە زێدە ئەلقاعیدە بەسەریان دا زاڵ دەبێ. دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا  دەتوانێ یارمەتی تورکیا بدا بۆ پاراستنی سنوورەکانی ، بەڵام هاتنی ئەڕتەشی تورکیا یان ئەو شەڕکەرانەی ئۆپۆزیسیۆن  کە تورکیا پشتیوانیان لێ دەکا بۆ ناو ناوچەکانی قەسەدە  لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا – وەک ئەوەی ئێستا قسەی لێوە دەکرێ – ئاڵۆزی خێراتر دەکا و فەزایەک بۆ تەڕاتێنی تیژپەڕان ساز دەکا.
جا کە وا بوو ئامانجەکانی ئەمریکا لە سووریا دەبێ بەرتەنگ بکرێ لەسەر کەمکردنەوەی مەترسی سەرهەڵێنانەوەی  دەوڵەتێکی ئیسلامی و پێشگرتن لە ئێران  بۆ هێزوەبەرنانی ئامادەییەکی عەسکەری کە هەڕەشە لە ئیسرائیل بکا. ئامانجی یەکەم  بە باشترین شێوە ئاوا  دەست دەکەێ کە دەستبەر بکرێ قەسەدە  وەک خۆی بمێنێتەوە و دەستڕاگەیشتن بە فەزای هەوای هەر هەبێ بە ڕێگای لە کێشە کەمکردنەوە لەگەڵ ڕووسیا، و خاڵی دووەم بە ڕێگای پشتیوانی لە ئیسرائیل کە لەو دواییانە دا ددانی پێداهاتووە وەک هەڵمەتی ووردی هەوایی بە دژی هەڕەشەکانی  ئێران لە سووریا
ئەو ئامانجە بەرتەنگانە جێی ڕەزایەتی ئەوانە نابێ کە  هیوای گەورەتریان بۆ سووریا  لە سەر دایە . بەڵام هیوای ئەوتۆ مردوون . ئێستا کە سەعات دەنگ و فەنگی دەقیقەکانی  دەرکەوتنی ئەمریکای لێوە دێ ، ئێمە دەبێ ئەوەی لە دەستمان دێ بیکەین بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە هەر گرینگەکانی ئەمریکا – و تەنانەت ئەوە لەوانەیە  بەرژەوەندییەکی زۆر بێ .
سەیر و سەمەرە ئەوەیە کە تێکشکاندنی دەوڵەتی ئیسلامی  ئەوەیە  کە سەرۆک کۆمار  لە سەرەتاوە ڕایگەیاند کە ئامانجێتی. لە ساڵی  ٢٠١٦  ئەو بە ڵێنی دا "  دنیا لە داعش دەکا بە جەهەننەم " ، بەڵام بژارەکانی ، ئەو دواییانەی ، بە داخەوە ، هەر لە ئێستاوە ژیانێکی تازە وەبەر دەوڵەتی ئیسلامی  - و نەیارەکانی دیکەی ئەمریکا – دێنێتەوە.
 وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی
سەرچاوە: وێبنووسی ڕوانگە
 تێبینی: ڕاگۆاستنی ئەم بابەتە بە ئاماژە بە سەرچاوە ڕەوایە

No comments: