ڕەخنەی ئەدەبی، هەڤپەیڤین لەگەڵ سەلاح عەبباسی
ڕەخنەی ئەدەبی،
هەڤپەیڤین لەگەڵ سەلاح عەبباسی
حەسەن قازی:
بینەرانی خۆشەویست بەخێڕبێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ،
لە وەرزی تازەی تێلێڤیزیۆندا بەنامەی ڕاوێژ لە جیاتی ڕۆژانی جومعە لە ڕۆژانی
پێنجشەمە دا بڵاو دەکرێتەوە. لەم بەرنامەیە دا کە ڕاوێژێکی تایبەتییە میوانداری دەکەین لە بەڕێز کاک سەلاحی عەبباسی نووسەر
و ڕەخنەگری ئەدەبی و ڕووناکبیری بەرعۆدە. پێشتریش بەڕێزیان لە دوو بەرنامەی ڕاوێژ دا بەشداری کردووە، ئاخر
بەرنامەمان نزیکەی دە مانگ لەوە پێش بوو. زۆر زۆر بەخێر بێی کاک سەلاح بۆ ئەم
بەرنامەیە!
سەلاح عەبباسی:
زۆر زۆر سپاس کاک حەسەنی بەڕێز، ڕێز و
سڵاوم هەیە بۆ ئێوە و بینەرانی خۆشەویست.
قازی:
کاک سەلاح وەکوو باسم کرد ئاخر جار بەڕێزت لە ٥-ی مانگی ژانڤییەی ٢٠٢٠ بەشداریت
کرد لە بەرنامەی ڕاوێژدا ئەو دەمی هێشتا ئەو پەتایە بەوشێوەیە نەبوو زۆرخۆشحاڵ
دەبووین کە لە ستودیۆ پێکەوە بین، بەلام ئەوە بە ڕێگای تێکنیکیشەوە ئیمکان هەیە
بەیەکەوە قسە بکەین . لەو بەرنامەیە دا پێم خۆشە لە سەر بابەتی ڕەخنەی ئەدەبی
بدوێین . دیارە ئەوە بابەتێکی زۆر بەربڵاوە بەڵام هیوادارم لەو بەرنامەیەدا
بتوانین هێندێک لایەنی ئەو بابەتە شرۆڤە
بکەین. پێم خۆشبوو لە سەرەتا لەوەڕا دەست پێ بکەی کە لە ڕووی تێئۆریکەوە و دیارە
لە ڕووی پڕاکتیکیشەوە ڕەخنەی ئەدەبی چۆن پێناسە دەکرێ؟
عەبباسی:
ڕەخنەی ئەدەبی دەکرێ بڵێین لە سەدەی ١٩ ڕا وەکوو شتێکی گشتگیر و شتێکی هەمە لایانە
کە ڕۆژنامە و گۆڤارە ئوڕووپاییەکان ئیهتیمامی پێ دەدەن وەکوو ڕەخنە دێتە کایەوە
دەکرێ بڵێین لە سەرەتای سەدەی ١٩ رایە. پێش ئەوە دەکرێ بڵێین ڕەخنەی ئەدەبی
دەنووسرا، ڕەخنەگری ئەدەبی هەبوو بەڵام وەکوو ئیشێکی بەردەوام، ئیشێکی جیدی بوونی
نەبوو، بەڵکوو هێندێک ڕەخنەگر هەبوون کە ڕەخنەیان دەنووسی. بەڵام ئەوەی کە ڕەخنەی
ئەدەبی گرینگییەکەی لە چی دایە یان ڕەخنەی ئەدەبی بۆچی پێویستە یان ڕەخنەی ئەدەبی
خۆی چییە لە خۆیدا پێویستە باس لەوە بکەین کە ڕەخنەی ئەدەبی وەک هێندێک مێتۆد و هەموو
زانستەکانی تر، دیارە ڕەخنەی ئەدەبی ناکرێ بڵێین زانستە، وەکوو کۆمەڵناسی، وەکوو
دەروونناسی نزیک دەبێتەوە لە زانست بەڵام
لەگەڵ زانستێکی وەکوو ماتێماتیک و فیزیک و ئەو جۆرە زانستانە زۆر جیاوازە
بەڵام کە دەڵێین ڕەخنەی ئەدەبی نزیک دەبێتەوە لە زانست واتە پێوەر و معیار دێنە
گۆڕێ. ئەو پێوەر و معیارانە تەنیا ناتوانن لە زیهنی، لە زێهنییەتی ڕەخنەگر دا بن. بەڵکوو
ئەو پێوەر و معیارانە دەبێ تەتابوق بدرێن یان بڵێین ڕووبەڕوو بکرێنەوە لەگەڵ دەقی
ئەدەبی، بەرهەمی ئەدەبی. بە گشتی دەتوانین بڵێین دوو چەشنە قوتابخانە لە ڕەخنەی
ئەدەبیدا زۆر باون کە هەموو جۆرە ڕەخنەکان لە نیهایەتدا، دواجار دەگەڕێنەوە سەر
ئەو دوو قوتابخانەیە. یەکێان ئەو قوتابخانەیەیە کە دەق دەکاتە مەرجەع واتە نە
کۆمەڵگا، نە بیۆگڕافی نووسەر، نە نووسەر و نەک هێزە کۆمەڵایەتییەکان و هێزە
ئابوورییەکان، نەک مێژووی سەردەمی نووسەر ئەوانە ناکاتە مەرجەع
قازی: ئەگەر زەحمەت نەبێ
لێرە بە نموونەیەکیش باسی بکەی بۆ ئەوەی لە زەینی بینەراندا باشتر ڕوون بێ!
عەبباسی: بۆ نموونە ئەو
ڕەخنانەی کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا فۆرمالیستەکان لە ڕووسیا نووسیان ئەوە قوتابخانەیەکی ئەدەبی
زۆر گەورەش بوو. ڕۆمان یاکۆبسۆن و زمانناسەکان دەقی ئەدەبییان وەکوو شتێکی کە
ساختاری زمان، یاسای زمان تێیدا ڕەنگ دەداتەوە لێک داوە. ستروکتورالیستەکان کە لە
فۆرمالیستەکان را تەئسیریان وەرگرت و هەر وەها ڕەخنەی نوێ لە ئەمریکا لە شیکاگۆ کە
ڕەخنەیەکی دەکرێ بڵێین سەر بە وڵاتانی ئانگڵۆساکسۆن بوو. ئەو ڕەخنەیەی کە لە
ڕیچاردس و ت.ئێس. ئیلیۆت و کۆمەڵێک ڕەخنەگری ئینگلیسی و ئەمریکایی ڕا دەستی پێکرد
تەرکیزی خۆی خستە سەر دەق هەر وەکوو فۆرمالیستەکان دیارە جیاوازییان لە نێواندا
هەیە، بەڵام لە سەر ئەوەی کە دەق وەک
بەرهەمێکی جوانیناسانە لێک بدەنەوە واتە دەق تەنیا دەق نییە کە موحتەوای هەبێ
بڵێین ناوەرۆکی هەبێ، بەڵکوو دەقێکی ئەدەبی
شێوە، شکل و سەبک و شەقڵی جوانیناسییەکی تێدایە کە ئەو جوانیناسییە لە
فۆڕمدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەوە هەموو ئەو ڕەخنەگرانەی کە بڵێین ستروکتوور و فۆرم و
جوانیناسی یان سەبک و شەقڵ و شێوازی دەق دەکەنە بنەما یان تەرکیز دەکەنە سەر ئەوە،
هەموویان ئەوە لەبەر چاو دەگرن کە ئەو دەقە لە ڕووی جوانیناسییەوە، لە ڕووی
هونەرییەوە ئەو شتە دیارە پێشتر لە ڕەخنەی نەقاشی یان بڵێین وێنەکێشانەوە، ئەو
ڕەخنەیەی کە لە تابڵۆ نەقاسییەکان دەگیرا،
لە پێش دا بەکار هاتبوو. دوایە رێئالیستەکان، ناتورالیستەکان ، ڕەخنەگرانی سەدەی
١٩ هاتنە سەر ئەو باوەڕەی کە وەکوو چۆن تابڵۆیەک لێک دەدەنەوە بەو شێوەیە شێعرێک
یان ڕۆمانێک لە ڕووی ئەو ماهییەتەی کە دەنێو خۆیدا هەیەتی یان بڵێین لە ڕووی ئەو
مێتۆد و جوانیناسییەی کە تێیدا بەکار هاتووە، هەر وەکوو مێعمارییەک کە ئەتۆ چاو لێ
دەکەی، لەو مێعمارییە دا کۆمەڵێک مێتۆد بەکار هاتووە، جوانیناسی بەکار هاتووە، لە
دەقێکیشدا لەوە دەگەڕان کە ئەوە بدۆزنەوە، کە لە کەسایەتییەکاندا، لە وێنەکاندا،
لە دیمەنەکاندا، لە چیرۆکەکە دا، لە بەسەرهاتەکاندا ئەو کۆمەڵە زنجیرەیەک ناوەرۆک
پێکەوە بەستراوەتەوە، ئەو ناوەرۆکە فۆڕمێک دروست دەکا.
قازی: ئەوە شتێکی چاوڕاکێش
بوو کە جەنابت باسی بۆ نموونە نەقاشیت کرد، ئەمن لە جێگایەکدا خوێندوومەتەوە بۆ
وێنە ئەتۆ کاتێک تەماشای تابڵۆیەکی ڤان گۆک دەکەی لەوەڕا ناچی بۆ بابەتەکە کە
بزانی پەیامەکەی چییە بەڵکوو لەوە ڕا دێی
کە بزانی ئەو کوتەکوتانەی کە ئەو تابڵۆیەیان لێ ساز بووە چییە یانی دەتەوێ لە
پێشدا لەوانە تێ بگەی و کۆکردنەوەی ئەوانە و پێوەندیی ئەوانە بە یەکەوە ئەوجار
دەکرێ پەیامەکەی هەڵێنی. پێت وایە؟
عەبباسی: بەڵێ ڕاستە، ئەوەی
کە سەبکە ئەدەبییەکان، ئێمە بۆ نموونە نەقاشی رێئالیستیمان هەیە، نەقاشی ئێمپێرسیۆنیستیمان
هەیە، نەقاشی ئێکسپرسیۆنیستیمان هەیە، کووبیستیمان هەیە ئەنواعی نەقاشیمان هەیە،
لە ئەدەبیاتیشدا تەواوی ئەو سەبکانەمان هەیە. یانی وەکوو لە چیرۆکدا، لە نووسینی
شانۆ دا، لە نووسینی ڕۆماندا. ئەوە دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی ئەوانە چۆن دەیانهەوێ
سروشتی دەرەوەی خۆیان وێنا بکەن. بۆ وێنە ئێمیل زۆلا دەیهەویست واقعییەتی دەرەوە
بکێشێتەوە زۆر سرنجڕاکێشە لەگەڵ پۆل سێزان ئەوانە هاوکلاس بوون هەر دووکیان
ئامانجەکانیان زۆر لێک نزیک بوو، یەک لە نەقاشیدا، یەکیش لە ڕۆماننووسیدا. پۆل
سێزانیش هەموو حەولی ئەوە بوو کە دنیای دەرەوە وەکوو خۆی بکێشێتەوە بە شێوەیەکی
ناتورالیستی یانی تەقلیدێک لە تەبیعەت. تەبیعەت خۆی ڕێگا پێ نیشان دەدا بە شاعیر
یا بە نەقاش یان بە ڕۆماننووس. ئێمیل زۆلاش پێی وا بوو کە نووسەر دەبێ وەدوای
تەبیعەت بکەوێ، جا ئەو تەبیعەتە هەم ژیانی کۆمەڵایەتییە، هەم ژیانی تاکە کەسە، هەم
ئەو شتەیە کە ئەو زەمانی پێیان دەگوت خولق وخووی ئینسان، دەروونی ئینسان یان بڵێین
هەیەجاناتی ئینسان، واتە ئەو کاراکتێرەی ئینسان هەیەتی، ئەوەش بەشێکە لە تەبیعەت،
لە سروشت. ئەگەر بیهەوێ بەشێوەی ناتورالیستی نیشانی بدا دەبێ هێندێک خسووسیات و
غەراییزی ئینسان لەبەر چاو بگرێ، ئەوە لە ڕۆمانی ناتورالیستی دا. بە گشتی ئێمە
هاتینە سەر ئەوەی کە ڕەخنەی فۆرمالیستی و ڕەخنەی نوێ ئەو ڕەخنەیە بوو کە دوایە
تەکامولیان پەیدا کرد بۆ ڕەخنەی ستروکتورالیستی ئەویش تەکامولی پەیدا کرد بەرەو
ئەو شتەی کە پێی دەڵێن deconstruction، وا سازی کە دیسان ئەو شتەی کە ئەجزاکەی لێک گرێ دراوە
ئەوە هەڵبوەشێێندرێ بۆ ئەوەی کە شتی تازەی تیدا کەشف بکرێ، لە دەقی ئەدەبیدا. پەس
مەبەستی من ئەوە بوو کە دوو قوتابخانە هەیە، دیارە هێشتا باسی قوتابخانەیەکیانم
نەکردووە، ئەو قوتابخانەیەی دیکە جگە لەوەی کە گرینگی دەدا بە خۆدی دەق، گرینگی
دەدا بە وەی کە لە دەرەوەی دەق، لەکۆمەڵگا دا، لە مێژوودا، لە هێزە بەرهەمهێنەرە
ئابوورییەکاندا، لە هێزە مێژووییە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە هێزی سیاسی و حیزبەکان و
لە جموجۆڵی کۆمەڵایەتیدا چ ڕوو دەدا لە سەر دەمی نووسەردا، یان لە سەردەمێکدا کە
ئەو بەرهەمە، ئەو ڕۆمانە یان ئەو شێعرەی تێدا
نووسراوە. کە ئەوە دەبێتە ڕەخنەی مارکسیستی، ڕەخنەی کۆمەڵناسانە، دەبێتە
ڕەخنەی دەروونناسانە، دەبێتە ئەو ڕەخنانەی کە جگە لە دەقی ئەدەبی تا ڕادەیەکی زۆر
پێوەندییەکانی ئەو دەقە بە دەورو بەری خۆیەوە لێک دەدەنەوە. بەڵام ڕەخنەی نوێ، یان
ڕەخنەی هونەری پێی وایە دەق وەکوو مەرجەع چاو لێ دەکردرێ چونکە ئەو دەقە
پێوەندییەکانی خۆی بە دەرەوەی خۆی نیشان دەدا. ئەوان پێیان وانەبوو کە نووسەر
سێحەب یان خاوەنی دەقەکەیە، یان نەقاش بڵێین وەک خاوەنێک بڵێ ئەوە کلیلەکەی لە
دەست من دایە بەڵکوو ڕۆڵان بارت قسەیەکی جوانی هەیە دەڵێ: نووسەر بۆخۆی دەقێکە کە
نووسراوە. نووسەر خۆی دەقێکە کە کۆمەڵگا، مێژوو بەرهەمی هێناوە. کە وابوو بۆچی
ئێمە دەقەکە بگەڕێنینەوە بۆ مێژوو، بۆ
کۆمەڵگا خودی دەقەکەش پێوەندییەکی زۆر چڕی هەیە بە مێژوو و بە کۆمەڵگاوە بەڵام
دەپێشدا دەبێ دەقەکە شی بکەینەوە جا بۆیە کتێبێکی نووسی بە ناوی ' سارازین' لەوێدا
کورتە چیرۆکێکی باڵزاکی کە سی لاپەڕەیە لە دوو سەد لاپەڕە دا شی دەکاتەوە. لەو دوو
سەد لاپەڕەیەدا دەیهەوێ بڵێ ئەگەر ئێمە بە مێتۆدی فۆرمالیستی یان ساختارگەرایی
بڵێین ستروکتورالیسم،وەکوو ناسینی ستروکتوور و بە مێتۆدی وا سازی، ساختارشکەنی، بە
فارسی وای پێ دەڵێن، بە کوردی وشەی بۆ دانەندراوە...
قازی: deconstruction
عەبباسی: بەڵێ، ئێمە کە لە
دەق نزیک بینەوە زۆر شتی لەوە زیاتر نیشان دەدا کە ئەگەر بە خوێندنەوەیەکی دیکە،
یانی بە خوێندنەوەی ئاسایی لێی نزیک بینەوە. جا شتێکی دیکەش ڕۆڵان بارت لە وتارێکی دا بە ناوی ڕەخنە چییە؟ باسی ئەوە
دەکا کەچۆن ڕەخنەی دەروونناسانە و ڕەخنەی ئوستوورەناسانە، وەکوو لوئی ستراوس و
کارڵ گوستاف یونگ و باشلار و کۆمەڵێک دەروونناس و کۆمەڵێک ئوستوورە ناسی فەڕانسەیی
هەر وەها فۆرمالیستەکان ئەوانە بوونە هۆی ئەوەی کە ڕەخنەی ئەدەبی دەوڵەمەند ببێ و
دەوڵەمەند بوونی ڕەخنەی ئەدەبی بوو بە هۆی ئەوەی کە نووسەرانی ڕۆمان وشێعرخودئاگاهییەکی
زیاتر پەیدا بکەن. واتە ببنە خاوەنی ئاگابوون لە شێوەی نووسینی خۆیان کە ئەوە لە
جەیمس جۆیس و مارسێل پرۆست و دوایە بەتایبەتی لە ڕۆمانی نوێدا زۆر ڕەنگی دایەوە.
هەر وەک دەزانن بۆ وێنە جۆیس و پڕۆست زۆر لە سەر ئوستوورە و زۆر لە سەر ناخودئاگا و
لە سەر فەلسەفە کاریان کرد بوو، بە تایبەتی پڕۆست کە فەلسەفەی بێرگسۆنی لە سەر
زەمان، ئەوەی کە زەمان چییە هێنا نێو ڕۆمانەکەی خۆیەوە بۆ ئەوەی کە تێپەڕ بوونی
زەمان و کات نیشان بدا لە ڕۆماندا. پێش وی ئەو کارە بەو شێوەیەی نەکرا بوو دیارە
هەموو ڕۆمانێک زەمان و ئوستوورە (ئەفسانە)، کەسایەتی و ئەوانەی تێدایە،
مەجمووعەیەک لەهەموو ئەو شتانە. بەڵام ئەوەی کە ئەو شتانە چۆن پێکەوە کۆ دەبنەوە و
مەبەستی نووسەر چییە دەیهەوێ خوێنەرەوە بەرەو کوێ بکێشێ دێرە دا دیارە جیاوازی
هەیە.
قازی: کاکە سەلاح دێرە دا
ئەمن داوایەکم هەبوو ئەگەر بتوانی باسەکە هێندێک گرێ بدەیەوە بە ئەدەبی کوردی یان
بڵێین ئەدەب لە دەرو جیرانی کوردی دا، بۆ
وێنە ئەو بینەرانەی کە ئێستا تەماشای ئێمە دەکەن ڕەنگە جگە لە کوردی بە فارسی یا
عەڕەبی یان بە تورکیش بخوێننەوە جا ئێمە ئەگەر لە نێو ئەوانەدا هەڵبژێرین بۆ نموونە
ئەگەر بێینە سەر ئەدەبی فارسی ڕەخنەی ئەدەبی وەکوو ئەوەندەی من دەزانم ڕەخنەی
مۆدێڕنی ئەدەبی لە ئەدەب و زمانی فارسیدا لە ساڵانی ١٣٤٠-ی هەتاوی ڕا وا بزانم بە
نوسینەکانی بەڕێز دوکتور ڕەزا بەراهێنی ڕا دەست پێ دەکا و کتێبێکی زۆر بەناوبانگی
هەیە بە ناوی " طلا در مس" واتە زێڕ لە مس دا و ئەوە لە ڕاستیدا بە
سەرەتای ڕەخنەگری تازەی ئەدەبی دادەنێن – نازانم بەڕێزت چۆنی دەبینی - پێم خۆشە بەر لەوەی کە بگەینە بەراهێنی هێندێک
باسی پاشخانەکەی بکەی یانی بۆ وێنە ڕەخنەگری ئەدەبی یان ڕەخنەی ئەدەبی لە زمانی فارسیدا چۆن بووە و
دوایە بگەینە ئەو تازەگەرییەی کە بە بەراهێنی دەستی پێکردووە و دواتریش بکرێ
پێوەندیی بدەینەوە بە ئەدەبی کوردی. ئایا ئێمە لە کوردیدا دەکرێ باسی ڕەخنەی
ئەدەبی بکەین یان ڕەخنەگری ئەدەبیمان چەندە هەیە و چەندە نیمانە؟
عەبباسی: پێش ئەوەی کە بێینە
سەر ئەو باسە دیارە ڕەخنەی ئەدەبی دەکرێ بڵێین لە نیمایووشیجەوە دەست پێ دەکا،
سادقی هیدایەتیش ئەو دەمی هێندێک ڕەخنەی نووسیوە.
قازی: زەحمەت نەبێ ئەوانە
بە کورتی بشناسێنی چونکە مومکینە هەموو بینەرێک نەزانی نیمایووشیج کێیە، سادقی
هیدایەت کێیە.
عەبباسی: نیمایووشیچ یەکەم
شاعیر یان باوکی شێعری نوێی فارسییە کە ساڵی ١٣٣٧-ی هەتاوی کۆچی دوایی کردووە،
لێرە دا باسی شێعری خۆی دەکا، باسی مەبەست و ئامانجەکانی خۆی دەکا کتێبێکی هەیە
" حرفهای همسایە، نامەهای همسایە" لەو کتێبانەدا باسی ئەو شتانە دەکا.
لە هێندێک جێ باسی ئەوە دەکا دەڵێ ئامانجی من ئەوەیە کە زمانی شێعر لە زمانی ڕۆژانە،
لەزمانی خەڵک، لە زمانی نووسین، لە زمانی نەسر، لە زمانی قسە کردن نزیک بکەمەوە.
ڕەخنەگرانی ئێستا پێیان وایە تەواو پێچەوانەی ئەو کارەی کردووە یانی خۆی لە سەر
شێعری خۆی ڕەخنەگرێکی باش نەبوو چونکە زمانی شێعرەکانی زمانێکی زۆر هونەری،
زمانێکی دوورە لە زمانی ڕۆژانە، لە زۆربەی
شێعرەکانیدا و زمانێکی بڵێین غامزە، زمانێکی ئاوا ئاسان نییە. بەڵام کە دەگەینە
ڕەزا بەراهێنی لێرە دایە کە جوانیناسی شێعری کۆنی فارسی ڕەخنەی لێ دەگیرێ نەک لە
شێعرە کۆنەکان چونکە بەراهێنی پێی وایە حافز و مەولەوی و سەعدی ئەوانە داهێنەر
بوون لە کاتی خۆیدا شتی تازەیان خولقاندووە بەڵام پێی وایە ئەو شاعیرانەی کە لاسای
ئەوانە دەکەنەوە ئەوانە داهێنەر نین بەڵکوو لاسایی کەرەوەن و خەڵک چەپڵەیان بۆ
لێدەدا چونکە خەڵک ئەو جۆرە شێعرەی پێ خۆشە وەکوو بڵێین لە ڕووی کولتوورییەوە، لە
ڕووی زەوقەوە پێی ڕاهاتووە، لەگەڵ ئەو جوورە شێعرە ئاشنایەتی هەیە بۆیە خەڵک حەز
لە شێعری تەوەلولی دەکا، حەمیدی شیرازی، فەرەیدوونی تەوەلولی، هێندێک شاعیر هەن بە
سەبکی شێعری کۆن شێعری جوان و لەتیف و ئەو شتانە دەنووسن. بەراهێنی زۆر بە توندی
ڕەخنەیان لێ دەگرێ و دوایە شێوەی ڕەخنەی ئەدەبی فارسی دەگۆڕێ. یانی بەڕاهێنی ئەو
مەرجەعییەتە پەیدا دەکا کە بۆ وێنە شێعری شاملووی دەناسێنێ بە باشتر، لەگەڵ سوهرابی
سپێهری زۆر نایەتەوە ئەو کاتی شێوەی سوڵح و ئاشتی و عیرفانەکەی زۆر بە دڵ نییە چون
لە سەردەمی شا دا ئەوانە پێیان وا بوو شێعر دەبێ لەمەیدان دا بێ، بەرعۆدە بێ نەک
ئەوەی کە شێعرێکی عیرفانی بێ و ئەو شتانە بێ. خزمەتێکی زۆر دەکا بە ڕەخنەی ئەدەبی
هەڵبەت مەرج نییە مرۆڤ لەگەڵ هەموو
ڕەخنەکانی، بڵێین داکۆکی لە هەموو بیرو بۆچوونەکانی بکا یان هەمووی دروست بن.
بەڵام ئەوەی هەیە بەڕاهێنی کەسێک نییە کە بیروڕایەکی ئاکادێمیک بێنێ دای سەپێنێ بە
سەر بەرهەمی هونەری دا.
مێژووی شێعری فارسی دەناسێ، شێعری فارسی دەناسێ و دوایە بە پێی ئەو خوێندنەوەی کە
هەیەتی دێ دەڵێ ئەو شاعیرانە نوێن، ئەو شاعیرانە نوێ نین، ئەو شاعیرانە
خەریکن کای کۆن بە با دەکەن، درێژە بە
کاری کۆن دەدەن، ڕێچکە و ڕێبازی کۆنیان گرتووەتە پێشێ، شتی تازەی تێدا نییە، هیچ
ڕوانگەیەکی تازەیان نییە، بولبول و گوڵ و مەهتاب نازانم ڕووبار و سونبول و ئەوە
هەر وەکوو لە شێعری کۆنی فارسیدا بەکار هاتووە ئەو سەمبول و ئیستیعارانە،
مێتافۆرەکان وەکوو خۆیان بەکار دێننەوە کە وا بێ ئەوانە شاعیری نوێ نین بڵێین ئەوانە لە سەردەمی خۆیاندا ناژین. ئەوانە
ئاناکرۆنیسمیان هەیە یانی ناهاوزەمانین، لە زەمانی خۆیاندا نین. ئەوە زۆر
کاردەکاتە سەر ڕەخنەگران و کار دەکاتە سەر شاعیرانیش کە حەول نەدەن میراتی کۆنی شێعری فارسی وەکوو خۆی دووپات کەنەوە یان لاسایی شاعیرە کۆنەکان
بکەنەوە بەڵکوو حەول بدەن نوێگەری بکەن، تاقی کردنەوە بکەن شتی تازە بێننە گۆڕێ کە
ئەوەش دەکرێ بڵێی میراتێکی مۆدێرنیستییە یانی نووسەرە مۆدێرنیستەکانیش لە ئوڕووپا هەر بەو ڕێجکەیە دا دەڕۆیشتن.
قازی: لێرە دا پرسیارێک،
ئەوەی کە بەراهێنی باسی دەکا پێت وایە داهێنانێکی خۆیەتی یانی لە سەر ئەساسی
لێکۆڵینەوەی لە شێعری کۆن و لە شێعری تازە و هەر وەها بارودۆخی ئەدەب بە خودی
زمانی فارسی یان ئەوەی کە بەشێکیشی وەرگرتووە لە ئەدەبی جیهانی، لەو ڕەخنەگرییەی
کە جەنابت باست کرد بە تایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ، چونکە ئێمە دەزانین ئەو بەڕێزە
دوکتورای هەیە لە ئەدەبیاتی زمانی ئینگلیسیدا. تا چەندە پێت وا هەیە کە لە ژێر
تەئسیری ڕەخنەگری لە ئەدەبی ئینگلیسیدا ئەو شتانەی هێنابێتە نێو ئەدەبی فارسی؟
عەبباسی: بەڕاهێنی دەکرێ بڵێی
ئاگاداری ڕەخنەی ئەدەبی جیهانی بووە بەڵام تا چ ڕادەیەک ئەمن ئەوەی نازانم. بەڵام ڕەخنەکانی لە جێی خۆی دان وەکوو پڕاکتیک وەکوو
ڕەخنەی عەمەلی، وەکوو ڕەخنەی ئاکادێمیک بەڕاهێنی نایە بڵێ ئەوە ئەمن نەزەرییەیەک،
تیۆرییەکی تایبەتیم هەیە بە پێی ئەو تیۆرییە
من دێم مەسەلەن شێعریان ئەدەبییاتی
فارسی هەڵدەسەنگێنم، لێکی دەدەمەوە، بەڵکوو کۆمەڵێک مێتۆد و شێوە بەکار دێنێ کە تەعبیر و تەفسیرن دە ئاخرەکەشیدا
دەگاتە ئەرزیابی، ئەرزش داوەری، بایەخ پێدان ، هەڵسەنگاندن یان نرخاندن. ئێستا زۆر
ڕەخنەگر پێیان وایە کە ئەرکی ڕەخنەگر نرخاندن نییە بەڵکوو تەعبیر و تەفسیرە و باس
کردنە. بڵێین لایەکانی بەرهەمەکە نیشان بدا. لە حاڵێکدا ڕەخنەگرانی وەکوو بەڕاهێنی
پێیان وابوو دەبێ نیشان بدرێ چ شتێک نوێیە یان چ شتێک مێتافۆری سواوە یان چ شتێک
کڵیشەیە، چ شتێک کۆنە باوی بەسەر چووە، چ
شاعیرێک خۆی دووپاتە دەکاتەوە یان تڕادیسیۆن دووپاتە دەکاتەوە و چ شاعیرێک
ئۆرگیناڵە، ئەسڵە شتی تازەی پێیە؟ پێیان
وابوو وەزیفەی ڕەخنە ئەوەیە کە کۆن و نوێ لێک جوێ کاتەوە نەک بە مانای کۆن و نوێی
مێژوویی بەڵکوو بە مانای کۆن و نوێی کە ئاناکرۆنیسمی هەیە، دە یەک زەماندا دەژین
بەڵام یەکیان تڕادیسیۆن، ڕابردوو دووپاتە دەکاتەوە ئەویتریان شتی تازە دا دەهێنێ، داهێنەرانە لەگەڵ مێژوو، لەگەڵ ژیان، لەگەڵ
سیاسەت، لەگەڵ کۆمەڵگا مامەڵە دەکا بە شێوەیەکی داهێنەرانە. جا بۆیە نیمایووشیچ
وەکوو لووتکەی شێعری فارسی دادەنێ، شاملوو و هێندێک شاعیری دیکە ئەوانە بە شاعیری
گەورە دەناسێ و ئەو شاعیرانەش کە لاسای ڕابردوو دەکەنەوە، تەنانەت ئێستا زییای
موەحید ئەو ڕێگایەی گرتووەتە پێشێ لە ڕەخنەی فارسیدا، ئەمن کۆمەڵێک وتارم لێ
خوێندەوە لە سەر هووشەنگی ئیبتیهاجی نووسیوە
قازی: ئەوە ئی سەردەمێکی
تازەترە یانی دوای بەڕاهێنی؟
عەبباسی: بەڵێ، بەڵام دەکرێ
بڵێی شاگردێکی بە وەجی بەڕاهێنی کە ئاشنایە لەگەڵ تیۆرییە ئەدەبییەکانی جیهان! زییا
موەحید بە ڕاستی چەند وتاری نووسیوە هیچی بۆ هووشەنگی ئیبتیهاج تێدا نەهێشتووەتەوە
یانی وەکوو شاعیرێکی کە بیرێکی سواوی هەیە، کڵیشە پەردازی دەکا، سونبول و گوڵ و
بولبولی حافز و شاعیرانی کۆن خەریکە بە شێوەیەکی دیارە ڕازاوە و جوان، چونکە
زەوقێکی لەتیفی هەیە دووپاتە دەکاتەوە و
پێی وایە هیچ نوێکاری، تاقیکردنەوەی تازە، شتی ئۆرگیناڵ، داهێنرانە دە کاری
هووشەنگی ئیبتیهاجدا نییە. تووڕەییەکی زۆری لێ ساز بووە ئەو وتارانە چونکە هووشەنگی ئیبتیهاج زۆر خۆشەویستە، خەڵکێکی زۆر
زۆر حەز لە شێعرەکانی دەکەن و زۆر کەسیش لە ڕەخنەگرانی سوننەتی ، نەریتی یان
ڕەخنەگرانی ترادیسیۆنێلی ئێرانێ دەڵێن ئەو کابرایە حافزی سانییە. دوای حافز ئێستا
ئەوە جێنشینێتی.
قازی: باشە کاک سەلاح ئەو
مێتۆدی شیکردنەوەی ڕەخنەگرانەی دەق کە لە بناوانەوە لە لایەن ڕەخنەگرێکی گەورەی بە
ڕەچەڵەک هۆلەندی ڕا هاتووەتە گۆڕێ و دیارە فڕۆیدیشی هێندێک تێکەڵ دەکەن ئەوە لە
ئێران لە ڕەخنەی ئەدەبی فارسیدا ڕێگای خۆی کردووەتەوە؟
عەبباسی: ئەتۆ ئەگەر نێوی ئەو
ڕەخنەگرە هۆلەندییە بڵێی
قازی: پێم وایە نێوی ڤان
دایک ە. مەبەستم لە مێتۆدەکەیە.critical discourse analysis یانی شیکردنەوەی
ڕەخنەگرانەی دەق
عەبباسی: مامۆستا یەک شتت
عەرز بکەم ڕەخنەی ئاکادێمیک لە ئێرانێدا وەزعی زۆر خراپە ئیفتیزاحە. دەزانی بۆ
چونکە مێتۆدێکی غەڕبی جا دەروونناسی بێ، ستروکتورالیسم بی، deconstructionبێ، فطمینیزم بێ یان
تێکەڵاوێک لە چەند قوتابخانان بێ دێنن بە سەر دەقێکی ئەدەبیدا دادەبەزێنن، و ڕەخنە
دەبێ لە نێو دەقەکە هەڵقوڵێ یانی ڕەخنەگر کە دەقێکی ئەدەبی، شێعرێک، ڕۆمانێک
دیوانێکی شێعر دەخوێنێتەوە ناکرێ لە پێشدا بێ قوتابخانەیەکی ئەدەبی بەسەریدا
داسەپێنێ بڵێ من ئەو دەقە لە ڕوانگەی بۆ وێنە فڵان قوتابخانەی ئەدەبییەوە
دەخوێنمەوە بە بێ ئەوەی کە کەشفی کردبێ دەقەکە بۆ خۆی دەڵێ چی، دەقەکە بۆخۆی چ
ڕێگایەک نیشان دەدا. دەق چ شێعر بێ، چ
ڕۆمان بێ، چ شانۆ بێ بۆخۆی ڕێگایەک نیشان دەدا یانی ڕێگایەکی تێدایە کە ئەو
مەجمووعە نیشانانە، ئەو مەجمووعە ناوەرۆک و فۆڕمە
چ بە ڕەخنەگر دەڵێ. ڕەخنەگر دەبێ گوێ لە دەق بگرێ نەک ئەوەی کە بێ بڵێ ئەمن
بە پێی دیتنێکی مارکسیستی یان بە پێی دیتنێکی فێمێنیستی دێم ئەو دەقە لێک
دەدەمەوە. دەقی وا هەیە بۆ خۆی کۆمەڵێک شتی مارکسیستی و فێمێنیستی و کۆمەڵناسی و فۆرمالیستی تێدایە. ڕەخنەگر دەبێ
لە نێو دەقەکە ئەو قوتابخانانە دەربێنێ نەک ئەوەی کە قوتابخانەکان بخاتە ناو
دەقەکەوە.
قازی: ئێستا ئەگەر بگەینە
ئەدەبی کوردی. دەزانین کە چەند ڕۆژ لەوە
پێش ساڵڕۆژی مەرگی ڕۆماننووسێکی زۆر بە نێوبانگ بوو لە ئەدەبی کوردیی کورمانجیدا
مەحمەد ئوزوون، نازانم بەڕێزت چەندە ئاشناییت هەیە لەگەڵ ئەدەبی کوردیی کورمانجی،
با ئێمە زیاتر تەرکیز بکەین لە سەر ئەدەبی کوردیی سۆرانی، کوردیی ناوەڕاست. لەو
پێوەندییە دا دەزانم کە بەڕێزت زۆر شت تەعقیب دەکەی، دەشۆپێنی چ لە باشووری
کوردستان و چ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاستی ڕەخنەی ئەدەبی لە کوردیی سۆرانیداچۆن
دەبینی؟
عەبباسی: مامۆستا لێرەدا ئەمن
مەجبوورم شتێک بڵێم ڕەخنەگر دەبێ بتوانێ شوێن و جێگای نووسەر لە جیهانی
ئەدەبییاتدا دیاری بکا. واتە ئێمە کە دەڵێین نەجیب مەحفووز یان یاشار کەماڵ یان
فڵان نووسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یا شاعیرێک نازم حیکمەت، مەحموود دەروێش، شێرکۆ
بێکەس هەر کەسێک باس دەکەین دەبێ بزانین کە نموونەکانی لە ئەدەبییاتی جیهانیدا یان
لە وڵاتانی تردا چۆنن. چونکە ئەدەبییات شتێک نییە کە هەر کەسە و تایبەتمەندییەکی
وای هەبێ لەویدیکە نەچێ ئێمە ژانرمان
هەیە، شاعیرانی سەر بە قوتابخانە جۆراوجۆرەکانی ئەدەبیمان هەیە یان شاعیران و
نووسەرانمان هەیە کە نزیکن لە هێندێک قوتابخانە و سەبکی ئەدەبی جا بۆیە گرینگترین کاری ڕەخنەگر ئەوەیە
کە جێگای نووسەر یا شاعیر دیاری بکا. ئەو جێگایە چۆن دیاری دەکرێ ئیستا ئێمە زۆر
بە ڕاحەتی دەتوانین بڵێین یاشار کەماڵ جان شتاین بێکێکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
چونکە دەتوانین ڕۆمانەکانیان پێکەوە تەتبیق بدەین و دەتوانین زۆر بە هاسانی
ڕەخنەیەکی بەراوردکارانە بنووسین لە نێوان ڕۆمانە کرێکارییەکانی جان شتاین بێک، کە
چینی پڕۆلێتاریا دەوێدا دەوری سەرەکی دەبینێ لەگەڵ ئەو ڕۆمانانەی یاشار کەماڵ کە
دەواندا پڕۆلێتاریای کورد یان بڵێین چینی
بێ زەویوزار، ڕەعییەت دەوری سەرەکی
دەبینێ. ئەوە جێگایەکە کە ڕەخنەگری ئەدەبی دەبێ بیبیبێتەوە و زۆر بە سادەییش دەبیندرێتەوە بەڵام ئێمە
نووسەر و شاعیری ئاوامان هەیە کە لە ترادیسیۆنی جیهانیدا جێگایان بۆ نابیندرێتەوە.
هۆیەکەی ئەوەیە نەیانتوانیوە فۆڕمێکی ئەدەبی کەشف بکەن. جا ئەگەر ڕۆماننووسن یان
ئەگەر شاعیرن. ئێمە دەڵێین ئێستا لە ڕەخنەی ئەدبیدا کەسێکی وەکوو هووشەنگی
ئیبتیهاج بە شاعیرێکی گەورە ناناسرێ هەر چەند ئەو هەموو جوانیناسییە دە
شێعرەکانیدا هەیە.
ئەمن وەختی خۆی وتارێکم نووسیبوو لە سەر شێرکۆ بێکەس کە ئەوە ڕوانگەیەکی پۆپۆلیستی
لە شێعرەکانیدا هەیە. یانی کوردایەتی و کوردگەرییەکی کە تێیدا مەدحی حیزبە
کوردەکان دەکا و پێیان هەڵدەڵێ. دوایە شێرکۆ بێکەس شێعرێکی نووسی ' ئێستا کچێک
نیشتمانمە' دە دوا قۆناخی ژیانیدا. لەو شێعرە درێژەیدا تەواوی ڕابردووی خۆی ڕەد
کردەوە لە ڕوی شێعرییەوە. تەواوی ئەو مەدح و پێداهەڵگوتنانەی کە بە شۆڕشی کورد و
بەو حیزبانە و بە یەکێتی نیشتمانی و ئەوەی کرد بوو ڕەدی دەکاتەوە یانی دەکرێ بڵێین
deconstruction ی شێعرەکانی پێشترێتی ئەگەر لە ڕوانگەی ڕەخنەی بەراوردکارییەوە
ئێمە ئەو شتە لێک بدەینەوە. جا مەبەستەکە لێرە دا چییە ڕەخنەگر کاری نە تەبلیغە نە
چەپڵە لێدانە. نە ئەوەیە کە بێ بڵێ ئەوە فڵان شاعیر کەڵە شاعیر و شاعیری گەورەیە و
فڵان و فیسار. ڕەخنەگر کاری ڕەخنەگرتنە و ڕەخنەگرتن لە جێیەکی پێک دێ، بواری بۆ
دەڕەخسێ کە لەوێدا کۆمەڵگا ئوستوورەسازی نەکا. شتەکان بە پیرۆز نەکا، بە
موقەدەسیان نەکا. ئێستا ئێمە لە فەڕانسە، لە ئینگلیستان ڕەخنە لە باڵزاک بگری،
ڕەخنە لە شێکسپیر بگرێ هیچکەس پێی تووڕە نابێ هیچکەس. یانی یەک نەفەریش تووڕە
نابێ. تۆلستۆی کتێبی لە سەر شکسپیر نووسیوە تەواوی شانۆکانی ڕەد کردووەتەوە،
هونەرەکەی ڕەد کردووەتەوە، کتێبەکە بە ئینگلیسی تەرجومە کراوە و قسەی لەسەر دەکەن
و هێندێک ڕەخنەگر دەڵێن تا ڕادەیەک قسەی پێیە، هێندێک ڕەخنەگر دەڵێن نا بە هەڵە دا
چووە یانی ڕەخنەی ئەدەبی جێگای تەقەدوس و ئوستوورە سازی و گەورە کردنەوە و ئەوە
نییە. بەڵام ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چونکە هەم سیاسەتمەدارەکانمان دەکەینە شتی
موقەدەس کە کەس ناتوانێ باسیان بکا، ئەتۆ ناتوانی کاریکاتۆری سیاسەتمەدارەکانت
بکێشییەوە. ئەردۆغان کاریکاتۆڕێکیان لێ کێشابووەوە کابرای ئەڵمانی لە ئەڵمان
ڕەسمەکەی کێشابووەوە، کاریکاتۆری کێشابووەوە، شکایەتی لە دەوڵەتی ئەڵمان کرد. یانی
ئەو کولتوورە لە نێو ئێمە دا پێک نەهاتووە بۆیە ڕەخنەگر هەست دەکا ئەو بوارەی نییە
کە بە ئازادی باسی بەرهەمە هونەرییەکان بکا.
قازی: بەڵام دیارە کاک
سەلاح لە کوردستان، لە باشووری کوردستان بۆ نموونە ئەمن وەبیرم دێ کە جارێک
ڕەحمەتی مام جەلال تاڵەبانی باسی ئەوەی کرد کە لە پارکی ئازادی لە سلێمانی لەوێ
گۆشەیەک دانێن گوتی لەوێ هەموو کەس دەتوانێ هەرچی پێی خۆشە بیڵێ دیارە وەکوو
چاولێکەرییەک لە Speakers Corner لە هایدپارک لە
لەندەن. یانی سەبەبی ئەوەی کە دەرفەتی ڕەخنە ڕۆ نەنیشتووە چییە، مومکینە لە ئەدەبی
ئینگلیسیدا یەکێک بێ ڕەخنە لە شێعری شێکسپیر بگرێ، شێعری شێکسپیر ئەوەندە
ڕۆنیشتووە ئەوەندە جێی خۆی کردووەتەوە کە نەک لە ئاستی زمانی ئینگلیسیدا بەڵکوو لە
ئاستی جیهانیدا ئیدی هیچ کێشە و هەرایەکی لە سەر نییە یانی وا دامەزراوە کە
نالەقێ، نا هەژێ بە جوورێک. بەڵام ڕەنگە لە مەر ئەدەبی کوردیدا بڵێین هێندێک بە پارێز و حەوسەلەوە بۆی بچن ڕەنگە
لەبەر ئەوە بێ کە ڕۆنەنیشتووە .
عەبباسی: مامۆستا ئێمە باسی
ئەوەمان کرد کە نووسەر یان شاعیر دەبێ جێگای خۆی لە جیهاندا ببینێتەوە، بدۆزێتەوە.
ڕەخنەگریش دەبێ جێگاکەی بۆ دیاری بکا. ئەوە بە مەعنای ئەوەیە کە ئەو بەرهەمە
هونەری و ئەدەبییە دەبێ ئەو قورساییەی هەبێ کە ڕۆبنیشێ و بە هەزار ڕەخنەگریش پاڵێ
پێوە بنێن، تەبلیغی بۆ بکەن ئێستا زۆر بەرهەم هەبووە بووەتە مەحفەل بازی ، یانی
ڕەخنەگران، بڵێین ڕەخنەگرانی مەحفەلی تەبلیغیان بۆ کردووە. ئێستا لە ئێرانێ شتی وا
زۆرە. نازانم لە نێو کوردیشدا حەتمەن هەیە. گرووپێک دێن شتی یەکتر بڵاو دەکەنەوە،
نەشرییەیان هەیە بەس تەبلیغ بۆ یەکتر دەکەن. نان بەیەکتر بە قەرز دەدەن.
بەرهەمەکانی ئەوانە ناتوانن ڕۆبنیشن بە تەبلیغ جێ بەجێ نابێ. ڕۆمانێک کە دەنووسرێ
یان شێعرێک کە دەنووسرێ، ئێستا ئەتۆ بۆ وێنە نەزار قەبانیت هەیە، مەحموود دەروێشت
هەیە، تا ڕادەیەک جێگای خۆیان گرتووە بە هۆی هێزێک کە لە شێعرەکانیاندا هەیە.
شێرکۆ بێکەسیش تا ڕادەیەکی زۆر هێز و توانایی لە شێعرەکانیدا هەیە ئەمن ددان بەوە
دا دێنم وەختی خۆی لە ڕەخنەکەمدا زۆر توندڕەویم کرد بە هۆی ئەوەی کە ئەو کاتی
١٩٩٩ی وەزعێکی وا هەبوو کە شێعر بەو شێوەی ڕەخنەی لێ نەدەگیرا ئەمنیش پێم وا بوو
وەزیفەمە شتێکی لە سەر بنووسم، بەڵام ئێستا وا بیر ناکەمەوە بەڵام ئێستاش پێم وایە
ئەو بەرهەمانەی لە ناوچەی ئێمە دەخولقێن بە دەگمەن توانای بە جیهانیبوونیان هەیە
من پێم وا نییە زمان پێشی گرتوون، وەرگێڕان پێشێ گرتوون یان بڵێین وڵاتانی
ئوڕووپایی ئیهتیمام بە بەرهەمی خۆیان دەدەن. من پێم وایە یاشار کەماڵ، نەجیب
مەحفووز، ئۆرهان پاموک ئەوانە بە توانای قەڵەمی خۆیان چوونە پێشێ واتە هیچ
تەبلیغیان بۆ نەکراوە لە سەرەتا دا و هیچ ڕانتیان پێ نەدراوە. مەبەستم لە ڕانتی
ئەدەبییە، بەڵکوو توانایەکە لە بەرهەکانیاندا هەیە. جا نووسەر، شاعیر یان ڕەخنەگر
بتوانێ ئەو بەرهەمانە بخولقێنێ ئێمەش دەتوانین ڕەخنەگری گەورەمان هەبێ، شاعیری
گەورەمان هەبێ بەڵام ئەوە دەبێ دە بەرهەمەکاندا خۆی نیشان بدا. ئێمە سەدان
پڕۆفسۆرمان هەبێ پەنجا شەست کتێبیان نووسیبێ، نێوی گەورە و شاری وێران. لە ئێرانێ
شتی وا زۆرە ئێستا. کەسی وا هەیە دوو سەد
بەرگ کتێبی هەیە، بەڵام کەسی ئاواش هەیە
کە ڕەخنەگرانی ئوڕووپایی و ئەمریکایی وەکوو سەرچاوە بەکاری دێنن. ئێستا بۆ
وێنە دوکتور حوسێنی زەڕین کووب چەندین ڕەخنەی لە سەر حافز و مەولەوی نووسیوە؛
" سر نی "
(ڕازی بلوێر) ئەمە مەولەوی ناسەکانی
ئوڕووپا و ئەمریکا ئیرجاعی پێ دەدەن، شتی لێ فێر دەبن. ئێمەش دەتوانین لە سەر
ئەدەبی کلاسیکی خۆمان یان سەر ئەدەبی دیکە ڕەخنەگرمان هەبێ. نەک هەر ڕەخنەگر،
نووسەر، شاعیر. مەبەستی من ئەوەیە لە زۆر جێ باس دەکرێ ئەدەبییاتی فارسی بە هۆی
ئەوە جیهانی نەبووە کە کێشەی زمانی هەیە، کێشەی وەرگێڕانی هەیە. بە بڕوای من ئەو
شتانە وا نین کێشەکە لەوە دایە ئەو شێعر و ڕۆمانە گەورەیەی پێ نەنووسراوە. شاملوو
نەیتوانی وەکوو ئادۆنیس بچێتە نێو جیهانی شێعرەوە و شێعرەکانی کە وەربگێڕدرێن بەو
شێوەیە پێشوازییان لێ بکرێ. ئەوە هۆی هەیە. ڕەخنەی ئەدەبی پێی وایە جوانیناسی ئەو
شتانە پێوەری هەیە. یانی توانایی و هێز و بڕست و جوانیناسی دە نێو خودی بەرهەم دایە،
لە ڕێگای وەرگێڕانەوە تا ڕادەیەک نیشان دەدرێ و پێمان وا نییە کە لەجیهانی ئەدەبییاتدا
کەسێکی بە توانای هونەرمەندی گەورە هەیە
کە غەدری لێ دەکرێ و ناناسرێ. بەش بەحاڵی خۆم قەت شتی ئاوام قبووڵ نییە تەنانەت نووسەرێکی وڵاتێکی وەک ئاڵبانی لە هەموو دنیایە
دەناسرێ بۆخۆت دەزانی ئێستا ڕۆمانەکانی ئیسماعیل کەدارێ بە هەموو زمانەکانی دنیایێ
وەردەگێردرێن. هۆی چییە، هۆیەکەی ئەوەیە کە ڕۆمانەکانی لە ڕووی ئەدەبییەوە،
هەموویان نا بەڵام هێندێکیان شاکارن، ڕۆمانی زۆر بەهێزن. یاشار کەماڵی لای خۆمان
ئەگەر چاو لێ بکەین. من چەند جاری تریش باسم کردووە لە ئەدەبی عەڕەبیدا، لە ئەدەبی
تورکیدا شاعیر و نووسەری گەورەمان هەیە، ڕۆمانی گەورەمان هەیە، لە ئەدەبی فارسی و
کوردیدا نیمانە.
قازی: بە داخەوە کاتمان
زۆر کەم ماوە، دوو سێ دەقیقەیەکمان ماوە. باسێێکی ئاوا هەیە کە تەنانەت خوێنەرەوە،
خوێنەرەوەی ڕۆمانێک یان خوێنەرەوەی شێعرێکیش ئەگەر بییەوێ دەتوانێ بۆ خۆی ئەو
تێکنیک و مێتۆدانە فێر بێ کە ببێتە ڕەخنەگرێک. ئەوە چەندە ڕاستە؟
عەبباسی: بە باوەڕی من کەسێکی
کە خوێنەرەوەی ئەدەبییاتە لەگەڵ دەق
ڕووبەڕوو دەبێتەوە. ڕووبەڕوو بوونەوە چۆنە دیارە وەکوو شەڕ نییە، ڕووبەڕوو
بوونەوەیەکە بڵێین ئەو دەقە سەرنجی وی ڕادەکێشێ، ئەو خوێنەرەوەیە کە بە دیقەت شت
دەخوێنێتەوە زۆر شت دەو دەقە دا دەدۆزێتەوە، دەقەکە ئالنگاری بۆ ساز دەکا، چالنجی
بۆ ساز دەکا. ئەگەر ئە دەو قۆناخە دا بێ خوێنەرەوە هەموو شتێک لە دەقەکە قبووڵ
ناکا یانی دەقەکە وەکوو ئەوە نییە کە ئەوە خۆراکێکە ئەمن دەیخۆم هەرچی پێم بدا
ئەمن وەریدەگرم. خوێنەرەوە کێشەی لەگەڵ دەقەکە هەیە، لە زۆر جێ دەقەکە قبووڵ ناکا،
یان لە زۆر جێ پێی لاوازە. ئەوە لێرە دایە خوێنەرەوەی ڕەخنەگر دروست دەبێ.
خوێنەرەوەی ڕەخنەگر خوێنەرەوەیەک نییە کە بە شێوەیەکی ئینفیعالی دەق بخوێنێتەوە
مەبەستم ئەوەیە بە شێوەیەک شتەکە وەرگرێ بە بێ بیری ڕەخنەیی. خوێنەرەوە بە بیری ڕەخنەیی
جا چ شێعر بێ، چ ڕۆمان بێ، چ فیلمی سینەمایی بێ لەگەڵی ڕووبەڕوو دەبێتەوە. لێرەدا
چ ڕوودەدا؟ لێرەدایە ڕەخنەگر دروست دەبێ، بەڵام ئەو خوێنەرەوەیە هێشتا
نەگەیشتووەتە ڕادەی ڕەخنەگر، چونکە بۆ ئەوەی ببێتە ڕەخنەگر دەبێ لەگەڵ کۆمەڵێک
تیوری و نەزەرییەی ئەدەبی ئاشنایی پەیدا بکا.
قازی: زۆر سپاست دەکەم
بەڕێز سەلاح عەبباسی ڕووناکبیر و هەر وەها نووسەر و ڕەخنەگری بەرعۆدە هیوادارم
بکرێ لە بەرنامەی دیکەشدا بتوانین بەیەکەوە بین زۆر سپاست دەکەم بۆ ئەمجارە.
عەبباسی: زۆرخۆشحاڵ بووم ، ڕێزم هەیە ئەمنیش، سپاستان
دەکەن.
قازی: بینەرانی خۆشەویست
بەم پێیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی
ئەمجارەشمان. دوو پێنجشەمەی دیکە بەرنامەی ڕاوێژمان دەبێ لەگەڵ دوکتور جەعفەر
شێخەلئیسلامی لە زانکۆی کارلتن لە کانادا
لەسەر بابەتی زمان قسە دەکەین تا ئەو دەمی هەموو کاتێکتان باش.
تێبینی: ئەم بەرنامەیەی ڕاوێژ لە ئێوارەی پێنجشەمە
١٥-ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە ڕێگای سکایپ لە ستێرک تیڤی یەوە بڵاو کراوەتەوە. دەکرێ لەم لینکە دا ویدێئۆی بەرنامەکە لە کاناڵی
یوتیوب دا ببینن.
https://www.youtube.com/watch?v=_97cS_Omufc&t=304s
سەرچاوە: وێبنووسی ڕوانگە
No comments:
Post a Comment