Thursday, November 25, 2021

وتوێژی محەمەد خاکی لە ڕادیۆ دیالۆگ، لەگەڵ سەلاح عەبباسی نووسەر وڕەخنەگری ئەدەبی

وتوێژی محەمەد خاکی لە ڕادیۆ دیالۆگ، لەگەڵ سەلاح  عەبباسی نووسەر وڕەخنەگری ئەدەبی  

٢١-ی نۆڤامبری ٢٠٢٠ 

دەربارەی ڕەخنەی ئەدەبی
محەمەد خاکی: بینەران و بیسەرانی ڕادیۆ دیالۆگ جارێکی تر سڵاوتان عەرز دەکەین. بۆ چاوپێکەوتنێکی تر لەگەڵ بەڕێز کاک سەلاح عەبباسی  هاتووینەوەتە خزمەتتان. بەرنامەی ئەمجارەمان  لە سەر بابەتی ڕەخنە و ڕەخنەی ئەدەبییە. کاک سەلاح گیان سڵاوت عەرز دەکەم، چاوم ڕۆشن بوو زۆر بەخێرێی بۆ ئەم بەرنامەیە.
سەلاح عەبباسی: سڵاوم هەیە کاک محەمەد زۆر زۆر خۆشحاڵ بووم  کە لە خزمەتتان دام لەم بەرنامەیە دا، هیوادارم  باسێکی باشمان هەبێ.

خاکی: خۆش بی کاک سەلاح گیان. کاک سەلاح ئەگەر دەکرێ پێش لەوەی بچینە ناو باسی ڕەخنەی ئەدەبی کورتەیەک لە ژیانی خۆتانمان بۆ باس کەن، بە تایبەتی ئەوەی کە هەڵدەگەڕێتەوە سەر بابەتی ئەدەببیات و ڕەخنەی ئەدەبی.
عەبباسی: بەڵێ زۆر زۆر سپاس. من دایک و باوکم خەڵکی سابڵاغن بەڵام  کاتێک من لە دایک بووم بابم کارمەندی شیرکەتی نەوت بوو لە پیرانشار بۆیە لە شاری پیرانشار لە دایک بووم. لە تەمەنی ٩- ١٠ ساڵییەوە دەستم بە خوێندنەوەی کتێب و چیرۆک کردووە، حەزم لە ڕۆمان و ئەو شتانە بوو، کاتێک کە سیزدە چاردە ساڵە بووم هەستم دەکرد مەدرەسە کاتم دەگرێ، چونکە حەزم دەکرد لە ماڵێ دانیشم کتێب بخوێنمەوە و پێم وا بوو لە مەدرەسە هیچ شتێکی تازە فێر نابم. ئەو کاتی کتێبەکانی باڵزاک و دیکێنز و زۆرتر ڕۆماننووسە ئوڕووپاییەکانم دەخوێندەوە بە وەرگێڕانی فارسی. ئەمە بووە هۆی ئەوە کە حەزی نووسین لە مندا پێک بێ، لە تەمەنی شازدە حەڤدە سالەیی دا چوومە دەرەوە بۆ ماوەی ٩ مانگ لە شاخ بووم و دوایەش هاتم بۆ وڵاتی سوێد. لە وڵاتی سوێدیش کۆمەڵێک شتم لەملا و ئەولا بڵاو کردەوە و هێندێک بابەتم لە سوێدی ڕا وەرگێڕا. چەند ڕۆمانێکیشم نووسیوە کە بڵاو نەکراونەوە، بەڵام کۆمەڵێک ڕەخنە و شتم بڵاو کراوەتەوە لە ماڵپەڕەکاندا، لە گۆڤارەکاندا، کۆمەڵێکیش چاوپێکەوتنم کردووە دیارە زۆرتر لەسەر بابەتی سیاسی چونکە بابەتە سیاسییەکان زۆرتر ئاکتوێلن یان داواکاریان هەیە یان ئێستا شتی هەستیاری ڕۆژن تا ئەوەی کە ڕەخنەی ئەدەبی. ئەم بەرنامەیەی ئێوە دووەمین پڕۆگرامە کە لەسەر ڕەخنەی ئەدەبی و ئەدەببات لەگەڵ من قسە دەکەن. پێش ئێوە کاک حەسەنی قازی لە سەر ئەو بابەتە قسەمان کرد و ئەو مژارەمان چەند جار هەڵسەنگاند بوو. ئیتر زۆر خۆشحاڵم کە دەرفەتێک پێک دێ کە جگە لە سیاسەت باسی شتی تریش بکەین.

خاکی: زۆر سپاس، کاک سەلاح دەکرێ لە پێشدا کورتەیەکمان بۆ باس کەی کە ڕەخنەی ئەدەبی چییە و پێشینەکەی لە کوێیەوە هاتووە، مێژووەکەی چییە؟



     

عەبباسی: کاک محەمەد دیارە ئەمن حەول دەدەم بە کورتی باسی ڕەخنەی ئەدەبی بکەم. ڕەخنەی ئەدەبی لەگەڵ فەلسەفەی یوونانی تێکەڵاوە، یانی بە شێوەیەک تێکەڵاوە یانی نازانین ئەگەر فەلسەفەی یوونان نەبوایە ڕەخنەی ئەدەبی بە چ ئاقارێکدا دەڕۆیشت یان چی لێ بەسەر دەهات لە دواتر دا. چونکە بەشێکی زۆر لە تیورییەکانی ڕەخنەی ئەدەبێ لە لایەن ئەفلاتوون و بە تایبەتی شاگردەکەی ئەفلاتوون ئەرەستووە کاتی خۆی  گەڵاڵە کراون. ئەو ڕەخنەگرانەی سەدەکانی دواتریش بەتایبەتی  سەدەی ١٩ و سەدەی ٢٠ یان موخالەفەتیان هەبووە لە هێندێک شتدا یان  داکۆکیکاری ئەو تیۆرییانە بوون. ئەگەر دوو شانۆنووسی سەدەی بیست بە نموونە بێنمەوە لوویجی پیرانجێلۆ شانۆ نووسی گەورەی ئیتالیایی  زۆر موعجیب بوو یان بڵێین سەرسام بوو بە تیورییەکانی  ئەرەستوو و کتێبی ' بوتیقا' ی ئەرەستوو، پۆئێتیکا، فەنی شێعر یان هونەری شێعر، ئەو کتێبەی بەردەوام دەخوێندەوە، لە حاڵێکدا بێرتولێت بڕێشت بە توندی ڕەخنەی هەبوو لە سەر ئەو کتێبە و پێی وابوو  تەواوی ئەدەبییاتی شانۆیی و دڕاماتیکی ڕۆژئاوا لە ژێر کارتێکەری ئەم کتێبە دا بووەتە هۆی ئەوەی کە هێندێک شتی چینایەتی یان کاروباری لەمەڕ چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا نراونە ژێر پێ چونکە لە تڕاژێدی یوونانیدا هەمیشە گرینگایەتی دراوە بە پادشاکان. دوایە شێکسپیێر هەر بەو ڕچەیە دا هاتووە و دوایەش تڕاژێدی و دڕامای ڕۆژئاوا بەو شێوەیە داڕێژراوە کە ئێمە دەبێ ئاڵوگۆڕی تێدا پێک بێنین کە چەند بەرهەمی گەورەی لە سەر ئەو بابەتە نووسیوە  کە لەزمانی فارسیدا پێی دەڵێن ' بیگانە سازی'، مەبەست ئەوەیە ئەو قاعیدە و یاسایانەی ئەڕەستوو دایناوە تا ڕادەیەک جیاوازییان لەگەڵ پێک بێ یان بڵێین  مەودایەک دروست ببێ نەک ئەوەی ئەو قاعیدانە تێک بچن چونکە  ئەو قاعیدانە تێک ناچن بەردی بناخەی ذرامان. لە دڕامای ڕۆژئاوا دا بە بێ ئەو قاعیدانە تا ئێستا هیچ شانۆیەک نەنووسراوە. بەڵام بڕێشت تەنیا کەسێک بوو کە حەولی دا لە ژێر کارتێکەری ئەرەستوو بچێتە دەرێ، بەڵام کە بگەڕێمەوە سەر ئەوەی کە فەلسەفە باوکی ڕەخنەی ئەدەبی بوو ئەوە لە ئەفلاتوونەوە دەست پێ دەکا. ئەفلاتوون سێ مەوزووع یا بڵێین سێ تێڕمی گرینگی هێنا گۆڕێ لە  ڕەخنەی ئەدەبیدا کە ناسراوترینیان مێمێسیس ە محاکات یان لاسایی کردنەوە یان نیشاندانەوە،وێنا کردن. ماناکەی هەم لاسایی کردنەوەیە هەم وێنا کردن، مێمێسیس هەر دووک مانا دەگەیێنێ. ئەو پێی وا بوو هونەر مێمیسیس ە بەڵام لە فەلسەفەی ئەفڵاتووندا حەتمەن ئەو تەمسیلی ئەشکەوتەکەتان بیستووە کە باسی ئەشکەوتێک دەکا، ئەو تەمسیلی ئەشکەوتە لە سەر هونەریش بەکار دێنێ نەک هەر لە سەر دیاردەکانی دیکە وەکوو دیاردەکانی ژیان و سیاسەت و کۆمەڵ و دەڵێ هونەر لاسایی کردنەوەی شتێکییە کە بۆخۆی لاسایی بڵێین نموونەی ئەزەلییە واتە ئەفلاتوون پێی وا بوو ژیان کۆپییەکە لە ئەسڵێک کە لە دەرەوەی ژیاندا هەیە. واتە هەر دیاردەیەک کە لە سەر زەوی هەیە، لە ژیانی مرۆڤدا هەیە کۆپییەکی ئەسلی هەیە کە ئێمە دەستمان پێی ڕاناگا، ئێمە نایبینین، ئێمە لێی ئاگادار نین. دیارە ئەوە زۆر تەئسیری هەبوو لە سەر فەلسەفەی ڕۆژئاوا دوایە کانتیش مەسەلەی ' شەیئی فی نەفسە' و بڵێین فێنۆمێن و نۆمێن، دیاردە و ئەوشتەی کە دیار نییە، شاراوەیە ئەوەی لە ئەفلاتوون وەرگرت،پێی وابوو هەستەکان واقعییەتێک دەرک دەکەن کە تایبەتییە بە هەستەکانی ئێمە، یانی ئێمە ڕەنگەکان چۆن دەبینین، یان هەستە بیۆلۆژیکەکانی ئێمە بە شێوەیەک داڕێژراوە بۆ دەرکی دنیای دەرەوە کە ئەوە تایبەتی یە بە ئێمە بەڵام ئەوەی کە واقعییەت چییە لە دەوەوەی هەستەکانی ئێمەیە، ئەوەی کە دیاردەکان چین ئێمە نازانین. دیارە ئەو شتە ئێستاش مشتومڕی فەلسەفی لە سەرە، مەسەلەیەکی زۆر گرینگی فەلسەفییە. بەڵام کە بگەڕێمەوە سەر ئەفلاتوون بۆچی کارتێکەری هەبوو لە سەر ڕەخنەی ئەدەبی، بێجگەلە مەسەلەی مێمێسیس، مەسەلەی ناخود ئاگا‌‌هه پێش ئەوەی کە فڕۆید و دەروونناسەکان باسی بکەن ئەفلاتوون باسی ئەوەی دەکا کە شاعیر کەسێک نییە  خاوەنی زانیاری یان خاوەنی قووڵایی فکری و فەلسەفی بێ، بەڵام خودایەکان، یان ئیلهام یان بڵێین شتێک دێ کۆمەگی دەکا شێعرەکانی بنووسێ کە بۆخۆی ئاگای لێ نییە کە ئەو شتە چەند بەهێزە. دیارە لە سەدەی بیستەمدا لە فەلسەفەی هونەر ئەو شتە زۆر باس دەکرێ کە زۆر هونەرمەند ئاگاداری تێئۆریکیان نییە لە سەر ئەو شتەی دەیخولقێنن، چونی دەخولقێنن، ئەو قاعیدانەی بە کاری دێنن چۆنی بەکار دێنن، بەڵکوو لە ژێر کارتێکەری ئەو ئیلهام و ئەو ناخودئاگاهی خۆیاندا، یانی ئەو نائاگاییەی کە دەواندا وەکار دەکەوێ شێعر یان شانۆ، ڕۆمان، چیرۆک یان بەرهەمێک دەخولقێنن کە ئەو بەرهەمە خاوەنی بایەخێکە کە هوبەرمەند خۆی زۆر ئاگاداری نییە. ئەوەش هەیە دیارە هونەرمەندی خودئاگاهیش زۆرە ئاگاداری وەیە کە چ دەکا لە ڕووی تێئۆریکەوە  دەپێشدا دایدەڕێژێ ئەو شتەی کە دەیهەوێ بینووسێ. بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ئەوەی کە ئەرەستوو چۆن لەگەڵ مامۆستاکەی خۆی کەوتە دژایەتی، دیارە نەک هەر لە ڕوانگەی ڕەخنەی ئەدەبییەوە بەڵکوو لە ڕووی فەلسەفیشەوە بۆ خۆت دەزانی ئەرەستوو وەکوو شاگردێکی باش مامۆستاکەی خۆی تەواو قبووڵ نەکرد یانی هەموو شتێکی لە مامۆستاکەی خۆی وەرنەگرت بەڵکوو هەر چەند ڕێز و ئیحتیڕامێکی زۆری بۆ ئەفلاتوون هەبوو و زۆریشی خۆش دەویست لە ڕووی فکرییەوە جیهانبینییەکی جیاوازی پێشکێش کرد هەم  لە ڕەخنەی ئەدەبیدا، هەم لە فەلسەفە دا. لە فەلسەفە دا هەروەکوو گوتم ئەفلاتوون باوەڕی بە نیسێکانی نێو ئەشکەوت بوو، بە فارسی  بە ' سایەهای غار ' وەرگێڕدراوە. ئەو تیۆرییە هەبوو کە دنیای ئێمە کۆپییەکە لە دنیای ئەسڵ، دنیای ئەسڵ نییە، ئەڕەستوو پێی وا بوو ئەوەی کە ئەسڵە  هەست، حەواسی ئینسانە. خودی شاعیرە، خودی نووسەرە و خودی دیاردەکانی ژیانن، نەک ئەوەی کە ئەسلێک هەبێ لە دەرەوە دا کە ژیان کۆپی ئەو ئەسڵە بێ. بۆیە پێی وابوو کە هۆنەر تەنانەت لە مێژوو گرینگترە. واتە ئەفلاتوون فەلسەفەی پێ لە هونەر گرینگتر بوو چون پێی وابوو شاعیر زانیاری نییە بەڵکوو فەیلەسووف زانیاری هەیە لە سەر ژیان، شاعیر نابێ خەڵک بەسیحەت بکا، ڕێگا نیشان بدا،  شاعیر سەڵاحییەتی ئەوەی نییە کە ڕێگا بە خەڵک نیشان بدا چونکە  بۆ خۆی لەو ڕادەیە لە پێشکەوتنی فکریدا نییە، بە تایبەتی ئەوە فەیلەسووفانن کە دەتوانن ئەو ئەرکە بە ئەستۆ وە بگرن کۆمەڵگا ڕێنوێنی بکەن بۆیە دەیگوت باشترین کار ئەوەیە کە شاعیران لەو ئاڕمان شەهرە یان ئەو ئۆتۆپیایەی کە ئەو بیری بۆی دەچوو تەبعید بکرێن، دەربکرێن بۆ شوێنێکی تر بەڕێز و ئیحتیڕامەوە پێیان بگوترێ ئێوە بچن لە شوێنێکی دی بژین. دیارە مەبەستی ئەوە بوو کە شاعیر خۆی لەگەڵ فەیلەسووف بگونجێنێ، فەیلەسووفیش دەبێ حوکمی وڵات بکا و مەسڵەحەتی ولات دیاری بکا نەک حاکمی سەرەڕۆ یان دیکتاتۆر بەڵکوو پێ وا بوو ئەوە فەیلەسووفە دەبێ حوکمی سیاسی وڵات بکا بەڵام فەیلەسووف هێندێک پڕێنسیپی هەیە کە لەگەڵ شێعر ناخوێنێتەوە  کە وا بێ شاعیران نابێ دەست لە کاروباری وڵات وەردەن ئێمە دەبێ ئیهتیمام بکەین کە لە جیاتی شاعیر فەیلەسووف پەروەردە بکەین. ئەو بیرۆکەیە تەواو لە رێئالیزمی سۆسیالیستیدا ڕەنگی داوەتەوە، هەر وەها لە تیورییەکانی رێئالیزم لە سەدەی بیستەمدا. بۆ نموونە تیۆریسیەنی ئەدەبی فەڕانسەیی ڕۆڵان بارت بە وردی ڕێئالیزم ئاوا پێناسە دەکا، کە ڕێفێرنس کۆدە، یانی کۆک بوون، پێکهاتن لە سەر کۆمەڵێک ڕێفرێنسی کولتووری، مێژوویی و زانیاری لە هێندێک نووسەر دا ئەو پێکهاتنە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئێمەش دیاردەکان بناسینەوە واتە نووسەرانی وەکوو تۆڵستۆی، وەکوو باڵزاک، پێی وایە ئەوانە نووسەرانێکن کە کۆمەڵێک ڕێفرێنسی هاوبەش کە لە کۆمەڵگا دا هەیە هەڵدەهەنجێنن یان دەرکی پێ دەکەن و دەینووسن و ئێمەش ئەو ڕێفرێنسانە، ئەو دیاردە و ڕێفرێنس وئەوانە لە بەرهەمەکانی ئەوان دا دەدۆزینەوە و دەیانناسینەوە.
خاکی: ئەوە وەکوو پێشینەیەک، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پرسیارەکانمان زۆرن ئەی گرینگی ڕەخنەی ئەدەبی لە چی دایە؟

عەبباسی: دیارە وڵامی پرسیارەکەی پێشوو بڕێک لک و پۆپی ماوە بەڵام دەکرێ دوایە ئەگەر کات هەبوو بگەڕێینەوە  سەری. گرینگیی ڕەخنەی ئەدەبی بەس لەوە دا نییە کە زەوق پەروەردە دەکا یان بڵێین سەلیقە پەروەردە دەکا چونکە ئێوە دەزانن کە زەوق و سەلیقەی مرۆڤ شتێکە لە پەروەردە دا دروست دەبێ یانی دروستە مرۆڤ هێندێک شتی ژێنێتکی و خودا پیداوی لەگەڵە وەکوو ئەو ستروکتوورە فکری و بیۆلۆژیکییەی کە لە هەموو مرۆڤێکدا لە هەموو شوێنێکی جیهاندا هاوبەشە وەکوو باری عەقڵانی، وەکوو ئەو توانایانەی کە مرۆڤ هەیەتی. مرۆڤ دەتوانێ کولتوور دروست کا، مرۆڤ سیاسەت دروست دەکا، مرۆڤ فەلسەفە بەرهەم دێنێ، مرۆڤ نیگارکێشان و موسیقا و شاعیر و نووسەر و سەرکردە و دیکتاتۆر و هەموو شتێک بەرهەم دێنێ لە  کۆمەڵگا جیاوازەکاندا واتە ئەتۆ هەر کۆمەڵگایەکی جیهان چاو لێ بکەی خاوەنی موسیقایە، خاوەنی نیگارکێشانە، خاوەنی ئەو دیاردە کولتووری و ئەو دیاردە ئەدەبی و ئەو دیاردەیانەیە کە هاوبەشن بەڵام  هاوکات مرۆڤ بەرهەمی کۆمەڵگاشە، بۆ نموونە ئەمن یان هەر کەسێکی دیکە شەش سەد ساڵ، حەوسەت ساڵ لەوە پێش لە ئێران بیویستبا نیگار بکێشێتەوە فۆڕمی مینیاتووری لەبەر دەست بوو. واتە ئەو فۆڕمە فۆڕمی باو بوو کە ئەو بەکاری بێنێ. ئەگەر ویستبای شێعر بنووسێ فۆڕمی قەسیدە و غەزەل و ئەو فۆڕمانە فێر دەبوو، فۆرمی شێعری نیمایووشیچ فێر نەدەبوو چونکە سەردەمەکە سەردەمێکی تر بوو  یان شاعیرێکی چینی یان  شاعیرێکی ئەفریقایی لە سەدەکانی دیکە دا  بە پێی ئەو فۆڕمەی کە لە کولتووری خۆیدا بەرهەم هاتبوو پەروەردە دەبوو. ئێمە کاتێک دەڵێین ڕەخنەی ئەدەبی دەتوانێ سەلیقە پەروەردە بکا مەبەستمان ئەوەیە ئێستا هەم ئەدەبییات بووەتە شتێکی جیهانی، هەم شێعر، هەم نیگارکێشان، هەم موسیقا، هەم ڕۆمان کە وابێ ڕەخنەی ئەدەبیش شتێکی جیهانییە کۆمەڵێک پرێنسیپ و مێتۆد و شێوەی هەیە کە چۆن چاو لە ئەدەبییات بکا. ئەوانە ڕەخنەگر دەبێ فێر بێ یان نووسەر، ڕۆماننووس دەبێ فێر بێ کە چۆن بە پێی ئەو مێتۆد و تێکنیک و ئەو قاعیدانەی کە ئێستا هەن ڕۆمان بنووسێ. ئەوانە هەموو زانیارین بەڵام ئەو زانیارییانە سەلیقە پەروەردە دەکەن واتە ڕەخنەی ئەدەبی دەتوانێ کار بکاتە سەر فکر و بیر و بۆچوون و سەلیقەی نووسەران و شاعیران، دەتوانێ سەلیقە و بۆچوونی هونەری ئەوان تا ڕادەیەک دابڕێژێ یان پەروەردە بکات. بۆ نموونە لە ئێرانێ کاتێک نیمایووشیچ هات شاعیرانی وەکوو حەمیدی شێرازی و فەرەیدوونی تەوەلولی شاعیرانی کە شێعری کۆنیان دەنووسی گاڵتەیان پێ دەکرد و جاری وا بوو جنێویان پێ دەدا چونکە بۆیان شتێکی نامۆ بوو بەڵام دوای پازدە بیست سال لە مردنی نیمایووشیچ تەواوی شاعیرانی ئێرانێ حەولیان دەدا لاسای وی بکەنەوە واتە پارادایم گۆڕابوو واتە کەسێک هاتبوو کۆمەڵێک بیر و بۆچوون و کۆمەڵێک شێعری لە پڕاتیک دا نووسیبوو، هێنا بووی  وەکوو نموونە پێشکێشی کرد بوو بە کۆمەڵگا کە بۆخۆشی تەئسیری لە فەڕانسە و لە شاعیرانی ئوڕووپایی وەرگرتبوو و هەر وەها شارەزایی هەبوو لە شێعری کۆنی فارسیدا بۆیە نیمایووشیچ لە شێعری ' ئەفسانە' دا ڕەخنە لە حافز دەگرێ: '
 'حافظا این چە کید و دروغی ست
 کز زبان می و جام  و ساقی ست؟
نالی ار تا ابد، باورم نیست
 کە بر آن عشق بازی کە  باقی ست
                  من بر آن عاشقم کە روندە است'
 ئەوە لێرە دا دەقیقەن ڕەخنە لەو جیهانبینییە دەگرێ کە لە سەرانسەری شێعری کۆنی فارسیدا وەکوو مەی و جام و ساقی و بولبول و گوڵ و ئەو تەشبیهات و ئیستیعاراتە جوانانە دا هاتووە. دەڵێ ئەمن عەقیدەم بە کەسێکە کە لە جێگای خۆیدا نامێنێتەوە، دەڕوا بۆ شوێنێکی تر یانی ژیان وەکوو سەفەرێک چاو لێ دەکا نەک وەکوو کۆمەڵێک بۆچوون کە لە شێعری کۆنی فارسیدا لە زمان مەی و جام و ساقییەوە دووپاتە دەبنەوە دەڵێ ئەمن باوەڕم بەوە نییە، لە پڕاتیکیشدا ئەو شتە هەم وەکوو شێعر نیشان دەدا هەم وەکوو تیوری ئەو لە کتێبی
' حرفهای همسایە'  [ قسەکانی دراوسێ]، دەوێدا تیورییەکانی خۆی دادەڕژێ ئەو گشت شێعری ئێرانێ دەگۆڕێ. دەبێتە هۆی ئەوەی شێعری سەدەی بیستەمی ئێرانێ جیاواز بێ لە سەدەی نۆزدە و سەدەکانی پێشتر. مەبەستم لێرە دا ئەوەیە کە شاعیرێک دەتوانێ پارادایمێک بگۆڕێ و نووسەریش هەمان شت دەتوانێ بکا. بەڵام ڕەخنەی ئەدەبیش ئەو کارە دەکا واتە دوای نیمایووشیچ بۆ نموونە ڕەخنەگرێکی وەکوو ڕەزا بەراهێنی مەشڕووعییەتی دا بە شێعری نوێ، مەشڕووعییەتی لە شێعری کۆن تا ڕادەیەکی زۆر ئەستاندەوە. هەرچەند دیارە هەموو نووسەران و شاعیران و ڕەخنەگرانی ئەدەبی ئێرانێ نەهاتن ئەوە قبووڵ بکەن، یانی ئێستاش جێگای مشتومڕە چون شێعری کۆن مەشڕووعییەتی خۆی هەیە ئەوە نییە بڵێی  ڕەخنەگرێک دێ دەی ئەستێنێتەوە دەڵێ بەس ئەو قالبەی دیکە نوێیە و تازەگەری تێدایە و دەبێ بەو قالبە شێعر بنووسرێ، ئەویدیکە مەشڕووعییەتی نەماوە. بەڵام بووە هۆی ئەوەی بەشی زۆری ئەو کەسانەی توانایی شێعر نووسینیان هەبوو و زەوق و سەلیقەیان هەبوو، حەزیان لەو کارە بوو لە جیات ئەوەی کە شێعری غەزەل و شێعر لە قالبی کۆندا بنووسن هاتن بەرەو شێعری نوێ و هەموو بە ڕێگای نیما دا ڕۆیشتن. دوایە ئەحمەدی شاملوو هات ئەو ڕێگایەی بە شێوەیەکی دیکە درێژە پێ دا.



خاکی: کاک سەلاح ئێمە دێینە سەر مەسەلەی ئێران. لە پێشدا با هەر لە سەر مەسەلەی ڕەخنەکە بمێنینەوە ئایا مێتۆدێکی یەکگرتوو لە ڕەخنەی ئەدەبیدا هەیە یان لە وڵاتێکەوە بۆ  وڵاتێک، لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێک یان لە عەرسەیەکەوە بۆ عەرسەیەک بۆ وێنە لە نەققاشییەوە بۆ شێعر، لە شێعرەوە بۆ ڕۆمان، لە ڕۆمانەوە بۆ سینەما جیاوازە؟ یانی چوارچێوەکە، تێکنیکەکە، مێتۆدەکە یەکێکە؟
عەبباسی: نەخێر، مێتۆدی جۆراوجۆر لە گۆڕێ دایە بە هۆی ئەوەی کە بەرهەمی ئەدەبی دەبێ لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە چاو لێبکردرێ. مێتۆدەکان هەر کامەی لە قوتابخانەیەکدا کۆ دەبنەوە. ئێستا ئێمە ئەگەر باسی ڕەخنەی سەدەی بیستەم بکەین ڕەخنەی فۆرمالیستی یەکەم ڕەخنەیە لە ڕووسیاوە دەست پێ دەکا. دوای ڕەخنەی فۆرمالیستی، ڕەخنەی نوێ لە ئەمریکا و ئینگلیستانەوە دەست پێ دەکا، هاوکات لەگەڵ ئەوانە ڕەخنەی زمانناسانە لە لایەن دوسۆسۆر زمانناسی سویسی و یاکوبسۆن  زمانناسی ڕووسی – ئەمریکایی دەست پێ دەکا، هاوکات لەگەڵ ئەوانە ڕەخنەی دەروونناسانە لە لایەن یونگ و فڕۆیدەوە دەست پێ دەکا. و دوای ئەوانەش کۆمەڵێک ڕەخنەی ئوستوورەیی، ڕەخنەی ستروکتورالیستی، ڕەخنەی دوای ستروکتورالیستی   deconstruction ، فێمێنیستی، مارکسیستی ئەو ڕەخنانە هەموو برەو پەیدا دەکەن ئەوە یانی چی یانی ئەوەی کە هەمووی ئەو ڕوانگانە مەشرووعییەتیان هەیە یانی ڕەخنەگر ئەگەر بتوانێ لە تەواوی ئەو قوتابخانانە ڕا چاو لە بەرهەمی ئەدەبی بکا ئەو کاتی زۆر شتی تازەی تێدا دەدۆزێتەوە یانی کێشەکە لە سەر ئەوە نییە کە پەنجەرەکانی دیتن زۆرن کێشەکە لە سەر ئەوەیە ڕەخنەگران زاڵ نین بە سەر ئەو هەموو زانیاری و چۆن بڵێین  ئەو هەموو زانستەدا کە لە بواری ڕەخنەی ئەدەبیدا هەیە بەڵام  دیسانیش ناتوانین ڕەخنەی ئەدەبی وەکوو عیلم وەکوو زانستێک وەکوو فیزیک و ماتێماتیک دابنێین. دەکرێ بڵێین نزیکە لە دەروونناسی و کۆمەڵناسی ئەو زانستانەی کە پرێنسیپن، یاسا و قاعیدەگەلیان هەیە بەڵام شێوەی بەکارهێنانیان جۆراوجۆرە. ئێمە بە سەدان جۆرە مەکتەبی کۆمەڵناسانەمان هەیە هەر لە مارکسیستی و چەپ ڕا بگرە هەتا دەگاتە ڕاست، لە ئێکۆنۆمیدا عەینی شت. لە سیاسەتدا ئیدێئۆلۆژی جۆراوجۆرمان هەیە  کە دێینە سەر ڕەخنەی ئەدەبیش لەوێش دا ئەو فرە چەشنییە هەیە ڕەخنەگرانی جۆراوجۆرمان هەیە کە لە قوتابخانەی مارکسیستی نزیکن یان فێمینیستی نزیکن یان تێکەڵاوێکن لە چەندین قوتابخانە  کە بە بڕوای من باشترین کار بۆ ڕەخنەگر ئەوەیە بەرهەمی ئەدەبی لە چاویلکەی جۆراجۆرەوە لە هەموو قوتابخانەکان ڕا بخوێنێتەوە. ڕۆمانێک دەتوانێ هەموو ئەو دیاردانەی تێدا بێ. ئەمن لەگەڵ کاک حەسەن قازیش باسی ئەوەم کرد ڕەخنەگر نابێ بێنێ قوتابخانەیەک بێنێتە ناو بەرهەمەکە بەڵکوو دەبێ بزانێ ئەو بەرهەمە  چ شتێکی تێدایە کە لەگەڵ ئەو قوتابخانەیە دێتەوە، دەگونجێ لەگەڵی. واتە ئەتۆ کە بە دوای مارکسیزم دای، بە دوای فێمێنیزم دای، بە دوای ڕەخنەی فۆرمالیستی دای بەرهەمەکە دەبێ ڕێگات پێ نیشان دا لە ڕووی مارکسیستییەوە چی دەڵێ، نەک ئەوەی کە ئەتۆ بێی ڕەخنەی مارکسیستی پیادە کەی بیبەی بۆ ناو بەرهەمەکە و لێکی دەیەوە. یانی هێندێک بەرهەمی ئەدەبی هەن لە ڕووی ڕەخنەی دەروونناسانەوە زیاتر دەکرێ شێ بکرێنەوە یان ئوستوورەناسانەوە بۆ وێنە لە ئەدەبی ئێرانیدا ئەتۆ ناتوانی
بوف کور (کوندی کوێر) لە ڕووی ڕەخنەی مارکسیستییەوە یان لە ڕووی ڕەخنەی ڕۆمانی کۆمەڵایەتی و رێئالیستییەوە لێکی بدەیەوە. بەڵکوو دەبێ یان بە پێی ڕەخنەی ئوستوورە یان لە ڕووی ڕەخنەی  دەروونناسانەوە لێکی بدەیەوە. ئێستا لەمەڕ ڕۆمانی یاشار کەماڵ ناتوانی بچییە سەر شتی یونگ و فڕۆید و دەروونناسانە شی بکەیەوە بەڵکوو دەبێ بچییە سەر مەسەلەی ڕێئالیزمی کۆمەڵایەتی، دەبێ بچییە سەر مەسەلەی چینایەتی و پرۆلێتاریا، مارکسیزم لە وێدا زۆر بە هێز دەتوانێ ڕێگا بە ڕەخنەگر نیشان بدا. واتە نووسەران و بەرهەمەکان خۆیان دەبێ ڕێگا نیشان بدەن بەڵام ڕەخنەگر دەبێ قوتابخانەکان بناسێ بۆ ئەوەی کە بزانێ ئەو بەرهە  بە چ شێوەیەک، لە ڕووی کام قوتابخانە بەرهەم هاتووە.
خاکی: کاک سەلاح ئەی ڕەخنەی ئەدەبی  تەنیا بە ئەدەبییات سنووردار دەبێ یان بوارەکانی تری هونەریش دەگرێتەوە بۆ وێنە لە نەقاشی، لە سینەما، لە تەئاتر دا، لە مووزیک دا؟
عەبباسی: ئەوە پرسیارێکی باشە، من خۆم چونکە شارەزاییم لە سەر ئەدەبییاتە هەموو ئەو میسال و نموونانەی دەیهێنمەوە لە سەر ئەدەبییاتە بەڵام  بێگومان مەسەلەی جوانیناسی گەورەترە لە مەسەلەی  شێعر و ڕۆمان و چیرۆک. چونکە فەلسەفەی هونەر کە بەشێکی گرینگی دەبێتە جوانیناسی، موجەسەمە سازییە، نیگار کێشان و نەققاشییە، موسیقایە هەموو ئەوانەی کە هاڕمۆنی و تەرکیب و شێوە و شەقڵ و سەبکیان تیدا بەکار دێ ئەوانە جوانیناسین. بۆ وێنە ئەو مامۆستا گەورە موجەسەمە سازەکە ناوی میکێل ئانژ بوو لێیان پرسی موجەسەمەی داودت چۆن ساز کرد گوتی من کە بەردەکانم دیت موجەسەمەکەم  لە پێشدا لە ناو بەردەکاندا دیت جا دوایە بەردەکانم تاشی تا بە شکڵی ئەو موجەسەمەیە دەرکەوت. ڕۆماننووسیش لە پێشدا ئیدەیەکی هەیە لەمەڕ ئەوەی  کە دەیەوێ چ بڵێ، ئەو شتەی دەیڵێ هێشتا نەی گوتووە شتەکەی بڵێین پێش نووس یان ڕەش نووس یان ئەو شتەی کە هێشتا نەنووسراوە، سیناریۆیەکی دە مێشکی دایە کە هێشتا نەهاتووەتە دی، دوایە ئەو سیناریۆیە چەندە لەگەڵ حەز و ئارەزووی خۆی دەخوێنێتەوە و یا چەندە وەک ئارەزووی خۆی دەچێ ئەوە شتێکی دیکەیە. سەرکەوتنی ڕۆماننووس یان شاعیر پێوەندی بەوەوە هەیە کە ئەو شتەی دەیخولقێنێ چەندە لەگەڵ ئەو ئامانجەی کە خۆی پێش خولقاندن هەیەتی  دێتەوە ئەگەر زۆر لە ئاستی خوارتر بێ لەو چاوەڕوانییەی کە خۆی هەیەتی ئەوکاتی دیارە زۆر سەرکەوتوو نابێ. میکێل ئانژ بۆیە زۆر سەرکەوتوو بوو یان بێتهۆڤێن، و موتزارت و ئەو جۆرە موسیقازانانە، چونکە ئەو شتەی کە لە پێش خولقاندندا دەیانهەویست پێی بگەن لەگەڵ ئەو شتەی کە دوای خولقاندن خولقاندیان لێک زۆر نزیک بوون یانی مەودایەکی زۆر دڕێژیان لێکدی نەبوو.
لە شاکارە هونەرییەکاندا ئەو شتە ڕوو دەدا واتە ئەو شتەی کە حەز یان ئیدێئال یان بڵێین  مەبەست و ئامانجی نووسەر یان خولقێنەر، داهێنەر، جا نەقاشە، نیگار کێشە، شاعیرە یان ڕۆماننووسە نزیکە لەو شتەی کە دەیخولقێنێ. بەڵام پێش ئەوەی شتەکە بخولقێنێ ئامانجێکی هەیە، لێڕەشدا هەر وەکوو پێشتر باسم کرد ئەو هێزەی کە لەوانەیە  هونەرمەند کۆنتڕۆڵی بەسەریدا نەبێ، کە بەرەو کوێی دەبا، یان چ نەتیجەیەکی لێ دێ. ئەگەر ڕێم پێ بدەی دوو دەقیقە بگەڕێمەوە سەر ئەو ڕەخنانەی کە ئەرەستوو لە ئەفلاتوونی گرت لەوێدا ئەرەستوو هاتە سەر ئەوەی کە جیهان جیهانی هەستەکانە و ئەو هەستانەی کە مرۆڤ لەو جیهانە دا هەیە واقعییە. واقعییەت لەو جیهانە دایە نەک لە هیچ جیهانێکی تر دا و لێرەشدا هونەر لە مێژوو واقعی ترە. واتە ئەرەستوو پێی وابوو هونەر بەس ئەو شتە نییە  کە ڕووی داوە، ئەو شتەشە کە دەیتوانی ڕوو بدا و ڕووی نەداوە و پێشی وا بوو کە مێژوونووس ڕووداوەکان دەنووسێ، ڕواڵەتی ڕووداوەکان دەنووسێ، ئەو پادشایە چی کرد، چی لێ بەسەر هات، ئەو شەڕە چۆن تەواو بوو ئەوە مێژوونووس دەینووسێ، بەڵام پێی وا بوو شاعیر وەکوو هومێرۆس ناوەوەی مێژوو دەنووسێ واتە ئەو خەڵکە چ هەستێکیان هەبوو، تووشی چ جۆرە ڕووداوێک بوون جا بۆیە لەو وڵاتانەی کە تووشی شەڕ و کێشەی مێژوویی دەبن ڕۆمانی مێژوویی بە ئاسایی، نەک هەمیشە دێتە ئاراوە. بۆ وێنە دوای شەڕی ناپلیۆن، تۆلستۆی سی ساڵ دوای ئەو شەڕە ' شەڕو ئاشتی '  نووسی یان  لە زۆر وڵاتی تر دا ڕۆمانی مێژوویی دەنووسرێ بە هۆی ئەو کارەساتانەی کە لە مێژووی ئەو وڵاتە دا ڕووی داوە. واتە لێرە دا مێژوونووسێک ڕووداوەکان بەپێی مێژوو دەنووسێ، بە پێی فاکتەکان دەیان نووسی بەڵام هونەرمەندێک  هێندێک شت دەنووسێ کە مێژوونووس زانیاری لە سەریان نییە و ناتوانێ بیان نووسێ. یانی مێژوونووس و هونەرمەند کاری یەکتر تەواو دەکەن. ئەوە ڕوانگەی ئەرەستوویە ئەو کاتی. ئێستاش ئەو ڕوانگەیە هەر مەشڕووعییەتی هەیە لە ڕەخنەی ئەدەبیدا. بێجگەلەوە باسی مەسەلەی کاتارسیس  دەکا کە شتێکە هەم یونگ، هەم فڕۆید دەروونناسە گەورەکانی سەدەی بیستەم هەموویان قبووڵیان کردووە یانی ئەوەی کە ئەرەستوو ئەو کاتی گوتوویەتی. دەڵێ دیتنی تڕاژێدی هۆی ئەوەی کە تەزکییە یان بڵێین ڕاچڵەکانێک لە دەروونی بینەر دا ڕوو بدا ئەو ڕاچڵەکانە دەبێتە هۆی تەلتیفی عاتیفەکان یان تیفتیفەدانی هەستەکان، واتە پەروەردە کردنی زەوق و هەست و عاتیفەی بینەر. ئەمەی پێ شتێکی پەروەردەیی زۆر گرینگ بوو بۆیە  ئەرەستوو پێ وا بوو دەبێ لە کۆمەڵگا دا تراژێدی و شێوەکانی دیکەی هونەر، کۆمێدی و ئەوانە ببیندرێن، خەڵک بچێتە دیتنیان  بۆ ئەوەی کە هەستەکانیان پەروەردە ببێ، لەتیف ببێ، ناسک ببێ. خیاڵیان ناسک ببێ و ئەو شتانە تێیاندا پێک بێ. دیارە ئەرەستوو باسی ئەوەش دەکا کە ئەو تەزکییە، ئەو پاڵاوتنی ئیحساسات کە دە ئینساندا ڕوو دەدا لە هەموو هونەرەکاندا هەیە، لە کۆمێدیشدا هەیە بەڵام پێی وابوو لە تڕاژێدی دا ئەو شتە بە لووتکەی خۆی دەگا. دوایە ئەرەستوو یەکەم کەسە کە قاعیدەکانی، یاساکانی زانری داناوە، ژانر دەبێتە تەبەقەبەندی ئەوەی کە بەرهەمێک سەر بە چ قوتابخانەیەکە، ئایا تراژێدییە، ئایا کۆمێدییە ئایا دڕامایە؟ واتە پێش ئەوەی کە ڕۆمان بێتە دی ئەو قاعیدانەی دانابوو، دیارە هێندێک قاعیدەشی داناوە وەکوو وەحدەتی زەمان و مەکان و کەسایەتی، کاراکتێر لە شانۆ دا کە لە سەرانسەری چاخەکانی ناوە ڕاستدا ئەوە ڕەچاو دەکرا لەلایەن شانۆ نووسەکانەوە هەتا سەدەی بیستەم کە مۆدێرنیستەکان لە مەسەلەی زەمان و مەکان و ئەو شتانە دا ئاڵوگۆڕیان پێک هێنا پێیان وا بوو زەمان دەبێ ئازادانەتر پاش و پێش بکرێ، کاراکتێرەکان، مەکانەکان واتە هونەرمەند  دەبێ دەستی ئاواڵەتر بێ لەو قاعیدانەی کە ئەرەستوو دای ناوە بەڵام ئەوەش جالبە کە  لەو کاتیشدا لە شانۆی یوونانیدا ئەو ئازادییە تا ڕادەیەک هەبووە. ئێستا بۆ نموونە شانۆکانی سۆفۆکلس چاو لێ بکەین لەوێدا ماوەی سی چل سال مەودای زەمانی هەیە لە نێو ڕووداوەکاندا واتە ئەوەی کە ئەرەستوو دەیگوت وەحدەتی زەمان و مەکان، دیارە ئەرەستوو ئەوەی شی نەکردبووە کە زەمان  چەندە دەبێ لێک دوور بێ یان نزیک بێ، بەڵام ئەو شتە لە سەردەمی کلاسیکدا قاعیدەکەیان توندتر کرد، شانۆکان حەولیان دەدا لە یەک زەماندا بن، لەیەک کاتدا بن، کاراکتێرەکانیش هەمان کاراکتێر بن.

خاکی: کاک سەلاح ئێمە لە لایەکەوە نووسەرمان هەیە یان خولقێنەر، یان داهێنەر، بینەر و بیسەر و خوێنەرەوە مان هەیە و لەو لاوە ڕەخنەگر هەیە پێوەندی ئەمانە چۆنە و ڕەخنەگرێکی بە توانا دەبێ چ تواناییەکی هەبێ، چ خوێندنەوەیەکی ببێ بۆ هەلومەرجەکە، بۆ بەرهەمەکە، بۆ نووسەرەکە؟ ئایا لە دەقەکە دا بە دوای شتی شاردراوە دا دەگەڕێ؟ گەرەکیەتی شتی ئاوا بدۆزێتەوە  وەکوو نۆۆسەرێکی بەڕێز ئەمڕۆ بۆ منی نووسیبوو؟

عەبباسی:  بەڵێ من پێم وایە دەق شتی شاراوەی تێ دایە بەڵام  دەق معەما نییە. یانی ئەوە نییە بڵێین مەتەڵێکە و دەبێ هەڵی بێنی. دەق ئەو شتە شاراوانەی کە تێی دایە لەوانەیە لە خودی نووسەر شاراوە بن ئەوە ڕاستە. لە دەروونناسیدا باسی ئەو شتانە دەکەن کە زۆر شت هەیە لە نووسەر شاراوەیە و هەر وەها باسیشمان کرد کە ئەفلاتوونیش گوتویەتی ئەو ئیلهامەی کە نووسەر بۆ خۆی دەسەڵاتی بە سەردا ناشکێ و ناشزانێ چییە کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەرهەمی هونەری بخولقێ یەکێک لە هۆیەکان بە ئەوە دادەنێ. بەڵام بێگومان دەق لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە دەکرێ سەیر بکرێ، شتی شاراوەی تێدا بدۆزرێتەوە بەڵام زۆر گرینگە کە دەق ئەو شتانەی تێدا بێ. دەقی قووڵ هەیە، دەقی مەرجەع هەیە، دەقی ئۆلگوو هەیە، دەقێک کە ڕەخنەگری کولتووریی ئیتالیایی ئۆمبێرتۆ ئێکۆ پێی دەڵێ دەقی ئولگوو. ئەو دیارە دوو چەشنە ئۆلگوو دادەنێ، هونەری ئۆلگوو، دەقی ئۆلگوو، لێرە دا دەکرێ بڵێین  دەقی نموونە یان خوێنەرەوەی نموونە. خوێنەرەوەی نموونە باشترین خوێنەرەوەیە، خوێنەرەوەیەکە لە ئەوپەڕی وشیاریی دایە لە بەرانبەر دەقدا. ئامادەییەکی تەواوی هەیە بۆ نزیکبوونەوە لە دەق. دەقی ئۆلگووش دەقێکە کە هەزاران هەزار شتی شاراوە و فکری و فەلسەفی و قووڵی تێدایە کە تۆ دەبێ بیدۆزیتەوە. لێرە دا ئەو دەقە ئۆلگوویە دەقێکە کە دەبێتە کلاسیک واتە ئەو دەقانە کە دوای چەند سال، دوای سەد ساڵ، دوای هەزاران ساڵ دیسان هەر دەخوێندرێنەوە، دیسان هەر مشتومڕیان لە سەر دەکرێ ئەوە تواناییەک دە دەقەکە دا هەیە، ئەو تواناییە چییە ڕەخنەگران دەبێ ئەو شتە شی بکەنەوە. مارکس وەختی خۆی گوتی بەلامەوە سەیرە کە بۆچی خەڵکی سەردەمی ئێمە دیسانیش شانۆی یوونانی چاو لێدەکەن و چێژی لێ وەردەگرن لە حاڵێکدا یوونانییەکان  نوێنەری سەردەمی منداڵی بەشەرییەت ، مرۆڤایەتی بوون. ئێمە خەڵکانێکین کە چەندین قۆناغمان تێ پەڕاندووە لە کولتوور و شارستانییەت و پێشکەوتن، بەڵام بۆ ئێمە حەزیان لێ دەکەین بۆچی ئێمە  چێژیان لێ وەردەگرین؟ بۆ خۆی وڵامێکی سەر ڕاست بەو پرسیارە ناداتەوە یانی ئەوەی کە بۆچی ئێمە موعجیبین، سەرسامین  یان بۆچی ئەو گرینگایەتییان پێ دەدین. ئەو دەقانە بۆ لە لای ئێمە گەورەن وەکوو دەقی ٢٠٠٠ ساڵ لەوەی پێش. ئاڵبێر کامۆ دەڵێ هۆیەکەی ئەوەیە کە قورساییەک لەو دەقانە دا هەیە  کە پێوەندی بەوەوە نییە چ نەسلێک دێتە گؤڕێ، هەر نەسلێک  شتی خۆی تێدا دەدۆزێتەوە، یانی هەر نەسلێک کە دێ بۆ وێنە وەکوو شێعری حافز کە دوای حەوسەد ساڵان هەر نەسلێک کە دێ بۆ خۆی ئەو شتەی کە دەیبینێ تێیدا دەدۆزێتەوە. سەردەمەکە گؤڕدراوە، سەردەمێکی تازە هاتووەتە ئاراوە بەڵام دەقەکە هەمان دەقە بەڵام لە هەر قۆناخێکدا شتێک گرینگایەتی زیاتری پێدەدرێ.  زیا موەحید شاعیرو ڕەخنەگری ئێرانی لە وتارێکدا دەڵێ  سەد ساڵ لەوە پێش سەعدی گەورەترین شاعیری ئێرانێ بوو لە ڕوانگەی هونەرناسان و شاعیران و ڕەخنەگرانی سەد ساڵ لەوەی پێش و دوو سەد ساڵ لەمەو پێشیش. بەڵام چ ئاڵوگۆڕێک پێک هات کە لە سەدەی بیستەمدا حافز جێگای ئەوی گرتەوە ئەوە دەکرێ بڵێی ئەو چاوەڕوانییانەی کە خوێنەرەوە لە دەقی هەیە  ئاڵوگۆڕی تێدا پێک هاتووە، جابۆیە بەرهەمە ئەدەبییە کۆنەکان هێندێک جار بایەخیان دەچێتە سەرێ، هێندێک جار بایەخیان دێتە خوارێ بە پێی زەمان و بە پێی ئەوەی کە لە چ قۆناغێکدا، خەڵک لە چ کۆمەڵگایەکدا ئەو بەرهەمانە دەخوێنێتەوە بۆیە مەبەستی من ئەوەیە ئێمە بۆ نزیکبوونەوە لە  دەق زۆر ڕێگامان لە پێشە یانی  لە زۆر ڕوانگەوە دەتوانین لە سەر ئەو قوتابخانانەی ڕەخنەی ئەدەبی شت بنووسین و هەر وەها خودی ڕەخنەگر پێویست ناکا چوارچێوەیەکی قوتابخانەیەک ڕەچاو بکا یان بڵێین بە کۆڵانێکی تەنگەبەر دا بڕوا و خۆی ببەستێتەوە و بڵێ ئەمن دەبێ لە ڕوانگەی مارکسیستییەوە چاو لەو دەقە بکەم. باشترین کار ئەوەیە کە ڕەخنەگر ئاگاداری هەموو ئەو شتانە بێ بەڵام بە شێوەیەکی ئازادانە، بە بێ ئەوەی کە خۆی ببەستێتەوە لە چوارچێوەیەکدا ڕووبەڕووی دەق ببێتەوە. پێشتریش گوتم  بەڵام دەبێ ئاگادار بێ لە ڕەخنەی ئوستوورەیی، ڕەخنەی دەروونناسانە، ڕەخنەی فۆرمالیستی، ڕەخنەی مارکسیستی، ڕەخنەی فێمینیستی، ڕەخنەی کۆمەڵناسانە. ئاشنایی لەگەڵ هەموو ئەو شتانە هەبێ، ئەو کاتی ئازادانە بچێ دەقەکە لێک بداتەوە، بەڵام ئەوەی کە زۆر گرینگە دەقەکە دەبێ دەوڵەمەند بێ، ئێمە زۆر دەقمان هەیە کە زۆر شتیان تێدا نییە. یانی جێگایان ناتوانی بۆ دیاری بکەی و دوایەش لە مێژووی ئەدەبییاتدا نامێننەوە. بە هۆی ئەوەی کە شوێنێکیان پێ نادرێ. ڕەخنەگر دەبێ جێگای دەق و جێگای نووسەر دیاری بکا لە مێژووی ئەدەبییاتدا بڵێ ئەوە لە زنجیرەی ئەدەبیدا وەسڵە بە کوێوە لە چی نزیکە. ئێستا دوو چەشن ڕەخنە لە ئوڕووپا دا  زۆر گەشەیان کردووە، ڕەخنەی ستروکتورالیستی  ئێستا بە دوو شێوە ڕەچاو دەکرێ، ڕەخنەی ستروکتورالیستی داخراو کە بەس خودی دەقەکە دەبێتە مەرجەع، ئیتر مێژوو، دەرەوەی دەق، نووسەر، بیۆگڕافی نووسەر، سەردەم ئەوانە هەمووی پشت گوێ دەخرێن بەس تەرکیز دەکرێتە سەر دەق. ڕەخنەی ستروکتورالیستی ئاواڵەشمان هەیە کە لە وێدا دەڵێ ئەو دەقەی نووسراوە پێوەندی بە دیسکۆرسی سەردەمێکەوە هەیە، پێوەندی بە ئیدێئۆلۆژییەوە هەیە، پێوەندی  بە مێژووەوە هەیە، پێوەندی بە هێزە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە، پێوەندی بە بابەتی فێمێنیستی و بابمەزنی و چینایەتی و هەزاران شتەوە هەیە کە ئێمە دەبێ دەقەکە هەم لە ڕوانگەیەکی ستروکتورالیستییەوە  لێک بدەینەوە، تەرکیز بکەین لە سەر ئەوەی کە لە ناو دەقەکە دا چ ڕوو دەدا و هەم ئەوەش کە پێوەندییەکانی دەقەکە بە دەرەوەی خۆی بە مێژوو و بە دیسکۆرسەوە چییە. لێرە دیسکۆرس ئانالیز دێتە گۆڕێ، کە دەقێک خولقاوە لە هەلومەرجێکی مێژووییدا خولقاوە. ئەو هەلومەرجە مێژوویییە بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەو نووسەرە یان ئەو شاعیرە ئەو دەقە بخولقێنێ. بۆ وێنە مێژووی شۆڕشی ئەیلوول و پاش ئەیلوول دەتوانێ شێعری شێرکۆ بێکەس بە ئێمە بڵێ کە ئەو شاعیرە خەریکی چییە.

خاکی: کاک سەلاح گیان ئێمە کەم و زۆر تەسویرێکمان هەیە لە خوێنەرەوە یان بینەری باش، لە نووسەر یان بەرهەمهێنەری باش بەڵام ڕەخنەگر لە لای ئێمە لە وڵاتی ئێمە ڕەخنەگرێکی باش، تیپیکاڵ  دەبێ چ تایبەتمەندییەکی هەبێ، لە ڕووی خوێندەوارییەوە، زانستەوە، تێکنیکەوە، بابەتێک کە خەریکە رەخنەی لێ بگرێ. یانی ئەمە کەمێک شاراوەیە، ئەگەر دەکرێ کەمێک باسی ئەوەمان بۆ بکەی سپاس.

عەبباسی: ڕەخنەگری باش دەبێ هەبێ. ڕەخنەگری باش دەبێ دەق جا چ شێعر بێ، چ ڕۆمان بێ، چ چیرۆک بێ دەبێ زۆر بە دیقەت بخوێنێتەوە. یانی هیچ حەقێک نابێ لە نووسەر بخوا. ئەگەر بەرهەمەکە، دەقەکە بە دیقەت نەخوێنێتەوە وەکوو ئەوە وایە کە وابێ نابێ هیچی لە سەر بنووسێ. بەڵام لەوانەیە زۆر ڕەخنەگر هەبن زۆر کات دانەنێن، کاتێکی تەواو دانەنێن بۆ خوێندنەوە و دوایە ڕەخنەش بنووسن. ئەوە خراپە، شێوەیەکی خراپە. ڕەخنەگر بڕیار وایە لە نێوان  نووسەر و خوێنەرەوە دا، یان لە نێوان کتێب و خوێنەرەوە دا پردێک ڕایەڵ بکا، ئەوە وەکوو ئەرکێکە بۆ ڕەخنەگر کە نووسەر و خوێنەرەوە لێک نزیک کاتەوە. ئەو نزیک کردنەوەیە دەتوانێ شێوەی پۆزیتیڤی هەبێ بڵێین رەخنەگر زۆر لە نووسەر ڕازی بێ و بیهەوێ بە خوێنەرەوە بڵێ کە ئەتۆ ئەگەر ئەو کتێبە، یان ئەو بەرهەمە، ئەو نووسەرە بخوێنییەوە شتێکی تایبەتی بە دەست دێنی یان زۆر شتی تێدایە گرینگایەتی هەیە ئەگەر بیخوێنییەوە یان دەشتوانێ بڕێک نێگاتیڤ بێ بڵێ کە ئەو نووسەرە دەخوێنییەوە بۆ وێنە ڕۆمانی جینایی دەنووسێ یان ڕۆمانی ئاشقانە، بۆ وێنە ' بەرەبەیانی خەواڵووی ' نووسیوە یان فڵان کتێبی نووسیوە یان فڵان فیلمی هیندی دروست کراوە هاتووەتە بازاڕەوە تۆ وشیار بە ئەوە هێندێک چاوبەستی تێدایە. بۆ وێنە وەکوو  ذرامای سێریاڵی تورکی کە ئێستا هەزار هەزار دروست دەکردرێن و بڵاو دەکرێنەوە. لە ئەدەببات دا ئەو بەرهەمانە هەن کە عەوام پەسندن بڵاو دەبنەوە و دەفرۆشرێن و خەڵک دەیانخوێنێتەوە. ڕەخنەگر دەبێ جێگای بەرهەم دیاری بکا واتە دەکرێ بڵێین ئەو بەرهەمانەی کە  قووڵاییەکی فکرییان تێدایە شتێک بە خوێنەرەوە دەبەخشن ئاسۆی فکری و بیر و زێهنی خوێنەرەوە فراوان و قووڵتر دەکەن و بەرهەمیش  هەن کە زۆرتر کات بە فیڕۆ دەدەن یان بە پێی کڵیشە نووسراون یان قاعیدەکانی ژانرێکیان تێدایە بە شێوەیەکی میکانیکی. ئێستا بۆ نموونە لە ئوڕووپا بە هەزاران کتێنی دێکارە و ڕۆمانی کاراگاهی، جینایی و پۆلیسی دەنووسرێ و دەفرۆشرێ و خەڵک دەیان خوێننەوە کە بەس لایەنی سەرگەرمکردنیان هەیە، واتە هیچ لایەنێکی فکری یان پەروەردەییان نییە، لایەنی زەوقی و جوانیناسانەیان تیدا  لاوازە. هەڵبەت لە وانیشدا هەیە، نووسەرانێک کە کە لەو ژانرانە دا بڵێین ڕۆمانی پۆلیسی زۆر بە هێز دەنووسن واتە خودی ژانرەکە یان خودی چەشنە ئەدەبییەکە دەتوانێ لە دەست نووسەری جۆراوجۆر دا بە شێوەی جۆراوجۆر بە کار بێ. خودی ژانرە ئەدەبییەکە یان چەشنەکە ناکرێ سەرکۆنە بکرێ.
خاکی: ببوورە من مەبەستم لە پرسیارەکە نووسەر و بەرهەمەکە نەبوو، مەبەستم ڕەخنەگرەکە بوو. بۆ وێنە لای ئێمە تەنانەت لە ئێران، لە لایەکەوە بە بوغزەوە ڕەخنە دەنووسن، لەلایەکی دیکەوە بە پێداهەڵگوتنی زۆر بانەکی. ڕەخنەگرێکی تیپیک، ڕەخنەگرێکی باش ئەوەی کە پێشتر هێندێکت باس کرد دەبێ چ شارەزاییەکی هەبێ لەو بوارە دا ئایا دەبێ زانیاری زۆری هەبێ، تیوری باش بزانێ، دەبێ چ خەسڵەتێکی هەبێ؟
عەبباسی: ئێستا لە مەبەستەکەت تێگەیشتم کاک محەمەد. ئەوەی کە ئێوە دەیڵێن، دیارە نووسەر خۆی دەتوانێ ڕەخنە بنووسێ، بەڵام  نووسەر ڕەخنەگر نییە، واتە هەر نووسەرێک دەتوانێ ڕەخنە بنووسێ ئێستا بۆ وێنە هەر ڕۆماننووسێک، شاعیرێک، کەسێکی کە نووسەرە هەر وەک ئەوەی کە چۆن دەتوانێ چیرۆک بنووسێ دەتوانێ ڕەخنەش بنووسێ، بەڵام لەگەڵ ڕەخنەگر جیاوازە چونکە نووسەر حەز و چێژی تایبەتی خۆی هەیە واتە وەکوو نووسەر سەلیقەیەکی تایبەتی خۆی هەیە، تێیدا دامرکاوە، ناتوانێ بێلایەن بێ چونکە خۆی چەشنێک لە بەرهەم دەخولقێنێ، جا ئەگە شاعیرە، یان چیرۆکنووسە هەر شتێک لەگەڵ حەزی خۆی نەیەتەوە  ئەوە لەوانەیە قەڵەمێکی سوور یان قەڵەمێکی ڕەشی بەسەردا بێنێ چونکە لەگەڵ حەز و ویستی خۆی نایەتەوە. کە وابێ نووسەر زۆر سەڵاحییەتی نییە بۆ ئەوەی کە ڕەخنە بنووسێ یانی ئەو قسەیە زۆر لە جێی خۆی دایە، ئەوەی کە ئێوە دەیڵێن، ڕەخنەگر خۆی نووسەر نییە، خۆی شاعیر نییە  کە وابێ سەڵاحییەتی هەیە چونکە بێلایەنە. یانی ئەوەی بە زمانی هەڕەمە دەگوترێ خۆی تەڕەفی دەعوا نییە. کە بڵێی ئەمە باشترە یان هۆوە باشترە. دیارە ڕەخنەگر هەیە کە هەم شاعیرە، هەم نووسەرە بەڵام بە گشتی ئێمە دەڵێین  ڕەخنەگر کەسێکە کە لایەنگر نییە ، ئەوە نییە کە بێ بڵێ ئەمن سەبکی رێئالیستیم پێ باشترە لە سوررێئالیستی یان ئەویدیکەم پێ لەویدیکە پێ باشترە بەڵکوو لەگەڵ دەقەکە ڕووبەڕوو دەبێ نایهەوێ جیهانبینی هونەری، سەلیقە و زەوق و شێوەی نووسینی خۆی داسەپێنێ بە سەر نووسەر دا، بەسەر بەرهەمدا. جا بۆیە ڕەخنەگر سەڵاحییەتی باشتری هەیە. بەڵام دیسانیش ڕەخنەگران تووشی زۆر هەڵەی گەورە دەبن یانی لە مێژووی ڕەخنە دا ئەگەر ئێمە چاولێبکەین دەڵێن گەورەترین ڕەخنەگری ئەدەبی لە سەدەی نۆزدەی فەڕانسە دا سێنت بۆێڤ بوو کە هاوسەردەم بوو لەگەڵ باڵزاک و ستانداڵ ئەو دوو ڕۆماننووسە گەورانە. هەر دووکیانی پێ ڕۆماننووسی خراپ بوو و دوایە هاوسەردەم بوو لەگەڵ فلوێبر ئەویشی پێ ڕۆماننووسی چاک نەبوو. لەگەڵ بوودڵێریش دۆستایەتی هەبوو کە گەورەترین شاعیری سەدەی ١٩-ی فەڕانسە بوو ئەویشی پێ شاعیرێکی خراپ بوو. یانی گەورەترین شاعیران و نووسەرانی سەدەی ١٩-ی فەڕانسەی هەڵەی لە سەر کردن، تەشخیسی نەدان، گەورەترین ڕەخنەگری سەردەمی خۆشی بوو. ئەمە چۆن ڕوودەدا چونکە  ئەو ڕەخنەگرە مێشکی لە ڕابردوو دا بوو، بووسۆڤۆ، بووڤال و شاتۆ بێریان و ڕابێلیێێ  کۆمەڵێک هونەرمەندی کۆنی فەڕانسەیی بۆ وی مەڕجەع بوون، بۆ وی خودا بوون. هاوچەرخەکانی خۆی نەدەدی، یانی نەیدەتوانی ئەو گرینگایەتییەیان پێ بدا. لە کاتێکدا فەڕانسە لە سەدەی نۆزدەهەمدا ستانداڵ، باڵزاک، بوودڵێر، فلوێبر لەوانە گەورەتری نییە. کە هەموویان هاوکات بوون لەگەڵ سێنت بۆێف، و ئەو ڕەخنانەی کە لە سەرهەموویانی نووسی هەڵە بوون. هۆیەکەی چییە؟، هۆیەکەی ئەوە نییە کە ڕەخنەگرێکی گەورە نەبوو، کتێبەکانی زۆر گرینگن لە ڕەخنەی ئەدەبیدا بەڵام هۆیەکەی ئەوە بوو کە ڕەخنەکەی بە پێی پێودانگی ڕابردوو بوو. یانی ڕەخنەی مێژوویی ئەوەندە لە ئەدەبباتی کۆن و کلاسیکی فەڕانسە دا نوقم ببوو کە ئەدەبی هاوچەرخی خۆی بە پێوەری کۆن لێک دەداوە. واتە دەیگوت بەڵێ فلوبێر ناتوانێ وەک شاتۆبێریان جوان بنووسێ. یان ویکتۆر هۆگۆ ناتوانێ وەکوو ڕابێلێیێ بنووسێ. ئەویدی دی ناتوانێ وەک فڵانی دی بنووسێ. یانی ئەمە  خۆی ڕێگای لێ گرت کە ببێتە ئەو ڕەخنەگرەی کە سەردەمی خۆی تەشخیس بدا یانی لە سەردەمی خۆی تێ بگا. بەڵام ڕەخنەگریش هەیە بۆ نموونە تی. ئێس ئێلیۆت یان ئۆکتاڤیۆ پاز ئەوانە خۆیان شاعیرن، خۆیان شانۆش دەنووسن، پاز شانۆ نانووسێ بەڵام ئێلیۆت چەندین شانۆشی نووسیوە و هونەرمەندیشن لە ڕەخنەکانیاندا توانیویانە دنیای ئەدەبی سەردەمی خۆیان  کەشف بکەن یانی بڵێن ئێستا ئێمە لەو قۆناغە داین شاعیر و نووسەرە گەورەکانمان کامانەن. ئەوە بۆخۆی تەشخیسێکی زۆر زۆر سەختە شتێکی هاسان نییە ڕەخنەگرێک ئەوە تەشخیس بدا. بۆیە لە ئێرانیشدا ئەو موشکیلە هەبوو کە لووتکە ئەدەبییەکان  کامانەن. ڕەخنەگر دەبێ ئەو شتەی تەشخیس بدا. دەبینی ڕەخنەگر هەیە دێ نووسەرێک گەورە دەکاتەوە کە شیاوی ئەوە نییە  کە وا گەورە بکرێتەوە.
خاکی: نان بە قەرز دان
عەبباسی: ئەوە جیاوازە لە مەحفیل بازی، ئەمن باسی ئەوە دەکەم کە بە هەڵە دەچێ. یانی ڕەخنەگر بە ئیمانەوە بە بێ ئەوەی نان بە قەرز بدا تووشی هەڵە دەبێ. بەڵام ئەوەی تۆ باسی دەکەی مەحفیل بازییە، ئێمە  شتی یەکتر چاپ دەکەین و نان بە قەرز دەدەین، کۆمەڵێک گۆڤار چاپ دەکەین شتی یەکتری تێدا بڵاو دەکەینەوە و هەر کامێکمان کتێبێکی نووسی ئەویدیکە ڕەخنەیەکی پۆزیتیڤی لە سەر دەنووسێ یانی بڵێین بانگەشە دەکەین، تەبلیغات دەکەین بۆ بەرهەمانی یەکتر، ئەمە زۆر جار وایە دەبینی حەوت هەشت نووسەر و شاعیر یان دە دوازدە نووسەر و شاعیر وەکوو مەحفیلێک لێک نزیک دەبنەوە و نان بە قەرز دەدەن. ئەو شتێک لە سەر وی دەڵێ بە باشی، ئەویدیکە شتێک لە بەرانبەر دا دەڵێ.
خاکی: بازاڕی نەقد هەمیشە بوحڕانی بووە، پر بووە لە قەیرانی
عەبباسی: بەڵام ئەوە ئیدی نەقد نییە، ڕەخنە نییە، هەڵەش نییە. لێرە دابە بڕوای من ئەوانە شاعیران و نووسەرانی پچووکن ئەوەی ئەو کارانە دەکەن. واتە چاوەڕوان دەکەن کەسێک شتێکی باش لە سەر بەرهەمەکەیان بنووسێ چونکە نووسەران و شاعیرانی بڵێین ڕاستەقینە ئەوانەی کە بە ڕاستی تێدان لە دنیای ئەدەبییاتدا چاوەڕوانی ئەوەن بەرهەمەکەیان ئەو هێز و توانایەی تێدا بێ، بە سەری خۆی بچێتە پێشێ یانی چاوەڕوانی ئەوە نین کە کۆمەڵێک ڕەخنەگر بێن شتی باشی بۆ بنووسن.

خاکی: کاک سەلاح ئەی ڕەخنەی ئەدەبی لە کوردستان و لە ئێران لە کەنگێوە دەستی پێکردووە و چۆنی دەست پێکردووە؟



عەبباسی: کاک محەمەد ڕەخنەی ئەدەبی ئەوەندەی من ئاگام لێ بێ لە ئێران، دیارە ڕەخنەگرمان هەبووە وەکوو ڕەخنەگری ئەدەبی واقعەن چاوی لێ بکەین بۆ نموونە زییا موەحید، ڕەزابەراهێنی، عەبدولحوسێن زەڕین کووب، ئەوەڵین کتێبی ڕەخنەی ئەدەبی ئەمن پێم وایە عەبدولحوسێن زەڕین کووب لە ساڵی ١٣٣٨-ی هەتاوی بڵاوی کردەوە لە دووبەرگ دا بەناوی ' نقد ادبی '. لەوێدا ڕای ئەفلاتوون و ئەرەستوو و کۆمەڵێک ڕەخنەی کلاسیکی ئوڕووپایی شی کردووەتەوە، ئێستاش کتێبێکی باشە. بەڵام لە کوردی دا ئێمە  کەسمان نییە کە شارەزایی بەو شێوە بووبێ لە سەر ڕەخنەی ئەدەبی ڕۆژئاوایی کە شتێکی نووسیبێ، بەرهەمێکی نووسیبێ. بەڵام بۆ وێنە ئێمە ڕەخنەگرێکمان هەبووبێ، بە ڕاستی ئەو شاعیرە کوردانەی کە هەمان بوون شاعیر بوون بەڵام ڕەخنەگر نەبوون کە بێن ڕەخنەی ئەدەبی لە سەر یەکتر بنووسن، لە سەر بەرهەمەکانی یەکتر بنووسن و ڕەخنەی ئەدەبی ئەگەر لە سەر شێعری کلاسیکیش نووسرا بێ ئێمە دوو چەشنە ڕەخنەمان هەیە. ئێستا لە ئێران بۆ وێنە لە سەر مەولەوی و حافز و سەعدی ڕەخنەی نوسخەنووسانە هەیە، کە نووسخەکان بەیەکەوە بەراورد دەکەن، هەڵەکان ڕاست دەکەنەوە یان دەڵێن لەو بەیتە شێعرە دا کام وشە لە جێی خۆیەتی و کام وشە لە جێی خۆی نییە. ئەمە ڕەخنەیەکە کە زۆرتر دەکرێ بڵێین ڕەخنەیەکی زمانییە، ڕەخنەی کەلامییە، ڕەخنەیەک نییە بچێتە سەر ناوەرۆک و فۆڕم و جوانیناسی و لە کوردیشدا لە سەر نالی و مەحوی ئێمە ئەو چەشنە ڕەخنەیەمان هەیە. ئەمن زۆر کەم دیتوومە ڕەخنەیەک بچێتە سەر ناوەرۆک و فۆڕم و جوانیناسی ئەو شاعیرانە چونکە ئەمن پێم وایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئێمە کۆمەڵێک شاعیرمان هەیە وەکوو بیدل و فوزوولی ئەوانە بە تورکی شێعریان گوتووە، وەکوو حافز و سەعدی و نیزامی ئەوانە بە فارسی شێعریان گوتووە. هێندێک لەو شاعیرانە بە چەندین زمان شێعریان گوتووە بۆ وێنە  سەعدی بە فارسی شێعری گوتووە، بە عەڕەبیش شێعری گوتووە، هێندێکیان بە تورکی و فارسی و عەڕەبی شێعریان گوتووە، نیزامی بە تورکیش شێعری گوتووە، بە فارسیش، نازانم بە عەڕەبیش شێعری گوتووە یان نا فزوولیش هەم بە تورکی و هەم بە فارسیش شێعری گوتووە، بیدلیش هەر وا. لە کوردستانیش ئێمە هەمان شتمان هەیە، هەمان دیاردەمان هەیە. لە کوردستانیش هێندێک لە شاعیرەکانمان بە تورکی، فارسی، عەڕەبی و کوردی شێعریان گوتووە و ئەمە خۆی نیشان دەدا کە تەمەدونێک، شارستانییەتێکی هاوبەش هەبووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە نێوان کورد و تورک و فارس و عەڕەبدا کە لەوێدا زۆرتر ئەدەبی فارسی زاڵ بووە، یان ئەدەبی عەڕەبیش تا ڕادەیەک زاڵ بووە. واتە شاعیرەکان زۆرتر چاویان لە مەولەوی و حافز و سەعدی و نیزامی و شاعێرانی فارس کردووە. بۆ وێنە لە نالیدا ئەمن زۆرجار تەشبیهاتی نموونەی حافزی دەبینمەوە. بەڵام ڕەخنەگرانی ئێمە نەهاتوون ئەو شتەی لێک دەنەوە، ئەوە لە ئەدەببیاتی ڕۆژئاوا دا پێی دەڵێن intertextuality ئینترتێکسچوالیتی ، بە فارسی وەریان گێڕاوە بە ' بینا متنیت ' [ بەینا مەتنییەت] یانی ئەو پێوەندییەی لە ناو دەقەکاندا هەیە، ئەو دەقانە مەرج نییە لە ڕوی زەمانەوە لە یەک زەماندا بن دەکرێ مەودایان لەیەکتری بە سەدان ساڵ بێ، بەڵام کانیاوێکی کولتووری یان سەرچاوەیەکی کولتووری لێکیان دەبەستێتەوە ئەو سەرچاوە کولتوورییە ئەو شێوە شێعرەیە کە حافز و سەعدی و مەحوی و نالی و ئەوانە گووتوویانە. ئەمن هەمیشە گوتوومە نالی و مەحوی و ئەو شاعیرە فارس و تورکانە  هەموویان یان بڵێین زۆربەیان مەلا بوون، عەڕەبی زان بوون، موسوڵمان بوون، ئی وەک خەیامیشیان تێدا بووە، ئی وەک حافزیشیان تێدا بووە کە مەعلووم نییە مولحیدە، موسوڵمانە . لە مەڕ خەیام کە شتەکە زۆر ڕوونە، بەڵام لەمەڕ حافز زۆر ڕوون نییە. کەسی ئاواشیان تێدا بووە، بەڵام ئەوانە سەرچاوەی کولتوورین واتە ڕاست ئەوانەن دژی فۆندمێنتالیسمن. یانی خودی مەلاکانی ئێمە لە سەدەکانی ڕابردوو دا هەڵگری بیروباوەڕێکی دژی فوندمێنتالیستین. ئەوەی کە داعش و ئیسلامی سەلەفی و نموونەی مەلا هەڵۆ دروست دەکا یان خومەینی دروست دەکا ئەوە ئیسلامێکە بەتاڵ کراوە لە شێعر و شەڕاب و ژن و جوانی و ئەو دڵتەڕییەی کە لە شێعری کلاسیکی فارسی و کوردی  و لەو شێعرانە دا هەیە.  بە بڕوای من ڕەخنەگران دەبوو بێنە سەر ئەو جۆرە بابەتانە. ئەوە بابەتێکی گەورەیە زۆر شت هەڵدەگرێ.
خاکی: کاک سەلاح ببوورە، بۆچی، بۆ لە کوردستان ئێمە ڕەخنەگرمان بەو شێوەی کە دەفەرمووی نییە. منیش نەمدیوە، دیومە لە سەر شتێک نووسرابێ، زیاتر وەکوو  ناساندن بووە، بۆ وێنە ئەسەرێک بناسێنن. بەڵام وەکوو ڕەخنە دیومە شێعرێکیان نەقد کردووە، بەڵام وەکوو مونەقید، ڕەخنەگر نییە هۆیەکەی چییە؟ ئەمن لەوە تێدەگەم کە کورد بە زمانەکانی دەوروبەری خۆی شێعری گوتووە بەڵام کەم کەس یان هەر نەبووە کە تورکێک، فارسێک، عەڕەبێک بە کوردی شێعری گوتبێ. لەوە حاڵیم، لەوەیتری حاڵی  نیم بۆ ڕەخنەگر لە کوردستاندا نییە؟



عەبباسی: پرسیارێکی زۆر قورسە، پرسیارێکی باشە، بەڵام ناتوانم وڵامی بدەمەوە. دەتوانین هێندێک بە دەور و بەری پرسیارەکە دا بێین و بچین. لە ئێرانێ پێش ئەوەی کە ڕەزا بەراهێنی پەیدابێ رەخنەگرێکی حیرفەیی مان نەبوو.
خاکی:  ' طلا در مس ' کتێبەکەی بەناوبانگە.
عەبباسی: پێش وی ڕەخنەگرمان نەبوو، ڕەخنەگرمان هەبوو کە زۆرخوێندەوار بوو وەکوو دوکتور عەبدولحوسێن زەڕین کووب لە سەر شێعری کۆنی فارسی شارەزا بوو نەیدەتوانی لە سەر ئەدەبی نوێ شت بنووسێ. لە سەر مەولەوی و حافز کتێبی زۆر موهیمی نووسی، دوایە عەبدولکەریم سرووش و ئەوانەش لە سەر مەولەوی شتی باشیان نووسی. بەهائەدینی خوڕەم شاهی کە سەر حافز چەندین کتێبی زۆر باشی نووسی بەڵام کە ڕەزا بەراهێنی هات زۆریان جنێو پێ دا، تەنانەت جارێک لە قاوەخانە هێندێک لەو شاعیرانەی کە پێیان وا بوو تەوهێنیان پێکراوە لێیان دا. واتە ڕەخنە تەحەمول نەدەکرا، تەنانەت لە ئێران. وەکوو دوژمن چاویان لێ دەکرد و مەحفیل بازیش هەبوو. دیارە شاملوو و ئەوانە ئەخلاقیان ئەوەندە نزم نەبوو لێی بدەن یان جنێوی پێ بدەن. شاملوو دیفاعی لێکرد، زۆر تووڕە بوو بەوەی کە لێیان دا بو، لە کافەی نادری بوو، نازانم لە چ کافەیەک لە تاران  هێندێک لەو شاعیرانەی کە پێیان وا بوو قەدریان نەگیراوە و ڕێزیان نەگیراوە لەوێ لە بەراهێنییان  دا بوو. ئەوە لە ئەدەبی ئێمەشدا دەتوانێ هەمان شت ڕوو بدا. بەڵام دوای ئەوەی کە بەراهێنی ڕچەی شکاند، دیارە زۆریان جنێو پێ دا، زۆریان ناڕەحەت کرد، زۆریان ئەزییەت کرد. ئەویش کابرایەکی بە قەولی فارسی 'پوست کلفت' بوو  یانی دارێک نەبوو بەو بایانە بلەرزێ  و هەر چۆنێک بێ  تەحەمولی ئەو شتەی کرد. ئێستا کۆمەڵێک شاگردی هەیە و ئەوەی بەو ڕێگایەیدا دەڕۆن زۆرن. ئەمن هەموو جارێ کە مەقالەکانی زییا موەحێد دەخوێنمەوە لە ئاستی بەڕاهێنی دایە بە بڕوای من هەرچەند وەک وی هەمەگیر نییە، چونکە بەڕاهێنی دەچووە سەر هەموو شاعیرەکان، بەرهەمەکانی لێک دەدانەوە زۆر جاریش تووشی هەڵە دەبوو بەڵام گرینگ ئەوە بوو ئەو بوێرییەی هەبوو کە باسی شاعیران بکا. بۆ وێنە لە سەر سوهرابی سێپێهری تووشی هەڵە بوو، لە سەر زۆر شاعیری دیکە بەڵام  لە سەر فرووغی فەروخزاد و ئەحمەدی شاملوو و ئەوانە توشی هەڵە نەبوو، لە سەر ئەخەوانی سالس تووشی هەڵە نەبوو. قسە لە سەر ئەوەیە ڕەخنەگر دەبێ بوێرێ، ڕەخنەی ئەدەبی پێویستی بە بوێر بوون و شکاندنی هێندێک تابوو هەیە، چونکە ڕەخنەگر ناتوانێ موجامەلە بکا. کاری ڕەخنەگر نابێ لەبەر ئەنگێزەی شەخسی بێ ئەوە زۆر گرینگە. یانی ڕوانگەکەی نابی ئیدێئۆلۆژیک بێ، نابێ حیزبی بێ، نابێ سازمانی بێ، نابێ نان بە قەرز دان بێ، دەبێ مەسەلەکەی فکری بێ. کە مەسەلەکەی فکری بوو نابێ باج بدا، یانی نابێ سازش، موساوەمە بکا لە سەر فکرەکەی، لەوانەیە تووشی هەڵە بووبێ هیچ شتێکی سەیر نییە ئەگەر ڕەخنەگر هەڵە بکا. ئێمە گوتمان ڕەخنەگری گەورەی وەکوو سەنت بوێڤ  تووشی هەڵەیەکی گەورە بوو گەورەترین نووسەران و شاعیرانی فەڕانسەی دەناسی، نەیتوانی ڕەخنەیەک بنووسێ کە قووڵایی و قورسایی بەرهەکانیان دەرک بکا، دیاری بکا، بەڵکوو پێی وا بوو ئەوانە بڵقی سەر ئاون و لەگەڵ تێپەڕبوونی زەمان فەرامۆش دەکرێن. نووسەری گەورەی وەکوو فلوێبری کە ئێستا بەردی بناخەیە لە ڕۆماننووسیی جیهان دا، یان باڵزاک کە یەکێک لە گەورەترین ڕۆماننووسەکانی جیهانە لە هەموو سەدەکاندا.
بەڵام ئێمە کە دێینە سەر ئێران  و کوردستان من پێم وایە ئەدەبییاتی فارسی شانسێکی زیاتری هەیە لە ئەدەبییاتی کوردی بۆ ئەوەی ڕەخنەگر و ڕۆماننووس بەرهەم بێنێ. ئێستا ئەدەبییاتی تورکی و ئەدەبییاتی عەڕەبی نازانم ڕەخنەگر بەڵام نووسەری گەورەیان بەرهەم هێناوە و ڕۆمانی گەورەیان بەرهەم هێناوە. ئەمن پێم وابێ گەورەترین نووسەری ئێرانێ ئەحمەدی مەحموود بوو، دیارە ئێوە حەتمەن ئاشناییتان لەگەڵی هەیە و کتێبەکەی ' همسایەها ' [ دراوسێیەکان]، و دوایەش هێندێک ڕۆمانی دیکە هەن کە دەکرێ بڵێی شایانی چەند جار خوێندنەوەن لە ئەدەبییاتی فارسیدا بەڵام ژمارەیان زۆر نییە، بۆ وێنە ' سو وشوون' ی سیمینی دانێشوەر، یان ' چشمهایش ' [ چاوەکانی] ئی ئاغا بوزورگی عەلەوی ئەمانە ڕۆمانە گەورەکانی ئەدەبییاتی فارسین بەڵام کە دەگەینە ئەدەبییاتی تورکی و عەڕەبی ڕۆمانی زۆر گەورەتر خولقاون. وەکوو ڕۆمانەکانی یاشار کەماڵ و ئۆرهان پاموک و نەجیب  مەحفووز. لە ئەدەبباتی فارسیدا ئەو شتە نەخولقاوە، لە ئەدەبییاتی کوردیشدا نەخولقاوە. ئەو شتانە نابێ تێکەڵ بکرین لەگەڵ ناسیۆنالیزم و ناشکرێ ئێمە چون کوردین بێین بڵێین بە زۆری کەڵە شاعیری وامان هەیە، و نووسەری وامان هەیە و ڕەخنەگری وامان هەیە وەکوو ڕقەبەرایەتییەکی ڕەگەزی و ناسیۆنالیستی بڵێین ئێمەش نەتەوەیەکین کە شتی زۆر گەورە و موهیممان هەیە. ئەوە بۆچوونبێکی هەتا بڵێی هەڵەیە. ئێمە بابەتی ئەدەبی و ڕەخنە و ئەوانە بەهیچجوور، تەنانەت  بابەتی سیاسیش نابێ تێکەڵ بکەین لەگەڵ مەسەلەی ڕەگەزی و ئێتنیکی. بە داخەوە ئەو ڕووحییەیە هەیە کە ئێمە بەس دەبێ بە شتی خۆماڵی خۆمانەوە بنووسێین. ئەمن پێم وایە تا زەمانێک نووسەر و ڕەخنەگری ئێمە لەگەڵ ئەدەبی جیهانی ئاشنایەتییەکی قووڵیان نەبێ ناتوانن ئەدەبی خۆماڵی یان میللی  گەشە پێ بدەن. دەبێ ئاشنا ببن، ئاشنایەتییەکی قووڵیان ببێ لەگەڵ ئەدەبییاتی جیهانی جا ئەو کات دەتوانن ئەدەبییاتی کوردی  گەشە پێ بدەن، هەم لە ڕووی زمانییەوە، هەم لە ڕووی فؤرمەوە. ڕەخنەگر بە کتێب خوێندنەوە دروست نابێ، نووسەر و هونەرمەند بە تەمرین، بە مەشق کردن، بە خوێندنەوە دروست دەبێ، بەڵام ڕەخنەگر پێویستە لە ئاکادێمیا دا وەکوو شێوەیەکی زانستی پەروەردە بکرێ، مامۆستای هەبێ. ئێستا ئەگەر کوردستان چەندین مامۆستای ڕاستەقینەی هەبێ، ئەوانە هەر کامیان دەتوانن کاریگەر بن. بۆ وێنە کەسێکی وەکوو دوکتور عەبباسی وەلی لە کوردستان دەرس بدا بە کۆمەڵێک قوتابی لانی کەم بە دە ساڵان دەتوانێ دە مامۆستای ڕاستەقینە پەروەردە بکا لە بواری خۆیدا، لە بواری فەلسەفەی سیاسیدا. بەڵام کۆمەڵێک مامۆستایان لەوێ داناون کە ئەو تواناییەیان نییە. یانی سیاسەتی کوردی لە باشوور لە بواری کولتوور دا زۆر هەڵە بووە. ئازادی هەبووە بەڵام ئەو ئازادییە کەلکی لێ وەرنەگیراوە بۆ ئەوەی ئەو کەسە بە توانایانەی کە لە هەندارانن یان لە ناوەوە هەن کەڵک لەوانە وەربگیرێ بەڵکوو کەسی حیزبی یان کەسی بەڵێ ئەزبەنی وێژی نزیک لە حیزبەکان مەودایان پێ دراوە.



خاکی: کاک سەلاح کاتمان خەریکە تەواو دەبێ، دوایین پرسیارم ئەوەیە ئێوە بۆ خۆتان هیچ کارێکتان کردووە لە سەر کەسە دیارەکان وەکوو بەختیار عەلی، شێرزاد حەسەن، عەتای نەهایی هیچ شتێکتان بەدەستەوەیە یان کارێکتان کردووە؟
عەبباسی: نا. ئەمن عەرزت بکەم دوو ڕۆمانی بەختیار عەلی م خوێندووەتەوە، 'جەمشید خانی مامم کە با هەمیشە لەگەڵ خۆیدا دەیبرد'، لەگەڵ ' دوایین هەناری دنیا'. ئەوانی ترم نەخوێندووەتەوە بەڵام چونکە بۆخۆم تەڕەفم یانی بۆ خۆم ڕۆمان دەنووسم دیارە بە باشی نازانم بڵێم سەلیقەی من جیاوازە، من ئوسلووبێکی دیکە بۆ نووسین هەڵدەبژێرم بەڵام ' جەمشید خان' م پێ ڕۆمانێکی جالب بوو یانی لەو ڕوانگەیەوە کە هێندێک لاساییکردنەوەی ئیتالۆ کاڵڤینۆ و ودی ئالن و کۆمەڵێک نووسەر و فیلمسازی ڕۆژئاوایی تێدا بوو، بەڵام ئەوە  بە ڕای من لە ڕوانگەیەکی رێئالیستییەوە لە هەلومەرجی کوردستانەوە هەڵنەقوڵاوە. هێندێک شتی تێدایە لە ڕووی فکرییەوە. ڕۆمان دەبێ ئۆرژیناڵ بی، جا ڕۆمان، شێعر یان هەر شتێک. ئێستا دنیا پڕپڕە لە شت کە تۆ لاسای بکەیەوە لە نووسەر و لە سەبکی جۆر بە جۆر، بە تایبەتی کەسێکی کە توانایی فکری هەبێ، کەسێکی کە لە باری ڕۆشنبیرییەوە وەکوو بەختیار عەلی خاوەنی بەهرە بێ دەتوانێ زۆر بە سادەیی بێ هێندێک شتی تێکەڵ بکا یانی ئەو شتانەی کە گوتراون و نووسراون بە شێوازێکی تر بە کوردی دەری ببڕێتەوە. بە بڕوای من  ئەوە نابێتە هونەرێکی ئۆرژیناڵ یان هونەرێکی ئەسڵ کە لە نێو میللەتەکەی خۆت هەڵقوڵابێ. بە داخەوە عەتا نەهائی م نەخوێندووەتەوە نازانم ڕۆمانەکانی چۆنن ناتوانم هیچ بڵێم بەڵام لە سەر بەختیار عەلی دەڵێم ئەو دوو ڕۆمانەی کە من خوێندوومنەوە پێم وایە سەبکی رێئالیزمی جادوویی مارکێز و ئیتالۆ کاڵڤینۆ و کۆمەڵێک فیلمی  فانتێزی لویس بۆنێڤێل و ودی ئالن  و ئەوانە تێکەڵ کراون، دنیایەکی سوورێئالیستی و ڕێئالیزمی جادوویی هاتووەتە ناو کوردستان یانی گوازراوەتەوە، لە ئوڕووپاوە هاتووە ئەو شتە، ئەوە نییە کە بڵێی  ئۆرژیناڵ بێ. دیارە ئێمەش ڕێئالیزمی جادووییمان هەیە وەکوو ' هەزار و یەک شەو' یان وەکوو کۆمەڵێک نەقڵ و بەیت و فۆڵکلۆری کۆنی کوردی بەڵام  ئەمن پێم وایە کارەکەی بەختیاری لەو دوو بەرهەمانە دا کە من خوێندوومنەوە سەرنجڕاکێشە، لە ڕوی زمانی و هونەری و ئیستیعارەوە، لە ڕووی جوانیناسییەوە جێگای سرنجە، بەڵام خۆماڵی نییە. ئەدەبێکی دەستکردە لە دەرەوە ڕا هاتووە ئەگەر پێویست بێ دەتوانم شتێکیشی لە سەر بنووسم بەڵام پێم وایە جارێ زوویە، ئێستا لە وانەیە نووسەری لە بەختیار عەلی باشترمان نەبێ کە ئێمە ڕاست لەویڕا دەست پێ بکەین بە ڕەخنەگرتن. ئەدەبییات پێویستی بەوەی هەیە کە لە هەلومەرجی مێژوویی خۆی بکۆڵێتەوە جا ئەوە کولتوورە، دابونەریتە، کێشە کۆمەڵایەتییەکانن، کێشە سیاسییەکانن. بەختیار عەلی ئەوەی تا ڕادەیەک دەکا بەڵام ستروکتوور بڵێین بنەمای  حیکایەتەکانی لە دەرەوە ڕا دێنێ. لاساییکردنەوەی هێندێک نووسەری رێئالیزمی جادوویی و هێندێک نووسەری فانتێزییە  لە ئوڕووپا. ئەمن  پێم وایە ئێمەی کورد چونکە  سوورڕێئالیزممان پێ هاسانترە بۆیە بە بێ ئەوەی کە بە ڕێئالیزمەکەدا  بڕۆین یەکسەر بازمان داوە بۆ ناو سوورڕێئالیزمەکە.
خاکی: کاک سەلاح کیان ئیدی من پرسیارێکم نییە ئەگەر شتێک ماوە خۆت پێت خۆش بێ باسی کەی لە خزمەت داین.
عەبباسی: ڕێزم هەیە، منیش زۆر خۆشحال بووم، چیدیم پێ شک نایە، حەتمەن ئەو بابەتە زۆر قسە هەڵدەگرێ و لێدوانی زۆرتری دەوێ. هیوادارم لە دەرفەتێکی دیکە دا بتوانین دیسان ئەو باسە درێژە پێ بدەین. زۆر خۆشحاڵ بووم کە کات و مەجالێکی باشت پێدام  و پێم وایە بەشێکی زۆر لەو شتانەی کە گرینگ بوو بگوترین لێرەدا گوتراون، دیارە هەموو شتێکیش بە جارێک ناگوترێ، چون ئەو باسانە لک و پۆپیان زۆر لێ دەبێتەوە. زۆر خۆشحاڵ بووم کاک محەمەد.
خاکی: زۆر سپاس. بینەران و بیسەرانی بەڕێز بەم جۆرە هاتینە کۆتایی بەرنامەکەمان. وەکوو هەموو جارێک لە  هاوکاری هاوکارانمان سپاس دەکەین. هەتا بەرنامەیەکی دیکە هەر بمێنن بە خێر و خۆشی. زۆر سپاس کاک سەلاح گیان، زۆر مەمنوون

 

 تێبینی: ئەم بەرنامەیە لە ڕادیۆ دیالۆگ وەکوو دەنگ و ڕەنگ لە نۆڤامبری ساڵی ٢٠٢٠ بڵاو کراوەتەوە. دەکرێ بەرنامەکانی ڕادیۆ دیالۆگ لە سەر ئینترنێت و تۆڕە کۆمەڵییەکان ببینن و ببیسن. لێنکی ئەم بەرنامەیە لە خوارەوە هاتووە.
https://www.youtube.com/watch?v=CVGXk_nI_os


نووسینەوە و بژاری زمانی: حەسەن  قازی

سەرچاوە: وێبنووسی ڕوانگە
  
     

















 

No comments: