Tuesday, April 30, 2024

١٢-ی بانەمەڕی ١٣٤٧[ ٢-ی مەی ١٩٦٨] لە ساڵرڕۆژی شەهادەتی سمایل شەریفزادەو هاواڵانی دا چەند وشەیەک لە سەر گیرانی کوێخا شەریف

وێنەیەکی کەمتر دیتراوی شەهید سمایلی شەریفزادە کە لە ٣٠/ ٦/ ٣٩ [٢١-ی سێپتامبری ١٩٦٠] لە مەهاباد گیراوە

١٢-ی بانەمەڕی ١٣٤٧[ ٢-ی مەی ١٩٦٨] لە ساڵرڕۆژی شەهادەتی سمایل شەریفزادەو هاواڵانی دا
چەند وشەیەک لە سەر گیرانی کوێخا شەریف

حەسەن قازی
كوێخا شەریف یەکێک لەو خۆفرۆشانە بوو کە خیانەتی بە دەستەی پارتیزانی سمایل و هاواڵانی کرد و دوای ئەوەی بە شەو تەقەی لێکردن و یەکێک لە پێشمەرگانی بریندار کرد توانی ڕابکا و هێزەسەرکوتکەرانی ڕێژیمی شا ودەسنێژە کوردەکانی لە شوێنی حاوانەوەیان  ئاگادار کرد. بە پێی بەڵگەی ساواک  لە ڕێکەوتی پێنجشەمە ١٢- بانەمەڕی ١٣٤٧  /  ٢ – مەی  ١٩٦٨ سمایل و سێ هاوڕێی پێشمەرگەی کۆمیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران میرزا محەمەد شاتمانی، حسین رحمان ڕابی و عەلی عەوڵا کۆڵ لە بەر دزەی چەند کەسی خۆ فرۆش بۆ ناو ڕیزەکانیان، لەوانە کوێخا شەریف ساڵحیان سەرەڕای ئەوەی کە یەک لە هاوڕێیانیان لە خەو دا تەقەی لێ کرا بوو و بریندار ببوو، نزیکەی ٥ سەعات لە بەرانبەر ژمارەیەکی زۆر جاش و هێزە تایبەتییەکانی ڕێژیمی کوڕی ڕەزا خان کە ژمارەیان چەند هێندەی ئەوان بوو خۆڕاگرییان کرد. یەک لە پێشمەرگەکان عەبدوڵا کەریم زادە لەگەڵ ئەوەشدا بریندار ببوو توانی گەمارۆی دوژمن بشكێنی و خۆی ڕزگار کا و بەخۆشییەوە ئێستاش زیندوویە.
لە دوای ڕووخانی ڕێژیمی محەمەد ڕەزاشا بە پێی ئەو بەڵگەیەی کە لێرە دا دەیبینن " شووڕای ئینقیلابی ئیسلامی مەهاباد" لە ڕێکەوتی ٢١/ ٤/ ١٣٥٨ –ی هەتاوی [ ١٢-ی ژووییەی ١٩٧٩] بە ئیمزای دادئەستێنی شۆڕشی ئیسلامی مەهاباد کە ناوی " ئارمان " بووە لە بانگەوازێکی ڕەسمی دا فەرمانی گرتنی کوێخا شەریف دەردەکا. وەرگێڕانی ناوەرۆکی ئەو بەڵگەیە بە زمانی کوردی ئاوایە:
شووڕای شۆڕشی ئیسلامی مەهاباد
ژمارە ١٤٥ ، ڕێکەوتی  ٢١ / ٤/ ١٣٥٨ [ ١٢-ی ژووییەی ١٩٧٩]
بەناوی بەرزی
بەرگەی ڕاکێشانی گەڕۆک
لە لایەن دادسەرای شۆڕشی ئیسلامی شارستانی مەهابادەوە، هەڵگرانی ئەم بەرگەیە ڕادەسپێردڕین بە هەر شێوەیەک بە پێویست بزاندرێ حەول بدەن بۆ گرتنی قاتڵی شەهید سمایل شەریفزادە،ناسراو بە کوێخا شەریف کێلەشینی خەڵکی کێلەشین کە ئێستا لە دێی قەرەچەل (یا قەرەچەلان) دادەنیشێ و ناوبراو بەم دادسەرایە بناسێنن.
دادئەستێنی دادسەرای شۆڕشی  ئیسلامی مەهاباد
دادئەستێنی شۆڕشی ئیسلامی مەهاباد
ئاڕمان
ئیمزا  ٢١/ ٤/ ١٣٥٨
ئەو سەروبەندی کۆنتڕۆڵی بەشێکی زۆر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکان لە دەست حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران  و هێزەسیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ناوەندی دابوو. وەک باس دەکرێ حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران نەمر سەید ڕەسووڵی دێهقان (سەید ڕەسووڵی بابی گەورە) ڕادەسپێڕێ بۆ جێ بەجێ کردنی ئەو حوکمەی  دادسەرا تاوانبار کوێخا شەریف بگرن.حیزب دەیگرێ و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکەن.  ئەو ماوەیەی کە لەمەهاباد زیندانی دەبێ چەند کەس لە بنەماڵەی شەریفزادە و لەوانە نەمر ڕەحمان شەریفزادە لە زیندان دا دەیبینن و تەنانەت ئەو بە دیتنی کاک ڕەحمان بە لەبەر چاو گرتنی ئەوەی کە ماوەیەکی زۆر دزەی کردبووە ناو پێشمەرگەکان و لە گەڵیان ژیا بوو دەزانێ ئەوە دەبێ برای کاک سمایل بێ.
دواتر کە ئەڕتەش مەهاباد دەگرێتەوە ئەوە بۆ من ناڕوونە کە ئایا  کوێخا شەریف پێش هاتنەوەی ئەڕتەش و پاسداران بۆ ناو شار بەر دراوە یان لە زیندان ڕای کردووە. وەک باس دەکەن ئەو جار کوێخا شەریف چەکی جاشییەتی ڕێژیم هەڵدەگرێ و چەند ساڵ دواتر وەسەر مین دەپەڕێ و دەکووژرێ بێ ئەوەی سزای تاوانەکانی بکێشێ.     


 

1 comment:

Ruwange --- ڕوانگه said...

Hassan Rahmanpanah
کاک حەسەنی بەڕێز ، کوێخا شەریفی خۆفرۆش و قاتل به مینی نەناسراو نەکوژرا ؟ ناوبراو له ناوچەی "گەورک" له "میرەدئ " له سەر ڕێگای سه قز- بانه دادەنیشت و مۆڵگەی جاش و پاسداری لی بوو و کۆمەڵه چەند جار هەوڵی کوشتنی دا بەڵام بەرده ست نەدەکەوت . پاش شەر لەو ناوچه ، له "دەشتی دارئ" پێشمەرگەی کۆمەڵه له ناوچەی سەقز مینی دژه تانگ له سه ر رێگای سیارەکەی دادەنێن و ده کوژرێت. پاشان کوره گه وره که ی به ناوی عومه ر که دواتر بوو به حاجی ، جێگای باوکی گرتەوه و بوو به بەرپرسی گروهی زەربەتی میرەدئ .
هه ر بۆ ئاگاداریتان که ڕووداوی کوشتنی ئەو خائن و قاتڵه ئاوەها بوو .
شاد بن .