Sunday, November 21, 2021

بیۆگڕافی ( ژیاننامە)، ئۆتۆبیۆگڕافی (ژیاننامەی خۆ)، مێموار ( بیرەوەری) لەئەدەبی جیهانی و کوردیدا


بیۆگڕافی ( ژیاننامە)، ئۆتۆبیۆگڕافی (ژیاننامەی خۆ)، مێموار ( بیرەوەری)
لە ئەدەبی جیهانی و کوردیدا
هەڤپەیڤین لەگەڵ سەلاح عەبباسی، نووسەر و ڕەخنەگری ئەدەبی
چوارشەمە، ١٧-ی نۆڤامبری ٢٠٢١


حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەی ڕاوێژ،
لە بەرنامەی ئەمجارە دا لەگەڵ مامۆستا سەلاح عەبباسی، نووسەر و رەخنەگری ئەدەبی باسی ژانڕێکی دیکە، لایەنێکی دیکە لە ئەدەبدا دەکەین وەکوو بیرەوەری نووسین، ژیانی خۆ نووسین، ژیان نووسین، یانی ئۆتۆ بیۆگڕافی و بیۆگڕافی و لەوە دەگەینە ئەوەی باس بکەین لە ئاستی ئەدەبی جیهانیدا ئەوە چۆن پێش کەوتووە، لە ئاستی ناوچە و هەر وەها لە ئێران و کوردستان و ئەو پرسیارەش تا و توێ دەکەین کە بۆچی لەو ژانرە دا نووسەری ژن ژمارەیان کەمە. لەگەڵ ڕێزدار عەبباسی دەمانەوێ ئەو بابەتانە بە پێی کات تا و توێ بکەین. مامۆستا عەبباسی زۆر بەخێر بێی بۆ بەرنامەکەمان!
سەلاح عەبباسی: سڵاوم هەیە بۆ ئێوە مامۆستا حەسەنی خۆشەویست، هەر وەها بۆ بینەرانی ستێرک تیڤی.
قازی: زۆر سپاست دەکەم. ئێمە لەوەڕا دەست پێ بکەین وەکوو گوتم دیارە ئەو ژانرە ئەدەبییانە زۆر لەیەک نزیکن بەڵام جیاوازیشیان هەیە. پێم خۆش بوو لە سەرەتادا هەر کامێکیان شی بکەیەوە بیرەوەری چییە، ژیاننامەی خۆ نووسین چییە، ژیاننامە چییە ، حەکایەتنووسی و بیرەوەری ڕۆژانە نووسین چییە ئەوانە هەموویان بەجۆرێک دەکرێ نزیکی و دووریان لە یەکدی هەبێ. وێکچوونەکان و جیاوازییەکانی ئەوانە لە ئەدەبدا؟
عەبباسی: بەڵێ لێڕە ڕا دەست پێ دەکەم کە بیۆگڕافی (ژیاننامە) کۆنترین ئەسەری ئەدەبییە لە جیهاندا، پێش هەموو ژانرێکی ئەدەبی هەبووە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ میتۆلۆژی وڵاتان، بەتایبەتی  میتۆلۆژی یۆنان کە زیاتر ئاستە کراوە دەبینین کە بیۆگڕافی زۆربەی خواکان لە زمان خۆیانەوە نەنووسراوە بەڵکوو نووسراوەتەوە، شەرح دراوە بەڵام وەکوو واقع، نەک وەکوو تێکستێک یان وەکوو شتێکی ئەوپەڕی سروشت یان بڵێین لە دەرەوەی واقع، لە سەرووی واقع، بەڵکوو وەکوو واقعی جیهان. کە دەگەینە دینەکانیش هەمان شت دەبینینەوە بیۆگڕافی جیهان خوا لە ئینجیل دا نووسیویەتی لە پێنج ڕۆژ دا دروستی کردووە، لە ڕۆژی شەشەمدا حەساوەتەوە و دوایەش بیۆگڕافی یەک یەکی پێغەمبەران و ئەوانەی کە خودا ناردوونی لە ئینجیل و لە قورئان دا هەموو بیۆگڕافییەکانیان هاتووە. دیارە ئەوەندەی من ئاگادار بم لە تەوڕات و ئینجیلدا بە وردتر هاتووە، لە قورئاندا ئەو بیۆگڕافییانە پچڕ پچڕ نووسراونەتەوە.  ئەوەش وەکوو واقع نووسراوەتەوە نەک وەکوو شتێکی کە لە کۆنتێکستێکدا هەیە و تەفسیری جۆراجۆر هەڵدەگرێ یان لە ڕوانگەی مرۆڤەوە دەبێ بخوێندرێتەوە بەڵکوو وەکوو ڕوانگەیەکی موتڵەق هاتووەتە ئاراوە بۆ وێنە ئەوەی کە جیهان چۆن دروست کراوە، پێغەمبەران بۆچی هاتوون، ڕەساڵەتی وان چی بووە، ئەرک و بڵێین ئەو کردارانەی کە لە ژیانیاندا کردوویانەچ بووە، ئەوە دەکرێ بڵێین هەم میتۆلۆژی، هەم  دین سەرچاوەی بیۆگڕافی بووە. بەڵام بیۆگڕافی ئەوەی کە بە دەستی مرۆڤ دەنووسرێ، ئەوە جیاوازە لە میتۆلۆژی و لە دینەکان. لێرە دا دوو حاڵەتی هەیە. حاڵەتێ یەکەم ئەوەیە کە مرۆڤ بۆ خۆی ژیانی خۆی دەنووسێ،حاڵەتی دووەم ئەوەیە کە کەسێکی تر ژیانی کەسێکی تر دەنووسێ. ئەگەر باسی حاڵەتی یەکەم بکەین گرینگترینیان بڵێین بەرچاوترین و ناسراوترین نموونە بیۆگڕافی ئاگوستینی قیدیسە، ئاگوستینی پیرۆز.

قازی: ببوورە، دوایە دێینەوە سەر ئەو ژانرانە لە ئەدەبی جیهانیدا، ئێستا پێم خۆشە ئەتۆ تەعریفێک، ناساندنێک لە هەر یەک لە وانە بەدەستەوە بدەی، جیاوازییەکانیان و نزیکییەکانیان یانی وێکچوونەکانیان. هەم مێموار، هەم بیوگڕافی هەم ئۆتۆ بیۆگڕافی و هەمیش لایەنی دیکە وەکوو حەکایەت و ژیانی ڕۆژانە نووسین و ئەوانە. ئەوانە لە هەمان کاتدا کە وێک دەچن لێکیش دوورن، لە پێشدا ناساندنەکانیان باس بکەی دوایە دەگەینە ئەوانە لە ئەدەبی جیهانیدا!
عەبباسی: بەڵێ زۆر باشە لە گرینگترین شت ڕا ئەگەر دەست پێ بکەم بۆ ئەوەی وەکوو دەروازەیەک بچینە ناو باسەکەوە ئەوەیە کە مەسەلەی بیۆگڕافی و ئۆتۆبیۆگڕافی واتە ژیاننامەی کەسانی دیکە نووسین و نووسینی ژیانی خۆ ئەوەیە کە کلیلی حەقیقەت لە دەست کێ دایە یانی لە ڕاستیدا لێرە دا ئەو کەسەی کە ژیانی خۆی دەنووسێ، ژیاننامەی خۆی دەنووسێ حەقیقەت لە بەر دەستی خۆی دایە چۆنی تەفسیر دەکا، گرینگایەتی دەدا بە چ شتێک، لە کوێ ڕا دەست پێ دەکا، ئەو شتانەی کە لە ژیانی خۆیدا جێگای سەرنجن بۆ وی یان گرینگایەتییان پێ دەدرێ کامەن؟ ئەو نوختانەی کە بەرجەستە دەکرێنەوە کامەن؟ ئەوە مەسەلەیەکە کە  کێشەی حەقیقەت دێنێتە گۆڕێ یانی حەقیقەت  لە دەست خودی ژیاننامەنووس دایە. بەڵام کە دەگەینە سەر نووسینی بیوگڕافی کەسێکی تر، ژیاننامەی کەسێکی تر و لە سەری ورد دەبینەوە و لێکۆڵینەوە لە سەر ژیانی نووسەرێک یان فەیلەسووفێک یان سیاسەتمەدارێک دەکرێ، لیرە دا حەقیقەت لە دەست ئەو کەسە دا نییە  کە لە سەری دەنووسرێ کە لەوانەیە مرد بێ، لە ژیاندا نەمابێ، بەرهەمەکانی مابن یان ئاسەوارەکانی مابن یان کردارە سیاسییەکانی مابن. حەقیقەت لە دەست ئەو کەسە دایە کە بۆگڕافییەکە دەنووسێ. بۆیە کاتێک ئێمە بیۆگڕافی نووسەران یان هونەرمەندان، یان سیاسەتمەدارانی  ناسراوی جیهان بۆ وێنە بڵێین  روزوێڵت و چرچیل و ئەنشتاین و هێمینگوەی و ئەوانە دەخوێنینەوە جاری وایە ئاکامی بیوگڕافییەکە کەسێکمان دێنێتە پێش چاو کە زۆر سیمپاتیکە، زۆر جێگای خۆش ویستن و ڕێز لێ گرتنە، جاری وایە کەسەکە بەو ئەندازەیە شیرین نییە. ئەمە هۆی ئەوەیە کە پرێسپێکتیڤ گۆڕاوە نووسەری بیۆگڕافی دەسەڵاتی هەیە بە سەر ئەوەیدا کە جۆن ئەو ئۆبجێکتە یان ئەو مەخلووقە  نیشان بدا، چۆنی وێنا بکا، چۆنی وەسف بکا. سفەتە چاک و خراپەکانی چۆن نیشان بدا. یانی لێرە دا مەسەلەی حەقیقەت زۆر موهیمە.
هەر وەها لە ئۆتۆبیۆگڕافیشدا مەسەلەی حەقیقەت دێتە گۆڕێ بەو جۆرەی کە کەمتر وا هەیە کەسێک کە بیۆگڕافی خۆی دەووسێ لەوێدا لایەنەکانی ژیانی خۆی هەموو بخاتە بەر باس یان خۆی ناشیرین بکا بە شێوەیەک کەسایەتی خۆی بەرێتە ژێر پرسیار.

قازی: باسێک هەیە لە ئۆتۆ بیۆگڕافیدا، ئەویش ئەوەیە کەسێکی کە ژیانی خۆی دەنووسێ حەوجێیەکی ئاوای نییە  بەوەی کە بەڵگە بێنێتەوە بۆ قسەکانی یانی لەگەڵ خوێنەرەوەکەی خۆی، لەگەڵ بەردەنگەکەی ئاوا ڕووبەڕوو دەبێ کە تەجروبەکانی نووسەر وەک حەقیقەت قبووڵ بکا. لەگەڵ ئەوە تا چەندە ڕێکی؟

عەبباسی: بەڵێ زۆر ڕاستە. ئەو کەسەی کە ئۆتۆ بیۆگڕافی خۆی دەنووسێ وەکوو جەنابت باست کرد پێویستی بە بەڵگە نییە چونکە بەڵگە بۆ خۆیەتی یانی خۆی وەکوو بەڵگە، وەکوو سەرچاوە چاو لێ دەکا چونکە باسی ژیانی خۆی دەکا و خۆی نەک هەر ئەوەی کە دەسەڵاتی هەیە بە سەر ژیانی خۆیدا بەڵکوو خەزێنەی بیرەوەرییەکانی لە بەر دەست دایە و کەسیش ناتوانێ وە درۆی بخاتەوە مەگەر ئەوەی بە بەڵگە  بسەلمێندرێ کە لە فڵان شوێن نەبووە یان لە فڵان سەفەر بەشدار نەبووە، یان فڵان قسەی کە دەڵێ کردوومە نەی کردووە. ئەوانە زۆر جار ڕوودەدەن لە ئۆتۆ بیۆگڕافیدا کەسێک ئیعتیبارێک بۆ خۆی دەنەخشێنێ یان بڵێین میداڵێک بە خۆی دەدا، میداڵێک بۆ خۆی دروست دەکا کە لە دوایە لێی دەستێندرێتەوە. بەڵام مەسەلەکە لەوە گەورەترە یانی مەسەلەی بیۆگڕافی و ئۆتۆ بیۆگڕافی پێوەندی بە کولتوور و بە شارستانییەتەوە هەیە. یانی کولتوورێک کە لەوێدا ڕەخنە بەهێز بێ، ژمارەی بیۆگڕافییەکان یەکجار لە سەرترن و زیاترن لە ئۆتۆ بیۆگڕافییەکان. پێچەوانەکەی لە کولتوورێکدا ڕەخنە تێیدا لاواز بێ، ئەگەر شتێکیش هەبێ زیاتر ئۆتۆ بیۆگڕافییە بیۆگڕافی نییە. چونکە بیۆگڕافی پێویستی بە نووسین هەیە، بە نووسەر هەیە، بە لێکۆڵینەوە هەیە، بە شەفافییەت هەیە، پێویستی بەوەی هەیە کەسێک لە زێهنی خۆی بچێتە دەرێ بچێتە نێو زێهن و ژیان و دۆکومێنتەکانی کەسێکی ترەوە. هێندێک پرێنسیپی هەیە کە زۆر زەحمەتن، بەڵام ئۆتۆ بیۆگڕافی شتێکە بڵێین زۆر هاسانترە بەو هۆیەی کە هەمووکەش سەرگروشتەی ژیانی خۆی لە بەر دەست دایە. بۆیە من دەڵێم یەکێک لە پێوەرەکانی پێشکەوتنی کۆمەڵگا، پێشکەوتنی فکری لە بواری ڕەخنە دا ئەوەیە کە  لەو کۆمەڵگایە دا چەندە نووسەران و ڕۆژنامەنووسی سەربەخۆ دێن بیۆگڕافی ڕێبەرانی سیاسی، هونەرمەندان و شاعیران و ئەو کەسانە دەنووسن کە لە کۆمەڵگا دا بە هەر هۆیەک بێ ناسراون.
قازی: لێرە دا پرسیارێک دێتە پێشێ ئەویش ئەوەیە کە memoir یانی بیرەوەری، یادداشت ئەوە هێندێک جیاوازە لە بیۆگڕافی خۆی، ئەو جیاوازییە چییە؟

عەبباسی: بەڵێ جیاوازییەکە لێرە دا لەوە دایە کەبیرەوەری دەتوانێ بگەڕێتەوە سەر هێندێک ڕووداو، یان هێندێک زەمان. یادداشتی ڕۆژانە ئەتۆ هەر ڕۆژەی ئەو شتانەی کە بۆت گرینگن دەیاننووسی بەڵام دیسانیش مەسەلە ئەوەیە کە چ شتێک هەڵدەبژێری. یانی نووسەرێکی کە یادداشتی ڕۆژانە دەنووسێ ئێمە دەبێ لەبەر چاومان بێ کە هێندێک شتی لەبەر چاو گرتووە، گرینگایەتی بە هێندێک شت داوە، گرینگایەتی بە هێندێک شت نەداوە، ئەوانە هەموو هەڵبژاردن دەهێننە گۆڕێ چ بیۆگڕافی نووس ، چ ئۆتۆ بیۆگڕافی نووس و چ ئەو کەسەی بیرەوەری دەنووسێ لەگەڵ هەڵبژاردن ڕوو بە ڕووە. جگە لەوە کە لەگەڵ هەڵبژاردن ڕوو بە ڕووە چ شتێک بۆ نووسین  هەڵدەبژێرێ، لەگەڵ ئەوەش ڕووبەڕووە کە خۆی خاوەنی چ چەشنێک لە جیهانبینی و چ چەشنێک لە ناسینی جیهان و ئایدێئۆلۆژی و فکر و تێگەیشتنە، لەگەڵ چ شێوەیەک لە ئەدەبییات و لە کولتوور و شارستانییەت  ئاشنایی هەیە یانی ئەوەی کە کەسێکی بیۆگڕافی دەنووسێ خۆ ئەو بیۆگڕافییە خۆی تەنێ ماتریاڵە، بەڵام ئەوەی کە دەبێتە پرێسپێکتیڤ و دیتن و لێکۆڵینەوە و لێکدانەوە و ئانالیز، ئەوەی کە دەبێتە کاکڵ و جەوهەری دیتن دروست دەکا، مەفاهیم پێک دێنێ لە دەرەوەی ماتریاڵەکە دایە، لەوە دایە کە خۆی خاوەنی چ چەشنە لە سەواد و تێگەیشتنە. فەهم و تێگەیشتنی وی لە سەر دیاردەکان چۆنە  واتا لێرە دا نووسەر، نووسەری بیۆگڕافی یان  نووسەری ئۆتۆ بیۆگڕافی زۆر گرینگایەتی پەیدا دەکا کە چەندە شارەزای کارەکەیەتی بۆیەش ئەو کەسانەی کە پێشتر بەرهەمی ئەدەبییان  نووسیوە یان بیۆگڕافییان نووسیوە و یان ڕۆمانیان نووسیوە و یان کتێبی لێکۆڵینەوەیان نووسیوە کاتێک ئۆتۆ بیۆگڕافی خۆیان دەنووسن بەرهەمەکانیان سەرکەوتووترن لەوانەی کە هیچ بەرهەمێکیان نەنووسیوە جگە لە ئۆتۆ بیۆگڕافی خۆیان.  چونکە ئەوەی کە چ ئامرازێک بەدەستەوەیە، ئەو ئامرازانەی بۆ ئەوەی کە ژیاننامەی خۆت بنووسی لە خودی ژیاننامەکە گرینگترن ئامرازەکان پێوەندییان بە ئایدێئۆلپژییەوە هەیە، پێوەندییان  بە ئەدەبباتەوە هەیە و پێوەندیانە بە زۆر شتەوە هەیە.
قازی: باشە ئەگەر ئێستا بگەینە زەمینەی مێژوویی ئەو ژانرانە، یان ئەو بوارانە لە ئەدەبی جیهانیدا. لە سەرەتاوە هێندێکت باس کرد بەڵام ئێستا ئەگەر چڕی بکەیەوە بە گشتی لە ئەدەبی جیهانیدا. باسی ئاگوستینی پیرۆزت کرد کە لە ساڵی ٤٠٠-ی زایینی دا ئۆتۆبیۆگڕافی خۆی بە زمانی لاتین بڵاو کردووەتەوە. بەڵام وا بزانم ئەو ژانرە لە سەدەی ١٩هەم بەملایەوە زیاتر زەق دەبێتەوە.  
عەبباسی: بەڵێ ئەگەر باسی دوو بیۆگڕافی زۆر ناسراو لە جیهاندا بکەین یەکێان هەر ئەو ئیعتیڕافات  یان ددان پێداهێنانەکانی ئاگوستینی قیدیسە، ئاگوستینی پیرۆز کە لە کاتی خۆیدا بە مەقامێکی گەورە گەیشتووە لە مەسیحییەتدا. لە سەر دەمێکدا ئۆتۆ بیۆگڕافی خۆی نووسیوە کە مەسیحییەت تازە لە حاڵەتی دینێکی قاچاغەوە هاتووە بووەتە دینێکی قبووڵکراو لە ڕۆم و لە ئیمپراتۆری ڕۆمدا لەو کاتدا. تا ماوەیەکی زۆر مەسیحییەت  دینێکی قاچاغ بووە و بە نهێنی پەیڕەو کراوە و پەیڕەوەکانی سزا دراون. بەڵام ئەو کاتیش هێشتا نەبووەتە دینێکی گشتی کاتێک کە ئاگوستینۆس باوەڕی بە مەسیحییەت  هێناوە و وتەکانی دینەکانی پێشتری فڕێ داوە هاتووە ئەو دینەی کە کەشفی کردووە پێی وا بووە کە ڕێگای حەقیقەت دەو دینە دایە، لەوێدا پرسیار لە خۆی دەکا، پرسیار  لە خوا دەکا، پرسیار لە مەسیحییەت دەکا کە من بۆ لە ژیان دام و مانای ژیانی من چییە. مەسەلەی ئێگزیستێنسیالیسم  یان بڵێین وجوودگەریی و مانای مەفهوومی ژیان  ناکرێ بڵێی یەکەم جار لەوێ دایە، بەڵام  لەوێدا زۆر بەرجەستە، زۆر بە شێوەیەکی بەرچاو خۆی دەردەخا. دوایە کیێرکیگارد و ژان پۆل سارتر و هایذێگێر و ئەو فەیلەسووفانەی  ئێگزیستانسیالیستی سەدەی ١٩ و ٢٠ یش  زۆر دەکەونە ژێر کارتێکەری ئەو  ' ئیعتیرافات ' وە هەر چەند سارتر خوای لێ دەردەخا لەفەلسەفەی ئێگزێستانسیالیزم ، هایدێگێر لێی دەرناخا بەو شێوەیەی تا ڕادەیەک دەیهێڵێتەوە و تا ڕادەیەک ئاڵوگۆڕی تێدا پێک دێنێ، کیێرکیگارد بە ڕێگا مەزهەبییەکە دا دەڕوا. ئەمە نیشاندەری ئەمەیە کە ئەو بیۆگڕافییە بۆیە گرینگایەتییەکی زۆری هەیە  چونکە مەسەلەکەی یەک شەخس نییە، مەسەلەکەی شارستانییەتێک و مەزهەبێک دەوێدا فۆرموولە دەکرێ، یانی  پێوەندی مرۆڤی مەسیحی بە خواوە  لەوێدا لێک دەدرێتەوە لە ڕێگای فکر و زیهنی ئاگوستینوسەوە. ئەوە شتێکی زۆر گرینگە بۆیەش بە هەموو زمانانی جیهان تەرجومە کراوە، بە فارسیش تەرجومە کراوە و زۆریش دەخوێندرێتەوە و گرینگایەتی پێ دەدرێ.
بەڵام کە بێینە سەر ئەوەی کە لە رۆنێسانس دا ئەوەی کە ئیندیوید دروست دەبی، و سکولاریسم لەوێدا دروست دەبێ بیۆگڕافی شێوەی تر بەخۆیەوە دەگرێ. ئێمە کە بێینە سەر ژان ژاک ڕۆسۆ کە لە سەردەمی ڕۆنێسانسدا ئیعتیڕافاتی خۆی دەنووسێ، ژان بپل سارتر قسەیەکی هەیە؛ ئەو بۆخۆشی ئۆتۆ بیۆگڕافی خۆی نووسیوە بە نێوی ' وشەکان' فەیلەسووفانی سەردەمی ڕۆنێسانس دیدرۆ و ژان ژاک ڕۆسۆ و ئەوانە دەڵێ ئەوانە هێشتا لە سەرەتای ڕۆمانتیسم دا بوون لە ڕووی فکرییەوە و دیدڕۆ و ژان ژاک ڕۆسۆ لە یادداشتەکانی ڕۆژانەیاندا زۆر باسی حاڵاتی خسووسی خۆیان دەکردشتی نەفسانی یان شتی فکری و عاتیفی ڕۆمانتیک. جا کە دەگەینە ژان ژاک ڕۆسۆ لە 'ئیعتیڕافات '  دا قسەیەکی زۆر موهیمی هەیە دەڵێ ئەمن کە دەستم بە  ئیعتیڕافات نووسین کرد شتێک تێگەیشتم ئەویش ئەوە بوو کە وەبیرهێنانەوەی بیرەوەرییەکان تاڵترە لە خودی بیرەوەرییەکان یانی ئەو شتەی کە ڕووی داوە بە قەد وەبیرهێنانەوەکەی تاڵ نییە، بیرهێنانەوەکەی زۆرتر تاڵە. مەبەستی ئەوە بوو کە لە ژیانی خۆیدا تاڵی وچەرمەسەری و ئەو شتانەی زۆر دیتووە. ڕۆسۆ لە ئیعتێرافاتەکەی دا حەول دەدا وەکوو زنجیرەیەکی بەیەکەوە لکاو ئەوشتانەی کە لە فەلسەفەدا فێری بووە بۆ یەکەم جار پیادەی بکا. مەسەلەی عیللەت و مەعلوول، دیارە پێش وی کانت ئەو مەسەلەیەی  عیللەت و مەعلوولی لە تەبیعەت و لە فەلسەفە و لە مێژوو دا خسبووە بەر باس و هەر وەها لە فەهم و ئەزموونی بەشەریدا باسیان کرد بوو هەم کانت هەم هیوم. ڕۆسۆ دێ باسی ئەوەی دەکا کە ژیانی وی وەکوو زنجیرەیەکی عیللەت و مەعلوولی  لە کوێ ڕا بۆ کوێ چووە یانی هەر شتەی پێوەندی بە شتێکی دیکەوە هەبووە. ئاکامەکەشی بووە بە تێز وئانتی تێز و سەنتێز کە ئەو هێزانەی لە کۆمەڵگا دا هەبوون، ئەو داوخوازانەی کە خۆی هەیبووە بەرهەمێکیان لێ خولقاوە  کە ژیانی خۆیەتی لە درێژ خایەندا و دەیهەوێ لە ڕوی فەلسەفییەوە ژیانی خۆی لێک بداتەوە دەکرێ بڵێین  ئیعتیڕافات یەکەم ژیاننامەی سێکولار و فەلسەفییە کە زۆر بە نێوبانگ بێ لەوانەیە پێش وی شتی تریش نووسرا بێ کە ئەمن زۆر لێی ئاگادار نیم.
قازی: مامۆستا ئەگەر بگەینە هێندێک زەمانی تازەتر یانی ئەو ژانرە لە ئەدەبی مۆدێڕنی جیهانیدا، بۆ ئەوەی کە کاتەکەشمان بەش بکا. لە ئەدەبی مۆدێڕندا ئەوە چۆناوچۆنە یانی چ پێشکەوتن و چ ئاڵۆگۆڕێکی تێدا کراوە؟
عەبباسی: ژان پۆل سارتر کە باسم کرد هەم ئۆتۆ بیۆگڕافی خۆی نووسیوە ' وشەکان'، جگە لەوە بیۆگڕافییەکی نووسیوە لە سەر گوستاڤ فلوێبر لە سێ هەزار لاپەڕە دا. ناوی ' گەمژەی خێزان ' ە. ئەوە نێوی بیۆگڕافییەکەیەتی لە سەر گوستاڤ فلوێبر. ئەوە ئەوەندە دوور و درێژە هێشتا بە زۆر زمانان تەرجومە نەکراوە. بۆ وێنە بە سوێدی تەرجومە نەکراوە، بە فارسی نەکراوە چونکە لە سێ هەزار لاپەڕە زیاترە، ئەو بیۆگڕافییە هەرچەند ڕەخنەی زۆر لێ گیراوە بەڵام لە لایەن ڕەخنەگران و ئەدیبان و نووسەران و فەلەسووفانی ئەمڕۆوە بە یەکێک لە گرینگترین بیۆگڕافییەکان دەناسرێ چونکە لەوێدا مەسەلەی مێتۆدی ئەو مەجمووعە زانستەی کە لە سەدەی بیستەمدا هەبووە وەکوو مارکسیزم و کۆمەڵناسی و دەروونناسی و ئێگزیستانسیالیسم  هەمووی ئەوانەی بەکار هێناوە بۆ ئەوەی کە کەسایەتی فلوێبر شی بکاتەوە و لەو کارەشدا وەکوو دۆستێک، هاوڕێیەک لەگەڵ فلوێبر نەک وەکوو ڕەخنەگرێک جووڵاوەتەوە. چونکە هەرچی زیاتر چووەتە پێشێ سەمپاتی زیاتر پەیدا کردووە بۆ کەسایەتی فلوێبر. لە وێدا باسی ئەوە دەکا دەڵێ ئەگەر چواربەرگی نامەکانی فلوێبر نەبوایە، فلووبر و ژۆرژ سانت نامەیان پێکەوە دەگۆڕییەوە لەوێدا هەزاران نامەیان بۆ یەکتر نووسیوە ئەو هەزاران نامانە  ژان پۆل سارتر دەڵێ سانسۆریان تێدا نییە فلوێبر باسی خۆی دەکا. باسی وەزعی واقعی خۆی دەکا هیچ جیاواز نییە لە وەی فلوێبر چووبێتە لای دەروونناس دانیشتبێ دۆخی خۆی باس بکا. یانی فکری، زێهنی، ڕووحی یانی ئەو شتەی کە بە مێشکیدا هاتووە  دەو نامانەدا نووسیویەتی، ئەوە بوو بە بناغەیەک بۆ من کە سیکۆئانالیز بەکار بێنم  بۆ شیکردنەوەی کەسایەتی فلوێبر و ئەگەر ئەو نامانەی نەنووسیبا لە وانە بوو ئەمن ئەو کارەم بۆ ئەنجام نەدرا با یان تووشی زەحمەتێکی زۆر بوو بام، چونکە ئەو دۆکومێنتانە بە من کۆ نەدەبوونەوە. لەوێدا فلوێبر گوزارشتێکی داوە لە زێهنی خۆی کە لە زێهن و مێشکیدا چ دەگوزرێ. ئەوە بووە هۆی ئەوە کە ئەمن دە ساڵ ژیانی خۆم تەرخان بکەم بۆ نووسینی ئەو بیۆگڕافییە لەسەر فلوبێر. لێرە دا مەسەلەی مێتۆد دێتە گۆڕێ کە لە سەدەی بیستەمدا زۆر گرینگایەتی پەیدا کردووە. مەسەلەی ئەوە دێتە گؤڕێ کە کەسایەتی نەک وەکوو عامیلی شناسایی یان فاعیلی شناسایی بەو شێوەیەی کە سووژەی شناسایی  کە دێکارت باسی دەکا بەڵکوو کەسایەتی وەکوو بەرهەمی کۆمەڵگا، وەکوو بەرهەمی خێزان، بەرهەمی ئەو هێزە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییانەی کە شکڵ و فۆڕم دەدن  بە کەسایەتی  لە منداڵییەوە چاو لێدەکرێ. سارتر تەرکیز لە سەر ئەوە دەکا کە ئەو کەسایەتییە چۆن شکڵ دەگرێ و چۆن لە هێندێک جێدا لە بەرەنگاری  لەگەڵ کۆمەڵگا دا تووشی ئەو شتە دەبێ کە فڕۆید و ئەوانە پێی دەڵێن نیرۆسس بڵێین تووشی دژایەتی یان تەعاروزات دەبێ. ئەو تەعاروزاتە لە فلوێبر دا شیدەکاتەوە کە بە هۆی ئەوەی کۆمەڵگا لەگەڵی ناخوێنێتەوە یان لە کۆمەڵگا دا تووشی کێشە دەبێ، چونکە سارترباسی ئەوە دەکا دەڵێ منیش لەگەڵ ئەو کێشانە ڕووبە ڕوو بووم بەڵام بە جوورێکی دیکە بەرەنگاریان بووم واتە پێی وایە ئەو کێشەیەی فلوبێر تووشی بووە کێشە لەگەڵ کۆمەڵگای بورژوازییە،کۆمەڵگای بورژوازیش کۆمەڵگایەکی قەراردادییە. ئەوە دیارە باسێکی زۆر دوور و درێژە با لێرە دا ڕای گرین.

قازی: بەڕێز عەبباسی با ئێستا بڕێک نزیک بینەوە لە کوردستان دەزانین کە دوای شۆڕشی ئێران و دوای ڕووخانی ڕێژێمی شاهەنشاهی لە ساڵی ١٩٧٩ مەسەلەی بیرەوەری نووسین، بیۆگرافی و ئۆتۆ بیۆگڕافی نووسین  لە جوغڕافیای ئێران و لە دەرەوەی جوغرافیای ئێرانیش زۆر وەباو کەوتووە ئەگەر ئەوە هێندێک شی بکەیەوە بۆ بینەران ڕەنگە بەکەلک بێ یانی لە ئەدەبی جیهانی ڕا بگەینە سەر ئەدەبی ناوچەیی، ئەدەبی ئێرانی لەو بارەیە دا.

عەبباسی:  عەرز بێ بە حزوورت دوای ئەوەی کە شا ڕووخا، پێش ئەوەی کە حکوومەتی شای بڕووخێ تەنیا ئەو جۆرە بیۆگڕافی و ئۆتۆ بیۆگرافییە سیاسییەی کە دەنووسران و ئیزنی بڵاو بوونەوەیان دەدرا بریتی بوون لە تاریف و پێداهەڵگوتنی بنەماڵەی پاشایەتی، وەکوو تر شتێکی ئەوتۆ نەنووسرابوو بەڵام دوای ئەوەی کە شا ڕووخا هەر ئەو کەسانەی  کە پێیان هەڵدەگوت دەستیان کرد بە ڕەخنەگرتن و زۆرێک لەو تیمسار و سپەهبود و ئەوانەی زەمانی شای لە لوس ئانجلێس سەدان بیۆگڕافی و ئۆتۆبیۆگڕافیان نووسی لە سەر شۆڕش و ئەوانە. ئەوانە بەشی زۆریان شتی سۆبژێکتیڤ بوون یانی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسانە یان سیاسی قووڵ نەبوون هەر کەسە باسی دەوری خۆی کرد بوو کە لە سەردەمی شای دا دەوری چ بووە. زۆریان دەوری ژمارە دوویان بەدەست  بووە . یانی بە پێی نووسراوەکانی خۆیان ئەڕتەشبود و سپەهبود و ئەعەلەم  و ئەمانە هەموویان کەسایەتی دووهەمی ئێرانێن یانی ئەگەر بەو حیسابەی بێ سەدان کەسی دووهەم هەیە لە حاڵێکدا دەبێ یەک کەس بووبێ.
قازی: مەبەستت ئەوەیە کە بە نیسبەت  شا کەسی دووهەم بوون؟
عەبباسی: بەڵێ ئیدیعا دەکەن کە بە نیسبەت شای کەسی دووهەم بوون. دوایە دەوری خۆشیان زۆر گەورە کردووەتەوە ئەوەی کە ئەوانە لە ئێرانێ چ دەورێکیان بە دەستەوە بووە و لە سەردەمی شایدا زۆریش ڕۆڵ و نەخشی وایان بە خۆیان داوە کە ویستوویانە پێشی هەڵەکان بگرن بەڵام ئیتر شا بە قسەی نەکردوون و ئەو مەجالەیان پێ نەدراوە کە ئەو هەڵانە ڕاست بکەنەوە. ئەوە هۆی چ بوو، هۆیەکەی ئەوە بوو کە داواکارییەک لە کۆمەڵگا دا هەبوو دوای ڕووخانی شای خەڵک بە تایبەتی تینووی ناسینی مێژوو بوو. مێژووی دوای شۆڕش، ئەو شۆڕشە بۆچی ڕووی دا، هۆکارەکانی چ بوون، چی لە پشت بوو بۆیەش ئۆتۆ بیۆگڕافی سەردەمداران و بەرپرسانی سەردەمی شای پێشوازییان لێ کرا. پێشوازییەکی زۆریان لێ کرا، ئەمە دوای چەند ساڵ گەیشتە کوردستانیش.
قازی: جارێ مەگە کوردستانێ، دوایە دەگەینێ. ئێستا هەر لە سەر ئەو مەسەلەی کە پێوەندی بە ئێرانەوە هەیە ئەگەر بەردەوام بی، دیارە لێرەدا ئەوەشمان لە بیر نەچێ ئەویش ژانری ڕۆمانە، وا بزانم بیۆگڕافی نووسین لە قالبی ڕۆمانیش دا زۆر زیادی کردووە.ئەگەر ئەوە زیاتر شی بکەیەوە دوایە دەگەینە کوردستان.

عەبباسی: بەڵێ باسێکی گرینگت کرد ئەمن هەر لەبیرم چوو بووەوە. بێگومان  بیۆگڕافی نووسین تەنانەت ئۆتۆ بیۆگڕافیش پێوەندی بە ڕۆمانەوە هەیە چونکە کەسایەتییەک دەخاتە نێو مەرکەز یان سێنتری بەرهەمەکەوە. لە ڕۆمانیشدا لە وانەیە چەند کەسایەتی بن بەڵام یەکێک یان دوو لە کەسایەتییەکان زیاتر گرینگایەتییان پێ دەدرێ و دەیهەوێ ژیانی ئەو کەسایەتییە شی بکاتەوە. وەک پێشتر گوتم بیۆگڕافییەکان ئەرزشیان زیاترە لە ئۆتۆ بیۆگڕافییەکان. دوو بیۆگرافی کە عەبباس میلانی نووسینی وەکوو ' دوو مەتەڵۆکەی هوەیدا ' و ' چاوێک لە شا'، چاوخشاندنێک بە ژیانی شای ئێراندا. ئەو دوو بیۆگڕافییانە توانیویانە قالبی زێهنی  بدڕن، بچنە دەرێ لە چوارچێوەی زێهنی نووسەرێکەوە. کۆمەڵێک داتا و دۆکومێنت بکەنە کەرەستە. میلانی ماتریالێکی زۆری کۆ کردووەتەوە، بە بڕوای من تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بووە لە هەر دووکیان دا. چونکە توانیویەتی هەم بیۆگڕافی هوەیدا بنووسێ و هەم بیۆگڕافی شا. بێگومان  لە ئایەندە دا بیوگڕافی تریش دەنووسرێ.
قازی: وا بزانم ئەوانەی بە ئینگلیسی نووسیوە دوایە وەرگێڕدراون بۆ  سەر زمانی فارسی
عەبباسی: بەڵێ، هەر دووکی بە ئینگلیسی نووسیوە وەرگێڕدراونە فارسی. ئەمە  بەو مانایەیە لەو کۆمەڵگایەیدا کە ڕەخنە هەیە بیۆگڕافییەکان  زیاد دەکەن، دید و ڕوانگەی رەقیب دەنووسرێ. سبەینێ بیۆگڕافییەکی تر دەنووسرێ لە سەر هوەیدا لە ڕوانگەیەکی ترەوە هێندێک لەو شتانەی میلانی لە وانەیە قبووڵ بکا، هێندێکی رەد بکاتەوە، کە لە هێندێک شوێندا تێزی تازە بداتە دەرێ. لە سەر شاش هەمان شت. ئەمە کۆمەڵگای پێشکەوتوو ئەم شتانە بەرهەم دێنێ. لە کۆمەڵگای ئێراندا وردە وردە خەریکە ئەم جۆرە لە بیۆگڕافی نووسینە جێگای ئۆتۆ بێۆگڕافی دەگرێتەوە چونکە  هەر وەک گوتم ئۆتۆ بیۆگڕافی دەبێ لە لایەن ئەو نووسەرانەوە بنووسرێ کە شارەزاییەکی قووڵیان لە ئەدەب و مێژوو و فەلسەفە و زۆر شتی تر دا هەیە  بۆ ئەوەی بێنە سەر ئەوەی کە ژیانی خۆیان بنووسن. هەر وەک ئەوەی باسمان کرد ژان شاک ڕۆسۆ ژیانی خۆی لە ڕووی فەلسەفییەوە لێک داوەتەوە چونکە ئاشناییەکی قووڵی لە بوارەکەدا هەبووە.
قازی: بەڕێز عەبباسی لەو پێوەندییە دا ڕۆمانی مێژوویی چی، یانی ڕۆمانی مێژوویی لە ئەدەبی ئێرانیدا هیچ پێش کەوتووە یان نا؟
عەبباسی: ڕۆمانی مێژوویی ئەوەندەی کە من ئاگادار بم نەخێر بەو شێوەیەی کە بیۆگڕافی چووەتە پێشێ نەچووەتە پێشێ. یانی هێشتا لە سەر شەڕی ئێران و عێڕاقێ، لە سەر شۆڕشی ئێران، لە سەر سەردەمی دەیەی  شەست و خومەینی  و هەموو ئەو شتانە ڕۆمانی گەورە نەنووسراوە کە لە جیهاندا باسی لە سەر بکرێ. بۆ وێنە لە سەر مەسەلەی ژنان و ئازادی و حیجاب هێندێک شت نووسراوە. ئازەر نەفیسی کتێبێکی نووسی بە ناوی  'لولیتا خوانی در تهران'  [ لولیتا خوێندنەوە  لە تاران ] بە زمانی ئینگلیسی نازانم بیستووتانە یان نا؟ ئەمە بە چەندین زمان وەرگێڕدرا، پێشوازی لێ کرا، چونکە باسی خۆڕاگری ژنانی ئێرانی دەکرد بە تایبەتی لە زانکۆکان لە تاران لە بەرانبەر حکوومەتی خومەینیدا. بەڵام بە گشتی ئەگەر بمانەوێ بڵێین کە ڕۆمانی ئێرانی ئایا لە ئاستی  بیۆگڕافی دایە، ئەمن پێم وایە نا ، بیۆگڕافی وەکوو نووسین قەدەمێک لە پێشترە، داواکاری خەڵکیش بە تایبەتی بۆ بیۆگڕافیی سیاسی زۆر لە سەرێیە و ئەو بیۆگڕافییانەی کە دەنووسرێن هەرچی زیاتر وەکوو  عەبباس میلانی و ئەوانە ئاشنا بوون لەگەڵ بیۆگڕافی وڵاتانی تر و شێوەی نووسین و مێتۆد و لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی سەرکەوتووتر دەبن. ئیحتیمالەن ئەو ڕەوتە هەر درێژەی دەبێ چونکە گەیشتووەتە کوردستانیش.
قازی: دەگەینە کوردستانیش، زۆر پەلە دەکەی بۆ  گەیشتن بە کوردستان. شتێک هەیە پێم خۆش بوو نەزەرت لەو بارەیەوە بزانم. بۆ وێنە ئاماژەت کرد بە بیۆگڕافی نووسێک وەک عەبباس میلانی، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو بۆخۆی لەباری فکری، لە باری ئیدێئۆلۆژیکەوە  زەمینەی پشتیوانی و لایەنگری نەبووە لە ڕێژیمی شاهەنشاهی یان لە شا خۆی و لە هوەیدا. لە زەمانی ئەواندا کەسێک بووە لە بەرەی موخالەفەت و ئۆپۆزیسیۆندا بووە پێت وا نییە کە نووسەری ئاوا، مومکینە ئاڵوگۆڕی فکریشی بەسەر دا هاتبێ ، ئەوە بەلایەکدا، بەلام دەتوانێ زیاتر بەشێوەیەکی ئۆبژێکتیڤ تر بۆ بابەیەکە بچێ، وەختێک سەبارەت بە کەسایەتییکی ئاوا دەنووسێ؟ مەبەستم ئەوەیە کە هەر وا بە چاوبەستراوی لایەنگر نەبێ، مەبەستم ئەوەیە.
عەبباسی:  بەڵێ مەبەستت تێگەیشتم زۆر ڕاستە. ئەمنیش هاوڕام لەگەڵ ئەو قسەی جەنابت  کەسێکی کە خۆی لە زیندانی سەردەمی شای دا بووە بێگۆمان کاتێک بیۆگڕافییەک دەنووسێ کە لەوێدا حەول دەدا کە هێندێک ئەو بیروڕای چەوتی  کە هەیانبووە لە سەر شای ڕاستی کاتەوە و بە پێی فاکتەکان و بە پێی بەڵگەکان بجووڵێتەوە ئەمن پێم وایە ئەوەیە یانی لەو قاوغەی هاتووەتە دەرێ کە شا وەکوو پەڵەیەکی ئەهریمەنی یان وەکوو پەڵەی شەڕ و ڕەش  و بڵێین وەکوو دێوەزمەیەک چاو لێ بکا بەڵکوو  وەکوو مرۆڤێک چاوی لێکردووە کە خاوەنی خەسڵەتی باش و خراپ و کۆمەڵێک سفەتی تێدا هەیە، ئیتر نە ڕەشە و نە سپییە. ئەمە پێشکەوتنێکی زۆرە، چونکە ئەوەی کە دوای شای ئێمە بینیمان  ئەوە بوو کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بە هەموو توانای خۆی حەولی ئەوەی دەدا کە دیوەزمەیەک لە شا دروست بکەن کە جگە لە خراپی و ئەو شتانەی کە ناشیرینن هیچ شتێکی تری تێدا نییە.

قازی: دیارە مەبەستت لێرە دا ئەوەیە کە میلانی لە ڕوانگەیەکی ئۆبژێکتیڤەوەوە بیۆگڕافییەکەی نووسیوە نەک  مەبەستت ئەوە بێ کە ئاوێکی پاک بە سەر چڕوچاوی شا دا بکەی، دەزانین کە دیکتاتۆرێک بووە.
عەبباسی: نەخێر، مەبەستم ئەوە نەبوو.
قازی: باشە بەڕێز عەبباسی بێینە کورستان چونکە کاتمان زۆر نەماوە. دیارە ئێمە دەزانین لە کوردستانیش زۆر ئۆتۆ بیۆگڕافی سیاسی و بیرەوەری نووسراوە. دیارە ئەگەر ئێمە بمانەوێ هەموو کوردستان لەبەر چاو بگرین کاتەکەمان ڕەنگە بەش نەکا بەڵام ئەگەر خۆمان سنووردار بکەین  بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دەزانین کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە تایبەتی لە دوای ڕووخانی ڕێژیمی شاهەنشاهی یانی لەو چل و چەندساڵی ڕابردوو دا زۆر ئۆتۆ بیۆگڕافی و بیرەوەری سیاسی بڵاو بووەتەوە و یەكێک لەو کەسانەی کە لەو بوارەدا ڕچەشکێن بوو بە ڕاستیش نەمر کەریمی حیسامی بوو کە لە ماوەی ژیانی خۆیدا یازدە بەرگ لە بیرەوەرییەکانی خۆی بە شێوەزاری کوردیی سۆرانی بڵاو کردەوە. پێم خۆش بوو سەبارەت بەو ژانرو بوارانە لە کۆمەڵی کوردستان و لە پێوەندی لەگەڵ کوردیی سۆرانی و بە تایبەتیش لە ڕۆژهەڵات بۆچوونی خۆت باس بکەی.
عەبباسی: بە گشتی هەر جووڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی، سیاسی مەجمووعەیەک شت دەخولقێنێ. ئێمە ئەگەر چاو لێ بکەین دوای شۆڕشێ ئێرانێ کۆمەڵێک  موسیقای شۆڕشگێڕانە و سروودی شۆڕشگێڕانە هاتە گۆڕێ، لەگەڵ شۆڕشی کوردستانی ڕۆژهەڵات و باشووریش کۆمەڵێک سروودی شۆڕشگێڕانە هاتنە گۆڕێ وەکوو مووسیقا.  بێجگەلەوە کە دەگەینە سەر بیۆگڕافی و ئۆتۆبیۆگڕافی نووسین لە سەر ئەوەی کە ئەو شۆڕشانە چ بوون، بۆچی ڕوویان داوە، چۆن ڕوویان داوە لێرەشدا مەسەلەی ئۆتۆ بیۆگڕافی نووسین زۆر گرینگایەتی پەیدا دەکا لەبەر ئەوەی کە دەربیجەیەک، پەنجەرەیەک دەکاتەوە بەرەو دیتنی ڕووداوەکان. دیارە ڕوداوەکان هەموویان لە یەک ڕوانگەوە باش نابیندرێن  و بە تایبەتی هەر وەکوو پێشتر گوتم نووسەرەکانیش زۆربەی ئاماتۆڕن. ئەو ئەزموونەی کە هەیانە بۆخۆیان  تێدا بوون، دەیان ساڵ دە نێو ئەو شۆڕشە دابوون بۆیە سەڵاحییەتیان  هەیە کە لەسەری بنووسن بەڵام ئەو ڕوانگە فەلسەفی و فکری و سیاسییەیان  نییە کە ئەو شتانە لێک دەنەوە کە تێیدا ژیاون بۆیە  ماتریالێکی زۆر دەکرێ بڵێین کۆ دەبێتەوە بۆ نووسەرانی دیکە، بۆ نەسلەکانی داهاتوو کە بچنە نێو ئەو باسانەوە کە ئەو مێژوویە چ بووە و چ ڕووی داوە. من پێم وایە شۆڕشی کورد وەکوو بیۆگڕافی و ئۆتۆ بیۆگڕافی پێش هەمووشتێک ئەوانەی کە ئۆتۆبیۆگڕافی دەنووسن دەبێ ئاگایان لە نووسراوەکانی یەکتر هەبێ. یانی ئەو کەسەی کە بۆ وێنە لە حیزبێکی ڕۆژهەڵات یان لە حیزبێکی باشوور ئۆتۆبیۆگڕافی دەنووسێ دەبێ  شتەکانی ڕۆژهەڵاتی خوێندبێتەوە، ئی باکووری خوێندبێتەوە ئەو ئۆتۆ بیۆگڕافییانەی کە نووسراون لەبەر ئەوەی کە مەسەلەی کورد زۆر بە یەک بەستراوەتەوە و پێکەو گرێدراوە. مەسەلەیەک نییە کە هەر پارچەیەک بڵێین ڕۆژهەڵات تەوەری، باشوور تەوەری و ئەو شتانە بکا، ئەو شتانە بە بڕوای من هەموو هەڵەن. مەبەستیشم کوردستانی گەورە و ئەوەش نییە، مەبەستم ئەوەیە وەکوو کولتوور، سیاسەت، شەڕ، کارەسات، تڕاژێدی هەمووی ئەوانە پێکەوە بەستراونەتەوە و خەڵک لە پارچەکانی یەکتر ژیاون، پەنابەر بوون لە لای یەکتر، ژیانیان لەگەڵ یەکتر تێکەڵ بووە بۆیە  زۆر سەیرە کە ڕۆژهەڵاتییەک ئۆتۆ بیۆگڕافییەک بنووسێ بۆ وینە ئۆتۆ بیۆگڕافییەکانی نەوشیروان مستەفا نەخوێنێتەوە. یان  باشوورییەک بەرهەمەکانی کەریمی حیسامی و باقی بەرپرسانی حیزبی دێمۆکڕات و کۆمەڵە ئەوانە نەخوێندبێتەوە کە ئەوانە هەموو ئۆتۆ بیۆگڕافییان نووسیوە و بەشێکی زۆریان نووسیویانە، دیارە هەموویان نا. ئەو ماتریاڵە چۆنی کەلک لێ وەردەگیرێ بە بڕوای من دیسان مەسەلەی مێژوو نووسین دێتە گۆڕێ، یانی مەسەلەی ئەوەی کە سبەینێ کە مێژوویەکی زانستییانە بۆ  گەلی کورد بنووسرێ، مێژوویەک بۆ باشوور و بۆ ڕۆژهەڵات، مێژووی تێکەڵاوی هەر چور پارچە، یان هەر پارچەیەی بە جوێ فەرق ناکا، گرینگ ئەوەیە مێژوویەکی زانستی یان چەندین مێژوو بنووسرێتەوە، لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە ئەو مێژوویە بنووسرێ. ئەو کات ئەو ئۆتۆبیۆگڕافییانە وەکوو سەرچاوەیەک بەکار دێ، وەکوو ماتریاڵێک بەکار دێن.
قازی: لێرە پرسیارێک دێتە گۆڕێ، بۆ وێنە ئەگەر بیرەوەرییەکانی نەمر کەریمی حیسامی لەبەر چاو بگرین پێشتر باسمان کرد لە ناساندنی ئۆتۆ بیۆگڕافییدا، لە ژیاننامەی خۆ نووسیندا گوتمان نووسەر پێویستی بە بەڵگە نییە بەڵام وەک دەبینین لە بیرەوەرییەکانی کاک کەریم دا زۆر بەڵگەی سیاسی هەیە، بەیاننامە هەیە، نامە هەیە و ڕێفرێنس هەیە بۆ ڕۆژنامە و چاپەمەنی . ئەوە ئەو ژانرە کەمێک ئاڵوگۆڕ  ناکا لە کەیسی کوردیدا؟
عەبباسی: ئەوە زۆر باشە کە نووسەرێک هەم خۆی سەرچاوە بێ، هەم بەڵگەیەکیشی هەبێ کە لە دەرەوەی خۆیدا بێ ئەوە شتێکی موسبەت، ئەرێنییە. پێم وایە ئەوە خاڵێکی بەهێزە کە بەڵگە بەکار بهێندرێن. بەڵام هەر وەکوو باس کرا نووسەری ئۆتۆ بیۆگڕافی ئەو توانایەی هەیە یان بڵێین ئەو ئیمکانەی هەیە، ئەو دەرفەت و ئیجازەشی پێ دەدرێ کە قسەکانی خۆی وەکوو بەڵگە بەکار بێنێ تا ئەو کاتەی کە خیلافەکەی بسەلمێندرێ، یانی وەکوو دەڵێن وەکوو ڕاست وەربگیرێ تا ئەو کاتەی کە خیلافەکەی سابیت دەکرێ. بەڵام بێگومان شتێکی زۆر زۆر باشە ئەوەی کە کاک کەریمی حیسامی ئەو  کارەی کردووە. هەر وەکوو گوتم زۆر باشە کە کۆمەڵێکی زۆر بیۆگڕافی و ئۆتۆ بیۆگڕافی بنووسرێ، دیارە بیۆگڕافی زۆر کەم نووسراوە بەڵام ئۆتۆ بیۆگڕافییەکی زۆر نووسراوە، خەڵکێکی زۆر ژیاننامەی خۆیان نووسیوە.

قازی: باشە ئەوانە تا چەندە دەتوانن مەلزەمەیەک بن بۆ نووسینی مێژووی سیاسی؟

عەبباسی: زۆر، تا ڕادەیەکی یەکجار زۆر. یانی ئەگەر مێژوونووسێک بێ هەموو ئەو ماتریاڵانە بەکار بێنێ لە ڕوانگەیەکی زانستی – مێژوویی، مێژووناسانەوە مامڵەیان لەگەڵ بکا ئەو کات ناکرێ هەر بیرەوەرییەکانی ڕۆژهەڵات بخوێنێتەوە یان هەر بیرەوەرییەکانی باشوور بخوێنێتەوە دەبێ سەرجەم  چەند ساڵێک کاتیان  بۆ تەرخان کا تەواوی ئەو بیرەوەرییانەی لە باشوور و باکوور و ڕۆژهەڵات نووسراون هەموویان بخوێنێتەوە، ئەوەی کە گرینگن، ئەوانەی کە ناسراون هەموویان بخوێنێتەوە و دوایە ئەو شتانەی کە دە وانەدا هاوشێوە و وێکچوون ئەوانە هەڵبێنجێ لێیان دەربکێشێ، ئیسباتی بکا یانی زانستێک، عیلمێک دەوانەدا هەیە  بەڵام لەوانەیە خودی نووسەرەکان زۆر شارەزای ئەو زانست و عیلمە نەبن کە لەو ئۆتۆ بیۆگڕافییانە دا هەیە. دوایە لە ڕووی کۆمەڵناسیشەوە زۆر قسە هەڵدەگرێ کە بیۆگڕافی و ئۆتۆ بیۆگڕافی پێوەندی بە کۆمەڵگاوە، بە فەرهەنگی کۆمەڵگاوە هەیە، پێوەندی بەوەوە هەیە لەو کۆمەڵگایە دا پیاو چەندە گرینگە، ژن چەندە گرینگە یان ئەو ڕۆڵ و ئەرکانەی کە کۆمەڵگا پێی ئەسپاردوون چییە؟ ئەوانە لە ڕووی ناسینبی کولتووریش زۆر گرینگایەتییان هەیە.
قازی: کاک سەلاح کاتمان بەرەوە کۆتایی دەڕوا بەڵام بابەتێکیش ماوە دەبێ باسی بکەین ئەویش ئەوەیە ئەگەر ئێمە چاو لەو ئۆتۆبیۆگڕافی و بیرەوەرییانە بکەین بەتایبەتی لە شێوەزاری کوردیی سۆرانیدا یان ژنان غایبن یان نووسەری ژن ژمارەیان زۆر کەمە ئاماژەت کردبە ئازەر نەفیسی کە کتێبەکەی پێشوازییەکی گەورەی لێ کراوە. غیابی ژنان لەو بارەیەوە چۆن شی دەکرێتەوە و ئەو کەمایەسییە چۆن دەکرێ تێ هەڵبهێندرێتەوە؟

عەبباسی: ئەمن پێم وایە تا ڕادەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەوەی کە لە کۆمەڵگای کوردەواریدا ژن دەوری دەرەوە یان ئەوەی کە ژن دەور بگێڕێ لە سیاسەتدا، لە ئابووردا بڵێین لە جومگەکانی گرینگی کۆمەڵگا دا ئەو دەورەی هێشتا بەو شێوەیە پێ نەدراوە. دوایە بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ فێئۆدالیزم و پاشماوەکانی بابمەزنی. لەوێشدا ئەوەی کە لە ناوەند دایە، گرینگایەتی پێ دەدرێ و لە مەرکەز دایە پیاوە. بەتایبەتی هەرچی  تەمەن لەسەرتر بێ ئەوە دەردەکەوێ، بە تایبەتی  مەسەلەی گەورەی خانەدان و تاییفە و ئەو شتانەش دێتە گۆڕێ چون بە پێی خانەدان و تاییفە خەڵکەکە گرینگایەتییان لێک دەدرێتەوە سەر بەچ تاییفەیەکییە، ئەو تاییفەیە چەندە  گرینگایەتی هەیە، بۆ وێنە چەندی هێز و دەسەڵات هەیە. هەر وەک دەبینین لە زۆر لە ئۆتۆ بیۆگڕافییەکاندا ئەمن لە شوێنێکدا خوێندمەوە لە سەر کاک جەبار فەمان دەڵێ کە کۆمەڵێک دیلیان گرتبوو لە هێزە ئیسلامییەکان ئەوانەی کە سەر بە بنەماڵەی ناسراو بوون هەموویان بەردان، ئێعدامیان نەکردن یان تیرەبارانیان نەکردن چونکە پێیان وابوو باش نییە لەگەڵ ئەو بنەماڵانەی کە خاوەن هێزن تووشی کێشە ببن بەڵام ئەوانەی کە کوڕی فەقیر و هەژار و زەحمەتکێش بوون هەموویان تیرەباران کران چونکە پێیان وا بوو کێشەیان بۆ دروست نابێ. ئەمە  هەم کۆمەڵگای چینایەتی دەگەیێنێ، هەم کۆمەڵگای فێئۆدالیمان پێ نیشان دەدا بۆیە ئەمن باش بوو وەبیرهاتەوە دەمەویست ئەوە باس بکەم ئەمن جارێک برادەرێکم گوتی ئۆتۆ بیۆگڕافی چەند بەرپرس و سەرکردەی کوردم خوێندووەتەوە لە هیچ جێگا نەمزانی ناوی ژنەکانیان چییە یانی هەر باسیشیان نەکردوون مەگەر هەر باسی ئەوەی کە بڵێن میوانەکانیان بەخێرهاتن کردووە یان خواردنیان دروست کردووە، لەو ڕادەیەدا گرینگایەتیان هەبووە لە ژیانی ئەواندا. بۆ ئەوان دیارە شتی گرینگتر هەبووە کە باسی بکەن وەکوو سیاسەت و کاری سیاسی و حیزبایەتی و ڕێکخستن و ڕێکخراوە.
قازی: بەداخەوە مامۆستا عەبباسی ئیدی لێرە دا کاتمان تەواو دەبێ زۆر زۆر سپاست دەکەم بۆ ئەم کاتە، هیچ گرفتێک نەبوو دەنگیش زۆر باش بوو. داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم. هیوادارم دیسان لەگەڵمان بی لە بەرنامەکانی دیکەشدا. زۆر مەمنوون بۆ بەشداریت.
عەبباسی:  زۆر خۆشحاڵ بووم لە خزمەتتاندا بووم، سپاس
قازی: گەلێک سپاس. بینەرانی خۆشەویست بەم چەشنە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەشمان، تاکوو بەرنامەیەکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.

تێبینی: ئەم بەرنامەیەی ڕاوێژ لە چوارشەمە  ١٧-ی نۆڤامبری ٢٠٢١ لە تێلێڤیزیۆنی ستێرکەوە بە ئاوایەکی زیندوو بڵاو کراوەتەوە. دەکرێ ویدێئۆی ئەم بەرنامەیە لەم لینکەی خوارەوەدا لە کانالی ڕاوێژ لە یوتیوب و یان لە ماڵپەڕی ستێرک تیڤی دا تەماشا بکەن.

https://www.youtube.com/watch?v=ej0svD8ImuA

 سەرچاوە: وێبنووسی ڕوانگە  

No comments: