Monday, November 15, 2021

هەڤپەیڤەینی هەندرێن هەورامی لەگەڵ پرۆفسۆر عەبباس وەلی

هەڤپەیڤەینی هەندرێن هەورامی لەگەڵ پرۆفسۆر عەبباس وەلی
بەرنامەی نرخاندن، دووشەمە شەو  ٩-ی ئووتی ٢٠٢١


هەندرێن هەورامی: بینەرانی بەڕێز لە هەر کوێیەک هەن ئەم کاتە و هەموو کاتێکتان باش. لە بەرنامەیەکی دیکەی ' نرخاندن' لە خزمەت ئێوەی زێدە ئازیز داین. ئەمشەو ڕاوەستە لە سەر چەند مژارێکی گرینگ دەکەین وەکوو ئێوەش دەزانن لە ڕۆژەڵاتی ناوەڕاست لە ئەفغانستانەوە بگرە هەتا کوردستان، تا تورکیا، تا سووریا، هەتا وڵاتانی دیکەی هەرێمەکە گۆڕانکاری و پێشهاتی نوێ بەڕێوەن. پەیوەست بەوە لە سەروویانەوە تورکیا و هێزە هەرێمییەکانی دیکە. ئەمریکا وڕووسیا و زلهێزانی جیهانی پلان و ستراتژییەتی خۆیان هەیە، مخابن ئەوەی کە نابیندرێ لە ناو کورداندا ستراتژییەت و پلانە بۆ ئەم پێشهات و گۆڕانکاریانە، پارتی و لایەنە سیاسی و مەدەنییەکانی کوردستان پێویستە چۆن بڕاوننە ئەم بارودۆخەی کە ئێستا هاتووەتە ئاراوە، بە تایبەتی گۆڕانکاری و پێشهاتە نوێیەکان چۆن دەبنە وڵامدەرەوەی دۆخەکە؟ ئایا دەتوانن کورد بگەیێننە کەناری ئارامی لەم بارودۆخە ئاڵۆزەی کە لە ناوچەکە دا هەیە؟ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە سەردەمی سەرکۆماریی ئیبڕاهیم ڕەئیسی دا بەرەوکوێ دەچێ؟ چ کاریگەرییەک لە دوای دەست بەکار بوونی ڕەئیسی لە سەر بارودۆخی کوردستان و ناوچەکە و هەر وەها ئێران دەبێ؟ هۆکارەکانی پشتەوەی ڕووداوەکانی شاری نەغەدەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چین و چۆنیش بکرێ کە پێکەوە ژیانی کورد و ئازەرییەکان یا تورکە ئازەرییەکان بپارێزرێت کە سەدان ساڵە پێکەوە لەوێ دەژین، بۆ گفتوگۆ کردن لە سەر ئەم مژارە گرینگانە بەڕێز دوکتور عەبباس وەلی پرۆفسۆری کۆمەڵناسی و تێۆری سیاسی لە ستودیۆ میوانمانە زۆر زۆر بەخێر هاتنی دەکەین.

بەڕێز وەلی زۆر زۆر بەخێر بێن!
پرۆفسۆر عەبباس وەلی: سپاستان دەکەم، سپاسی بینەران و بیسەرانتان!
هەورامی: زۆر سپاس بۆ بەڕێزیشت بەڕێز وەلی لە گۆڕانکاری و هاوکێشەی نوێ لە ناوچەکە دەست پێ بکەین خوێندنەوەی بەڕێزت چییە؟ بەڕێزتان دەزانن هەر لە ئەفغانستانەوە بگرە تا دێتەوە عێڕاق تا دەچێتە تورکیا، تا دەچێتە باکووری ئەفریقا و وڵاتانی دیکە لە ناوچەکەدا گۆڕانکاری خێرا هەن، ئەم گۆڕانکاریانە زادەی چین بە ڕای بەڕێز عەباس وەلی؟

وەلی: دروستە گۆڕانکاری هەیە بەڵام  هەڵوێستی ئەساسی لەمەر ئەو گۆڕانکاریانە دیار نییە  و هەر وەها جیهەت و ئاڕاستەی ئەو گۆڕانکاریانە هەتا ئێستا بە شێوەیەکی گشتی مەعلووم و دیاری نەکراون. بە باوەڕی من هیوایەک هەبوو کە بە ڕۆیشتنی تڕامپ و بە هاتنی بایدن  وەزعی ئالۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەروسامانێک پەیدا بکا، ئەو سەروسامانەش، ئەو چاوەڕوانییە هەبوو کە بە سیاسەتێکی ڕوون و هەڵوێستێکی مەعلووم و موشەخەسی ئەمریکا لە سەر ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست خۆی دەرخا. هەتا ئێستا ئێمە ئەوەمان نەدیوە، واتە سیاسەتی ستڕاتێژی گشتی سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەن ئیداری جۆ بایدن ڕا نەدیتراوە. وەزعی عێڕاقێ، وەزعی سووریای، وەزعی یەمەنێ ئەوانە هەر وا بەو ئاڵۆزییەی کە بوون لە زەمانی تڕامپی دا ماونەتەوە تەنانەت  لەوانەیە لە هێندێک ڕووەوە خراپتریش بووبن. ئەوەی لە ئەفغانستان ڕوودەدا، ئەوە درێژەی مەنتقی سیاسەتێکە کە لە زەمانی تڕامپی وەبەر گیرابوو و لێرە ئەمرێکا دەیەوێ لە باری نیزامییەوە بچێتە دەرێ لە واقعدا چووەتە دەرێ بەڵام ئەو دەرکەوتنەی بە جۆرێکە کە دەیەوێ بە هێزی هەوایی یارمەتی بکا بەو حکوومەتەی کە لەوێیە
هەورامی: بەڵام لە سەر ئەرزی واقع پێچەوانەکەی ڕاستترە، ئەوەتا بزووتنەوەت تالیبان  ڕۆژ بە ڕۆژ شار و ناوچەکان دەخاتەوە ژێر هێرو کۆنتڕۆڵی خۆیەوە.
وەلی: بەڵێ دروستە وایە. هەر وەتر لە عێڕاقێ ئەو دەنگۆیە هەیە کە ئەمریکا دەیەوێ هەتا ئاخری ئەم ساڵ یان چەند مانگ پاش وی لە عێڕاقێ بە تەواوی بچێتە دەرێ لە ڕووی نیزامییەوە. ئەوانە خەتە سەرەکییەکانی ئەو شتانەیە کە مرۆ دەتوانێ بیبینێ. بەڵام ئەوەی کە دیار نییە  ئەوەیە کە چ شتێک لە پشت ئەو سیاسەتەیە  و چ ستڕاتێژییەک لەوێدا بە کار دەبردرێ. هەتا ئێستا ئەو جۆرەی کە دیتراوە سیاسەتی بایدنی خەتی ئەسڵییەکەی دڕێژەیەکە کە لە زەمانی ئۆبامای داندرابوو.

هەورامی: تەنانەت بەرانبەر بە تورکیاش؟
وەلی
: نا دوایە دێمە سەر ئەو بابەتە. مەسەلەی ناوەندی کە ئێمە دەو سیاسەتەیدا دەیبینین هەڵسوکەوت و سیاسەت لەمەڕ ئێرانێ یە و باوەڕیان وایە کە ئەگەر مەسەلەی ئێرانێ جێ بە جێ بکەن، مەسەلەی عێڕاق و سووریاش و تەنانەت مەسەلەی یەمەن و لوبنانیش دەتوانن بەلایەکدا بخەن. بەڵام ئەو جێ بەجێ کردن و بەلادا خستنە هەر بەو هاسانییە نایەتە دی ئەویش لەبەر ئەوەی ئێران بە پێچەوانەی ئەوەی کە ئەوان پێیان وابوو ئەو فشاری ئەوپەڕ زۆرەی زەمانی تڕامپ کە لە زەمانی بایدنیش دا هەر وا بەردەوامە، ئەو فشاری حەدی ئەکسەرییە، ئەو گەمارۆیانە، ئەو زەختی دیپڵۆماتیکەی کە هێنراوە بۆ سەر ئێران، بە مەبەستی ئەسڵی خۆی نەگەیشتووە. مەبەستی ئەسڵی ئەوە بووە یەک: ئێران بهێننەوە دەوری میزی موزاکەرە، و گرێ بەست و پەیمانێکی تازە لەگەڵ ئێران ببەستن، ئەو پەیمانە دوو تایبەتمەندی هەبێ کە دە زمانی ئۆبامای دا نەبوو، ئەو دوو تایبەتمەندیانە ئەوە بوون کە هەم بەرنامەی مووشەکی ئێڕانێ و هەم  ئەو سیاسەتی قووڵایەتی ستڕاتێژیک کە ئێران لە شەڕقی ئەوسەت،لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە دواوەیەتی پێشی بگرن، کورتی بکەنەوە و بێنن ئێران لە چوارچێوەیەکی تازە بنێن. ئەوانە بە باوەڕی من هیچیان بەدەست نەهاتوون هەتا ئێستا، ئەگەر نەتیجەیەکیشی هەبوو بێ ئەوە بووە کە لە ئێرانێدا ڕێژیم ویستوویەتی زۆرتر خۆی یەکدەست بکا لە بەرانبەر ئەمریکا و ئوڕووپایە دا ڕاوەستێ و هەروەتر زۆرتر بچێ بەرە بلۆکی شەرق. مەبەستم بلۆکی شەرقی پێشوو نییە بەڵکوو ئەساسەن ڕووسیایە و هەر وەتر چینە. ئێران بەرەو ئەوە بڕوا. ئێران دیارە ئەو فشارەی کەوتووەتە سەری.
هەورامی: هەڵبەت ئیتیفاقی ستڕاتێژیشیان هەیە لەگەڵ چیندا،لەماوەی ڕابردوو دا هەرایەکی لێ کەوتەوە.
وەلی: بەڵێ ئەوانە هەن. بەڵام ئەوەی کە ئێران لەو هەلومەرجە دا چەندە دەتوانێ دەوام بێنێ و دەوام دێنێ ئەوە مەسەلەیەکی دیکەیە. بەڵام ئەو سیاسەتەی کە لە زەمانی ئۆباماشدا هەبوو، لە زەمانبی بایدنیشدا هەیە لە حەقیقەتدا ئەوەیە کە جۆرێک پەرو باڵی ئێران بکەن و هێزی کەم بکەنەوە. سەرانی ئێرانێ بە وردی بەوە دەزانن کە سیاسەتێکی بێگانەی ئەوتۆ نییە کە ئەوانە لە بەین بەرێ، یانی ئەوە دە پڕۆژەی ئەمریکا دا نییە، ئەوە بەشێک لە ستراتێژی ئوڕووپا نییە .
هەورامی: لە پێوەندی لەگەڵ ئیبڕاهیم ڕەئیسیدا زیاتر قسە لەسەر ئەو مژارە دەکەین، کارو بەرنامەی ڕەئسیش چی دەبێ، کاردانەوەکان بەرانبەر وی چی دەبێ. بۆ کوردستان و هەم بۆ ناوچەکە، هەم بۆ ئێران لەگەڵ سیاسەتی دەرەوە دا. تورکیا لێرە دا چ ڕۆلێکی هەیە، لەم پێشهاتە نوێیە و لەم گۆڕانکاریانە دا، ئایا تا چەندە تورکیا توانیویەتی پلانەکانی خۆی جێ بەجێ بکا، هەر لە مەسائیلی داگیرکاری لە کوردستان بگرە تا دەگاتە باکووری ئەفریقا، لیبیا، سووریا، دەریای ناوەڕاست تا دێتەوە ئازەربایجان و زۆر شوێنی دیکەش کە بە شوێن زیندوو کردنەوەی ' میساقی میللی' یانەوەن؟]

وەلی: تورکیاش وەزعێکی تایبەتی هەیە، بەڵام تا ڕادەیەک وە ئێرانێ دەچێ. لە ڕووی سیاسییەوە ئەردۆغان توانیویەتی ئەو هێزانەی کە بە شێوەیەکی توانایەکی دەیانتوانی ئۆپۆزیسیۆن بن و موشکیلاتی بۆ بێننە پێشێ، دوای کودەتای ٢٠١٦ ئەوانە بێنێتە ژێر کۆنتڕۆلێ خۆی. بەتایبەتی ئەوەی کە گەورەترین چەکی کە هەموو حکوومەتێک لە تورکیای لێی دەترسا حکوومەتی سیڤیل، ئەڕتەش بە شێوەیەکی سیستماتیک تەسفیە کراوە. بەشێکی زۆر لە ژەنەڕالەکان، فەرماندەیی ئەڕتەش گۆڕاون و هەر وەتر تا ڕادەیەک توانیویانە، نەک بە تەواوی ئەو ئیدێئۆلۆژییەی کە لە سەر ئەڕتەش حاکم بوو، کە ئیدێئۆلۆژییەکی کەماڵیستی بوو کە پێوەندی و دۆستایەتی ستڕاتێژیکی هەبوو لەگەڵ ئەمریکایە بەتایبەتی،ئەوە تا ڕادەیەک تەعدیل بکرێ، ئەوەی کە تورکیا بچێتە لای ڕووسیا و لە ڕووسیا چەکی گەورە، چەکی گرینگ وەکوو میسایلی ئێس ٤٠٠ بکڕێ. ئەوانە نیشان دەدا لەوەدا تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بووە. بەڵام ئەوەی کە گرینگە ئەوەیە کە وەکوو ئێرانێ قەیرانێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی زۆر قووڵ لە تورکیا دا دە جەرەیان دایە و تورکیا بۆ ئەوەی کە بتوانێ لە بەرانبەر ئەو زەختەی کە سیاسەتی خاریجی هاوکات لەگەڵ ئەو قەیرانییانە هێناویەتی بۆ سەر حکوومەت دەوام بێنێ ئەوەیە کە لەگەڵ هێزە ئیسلامییەکان و هێزە ناسیۆنالیستییە تێژپەڕە تورکەکان ئیتیلافێک دابمەزرێنێ، واتە ئیتلافی حیزبی فەرمانڕەوای عەداڵەت و گەشەپێدان و حیزبی حەڕەکەتی میللی، حەرەکەتی نەتەوەیی کە ئەو ئیتیلافە، ئەو ڕێکەوتنەی نێوان ئەوانە بنەمای دەسەڵاتی سیاسییە و بنەمای دەسەڵاتی سیاسی توانیویەتی جۆرێک ئیسلامی ئیخوانولموسلیمینی لەگەڵ کەمالیزمێکی تیژپەڕ یانی کەمالیزم نییە، بەڵکوو ناسیۆنالیزمێکی ئێتنیکی تیژپەڕ دەست بدەنە دەست یەک. بەڵام هەتا ئێستا ئەو ئیتیلافەش نەیتوانیوە جێگای خۆی بگرێ. لێرەدا مەسەلەی سیاسەتی خاریجی زۆر گرینگە. تورکیاش وەکوو ئێرانێ یانی ئەوەی کە بێ دەسەڵاتی خۆی بۆ جێ بەجێ کردنی قەیرانەکانی ناوخۆیی داپۆشێ، هێزی سیاسەتی خۆی بەرەو دەرەوە دەبا، دەبینین دەست لە کاروباری لیبی وەردەدا، لە ڕۆژهەڵاتی دەریای مدیترانە دا قەیران ساز دەکا، دەبینین لە سووریا تەداخولی نیزامی دەکا،دەست بەسەر خاکدا دەگرێ، ئەلانیش بەشێوەیەکی موشەخەس لە عێڕاقێ دا سیاسەتەکەی فەعال کردووە و هەم لە عێڕاقێ و هەم لە سووریا دەگەڵ ئێڕانێ بەرخوردی هەیە، لە عێڕاقێش دەگەڵ ئەمریکایە، دیسان دەگەڵ ئێرانێ بەرخوردی هەیە. بەڵام ئەو بەرخوردانە دە چوارچێوەیەکی دایە. ئەو چوار چێوەیە هێندێک بەرژەوەندی هاوبەشیش دەخۆیدا دەحاوێنێتەوە. تورکیاش ئێستا سیاسەتەکەی دوو جوور ئیدارە دەکا کە دوو بەرەی هەبێ، یەک ئەوەی کە بەرەی ناتۆ بپارێزێ بەڵام لەلایەکی دیکەوە جۆرێک سەربەخۆیی کردەوەی هەبێ کە بتوانێ ئەو سیاسەتە خاریجییەی خۆی لە سووریا و عێڕاق و لیبی و ڕۆژهەڵاتی مدیترانە و قیبرس، ئێستا تەنانەت ئەفغانستان پەرە پێ بدا بۆ ئەوەی ئەو زەختەی کە قەیرانی ناوخۆیی خستوویەتە سەری داپۆشێ. بەڵام ئەو چاوەڕوانییە هەیە کە لە تورکیا لەو هەژدەمانگەی دا، کە هەژدەمانگێکی زۆر هەستیارەچونکە هەڵبژاردنێکی ئەساسی دەبێ تا ساڵی ٢٠٢٣ بکرێ، زۆر کەس دەڵێن وێدەچێ ئەو هەڵبژاردنە پێش ساڵی ٢٠٢٣ی بکرێ واتە هەڵبژاردنی پێش وەخت، چونکە حکوومەتی تورکیا دەیەوێ بە جوورێکی وەزعی خۆی تەسبیت بکا لەوێ. جا ئەو چاوەڕوانییە هەیە کە دووبارە ئەردۆغان بۆ ئەوەی بۆ ئەو موشکیلاتە چارەسەرییەکی کاتی ببینێتەوە بەرەو ئەوە بڕوا کە سیاسەتێکی نەرمتر و تەنانەت ڕوو لە کورد بنێتەوە و ئەو هێزانەی کە مومکینە کە هاوکاری لەگەڵ بکەن و تەنانەت  ئەو هێزانەش کە دژ بە ئەردۆغان و دژ بە سیاسەتی حکوومەتی مەرکەزی تورکیان ئەوانە دیسان بێنێتە دەوری میزی موزاکەرە. بەڵام بە لێبڕاوی ئەو جار دەستی زیاتر لە جاری پێشوو بەستراوە، ئەو دەست بەسترانەشی دەگەڕێتەوە سەر ئیتیلافەکەی دەگەڵ حیزبی حەڕەکەتی میللی ( مەهەبە) چونکە  بنەمای ئەو ئیتیلافەی بنەمای ئەساسی ئەو ئیتیلافەی دژایەتی لەگەڵ مەسەلەی کوردی، لەگەڵ پرسی کوردی و حەولدان بۆ ئەوەی کە مەسەلەی کورد جێ بەجێ نەکرێ و شەڕ بەردەوام بێ وبەردەوامی ئەو شەڕەی، پرسی کوردی وەکوو قەیرانێکی کە بکرێ مودیرییەت بکرێ لە ڕووی نیزامی و لە ڕووی سیاسییەوە لە سیاسەتی تورکیا دا بمێنێتەوە. ئەگەر حکوومەتی ئەردۆغان بییەوێ  بگەڕێتەوە سەر پێش ساڵی ٢٠١٥ و لەگەڵ هێزەکانی کە نوێنەرایەتی پرسی کوردی دەکەن چ لە ناو سیاسەتەکەی و ج لە دەرەوەە و لەگەڵ ئەوانە لە دەوری میزی موزاکەرە دابنیشێ..
هەورامی: مەبەستت هەدەپە و پ.ک.کە یە.
وەلی: بەڵێ هەدەپە و پ.ک.ک. ئەو دەمی بێ گومان دەبێ چارەسەری ئەو ئیتیلافەی بکا لەگەڵ مەهەپەی.
هەورامی: ئەوەش بۆخۆی دیسان گرفتێکی گەورە دروست دەکا بۆی.وەلی: بەڵێ ئەوە موشکیلەیەکی گەورەیە. دروستە مەهەپە وەکوو جاران بەو شێوەی نە هێزی دە ئەڕتەشی دا ماوە نەدە ژاندارمەری و نە لە پۆلیس و ئەوانە دا و وەکوو جاران نەماوە بەشی زۆریشی لەبەر ئەوە بووە کە حەڕەکەتی گولەنی لە ڕاستیدا تا ڕادەیەکی زۆر مەهەپە و هێزە ناسیۆنالیستە توندڕەوەکانی، هەر وەها هێزی ناسیۆنالیستی سکولاری تورکی،هەر وەها هێزە کەماڵیستییەکانی پال پێوەنان و خستنیە پەراوێزەوە. لە کاتی خۆیدا ئەردۆغان لەوە زۆر کەلکی وەرگرت بەلام ئێستا مەسەلەی کورد لەوانەیە دیسان بێتەوە سەر شانۆ و ببێتە پرسێکی ئەسڵی لە شانۆی سیاسیدا، دەبێ بنەمایەکی تازە بدەن بەو سیاسەتەی  لە مەڕ ئیتیلاف.

هەورامی: باشە من دەپرسم کورد دەبێ چ بکا، پارتییە سیاسی و مەدەنییەکان؟ ئێستا دۆسییەیەکەمان هەیە دوایە وڵامی پرسیارەکەم بدەوە.... بەڵێ بەڕێز وەلی هەڵبەت دۆسییەکە دوورو درێژ بوو. مخابن کورد لە ناو خۆماندا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەو بارو دۆخەی کە دێتە ئاراوە لە جیات ئەوەی یەک دەنگ و یەک ڕیز بین پەرتەوازەین، ناکۆکی لە بەینماندا هەیە، هێندێک جار هێندێک لایەن  دەبنە هاوکاری داگیرکەران، تەعامولێکی نادروست دەکەن دژ بە بەرژەوەندییەکانی گەل هەموو ئەمانە مرۆ دەپرسێ لەم بارو دۆخە دا پێویستە پارتی سیاسی و لایەنی کوردی، هەر وەها مەدەنییەکانیش ئەوانیش لە دەرەوەی سیاسییەکان نەبینین  پێویستە چی بکەن؟ چ ستراتێژییەک بگرینە بەر؟ ئیدی کاتی ئەوە نەهاتووە بیر لەوە بکرێتەوە پێکەوە دەست بدەینە  دەست یەک و چارەسەرێک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی کورد لەم دۆخەی کە تێی کەوتووە بە شێوزێک بتوانرێ ڕزگار بکرێ و لەوە زیاتر زەرەر نەکەین؟
وەلی: لێرە دا هێزە کوردەکان ناتوانن وەکوو دەوڵەتێک هەڵسوکەوت بکەن. بۆیە ئەگەر چاوەڕوانی ئەوە هەبێ کە سیاسەتێکی یەکگرتوو هەبێ لێرە دا بڕێک بە دوورە لە واقعییەت. دیارە کە ئەو هێزانە بە دوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن و ئەوە لە گوتاریان دا ڕەنگ دەداتەوە و هەر وەها بە کردەوە ئێمە ئەو بەرژەوەندییە جیاوازانە دەبینین.  هێزە ئەسڵییەکانی مەیدانی سیاسەتی کوردی تا ئێستا ئەو جوورەی کە دەبیندرێ حیزبە سیاسییەکانن. جەماوەری کوردی خۆی  بەو شێوەی لە مەیدانی سیاسەت دا، واتە سیاسەتی گشتی کە ئێوە باسی دەکەن بەوشێوەیەی نەهاتووەتە مەیدانێ. جا بۆیە چاوەڕوانی ئەوەی کە ئەو حیزبانە کە ئاوا بەرژەوەندی جورواجووریان هەیە، جیاوازییان هەیە بتوانن هەڵوێستێکی یەکگرتوویان هەبێ بە باوەڕی من زۆر دوور لە واقحییەتە. ئەوەی کە مرۆ ئارەزوو بکا و بییەوی کە شتێک بێ ئەوەیە کە ئەگەر ئەوانە ناتوانن هەڵوێستێکی یەکگرتوو بگرن بە لانی کەمەوە موشکیلی بۆ یەکتری دروست نەکەن. یانی چاوەڕوانیت نابی هەبێ کە حیزبە سیاسییەکانی باشوور لەگەڵ حیزبە سیاسییەکانی باکوور یان حیزبە سیاسییەکان باکوور لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ئەوانە بەرژەوەندییەکی موشتەڕەکیان هەبێ. چونکە ئێمە بمانەوێ و نەمانەوێ، پێمان خۆش بێ و پێمان خۆش نەبێ سیاسەتی ئەو حیزبانە سیاسەتی ناوچەیی یە. یانی هیچکام لەو حیزبانە ئەو جووری کە ئەمن لێی تێدەگەم  سیاسەتێکی یەکگرتووی نەتەوەییان نییە بۆیە لە مەیدانی سیاسەتدا پێکهاتن بە باوەڕی من زۆر زۆر کزە و ئیحتیمالی زۆر کەمە و ئەمن بە شەخسی خۆم چاوەڕوانییەکی ئاوام نییە، یانی ئەگەر ببێ زۆر باشە بەڵام لە واقیعدا ئەمن چاوەڕوانییەکی ئاوام نییە و بەڵام هیوادارم، واتە هیوا ئەوەیە کە ئەگەر ئەو حیزبانە لە بەر ئەوەی کە بەرژەوەندی تایبەتی و جیاوازی خۆیان هەیە ، لەبەر ئەوەی کە سیاسەتی ناوچەیی جیاوازی خۆیان هەیە ناتوانن یەک بگرن یانی جیاوازییەکانی سیاسەتەکانی باشوور لەگەڵ باکوور، باشوور لەگەڵ ڕؤژهەڵات و هتد، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر باش دەبێ بە باوەڕی من دەبێتە خاڵێکی زۆر پۆزیتیڤ و مەبنایەک بۆ حەڕەکەتێکی تازە ئەگەر ئەوانە قەرار بدەن جورێک ئەو بەرژەوەندییەی خۆیان دە چوارچێوەیەکی تازە بنێن  کە لەو چوارچێوەی دا پێکەوە بەرخورد نەکەن و ئەگەر بەرخوردیشیان کرد بتوانن بە ڕێگاییەکی دروست ئەوە چارەسەر بکەن  و لێرە دا مەبەستم ئەوەیە هەر ئەو جۆرەی کە کوتم موشکیل بۆ یەکتری دروست نەکەن.

هەورامی: ئێستا قسەکەش هەر ئەوەیە. بۆ نموونە بەرژەوەندی گشتی چییە  گلەیی لە پ.د.ک، پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان دەکرێ دەگوترێ بووەتە هاوکاری ئاجێندای سیاسەتی داگیرکاری تورکیا، یانی هیچ نەبێ لەوە دا ئەو هاوکارییە نەکا. بۆ  نموونە  لە ماوەی ڕابردوو دا لە خەلیفان هێرش کراوەتە سەر کۆمەڵێک  گریلا لەوێ ژمارەیەک شەهید کراون، ژمارەیەک بێ سەروشوێنن. یانی قسەکە لەمە دایە وەکوو بەڕێزت ئاماژەت پێ دا ئەگەر تۆ ناتوانی یەکگرتووش بێ، یەک دەنگ بی، یەک ڕەنگ بێ، یەک هەڵوێست بی، نەشبیتە بەشێک لە ئاجێندای دەوڵەتێکی داگیرکەر یانی خۆ ئەوە دەکرێ.
وەلی: دروستە، لێرە دەبێ ئاوای بۆ بچین کە بە باوەڕی من، بۆچوونی من ئاوایە کە سیاسەتی خودی باشووریش لەو مەیدانە دا یەکگرتوو نییە. یانی ئێمە ناتوانین بڵێین باشوور لە ڕاستیدا هەڵوێستێکی سیاسی یەکگرتووی هەیە، یەکەم ئەوەی کە باشوور حکوومەتێکی یەکگرتووی نییە، ئەوەی دەزانین، لەو بیست وچەند ساڵەیدا، ئێستا  تەقریبەن بیست ساڵە ئەوان لەوێ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی فێدێڕال، ئۆتۆنۆمی خۆیان هەیە بەڵام ئەو ئۆتۆنۆمییە حکوومەتێکی یەکگرتووی نییە، ئەرتەشێکی یەکگرتووی نییە، سیستمێکی ماڵی یەکگرتووی نییە. دوو لایەنی هەیە، هەر وەتر لە خودی ئەو دوو لایەنەشدا ئێمە دەبینین کە مونافەسە و ڕقەبەری هەم دە لای پارتی دا هەیە هەم لە لایەنی یەکێتی دا. ئەو ڕۆژانە دەبینین کە چ باسە و چ دەگوزرێ. ئەوە نیشان دەدا کە سیاسەت تەنانەت لە چوارچێوەی ناوچەیی دا سیاسەتێکی یەکگرتوو نییە کە ئەو سیاسەتە یەکگرتووە بتوانێ بە هێزێک، بە جوورێک لە بەرانبەر هێزێکی وەکوو تورکیا کە دەیەوێ ئەو مەنتەقەیە هیچ وەخت سەقامی سیاسی نەبێ، سەقامی ئابووری نەبێ ، سیباتی ئابووری و سیاسی نەبێ ناتوانێ لە بەرانبەری دا ڕاوەستێ.
هەورامی: کە وایە پێویستە بۆ نموونە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی تورکیا، بۆ وەستانەوە لە بەرانبەریدا پێویستە ئەتۆ لە پێشدا ماڵی خۆت لە باشوور ڕێک خەی.
وەلی: دەقیقەن ئەوەیە، لە دوایەش ئەگەر ئاوا بێ مەسەلەن دەبینی لە خودی بەشی حاکمییەت لە هەولێرێدا لەگەڵ سلێمانی بەشێک لەوانە دەبینی لەگەڵ تورکیا جورێک هەڵسوکەوت دەکەن، بەشێکی دیکە جوورێکی دیکە هەڵسوکەوت دەکەن جا ئەوە ئیمکان دەدا بە حکوومەتێک وەکوو تورکیای یا حکوومەتی ئێرانێ کە مەیدانی یاریکردن لە سیاسەتی کوردستانێدا بۆ ئەوانە بەرفرەوانتر دەبێتەوە و ئەوانە دەزانن کە چ هێزێکی بکێشن بۆ لای خۆیان  و چۆن لەوێدا کار بکەن. عەینی ئەو مەسەلەیە بە شێوەیەک لەمەڕ ڕۆژهەڵاتیش هەیە. بە شێوەیەکی گشتی لە ساڵی ١٩٨٥ەوە هێزەکانی کوردی ڕۆژهەڵات لە دەرەوەی وڵاتن بەڵام هەتا ئێستا نەیانتوانیوە کە هەڵوێستێکی یەکگرتوو چ لە ڕووی نیزامی، چ لە ڕووی ئەمنی، چ لە ڕووی ستڕاتێژی سیاسییان هەبێ جا ئەگەر هەڵوێستێکی ئاوا نەبێ، هێزەکان بەربڵاو دەبن، و خودی ناساندنی بەرژەوەندی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی بەشێوەیەکی گشتی چییە لەوێ موشەخەس نییە. ئەوە هەیە کە ئەوانە هەموو بە شێوەیەکی گشتی موخالیفی دەوڵەتی ئێرانێن بەڵام ئەو موخالەفەتە لەگەڵ دەوڵەتی ئێرانێ بەس نییە بۆ ئەوەی کە بتوانێ سیاسەتێکی یەکگرتوو دابمەزرێنێ. ئیحتیمالی ئەوە هەیە کە شتێکی ئاوا لە ڕۆژئاواش بێتە پێشێ. دەبینین کە بەشێک لە هێزەکانی باشوور لەگەڵ تورکیا، تەنانەت مومکینە ئێرانێ هاوکاری لە سەر ئەوە بکرێ کە بۆ وێنە هێزەکانی پەیەدەی نەتوانێ ئەو جۆرەی کە پێویستە سەباتی هەبێ و درێژە بە چالاکی خۆی بدا. بۆیە موشکیلی ئەساسی ئەوەیە کە ئێمە ناتوانین واقیعەن باسی سیاسەتێکی یەکگرتوو بکەین کاتێک وەزعەکە ئاوایە. یانی مەبەستم ئەوەیە موشکیلە هەر ئەوە نییە کە کوردستان چوارپارچەیە، ئەوە گرفتێکی ئەساسی یە، بەڵام موشکیلی ئەساسی تر لە سیاسەتی ئەمڕۆ دا ئەوەیە کە تەنانەت  هەر پارچەیەکیش وەکوو سیاسەتی ناوچەیی یەکگرتوویی نییە و ناتوانن ناساندنێکی گشتی بێننە گۆڕێ لەمەڕ بەرژەوەندی کورد لەو ناوچەیە دا. ئەوە شتێکە کە زۆر زەقە، هەمیشە بووە و لە خاڵە سەرەکییەکان زەعف و لاوازی سیاسەتی کوردی بووە.

هەورامی: بەداخەوە. باشە مامۆستا بە کورتیش بێ باس لە دەست بەکار بوونی ئیبڕاهیم ڕەئیسی وەکوو سەرۆک کۆماری ئێران بکەین، ئەگەر بە کورتی و چری بێ چونکە مژارێکی دیکەش هەیە قسەی لەسەر بکەین، پێت وایە ئەوە چی لەگەڵ خۆی دێنێ، گۆڕانکارییەک کە هەم بۆ ئێران لە ناوخۆدا، بۆ ناوچەکە و هەم بۆ جیهان؟ پێشتر هێندێک باسی ئێرانت کرد، سیاسەتی دەرەوە بەرانبەر بە ئێران ئەگەر دووبارە لەوێ گرێی بدەیتەوە سپاست دەکەم.

وەلی: بە باوەڕی من گۆڕانکارییەکە بووە، یانی حکوومەتی ئیبڕاهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماریی وی، ئەو حکوومەتەی کە دایان ناوە نەتیجە و ئاکامی ئەو گۆڕانکارییەیە کە لە ماوەی ئەو دوو ساڵ سێ ساڵەی دا بووە  و نەتیجە ئەوە بووە کە حکوومەت بەو قەرارە گەیشتووە کە شەرعییەتی سیاسی حکوومەت ڕووخاوە، لە دەرەجەی ئەوەڵدا  پاش ساڵی  ٢٠٠٩ کە دەبێتە ١٣٨٨-ی هەتاوی. ئەگەرچی بەشێک لە حکوومەت یان ئەو هێزانەی لە پەراوێزی حکوومەتدا بوون، یانی بەشێک لە حکوومەت بوون بەڵام لە پەراوێزی دەسەڵاتدا بوون و پێیان دەکوترا ئیسلاح تەلەبان، ئەوان ئەو موشکیلەیان دیبوو و دەیانەویست کە ئەو مەشڕووعییەتە شکاوەی حکوومەتی چاکسازی بکەن و لە سەر ڕا دایبمەزرێننەوە بەڵام  کارێکی ئاوا کردن موشکیلاتی ئەساسی دێنا پێشێ بۆ ئەو کەسانەی کە دەسەڵاتی ئەسڵیان بە دەست بوو، یانی ئەهرومەکانی ئەسلێ دەسەڵاتیان لە ئێرانێ دا بە دەستە. بۆیە بەربەرەکانی لە نێوان ئەوانە گەیشتە ئەوە، هەر وەها سیاسەتە هەڵەکان و هەر وەتر گەمارۆکانی ئەمریکا، قەیرانی کۆرۆنای ئەوانە هەموو دەستیان دایەک و یەکتریان گرتەوە و بووە هۆی ئەوەی کە ئێران تووشی قەیرانێک بێ کە دەکرێ پێی بڵێی قەیرانی سیستێمی، قەیرانێک کە تەواوی ڕێژیمی گرتووەتەوە. ڕێژیم لە ئێرانێ بەو جێگایەی گەیشتووە و دەستی لەوەی شوشتووە کە شەرعییەتی سیاسی خۆی لە ناو جەماوەری ئێرانێ دا لە سەر ڕا ساز بکاتەوە. هەر لە سەر ئەوە ڕاوەستاوە کە نزیکەی دە، پازدە لە سەدێک لە جەماوەری ئێرانێ کە لەگەڵێتی و ئەوانە بەشەکانی ئەمنی و نیزامی و ئابووری و ئیدێئۆلۆژیکیان دە دەست دایە بتوانێ لەگەڵ ئەوانە کار بکا، بەرژەوەندی ئەوانە بپارێزێ و ئەوانە ببنە بنەمای دەسەڵات. جا بۆیە وەختێکی بەو قەرارەی گەیشتوون کە  لە قەیرانی مەشرووعییەت تێپەڕ بوون، یانی نەیانتوانیوە چارەسەری بکەن..
هەورامی: بە هاتنی ڕەئیسیش چارەسەر ناکرێ؟
وەلی: نا! بۆیە حکوومەتەکەیان یەکدەست کردووە، بەڵام یەکدەست کردنەکە بەو شێوەیە نییە کە بتوانێ یەکدەستییەکی سیاسی ستراتێژیک ساز کا، ئەوە یەکدەستییە لە سیاسەتەکانی سەرکوتکردن، سیاسەتی ئیختیناق و لە ناوبردنی ئازادی و ئەوانەیە و حکوومەتەکەی ڕەئیسی یەکدەست کردنەکەی لە ڕاستیدا یەکدەست کردنی زەبر و زەنگە. یانی ئەو مەشرووعییەتە ڕۆیشتووە و نایەتەوە.
هەورامی: باشە پێوەندی لەگەڵ دەرەوە، وڵاتانی دەرەوە گۆڕانکارییەک ڕوو دەدا، ئاماژەت بەوە دا  دەیانەوێ هێندێک پەڕوباڵی بکەن بیخەنە ژێڕ ڕکێفی خۆیان.
وەلی: بە باوەڕی من هەر ئەو جوورەی کە ڕێژیم دەستی لە پێکهێنان و سازکردنەوەی شەرعییەتی سیاسی لە ناوخۆی ئێرانێ کێشاوەتەوە، بەو قەرارەش گەیشتووە کە پێویست نییە کە سیاسەتێکی نێونەتەوەیی فەعالی هەبێ کە بتوانێ لە شانۆ و مەیدانی سیاسی نێونەتەوەییدا  وەکوو ئەیجنتێک، ئاژانسێک، عونسورێکی فەعال هەڵسوکەوت بکا. یانی ئەو ئیزۆلە بوونی ئێرانێ بەردەوام دەبێ زۆرتریش دەبێ، لە لایەکی دیکەوە بۆچوونیان بۆ تەڕەفی ڕووسیا و چینێ  زۆرتر دەبێ بەڵام نە ڕووسیا، نە چین دەتوانێ بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمێکی وەکوو ئێرانێ بە تەواوی بپارێزێ. تەنێ کاتێک دەتوانن بیپارێزن و کۆمەگی بکەن ئەوەیە کە بتوانێ بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا و چین لەبەر چاو بگرێ و ئەو بەرژەوەندییانەش شتێک نین کە بتوانن دەگەڵ بەرژەوەندی جەماوەری ئێرانێ لە درێژخایەندا یەک بگرنەوە. بۆیە لە لایەکی دیکەوە ئەو قسەیەی کە دەیکەن ئێران وەکوو کورەی شیمالی لێ بێ بۆ ئەوەی وای لێ بێ دەبێ زۆر خێراتر و توندتر لە سەر ئەو سیاسەتەی ئێستا بەردەوام بێ کە پێشگێڕەوەی سەرەکی ئەو سیاسەتە چینی ناوەندی ئێرانە و هەر وەها هێزە دێمۆکڕاتیکە ئێتنیکەکان  کە بە ڕواڵەت، دەڵێم بە ڕواڵەت لە پەراوێزی سیاسەتی ئێران دان  وەکوو کوردستان و بەلووچستان و ئەهواز و بەشێک لە ئازەربایجانێ لە ئازەرییەکان هەڵبەت ئەوە نیشان دەدا کە لە بەر ئەوەی ویستەکانی ئەوانە ویستی دێمۆکڕاتیکە  لە مەیدانی سیاسەتێکدا کە ئەو سیاسەتە لە سەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی چین و ڕووسیا لە ئێرانێ تەنزیم بکرێ جێگای نابێ. جاران هێزە ئێتنیکییەکان دەیانتوانی  بە جوورێکی لە سەر پشتیوانی جەماهیری شووڕەوی حیساب بکەن بەڵام  ئەلئان ڕووسیا، چین لە پشت حکوومەتی ئێرانن و هۆکاری ئەسڵی ئیتیلافی ئەوانە  دژایەتی لەگەڵ دێمۆکڕاسی و هەر وەها سیاسەتی تەمەرکوزتەلەبانە و  بەربەرەکانی دەگەڵ ئەمریکا و ئوڕووپایەیە.
هەورامی: چەند خولەکێکمان ماوە با ئەویش تەرخان بکەین بۆ ڕووداوەکانی شاری نەغەدەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەڵبەت کۆمەڵگای ئازاد و دێمۆکڕاتیکی کوردستان (کۆدار) یش لێدوانی داوە لە لێدوانەکەدا کۆدار جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە لەو ڕووداوە ڕێژیم سوودی فاشیستی و ڕەگەزپەرستی لێ دەبینێ، هەوڵ دەدا ناکۆکییەکان بەرفرەتر بکا، جەخت لەوە دەکاتەوە بە شێوازێک لە شێوازەکان ئەو پێکەوە ژیانە سەدان ساڵەی کورد و ئازەرییەکان یان تورکە ئازەرییەکان  وەکوو بەشێکیان پێیان خۆشە ئاوا ناویان بهێندرێ بپارێزرێ. عەبباسی وەلی چۆن لەو بارودۆخە دەڕوانێ و پێی وایە چۆن سەری هەڵدا و بە چ شێوازێک بوو کە وا تەشەنەی سەند؟

وەلی: لە وڵاتی فرە نەتەوەیی یان بە جۆرێکی دیکە فرە ئێتنیکی، بە باوەڕی من فرە نەتەوەیی بەڵام ئەو جوورەی کە لە ژورەنالیسمی ئێرانێ دا و لە سیاسەتی ئێرانیان دا دەڵێن فرە ئێتنیکی، مەسەلەی ئێتنیکی، دیواری ئێتنیکی لە نێوان دوو نەتەوان یا دوو ئێتنیکان زۆر مەسەلەیەکی حەساسە، یەکجار مەسەلەیەکی هەستیارە. ئەوە جێگای تەعەجوب نییە  کە حکوومەتی ئێران، چ حکوومەتی شای لە ڕابردوو دا و چ حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بییانەوێ لەو موشکیلەی سوود وەربگرن. ئێمە ئەوەمان لە زەمانی کۆماری کوردستاندا دیوە چۆن ناکۆکی نێوان حکوومەتی کوردستان و حکوومەتی فیرقەی دێمۆکڕات لە ئازەربایجانێ ناکۆکییەکانیان بە تایبەتی لە سەر ورمێ و خۆی و سەڵماس و ئەو دەور و بەری قوتوور و ئەوانە ئەو موشکیلاتە بوو کە حکوومەتی مەرکەزی سوودی لێ وەرگرت و هەر وەها لە ڕووی مێژووییەوە ئەوەمان دیوە کە موشکیلەی ئەساسی لەوێ پێش دەورەی مۆدێڕنتر موشکیلەی نێوان سوننی و شیعە بووە. ئەوەی کە ئەلئان بووەتە ئێتنیکی بە باوەڕی من ئەوە نیشان دەدا ئەو شتەی کە هەمیشە کوتراوە ئێتنیسیتە، هەر وا شتێکی تەبیعی و مادەرزادی و ئەو جۆرە نییە، ئەوە شتێکی سیاسییە، هووییەتێکی سیاسییە و ئەو هووییەتە سیاسییە ئەگەر هێرشی بکرێتە سەری، ئەگەر مەیدانی دەربڕینی ئازادی بە جۆرێک نەبێ دیارە زۆر بە شێوەیەکی تیژپەڕانە خۆی دەردەخا بۆیە ئەو وەزعە حەساسە، بە باوەڕی من ئێستا ئەو دیواری ئێتنیکییە لە نێوان ئەو دوو ئێتنیسیتەیە، ئەو دوو نەتەوەی کورد و تورکی ئازەربایجانی لەوێ ئەگەر ئەوە سیاسی بکرێ دەبێتە موشکیلێکی زۆر گەورە بەڵام ئەو جووری کە تا ئێستا دیتوومانە زۆربەی هێزەکانی ناوەندی، یانی هێزەکانی ناوەندی بەرەو چەپ دەڵێن چەند ئەو هەلومەرجە هەستیارە بۆیە هاتوونە مەیدانێ و دەیانەوێ هەوڵ بدەن  کە ئەو موشکیلی ئێتنیکییە نەیەتە پێشێ  وئەگەر بێتە پێشی و ئەگەر حکوومەتی جمهووری ئیسلامی بییەوێ سوود لەوەی وەرگرێ و لە جێدا پشتیوانی لە لایەنی تیژپەڕی تورکی ئازەری بکا بە دژی کۆمەڵگەی کوردی ئەوە دیارە لە ڕووی بەرژەوەندی دەوڵەتی ئێرانەوە بۆیان شتێکی باشە، بەڵام ئەمن هیوادارم کە هێزە کوردەکان هەر وەها هێزە مەدنی و سیاسییەکانی تورکی ئازەربایجانی ئەو وەزعە هەستیارەی بە باشی دەرک بکەن و حەول بدەن کە دەرفەتی ساز بوونی کێشەیەکی گەورەی سیاسی لەوێ نەدەن.
هەورامی: خۆشبەختانە هەم خەڵکی شاری نەغەدە، هەم ئەوانەی تورکی ئازەربایجانین، هەم ئەوانەی کوردن، چالاکانی مەدەنی دوو بەیاننامەیان داوە و هەر دوو بەیاننامەکان لەبەر دەستی من دان ئەوانیش  هەمان قسەی بەڕێزت دەکەن داوا دەکەن کە هەموو لایەک پێکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی ئەو پێکەوە ژیانە  بپارێزن و نەکەونە داوی سیاسەتە ڕەگەزپەرستییەکان.
وەلی: بە ڕاستیش دۆخەکە مەترسیدارە،
هەورامی: بەڕێز عەبباس وەلی بەداخەوە کاتی بەرنامەکەم تەواو بوو پسپۆڕی کۆمەڵناسی و تیوری سیاسی سپاس بۆ ئەوەی کە لێرە لەگەڵماندا بەشدار بووی. سپاس بۆ وتە بەنرخەکانت.
وەلی: ئەمنیش سپاسی ئێوە دەکەم و لە بینەران و بیسەران.هەورامی: بەڵی بینەرانی هێژا زۆر زۆر سپاسی ئێوەی ئازیزیش دەکەین، تا بەیەک گەێشتنەوەیەکی تر شەو و شەوگارێکی خۆش بۆ هەموو لایەک. 







 

No comments: