Thursday, August 3, 2023

وتوێژ لەگەڵ دوکتورهاوژین بەقاڵی کۆمەڵناس، لێکۆلەرەوە لەمەڕ دین و دەسەڵات سەبارەت بە ئیسلامی سیاسی، شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، پێنجشەمە ٣-ی نۆڤامبری ٢٠٢٢

وتوێژ لەگەڵ دوکتورهاوژین بەقاڵی کۆمەڵناس، لێکۆلەرەوە لەمەڕ دین و دەسەڵات سەبارەت بە ئیسلامی سیاسی، شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، پێنجشەمە ٣-ی نۆڤامبری ٢٠٢٢
حەسەن قازی:  ژن، ژیان، ئازادی. بینەرانی خۆشەویست بەخێر بێنەوە بۆ یەکەم بەرنامەی وەرزی تازەی تێلێڤیزیۆن. وەک دەزانن لە وەرزی تازەدا کاتی بڵاوکردنەوەی بەرنامەی ڕاوێژ گۆڕاوە و لە چوارشەمۆیانەوە هاتووە بۆ پێنجشەمۆیان و سەعاتەکەشی کەوتووەتە دواتر و لەمەو دواوە هەر پێنجشەمۆیەک نا پێنجشەمۆیێک سەعاتی ٧-ی ئێوارە بە کاتی ناوەندی ئوڕووپا ئەو بەرنامەیە بڵاو دەبێتەوە. لە یەکەم بەرنامەی وەرزی تازە دا میوانداری دەکەین لە بەڕێز دوکتور هاوژین بەقاڵی کە لێکۆلەرەوە، ئاکادێمیسیەن و تێکۆشەری فێمێنیست و لەم بەرنامەیەشدا بەردەوام دەبین لە ئاخافتن و قسە کردن لە سەر ئەو بزووتنەوە تازەیەی کە لە ڕۆژهەڵات هەیە و هەر وەها زەمینەی ئیسلامی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا. زۆر زۆر بەخێر بێی بەڕێز بەقاڵی!
دوکتورهاوژین بەقاڵی: زۆر سپاس کاک حەسەن،
قازی: لەوەڕا دەست پێ بکەین لە پێوەندی لەگەڵ ئیسلامی سیاسی دا زۆر باس و موناقەشە هەیە. پێم خۆشە ئەگەر بکرێ کورتە مێژوویەکی ئیسلامی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا باس بکەی. دیارە لەو ساڵانەی دواییدا مەسەلەی داعش یش هاتووەتە گۆڕێ بەڵام بێ پێوەندی لەگەڵ ئەمە ئەگەر بکرێ کورتە مێژوویەک باس بکەی. فەرموو!
بەقاڵی: من ئەگەر بمەوێ باس لە مێژووی ئیسلامی سیاسی لە ناو کوردستان دا بکەم، کوردستان بەشی ڕۆژهەڵاتی هەڵبەت، ئەبێ بگەڕێمەوە بۆ شۆڕشی ٥٧ [ ١٩٧٩]. لە کاتی شۆڕشی ٥٧ دا کەسانێکمان بوو لە کوردستان دا کە ئەمان بە تەئسیر لەو شتەی کە لە باشوور ڕووی دەدا، ڕەوتێکی ئیسلامی لەوێ دروست ببوو بە تایبەت لە هەڵەبجە، هەر وەها لە عێڕاقدا، ئێمە ئیخوان ئەلموسلیمینی عێڕاقمان هەبوو لە چەند ساڵ لەوە پێشەوە ئەم کەسانەی هاتوچۆی ئەوێیان  کرد بوو، لەلایەکی دیکەشەوە کەسانێک هەبوون کە هاتوچۆی تارانیان ئەکرد و لە ژێر کاریگەری بیروڕای کەسانێکی وەکوو عەلی شەریعەتی و ئەمانە دا بوون هاتبوونەوە بۆ ڕۆژهەڵات کاتی شۆڕش. ئەم کەسانە توانییان لە ناو مزگەوتەکاندا فەعەلییەتەکانیان دەست پێ بکەن و کەم کەم مەکتەبی قورئانی دانێن لە پێشدا لە مەریوان دایان نا دوایە لە سنە دایان نا. دوو کەسیان کە وەک ڕێبەری فکری دەناسرێن یەکێکیان ئەحمەدی موفتی زادە بوو، یەکێکیان ناسری سوبحانی بوو. ئەم دوو کەسە توانییان دوو ڕەوتی جیا لە بواری ڕێکخراویی، بەڵام لە بواری فکرییەوە زۆر نزیک بە یەک دروست بکەن.
ناسری سوبحانی توانی لە نیهایەت دا ئیخوان ئەلموسلیمینی ئێران دامەزرێنێت هەڵبەت لەگەڵ ڕەفیقەکانیدا، ئەحمەدی موفتی زادەش مەکتەبی قو
رئانی پێک هێنا. ئەم کەسانە لە هەوەڵەوە لە بواری سیاسییەوە، یانی بۆچوونێک کە هەیان بوو لە سەر سیستمی سیاسی زۆر دوور لەو شتە نەبوو کە خومەینی ئەیویست دایمەزرێنێ لە ناو ئێراندا. ئەمان بە شیدەت موتەئەسیر لەئەفکاری ڕێبەرانی فکری جەهانی ئیسلام کەسانێک وەک ئەبووعەلا مەودوودی بوون و لە ژێر کاریگەری ئەو دا توانییان  کەسانێک ڕێک خەن و بۆچوونە سیاسییەکانیان باس بکەن لە ناو کوردستان دا. ئەمانە لە ئەوەڵەوە هەر وا کە وتم کێشەیەکی ئەوتۆیان لەگەڵ جمهووری ئیسلامیدا نەبوو، بەڵام هێدی هێدی وەختێک کە خومەینی باس لە ویلایەتی فەقیهه ئەکا و وەختێک کە سونییەکانیش لەگەڵ گرووهەکانی تر ئەخاتە پەراوێزەوە باس لە پیاوێکی شیعەی دوازدە ئیمامی فارسی چینی مامناوەندی ئەکات، ئەم کەسە ئەتوانێ وەلی فەقیهه بێ، ناکۆکی کەوتە بەینیانەوە و ئەوە بوو کە  ناسر سوبحانی و ئەحمەد موفتی زادە هەر دووکیان ئەکەونە زیندانەوە و لە نیهایەتیشدا ناسری سوبحانی بە داخەو ئیعدام ئەکرێت و ئەحمەدی موفتی زادەش لە دوای دە ساڵ زیندان وەختێک کە دێتە دەرەوە فەوت ئەکا.
قازی: با لێرە ئیستێک بگرین. ئەو لایەنی کورد بوونیان یا گرێدراو بوونیان بە هووییەت واتە ناسێنەی کوردی چەندە تەئسیری هەبوو کە ڕێژیمی جمهووری ئیسلامی و شیعەگەری زاڵ دە بەرانبەریان دا ڕاوەستێ، مەبەستم کورد بوونیانە لە ڕووی ئێتنیسیتییەوە؟

بەقاڵی: بۆ ڕەوتی ئیخوان ئەلموسلیمین کە ناسر سوبحانی ڕێبەری فکری بوو ڕەنگە کورد بوونەکە زۆر بەرچاو نەبووبێت، ئەوان زۆرتر بنەما دینیەکە و هووییەتە دینییەکەیان لەبەر چاو بوو. بەڵام مەسەلەی موفتی زادە جیاواز بوو، موفتی زادە دایم هەوڵی ئەدا هەر دوو ناسێنە بەیەکەوە پێش بخات بەڵام بە ڕوانگەیەکی کامیلەن دینی و ئیسلامییەوە. یانی ڕوانگەی ئەو لەگەڵ کوردەکانی تر، کوردەکان و چەپەکانی ناو کوردستان دا کامیلەن جیاواز بوو. هەر وا کە عەرزم کردن ئەوان لە پێشا جیاوازییەکی وایان نەئەدی لە بۆچوونیاندا بە نیسبەت سیستمی ئیسلامی لەگەڵ ئەو شتەی کە لە ناو تاران دا ڕووی ئەدا. و ئەیانەویست کوردایەتی تا ئەندازەیەک  فەرهەنگی بکەن، وەک مەسەلەیەکی فەرهەنگی تماشای کەن و ئیدانتیتێ و هووییەتی کوردیان لە ئێسپاسێکی کولتووری دا پێش بەرن.
قازی: زۆر باشە. دەزانین دوای شۆڕش کە وردە وردە حیجابی زۆرەملی پەیدا بوو، و دیارە لە جلوبەرگی کوردی ژنانە دا دەسماڵ هەیە کە پێوەندی نییە بە لەچەک و ئەو شتانەوە ڕاستەوڕاست، بەڵام لە شارەکان بە تایبەتی لەبەر ئەوەی کە زۆر ژنی کورد لە ئیدارە و مەدرەسە و ئەو جۆرە شوێنانە کار دەکەن، لە ژیانی شاریانە دا بۆ ژنی کوردیش مەسەلەی حیجاب هاتە گۆڕێ. بە چ شێوەیەک دەتوانین ئەوە بە کێشە بۆ ژنانی کوردیش دابنێین لەو سەروبەندی دا، یانی ئیجباری بوونی حیجاب؟   
بەقاڵی: بۆ مەسەلەی حیجاب ئەتوانین دوو ڕوانگەمان بێ. یەکێک ڕوانگەی کولتووری ئایا لە کولتووری ئێمە دا مەسەلەی حیجاب هەبووە یا نەبووە. یەکێکیش مەسەلەیەکی سیاسییە یانی حیجاب لە سەدەی بیستمەوە لە لایەن ئئیسلامی سیاسییەوە سیاسی دەکرێ. ڕاستە لە کولتووری ئێمە دا مەسەلەی حیجاب بەو شێوازە کە ئێمە دەیناسین یانی داپۆشینی کامڵی بەدەنی ژن بەو شێوازە لە سەرەتاوە نەبووە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە ئەو داپۆشینە کامڵە  ئێلێمانێکی مۆذڕن بووە. ئێلێمانێکی مۆدێڕن بووە  کە لە نتیجەی جیاییەک بەینی کاری ناوماڵ و کاری دەرەوە بە وجوود دێت یانی لە سەرەتای سەرمایەدارییەوە ئێمە ئەو جیابوونەوە ئەبینین یانی  ژنان ئەچنە ناو ماڵەوە، پیاوان لە دەرەوە کار ئەکەن و نەزمێکی ڤیکتۆریایی بە شیدەت تەبلیغ ئەکا بۆ ئەم شێوە لە تەقسیمی کارە. وەختێک کە ژنان ئەچنە ناوەوە هەرچەند داپۆشتر بن، هەرچەند بەرگیان دەست وپێ گیرتر بێ مۆدێرنترن، هاودەنگترن لەگەڵ ئەو نەزمە ڤیکتۆریاییە دا کە یەکێک لە ئێلێمانە مۆدێرنەکانە.
جا ئەمە درەنگ دێتە ناو کوردستان. من پێم وایە ئەوەی کە ئێمە ئەبینین بەرگ دەبەر کردنی ژنان، داپۆشینێکی کامڵ نەبووە، حیجاب بەو مانایە لە کوردستان دا نەبووە پێم وایە لەبەر ئەوەیە ئەو ج
یابوونەوە و جیاوازی یە لە بەینی  کاری  ناوماڵ و کاری دەرەوە بەو شێوازە لە ناو کوردستان دا زوو پەرەی نەساند و درەنگ کەوتە ناو کوردستانەوە. هەر چەند لەو ئاخرانە دا ئەو شتە  ڕووی دا و ژنەکان چوونە ناوماڵەوە و ژنەکان بەرگێکیان دەبەر کرد، جلوبەرگێکی کوردی کە تا ئەندازەیەک ئەتوانین بڵێین دەست و پا گیرە. من پێم وایە دەسماڵ و پشتێند ناتوانێ بەشێک لە جلوبەرگی ئاسایی و ڕۆژانەی ژنی دێهات بێ کە لەسەر زەوی دا کار ئەکەن. و پێم وایە ئەم جۆرە بەرگ پۆشینە، لیباس دەبەر کردنە تەنانەت مۆدێلەکەی لەوانەیە تازە بێت، لەوانەیە مۆدێرن و تازە بێت و قەدیم وا نەبووبێت. من کارم لە سەر نەکردووە بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەتوانم بڵێم کە پێشتر ئاواهی، بەم شێوازە نەبووە. پێم وایە دەست پا گیرە. یانی ژنان ئا ئێستا بەو بەرگانەوە ناتوانن بچنە ناو شەقامەکان و سەنگەر دروست کەن و بەرخوە بدەن. بۆیە بە لحازی کولتوورییەوە بۆ ماوەیەکی زۆر بەڵێ پۆششی ژنانی کورد، پوششێکی ئازادتر بووە بەڵام ئایا ئەمە بە مەعنای ئەوەیە کە واتە ژنان لە ناو کوردستان دا ئازاد بوون یا بەرابەری بەینی ژن و پیاو هەبووە؟ بە هیچ عینوانێک ئێمە ناتوانین نەتیجەیەکی ئاوای لێ بگرین.
لە بواری سیاسییەوە، ئەگەر حیجاب وەک ئەمرێکی سیاسی تماشا کەین ئیسلامی سیاسی حیجابی سیاسی کردووە. لەو بوارەشەوە کوردستانیش هەر دەرگیرێتی، ئێمە ناتوانین بڵێین دەرگیر نییە، گەشتی ئێرشاد لە ناو سنەش دا هەیە، هەبووە. ژنانی کوردیش لە ناو شارەکاندا، لە ناو شارە کوردەکاندا، لە ناو شەقامەکاندا نەیان توانیوە ئەو جۆرە کە ئەیانەوێت پووششیان بێت. لە لایەکی ترەوە ئێمە گرووپە ئیسلامییەکانمان هەس، ئیسلامی سیاسیمان هەیە لە ناو کوردستانیشدا. تەنیا
تماشای باشوور بکەین بزانین ئیسلامی سیاسی چی بە سەر حیجاب و لیباس دەبەر کردنی ژنان لە باشووردا هێناوە. ئایا ئا ئێستا ژنان ئەتوانن لە ناو شەقامەکاندا بە ڕاحەتی لە ناو باشوور دا سەرپۆشەکانیان لادەن و بە بێ ئەوەی کە جەختیان لە سەر بکرێ هەر لیباسێک کە پێیان خۆشە دەبەری کەن. موقایسەی وەزعیەتی ئا ئێستای ژنانی باشوور بکەین لەگەڵ بیست ساڵ لەمە پێشدا وەختێک کە ئیسلامی سیاسی لەوێ ئەوەندە پەرەی نەساندبوو. ئەبینین کە ئەو کات زۆر زۆر ئازادتر بوون، کە واتە هەم لە لایەن حکوومەتی ڕێژیمی جمهووری ئیسلامییەوە لە ناو کوردستانیشدا ئێمە ئەو جەختەمان لە سەرە ژنی کورد هەم لە لایەن گرووپی ئیسلامی سیاسییەکەشمانەوە، هەم بە لحازی کولتووریشەوە ئێمە ناتوانین بڵێین کە ئێمە ئەوەندە ئازاد بووین. حیجاب فەقەت لەچەکە لە سەر کردن نەبووە زۆر شتی تری هەبووە کە دەبێ لەبەرچاو بگیرێ.
قازی: لە پێوەندی لەگەڵ ئەو مەسەلەی دەست وپێ گیربوونی ئەوەی کە بە ڕاحەتی کەسێک نەتوانێ کار بکا.نەقلی قەولێک هەیە لە پێشەوا قازیی محەمەد لە زەمانی کۆماریی کوردستان باسی ئەوەی کردووە کە لە نەزەری دا هەیە کە ئەگەر بکرێ جلوبەرگی پیاوانەی کوردی بە تایبەتی پێج و ئەوە بگۆڕدرێ، چونکە وەختێک ئەتۆ لە سەنگەر دای لە وانەیە ڕیشووی پێچەکەت پێش لەوە بگرێ بە دروستی دیفاع لە خۆت بکەی. نەقلی قەولێکی وا هەیە.
بەقاڵی: بەڵێ، ئەو شتە بۆ ژنانیش هەیە. جلوبەرگەکە زۆر بەرگێکی جوانە لەگەڵ ئەوە دا هەین بەڵام ئەتوانێ دەست و پێ گیر بێ.
قازی: زۆر باشە. با ئێستا ئێمە هێندێک نزیکتر بینەوە لە حاڵ و هەوای ئێستا. ئێستا لە ١٦-ی سێپتامبرەوە نزیکەی ٦ حەفتەیە حەڕەکەتی یا بڵێین شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، شۆڕشی ژینا دەستی پێکردووە. ئەمن داخویانییەکم دیت وا بزانم ئی شەخسییەتێکی مەزهەبی بوو ئی ناوچەی سەقز وا بزانم پشتیوانی کردبوو لە بزووتنەوەی خەڵک. پێم خۆشە بزانم بۆچوونی ئەو لایەنەی کە بە ئیسلامی سیاسی دادەندڕین لە پێوەندی لەگەڵ ئەو سەرهەڵدانانەی ئێستا چۆنە؟
بەقاڵی: ئا ئێستا ئێمە چەند دانە گرووپی ئیسلامیمان هەیە لە دوای فەوتی ڕێبەرە فکرییەکانیان. جەماعەتێک هەن بە ناوی " جەمعییەتی دەعوەت و ئیسلاحی ئێران " کە زۆر موتەئەسیرە لە ئیخوان ئەلموسلیمینی جەهانی، ڕێبەرە فکرییەکەشی هەر ناسر سوبحانی بووە. مەکتەب قورئان دوو باڵی سەرەکی هەیە، باڵێکی سەعدی قوڕەیشی هەیە  کە خۆیان وەک " شووڕای مودیرییەتی مەکتەب قورئان" ناو ئەبەن، باڵێکیشمان هەیە بە ناو حەسەن ئەمینی کە ناویان " شووڕای مەکتەب قورئانی کوردستان" ە. هەر وا جیهادییەکانیشمان هەیە، سەلەفییەکانیش، سەلەفییە جیهادییەکان. سەلەفییە جیهادییەکان و هەر وا باڵی حەسەن ئەمینی شایەد بڵێین تۆزێک لە پەراوێزن. دیارە سەلەفییەکان کە ئەسڵەن  ئەلئان ڕێکخراوەیەکی ئەوتۆیان نییە کە بتوانن رێئاکشنێکیان بێ نیسبەت بەو شتەی کە ڕوو دەدا. کۆمێنیکەیشنێکیشیان نییە لەگەڵ خەڵک، نە لەگەڵ خەڵک دا و نە لەگەڵ دەوڵەت دا. زۆر پەرتەوازتر لەوەن بەڵام بە تایبەت ئەمە باڵی سەعدی قوڕەیشی مەکتەب قورئان و جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاحە کە واکونشیان نیشان دا نیسبەت بەم شتە کە ڕووی داوە. بەیانییەیان دا، بەیانییەیەکەی مەکتەب قورئان باڵی سەعدی قوڕەیشی باس لەوە ئەکات کە ئێمە ڕێکخراوەیەکی سیاسی نین کە واتە مەجبوور نین بۆ هەموو ڕووداوێکی سیاسی واکونێش نیشان بدەین بەڵام لە نیهایەت دا نیشان ئەدات کە دەنگیان ئەخەنە پاڵ دەنگی خەڵکەوە. بەیانییەکەی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاحی ئێران ئەیدات سەرنجڕاکێشترە لەو نەزەرەوە کە وەزعییەتی ئیسلام سیاسیمان لە ناو کوردستان دا بۆ ڕوون ئەکاتەوە. دەعوەت و ئیسلاح بەیانییەکەی لەم ئاخرانەوە ئەدا وە دیاریشە کە ئەندامەکانی زۆریان لێ کردووە کە ئەم بەیانییە حەتمەن بدات و ڕوونکردنەوەیەکی بێ. ئەلێن ئێمە مەرگی مەهسا ئەمینی – بە ناو مەهسا ئەمینی ش ناوی ئەبەن  نە ژینا -  وای نیشان ئەدەن کە ڕووداوێکە وەک ڕووداوەکانی تر، کە ئێمەش وەک تەشەکولێکی مەدەنی  پێویست ناکا هەمیشە واکونێش نیشان بدەین جا دواییش دژی ئەو توند و تیژیانەن  کە ڕوو دەدا بەڵام توند و تیژییەکان وا نیشان ئەدەن کە لە لایەن هەر دوو تەرەفەوە بووە. مەسەلەن توندو تیژییەک کە لە بەلووچستان کراوە مەحکووم ئەکەن، توندو تیژییەک کە لە کوردستان کراوە مەحکووم ئەکەن و هەر وەها تێرۆریزمێک کە لە شاهجراغ [_ی شیراز] کراوە. یانی زمانێکی حکوومەتی. لە نیهایەتیش دا ئەڵێن با بێین گفتوگۆ بکەین، گفتوگۆ لە بەینی کێ دا؛ ڕێفۆرمخواز و ئوسوولگەرا. یانی چی جون دێن ئەڵێن سەدا و سیما کارێکی زۆر باشی ڕێک خستووە
وئێمە ئەبێ ڕێز لەو کارە بنێین.
قازی: مەبەستت لە دەزگای ڕادیو و تێلێڤیزیۆنی ئێران ە؟
بەقاڵی: بەڵێ.یانی بەیانییەکان کامیلەن گفتوگۆیەکە لە ناو خۆیان دایە، لە ناو سیستم دا. جا ئەمانە  لە حاڵێکدا ئەڵێن ئێمە تەشەکولێکی مەدەنین کە لە ساڵی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧ بەولاوە یا ئابانی ٢٠١٩ و کاتێک کە شؤڕشی ئابان دەست پێ ئەکا ئەمانە ئێعلام ئەکەن ئێمە تەشەکولێکی مەدەنین لە حاڵێکدا پێشتر لەم فاسیلە دا تەواوی حەولیان ئەوە بووە وەک حیزبێک خۆیان نیشان بدەن، وەک حیزبێکی سیاسی. بارها لە دەوڵەتی ئێران دەرخاستی موجەویزیان کرد، موجەویزیان پێ نەدان، بەڵام چراغ سەوزیان پێ دان کە کارەکانیان بکەن. ئۆلگوویان ئاک پارتی تورکیا بوو لە عەرسەی سیاسەتدا و هەر وەها ئەوەندە فەعالییەتی سیاسییان بردە سەرەوە بە تایبەت لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا، ڕوانگەیەکی ڕێفۆرمخوازەنەشیان بوو، ئەوەندە بردیانە سەرەوە کە بوونە ئەبزارێک بۆ پێوەندی لە بەینی دەوڵەتی ئێران و وڵاتە ئیسلامییەکاندا. وڵاتە ئیسلامییە عەڕەبییەکان. ئەم کەسانە بەو فەعالییەتانەوە ئێستا بۆ شۆڕشی ژینا ئەڵێن ئێمە تەشەکولێکی مەدەنین. ئەمە دیارە سیاسەتێکە هەتا ٢٠١٩ پشتیوانییان لێ ئەکرد ڕێفۆرمخوازنە بوو، ئەم سیاسەتە هەڵوەشاوەتەوە. لە لایەن جارێک ڕاپەڕینی ٢٠١٧، جارێک ڕاپەڕینی ٢٠١٩ ئەم سیاسەتە هەڵوەشاوە و سیاسەتێکیان بۆ نەماوە کە بیکەن بۆیە مەجبوورن خۆیان وەک تەشەکولێکی مەدەنی نیشان بدەن.
قازی: زۆر باشە ئێستا پێم خۆش بوو بزانم جەنابت دوکتوراکەت لە سەر چی کردووە، دەکرێ لە سەر تێزەکەشت هێندێک زانیاری بدەی کە لە چی پێک هاتووە؟
بەقاڵی: پرسیاری سەرەکی من لە ناو تێزەکەمدا ئەوە بوو کە چۆن دیسکۆرسێکی دینی جێی خۆی دەدا بە دیسکۆرسێکی دینی تر. من ئەمزانی ئالوگۆڕییەک ڕووی داوە لە ناو کوردستاندا. ئێمە جاران تەسەوفمان بوو، دیسکورسێکی سۆفی مەنیشانەمان بوو بەڵام لە دوای شۆڕشی ٥٧ [ ١٩٧٩] بە تایبەت دیسکورسێکی تر بە ناوی ئیسلامی سیاسی دێتە ئاراوە و ئەمە کە تەواوی سپەیسی دینییەکە ئەگرێتە بەر. پرسیاری من ئەوە بوو کە ئەم ئاڵوگۆڕە چۆن ڕوو ئەدا. و بۆ ئەمەش هاتم کانتێکستی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی کوردستان لە دەورەی هاوچەرخدا بەڕڕەسیم کرد ئەوە کە چۆن ئەتوانێ ئەم دینە بگۆڕێت، ئەو دیسکورسانە بگۆڕێت، مەعنا و مەفاهیمەکەی بگۆڕێت و تەنانەت تاریفێک کە لە خوا هەیەتی بیگۆڕێت. پرسیارە سەرەکییەم ئەمە بوو لە ناو تێزەکەم دا.
قازی: کارەکەتان وەک کتێب کەنگێ دەردەکەوێ؟
بەقاڵی: تا ئێستا مەقالەی زۆر لێ دەرهاتووە هەڵبەت هەر بە زمان فەڕانسەیی، ئیتر کتێبەکەشی هەر خەریکم لە سەری و هیوادارم بڵاو بێتەوە.
قازی: ئێستا با بگەینە سەر شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دیارە پێشتریش لەو بارەیە لەم بەرنامەیە دا قسە کراوە بەڵام پێم خۆش بوو بؤچوونی بەڕێزیشت بزانم. پێت وایە ئەگەر هاتبا ژینا لە سەقز کووژرا با و لە سەقز ئەو هێرشەی کرابا سەری ئەو ڕووداوە بەو شێوەیە دەیتوانی دەنگ بداتەوە چ لە ئاستی ئێران و چ لە ئاستی جیهانی دا؟
بەقاڵی: ئێستا پرسیارەکە ئەتوانین بە دوو شێوە بکەین،ئەگەر لە سەقزدا بووبایە و نە لە تاران دا، ئەگەر ژینا سەقزی نەبووبایە، و تارانی بووبایە و هەر لە تاران دا بووبایە ڕەنگە شۆڕشێک هەر بووبایە چونکە لە ناو کوردستان دا ئێمە ئەوەندە ڕێکخراوەمان هەیە و کۆمەڵگای مەدەنی ئەوەندە قەوی هەیە کە شتی وا قەبووڵ نەکات و بتوانێ بیکاتە شۆڕشێک بەڵام  ئەوەی کە ئایا ئەیتوانی ئەم شۆڕشە بنێرێ بۆ شوێنەکانی تر ڕەنگە لەوەدا کێشەی بۆ دروست بووبایە. ئەوەی کە ژینا لە تاران وای لێ هات بە نەوعێک تارانیشی هەستاند و یارمەتی ئەو شۆڕشەی دا کە پەرە بگرێ، پەرە بسێنێت لە شوێنەکانی تری ئێران، ئەگینا لەوانە بوو هەر ڕاپەڕینێک بوایە بەڵام  هەر لە ناو کوردستاندا بمایەتەوە.
قازی: بەڵام ئەوشێوەیەی کە ڕێوڕەسمی ئەسپاردە کردنی کرا ئەوە تەئسیرێکی زۆری هەبوو بەتایبەتی ئەو ڕستەیەش کە لە سەر کێلی گۆڕەکەی نووسرا " ژینا گیان تۆ نامری ناوی تۆ ئەبێتە ڕەمز" کە ئەو قسەیە بە ڕاستیش دووربینییەکی قووڵی تێدایە.
بەقاڵی: ئەمە هوشیاری ئەو خەڵکە نیشان ئەدا کە چۆ، لە کوێ دا، کێ چی بکات و هەر کەسە چۆن ئەتوانێت خزمەت بکات بەو دۆزە.
قازی: لە سەر مەسەلەی کاراکتێریزە کردنی، واتە ناو لێنانی ئەو ڕاپەڕین و شۆڕشە ئایا لە ڕوانگەی جەنابتەوە وەکوو کەسێکی کە چالاکێکی فێمێنیستی دەکرێ بەوە بڵێی شۆڕشێکی فێمێنیستی یا چۆنی دەبینی؟

بەقاڵی: ناتوانم بڵێم شۆڕشێکی فێمینیستی بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەتوانم بڵێم ئەمە ڕاپەڕینێکی فێمێنیستی یە. بۆ حاڵی بوونی باشتر لەمەش ڕەنگە باشتر بێ بگەڕێمەوە بۆ کانتێکستێک کە ئەم ڕاپەڕینە لێوەی هاتووە.
جمهووری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە تووشی قەیرانی جۆراجۆر ببوو، هەر لە سەرەتای دەسپێکی شۆڕشی ٥٧وە کاتێک کە بە دەسەڵات گەیشت. قەیرانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی بەڵام زۆر سەرچاوەی نەبوو کە وڵامی ئەو قەیرانانە بداتەوە نموونەیەکتان بۆ ئەڵێم بۆ وێنە لە بواری ئابوورییەوە تەنیا سەرچاوەی کتێبی " اقتصاد ما " بوو ئی محەمەد باقری سەدر. ئەو کتێبە یەک سێری شتی زۆر زۆر گشتی لە سەر ئابووری ئەڵێت بە تەمایە ئابوورییەک ئیسلامی مەعرفی کات، لە سووڕەتێک دا هیچ چوارچێوەیەکی نییە. جمهووری ئیسلامی زۆر زوو بۆی دەرئەکەوێت بەم شتانە ناتوانێ وڵاتێک ئیدارە بکات. لە نیهایەت دا لە دوای شەڕ[ی ئێران- عێڕاق] ڕوو ئەکاتە سیستمی نێئۆ لیبێرالیسم و سیاسەتەکانی سندووقی نێونەتەوەیی دراو. ئەم سیاسەتانە پەیڕەو ئەکات نەتیجەی ئەم سیاسەتانە  یەکێک لە ئاکامەکانی ئەوەیە ئێمە بێین هەموو شتەکانی پووڵی کەینەوە، بێین هەموو شتەکان بفرۆشین. نەخۆشخانە، مەدرەسە، فەزا سەوزەکان. تەواوی ئەمانە بە کێ ئەفرۆشێ، بە سپای پاسداران واتە لە نیهایەت دا ئێمە چیمان ئەبێت، ئێمە نەوعێک نێئۆ لیبێرالیسمێکی زۆر ڕووت و توند و تیژی کە شێوازێکی مافیایی بەخۆیەوە ئەگرێ. کاردانەوەی ئەم سیستمە چییە خەڵکێکی زۆر فەقیر ئەبن، تەواوی شتەکان ئەفرۆشرێن مەسەلەن خوێندن دەکرێتە پووڵی، نەخۆشخانە دەکرێتە پووڵی، خەڵکێکی زۆر ئەچنە ناو پەراوێزەوە، پەراوێزی ناو شارەکان. جاری وایە بڕێک لە شارەکان بۆ وێنە لە سنە قەراغ شار سی تا چل لە سەدی شار ئەگرێتە خۆی. مەناتقێک دروست ئەبن بە ناوی مەناتقی " غەیرە ڕەسمی". مەناتقی غەیرە ڕەسمی یانی تەنانەت دەوڵەتیش ئیتر ئەو گەڕەکانە ناناسێت. ئەمە چی لێ ئەبێتەوە؟ ڕاپەڕین. ڕاپەڕینی ٢٠١٧ی لێ ئەبێتەوە، ڕاپەڕینی ٢٠١٩ی لێ ئەبێتەوە. ڕەنگە زۆر کەس تا ئێرە لەگەڵ من دا بێت، کەسانێک کە ڕوانگەیەکی چەپیان هەیە هەڵبەت. ئەم ڕاپەڕینانە ئەبنە هۆی ئەوە کە سیاسەت هەڵوەشێتەوە. ئەمە قسەی ئالەن بادیۆ یە، فەیلەسووفی سیاسی لە فەڕانسە. باس لەوە ئەکا کە بڕێک لە ڕاپەڕینەکان کە لەملا و ئەولا ڕوو ئەدەن، لە فەڕانسەش ڕووی دا بوونە هۆی ئەوە کە بۆچوونی خەڵک نیسبەت بە سیاسەت  زۆر بگۆڕدرێ. یانی ئەڵێ ئەسڵەن سیاسەت هەڵئەوەشێتەوە. ئەم شتە لە ئێران دا لە کاتی ٢٠١٧ و ٢٠١٩ ڕوو ئەدا ئیتر خەڵک تماشای ڕێفۆرمخواز و ئوسوولگەرا ناکات. سیاسەت بە مەعنای ئەوە کە پێوەندییەکی دیالێکتیک لە بەینی سیاسەتەکان دا ئیتر ئەم شتە لە ناو جمهووری ئیسلامی دا نامێنێ. زۆر کەس هەتا ئێرەش هەر لەگەڵ من دایە بەڵام  ڕوانگەی جۆراجۆر لە سەر ئەمە هەیە کە ئایا شۆڕشی ٢٠١٩ کە ئەبێتە شۆڕشی ژینا ڕاپەڕێنێکی فێمێنیستی لە ناو خۆیدا هەیە یان نا؟ کەسێکی وەکوو یۆسفی ئەبازەری
مەسەلەن کە کۆمەڵناسێکە لە زانکۆی تاران پێی وایە کە ئەمە نەتیجەی شۆک دەرمانییەکە جمهووری ئیسلامی خۆی بووەتە هۆکاری دروست بوونی. بە چ شێوەیەک سیاسەتە نێئۆ لێبڕاڵییەکانی جمهووری ئیسلامی بتەوێ و نەتەوێ ئەم ڕاپەڕینانەی دروست ئەکرد و ناڕەزایەتی دروست ئەکرد. کە وایە باشتر وایە کە بێین شۆک دەرمانییەک لە کۆمەڵگا بدەین و ناڕەزایەتییەکان لە عەرسەی ئابوورییەوە بگواژینەوە بۆ عەرسەی فەرهەنگی.عەرسەی فەرهەنگیش پێی وایە کێی تێدایە ئەکتەرەکانی کێن ژنان، نەتەوە پەراوێزخراوەکان کە ئەو بە ناوی " اقوام"  ناوی ئەبات. پێی وایە ئەمە شتێکی فەرهەنگی یە و ئەمە لە کۆنتڕۆڵی دەر ئەچێت  وە لە نەهایەتدا ئەم شتە ڕوو ئەدا کە ئێمە ئەیبینین. بەڵام من کامیلەن موخالیفی ئەم شتەم. بە پێچەوانەوە ئەم ڕوانگەیە چەند ئیشکالی هەیە. یەکێک ئەوە کە ئێمە بڵێین مەسەلەی ژنان، پرسی نەتەوە پەراوێزخراوەکان پرسێکی کولتووری یە ئەمە ڕوانگەیەکی حکوومەتی یە. جمهووری ئیسلامی تەواوی تەلاشی لە بەرابەر ئەو دوو پرسە دا ئەوە بووە کە ئەو پرسانە سیاسەت زودایی بکات و بیانهێنێتە عەرسەی کولتوورییەوە. مەسەلەیەکی تر ئەوەیە ئایا ئەم کەسانەی کە ئەو بۆچوونەیان هەیە نەیانتوانیوە، هێشتا نەیانتوانیوە بەینی نەتەوە پەراوێزخراوەکان، پرسی جینسی جینسییەتییەکان، پرسی چینایەتی بەینی ئەمانە بەیەکەوە گرێ دەن. یانی گرێیەک لە بەینی ئەمانەدا نابینن.
قازی: یانی ئەوانە لێک بەستن
بەقاڵی: بەڵێ لێک بەستن. تەنیا چینایەتییەکە، مەسەلەی چینایەتییەکە ئەبینن. وە ئەو دوانەی تر ئەخەنە پەراوێزەوە. هەر ئەو دوانەش نین، زۆر شتی تر هەن لەگەڵی دا. ئەم ڕوانگەیە ئەم کێشانەی هەیە و مەسەلەیەکی تریش ئەوەیە ئەو پێی وایە ئێستا جەخت کراوە لە سەر ژنان و لە سەر نەتەوەکان. لە حاڵێکدا جمهووری ئیسلامی بنەمای خۆی لە سەر کۆنتڕۆڵی جەستەی ژن داناوە هەر لە سەرەتاوە لە ساڵی ٥٧وە. کاتێک کە لە ٢٠١٩ ئیتر ئەبینێ تەواوی سیاسەتەکانی هەڵوەشاوەتەوە تەواوی هەوڵی ئەوەیە، پەلەقاژە ئەکا بۆ ئەوەی ئەو بنەمایە ڕاگرێت، ئەو بنەمایە کە لە سەر کۆنتڕۆڵی جەستەی ژنە.  بۆیە دێت حیجاب بوودجەکەی ئەوەندە زۆر ئەکاتەوە، ستادی بۆ دروست ئەکا و گەشتی ئیڕشادی بۆ دروست ئەکا. لەو لاوە دێت ئەیەوێ کۆنترٶلێ زاو و زێ بکات، کارە بەو حەدە دەگات دێت ئەو ژنانەی کە حامیلەن سەبت ئەکات بۆ ئەوەی کە نەهێڵێ منداڵ لەبەر بەرن، لەبارچوونی ژێر زەمینی بکەن. بە شیدەت ئەیەوێ بەدەنی ژن کۆنتڕۆڵ کا چونکە ئەمە بنەمای جمهووری ئیسلامی یە، ئەمە شتێکی پەراوێزخراوی فەرهەنگییەکە کە جمهووری ئیسلامی بییەوێ لەو  عەرسە دا شەڕ بکات نییە، بەڵکوو بنەمایەتی. بۆیە من پێم وایە ئەمە ڕاپەڕینێکی فێمێنیستیشە چونکە ژنان لەم ڕاپەڕینە دا ئەیانەوێ جەستەی خۆیان وەرگرنەوە لە جمهووری ئیسلامی.
قازی: بە لەبەر چاو گرتنی ئەوەی کە ئەو حەڕەکەتە، ئەو ڕاپەڕین و سەرهەڵدانانە  لە ماوەیەکی ئاوا کورت دا زۆر شتی گۆڕیوە و بێ گومان زۆر شتیش دەگۆڕێ بێ ئەملاو ئەولا، بەڵام لە باری نەریتییەوە ئەگەر تەماشا بکەی چەمکی فێمێنیزم کە دە ڕاستی دا یەک چەمک نییە  و وەک دەزانی ئەنواعی بۆچوونی فێمێنیستی هەیە لە ئاستی جیهانی دا. پێت وایە ئەو نێهزەتەی کە دژی حیجابی زۆرەملی پەیدا بووە و ئەو دەورە پێشەنگایەتییەی کە ژنان توانیویانە لە کۆمەڵی ئێران و بە تایبەتی  لە ڕۆژهەڵاتدا بیگێڕن  چەند دەتوانێ ئەو فکرە هەڵەیەی کە لە سەر چەمکێکی وەک فێمێنیزم هەیە لە ناو کۆمەڵانی خەڵک دا – ئەمن باسی هەڕەمەی گەل دەکەم، نەک توێژێکی تایبەتی – یانی چۆن ئەوە بڕەوێنێتەوە و ڕوانگەیەکی موسبەت دروست بێ یانی ئەوە قبووڵ بکرێ کە بۆ وێنە کاتێک یەکێک لەچکەکەی فڕێ دەدا ئەوە نیشانەیەکیشە لە ئازادی وەک لە دروشمەکەشدا هەیە.
بەقاڵی: ئەو لەچەک فڕێدانە، یا لەچەک سووتاندنە لە پێش هەموو شتێکدا جۆرێک بەرپەرچدانەوەی ئیسلامی سیاسییە. ئیسلامی سیاسی کە جمهووری ئیسلامی بنەماکەی لە سەر ئەوەیە. باسم لەوە کرد کە ئیسلامی سیاسی یانی جمهووری ئیسلامی بنەماکەی لە سەر ئەو شتەیە، ئەگەر کات ببێ باسی ئەوەش دەکەم  کە بۆچی پێم وایە جمهووری ئیسلامی بنەمای خۆی لە سەر کۆنتڕۆڵی جەستەی ژن داناوە وە حیجاب بووەتە سەمبولێک، سەمبولی ئەسڵی، ئەگەر لابدرێ لەوانەیە ئاڵوگۆڕێکی زۆری بەسەر دابێت یا بنەماکەشی بڕووخێت. ئەمە چەندە کاریگەری لە سەر زێهنییەتی خەڵک داناوە، لە سەر گۆڕانی زێهنییەت داناوە ئەتوانم بڵێم شۆکێکی لێداوە، شۆکێکی نە تەنیا لە خەڵکی ناو ئێران داوە بەڵکوو  لە خەڵکی تەواوی وڵاتە ئیسلامییەکانیشی داوە هەرچەند کە وڵاتە ئیسلامییەکان هێشتا بە تەردیدەوە تماشای ئەو شتە دەکەن. بەڵام لە ناو خەڵکی ئێراندا لانی کەم توانیویەتی  ئاوڕێک بداتەوە لەوەی کە ئێمە بۆچی دەبێ جەستەی ژنان کۆنتڕۆڵ بکەین. دیارە باسی فێمێنیسم تەنیا لەوە دا کورت نابێتەوە کە ئێمە  جەستەی خۆمان وەرگرینەوە. نا، زۆر شتی تری لە پەنا دا هەیە بەڵام لە سەر ئەمە ئەتوانین خۆشبین بین کە  خەڵک ئیتر ئاگاهبووەتەوە کە ژن جەستەی خۆی، خۆی ئەبێ کۆنتڕۆڵی کات، خۆی ئەبێ بڕیاری بۆ بدات. ئەمەش شتێکی کەم نییە بە ڕای من.
قازی: زۆر باشە، دەزانین کە لە کۆمەڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەتیش لە هێندێک ناوچەی جوغرافیایی دا دوو گەلی کورد و تورکی ئازەربایجانی بەیەکەوە دەژین و لە ڕووی مێژووییەوە  هەر دووکیان لەو ناوچانە بوون و هاوژینییەکی هێمنانە لە ناویان دا هەبووە- ناوی جەنابیشت لێرە دا هاتە گۆڕێ -، بەڵام هەر چۆنێک بێ لە هێندێک بڕگەی مێژووییشدا وەزعی زۆر ناخۆش هاتووەتە گۆڕێ بۆ وێنە ئەو شەڕەی لە ساڵی ١٩٧٩ لە نەغدە قەوما لە نێوان کورد و توورک یا شیعە و سوننی و بەو مانایە نییە کە لایەنی کوردیش هیچ لایەنی مەنفی نەبووبێ بەڵام  چونکە کورد لایەنی دەوڵەتی نەبوو دیارە لایەکەی دیکە جوورەیەک پشتیوانی دەوڵەتی هەبوو. ئەو ڕووداوە وەزعێکی زۆر ناخۆشی دروست کردووە و بە تایبەتیش  لەو ساڵانەی دواییدا لە ژێر تەئسیری نکووڵی کردن لە هوویەتی جۆر بەجۆر لە لایەن جمهووری ئیسلامییەوە، زەمینەی ئەوە ساز بووە کە هووییەتی نەتەوەیی بێنە ڕوو وسەرهەڵێنن. ئەوە لە ئازەربایجانیش تا ڕادەیەکی زۆر دەبیندرێ و ئەوە لەوانەیە زەمینەی ئەوەش پێک بێنێ کە لە دەرەوەش ڕا تەئسیر لە سەر مەسەلەکە دابندرێ، هەر لەسەر مەسەلەی کورد نا، لەسەر مەسەلەی ئازەربایجانیش ئەوە هەیە. بەڵام وا دەردەکەوێ ئەو وەزعەی کە لە چەند حەفتەی ڕابردوو ڕا هاتووەتە گۆڕێ ئاتمۆسفێرێکی هێندێک نەرمتری ساز کردووە، بۆ نموونە دوێنێ شەوێ باسێکی ٧ ساعەتی هەبوو لە پلاتفۆڕمی کلاب هاوس دا لە نێوان ڕووناکبیرانی کورد و ئازەربایجانی دا، یا چالاکوانانی سیاسی کە بەیەکەوە گفتوگۆیان دەکرد. پێت وایە لەو بارەیەوە ژنی کورد و ژنی تورکی ئازەربایجانی دەتوانن ڕۆڵی زۆر چالاکتر بگێڕن بۆ ئەوەی بتوانن لێکتێگەیشتن لە نێوان ئەو دوو نەتەوەیە دا دروست بکەن؟ بۆچوونی بەڕێزت لەو بارەیەوە چۆنە؟
بەقاڵی: بەڵێ کامیلەن هاودەنگم لەگەڵتان دا. بە ڕاستی ئەمە دەتوانێ هەلێک بێ بۆ یەکگرتنی ژنانی تورک یان ئازەری بڵێین هەر چۆنێک کە خۆیان پێناسە دەکەن لەگەڵ ژنانی کورد دا و هەڵبەت لەگەڵ ژنانی تریشدا، ژنانی عەڕەب، ژنانی فارس، ژنانی بەلووچ بەڵام چونکە لە بواری جوغرافیاییەوە ئێمە لە یەکتری نزیکین بۆیە باسی ئەمە ئەکەین. چونکە خاڵی هاوبەشیان زۆرە یانی مێکانیزمەکە، فەزاکە هەیە بۆ ئەوەی کە ئەم ژنانە یەک کەون. تماشا کەن ئێمە ژنانی تورک و ژنانی کورد هەر دووکمان لەگەڵ دوو دانە پرس دا ڕووبەڕووین، وەکوو فێمێنیست هەڵبەت. فێمینزمێک کە لە مەرکەز دا هەیە کە زۆر جار فێمێنیزمێکی مەرکەزگرە و ڕوانینی بۆ پرسی ئێمە و پرسی ژنان لە  ئازەربایجان، لە کوردستان  ڕوانینێکی تەنانەت ئۆریانتالیستی یە . ئێمە لە لایەکەوە ئەتوانین بەیەکەوە یەک بگرین و دژی ئەوە بین دژی ئەو ڕوانینگە مەرکەز گرییەی ڕەوتی فێمێنیزم بین، فێمێنیزم لە تاران، تاران وەک مەرکەز ناو ئەبەم، لە لایەکی تریشەوە ئەتوانین ئاوڕێک لە کۆمەڵگاکانی خۆمان  بدەینەوە و ئەو مەسەلانەی کە لە ناو کۆمەڵگەی خۆمان دا لەگەڵیان ڕووبەڕووین بەیەکەوە بەرڕەسی بکەین. هەر دوکی ئەتوانم بڵێم دوو کۆمەڵگەن کە پیاوسالاری تێدا هەیە و ناسیۆنالیسمێکی ڕووت ئەم پیاوسالارییە قەوی ئەکا کە هەم ژنی فێمێنیستی تورک و هەم ژنی فێمینیستی کورد لەگەڵ ئەم شتەدا ڕووبەڕووە. بۆیە ئێمە ئەو دوو خاڵە هاوبەشەمان هەیە و بە باشی ئەتوانین پشت بە پشتی یەک  بەرەنگار بوونەوەمان لەگەڵ ئەم دوو شتە بەرینە پێشەوە.
قازی: ئەگەر ئێمە تەماشای ڕەوتی ئەو ملە و خەباتە بکەین  و وای دابنێین کە سەردەکەوێ و دیارە زۆر لە بۆچوونەکانیش، یانی ئەو پێشبینییانەی کە دەکرێ پێیان وا نییە کە ڕێژیم بتوانێ ئەو حەڕەکەتە دابمرکێنێ. بە بۆچوونی بەڕێزت لەئەگەری سەرکەوتنی ئەو حەڕەکەتە دا تەئسیرات و ئیمپەکتی چ دەبێ لە سەر وەزعی ژنان بە گشتی لە وڵاتانی ئیسلامی؟


بەقاڵی: هەتا ئێستا هەر سەرئەکەوێ، تا ئێستاش سەر کەوتووە. ئەگەر شۆڕش کورت نەکەینەوە لە ئاڵوگۆڕێکی سیاسی و بزانین کە پێش لە هەموو شتێک ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی، بنەما کۆمەڵایەتییەکانن کە زۆر گرینگن کە ئاڵوگۆڕیان بە سەر دابێ. ئەگەر ئاوا ڕوانینێکمان بێ من پێم وایە تا ئێستاش سەر کەوتووە ئەو شۆڕشە. بۆ تەئسیرێک کە لە سەر کۆمەڵگانی تر دا، وڵاتانی تر دا هەیەتی دیسان ڕەنگە بێمەوە سەر بابەتەکەی خۆم کە ئیسلامی سیاسی یە. ئیسلامی سیاسی لە ناو میسر و پاکستان بە تایبەت لەم دوو وڵاتە دا تێئۆریزە کرا و لە ناو ئێراندا بە دەسەڵات گەیشت. هەر لە سەرەتاشەوە قەیرانی زۆری بوو،قەیرانی تێئۆری زۆری بوو، بەڵام زۆر هەوڵی ئەدا خۆی لەگەڵ زرووف دا بگونجێنێت. لەگەڵ مارکسیزم دا مەسەلەن کتێب دەر ئەکات مەسەلەن ئیسلام و مارکسیزم، ئیسلام و سەرمایەداری، ئیسلام و نێئۆ لیبێرالیسم، ئیسلام و مۆدێرنیتە، ئیسلام و دێمۆکڕاسی هەر لەهەوڵ دابووە کە خۆی لەگەڵ زرووف دا ڕێک بخا. لە عەمەلیشدا خۆی ڕێک دەخست مەسەلەن نموونەیەکمان هەیە لە ناو تورکیا  کە نەتەنیا هێزێکی سیاسی بوو بەڵکوو هێزێکی ئابووریش بوو، ئەگەر بڕوانین مەسەلەن ئاسۆساسیۆنێک بە ناوی موسایید لە تورکیا چۆن لە ٢٠٠٠ وە هەتا ٢٠١١ کاتێک کە تورکیا پەیرەوی لە سیاسەتە نێئۆلیبێرالەکانی سندووقی نێونەتەوەیی دراو ئەکات، چۆن ئەوان دێن پانزدە لە سەد لە داهاتی نەتەوەیی تورکیا بە دەستەوە دەگرن، ئاک پارتی بە ناو ئەم ئەنجومەنەوە. لە ئەندۆنێزیش هەر ئەو شتە ڕوو ئەدا، ئێرانیش هەڵبەت. بۆمان دەر ئەکەوێ کە چۆن ئیسلامی سیاسی پێک دێت، چۆن خۆی رێک ئەخات. بەڵام لە نیهایەت دا وەختێک کە ئەم زرووفە تووشی قەیران دەبن، نێئۆلیبێرالیسم کە تووشی قەیران ئەبێت ئەویش تووشی قەیران ئەبێت. قەیرانەکان بوونە هۆی ئەوە کە بە بونبەستێکی تێئۆری بگات ئیسلامی سیاسی، ئەم وەزعییەتە کەسێکی وەکوو ئاسەف بەیات بە " پەسا ئیسلامیسم" ناوی ئەبات. من پێم وایە ئەم شۆڕشە کە لە ئێراندا خەریکە ڕوو ئەدات، لە حاڵی ڕوودان دایە جۆرێک ئێعلامی شکستی ئیسلامی سیاسییە، نەوعێک ئێعلامی پەسا ئیسلامیسمە. وە لە ناو وڵاتە ئیسلامییەکاندا هەر وا کە وتم لە بڕێ شوێن دا هەوڵی بۆ ئەدەن. ئێمە دوو حەفتە لەمەو پێش گرووپێک لە نەجەفەوە هاتبوون، گرووپێکی فێمێنیستی لە نەجەفەوە هاتبوون بۆ کۆنفڕانسێکی نێونەتەوەیی کە لە ناو پاریس دا بەڕێوە چوو، زۆربەی بەشداران لە وڵاتە ئیسلامییەکانەوە هاتبوون. دەیانگوت ئێمە لە نەجەف هیچ ئەمنییەتێکمان نییە کە باسی ئەو شتە دەکەین کە لە ئێران ڕوو ئەدا. یانی ئێستا گەورەترین بڤە لە ناو نەجەف دا ئەوەیە کە تۆ خەریک بی باسی ئەوە بکەی لە ناو ئێران دا چ ڕوو ئەدا بۆ ژنان. یانی تەنانەت ئەوان تەهدیدی گیانی کراون ئەو گرووپە. کە واتە گرووپهایەک هەن کە هەوڵ ئەدەن بەڵام خەڵکی ئاسایی بە تەردیدەوە هێشتا تماشای بارودۆخی ئێستای ئێران ئەکەن بە تایبەتی لە ئەفریقا ، لە بەشی جنووب و ئەمانەی دا هێشتا هەر بەتەردیدەوە لێی ئەڕوانن بەڵام وەک ئاسۆیەکە بۆ ژنان.
قازی: بەڕێزت دیارە ئاگاداری کە ئەو شۆڕشە بووەتە هەوێنێک بۆ زۆر کاری هونەری لە ڕۆژهەڵات و لە ئێران. یەکێک لەو کارانە وەک دیاری گەیشتووە بە تێلێڤیزیۆنی ستێرک، دیارە تێکستەکەی بە فارسی یە بە یەکەوە گوێمان لەو کلیپە دەبێ و تەماشای دەکەین و زۆر سپاست دەکەم بۆ بەشداریت لەم  بەرنامەیە دا و هیوادارم بە زووییش تێزەکەت وەکوو کتێب دەربکەوێ.
بەقاڵی: زۆر سپاس
قازی: بینەرانی خۆشەویست ئێستا بەیەکەوە کورتە ڤیدێئۆیەک دەبینین  و گوێی لێ دەگرین، پارچەیەکی هونەرییە. تێکستەکەی بە زمانی فارسی یە.  تا بەرنامەیەکی دیکە ماڵاواییتان لێ دەکەم.

تێبینی ئەم وتوێژەی بەرنامەی ڕاوێژ  لە ئێوارەی پێنجشەمە ٣-ی نۆڤامبری ٢٠٢٢ بە شێوەیەکی زیندوو لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک بڵاو کراوەتەوە. دەکرێ ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە لەم لینکەی خوارەوە لە تۆڕی کۆمەڵی یوتیووب دا ببینن.
https://www.youtube.com/watch?v=ZvLcKJMc9gQ











 

Tuesday, August 1, 2023

وتوێژ لەگەڵ دوکتور جەبار قادر مێژووناس، نووسەر و لێکۆلەرەوە سەبارەت بە ساختەکارییەکی مێژوویی لە نموونەی کتێبی " کوردلەر" دا، تێلێڤیزیۆنی ستێرک، بەرنامەی ڕاوێژ پێنجشەمە ١-ی ئاوریلی ٢٠٢١

وتوێژ لەگەڵ دوکتور جەبار قادر مێژووناس، نووسەر و لێکۆلەرەوە سەبارەت بە ساختەکارییەکی مێژوویی لە نموونەی کتێبی " کوردلەر" دا، تێلێڤیزیۆنی ستێرک، بەرنامەی ڕاوێژ پێنجشەمە ١-ی ئاوریلی ٢٠٢١

حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ، لە ڕاوێژی ئەمجارەمان دا بە ڕێگای سکایپ میوانداری دەکەین لە بەڕێز دوکتور جەبار قادر مێژوو زان و هەر وەها نووسەر و لێکۆلەوەو. بەڕێزیان دیارە پێشتریش لە بەرنامەی  ڕاوێژ دا بەشدارییان کردووەئەمشەو باسی کتێبێک دەکەین کە بەڕێز جەبار قادر نووسیویەتی بۆ ناساندنی ساختەکارییەکی گەورە کە نزیک سەد ساڵ لەمەو پێش کراوە و بە داخەوە ئەو شێوە کارە هەتا ئێستاش بەردەوامە. دیارە لە سەر ئەو کتێبە نووسراوە بەڵام ئێمە لەم بەرنامەیە دا دەمانەوێ بە وردە ڕیشاڵ و تەفەروعات سەبارەت بەو کتێبە قسە بکەین. بەڕێز جەبار قادر زۆر زۆر بەخێر  بێی بۆ ڕاوێژ!
دوکتور جەبار قادر: ئێوارەتان باش. زۆر زۆر سپاس مامۆستا حەسەن.
قازی: داوای لێ بوردن دەکەم کە ئێمە لە ڕێکلامی بەرنامەکەدا هەڵەیەکمان کرد بوو، دیارە بەڕێزت ئەو کتێبەت لێکاڵا کردووە و لێکت داوەتەوە و دووەمیش پێش ئەوەی بچینە سەر بابەتی کتێبەکە دەزانین لە ١٦-ی مانگی مارس پرۆفێسۆر کەماڵ مەزهەر ئەحمەد کە دیارە مێژوونووسێکی ناسراو بوو لە کوردستان و بەڕاستیش کارەکانی بۆ ڕوون کردنەوەی مێژوو یارمەتیدەر بوون بە تایبەتی یەکێک لە کتێبە بەنێوبانگەکانی " کوردستان لە ساڵەکانی شەڕی یەکەمی جیهانیدا " تەنانەت وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئینگلیسیش. وەک بزانم بەڕێزت لە نزیکەوە کارت لەگەڵ کردووە و ناسیوتە پێم خۆش بوو لە سەرەتاوە هێندێک لە سەر ئەو خەسارە بدوێی فەرموو!
جەبار قادر: زۆر سپاس بۆ ئەم دەرفەتە، سڵاو بۆ بینەرانی بەڕێزتان. بەداخەوە پرۆفێسۆر کەماڵ مەزهەر ئەحمەد  لە ١٦-ی مارس کۆچی دوایی کرد لە دوای چەند ساڵێک لە نەخۆشی و لە زەحمەتی و لە ناڕەحەتی  لە شاری  بۆن و تەرمەکەی برایەوە بۆ کوردستان. دوکتور کەماڵ مەزهەر ناوێکی زۆر دیارە بە تایبەتی  لە بواری مێژوونووسی دا و من دەتوانم بڵێم ئەگەر باس لە مێژوونووسانی کورد بکەین  دەتوانین باس لە سێ سەردەمی سەرەکی بکەین یەکەمینیان سەردەمی شەڕەفخانی بەدلیسی یە، دووەمینیان سەردەمی محەمەدئەمین زەکی یە و سێیەمیان بە دوکتور کەماڵ مەزهەر دەست پێ دەکا. من لە ساڵی ١٩٧٠وە دوکتور کەماڵ مەزهەرم ناسیوە. ئەو کاتە من قوتابی بووم لە زانکۆی بەغدا. ئەو لە دوای رێکەوتننامەی ١١-ئازار کە گەڕایەوە بەغدا یەکەمین وەجبە کە دەرسی پێ وتین ئێمە بووین. بۆ ئێمە وانەکانی ئەو زۆر نوێ بوو، زانیارییەکان تایبەتی بوون کۆمەڵێک دەستەواژەی بەکار دەهێنا هەتا وەکوو ئەو کاتە ئێمە پێی ئاشنا نەببووین. دوکتور کەماڵ مەزهەر قەڵەمێکی زۆر چالاک بوو لە حەفتاکان و هەشتانکاندا بە تایبەتی نزیکەی ٣٠ کتێبی نووسیوە تەنها لاپەڕەی کتێبەکانی  کە من لەم ڕۆژانەدا دەم ژمارد نزیکەی دە هەزار لاپەڕەیە و ئەو لێکۆڵینەوانەی کە بڵاوی کردووەتەوە پێم وایە ئەوەیش نزیکی دەهەزار لاپەڕە بێ و بە زمانی ڕووسی نزیکەی هەزار و پێنجسەد لاپەڕەی نووسیوە. تەنها تێزی دوکتورا ناوکەکەی ٧٣٥ لاپەڕەیە. و کتێبێکی لە باکۆ بڵاو کردبووەوە. دوکتور کەماڵ مەزهەر مێژووی لە لای خوێنەری کورد خۆشەویست کرد وە ئەو کتێبەی کە لە تایتلێ پڕۆگرامەکەی ئێوەدا پێشان درا " مێژوو " دەسپێکێکی زۆر گرینگ بوو بۆ خوێندنەوەی مێژوو لە ساڵی ١٩٨٣ بڵاوی کردەوە و پێم وایە ئەوەندی کەبیرم بێ نزیکەی دەهەزار دانەی لێ چاپ کراوەلە ماوەیەکی زۆر کورت دا لە بازاڕ نەما. خەڵک زۆر بە پەرۆشەوە دەیان کڕی. بۆیە دوکتور کەمال مەزهەر وەک وتم پێگەیەکی زۆر گرینگی هەیە، بە سەدان خوێندکاری ماستر و بە دەیان خوێندکاری دوکتورای پێ گەیاندووە، ڕەنگە بە هەزاران قوتابی زانکۆی دەرچواند بێ، بۆیە ناوێکی زۆر گەورەیە و بە زیندوویی دەمێنێتەوە و بەرهەمەکانی زۆر گرینگن و ئێمە کۆمەڵێک لە دۆستان و لە قوتابیانی دڵسۆزی لێژنەیەکمان دروست کردووە بۆ ئەوەی هەموو بەرهەمەکانی کۆ بکەینەوە و سەر لەنوێ سەرجەم بەرهەمەکانی لە چاپ بدەینەوە و بڵاویان بکەینەوە.

قازی: مامۆستا جەبار وابزانم یەک دوویەک لە کارەکانی کراوەتە زمانی ئینگلیسیش، لەو پێوەندییەش دا دەزانین کە ڕەخنەگرتن و ڕوانگەی ڕەخنەیی هەرچۆنێک بێ لە ئاستی ئەکادێمێکی کوردی دا لە ڕاستیدا بەو شێوە کە دەبێ ڕۆ نەنیشتووە بەڵام ئەمن لە بیرمە ساڵانێکی زۆر لەوە پێشتر ڕەخنەگرێک باسی ئەوەی کرد بوو کە ئەو لە نووسینەکانی دا بەشێوەی زۆر ڕادیکال ناچیتە سەر مەسەلەکان. جەنابت لەو بارەیەوە لێک دانەوەت چۆنە؟
جەبار قادر: بەڵێ ئەو کتێبەی کە جەنابت باسی دەکەی: "کوردستان لە ساڵەکانی شەڕی یەکەمی جیهانیدا" لە دەسپێکدا لە ساڵی ١٩٧٥ کە ساڵێکی زۆر سەخت بوو بۆ کورد لە باشووری کوردستان لە دوای رێکەوتننامەی جەزاییر لە نێوان سەدام و شای ئێراندا لەو کاتە دا دوکتور کەماڵ مەزهەر بڵاوی کردەوە دوایی مامۆستا محەمەدی مەلا عەبدولکەریم وەری گێڕا بۆ زمانی عەڕەبی و دواییش کرا بە ئینگلیزی. ئەوەی گرینگە ئەمن لێرە دا ئاماژەی پێ بکەم  ئەو کتێبەی لە ساڵی ١٩٦٧ لە باکۆ بڵاو کردبووەوە دەربارەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی  عێڕاق لە ساڵانی ١٩١٨ بۆ ١٩٣٢ دواتر دوکتورا ناوکێکەشی هەر بەو ناونیشانە بوو بەڵام بۆ ساڵانی ١٩٣٢ بۆ ١٩٥٨لە گۆڤارێکی بریتانیایی دا لەبارەیەوە نووسرا بوو و باس لەوە کرابوو کەماڵ مەزهەر  لە ژێر وشەی کوردستان دا چی تێ دەگا؟ وە دوکتور کەماڵ مەزهەر لەو کاتە دا کە ساڵی١٩٦٣یە باسی باشوور و ڕۆژهەڵات و باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە و من شەخسی لە خۆیم بیستووە کە ئەو بە تەما بوو ناوی بنێ لە باشووری کوردستان بەڵام ئەو کاتە کە لە باکۆ دەیخوێند و مەڕحوومی باوکی جەنابت [ مەبەست ڕەحیم قازی یە]  سوپرڤایزەرەکەی بوو واتە سەرپەرشتیاری تێزی دوکتورایەکەی بوو قەبووڵ نەکرابوو بڵێ باشووری کوردستان گوتبوویان ئێمە لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەی کە هەن کوردستانەکان پێناسە دەکەین واتە کوردستانی عێڕاق و کوردستانی ئێران و کوردستانی تورکیا و کوردستانی سووریا و ئا بەو شێوەیە. بەڵێ  ئەو پیاوێکی زانستی بوو وەکوو وتم بە ڕاستی بۆ یەکەمین جار بە مێتۆدی زانستی، ئەوەی پێی دەڵێن ڕێبازی لێکۆڵینەوە لە بواری زانستی مێژوو دا لە لای کورد، هیچ نەبێ لە باشووری کوردستان ئەوەندەی من ئاگادارم ئەو یەکەم کەس بوو کە بەم شێوەیە، بەو مێتۆدی زانستییە لە مێژوو بکۆڵێتەوە وخوێنەران بەو مێتۆدە ڕێنوێنی بکا. هەڵبەت خەڵک دەتوانێ بیر و بۆچوونی جیاوازی هەبێ، بە تایبەتی ئەو کتێبەکانی لە کاتێکدا نووسیبوو، نیوەی مرۆڤایەتی سەر بە سۆشیالیزم و مارکسیزم و لێنینیزم  بوون لەبەر ئەوە هەڵبەت کاریگەری ئەو ڕەوتە فکرییە لە سەر لێکۆڵینەوەکانی ئەویش بە دیارە بەڵام لە دواییدا دوای بە تایبەتی گڵاسنۆست و پڕۆسترۆیسکا دوکتور کەماڵیش بە بۆچوونەکانی خۆیدا لەو بارەیەوە پێیدا چووەوە لە هەندێ شت دا و ئەو سفەتە زانستییەی تێدا بوو کە پیاوێکی زۆر خاکەڕایی بوو و زۆر متواضع بوو کە بە عەڕەبی دەڵێن و ئەو سیفەتەی  تێدا بوو ئەگەر بۆی دەر کەوتایە لە بوارێکدا شتێکی بە هەڵە لێک داوەتەوە جورئەتی ئەوەی تێدا هەبوو ددان بەوە دا بنێ و بڵاوی بکاتەوە و بڵێ من لەوە دا هەڵەم کردووە و ئێستا ڕاستی دەکەمەوە.
قازی: زۆر زۆر سپاست دەکەم مامۆستا بۆ ئەو بەشە ئێستا ئەگەر ئیزنت لەسەر بێ بێینە سەر بابەتی سەرەکی بەرنامەکەمان. ئەویش سەبارەت بە کتێبی " کوردلەر " ە کە ئەوە دیارە لە ئاتمۆسفێڕکدا، لە دواییەکانی ئیمپڕاتۆری عوسمانیدا  کە ڕێکخراوی ئیتیحاد و تەڕەقی دروست دەبێ و فکری ناسیۆنالیستی دێتە گۆڕێ و دیارە لە زەمانی سوڵتان عەبدولحەمیدیش دا ئەو حەڕەکەتی تەنزیمات و ئەوە دەست پێ دەکا وا بزانم لە حاڵ و هەوایەکی ئاوا دا ئەو کتێبە نووسراوە چونکوو ئیتیحاد و تەڕەقی بۆچوونێکی وایان هەبووە کە ئەو ناوچەی ئانادۆڵی بە تەواوی لە خەڵکی دیکە، لە ئێتنیسیتەی دیکە لە مەسیحیان، دیارە ئەرمەنی و کورد و ئەوانە پاک بکەنەوە و بەتەواوی بیکەنە تورکی جا پێم وایە ئەو کتێبە لە ژێر تەسەوری فکرێکی ئاوا دا نووسراوە. ئەگەر بکرێ هێندێک لەو بارەیەوە سەبارەت بە مەسەلەی کۆلۆنیالیزم لەو سەروبەندی دا و هەر وەها جەمعییەتی ئیتیحاد و تەرقی هێندێکشی بکەیەوە لە پێشدا دوایە دەگەینە سەر ناوەرۆکی کتێبەکە و ئەو ساختەکارییەی کە بە ناوی کابرایەکی ئەڵمانی کراوە.
جەبار قادر: جەنابت دەزانی مەسەلەی شێواندنی مێژووی کورد بە ڕاستی بابەتێکی زۆر فرەوانە و خەڵکی زۆر جیاواز لەمە دا بەشدارییان کردووە بەتایبەتی ئەوانەی  نزیکی کاربەدەستانی گەلانی سەردەستە، ئەوانە زۆریان ئەفسەر بوونە یا ئەفسەری ئاسایش بوونە لەدواییدا دوای ئەوەی کوردیان سەرکوت کردووە ئەمجار دانیشتوون لە سەر مێژوو و لە سەر کولتووری کوردی شتیان بڵاو کردووەتەوە. ئەوانەی نوێنەرایەتی کۆلۆنیالیزمی بەتایبەتی بریتانیایی و فەڕانسەییان دەکرد بە هەمان شێوە لە دیدێکی سێنتریزمی ئوڕووپاییەوە هەڵسەنگاندیان بۆ بارو دۆخی کۆمەڵایەتی و مێژوویی کورد کردووە و تەنانەت کوردناسان با بڵێین ڕۆژهەڵاتناسانی ئایدیۆلۆجی بە تایبەتی لە وڵاتە سۆشیالیستەکان ئەوانیش بە شێوەیەکی تر لە چوارچێوەی دیدێکی ئایدیۆلۆجی دا ڕووداوەکانی مێژووی کوردیان لێک دەدایەوە و جگە لەهەموو ئەمانە لایەنێکی تریش هەیە  کۆمەڵێک کوردیش دەوە دا بەشدارییان کردووە هێندێکیان بە بێ ئاگایی و هێندێکیان  بۆ بەرپەرچدانەوەی نەیارانی کورد ئەمانیش بەشداری دەکەن لە شێواندنی مێژووی کورد دا قەبە کردنی هەندێ شت، گەورەکردنەوەی هەندێ ڕووداو، هەندێ سەرکردایەتی، هەندێ لێکدانەوەی کە لەگەڵ لۆژیکی ڕەوتی مێژووییدا ناخوێنێتەوە جا ئەم بابەتی شێواندنی مێژووە بابەتێکی زۆر فرەوانە.
ئەوەی کە جەنابت باسی دەکەی لە سەردەمی دەسەڵاتی " ئیتیحاد و تەرەقی" دا بە تایبەتی دوای ئەوەی سێ کوچکەکەی تەلعەت و جەمال و ئەنوەر دەسەڵات دەگرنە دەست ئیتر ڕەوتێک لە ناو ئیتیحاد و تەڕقی، جەنابت دەزانی وە زۆر لە بینەرانیش ڕەنگە بزانن لە سەرەتا دا کە ئیتیحاد و تەرەقی دروست کرا ناوی " ئیتحادی عوسمانی جەمعییەتی" بوو. واتە کە عەبدوڵا جەودەت و ئیسحاق سکووتی و ئەوانە ئیتر لە ساڵی ١٨٨٩ دا  کە دروستیان کرد ئەوان بەو واتایە دروستیان کرد کە هەموو گەلانی ئیمپراتورییەتی عوسمانی لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی فێدێراڵی دا بن، بەڵام دوای ئەوەی کە تورکەکان باڵا دەست بوون لە ناو ڕێکخراوەکە دا و بەرەو تورکچێتی بردیان ئیدی لێکدانەوەیەکی وا لە ناو دەستەبژێری تورکچییە ئیتیحادییەکاندا  پەیدا بوو کە سەردەمی ئیمپراتۆرییەکان بە سەر چووە و ئەوە ئیمپڕاتۆری نەمسا- مەجار لە ناو دەردەچێ، ئیمپراتۆری ڕووسیای تزاری لە ناو دەچێ کە واتە ئیمپراتۆرێتی عوسمانیش بەرەو لە ناوچوون دەچێ چونکە باڵکانی لە دەست داوە، عەڕەب لەگەڵ ئینگلیزدا ڕێک کەوتن لە دژی دەوڵەتی عوسمانی بۆیە بیرکردنەوەیەکی وا هەبوو کە دەبێ تورکەکان بگەڕێنەوە ئانادۆڵ و لە نێو ئانادۆڵ دا دەوڵەتێکی تورکی تاک زمان و تاک کولتوور و تاک نەتەوە بۆ خۆیان دروست بکەن. لێرەدا ئەو کاتە ڕەنگ بێ تەنها بەربەست لە پێشیانا کە ما بێ کورد بوون چونکوو ئەرمەنەکان قڕ کران و یۆنانییەکانیش لە ڕێگای ئەوەی پێی دەڵێن " بەیکلوو" یانی گۆڕێنەوەی دانیشتووان لەگەڵ باڵقان  دا ئەوانیش وڵات بەدەر کران کە وا دوو ڕەگەزی سەرەکی مانەوە ئەوانیش کورد و عەڵەوییەکان بوون. ئەوکاتە تورکەکان پێیان وا بوو کە بە ئاسانی دەتوانن ئەمانە  لە نێو تورک دا بتوێننەوە و ئەو کاتە کێشەیەک لە ئارادا نابێ.
جا ئەو کتێبەی کە ئێمە باسی دەکەین بە ڕاستی لەو دیدەوە هاتووە، تەنانەت ئەم نووسەرە بۆ خۆی کتێبێکی نووسیوە سەبارەت بەوەی کە ئایا تورکیا لە ئانادۆڵ دا دەمێنێتەوە یا نامێنێتەوە؟ ئەو کتێبەشی هەڵبەتە لە ژێر ناوی پڕۆفێسۆرێک بە ناوی " جۆن مولس" نووسیوە و دەڵێ گۆیا ئەمە کۆنفڕانسێک بووە لە لەندەن لەوێدا ئەمە باس کراوە.  
وە پڕۆفێسۆرەکە گۆیا ئەڵمان بووە تەنانەت ئەمە بۆ بینەران ڕەنگە سەرنجڕاکێش بێ مرۆ بیگێڕێتەوە. خەریک بووە ئەم کتێبە کێشەیەکی دیپڵۆماسی لە نێوان ئەڵمانیا و دەوڵەتی عوسمانیدا دروست بکا. باڵوێزی ئەڵمانیا دێتە لای تەلعەت باشا ئەڵێ من کەسێکم، پرۆفێسۆرێکم لە ئەڵمانیا بەم ناوە نەدۆزیوەتەوە و کتێبێکیش بەم ناوە دەرنەچووە و دیدی ئەڵمانیاش وەکوو هاوپەیمانێکی دەوڵەتی عوسمانی بەم شێوەیە نییە لە بەر ئەوە هیوادارم دانەر یا وەرگێر – چونکە ئەو لەوێ ناوی  خۆی نابوو وەرگێڕ -  دەبێ ئەمە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێ. تەبعەن تەلعەت پاشا بانگی دەکا چونکە پیاوی خۆیەتی وپێی دەڵێ خۆت ون کە بۆ ماوەیەک بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە دروست نەبێ.
قازی: مامۆستا لە سەر کاراکتێر و کەسایەتی ئەو شەخسە دیارە لە بەشی دواتر دا هێندێک درێژتر قسەی لە سەر بکەین، ئێستا بێینە سەر ناوەرۆکی کتێبەکە. کتێبەکە جاری یەکەم کەنگێ چاپ بووە و ناوەرۆکەکەی چییە و بە چ ڕێگایەکدا ویستراوە نکووڵی لە بوون و کەسایەتی کورد بکرێ لەو ناوچەیە دا؟

جەبار قادر: بەڵێ کتێبەکە ناوی: " کوردلەر، تاریخی و ئیجتیماعی تەحقیقات " واتە ( کوردەکان: لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی "  لە سەری نووسراوە دوکتور فریچ و نووسراوە کە ئاکادێمیای ڕۆژهەڵاتناسی بێرلین بڵاوی کردووەتەوە. وە بەڕێوەبەرایەتی گشتی عەشاییر و موهاجیرین وەری گێڕاوەتە سەر زمانی تورکی. ناوی هیچ وەرگێڕێکی بە سەرەوە نییە، ساڵی ١٣٣٤-ی ڕۆمی لە ئەستەنبووڵ چاپ کراوە واتە ١٩١٨ لە چاپخانەی
" ئۆرخانییە" وکتێبخانەی سودی یا سعوودی بڵاوی کردووەتەوە. کتێبەکە ٣٨٤ لاپەڕەیە و هەڵبەتە بە تورکیی عوسمانی نووسراوە. حەڤدە لاپەڕەی یەکەمی دید و بۆچوونەکانی نووسەری کتێبەکە دەخاتە ڕوو ئەوی تری هەمووی بە شێوەیەک لە شێوەکان وەرگێڕانی تورکی زانیارییەکانی شەرەفنامەی شەڕەفخانی بەتلیسی یە. پێش ئەوەی باسی حەڤدە لاپەڕەکە بکەم کە دید و بۆچوونەکانی ئەم نووسەرە دەخاتە ڕوو ئەوەیە کە لە زانیارییەکانی شەڕەفخانی بەتلیسی دا هەر وەکوو شەڕەفخان بەشێکی زۆری بۆ بنەماڵەی بەتلیسی میرانی بەتلیسی تەرخان کردووە و بە هەمان شێوە باسەکانی باسی میرنشینەکان، باسی هۆزەکان، باسی خێڵەکان، تەنها هەندێ جیاوازی هەیە ئەویش ئەوەیە بۆ نموونە ناوی عەشێرەتەکانی بە لاتینیش نووسیوە. هەڵبەتە شەڕەفخانی بەتلیسی شتی وای نەکردووە وە لە هەندێ جێگە دا زانیاری تازەتر بە تایبەتی لە سر جان ماڵکۆڵم لە "مێژووی ئێران"، لەوێ زانیاری وەرگرتووە و هەمیشە ئاماژە بە سەرچاوەی ڕۆژئاوایی دەکا چونکە ویستوویەتی وا بە خەڵکی بداتە قەبووڵ کردن کە ئەمە لە ڕاستیدا ڕۆژهەڵاتناسێکی ئەڵمانی ئەم کتێبەی نووسیوە و لە  ئەڵمانییەوە کراوە بە تورکی. هەڵبەتە نە ڕۆژهەڵاتناسێکی ئەڵمانی بە ناوی فریچ هەبووە و منیش و خەڵکی تریش پێش من زۆر بۆی گەڕاون و هەتا توانیویانە سێرچیان کردووە، بیبلیۆگڕافیا جیاوازەکانیان سەیر کردووە، سەیری دەزگاکانی  ڕۆژهەڵاتناسی ئەڵمانیایان کردووە هیچ ڕۆژهەڵاتناسێک بەم ناوە نەبووە و هیچ کتێبێکیش بەم ناونیشانە لە ئەڵمانیا بڵاو نەکراوەتەوە. کە واتە کتێبەکە وەرگێڕان نییە بەڵکوو لە ئەساسدا بە تورکیی عوسمانی بڵاو کراوەتەوە.     
  
ئەوەی کە نووسەری ڕاستەقینەیەتی پیاوێکە بە ناوی " ناجی ئیسماعیل" کە پیاوێکە بە ڕەچەڵەک ئارناوود واتە ئەڵبانی یە یە بەڵام پیاوی " ئیتیحاد و تەرەقی " یە، تەنانەت لە دەزگای تەشکیلاتی مەخسووسە  کە لە دواییدا دەبێ بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دەوڵەتی عوسمانی، سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، ئەو لەوێدا لە هۆبەی وەرگێڕان کاری کردووە چونکە ئەم پیاوە کۆمەڵێک زمانی زانیوە. بۆخۆی خەڵکی ئەلبانیا بووە، لە هەنگاریا کشتوکاڵی خوێندووە دوایی چووەتە ئەڵمانیا بۆ ئەوەی ئەندازیاری بخوێنێ بەڵام لەوێ بە قسەی خۆی فەلسەفەی خوێندووە. تەنانەت هەندێ لە نووسەرەکان دەڵێن دوکتورای لە فەلسەفە وەرگرتووە. هەندێ کەس دەڵێن گۆیا دوکتورای لە فەلسەفە وەرگرتووە بەڵام کاتێک هاتووەتە ئەستەنبووڵ بە پیشەکەی خۆی کاری نەکردووە چونکە دەروازەی باڵا
" بابی عالی" بە تایبەتی سوڵتان عەبدولحەمید و ئەوانە زۆر ڕقیان لە فەلسەفە بووە و بە زانستێکیان زانیوە کە هەڕەشە لە دەسەڵاتی دێسپۆتیزمی سوڵتانەکان دەکا. لەبەر ئەوە لە ڕۆژنامەوانیدا کاری کردووە. لە دەسپێکا وەکوو پەیامنێرێک لە سەر شەقامەکان بووە، لە قەرەقۆڵەکان بووە، لە ئوتێلەکان بووە زانیاری کۆ کردووەتەوە بردووتەتی بۆ  ڕۆژنامەکان. بە قسەی خۆی سەروتاری زۆر لە ڕۆژنامەکانی نووسیوە چونکە ئەو خۆی دەڵێ، لای نووسەرێکی تورک خۆی هەڵکێشاوە بە ناوی " عابدین نەسیمی" کە دۆستی بووە و زۆر زانیاری لێوە وەرگرتووە و لە کتێبێکی خۆیدا : "ییلارن ئیچیندە"  ( لە نێو ساڵەکاندا)  لە وێدا ئەو زانیارییانەی بڵاو کردووەتەوە.
قازی: مامۆستا با لێرە پرسیارێک بێنینە گۆڕێ ئەویش ئەوەیە فەرمووت ئەو کتێبە یەکەم جار ١٩١٨ بڵاو بووەتەوە و دوایە دەزانین کە ئیتیحادچییەکان موشکیلەیان بۆ پەیدا بوو لەگەڵ ڕێژیمی تازە و زۆربەیان  لە بەین چوون و ئەوانەش کە  مابوونەوە بەڵام ئەوە لە  ساڵی ١٩١٨ تا ساڵی ١٩٢٣ واتە تا کانی پێک هاتنی دەوڵەت نەتەوەی تازەی تورک هەرچۆنێک بێ ئەو کتێبە بە چ شێوەیەک کەلکی لێ وەرگیراوە؟ دواتر دەگەینە سەردەمەکانی دواتر بەڵام لە سەرەتاوە لە ١٩١٨ کە ئەو کتێبە بڵاو بووەتەوە بە چ مەبەستێک کەلکی لێ وەرگیراوە؟

جەبار قادر: کتێبەکە ئەوەی سەرنج ڕادەکێشێ لە لاپەڕەی کۆتایی کتێبەکە دا دەڵێ لێرە دا بەرگی یەکەم تەواو دەبێ واتە بە تەما بووە بەرگی دووەم بنووسێ و دەڵێ دوای ئەوەی ئەم زانیارییانەمان خستە ڕوو لە  بەرگی دووەم دا باسی گرینگی ئەم مێژووە ئەکەین کە لێرە دا باسمان کردووە.
باسی کتێبێکی تری دەکرێ گۆیا لە سەر نیشتەجێ کردنی عەشیرەتە کوردەکان بەڵام ئەوە تاکوو ئێستا  زانیاریمان لە بارەیەوە نییە، بەس ئەو بۆی نەکراوە بەرگی دووەم بکا چونکە ساڵی ١٩١٨ ناچار ئەبێ ڕا بکا بۆ ئێران. ئەو دادگایەی جەنگ کە مستەفا پاشای یاموڵکی سەرۆکایەتی دەکا و فەرمانی لە سێدارە دانی مستەفا کەماڵ و هاوڕێکانی دەر ئەکا فەرمانی گرتنی بۆ ئەم کابرایەش دەرکردووە، ئەم ناجی ئیسماعیل ە کە ئەو کاتە زیاتر بە " هابیل ئادەم" ناسراوە چونکە زۆربەی نووسینەکانی بە ناوی هابیل ئادەمەوە بڵاو کردووەتەوە نەک بە ناوی خۆیەوە. جا ڕا دەکا، ڕاکردنەکەشی بە ڕاستی چیرۆکێکی ئەوەیە دەڵێ ڕۆژنامەیەکی ئینگلیزی دەردەچوو لە وێدا لە ئەستەنبووڵ، لەوێدا ڕاگەیاندنێکیان بڵاو کردووەتەوە کە کۆمپانیایەکی ئەمریکی دەیەوێ بچێ بۆ ئێران پێویستی بە وەرگێڕێکە. ئەم دەڕوا خۆی وەک وەرگێڕ، هەرچەندە دەڵێ من فارسیم نەزانیوە، لەگەڵ یەکێکیش دا ئەمجار بە ناوی ناجی ئیسماعیل تەبریزی دەچێ بۆ ئێران ماوەیەکیش لەوێ دەبێ هەتاوەکوو ساڵی ١٩٢٢ ناگەڕێتەوە بۆ تورکیا کە دەگەڕێتەوە بۆ تورکیا رێزێمی تازە نایگرێتە خۆی هەرچەند کتێبێکیش دەنووسێ بە شان و باڵی مستەفا کەماڵدا  هەڵدەدا و دەڵێ بۆ من کتێبەکانم بە ناوی، دوازدە ناوی پرۆفێسۆری ئوڕووپایی بە کار هێناوە؛ فریچ ی بەکارهێناوە، فیلیچ ی بە کار هێناوە بەڵام لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە دەڵێ پرۆفێسۆر لیباە، لیباە هەر هابیل ە ناوەکەی خۆیەتی بەڵام تیپەگانی وەرگەڕاندووە، سەراوژووری کردووە.
قازی: مامۆستا لە بارەی ناوەرۆکی کتێبەکە پێم وابێ بەشێکیشی تەرخان کردووە بۆ مەسەلەی زمان، ئەوەی کە کوردی زمان نییە، کوردی وشەی کەمە، لە باری ڕێزمانەوە گوتوویە ڕێزمانی کوردی و فارسی هەر یەکە. دیارە ئێستا ئەو قسە و قسەڵۆکانە لە ڕووی زانستییەوە هەمووی بنکۆڵ دەکرێ، بەڵام  دەڵێ چی لە کتێبەکە دا؟
جەبار قادر: بۆ خۆی ئێمە دەبێ ڕاستییەک بڵێین ئەم کاتەی ئەم پیاوە ئەو کتێبەی نووسیوە زانیارییەکان لە سەر کورد زۆر کەم بوونە و ئەو زانیارییانەی لە سەدەی ڕابردوو دا لە بارەی کوردەوە بڵاو کراونەتەوە هەموو ئەو قسانەی کە ئەو کردوویەتی ئەو چیرۆکانەی کە باسی کردووە دەربارەی کورد و ئەفسانە، دەربارەی ئایین لە لای کورد، دەربارەی زمان، دەربارەی ڕۆڵی شەڕەفخانی بەتلیسی لە مێژووی کورد دا، دەربارەی وشەی کورد هەموو ئەوانە کە ئەو باسی کردووە بە ڕاستی هیچ ئەرزشێکی زانستییان نەماوە لەبەر ئەوە من خۆم  بە وەرگێڕانی کتێبەکەوە مەشغووڵ نەکرد چونکە زانیم کە هیچ زانستێکی تازەی تێدا نییە. بەڵام ئەوەی کە پێوەندی بەو پرسەوە هەیە کە جەنابت دەیکەی ئەوەیە دەڵێ لە بڵاوکراوەیەکی ئەکادێمیای ڕووسی، بێ ئەوەی ناوی کتێبەکە یا ناوی سەرچاوەکە بێنێ تەنانەت من سەیری بیبلیۆگرافیای کوردناسیم کرد کە هەشت هەزار و ئەوەندە ناونیشانی تێدایە وە بە دەگمەن کتێبێک هەیە بە فەڕانسەیی، بە ئینگلیسی، بە ئەڵمانی، بە ڕووسی بڵاو کرابێتەوە، هی خانمێکە ناوی ژاکا موسائیلیان ە لە ساڵی ١٩٩٦ بڵاو کراوەتەوە هیچ ئاماژەیەک نییە بە کتێبێکی بەو شێوەیە. تەنانەت سەیری ئەوانەی ژابام کرد، سەیری بەرهەمەکانی هەموو ئەو کەسانەی کە پێوەندییان بە بابەتەکەوە هەیە شتێکی وا نییە، ئەو دەڵێ بۆ ئەوەی ژمارەکەم تەواو لە بەر دەست دا بێ [ چاو لە کامپیوتر دەکا] وابزانم لێرە دا تۆمارم کردووە، دەڵێ لەو کتێبە دا ئاماژەیان بە کۆمەڵێک زمان کردووە و ٨٣٠٧ وشەیان لە بەینی زمانی  ڕووسی و ئەڵمانی و کوردی و ئەوانە بەراورد کردووە، جا ئەو خشتەیەکی داناوە بۆ جەنابتم نارد لەوێدا دەڵێ تەنها ٣٠٠ وشەی ئەم ٨٣٠٧ وشەیە کوردین ئەوانی تری یا فارسین، بەهلەوین، عەڕەبین، تورکین تەنانەت هەندێک وشەی عەڕەبی کە هاتوونەتە ناو زمانی تورکی ئەڵێ ئەوانەش عەڕەبی نەماون چونکە واتای تریان گرتووە.
جا ئەوەی گرینگە لێرە دا ئاماژەی پێ بکرێ بە درێژایی سەدەی بیست کە دادگاکانی تورکیا دادگایی ڕۆشنبیرانی کوردیان کردووە هەمیشە ئەمەیان وتووە، ئەوەتا ڕۆژهەڵاتناسێکی ئەڵمان دوکتور  فریچ ی ناوە دەڵێ ئەم زمانەی ئێوە کە ئێوە ئیدیعا دەکەن زمانێکی سەربەخۆیە تەنها ٣٠٠ وشەیە، بە ٣٠٠ وشە چۆن زمانێک ئیدارە دەکا، تەنانەت لە دادگای
DDKO کە شەهید مووسا عەنتەریشی تێدا بووە داواکاری سەربازی دادگاکە ٣٠٠ کەشی پێ زۆر بووە سفرێکی لاداوە کردوویە بە ٣٠، مووسا عەنتەر ئەڵی خوات هەبێ، ئەڵێ ئاخر ئەفەندم  بەو شێوەیەش نا! نەنانەت جووجەڵەش ٣٠ دەنگ زیاتری هەیە یانی تۆ بۆ قەباحەتێکی وا بە گەلی کورد دەکەی ئەمە مووسا عەنتەر لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا ئاماژەی بەم ڕووداوە کردووە. ویستم بەس ئەمە بڵێم ئەو خشتەیەی کە دروستی کردووە کە وشەکان کۆ دەکەیەوە ئەو ڕەقەمە ناکا کە ئەو وتوویەتی بەڵکوو  لەوە زیاتر دەکا لەبەر ئەوە لەوێشدا هەڵەی کردووە و قسەکەی دروست نەبووە.

قازی: مامۆستا لە تورکیای تازە دا یانی لە دوای ساڵی ١٩٢٣ ئەو کتێبە بە خەتی لاتینیش چاپ کراوەتەوە. چ ساڵێک ئەوە بە خەتی لاتینی چاپ کراوە؟

جەبار قادر: ساڵی ٢٠١٤ چاپ کراوەتەوە یانی سەدەیەک دوای ئەوە. بەڵام ئەوەی گرینگە مامۆستا لێرە دا باسی بکرێ ئەوەیە کە مۆری هەر دوو پارڵمانی تورکیا؛ مەجلیسی مەبعووسانی عوسمانی و تورکییە بویوک میلەت مەجلیسی بە سەرەوەیە واتە لە کتێبخانەی پارڵمانی تورکیا چ لە سەردەمی عوسمانی، چ لە سەردەمی تورکیا. من گومانم نییە هیچ نەبێ لە نیوەی یەکەمی سەدەی ڕابردوودا کە هێشتا هەموو خەڵک دەیانزانی حەرفە عەڕەبییەکان بخوێننەوە، تورکیی عوسمانی بخوێننەوە، کۆمەڵێک زۆر ڕەنگ بێ لە سیاسەتمەدارانی تورک بەو ڕووحییەتە و بە وەی کە لەو کتێبەدا هاتووە کە کورد ئەفسانەی تایبەت بە خۆی نییە لە بەر ئەوە ڕەچەڵەکی دیار نییە، کە کورد زمانەکەی تەنها ٣٠٠ وشەیە، بە سێسەد وشەش زمان نابێ.
شتێکی تریش کە ئەو باسی دەکا بە حەرس ناوی دێنێ، حەرسیش لە بەرانبەریدا نووسیویە کاڵچر یانی وشەی کولتوور، وابزانم لە کورمانجیش دا ئەو چاند و چاندنە هەر لەو حەرسەوە هاتووە، بەرانبەر بەوە داندراوە، جا ئەو دەڵێ کورد کولتوورێکی زۆر تایبەت بە خۆشی نییە، لەبارەی ئایینیشەوە ئەڵێ لە بەینی ئەو ئایینانە کێ سەرکەوتووە ئەوە کاریگەری هەبووە وە هەر عەشیرەتێکی کورد ئایینەکەی بۆ خۆی بە شێوەیەک دروست کردووە کە لەگەڵ کولتوورەکەی خۆیدا بگونجێ. بەڵام هەندێ شتیش دەکا مەسەلەن دەڵێ زۆربەی گەلانی ڕۆژهەڵات ئەسڵی خۆیان دەبەنەوە سەر عەڕەب تەنها فارس نەبێ، ئەڵێ کوردەکانیش بە تایبەتی ئەو مەلا و هینانەی لە ناویان، بەڵام ئەوە ڕاست نییە چونکە ئەسڵی ئەوان بە بۆچوونی ئەو تورکە.
قازی: زۆر باشە مامۆستا، فەرمووت کە ٢٠١٤ بە خەتی لاتینی بڵاو بووەتەوە باشە ئەوە هەر وا بە شێوەی سەربەخۆ بڵاو بووەتەوە یان تەفسیریشی لە سەر کراوە. باسی ئەوە کراوە ئەوە گزییە و هەڵبەستراوە؟

جەبار قادر: تەنها پاش وتەیەکی لە سەر نووسراوە کە ئیسماعیل بەشیکچی نووسیویەتی هەڵبەتە دەڵێ ئەمە شتێکی دروست کراوە و نووسەرەکەی نە فریچ ە و نە بە ئەڵمانی نووسراوە بەڵکوو کابرایەکە ناوی ناجی ئیسماعیل ە لە دوای ئەوەی ساڵی ١٩٣٤ قانوونی پاشناو دێتە ناوەوە ناوی پێلیستر بۆ خۆی هەڵدەبژێرێ ناجی ئیسماعیل پێلیستر. پێلیستریش ناوێکە لە وڵاتانی باڵکانە تەنانەت ئێستا پارتییەکی زۆر گەورە لە مۆنتۆنیگرۆ هەیە بە ناوی پێلیستر. بەڵام ئەو لە هەموو کتێبەکانی کە وەکوو وەرگێڕ ناوی خۆی نووسیوە، نووسیویەتی هابیل ئادەم ناجی ئیسماعیلی بەکار نەهێناوە. هەڵبەتە کردنەوەی ئەم گرێ کوێرانە و ئەم  کۆدانە مامۆستا حەسەن بە ڕاستی یەک سەدەی ویستووە یەعنی بۆ ئەوەی بزانن جارێ لە ئەوەلەوە ئەم کابرایە کێیە. تا ١٩٩٠ کانیش باسی ئەم کتێبەی " کوردلەر" هەر لە ناویشدا نییە، باسی کتێبی تر دەکەن، باسی لیستی کتێبەکانی. دوو توێژەری تورک لە گۆڤاری " توپلومساڵ تاریهه" مێژووی کۆمەڵایەتی لیستیان دروست کردووە باسی ٥١ کتێب دەکەن کە هەندێکی بۆ خۆیان بینیویانە  و هەندێکیان نەبینیوە و هەندێکی دەڵێن نازانین چاپ کراوە یا چاپ نەکراوە و هەندێکشی دەڵێن هیچ ناوێکی بەسەرەوە نییە  بەڵام براوەتە پاڵ ئەم. هەر وەها لیستێکیان کردووە بۆ ٥١ وتاریشی کە لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوی کردووەتەوە. ئەم کابرایە کابرایەکی زۆر زیرەک بووە بە ڕاستی، زۆر ئاگادار بووە، زۆر شارەزا بووە مەسەلەن لەو کتێبەیدا مرۆڤ دەتوانێ پرسیار بکا بۆ بە ناوی کەسێکی ئەڵمانەوە ئەم قسانەی کردووە یانی بە بۆچوونی من و زۆر لەو توێژەرانەی تریش کە لە سەریان کۆلێوەتەوە دوو سێ هۆی سەرەکی باس دەکەن کە یەکەمیان ئەوەیە کە بە زمانی کەسێکی ئەورووپییەوە بێ لای خەڵک  زووتر وەردەگیرێ نەک بە زمانی کەسێک کە ئەو پێوەندییانەی لەگەڵ " ئیتیحاد و تەرەقی " دا هەبێ. دووەمیان ئەوەیە لەو سەردەمەدا کە کورد هێشتا پێگەیەکی زۆر گرینگیان لە نێو دەوڵەتی عوسمانیدا هەبوو کەس نەیتوانیوە بەو شێوەیە بێ بڵێ میلەتێک بەو نێوە ئەسڵی نییە، زمانی نییە و کولتووری نییە و هیچ ئەوەی نییە و بتوێتەوە لە ناو  تورکا باشترە. کەس نەیتوانیوە بەو زمانە قسە بکا لە بەرانبەر کورد. ئەمە لەدواییدا، لە دوای ساڵی ١٩٢٣ دەبێ بەوە. دوای ئەوە زمانێکیشی بەکار هێناوە وەکوو زمانی زانستی زۆر بێ لایەن جیاواز لە زمانی ئەوەی کە توێژەرانی ڕۆژهەڵات بە کاریان هێناوە یا بە کاری دێنن تاوەکوو ئێستەیش. دوایی دەزانێ کابرایەکی ئەوڕووپایی هیچ بەرژەوەندی نییە لەوەی بێت بڵێ ئەم میلەتە هین نییە واتای ئەمەیە ئەمە شتێکی زانستی یە و ئەمە هیچ مەبەستێکی یا هیچ ئاجێندایەکی سیاسی لە دواوە نییە.
قازی: مامۆستا باسی بەشیکچی ت کرد کەسی دیکە بە زمانی تورکی یا لە جوغرافیای تورکیا دا ئەو کەسانەی کە لە سەریان نووسیوە، رانیویانە لە قاوی بدەن بەڕێزت  دەتوانێ باسی کێی دیکەش بکەی؟

جەڤار قادر: ئەوانەی باسیان کردووە ڕەوتی ژیانیان ڕوون کردووەتەوە، بڵاوکراوەکانیان باس کردووە هەر ئەو کابرایە پێش هەموو کەسێکە عابیدین نەسیمی  لە سێ کتێبی دا زۆر بە فرەوانی باسی کردووە، لە چەند ژمارەی گۆڤاری " مێژووی کۆمەڵایەتی" دا زانیاری زۆر لە سەری بڵاو کراوەتەوە لە سەر بڵاوکراوەکانی. بەڵام بۆ یەکەمین جار کە گومانێک لەوە دروست بووە کە ئەم خاوەنی کتێبی " کوردلەر" بێ دوکتور محەمەد بایراک گوتوویەتی لە  ١٩٩٠ کاندا و تەنانەت ئەو لەوێ باس لەوە دەکا کە کچێکی هەبووە زۆر نزیکی تانسوو چیلەر بووە و تەنانەت کاری گەندەڵی و شتی واشی بۆ کردووە وەکوو باس بکرێ. بەڵام لە دوای ئەوە ئەوەی من بزانم، ڕەنگە خەڵکی تریش هەبێ باسیان کردبی، بەڵام من نەمبینیبێ. بەڵام برادەرێک بە ناوی عەلیشان ئاکپینار کوڕێکی گەنجی لێکۆلەرێکی باشە لە سەر قوتابخانەی عەشیرەتەکان لە ئەستەنبووڵ نامەی ماسترێکی نووسیوە و توێژەرێکی ئینگلیسی هەیە بە ناوی یۆجین ئێستا پاشناوەکەیم لە بیر نییە کە بۆ یەکەمین جار لە سەر " عەشیرەت مەکتەبی" نووسیویەتی و ئەوەشی وەرگێڕاوەتە سەر تورکی و لەگەڵ نامەی ماسترەکەی خۆی دا  وەکوو کتێبێک بە ناوی " مەکتەب عەشیرەتی " بڵاوی کردووەتەوە. ئەویش وتارێکی زۆر وردی لە سەر نووسیوە و من بۆ خۆم زۆر ئیستیفادەم لێ کرد و تەنانەت لەو کتێبەشدا وەکوو پاشکۆ بڵاوم کردووەتەوە. هەوڵم دا پێوەندی پێوە بکەم و ئیزنی لێ وەرگرم بە داخەوە و هەندێ برادەریشم تەکلیف کرد، بەداخەوە، لێرەوە داوای لێ بوردنی لێ دەکەم، ئەو زۆر بە وردی باسی لێوە کردووە وا دیارە زۆر شارەزایە لە خوێندنەوەی تێکستی عوسمانی و بەڵگەنامە دا. و تەنانەت من برادەرێکم تەکلیف کرد کە لە ئارشیڤی عوسمانی کار دەکا کۆمەڵێک بەڵگەنامەی بۆ دۆزیمەوە دەربارەی ئەم ئیسماعیل ە. لەوێ بە ئیسماعیل ناجی ئەفەندی لە بەڵگەنامە عوسمانییەکاندا باسی کراوە. ئەم هابیل ئادەم ە کردەوەی زۆر سەیری کردووە مەسەلەن ئەوەی خدێوی میسر عەبباس حیلمی ئیقناع کردووە کە ئەو ببێ بە  مەلیکی ئەلبانیا و ئەم شتێکی بۆ تەزویر دەکا بەڵگەنامەیەکی بۆ دروست دەکا لە سەر پێستی ئاسک دەینووسێ و مۆری قەشەیەکی کاتۆلیکی لە ئیتالیا لێ دەدا و لە نێو کتێبخانەی واتیکان دا دەیشارێتەوە و ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕایدەگەیێنێ کە شتێکی وای دۆزیوەتەوە وە بەو شێوەیە عەبباس حیلمی دەبێ بە تەنها میراتگری بنەماڵەی کاتسرۆت کە دوا بنەماڵەی دەسەڵاتداری ئەلبانی بوونە پێش ئەوەی عوسمانییەکان ئەلبانیا داگیر کەن بەڵام دوایی چیرۆکەکە هەمووی کەشف دەکرێ و عەبباس حیلمی لە ترسا کتێبێکیشی لە دژی دەنووسێ ئەڵێ "ڕەدی موفتەرییاتی هابیل ئادەم" لای ئەوان هەر بە هابیل ئادەم باس دەکرێ. لە کۆتایی ژیانی دا بە ڕاستی گرووپێکی مافیایی دروست دەکا تەنها دەتوانی ناوی ئەوەی لێ بنێی. دە دوازدە کەس لە خۆی کۆ دەکاتەوە بە ناوی ئەوانەوە ڕەزامەندی وەردەگرێ ڕۆژنامە دەرکا، گۆڤار دەرکا و هەرچی کۆمپانیا و شتی وا هەیە ڕێکلامیان لێ داوا دەکا. ئەو کۆمپانیایەی ئامادە نەبوو بێ ڕێکلامی بداتێ کۆمەڵێک وتاری لە سەر نووسیوە، مەسەلەن بانکی بازرگانی ئامادە نەبووە زیاتری بداتێ دوو سێ وتاری لە سەر نووسیوە بە زانیاری زۆرەوە و ناردوویەتی بۆ مەعمییەلەکانی کە ئەم بانکە وەزعی زۆر خراپە خەریکە ئیفلاس ئەکا و خەڵکەکە پارەکەی کێشاوەتەوە و بانکەکە لە کۆتایی دا ئیفلاسی کردووە. دوو سێ کۆمپانیای ترشی وا لێ کردووە. شتێکی هەیە لەگەڵ شاعیری ناوداری تورک نازم حیکمەت، دەزانێ کاری نییە و باری دارایی خراپە دەڵێ وەرە لای من لە ڕۆژنامەی "یارن"، ڕۆژنامەیەکی هەبوو بە ناوی "یارن" وەرە لەوێ کار بکە دەتکەم بە مودیری تەحریر. دەیکا دوایی سێ چوار وتاری لە دژی سۆڤییەت بۆ دەنووسێ و دەیداتێ و دەڵێ باش بیخوێنەرەوە و دوایی پێی دەڵێ بیبە بۆ ئەو کۆمپانیایانەی کە نزیکی سۆڤیەتن هەڕەشەیان لێ بکە ئەگەر ڕێکلاممان نەدەنێ ئەوە ئەمانە بڵاو دەکەمەوە. نازم حیکمەتیش دەڵێ ئەمە کەی کاری من نییە ئەمن بەڕێوەبەری نووسینم ئەمن بەرپرسیاری رێکلام پەیدا کردن نیم، کارەکە ناکا و واز لەو کارە دێنێ. هەڵبەتە ڕۆژنامەی هەبوو، نزیکەی چل و هەشت ئاڵقەی بیرەوەری خۆی لەو ڕۆژنامەیە دا ڕۆژنامەی "یارن" لە ساڵی ١٩٣١ بڵاو کردووەتەوە، بە تەما بووە حیزبی کۆماری عەلمانی کرێکاران و جووتیاران دابمەزرێنێ بەڵام ڕێگەی نەدرایە چونکە دەزانی ئایدێئۆلۆژی کەمالیزم  دەڵێ تورک یەکە و جیاوازی چینایەتی و چی و چی و ئەوانە نییە، وتیان تەنانەت بەوە تۆمەتباریان کرد ڕۆژنامەکەشیان داخست، وتیان ئەمە دەیەوێ دووبەرەکی دروست بکا لە ناو نەتەوەی تورک دا و تورک جیا بکاتەوە و وشەیەکی ئەوەشیان بەکار هێناوە ئەڵێن ڕۆژنامەکەی " مەوازیعلی" یە مەوازیعلی ئەوەی بە فارسی پێی دەڵێن جەعلی، ئێستا پێی دەڵێن فەیک نیووز. جا ئەوکاتە گۆیا فەیک نیووزی بڵاو کردووەتەوەبە لە ڕوانگەی ئەوانەوە.
قازی: باشە مامۆستا چارەنووسی دوایی ئەو کابرایە چ بوو؟

جەبارقادر: چارەنووسی دوایی ئەوەیە دووسێ گێچەڵی بە کۆمەڵێک خەڵک دا کرد، بە کۆمەڵێک کۆمپانیا کرد دوایی کۆمپانیاکان شکاتیان کرددەرکەوت کە ئەم تۆمەتی نۆ دروست کردوون ئیتر عیسمەت ئینوونوو قەراری دا لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە هەرچی ڕۆژنامە وشتی وای هەیە لە ساڵی ١٩٣٢ دا ڕایانگرت و کارەکانی ڕاگیرا و ئیتر ئەوانەی بە دەورییەوە بوون چونکە بەخێوی دەکردن و پارەیان پەیدا دەکرد، ئەوانە لێی جیا بوونەوە، یەکێ چوو بۆ هەنگاریا، یەک بۆ ئەلبانیا هەر یەکەی بە لایەکدا ڕۆیشتن، بە تەنیا مایەوە. تەنانەت زۆر شت لە ژیانی دا نادیارە. کەس نازانێ کەی لە دایک بووە، کەس نازانێ بە دروستی چی خوێندووە بڕوانامەی لە چی دا هەیە  وە کەیش مردووە. باسی ساڵی ١٩٣٩ و ١٩٤٠ دەکەن بەڵام گومان هەیە لەو ساڵە دا. من بۆخۆم سەد لەسەد بۆم ساخ نەبووەتەوە ئایا لەو ساڵە دا مردووە یان نا. بەڵام لە دوای ساڵی ١٩٣٤وەئیتر باس و خواسی ئەوەندە نامێنێ.
قازی: باشە مامۆستا ئەو کتێبە لە کوێ چاپ بووە؟ لە باشوور کام وەشانخانە چاپی کردووە. چۆن پەیدا دەبێ؟
جەبار قادر: کتێبەکەی من ئەکادێمیای کوردی چاپی کردووە لە هەولێر. من بۆخۆم ئەندامی ئەکادێمیای کوردی بووم سەرنووسەری گۆڤاری ئەکادێمیا بووم و لە دوای نەمانیشم لەوێ، هەڵبەتە وازم هێنا چونکە لەوێ نیم بەڵام پێوەندیم هەیە. تەنانەت بیرۆکەکە چونکە بۆخۆی لە ئەسڵا لێکۆڵینەوەیەک بوو، بیرۆکەکە هی سەرۆکی ئەکادێمیا هاوڕێی بەڕێزم دوکتور عەبدلفەتاح بۆتانی بوو کە وتی باشترە با وەکوو کتێبێک بڵاوی بکەینەوە و ئیتر وا بڕیارمان دا. بۆ ئەوەی خەڵک شارەزای هینەکەش بێ، دەقە ئەسڵییەکەشمان لەگەڵی بڵاو کردووەتەوە، واتە کتێبێکی نزیک ٥٠٠ لاپەڕەیی لێ دەرچووە.
قازی: ئەسڵەکەی بە تورکیی عوسمانی؟
جەبار قادر: بەڵێ دەقە عوسمانییەکە وەکوو خۆی بڵاو کراوەتەوە.                  
قازی: زۆر زۆر سپاست دەکەم مامۆستا، سپاست دەکەم بۆ بەشداریت لە بەرنامەدا بەڕاستی زانیارییەکانت و ئەو کارەی کە کردووەتە نرخی زۆرە بۆ ئەوەی ئینسان  لەو ساختەکاریانە ئاگادار بێ کە بەدژی کوردان دەکرێ. داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم، دوایین قسەش ئەگەر شتێک هەیە بیفەرموو!
جەبار قادر: زۆر سپاس. هەڵبەت جەنابت دەزانی کتێبێک ئاوا بە ٤٥ دەقیقە هەر دەکرێ مانشێتەکانی و بە گشتی باسی لێوە بکرێ. پێم وایە کۆمەڵێک شتمان باس کرد، هیوادارم بینەرانی بەرنامەکەتان کەلکیان لێ وەرگرتبێ، زۆر سپاس بۆ جەنابت ئەم دەرفەتەت ڕەخساند.
قازی: بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەشمان، تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.

تێبینی: ئەم وتویژە لە ئێوارەی پێنجشەمە ١-ی ئاوریلی ٢٠٢١  بە ڕێگای سکایپ بە شێوەیەکی زیندوو لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک بڵاو کراوەتەوە. دەکرێ بەرنامەکە لە تۆڕی کۆمەڵیی یوتیووب لەم لینکە دا ببینن.
https://youtu.be/E_sTzjU_O40