Friday, July 23, 2021

قەڵای قازی (چیرۆک) , خەبات ڕەسووڵی


 

قەڵای قازی (چیرۆک)
2021-07-22 by کانوونی نووسەران
خەبات ڕەسووڵی
,

منداڵێکی بچووک لە پێش پەنجەرەی ماڵێک ڕاوەستابوو و سەیری دەرێی دەکرد. سەیری شوێنی ڕوانینیم کرد. ڕێک سەیری چوارچرای دەکرد. تا ڕۆژ بووە لە بن پەنجەرەی ماڵەکە دانیشتم. لەم چەند کاتژمێرەدا گوێم لێبوو. کەسێکیان لە سێدارەدا یەک بۆخۆی دەینەڕاند و دەیگوت بژی پێشەوا ، بژی کۆماری کوردستان. زۆر جنێویشی بە شا و ژاندارمەکاندا. نەمزانی کێیە. وردە وردە ڕۆژ بووەوە و خەڵک هاتنە دەرێ و بەرەو چوارچرا وەڕێ کەوتن. لە گەڵیان وەڕێ کەوتم. لە تەرمەکان نزیک بوومەوە. لە نێو حەشیمەتەکەدا پیرە پیاوێک دڕی بە خەڵکەکەدا و هاتە پێشێ. گۆچانەکەی هەڵێنا و لە لاقی پێشەوایدا و گوتی قازی برای منت کوشت. ئەمڕۆش بۆ خۆت کوژرایەوە. کەس هیچ نەگوت. بێ دەنگ وەرسووڕا و ڕۆیشت. بوغز گەروومی گوشی. پێش هەمووان خۆم گەیاندە مزگەوت. شەهیدەکانیان شۆرد و لە مزگەوت نوێژیان لەسەر کردن. لە گەڵ خەڵکەکە بەرەو داشامەجید وەڕێ کەوتم. گۆڕەکانیان هەڵکەند. مەلا تەلقینی دادان و خەڵک بە گریان و فاتیحا خوێندنەوە وردە وردە گۆڕەکانیان بەجێهێشت. سەرم لە سەر خاکە گەرمەکەی سەر سینگی دانا و گوێم بە قەبرەکەوە نا. گوێم لە ترپەی دڵی بوو. هاوارم کرد خەڵکینە بگەڕێنەوە پێشەوا زیندووە. بە دەنگی هاوارەکەی خۆم وەخەبەر هاتم. سەیرێکی دەروبەرم کرد. لە ناو ئوتوبوسی کاستامۆنۆ- ئانکارا دام. دیاکۆی هاوڕێم لە پەنام خەوی لێکەوتووە و سەری کەوتووەتە سەر شانم. شادیمانم هێنا. بیرم لە خەوەکەم کردەوە. سەیری دەرەوەم کرد. خەریکە ڕۆژ دەبێتەوە. لە بن لێومەوە گوتم خوایە بە خێری بگێڕی.
بەیانی زوو لە گەڵ دیاکۆ لە ترمیناڵی ئاشتی ئانکارا دابەزین و لە ناو ترمیناڵدا نزیک دوو کاتژمێر خۆمان خافڵاند تا کاتی کردنەوەی ئیدارەکان بێ و سواری تاکسی بین و بچین بۆ یوئێن و من ناونووسی بکەم. لە بەردەرکەی ترمیناڵ لانیکەم بیست تاکسی چاوەڕێی موسافیر بوون. دیاکۆ بە تورکی لە گەڵ یەکیان معامەلەی کرد. کابرا گوتی: بە سەت لیرە دەتانبەم. دیاکۆ لەو دوورکەوتەوە و لە گەڵ دوو شۆفیری دیکە خەریکی مەعامەلە کردن بووەوە. پیاوێکی زگ زلی کورتە باڵای ڕەشتاڵەی سەرڕووت، چاویلکەیەکی ڕەشی بە چاوەوە بوو، لێم هاتە پێشێ و بە کوردی گوتی: منیش دەچم بۆ یوئێن، با بە شەریکی پوڵی تاکسییەکە بدەین. سەیری ڕووخساریم کرد. سمێڵی نیوەی دەموچاوی داپۆشیبوو. لەبەر چاویلکە ڕەشەکەشی چاویم نەدەبینی و نەم دەتوانی بزانم کێیە و بۆ هاوسەفەربوون دەبێ، یان نا؟ چەند چرکە بێ ئەوەی وەڵامی بدەمەوە هەروا بێ دەنگ سەیرم کرد. گوتی: خۆ نامکڕی بۆوا سەیرم دەکەی؟ ڕێگای قەندەهاریش نییە، دوو شەقامە بۆ هەردوو لامان هەرزانتر تەواو دەبێ. ئێوە بە دوو کەس پەنجا لیرە دەدەن و منیش بە تەنیا پەنجا لیرە دەدەم. ئیتر ئەم هەموو بیر لێ کردنەوەیەی بۆ چیە؟
وەک لە خەو ڕاچڵەکیبێم، جووڵەیەکم کرد و چووم قۆڵی دیاکۆم گرت و قسەی کابرام بۆ گێڕاوە. ئەویش بە دردۆنگییەوە سەیرێکی کابرای کرد و سەرەنجام بە ناچاری ڕازی بوو و سێ نەفەری سواری تاکسییەک بووین. کابرا لە پەنا شۆفیرەکە لە پێشەوە دانیشت و ئێمەش لە دواوە. شۆفیرەکە لە ئاوێنەوە سەیرێکی دیاکۆی کرد و پرسی هەر ئەم سێ کەسەن؟ دیاکۆ بە لەقە لەق خەریک بوو بە تورکی بڵێ بەڵێ هەر ئەم سێ کەسەین. کابرا وەپێش دیاکۆ کەوت و بە تورکییەکی ڕەوان گوتی: بەڵێ هەر ئەم سێ کەسەین، تکایە وەڕێ بکەوە. شۆفیرەکە بە خۆشحاڵییەوە ڕووی لە کابرا کرد و گوتی: شوکور تۆ تورکی؟
کابرا گوتی: مرۆڤم. شۆفیرەکە وەک بڵێی بەو وەڵامە ڕازی نییە. دیسان گوتی: باشە هەموومان مرۆڤین، بەڵام نەتەوەکەت چیە؟ تورکی، عەرەبی، فارسی؟ کابرا دەستی هەڵێنا و دەسکی سەرەوەی دەرکەکەی گرت و ڕووی وەرگێڕا و سەیری شۆفیرەکەی کرد و گوتی: هەموو زمانێک دەزانم.
دیاکۆ هەڵیدایە و گوتی: مامە مەترسە ئێمەت لە گەڵین بڵێ کوردم. شۆفیرەکە بە لالوتێکەوە گوتی: کوردی؟ کابرا گوتی: کوردیش دەزانم. هەروەک گوتم هەموو زمانەکانی ئەم دنیایە دەزانم. چاوێکم لە دیاکۆ کرد و تێمگەیاند وازی لێ بێنێ. شۆفیرەکەش چیتر قسەی نەکرد. گەیشتینە بەردەرکەی یوئێن بینیمان قیامەتە. دڵمان خۆش بوو زوو هاتووین، کەچی لانیکەم سەت کەس لە سڕە دابوون. لە گەڵ کابرا چووینە ناو ڕیزەوە ڕاوەستاین. کاتژمێر دە نۆرەمان هات و چووینە ژوورێ. بەڵام لەم ماوەیەدا ئاگام لێ بوو کابرا لە گەڵ عەرەبێک بە عەرەبی باسی شەڕی سووریەی دەکرد. منداڵێکی فارسیش کەوت کابرا بە پەلە گەیشتە سەری و هەڵیستاندەوە. دایکی هات و سپاسی کابرای کرد و کابرا بە فارسییەکی ڕەوان وەڵامی دایەوە. حەزێکی شێتانە مێشکمی ختیلکە دەدا لێی نزیک بمەوە. لە نێو هۆڵی بینای یوئێندا لە سەر کورسییەکی پەنای دانیشتم. دیاکۆش لە پەنامان ڕاوەستا. هۆڵەکە ژێرزەمینێکی قووڵ و پێچەڵاوپێچ بوو. خەڵکێکی زۆریان تێ ئاخنی بوو. هەناسەکێشان تێیدا زەحمەت بوو. باش بوو ئەو کات هێشتا نەخۆشی کۆرۆنا بڵاو نەببۆوە، دەنا کەس بە سڵامەت قوتار نەدەبوو.
چارەگێک دەبوو دانیشتبووین، کابرا وەرسووڕا و گوتی: حەز دەکەی بمناسی؟ گوتم: بەڵێ. گوتی: بەڵام ناسینی من زەرەری پترە لە قازانج. پێکەنیم گوتم: خێرە؟ بۆ جەنابت کێی؟ گوتی: گرینگ نییە جەنابم کێم. گرینگ ئەوەیە من لەم حەوتوویەدا لە ئانکارا دەکوژرێم و پاش مەرگیشم ئەو کەسانەی لە گەڵ من لە پێوەندیدا بوون تووشی کێشە دەبن. دەمزانی لە خۆڕا واناڵێ و درۆ ناکات. گوتم: کێ دەتکوژێ؟ گوتی: تورکەکان. گوتم: بۆ دەتکوژن؟ گوتی: چونکە تێدەگەن من کێم. گوتم: بۆ تۆ کێی؟ گوتی: من ئەو کەسەم ڕوحی خۆم بە شەیتان فرۆشتووە. دیاکۆ قاقایەکی کێشا و گوتی: فیلمی هیندییە. کابرا وەک بیەوێ هێزی خۆیمان نیشان بدات گوتی: چوار ساڵە لە تورکیەی و قبوڵیشت هەیە، بەڵام با پێت بڵێم یوئێن قەت بەڕێت ناکات، ساڵی داهاتوو ئەم حەلانە ناچار دەبی ملی ڕێگەی قاچاخ بگرییەبەر و بڕۆی. بەڵام مەترسە بە سڵامەتی دەگەیەی. لێ مخابن پێنج ساڵ لەوێش چاوەڕوانی وەڵام وەرگرتنەوە و قبوڵی دەبی.
دیاکۆ تفی نێو زاری قووتدا و لە جێی خۆی ویشک بوو. کابرا سەیرێکی چاوە حەپەساوەکانی منی کرد و گوتی: تۆش قبوڵ دەبی، بەڵام یوئێن تۆش بەڕێ ناکات. پاش نزیک شەش ساڵ چاوەڕوانی بە ڕێگەیەکی دیکە دەگەیە ئورووپا.
دیاکۆ بە لاڵە لاڵ گوتی: هەر دەتوانی نێو دڵی مرۆڤەکان بخوێنییەوە و داهاتوویان ببینی، یان کاری دیکەشت لە دەست دێ؟ بۆ نموونە دەتوانی بانگی ڕوحانەتەکان بکەی؟
کابرا گوتی: دەتەوێ لە گەڵ ڕوحی باوکت قسە بکەی؟ دیاکۆ وەک بەرق گرتبێتی وەلەرزە لەرز کەوت و ڕەنگ بە ڕوویەوە نەما و سپی هەڵگەڕا. کابرا گوتی: پاش نیوەڕۆ وەرنە ئەم پارکەی بەرانبەر یوئێن. گوتم: من دەمەوێ لە گەڵ ڕوحانەتی کەسێکی دیکە بدوێم. گوتی: قازی محەمەد؟ بێ ویستی خۆم لەسەر کورسییەکە هەستام و واق وڕماو سەیری ئەم کابرا سەیروسەمەرەیەم کرد. ئەفغانییەک کە دیار بوو کارمەندی یوئێنە نەڕاندی: سەلیمی جەوهەری. کابرا هەستا سەر پێ و گوتی: بەڵێ. ئەفغانییەکە بە دەست ئاماژەی پێ کرد و گوتی: بەدوامدا وەرە.
2
دیاکۆ گوتی: دەزانم چۆن بانگی ڕوح دەکات. کارێکی ئاسانە و پێشتر بیستوومە. ئەم کارە لە بەشە ناوخۆییەکانی ئێران زۆر باو بوو. کاغەزێک دێنێت، لەسەرەوە وێنەی دەرکەیەکی چینی دەکێشێتەوە، لە لای ڕاستی دەنووسێ بەڵێ و لە لای چەپی دەنووسێ نا. لە بنەوە لە سیفرەوە تا نۆ دەنووسێ و لە بن ژمارەکانیش پیتەکانی ئەلفوبێ دەنووسێ. پاشان پارەیەکی ئاسن لە سەر دەرکە چینییەکە دادەنێ. دوو کەس نووکی قامکیان دەخەنە سەر پارە ئاسنەکە. دوعایەک دەخوێنێ و داوا لە شەیتان دەکات یارمەتی بدات. پاشان بانگی ڕوحانەتی کەسە ویستراوەکە دەکات. ئەگەر ڕوحەکە بیەوێ قسە بکات پارەکە وەرێ دەکەوێت و دەچێتە سەر بەڵێ. ئەگەر نەیەوێ قسە بکات دەچێتە سەر نایەکە. دواتر ئەگەر قسە بکات بە یارمەتی ژمارەکان و پیتەکان وەڵام دەداتەوە و پارەکە دەچێتە سەر پیت و ژمارەکان. لە کۆتایشدا دەبێ داوا لە ڕوحانەتەکە بکەی بڕوات و شوێنەکە بە جێهێڵێت. کوڕێک دەیگوت لە زانکۆی ئیسفەهان بانگی روحی خومەینیان کردبوو، دواتر ڕوحەکە نەدەڕۆیشت و مابووەوە، دەیگوت بینای زانکۆکە دەلەرییەوە. بە هەزار ڕجا و پاڕانەوە گەڕاوە ئەو دنیا. ئەگەر ئەم مام سەلیمەش ئەوە بکات هیچ نییە. دڵتی پێ خۆش مەکە. ئەویش کەسێکی وەکو قازی محەمەد زۆربەی خەڵک ژیاننامەکەی دەزانن. بۆ خۆی لەجیاتی ئەو وەڵامت دەداتەوە. دەنا ئەگەر ڕاست دەکات خۆ باوکی من ناناسێ با سەرەتا ڕوحی باوکم بانگ بکات، دەی بزانم ئەم قەلەیە مام جەلال بیخوات؟
گوتم: دیاکۆ سەبر قسە بکە ئەوە وردە وردە بەرەو لامان دێت. دیاکۆ سەری هەڵێنا و سەیری لای دەرکەی یوئێنی کرد. خۆرەتاوی پاش نیوەڕۆی هاوین هێشتا هێندە بە هێزبوو کە دیاکۆ نەتوانێ چاوی لەبەر هەڵێنێ و تەنیا ڕەشاییەکی بینی. ناچار دەستی کردە کەپری چاوی و دووبارە سەیری مام سەلیمی کردەوە. مام سەلیم سەبر سەبر لێمان نزیک بووەوە و بێ دەنگ لەپەنا ئێمە لە سەر چیمەنی پارکەکە دانیشت. گوتم: چیان پێ گوتی و بۆ کامە شاریان هەڵداشتی؟
گوتی: ئێوە بۆ چ شارێک نێردراون؟
دیاکۆ گوتی: مەگەر ناڵێی زەینی خەڵک دەخوێنمەوە؟ دەی بۆ خۆت بزانە؟
سەلیم بزەیەکی کرد و گوتی: چوار ساڵە لە کاستامۆنۆ دەژی و هاوڕێکەشت هەر دراوە بەوێ، بەڵام ئەگەر من بەردەوام مێشکی خەڵکی بخوێنمەوە، نابێ قەت قسە بکەم و قسەم بۆ بکەن.
دیاکۆ بە مۆنییەوە گوتی: دەی باشە تۆیان داوە بە کوێ؟
گوتی: نەیاندام بە هیچ کوێ. گوتیان لە ئانکارا بمێنەوە و لە پێش چاومان دوور مەکەوە کارمان پێتە. ئێوە گەنجن تێناگەن ، ئەوانە هەروا سووک و ئاسان لە یەکی وەک من خۆش نابن. کاریان پێمە ولە کۆتایی ئەم حەوتوویەشدا دەمکوژن.
گوتم: باشە تۆ بۆ هاتییە بەردەستیان؟ بۆ ڕاناکەی؟ بۆ لێرەی؟
سەلیم چاویلکەکەی لەسەر چاوی لابرد. چاوە ڕەش و برۆ پڕەکەیمان بۆ یەکەمجار بوو دەبینی. قاقا پێکەنی. وا پێکەنی ددانە سپییەکانی وەدیار کەوتن و چاوەکانی هێندە بچووک بوونەوە دیار نەمان. گوتی: لە تەمەن درێژی بێزار بووم و لە پاش هەزار و چوار سەت ساڵ هاتووم لێرە بمرم.
سەیرێکی دیاکۆم کرد. دەمی داپچڕیبوو و بە سەرسووڕمانەوە سەیری سەلیمی دەکرد. ناحەقی نەبوو. ئەم پیاوە دەڵێ چی؟ بە گەوجمان دەزانێ، یان بە ڕاستێتی؟ هەرسێکمان چەند چرکەیەک سەیری یەکترمان کرد. لەپڕ سەلیم وەک شتێکی وەبیر بێتەوە گوتی: کوڕەکان من کاتم کەمە کاتژمێر شەشی ئەمڕۆ میتی تورکیە دەستبەسەرم دەکەن. واتە سێ کاتژمێرمان کات هەیە. مەپرسن بۆ دەمەوێ هاوکاریتان بکەم، مەپرسن من کێم و لە ژیانمدا چیم کردووە و بۆ لێرەم؟ تا کەمتر بزانن کەمترتان تێهەڵدەدەن. کاتژمێر چواری سبەی بەیانی میتی تورکیە دەڕژێنە ماڵەکەتان و ئێوەش دەگیرێن. ئەو کات بۆ هەر وشەیەک کە لەسەر من دەیزانن نینۆکێکتان هەڵدەکێشن. بۆیە مەمنوون دەبن کە هیچم پێ نەگوتوون. دیاکۆ بە پەلە هەستا سەر پێ و گوتی: کە وایە هەر ئێستاش تۆ گیانی ئێمەت خستووەتە مەترسییەوە. سەلیم پێکەنی و گوتی: پێم وابوو تۆ بووی دەتەویست لە گەڵ ڕوحی باوکت قسە بکەی؟ دیاکۆ گوتی: کوڕە گوم خوارد لە گەڵ جەدو ئابادم. ئەوەی لە تۆ دوور بێ لە خودا نزیکە. پاشان ڕووی لە من کرد وگوتی: هەستە با بڕۆین و لەم بەچکە شەیتانە دوور کەوینەوە.
گوتم: دیاکۆ دڵنیابە ئەوان هەر ئێستاش ئێمەیان خستووەتە ژێر چاوەدێرییەوە. یانی ترشمان بێ و شیرینمان بێ شەقەکانمان مسۆگەرە. مادام وایە با درێژە بە قسەکانمان بدەین. دیاکۆ چۆکەکانی شل بوون و هێواش خووشییە سەر ئەرزی و ڕۆنیشت. دانیشتنەکەی پتر لە لەسەرخۆ چوون دەچوو تا دانیشتن.
گوتم : مام سەلیم سەرەتا باوکی دیاکۆمان بۆ بانگ بکە. دیاکۆ وەک ژنێکی تازییەبار کە تازە هەواڵی کۆستەکەیان پێ داوە و بڕستی لێ بڕاوە و ناتوانێت قسە بکات. وەک بڵێی مێشێک لە خۆی دوور دەخاتەوە دەستی لە حەوا ڕاوەشاند و ناڵەیەک لە گەرووی هاتە دەرێ و گوتی: من نامەوێ.
سەلیم گوتی: زۆر باشە کێشە نییە ناتەوێ نەتەوێ، مۆبایلەکەت دەربێنە و لەسەر ئەرزی دانێ. دیاکۆ بە لەرزە لەرز موبایلەکەی دەرهێنا. سەلیم ڕووی کردە من و گوتی: بە ژمارەی خۆت زەنگێک بۆ موبایلەکەی لێدە. موبایلەکەم دەرهێنا. بە ترسەوە لە ناوی دیاکۆ گەڕام و دۆزیمەوە. پێش ئەوەی زەنگ لێدەم دیسان سەیری هەردوکیانم کردەوە. سەلیم زۆر بڕوا بەخۆ بەچاو ئاماژەی پێ کردم زەنگ لێدەم. بەڵام دیاکۆ دەتگوت شەپڵە لێیداوە. نەرم نەرم دەلەرزی. قامکم خستە سەر وێنەی تەلەفونەکە و فشارمدا. چەند چرکە دواتر تەلەفونەکەی دیاکۆ دەستی بە زڕە زڕ کرد و زەنگی بۆ چوو. دیاکۆ بە کاوەخۆ دەستی برد وەڵام بداتەوە، بەڵام هێشتا دەستی نەگەیشتبووە تەلەفونەکە، لەمبەری هێڵەوە کەسێک هەڵیگرت و گوتی: ئەلۆ.
بە دەنگێکی نووساوەوە گوتم : ئەلۆ سڵاو زەحمەت نەبێ لەگەڵ کێ قسە دەکەم؟
کەسەکە وەڵامی داوە من قازی محەمەدم. فەرموو.
3
گوتم: خۆشحاڵم گوێم لە دەنگت دەبێ و پێم وایە گەورەترین شانازییەکە کە بە نەسیبم بووە.
پێشەوا: سپاس ، بەڵام وانییە منیش مرۆڤێکی وەک تۆ بووم و شتێکی سەیروسەمەرە ڕووینەداوە. تەنیا جیاوازی من و تۆ، جیاوازی سەردەمی ژیانمانە، دەنا تۆش دەتوانی قازی محەمەدێک بی و ئەوەی لە دەستت دێ بۆ گەلەکەت و بۆ مرۆڤایەتی بیکەی.
گوتم: لە پاش تۆ کەسی وامان نەبووە کە هەموو لایەک قبوڵیان بێ و ڕێزی بگرن. ئەوە بووە هۆی ئەوەی قەت یەک دەنگ نەبین و بەردەوام پرشوبڵاو بین. خوزگە وەک پیشەوەری تۆش ڕۆیشتبوایەی.
پێشەوا: ئێمە بە پێی ئیمکاناتی سەردەمی خۆمان ئاگامان لە هەواڵەکانی تەورێز بوو. ئەگەر من ڕۆیشتبوایەم ئەوەی لە ئازەربایجان ڕوویدا لە کوردستانیش ڕوویدەدا، بۆیە فیداکردنی گیانی من لە بەرانبەر پاراستنی گیانی خەڵکیدا، کەمترین کارێک بوو کە دەمتوانی بیکەم. سەبارەت بە خۆشویستنی هەمووانیش وانەبوو و وانییە. نە ئەو کات هەموو منیان خۆش دەویست، نە ئێستا مابوایەم هەموو منیان خۆش دەویست. ئەوە تایبەتمەندی مرۆڤە کە ناتوانێ بە دڵی هەمووان بێت. لە بنەڕەتدا کەسێک کە هەمووان قبوڵیان بێ لە دایک نەبووە. بەڵام لەوانەیە زۆرینە کەسێکیان زیاتر بە دڵ بێ و کەمینەیەک قبوڵیان نەبێت. گرینگ ئەوەیە ئێوەش پشتی کەسە باشەکانی سەردەمی خۆتان بگرن و یارمەتیان بدەن.
گوتم: من ئێستا کەسم پێ شک نایەت کە بتوانێ ڕۆڵی سەرکردەیەکی مەزن بگێڕێت، هەموو سەرۆکی حیزبی خۆیانن.
پێشەوا: دەی منیش سەرۆکی حیزبی خۆم بووم، بەڵام گرینگ ئەوەیە لە هەڵسووکەوتدا نەتەوەیی بیر بکەیەوە و نەتەوەیی کار بکەی. سەرۆکی حیزب بوون گرفت دروست ناکات.
گوتم: بەڵام واناکەن، بەرژەوەندی خۆیان و حیزبەکانیان خستووەتە سەرەوەی بەرژەوەندی گەلەوە.
پێشەوا: (بێ دەنگە)
گوتم: جەنابی پێشەوا من دەمەوێ لە گەڵ شەیتان مەعامەلە بکەم. دەمەوێ لە بەرانبەر زیندووکردنەوەی جەنابتدا ڕوحی خۆمی پێ بفرۆشم.
پێشەوا: قەت شتی وامەکە. من تەمەنی خۆم کردووە و ئەوەی ئەرکی سەرشانم بوو ئەنجامم داوە و ئێستا نۆرەی ئێوەیە، ئێوەش دەبێ ڕۆڵەی سەردەمی خۆتان بن و ئەوەی لە دەستتان دێت دریغی نەکەن. زیندوو بوونەوەی من هیچ شتێک ناگۆڕێت. ئەلۆ…. ئەلۆ ؟
نا …نامەوی پەشیمانم بکاتەوە. من دەزانم تەنیا ڕێگەیەک کە هەمانە ئەوەیە کە پێشەوا زیندوو بێتەوە و ئەرکی ڕێبەرایەتی وەئەستۆ بگرێ و ئەم گەلە سەرلێشێواوە بگەیەنێتە ئارامی و حەسانەوە. ئەو ئێمەی فێر کرد کە گیانێک لە پێناو گەلدا هیچ بایەخێکی نییە و ئێستاش نۆرەی منە. بە سەلیمی جەوهەریم گوت: گوێت لێبوو؟ من دەمەوێ لە گەڵ شەیتان معامەلە بکەم. پێم بڵێ دەبێ چی بکەم؟
سەلیم گوتی: وادیارە تۆش بە قەت من گێل و گەمژەی. من هەزار و چوارسەت ساڵ لەوەپێش ئەم معامەلەیەم لە گەڵ شەیتان کرد، ئێستا هاتووم بمکوژن بەڵکوو لەم معامەلەیە ڕزگارم بێت، تۆ تازە بە تازە دەتەوێ کارێکی ئاوا بکەی؟ پەکوو خوایە کەر چەند زۆرە.
گوتم : تکایە جارێ خۆت بەدەستەوە مەدە من کارم پێتە. لانیکەم حەوتوویەک درەنگتر ئەم کارە بکە.
سەلیم کەمێک لە چیمەنەکە ڕاما و گوتی: باشە، بەڵام منیش مەرجی خۆم هەیە.
گوتم مەرجەکەت چیە؟
گوتی: من لە مێژە لە ژیانی ئاسایی دابڕاوم دەمەوێ حەوتووی دوایی تەمەنم وەک کەسێکی ئاسایی بژیم.
دیاکۆ گوتی: خەمت نەبێ بێیە کاستامۆنۆ هێندە ئاسایی دەژی بۆ خۆت وەڕەز بی.
سەلیم دەستی هەڵێنا و وەک بە بەری دەستی هەڵمی شووشەیەک پاک بکاتەوە، دەستی بە بۆشاییەکەدا هێنا.
گوتم : ئەوە چت کرد؟
گوتی: بۆ ئەوەی بتوانم لە گەڵ ئێوە بێم، ئەمڕۆم لە مێژوودا پاک کردەوە.
بە نیگەرانییەوە گوتم: یانی دەبێ من جارێکی دیکە بێمەوە لە یوئێن و ناونووسی بکەم؟
پێکەنی گوتی: مەگەر ناڵێی لە قازی محەمەدەوە فێر بووی خۆت فیدا بکەی؟ دەی ئەوەش بەشێکە لە خۆ فیداکردنەکەت. حەوتووی داهاتوو وەرەوە و ناوت دیسان بنووسەوە.
بە ناقایلی گوتم: باشە بەڵام من ئەمڕۆ زۆرم پارە چوو. بڕێک دەستم کورتە دووپات کردنەوەی ئەمە گوشارم بۆ دروست دەکات.
سەلیم گوتی: دەڵێم ئەمڕۆم پاک کردووەتەوە، یانی چی؟ یانی ئەوەی خەرجت کردووە هاتووەتەوە ناو گیرفانت و تۆ نەچووی بۆ ئانکارا.
دیاکۆ بە سەرسووڕمانەوە تێیکوتام و گوتی: سەیری دەوروبەرت بکە، لە کیشلا پارکی کاستامۆنۆین. چۆن هاتینەوە؟ بە ترسەوە لە سەلیمی ڕوانی.
سەلیم گوتی: مەترسە، ئەمە بەشێکە لە مەعامەلەکە. دەبێ ئەمشەو مەعامەلەکەمان بنووسین و ئیمزای بکەین، ئەڵبەت ئەو مەعامەلەیە لە گەڵ من نییە. مەعامەلەیەکە لە نێوان جەنابی ئیبلیس و ئەم بەڕێزەدایە. ئێستاش هەستن با بڕۆینەوە ماڵێ، زۆرم برسییە و قەرارەکەمان هەر لە ئێستاڕا دەستی پێکردووە.
4
هەوا تاریک ببوو کە گەیشتینە بن قەڵا. ماڵەکەی دیاکۆ یەکێک لە خانووە کۆنەکانی گەڕەکی قەڵا بوو. سەربانەکەی شیروانی بوو. دیواری پشتەوەی ماڵەکە پاڵی بە گڵی ژێرپێی قەڵاوەدا دابوو. دیوارەکان تەڕی گڵەکەیان مژتبوو و لە نێو ماڵەکە بۆنی نم و ڕتووبەت هەوایەکی قورسی چێ کردبوو. ماڵەکە بریتی بوو لە دوو دیو و چێشتخانە و حەمام و ئاودەستێک. هەموو ژوورەکان دەهاتنەوە سەر پێشخانەیەکی بچووک. بە هەموو ژوورەکان دوو پەنجەرەیان هەبوو. حەمام و ئاودەستەکەش دەربیجەی بچووکیان تێگیرابوو. دەرکەی دەرێ و ژوورێ گشتیان دار بوون. دەرکەکان سەردەمی عوسمانیان لەبیر مابوو و تێپەڕینی کات بێ ڕەنگ و هێزی کردبوون و لە نێوەوە کلۆر و کرمۆڵ ببوون.
سەلیم گوتی: دوو سەت ساڵ لەوەپێش هاتمە کاستامۆنۆ. ئەو کات گوندێکی بچووک بوو.ئێرە زۆر گۆڕاوە.
شەوێ نانمان خوارد و هەرکەسەی خۆی بە شتێکەوە خافڵاند.مام سەلیم لە سەر تەختەکەی دیاکۆ قنگەوتلوور کەوتبوو و سەیری دیوارەکەی بەرانبەری دەکرد و زوو زوو باوێشکی دەدا. دیاکۆش لە دیوەکەیتر خەریکی چەت کردن لە گەڵ کچێک بوو.
گوتم: سەلیم بەگ کەی شەیتان ببینم؟
سەری خوراند و منجە منجێکی کرد و هیچی نەگوت.
بە قەڵسییەوە لێم دووپات کردەوە قەرارمان ئەمشەو بوو خاڵۆ.
گوتی: باشە. هەستە بچۆ پێش ئەو ئاوێنەیە ڕاوەستە.
سەیری دیوارەکەم کرد. ئاوێنەیەکی پەنجا سانت لە سی سانتی هەڵواسرابوو. دەوری ئاوێنەکە پلاستیکێکی شینی کاڵ بوو.
بە دوو دڵی و ڕاڕاییەوە هەستامە سەر پێ و لە ئاوێنەکە نزیک بوومەوە و بەرانبەری وەستام.
خۆمم بینی و هیچیتر. گوتم: کوا شەیتان؟
سەلیم گوتی: سەیری بکە. لە خۆم ورد بوومەوە. لەپڕ ئاوێنەکە لێک ڕەوییەوە و بە قەت ژوورێکی لێ هات. من لە نێوەڕاستی ژوورەکەدا بە پێوە ڕاوەستابووم. دەوران دەورم ئاوێنە بوو. لە هەموویاندا خۆمم دەبینی. سەلیمیش لەوێ بوو. لە سووچێک چوارمەشقی دانیشتبوو. زگە زلەکەی کەوتبووە سەر ڕانی و بە هێمنی دەنگی هەناسە هەڵکێشانی دەبیسترا.ترسام. ویستم بڵێم بیسمیلاهی ڕەحمانی ڕەحیم. لە ناکاو گرمە گرمێکی سەیر دەستی پێ کرد دەتگوت تاوەرێکی گەورە خەریکە تێک دەقرمێ و بەسەرمدا دەڕژێتە خوارێ. لە ترسان گوتم بیسمیلاهی ڕەحمانی ڕەحیم. بەڵام هیچ شتێک نەگۆڕدرا. وردە وردە دەنگەکە تەواو بوو. بینیم ئاوێنەکان سوورهەڵگەڕان و دڵۆپ دڵۆپ خوێنیان لەبەر دەڕۆیشت. خوڕە خوڕی خوینبەربوونەکە وەک دەهۆڵ لە مێشکمدا دەنگی دەداوە. خوێنەکە هێدی هێدی زیاد بوو و تا گوێزینگی لاقم هات. مام سەلیم لە نێو ئەم خوێن و خوڕەدا دانیشتبوو. لەپڕ ئاوێنەی بەرانبەرم درەوشاوە و دەتگوت تاو تێیدا هەڵهات و کراوە و پیاوێکی نورانی هاتە ژوورێ. لە گەڵ هاتنە ژوورەوەی سەلیم قرچە پێ لەبەری هەستا و دەستەونەزەر ڕاوەستا.
پیاوەکە هێندە بە هەیبەت بوو. چۆکەکانم لەرزین و لە تاوان دانیشتم. نەمزانی بۆ وا دەکەم، بەڵام نەخوازراوانە سوژدەم بۆ برد و سەرم تا نزیک شەپۆلی خوێنەکان دانەواند. پاش چەند چرکە بێ دەنگی، شەیتان بە دەنگێکی پڕ و تەژی لە هێز و متمانە بەخۆ بوونەوە گوتی: هەستە سەر پێ.
دەستم خستە سەر چۆکم و هەوڵمدا پێش بە لەرزە لەرزەکەی بگرم. هەر چۆنێک بوو قیت بوومەوە و ڕاوەستام. سەرم ڕێک تا سەرەوەی نێوکی شەیتان دەهات. سەرم هەڵێنا. جلێکی سپی لەبەردابوو. چاوی دەتگوت مروارییە و دەدرەوشێتەوە، ڕدێن و پرچی سپی بوون. لووتی تەواو قەپۆز بەرانی بوو. بەڵام چاوی لای چەپی کوێر بوو. زانیم ئەم چاویەتی کە دەڵێن کاتی خۆی عومەری کوڕی خەتاب کوێری کردووە.
گوتی: بۆ دەتەویست بمبینی؟
گوتم: بینینی جەنابت لەبەرخۆم نییە، لە پێناو گەلەکەمدا دەمەویست بتبینم.
5
شەیتان: بۆ من هەموو گەلان وەکو یەکن. لە ڕوانگەی منەوە دنیا لە پاش شەڕی من و ڕەحمان دوو بەرەیە. بەرەیەک ئەوانەن کە لەگەڵ ویستی ڕەحمانن و دەیانەوێ ئەو ڕازی بکەن و بەرەکەیتر ئەوانەن کە بە دڵی خۆیان دەژین و خواست و ویستی خۆیان پێ لە هەموو شتێک گرنگترە. من سەرکردەی بەرەی دووەمم، من مزگێنی هێنەری ئازادی مرۆڤم.
گوتم: زۆر باشە ، بەڵام من نامەوێ خۆم تێکەڵی ئەم شەڕە بکەم. من دەمەوێ ساڵێک قازی محەمەد بێنییەوە سەر دنیا و ببێتە ڕێبەرمان و لە دەوری ئەو کۆ ببینەوە.
بێ دەنگ بوو. لەپڕ قەڵافەتی بچووک بووەوە و بە قەت منی لێهات. ئەمجارە زۆر جوانتر دەمبینی. پێشتر زەینم نەدابویە لەسەر سەری دوو شاخ بوون. دوو شاخی وەک شاخی بەران. شاخەکان بۆ پشتەوە چووبوون. لە جیاتی لاقیش سمی هەبوو. هەنووکە کلکیشیم دەبینی. کلکێکی ڕەش لە پشتەوە قەفی خواردبۆوە و لە لاقی هاڵابوو.
دەستە تووکنەکانی خستە سەر شانم و سەری لە دموچاوم نزیک کردەوە و گوتی: چەند میلیارد ساڵی تەمەنم لە پێناو ئازادی مرۆڤەکاندا داناوە و دژی ڕەحمان و بەرەکەی ڕاساوم. ئێستە تۆ چۆن دەتوانی داوای ئەوەم لێ بکەی یەکێک لە لایەنگرانی ڕەحمان زیندوو کەمەوە؟ کەسێک کە خۆی بە دوژمنی من دەزانێ؟
گوتم: دڵنیابە ئەویش لەم باسانە دوورە. ئەو ڕێبەری حیزبێکی ئایینی نییە. ئەو ئەگەر زیندووش بێتەوە کەسێکی سێکۆلارە.
شەیتان پێکەنی و گوتی: من و ڕەحمان دوو ڕووی دراوێکین، لە یەک پێکهاتە و بیچم و ڕەگەزین و تا هەتایە هیچمان یەکترمان پێ لە ناونابردرێ. ئێمە ئاگامان لە ترپە ترپی دڵتانە، کەچی تۆ دەتەوێ فێڵم لێ بکەی و مەلایەکم لێ بکەیە شۆڕشگێڕێک؟ دەبێ گەرەنتی بکەی دژم ناوەستێتەوە.
بە پەلە تاڵێک لە سمێڵم لێ کردەوە و بەرەوئەوم ڕاداشت. دەستی درێژ کرد و وەریگرت و خستییە نێو سمێڵی خۆیەوە. تاڵەکە شین بۆوە. تاڵێکی ڕەش لە نێو ملیۆنان تاڵی سپیدا.
دەستێکی بە سمێڵیدا هێنا و بەدەنگێکی نزم گوتی: ئەڵبەت من بەرهەمی ناسپاسی خاوەنەکەم بووم. لە ناکاو دەنگی هەڵێنا و نەڕاندی خاوەنی من …. خاوەنی من… نا من خاوەنم نییە. من بوونەوەرێکی یاخی و ئازادم. چێژ دەبینم لە شکاندن و بەزاندنی سنوورەکان.
دیسان دەنگی نزمتر کردەوە و گوتی: مخابن من ناتوانم کەس زیندوو کەمەوە. لەپڕ وەرسووڕا و پشتی تێکردم و ڕووی کردە ئاوێنەکە. لە ئاوێنەکەدا بینیم لووتی هەڵقرچاند. وەک بێزی هەستابێ گوتی: زیندوو کردنەوە کاری ڕەحمانە.
بۆ چەند چرکە بێ دەنگ بوو. پاشان وەک زارۆکێک هەیەجان گرتی و بە پەلە گوتی: بەڵام توانام هەیە لە کاتدا سەفەرتان پێ بکەم. دەتوانم تۆ بەرمە سەردەمی دایناسۆرەکان. یان قازی محەمەد بێنمە ئێستا. پێت چۆنە؟ چاکە؟ ها ها بڵێ چاکە دەی، دەی مرۆڤی دۆڕاوی دەستی ڕەحمان، بڵێ چاکە دەی.
گوتم: چاکە بەڵام قازی بێتە سەردەمی ئێمە هێڵی مێژوو تێک دەچێ. کورد لەوەی هەشە ماڵ وێرانتر دەبێ. قازی ئێستا هێمایە، لە سێدارە نەدرێ نابێتە هێما.
شەیتان چاوێکی نووقاند و وەک بیر بکاتەوە قامکی شادەی خستە سەر لێوی و گوتی: زۆر باشە، من دەتوانم ئەو گوریسەی پێی لە سێدارە دەدرێ بگۆڕم. دەیکەمە لۆکە. دەتوانم پێش لە سێدارەدان بێهۆشی بکەم و ئەو کاتەی کە دەیخەنە گۆڕەوە یەک ڕاست بیهێنمە ئێرە. پێت چۆنە؟
گوتم: زۆر باشە.
شەیتان: بەڵام یەکەم تۆ دەبێ قسەی لە گەڵ بکەی و ڕازی بکەی، چونکە بێ ڕازی بوونی ئەو من ناتوانم ئەم کارە بکەم، دووەم لە بەرانبەر ساڵێک ژیانی ئەو لەم سەردەمەدا من سی ساڵ تەمەنت لێ دەستێنم. سێهەم لەم ساڵەدا تۆ دەبێ شەو و ڕۆژ لە گەڵ ئەو بی. بێ ئەوەی بتبینێ و یارمەتی بدەی. تۆ دەکەم بە هەڵم. پێت کووە؟ پێت کووە مرۆڤی خەساوی دەستی ڕەحمان؟
گوتم :زۆر باشە، بەڵام من بۆ ڕازی کردنی پێشەوا دەبێ دووجار بچمە سەردەمی کۆمار، جاری یەکەم شەوی پاش ڕاگەیاندنی کۆمار و جاری دووەم شەوی پێش لە سێدارەدانی.
6
بە دەنگی قرچە قرچی سۆبەی دار وەخەبەر هاتم. بە حاستەم چاوم هەڵێنا و چاوێکم بە دەوروبەری خۆمدا گێڕا. ژوورەکە تاریک بوو. من لە پەنا کورەیەکی دار خۆم گرمۆڵە کردبوو. کورەکە گەرمایەکی خۆشی هەبوو. بەڵام دیاربوو هەوای دەرێ زۆر سارد بوو و بەتەنێ کورەکە دەرقەتی ئەم سەرمایە نەدەهات. سەرم هەڵێنا و لە دەوروپشتم خورد بوومەوە. دوو کەس لە نێو نوێن و باندا خەوتبوون. سەرم داناوە سەر ئەرزی و خەریک بوو دەنووستمەوە. لە پڕ بە مێشکمدا هات لە کوێم؟ ئەوانە کێن خەوتوون؟ ئەم کورەی دارە چیە؟ دەتگوت بە دار لە سەریانداوم و کاسم. شتەکانم بۆ نەدەچوونەوە سەر یەک. بەڵام با خەریکە هێدی هێدی وەبیرم دێتەوە. شەیتان گوتی: بەیانی کە لە خەو هەڵدەستی لە مهابادی. ڕۆژی دووی ڕێبەندانی ساڵی هەزار و سێ سەت و بیست و چوار. یانی خودایە من ئێستا لە مهابادم؟ لە ماڵی کێم؟ شەیتان گوتی: تا شەوێ دەرفەتت هەیە لە گەڵ قازی قسە بکەی. هەر ئەوەندە خەوت لێ بکەوێتەوە دێیەوە تورکیە و سەردەمی خۆت. هەستێکی سەیر بەسەرمدا زاڵ بووە. تێکەڵێکە لە ترس و خۆشی و نیگەرانی. هەروا کە خەریکم بیر لە تاوهەڵاتن و کارەکانی سبەی دەکەمەوە، لە سەرمان هەڵدەلەرزێم. وەختە لەسەرما خۆم بە کورەکەوە بنووسێنم. هەی لە دینت بم شەیتان منی بە توێی ژێرکراس و شۆرتێکی هاوینییەوە هێناوەتە نێو چلەی زستانەوە. جا باشە من ئێستا دەستێک لیباس لە کێ وەربگرم؟ خۆ ئەوانەی خەوتوون بەیانی من بە شۆرت و ژێرکراس و عەینەکێکەوە ببینن هەر زەندەقیان دەچێ. باشە ئێستا چی بکەم؟ ناعیلاج دەستم درێژ کرد و پەتووی ئەوەی تەنیشتم ڕاکێشا و بە خۆم دادا. لە بن پەتووەکەوە جەستەی ژنێک وەدیار کەوت. ژنێکی بڕێکی قەڵەوی خڕیلانە. ژنە بڵمە بڵمێکی کرد و بەدەم خەوەوە پەتووەکەی کێشاوە بۆ لای خۆی و بە خۆیداداوە. ئەی تێت تڕم شانس. جا خۆ بە قورئان ئاوا تا بەیانی ڕەق هەڵدێم. مادام ئەمە ژنە، حەتمەن ئەوەیدیکە مێردەکەیەتی بە سەبرایەک هەستامە سەر پێ و بە کوێرە کوێرە خۆم گەیاندە دووەم کەس و خزیمە بن پەتووەکەیەوە. ئۆخەیش چەندە گەرم و خۆشە. هەرئەوەندەی بڵێی سێ و دوو خەوم لێ کەوتەوە. کەڕەی بەیانی بە دەنگی قووقەی کەڵەباب وەخەبەرهاتم. چاوم هەڵێنا بینیم، سەرم لەسەر سەنێرێکە و لە پەنام کیژێکی جحێڵ خەوتووە و قژێکی ڕەشی قەترانی بەسەر سەنێرەکەدا بڵاو ببووەتەوە. هەر جوڵامەوە و وەخەبەرهات. چاوی پێم کەوت و یەک بە خۆی پڕ بەو ماڵە قیژاندی.
7
لە گەڵ قیژەی کچەکە خۆم بینی لە نێوەندی شەقامەکانی سابڵاغدا شەپ تڕێنم دەکەن و شەق بە شەق دەڵێ جێمکەوە. دەمبینی بەو چلەی زستانە چۆن ئازای گیانم لە خوێن و ئارەقە و قووڕ هەڵکشاوە و منداڵە ورکە خەریکی بەردەباران کردنمن.
دایکی لە گەڵ قیژەی کچەکە لە خەو ڕاپەری و وەک شێتان بەرەو دەرێ هەڵات. کچەکە لەو چەند چرکەیەدا کە دایکی سەری لێ شێوا بوو و نەیدەزانی چ بکات و چ دەکات، لێفەکەی بەسەر سەرمدادا. من گوێم لە دەنگی دایکی بوو کە بە هەناسەبڕکێ هاتەوە ژوورێ و بەسەر کچەکەیدا ڕووخا و گوتی: کچەتیو ئەوە بۆ ئاوا قیژاندت؟ خۆ زراوم چوو. چ بووە؟
کچەکە لە بن لێوییەوە گوتی: هیچ. خەونی ئاڵۆزم دی دایە گیان.
بە حاڵ لۆیەکی لێفەکەم هەڵدایەوە و لە بنەوە سەیری دەرێم کرد. ژنەکە لە پەنا کورەکە پاڵی بە دیوارەوەدا و چۆکەکانی لە باوەش گرت. دیار بوو دڵەکوتەی گرتبوو.
کچەکە گوتی: زگم دێشێ. کەمێکی دیکە ڕادەکشێم بەشکم چاک بمەوە.
دایکی گوتی: ئەمشەو هەر خەونی ئاڵۆزم دی. لە خەونمدا سێ پیاویان لە چوارچرا هەڵواسیبوو و ئێمەش بەدەوری پیاوەکاندا چەقڵە سەمامان دەکرد. پشتم لە پیاوەکان بوو. لەنکاو وەرسووڕام و دەموچاوی یەکیانم بینی.
کچەکە گوتی: دەی کێ بوو؟
ژنەکە گوتی: باوکت بوو باوکت.
کچەکە گوتی: خەونە ئیدی گوێی مەدەیە بابی قوڕبەسەرم ئێسکیشی نەماوە.
ژنەکە وەک لە خەوێکی قووڵ ڕاچڵەکێ گوتی: ڕاست دەکەی، بەڵام تۆش تازە مەخەوەوە. ئەمڕۆ هەرچی خەڵقی خودایە هاتووەنەتە مهابادێ. دەڵێن ماڵ نییە بیست میوانی نەبێ. ئێمەش زوو نان دەخۆین و دەچینە چوارچرایە. بزانین چ باسە.
کچەکە گوتی: باشە تۆ بڕۆ من کەمێکی دیکە دێم.
ژنەکە هەستا و نوێنوبانەکەی خۆی قەد کرد و خستییە سەر دەستەنوێنەکان و لە دیوەکە ڕۆیشتە دەرێ. کورەکە لە مێژبوو کوژابووەوە و ژوورێ سارد بوو. وەرسووڕام و ڕووم لە کچەکە کرد. بێ دەنگ چاومان لە یەکتر بڕی.
گوتم: بۆچی منت ڕزگار کرد؟
گوتی: نازانم. لە خۆڕا هەستێکی سەیرم بۆ دروست بوو، پێم وابوو نابێ بە دەستەوەت بدەم. کێی؟ بۆ لێرەی؟
گوتم: جا چۆنت بۆ بگێڕمەوە؟ لە کوێڕا دەست پێ بکەم؟ چۆن باوەڕم پێ دەکەی؟
کچەکە پێکەنی و گوتی: مادام لە نێو جێگای من دای و پەنام داوی بێڵێ، لەوانەیە بۆت کەر بم.
پاش ئەم قسەیە پێکەنی و ئەنیشکی خستە سەر سەنیرەکە و ئاشقانە سەیری کردم.
دڵەکوتەم گرت. گوتم: نازانم چۆنی بگێڕمەوە، بەڵام بڕوا بکە من زۆر بە ڕێکەوت هاتوومەتە نێو جێگەکەی تۆوە. پێت بڵێم لە سەرمان هاتووم بڕوام پێ دەکەی؟
کچەکە پێکەنی. کە پێکەنی چاوەکانی دەتگوت دوو زەیتوونی ڕەشن و دەبریسکێنەوە. گوتی: ئەی بۆ وا بە ڕووتی هاتووی؟ پێت وابوو ئاوا زیاتر ئاشقت دەبم؟
دیسان پێکەنی و دەستی بۆ قژی برد و هەوڵیدا لە پشت گوێچکەی ڕایگرێ، بەڵام هێندە نەرم بوون پێش ئەوەی دەستی بێنێتەوە خوارێ هەڵخلیسکان و هاتنەوە پێش چاوی. گوتی: نێوت چیە و ماڵتان لە کوێیە و لە کوێ منت دیتووە؟
گوتم: دەکرێ لەو جێگاوبانە بێینە دەرێ و ئەگەر هەتانە دەستێک جلوبەرگی پیاوانەم بۆ بێنی؟
کەمێک بێ دەنگ بوو. دوایە گوتی: پێم بڵێ نێوت چیە، جا دەچم کەواپانتۆڵی باوکمت بۆ دێنم. وابزانم بەژنتان بەقەت یەکە و پڕ بە خۆتە.
گوتم: نێوم وریایە.
گوتی: درۆزنێکی باش نی. بەڵام قەیناکە. با جارێ وریا بی. ئێستە دێمەوە.
لێفەکەی لادا و هەستا سەر پێ. بە چاوی کڕیار سەیرم کرد. بەژنێکی مامناوەند، بەڵام گۆشتن و نەرمونۆڵی هەبوو. تەنانەت لە بن جلەکانیشیەوە هەستم بە لەرەی نەرموشلی مەمک و سمتی کرد.
هەر ڕۆیشتە دەرێ چەپۆکێکم بە سەری خۆمدادا و گوتم: قوڕت بەسەر بۆچی هاتووی و تووشی چی بووی؟
کەمێک دواتر گوێم لە سرتوخورتی دایک و کچەکە بوو. دیار بوو کچەکە خەرێک بوو ورد ورد هەموو شتێک بۆ دایکی دەگێڕاوە. چەند چرکە دواتر دەرکەکە کراوە و هەردووکیان لە پێش دەرکەکە ڕاوەستان. وەک مەلێکی یەخسیری دەستی تەوار لە سەر چۆک دانیشتم و سەرم داخست.
ژنە هاتە ژوورێ و دەنگی هەڵێنا و گوتی: هەتیووە بەڕەڵڵایە کوڕی کێی و بۆ بەدزییەوە هاتوویەتیە نێو جێگەی کچەکەمەوە؟
بە ناعیلاجی هەستامە سەرپێ و بەرانبەریان ڕاوەستام. لە دڵمدا گوتم: بەو شۆرت و ژێرکراسێکەوە ڕواڵەتێکی زۆر قووڵمم هەیە. لە دەرەوە دەنگە دەنگێکی سەیر دەهات. دەتگوت خۆپیشاندانە.
بە کورتی بەسەرهاتەکەم بۆ گێڕانەوە. بە قەت نووکە دەرزییەک چیە بڕوایان پێ نەکردم.
ژنە ڕووی لە کچەکەی کرد و گوتی: سۆیبە بچۆ بانگی حوسێنی ئامۆزام بکە. وادیارە ئەوە بە شێتمان دەزانێ. گوتم : نا بە قوربانت بم سۆیبە گیان مەچۆ ڕاستییەکەیتان پێ دەڵێم.
8
من ناوم کاوەیە. خەڵکی ورمێم. باوکم بە فیتی فارسەکان و بەدەستی تورکەکان کوژراوە. من نۆکەری قادرئاغای دێیەکەمانم. پیشەی من مەیتەرییە. مەیتەری ئەسپەکانی قادر ئاغام. دوو ساڵ لەوە پێش کوڕێکی جیرانمان ئاشقی خوشکم بوو. مەلای ئاوایی بە فێڵ و بە درۆ پێی لە کەوشێک نا و گوتی ئەم دووە پێکەوە شیریان خواردووە و خوشک و بران و پێک ناشێن. بووک و زاوا لە مەلا و خودا یاخیبوون و زەماوەندیان کرد. بەڵام پیاوەکانی قادرئاغا بە بیانووی لێک حەرام بوونیان شەوی شاییەکە زاواکەمانیان کوشت و ئاغا بووکی لە خۆی مارە کرد و چووە پاڵی. هەر ئەو شەوە خوشکم خۆی خنکاند. من بۆ سکاڵا هاتووم بۆ سابڵاغ. سکاڵا لە فارس و لە تورک کە باوکمیان کوشت. سکاڵا لە مەلای درۆزن و لە ئاغای دڵ ڕەق.
سۆیبە و دایکی واقوڕماو سەیریان دەکردم. هەر دووکیان دەمیان ببووە تەڵەی تەقیوو و چاویان مولەق وەستابوو. دایکی سۆیبە لەپڕ وەک شتێکی وەبیر بێتەوە گوتی: ئااااا. دواترلە بیری چووەوە دەبێ درێژە بە قسەکەی بدات. سۆیبە سەیرێکی دایکی کرد و گوتی: ئەم کوڕە ناتوانێ درۆ نەکات. باشە دایە تا ئێستا مەیتەری چاویلکە لە چاوت بینیوە بە چلەی زستان بە شۆرتێک و توێی ژێرکراسێکەوە بچێتە ماڵی بێوەژنێک و بخزێتە نێو جێگای کچێکی جحێڵەوە؟
برۆی تێکنا و هەرچی ئاو و بەڵغەمی نێو زاری بووی کردە تفێک و ڕێک بە دەموچاومی داکرد. گوتی: دایە مەهێڵە ئەم بەچکە شەیتانە پەل ببزوێ، ئێستا دەچم بانگی کاک حوسێن دەکەم و دێمەوە. ئەگە ویستی بڕوا بە شیشی تەندورەکە خوری شۆری بکە.
گوتم: کچێ سۆیبە تۆی ناسک و نازدار و شل و مل بۆ وا بێ بەزەیی؟ تۆی مێهربان کوێڕا وا گۆڕدرای؟ڕاستت پێ دەڵێم بڕوا ناکەی. درۆت بۆ دەکەم بڕوا ناکەی. ئەی من چ قوڕێک بەسەر سەری خۆمدا بکەم؟
ئەم قسانەم کە دەکرد سۆیبە لە مێژ بوو لە ژوورەکە نەمابوو. دەستەوەستان ڕوو بە دایکی سۆیبە ڕاوەستام و لەبەرانبەر ئەم چارەنووسە نادیارەدا دۆش دامام.
وادیاربوو کاک حوسێن زۆر بێکاربوو و لە خودای دەویست بەزمێک دروست بێ و ئەم ببێتە کوێخا و کەوچی تێوەردات. تاوێکی پێ نەچوو سۆیبە و دوو پیاو خۆیان بە ژوورێدا کرد. سۆیبە بە قامکی شادەی ئاماژەی پێ کردم و ڕووی لە یەکیان کە دیاربوو کاک حوسێنە کرد و گوتی: ئەمە بچکەی شەیتانەکەیە و بە خۆی گوتی: ڕوحی بە شەیتان فرۆشتووە.
حوسێن گوتی: ئەم خوشک حیزە درۆ دەکات. ئەمە جاسووسە. بێت و نەبێت نێردراوە و هاتووە جاسووسی لە ئێمە و کۆمار بکات. هەر مەگین خودا بۆ خۆی بزانێ کلکی لە کلکی کێ هاڵاندووە و سەربە کوێیە. ئەوەی دیکەیان کە دواتر زانیم ناوی ڕۆستەمە هات و پشتە ملی گرتم و وەک جووجکەیەک لە ئەرزی بەرز کردمەوە و بە هێز و قووەتی خۆی شەقێکی تێ سرەواندم و گوتی: ئەمە زووڕییەتی شەیتانە و دەبێ ڕەجمی بکەین و بیکەینە قوربانی ئەم ڕۆژە پیرۆزە.
گوتم: کوڕە لە ڕاهی خودادا دەست لە یەخەم کەنەوە و بێڵن بڕۆم. کوڕە من و جاسووسی؟ کوڕە من و شەیتان؟ ئاخە چۆن دەبێ من ڕەجم بکرێم؟ لە پای چ تاوانێکی نەکردوو؟
حوسێن لێم هاتە پێشێ و دەستی درێژ کرد و توند هێمای زەرتووشی کە بە زنجیر لە ملم کردبوو گرت. سەیرێکی کرد و بێ ئەوەی لێی تێبگات و بزانێ چییە، گوتی ئەم مەلعوونە خاچ پەرەستیشە. شا شا وەرن سەیری بکەن. ئەمە خاچە بە ملییەوەتی. شەرتە وەک عیسا ئەمڕۆ لە خاچت بدەین.
دوایین وشەکانی حوسێن لە مێشکمدا وەک دەنگی ناقووسی کلیسا زرینگانەوە و کاسی کردم. ئەمجارە نە مست و نە شەقەکانم هەست پێ نەدەکرد و نە جنێوەکانیانم دەبیست. دەتگوت دوو بوتڵم ویسکی خواردووەتەوە و فڕم بە دنیاوە نەماوە. دەتگوت ئەوە من نیم منداڵەورکە و هەتیوو مەتیوی مهاباد ڕەجمی دەکەن و کچان و ژنان تەشتی ئاوی کوڵاتووی پێدا دەکەن. دەنگی ناقووسەکە لە مێشکمدا نەدەبڕایەوە و نەدەبڕایەوە. لە گەڵ هەر دینگە دینگی زەنگەکە ئازای گیانم دەلەرزی و تێکەڵ لەرزی سەرما و گەرمی خوێنی بەربووی لوت و چاوم دەبوو. ئێستا نە حوسێن مابوو و نە ڕۆستەم و نە سۆیبە و نە دایکی. ئەوانەی منیان بە کۆڵانەکاندا دەگێڕا، نەیاندەزانی بۆ لێم دەدەن و چیم کردووە. یەکێک دەیگوت: دزە و یەکێکیتر دەیگوت لە سەرژن گرتوویانە.
لای نیوەڕۆ و ڕێک ئەو کاتەوەی خەڵکەکە دەستە دەستە بەرەو چوار چرا دەڕۆیشتن و خەریکبوون خۆیان بۆ ڕێژە و سانی هێزی پێشمەرگە و وتاری پێشەوا ئامادە دەکرد، ئیتر من لە چەقی سەرنجیان ترازم و وەک پەرۆیەکی گواوی و پیس لە چڵپاوی کۆڵانێکدا بەجێیان هێشتم. بەو حاڵ و وەزعەوە تازە نەمدەتوانی بچمە پێشێ و لە پێشەوا نزیک بمەوە. بەڵام من بۆ ئەوە نەهاتووم لێرە دۆشدامێنم. نابێ کۆڵ بدەم. کاتم نییە بۆ بە فیڕۆدان.
بەوپەڕی زەلیلی و تێکشکاوییەوە بەدوای خەڵکەکە کەوتم و لە پشت جەماوەرەکەوە ڕاوەستام و چاوەڕێی دەست پێکردنی ڕێوڕەسمەکە مام. چاوە خوێن تێزاوەکانم و شووشە شکاوەکانی چاویلکەکەم کەلکی دیتنیان نەمابوو و تەنیا گوێیەکانم بوون کە حیلەی ئەسپەکان و زرمەی پێکوتانی پێی سوپای پێشمەرگە و دەنگی تەقەی خۆشی تفەنگەکانی گوێ لێ دەبوو. من لەو دەقەیەدا شەیتانی ڕەجیم و عیسای لە خاچ دراو بووم و هاتبووم سەرەڕای ئەوەی لە بن قورسایی کێوی ئازارە تاقەتپڕۆکێنەکانم پان ببوومەوە، ببمە گوێگر و گوێم لە دەنگی ڕزگاریدەری گەلەکەم بێت. ڕێبەرێک کە بۆ ئێمە لە ئاو بۆ تینوو و لە نان بۆ برسی پێویستر بوو. قازی کە چووە سەر سێنەکە و دەستی بە قسە کرد، دەتگوت ئەم هەزاران هەزار مرۆڤە بە جارێک مردن و بوونە بەرد. گشتی بوونە گوێچکە و کڕبوون و هەناسە لە سنگیاندا قەتیسما. قازی گوتی:
کوردستان موقعییەتێکی مەخسووسی هەیە کە بێ‌پسانەوە و بێ‌ ئەوەی نەتەوە و میللەتێک کە لە نێویاندا فاسڵ و لێکیان بپچڕێتەوە، کورد بەسەر یەکەوە و پێکەوە سکونەتیان تێدا هەیە و دارای مالکییەتی میللین دەوێ‌دا. بەسەرهات و سەوابقی تاریخییان یەکە و عموومەن تێیدا شەریکن. خاوەنی ئاداب و عادەت و ڕسوومی میللەتێکی وان کە هیچ جۆرە سەدەمە و حوادیسێک نەیتوانیوە سستییەک لە بناغەی میللەتی ئەوان‌دا پەیدا بکا. کورد لە قەدیم‌ڕا هەزاران پادشا و حوکمدار و تەشکیلاتیان بووە. هەر لەم کوردستانی ئازادەی ئیستادا بنەماڵەی ئۆمەرای موکری کە سەرسلسلەی ئەوان ئەمیر سەیفەددین بووە تا (١٠٢٠ کۆچی) بە ئیستقلالی، یەک لە دوای یەک ئەمیر سەیفەددین، سارم ‌بەگ، شێخ حەیدر، ئەمیر بەگ، ئەمیر پاشا، تا دەگاتە قوبادخان، بە دەسەڵات و قودرەتەوە حکومەتیان کردووە. میللەتی ڕەشید و بەغیرەتی کورد لە هەموو دەور و زەمانێک‌دا هەرکەس خەیاڵی ئیستیلای نیشتیمانی ئەوانی بووبێ، بەرەنگاری بوون و بەربەرەکانییان کردووە و لە هیچ فیداکارییەک دەستیان دانەنواندووە. لە پاش لە دەست‌چوونی سەلەتەنەت و حوکمداریشیان بۆ وەگیر خستنەوەی ئیستقلال و ئازادی بە میلیۆن قوربانییان داوە، لەبەر ئەوەی کە هەمیشە لە موبارزە و ملەدا بوون، هیچ جۆرە ئەزیەت و ئازارێک نەماوە نەیچێژن و نەیبینن .لەگەڵ ئەوەش هەموو کوێرەوەری و کوشتن و بڕینێکیان تەحموول کردووە و قەت لە ئامانج و ئارەزوی خۆیان شل نەبوونەوە و لەرێی وەدەست‌خستنەوەی ئازادی‌دا وچانیان نەداوە. بە دڵێکی فراوان و هێز و عەزمێکی هیندە سابیتەوە تێکۆشاوەن تا ئیستا هێزێکی وا بەهێز نەبووە بتوانی تێکڕا خەفەیان بکا، میرە کوێرەیان کوشتووە، بابانییەکان سەریان هەڵداوە. بابانیان بێدەنگ کردووە، ئەردەڵان هاتوون. ئەوانیان لە ئەرزی داوە بیتلیسی بەرز بوونەوە و هەزاری وەک ئەوان .لەو دواییانەدا لە پاش شەڕی بەینەولمللیی پێشوو کە دیکتاتۆری ئێران و تورکیە هاتنە سەر کار، زمان و عادەت و مەزهەب و ئیحساساتی میللیی کوردیان بە جارێک لاواز و کز و کەنەفت کرد. لە هیچ وەحشییەت و دڕندەییەک ڕانەوێستان، خوێندن و نووسینی کوردی مەمنووع و پۆشینی لیباسمان قەدەغە بوو. نەیاندەهیشت لە هیچ جۆرە مزایا و حقوقێکی بەشەرییەت بەشمان ببێ، ڕێگای فێربوونی عیلم و سەنعەتیان لێ بڕیبووینەوە. هەر ڕۆژی بە بەهانەیەک و هەر دەمێ بە تەشقەڵەیەک دەستە دەستە و پۆل پۆل کوردی هەژار و بەدبەختیان حەبس و تەبعید دەکرد و دەیانکوشتن و لەبەینیان دەبردن، حاسڵ و دەستڕەنجی ئەو میللەتە بێچارەیان دەبرد بۆ خۆیان و ئەوانیشیان برسی و تینوو و ڕووت و قووت دەهێشتەوە. تا لە شەهریوەری 1320 دا فریشتەی ئازادی دەزگای دیکتاتۆری و فاشیستیی ڕەزاخانی تێک‌شکاند. کورد سەری لەو هەموو فشار و ئەزیەتە کەمێ فارغ بوو و فەوری ئیحساسی کرد کە چۆن دەبێ لە فورسەت ئیستفادە بکا، و ڕێگای سەڵاح و وەدەست‌خستنی ئازادیی ئەو میللەتە چییە و چی بکا؟ پیاوانی بەبیر و هۆش و بەشەڕەف کە زۆر لەمێژ بوو خوێنی دڵیان دەخواردەوە بۆ زەلیلیی ئەو میللەتە دووکەڵ لە دەروونیان دەهاتە دەرێ، زۆر زوو تەشخیسیان دا کە وەختی کارە و لەو فورستە دەبێ بەهرە وەرگیرێ و ئەوە تەواو ئەو ڕۆژەیە کە پشتاوپشتمان چاوەڕوانی بوون. یەک جار خێرا و بێ‌وچان و ڕاوەستان دەستیان بە کار کرد و حیزبی دێموکراتی کوردستان‌یان تەشکیل دا و بە دەستوبرد خەریکی کاروباری میللی بوون و بە چاوێکی ورد و بەدیقەت ئیحتیاج و پێداویستیی کوردیان تەشخیس دا و بەدیی کرد. لە پێش هەموو شتێک‌دا ئیختلافات و دووبەرەکانیی عشائیری کە بە دەسیسە و حیلەبازیی ئیستعمارچی و دیکتاتۆران بۆ ئیستسمار و خواردن و کروساندنەوەی ئەو میللەتە بە قەولی خۆیان (تفرقە بیانداز و حکومت کن) لە بەینی خستبوون و تا ئەندازەیەک ئەو ئاورە بڵیسەی ئەستاندبوو، برای دایک‌وبابی لە یەک ترازاندبوو، یەکیەتی لە گۆڕێ هەڵگیرا و، ناوی عەشیرەت و تەوایف و هەرچی کە ئەسبابی ئەو نفاق و پەرش و بڵاوییە بوو فڕێ درا و عموومەن لەژێر عینوانی حیزبی دێموکراتی
کوردستان‌دا کۆبوونەوە و یەک دڵ و یەک زمان تێکڕا بەرەو ئامانجی ئازادی کەوتنە ڕێ. زمانی زگماکمان کە لەگەڵ شیری دایک تێکەڵی خوین و گۆشتی ئێمە بووە لە زەمانی دیکتاتۆری‌دا سەخت قەدەخە کرابوو، زمانی فارسی بە زۆر تەحمیلی ئێمە و منداڵەکانمان دەکرا و ئەوە پتر سەبەبی پاشکەوتنی کورد بوو، زمانی کوردی لە مەدارس ڕەسمییەتمان پێدا و خوێندن و تەحسیلاتمان بە سەبک و تەرتیبی دنیا خستە سەرباری کوردی، چەند مەدرەسەی کچان و کوڕانمان کردەوە و مەدرەسەی شەوانەمان دائیر کرد و کتێب بە زمانی کوردی تەرجەمە کران، چەند سەد کوڕ و کچ و پیاوی گەورە لە مەدارسی شەوانە و ڕۆژانە بە زمانی کوردی دەخوێنن. لەجیاتی ئەوەی شەش حەوت ساڵ خەریکی خوێندن و فێربوونی زمانی فارسی بن، لە مانگێک دوومانگ‌دا دەبنە خوێندەوار و هەموو شتێک دەخوێننەوە و دەنووسن. بۆ ناساندنی لیاقەتی میللی و، وەدەرخستنی حەیاتی ئەدەبی و فەرهەنگەی کورد و بۆ ڕاگەیاندنی هاواری خۆمان بە گوێی دنیای بەشەرییەت و عەداڵەت موحتاجی وەسیلەی چاپ و بڵاو کردنەوە بووین، چاپخانەی زۆر چاک تەئسیس کرا و دامەزرا، لە شاری خۆمان گۆڤار و ڕۆژنامە دەردەچێ و بیر و فکر و داخوازیی ئێمە لە دنیادا بڵاو دەکاتەوە. حاسل و بەروبومی ئێمە کە میقدارێکی زۆروزەوەند و بەقیمەت بوو بە فیڕۆیی لە دەستیان دەر دەهێناین و دەستی ئیستعمار سەدێکی لە پێش ئێمە و بازاری دنیادا دروست کردبوو، ڕێگاحەلمان دییەوە و تیجارەت و ئیقتسادی کوردستان زۆر باش تەئمین کرا .لە زەمانی دیکتاتۆری‌دا کە هەموو عەوارزێکیان لێ دەستاندین کەم و زۆر وەسیلەی لەشساغی و معالیجە نە حکیم، نە دەرمان، نە نەخۆشخانە بۆیان ساز نەدەکردین، ئێمە بۆخۆمان نەخۆشخانەی زورباش بەم زووانە دائیر دەکەین و لەشساغیی وڵاتمان تەئمین دەبێ. هێزێکی میللیمان تەشکیل داوە کە بە شوجاعەتێکی تەواو حازرە دیفاع لە نیشتمان بکا .دیارە موەفەقییەتی ئێمە سەراسەر لە عەینی مەرامی دێموکراسی و لە ئەنجامی فەعالییەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بە پشتیوانیی عالەمی دێموکراتە. لەبەر ئەوە بەدڵ و بەناو دەڵیین: بژی موئسسینی دێموکرات .میللەتی کورد هەزاران سەد و بەربەستی سەخت و سەهەندی لەڕێ‌دا بوو، دەستە و دائیرەی دیکتاتۆری بێ‌وەچان کارشکێنیی ئێمەیان دەکرد و لە هیچ نامەردییەک ڕانەدەوستان، ئیختلافاتی عشائیر بۆ داخڵیش ئیشکالێکی گەورە بوو بۆ ئێمە، ئەمما ئەوانە هیچ کامیان نەیانتوانی پێش بە ئێمە بگرن و بە دڵێکی بەهێز پایەداریمان کرد و ئیدامەمان بە فەعالییەتی خۆمان دا تا ئیستقلال و ئازادیی نەتەوەی کوردمان بەدەست هێنا. دیارە بەقایای ئەو خەتەراتەش کە ماوە چ لە داخڵ‌دا و چ لە خاریج‌دا میللەتی کورد موبارزەی خۆی لەگەڵیان ئیدامە پێ دەدا و بە پشتیوانیی خودا موزەفەر و مەنسوور دەبێ. ئەوڕۆ کە نمایندەگانی تەواوی نواحی و نوقاتی کوردستان بێ ڕەعایەتی تەبەقات ئەعم لە ئاغا و ڕەعییەت و گەورە و چووک کۆبوونەوە و یەک دڵ و یەک زمان هاواری دێموکراسی دەکەن و بەڕێی دێموکرات‌دا دەرۆن، قودەرت و قووەتی دێموکرات نیشان دەدا.
قازی کە تەواو بوو، دەتگوت دنیا تەقییەوە و بە هەزاران کەس دەستیان بە چەپڵەلێدان و فیتوولێدان و شوعاردان و تەقەی خۆشی کرد. هەر لەوێ گایەکیان لە ئەرزیدا و من بۆنی خوێنەکەیم بۆ هات و پڕ بە سییەکانم هەڵمژت. خەڵک وەک بەیانی جێژن یەکتریان لە ئامێز دەگرت و یەکتریان ڕادەمووسی و پیرۆزباییان بە یەکتر دەگوت. بە شەلە شەل لە قازی نزیک بوومەوە. شادی و خۆشییەکە لە ئاستێکدا بوو کە بە ئانقەست چاویان لە حاند من دەنووقاند و نەیاندەویست خۆشی ڕۆژەکە بە دیتنی من لە خۆیان تێکدەن. دەتگوت ئەم خوێن و قوڕە منیان نابەدی کردووە و بوونەتە پاسپۆرتی پەڕینەوەم. تا گەیشتمەوە پشتی پێشەوا کەس نەیپرسی ئەرێ تۆ بەم حاڵ و وەزعەتەوە لێرە چ دەکەی و لە چی دەگەڕێی؟ کە گەیشتمە پشت سەری پێشەوا دەستم درێژ کرد و شانیم گرت. قازی وەک لە نێو ئەم هەموو زەنا زەنایەدا لەپڕ کەوتبێتە بێ دەنگی و تەنیاییەوە، ئاوڕی داوە و سەیری کردم.
9
تۆ دەتوانی باوەڕت بە موعجیزە هەبێ و بڕوا بکەی کە عیسا مردووی زیندوو دەکردەوە و مووسا بە گۆچانەکەی دەریای شەق دەکرد و محەمەد بە قامکی مانگی لەت دەکرد. هەروەها دەتوانی بڕواشیان پێ نەکەی و هەموویان بە بەرهەمی خەیاڵی مرۆڤ بزانی.
بەڵام من ئەوکاتەی بە فانیلەیەکی عەلاگە و شۆرتێک و چاویلکەیەکی شکاوەوە، لە کاتێکدا ئازای جەستەم لە قوڕ و خوێن هەڵکشابوو، خۆم لە بەرانبەر پێشەوا دابینییەوە، بڕوام بە موعجیزە هێنا. ئەی موعجیزە نییە چیە؟ ڕێک ئەو کاتەی لانیکەم بیست هەزار میوان هاتوونەتە ئەم شارە و شار لەبەر ئاغا و سەرۆک خێڵ و پیاوماقووڵ جمەی دێت. من بەم سەرو بیچمەمەوە بتوانم لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆماردا خۆم بگەیەنمە پشتەسەری پێشەوا و دەست درێژ بکەم و شانی بگرم. پێت کەمە؟
ئەو کاتەی پێشەوا بە سەرسووڕمانەوە لای لێ کردمەوە و سەیری کردم، من وەک بەلەمێکی سەرلێشێواو بووم کە گەیشتووەتەوە ویشکایی. یان وەک مەلێکی شەوارەکەوتوو بووم کە گەیشتووەتەوە هێلانەکەی. لەپڕ هەستم کرد قورسایی ئەرکێکی مێژوویی لەسەر شانم لاچووە. ئەم سووک بوونە بووە هۆی بەتاڵ بوونەوەی وزەم و پێش ئەوەی لەسەرخۆ بچم تەنیا توانیم بڵێم قوربان کارم پێتە. پێشەوا چی گوتووە و کێ منی گرتووەتەوە، یان کێ لەسەرئەرزی هەڵیستاندوومەتەوە، نازانم. تەنانەت نازانم پێشەوا گوتوویەتی بمبەنە ماڵی خۆی، یان بە هەڵکەوت ئەمە هاتبووە پێشێ.
کە چاوم هەڵێنا، زانیم خاوێنیان کردوومەتەوە و جلیان لەبەر کردووم و لە نێو جێگەیەکی گەرمدا درێژیان کردووم. ماڵی شەیتان ئاوا بێ، ئەم لەسەرخۆچوونەی بە خەو بۆ ئەژمار نەکردم دەنا ڕیسەکەم لێ دەبووەوە بەخوری. دیاربوو ئەم ژوورەی منی لێ بووم بەشێکی تەریکی خانوویەکی گەورە و ئاوەدانە. سەرەڕای ئەوەی هەوا تاریک ببوو و شەو باڵی بەسەر شاردا کێشابوو، کەچی هێشتا ئەم ماڵە لە جموجۆڵ نەکەوتبوو و دەنگی بەردەوامی هاتووچۆی خەڵکیم هەر گوێ لێ دەبوو. ژوورەکە ژوورێکی بچووکی سێ لە چوارە و مافوورێکی کۆنی لێ ڕاخراوە. بە حوکمی زستان کورەی داری لێیە و لە قوژبنێکی ژوورەکەش مێز و سەندەڵییەک دانراوە. لەسەر مێزەکە چەند کتێب و دەفتەرێک دانراوە. پەنجەرەیەکی بچووکی هەیە، بەڵام پەردەیەکی ناسکی سپی دادراوەتەوە و دەرێ دیار نییە. دەرکەیەکی دووتایی دار لە دەستی بەرانبەری سۆبەدارەکە نیوە ئاوەڵەیە و تیشکێکی زەردی کزی لامپ خۆی خزاندووەتە ئەم ژوورەی من و بەحاڵ ڕووناکی کردووە.
هەروا کە ڕاکشابووم و بیرم دەکردەوە. دەرکەکە جیڕەیەکی لێهات و ژنێکی خانوومان هاتە ژوورێ. تەکانم لە خۆمدا لەبەری هەستم. خێرا خۆی گەیاندە من و گوتی: ڕاکشێ پێویستت بە حەسانەوەی زیاترە. ڕاکشێ.
بە قسەم کرد و هەڵنەستام، بەڵام بە لای ژنەکەدا وەرسووڕامە سەر ئەنیشک. پێش ئەوەی دانیشێ دەستی برد و گڵۆپی ژوورەکەی پێ کرد. دەستبەجێ ناسیمەوە مینا خانمی خێزانی پێشەوا بوو. هەربۆیە بە پەلە هەستام و چوارمەشقی دانیشتم.
قژێکی ڕەشی قەترانی بە پێی مۆدی سەردەمی خۆی لە نێوەڕاستی سەرییەوە قاش کردبوو و دەسماڵێکی سپی بە سەر سەریدادابوو. گوتم: جەنابت دەناسم، تۆ مینا خانمی قازی.
بزەیەکی کرد و گوتی: ئاساییە بمناسی،ئێمە لەم شارەدا ناسراو و بەرچاوین. کەمێک ڕاوەستا و پاشان داهاتەوە و لە پەنا جێگاکەی من دانیشت و گوتی: ئێستا تۆ پێم بڵێ کێی و چ کارێکت بە پێشەوایە؟ بۆ ئاگاداریت لە گرینگترین ڕۆژی ژیانیدا تۆی هەر لە بیر بوو و بۆ خۆی ڕایسپاردم بێم و قسەت لە گەڵ بکەم.
گوتم: دەزانم زۆر زەحمەتە بڕوام پێ بکەی، بەڵام من لە داهاتووەوە هاتووم. لە سەردەمێکەوە دێم کە سەردەمی ئێوە نییە.
ژنەکە وەک لەم قسەیەم سڵەمیبێتەوە. هەستایە سەر پێ و دوو هەنگاو لێم دوورکەوتەوە و ڕاوەستا و بێ دەنگ سەیری کردم.
گوتی: فکرمان بۆ هەموو شتێک دەچوو، فکرمان بۆ ئەوە نەدەچوو تەواو نەبی.
بە ناڕەحەتییەوە گوتم: من شێت نیم. پاشان وەک ڕێگە چارەکەم بینیبێتەوە گوتم: دەتوانم پێت بسەلمێنم. بەختەوەرانە جەنابت تەمەن درێژ دەبی و نزیک نەود ساڵ تەمەن دەکەی. بەڵام بەداخەوە لە پاش ڕووخانی کۆمار زۆر جار تووشی گیران و ئەشکەنجە و چەرمەسەری دەبی.
گوتی: وادیارە پێشگۆی. گوتم: مینا خانم عەرزم کردی لە داهاتووەوە هاتووم.
گوتی: جا بۆ هاتووی؟
گوتم: لەسەردەمێکەوە دێم کورد تووشی پرشوبڵاوی بووە و کەس خەتی کەس ناخوێنێتەوە. نەبوونی ڕێبەرێکی کاریزما پشتمانی شکاندووە. ئەم سەرکردانەی هەمانن هەموو بەرژەوەندی خۆیان و حیزبەکانیان خستووەتە پێش بەرژەوەندی نەتەوەوە و یەکگرتووییان بە قوربانی ئامانجەکانی خۆیان کردووە.
بە شەرمێکەوە درێژەم دایە و گوتم: هاتووم پێشەوا بەرم.
گوتی: وەی ڕۆ. دواترهەڵچوو و گوتی: حەدتت نییە دەستی لێدەی. مەگەر بەسەر تەرمی مندا بڕۆی.
بە ناڕەحەتییەوە گوتم: تەمەنی ئەم کۆمارەی ئەمڕۆ ڕاگەیاندرا تەنیا یازدە مانگە. لەم یازدە مانگەدا سەدان گرفت بۆ کۆمار دێتە پێشێ و سەرنجامیش قەواموسەڵتەنە بە فێڵ و درۆ وا دەنوێنێ کە ئیمتیازی نەوتی باکووری ئێران بە ڕووسەکان دەدات و ڕازیان دەکات لە ئێران بڕۆنە دەرێ. ڕووسەکان دەڕۆن و پشتی کۆماری کوردستان و ئازەربایجان چۆل دەکەن. ئەرتەشی ئێران دەگەڕێتەوە ناوچەکە و زۆر ڕووداوی نەخوازراو دێتە پێشێ.
میناخانم بە هێواشی دیسان هاتەوە پێشێ و گوتی: من دڵنیام هەر شتێک بێتە پێشێ پێشەوا زۆر بە وردی هەڵیدەسەنگێنێ و ژیرانەترین بڕیار دەدات، بۆیە نیگەرانی هیچ شتێک نیم.
سەرم بە نیشانەی سەلماندنی قسەکەی لەقاند و گوتم: بەشێکی بەرچاو لە ئاغاوات و دەوڵەمەندەکان پشت لە پێشەوا دەکەن و بەدزییەوە نامە بۆ تاران دەنێرن و خۆبەدەستەوە دەدەن. بارزانییەکانیش لێرە نامێنن، دەچنە سۆڤییەت. پێشەوا بە تەنیا دەمێنێتەوە. بە تاقی تەنیا بەرپرسیارەتی کۆمارێک وەئەستۆ دەگرێ و لە جیاتی هەموو خەڵکی سزا دەدرێت.
مینا خانم بێ دەنگ سەیری دەکردم و گوێی دابووە قسەکانم.
گوتی: پێشەوا چی لێ بەسەردێ؟
گوتم: من دەبێ بۆ خۆی بیبینم و عەرزی خۆی بکەم.
گوتی: پێم گوتی پێم بڵێ پێشەوا چی بەسەر دێت؟
گوتم: تکایە با من ئەم هەواڵە قورسەت پێ نەڵێم. با ئەم شەوە جوانەت لێ تێک نەدەم.
لە نەکاو باوەشی پێداکردم و بە بانگ و سەڵا گریا. منیش وێڕای ئەو دەستم بە گریان کرد. بەڵام زۆر زوو خۆی کۆ کردەوە و لێم کشاوە و گوتی: یانی تۆ دەڵێی دەتوانی ڕزگاری بکەی؟ گوتم: نا. ئەو لە نێو چارەنووسی خۆیدا گیری کردووە. بەڵام ئەگەر ڕازی بێ، بێ ئەوەی کەس بزانێ لە دوایین چرکەساتی ژیانیدا دەیگوازمەوە بۆ داهاتوو. لەوێ ساڵێکیتر دەژی. بەشکم لەوێ بتوانێ کارە ناتەواوەکەی تەواو بکات.
گوتی: ئەو بۆ ئەوەی بتوانێ کارێکی ئاوا بکات، دەبێ هەموو ئێمەی لە گەڵ بێ. پێشەوا بە ئێمەوە پێشەوایە. چۆن ببێتە ڕێبەری خەڵکێک کە نایناسن؟
گوتم: نیگەران مەبە هەموو دەیناسن و خۆشیان دەوێ. من پێم وایە تەنیا کەسێکە کە هەمووان بێ دوو دڵی لە دەوری کۆ دەبنەوە.
مینا خانم بێ دەنگ بوو. نزیک خولەکێک هەروا سەیری دەکردم و بیری دەکردەوە. گوتی: ئەو ئەگەر تەنانەت لە گەڵیشت بێ، ئێستا نایەت. چونکە ئێستا لەئەوپەڕی دەسەڵاتی خۆیدایە.
گوتم: ڕاستە بۆیە من دوایین شەوی تەمەنی دیسان دەگەڕێمەوە. بەڵام زۆر گرینگە ئەمشەو بتوانم بیبینم و مێشکی ئامادەی ئەم سەفەرە بکەم.
گوتی: هەر ئەم شەو؟ دەزانی ئێستا سەعات نزیک سێی بەیانییە و پێشەوا نووستوە. مەگەر بەیانی بیبینی.
گوتم: من ناتوانم بەیانی بیبینم، چونکە خەوم لێ بکەوێ دەگەڕێمەوە سەردەمی خۆم.
میناخانم گوتی: دەی مەخەوە. دەنا ئەگەر خەویشت لێ کەوت من قسەکانتی بۆ دەگێڕمەوە.
10
مینا خانم کە بە جێی هێشتم. ئازاری برینەکانم دەستی پێکرد و بە خێرایی بڕستیان لێبڕێم. بە بێ تاقەتییەوە لە سەر جێگاکەم درێژ بووم. بەهەر بارێکدا ڕادەکشام هەر برینەکانم دەکولانەوە. ئۆقرەم لێبڕابوو. وردە وردە لە ماندوویەتیان خەودایگرتم. بەڵام چۆن دەتوانم بخەوم؟ من نوێنەری گەلێکی ئاوارەم کەس نییە لە دەوری کۆبنەوە. من هاتووم کاپیتانێک بۆ کەشییە ون بووەکەمان پەیدا بکەم. ڕێبەرێکی بە مشوور بۆ نەتەوەیەکی زوڵم لێکراو وەدۆزم. ئەگەر خەوم لێ بکەوێ چۆن جوابی خەڵک و ویژدانم بدەمەوە؟
هەرچۆنێک بێ هەستامە سەر پێ و بە لارە لار لە نێو ژوورەکەدا دەستم بە پیاسە کرد. ژوورەکە بچووک بوو، بەڵام بە زەحمەت ئەم سەرەوئەو سەرم دەکرد .دەتگوت بە بێگار قورسترین ئیشی دنیام پێ دەکەن.
لاقەکانم دەلەرزین و زوو زوو چۆکم دەنووشتاوە. دوایین جار کە لە میز و سەندەڵییەکە نزیک بوومەوە، لەسەر سەندەڵییەکە دانیشتم. چاوێکم بە میزەکەدا خشاند. بڕووسکەی بیرۆکەیەک بە پڕتاو بە مێشکمدا ڕابوورد. من کوا ئاوا بەرگەی ئەم شەوە درێژە دەگرم؟ هاکا نووستم. بۆ نامەیەک بۆ پێشەوا نەنووسم؟ بێ گومان ئەم میزوسەندەڵی و قەڵەم و دەفتەرە هی پێشەوایە و نامەکەم دەبینێ.
بە پەلە دەستمدا دەفتەرەکە. سەرنجمدایە نیوەی زیادی دەفتەرەکە نووسرابوو. بە خەتێکی جوانیش نووسرابوو. گوتم بەم خەتە ناشیرینەی خۆم ئەم دەفتەرە جوانەش دەشێوێنم. چەند جار بە دڵمدا هات سەیرێکی ناوەرۆکی نووسینەکان بکەم. نا ئەمە ئەوپەڕی ناپیاوییە. خاوەنی دەفتەر ئیزنی خوێندنەوەی پێ نەداوم. دوایین لاپەڕەم هەڵداوە و گەیشتمە لاپەڕەیەکی سپی. لە سەر دێڕ نووسیم بۆ جەنابی قازی محەمەد پێشەوای کورد.
هەستم کرد قەڵەمە دارەکە لە نێوان قامکەکانمدا دەلەرزێ. پێم وابێ نەدەبوایە وابنووسم. دەبوایە بنووسم بیسمیلاهی ڕەحمانی ڕەحیم. پێشەوا مەلایە و ئاوا زۆرتر دەتوانم سەرنجی ڕاکێشم. لە پاککەرەوەیەک گەڕام. هیچی لێ نەبوو. ناچار درێژەم بە نامەکەمدا و نووسیم.
جەنابی قازی محەمەد، من لە هەشتا ساڵ پاش ئەم ڕێکەوتەی ئەم نامەیەی کە دەینووسم، گەڕاومەتەوە و خۆم گەیاندووەتە ئێرە. بەداخەوە ئەم کۆمارەی ئێوە ئەمڕۆ ڕاتانگەیاند، پتر لە یازدە مانگ تەمەن ناکات و بە فێڵ و تەڵەکەی نەیاران لە ناو دەچێت. پاشی ئێوەش کورد لە ئێران چەندین قۆناغی بەرز و نزمی بینیوە، بەڵام لە کۆتاییدا ئێستا ڕەنج بەخەسار و بێ ڕێبەر و هیوا بە باچوو ماوەتەوە. ڕێبەری کارتۆنیمان زۆرە. کەسانێک کە تەنانەت لە نێو حیزبەکەی خۆشیاندا بە تەواوی قبوڵیان نین و جێی پەسەندی هەمووان نین. بۆشایی بوونی ڕێبەرێکی کاریزما تەواو هەست پێ دەکرێت. بەداخەوە ڕێبەر وەک هیچ شتێک نییە و ناتوانی بچی لە وڵاتێکیتر بیکڕی و لە وڵاتی خۆت بەکاری بێنی. بۆیە من لە پێناو ساڵێک ژیانی ئێوەدا بەشێک لە تەمەنی خۆم بە شەیتان فرۆشتووە. هیوا دارم ئێوەش پێشنیارەکەم پەسەند بکەن.
دوایین شەو، پێش ئەوەی کارەساتەکە بقەومێ من دێمەوە خزمەتتان و پێکەوە دەچینە داهاتوو. هیوا دارم لەم ساڵەدا بتوانی نێو ماڵی کورد یەک بخەیەوە و بەرەیەکی یەک دەنگ پێک بهێنی و ئەرتەشی کوردستان دامەزرێنی و کورد لەم هەزار دەنگی و پەرتەوازەییە ڕزگار بکەی. بەو ئاڵایەی ئەمڕۆ لە چوارچرا هەڵتدا سوێند دەخۆم ڕێگا چارەی دیکەم هەبوایە پەنام بۆ تۆ نەدێنا و لەو خەوە مێژووییە هەڵم نەدەستاندی.
پاش تەواو بوونی نامەکە. دەفتەرەکەم هەروا بە کراوەیی بە جێهێشت و بە ئەرخەیانی چوومەوە سەر جێگاکەم و چاوم قووچاند و نووستم. دڵنیابووم قازی نامەکەم دەبینێ و دەیخوێنێتەوە.
11
چاوم کە هەڵێنا دیاکۆم لە سەر سەری خۆم بینی. هەڵترووشکابوو و ملی بە لای ڕاستدا خوار کردبووەوە و بە خەمباری سەیری دەکردم. تازەم زانی سەفەری من تەواو جەستەیی نییە. یان باشتر بڵێم کۆپیەکی جەستەم لێرە هەر ماوەتەوە. سەلیمی جەوهەری خەوتبوو. پرخەی ڕۆژە ڕێیەک دەڕۆیشت. هەرهەستام و خۆم گەیاندە سەری و هەڵمستاند و پێم گوت: بەو سەرۆکە گەوادەت بڵێ، نامەوێ بێجگە لە قازی کەسی دیکە بمبینێ.
سەلیم تازە لە خەو هەستابوو و هێشتا ویندۆزەکەی وەکارنەکەوتبوو و گێژ گێژ بوو. حەپەساو سەیرێکی کردم و گوتی: بەخێر بێیەوە. جارێ دانیشە بزانم چیت بەسەرهاتووە و بۆ وا تووڕەی؟
گوتم: جا بڵێ چیم بەسەر نەهاتووە؟ کاکت منی بە ڕووت و قووتی لە ماڵی بێوەژن و کچێک دانا. هەر ئەوەی کە زیندووم دەبێ شوکرانە بژێر بم.
دیاکۆ قاقا دەستی بە پێکەنین کرد. دەنگی پێکەنیننەکەی وابوو، دەتگوت جنێوم پێدەدا. بە ناڕەزایەتییەوە گوتم: پێبکەنە، پێبکەنە خۆ تۆ نەبووی بە شەق دەیانهێنای و دەیانبردی. جا بۆ پێناکەنی بابم؟
بەم قسەیەم سەلیمیش وێڕای دیاکۆ دەستی بە پێکەنین کرد. سەلیم گوتی: ئێستا دەتەوێ چی بکەی؟ گوتم: سەیرکە پێشەوا و سەیفی قازی و سەدری قازی پاش ئەوەی کە ئەرتەش دێتەوە مهاباد دەگیرێن و پاش ماوەیەک دادگایی دەکرێن. لە دادگا قازی زۆر چاک بەرگری لە خۆی و کۆمار و خەڵک دەکات، بەڵام بڕیار لەسەرەوە دراوە و دادگا حوکمی لە سێدارە دانیان دەردەکات. پاش ماوەیەک قازی داوای حوکمی پێدا چوونەوە بە حوکمەکەی دەکات و هیوا دارە دۆستەکانی پێش بە بەڕێوە چوونی ئەم بڕیارە بگرن. شەوی دەی خاکەلێوە دەچنە نێو زیندان و پێی دەڵێن بڕیاری لێبوردنت دراوە و دەبێ بچی بۆ تاران و دیسان دادگایی بکرێیەوە. زیندانییەکان زۆر خۆشحاڵ دەبن. یەکتر لە ئامێز دەگرن و یەکتر ماچ دەکەن. لە پێشدا قازی دەبەن. کە دەیبەنە چوارچرا لەوێ مەلایەکی کورد و ژاندارمەکان دەبینێ تازە تێدەگات کە بۆچی هێناویانە. وەسیەتنامەیەکی پێ دەنووسن و پاشان لە سێدارەی دەدەن.
کاک سەلیم من دەمەوێ لە مەودای نێوانی نووسین و ئیمزای وەسیەتنامەکەی و لەسێدارەدرانی، نیو کاتژمێر بیبینم. بەڵام نامەوێ کەسیتر بمبینێت. تێگەیشتی. سەلیم خەریکبوو سەنیرەکەی ڕێک دەکردەوە بخەوێ گوتی: نیگەران مەبە، وابزانە شەیتان گوێی لێبووە. چۆنت دەوێ هەروا دەبێ. ئێستا بڕۆ ڕاکشێ و هەوڵ بدە بخەوی. کە هەستای لە خەو کاتژمێر سێی بەیانی ڕۆژی دەی خاکە لێوەیە.
ئەم قسەیەی کرد و ڕووی کردە دیوارەکە و خەوت. دیاکۆ سەرێکی ڕاوەشاند و گوتی: لە نێوان ئێوەدا گیرم کردووە. یەکێک دێ و یەکێک دەڕوات. خودا بە خێری بگێڕێت. دەی فەرموو بخەوەوە برانم ئەمجارە چ دەکەی؟
بە پەلە کراسێک و شارواڵێکم لەبەر کرد. گوتم: با لانیکەم ئەمجارە جلێکی شیاوم لەبەر دابێ. پاشان ڕاکشام و چاوم قووچاند. چاوم هەڵێنا و ویستم بڵێم کوڕە خۆ خەویشم نایات. بینیم زۆریش پێویست نەبووە بخەوم و لە نێوان پەتی سێدارەکانم و قازی بەرەو من دێنن. لە دوورەوە قازی منی بینی و بە سەرسووڕمانەوە بەرەو سێدارەکە دەهات. دڵم بەوە خۆش بوو. وادیاربوو ئەوانەی دیکە نامبینن. گەیشتە نزیک من و مۆڵەتە نیوکاتژمێرەییەکەم دەستی پێکرد. ژاندارمەکان بوونە پەیکەر و لە جووڵە کەوتن. قازی ئەوەندەی دیکە سەری سووڕما. قۆڵی لە دەستی ژاندارمەکان دەرکێشا. دەستی درێژ کرد و لە پێش چاوی یەکێک لە ژاندارمەکان دەستی ڕاوەشاند. ئەرخەیان بوو کە نایبینێ. ئاوڕی داوە و سەیری منی کرد. شانم هەڵتەکاند و پێکەنیم و بەرەو پیلی چووم و باوەشم پێدا کرد. هەستێکی لەڕادەبەدەر خۆشم هەبوو. گوتی: نامەکەتم خوێندەوە و مینا و حوسێن و سوێبە و دایکیشی زۆر قسەیان بۆ گێڕامەوە. بەداخەوەم کە جاری پێشوو ئەزیەتیان کردی. گوتم: هەموو بە قوربانی ئێوە بێ. من لە چاو ئێوە چیم نەکردووە. گوتی: بژی. وادیارە بە پێچەوانەی بێ هیواییت خەڵکێکی زۆر پاش ئێمە دێنە نێو گۆڕەپانەکە و بۆ گەلەکەیان تێ دەکۆشن. گوتم: قوربان بە هەزاران کوڕ و کچی ئەم وڵاتە دێنە نێو ئەم شۆڕشەوە، بەڵام لە کۆتاییدا بێ سەرکردە ماونەتەوە. مات بوو. سەری بەرزەوە کرد و سەیری سێدارەکەی کرد. گوتی: من قەت ئامادە نیم نەک بیست ساڵ تەنانەت چرکەیەک لە تەمەنی تۆ بۆ من بە فیڕۆ بچێت. تۆش نەدەبوو لە گەڵ شەیتان معامەلە بکەی. تۆ دەبێ ڕووت لە خودا بێ و بارەگای باری تەعالا بە هیچ شتێک نەگۆڕییەوە و ئەم مەلعوونە بە نەحلەت بکەی.
قازی کە ئەم قسەیەی کرد. یەکێک لە ژاندارمەکان جووڵەیەکی کرد. وەک بڵێی شەیتان پێی نیشاندام کە ئەگەر قازی لەم جۆرە قسانە بەردەوام بێ مۆڵەتەکە تەواو دەکات. خێرا گوتم: تازە ئەوەی بوو بوو. ئێستا ئێوە تەشریفتان دێ بۆ سەردەمی ئێمە و ببییەوە بە پێشەواومان؟
بزەیەکی تاڵی کرد و بێ دەنگ سەیری کردم. پاشان گوتی: بڕوانە هەر نەوەیەک چیرۆکی خۆی بۆ خۆی دەینووسێتەوە. هەر نەوەیەک پاڵەوانی خۆی هەیە. من و هاوتەمەنەکانم کاری خۆمان کردووە. ئێوە دەتوانن لە مێژووی ئێمە زۆر دەرس وەربگرن. بۆ نموونە سەیری ئەندامانی ژێ کاف بکە. ئەوان دەیانتوانی زۆر کەس بکەنە سەرکردەی خۆیان. خۆ زۆر کەس لە من دەوڵەمەندتر و دەستڕۆیشتووتر بوو. ئاغای واهەیە بەلانیکەمەوە هەزار پیاوی هەیە، ئەی بۆ لە نێو ئەم خەڵکەدا منیان هەڵبژارد؟ بیری لێ بکەوە. ئێوەش دەبێ کەسانی لێهاتووی خۆتان هەڵبژێرن. کارتان بە ناو و ناوبانگ و هێز و دەسەڵات نەبێ. کە زانیتان کەسێک بەکارتان دێ لە دەووری کۆ ببنەوە. دوایە کێ دەڵێ دەبێ کەسێک ڕێبەر بێ. با بە شۆڕایی کارەکان بەڕێوە بچێت. ئێمە هەڵەمان زۆر کرد. هەڵەکانی ئێمە دووپات مەکەنەوە. من زۆرم هیوا بە چینی ئاغاوات و دەستڕۆیشتوو بوو. سەیر بکە ئێستا کێ دەبینی؟ کەوایە گەورەترین هێزی ڕزگاری هێزی گەلە. لە گەڵ گەلەکەتان ڕاستگۆ بن. گەل پشتیوانتان بێ تێکناشکێن. بە تەنیا نامێننەوە. من هەڵبژێردراوی گەلەکەمم بەڵام لە نهایەتدا پشتم بە دەسەڵاتدارەکان بەست، کەچی هەموو بە دزییەوە نامەیان بۆ تاران نارد و خۆیان تەسلیم کردەوە. لە مزگەوت سوێندیان خوارد بەرگری لە کۆمار بکەن. بەڵام بە کردەوە چیان کرد؟ کوان؟ ئێوە وامەکەن. مەڵێن ئەوە سەرۆک و ڕێبەری فڵانە حیزبە. هەرچی بڵێ وایە و ڕاست دەکات. نا کەستان پێ پیرۆز نەبێ. گەل پیرۆزە.
گوتم: قوربان تەشریف بێنە و ئەم قسانەمان بۆ بکە.
پێکەنی و دەستێکی لەسەر شانم دانا و گوتی: بەدوای سیمورغ داهاتووی. لە کاتێکدا بۆ خۆتان سیمورغن.بە هاتنی من هیچ شتێک ناگۆڕدرێ. من تاکێکم. ئێوە دەبێ بە پشتیوانی خودا سەر لە نوێ تێهەڵچنەوە. خۆ لەسەردەمی ئێمە ئەنگوستە چاوتر هەر نییە؟ ئێمە ژێ کافمان دانا. کوردستانمان ژیاندەوە. لە سیفرەوە دەستمان پێ کرد. ئێوەش دەتوانن. پشتی یەکتر بەرمەدەن. دڵنیام سەردەکەون.
هاوارم کرد پێشەوا ئێمە زۆر پەرتەوازەین. ڕێبەرەکانمان ڕێبەر نین. وەرە فریامان بکەوە.
دەتگوت گوێی لە قسەکانم نابێ. لە سێدارەکە نزیک بووەوە. دەستێکی لە پەتەکەدا و ڕووی لە من کرد و گوتی: لەو خەوە هەستە. من ئەوەی لە دەستم هات کردم. ئێوەش ئەوەی لە دەستتان دێت بیکەن. شەرمەزاری خۆتان و خودا مەبن.زۆر شتیش هەیە تەقدیرە و دەربازبوون لێی مەحاڵە. من ناتوانم لەم پەتە ڕزگارم بێ. بەڵام بەم مردنە سەربەرز دەبم و سەرشۆڕ نابم، چونکە بە مردنم گیانی خەڵکی خۆم دەپارێزم. ئێوە ئەم شتانە ببینن. دڵنیام لە نێو ئێوەشدا کەسانێک هەن کە بەرژەوەندی خۆیان فیدای گەل دەکەن. ئەوانە بدۆزنەوە. یەک بگرن. ئێوە هەمووتان قازی محەمەدن. هەمووتان سەیف و سەدرن.
سەربازەکان زیندوو بوونەوە و لەوەی قازی بە تەنیا لە پێش سێدارەکەیە و ئەوان لێی دوورن، پەشۆکان. بە پەلە خۆیان گەیاندەوە ئەو.
ڕووم لە گەڕەکەکانی شار کرد. منداڵێکی بچووک لە پێش پەنجەرەی ماڵێک ڕاوەستابوو و سەیری دەرێی دەکرد. سەیری شوێنی ڕوانینیم کرد. ڕێک سەیری چوارچرای دەکرد. تا ڕۆژ بووە لە بن پەنجەرەی ماڵەکە دانیشتم. لەم چەند کاتژمێرەدا گوێم لێبوو. کەسێکیان لە سێدارەدا یەک بۆخۆی دەینەڕاند و دەیگوت بژی پێشەوا ، بژی کۆماری کوردستان. زۆر جنێویشی بە شا و ژاندارمەکاندا. نەمزانی کێیە. وردە وردە ڕۆژ بووەوە و خەڵک هاتنە دەرێ و بەرەو چوارچرا وەڕێ کەوتن. لە گەڵیان وەڕێ کەوتم. لە تەرمەکان نزیک بوومەوە. لە نێو حەشیمەتەکەدا پیرە پیاوێک دڕی بە خەڵکەکەدا و هاتە پێشێ. گۆچانەکەی هەڵێنا و لە لاقی پێشەوایدا و گوتی قازی برای منت کوشت. ئەمڕۆش بۆ خۆت کوژرایەوە. کەس هیچ نەگوت. بێ دەنگ وەرسووڕا و ڕۆیشت. بوغز گەروومی گوشی. پێش هەمووان خۆم گەیاندە مزگەوت. شەهیدەکانیان شۆرد و لە مزگەوت نوێژیان لەسەر کردن. لە گەڵ خەڵکەکە بەرەو داشامەجید وەڕێ کەوتم. گۆڕەکانیان هەڵکەند. مەلا تەلقینی دادان و خەڵک بە گریان و فاتیحا خوێندنەوە وردە وردە گۆڕەکانیان بەجێهێشت. سەرم لە سەر خاکە گەرمەکەی سەر سینگی دانا و گوێم بە قەبرەکەوە نا. گوێم لە ترپەی دڵی بوو. هاوارم کرد خەڵکینە بگەڕێنەوە پێشەوا زیندووە.

Thursday, July 22, 2021

Hevpeyvîn legel Hesen Qazî

Tuesday, May 25, 2021

کۆمەڵگەی مەدەنی و سیاسەتی دێمۆکڕاتیک، دوو وانە لە زانینگەی مەد

کۆمەڵگەی مەدەنی و سیاسەتی دێمۆکڕاتیک

دوو وانە لە زانینگەی مەد

پرۆفێسۆرعەبباس وەلی
تێبینی: ئەو دەرسانە سەبارەت بە چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی کە لە زانینگەی مەد لە ساڵی ٢٠٠٠  یان ٢٠٠١  لە تێلێڤیزیۆنی مێدیا دا پێشکێش کراون دەبێ لە بەستێنی وێژیاکی و سیاسی خۆیاندا ببیندرێن. ڕووخانی  یەکێتیی جەماهیری شووڕەوی و هێرشی چین بۆ سەر پاشماوەی مائوئیزم کە سەرهەڵێنانی ئابوورییەکی هێرشبەری کاپیتالیستی بە دوو دا هات کۆتایی هێنا بە خەونی کۆمەڵێکی یەکسان و ئازادی کە کۆگای سۆسیالیزم و نەبوونی پێوەندییە چەوسێنەرەکانی چینایەتی پەروەراند بووی. خەبات لە پێناو وەدەست هێنانەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەرهێنانی لە چنگاڵی دەوڵەتە سەرە ڕۆیەکان و ژیاندنەوەی تواناییە بەرهەمهێنەرەکان و ئەنێرژییە ئافرێنەرەکانی نیشانەی ئاشکرای ئۆپۆزیسۆنە دێمۆکڕاتیکەکانی وەکوو چارتری ٧٨ بوو  لە چێکۆسلۆاکی پێشوو دا. ویستی زیندوو کردنەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی هەر وەها لە هەمان کات دا بەشێکی ناوەندی بوو لە خەباتە دێمۆکڕاتیکەکان بە دژی پەرەگرتنی دەسەڵاتی سەرەڕۆ و دەسدرێژی دەوڵەت بۆ سەر ماف و ئازادییە دێمۆکڕاتییەکانی شارومەندان لە ڕۆژئاوا. هێزی هێرشبەری سەرمایەداری  ئازاد و بەرژەوەندیخوازی خۆپەرستانەی سەردەمی رێگان و تاچر ئامانجی ئەوە بوو کۆمەلگەی مەدەنی بکا بە مەیدانیکی بەربڵاوی نەوسی شەخسی و دەسکەوت و بەرژەوەندی ئابووری هەر هەمان ئەو هۆیەش بوو کە مارکس بگەیێنێتە ئەوەی ئیعتیباری گۆیا بورژوازی کۆمەڵگەی مەدەنی وەدوایە بداتەوە . مارگارێت تاچر لە هەڕەتی دەسەڵاتی دا ئەو قسە بە ناوبانگەی کرد: " شتێک نییە بە ناوی کۆمەڵ، تەنێ بنەماڵەکان و تاکەکان هەن ". وەدوا دانەوەی  چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی، لە لایەن مارکسەوە کە زۆربەی هەرە زۆری لایەنگرانی بە باوەشی ئاواڵەوە وەریان گرت و سەریان وەبەرهێنا، بە قیمەتی گران لە سەر مارکسیسم  وەستا، بە تایبەتی لە بە تیوری کردنی پێوەندیی نێوان دێمۆکڕاسی و سۆسیالیسم دا. ئەوە ئەو دەمی و ئێستاش چەقی خراپ تێگەیشتنی مارکسیستییە لە دێمۆکراسی وەکوو  ' باشترین قاوغی سیاسی بۆ  چەپاندنی بورژوازی'.                                         

ئەو پێشوەچوونانە  لە مەیدانی سیاسی و ئیدێئۆلۆژی نێونەتەوەیی دا بووە هۆی زیندوو بوونەوەی خێرای مەیل بەرەو چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی لە دنیای سیاسی، ڕۆژنامەگەری و ئاکادێمی دە ساڵانی  ١٩٩٠ کاندا. ویستی زیندوو کردنەوەی ئەو چەمکە و بەکار هێنانی لە ویژیاک و لێکدانەوەی ئۆپۆزیسیۆنی گەلیی بە دژی حوکمی دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی دا زوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێران بە ڕۆژهەڵاتیشەوە دەنگی دایەوە. لە بەستێنی ئێران دا چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی جێگایەکی ستڕاتێژیکی پەیدا کرد لە دیسکۆرسی سیاسی و کولتووری  ڕێفۆرمیستەکاندا. ئەوان بۆ گەیشتن بە  دوو مەبەست  ئەو چەمکەیان دەکار کرد. یەکەم  بۆ بەرعۆدەییان  لە ئاست حوکمی قانوون وەکوو داوەری هەری بەرز  لەمەڕ سیاسەت  و دووهەم بۆ بەرگری لە ئۆتۆنۆمی کۆمەڵ لە بەرانبەر سوڵتەی لە زێدەی  دەسەڵاتی سیاسی  کە بەدەست  ئەو  داودەزگا سیاسی، نیزامی و ئەمنیانەوە بوون کە لە دەرەوەی بواری حدوود و سنووری دەسەڵات و سیاسەت هەڵدەسووڕان کە قانوون دیاری کرد بوو. هەڵوێستی ڕێفۆرمیستەکان لە مەڕ کۆمەڵگەی مەدەنی و پانتایی گشتی پێڕەو کردنی بیری بیرمەندانی ئینگلیسی – سکاتلەندی و فەڕانسەیی سەدەکانی هەژدەهەم و نۆزدەهەم بوو. 

ئامانجی ستڕاتێژیکی ڕێفۆرمیستەکان ئەوە بوو ڕێفۆرمیستە کوردەکان  دوور خەنەوە  و عیلاجێک ببیننەوە بۆ مەشرووعییەتی ڕێژیمی ئیسلامی کە خەریکی داڕمان بوو.  لە ڕۆژهەڵات کوردە ڕێفۆرمیستەکانیش هەر هەمان تێگەیشتنیان هەبوو  لەمەڕ چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەر هەمان قسەیان  دەکرد کە  لە ئێران دا بە گشتی دەکرا وەکوو مرادە تیوری و پێشرەوە سیاسییەکانیان لە دەروون و لە دەرەوەی حکوومەت لە تاران.  ئەوان پێکێشیان کرد لە سەر بەڕێوەبردنی وێژیاک و کردەوەکانیان لە چوارچێوەی بەرتەنگییەکانی قانوونی بنچینەیی دا کە لەو قانوونە دا حدوود و سغووری دەسەڵات و ئۆتۆریتە بە پێی دوکتورینی  ویلایەتی فەقیه  دیاری کراوە  تەجەسومی قودرەتی موتڵەق، کە لەسەرەوەی هەموو جۆرە قانوون و مەشرووعییەتتی قانوونییە.  ئەو بۆچوونە ساویلکانەیە بۆ قودرەت و قانوون، لە مەڕ تەبیعەتی قودرەتی مەشڕووع و ئەو سیاسەتانەی کە قانوونی بنچینەیی لە جمهووری ئیسلامی دا پشتیان دەگرێ، بوو بە هۆی شکستی ڕێفۆرمیستەکان.

ئەو دەرسانە  بە ئاگاداری لە مێژووی تیوری و سیاسی  ئەو چەمکە لە بەستێنی نێونەتەوەیی، هەرێمی و ئێرانی دا حەول دەدەن ناساندن و تەعریفێکی بەدیل بهێننە گۆڕێ.
٢٥-ی مەی ٢٠٢١

=============
باسی ئەمڕۆی ئێمە لەبارەی کۆمەڵگەی مەدەنی و سیاسەتی دێمۆکڕاتیکە. چەمک یان کۆنسێپتی کۆمەڵگەی مەدەنی دە ماوەی ئەو پازدە ساڵەی دا بووەتە چەمکێکی سەرەکی تێۆری سیاسەت لە دنیای ئەمڕۆ دا و لەوەش زیاتر ئەو چەمکە بووەتە چەمکێکی ستڕاتێژیک دە فکری سیاسی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی دنیای ئەمڕۆ دا. پاش ڕووخانی کۆمۆنیزم لە ساڵی ١٩٨٩ و هەر وەها پاش ئەوەی کە پسپۆڕە سیاسییەکان و سیاسەتمەدارانی دێمۆکڕاتیکی دنیای ڕۆژئاواش بەو نەتیجەی گەیشتن کە ئەساسی ئەو دێمۆکڕاسییەی  کە دە ماوەی ٢٠٠، ٢٥٠ ساڵی پێشوو دامەزرێندراوە ناتوانێ وڵامی بەشێک لە مەسەکانی ئەمڕۆی ئەو کۆمەڵانەی ئوڕووپایی بداتەوە گوتیان دەبێ گۆڕان وتەحەولێک لە فکری دێمۆکڕاتیک و لە سیاسەتی دێمۆکڕاتیک دا بکرێ.
لەو چوارچێوەیە دابوو کە چەمک، کۆنسێپتی کۆمەڵگەی مەدەنی دیسان هاتە گۆڕێ و باسێکی زۆری لە سەر کرا و باسێکی زۆری لە سەر دەکرێ. ئەڵبەتە ئەو چەمکە تەنیا  لە  دنیای ڕۆژئاوا دا نەبووەتە باو، بەڵکوو لە ڕۆژهەڵاتی نێوە ڕاستیش دا، دە دنیای عەڕەب دا، لە تورکیا دا، لە ئێران دا و تەنانەت لە  ئاسیای نێوەڕاست دا و لەو کۆمارانەی کە تازە لەوێدا دروست بوون بەحس لە سەر کۆمەڵگەی مەدەنی هەیە.
ئەو بەحسە بەحسێکی موجەڕەد نییە، بەحسی کۆمەڵگەی مەدەنی دە پێوەندی دایە لەگەڵ ڕێژیمی دێمۆکڕاتیک، پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک و لەگەڵ ئەوەی کە چۆن دێمۆکڕاسی دەبێ ساز بکرێ و چۆن پڕۆسەی دێمۆکڕاتی دەبێ بەردەوام بکرێ و پاش وەی کە حکوومەتی دێمۆکڕاتیک هاتە سەر کار چۆن ئەو جەماوەرەی کە ڕەئیان  داوە بتوانن کۆنتڕۆڵێک لە سەر کاری ئەو حکوومەتەی کە ڕەئیان پێ داوە، هێناویانەتە سەر کار ڕابگرن. و دە حەقیقەت دا ئەگەر بمانەوێ لە ئەساسی مەسەلەی بکۆڵینەوە و بڵێین بۆچی چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی بووەتە باو و ئەو هەموو بەحسەی لە سەر دەکرێ دەتوانین ئەوەی دە ڕستەیەک دا کورت بکەینەوە ئەویش ئەوەیە ئەو چەمکە بە شێوەی ئیستعارەیەک، مێتافۆڕێکی تێۆریکی سیاسی باسی حدوود و سنوور و بەرتەنگییەکانی قودرەتی سیاسی دە عەمەل دا دەکا.
ئەوە بە تایبەتی دە چوارچێوەی سیاسەتی دێمۆکڕاتیک دا باسی مێکانیزمەکانی دەکا، باسی ئامراز و ئەبزارەکانی دەکا کە جەماوەر دەتوانن دە ئیختیاریان دا بێ بۆ ئەوەی  بتوانن کۆنتڕۆڵی خۆیان لە سەر پڕۆسەی سیاسی ڕابگرن، بەرتەنگییەک دیاری بکەن بۆ عەمەلکەردیی سێنترالیزمی سیاسی و هەر وەها بتوانن ئەو ئەسڵەی دێمۆکڕاتیک کە حکوومەتی دێمۆکڕاتیک دەبێ ئەسلی پلوورالیزم  کە بنەمای سەرەکی هەلبژێردرانی خۆی بووە  ڕەچاو بکا و بە دەم ڕەچاوکردنیشی وڵامدەریش بێ لە ئاست ئەو کەسانەی کە هەڵیان  بژاردووە.
ئەگەر ئەو تەعریفە  بەشێوەیەکی گشتی قبووڵ بکەین بڵێین چەمک یا کۆنسێپتی کۆمەڵگەی مەدەنی لە بەر وەی بۆتە باو کە هەم لە دنیای ڕۆژئاوا و هەم لە دنیای پێشووی کە دە ژێری سولتەی جەماهیری شووڕەوی دا بوو، واتە لە ئوڕووپای ڕۆژهەڵات بەو نەتیجەی گەیشتوون کە یەکەم کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ ئەوە پێویستە حدوودی قودرەت، سنوور و ئتیختیاراتی دەوڵەت دیاری بکا و دووهەمیش بۆیە پێویستە پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک هەبێ کە بتوانێ کار کردنی ئەو پڕۆسەی دێمۆکڕاتیکە یا دەوڵەتە دێمۆکڕاتیکەی کۆنتڕۆڵ بکا و پێشی ئەوەی بگرێ ئەرکەکانی سێنترالیزەی خۆی لە تەواوی ڕەهەندەکانی کۆمەڵ دا گەشە پێ بدا.
جا لەو چوارچێوەی دا دەبێ ئێمە ئەو باو بوونی چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی ببینین. لە دنیای ئەمڕۆ دا بە تایبەتی ئێمە کە باسی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەین، بە تایبەتی باسی ئەو دەوڵەتانە دەکەین کە کورد تێیاندا دەژی یانی عێڕاق، ئێران، تورکیا و سووریا دەوێدا ئەو چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی لایەنێکی ستڕاتێژیکی زۆر سەرەکی هەبووە کە ئەوە بووەتە ئەبزار و ئامرازی تێۆریک و سیاسی ئەو هێزانەی کە ویستوویانە پڕۆسەیەکی دێمۆكڕاتیزە کردنی سیاسەت لەو دەوڵەتانە دا دەست پێ بکەن. جا بۆیە ئەو بەحسانە کە لەوێ  کراوە تەنیا بەحسی تێۆریک و فەلسەفی نەبوون بەڵکوو بەحسی ستڕاتێژیکی سیاسیش بوون و هەن.
لەو چوارچێوەی دا ئەگەر تەماشای بکەین ئەو بەحسانەی کە دەکرێن هەڵوێست و ڕێفرێنسیان، واتە بۆچوونیان  ئەوە بووە  کە دە فەلسەفەی سیاسی ڕۆژئاوا دا هەبووە  سەبارەت بە کۆمەڵگەی مەدەنی. مەسەلەی کۆمەڵگەی مەدەنی دە فەلسەفەی سیاسی ڕۆژئاوا  دا مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە تەقریبەن دەکرێ بڵێین نزیک چوارسەد ساڵە مەسەلەی کۆمەڵگەی مەدەنی بە شێوەیەک هاتووەتە گۆڕێ بەڵام نە بەو مەعنایەی کە ئەمڕۆ بەکاری دەبەن. لە پێوەندی لەگەڵ پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک لە ڕۆژئاواش دا تاریخێکی هێندە دوورودرێژی نییە و لە سەدەی نۆزدەوە ئەو بەحسانە بەو شێوەی دەستیان پێ کردووە.
ئێستا لێرە دەرفەتی ئەمە نییە بە وردی بچینە سەر ئەو باسەی کە مەسەلەی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئوڕووپایە، لە فەلسەفەی سیاسی ڕۆژئاوا  دا چۆن وێنا کراوە بەڵکوو باشتر ئەوەیە بە شێوەیەکی گشتی باسی گرایشە ئەساسییەکانی، باسی تڕێندەکان و پڕۆسە فکرییە سەرەکییەکان لەو پێوەندییە دا بکەین. ئەویش ئەگەر ئاوا بۆی بچین  دە فەلسەفەی سیاسی ئوڕووپایە دا، دە فەلسەفەی سیاسی ڕۆژئاوا دا کۆمەڵگەی مەدەنی بە دوو شێوە دیتراوە:
یەک ئەوەیە کە کۆمەڵگەی مەدەنی وەک حکوومەتی قانوون دەبینێ. بەو مەعنایەی کە دەڵێ بە وەسیلەی ئامرازی قانوونەوە دەتوانێ سەربەخۆییەک بۆ خۆی بپارێزێ  کە بتوانێ لە بەرانبەر دەوڵەت  دا مەوجوودییەتی هەبێ  و قەت تەسلیمی قودرەتی سیاسی بەو شێوەی نەبێ.
ئەو تەعریفەی کە کۆمەڵگەی مەدەنی  لەگەڵ حکوومەتی قانوون بە یەک دادەنێ و لەگەڵ حکوومەتی سیاسی مەحدوود ئەوە بە جۆرێک شایەد بتوانین بڵێین  بە شێوەیەکی گشتی مەنشەئی ئەو فکرەی دەچێتەوە سەر فەلسەفەی سیاسی توماس هابز فەیلەسووفی سەدەی ١٧-ی ئینگلیستان. هابز باسی
civil society یا کۆمەڵگەی مەدەنی دەکا بۆ ئەوەی فەرقی نێوان کۆمەڵگەی تەبیعی کە کۆمەڵگەیەکی پێش کۆمەڵگەی مەدەنی یە، فەرقی بەینی ئەوە و کۆمەڵگەی مەدەنی دەستنیشان بکا. فەرقی بەینی ئەو دوانە لە جێدا  لە ڕوانگەی هابزیەوە بوونی قانوون و حکوومەتی قانوونە  کە دەتوانێ حدوود و سغووری قودرەتی سیاسی دیاری بکا. ئەگەرچی هابز لە جێدا  بۆخۆی  تێۆریسیەنی absolutism  یانی موتلەقگەرییەکی سیاسی دەچوارچێوەی ئینگلیستان دا بووە بەڵام  بنەما و ئاکامە فکرییەکانی کە  لە بەحسەکانی وی دا سەبارەت  بە حکوومەتی قانوون دە بەرانبەر دەوڵەتێ دا یا دە چوارچێوەی دەوڵەتێ دا دەکرێ دەتوانێ زۆر ئاکامی لیبێڕاڵی لێ وەرگیری یا بەشێکی  شایەد ئاکامی دێمۆکڕاتیکی لێ وەربگیرێ کە بڵێین وەکوو کولییەتێک باس لە کۆمەڵگەی مەدەنی دەکا.
ئەو بەشەی کە دەچێتەوە سەر فکری هابزی لە سەدەی ١٧-ی لە ئینگلیستان ئەڵبەتە لە ئێرانیش دا  هەر ئەو جۆرە ناساندنەی  کۆمەڵگەی مەدەنی یە کە کۆمەڵگەی مەدەنی وەک  حکوومەتی قانوون و قودرەتی مەسئوول دەبینێ.
بەحسێکی دیکەش لە کۆمەڵگەی مەدەنی کە بنەماکەی دەچێتەوە سەر، بڕێک پاش هابزی، دەچێتەوە سەر بەحسەکانی فەیلەسووفەکانی  عەسری خیڕەد و ئاوەز یا عەسری ڕەوشەنگەری کە دەوێدا وەکوو موجتەمەعێک  باسی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەن کە سەربەخۆیە لە فۆنکسیۆنی دەوڵەت و دەتوانێ سەربەخۆیی خۆی بپارێزێ.
ئەو بەحسە بە جۆرێک هەم لە میسرێ زۆر شی کراوەتەوە و زۆری بەحس لە سەر کراوە، لە تورکیا بەحسی لە سەر کراوە، لە ئێرانیش بە جۆرێک بە تایبەتی ڕەوشەنبیرانی لاییک لە ئێرانێ  زۆرتر چوون بەرەو ئەوەی ئەو تەعریفە لە چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی باو بکەن و بڵاوی کەنەوە.
بە باوەڕی من هەر دووک ئەو تەعریفانە کە لە دیسکۆرس دا، لە وتار دا دێن تەئکید لە سەر سەربەخۆیی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەن، یەکیان ئەوەی کە حکوومەتی قانوون فەزایەکی دێنێتە پێشی کە دەوێدا دەتوانێ کۆمەڵ دە بەرانبەر دەوڵەت دا جۆرێک سەربەخۆیی نیسبی بۆ خۆی پێک بێنێ.  دە دووەمی دا، دە تەعریفی دووەمی دا بنەمای باسەکە لە سەر ئەوەیە کە  کۆمەڵگەی مەدەنی ئەو موجتەمەعەیە کە لە دەرەوەی سنووری  دەوڵەت دا دەمێنێتەوە.
بە باوەڕی من هەر دووک ئەو باسانە هەڵەیان هەیە ئەگەر ئێمە بڵێین کۆمەڵگەی مەدەنی دەچوارچێوەیەکی سیاسی دا دەژی کە لەوێ قانوونێک هەیە، ئەو قانوونەش دەوڵەت دروستی دەکا، بەو مەعنایەی کە کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕاستیدا  ئەو سەربەخۆیییەی تێۆریسیەنان دەیانەوێ پێی بدەن یا ئەو کەسانەی کە دەیانەوێ بە جۆرێک لە یەکێک لەو دوو ناساندنانەی کۆمەڵگەی مەدەنی کەلک وەربگرن، ئەو سەربەخۆییەی کە پێی دەدەن، ئەو سەربەخۆیی یە لە ڕاستیدا بەوشێوەی وجوودی نییە لەبەر ئەوەی کە قانوون هەیە، لە کۆمەڵێک کە قانوون هەیەو قانوونیش دەوڵەت دروستی دەکا  دەکار کردنی قانوون بەو مەعنایەیە کە هەر نەهادێک، هەر دامەزراوەیەک، هەر پڕۆسە و هەر گوزارە و هەر عەمەلێک کە دە چوارچێوەی وی دایە تابیعی ئەو قانوونەی دەبێ و لە جێدا ئەو سەربەخۆییەی وی یا بە جۆرێک لە دەست دەچێ یا بە جۆرێک دەبێتە سەربەخۆییەکی نیسبی.
جا لێرە دا ئەو بەحسە دێتە پێشێ ئەگەر مەسەلە ئەوەیە کە  کۆمەڵگەی مەدەنی دە چوارچێوەی دەوڵەتێکی دا کارێ دەکا کە قانوونی دروست دەکا و کۆمەڵگەی مەدەنیش بە شێوەیەک تابیعی ئەو قانوونەیە و ناتوانێ  لە دەرەوی چوارچێوەی ئەو قانوونەی کارێ بکا و تابیعی وییە تەئسیر و گرینگی کۆمەڵگەی مەدەنبی دەوەیدا چییە؟
بە باوەڕی من ئێمە دەتوانین ئەو بەحسەی ئاوا  هەڵگێڕینەوە و ئەو جۆرەی بناسێنین کە  کۆمەڵگەی مەدەنی دە ئەساس دا لە چوارچێوەی قانوونی دەوڵەتێ دا کارێ دەکا بەڵام ئەوە قانونێکی تایبەتی یە. ئەوە  قانوونێکی تایبەتی یە یان قانوونێکە تایبەتی دەوڵەتی مۆدێڕنە. ئەوە قانوونێکە دەوڵەتی مۆدێڕن مەشرووعییەتی لێ وەردەگرێ و قانوونێکە مەشرووعییەت دەدا بە دەوڵەتی مۆدێڕن وە قانوونێکیشە کە دەوڵەتی مۆدێڕن مەشرووعییەتی لێ وەردەگرێ هەر وەها دەتوانێ مەشرووعییەتێش لە دەوڵەتێ وەرگرێ. بەو مەعنایە لێرە ئێمە کە باسی قانوونی دەکەین باسی سیستمێکی قانوونی دەکەین کە قانووندانەر بۆخۆشی وەکوو تاکوتەرا،  وەکوو هاووڵاتیان یا وەکوو جەماوەر بۆخۆشی تابیعی ئەو قانوونەیە کە بۆخۆی دروستی دەکا. یانی گوێڕایەڵی لە قانوون بۆ خودی قانووندانەریش هەیە یانی بنەمای مەشڕووعییەتی ڕێژیم بەوە بەستڕاوەتەوە کە قانووندانەر بۆخۆشی تایعی قانوون بێ یانی دەوڵەت قودرەتی سیاسی، قودرەتی قانوونی یە، ئۆتۆریتە یانی قودرەت، قودرەتی قانوونی، ئیختیاری قانوونی، ئیختیاری مەشڕووع یانی مەشڕووعییەتی خۆی لە قانوونێ وەردەگرێ و قودرەتێکیش کە مەشڕووعییەتی لە قانوونێ وەربگرێ بەو مەعنایەیە کە ئەو قودرەتە قودرەتێکی مەسئوولە، قودرەت بەو مەعنایەی کە قودرەت مەحدوودە. قودرەت حدوود و سنووری هەیە. بەڵام لێرە دا کۆمەڵگەی مەدەنی ئەگەر دە چوارچێوەی حکوومەتێکی قانوونی دا ئاوا کارێ دەکا کە دەتوانێ سەربەخۆیی نیسبی خۆی دەو چواڕچێوەی دا بپارێزی  و دە چوارچێوەیەکی قانوونی ئاوا دا پێشی پەرەسەندن و بەرفرەوان بوون و زیاد بوونی قودرەتی سیاسی بگرێ.
ئەگەر بنەماکە ئەوە بێ ئێمە دەتوانین بڵێین کۆمەڵگەی مەدەنی دە ئەساس دا حەوزە یا بوارێکی دیسکۆرسی یا وتارییە و تەواوی ئەو ئینستیتووشنانە و ئەو پڕۆسێسانە و ئەو عەمەلانەی  کە بە جۆرێک لە پێوەندی لەگەڵ ئەو بوارە وتارییە دان  و دەتوانن پشتیوانی لێ بکەن، ئەوەی بەرنە پێشێ و ئەو سیستمی وتارییەی، ئەو سازوارە و ئەو سیستمی وتاری یا سیستمی دیسکۆرسییە ناتوانێ بە بێ ئەو دامەزراوانە بچێتە پێشێ و خۆی ڕابگرێ.
ئەو ئینستیتووشنانە سەربەخۆییەکیان هەیە لە دەوڵەتێ، نە لە قودرەتی سیاسی بەڵکوو سەربەخۆن لە عەمەلکەردەکانی ناوەندخوازی قودرەتی سیاسی و دەتوانن لە بەرانبەیدا  ڕاوەستن بە پاڵپشتی ئەو تەعریفەی لە قانوون کە من کردم.
جا ئەگەر بەحسەکە ئەوە بێ ئێمە دەتوانین دیسان بێینەوە سەر کۆمەڵگەی مەدەنی بڵێین کۆمەڵگەی مەدەنی مەجمووعێکە لەو سیستمانەی وتاری و دیسکۆرسی و ئینستیتووشەکان و پڕۆسێسەکان و پڕاکتیسەکانی کۆمەڵگەی کە دەتوانێ لەدەرەوەی سنوور و ئیختیاراتی ناوەندخوازانەی دەوڵەت دا ڕاوەستێ. تەئکید دەکەم لێرە سنوور و ئیختیارات و کردەوە و سیاسەتەکانی ناوەندخوازانەی دەوڵەتێ نەک لە دەرەوەی قانوونی دەوڵەت. لە ئەساس دا ئەو قانوونەی کە ئەمن عەرزم کرد لێرە،ئەوەی کە کوتم قانوون تەنیا وەختێک  دەتوانێ مەشرووعییەتێ بدا بە قودرەتی سیاسی ئەگەر قودرەتی سیاسی کە بۆخۆی قانوون دروست دەکا بۆخۆشی تابعی قانوون بێ. جا ئەگەر ئەو ئەسڵە ڕەچاو بکرێ ئەو دەمی قانوون دەبێتە بنەمایەک بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی کە بتوانێ لە بەرانبەر فۆنکسیۆنە ناوەندخوازەکانی قودرەتی سیاسی ڕاوەستێ.
فۆنکسیۆنە ناوەندخوازەکانی  قودرەتی سیاسی هەمیشە بەرەو ئەوە دەڕۆن کە کۆمەڵگەی یەکدەست بکەن بەو مەعنایەی کە فەرق و جیاوازی لە کۆمەڵ دا  بێنن لە بن یەک ئەسڵی ئەساسی دا دایبنێن و کۆنتڕۆڵی بکەن. ئەو ئەسڵی ئەساسییە ناسێنەیەکە کە  هو وییەی قودرەتی سیاسی یە، ئەو هو وییەی قودرەتی سیاسی
هو وییەی ئیختیاراتی حاکمییەتە کە لە چەمکی حاکمییەت یا
sovereignty  ئاو دەخواتەوە.
ئەگەر ئەو تەعریفەی بگرین و ئاوا بڕۆین کە فۆنکسیۆنە ناوەندخوازەکانی دەوڵەتێ لە بەرانبەر کۆمەڵگەی مەدەنی دا مەشڕووعییەتی خۆیان لە ئەسڵی حاکمییەت وەردەگرن و هو وییەتی حاکمییەتیان هەیە و دێنن  دەیانەوێ ئەوەی بە سەر کۆمەڵگەی مەدەنی دا زاڵ بکەن و ئەو فەرق و تەفاوتانە، ئەو جیاوازیانە کە بنەمای پلووڕالیزمی دێمۆکڕاتیکە ئەوەی دە ژێر سولتە و کۆنتڕۆڵی بوارێکی ئەساسی سیاسی خۆیان دا دابمەزرێنن، ئەگەر مەسەلەکە ئەوە بێ بەو مەعنایەی دەگەڕێینەوە سەر ئەو تەعریفەی دەڵێین کە کۆمەڵگەی مەدەنی  لێرە کولییەتێکە کە لە بەرانبەر قودرەتی سیاسی دا ڕادەوەستێ  و پەیتا پەیتا دەگەڵ قودرەتی سیاسی دە موبارەزە و دە موجادەلە دایە کە حدوود و سنووری ئەو قودرەتەی دیاری بکا.
جا ئەمن ئەو بەحسەم  دە ئەوەڵێ دا کرد کوتم ئێمە هەر تەعریفێکی لە کۆمەڵگەی مەدەنی بگرین چ ئەوەی بە حکوومەتی قانوون و دەوڵەتی مەسئوول  بزانین و چ ئەوەی بە شێوەی ئینیستیتووشن و نەهاد و گوزارەکانی بزانین کە ئەوانە بە جۆرێک سەربەخۆیی نیسبییان هەیە هەر کامێکی لەوانە بگرین مەسەلەی ئەسڵی ئەوەیە کە هێنانە گۆڕ و کەلکوەرگرتن لە چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆیەیە کە حدوود و سغووری ئیختیاراتی قودرەتی سیاسی دیاری بکەین  ئەگەر لە ڕاستیدا بمانەوێ تەفسیرێکی ئەساسی زۆر کورت، زۆر مۆئەسیر لە کۆمەڵگەی مەدەنی بکەین  دەبێ بڵێین کۆمەڵگەی مەدەنی ئیستیعارەی، مێتافۆڕی قودرەتی مەسئوولە. قودرەتێک کە پلوورالیزمی سیاسی دەپارێزێ، قودرەتێک کە مەسئوولییەتی هەیە دە بەرانبەر ئەو کەسانە دا کە حکوومەتیان لە سەر دەکا. قودرەتێکە کە ئەوانەی حکوومەتیان لە سەر دەکا حقووقێکیان هەیە کە دەتوانن دە بەرانبەری ویدا ڕاوەستن و بیانەوێ دەوڵەت وڵامیان بداتەوە و بیانەوێ کە دەوڵەت مەسئوولییەتی خۆی لە ئاست ئەوانە نیشان بدا.
جا ئەو تەعریفە لە مەسئوولییەتی لێرە تەعریفێکی  زۆر فرەوانتر و بەرینترە. دە تاریخێ دا دەوڵەت هەمیشە ئەو مەسئوولییەتەی هەبووە کە ئەمنیەت و ماڵ و گیانی ئەتباعی خۆی بپارێزێ. ئەوە شایەد هەمیشە یەکێک لە ئەرکە ئەساسییەکانی دەوڵەت بووە، بەڵام دە کۆمەڵی  مۆدێڕن دا، دە دەوڵەتی مۆدێڕن دا مەسئوولییەتەکانی دەوڵەتێ بەرینتر و زۆر فرەوانتر و زۆر گەورەترن واتە  دەوڵەت، قودرەتی سیاسی قودرەتێکە کە مەشرووعییەتی خۆی لە خەڵکی وەردەگرێ، لە گەل وەردەگرێ.  لە جێدا ئەوە گەلە، ئەوە خەڵکە، ئەوە میللەتە بە جۆرێک ئەو قودرەتە دەداتە دەست دەوڵەت، حکوومەت دەتوانێ تەشکیل بێ بە هەڵبژاردن و ئەوانە جا مەشڕووعیەتی خۆی لەوە وەردەگرێ.
جا ئەو مەسئوولییەتە بەرینە، ئەو مەسئوولییەتە دەبێ بنەماکانی دێمۆکڕاتیکی مەشڕووعییەتی سیاسی پلوڕالیزم و جوابگۆ بوونی قودرەتی سیاسی  وەبەر بگرێ  لە ئاست ئەوانەی کە حکوومەتیان لە سەر دەکرێ و ئەو دوو ئەسڵی ئەساسییە بپارێرێ و ئەوانە  لە کۆمەڵ دا تەسبیت بکرێن.
ئەو مەسەلەیە ئەمە دەگەیێنێتە ئەوەی کە بەحسی کۆمەڵگەی مەدەنی لە مافی شارومەندان دەبەستێتەوە. ئەگەر ئێمە لە لایەکی ئەو معادەلەی دا دەوڵەتمان هەبێ، لە لایەکی دیکەش  کۆمەڵگەی مەدەنیمان هەبێ ئەو دووانە  بە ڕێگای پرۆسێکی حقووقییەوە، مەفاهیمێکی حقووقییەوە لێک بەستراونەوە کە دە سیاسەتی مۆدێڕن دا ئەو مەفهوومە حقووقییانە لە کۆنسێپت، لە چەمکێکی تازە بەستراوەتەوە کە ئەوە چەمکی سیتیزنشیپ
citizenship، شارومەندێتی یا هاووڵاتێتی پێ دەڵێن.
مەفهوومی هاووڵاتێتی، شارومەندێتی یا سیتیزنشیپ لە ڕاستیدا  ئاڵقەیەکە دە بەینی قودرەتی سیاسی و کۆمەڵگەی مەدەنی دایە. بۆچی ئەو ئاڵقەیە، ئەو چەمکە یانی سیتیزنشیپ، هاولاتێتی یا شارومەندێتی هەڵگری حقووقێکە کە ئیختیاراتی دەوڵەتێ نیسبەت بە شارومەندی  دیاری دەکا،لە لایەکەوە، لە لایەکی دیکەش مەسئوولییەت و ئیختیاراتی شارومەندی  نیسبەت بەدەوڵەتێ دیاری دەکا.
وەختێک دەڵێم ئیختیارات  و مەسئوولییەت ئەو ئیختیارات و مەسئوولییەتە دەبێ  بنەمای  قانوونییان هەبێ، ئەگەر بنەمای قانوونییان هەیە ئەو ئیختیارات و مەسئوولییەتانە دەبێ بببن بە ماف . کاتێک دەبنە ماف کە قودرەتی سیاسی بۆ خۆی دەبێتە دەستەبەری ئەو حقووقەی دە کۆمەڵ  دا، دە کۆمەڵگەی مەدەنی دا. دیسان ئەگەر بمانەوێ ئەو مەتڵەبەی شی بکەینەوە لێرە باسی پێوەندییەکی فیعل و ئینفیعال، لە نێوان  کۆمەڵگەی مەدەنی و دەوڵەت دەکەین. ئەو پێوەندییە ئەگەر بابەتی سەربەخۆیی یا نەبوونی سەربەخۆیی یا سەربەخۆیی نیسبی یا موتڵەق یا هەرچێک  لە ناو ئەو دووانە دا بێ، ئەوە لەو چوارچێوەی دا، بەو کاناڵی مەسئوولییەت و ئیختیاراتە دا تێ دەپەڕێ.
مەسەلەی مەسئوولییەت و ئیختیارات  دە تیۆری سیاسی دا هەمیشە ئەگەر باسی مەسئوولییەت  بکەین، باسی ئیختیارات بکەین ئێمە باسی حقووق دەکەین، ئەگەر باسی حقووق  دەکەین یەکسەر ئێمە باسی قودرەتی سیاسی دەکەین. جا ئەگەر باسی قودرەتی سیاسی بکەین دەبێ دە ئەساس دا بڵێین مەفهوومی شارومەندی مەفهوومێکە، چەمکی شارومەندی چەمکێکە، کۆنسێپتی شارومەندی کۆنسێپتێکە کە حدوود و ئیختیاراتی کار کردنی قودرەتی سیاسی لە کۆمەڵ  دا  دیاری دەکا. جا ئەو چەمکە، یەکێک لە نەهادەکان، یەکێک لە دامەزراوەکانی ئەساسی سیاسەتی دێمۆکڕاتیکە و  دەبێ بپارێزرێ.
بە لە بەر چاو گرتنی ئەوەی باسمان کرد ئێستا دەکرێ بپرسین  پێوەندی کۆمەڵگەی مەدەنی لەگەڵ حکوومەتی دێمۆکڕاتیک چییە؟ چون هەمیشە ئەو پرسیارە هاتووەتە گۆڕێ کە ئایا بە ڕاستی کۆمەڵگەی مەدەنی یەکێک لە پێداویستییەکانی حکوومەتی دێمۆکڕاتیکە؟، ئایا حکوومەتی دێمۆکڕاتێک بە بێ کۆمەڵی دێمۆکڕاتیک دەکرێ؟ ئایا بەحسی کۆمەڵگەی مەدەنی بە ڕاستی بەحسێکە کە فایدەی هەیە یان نا؟ دیارە بەحسی کۆمەڵگەی مەدەنی بەحسێکی ستراتێژیک و گرینگە.
هێندێک تێۆریسیەنی سیاسی هەن، تەنانەت هێندێک چالاکی سیاسی لەگەڵ مەفهوومی کۆمەڵگەی مەدەنی موخالەفەتیان هەیە، بە دژی ئەو چەمکەن، لەو ڕوانگەیەوە کە دەڵێن ئەوە شتێکە هێنراوەتە گۆڕێ  بۆ ئەوەی بۆ وێنە پێشی هو وییەتی چینایەتی یا تەبەقاتی بگرێ، پێشی هو وییەی میللی یا نەتەوەیی بگرێ یا لەو جۆرە قسانە. ئەوانە دروست نین، ئەگەر ئێمە بڵێین کە یەکێک لە پێویستییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەوەیە کە پلوورالیزمی سیاسی هەبێ و بنەمای پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک  بپارێزێ دەبێ بڵێین کە ئەو پلوورالیزمی سیاسی یە هەم جیاوازی چینایەتی و تەبەقاتی تێدایە، هەم جیاوازی میللی و هو وییەی نەتەوەیی تێدایە، هەم جیاوازی جینسییەتی تێدایە.
بۆ وێنە  لە کۆمەلە ڕۆژئاواییەکان دا، ئەلئان دەبینین چەندین فەرهەنگ و چەندین ئێتنیسیتەی جیاوازیان تێدایە  و بەحسی قەدیمی دێمۆکڕاتیک بە جۆرێک ناتوانێ حقووقی ئەو فەرهەنگانە، ئەو کەسانە، ئەو کۆمەڵگەیانە کە
هو وییەتی جودا لە هو وییەتی ئوڕووپاییان هەیە، بەڵام بەشێک لە کۆمەڵگەی ئوڕووپاییشن، حقووقیان بپارێزرێ بۆیە پێویستە لە پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک دا گۆڕان و تەحەولێک بکرێ. پێویستە ئەو پڕۆسەیە هەمیشە  پێوەندی هەبێ بە کۆمەڵگەی مەدەنی و خواست و ویستەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەو گۆڕان و تەحەولەی حکوومەتی دێمۆکڕاتیک داڕەچاو بکرێ.  ئەو گۆڕان و تەحەولە دێمۆکڕاتیکەش دەبێ بەرەو ئەوە بڕوا کە بتوانێ  پلوورالیزمی ئەساسی لەوێ دابمەزرێ. چون پلوورالیزم  ڕاستە بنەمای حکوومەتی دێمۆکڕاتیکە  بەڵام دەبێ ئێمە ئەوەش بزانین کە  ئەوە هەمیشە حاکمییەتی سیاسی یە کە حدوود و سنووری ئەو پلوورالیزمەی دیاری دەکا.
ئەگەر حاکمییەتی سیاسی بییەوێ ئەو جیاوازییانە و ئەو پلوورالیزمەی کە لەگەڵ ناسێنەی حاکمییەتی یەک نین نیشان نەدرێن، بەیان نەکرێن، دەتوانێ پێشی  ئەوانە بگرێ و ئەڵبەتە لە زۆر دەوڵەتانیش پێشیان گیراوە بێ ئەوەی کە تەنانەت ئەو پێشگرتنە غەیرە دێمۆکڕاتیک دەریش کەوێ. ئەمن ئەو بەحسەی لە دوایە بە جۆرێکی دیکە درێژە پێ دەدەم.
بەڵام  ئەگەر ئێمە بێینە سەر ئەو مەتڵەبەی کە بوون، گەشە پێدان، گەورە کردن  و بەرین کردنی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەوڵەمەند کردنی پێویستە  بۆ ئەوەی کە بتوانین دوو ئەسڵی ئەساسی پرۆسە و حکوومەتی دێمۆکڕاتیک کە پلوورالیزمی سیاسی ،فەرهەنگیی، ئابووری و کۆمەڵایەتی دەوێدا بناسرێ، ئەگەر ئێمە ئەوەی قبووڵ بکەین و هەر وەها بێینە سەر ئەوەی بڵێین کۆمەڵگەی مەدەنی پێویستە  بۆ ئەوەی کە بتوانین ئەسڵی ئەساسی قودرەتی مەسئوول، مەسئوولییەت و مەحدوودییەتی قودرەتی سیاسی لە کۆمەڵگا دا، لە ناو جەماوەری خۆماندا، لە دەوڵەت  دا بتوانین ئەوە بپارێزین، کۆمەڵگەی مەدەنی پێوەندییەکی ئەساسی جەوهەری  لەگەڵ پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک هەیە. پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک بە پێویستی نیازی بە وەیە  کە کۆمەڵگەیەکی مەدەنی هەبێ.
کۆمەڵگەی مەدەنی چۆن دەوڵەمەند دەبێ چۆن دەتوانێ بە وجوود بێ، ئەڵبەتە نەک ئەوەی بە وجوود بێ چون شایەد لە حەموو جێگایەکی بە جۆرێکی  زۆر لاواز  هەبێ. ئەوە چۆن دەکرێ ئینسان یان هێزە سیاسییەکان یا ئەو ڕەوشنبیرانەی کە دەیانەوێ ئەوە لە کۆمەڵ دا  بەهێز بکرێ ئەوە چۆن دەکرێ ئەگەر ئێمە ئەساسی بەحسەکەی لە سەر ئەوە دانێین کە پێوەندی کۆمەڵگەی مەدەنی لە گەڵ دێمۆکڕاسی پێوەندییەکی  زۆر ئاڵۆز، بەڵام  زۆر گرینگ،  جەوهەری و ئەساسی یە ئەگەر ئێمە ئەو ئەسڵەی بگرین  دەبێ بڵێین کە کۆمەڵگەی مەدەنی دەبێ بە هێز بکرێ و تەقوییەتی ئەوەش  بەستراوەتەوە  بەوەی کە بتوانین ئەو جیاوازیانە، ئەو
هو وییانە، ئەو تەفاوەتانەی کە لە کۆمەڵگەی مەدەنی دا هەیە کە دەوڵەت و قودرەتی سیاسی ناتوانێ لە نەزەر حقووقییەوە یا نەیتوانیوە یا نەیویستووە لە نەزەر حقووقییەوە ئەوانە بناسێ، ئیحترامیان بۆ دانێ و مافی ئەوانە لە کۆمەڵ دا بە ڕەسمییەت بناسێ. ئێمە دەبێ بڵێین کە پێوەندییەکی ئەساسی زۆر نزیک و چڕ هەیە، پێوەندییەکی ستروکچراڵ هەیە لە نێوان  گەشە کردن و دەوڵەمەند کردنی کۆمەڵگەی مەدەنی یا
civil society و ئەو سیاسەتانە و ئەو پڕۆسە دێمۆکڕاتیکانە کە هەدەفیان، ئامانجیان ئەوەیە  ئەو جیاوازییانە و ئەو تەفاوتانە  کە لە کۆمەڵ دا هەیە، ئەو پلوورالیزمە ئەساسی یە بپارێزن.
پاراستنی پلوورالیزم لە کۆمەڵی دێمۆکڕاتیک دا بابەتێکی یەکجار گرینگە کە ئەمن دەمەوێ لێی بدوێم. پلوورالیزم  لە کۆمەڵ  دا دەبێ تەفسیرێکی تازەی لێ بکرێ چون پلوورالیزم لە تێۆری دێمۆکڕاتیکی قەدیم دا باسی ئەو جیاوایانە، ئەو تەفاوەتانەی دەکا کە بە جۆرێک لەگەڵ ناسێنەی قودرەتی سیاسی، یانی هو وییەی حاکم لە کۆمەڵ دا ناکۆکی و موخالەفەتیان نییە بەو مەعنایەی ئەو جیاوازیانەی کە لە قانوونی بنچینەیی دا ناسراون، بۆچی دەڵێم قانوونی ئەساسی چون قانوونی ئەساسی بەیانی حقووقی، قەزایی، سیاسی  قودرەتی سیاسی لە دەوڵەتێک دایە. لەو قانوونەی دا، لەو داکیومانەی دا  دەوڵەت دێ هو وییەی خۆی، هەست و ویست و خواستەکانی خۆی تەعریف دەکا، مەنشەئی ئۆتۆریتەی خۆی، مەنشەئی مەشڕووعییەتی خۆی لە وێدا تەعریف دەکا و حدوود و سنووری قودرەتی خۆی تەعریف دەکا، مەسەلەی شارومەندی تەعریف دەکا، مەسەلەی هاووڵاتێتی لەوێ دا تەعریف دەکا. لەوێدا حدوود و ئیختیارات و مەسئوولییەتەکانی ئەفڕاد یا ئی شارومەندان، یا هاووڵاتییان  لە کۆمەڵ دا دیاری دەکا. ئەوەی کە پێی دەڵێن کۆدیفیکەیشنی قودرەتی دە قانوونی ئەساسی دا دە ئەساس دا تەعریفی بنەمای قودرەتی سیاسی یە.
قودرەتی سیاسی، هەمیشە لە هەموو جێگایەک  بە جۆرێک  ناسێنەیەکی هەیە ئەو هو وییە ئەوەیە کە پێی دەڵێن هو وییەی میللی. هو وییەی میللی ئەگەر لە ناسێنەی یەک ئێتنیسیتە سەرچاوە بگرێ، ئەمن ئەوەی تەئکید دەکەم ئەگەر هو وییەی میللی دەوڵەتێکی مۆدێڕن تەنیا لە هو وییەی ئێتنیکی یەکێک لە ئێتنیسیتەکانی کە لەو چوار چێوەی دا دەژین پێک بێ، بەو مەعنایەی کە قانوونی ئەساسی کە دێ بنەمای قودرەت و مەسئوولییەت و ئیختیارات و حقووق  دادەمەزرێنێ ئەوانە دە چوارچێوەی پاراستراوی ئەو هو وییەتە ئێتنیکییەی دا کە بووەتە هو وییەتی میللی دادەمەزرێنێ.  جا ئەوە بەو مەعنایەیە ئەگەر پلوورالیزمێکی دێمۆکڕاتیک لەو چوار چێوەی دا قابیلی قبووڵ بێ ئەو پلوورالیزمی دێمۆکڕاتیکە پلوورالیزمێکە کە لە ئوسوول و بنەماکانی ئەو ناسێنەیەی بەستراوەتەوە.
ئەگەر جیاوازی و تەفاوت و ناسێنەیەکی دیکە هەبێ کە لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەی دایە بەڵام بە پێویستی لە گەڵ بنەماکانی ئەو هو وییەتە میللی یەی یەک نییە ئەوە ناتوانێ لە چوارچێوەی ئەو پلوورالیزمە دێمۆکڕاتیک دا گەشە بکا و نیشان بدرێ.  ئاسایی وایە  سەرکوت دەکرێ و وەلا دەندرێ و ئینکار دەکرێ.
جا لەبەر ئەوەیە کە کۆمەڵگەی مەدەنی دەتوانێ ئەو دەرفەت و دەرەتانە پێک بێنێ کە ئەو هو وییانەی کە لەگەڵ ناسێنەی حاکم یەک نین، ئەو هو وییانەی کە لەو جیاوازییانە کەوتوونەتەوە کە لەگەڵ هو وییەی حاکم یەک نین  بتوانن خۆیان  نیشان بدەن. یانی بتوانن بە شێوەیەکی دێمۆکڕاتیک لە پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک دا ببن، ئەگەر هەن خۆیان بەیان بکەن بنەمایەکی حقووقییان هەبێ. ئێمە لە وتارێکی دیکە دا ئەو بنەمایانە و پێوەندی نێوان ئەو ناسێنانە  لەگەڵ  کۆمەڵگەی مەدەنی و پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک باس دەکەین. سپاستان دەکەم
وانەی دووەم
ئەمن لەم باسەی دا زۆر جار باسی پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک و حکوومەتی دێمۆکڕاتیک و سیاسەتی دێمۆکڕاتیکم کرد. جا لێرە باشتر ئەوەیە پێش ئەوەی لە سەر باسەکەمان بەردەوام بین تا ڕادەیەک مەعنا و مەفهوومی  دێمۆکڕاسی، پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک و سیاسەتی دێمۆکڕاتیک ڕوون بکەینەوە. بڵێین ئەوانە چن؟ چۆن تەعریف دەکرێن و ئەو تەعریفانە، ئەو ناساندنانە چ فەرق و جیاوازییەکیان لەگەڵ یەکتری هەیە.
سیاسەتی دێمۆکڕاتیک بە شێوەیەکی گشتی کە مەشڕووعییەتی دیسکورسی، وێژیاکی و مەشرووعییەتی عەمەلیی خۆی لە ئیرادەی گشتی یەکگرتووی گەل وەردەگرێ. بەو مەعنایە سیاسەتێکە لە سەروەری و حاکمییەتی گەل بەستراوەتەوە. سەروەری و حاکمییەتی گەل هەم بنەمای ئۆتۆریتەی سیاسی یە، هەم بنەمای مەشرووعییەتی سیاسی یە، یانی هەم قودرەتی سیاسی قانوونی دەکا و قانوونمەندی دەداتێ و هەم مەشرووعییەت دەدا بە وتاری سیاسی و کرداری سیاسی دەوڵەت.

بەڵام لە مەڕ دێمۆکڕاسی، دێمۆکڕاسی باسێکە بە شێوەی جۆر بە جۆر ناسێندراوە. ئەو ناساندن و تەعریفانە هێندێکیان ناساندنی ئاکادێمیکن و هێندێکیشیان ناساندنی پاپیولارن یانی ئەوەی کە لە نێو خەڵک دا، لە ناو جەماوەر دا هەیە. هەم ناساندنە ئاکادێمیکەکان و هەم ناساندنە پاپیولارەکانی دێمۆکراسی تەعریفێکە کە لە دوکتورین یا مەفهوومی حاکمییەتی دێمۆکڕاتیک لە تێۆری دێمۆکڕاتیکەوە داکەوتووە. ئەویش هەر ئەو جۆرەی لە ناو خەڵک دا بڵاوە کە دەڵێن دێمۆکڕاسی بریتی یە لە حکوومەتی خەڵکی لە سەر خەڵکی بە وەسیلەی    خودی خەڵکی. ئەوە شتێکە کە زەمانێکی ڕەئیس جمهوورێکی ئەمریکا ئابراهام لینکۆڵن کوتویەتی و زۆر بڵاو بووەتەوە. ئەگەر لە جێگایەکی دەڵێن دێمۆکڕاسی یانی چی؟  وڵام وەردەگرنەوە دێمۆکڕاسی یانی حکوومەتی خەڵکی لە سەر خەڵکی. بە وەسیلەی خودی خەڵکی. حکوومەتێکە کە تێیدا مەشرووعییەت و حاکمییەتی سیاسی هەر دووکیان لە ئیرادەی گەلەوە هەڵدەقوڵێ. بە باوەڕی من ئەوە ناساندن و تەعریفێکی زۆر غەیری دینامیک و ئیستایە. و تەعریفێکی واقعبینانە نییە لە دێمۆکڕسی بۆچی وایە؟
لە بەر ئەوەی ئەو تەعریفە ناتوانێ ئەو تایبەتمەندی و ئەو خسڵەت و خاسییەتانەی کە دێمۆکڕاسی لە پڕۆسەی سیاسی  دە عەمەل دا هەیەتی نیشان بدا. ئەو ناساندنە لە ڕووی تیوریشەوە هێندێک بەرتەنگی هەیە کە ئەو بەرتەنگیانە  دەبێ شی بکرێنەوە و باس بکرین.
یەک لە بەرتەنگییە بنەڕەتییەکان ئەوەیە کە ئەو تەعریفە وەکوو هەموو تەعریف و ناساندنی دیکە ناڵێ کە حکوومەتی خەڵکی لە سەر خەڵکی بە وەسیلەی خەڵکی  چ هەلومەرج و چ ئیمکان و دەرەتان و چ ئامراز  و وەسیلەی پێویستە. ئەو هەلومەرج و دەرەتان و ئامرازانە جیاوازیان زۆرە، هەم لە باری مێژووییەوە و هەم لە ڕووی ستروکتووری کۆمەڵایەتی یەوە. ئەوانە لەو تەعریفەی دا نەگونجێندراون.

خاڵی دووەم ئەوەیە کە ئەو تەعریفە، ناساندنێکی زۆر جەوهەرییە، ئەوەی کە لە فەلسەفە دا پێی دەڵێن تەعریفێکی زۆر  ئێشێنسیالیستی یانی جەوهەری، زاتی یە واتە هەموو شتێک لە ئەسڵێک دەبەستێتەوە  کە ئەسلەکە بۆ خۆی دە چەمکەکە دا تەعریف کراوە بەڵام ئیمکانات و هەلومەرجی مێژوویی ئەو ئەسڵە لە جێدا دە چەمکەکە دا نییە. بۆیە ئەو ئێسێنسە، ئەو زاتە هەمیشە باڵ دەکێشی و زاڵە بە سەر ئەو تەعریفەی دا کە دەیکەن و ناساندنەکە لەگەڵ خودی پڕۆسە سیاسییەکە پێوەندییەکی ئەوتۆی نییە.
جا بۆ ئەوەی ئێمە تووشی ئەو ئێسێنسیالیزم و زاتگەرییە نەبین  و  تەعریفێکمان هەبێ کە تەعریفێکی موجەڕەد و ئابستراکت بێ و نەتوانێ بە کردەوە بە کارمان بێ، پێویستە خۆمان لەو ئێسنسیالیزمەی نەجات بدەین. بۆیە باشترە ئەو جۆرەی کە پرسیارەکە دێتە گٶڕێ بیگۆڕین. و بۆ ئەوەی لەو وەزعەی خۆمان ڕزگار کەین و تووشی ئێسنێنسیالیزم و جەوهەرگەری نەیێین  ئێمە نابێ بپرسین دێمۆکڕاسی چییە؟ بە باوەری من لە باتی ئەوەی  بپرسین دێمۆکڕاسی چییە دەبێ بڵێین پرۆسەی دێمۆکڕاتیک یا سیستمی دێمۆکڕاتیک یان حکوومەتی دێمۆکڕاتیک چۆن کار دەکا؟ چونکە تەنیا لە چوارچێوەی ئەو پرسیارەی دایە کە ئێمە دەتوانین بێنین ئەو مەفهوومەی بخەینە ناو پڕۆسەی عەمەل، دەوێدا هەڵی سەنگێنین، تەعریفێکی ئەساسی و تەعریفێکی کار بوردی واتە ئەو تەعریفەی کە بە کار دێ بیهێنینە گۆڕێ. نەک تەعریفێکی موجەڕەد و غەیری مێژوویی و غەیری سیاسی لە دێمۆکڕاسی.

ئەگەر ئێمە ئەو پرسیارەی بێنینە گۆڕێ کە دێمۆکڕاسی چۆن کار دەکا لەباتی ئەوەی کە دێمۆکڕاسی چییە؟  ئەو دەمی تەئکید و پێداگریمان لە سەر مەفهووم نییە، لە سەر پڕۆسەیە. دە پڕۆسەی دا ئەو مەفهوومی دێمۆکڕاسی یە کە لە حاکمییەتی گەلەوە هەڵدەقوڵێ تووشی هێندێک گیروگرفت دەبێ، ئەو گیروگرفتانە ئەوەن کە ئەو پڕۆسەی دێمۆکڕاسی کە لە حاکمییەتی گەلەوە هەڵقوڵاوە لە حەقیقەت دا ئەوەیە کە پێی دەڵێن دێمۆکڕاسی ڕاستەوخۆ  واتە گەڵ ڕاستە و ڕاست بە بێ هیچ فاسیلە و واسیتەیەک بتوانێ ڕەئی و هەست و ویستی خۆی  لە بارەی وەزعی سیاسی، لە بارەی ماهییەتی دەسەڵاتی سیاسی، جەوهەری قودرەتی سیاسی لە هەڵبژاردن دا لە خۆی نیشان بدا و لە هەموو ڕوویەکەوە. بەڵام بە کردەوە ئێمە دەزانین کە کۆمەڵگەی مۆدێرن، کۆمەڵگەیەکی پان و بەرینە، زۆر هەراوە. لەوێدا ئەو دێمۆکڕاسییە ڕاستەوخۆیە بە کردەوە  هەڵناسووڕێ، ئەوەی کە جێگای  دێمۆکڕاسی ڕاستەوخۆ دەگرێتەوە representation ، رێپریزێنتەیشن  یان نوێنەرایەتی پێ دەڵێن. یانی خەڵک بە ڕێگای نوێنەرەکانیانەوە لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی ڕووبەڕوو دەبن. نوێنەر هەڵدەبژێرن، نوێنەر دەچێتە پارڵمان، پارڵمان دەکار کردنی ئیرادەی خەڵکە و نوێنەرەکان  وەک نوێنەری قانوون دانان بە جۆرێک لەگەڵ قودڕەتی جێبەجێکار پێوەندیان هەیە.
وا داندراوە لە ڕپرێزێنتەیشن دا بەرژەوەندییەکان  و هەست و ویستی ئەوانەی کە نوێنەری خەڵکن و خەڵک یەکە.
بە کردەوە ئەوە وا نییە هۆیەکەشی ئەوەیە کە رێپریزیتەیشن  ئەنیستیتوشنی خۆی هەیە، بنیاتی خۆی هەیە، دەستگای خۆی هەیە، پڕۆسەی خۆی هەیە، ئەوە نییە کە هەردەسەڵاتی دەنگدانی درابێتێ.  ئەو بنیات و دەستگایانە  بە ڕێگای ئەو ستروکتورە مۆدێڕنەی کە ئەمڕۆ ئێمە وەک حیزبی سیاسی دەیناسین هەڵدەسووڕێن، یا جەماوەری سیاسی مومکینە حیزب نەبێ سازوارە و سازمانێکی دیکە بێ. بەڵام یریتی یە لە کۆڵێکتیڤێکی سیاسی. ئەو حیزبە سیاسییە یا هەر بنیاتێکی سیاسی  کە بەو جۆرە هەڵدەسووڕێ لە پڕۆسەیەکی سیاسی دا لە جێدا بۆخۆی بوروکراسییەکە یانی لەوێدا هیرارشییەک هەیە، لەو هێرارشییە دا پێوەندییەکی دەسەڵاتی هەیە، ئەو پێوەندی دەسەڵاتییە لە سەر بنەمای هێندێک پرێنسیپ هەڵدەسووڕێ و ئەو پڕێنسیپانە بنەمای ئیدێئۆلۆژیک و سیاسیان هەیە لە ناو جەماوەر دا، لە ناو چینە جیاوازەکاندا، لە ناو هو وییە جیاوازەکاندا، لە نێو گرووپە جیاوازە پێوەندیدارەکان لە کۆمەڵ دا و کارکردی حیزبەکە بەرتەنگە بە سیاسەتەکەی، ستڕاتێژییەکەی بە ئیدێئۆلۆژییەکەی و ئێدێئۆلۆژییەکەی بەرتەنگە بە پرێنسیپی دیکەوە.
جا لێرە دا دەبینن کە مۆدێرنیتە هاتووە و دێمۆکڕاسی خەڵکی هێناوەتە نێو پڕۆسەی سیاسی و دەنگی خەڵک بووە بە بناخەی قانوونێتی حکوومەت و بنەمای مەشڕووعییەتی حکوومەت. مۆدێرنیتە بۆ خۆشی  کە ئەو پڕۆسەیەی هێناوەتە پێشێ لە ئەسڵ دا ئەو دەرفەت و دەرەتانەشی هێناوەتە گۆڕێ کە ئەو پڕۆسەیە بۆخۆی بە جۆرێک لە ئیدەئالەکە جوێ بووەتەوە. یانی ئەوەی کە دە فەلسەفەی دا پێی دەڵێن دیالێکتی ڕەوشەنگەری یان دیالێکتیکی مۆدێرنیتە واتە مۆدێرنیتە  بەعزە پڕۆسە و بە عزە ئیمکاناتی سیاسی و فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و ئابوری  هێناوەتە گۆڕێ لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلەی ئازادی دا، لە پێوەندی لەگەڵ پێشوەچوون و پێشکەوتن دا. بەڵام کاتێک  دامەزراوەکانی ئەو پڕۆسانە دەیانەوێ ئەو جەماوەرەی  بەرەو ئەو ئازادی و پێشکەوتنە
 بەرن، هەڵسووڕانی ئەو دامەزراوانە، پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک خۆی یان پڕۆسەی سیاسەت کە بەرەو ئازادی دەڕوا تووشی لادانیان دەکا. بەوەی دەڵێن دیالێکتیکی ڕەوشەنگەری، دیالێلتیکی چاخی ئاوەز کە بنەماکانی دامەزراوەیی عەقڵ و ئاوەز دە سیاسەتێ دا، بنەماکانی دامەزراوەیی مۆدێرنیتە، مۆدێڕنیتە لەو پڕۆسەیەی دا کە بەرەو وەدیهێنانی ئامانجەکانییەوە دەچێ، لەو پرۆسەیە لا دەدا.
ڕپرێزێنتەیشن، واتە دێمۆکڕاسی بە ڕێگای نوێنەرایەتییەوە، ئەوەی پێی دەڵێن دێمۆکڕاسی پارڵمانتاری یان دێمۆکڕاسی بە ڕێگای نوێنەرەوە ئەوەی کە ئێستا تەقریبەن بەشێوەیەکی یونیڤێرساڵ باوە، چونکە ئەو کۆمەڵانە گشتیان کۆمەڵی کۆمپلێکس و گەورەن  و لە جێدا ناتوانن ئەو ئەسڵەی دێمۆکڕاسی ڕاستەوخۆ  کە تایبەتمەندی لەمەڕ خۆی هەیە ، ئەو تایبەتمەندییەی هەیە کە لە مەڕ کۆمەڵە پچووکەکانن کە تێیاندا دەکرێ دێمۆکڕاسی ڕاستەوخۆ هەڵسوورێ. لە کۆمەڵە پێچەڵپێج و گەورەترەکاندا کە زۆر ئاڵۆزترن دەبێ نوێنەرایەتی هەبێ، ئەو نوێنەرایەتییەش کاردانەوەی ڕاستەوخۆی هەیە  بۆ وەدیهاتنی ئیدەئالەکانی دێمۆکڕاسی.

جا بۆیە کاری  دێمۆکڕاسی پاڕڵمانی یان پارڵمانتاریزم یان هەڵسووڕانی دێمۆکڕاسی بە ڕێگای نوێنەرایەتییەوە فەرقی یەکجار زۆرە لەگەڵ ئەو ئیدەئالە کە لە کۆنسێپت و دوکتورینی دێمۆکڕاسی دا هەیە. لە ڕاستیدا، تا ڕادەیەک زۆر لە ڕێبازی خۆی لا دەدا، تەحریفی دەکا. یانی ئەگەر ئێمە دێمۆکڕاسی وەکوو جۆششی ئیرادەی گشتی گەل ببینین  و ئەوە لە پڕۆسەی سیاسی دا وەدی بێ ئەو ئیرادەیە بە ڕێگای نوێنەرایەتی دا و بە فیلتێر و کاناڵی ویدا تێ دەپەڕێ و هیچکات لەگەڵ ئەساسی خۆی یەک نییە. هەر بۆیە ئەگەر ئێمە بمانەوێ لە ناوەرۆکی دێمۆکڕاسی تێ بگەین، دەبێ ئەوەی دە پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک دا ببینین. پڕۆسەی دێمۆکڕاتیکی ئەم ڕۆژگارەش ڕێپرێزێنتەیشن ە.
جا پڕۆسەی رێپرێزێنتەیش یان نوێنەرایەتی کردن ئەو لایەنانەی هەیە. لە ئەسڵ دا کاتێک ئێمە دەبینین  کە بە ڕێگای دەستێوەردان و تێوەگلانی حیزب، سازمان و سازوارە سیاسییەکان، بە ڕێگای موداخەلەی ئیدێئۆلۆژی سیاسی و لایەنەکانی دیکەی پێوەندیدار و چالاک و موداخەلەی ئاکتۆرەکانی دیکەی لە پڕۆسەی سیاسی دا ئیدەی دێمۆکڕاتیک لە ڕێگای خۆی لا دەدا و بە لاڕێدا دەچێ، دەبێ بێین لێرە تەعریف و ناساندنێک بێنینە گۆڕێ و بڵێین لێرە ئەسڵی حکوومەتی گەل بە سەر گەل دا بە وەسیلەی گەل دەبێ بە حکوومەتی گەل لە لایەن نوێنەرانی گەل، بە وەسیلەی نوێنەرانی گەل لە سەر گەل. یانی ئەوە حکوومەتی گەل نییە بەڵکوو حکوومەتی نوێنەرانی گەل ە.
ئەگەر ئێمە بمانەوەێ موجامەلات و ئیدەئالیزمی سیاسی بە لاوە بنێین  دە حەقیقەت دا دێمۆکڕاسی یانی حکوومەتی ئێلیت و ئەو خیبرانەی لە لایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراون. فەرقی لەگەڵ حکوومەتی ئێلیتی دیکە ئەوەیکە ئەو ئێلیتە خەڵک هەڵیان دەبژێرێ، بنچینەی حکوومەتی ئەوانە لە سەر بنەمای
consensus کۆنسێنسس واتە ڕەزایەتی خەڵکی یە و ئەساسی قودرەت و دەسەڵاتی ئەوانە دەچێتەوە سەر مەسەلەی سەروەری گەل کە دە دوکتورینەکەی دایە. بەڵام سەروەری گەل خۆی کە مەشڕووعییەت دەدا بەوەی لە ڕاستیدا وەک چەمکێک لە دەرەوەی پڕۆسەی سیاسی دەمێنێتەوە . ئەوەی کە دە پڕۆسەی سیاسی دا ئەو سەروەری گەلە چەندە وەدی دێ یان وەدی نایە بۆ خۆی ئامانجی خەباتی دێمۆکڕاتیکە لە پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک دا. یانی خەڵک دوای ئەوەی کە ئەو ئێلیتەیان هەڵبژارد و ئەوان چوون لەوێ بە نێوی خەڵک و مەشڕووعیەتی خەڵک  لەوێ حکوومەت دەکەن لێرە دا حکوومەتی ئەوانە ئەبزار و ئامراز و هەدەف و ئامانجی حکوومەتی ئەوانە شتێکی موتڵەق نییە. بۆخۆی دەبێتە ئامانجی خەباتێکی دێمۆکڕاتیک دە  پرۆسەی دێمۆکڕاتیک دا.
جا بۆیە لێرە  دا خەڵک ئەگەر بیانەوێ پاش ئەوەی کە ئێلیتەکەیان هەڵبژارد و چوو لەوێ حکوومەتێ بکا بە نێوی ئەوان و بە مەشرووعییەتی ئەوان. ئەگەر خەڵک بییەوێ کۆنتڕۆڵی لە سەر ئەوان هەبێ، بییەوێ لەوێدا ئەوانە وڵامدەرەوەی کردەوە و کاری خۆیان بن، دەبێ ئەو مێکانیزمانە، دەبێ ئەو ئامرازانە هەبێ کە بتوانن لەو بارەیەوە شوێن دانەر بن. هەر بۆیەیە لە وتاری پێشووش دا ئەوەمان گوت کە پێویستیی کۆمەڵگەی مەدەنی هەر لەبەر ئەوەیە کە بتوانێ ئەساسی کۆنتڕۆڵ لە سەر حکوومەتی قانوون دابندرێ، کە حکوومەت قانوونێتی خۆی بپارێزێ، حکوومەت حدوود و سغوور و ئیختیاراتی خۆی دەوێدا بپارێزێ و بتوانێ  لەکارەکانی خۆی  دا لەو  چوارچێوە لا نەدا.  
کاتێک ئەمن گوتم لە ڕاستیدا دێمۆکڕاسی نوێنەرایەتی، دێمۆکڕاسی پاڕلمانی، ئەو دێمۆکڕاسییەی کە ئەمڕۆ هەیە، دێمۆکڕاسییەکە لە لایەن بنیاتی نوێنەرایەتییەوە و لە سەر بناوانی نوێنەرایەتییەوە، لە پڕۆسەی نوێنەرایەتی کردنەوە دەکار دەکرێ. ئەوە لەگەڵ ئیدێئالی دێمۆکڕاسی کە لە دوکتورینەکە دا هەیە، دە چەمکەکە دا هەیە فەرقی هەیە، لە ڕاستیدا حکوومەتی گەل دەبێ بە حکوومەتی ئێلیتی هەڵبژێردراوی گەل، ئەو ئێلیتە مەشڕووعییەتی خۆی لە گەل وەردەگرێ بەڵام هەڵبژاردنی ئەو ئێلیتە بەشێکە لە پرۆسەی دێمۆکڕاتیک، بەشێکی دیکەی بنچینەیی ئەوەیە کە ئەو مێکانیزمانە، ئەو کاناڵانە، ئەو ئەبزار و ئامرازانە دە دەستی گەل دا بمێنێ کە بتوانێ کۆنتڕۆڵی خۆی لە سەر پڕۆسەی سیاسی دا ڕابگرێ.
ئەو کۆنتڕۆڵە تەنیا ناتوانێ هەر بە ڕێگای پارڵمان دا بێ. ئەوەی تەئکید دەکەم. یانی باری وڵامدەریی حکوومەتی دێمۆکڕاتیک ناتوانێ تەنیا لە ڕێگای پارڵمان و ئۆپۆزیسیۆنەوە بێ چونکە پارڵمان و ئۆپۆزیسیۆنیش بۆخۆیان بنیاتی نوێنەرایەتین، ئەوانە بۆ خۆیان دە کاناڵی رێپرێزێنتەیشن دان. ناڵێم ئەوانە ناتوانن، هەر بەشێک لە کارەکەی دەتوانن بەڵام بۆ ئەوەی خەڵک ڕاستەوخۆ بتوانن  دە چوارچێوەی سیاسەتی دێمۆکڕاتیک دا لە سەر پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک، یانی لە سەر کردار و هەست و ویستی حکوومەت دا شوێن دابنێ، بتوانێ قانوونێتیی ئەو دەستەڵاتە سیاسییە بپارێزێ دەبێ کۆمەڵگەی مەدەنی هەبێ.
جا بۆیەیە پارڵمانتاریزم، یان دێمۆکڕاسی پارڵمانی یا نوێنەرایەتی ئەوانە بە بێ کۆمەڵگەی مەدەنی ناقیسن.  ئەوە بەشێک لە قەزییەیە ، یانی دێمۆکڕاسی بە پێویستی حەوجێی بە کۆمەڵگەیەکی مەدەنی کراوە هەیە. کۆمەڵگەیەکی مەدەنی چالاکی دەوێ، کۆمەڵگەیەکی مەدەنی کە بتوانێ لە سەر حدوود و سنووری فۆنکسیۆنەکانی ناوەندخوازی دەسەڵاتی سیاسی هەمیشە موزاکەرە بکا، هەمیشە لەگەڵی بکەوێنە باس و موناقەشە و لە پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک دا خەباتی دە بەرانبەر دا بکا. خەبات جۆر بە جۆرە لێرە دا مەبەستم ئەوەیە کە لە مێدیا دا، یا ئەوەی کە پێی دەڵێن
public sphere یانی پانتایی گشتی دا ئەو مەسەلانە بێنە گۆڕێ. هەر لە بەر ئەوەشە کە ئەگەر دێمۆکڕاسی دروست، دێمۆکڕاسی ئەساسی حەوجێی بە کۆمەڵگەی مەدەنی یە، کۆمەڵگەی مەدەنیش لە جێدا پێویستی بەوە هەیە کە ئەو پانتاییە گشتییە بوونی هەبێ. ئەو پانتایی گشتی یە یەکێک لە پێش شەرتەکانی  کۆمەڵگەیەکی مەدەنی چالاکە، ئەوە پانتایی گشتی یە کە تێیدا جیاوازییە سەرەکییەکانی دێمۆکڕاتیک کە لە کۆمەڵ دا هەن بەڵام لە قانوونی بنچینەیی دا ڕەنگیان نەداوەتەوە و قانوونی بنچینەیی بنەمای مەشڕووعییەتی حکوومەتی سیاسی یە، لەوێ ئەو جیاوازییانە ببنە بنەمای خەباتی دێمۆکڕاتیک. جا ئەگەر ئێمە تەماشای پانتایی گشتی بکەین و بڵێین دەبێ سەربەخۆ بێ لە قودرەتی سیاسی، نەک هەر لە قودرەتی سیاسی بەڵکوو لە ئامانجی تایبەتی فەردیش دەبێ سەربەخۆ بێ، ئەگەر ئاوا بێ پانتایی گشتی جێگایەکە، بوارێکە کە دە وێدا ئازادیی  بەیان هەیە، ئازادیی عەقیدە هەیە، ئازادیی حیزبایەتی کردن هەیە، ئازادیی تەشکیلات هەیە و لە حەموان گرینگتر ئازادیی بەیانی عەمەلی و وێژیاکی جیاوازییە غەیرە حاکمەکانە لە کۆمەڵ دا هەیە. ئەوە زۆر موهیمە. ئەو جیاوازییە غەیرە حاکمانە کە ئەوانە مومکینە جیاوازی ئێتنیکی، جیاوازی چینایەتی، جیاوازی نەتەوەیی، جیاوازی جینسییەتی یان تەنانەت جیاوازی فەرهەنگی بن، کە فەرقیان هەیە لەگەڵ هووییەی حاکم و هو وییەی میللی کە لە قانوونی  بنچینەیی دا بەیان کراوە و گونجێندراوە.

جا لێرە دا کە دێمۆکڕاسیمان ناساند و گوتمان ئەوە تەعریفێکی عەمەلی یە و پڕۆسەی دێمۆکڕاسی  لەگەڵ دوکتورینی دێمۆکڕاسی فەرقی زۆرە جا ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ باشە دێمۆکڕاسی ئەگەر حکوومەتی ئێلیتە بۆچی دەبێ ئێمە پشتیوانی لێ بکەین؟
ڕاستە کە دێمۆکڕاسی حکوومەتی ئێلیتە، بەڵام ئێلیتێکی هەڵبژێردراوە، ئەوە ئێلیتیکە بە پێی دەنگی گشتی و بە پێی
consensus  جڵەوی کاری بە دەستەوە گرتووە، مەشرووعییەتی هەیە. بەڵام ئەوە بەشێکە لە قەزییەکە. بەشەکەی دیکەش ئەوەیە کە ئەو حکوومەتە ئەو ئیمکاناتە دەدا بە ئێمە کە بتوانین کۆنتڕۆڵمان هەبێ لە سەر کرداری وی، لە سەر کار کردنی ئەو حکوومەتەی. لێرە دیسان دەگەڕێینەوە سەر بابەتی حکوومەتی قانونێتی. ئەو ئیمکاناتە تەنیا دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی ئەو حکوومەتە کە مەشڕووعییەتی لە گەل وەردەگرێ بەڵام دە ئەساس دا ئەو مەشڕووعییەتەی کە لەگەل وەر دەگرێ دەبێ  لە کرداری خۆی دا نیشانی بدا. لە وتاری خۆی دا نیشانی بدا. ئەو مەشڕووعییەتە کە لە کردار و وتار دا ڕەنگ دەداتەوە هەمیشە مەنشەئی ڕێفرێنسی ئەوانە واتە ئی ئەو کردار و وتارانە قانوونە. ئەو قانوونە کاتێک دروستە و دەتوانێ ببێتە مەنشەئی حکوومەتی دێمۆکڕاتیک و ببێتە دەربڕی سەرەکی حکوومەتی گەل ئەگەر قانووندانەر خۆشی گوێڕایەڵی بکا لەو قانوونەی کە گەڵاڵەی دەکا.  هەر ئەو جۆرەی کە دەیەوێ ئەو قانوونە لە سەر خەڵکی بەڕێوە بەرێ، خەڵکیش ئیمکانی ئەوەیان هەبێ بە کەلک وەرگرتن  لەو قانوونەی بێن و بتوانن حکوومەت کۆنتڕۆڵ بکەن.
جا دیسان دێین و باسی تەعریف، ناساندنی دێمۆکڕاسی لە پڕۆسەیەکی دینامیک دا دەکەین و دەڵێین دێمۆکڕاسی ئەمڕۆ لەگەڵ ئەو ئیدەئالەی کە لە دوکتورینی دێمۆکڕاسی دا هاتووە واتە حکوومەتی گەڵ لە سەر گەڵ بە وەسیلەی گەل، زۆر فەرقی هەیە  و ئاڵۆزی مۆدێرنیتی و کۆمەڵی مۆدێڕن ئەو ئیمکانەی لە ئێمە ئەستاندووە  کە دێمۆکڕاسی ڕاستەوخۆ و بێ ناوبەرمان هەبێ  و گەیشتووینە ئەوەی  کە دەبێ دێمۆکڕاسی نوێنەرایەتیمان هەبێ ، داو و دەستگا و دامەزراوەی نوێنەرایەتی کردنمان هەبێ، ئەوەشمان بینی کە بۆ ئەوەی ئەو حکوومەتی نوێنەرایەتییە بتوانێ لەگەڵ ئیدەئالی دێمۆکڕاسی یەک بێتەوە و  بە ئاراستەی ئەو دا بڕوا ئەوەیە کە دەبێ کۆمەڵگەی مەدەنی بوونی هەبێ، کۆمەڵگەی مەدەنی ئیمکاناتی کۆنتڕۆڵی قودرەتی سیاسی یا موزاکەرە لەگەڵ قودرەتی سیاسی هەبێ، ئێمکاناتی کۆنتڕۆڵ، ناساندن، دەربڕێن و بەرتەسک کردنی سنووری قودرەتی سیاسی. باسی ئەو پێوەندییەشمان کرد. پێوەندی کۆمەڵگەی مەدەنی  لەگەڵ ئەوەی کە پێی دەڵێن
public sphere  یا پانتایی گشتی ئەوەشمان باس کرد. ئەوانە بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا لێک بەستراونەتەوە.
ئەو جار ئەو باسە دێتە پێشێ کە پێوەندیی کۆمەڵگەی مەدەنی لەگەڵ دێمۆکڕاسی، پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک  یان لەگەڵ نیزام و حکوومەتێکی دێمۆکڕاتیک چۆن تەنزیم دەکرێ و ئەو موزاکەرە و تێکەڵاوییە، ئەو فێعل و ئینفیعالەی کە لە نێوان کۆمەڵگەی مەدەنی و دەوڵەتی دێمۆکراتێک دا دەبێ ئەوە بە چ شێوەیەک  بە کردەوە دەبێ هەڵبسووڕێ.
مەسەلە ئەوەیە کە یەکێک لە ئەرکە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەوەیە کە خۆی بپارێزێ. ڕێگەی خۆ پاراستنی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەوەیە کە ئەو پرێنسیپانەی کە ژیان و مانەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی دەپارێزن، ئەو پرێنسیپانەی کە کۆمەڵگەی مەدەنی بەرەو پێش دەبەن، ئەوەی کە گەشەی پێ دەدەن و  گەورەی دەکەنەوە و بە هێز و دەوڵەمەندی دەکەن دەبێ ئەو پرێنسیپانە ڕەچاو کا و بیانپارێزێ. لێرە دا مەسەلەی ئەساسی ئەوەیە کە کۆمەڵگەی مەدەنی دەبێ ئامانجی سەرەکی ئەوە بێ کە پرێنسیپی فرەیەتی، پلوورالیزم، تەکەسور و جۆراوجۆری هێزەکان و جوارجۆری دەنگەکان و جۆراجۆری هو وییەکان لە کۆمەڵ دا بپارێزێ. ئەوە بنچینە و بنەمای کۆمەڵگەی مەدەنی یە.

ئەگەر بێتوو کۆمەڵگەی مەدەنی بەرەو ئەوە بچێ  کە دەنگی بخاتە پاڵ دەنگی دەوڵەت بۆ ئەوەی ڕەئیەک،
هو وییەیەک، بۆ ئەوەی ئەسڵێک یان هێزێکی جیاواز هەر لە بەر ئەوەی کە دەیەوێ جیاوازییەکەی بپارێزێ  و لە بەر ئەوەی کە دەیەوێ جیاوازییەکەی گەشە بکا، بۆ ئەوەی کە دەیەوێ دیفاع لە جیاوازی خۆی بکا، بێتوو کۆمەڵگەی مەدەنی لەگەڵ دەوڵەت ببێ بە یەک  و ئەو جیاوازییە لە بەین بچێ ئەو دەمی کۆمەڵگەی مەدەنی وەک دەڵێن باسکێکی خۆی، ئەندامێکی خۆی لە دەست داوە، خۆی لاواز کردووە.
بۆیە پاراستنی ئەو پلورالیزمە بنەڕەتییە لە کۆمەڵ دا یەکێک لە ئەرکە بنچینەییە کانی کۆمەڵگەی مەدەنی یە. دووەم ئەوەیە کە کۆمەڵگەی مەدەنی بە نۆرەی خۆی دەبێ ئیمکانی دیالۆگ لەگەڵ دەسەڵات بهێڵێتەوە. چونکە حدوود و سغووری دەسەڵات تەنیا لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی شێاوی موزاکەرە و قسە لە سەر کردنە. ئەو دیالۆگە دەبێ بمێنێ، ئەو دیالۆگە دەبێ هەبێ لەگەڵ دەوڵەت. ئەگەر هاتوو دەوڵەت ئەو دیالۆگەی نەویست ئەو دەمی کۆمەڵگەی مەدەنی دەبێ  بۆ پاراستنی بنەما و دەرەتانەکانی ئەو دیالۆگە لە کۆمەڵ دا خەبات بکا. واتە ئامانجی کۆمەڵگەی مەدەنی دەبێ ئەوە بێ کە پانتایی گشتی بپارێزدرێ. لە ڕاستیدا ئەو پانتاییە گشتییە چەک و ئامرازی بنەڕەتی بەیانی دێمۆکڕاتیک، بەیانی جیاوازییە کە لە کۆمەڵگەی مەدەنی دا دەبێ بپارێزدرێ.
یەکێک لە مەسەلەکانی دیکەش کە پێوەندی هەیە بە کۆمەڵگەی مەدەنییەوە، بە دەوڵەمەندیی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەوەیە کە ئەو کۆمەڵگەی مەدەنی یە دەبێ بتوانێ، دەبێ تێ بکۆشێ، خەبات بکا بۆ ئەوەی ئەو میکانیزمانە، ئەو ئامراز و کاناڵانەی کە قانوونێتی دەسەڵاتی سیاسی دەپارێزن، مەسئوولییەتی دەسەڵاتی سیاسی دەپارێزن، بۆ ژیان و بەردەوام بوون و بەرژەوەندی ئەوانە خەبات بکا چونکە ژیانی خۆی لەوانە بەستراوەتەوە. ئەگەر دەوڵەت، قودرەتی سیاسی مەسئوول نەبێ کۆمەڵگەی مەدەنی ڕۆژ بە ڕۆژ لاواز دەبێ، ئەگەر قودرەتی سیاسی قانوونێتی نەبێ واتە بە پێی قانوون نەجووڵێتەوە کۆمەڵگەی مەدەنی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ  لاواز دەبێ و بنەماکانی خۆی لە دەست دەدا.
بۆیە کۆمەڵگەی مەدنی دوو ئەرکی بنەڕەتی هەیە لە ئاست دێمۆکڕاسی. یەکیان ئەوەیە کە پێشی ئەو کردەوانەی قودرەتی سیاسی بگرێ کە ناوەندخوازانەن و یەکیشیان ئەوەیە کە لە پێوەندی خۆیدا لەگەڵ قودرەتی سیاسی لە پرێنسیپی بنەڕەتی پلورالیزم دیفاع بکا. ئەوانە دەتوانن ببنە دەستەبەری پێوەندییەکی ساغ و سالم لە نێوان قودرەتی سیاسی و کۆمەڵگەی مەدەنی دا.
لێرە باشترئەوەیە دوای ئەوەی کە  ناوەرۆکی دێمۆکڕاسیم لە ڕوانگەی خۆمەوە شی کردەوە، ئەسڵی تەکەسور یان پلورالیزم ڕوون کەمەوە. پلووڕالیزم بنەمای فکری دێمۆکڕاتیکە. بنەمای بزووتنەوەی دێمۆکڕاتیکە، بنەمای دیسکۆرس، وێژیاکی دێمۆکڕاتیکە. دیسکۆرس و کردەوەی هەر حەڕەکەتێک کە بەرەو موتڵەقییەت بچێ، دژی پلوڕالیزم بێ لە جێدا ناتوانێ دێمۆکڕاتیک بێ، بزووتنەوەیەکی ئاوا بنەمای دیکتاتۆری هەیە و بەرەو دیکتاتۆری دەڕوا. پلوورالیزم پرێنسیپی بنەڕەتی فکری دێمۆکڕاتیکە. دەبێ حەتمەن بپارێزدرێ. بەڵام لێڕە دەبێ شی بکرێتەوە کە ئەو پلوورالیزمە چییە.
حکوومەتی دێمۆکڕاتیک کە مەشرووعییەتی خۆی لە سەروەری گەل وەردەگرێ، لە حاکمییەتی گەل وەردەگرێ، ئەو پلوورالیزمی دێمۆکڕاتیکەش دە چوار چێوەی ئەو مەشڕووعییەت و ئەو حاکمییەتە دا تەعریف دەکا و دەناسێنێ. حکوومەتی دێمۆکڕاتیک و قودرەتی دێمۆکڕاتیک لە جێدا هو وییەی خۆی لە گەل وەردەگرێ بەڵام لە تیوری دێمۆکڕاتیک دا گەل بە شێوەی جەماوەرێک دادەندرێ کە ناسێنەیەکی یەکگرتووی هەیە کە لە تیوری سیاسەت دا بە مانای ناسێنەی میللیی باسی لێوە دەکرێ. واتە ناسێنەی قەزایی، سیاسی نەک ناسێنەی فەرهەنگی. گەل لەو تیورییە دا ناسێنەی یەکگرتووی هەیە، کە ئەو ناسێنە یەکگرتوویە بنەمای وجوودی گەلیشە لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیش دا.  بەڵام ئەو ناسێنە دێمۆکڕاتیکە لە دەربڕینی حقووقی و سیاسییەکەی دا زۆر حاڵەتێکی غەیری پلوورالیستی هەیە، چونکە دەوێدا باسی ناسێنەیەک دەکرێ  کە یەکگرتوویە، باسی هووییەک دەکا کە مەنشەئی قودرەتی حاکمییەتی سیاسی و مەشڕووعییەتی سیاسی یە.  ئەوە لە کۆمەڵێک دا کە تێیدا گەل واقیعەن لە ڕووی فەرهەنگی و لە ڕووی ئێتنیکی و لە نەزەر میللییەوە واتە لە ڕووی نەتەوەییەوە یەک بێ موشکیلە و گیرو گرفتێک ناهێنێتە پێشێ. بەڵام زۆربەی ئەو کۆمەڵانەی کە ئەمڕۆ ئێمە دەیانبینین لە ڕووی ئێنیکییەوە، لە ڕووی فەرهەنگییەوە و لە ڕووی نەتەوەییەوە یەک نین. لەواندا جیاوازی سەرەکی هەیە. بەڵام پرێنسیپی دێمۆکڕاتیکی سەروەری گەل ناتوانێ ئەو جیاوازیانە نیشان بدا و لە بەر ئەوەی ناتوانێ نیشانیان بدا و کاتێکیش کە دەیەوی پرێنسیپی پلوورالیزم، فرەیەتی و جۆراجۆری لە قانوون دا بگونجێنێ و دامەزرێنێ ئەوە تەنێ سنوورردار دەکا بەو جیاوازی و بەو فەرقانە و بەو فرەیەتی و پلوورالیزمەی کە دەتوانێ دە چوارچێوەی تێۆریک و سیاسی و قەزایی سەروەری گەل دا بیگونجێنێ. بۆیە لەو ڕوانگەیەوە دێمۆکڕاسی قابیلییەتی ئەوەی نییە بتوانێ وڵامدەری پلوورالیزمێکی ڕاستەقینە و بنەڕەتی بێ و بتوانێ تەواوی  ئەو جیاوازی و فەرقانەی کە لە کۆمەڵگەی مەدەنی دا هەن لە ناوەرۆکی خۆیدا بەیان بکا. بۆیە یەک لە ئامانجەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەبێ ئەوە بێ دێمۆکڕاسی دێمۆکڕاتیزە بکا، دەبێ دێمۆکڕاسی ڕادیکاڵ بکا. ئەوەی کە ئەمڕۆ لە ئاجێندا، لە دەستووری ڕۆژ، ڕۆژەڤی سیاسی دایە ئەوەیە کە دیمۆکڕاسی دەبێ هەمیشە ڕادیکاڵ بکرێ. ڕادیکاڵ کردنی دێمۆکڕاسی بەو مانایەیە کە دەبێ قانوونی بنچینەیی بە جۆرێک بنووسرێ کە بنەما و مەشڕووعییەتی خۆی لە کۆمەڵگەیەکی مەدەنی وەربگرێ کە ئەو جیاوازیانە تێیدا بەیان دەکرێن. ئەو جیاوازیانەش دەبێ لە قانوونی بنچینەیی دا ڕەنگ بدەنەوە. جا ئەگەر قودرەتی سیاسی مەشرووعییەتی خۆی لە قانوونی بنچینەیی وەردەگرێ، دەبێ ئەو مەشرووعییەتە لە گشتێک وەربگرێ کە تێێدا جیاوازییەکان ناسراون و ددانیان پێدا هێندراوە، مافەکان ناسراون و لە کۆمەڵ دا ڕێز لەو جیاوازی و مافانە دەگیرێ.  زۆر سپاستان دەکەم

سەرچاوە: وەێبنووسی ڕوانگە












 


   
  

 

  

 

 


Sunday, May 2, 2021

بە بۆنەی ساڵڕۆژی شەهادەتی سمایلی شەریفزادە و یارانی. دوونامەی بۆ کەریمی حیسامی


سمایلی شەریفزادە لەگەڵ دایکی سەیدزادە زارای جەعفەری کچی سەید جامی و یەکێک لە براکانی ڕەحمان شەریفزادە

دوو نامەی سمایلی شەریفزادە  بۆ کەریمی حیسامی
حەسەن قازی
٢-مەی ١٩٦٨( ١٢-ی بانەمەری ١٣٤٧ ی هەتاوی ) ڕۆژی شەهادەتی سمایلی شەریفزادە و هاوڕێیانێتی. یادی سمایل بووە بە بەشێک لە هەست و نەستی من. ئەمساڵ  لەو بۆنەیە دا  دوو نامەی سمایل بۆ کەریمی حیسامی کە تا ڕادەیەک تێڕوانینەکانیشی دەدرکێنێ بڵاو دەکەمەوە. کەریمی حیسامی لە بەرگی سێی بیرەوەرییەکانی (ستۆکهۆڵم ١٩٨٨)  بە دوورو درێژی باسی پێوەندی خۆی و دوکتور قاسملوو لەگەڵ  تێکۆشەرانی بزووتنەوەی چەکدارانەی کۆمیتەی شۆڕشگێری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان دەگێڕێتەوە. دوو خاڵی جێی سەرنج لەو نامانە دا ئەوەیە سمایل نەک بە کوردیی موکریانی بەڵکوو بە شێوازی کوردیی بابانی ئەو نامانەی نووسیوە، ئەویش لە بەر ئەوەی لە کاتی بوونی لە باشوور دەستی کردووە بە کوردیی نووسین. لە نامەی دووەم دا داوای کردووە لە کەریمی حیسامی لەگەڵ هاوڕێیانی دیکە حەول بدەن بۆ ساز کردنی  کۆمەڵەیەک لە خوێندکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەو داوخوازەی بە دانانی " ڕێکخراوی ڕووناکبیرانی کوردستانی ئێران" جێ بە جێ کراوە.
کەریمی حیسامی لە  یەکێک لە سەفەرەکانی بۆ بەغدا لە  ٢٧-ی ئاوریلی ١٩٦٧ چاوی بە سمایلی شەریفزادە دەکەوێ و تاگەڕانەوەی بۆ ئوڕووپا لە ١٩-ی مەی هەمان ساڵ زۆر جار لەگەڵ سمایل دادەنیشێ و لەمەر بار و دۆخی پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پەرەپێدانی خەبات لە ڕۆژهەڵات بەیەکەوە دەدوێن. کەریمی حیسامی دەنووسێ: " لەگەڵ سمایل هێندێ ناوی ڕەمزی و بە قەستی مان دانا، بڕیار درا کە بە ناوی " شیروان، ئاشنا،ساڵح،شنۆیی،نامە بۆ من بنووسن، منیش بە ناوی " ئاسۆ سەعید"، " سیروان"  نامە بۆ ئەو بنووسم."
نامەی یەکەم
کاکە صاڵح گیان. نامەکەتان گەیشت و زۆر شادی کردین. بە داخەوە نەناردنی قەرزەکەی دوکتوری ئامۆزاتان ئێمەی خستە پەرۆشەوە و ئەم هەواڵەشم بە هۆی کاکە " خوسرەو"وەوە لە ڕۆژی ١ / ٦ / ٦٧  پێ گەیشت و تا ڕادەیەک بوو بە هۆی کەسادی کاروباری کەسابەتەکەمان. کاکە گیان، خۆتان بە باشی ئاگاداری وەزعی کارو کاسبی هەن. و بە باشیش ئەزانن ئەگەر بێتوو نە هەل و مەرج لە بار بێ و نە کڕیار هەبێ وەزعەکە تا ڕادەیەک ئاڵۆز ئەبێ. لە لایەکی ترەوە  خۆتان لە دنیای کەسابەتا ئاگادارن هەموو کات تاجری دەوڵەمەند تێ ئەکۆشێ بۆ لە ناوبردنی تاجرەکانی تر و بە تایبەتی ئەگەر بێتوو تاجرێکی فرە دەوڵەمەند و بە هێزی وەک " مچە" لە ئارا دا بێ  وەزع هێندەی تر شپرزەتر ئەبێ. ئێستاکەش ئێمە ئاوهامان لێ هات. بێ بازاڕی، ئاڵۆزی و زەخت لە هەموو لاوە هەڕەشەی لێکردین و ناچاری کردین  کە دەرگای ئەم دووکانە تا ڕادەیەک دا بخەین و بی گوێزینەوە بۆ شوێنێکی تر و بە تایبەتی ئێستاکە کە گەرما هاورووژاوە خێڵەکەمان بار کەین و بەرەو کوێستان کۆچ کەین. ئاشکرایە پاش لێکدانەوەیەکی دووری تاجرانە ئەم ڕێگەیەمان بە دوایین ڕێگەی ژیانی کەسابەتەکەمان زانی.
کاکە گیان. ڕەنگە ئەم سەفەرەی ئێمە دوور و درێژ بێ. ڕەنگە بش زانی کە بۆ؟  جا بۆیە داوات لێ ئەکەم هەتا ئاگادارتان  نەکەمەوە نامەم بۆ مەنێرە.
صاڵح گیان. ئەگەر دەست بدا ئەوا ڕەنگە بێمە لاتان. چونکو ئەم سەفەرە زۆر پێویستە. ئەوەش بزانە  ئەمساڵ کوێستان  زۆر ساردە و بۆ تواندنەوەی بەفر پێوئستی بە ئاگر و گەرما و ڕەعد و بەرق هەیە. تو خوا لێگەڕێ با لە تواندنەوەی ئەم سەهۆڵ و بەفرانە ئێمەش بەشێکمان پێوە هەبێ.
کاکە گیان. دەستەکانت بە گەرمی ئەکوشم. گەرمترین سڵاو بۆ هاوڕێ کانت. سڵاو بۆ دوکتوری ئامۆزات. چاوەڕوانی نامەمان بکەن.

بە هیوای دیتنتان
برات – ئاسۆ سەعید
ئیمزا
٢٣ / ٦ / ١٩٦٧

تێبینی: مەبەست لە "دوکتوری ئامۆزاتان "  دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو،  مەبەست لە کاکە " خەسرەو"، دەکرێ محەمەدی ئیبڕاهیمی بێ. مەبەست لە " مچە" مەلا مستەفا بارزانی یە. وشە ڕەمزیەکانی دیکە لە بەر ڕوون بوونیان پێویستیان بە شرۆڤە نییە.


کەریمی حیسامی و سمایل شەریفزادە لە بەغدا
مەی ١٩٦٧

نامەی دووەم
ئاشنا گیان، دەستەکانت بە گەرمی ئەکوشم و بەتین ترین سڵاوی شوڕشگێڕانەم لێ وەر بگرە.  ماوەیەکی زۆرە لێک بێ خەبەرین و ئێستاکە وا دەرفەتمان بۆ پێک هات  ئەم نامەیەم بۆ نووسی.
ئاشنا گیان، هەر کە لە بەغا گەڕامەوە وەزع شێوا بوو، لە سەر بڕیاری برادەران لە گەرمێن بارمان کرد و بەرەو کوێستان کۆچمان کرد. ڕۆژێک پێش کۆچ کردنمان لە گەرمێن ڕا نامەیەکم هەر بە ناوو نیشانی ئەم نامەیە بۆ بەڕێ کردی و تیا ڕوونم کردبووە کە بۆچی بەرەو کوێستان بار ئەکەین. کورتیەکە و کوردی یەکەی ئەمەیە کە مچە بە تەواوی کەوتۆتە باوەشی ئێران و ئاغاکەی و لە مەدا هیچ شکمان نەماوە و هەر بە دەستوور و لە سەر داخوازی ئێران بوو کە دەستی کرد بە گرتن و تەحویل دانەوەی هەموو لایەنی و پان و بەرینی برادەران. جا نازانم ئێوە بیروڕاتان  چییە؟  بە داخەوە  ئەو جەناحەی " کاکە شوان" کە پشتی مچە ئەگرێ بە تەواوی لە سەر مەسەلە ڕوون نین. تێ بینێ: " لەم ئاخریە دا کاکە شوان ئینشیقاقی تێ کەوتوە و بۆتە دوو جەناح" بەڵام هەڵوێستی جەماعەتی " مام " بەرانبەر بە ئێمە زۆر باشە و بە ئاشکرایی و بە ڕاشکاوی پشتیوانی خۆیان لە عاست  ئێمەوە دەر ئەبڕن.
ئاشنا گیان، هەر کە هاتینەوە بڕیارمان دا  لە سەر هاتنەوەی تۆ و دوکتوری ئامۆزات و وا بزانم برادەرێک  " م "  لە لایەن ئێمەوە ئێوەی ئاگادار کردووە و ئێوەش ئەبێ لەم بارەیەوە اقدام بکەن. ئەوڕۆ تۆفانێکی بە تەوژمی شۆڕشگێڕانە سەرانسەی وڵاتەکەمانی داگرتووە و کۆمەڵانی خەڵکی هاتوونە سەر ئەوەی کە تەنیا ڕێگەی  ڕزگاری دەست دانە چەک، و وەشاخان کەوتنە. نەک هەر بۆ نەتەوەی ئێمە بەڵکوو ڕێگەی ڕزگاری هەموو نەتەوە  ژێر دەست و چەوساوەکان هەر بە ڕێگەی ڕاپەڕینی چەکدارانەی کۆمەڵانی زەحمەتکێش  واتە " شەڕی پارتیزانی" یە کە لە پێشا ئەبێ لە دێهاتەوە دەست پێ بکرێ و کۆمەڵانی هەروای جووتێرە تێکۆشەرەکام هان بدا بۆ خەباتی چەکدارانە. لەو بارەیەوە نامەیەکم بۆ " بیرۆ " نووسیبوو بە زمانی فارسی جا ئەگەر پێ یان گوتی بزانە نامەی منە و بیروڕای خۆمم بۆ دەرخستوون  جا نازانم وەڵام و هەڵوێستیان چۆن ئەبێ. حکوومەت کەوتۆتە توند و تیژی یەوە. ، لە لایەک خەڵکی سوێند و تەڵاق ئەدا کە نان نەدەن بە پێشمەرگەکان و یارمەتیان نەدەن و لە لایەکیش بە شێوەی ئەمریکاییان بە هێلیکوپتر تەعقیبی برادەران ئەکەن. لە هەر لاوە جاش دروست ئەکا و خۆ قایم ئەکا. پۆستەکان  لەسەر سنوور " پاسگاە"  نەفەراتیان زۆر ئەکا و بڕیارە هەر  پاسگایەک هێلیکۆپتێرێکی لێ بێ. هێندێ هەواڵ هەن کە وا دەر ئەخەن حکوومەت بە نیازە لە سەرە بەهار دا لە لایەک زمانی کوردی، لباسی کوردی یاساخ بکا  و زمانی فارسی و لباسی پەهلەوی بخاتە کایەوە و لە لایەکی ترەوە دەست بکا بە گرتن و تەبعید کردنی نیشتمان پەروەران. دەنگی خۆتان بەرز کەنەوە و ڕای گەیێنن و خەڵکی ڕوون کەنەوە.
ئاشنا گیان.ئەوەتان بخەمە بەرچاو  کە لە سەرە بەهار دا تفەنگچی یەکانی " مچە" بۆ تەعقیبی  ئێمە ئەهاتنە دیوی کوێستانێ و ئێستاکەش ئەم مەسەلەیەمان هەر لە بەر چاوە کە لە دوا ڕۆژا ئەگونجێ لێمان نەگەڕێ و ئەمەش، بە کرێ گیراوی ئەم کابرایە دەر ئەخا.
کاکە گیان. قەرار وابوو کە، کۆمەڵەیەک لە خوێندکارەکانی خۆمان پێک بێنن جا نازانم حەول و تەقەلاتان چی لێ هاتۆتەوە و بە کوێ گەیشتوە بۆ هاورێ  " ژیان  " یش م دووپات کردۆتەوە. حەولی بۆ بدەن. لە ناردنی نامە، ڕۆژنامە،گۆڤار و کتێب ڕامەوەستە و دەنگ و باسیشمان بۆ بنووسە. دیسان لە قوڵایی دڵەوە سڵاوی گەرم. شیللێر و کەماڵ ماچ ئەکەم و ئەحواڵی خوشکە خدیجە ئەپرسم.  براتان –سیروان  ئیمزا
رێ بەندانی ٤٦  [ ژانڤییەی ١٩٦٨]

تێبینی:. مەبەست لە " مچە" مەلا مستەفا بارزانی، مەبەست لە " کاکە شوان "، حیزبی شیوعی عێڕاق ، مەبەست لە  " مام" جەلال تاڵەبانی، مەبەست لە " دوکتوری ئامۆزام"  دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، مەبەست لە برادەرێک "م"  حەمەدەمین سیڕاجی، مەبەست لە " بیرۆ"  بۆرۆی کۆمیتەی باوەندی حیزبی توودەی ئێران، مەبەست لە "ژیان" محەمەد موهتەدی، مەبەست لە شلێرو کەماڵ منداڵەکانی کەریمی حیسامی و مەبەست لە خەدیجە هاوژینی کەریمی حیسامی یە. 




 

Saturday, May 1, 2021

کڵیشەی سەردێڕی ئەو ڕۆژنامە " کوردستان " ی لە تەورێز چاپ دەکرا



 

کڵیشەی سەردێڕی ئەو ڕۆژنامە  " کوردستان " ی لە تەورێز چاپ دەکرا.
حەسەن قازی

تێلێڤیزیۆنی  " من و تۆ "  کە وا دیارە دەستی  وە زۆر لە بەڵگە و فێلمی ڕادیۆ و تێلێڤیزۆنی  زەمانی شا ڕادەگا، بەرنامەیەکی هەیە بە ناوی " تونێلی زەمان"  کە ئەو بەرهەمە کۆنانەی تێدا بڵاو دەکاتەوە. لە ئاڵقەیەکی ئەو بەرنامەیە دا  کورتە فیلمێکی دۆزینەوەی چاپخانەیەکی حیزبی توودە/ فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان لە تەورێز نیشان دەدرێ کە دیارە دەستگای هێدیایەتی ئێران لەو سەروبەندی دا بڵاوی کردووەتەوە. لەو کورتە فیلمە دا کڵیشەی  ڕۆژنامەی "کوردستان "، ناوخۆی چاپخانەکانە و ژمارەیەکی زۆر چاپکراوی حیزبی توودە و فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان نیشان دەدرێ. ئەو ڕووداوە دەگەڕێتەوە سەردەمی  دوای کودەتای ٢٨-ی گەلاوێژی١٣٣٢/ ١٩-ی ئووتی ١٩٥٣. هەر چەند بەدوای ئەو کودەتایەدا گورزی قورس وە حیزبی توودە کەوت، بەڵام فێرقە و حیزبی دێمۆکرات  شەش ساڵ دوای ئەو کودەتایە ڕێکخراوەکانیان  کەوتە بەر شاڵاوی هێزەکانی ڕێژیم.
نەمر غەنی بلووریان لە بیرەوەرییەکانی دا بە وردە ڕیشاڵ لە سەر چاپی " کوردستان" لە تەورێز  دواوە و ئاوا دەنووسێ:  " چاپی ڕۆژنامە کوردستان. .... چەند ڕۆژێک لە سیاقۆڵ مامەوە. پاشان چوومە گوندی " لاچین". لەوێ چاوم بە حەمەدی ئاغای کەوت. کاک حەمەد خاڵی هێمن بوو.  ئەو گوتی: هێمن گوتویەتی ئەگەڕ غەنی ڕێی لێرە کەوت ئاگاداری بکەم. لە بەر ئەوە  دوو ڕۆژیش لە لاچین مامەوە و پاش دیتنی هێمن چوومە گوندی
" پیرۆلی باغی" و بە پشت کارخانە قەندی " میاندواو" دا خۆم گەیاندە تەورێز. قاسملو [ عەبدولڕەحمان] و عەزیز [ یۆسفی]  لە تەورێز بوون. منیش ماڵێکم لە گەڕەکی " بارۆن ئاوا" بە کرێ گرت، کە بە گەڕەکی ئەرمەنیان دەناسرا. خاوەن ماڵەکەم ژنێکی ئەرمەنی زۆر مێهرەبان بوو، و پێیان دەگوت " مادام مەروسیا". دوای چوونی من بۆ تەورێز، " سەدیقی ئەنجیری ئازەر"یش لە تارانەوە هات بۆ تەورێز. ئێمە ئەو چوار کەسە کۆ بووینەوە و لە سەر دەرکردنی ڕۆژنامەی کوردستان بڕیارمان دا قاسملو ئێمە بە ڕێبەرانی فیرقەی دێمۆکڕات بناسێنێ و ئێمەش داوایان لێبکەین بۆ چاپێ ڕۆژنامەی کوردستان یارمەتیمان بدەن. ڕێبەرایەتی فیرقەی دێمۆکڕات بۆ چاپی ڕۆژنامەی کوردستان یارمەتی پێکردین و ئێمە لە سەرەتای ساڵی ١٣٣٣ [ی هەتاوی] – ١٩٥٤ یەکەم ژمارەی کوردستانمان دەرخست. سەدیقی ئەنجیری و عەزیزی یۆسفی بە زمانی فارسی وتاریان بۆ کوردستان دەنووسی و من دەمکردن بە کوردی و  بۆ خۆشم بە کوردی وتارم دەنووسی. ئەو نامە و وتارانەش کە بە زمانی فاارسی لە کوردستانەوە دەگەیشتن، من دەمکردن بە کوردی و قاسملوو بە سەریاندا دەهاتەوە. قاسملوو هەر وەها بە زمانی کوردیش وتاری دەنووسی.  هەموو بە یەکەوە ڕۆژنامەکەمان موونتاژ دەکرد و من دەمبرد بۆ چاپخانەی فیرقەی دێمۆکڕات. ئەوان نووسراوەکانیان تایپ دەکرد و پاش تەواو بوونیان من هەڵەکانم ڕاست دەکردەوە و پاشان چاپ دەکران. دوای چاپی کوردستان ئۆرگانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان (ئێران) و ئازەربایجان ئۆرگانی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان ئەوانمان دەبرد بۆ ماڵی ئەندامێکی فیرقە بە ناوی " حوسێن"  کە لە سۆڤیەت گەڕابۆوە و لەو ماڵەوە بڵاومان دەکردنەوە. ئێمە کوردستان ی ژمارە ١ و ٢ مان بە " مەحموودی مەنگوڕی" دا ناردەوە بۆ مەهاباد. بەڵام پاشان لەگەڵ برادەرانی فیرقە بڕیارمان دا تەتەرێکی هاوبەشمان هەبێ بۆ ناردنی ڕۆژنامەکانی کوردستان و ئازەربایجان. لە هەر ژمارەیەی کوردستان ١٠٠ دانەمان دەنارد  بۆ کوردستانەکانی ژێر دەستی عێڕاق و تورکیەو ١٩٠٠ دانەشمان لە کوردستانی ژێر دەستی ئێراندا بڵاو دەکردەوە.
خوێنەرانی ڕۆژنامەی کوردستان نامەیان بۆ دەناردین . مامۆستا  هێمن لە نامەیەک دا سپاسی لێکردبووین. ڕێکخراوەکانی کوردستانی ژێر دەستی عێڕاق داوای ژمارەیەکی پتریان لێدەکردین. بەڵام ئێمە نەماندەتوانی پتر لە دوو هەزار دانە چاپ  بکەین. زۆرمان هەوڵ دا چاپخانەیەک لە ورمێ دانێین، بەڵام سەرنەکەوتین. دوای بڵاو کردنەوەی هەشت ژمارەی کوردستان، چاپخانەی فیرقە ئاشکرا بوو. " جەعفەری قەوسی"  سەرنووسەری ڕۆژنامەی ئازەربایجان گیرا و رێژیم دەستی بە سەر چاپخانەکە دا گرت. دوای ئاشکرا بوونی چاپخانەی فیرقە، ئێمە لە ترسی پەلاماری مەئموورەکانی حکوومەتی ئێران لەگەڵ قاسملوو چووین بۆ تاران. ئەوەش دەبێ  بڵێم، کە عەزیزی یۆسفی بە دوای دەرچوونی دووهەمین ژمارەی کوردستان لە موسافیرخانەی " شەبوستەری" گیرا و نزیک بە ساڵێک لە زیندان مایەوە."  [غەنی بلووریان، ئاڵەکۆک، بەسەرهاتی سیاسی ژیانم، ستۆکهۆڵم، ١٩٩٧]
هەم کاک جەلیل گادانی و هەم کاک کەریمی حیسامی  و تەنانەت مامۆستا هێمن ( بە سەرداگیراوی) ئاماژە دەکەن بە دەوری غەنی بلووریان بۆ دەرخستنی ئەو خولەی ڕۆژنامەی کوردستان.بە پێی نووسینی نەمر شارمەدینی سادق وەزیری کە ئەو سەروبەندی لە نزیکەوە ئاگای لە چالاکییەکانی ئەو کادرە دێمۆکڕاتانە هەبووە ڕەحمەتی قادر یۆسفی برا گەورەی عەزیز یۆسفی ش  دەستی لەکاروباری ئامادە کردنی ئەو ڕۆژنامەیە دا هەبووە.  سپاس بۆ کاک دەرسیم  ئۆرەمار کە سەرنجی ڕاکێشم بۆ دیتنی ئەو کلیشەیە و لینکەکەی بۆ ناردم.

سەرچاوە: وێبنووسی ڕوانگە